ئارامتر بخوێنەوە!

شیکاریی هەڵەکانی وتارێک سەبارەت بە شەرەفخان و شەرەفنامە

مەنسوور سدقی


سەرەتا

ساڵی ٢٠١٧ “بنکەی ژین بۆ بووژانەوەی کەلەپووری بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی” لە سلێمانی، پەڕتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسی کە لە لایەن “سەلاحەددین ئاشتی”یەوە وەرگێردرابووە سەر زاراوەی سۆرانی، چاپ و بڵاو کردەوە. “دوو پاشکۆ” لە کۆتاییی ئەم بەرهەمە زیاد کراوە لەژێر ناوی: “وردبوونەوەیەک لە ژیاننامەی شەرەفخان” (پاشکۆی ١) و “شەرەفخان بۆچی کوژرا؟” (پاشکۆی ٢) کە “مستەفا دێهقان” و “ڤورال گەنچ” لە گۆڤاری:  Manuscripta Orientalia, Vol:21, No: 1, June 2015 بە زمانی ئینگلیزی بڵاویان کردبووەوە و لەلایەن “سەلمان عەلی” و پاشکۆی ٢ لەلایەن “عەبدولڕەحمان پەناهەندە” لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی.

  • لەم شیکارییەدا، تەنێ پاشکۆی ١، واتە “وردبوونەوەیەک لە ژیاننامەی شەرەفخان” خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە، بەڵام دەروازەیەکیش کراوەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بۆچوونێکی هەڵەی بابەتی دووەم “شەرەفخان بۆچی کوژرا؟” کە باسی ساڵمەرگ (یان وەک نووسەرانی پاشکۆ دەڵێن، ساڵی کوژرانی) شەرەفخان دەکات.


    شیکاریی پاشکۆی ١

    پێش هەر شتێک، پێویستە بڵێین بەهۆی سروشتی زۆر ئاڵۆزی پاشکۆکە، بەناچاری لە زۆر شوێندا، دەقەکە وەک خۆی دەنووسینەوە تاکوو تیشک بخرێتە سەر وشە بەوشەی بۆچوونەکانی نووسەران.

    چونکە لە توێژینەوەی مێژووی میرانی بدلیسدا، بۆ چەندین میری بدلیس، تووشی ناوی “شەرەف” دەبینەوە، لەم نووسراوەیەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، وەک هێندێک لێکۆڵینەوە سەبارەت بە مێژووی بدلیس کە لەم نزیکانەدا لەلایەن توێژەرانی کورد و تورکەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا کراون، ئێمەش بەم شێوەیەی خوارەوە لێکیان جیا دەکەینەوە:

    ١- شەرەفخانی یەکەم: میر شێخ شەرەف (پێنجەم میری بدلیس).

    ٢- شەرەفخانی دووەم: حاجی شەرەف (حەفتەم میری بدلیس).

    ٣- شەرەفخانی سێیەم: میر شەرەف (نۆهەم میری بدلیس).

    ٤- شەرەفخانی چوارەم: میر شەرەف (١٧هەمین میری بدلیس و باپیری شەرەفخانی نووسەری شەرەفنامە).

    ٥- شەرەفخانی پێنجەم: میر شەرەف (١٩هەمین میری بدلیس و نووسەری شەرەفنامە).

    لەم نووسراوەیەدا پتر باسی شەرەفخانی پێنجەم و ئاماژەیەک بە شەرەفخانی چوارەم دەکرێ.

    لە دەستپێکی پاشکۆی ١دا، هاتووە:

    “ژیاننامەی شەرەفخان بەڵگەنامەیەکی یەکجار سەرنجڕاکێشی مێژوویییە. بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەردەوام و تۆماری ڕووداوگەلی جۆراجۆر لەخۆ دەگرێ. جا لەم باسەدا شەرەفنامە و ئەو ڕووداوانە (واتە: ئەو ڕووداو گەلە جۆراوجۆرانە) لەگەڵ یەک بەراورد دەکەین تا بتوانین باشتر ژیانی نووسەر و هەڵکەوتە مێژوویییەکە ببینین”.

    بەڵام لە تەواوی پاشکۆی ١دا کە ٣٥ لاپەڕەی بۆ تەرخان کراوە؛ لە هیچ شوێنێک “ڕووداوگەلە جۆراوجۆرە”کان لەگەڵ یەکتر و یان لەگەڵ ڕووداوەکانی نێو شەرەفنامەدا، بەراورد نەکراون، بەڵکو تووشی گەلێک تێڕوانین‌ دەبین کە نووسەرانی پاشکۆ بە “ڕەنگە” و “ڕێی تێدەچی” تەنیا ژیانی شەرەفخانی پێنجەمیان خستووەتە بەر ڕەخنە.

    دواتر نووسەرانی پاشکۆی ١ دەڵێن:

    “شەرەفنامە خۆی بنەمای سەرجەم ئەو باس و لێکۆڵینەوانەیە کە تا ئێستا سەبارەت بە شەرەفنامە نووسران و کاری ڕەخنەگرانەش لەم مێژووە گرینگەی کوردان، یەکجار کەمە. توێژینەوەکان تا ئێستا زۆر کەم تیشکیان خستۆتە سەر ژیان و کاری شەرەفخان و زانیارییەکی ئەوتۆیان لە دەرەوەی ژیاننامەکە نەداوەتە خوێنەر. بابەتە بیۆگرافییەکانی ئەم دوایییانەش گەلێک زانیاریی وەها لەسەر ژیانی شەرەفخان دەخەنەڕوو، کە بێ‌گرفت نین. چەند توێژینەوەیەکی گرینگی “باکێ گرامۆب” و بەتایبەتیش “سینکلەیر”، لەم بوارەدا شایانی ئاماژە پێ کردنن”.

    لێرەدا و لە ژێرنووسدا، سەرجەم ئاماژە بە ١٤٠ لاپەڕی ٧ سەرچاوە کراوە کە دەبێ توێژێنەوەکانی خۆیانیان بۆ ژیانی شەرەفخانی پێنجەم تەرخان کردبێ، بەڵام بەداخەوە نووسەرانی پاشکۆی ١، تەنانەت ئاماژەیان بە یەک ڕستەی “بەگرفت” و “بێ گرفت”ی ئەم توێژینەوانە نەکردووە.

    نووسەران دواتر دەڵێن: “ئێمە کار لەسەر ژیانی شەرەفخان دەکەین … بۆ ئەمەش بایەخ دەدەینە بەڵگە سەرەتایییەکانی شەرەفنامە. لەمانەش ئەرشیڤی عوسمانی، زنجیرەی ڕووداوەکانی سەفەوی و چەندین زانیاریی بنەتا دەستنووسەکانی ئەرمەنی. هەڵبەت زۆر توێژینەوە پێشتر بایەخی باشیان بە شەرەفنامە داوە. بۆیە ڕەنگە لێرەدا پێویست نەبێ ئەم تۆێژینەوانە بخەینەڕوو (چونکوو بایەخی باشیان بە شەرەفنامە داوە) ، بەتایبەتی کە ئێمە دەمانەوێ باسەکەمان تەرخان بکەین بۆ ژیان و کاری نووسەرەکە، بۆ ئەم مەبەستەش، گشت ژیاننامە تازەکانی نووسەرانمان، بە دوایین توێژینەوە گرینگەکەی “باجەڵان”یشەوە، وەبەرچاو گرتووە”.

    نووسەران لە بیریان چووە چەند دێڕ پێشتر ئاماژەیان کردووە کە مەبەستیان “بەراوردکردنی ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی نێو شەرەفنامەیە لەگەڵ یەکتر“، بەڵام لێرەدا و دواتریش مەبەستەکەیان دەبێ بە ڵێکۆڵینەوە لە ژیان و بەسەرهاتی شەرەفخان. بۆ ئەمەش بایەخ دەدەنە واتایەکی نادیاری “بەڵگە سەرەتایییەکانی شەرەفنامە” کە گوایە یەکیان دەبێ ئەو ٧ بەڵگەنامەیە بن کە لە ئەرشیڤی عوسمانی دەستیان کەوتووە و لەم ٧ بەڵگەنامەیەش تەنیا ٢یان بەتەوای وەرگێڕاوە کە لە درێژەی پاشکۆی ١دا، ئاماژەی پێ دەکەن و ئێمەش لێکدانەوەیەکی چڕوپڕیان بۆ دەکەین و پێشانی دەدەین کە نووسەرانی پاشکۆی ١، چەندە بەهەڵە ئەو دوو بەڵگەنامەیان ڵێک داوەتەوە. دووەم “بەڵگە سەرەتایییەکانی شەرەفنامە”ش، گوایە “زنجیرە ڕووداوەکانی سەفەوی”یە کە لێرەشدا بەگوێرەی نووسراوەکانی مێژوونووسانی ناسراوی سەفەوی، لێکدانەوە هەڵەکانی ئەم دوو نووسەرە پێشان دەدەین؛ سێهەم “بەڵگە سەرەتایییەکانی شەرەفنامە”ش کە نووسەران پشتیان پێ بەستووە واتای نامۆی “بنەتا دەستنووسەکانی ئەرمەنی“یە کە ڕەنگە مەبەستیان “ئەنستیتووتی دەستنووسە کەونارەکانی ماتێنداران” لە ئەرمەنستان بێت؛ بەڵام لێرەشدا نووسەرانی پاشکۆی ١، تەنیا ئاماژە بە نووسراوەی مێژوونووسێکی کۆنی ئەرمەنی دەکەن و پێشانی دەدەین چەندە ئەم سەرچاوەیەش بەهەڵە ڕووداوەکانی لێکداوەتەوە.

    پاشکۆی ١ لەژێر سەردێڕی “ژیاننامە: وێنە قاڵب گرتووەکە” دەپەرژێتە سەر مەبەستی سەرەکیی وتارەکە و دەڵێ: “ژیانی شەرەفخان بەو جۆرەی کە خۆی نووسیویەتییەوە، زۆر جیاوازە لەوەی کە خەڵک لە بارەیەوە نووسیویە”. سەرنجڕاکێشە نووسەران پێیان وایە شەرەفخان ژیاننامەکەی خۆی نووسیوەتەوە و خەڵک لەباریەوە نووسیویانە، دیاریش نییە ئەو خەڵکە کێن، کەی و لە کوێ نووسیویانە و ئەو جیاوازییانەش چین؟

    جگە لەمانە، لە سەرتاسەری ئەم پاشکۆیەدا، ڕووبەڕووی دەربڕینگەلێکی وەک “چیرۆکی باوی ژیاننامەکە”، “ژیانی شەرەفخان بەو شێوەیەی لە دوایین بەشی شەرەفنامەوە پێمان گەیشتووە”، “وێنەی باوی ژیانی شەرەفخان”، “ژیاننامەکە بەو جۆرەی کەوا لە شەرەفنامەدا هاتووە”، “ژیاننامەکە وەها نووسراوە” دەبینەوە کە لێکدانەوەی گوماناوی لە مەبەستی نووسەرانی پاشکۆی لێدەکرێ.

    پاشان لەم بەشەدا هاتووە: “شاتەهماسبی یەکەم، شەرەفخانی وێڕای ژمارەیەک فەرمانبەری دیکەی سەفەوی، ڕەوانەی گیلان کردووە. …وەک شەرەفخان نووسیویەتی گۆیا شاتەهماسبی یەکەم، کردوویەتە حوکمداری گیلان”.

    شەرەفخانی پێنجەم هەرگیز نەیگوتووە، شاتەهماسبی یەکەم کردوویەتە حکومداری گیلان بەڵکو دەڵێ: “منی هەژاری لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی قزڵباش ڕاسپارد هەتا پێی ڕابگەین” (شەرەفنامە، ل. ٦٦٢). واتە لەگەڵ ئەم چەند کەسە بە گیلان ڕابگەن ئەمەش لە ساڵی ٩٧٥ی کۆچی ڕوویداوە.

    نووسەرانی پاشکۆ دواتر دەڵێن:

    “شەرەفخان کاتێک لە قەزوێن گەڕاوەتەوە، شاتەهماسبی یەکەم چەند دەڤەرێکی شیروان و قەفقازیشی پێ بەخشیوە. بەڵام مەرگی شاتەهماسب دواتر دەرفەتەکەی لە دەست دەرهێناوە. شاسمایلی دووهەم سەرەتا کردوویەتە “ئەمیرولئومەرا”ی کوردانی وڵاتی ئێران و فەرمانڕەوای “نەخجەوان” کەچی شای سەفەوەی بە هۆی پیلانگێریی قزڵباشەکانەوە، بە شێوەیەکی چاوەڕوان‌نەکراو، لە بڕیارەکەی پاشگەز بۆتەوە”.

