پارادایمی دروونناسی و پزیشکی: ئه‌و پارادایمه خۆی له لێکۆڵینه‌وه‌کانی پزیشکی و ده‌روونناسیدا ده‌بینێته‌وه. فوکوسی ئه‌م پارادایمه ئه‌وه‌یه، کێشه‌که له تاکدا ده‌بینێ و کێشه‌که وه‌کوو به‌شێ له له‌شی تاکه‌که‌سدا ده‌بینێت. هه‌ر بۆیه هه‌وڵ ده‌درێ له ڕێگای داوده‌رمان چاره‌سه‌ری بۆ کێشه‌ی ئه‌و مناڵانه بدۆزنه‌وه.
پارادایمی کۆمه‌ڵناسی: بەپێچه‌وانه‌ی پارادایمی دروونناسی و پزشکی، له توێژینه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵناسیدا، کێشه‌کان له ستراکچێری ناو کۆمه‌ڵگەدا ده‌بینێت. له‌م ڕوانگهیەدا کێشه‌کان له تاکەکهس و قوتابییەوە ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ئاستی کۆمه‌ڵگە. بەپێی ئەو ڕوانگه‌یە په‌روەرده‌ی تایبه‌ت ده‌بێت به که‌رەسه بۆ جیاکردنه‌وەی مناڵان له قوتابخانەدا. به واتایهکیتر، ئه‌و پارادایمه پێی وایه په‌روەرده‌ی تایبه‌ت ده‌بێ به هۆکاری هه‌ڵاواردن و نایه‌کسانی لەنێوان مناڵان له قوتابخانەدا، هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێتە هۆی نایه‌کسانی له کۆمه‌ڵگەدا. ئه‌م ڕوانگه و تێڕوانینه یارمه‌تی دەدات به:
1- مامۆستا و کارمەندانی قوتابخانه تێگه‌یشتنیان ده‌بێ بۆ ئەوەی که مناڵان له قوتابخانەدا به شێوەیه‌کی نەرێنی (نگەتیڤ) مۆرکیان لێ دەدرێت، ئەویش به هۆی ئه‌وەی که مناڵه‌که یان قوتابی دیاگنۆس ده‌کرێ و وه‌ک قوتابیی دیاگنۆسی، ADHD یان autism نیشانە ده‌کرێن. ٢- ئه‌وەش ده‌بێتە هۆی ئه‌وه‌ی که دوو سیستمی فێربوونی جیاواز و نایه‌کسان، هاوته‌ریب دروست ده‌کرێت و به‌ڕێوه ده‌چێت؛ واته سیستمی په‌روەرده‌ی گشتی و سیستمی په‌روەرده‌ی تایبه‌ت.
پارادایمی ئیداریی یان ڕێکخراوەیییانه: له‌م پارادایمەدا کێشه‌ی سه‌رەکی له قوتابخانه وه‌کوو سیستمی ئیداری ده‌بینێت، ئه‌وه‌ی که پارادایمی کۆمه‌ڵناسی و ئیداریی هاوبه‌شن. بۆیە ئه‌وان کێشه‌که له تاکەکهسەوە نابینن، به‌ڵکوو کێشه‌که له ستراکچێری کۆمه‌ڵگە، ئیداری و ڕێکخستنی قوتابخانەدایە. تێڕوانینێک که “خوێندکار ده‌بێ خۆی لەگه‌ڵ قوتابخانه بگونجێنێت”، له جیاتی ئه‌وەی که بەپێچهوانه بێ، به ڕیشه‌ی بنەڕەتیی کێشه‌که پێناسه ده‌کرێت. له پارادایمی کۆمه‌ڵناسی و ئیداریدا پێیانوایه که ده‌بێ قوتابخانه خۆی لەگه‌ڵ خوێندکار بگونجینێ. Skidmore 1996, Jokobsson & Nilsson 2017, Nilholm 2007))
له چوارچێوەی ئه‌م سێ پارادایمەدا، ده‌توانین بڵێین که په‌روەرده‌ی تایبه‌ت بەسه‌ر دوو ڕوانگه و تیۆریی جیاواز لەسه‌ر کێشه‌ی تێکڵاویی مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت له پۆلدا هه‌یه، دابەش دەبێت.
