“ئەدەبیات و دیکتاتۆری” (١)
جۆرج ئۆروێل
وەرگێڕانی ئەنوەر سوڵتانی
[جۆرج ئۆروەیل نووسەری ئینگلیز پێش ئەوەی چیرۆکنووس بێت و کتێبی ‘باخچەی ئاژەڵان’ و ‘١٩٨٤’ بنووسێت، ڕۆژنامەنووسێکی لیبڕاڵ بوو و گەلێک وتاری لەسەر بابەتی جیاجیای جیهانی ڕووناکبیریی ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم نووسیوە. ئەم وتارە لە دەسپێکی شەڕی جیهانیی دووەمدا نووسراوە و مۆرکی دژایەتی نازی و فاشیست و کومۆنیستەکانی لە ئاڵمانیا، ئیتالیا و یەکیەتی سۆڤیەتیی سەردەمی ستالین بەڕوونی بەسەریەوە دیارە. ئاشکرایە لە ماوەی زیاد لە هەشتاساڵدا گۆڕانی زۆر بەسەر جیهان و ڕوانینی ڕووناکبیرانی بەرپرسدا هاتووە. سەرەڕای ئەوەش بۆچوونەکانی نووسەر لە زۆر لایەنەوە تازە دەنوێنن.]
من لەم وتارە حەوتووانەی خۆمدا باسی ‘ڕەخنە’م کردووە، کە، کاتێێکیش هەمووی گوترا و بەرێوەچوو، هێشتا هەر نابێتە بەشێک لە ڕەوتی سەرەکیی ئەدەب. ئەدەبیاتێکی بەهێز کەموزۆر دەتوانێ بە بێ ڕەخنە و ڕۆحی ڕەخنەگرانە بوونی هەبێ، وەک لە بریتانیای سەدەی نۆزدەهەمیشدا بوو. بەڵام هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی بۆچی لەم کاتە تایبەتەی ئێستادا ناکرێ کێشەی هیچ چەشنە ڕەخنەیەکی جیددی پشت گوێ بخرێت. من لە سەرەتای یەکەم وتارمدا(٢) گوتم ئێستا سەردەمێکی قەیراناوی نییە. سەردەمی هاوبەشییە نەک لێکدابڕان، سەردەمێک کە تێیدا بە تایبەت کارێکی ئەستەمە بتوانی بایەخە ئەدەبییەکان لە کتێبێکدا بەچاو بکەی کە لەگەڵ ئەنجام وەرگرتنەکانیدا هاودەنگ نەبیت. سیاسەت- لە واتا هەرە گشتییەکەی خۆیدا- بە ڕادەیەک هێرشی کردۆتە سەر ئەدەب کە لە دۆخی ئاساییدا شتی وا ڕوو نادات، ئەوەش خۆی خەباتێکی خستۆتە بەردەم ویجدانمان کە هەمیشە لە نێوان تاک و کۆمەڵگا لە هاتوچۆدایە. ئەویش کاتێکە کەسێک سەرنج دەداتە سەر کێشەی نووسینی ڕەخنەیەکی سادقانە و بێلایەن لە سەردەمێکدا وەک ئەوەی ئێمە کە کەسەکە دەستی کردووە بە ناسینی سروشتی ئەو هەڕەشەیەی وا لە سەردەمێکی دواتردا، بە ژوور سەری هەموو ئەدەبیاتەوە دەبێت.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تاکی خودموختار خەریکە نەمێنێ- یا ڕەنگە کەسێک مەجبوور بێ بڵێ، تێیدا تاک لە خەیاڵی خودموختار بوونی خۆی پاشەکشەدەکات. ئێستا لە ناو هەموو ئەوشتانەی وا سەبارەت بە ئەدەب دەیڵێین، و لەژوور سەرجەم ئەو شتانەوە، وا باس لە ڕەخنە دەکەین، هەر بەگوێرەی غەریزەی خۆمان، بوونی تاکی خودموختار بە شتێکی واقیع وەردەگرین. هەموو ئەدەبی نوێی ئوروپایی- من باس لە ئەدەبی چوار سەدەی ڕابردوو دەکەم- لەسەر بنەمای چەمکی سەداقەتی ڕووناکبیرانە دانراوە، یا، ئەگەر بتەوێ بەو بارەیدا بخەی، لەسەر ئەو واڵاترین بنەما شێکسپیرییە دانراوە کە ‘پێتوابێ تۆ ڕاستەقینەی’. یەکەم شتێک کە ئێمە لە نووسەری دەخوازین ئەوەیە نابێ درۆ بکات، هەر ئەوە بڵێ کە بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی خۆی و هەستی ڕاستەقینەی خۆیەتی. خراپترین شتێک کە دەتوانین سەبارەت بە پارچەیەکی هونەری بیڵێین ئەوەیە کە لە دڵەوە دەرنەهاتبێ. و ئەوە لە ڕەخنەگرتندا تەنانەت لە ئەدەبی خوڵقێنەریش ڕاستترە، کە ڕادەیەکی دیاریکراوی خۆدەرخستن و تایبەتمەندیی تاکەکەسی و تەنانەت ڕادەیەکی دیاریکراویش فێڵی ڕەهای تێدایە، ئەوە گرنگ نییە بە مەرجێ کە نووسەر میهرەبانییەکی دیاریکراوی بنەڕەتیی هەبێ. ئەدەبی مۆدێڕن هەر لە بنەڕەتدا شتێکی تاکەکەسییە؛ یا دەربڕینی ڕاستگۆیانەی بیر وهزری تاکێک و هەستەکانیەتی، یا هەرهیچ نییە!
وەک دەڵێم، ئێمە ئەو بیرۆکەیە وەک شتێکی قەبووڵکراو وەردەگرین، و لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئەوەندەی کەسێک دەیخاتە قاڵبی قسەوە، تێدەگات ئەدەب چەندە مەترسیدارە. لەبەر ئەوەی ئێستا سەردەمی دەوڵەتی دیکتاتۆرە، کە هیچ چەشنە ئازادییەک بە تاک نادات یاخود واهەیە نەتوانێ بیدات. کاتێ کەسێک دەست نیشانی دیکتاتۆریەت دەکات، واهەیە خەڵک [لە سەردەمی ئێستادا] دەست بەجێ بیر لە ئاڵمانیا، ڕووسیا(٣)، و ئیتالیا بکەنەوە، بەڵام لاموایە کەسەکە دەبێ ڕووبەڕووی مەترسیی ئەوە ببێتەوە کە ئەو دیاردەیە بەرەو جیهانیبوون دەڕوات. ئاشکرایە دەورەی سەرمایەداریی ئازاد خەریکە بەرەو کۆتاییی دەچێ و ئەم وڵات دوای ئەو وڵاتی دیکە خەریکن ئابووریی بەناوەندییکراو وەخۆدەگرن کە تاکێک، بەگوێرەی ویستی خۆی، دەتوانێ ناوی سوسیالیزم یا سەرمایەداریی دەوڵەتی لەسەردابنێت. هاوڕێش لەگەڵ ئەو، ئازادیی ئابووریی تاک و تاڕادەیەکی زۆریش ئازاد بوونی بۆ ئەوەی چی پێخۆشە بیکات، ئیشوکاری خۆی هەڵبژێرێت، بە سەر ڕووپەڕی زەویدا هەرکوێیەک پێیخۆشە بچێت و بێتەوە، دێتە کۆتایی. ئێستا، تا ئەم دواییانەش، کارتێکەریی ئەوانە بەرچاو نەدەکەوت. هیچکاتێ بە تەواوەتی نەدەزانرا کە دیارنەمانی ئازادیی ئابووری کارتێکەرییەکی لەسەر ئازادیی ڕووناکبیریش دەبێت. بە عادەت وەک چەشنە لیبڕالیزمێکی ئەخلاقی بیر لە سوسیالیزم دەکرایەوە. دەوڵەت دەبێتە بەرپرسی ژیانە ئابوورییەکەت و لە ترسی هەژاری، بێکاری و هتد ڕزگارت دەکا، بەڵام هیچ پێویستی بەوە نابێ دەست تێوەردانی ژیانی ڕووناکبیریی شەخسییت بکات. هونەر دەتوانێ گەشە بکات وەک لە سەردەمی سەرمایەداریی لیبڕاڵدا دەیکرد، بەڵکوو هەندێکیش زیاتر، لەبەر ئەوەی هونەرمەند چیتر لەژێر گوشار و ئیجباری ئابووریدا نامێنێ.
