ڕوانگەی دەوڵەت تەوەر بۆ کێشەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست
د. لوقمان ڕادپەی – گۆڤاری تایمزی ئیسڕاییل، ٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٣
وەرگێڕ: کەمال حەسەنپوور
نەتەوە و گەلان (بە واتای یاساییەکەیەوە) مافی بنەڕەتی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە. بەڵام ئەو پرینسیپە، زۆر جار تووشی ڕایەڵەیەکی ئاڵۆزی سیاسی دەبێتەوە کە سێبەر دەخەنە سەر ڕەوایی یاسایی و دەبنە هۆی بێ چارەسەر مانەوەی دۆخەکان لە سەرانسەری دنیا. دوو نموونەی بەرچاوی ئەو ڕاستییە، کوردستان و فەلەستینن.
فەلەستین زۆر جار وەک دۆخێکی تاقانەی مافی دیاریکردنی چارەنووس پۆلێن دەکرێ. بە بێ لەبەر چاو گرتنی ئەوە کە لە کام تەرمینۆلۆژی کەڵک وەردەگیرێت، بەردەوام پۆلێن کردنێکی جیاواز بۆ فەلەستین دەر دەکەوێ. بەڵام، دانپێدانان بەوە فرە گرینگە کە ئەو پۆلێن کردنە تەنیا تایبەتی فەلەستین نییە؛ بەڵکو، ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە هەردووکیان پرسی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستن و، کوردستان نموونەیەکی دیکە لە ناوچەکەیە کە یارمەتیدەری تێگەیشتن لەمەڕ ئەو پرسانەن.
دەیان ساڵە، ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستین پێشنیار کراوە. وڵاتە یەکگرتووەکان، بریتانیا، ئەنجومەنی یەکیەتی ئەورووپا، ڕووسیە، ژاپۆن و، چین لەو دواییانەدا پشتیوانی خۆیان لەو ڕێگا چارەیە دەربڕیوە و باس لەسەر ئەو بابەتەیان هەڵگیرساندۆتەوە. پاڵنەری ئەقڵانی ئەو ڕوانگەیە وەربەرهێنانی قووڵتر لە “سەقامگیریی ناوچەیی” و “ئاشتی یەکجارەکی و بەردەوامە“، بەڵام، پرسیارێکی گرینگ لێرەدا دێتە ئاراوە: ئەگەر ئامانجەکان سەقامگیریی ناوچەیی و چارەسەر کردنی کێشەیە، بۆچی جێبەجێ کردنی ڕێگاچارەی بە دەوڵەتبوون تەنیا بە کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستین سنووردار بکرێ؟ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست شوێنی چەند کێشەی گرینگە، کە وا بوو لە دۆخەکانی دیکەدا بۆچی پشتگیری لە دیاریکردنی چارەنووس نەکرێ، وەکوو خولیای درێژخایەنی کوردستانێکی سەربەخۆ؟ دانپێدانان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردان، دەتوانێ کاردانەوەیەکی ئەرێنی لە سەر ئەمنییەت لە سەرانسەری ناوچەکەدا هەبێ، هەر وەکوو لە کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستینیش ئەو چاوەڕوانییە دەکرێ.