١- ڕوانگه‌گه‌لی موتڵەق و تاکه‌که‌سی: واته قوتابی یان مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت، کێشه‌یه‌کی تاکەکهسییە. به واته‌یه‌کی تر، کێشه‌که له له‌شی ئه‌و مناڵانەدایه. هه‌ر بۆیه پێویسته ئه‌و مناڵانه له قوتابخانه و له ده‌رەوه‌ی پۆلدا قه‌رەبوو بکرێنه‌وه. به واته‌یه‌کی تر، ئه‌و مناڵه خاوه‌ن پێداویستییە تایبه‌تانه له قوتابخانەدا گرووپی بچووک و تایبه‌تیان بۆ دروست که‌ن و مامۆستای تایبه‌ت یان مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت له ده‌رەوه‌ی پۆلدا وانە به‌و مناڵانه بڵێنه‌وه. دیاره ئه‌و ڕوانگه‌ی تاکه‌که‌سییە هه‌تا ٢٠ ساڵ لهمەوپێش ته‌نیا ڕوانگه‌یەک بوو که بەکار ده‌هێنرا له سیستمی په‌روەرده‌یی له زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهاندا. ئه‌م ڕوانگه‌یه له لایەن کۆمه‌ڵناسان و ڕێکخراوی که‌متوانایان که‌وته بەر هێرشی ڕه‌خنه‌ی زۆر. هه‌روه‌ها گه‌لێک لێکۆڵینه‌وەی کۆمەڵناسی هه‌یه که پێیانوایه ئه‌م ڕوانگه تاکه‌که‌سییە نەک ته‌نیا نایه‌کسانی له نێوان مناڵان له قوتابخانەدا دروست ده‌کا، به‌ڵکوو ئه‌و ڕوانگه تاکه‌که‌سییە وا ده‌کا ئه‌و مناڵانه له بواری کۆمەڵایه‌تی دوا بکه‌ون. واته ئه‌م مناڵانه کاتێ گه‌وره بوون زۆر دژوار ده‌بێ خۆ لەناو گۆمه‌ڵگادا بگونجێنن. چونکه ئه‌و مناڵانه که گه‌وره ده‌بن له کۆمەڵگادا جێگایان نابێته‌وه، چونکه فێری کۆدە کۆمه‌ڵایەتییه‌کان نه‌بوون. هه‌ر بۆیه زۆرینه‌ی ئه‌م که‌سانه زۆر ته‌نیا ده‌مێننن له کۆمه‌ڵگادا. ڕیسکی هه‌راسان کردن و پێڕابواردن زیاتر ده‌بێ به نیسبه‌ت ئه‌و مناڵانه جا چ له کۆمه‌ڵگادا چ له قوتابخانەدا.
Emanuelsson, Persson & Rosenqvist 2001
٢- ڕوانگه‌گه‌لی پێوه‌ندییانه: کێشه‌که به مناڵه‌كه وه‌کوو تاک نابەستێتهوە، به‌ڵکوو له پەیوەندیی نێوان تاک، ژینگه و له سێ ئاست (تاک، گرووپ و کۆمه‌ڵگە)دایە. Fischein 1996,
ئه‌م ڕوانگه‌گه‌لی پێوه‌ندییانه پێیوایه تێکڵاوی زۆر گرینگه بۆ ئه‌وەی که مناڵ بتوانێ پەیوەندی دروست بکات. پۆل یه‌کێک له‌و شوێنە گرینگانەیە بۆ ئه‌وەی مناڵ بتوانێت پەیوەندی دروست بکا و هاوڕێ و دۆست بۆ خۆی پەیدا بکات. زۆربه‌ی لێکۆڵینه‌وه زانستییەکان پەیوەندیی مناڵان له قوتابخانەدا زۆر به گرینگ دەزانن. ڕاستییەکەی زۆربه‌ی مناڵان که ده‌چن بۆ قوتابخانه بۆ ئه‌وه ناچن وانە بخوێنن، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه ده‌چن که پەیوندی دروست بکه‌ن تا هاوڕێ و دۆستیان هه‌بێت.