ئێستا بە گوێرەی نیشانەکانی بەردەست، دەبێ قە بووڵ بکرێ کە ئەو ئایدیایانە بە هەڵە گوتراون. دیکتاتۆریەت ئازادیی بیروڕای بە ڕادەیەکی ئەوتۆ توونا کردووە کە لە هیچ سەردەمێکی پێشوودا نەبیستراوە. و ئەوەش گرنگە لێی تێبگەین کە کۆنتڕۆڵی بیروڕا لە لایەن ئەوەوە تەنیا نەرێنی نییە، بەڵکوو ئەرێنیشە. دیکتاتۆری نەک هەر بەرگر نییە لەوەی هەندێ بیرۆکەی دیاریکراو دەرببڕی- و تەنانەت بیریشیان لێبکەیتەوە- بەڵکوو پێت دیکتە دەکا و دەڵێ پێویستە بیر لەچی بکەیتەوە، ئایدیۆلۆژییەکت بۆ دەخوڵقێنێ، هەوڵدەدات بەسەر ژیانی هەستیارانەتدا حاکم بێت، هاوکات کۆمەڵێ یاسا و ڕیسا و ئەرکیشت بۆ دیاری دەکات. هەروەها ئەوەندەی بۆی بگونجێ لە جیهانی دەرەوەت دادەبڕێ، لە گەردوونێکی دەسکرد دا بە تەنیات دەهێڵێتەوە کە تێیدا هیچ پێوانەیەکی بەراوردکاری کردنت نەبێ. دەوڵەتی دیکتاتۆری هەوڵدەدات، بە هەموو نرخێک، بیر و هەستی خەڵکەکەی خۆی کۆنتڕۆڵ بکا، هیچ نەبێ بە هەمان ئەو ڕادە زۆرەی کردەوەیان کۆنتڕۆڵ دەکات.
ئەو پرسیارەی وا بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە ئایا ئەدەبیات لەو فەزایەدا دەرفەتی ڕزگاربوونی بۆ هەیە؟ بە بۆچوونی من تاک دەبێ بە کورتی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە و بڵێ نا، نیەتی. ئەگەر دیکتاتۆریەت ببێتە شتێکی جیهانی و هەمیشەیی، دەبێ ئەوەی ئێمە بە ئەدەبیاتی دەناسین کۆتایی پێ بێت و–گەرچی لە سەرەتادا واهەیە وەک شتێکی جێگەی پەسند دەربکەوێت- بەڵام وای لێنایە کە بگوترێ ئەوەی وا دێتە کۆتایی، تەنیا ئەدەبیاتی دوای ڕێنێسانسی ئوروپایە. من لاموایە ئەدەب و هەموو چەشنەکانی، لە شیعری حەماسییەوە تا وتاری ڕەخنەگرانە، لەڕێگەی هەوڵی دەوڵەتە نوێیەکەوە دەکەونە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ژیانی عاتیفیی خەڵک بێنێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. ئەوانەی وا ئەوە ناسەلمێنن، بە عادەت دوو دەمەتەقە دەخەنە بەردەم. ئەوان پێش هەموو شتێک دەڵێن ئەوەی وا پێیدەگوترێ ئازادی، و لە چەند سەدساڵی ڕابردوودا بوونی بووە، تەنیا ڕەنگدانەوەی ئاژاوەی ئابووری بوو، و هەرچۆنێک بێ، زیاتر خەیاڵی بووە. هەروەها دەست نیشانی ئەوە دەکەن کە ئەدەبیاتی چاک، چاکتر لە هەموو ئەوانەی وا ئێستا بەرهەم دێن، لە سەردەمەکانی پێشوودا بەرهەمهاتوون، کە ئەودەم بیر وهزر زۆر ئەستەم لەوە