ململانێی دوو کولتووری سیاسیی ئاسۆیی
و ئەستوونی له بزووتنەوەی ژینادا
کاروان موکریانی
یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی ساڵی ڕابڕدوو لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، بزووتنەوەی ژینا بوو کە وەکوو کردارێکی بە کۆمەڵی گۆڕانخواز لە پاش کوژرانی ژینا سەری هەڵدا. بزووتنەوەی ژینا وەکوو کردەیەکی بەکۆمەڵ، لە سەرەتاکاندا تا ڕادەیەک هاوکاری و هاوپەیوەندیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێرانی پێوە دیار بوو کە دواتر بەرەو لاوازی ڕۆیشت. سەبارەت بە سارد بوونەوەی بزووتنەوهی ژینا، گەلێک هۆکار باس کراون؛ یەکێک لە هۆکاره سەرەکییەکان کە کەمتر باسی لێ کراوە، ململانێی نێوان کولتوورە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ئێرانە. هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی بزووتنەوەی ژینا، ئەنتاگۆنیزمی ئەم کولتوورانەی وەدەر نەخست. لە بزووتنەوەی ژینادا، ململانێی نێوان دوو کولتووری سیاسیی سەرەکی زەق بوویەوە: کولتووری سیاسیی ئەستوونی و کولتووری سیاسیی ئاسۆیی. کولتووری سیاسیی ئەستوونی، دوو کولتووری سیاسیی ناوەندگەرای داخراو و کولتووری سیاسیی نیمچەناوەندگەرای داخراو لە خۆ دەگرێ. کولتووری سیاسیی ئاسۆییش لە دوو کولتووری سیاسیی پەڕاوێزی کراوە و کولتووری سیاسیی پەڕاوێزی داخراو پێک دێت. لە خوارەوە بە کورتی باسی ئەم کولتوورانە دەکەین.
کولتووری سیاسیی ناوەندگەرای داخراو، لە سەر دوو توخمی شیعە و ناسیۆنالیسمی پارس تەوەر دامەزراوە. هەروەها، دوو توخمی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئایینزای شیعە نیشانە سەرەکییەکانی کولتووری سیاسیی نیمچەناوەندگەرای داخراو پێک دێنن. لەم دوو کولتوورەدا، بەرابەریی نێوان نەتەوەکان، بەرابەریی نێوان ژن و پیاو، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، تۆڵێڕانس و وشیاریی سیاسی، جێگەیەکی ئەوتۆیان نییە. ئەم دوو کولتوورە، پیاوانە، نەژادپەرەستانە و فەرماندەرانەن کە دەتوانین بە کولتووری سیاسیی ئەستوونی پێناسەیان کەین. کولتووری سیاسیی نیمچەناوەندگەرا وەک ناوەندگەرا، لە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران دەترسێ و تەنانەت خۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دامەزرانی دەوڵەتی ناوەندگەرا لە ئێران بووە و هەر بۆیەش لە هیچ شۆڕشێکدا بەشداری ناکا کە بیهەوێ ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئایینزای شیعە لە پێکهاتەی دەسەڵات داماڵێ.
بەشێکی بەرچاوی دوو نەتەوەی فارس و تورک بە هۆی ئەو کولتوورە سیاسییەی هەیانە، ئەگەریش خوازیاری گۆڕینی دەسەڵاتداران بن، بەڵام هیچ کات ڕازی بە گۆڕانێکی ڕیشەیی و ڕادیکاڵ نین که بیهەوێ ژن لەگەڵ پیاو بەرابەر بێت و مرۆڤەکان لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە یەکسان بن. هەر بۆیەش لە بزووتنەوەی ژینادا کە بە تەواوی ئاسۆیی و ڕادیکاڵ بوو، زۆر بە کەمی بەشدارییان کرد. جەماوەری سەر بە کولتووری سیاسیی ناوەندگەرا، بە تایبەت نوێ پەهلەوییەکان، وێڕای کۆماری ئیسلامی لە ژێر چەتری فەزایەکی گوتاریی هاوبەش، بە توندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا دژایەتییان کرد و بوونە لەمپەرێکی گەورە و نەیانهێشت بزووتنەوەی ژینا بگاتە ئاستی شۆڕشێکی بەرینی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێران.