ئه‌م ڕوانگه‌یه، دیموکراتی و یهکسانیخوازە و مناڵ وه‌کوو هاووڵاتی به مافی یه‌کسان ده‌بینێ. هه‌ر بۆیه‌ش تێکه‌ڵاویی به به‌شێک له مافی مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت ده‌بینرێت، تا مناڵان به‌گشتی و مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت بەتایبەتی، لە پۆلدا له ئه‌زموونی یەکتر که‌ڵک وه‌رگرن. ئەم ڕوانگه‌یە پێیوایه که مناڵان جیاوازن و کات و ساتی جیاوازیان پێویسته بۆ فێربوون. هه‌ر بۆیه ده‌بێ له پۆلدا له‌و جیاوازییەی مناڵان وه‌کوو سامان که‌ڵک وه‌ربگیرێت نه‌ک وه‌کوو بارگرانی، چونکە مرۆڤ به جیاوازییه‌کانه‌وه جوانە.
پوختەی ئەم دوو ڕوانگەیە ئه‌وه‌یه: ڕوانگه‌یەک پێی وایە که کێشه‌که له له‌شی تاکدایه و ده‌بێ ئه‌و مناڵانه له پۆل بکرێنەدەرەوە و به ته‌نیا یان له گرووپی چهکۆلەدا لە ڕێگای مامۆستای تایبەتەوە دەرسیان پێ بگوترێ. ڕوانگه‌ی تریش پێیوایه کێشه‌که لە ژینگه (ژینگه‌ی دەوروبهری مناڵ و کۆمه‌ڵگە) دایه. مامۆستا ده‌بێ ژینگه‌ی پۆل بۆ هه‌موو مناڵان بگونجینێ و، شێواز و مێتودی وانهگوتنهکهی بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو مناڵان بتوانن که‌ڵک له وانەگوتنهوهی مامۆستاکه وه‌رگرن.
په‌روەرده‌ی تایبه‌ت گرینگه بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستا بتوانێت له کاتی پێویست له پۆلدا یارمه‌تیی مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت بدات. کاتێ مامۆستا له پۆلدا ده‌زانێت مناڵان کێشه‌ی فێربوونیان هه‌یه، ده‌بێ به زووترین کات داوا بکات که مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت بێته ناو پۆلەکەوە و بۆ ماوەی چه‌ند ڕۆژ له پۆلدا چاو له هه‌ڵسوکه‌وتی قوتابی و شێوازی وانهگوتنهوەی مامۆستا بکات. مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه زیاتر یارمه‌تی و ڕێنمایی بدا به مامۆستا که چۆن و به چ شێوەیەک وانه‌گوتنه‌وه‌که‌ی لەگه‌ڵ ئه‌و مناڵە خاوه‌ن پێداویستییە تایبهتەدا بگونجێنێت.
مامۆستا و مامۆستای په‌روه‌ردەی تایبه‌ت و بنهماڵەی مناڵه‌که به‌یه‌که‌وه پرۆگرامێ داده‌نێن که لەنێوان ٦ حەوتوو بۆ ٦ مانگە. دوای ئەو قۆناغە لەسهرڕاوە پێداچوونه‌وه و لێکۆڵینه‌وه ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن تا چ ڕادەیەک له یارمه‌تیدان و چاره‌سه‌رکردنی گرفتی ئه‌و مناڵه خاوه‌ن پێداویستییە تایبه‌تە سه‌رکەوتوو بوون.
کێشه‌ی سیستمی پهروەرده ئه‌وەیه که قوتابییەکی زۆر له یەک پۆلدا هەیه و مامۆستا پێڕاناگات له پۆلدا زیاتر یارمه‌تیی مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت بدات. کێشه‌یه‌کیتر ئه‌وه‌یه که تەواوی قوتابییەکان یەک کتێب بەکار دێنن و ده‌بێ کتێبهکەش له کاتێکی تایبه‌تدا ته‌واو بێت. بۆ نموونە کتێبێکی بیرکاری دهدەنه هه‌موو قوتابیان و ده‌بێ له کاتێکی دیاریکراودا ئه‌و کتێبەیان ته‌واو کردبێت، له کاتێکدا هه‌موومان ده‌زانین که مناڵان جیاوازن و کات و ساتی جیاوازیان ده‌وێ بۆ فێربوونی بیرکاری یان بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە.