ئازادتر بووبێ وا ئێستا لەم کات وساتەدا لە ئاڵمانیا و ڕووسیا هەیە. ئێستا ئەوە، وەک دەشچێتە پێشەوە، ڕاستە. ڕاستە کە بۆ نموونە، لە ئوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا، کاتێ کە بیرکردنەوە لەژێر کۆنتڕۆڵێکی توندوتیژ و زیاد لە هەمووان، لە کۆنتڕۆڵی کلیسادا بوو- و تۆ ئەگەر لە ئایین لادانێکی کەمت بەسەر زماندا بهاتایە، بۆی هەبوو بە زیندوویی بسووتێنرێی، هێشتا هەر ئەدەبیات توانی بوونی هەبێ. کۆنتڕۆڵی جەزمیی کلیسا بۆ نموونە، بەرگری لەوە نەکرد کە ‘حیکایەتەکانی کانتربری’ی جێفری چسر (٤) بنووسرێت. ئەوەش ڕاستە کە ئەدەبی سەدەکانی ناوەڕاست و هونەرەکەی بە گشتی، لەچاو ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، کەمتر تاکەکەسی و زیاتر گشتی بوون. شیعری سێ بەندیی ئینگلیزی بۆ نموونە، واهەیە بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیبێ بە تاکەکەسێکەوە پەیوەست بێ و بۆی هەیە بە کۆمەڵ گوترابێتن، وەک ئەو شیعرانەی وا ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دیتوومن. وەک دەردەکەوێ،ئازادیی ئەناڕشیستی، کە بۆتە کاراکتەری ئوروپای چەند سەدساڵی ڕابردوو، چەشنایەتی فەزایەک کە تێیدا هیچ پێوانەیەکی دیاریکراو، بە هیچ شێوەیەک پێویست نییە، دەگونجێ ئیمتیازێک نەبێ بۆ ئەدەبیات. ئەدەبی باش دەکرێ لە ناو چوارچێوەیەکدا بەرهەم بێت کە تێیدا بیر وهزریش دیاریکراو بێت.
بەڵام چەند جیاوازی بنەڕەتی هەیە لە نێوان دیکتاتۆریەت و هەموو باوەڕە ئۆرتۆدۆکسییەکانی ڕابردوودا، چ لە ئوروپا و چ لە ڕۆژهەڵات. گرنگترین جیاوازی ئەوەیە کە ئۆڕتۆدۆکسییەکانی ڕابردوو تووشی گۆڕان نەدەهاتن، یا بەلای کەمەوە خێرایەک نەدەگۆڕان. لە ئوروپای سەدەکانی ناوەڕاست کلیسە پێیدەگوتی دەبێ باوەڕت بە چی بێت، بەڵام لایکەم مۆڵەتی پێدەدای باوەڕەکەت لە کاتی لەدایکبوونەوە تا مردن بپارێزی. پێی نەدەگوتی ڕۆژی دووشەممە باوەڕت بە شتێک بێ و بە شتێکیتر لە سێ شەممەدا. ئەوە ئەمڕۆکە زۆروکەم بۆ هەموو مەسیحییەکی ئۆڕتۆدۆکس، هیندوو، بوودایی یا موسوڵمان ڕاستە. لە لایەکەوە بیروهزری کەسەکە بەربەست کراوە بەڵام دەتوانێ لەچوارچێوەی هەمان ئەو بیروبۆچوونەدا هەموو ژیانی تێپەڕ بکات و دەستکاریی هەستەکانی ناکرێت. ئێستا، لە دیکتاتۆریدا بە تەواوەتی پێچەوانەکەی ڕاستە. دیاردەی سەمەرەی دەوڵەتی دیکتاتۆری ئەوەیە بیر کۆنتڕۆڵی بیر دەکات