    لێرەدا وا دیارە نووسەرانی پاشکۆ لە دەربڕینی شەرەفخان سەبارەت بەم ڕووداوە تێنەگەیشتوون. شەرەفخان “لە قەزوێن نەگەڕاوەتەوە“، بەڵکوو پاش ٧ ساڵ مانەوەی لە گیلان، لە ساڵی ٩٨٢ی کۆچیدا گەڕاوەتەوە قەزوێن. لەم بارەیەدا شەرەفخان زۆر بە ڕوونی و پاش باسکردنی پێکدادانەکانی هێزی ڕۆژەکی و قزڵباشەکان لە دژی حاکمی گیلان (لە خوارەوە پتر باسی دەکەین) دەڵێ: “کاتێک کەشوهەوای ناخۆش و بەچڵک و کێمی گیلان تینی هێنا و نەخۆشیی بەرەبەرە و درێژخایەن گەلێک پیاوی بەدەستوبردی ڕۆژەکییانی تێدا بردن، دڵم لێی هەڵکەندرا و بێزرام و منی هەژار ویستم چی دیکە لەوێ نەمێنم. ڕووی ڕاستەقینەی مەبەستەکەم گەیاندە خزمەت پادشای هێژا و ئەویش دوای حەوت ساڵ مانەوەم لەوێ (واتە لە گیلان) ئیزنی دەرچوونی دام و گەڕامەوە قەزوێن”. دواتر دەڵێ: “کاتێک قزڵباشان لەیەکتر ڕاسان و بارودۆخ گۆڕا و دووبەرەکی کەوتە نێو سەفەوییەکان و پادشاش پیر ببوو” بۆیە داوا لە شاتەهماسب دەکات بینێرێتە “ناوچەیەک لە قەلەمڕەوی دەسەڵاتی” و ئەویش دەیکاتە حاکمی شیروان و گەلێک ناوچەی وەک باکۆ، کەناراب و هتدی پێ دەدا (شەرەفنامە، لاپەڕەی ٦٦٤). ئەمەش لە مانگی جەمادی دووەمی ساڵی ٩٨٣ی کۆچیدا ڕوویداوە. بەڵام ٨ مانگ دواتر، واتە لە ١٥ی مانگی سەفەری ٩٨٤ی کۆچیدا، هەواڵی مەرگی شاتەهماسب و هاتنە سەر دەسەڵاتی شاسمایلی دووەم دەبیسێ، بە فەرمانی شاسمایلی دووەم دیسان دەگەڕێتەوە بۆ قەزوێن (هەمان لاپەڕە). پاشان دەڵێ: “(شاسمایلی دووەم) ئەوەندە دەستی ڕێزی لێنام کە هاوشانەکانم چاویان چووەوە پشتی سەریان و تەنانەت مەزنانی قزڵباشیش ئێرەیییان پێ بردم. سەرەنجام پیلانگێڕان هەدایان نەدا و لە بنەوە بە خزمەتیان ڕاگەیاند کە منی بەستەزمان و چەند میرێکی قزڵباش بە تەماین هەتا سوڵتان حوسێن‌میرزای برازای لەبڕی وی بکەینە شا. لە ڕاستیدا، شا خۆی کەسێکی فی‌فی و هەر جارە لەسەر هەوایەک بوو. ئەو ماوەیەی لە قەڵادا مابووەیەوە (شاتەهماسبی باوکی، لە قەڵای قەهقەهە لەنزیک شاری مشگین‌شاری ئازەربایجان زیندانیی کردبوو) هێندەی تریاک کێشابوو بەجارێکی وا گۆڕابوو کە قەت مانگێکی نەیدەتوانی لەگەڵ کەس هەڵکا. لەسەر ئەم باو و هەوایە تێچاندنی درۆزنان و بەرچاوتەنگان و گریمانە لە دڵان بە لای منی بەستەزمانیشدا خوار بۆوە و لێی وەدڵ گرتم. بەشێک لەو قزڵباشانەی سزا دان و چوارمێخەی کێشان و دەستەیەکی لەسەر کار لابردن و لە بەندیخانەی پەستاوتن. بە بیانووی ئەوەی کە دەمکاتە حوکمڕانی نەخجەوان منیشی لە جێی خۆم هەڵداشت و فەرمانێکی دامە دەستی و ناردمی بۆ ئازەربایجان”(شەرەفنامە، لاپەڕەی ٦٦٥). بەم شێوەیە لە مانگی جەمادی دووەمی ساڵی ٩٨٤ی کۆچیدا، شەرەفخان دەبێتە حاکمی نەخجەوان و دوای ساڵێک و چوار مانگ لە مانەوەی لە نەخجەوان، دەڵێ: “خوسرەوپاشای مەزنی سەرکردەکانی وان و زەینەل‌بەگی هەکاری و حەسەن‌بەگی مەحموودی لە دەرانەی سوڵتان مرادخانەوە مزگێنیی حکوومەتی بدلیسیان بۆ هێنام”. لە سێهەم ڕۆژی مانگی شەشەکانی ٩٨٦ی کۆچیدا، وێڕای گەلێک عەشیرەتی ڕۆژەکی، نەجخەوان بەرەو بدلیس جێدەهێڵی (شەرەفنامە، لاپەڕەی ٦٦٦).

    ئەم ڕێکەوتانەی کە لەسەرەوە زەق کراونەتەوە. ‌بەوردبوونەوە لە لاپەڕەکانی شەرەفنامە وەدیار کەوتوون و لە درێژەی ئەم شیکارییەدا و بۆ باشتر ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکانی دیکە کە نووسەرانی پاشکۆ دەیورۆژێنن، بەکەڵک دێن. دواتر نووسەرانی پاشکۆ دەڵێن:

    “بەگوێرەی ژیاننامەکە، هەنگاوەکانی دواتری شەرەفخان سەرەنجامی گۆڕانی سیاسەتی سەفەوییەکان بوون دوای گەڕانەوەی لە نەخجەوان، لەگەڵ خوسرەو پاشای سپاسالاری عوسمانی کۆدەبێتەوە. ئەمجا فەرماندەی لەشکری تورک و سوڵتان مرادی سێهەم پایەی فەرمانڕەوای “بەدلیس”یان بۆ گێڕاوەتەوە”.

    بەپێچەوانە، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، شەرەفخان کە دەچێتە نەخجەوان، ئیتر ناگەڕێتەوە قەزوێن و خوسرەوپاشا و زەینەلبەگی هەکاری و حەسەن‌بەگی مەحموودی هەر لە نەخجەوان فەرمانی سوڵتان مراد سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی حکوومەتی بدلیسی پێ ڕادەگەێەنن.

    پاشان لەژێر سەردێڕی “خاڵە ناکۆکەکانی وێنە باوەکە”، نووسەرانی پاشکۆ دەڵێن:

    “لە ژیاننامە یا دووایین بەشی شەرەفنامەدا، گەلێک زانیاریی گرینگ بەرچاو دەکەون. خوێنەر سەرنجی دەچێتە سەر کۆمەڵێک ڕووداوی جێ‌متمانە کە نووسەر تێبینیی خۆی لەسەر نووسیون. ئێمەش دەمانەوێ لێرەدا پەردە لەسەر چەندین زانیاری و ئاماژە لابدەین (ئامانجی ١) کە لە توێژینەوە پەیوەندیدارەکاندا هەستیان پێ نەکراوە. هەروەها هەوڵیش دەدەین (ئامانجی ٢) پێشینەی خودی شەرەفخان لە دوایین بەشی شەرەفنامەدا بخەینەڕوو. بەم جۆرە (واتە لە ئاکامدا) ئاشنای چەندین خاڵی ناکۆکیی نێو ژیاننامەکە دەبین”.

    لێرەدا نووسەرانی پاشکۆی ١، لە ٦ خاڵدا، “خاڵە ناکۆکەکانی نێو ژیاننامەکە” دەورووژێنن. جا بزانین نوسەرانی ئەم پاشکۆیە ئەم ٢ ئامانجەی سەرەوەیان چەندە پێکاوە و چۆن ئێمە لەگەڵ “چەندین خاڵی ناکۆکی نێو ژیاننامەکە و یان وێنە باوەکە” ئاشنا دەکەن؟

    “خاڵی یەکەم: سەرەتای ژیاننامەکە قەسیدەیەکی درێژە لە دیوانی جامی، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی جامی نەکردووە. شەرەفخان وەک ئاماژەیەک بە خوێندەواریی خۆی ٢٣ بەیتی شێعری جامی بە ناونیشانی “شەرح حال” لە شەرەفنامەکەیدا داناوە. لێرەدا شەرەفخان لەبارەی خوێندەواریی خۆیەوە، زیادەڕۆییی کردووە چونکە ڕاست نییە بڵێین شەرەفخان لە ئیعراب و ئیعلال و فیقه ‌دا زۆر شارەزا بووە”.

    شەرەفخان لە سەرتاسەری شەرەفنامەدا سەدان بەیت شێعری نووسیوە و لە چەند شوێنیش ئاماژەی بە ناوی شاعیرەکەشی کردووە. دیارە ئەمە شێوازێکی نووسینی ئەو سەردەمی بووە. بەڵام سەیرە کە نووسەرانی پاشکۆی ١، پێیان وایە هەر کەس شێعرێکی لە کتێبێکدا نووسی، ئەوە نیشانەی خوێندەوارییە. ئاخر مەگەر شەرەفخان لە دیوانی شای سەفەویدا گەورە نەبووە و خوێندن و نووسینی لە ئاستێکی بەرزدا وەدەست نەهێناوە؟ لە لایەکی دیکەوە، وا دیارە نووسەرانی پاشکۆی ١، لەبیریان چووە لە پاشکۆی ٢دا چۆن باسی شەرەفخانیان کردووە: “… لەو سەردەمەدا هیچ دیوانسالارێکی کورد شانی لە شانی شەرەفخان نەداوە. ئەو لە بواری مێژووی کورددا گەلێک لێوەشاوە  بووە… شەرەفخان پیاوێکی خوێندەوار بووە و چاکی لە پرسی سنوور و یاسا و ڕیساکانی دین و بابەتگەلی دیکە زانیوە… خەڵکی نیشتمانەکەی خۆی پاکی گوێڕایەڵی بوون. لە نێو ڕۆژەکییاندا هێندەی وی باش نەبۆتە مەزنی میرنشینێکی کوردی”. نووسەرانی پاشکۆ تەنانەت دواتریش باسی “جێگە و پێگەی بەرز و بڵیندی شەرەفخان و ڕێبەرایەتیی بنەماڵەکەی لەگەڵ چەند بنەماڵەی دیکە” لە لای شاعەباسی یەکەمیش دەکەن! (پاشکۆی ٢، شەرەفنامە، ل. ١٠٩٩-١١٠٠). هەڵبەت نووسەرانی پاشکۆ، ئەم دێڕانەیان بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی خۆیان لە پاشکۆی ٢دا زۆر پێویست بووە، مخابن لەبیریان چووە لە پاشکۆی ١دا، هەڵسەنگاندنێکی تەوا پێچەوانەیان کردووە.

    “خاڵی دووەم: لەبارەی پێوەندیی نێوان دایکی شەرەفخان و خێڵەکانی “بایوندور”ەوە دەتوانین نەتەنیا ئاماژە بە پرسی پێوەندیی سوڵتانی ئاق‌قۆینلوو، ئووزوون حەسەن (… ١٤٢٥-١٤٧٨ی ز) لەگەڵ شا سمایلی یەکەمی سەفەوی بکەین، بەڵکوو ئەمە هەر خۆی ڕەسەنایەتیی نووسەر دەسەلمێنێ. وەک ئیزەدی نووسیویە: شەرەفخان ڕەچەڵەک‌ناسیی پێش ئیسلامی ساسانییەکانی لا پەسەندتر بووە. هەر چەند ئەگەر شەمسەددین ئەکاسێریی کوڕی شەرەفخان لەو دەستنووسەدا ناوی هاتبێ کە ئیزەدی بەکاری هێناوە، نووسەر لە شوێنی دیکەدا جەختی کردۆتەوە کە فەرمانڕەواکانی ساسۆن و ڕۆژەکی، ڕێک بە ئەکاسێری یان هەمان ساسانییەکانەوە بەستراوەتەوە. جا سەرباری زۆر و زەوەندیی بەڵگەکان سەبارەت بە ڕەچەڵەکی بەرەی باوکی، وا دیارە هێندێک پێیان وایە دایکی تورکمان بووە”.