کێشه‌یه‌کی تریش ئه‌وەیە که گه‌لێک مناڵ له‌و ١٠ تا ١٥ ساڵەدا دیاگنۆس کراون، بۆ نموونە به دیاگنۆسی ADHD، دیاره پێویست ناکات لێرەدا و لە ڕوانگه‌ی کۆمهڵناسییەوە باسی کێشه و زیانی دیاگنۆس بکه‌ین، چونکه کاتێ مناڵێک دیاگنۆسی “ADHD”ی بۆ دەکرێت، ئه‌و مناڵه ده‌بێ به به‌شێ له دیاگنۆسهکە و بۆ هه‌تاهه‌تایه ئه‌و مناڵه مۆرکی لەسەر دەدرێت. (Goffman 2011). دیاگنۆسکردنی مناڵ له باری پزشکییەوە ڕه‌نگه باش بێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌رمانی بۆ بدۆزرێته‌وه، به‌ڵام هه‌بوونی دیاگنۆس هیچ گرینگییەکی بۆ مامۆستا نییە، لەبه‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستا ده‌بێ شێوەی وانهگوتنهوهکەی بۆ هه‌موو قوتابیان بگونجێنێت، جا چ دیاگنۆسیان هه‌بێت یان نە.
گرینگه بزانین که له سیستمی وڵاتی سوید مامۆستای تایبه‌ت و مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت هه‌یه و دوو پرۆگرامی جیاوازن و لە زانکۆکانی سوید ده‌یخوێنن. مامۆستایان دوای کۆلێژی مامۆستایه‌تی و چه‌ند ساڵ کارکردن له کاری مامۆستایه‌تیدا ئه‌زموون کۆدەکەنەوە و، دوای چه‌ند ساڵ کارکردن وه‌کوو مامۆستا ده‌توانن له زانکۆ داوای خوێندن بکه‌ن و وه‌رگیرێن له پرۆگرامی مامۆستای تایبه‌ت یان مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت.
مامۆستای تایبه‌ت: کاری ئه‌وه ده‌بێت یارمه‌تیی ئه‌و مناڵانه بدات که کێشه‌یان لەگه‌ڵ خوێندن، نووسین و بیرکاری، هەروەها ئه‌و مناڵانه‌ی که کێشه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتیان له قوتابخانەدا هه‌یه. مامۆستای تایبه‌ت یارمه‌تیی ئه‌و مناڵانه ده‌دات جا چ وه‌کوو تاک بێت یان له گرووپی بچووکدا، به‌ڵام له ده‌رەوه‌ی پۆلدا. ئه‌رکی مامۆستای تایبه‌ت ئه‌وەیە که یارمه‌تیی ئه‌و مناڵانه بدات بۆ ئەوەی بتوانن له خوێندندا سەرکەوتوو بن.
مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت: کاری مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت ئه‌وەیە که وه‌کوو ڕاوێژکار یارمه‌تیی مامۆستایان بدات که چۆن و به چ شێوەیەک وانه بڵێنەوە و چۆن وانەگوتنهوهکه بۆ هه‌موو مناڵان له پۆلدا بگونجێنرێت.
مناڵانی خاوەن پێداویستیی تایبه‌ت پێویستیان به ستراکچێر و ڕۆتینی ڕۆژانه هه‌یه. مامۆستا ده‌بێ هەوڵ بدات شێوازی وانه‌گوتنه‌وه‌که‌ی بگونجێنێت. پێویسته ئهوەشمان لەبیر نه‌چێت که دوو مناڵ ده‌توانن هەمان دیاگنۆسیان هه‌بێت، به‌ڵام پێویستیی ئه‌و دوو مناڵه له پۆلدا دەتوانێت زۆر جیاواز بێت.