کولتووری سیاسیی پەڕاوێز لە نێو نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد، عەڕەب و بەلووچ وەبەرچاو دەکەوێ کە لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی تر جیاوازیی هەیە. ئەم کولتوورە سیاسییە لە کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بیچمی گرت و بنەماکانی خۆی لە دوو ئەندێشەی کوردایەتی و بیری مۆدێڕن وەرگرتووە. کولتووری سیاسیی پەڕاوێز لە نێو گەلی کورد، تایبەتمەندیی نیمچەکراوە و دێموکڕاتیکی بە خۆیەوە گرتووە و بووەتە هۆی ئەوەی هێندێک لە ئوسوولە دێموکڕاتیکەکان وەک پلۆڕالیزمی سیاسی، ڕەواییی دێموکڕاتیک و بەرابەریی ژن و پیاو تا ڕادەیەک لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری بورووژێ و وەکوو بەهایەک چاوی لێ بکرێ. جگه لەوە لەم کولتوورەدا، ملکەچی و گوێڕایەڵیی خەڵک بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی زۆر لاوازە و بەرخۆدان و خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافی ڕەوا وەکوو بەهایەکی پیرۆز نرخی بۆ دەدرێت.
کولتووری سیاسیی پەڕاوێز، لە نێو دوو نەتەوەی عەڕەب و بەلووچ بە پێچەوانەی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بە داخراوی ماوەتەوە. ڕاستە دوو گەلی عەڕەب و بەلووچ لەگەڵ ناوەند ناتەبان، بەڵام هیچیان خاوەنی تایبەتمەندیگەلێک نین کە هەوێنی بزووتنەوەی ژینایان پێک هێنا. هەر وەک باسمان کرد تایبەتمەندیی بزووتنەوەی ژینا، ئاسۆیی بوونه. بەرابەریی نێوان ژن و پیاو، بەرابەریی نێوان نەتەوەکان، پڵۆڕالیزم و تۆڵێڕانس، تایبەتمەندیی سەرەکیی بزووتنەوەی ژینا بوون کە لەگەڵ کولتووری سیاسیی ئەو نەتەوانە تا ڕادەیەکی زۆر ناتەبان. بۆ نموونه، هاتنە سەر شەقامی خەڵکی سیستان و بەلووچستان بە فەرمانی مەولەوی عەبدولحەمید زیاتر فەرماندەرانە، گوێڕایەڵانە و پیاوانەیه و کەمتر لەگەڵ بنەماکانی بزووتنەوەی ژینا کە سەرکەشانە، وشیارانە و ژنانەیە، تەباییی هەیە و لە درێژخایەندا وێناچێ بتوانێ لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ژینادا بمێنێتەوە و سەیر نییە دژیشی بوەستێتەوە.
بزووتنەوەی ژینا پێشاندەری ململانێی نێوان دوو کولتووری سیاسی بوو: کولتووری سیاسیی ئەستوونیی ناوەندگەرای داخراو و کولتووری سیاسیی ئاسۆییی پەڕاوێزی نیمچەکراوە. لە لایەک کولتوورێکی سیاسیی فەرماندەرانە، پیاوانە، پیرانە، کۆنەپەرەستانە و ملکەچانە بوو، لە لایەکی دیکەوە، کولتوورێکی سیاسیی ئاسۆیی کە خەڵکییانە، مرۆڤ تەوەرانە، گەنجانە، بەرابەریخوازانە و سەرکەشانە بوو کە پتر لە نێو نەتەوەی کورددا دەبینرا.