نەک توندوتۆڵی بکات. دۆگمی وا دادەمەزرێنێ کە جێگەی پرسیار لێکردن نین و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش دەیانگۆڕێت. دەوڵەت پێویستی بە دۆگم هەیە لەبەر ئەوەی ئیتاعەتی ڕەها لە خەڵکەکەی دەخوازێت، بەڵام ناشتوانێ لەو گۆڕانکارییانە دوورکەوێتەوە، کە بەهۆی پێداویستییەکانی سیاسەتی هێزەوە دیکتە دەکرێن. ئەو خۆی بە دوور لە هەڵە کردن ڕادەگەیەنێ بەڵام لە عەینی کاتدا هێرش دەکاتە سەر هەمان چەمکی حەقیقەتی عەینی. وەک نموونەیەکی ڕەق و ئاشکرا، هەموو ئاڵمانییەک تا مانگی سێپتامبری ١٩٣٩ دەبوایە بە ڕق و کینەوە بڕوانێتە بۆڵشویزمی ڕووسیا، و لە سێپتامبری ١٩٣٩ بەدواوە دەبوایە بە ڕێز و لایەنگرییەوە تێی بڕوانێ (٥). ئەگەر ڕووسیا و ئاڵمانیا بکەونە شەڕەوە، کە ئەگەری زۆرهەیە لە چەندساڵی دادێدا وای لێبێت، دەبێ گۆڕانکارییەکی بەهەمان شێوە توند وتیژ [لەهەڵوێست گرتندا] بێتەکایەوە. چاوەڕوان دەکرێ ژیانی عاتیفیی ئاڵمانییەکان، خۆشەویستی و ڕق لێبوونەوەیان، هەرکات پێویستی کرد، بە شەوێک بگۆڕدرێ.
زۆری بە پێویست نازانم ئاماژە بە کارتێکەریی ئەو چەشنە شتانە لەسەر ئەدەبیات بکەم. لەبەر ئەوەی نووسین زیاتر مەسەلەی هەست کردنە، کە هەمیشە ناتوانرێ لە دەرەوە کۆنتڕۆڵ بکرێ. هاسانە بۆ ئۆرتۆدۆکسییەکی سەردەم ماستاو بکرێ، بەڵام نووسین سەبارەت بە هەرچەشنە ئەنجامێکی کارەکە تەنیا کاتێ گونجاو دەبێ کە مرۆڤێک هەست بە ڕاستیی ئەو قسەیە بکات کە دەیڵێ؛ بە بێ ئەوە، هاندەریی خوڵقاندن کورتی دێنێ. هەموو ئەو نیشانانەی وا بەدەستمانەوەن پێمان دەڵێن گۆڕانی لەناکاوی هەست، کە دیکتاتۆری لە شوێنکەوتووانی خۆی دەخوازێ، لەباری سایکۆلۆجییەوە نەگونجاوە. هەروەها ئەوە هۆکاری سەرەکی منیشە بۆ ئەو قسەیەم کە ئەگەر دیکتاتۆریەت لە پانتایی جیهاندا سەربکەوێ، ئەدەبیات بەو شێوەیەی وا ئێمە دەیناسین، کۆتایی پێدێت. لە ڕاستیشدا وا دەردەکەوێ کە دیکتاتۆری تا ئێستاش کاریگەریی لەو شێوەیەی بووە. لە ئیتالیا ئەدەبیات پەکی کەتووە، لە ئاڵمانیاش وێدەچێ هەر بەتەواوەتی وەستابێت. زیاترین کردەوەی تایبەخۆی نازییەکان سووتاندنی کتێبە. تەنانەت لە ڕووسیاش ئەو ڕێنێسانسە ئەدەبییەی وا ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد نەهاتۆتە گۆڕێ، و گرنگترین نووسەرانی ڕووس مەیلی ئاشکرایان بەرەو خۆکوژی پیشانداوە یاخود لە ناو زینداندا بێسەروشوێن بوون.