٤- کێشه‌ی په‌روەرده‌ی تایبه‌ت له کوردستان و هۆکاره‌کانی
من ساڵی ٢٠٠٩ له کوردستان بووم، له سلێمانی سمیناریان بۆ ڕێک خستم، گه‌لێک مامۆستا له‌وێ به‌شدار بوون و خۆیان وه‌کوو مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت ده‌ناساند. دوایی بۆم ڕوون بووه‌وە که ئه‌و مامۆستایانه وه‌کوو مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت تەنیا خولێکی ٤ تا ٥ ڕۆژەیان بینیوە. وا بزانم ساڵی ٢٠١١ ئێمه کۆنفرانسێکی پهروەردەییی تایبه‌تمان له زانکۆی ڕاپه‌ڕین بەڕێوە برد، کۆنفرانسێکی باش بوو، به‌ڵام به هۆی هەندێک هۆکار نەمانتوانی په‌ره به کاره‌کان بده‌ین.
پێموایه کێشه‌ی زۆربوونی دیاگنۆسی (ADHD) یان Autism) ) له کوردستان ئه‌وه‌یه که ئه‌و دەروونناسانه ته‌نیا له ڕوانگه‌ی تاکە کەسییەوە دەڕواننه ئه‌و مناڵانه و کێشه‌ی ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر و کۆمه‌ڵگە لەبەرچاو ناگرن. تەنانەت لەسه‌ر ئه‌وه‌ی که مناڵ له چ ته‌مه‌نێکدا دیاگنۆس بکرێت، بیروڕای جیاواز هه‌یه. هەندێک له لێکۆڵینه‌وه‌کان پێیان وایه که نابێ مناڵ پێش ته‌مەنی ٧ ساڵی دیاگنۆسی بۆ بکرێت، چونکه مناڵ ده‌توانێت گۆڕانکاریی زۆری به‌سه‌ردا بێت، هه‌روه‌ها دەبێ ژینگه‌ی ئه‌و مناڵه و ژینگه‌ی دەوروبهری لەبەرچاو بگیرێت.
ئاکام
چۆن و به چ شێوه‌یەک ده‌توانین په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت له کوردستان به‌کار بێنین؟
په‌روەرده‌ی تایبه‌ت بۆ کوردستان گه‌لێک گرینگه، تەنانەت پێویسته گه‌لێک لێکۆڵینه‌وه‌ی مەیدانی له بواری په‌روەرده‌ی تایبه‌تدا بکرێت. دیاره په‌روەرده‌ی تایبه‌ت بۆ کوردستان ده‌بێ لەگه‌ڵ کەلتوور و سیستمی کوردەواری بگونجێت (با وه‌کوو هێنانی سیستمی پهروەردەی سوید بۆ کوردستانی باشووری لێ نەیەت). من پێم وایه ئه‌وه‌ی که بەناوی سیستمی په‌روەرده‌ی سوید هێنرایە کوردستانی باشوور، په‌روەرده‌ی کوردستانی کاول کرد. وا بزانم هەندێک پرۆگرامی ئاوتیسمی ئەمریکی و ئه‌ورووپی دێنن بۆ کوردستان و دیانه‌وێ بەکاری بێنن، پێم وانییە دروست بێت، چونکه کۆمه‌ڵگە و پێکهاته‌ی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه زۆر جیاوازه.
گه‌لی کورد گه‌لێک ساڵە له شه‌ڕ و جه‌نگدایه، لێدان، ئازاردانی جه‌سته‌یی و دەروونی وای کردووه که مناڵان کێشه‌ی فێربوون، خوێندن و ههڵسوکەوتیان هه‌بێت. مناڵی ژینگه‌ی شه‌ڕ، مناڵی چینی هه‌ژار و مناڵی کهمایهتییەکان هەندێک جار پێویستیای بەوەیە یارمه‌تی بدرێن بۆ گه‌شه‌کردن له ڕێگەی په‌روەرده‌ی تایبه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه پێویسته په‌روەرده‌ی تایبه‌ت بکرێت به به‌شێکی گرینگ له داهاتوودا لە کوردستان. بۆ نموونە، هه‌تا له پۆلدا مناڵ که‌متر بێت، بۆ مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت باشتره، چونکه مامۆستا ده‌توانێت باشتر به‌و مناڵانه ڕابگات و زیاتر وانه‌کانیان بۆ شی بکاته‌وه. ڕێگەیەکی تر ڕه‌نگه پێویست نه‌کات هه‌موو مناڵانی یک پۆل هەمان کتێبیان هه‌بێت و، ڕه‌نگه پێویستیش نه‌کات که له یه‌ک ساڵدا ده‌بێ کتێبه‌که ته‌واو بکا.