بە گشتی بزووتنەوەی ژینا دژی جۆرەکانی سوڵتە بەرپا بوو؛ دژی سوڵتەی نەتەوەی فارس بەسەر نەتەوەکانی تردا، دژی سوڵتەی پیاوان بەسەر ژناندا، دژی سوڵتەی سەرمایەداران بەسەر نەداران و دژی سوڵتەی دەسەلاتدارانی سیاسی بەسەر بێ دەسەڵاتاندا؛ کەوابوو خەبات دژی سوڵتە بنەمای سەرەکیی بزووتنەوەی ژینا بوو. ئەگەرچی چەوساندنەوە و ستەم لە هەمووی ئێران هەیە، بەڵام بە هۆی هەبوونی کولتووری سیاسیی جیاواز، ئاستی جەماوەری و قەبارەی چالاکیی شۆڕشگێرانە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئێران جیاواز بوو. بۆ نموونه، چوونکە کورد خاوەنی کولتوورێکی سیاسیی کراوەترە، بزووتنەوەیی ژینا لە کوردستان لەوپەڕی خۆیدا بوو.
هەر وەک باسمان کرد، دژایەتی و ململانێی دوو جۆری کولتووری سیاسی لە بزووتنەوەی ژینادا زیاتر لە هەر کاتێک وەدەرکەوت. بەشێکی حەشیمەتی ئێران کە سەر بە دوو نەتەوەی فارس و تورکن و خاوەنی کولتووری سیاسیی ناوەندگەرا و نیمچەناوەندگەرای داخراون، بە چەشنێکی بەرچاو بەشداریی بزووتنەوەی ژینایان نەکرد. پرسیار ئەوەیە بۆچی؟ لە حاڵێکدا لە ئێرانی ژێردەستی کۆماری ئیسلامی، هەموو ئازادییەک بەرتەسک کراوەتەوە، دەسەڵات و سامانی وڵات لە لایەن تاقمێکی دواکەوتوو دەستی بەسەردا گیراوە، بەشی زۆری کۆمەڵگا لە هەژاری و برسێتدا دەناڵێنێ، گەندەڵی سەرتاپای کۆمەڵگای داگرتووە، هەڵاوسان لە بەرزرترین ئاستی خۆیدایە، گەشە و پێشکەوتن بە تەواوی ڕاگیراوە؛ بۆ دەبێ بەشێکی زۆری کۆمەڵگا ئاوا کەمتەرخەم بێت و هیچ جووڵەیەک بە دژی دەسەڵات لە خۆی نیشان نەدا؟
وەڵامی پرسیارەکە ڕوونه، چوونکە بەشی زۆری کۆمەڵگای ئێران خاوەنی کولتوورێکی سیاسیی داخراو و گوێڕایەڵن. لە ئاوا کولتوورێکدا، وێدەچێ بەشێکی کۆمەڵگا خەبەرێکی ئەوتۆیان لە سیاسەت و سیستەمی سیاسی لە ئێران نەبێ یان بۆیان گرینگ نەبێت و و خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بن؛ واتا تێگەیشتنی سیاسییان نەبێ و مرۆڤگەلێکی ناسیاسی بن. بەشێکیشی هەرچەند ڕەنگە لە شێوازی دەسەڵاتداری و سیستەمی سیاسی ئاگادار بن، بەڵام دەرهەق بە چارەنووسی سیاسیی خۆیان زۆر کەمتەرخەمن و ئامادە نین بۆ باشتر بوونی ژیانی خۆیان و بەرەکانی داهاتوو نرخێکی ئەوتۆ بدەن؛ هەر بۆیەش دژی زوڵم و ستەمی تاقمی دەسەڵاتدار هیچ دژکردەوەیەکی بنیاتنەر لە خۆیان نانوێنن. بەشێکی زۆری کۆمەڵگای فارس و تورک، ئەگەر چالاکییش لە خۆیان بنوێنن، دژ بە دەوڵەت یان بۆ بەرگری لە دەوڵەت، لە هەر دوو حاڵەتدا گوێڕایەڵن؛ هەر بۆیە ناتوانن چالاکیی شۆڕشگێڕانە و پێکهاتەشکێن ئەنجام بدەن. تەنانەت لەم کولتوورەدا گرووپە دژبەرەکان، بۆ پاراستنی نەزمی مەوجوود زۆر جار ناڕاستەوخۆ هاوکاریی یەکتر دەکەن. هەر وەک دیتمان، لایەنگرانی ڕەزا پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بە بەرجەستە کردنەوەی مەترسیی لێک هەڵوەشانەوەی ئێران، لانیکەم لە ڕووی گوتارییەوە دژی بزووتنەوەی ژینا هاوکارییان کرد. چونکە هەر دوو ڕەوتەکە خاوەنی کولتوورێکی سیاسیی سەرەوخوار و ئەستوونی بوون و هیچ وێکچوونێکیان لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا کە ئاکامی سەرهەڵدانی کولتوورێکی سیاسیی هاوتەراز و ئاسۆیی بوو، نەبوو.
ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، بە واتای سیفر و سەد نییە. مەبەست ئەوەیە کە کەسانێک سەر بە نەتەوەکانی تورک و فارس هەن و خاوەنی کولتووری سیاسیی ئاسۆیین. هەر وەک دیتمان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا لە شارە فارس و تورک نشینەکانیش چالاکیی شۆڕشگێرانە کرا، بەڵام هێژمۆنیک نەبوو. بۆیە کاریگەرێکی ئەوتۆیان نەبوو و هەر بەشی ئەوەندەی کرد تاقم و کەسانی هەلپەرەست لە ڕاستای بەرژەوەندیی خۆیاندا بیقۆزنەوە و بیکەنە خواردەمەنیی میدیاکانیان.
بە گشتی ئەشێ بێژین لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژینادا، کۆمەڵێک هۆکاری جنسییەتی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئایینی، خەریک بوو لە ژێر چەتری کۆمەڵێک چەمکی هاوبەش کە گرینگترینیان “ژن، ژیان، ئازادی” بوو، زۆرینەی خەڵکی ئێران پێکەوە ببەستنەوە و هاوپەیوەندییەکی بێ وینە بخوڵقێنن، بەڵام کولتووری سیاسیی ئەستوونی کە زۆر بەرتەسک، گوێڕایەڵ و گوێ لە مستە، نەیهێشت ناسنامەکی هاوبەش ساز بێ. بە وتەیەکی تر، ئەگەرچی بزووتنەوەی ژینا خەریک بوو “ئێمە”یەکی گەورە و بان چینایەتی، بان نەتەوەیی و بان جنسییەتی لە بەرابەر “ئەوان”ێکدا کە تاقمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی بوون، پێک بێنێ، بەڵام کولتووری سیاسیی ئەستوونی ڕێگریی لێ کرد و بە جێی ئەو “ئێمە” گەورەیە، کۆمەڵێک ئێمە و ئەوان دروست بوون. ئەم هەمووە ئێمە و ئەوانە بوو بە هۆکاری دابڕان و نەیهێشت ئەم هێزە سەراسەرییەی بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پێویست بوو، ساز بێت. تاوانباری سەرەکیش کولتووری سیاسیی ناوەندگەرا و نیمچەناوەندگەرای داخراو بوو. لە بەستێنی ئەم کولتوورەدا، بزووتنەوەی ژینا لە ناوەند پێکهاتەکەی تێک شکێندرا و کرا بە بزووتنەوەی “مەهسا” و بوو بە “ئەویتری” بزووتنەوەی ژینا.
جیاوازییەکی تری بزووتنەوەی ژینا و بزووتنەوەی “مەهسا” ئەوە بوو کە بزووتنەوەی ژینا، تەنیا بە گۆڕانی سیستەمی سیاسی ڕازی نەبوو، بەڵکوو خوازیاری پێداچوونەوە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی کۆجێ، لە سەر بنەمای پێکهاتەی فرەنەتەوەیی ئێران بوو. ویستێک کە بە هیچ شێوەیەک بۆ جەماوەری خاوەن کولتووری سیاسیی ناوەندگەرا جێگەی ڕەزامەندی نەبوو و هەر بۆیەش دوای ماوەیەک بە توندی دژی بزووتنەوەی ژینا هەڵوێستیان گرت و دەستیان کرد بە پێکهاتەشکێنی لە نیشانەی ناوەندیی بزووتنەوەی ژینا کە ژن، ژیان ، ئازادی بوو.