لە ڕوانگەی تیۆری سیاسی و مافی یاسایی دیاریکردنی چارەنووس، ئەوە ئاشکرایە کە کورد ماف و ڕەوایی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەیە. دوای دابەش کردنی کوردستان لە ١٩٢٠ـــــەکان، ماوەیەکی دوور و درێژە مافی چارەی خۆ نووسینی کاریگەر لە ناو دەوڵەتانی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراقی بەر لە ٢٠٠٣ ، بە سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بەسەر بوارەکانی ئەمنییەتی، حوکمڕانی و سامانەکان، لە کوردان زەوت کراوە. ئەوە بۆتە هۆی دەستپێکردنی بەرخۆدان و لە ئاکامدا دۆخی هاوشێوەی دەسەڵاتداریی کۆلۆنیالیستی، کە لەویدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر جار وەک پرسێکی نێوخۆیی ئەو دەوڵەتانە هەڵسوکەتی لەگەڵدا دەکات. بەڵام، پرسیارێک دێتە ئاراوە: دەکرێ دۆخی هەنووکەیی، کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی دەکات، چیدیکە قبووڵ بکرێ؟
پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دژی ئەو کوردانەی لە ناوچە کوردستانییەکان دەژین لە چەند بڕگەدا بۆ ئاستی بەرفراوانی دڕندەیی و کارەساتی مرۆیی بەرز بوونەوە کە ئەگەری دووپات بوونەوەیان گەلێک بەرچاوە. تێچووی پاراستنی دۆخی هەنووکەیی بۆ گەلی کورد لە ڕادە بەدەرە، هەرچەند کە دۆخی نالەباری ئەوان هەمیشە بە شێوەیەکی بەرچاو لە میدیای جیهانیدا ڕەنگ ناداتەوە. پرسیار ئەوەیە، دەبێ کۆمەڵگای نێوەنەتەوەیی دۆخی کوردان وەک پرسێکی بەپەلە لەبەرچاو بگرێ هەتا پێویستی بە سەرنج و دەستێوەردان هەبێ؟
سەربەخۆیی بە تەواوی مانای کوردستانی مەزن، پێکهاتوو لە هەر چوار بەشە کوردییەکەی، لە ئێستادا بەرەوڕووی کۆسپی کردەیی دەبێتەوە. ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، لەناو ئێران و تورکیە، هێشتا ماویانە بێنە ژێر فۆڕمێک لە کۆنتڕۆڵ، واتە بە کردەوە خۆبەڕێوەبەر نین. بەڵام، ئاسۆی بەشەکانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، کە هەرکامیان لە عێراق و سووریە هەڵکەوتوون، گەیشتووەتە پلەی وەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. ئەو ناوچە خۆبەڕیوەبەرانە، کە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا ناسراون، مەرجەکانی پێویست بۆ دیاریکردنی کاریگەرانەی چارەنووسی نەتەوەی کوردیان دەستەبەر کردووە، چونکە هەرکام لەو قەوارە سیاسیانە توانای گەیشتن بە دەوڵەتبوونی هەیە، لەگەڵ ئاسۆی دامەزراندنی یەکیەتییەک لە دواڕۆژدا. لە ڕوانگەی دەوڵەتدارییەوە، بەشە کوردستانییەکان کارایی لە ڕادەبەدەریان لە بەراورد لەگەڵ دراوسێکانیان نیشان داوە. ئەو دەسکەوتە بە تێچوویەکی گەلێک بەرچاو هاتۆتە دی، کە نیشاندەری قوربانیدانی فرە مەزن لە لایەن کوردان بۆ مسۆگەر کردنی مافە ڕەواکانیانە. دوای گەیشتن بە مافی خۆبەڕێوەبەری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ گشتپرسییەکی سەربەخۆیی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دا بەڕێوە برد. ئاکامەکەی ئاشکرای کرد کە ٪٩٢،٧٣ لە دەنگدەرەکان کە کۆی ٪٧٢،٢ ی سەرجەم کەسانی خاوەن مافی دەنگدان بوو، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. ئەوەش بووە هۆی سەپاندنی سزای ئابووری و سەربازیی، هاوکات لەگەڵ ئابلۆقە لە لایەن ئێران، تورکیە و عێراقەوە.