بە بۆچوونی من، ئه‌و که‌سانه‌ی کە په‌روەرده‌ی تایبه‌ت ده‌خوێنن و ده‌بن به مامۆستای په‌روەرده‌ی تایبه‌ت، پێویسته مێتۆد، تیۆری و ڕوانگه‌ی جیاواز بخوێنن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن یارمه‌تیی مناڵانی خاوه‌ن پێداوێستیی تایبه‌ت بدەن. ئێمه له کوردستان پێویستمان به پهروەردهیهکی تایبه‌ت هه‌یه که مناڵان له کەلتووری شه‌ڕ، زه‌بروزه‌نگ، ڕق و کین و هه‌راسان کردن و پێڕابواردن به یەکتر ڕزگار بکات و بەرەو کەلتوورێکی یه‌کسانیخوازی، دادپهروەری و دیموکراسی هەنگاو بنێت. ئیمه ته‌نیا له ڕێگەی پهروەرده و په‌روەرده‌ی تایبهتەوە ده‌توانین ئه‌م کەلتووره بۆ نەوەی داهاتووی کوردستان دروست بکه‌ین. یارمه‌تیده‌ر بین بۆ مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت که بتوانن به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان مافی خوێندن و فێربوونیان هه‌بێ وه‌کوو هه‌موو مناڵانی کوردستان. پەیماننامه‌ی مافی که‌متوانایان و پەیماننامه‌ی مافی مناڵان و به‌ڵگه‌نامه‌ی سه‌له‌مانکا گهرەنتییه بۆ دروستکردنی ژینگه‌یه‌کی یه‌کسان بۆ مناڵانی که‌متوانا و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت بۆ به‌شداری له خوێندن له پهروەرده و خوێندنگەی گشتیدا.
فه‌رهاد جیهان میهه‌ن
خوێندکاری دوکتورا له به‌شی زانستیی مناڵان و لاوان له زانکۆی ستۆکۆڵم. مامۆستا له کۆلێژی مامۆستایان له زانکۆی سودرتوون.
Emamuelsson, I., Person, B.,Rosenqvist, J.(2001). Forskning inom det specialpedagogiska området: en kunskapsöversikt. Stockholm: Skolverket
Fischbein, S. (1996). Specialpedagogik och lärarutbildning. Pedagogisk forskning i Sverige 1 (2); 89-99
Goffman, E. (1963). Stigma. Notts on the mangement of spoiled identity. A touchstone book. Published by Simon & Schuster INC. New York. London. Toronto.
Jakobsson, I & Nilsson. (2017). Specialpedagogik och funktionshinder. Att möta barn och unga med funktionsnedsättningar i en utvecklande miljö. Stockholm. Natur & kultur.
Nilholm, C. (2007). Perspektiv på specialpedagogik. Lund. Studentlitteratur.
Skidmore, D. (1996). Towards and integrated theoretical framework for research into special educational need. Routledge: Europan Journal of special needs Education.
UNICEF.(1989). Convention on the Rights of the Child: https://www.unicef.org/child-rights-convention
Socialdepartementet (1995). Standardregler för att tillförsäkra människor med funktionsnedsättning delaktighet och jämlikhet. Stockholm
SOU 2008: 23. Convention on the Rights of Persons with Disabilities. Stockholm. Socialdepartement
Svenska Unescorådet. Salamancadeklarationen och Salamanca +10. Stockholm: Svenska Unescorådet, 2006. Svenska Unescorådets skriftserie 2/2006.