من پێشتر گوتم کە دێموکراسیی لیبڕاڵی بەرەو کۆتایی دەڕوات، و هەربۆیەش وا پیشاندراوە کە ویستبێتم بڵێم ئازادیی بیروڕاش بە شێوەیەکی چارناچار تووشی چارەنووسێکی شووم هاتبێ. بەڵام پێموانییە ئەوە وابێت، وەک ئەنجامێکی قسەکەم، بە ساکاری دەڵێم بەبۆچوونی من، ڕزگاریی ئەدەبیات کەوتۆتە دەستی ئەو وڵاتانەی کە لیبڕالیزم تێیاندا بە قووڵی ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، وڵاتانی غەیرە سوپایی، ئوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکاییەکان، هیند، و چین. بە بڕوای من – ئەوە واهەیە هیچ لە هیوایەکی پیرۆز زیاتر نەبێ کە – هەرچۆنێک بێ، ئابوورییەکی هاوبەشکراو بەڕێگەی هاتنەوەیە، و ئەو وڵاتانە تێدەگەن چۆن شێوازێک لە سوسیالیزم پەرە پێبدەن کە دیکتاتۆریەت نەبێ، و تێیدا ئازادیی بیروبچوونبەتوانێ تاکگەرایی ئابووریی لە نەمان ڕزگار بکات. هەرچۆنێک بێ، ئەوە تاقە هیوایەکە هەموو ئەوانەی وا خەمی ئەدەبیات دەخۆن، دەیقۆزنەوە. هەرکەس ئەو دەورە سەرەکییە ببینێت کە ئەدەبیات لە پێشکەوتی مێژووی مرۆڤدا دەیگێڕێ، دەبێ هەروەها پێداویستیی بوون و نەبوونی بەربەرەکانی کردنی دیکتاتۆرییش بەچاو ببینێ، چ لە دەرەوە بەسەرماندا سەپێنرابێت، چ لە ناوخۆوە.
مانگی مەی ١٩٤١
پەراوێز
______________________________
١. سەرچاوەی وەرگێڕان: جۆرج ئۆروێل،”فاشیزم و دیموکراسی”- کۆمەڵەی پێنج وتار، چاپی پینگوین بووکز، لەندەن ٢٠٢٠
George Orwell, “Literature and Totalitarianism’, part of Fascism and Democracy booklet, Penguin Books, London 2020; ISBN: 978-0-241-45567-8
٢. نووسەر لە هەموو شوێنێکی وتارەکەدا یەکیەتی سۆڤیەتی بە ڕووسیا ناودەبات.
٣. دەبێ ئاماژە بێ بە پێشکەشکردنی یەک لە زنجیرە وتارەکانی نووسەر. بەڵام ئەگەر نیاز لە وتارە چاپکراوەکانی ناو ئەم نامیلکەیە بێت، دەبێ وتاری فاشیزم و دیموکراسی بێ کە من پێشتر وەرمگێڕاوەتە سەر کوردی.
٤. Geoffrey Chauser نووسەری ئینگلیزیی نیوەی دووەمی سەدەی سێزدەهەم و بناغەدانەری ڕۆماننووسیی ئینگلتەرە. کتێبی هەرە ناسراوی چسر بریتییە لە حیکایەتەکانی کانتربری کە کۆمەڵەی ٢٤ چیرۆکە لە زمان ٢٤ زیارەتچیی کلیسەی مەزنی شاری کانتربری لە باشووری بریتانیاوە. کلیسەی کانتربری دیاردەیەکی هاوشێوەی ڤاتیکانی کاثۆلیکەکان ەبۆ مەسیحیانی پڕۆتێستان.
٥. ئاماژەیە بە پەیمانی دەساڵەی ٢٣ ی ئاگوستی ١٩٣٩ ی یەکیەتی سۆڤیەتی و ئاڵمانیای نازی بۆ دەستدرێژی نەکردنە سەر یەکتر، کە ڕۆژئاواییەکان بە ڕێخۆشکەری شەڕی دووەمی جیهانیی دەزانن. نووسەر باس لە گۆڕانی ڕوانگەی ئاڵمانییەکان بە نیسبەت یەکیەتی سۆڤیەتەوە دەکات پێش و دوای مۆرکرانی پەیمەنەکە.