کولتووری سیاسیی ناوەندگەرا، بە چەواشەکاری دروشمی “مرد، میهن، آبادی”ی بەرز کردەوە و بە دانی واتایەکی نەتەوەپەرەستانە، پیاوانە، فەرماندەرانە و گوێڕایەڵانە بە بزووتنەوەی ژینا، زەروورەتی گۆڕانێکی ئەستوونی لە کۆمەڵگای ئێرانی خستە ڕوو و لە ڕێگەی میدیا زەبەلاحەکانیانەوه وایان بڵاو کردەوە کە ئاوا گۆڕانکارییەک تەنیا بە سیستەمێکی سیاسی جێبەجێ دەرکڕێ کە ناوەندی و سەرقافڵەکەشی پاشایەکی نێر لە بەرەی پەهلەوی بێت. بەم چەشنه، ئامانجەکانی بزووتنەوەی ژینا کە ساز کردنی گۆڕانێکی ئاسۆیی، ڕادیکاڵ و دێموکڕاتیک بوو، چەواشە کرا و بزووتنەوەی مەهسا وەکوو ئاڵتێڕناتیڤی بزووتنەوەی ژینا جومگەبەندی کرا.
ئامانجی بزووتنەوەی ژینا لە ڕاستیدا، هاتنە دەری پەڕاوێزخراوەکان (ژنان، نەتەوە نافارسەکان، هەژاران و گەنجان) لە جێگەی قەراغی خۆیان و گەیشتن بە ناوەندی دەسەڵات بوو. لە حاڵێکدا، ئامانجی بزووتنەوەی مەهسا، پاراستنی نەزمی مەوجوود بوو؛ واتا ئامانجیان گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵات بوو، نەک گۆڕانێکی بەرینی کۆمەڵایەتی – سیاسی کە ویستی بزووتنەوەی ژینا بوو.
بەم شەرحه، بەرجەستەترین تایبەتمەندیی بزووتنەوەی ژینا، ئاسۆیی بوون بوو کە تایبەتە بە سەردەمی “پاش گەشە”. ویستی بزووتنەوەی ژینا، گەشەیەکی بەرینی ڕادیکاڵ و لە خوارەوە بوو کە لەگەڵ جۆرەکانی گەشە چ لە جۆری سەرمایەدارانە و لیبڕالیستییانە و چ لە جۆری سۆسیالیستییەکەی جیاواز بوو. بزووتنەوەی ژینا ژنانە و بە کۆمەڵ بوو و لە هەناوی چینی هەژار و بێ دەرەتاندا سەری هەڵدا؛ بۆیە بەرنامەی بزووتنەوەی ژینا زۆر لەگەڵ گەشەی تاکخوازانە و بەرژەوەندیخوازانەی گەشەخوازانی سەر بە پاڕادایمی سەرمایەداری جیاواز بوو. لە لایەکیترەوە، درووشم، نیشانە و چالاکییەکانی بزووتنەوەی ژینا دەری خست کە بە پێچەوانەی گەشەخوازانی سۆسیالیست، دەوڵەتێکی گەوره و هەمەکارە ناتوانێ لە ڕێگای پلانی ئابووریی دیاریکراو، کۆمەڵگا بگەیێنێتە دۆخی گەشەسەندوویی. بە پێچەوانەوە، دروشم و هێماکانی بزووتنەوەی ژینا وایان نیشان دا کە پێشکەوتن دەبێ بە دەستی کۆمەڵانی خەڵک بکرێ؛ هەر بۆیە، پێویستە کۆمەڵگا لە ڕێی دێموکڕاسییەکی ڕادیکاڵ و ئاسۆیی هەم بەڕێوە چێت، هەم بەرەو پێش بچێت.