    لێرەدا پێویستە وەبیر نووسەرانی پاشکۆ بێنینەوە کە شەرەفخان زۆر بەڕوونی گوتوویەتی دایکی بایەندوری بووە، (نەک بایوندوری ئەم هەڵەیە چەند جار لەلایەن وەرگێڕی شەرەفنامەش بە سۆرانی دووپات بووەتەوە) و دەڵێ: “پاش ئەوەی کە باوکی پایەبەرزی منی …، بەناچاری لە زێد و نیشتمانی دڵبەندی هەڵپچڕاوە و کەوتۆتە عەجەمستان و تەرکەوەتەن بووە، دایکی منی داماوای خواستووە کە دەبێتە کچی ئەمیر خانی مووسڵوو. ئەمیرخانی باپیرم کوڕی گوڵاوی‌بەگ کوڕی میرەبەگە کە ناسراوە بە تۆقاتی بایوندوری و لە سەردەمی پاشایەتی حەسەن‌بەگی بایوندوریدا یەکێک بووە لە مەزنەمیرانی ئەو خانەدانە”. (شەرەفنامە، ل. ٦٥٨-٦٥٩). بۆیە ئیتر پێویست ناکات بڵێن هێندێک پێیان وایە دایکی تورکمان بووە؛ یان بڵێن “ئەمە هەر خۆی ڕەسەنایەتیی نووسەر (شەرەفخان) دەسەلمێنێ”. ڕەنگە بەپێچەوانەی شەرەفخان کە گوایە “ڕەگەزی نێر، لای پێگەیەکی بەرزی هەبووە” (بڕاوننە بڕگەی: “کوڕ و براکانی شەرەفخان” لە پاشکۆی ١دا، لە ژێرەوە)، نووسەرانی پاشکۆ، ڕەگەزی مێ‌یان لا پەسەند  بووبێت؛ بۆیە ڕەسەنایەتیی شەرەفخانیان گەڕاندووەتەوە سەر دایکی کە  تورکمان بووە. هەڵبەت زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکان (ڕەنگە جگە لە جوو و ئاڵمانی) ئێستاشی لەگەڵ بێت، ڕەگەزی خۆیان دەبەنەوە سەر باوک و باپیریان. کەوابوو سرووشتییە شەرەفخان ڕەسەنایەتیی بنەچەی خۆی بە باوکییەوە ببەستێتەوە و ئەویش  “بەپێی قسەی باوەڕپێکراوان و دەقی نووسینی ئەوانەی کەوا پشتیان پێ دەبەسترێ” بیگەڕێنێتەوە سەر “ئەکاسێرەکان”، واتە ساسانییەکان، وەک لە شەرەفنامە و لە بڕگەی “باسی ژیان و بەسەرهاتی خێڵی ڕۆژەکی و چۆنیەتیی ناودێرکرنیان”دا، دەڵێ: “… بەکورتی و پوختی، بەپێی قسەی باوەڕپێکراوان و دەقی نووسینی ئەوانەی کەوا پشتیان پێ دەبەسترێ، گۆیا ڕۆژێک لە ڕۆژان ٢٤ تیرەی کوردان لە مەڵبەندی “تاب”ی سەر بە ناوچەی “خویت” کۆبوونەوە و بوونە دوو بەش. دوازدەیان ناویان بوو بە بڵباسی و دوازدەکەی دیکەشان بە قەوالیسی ناودێر کران… و زەوییەکانی ئەو مەڵبەندەیان لە نێوان خۆیاندا دابەشیوە و چونکە هاودەنگ و هاوزمان و هاوبیر بوون میرێکیشیان بۆ خۆیان داناوە و بەرەبەرە هەرێمەکەیان داگیر کردووە… پاش گیرانی بدلیس و حەزۆ و تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، سەرکۆماڵی ڕۆژەکی بە وەجاق‌کوێری سەری ناوەتەوە و بێ‌سەرەوبەریی ڕووی تێکردوون”، بۆیە خێڵی ڕۆژەکی لەدوای چارەسەری گەڕاون و لە ئاکامدا وایان پێ باش دەبێ “بچنە لای دوو برا بەناوی عیزەددین و زیائەددین لە شاری ئەخلات کە بە ڕەسەن دەچوونەوە سەر کیسراکان (واتە ساسانییەکان)… و هەرکامیان شیاوی مەزنایەتی بوو، بە سەرۆکی خۆیانی دابنێن … چەند پیاوماقووڵێک هەستاون و چوونە شاری ئەخلات و تەدارەکیان بۆ ئەو دوو شازادانە گرتووە و هێناویانن بۆ بدلیس. کۆمەڵێک عیزەددیننیان لە بدلیس کردۆتە میر و تاقمێکیش زیائەددیننیان لە حەزۆ بە حوکمڕان داناوە. پاشان لە بڕگەی “باسی بنە و بنەچەکی میرانی بدلیس، کە دەچنەوە سەر کێ”، شەرەفخان دەڵێ: “بەپێی گێڕانەوەی زمانەوزمان ڕوون بۆتەوە و لە چەند دەقێکی دیرۆکیشدا نووسراوە، کە میرانی بدلیس دەچنەوە سەر تۆرەمەی کیسراکان”. (شەرەفنامە، ل ٥٥٣-٥٦٠).

    لە خاڵێ سێیەمدا، گرینگە سەرنجی ئەم ڕستەیە بدەین: “(شا) پێی دەگوتین پێویستە هێندێک جار بایەخ بە هونەری وێنەکێشانەوە بدەن، چونکە سەلیقە ڕاست و ڕێک دەکا”. جا شەرەفخان، بەپێی ئەم ئامۆژگارییەی شاتەهماسبی یەکەم و ئەو تابلۆ بچووک و پڕ واتایانەی وا لە دەسنووەسە کۆنەکەی شەرەفنامە “ MS.Or.Elliot 331“دا پێشان دراون، دیارە هونەرمەندیش بووە. بەگوێرەی دەقی شەرەفنامەی کتێبخانەکەش، هەر تابلۆیەک سەبارەتە بە نێوەرۆکی لاپەڕەی بەرانبەری، بۆیە دەبێ نووسەر خۆی کێشابنییەوە و پێشانی دابن. هاوکات هێندێک توێژەرەوەی نێوخۆ، شەرەفخانیان بە وێنەکێشێکی توانا لە قەڵەم داوە و بۆ پێداهەڵدانی مینیاتۆرەکانی کەوتوونە زیادەڕۆیی”.

    بڕواننە ئەم دەربڕینانە نووسەرانی پاشکۆی ١: لە سەرەتادا تابلۆکانی نێو شەرەفنامە بە “پێشاندراو” باس دەکەن، واتە شەرەفخان نەیکێشاونەتەوە، پاشان دەڵێن” “دەبێ خۆی کێشابنییەوە” و لە کۆتاییدا هەڵسەنگاندنەکانی دوو سەرچاوە ئاماژەپێکراوەکە دەشوبهێنن بە: “پێهەڵدانی مینیاتۆرەکانی” کە گوایە “کەوتوونە زیادەڕۆیی”ش. بەمە دەڵێن شێوازی لێکۆڵینەوەی زانستی. هەڵبەت دووەم سەرچاوەی ئاماژەپێکراو بۆ ئەم تێڕوانینەی نووسەرانی پاشکۆی ١ (“یووسف ١٩٩١”)، بریتییە لە کتێبێک بەناوی “تابلۆکانی شەرەفنامە، لە نووسینی مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف، بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠٠٥، ٢٧٥ لاپەڕە” کە نووسەرانی پاشکۆ پێیان وایە نووسەر “زیادەڕۆیی”ی کردووە لە “پێهەڵدانی” شەرەفخان، بەڵام ڕێک بەپێچەوانە، ئەم پەڕتووکە لێکۆڵێنەوەیەکی گەلێک پڕ نێوەڕۆک، بەنرخ و بێ وێنەیە لە چەشنی خۆی لە بواری توێژینەوەی شێوەکاری- مێژووییی کوردیدا و زۆر بە تێروتەسەلی باسی ٢٠ مینیاتۆری نەخشێندراو لە یەکەم دەستنووسی شەرەفنامە دەکات (کە “بچووک”یش نیین!) و عەبدولرەقیب یوسف، نووسەری ئەم بەرهەمە بەنرخە دەیسەلمێنێ کە شەرەفخانی پێنجەم بۆخۆی ئەم تابلۆیانەی کێشاوەتەوە.

    لە خاڵی چوارەمدا هاتووە: “هەروەها پێویستە تێبینیی ئەوە بکەین کە شەرەفخان لە باسی دەوری خۆیدا، وەک کەسی سەرەکی لە شکست پێ هێنانی خانی گیلاندا، زۆری پێ لێ هەڵێناوە، چونکە ئەو هەرگیز حاکمی گیلان نەبووە، بەڵکوو باشترە بگوترێ فەرمانڕەوایەکی سەفەوی بووە لە “تۆنێکابۆن” کە بەشێک بووە لە گیلان. کاتێکیش لە هەڵمەتەکانی گیلاندا دەوری زۆر بەرچاوی گێڕاوە، ئەمجا کراوەتە شەریکەدەسەڵاتی ئەڵڵاقوڵی سوڵتان، ئیچاق ئۆغلیی ئوستاجلوو، ئەسکەندەربەگی ئەفشار، هەمزە بەگی تالیش و زەینەڵ‌بەگی زولقەدر”.

    لێرەدا هەڵەیەک لەم دەقەدا هەیە، ڕەنگە هەڵەی وەرگێران بێت: “ئەڵڵاقوڵی سوڵتان، ئیچاق ئۆغلیی ئوستاجلوو” دوو کەس نییە، بەڵکوو ئەمە “ئەڵڵا قوڵی سوڵتان ئیجەک ئۆغلیی ئۆستاجلوو” سەرکردەیەکی قزڵباشی تایفەی ئوستاجلوویە کە لە کێبەرکێی جێنشینیی شاتەهماسب، لە نێوان ئیسماعیل میرزا کە دواتر دەبێتە شا ئیسماعیلی دووەم و حەیدەر میرزای برای، پشتی حەیدەر میرزای گرتبوو. (والتر هینتس. ص. ٥٦). 

    شەرەفخان هەرگیز نەیگوتووە، حاکمی گیلان بووە، بەڵکوو وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد، دەڵێ کاتێک شاتەهماسب بڕیاری دا هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خان ئەحمەدی گیلانی، واتە ناوچەی گیلان بگرێ (چونکوو خان ئەحمەد‌خانی گیلانی خەریکی ڕیککەوتن لەگەڵ عوسمانییەکان بووە تا هێرش بەرێتە سەر قەزوین و شیروان و لاهیجان) بۆیە: “منی هەژاری لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی قزڵباشان ڕاسپارد هەتا پێی ڕابگەین و بیپارێزین” (شەرەفنامە، ل. ٦٦٢). دیارە بەگوێرەی ئاماژەی “ئەسکەندەری مونشی” لە “تاریخ عالم آرای عباسی”یشدا، دەردەکەوێ کە شەرەفخان “حاکمی تۆنێکابۆن بووە” (اسکند بیگ منشی، بەرگی ١، لاپەڕەی ١٤١).

    وادیارە لەم سێ ئاماژەیەی خودی شەرەفخان کە لە ژێرەوە هاتووە، نووسەرانی پاشکۆ پێیان وایە شەرەفخان “زۆری پێ لێ هەڵێناوە”

    ١) “… بە خۆم و ٤٥٠ کەسی سوارە و پیادەوە توانیم بەرەنگاری کەسێک ڕاوەستم بەناوی سوڵتان هاشم لە تۆرەمەی فەرمانڕەوایانی گیلانی کە … بە هەژدەهەزار سوارە و پیادەوە هاتبوویە سەرم. پاش قەومانی شەڕ و … سپای ئەو نەگبەتییەم شکاند” (شەرەفنامە، ل. ٦٦٣).

    ٢) شەرەفخان لە لاپەڕەی ٩٦٢ی شەرەفنامەشدا دەڵێ: “لەم ساڵەدا (٩٧٦ی کۆچی) جەماوەری گیلان کەسێکیان بەناوی سوڵتان هاشم… ، بەکۆدەنگی کردە حوکمڕان. پاشان بە سەر سەرداران و سەرۆکانی قزڵباشیاندا دا و تاقمێکیان کوشتن و ژمارەیەکیان ڕەپاڵ‌نان. دواتر نزیکەی ١٨ هەزار سوار و پیادەیان کۆ کردەوە و چوونە زگ حاکمی تۆنێکابۆن. حوکمڕان بەخۆی و ٥ سەد کەس لە سەرکردە و غوڵامان و چەکدارانی کورد و دەستەیەک لە بەگلەرانی قزڵباش لە قەزوێنەوە چووبوونە یاریدەی و لە سەر ڕووباری مەرز بەرەنگاریان بوونەوە و سپای سوڵتان هاشم شکا”. نووسەران بەم ڕووداوە کە قەوماوە دەڵێن، “زۆری پێ لێ هەڵێناوە”. هەڵبەت تەنیا خاڵی ناکۆک لێرەدا ئەوەیە کە لە ئاماژەی یەکەمدا شەرەفخان باسی ٤٥٠ کەس و لە ئاماژەی دووەمدا ئاماژە بە ٥٠٠ کەس دەکات. ڕەنگە دۆزینەوەی ئەم جیاوازییە لە ژمارەدا زۆر بەدڵی نووسەرانی پاشکۆ بێت!

    ٣) هەروەها لە لاپەڕەکانی ٩٥٧ – ٩٦٠ و لەژێر ڕووداوەکانی ساڵی ٩٧٥دا، شەرەفخان بە تێروتەسەلی باسی کێشەکانی گیلان و ڕووداوی شکستی خان‌ئەحمەدخانی گیلانی دەکات و لە هیچ شوێنێک باسی “دەوری سەرەکیی خۆی” نەکردووە، تەنیا لە کۆتاییی ئەم بەشەدا دەڵێ: “پێنج کەس لە سەرداران لەگەڵ ئەڵڵاقوڵی سوڵتانی لەلە و شازادە سوڵتان مەحموودمیرزای کوڕی پێنجەمی پادشا، بۆ پاراستنی گیلان دیاری کران کە یەکیان خودی خۆم بووم”.

    ٤) ئەسکەندەری مونشیش بەم شێوەیە باسی ئەم بابەتە دەکات: “شەرەفخان ڕوزکی که از امیرزادەهاي بتلیس بود و در خدمت حضرت شاه جنت مکان تربیت یافته معتبر بود و حاکم تنکابن گیلان بود”. واتە: شەرەفخانی ڕۆزکی (ڕۆژەکی) کە یەکێک لە میرزادەکانی بتلیس (بدلیس) بوو و لە خزمەتی “شای پایەبەرزی بەهەشتی”دا، پەروەردە ببوو و ناوبانگی هەبوو؛ حاکمی تۆنێکابۆن بوو. (اسکندر بیگ منشی ، ج ١، ص،١٤١).

    نووسەرانی پاشکۆی ١، لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێن:

    “ژیاننامەکە وەها نووسراوە کە جەخت لە پێگەی بێ‌وێنەی شەرەفخان بکاتەوە. ناکۆکییە نێوخۆیییەکانی سەردەمی شاسمایلی دووهەم و شامحەمەدی خودابەندە، سەفەوییەکانیان بێ‌هێز کردووە. عوسمانییەکان ئەم دۆخەیان بە هەل زانیوە، تا هەوڵ بدەن سەرۆک خێڵەکانی ڕۆژەکی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن؛ هەر بۆیە دەسەڵاتی عوسمانی پاساوی خۆیان هەبووە بۆ هێنانەوەی شەرەفخان. ساڵی ٩٨٥ی کۆچی، فەرمانێکیان دەرکردووە تا ڕێگە لە پێوەندیی کوردەکان بە شەرەفخانەوە بگرن. دەوڵەتی عوسمانی ترساوە سەرهۆز و تیرە و خێڵات و جەماوەری کورد جارێکی دیکە کۆچ بکەن، چونکە کۆچی کوردان دەسەڵاتی قانوونی و بڕیاردانی ئەوانی لە ناوچە بارناسکەکانی سەرسنوور کەم کردۆتەوە”.

