ئاژیتاتۆر پەیام و مەبەستی خۆی هەیە. خۆی لەگەڵ هەست و باوەڕ و فەرهەنگ و زمانی خەڵک ڕێک دەخات و لەو ڕێگایەوە بە هاسانی جێگای خۆی لە ناو خەڵکدا دەکاتەوە و لەگەڵ هەر کۆمەڵە کەسێک وەک خۆیان دەجووڵێتەوە. ئەگەر بۆ کەسی ئاسایی، خوێندکاری زانستگا، ژن، پیاو، لاو، چالاکوانی سیاسی و بۆ هەمووان قسە بکات، بابەت و شێوەی داڕشتنی قسە و چۆنیەتیی قسەکردن و بەکارهێنانی زمان و فرە شتی تر لەبەرچاو دەگرێ، بە چەشنێک هەر کەس خۆی لە قسە و بۆچوون و هەستی ئەودا ببینێتەوە.
ئاژیتاتۆر لە هەر شت و هەموو شت بۆ گەیشتن بە مەبەست کەڵک وەردەگرێ و لێهاتووییی خۆی بەکار دەهێنێ. ئەو بیر لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی لەش و جۆری جلوبەرگ و فرە شتی تر دەکاتەوە. جا چ ڕاستەوخۆ لە ناو خەڵک بێ یان لە ڕێگای مێدیا و سۆسیال مێدیا لە گەڵ خەڵک ڕووبەڕوو بێت!
ترساندن، تووڕە کردن، بەقینداخستن، لەبەرچاوخستنی ئەم و ئەو، هیواسازکردن، بەڵین پێدان و گەلێک لایەنی تر لە قسە وباسدا بەکار دەهێنێ بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بە قسەی ئاژیتاتۆر بهێنێ. ئەم کەسانە دەتوانن بابەت و تێمی دژوار بۆ خەڵک هاسان و ساکار کەنەوە تا ئەو جێگایەی خەڵک باوەڕیان پێ بکەن.
گێڕانەوەی ئاژیتاتۆر بۆ وێنە لە مێژوو و ڕووداوەکان پڕ لە چەواشەکاری دەکرێ. ڕووداوی ڕۆژانەی دەوروبەر، گێڕانەوەی مێژوو، باس لە مەسەلەگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ناساندنی کەسان و کەسایەتییەکان دڵبخواز بۆ مەبەستی ئاژیتاتۆر بەکار دەهێنرێن.
ئاژیتاتۆر بە باشی دەتوانێ سیمای کەسان بگۆڕێ، دەتوانێ جێگای ڕاست و ناڕاست بگۆڕێ، دەتوانێ کەسایەتی بە کەسێک ببخەشێ و کەسایەتیی تر دابڕزێنێ. دەتوانێ کەسایەتیی کەسان قەڵب بکات و کەسایەتی بە کەسانی قەڵب ببەخشێ. دەتوانێ باوەڕ بە گوێگر و بینەر بهێنێ کە ئەوەی ئەو دەیڵێ ڕاست و ئەوی تر ناڕاستە.
ئاژیتاسیۆن بە گشتی پرۆسەی هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردنی تێگەیشتنی خەڵکە بۆ ئەوەی خەڵک بۆ لایەک یان دژی لایەنێک هان بدرێ، بۆ ئەوەی بە لایەنگری یان دژی لایەنێک خەڵک هان بدرێ. ئەمەش فۆڕم و شێوەی جێبەجێکردنی هەمە چەشنە و هەمەجۆری هەیە و لە هەر شوێن و لە هەر ڕێگایەکی مێدیایی و نامێدیایی دەکرێ جێبەجێ بکرێ و هەر کەرەسەیەک بۆ جێخستن و جێبەجێکردنی بەکاربهێنرێ؛ لەوانە:
ئاژیتاسیۆن بۆ مەبەستی دیار و ڕوون، بۆ لایەنگری لە ڕەوت و لایەنێکی سیاسی و جووڵانەوەیەک و کەس و کەسان یان بە دژی ڕەوت و لایەن و کەس و کەسان بەکار هێنراوە.
دەرکەوتنی ئاژیتاتۆر بۆ مەبەست و کاری دیار و نادیار لە ناو خەڵک بووە. ئاژاوە و بشێویی ناو کۆمەڵگا بەرهەمی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆرەکان لە ڕێگای بەکارهێنانی دامودەزگا و کەرەسەکانەوە بووە.