نکۆڵی کردن لە مافی چارەی خۆ نووسینی نەتەوەی کورد، نە تەنیا نادادپەروەرییەکی مەزن بووە بەڵکو کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناونەتەوەیی لە خۆرهەڵاتێکی نێوەڕاستی تێکچوو بە هۆی ململانێوە هەبووە. دابەشکردنی کوردستان و ئاکامی سەدەیەک پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ پرسی لێک گرێدراون کە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەدا پێویستە چارەسەر بکرێ. زۆر لەمێژە کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دان بە دۆخی نالەباری کوردان دابنێ و بژارەی بە دەوڵەتبوون وەک ڕێگاچارەیەکی کردەنی بەرەو چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بزانێ. ڕوانگەی دەوڵەت تەوەر کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر سەردەمی پاش کێشەی ئیسڕائیل-حەماس پشتیوانی لێ دەکات، دەبوو بەهەمان شیوە بۆ ویستی بەردەوامی کوردان بۆ دیاریکردنی چارەنووس بەهێز و پشیتوانی لێ بکرێ. جێبەجێ کردنی ڕێگاچارەی بەدەوڵەت بوونی کوردستان هەوڵی دیپلۆماتیک و هاوکاریی زلهێزە دەستڕۆیشتووەکانی جیهان، لەگەڵ تێوەگلانی چالاکانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئورووپا دەخوازێ. وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بە تایبەتی ئەوانەی بەرژەوەندییەکی تایبەتییان لە سەقامگیریی ناوچەیی هەیە، دەبێ بە هەمان شێوە دەورێکی سەرەکییان لەو پرۆسەیەدا هەبێ. ڕەچاو کردنی هەڵوێستێکی قۆناخ بە قۆناخ لە ڕێگای نەخشە ڕێگایەکی کۆنکرێت، کە بوار بۆ جێبەجێ کردنی بە دەوڵەتبوونی وردە وردە خۆش بکات، بۆ چارەسەر کردنی نیگەرانییەکان و ئافراندنی متمانە لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان گەلێک گرینگە.
ڕێگاچارەی بە دەوڵەتبوون بۆ کوردستان نە تەنیا چارەسەری نادادپەروەریی مێژوویی کە کوردان لە دەوڵەتانی خانەخوێ دا بەرەوڕووی بوونەوە دەکات، بەڵکو یارمەتیدەری سەقامگیریی ناوچەیی و ئەمنییەتیش دەبێ. دانپێدانان بەوە زۆر گرینگە کە پرسی کوردستان تەنیا پرسی وڵاتانی پەیوەندیدار نییە؛ بەڵکو ئەوە بابەتی نیگەرانیی نێودەوڵەتیشە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە لەبەر چاو گرتنی پرینسیپەکانی مافی چارەی خۆ نووسین و مافەکانی مرۆڤ، دەبێ دەورێکی چالاکانەتر لە ڕەخساندنی هەلی چارەسەرێکی شیاوتر بۆ کوردان بگێڕێ و لە کۆتاییدا ڕێچکەی دابین کردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە بگرێتە بەر. سەربەخۆیی لەگەڵ سەناریۆی ئەگەری کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانیش یەک دەگرێتەوە.
بێجگە لەوە، سەقامگیریی و ئەمنییەت لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پێکەوە گرێدراون. ئەگەر ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتی وەک ڕێگاچارەیەکی خۆڕاگر بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و دابین کردنی سەقامگیریی ناوچەیی سەیر دەکرێ، وەکوو ئێستا بۆ کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستین لەبەر چاو دەگیرێ، دەبێ بە هەمان شێوە وەک چارسەرێکی داهاتوو بۆ نەوتەی کوردیش لێی بکۆڵرێتەوە. کوردەکان خەباتێکی یەک سەدەییان بۆ دیاریکردنی چارەنووس تێپەڕ کردووە کە پێویستی بە لەبەرچاوگرتنێکی ورد لە چوارچێوەیەکی دیپلۆماسی دا هەیە. دانپێدانان بە مافی کوردان بۆ دیاریکردنی چارەنووس و پشتیوانیی چالاکانە لە ڕێبازیان بەرەو سەربەخۆیی، نە تەنیا پرسی دادپەروەرییە بەڵکو هەنگاوێکی گرنگ بەرەو خۆرهەڵاتی نێوەڕاستێکی سەقامگیرتر و ئەمینترە.
340
هەڵسەنگاندنی خەڵاتی ئابووریی ٢٠٢٣!
شیکاریی گوتاری نەورۆزی دژەکۆلۆنیالیستی لە کوردستان...
Scroll to top