    سەبارەت بەم بڕگەیە:

    نووسەران یەک نموونەیان کە گوایە شەرەفخان “جەختی لە پێگەی بێ وێنەی” خۆی کردبێتەوە، پێشان نەداوە.

    ناکۆکییە نێوخۆیییەکانی سەفەوی نەک لە ساڵی ٩٨٥ی کۆچیدا، بگرە زۆر پێشتر ڕوویداوە و لە دوایین ساڵەکانی دەسەڵاتی شاتەهماسب (دەوروبەری ساڵی ٩٨٢ی کۆچیدا) دیسان دەست پێ دەکاتەوە. بەگوێرەی شەرەفنامە “قزڵباش لەیەکتر ڕاسان، بارودۆخەکە گۆڕا و دووبەرەکی باڵی ئەنگاوت و شاتەهماسبیش لەبەر پیری هیچی بۆ لەگەڵ نەکران و زۆر وێدەچوو هێندەی پێ نەچێ دە گژ یەکتر ڕاچن و ئاوری ئاژاوەیەکی گەورە بتەنێتەوە” (شەرەفنامە، ل. ٦٦٤). بۆیە شەرەفخان داوا لە پادشا دەکات بینێرێتە “یەکێک لە ناوچە و هەرێمەکانی نێو قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی” (شەرەفنامە، هەمان لاپەڕە). لێرەدا شەرەفخان دەکرێتە حاکمی شیروان کە دەبێتە ساڵی ٩٨٣ی کۆچی. دوای ٨ مانگ مانەوە لە شیروان و پاش مردنی شاتەهماسب لە ١٥ی سەفەری ٩٨٤ی کۆچی و هاتنە سەر دەسەڵاتی شاسمایلی دووەم، شەرەفخان دەگەڕێتەوە قەزوێنی پایتەخت. ئینجا بە فەرمانی شاسمایلی دووەم لە مانگی جەمادی یەکەم یان دووەمی ساڵی  ٩٨٤ی کۆچیدا دەبێتە حاکمی نەخجەوان و ٣ یان ٤ مانگ دواتر لە شەوی ١٦ی ڕەمەزانی ٩٨٥دا، پاش کوژرانی شاسمایل، “گەورەکانی قزڵباش” “پادشا کوێرەمووشە (واتە شامحەمەدی خودابەندە) دەکەن بە پادشای هیچکارە. (شەرەفنامە، ل. ٩٧٨). پاشان شەرەفخان دەڵێ، “ساڵێک و چوار مانگ بەسەر ماوەی دەسەڵاتیدا لە نەخجەوان تێپەڕ دەبێ، واتە لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٩٨٦ی کۆچیدا، خوسرەوپاشای مەزنی سەرکردەکانی وان و زەینەڵ بەگی هەکاری و حەسەن بەگی مەحموودی لە “دەرانەی سوڵتان مرادخان”ەوە مزگێنیی حکوومەتی بدلیسیان بۆ هێناوە و “سێهەم ڕۆژی مانگی شەشەکانی ٩٨٦ی کۆچی، واتە سێی مانگی شەوالی ٩٨٦ وێڕای … لە نەخجەوان بزووتین” (شەرەفنامە، ل. ٦٦٦).

    سەبارەت بە “هێنانەوەی شەرەفخان”، ڕاستتر ئەوەیە کە سوڵتانی عوسمانی، سوڵتان مرادی سێیەم، دەسەڵاتی میرنشینی بدلیسی بۆ خانەدانی شەرەفخان و هۆزی ڕۆژەکی گەڕاندووەتەوە. لەمەشدا دیارە سوڵتانی عوسمانی پاساوی بەهێزتر کردنی دەسەڵاتی خۆی لەبەرامبەر دەسەڵاتی لاوازی سەفەوییەکانی مەبەست بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک سەردەمی شەرەفخانی چوارەم، عوسمانییەکان بۆیان دەرکەوتبوو کە لەم هەلومەرجە ناسکەدا چیتر ناتوانن ویلایەتی بدلیس بە بێ گەڕانەوەی ئەم خانەدانە بۆ سەر دەسەڵات بەڕێوە بەرن. شەرەفخان هەر لە بارەی بەزۆر دەرپەڕاندنی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە لایەن “پادشاکانەوە” و لەبەر ناچارییان، دووبارە ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات بە حاکمانی کوردستان، لە پێشەکیی شەرەفنامەدا دەڵێ: “… خۆ ئەگەر چەند پادشایەکیش خۆیان لە گرتنی کوردستان ‌هەڵکردووە و لەو پێناوەدا تووشی چەرمەسەری و کوێرەوەرییەکی لەڕادەبەدەر هاتوون. ئاخرییەکەی پەژیوان بوونەوە و بە خاوەنی پێشوویان ئەسپاردۆتەوە. بۆ نموونە ناوچە و هەرێمەکانی گورجستان، شەککی، شیروان، تاڵش، گیلان، ڕۆستەمدار، ئەستەرابادی باکووری ئێران کە بەسەر خاکی کوردستانەوەیە، بارودۆخێکی ئاوایان بەسەردا تێپەڕیوە” (شەرەفنامە. لاپەڕەی ٦٧).

    بەڵام سەبارەت بەم بەڵگەنامەیەی عوسمانی کە گوایە سەرچاوەکەی دەبێ MD 32, hkms, 168, 514. بێت کە کورتکراوەی   Mühimme Defterlie =MD  و  hkum=hkmن؛ نە بە نێوەڕۆکی ئەم بەڵگەنامانە و نە بە ڕێکەوتیان و تەنانەت نە بەو کەس و یان بەرپرسە عوسمانییەکەی کە ئەم بەڵگەنامانەیان دەرکردووە، ئاماژەیان نەکردووە. نووسەرانی پاشکۆ تەنیا دەڵێن ساڵی ٩٨٥ی کۆچی دەرچووە. جگە لەمە هیچ لێکدانەوەیەکیشان نەخستووەتە ڕوو کە ئەم فەرمانە چی لە پشتەوە هەبووە، لە کاتێکدا پاش کەمتر لە ساڵێک، سوڵتان مرادی سێهەم فەرمانی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوچەی بدلیسی بۆ شەرەفخانی پێنجەم دەرکردووە. بەگوێرەی شەرەفنامەش دەزانین کە “لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی ماڵ و سامان و نەغدینە و خەزێنەیەکی کە شاتەهماسب وەسەریەکی نابوو، هەموو بە بادا چوو. بارودۆخێکی نالەباری بەرەو تێکجمین، باڵی بە سەر وڵاتی ئێراندا کێشا. هەر لەم ساڵەدا (واتە ٩٨٦ی کۆچی، ساڵی گەڕانەوەی شەرەفخان بۆ بدلیس) سوڵتان مرادخان پێی لەسەر بڕیاری پاری داگرت (واتە ساڵی ٩٨٥ی کۆچی بڕیاری ئەم هێرشەی دابوو) و دەشیزانی هەلومەرجەکە چۆنە. خۆی هەڵکرد و بە هەموو هێز و توانایەوە تێداچوونی نیشتمانی ئێران و بڕانەوەی بنەماڵەی بەدمەزەبانی ڕەچاو کرد. مستەفاپاشای وەزیری دووەمی کردە سەرکردەی قۆشەنی چەشنی دەریا بەژاوەژاو و ١٥٠ هەزار سوارەی دڕ و خوێنڕێژی وەپێش دا و فەرمان دەرچوو کە سپاسالاران و حاکمانی کوردستان بکەونە تاڵان‌وبڕۆی ئازەربایجان” (شەرەفنامە، ل. ٩٧٨).

    لە درێژەی ئەم خاڵەشدا نووسەرانی پاشکۆی ١، بە ئاماژە دان بەم سەرچاوانە:

    MD 39, hkm. 16; MD 40, hkm. 351; MD 47, hkm. 1; MD 60, hkm. 438. MD 60, hkm. 355& MD 49, hkms. 507-509, respectively

    دەڵێن:

    “چەندین کوردی دیکەش جگە لە شەرەفخان، بوونەتە مەترسی بۆ سەر عوسمانییەکان. لەبەر ئەوە سوڵتانی عوسمانی، بەگوێرەی “MD 48, 84; Dated 990/1582” بەڵێنی پێگەیەکی شایانی بەو میرە کوردانە داوە کە بەیعەتیان پێ کردووە. بە هۆی ئەم سیاسەتەی عوسمانییەکانەوە، بەتایبەتی کاتی هەڵمەتەکانی ڕۆژهەڵات، تەیموور خانی ئەردەڵان، محەمەد خانی لوڕستان، قوبادبەگی ئامێدی و زۆری دیکە وڵامی ئەرێنیی داخوازیی سوڵتانیان داوەتەوە، عەبدولوەهابی فەرمانڕەوای خووزستان و سولاق حوسێنی فەرمانڕەوای هەمەدانیش داواکەیان قبوول کردووە. پێگەی ئەم هەموو کاربەدەستانەش لە شەرەفنامەدا بە درێژی باسی کراوە”.

    نووسەرانی پاشکۆ لێرەشدا ناونیشانی گەلێک بەڵگەنامە دێننەوە، بەڵام تەنیا بە یەک دێڕ، باسی نێوەڕۆکی ئەو هەمووە بەڵگەیە دەکەن: گوایە “بەڵێنی پێگەیەکی شایان” بەم “چەندین کوردە” دراوە و هیچی تر! ئەم پێگەیە چ بووە و بۆچی ئەم بەڵێنییە دراوە و ئایا پاشان ئەم بەڵێنییە ئەنجام دراوە یان نا؟ بێدەنگیی لێ دەکەن.

    لە خاڵی شەشەمدا هاتووە:

    “دوابەدوای سەرکەوتنی لەشکەرکێشییەکەی ساڵی ٩٩١ی کۆچی، بۆ سەر جۆرجیا، مووش خراوەتە ژێر دەسەڵاتی شەرەفخان، تۆمارەکانی عوسمانی دەریدەخەن کە پاش تەواو بوونی ڕەوتی بەیعەتەکەی شەرەفخان، سوڵتان دووبارە خەڵاتی کردووە. بەڵگەی ئەرشیڤەکانیش ئۆباڵ بۆ زانیارییەکانی ژیاننامەکە دەکێشن. ژیاننامەکە ئاماژەی نەکردووە بەو موڵک و ناوچانەی وا بۆ شەرەفخان گێڕدراوەتەوە بەڵام بدلیس خۆی “نفس بتلیس” و پێنج گوندی گرینگ، ئووربان، خۆرۆس، پێسێل، حاجی کەند و ئەکۆچکی گوێزراونەتەوە بۆ سنووری دەسەڵاتی ئەو. جێی باسە هیچ‌کام لەم گوندانە لە شەرەفنامەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە”.

    لێرەشدا شەرەفخان زۆر بە ڕوونی باسی ئەمەی کردووە و دەڵێ: “ساڵی ٩٩١ی کۆچی، پاش ئەوەی فەرهادپاشای سەردار، ئێرەوانی گرت و قەڵایەکی لێ ساز کرد. پادشا منی کڵۆڵی لەگەڵ حەسەن‌پاشای مەزنی سەرکردەکانی شام ناردە تفلیس و گورجستان هەتا بارخانەی پاشەکەوت و خەزێنە بەرین. لەو سەفەرەدا منی هەژار چەند خزمەتێکم لە چنگ هات و لە چاکەی ئەو کارانە سوڵتان ناوچەی مووش و چەند گوندێکی مڵکی تایبەتی خۆی بۆ خستمە سەر بدلیس” (شەرەفنامە. ل. ٦٦٨).

    بەڵێ! ئەمەیە خاڵی ناکۆک: شەرەفخان، ناوی ئەم “چەند گوندەی” نەهێناوە!

    بەڵام سەبارەت بە ناوچەی “مووش”. پێشتر پێویستە ئەمە ڕوون بکەینەوە کاتێک ئاماژە بە “بدلیس” دەکرێ، دەبێ ئاگادار بین باسی کام لەمانەیە: “قەڵای بدلیس”، “شاری بدلیس”، “ناوچەی بدلیس” و یان “میرنشینی بدلیس”.. شەرەفخانیش میرنشینی بدلیسی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە ناوچەکانی “بدلیس”، “مووش” و … لەگەڵ تەواوی گوندەکانی پێناسە کردووە. ئیتر ئەوە بابەتێکی دیکەیە کە هەمیشە سوڵتانەکانی عوسمانی ئەگەر پێیان نەکرابێ تەواوی میرنشینەکە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان؛ هەوڵیان داوە ناوچەگەلێکی میرنشینی بدلیس داببڕن، بەڵام دواتر ناچار بوون دیسان بیگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی سەربەخۆی میرنشینەکە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ملنەدانی خێڵ و هۆزە کوردەکانی ناوچەکە و بەتایبەت هۆزی بەهێز و مەزنی ڕۆژەکی وەک پاڵپشتی سەرەکیی دەسەڵاتی خانەدانی مێرەکانی بدلیس. هەڵبەت ئەم کێشە و ململانییە بەردەوام لە نێوان سوڵتانەکانی عوسمانی و کاربەدەستانی لە هەموو میرنشینە سەربەخۆ و نێمچەسەربەخۆکاندا درێژەی هەبووە کە دواتر پتر لەمبارەیەوە دەدوێین.