بە پێچەوانەی ڕۆشنگەری کە پشتئەستوور بە بەڵگە و لەسەر بنەمای مەنتق و ڕاستگۆیییە، لە کاری ئاژیتاسیۆن پشت بە بەکارهێنانی هەستی ئینسان دەبەسترێ. هەستبزواندن و کوڵاندنی کاتی و لە پڕێکای هەستی کەسان بۆ ئەنجامی کارێک یان سازکردنی تێگەیشتنی خێرا و کاتی، دەبێتە ئامانجی ئاژیتاسیۆن.
ئاژیتاسیۆن دەکرێ کۆمەڵگا بەرەو دڕدۆنگی و ئاژاوە و کێبەرکێ و ناکۆکی بەرێ و شەڕ و کێشەی نێوان لایەنەکانی لێ بکەوێتەوە و ببێتە ڕیسک بۆ کەسی ئاژیتاتۆر لە کاتی ورووژاندنی خەڵک.
ئاژیتاتۆر زۆر جار ڕوون و ئاشکرا دوژمن لە کەسان و لایەنەکان دادەتاشێ و وینەی دوژمنانە لە کەسی جێگای مەبەست دەکێشێ یان کەسەکە لە بەر چاوی خەڵک ڕەش دەکات. ئەم چەشنە ڕەشکردن و دوژمن تاشینە گرووپ و حزب و دەستە و تاقمیش دەگرێتەوە.
قوربانی سازکردن لە خۆ
شێوەیەکی تر لە کاری ئاژیتاتۆر، خۆ بە قوربانی نیشاندان و ناحەقی دەرحەق پێکراو لە لایەن دەستە و گرووپ و حزب و سیستەم و کەس و کەسانە. ئەم ڕێگایە بۆ ئەوەیە لایەنگریی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و جێگا و پێگەی خۆی لێرە و لەوێ مسۆگەر بکات و بە پۆست و شوێنی گۆنجاو و جێگای ئامانج بگات.
ڕەخنەی نابەجێ و نەگونجاو
ئەم کەسانە ڕوو دەکەنە ڕەخنەی نابەجێ و نەگونجاو و ڕەخنەی نە کارساز و دوور لە چارەسەری. ڕەخنەی دوور لە ڕاستی و ڕێئاڵ.
فۆڕم و کاری چالاکانی بواری جیاواز، لێرە و لەوێ وێچووییی لەگەڵ شێوە و فۆڕم و مێتۆدی ئاژیتاتۆر پەیدا دەکات، کە ئەوە بە مانای ئاژیتاتۆربوونی کەسەکە و کاری پرۆپاگەندە و ئاژیتاتۆری نییە.
لێرە دەکرا باس لە ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕەزاشا، ئاتاتورک، خومەینی، سەدام، ئەردۆغان و دەیانی تر و دامودەزگاکانیان بکرێ. دەکرا چاو بە کۆمەڵگای کوردستان، مێدیا و دامودەزگا، حکوومەت و حیزب و سوسیال مێدیای کورددا بخشێنرێ بۆ ئەوەی هەر دوو لایەنی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر بناسێنرێ، کە دەوری جیددی لە هەموو بەستێنێکی ژیانی مرۆڤی کورد لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی کوردستاندا دەگێڕن. بەڵام خوێندنەوەی ئەم بابەتە دەبێ بەرچاوی خوێنەر بۆ ناسینی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر لە کوردستان ڕوون کاتەوە!
ئەوانەی ئاژیتاتۆر نیین وکاری ئاژیتاسیۆن ناکەن، ئەو کەسانەن کە خەڵک ناهرووژێنن، توندوتیژی ناپرژێنن، هێمنی و سازکردنی کەشوهەوای ئاشتییانە و زانیاریبەخش و ڕۆشەنگەرانە دەخوڵقێنن و ڕوو لە مێشک و تێگەیشتنی مرۆڤ دەکەن و ئاڵۆزی و گرفتەکان چارەسەر دەکەن و مەبەست و ئامانجیان تێگەیشتن و تێگەیاندن و پشتبەستن بە بیرکردەنەوە و دیاڵۆگ وگفتوگۆ و دانوستاندنە.
کەسی بەرپرسیار کە بیر لە بەرژەوەندی و ئازادبیرکردنەوە و چارەنووسی خەڵک بکاتەوە، قسە و ئاکار و ڕووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ خەڵک و کۆمەڵگا و مەسەلەکان چارەسازانە و چارەسەرکردن دەبێ. ئەم کەسانە پێویستیان بە هەڵچزاندن و ورووژاندن و کوڵاندنی هەستی خەڵک نییە. بۆ ئەوەش ڕوو لە مێتۆدی پڕۆپاگەندە، ئاژیتاسیۆن، ئاژیتاتۆر ناکەن و دوورەپەرێز دەبن لە کۆڵاندنی هەستی خەڵک بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی، ئیدئۆلۆژیک، دینی، حزبی، حکوومەتی و شەخسی.