بە گشتی، ئەگەرچی یەکێک لە ئامانجەکانی بزووتنەوەی ژینا دەستەبەرکردنی مافی تاکەکەسی بوو، بەڵام زۆری جیاوازی لەگەڵ لیبڕاڵیسمی تاکگەرا و سودجوو هەبوو؛ ئەگەرچی دادپەروەریخواز و بەرابەریخواز بوو، بەڵام بزووتنەوەیەکی سۆسیالیست نەبوو؛ ئەگەرچی هەوڵێک بوو بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوە بندەستەکان، بەڵام لە ناسیۆنالیسمی بەرچاوتەنگ دوور بوو؛ ئەگەرچی لە قووڵاییی کۆمەڵگادا جێی هەبوو، بەڵام مۆڵگەی پۆپۆلیستەکان نەبوو. هەر بۆیه لیبڕالەکان، نوێ لیبڕالەکان، چەپی کلاسیک، ناسیۆنالیستە بەرچاوتەنگەکان و ڕاستە پاوانخوازەکان جێگەیەکی ئەوتۆیان لەم بزووتنەوەیەدا نەبوو. “ژن، ژیان، ئازادی”، نیشانەی ناوەندیی بزووتنەوەی ژینا بوو کە لە ڕێگەی کرداری جومگەبەندییەوه کۆمەڵێک نیشانەی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و بە ساز کردنی کۆدەنگی، ناسنامەیەکی هاوبەشی بە ژنان، نەتەوە بندەستەکان، ژینگەدۆستان، هەژاران، کرێکاران، گەنجان، قوتابییان، خوێندکاران و بە گشتی پەڕاوێزخراوان بەخشی، بۆ ئەوەی لانی کەم بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ جیاوازییەکانیان وەلا نێن و لە ڕاستای ڕووخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هاوکاری بکەن.
لە کۆتاییدا حەوجێی گوتنێیە کە ناوەندگەرایانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە سەڵتەنەتخوازەکان، خوێندنەوەیەکی گشتگر و ئێرانگریان لە بزووتنەوەی ژینا هەبوو و بە خوێندیەوەیەکی لیبڕالییانە، خوازیاری ئازادی و دێموکڕاسی لەسەر بنەمای زۆرینە- کەمینە و مافی شارۆمەندی بوون. گەورەترین کارلێکی ئەم جۆرە بیر کردنەوەیە یەکدەستکردن و یەکڕەنگ کردنی کۆمەڵگای ئێرانی فرەڕەنگە. ئەم خوێندنەوەیە دژی بزووتنەوەی ژینایە؛ چونکە بزووتنەوەی ژینا لەسەر بنەمای دانپێدانان بە ناسنامەگەلی جۆراوجۆری ئیتنیکی، جنسییەتی، چینایەتی و ئایینی بیچمی گرت. بزووتنەوەی ژینا، بزووتنەوەیەکی خەڵکیانە و ڕادیکاڵ بوو کە خوازیاری دامەزراندنی دێموکڕاسی لەسەر بنەمای جیاوازییەکان بوو نەک لەسەر ئەسڵی زۆرینە و کەمینە و یەکدەست کردن. لە کولتووری سیاسیی سازگار لەگەڵ بزووتنەوەی ژینادا، بە پێچەوانەی کولتووری سیاسیی ناوەندگەراکان، جیاوازییەکان بە مەترسی بۆ سەر دێموکڕاسی نەزانرا. بزووتنەوەی ژینا ئەم پەیامەی بە کۆمەڵگای ئێران دا کە تەنیا له ئەگەری دانپێدانان بە ناسنامەگەلی جۆراوجۆر و بە فەرمی ناسینی “ئەوانی دیکە” (نافارسەکان، ژنان، هەژاران، گەنجان و بە گشتی بەشخوراوان و پەڕاوێزخراوان)، دەتوانرێ فەزایەکی دێموکڕاتیک ساز بکرێ و هەمووان ئارەزوومەندانە پێکەوە بژین. ئەم تایبەتمەندییە بە تەواوی لەگەڵ بنەما فکرییەکانی جەماوەری خاوەن کولتووری ناوەندگەرا و داخراو ناتەبایە؛ بۆیە ئەم گرووپانە وێڕای کۆماری ئیسلامی و لە ژێر باڵی کەشێکی گوتاریی هاوبەش، دژایەتییان لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا کرد.
دوا وتە: کولتووری سیاسیی ناوەندگەرا لە ڕاستەوە تا چەپ، ناسنامەی خۆی لەسەر سڕینەوەی نافارسەکان و داگیرکردنی خاک، کولتوور و مێژوویان وەدەست هێناوە؛ کەوابوو قەت ئامادە نین وەک خۆیان بیانناسن، مافیان بدەن و دەست لە داگیرکاریی خۆیان هەڵگرن. هەر بۆیە، بیرۆکەی هاوکاری و هاوپەیوەندی لەگەڵ ئەمانە خەون و خەیاڵە.