    سەبارەت بە میرنشینی بدلیس پیویستە بڵێین کە ٤٩ ساڵ پاش تەواوبوونی شەرەفنامە، “ئەولیا چەڵەبی” لە ساڵی ١٠٥٦ی کۆچیدا کاتێک سەردانی شار و قەڵای بدلیس و میرنشینی بدلیس دەکات و میوانی “میر ئەبداڵ‌خانی بدلیسی، نەوەی شەرەفخانی نووسەر دەبێ، لە باسی “سنووری ئەیالەتی بدلیس”دا ئاماژە بە ناوچەی مووش دەکات و دەڵێ “بدلیس ئەیالەت و حکوومەتێکی سەربەخۆ”یە. واتە ٤٩ ساڵ پاش تەواوبوونی شەرەفنامە، میرنشینی بدلیس هەر سەربەخۆ بووە و مووشیشی لەگەڵ بووە. ئەولیا چەڵەبی هەروەها دەڵی: “خان (ئەبداڵ‌خانی بدلیسی) حەفتا هۆز و عەشیرەتی لەژێر دەست دایە. … هەر سەعاتێ ئارەزوو بکا دەتوانێ حەفتا هەزار شەڕکەر کۆبکاتەوە. (میرنشینی بدلیس) بەپێی قانوون خاوەنی سێ هەزار عەسکەری جبەلەبەرە کە لەژێر فەرمانی خاندا لەگەڵ ئۆردووی وان بۆ شەڕ دەچن… مفتی و نەقیبی شافعی و قەڵادار و باجدار و شابەندەری هەیە کە هەموویان لە لای خانەوە دادەندرێن، تەنیا ئاغای خەرج و سەرداری یەنیچەری لە لایەن سوڵتانەوە دیار دەکرێن” (چەڵەبی ئەولیا، لاپەڕەکانی ١٠٧-١٠٨).

    ئەولیا چەڵەبی دواتر بە سەردێڕی: “ئەو حکوومەتانەی لابردنیان بۆ نییە”، ئاماژە بە “نیمچە حکوومەتی هەکاری”، “حکوومەتی بتلیس”، “حکوومەتی مەحمودی”، و “حکوومەتی بنیانش (کە) ئەمانەش هەر مەحموودین” دەکات. (هەمان سەرچاوە. لاپەڕەکانی ٢٠٩-٢١٠).

    جگە لەمە، نووسەرانی پاشکۆی ١ لێرەشدا دیسان لەبیریان کردووە کە بۆخۆیان لە پاشکۆی ٢دا چۆن باسی سنووری میرنشینی بدلیس دەکەن: “…(شەرەفخانی پێنجەم) فەرمانڕەوای هەرێمێک بوو کە لە سنوورەکانی ئێرانەوە دەستی پێ دەکرد و تا ناوچەکانی ڕۆژاوای بدلیس پەلی داویشت. ناوچە و مەڵبەندەکانی ژێر فەرمانی بریتی بوون لە: عادلجەواز، مووش، مەلازگرد، ئەخلات، ئەرجیش، تاتوان، گوێزەل‌دەرێ، ئۆکان و بەشێک لە گواش” ( شەرەفنامە، پاشکۆی ٢، لاپەڕەی ١١٠٠).

    دواتر پاشکۆی ١، بە سەردێڕی “ژیاننامە: ڕێگەیەک کە کەمترین ڕێبوار گرتوویانەتە بەر” دەپەرژێتە سەر ژیانی خێزانیی شەرەفخان و دەڵێ:

    “هێشتا زۆر لایەنی ژیانی شەرەفخان ڕوون نەبۆتەوە. ڕێگەیەک بۆ زانینی ئەو بوارانە، نووسینەوەی ژیاننامەیەکە. هێندەی ئێمە بزانین، گەلێک لایەنی گرینگی ژیانی شەرەفخان لە هیچ سەرچاوەیەکی نووسراودا باس نەکراوە. سەرەنجام گەلێک پرسیار بێ‌ وەڵام ماونەتەوە. جا بۆ ئەوەی بتوانین ئەم گرفتانەش چارەسەر بکەین، دوو پێشنیار بۆ توێژینەوەی زیاتر دەکەین: یەکەم ژیانی خێزانی؛ دووهەم، مەرگی شەرەفخان ئەمانەش پەیوەستن بە ژیاننامەکە و ڕووداوەکانی بەشەکانی دیکەی شەرەفنامە”.

    نووسەران پێمان ناڵین ئەگەر “ئەم لایەنانەی ژیانی شەرەفخان” لە هیچ سەرچاوەیەکدا نەنووسراون، چۆنچۆنی و لەسەر چ بنەمایەک ئەم ژیاننامەیە دەنووسنەوە؟ ڕەنگە بەپێی ئەم چەند بەڵگەنامەیە بێ کە یان ڕێکەوتیان پێوە نییە و یان ئەگەر ڕێکەوتەکەی لەگەڵ مەبەستەکەیان یەک نەگرێتەوە، بەهەڵە هەژماری دەکەن و بەحەزی خۆیان دەیگۆڕن! (دواتر باسی ئەم بەڵگەیە و بەڵگەکانی دیکەش دەکەین). لێرەدا نووسەرانی پاشکۆی١، باسی “برا و کوڕەکانی شەرەفخان” بەم چەشنە دەورووژێنن:

    “ڕەگەزی نێر لای شەرەفخان پێگەیەکی بەرزی هەبووە، کەچی لە بەشەکانی دیکەی شەرەفنامەدا ئاماژەیەکی بە کوڕەکانی تری نەکردووە، بەڵام  ڕەچەڵەکناسی و بنەچەکەی حوکمدارانی کوردی بەرلە ئاوابوونی خۆری میرنشین و تەنانەت کاتی تێداچوونی هەر میرنشینێکیشی زۆر بە بایەخەوە باس کردووە، بە جۆرێک کە ژمارەی تەواوی برا و کوڕانی هەر حوکمدارێکی هێناوەتەوە”.

    لێرەدا ئێمە ناپەرژێینە سەر واتای نازانستی و نائەکادێمیکی “بەرزبوونی پێگەی ڕەگەزی نێر لای شەرەفخان”. تەنیا جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەڵێ ڕاستە شەرەفخانی پێنجەم جگە لە “شەمسەدین” کە دەسەڵاتی میرنشینی بدلیسی بۆ جێهێشتووە، باسی کۆڕەکانی دیکەی خۆی نەکردووە. بەڵام لێرەدا دەبێ پرسیار لە نووسەرانی پاشکۆ بکەین ئێوە وەک “توێژەری مێژوو”، چ گریمانەیەکتان بۆ ئەم کەمایەسییە هەیە و بە ڕوونبوونەوەی ئەمەش، چ گرێکوێرەیەکی مێژووییی ئەو سەردەمە بۆ ئێمە ڕوون دەبێتەوە؟

    پاشان نووسەرانی پاشکۆ باسەکە دەبەنە سەر ناوی کوڕەکانی شەرەفخانی پێنجەم و لێرەدا لەژێر سەردێڕی “شەمسەدین یان ئەحمەد”، باسێکی زۆر ئاڵۆز دێننە مەیدان سەبارەت بە کوڕێکی شەرەفخان کە گوایە ناوی شەمسەدین یان شەمسەدین‌ئەحمەد بووە و یان نەخێر شەمسەدین و ئەحمەد، دوو کوڕی جیاوازی شەرەفخان بوون و دەڵێن:

    “ئەبولمەعالی شەمسەدین‌بەگ، تاقە کوڕی شەرەفخانە کە لە شەرەفنامەدا ناوی هاتووە. وا دەردەکەوێ نووسەر زیاتر ئەمی لەچاو کوڕەکانی دیکە، لا پەسەند بووبێ. هەروەها دەزانین کە شەرەفخان کوڕێکی بووە بەناوی ئەحمەد کە ناوی لە شەرەفنامەدا نەهاتووە. ڕێی تێدەچێ ئەحمەد و شەمسەدین هەر یەک کەس بووبن. نووسەرەکانی عوسمانی کوڕە گەورەی شەرەفخانیان بە شەمسەدین‌ئەحمەد ناو بردووە. ئێمە نەمانتوانی ناوی شەمسەدین لە ئەرشیڤەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا ساغ بکەینەوە. لەبەر ئەوە لەوانەیە ئەو کەسانەی کە شەرەفخان ناوی هێناون، کەم یا زۆر، ناویان جیاواز بووبێ لەو ناوانەی وا لە بەڵگەنامەکاندا هاتوون”.

    لێرەدا دیار نییە نووسەرانی پاشکۆی١ بەپێی چ بەڵگەیەک دەزانن کە شەرەفخان کوڕێکی دیکەی هەبووە بەناوی ئەحمەد؟ خۆشیان باوەڕیان بە بووچوونی خۆیان نییە و دەڵێن ڕەنگە شەمسەددین و ئەحمەد یەک کەس بوون!” تەنانەت دواتر دەڵێن:

    “دووریش نییە، ئەحمەد کوڕی دووهەمی شەرەفخان بووبێ و … بەڵام هۆی ناو نەهێنانی لە شەرەفنامەدا ڕوون نییە”.

    سەیر ئەوەیە نووسەرانی پاشکۆ هێشتا ڕوونیان نەکردووەتە ئایا ئەحمەدێک وەک کوڕی شەرەفخان بوونی هەبووە یان نا، دەپەرژێنە سەر ناساندنی ئەحمەد و بۆشیان گرینگ نییە ئەحمەد بێت یان شەمسەددین و دەڵێن:

    “ئەم پێناسەیەی وا ئێمە بۆمان پێشنیار کردووە … بێ‌گومان دەکرێ بە هێند وەربگیرێ، بەڵام دەبێ ‌هێندێک ڕاستی لە بارەی ئەحمەدەوە بخاتە بەردەست. جا ئیتر شەمسەدین بێ یان کوڕێکی دیکەی شەرەفخان. ئەحمەد کوڕی شەرەفخان لە مێژووی مووشدا کەسایەتییەکی ناسراو بووە. بدلیس وەک «ئۆجاقلیق»ێک و پێگەی میراتگرانەی میرنشێنێک، دراوەتە کوڕە گەورەی، واتە شەمسەدین. بۆیە ئەحمەد پاش و پێش خانەنشین بوونی شەرەفخان، حوکمی دەڤەرێکی سەر بە بدلیسی کردووە”.

    بەڵێ! نووسەرانی پاشکۆ بەم ژوورە تاریکە دەڵێن توێژینەوە و گەرەکیانە پشیڵە ڕەشەی ئەحمەد، و یان گرینگ نییە تەنانەت ئەگەر شەمسەددین و یان خود کوڕێکی دیکەی شەرەفخانێش بێت، تێیدا بدۆزنەوە! سەیر ئەوەیە نووسەرانی پاشکۆ هێشتا بوونی ئەحمەدیان بۆ ساخ نابێتەوە بەڵام خوێنەر دەخەنە گێژاوەیەکی دیکە و یاری بەهێندێک ڕێکەوت سەبارەت بە ئەحمەد دەکەن و دەڵێن:

    “ئەحمەد یەکەم جار، ١٨ی قوربانی ٩٨٦ی کۆچی، ناوی وەک سەنجەق‌بەگی مووش هاتووە. (واتە ٢ مانگ و ١٥ ڕۆژ پاش “بزووتنی” شەرەفخانی پێنجەم لە نەخجەوانەوە بەرەو بدلیس). بەڵام وادیارە لە ساڵی ٩٩٣ی کۆچی، بەدواوە سەنجەقی مووش بە بەدلیسەوە بەستراوە (نەخێر! ساڵی ٩٩١ی کۆچی، پاش شەڕی تفلیس و گورجستان بووە. نووسەرانی پاشکۆ لەبیریان چووە کە بۆخۆیان لەسەرەوە باسیان کردووە پاش ئەم شەڕە مووش دیسان خراوەتەوە ژێر فەرمانی شەرەفخانی پێنجەم، واتە گەڕاوەتەوە بۆ سەر میرنشینی بدلیس). لەو ساڵەدا بە ئەحمەد، گوتراوە میرلیوای شەرەفخان یا وەلەدەی شەرەفخان؛ بەڵام ساڵی ٩٩٦ی کۆچی، پێیان گوتووە سنجەق‌بەگی مووش (واتە بە ئەحمەد گوتراوە سەنجەق‌بەگی مووش). مووش ساڵی ٩٧٢ی کۆچی کە لە بدلیس جوێ کراوەتەوە، تا ئەو کاتەی وا ئەحمەد حوکمی گرتۆتە دەست (واتە تا ساڵی ٩٩٦ی کۆچی، یانی لەو ساڵانەدا کە شەرەفخانی پێنجەم لە ئێران بووە و میرنشینی بدلیس داگیر کرابوو)، دوو سنجەق‌بەگی تریشی هەبوون. ئەوانیش بەهائەدین و قلیچ بوون و ناویان لە لیستەکەی شەرەفنامەدا نییە. دەشێ ئەحمەد ناودارترین میری کوردی ئەو ناوچەیە بووبێ و پێش ساڵی ٩٨٦ی کۆچیش، بەتایبەت ساڵی ٩٧٧ی کۆچی، فەرمانڕەوای هەمان سنجەق بووبێ؛ ساڵی ٩٩٢ی کۆچیش، بەڕەسمی سنجەق‌بەگی مووش بووە (واتە ئەم ئەحمەدە زووتر لە باوکی گەڕاوەتەوە هەرێمی بدلیس و “پێش ساڵی ٩٨٦ی کۆچی، بەتایبەت ساڵی ٩٧٧ی کۆچی” بووەتە ناودارترین میری کوردی ئەم ناوچەیە! لە کاتێکدا شەرەفخانی پێنجەم مانگی شەوالی ٩٨٦ی کۆچی لە نەخجەوانەوە وەڕێکەوتووە بەرەو بدلیس! ئێمە دەزانین کە لە ساڵی ٩٤٢ی کۆچییەوە کاتێک سوڵتان سولەیمانی عوسمانی “هەرێمی بدلیس” داگیر دەکات و باوکی شەرەفخانی پێنجەم، واتە  “شەمسەدین‌خان لەوێ “دەردەپەڕێنێ” و ئەویش “لەترسان ڕەوی و ڕووی کردە خاکی عەجەمان” (شەرەفنامە، ل ٥٥٥)، تاکو “سێهەم ڕۆژی مانگی شەشەکان /مانگی شەوال/ی ساڵی ٩٨٦ی کۆچی” (شەرەفنامە، ل. ٦٦٦) کە شەرەفخانی پێنجەم لە نەخجەوانەوە بەرەو بدلیس دەردەچی، واتە لە ماوەی ٤٤ ساڵ “دەربەدەری و لە وڵاتی غەریبایەتی” مانەوەی هۆزی ڕۆژەکیدا، هیچکام لە ئەندامانی ماڵباتی شەرەفخان لە هەرێمی بدلیس نەبوون تا ئەم “ئەحمەدە” یان “ئەحمەد شەمسەدین یان …”، سەنجەق‌بەگی مووش بووبێت.

