سازبوونی ناسنامەی کوردستانی
ئەگەر لە زۆربەی خەڵکی ڕۆژهەڵات، تەنانەت ئەوانەی خوێندەواریی زانکۆیییان هەیە، بپرسین کورد و کوردستان لای ئەوان چ واتایەکی هەیە؟ بێگومان زۆربەی کات ڕادەی تێگەیشتنیان لە ئاست ئینشای خۆیندکارێکی سەرەتایی تێناپەڕێت. چونکە کاریگەریی پەروەردەی ئێران وای لێکردوون کە باس لە پارێزگای کوردستان بکەن یان لە کۆتاییدا باس لە مەناتیقی کوردنشینی غەربی ئیران بکەن کە خاونی سروشتێکی تایبەتییە و، کەمتر گەشەی سەندووە و زۆربەی خەڵکەکەی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.
ئەم ڕوانگە بەکەمزانینە کە دەرهاوێشتەی سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە، بەردەوام لە کتێبە دەرسییەکان و دامودەزگای ئایدیۆلۆژیکیی دەوڵەتدا دووپات دەبێتەوە.
ئەگەرچی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵات توانیویەتی بەرەیەکی سیاسی و وشیار سەبارەت بە مافی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردستانی ساز بکا، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک لە ئاست ئەو ڕوانگە بەکەمزانینەی کورد لە ئاست خۆیدا نییە. دەبێ ئاگاداری ئەو ئاسیمیلاسیۆنە بەربڵاوە بین کە بۆ نموونە کرماشانی وەکوو گەورەترین شاری کوردستان تواندووەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ڕووداوەکانی پارچەکانی تر و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، گۆڕانکاری لە کرماشان و ناسنامەی نەتەوەییدا ڕووی داوە، بەڵام حاشاهەڵنەگرە ئیستاشی لەگەڵدا بێ، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ڕۆژهەڵات پێناسەیەکی ڕوونیان لە کوردستان و کوردبوونی خۆیان نییە و، لە هەمان کاتیشدا جیاوازییەکی مانادار لەنێوان ناسنامەی کوردی/کوردستانی لەگەڵ ناسنامەی ئێرانی دانانێن.
لەم دۆخە ئاڵۆز و سەرلێشێواوەدا چۆن دەتوانین کوردستان و کورد لە لایەنی فکرییەوە ببووژێنینەوە؟ لەژێر کاریگەریی پڕۆپاگاندای سەد ساڵەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی چۆن دەکرێ تاکێکی کورد بیر لە ناسنامەی کوردستانیی خۆی بکاتەوە؟ دیارە ڕووی ئەم نووسینەی من لە توێژی خوێندەواری زانکۆکان و بەتایبەت ئەو کەسانەیە کە لە چینی ناوەنددا جێ دەگرنەوە. زۆربەیان شانازی بە بڕوانامەیەکی زانکۆیی دەکەن و بەردەوام دەکەونە ژێر کاریگەریی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی. ئەگەرچی زۆربەیان پێیان وایە لەم ڕژیمە دابڕاون، بەڵام هەر لەژێر کاریگەریی بیری ئێرانیدا فارسیان لە کورد بەلاوە گرنگترە، هۆکاری گەشەنەسەندنی کوردستان بۆ خراپ بەکارهێنانی یاساکان یا گەندەڵی دەگەڕێننەوە، کورد بەتاوانبار دەزانن کە وەک پێویست هەوڵی نەداوە، عەڕەب بە دواکەوتوو دەزانن کە هێرشیان کردووەتە سەر شارستانییەتی ئێران، چێژ لە سەعدی و حافز وەردەگرن، لە لای سفرەی حەوت سینەوە یا لەگەڵ شەجەریان چاویان بەستووە و سەری بۆ دەلەقێنن یا لەگەڵ گوگوش کەمەریان قڕ دەدەن، کۆتاییی هەفتەش شەڕی پرسپۆلیس و ئێستقلال بە یەک دەفرۆشنەوە و، پێیان وایە ئێرانییەکان لە ئامریکایییەکان بلیمەتترن و، حەیف ئەم ڕژیمە لە تواناکانیان کەڵک وەرناگرێ!
ئەگەرچی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم زێهنییەتەی کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی سازی کردووە، پێویست بە کەرتی پەروەردە و میدیاییەک دەکاتەوە کە ڕێگەپێدراو بێ لە ئێران و چالاکییەکی ئازادی هەبێ، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گۆڤاری تیشک توانیویەتی نوێنەرایەتیی بیری کوردایەتی بکا و بەرەوڕووی دەزگای مەعریفیی دوژمن ببێتەوە.
بەکورتی دەکرێ ستراتێژیی ئەم گۆڤارە لەسەر دوو ئاست شی بکەینەوە:٠ (١) ڕەخنە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی (هەروەها تورکی و عەڕەبی)، نیشاندانی جۆرەکانی ستەم و چەوساندنەوە، شرۆڤەی پەیوەندیی کۆلۆنیالیستیی فارس لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و ئاشکراکردنی سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەکانی دوژمنانی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا و (٢) پێناسەکردنی ئەوەی بیری کوردایەتی چ تایبەتمەندییەکی هەیە و خوازیاری بنیاتنانەوەی چ جۆرە ناسنامەیەکە. لەڕاستیدا ڕەنگە بەشی دووەم بە ئەندازەی بەشی یەکەم گرنگی پێنەدرابێ و گوتاری ڕەخنەگرانەی گۆڤاری تیشک تاکوو ئیستا بەهێزتر بووبێ. بەڵام ئەو هەوڵەش دەبیندرێ کە بە شێوەی ئەرێنی باس لەوە دەکرێ بۆ بیری کوردایەتی ڕزگاریخوازانەیە و دەیهەوێ چ جۆرە دەوڵەتێک ساز بکا.
هەرچۆنێک بێ، لە ئیستای دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵات زۆر پێویستە توێژی خوێندەوار گیرۆدەی ئەم شەڕە ئیدیۆلۆژیکە ببێ، تا ناسنامەی خۆی لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بپچڕێ و، بتوانێ سەربەخۆیانە باس لە ناسنامەی کوردستانی بکا. واتە، نەک هەر گۆڤاری تیشک، بەڵکوو پێویست دەکا لایەنی زانستی و ئاکادێمیکی کورد زیاتر لە جاران گرنگی بە پێناسەی نوێی کوردایەتی بدا و لەبەرانبەر دەزگای مەعریفیی دوژمن زانستێکی کوردستانی بەرهەم بهێنێت.
367
مێژوو و عیبرەت
آزمودە را آزمودن خطاست!
Scroll to top