    دواتر ئەم گێژاوە لە پاشکۆی ١ دا، هەر دێ و قوڵتر دەبێ و نووسەران دەڵێن:

    “وەک لە سەرەوە ئاماژمان پێ کرد، مووش ساڵی ٩٩١ی کۆچی، دراوەتە شەرەفخان. وا وێدەچێ ئەحمەد بە جیاکردنەوەی مووش ڕازی نەبووبێ. ئەو، بە چەند مەرجێک ناوچەی نەخجەوانی لە هەڵمەتەکانی ساڵی دواتر بەدەست هێناوە. بەگوێرەی”MD“، ئاشکرایە یەکێک لە نیگەرانییەکانی شەرەفخان پرسی “تیمار”ی ئەوانە بووە کە لە هەڵمەتەکەدا بەشدار بوون. تەنانەت داوای “تیمار”ی ئەو کوڕانەشی کردووە کە هەڵاتوون بۆ کۆشکی سەفەوی؛ بۆیە ڕەنگە دەوڵەتی عوسمانی، لە وەڵامی ئەم داخوازییەی شەرەفخاندا، پۆستە نوێیەکەی ئەحمەدی لە نەخجەوان پەسەند کردبێ”.

    سەرنجڕاکێشە نووسەرانی پاشکۆ چەند لاپەڕە پێشتر ئاماژەیان پێ کردووە کە لە ساڵی ٩٩١ی کۆچی مووش دراوەتەوە شەرەفخانی پێنجەم، بەڵام سەیر ئەوەیە هەر لەم چەند دێری سەرەوەدا دەڵێن، “وادیارە” ساڵی ٩٩٣ی کۆچی “سەنجەقی” مووش بە بدلیس بەستڕاوەتەوە. واتە پێدانەوەی مووش بە شەرەفخان بەمانای ئەوە نەبووە کە مووش کەوتووتە ژێر دەسەڵاتی بدلیس!؟

    لە لایەکی دیکەوە، بەپێی چ بەڵگەیەک وا وێدەچێ ئەحمەدی کوڕێ شەرەفخان “بەجیاکردنەوەی مووش ڕازی نەبووبێ” ئەویش لە کاتێکدا بۆخۆیان لەسەرەوە دەڵێن، مووش ساڵی ٩٧٢ی کۆچی لە بدلیس جیا کراوەتەوە. هەڵبەت لەم ساڵەدا ئەو “ئەحمەد”ە کە گوایە کوڕی شەرەفخانە، ناتوانێ بەهیچ شێوەیەک لە مووش بووبێت، چونکوو لەم ساڵەدا شەرەفخان بەخۆی و ماڵباتییەوە لە “لای عەجەمان بووە”!

    لێرەدا نووسەرانی پاشکۆی ١ دەڵێن: “ئەو، بە چەند مەرجێک ناوچەی نەخجەوانی لە هەڵمەتەکانی ساڵی دواتر  بەدەست هێناوە”. “ئەو”، مەبەست کێێە؟ شەرەفخان یان ئەحمەدی کوڕی؟ لە لایەکی دیکە، “ساڵی دواتر”، واتە ساڵی ٩٩٢ی کۆچی نەک هەر بەپێی زانیارییەکانی شەرەفخان، بەڵکوو بەگوێرەی زانیارییەکانی قەوماو لەم ساڵەدا، لە کتێبەکانی “تاریخی عوسمان پاشا”  و “ئێرانی سەردەمی سەفەوی” و “تاریخ عباسی یا ڕوزنامە ملا جلال” و “تاریخ عالم آرای عباسی، هیچ شەڕێک لە لایەن عوسمانییەکانەوە بۆ “وەدەست هێنانی نەخجەوان” لەم ساڵەدا  ڕووی نەداوە!

    پاشان نووسەرانی پاشکۆی ١ باسی زیائەددین کوڕێکی دیکەی شەرەفخان دەکەن و دەڵێن، لەو بەڵگەنامانەی عوسمانیدا کە بڵاویان کردووەتەوە و ڕێکەوتی ١٠٠١ی کۆچیی پێوەیە (مەبەستیان بەڵگەنامەی ٢یە)، ناوی “زیائەددین” هاتووە هەروەها لە تۆمارەکانی سەفەوی ساڵی ١٠١١ی کۆچیشدا ئاماژە بەوە کراوە کە “باوکی کۆچی دواییی کردووە یا دەسبەرداری پۆستەکەی بووە. ئەو، ناوی لە شەرەفنامەدا نەهاتووە، کە ئاماژەیەکە بۆ پێوەندیی لەگەڵ سەفەوییەکان”. زۆر سەیرە، ئەگەر ناوی لە “تۆمارەکانی سەفەوی”دا هاتبێ، ئەمە ئاماژەیە بۆ پەیوەندیی زیائەددین لەگەڵ سەفەوییەکان؛ و گوایە لەبەر ئەمەش دە شەرەفنامەدا ناوی نەهاتووە!؟ سەرنج بدەنە درێژەی ئەم باسە. تۆ بڵێی چۆن دەبێ لەم ڕستەیە تێبگەین:

    “لە دەرەوەی نیگەرانییە سیاسییەکانی شەرەفخاندا، کە کتێبەکەی بۆ عوسمانییەکان تەرخان کردووە، بەگوێرەی تۆمارێکی گرینگی سەفەوییەکانیش، زیائەددین دەوری لە پێکدادانەکانی نەخجەواندا هەبووە. هەروەها ساڵی ١٠١٥ی کۆچی بەیعەتی بە شاعەبباسی یەکەم کردووە”. واتە: شەرەفخان “نیگەرانیی سیاسی”ی هەبووە بۆیە کتێبەکەی بۆ عوسمانییەکان “تەرخان” کردووە و بەپێچەوانەی ئەمەش، زیائەددین “بەگوێرەی تۆمارێکی گرینگی سەفەوییەکان” دەوری لە پێکدادانەکانی نەخجەواندا هەبووە، هەروەها ساڵی ١٠١٥ی کۆچی “بەیعەتی بە شاعەباسی یەکەم” کردووە.

    جا ئەم ٣ لێکدانەوەی نووسەرانی پاشکۆی ١ بەیەکەوە گرێ بدەن، لە کاتێکدا “بەیعەتی زیائەددین” ١٠ ساڵ پاش تەواو بوونی نووسینی شەرەفنامە ڕوویداوە.

    بەڵام سەبارەت بە “تۆمارە گرینگەکەی سەفەویان” کە باسی بەیعەتی زیائەدینی کردووە، کتێبی “تاریخ عالم آرای عباسی”یە کە لە لاپەڕەی ٧٢١ و لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٠١٥ی کۆچی و لە باسی شەڕکانی دەوروبەری “نەخجەوان”دا، هاتووە کە گەلێک لە سەرکردەکانی کورد و لەوانەش “میر شەرەف حاکم جزیرە و ضیاءالدین خان ولد شەرەفخان حاکم بتلیس”، واتە میر شەرەف، حاکمی جزێرە و زیائەددین کوڕی شەرەفخان حاکمی بدلیس، “بنا بر اظهار دولتخواهی و انجاح مطالب و مقاصد خود نزد امیر کونە‌خان (حاکم ایروان) آمدە باتفاق بدرگاە جهان پناە (واتە شاعەباس) آمدند و بوساطت خان مذکور در حدود نجچوان سعادت بساط بوسی دریافتند” و پاشان هەرکامیان خەڵات کران و گەڕانەوە شوێنی فەرمانڕەواییان. جا ئەم “بەیعەتەی زیائەددین بە شا عەباس” لە ساڵی ١٠١٥ی کۆچیدا دەتوانێ چ پەیوەندییەکی هەبێ بە شێوازی نووسینی شەرەفنامە کە لە ساڵی ١٠٠٥ی کۆچیدا تەواو بووە، ئەوەش وەک گەلێک لە تێڕوانینەکانی نووسەرانی پاشکۆ، دیار نییە.

    دواتر لە پاشکۆی ١دا، هاتووە:

    “بەڵگەنامەی “MD 78, hkm. 1227” دەقێکی تێدایە کە ساڵی ١٠١٨ی کۆچی نووسراوە و تیشک دەخاتە سەر ئەو بەڵگانەی وا لە سەرەوە باسمان کرد. (یانی لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانی کە لە ساڵی ١٠١٨ی کۆچیدا نووسراوە، دەقێکی تێدایە ئاماژە بەوە دەکات کە: بەگوێرەی تۆمارێکی گرینگی سەفەوییەکان، زیائەددین دەوری لە پێکدادانەکانی نەخجەواندا هەبووە و ساڵی ١٠١٥ی کۆچی بەیعەتی بە شاعەباسی یەکەمەوە کردووە. واتە هەمان ئاماژەی “ئەسکەندەری مونشی لە “تاریخ عالم آرای عباسی”دا)”. دواتر دەڵێن: “ئەمجا زیائەددین لە لایەن عوسمانییەکانەوە کراوەتە فەرمانڕەوای بدلیس”. لێرەدا نووسەرانی پاشکۆی ١، دیاری ناکەن کاتی ئەم “ئەمجا”یە، کەی بووە؟ بەڵام دەڵێن:

    “هەروەها ڕێشی تێدەچێ لە نێوەڕاستی ئەو ماوەیەی نێوان شەرەفخان و زیائەددیندا، کە ئێمە دەیزانین، شەمسەدین کرابێتە فەرامانڕەوای بدلیس. زیائەددین، بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، ئەو کەسەیە کە وەک فەرمانڕەوای بدلیس ناوی هاتووە و چەندین ساڵ حوکمڕانیی میرنشینەکەی کردووە خۆ ئەگەر شەمسەدین حوکمڕانیی کردبێ، کاتێک کردوویەتی کە شەرەفخان هێشتا ماوە. سنجەقەکانی دەوروبەری بدلیس هیچ بەڵگەیەکیان لێ چەنگ ناکەوێ تا لە پڕ کردنەوەی ئەم کەلێنەدا یارمەتیمان بدەن. تەنانەت ناشزانین ساڵی ١٠٠٢ی کۆچی، کێ فەرمانڕەوای مووش بووە. هەر بەپێی بەڵگەنامەی نێو پاشکۆکە، دوور نییە زیائەددین ئەو کەسە بووبێ کە دەوروبەری ساڵانی ١٠٠٠ی کۆچییش حوکمڕانیی «مووش»ی کردبێ”.

    لێرەدا دیار نییە زانینی “فەرمانڕەوای مووش “لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ی کۆچیدا”، چ گرینگییەکی بۆ نووسەرانی پاشکۆ هەیە؟ لە کاتێکدا، لە ساڵی ١٠٠١ی کۆچیدا بەگوێرەی هەمان بەڵگەنامەی ٢ کە لە ژێرەوە پتر باسی دەکەین، شەرەفخان داوای “قاپۆ موتەفەریقلیقی” بۆ زیائەددین کردووە و دەڵێ: “ئێستا زەوی “زەعامەت”ی هەیە و لە پایتەختی ئیمپراتۆرییە بۆ خزمەتی وڵات”. هەروەها مەبەستی نووسەرانی پاشکۆ لە “بەڵگەنامەی نێو پاشکۆ”، کامە بەڵگەنامەیە؟ دیار نییە. ئەگەر لەم بەڵگەنامەیەدا کە وەک “شاهید” باسی دەکەن، ئەم ئاماژەیەی هەبێ، ئیتر پێویست ناکات بلێن: “دوور نییە …”. کەوابوو لەم بەڵگەنامەیەدا کە دیار نییە مەبەستیان کامەیە، ئاماژەیەک کە بیسەلمێنێ: “زیائەددین دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ی کۆچی (نەک ساڵانی ١٠٠٠ی کۆچی!) حوکمڕانیی مووش-ی کردبێ“، بەدی ناکرێ. ئەم شێوازە لە “سەلماندن”، بەگوێرەی فەلسەفی پێی دەگوترێ “سەفسەتە”.

    پاشکۆی ١، دواتر باسی کوڕێکی دیکەی شەرەفخان بەناوی بەهرام (بارام) دەکات و دەڵێ:

    “بارامیش یەکێکی تر بووە لە کوڕانی شەرەفخان، نازاندرێ داخوا بارام ئەو کوڕە ناو نەهێندراوەی خشتەکەی خوارەوەیە یان نا”.

    مەبەستی نووسەرانی پاشکۆی١ لە خشتەی ناوەکان، بەڵگەنامەکانی ١ و ٢ن کە بەهۆی هەڵە لێ تێگەیشتنییان لەم دوو بەڵگەنامەیە، دوچاری ئەم گێژاوەیە بوون سەبارەت بە بارام. ئەم “کوڕە”، زیائەددینە نەک بەهرام یان بارام. لە دەقی نووسراوەکەی شەرەفخان لە بەڵگەی ٢دا، بەڕوونی ئاماژە بە ناوی زیائەددین کراوە کە داوای “قاپۆ موتەفەریقەلیغی” بۆ کردووە و بەرپرسەکەی عوسمانی لە بەڵگەی ١دا، بە هەڵە نووسیوێتی: “بۆ کورێکی داوای موتەفەریقەلیقی کردووە” و ناوی نەهێناوە و نووسەرانی پاشکۆ یان لەمە تێنەگەیشتوون و یان خۆیان لێ گێل کردووە و پێیان وایە ئەمە دەبێ بارام بێت کە هەر ناویشی نەهێندراوە. لە خوارەوە باسی جیاوازیی ئەم دوو دەقە دەکەین.

    نووسەرانی پاشکۆ دواتر سەبارەت بە بارام دەڵێن:

    “بەڵام زاندراوە کە بڕێک دەسەڵات و ناوبانگی لە ناوچەکەیدا هەبووە (دیار نییە لەکوێوە “زاندراوە”). تەنیا لەوە دڵنیاین کە شەرەفخان داوای “موتەفەرریقەلیق”ی بۆ کردووە (زۆر سەیرە! بەهرام یان بارامێک کە ناوی نەهاتووە، چۆن دەکرێ دڵنیا بن داوای “موتەفەریقەلیقێ بۆ کردبێ؟ لە کاتێکدا شەرەفخان نەک داوای “موتەفەرریقەلێقی”، بەڵکوو “قاپوو موتەفەرریقەلیغی” کردووە. ئەویش بۆ زیائەددین، نەک بۆ “بەهرام”. تەنانەت لەم بەڵگەنامەیەدا، ناوی بەهرام و یان بارام هەر نەهاتووە. سەیرتر ئەوەیە کە نووسەرانی پاشکۆ لێرەدا بە ئاماژە بە بەڵگەنامەیەک دەڵێن: “واش دەردەکەوێ هەوڵی موتەفەرریقەلیقی “وان”ی بۆ دابێ”. بریا نووسەرانی پاشکۆ، وێنەی ئەم بەڵگانەشیان بڵاوکردباوە کە ئاماژەیان پێ کردووە.

    وەک دەرکەوت، نووسەرانی پاشکۆ بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی ١ و ٢، گێژاوەیەکی زۆر ئاڵۆزتر بۆ خوێنەر ساز دەکەن کە ڕوونکردنەوەکەی گەلێک دژوارە، بۆیە پێویستە خوێنەر وێنەی بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان و دەقی وەرگێڕدراوەکانی، زۆر بەوردی لەگەڵ ئەم لێکدانەوەی خواروو بەراورد بکات.

    ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە بەڵگەنامەی ١، لە لایەن بەرپرسێکی عوسمانییەوە نووسراوە، نەک شەرەفخان، چونکوو:

    ١) لەسەرەتای بەڵگەنامەی ١دا، نووسراوە: “تۆماری داخوازییەکانی شەرەفخان، فەرمانڕەوای بدلیس”. پاشان هاتووە:

     بۆ یەکێک لە کوڕەکانی              بۆ دوو لە کوڕەکانی                         بۆ یەکێک لە پیاوەکانی

          (نەک کوڕەکەم)                 (نەک کوڕەکانم)                               (نەک پیاوەکانم)

          موتەفەریقەلیق                        زەعامەت                                         چاوشلیق

            (١)                                      (٢)                                                (٣)

        بۆ ١٠ سوار                      بۆ ١٣ سەربازی بدلیس                 بۆ ٢٤ لە پیاوەکانی(نەک پیاوەکانم)

                تەرەقی                        سێیەکی زەوییەکی تیمار                                     ئیبتیدا

            (٤)                                     (٥)                                               (٦)

    لێرەدا زۆر بە ئاشکرا دەبینیین کە بەرپرسێکی عوسمانی باسی کەسێکی سێهەم، واتە شەرەفخان دەکات و تەنانەت شەرەفخان بە بەندەی نۆکەری سوڵتان ناوزەد دەکات و دەڵێ:

    “بەڕێز سوڵتانی بەختەوەر، بەندەی نۆکەرتان، خان (لێرەدا دیار نییە بۆچی نووسەرانی پاشکۆ، واتای “خانی کوڕی خان“یان قرتاندووە! و تەنیا “خان”یان داناوە؟! بەڵام دواتر و لە درێژەی نووسراوەکەیاندا ئاماژەیەکی زۆر ناڕوون و ئاڵۆز بەم واتایە بەشێوەی “خان اوغلی خان”، واتە “خانی کوڕی خان” دەکەن) لەمێژە ملکەچی پایەبەرزتانە (باسی کەسی سێهەم واتە شەرەفخان دەکات)، ئێستاش ئەمەگدار و گوێڕایەڵی بەرەی عوسمانییە (دیسان باسی کەسی سێهەم واتە شەرەفخان دەکات)، (و) لەگەڵ خێڵەکەیدا بەشداری هەڵمەتەکانی ڕۆژهەڵاتی کردووە (دیسان باسی کەسی سێهەم واتە شەرەفخان دەکات) و جەنگاوەرێکی دڵسۆز بووە (دیسان باسی کەسی سێهەم واتە شەرەفخان دەکات) داخوازییەکانی (واتە داخوازییەکانی شەرەفخان) زۆر نین. بریتیین لە پلەیەکی “موتەفەرریقەلیق” بۆ یەکێک لە کوڕەکانی (واتە یەکێک لە کوڕەکانی، نەک یەکێک لە کوڕەکانم) و پلەی “چاوشلیق” بۆ ئەوانی دیکە (ئەمەش هەڵەیەکە بەرپرسە عوسمانییەکە کردووەیە. داخوازیی ئەم پلەیەیەی بۆ “ئەوانی دیکە نەکردووە” بەڵکوو بۆ کەسێک بەناوی “محەمەد”ی خەڵکی مووش کردووە. بڕواننە “داخوازییەکانی بەندە” لە بەڵگەنامەی ٢دا.) ئەگەر داخوازییەکانی خزمەتکارەکان پێ‌بەپێی ڕەزامەندیی ئیمپراتۆریی بەڕێزتان بێ. لەبەر خزمەتکارتان گرینگە ڕازی بن. ئەگەر ئێستا ناکرێ پلەکان ببەخشرێن، دەکرێ دوا بخرێن. (ئەم دوایین ڕەستەیەش لە بەڵگەنامەی ١دا، نییە).

    سەرنجڕاکێشە کە هەر ئەم دەقە لە کتێبی “تابلۆکانی شەرەفنامە”، لە نووسینی “عەبدولڕەقیب یۆسف” لاپەڕەی ٢٦٩دا، بەم شێوەیەی خوارەوە بەکوردی وەگێڕدراوە:

    “پاشای بەختداری من، بەندەی تۆ لە کۆندا ناوی هاتووە کە لایەنگری ئێوەیە و خانی کوڕی خان و دڵسۆز و ملکەچی ئێوە بووە و، بە هەموو خێڵەکەیەوە بەشداریی شەڕی ڕۆژهەڵاتی کردووە. هیوای ئەوەیە دیسان پلەی موتەفەریقەیی بدرێتە کوڕێکی و چاوەشی بە یەکێکی تری، ئەرکی بەندایەتیی ئەوەیە کە بە ئۆمێدە جێی ڕەزامەندیی پاشا بێ. ئەوەی ڕاستی بێ بەخشەندەیی و چاکەی ئێوەی بە فەرمانی پاشای خاوەن مەزنایەتییەوە گرێ داوە”.

    لەم وەرگێڕانەدا ئیتر بە ڕوونی دیارە کە ئەم دەقە لە لایەن کەسێکی دیکە، واتە بەرپرسێکی عوسمانییەوە نووسراوە. بەڵام دیار نییە بۆ نووسەرانی پاشکۆ هێندێک واتای دیکەیان لێ زیاد کردووە و چەند وشەیەکی دیکەیان لێ “قرتاندووە”؟

    کەوابوو ئەم بەڵگەنامەیە دەقی نووسراوەی بەرپرسێکی عوسمانییە کە هاوپێچی داخوازییەکانی شەرەفخان، واتە “داخوازییەکانی بەندە” (بەڵگەنامەی ٢) کراوە و بۆ سوڵتانی عوسمانی ناردراوە.

    جگە لەمانە؛ تێبینییەکانی ١ تا ٦ (واتە،: ١- هیچ خزمەتیكی نەکردووە و کەڵکی نەبووە. ئێستا دەتوانرێ چی بکرێ؟ ٢- زەوییەکی زەعامەت بەخشرا، ٣- پلەی چاوشلیق بەخشرا، بەپێی “تەلخیس”ێکی ئەم دوایییە، ٤- تەرەقی بەخشرا، ٥- سێ‌یەکی زەوییەکی تیمار بەخشرا، ٦- ئیبتیدا بەخشرا.)، دەبێ سوڵتان نووسیبێتی، بەڵام ئەم تێبینییانەی سوڵتان لەسەر بەڵگەنامەی ١دا کە نووسراوەی بەرپرسە عوسمانییەکەیە بۆ سوڵتان، نەنوسراوە؛ بەڵکوو لەسەر خشتەکانی دەقی داخوازییەکانی خودی شەرەفخان (لەسەر خشتەکانی بەڵگەنامەی ٢دا) نووسراوە. جگە لەمانەش ژمارەی ئەو کەسانەی شەرەفخان لە خشتەکەیدا ناوی بردوون لەگەڵ ئەو هەژمارکردنانەی بەڵگەنامەی ١دا جیاوازیان هەیە کە لە ژێرەوە و لە خاڵی ٤دا، پتر باسی دەکەین.

    ٢) سەبارەت بە “داخوازییەکانی بەندە” (بەڵگەنامەی ٢ دەستی ڕاست):

    لە نووسراوەی ئەم دەقەدا بەڕوونی دیارە شەرەفخان لە لایەن خۆیەوە (کەسی یەکەم)، داواکارییەکانی لە سوڵتان (کەسی دووەم) دەردەبڕێ و زۆر بە ڕوونی جیاوازیی دەربڕینەکانی ئەم دوو بەڵگەنامانە دەبینین، هەروەها شەرەفخان دوو جار داخوازییەکەی خۆی بەستووەتەوە بە واتای “بەپێی یاسای ئیمپراتۆری” و جارێکیش بە واتای “پشت‌بەستوو بە قانوونی ئیمپراتۆری”، بەڵام نووسەرانی پاشکۆ نەک هەر لە جیاوازیی نێوان ئەم دوو دەقە تێنەگەیشتوون، بەڵکوو خۆیان زەحمەت نەداوە لەم دوو واتایەش بکۆڵنەوە کە پاشخانێکی مێژوویییان هەیە.

    ئێستا دەڕوانینە داخوازییەکانی شرەفخان لە بەڵگەنامەی ٢دا کە بە سەردێڕی “داخوازییەکانی بەندە” (واتە کەسی یەکەم) دەست پێدەکات.

    پاشان شەرەفخان دەڵێ:

    داواکارم (کەسی یەکەم)، پلەی “قاپوو موتەفەرریقەلغی” ببەخشن (واتە ئێوەی سوڵتان بیبەخشن) بە زیائەددین. کوڕی خزمەتکاری خۆتان (لێرەدا شەرەفخان وەک ڕێزگرتن، خۆی دەکاتە کەسی سێهەم)  کە ئێستا زەوی “زەعامەت”ی هەیە و لە پایتەختی ئیمپراتۆرییە بۆ خزمەتی وڵات.

    داواکارم (کەسی یەکەم)، بەپێی یاسای ئیمپراتۆری، زەوی “زەعامەت” ببەخشن بە کوڕێکی تری بەندە سەیدی، کە بە هەمان شێوە خزمەت دەکا.

    داواکارم (کەسی یەکەم)، بەپێی یاسای ئیمپراتۆری “زەعامەت” و “تیمار” بە کوڕانی برایانی بەندە خەڵەف‌بەگ، عەلی‌خان و مستەفا ببەخشن.

    دەربارەی محەممەد، کە یەکێکە لە سوارەکانی مووش، هەر “ئوجاق‌بەگ”ێک بەردەوام یەکێک لە پیاوەکانی، وەک “دەرگا چاوشلیق”، دەنێرێتە پایتەخت. جا لەبەر ئەوەی پیاوەکەی ئێمە، شەهاب چاووش، کۆچی دواییی کردووە. داواکارم (کەسی یەکەم) بفەرموون پلەکەی بەم محەممەدە ببەخشن. (لێرەدا نوسەرانی پاشکۆ لە ژێرنووسێکدا، بە بێ هیچ بەڵگەیەک پێیان وایە ئەم “محەممەد”ە، ڕەنگە هەمان میر محەممەد ناسرەدین بێ کە ئەمەگداری باوک و باپیری شەرەفخان بووە).

    ٣) بۆ ئاگاداریی خوێنەران، بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ڕێکەوتی بەڵگەنامەکان لەسەر گۆشەی هێندێک لەم بەڵگەنامانەدا بە لاتینی، پێشانمان دەدات کە دەبێ بەلانی هەرە زۆر، پاش دامەزرانی “کۆماری تورکیا” و لە ساڵی ١٩٢٧ بەم لاوە، کاتێک لە “کۆماری تازە پێکهاتووی تورکیا” ئەلفوبێی لاتینی دەکار کراوە، ئەم ڕێکەوتە لەسەر بەڵگەنامەکاندا نووسرابێ؛ و بەلانی هەرە کەمیش لە ساڵی ١٩٨٤ بەم ولاوە، کاتێک بۆ یەکەمجار ئەرکی “کاروباری ڕێکوپێک کردن و پاراستنی بەڵگەنامەکانی عوسمانی” دراوە بە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا (دواتر باسی ئەم “ڕێکوپێک کردنە” و لێکەوتەکانیشی دەکەین).

    ٤) بە هەڵسەنگاندنی دەقی “تۆماری داخوازییەکانی شەرەفخان، فەرمانڕەوای بدلیس” (کە ئێمە دەبێژین نووسراوەی بەرپرسێکی عوسمانییە) لەگەڵ “داخوازییەکانی بەندە” (کە ئێمە دەبێژین نووسراوەی خۆدی شەرەفخانە) چەند هەڵەیەک بەدی دەکرێن (هەر ئەمەش دیسان دەیسەلمێنی کە ئەم دوو دەقە دوو کەس نووسیویانە):

    بەرپرسی عوسمانی نووسیوێتی                                         شەرەفخان نووسیوێتی           

    • پلەیەکی “موتەفەرریقەلیق”                          – داواکارم، پلەی “قاپوو موتەفەرریقەلغی”

    بۆ یەکێک لە کوڕەکانی.                                                   ببەخشن بە زیائەددین.

    • پلەی “چاوشلیق” بۆ ئەوانی دیکە.                      – “دەرگا چاوشلیق” بۆ محەممەد

    لە خشتەکەدا:بۆ یەکێک لە پیاوەکانی                       

    • جگە لەم جیاوازیییانەی سەرەوە، لە درێژەی بەڵگەنامەی ٢دا و لە خشتەکەیدا بەرپرسی عوسمانی نووسیوێتی، بۆ دوو لە کوڕەکانی (زەوییەکی زەعامەت). لە کاتێکدا ئەم بەرپرسە تێنەگەیشتووە کە شەرەفخان داوای زەوی “زەعامەت”ی بۆ کوڕێکی بەناوی “سیدی” و زەوی “زعامت و تیمار”ی نەک بۆ ٢ لە کوڕەکانی خۆی! بەڵکوو بۆ دوو لە کوڕەکانی خەڵەف‌بەگی برای، واتە بۆ “مستەفا” و “عەلی‌خان”، کردووە و نووسەرانی پاشکۆش ئەم هەڵەیان “قۆستووەتەوە” و دەگەڕێن بەدوای ئەم دوو کوڕەی شەرەفخاندا. لە کاتێکدا دواتر لەسەر بنەمای هەر ئەم ئاماژەیەی شەرەفخان، خوێنەر لە هەبوونی ئەم دوو کوڕەی خەڵەف‌بەگ ئاگادار دەکەنەوە. بەمە دەڵێن شێواندنی مێشکی خوێنەر، نەک توێژینەوە.
    • بەرپرسی عوسمانی لە خشتەکەیدا نووسیوێتی، بۆ ١٠ سوار (زەوی) “تەرەقی”. شەرەفخان نووسیوێتی، “پشت‌بەستوو بە قانوونی ئیمپراتۆری، داواکارم فەرمان بدەن بە بەخشینی زەویی تەرەقی بەم زەعیم و سوارانەی سەرەوە”. کە ناوی ٤ “زەعیم” و ٦ “سپاهی” هێناوە.
    • بەرپرسی عوسمانی نووسیوێتی، بۆ ١٣ سەربازی بدلیس، یەک لەسەر سێی زەوی تیمار. لە کاتێکدا شەرەفخان نووسیوێتی، “لە موتەفەرریقەی تەورێز داواکارم فەرمان بدەن سێ‌یەکی زەویی ببەخشرێ بەم سەربازانەی سەرەوە. کە لە خشتەکەیدا ناوی ١٧ سەرباز “عن جماعت غلامان بتلیس” هاتووە. سەیر ئەوەیە دیار نییە نووسەرانی پاشکۆ واتەی “عن غلامان وان”، “لە سەربازانی وان”یان لەکوێوە هێناوە و خستوویانتە ژێر ناوی ٢ سەرباز لەم خشتەیەدا؟ چونکە لە دەقی بەڵگەنامەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە “وان” نابینین. لە وەرگێڕدراوی هەمان بەڵگەنامە لە کتێبی “تابلۆکانی شەرەفنامە، عەبدولڕەقیب یۆسف”یشدا “وان” نابینین و لەوێشدا ئاماژە بە ١٧ کەس کراوە.
    • بەرپرسی عوسمانی نووسیوێتی، بۆ ٢٤ لە پیاوەکانی “زەوی ئیبتیدا”. شەرەفخان نووسیوێتی، فەرمان بدەن زەویی “ئیبتیدا” ببەخشری بەم سەربازانەی سەرەوە. کە لە خشتەکەیدا ناوی ٢٥ سەربازی هێناوە، نەک ٢٤.

    ٥) بەڵگەنامەی ١ بە “بندە فرمان پادشاهمدر”، واتە بەندە لەژێر فەرمانی پادشاکەم دام”، تەواو دەبێت کە دەربڕێنی کارمەند و یان بەرپرسەکەی عوسمانییە و “بەڵگەنامەی ٢”، بە دەربڕینی: “بندە شەرەف” کۆتایی پێدێت.

    ٦) شەرەفخان دوو جار ئاماژە بە “بەپێی یاسای ئیمپراتۆری” و جارێکیش بە “پشت‌بەستوو بە قانوونی ئیمپراتۆری” دەکات، بەڵام نووسەرانی پاشکۆ باسیان نەکردووە.

    ٧) “خەتی” نووسینی بەڵگەنامەی ١ و ٢، جیاوازن.

    دواتر نووسەرانی پاشکۆی ١، باسی کوڕێکی دیکەی شەرەفخان بەناوی تاتار، بەم شێوەیە دەورووژێنن”

    “هێندەی ئێمە ئاگادار بین، ئەرشیڤەکانی دەوڵەتی عوسمانی ناوی تاتاری کوڕی شەرەفخانیان تێدا هاتووە (لەکام “ئەرشیڤ”دا؟ دیسان دیار نییە! جگە لە نامەکەی خەڵەف‌خاندا نەبێ). ڕەنگە بچووکترین کوڕی شەرەفخان بووبێ. چونکە ساڵی ١٠١٠ی کۆچیی تەمەنی هەشت ساڵ بووە. ئەم بە جیا ناوی نەهاتووە، بەڵکوو خەڵەفی مامی ئیشارەی پێ کردووە. زانیاریی ئەوتۆش سەبارەت بە پیشە و ژیانی بەدەستەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێ کە ساڵی (؟) (لێرەدا ساڵەکەی نەنووسراوە! دیارە وشەی “ساڵی”، لە دەقە کوردییەکەی لێ زیاد کراوە و لە دەقی ئینگلیزی نووسەرانی پاشکۆدا نییە) کاربەدەستێکی سوڵتان محەمەدی سێهەم بە ناوی ئەحمەدپاشا دەستگیری کردووە و بە بارمتە گرتوویەتی. خەڵەف ساڵی ١٠١٠ی کۆچیی، نامەیەکی بۆ سوڵتان نووسیوە (لە ژێرەوە پتر باسی ئەحمەدپاشا دەکەین کە لە دوایین ساڵانی دەسەڵاتی سوڵتانی محەممەدی سێهەمدا لەگەڵ “جەلالییەکان” کەوتووە) و بەڕەسمی داوای ئازاد کردنی کردووە. جێی باسە تاتار وەک خەزێنەداری ئەحمەدپاشا ناوی هێندراوە (لەکوێ؟)، بەڵام لەو نامەیەدا زانیاریی سەیر لە بارەی مەرگی شەرەفخانەوە نووسراوە کە پێشتر نەمانزانیوە”.

    بەڵام سەبارەت بەم بڕگەیەی سەرەوە لە پاشکۆی ١دا:

    یەکەم: تاتاری ٨ ساڵە چۆن دەتوانێ “خەزێنەداری ئەحمەدپاشا” بووبێت؟ و لەکوێ وەک “خەزێنەداری ئەحمەدپاشا” ناوی هاتووە؟ دیار نییە.

    دووەم: ئەو ساڵەی ئەحمەدپاشا، تاتاری دەستگیر کردووە دیار نییە؟

    سێهەم: لەم ساڵەدا کە ئاماژەی پێ نەکراوە، ئەم “کاربەدەستەی سوڵتانی عوسمانی”، واتە “ئەحمەدپاشا”، ئایا گوێڕایەڵی سوڵتان بووە و لە “پۆستەکەی” خۆیدا مابووە، یان دژی سوڵتان ڕاپەڕیبوو و بووەتە “جەلالی”؟ ئەمانە لە ژێرەوە و لە بەسەرهاتی ئەحمەپاشدا شی دەکەینەوە.

    بەڵام سەبارەت بە بەڵگەنامەی ژمارە ٤، واتە نامەی خەڵەفخان:

    یەکەم: لەم بەڵگەنامەیەدا، وەک دەیبینیین لە گۆشەی دەستی ڕاستدا لە نێو دوو کەواندا بەلاتینی نووسراوە (1010)، واتە ئەم بەڵگەنامەیەش ڕێکەوتی ڕەسەنی کاتی نووسینەکەی پێوە نییە و لە ژێرەوەشی نووسراوە: Z.F کە ماناکەی دیار نییە.

    دووەم: دیسان دیار نییە لەسەر چ بنەمایەک لە سەردەمی “کۆماری تورکیا”دا، ئەم ڕێکەوتە بە لاتینی لەسەر بەڵگەنامەکەدا نووسراوە. کەوابوو ئێمە کە دەستمان بەم ئەرشیڤخانەیە ناگات، ئاگادار نیین بەپێی چ لێکدانەوەیەک ئەم ڕێکەوتانە لەسەر بەڵگەنامەکاندا نووسراون.

    بۆیە:

    لەسەر ئەو بڕوایەم کە ڕێکەوتی 1010ی کۆچی، لەسەر ئەم بەڵگەنامەیەدا هەڵەیە و پێویستە لە ڕێکەوتی ڕاستەقینەی ئەم نامەیەی خەڵەف‌بەگ، بکۆڵدرێتەوە. بۆ ئەم کارەش هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی بەسەرهاتی ئەو کەسانەی کە لە بەڵگەنامەکەدا ناویان هاتوون، لە ڕێکەوتی ڕاستەقینەی بەڵگەنامەی ٤ نزیک بینەوە تاکوو پتر لە نێوەڕۆکی ئەم بەڵگانەمەیەش تێبگەین و دەرگایەکیش بکەینەوە بۆ دەرخستنی ڕێکەوتی مردنی شەرەفخانی پێنجەم.

    نووسەرانی پاشکۆ دەڵێن کە بەڵگەنامەی ژمارە ٤، بریتییە لە نامەی خەڵەفی برای شەرەفخان بۆ “سوڵتان محەممەدی سێهەم”. بەڵام لە هیچ شوێنێکی ئەم  نامەیەدا ئاماژە بە بەردەنگی داخوازییەکانی خەڵەف‌بەگ، واتە بە “سوڵتان محەممەدی سێهەم” نەکراوە. وادیارە نووسەرانی پاشکۆ تەنیا بە پشتبەستن بەم ڕێکەوتە لاتینییەی سەر نامەکە کە ڕەسەن نییە و پاشان لێی زیاد کراوە، پێیان وایە ئەم نامەیە بۆ سوڵتان محەممەدی سێهەم نووسراوە، چونکە دەسەڵاتی سوڵتان محەممەدی سێهەم پاش کۆچی دوایی لە ١٨ی ڕەجەبی ساڵی ١٠١٢ی کۆچیدا، کۆتاییی هاتووە و سوڵتان ئەحمەدی یەکەم (لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا) جێگای گرتووەتەوە. کەوابوو ئەمە هەڵەیەکی زەقی نووسەرانی پاشکۆیە کە بە بێ بنەما پێیان وایە ئەم نامەیە بۆ سوڵتان محەممەدی دووەم نووسراوە.

    بەڵام “ئەحمەدپاشا” کێ بووە؟

    • بەگوێرەی بابەتێکی نووسەر و لێکۆڵەڕی کوردستانی باکوور موراد جوان، ئەحمەد پاشا بە “ئالاجائاتڵی ئەحمەدپاشا alacaatli ahmet paşa” بەناوبانگە.
    • بەگوێرەی کتێبی “تاریخ عالم آرای عباسی”، ئەحمەدپاشا وەک “ئەحمەدپاشای جەلالی” باسی کراوە. (سەبارەت بە “جەلالییەکان” دواتر ئاماژە بە هێندێک زانیاری دەکەین).

    ئەسکەندەری مونشی لە “تاریخ عالم آرای عباسی” لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٠١٢-١٠١٣ی کۆچی و لە لاپەڕەی ٦٦٣دا، کە باسی هێرشی سوپای سەفەوی دەکات بۆ سەر “ئەحمەدپاشای جەلالی”، دەڵێ: “ئەحمەد پاشا لە کەسە نزیکەکانی جەعفەرپاشای (عوسمانی) حاکمی تەورێز بووە و هەر لەسەر داوای ئەویش، سوڵتان دەیکاتە “حاکمی وان” (دەبێتە بەگلەربەگی وان)، بەڵام پاشان لە فەرمانڕەواییی وان لێدەخرێ و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی هێز و توانای شاعەباس لە ئازەربایجان ئەویش چیتر گوێ ناداتە فەرمانەکانی سوڵتان و لێی یاخی دەبێ و دەستدەکات بە هێرش بردن بۆ سەر ویلایەتەکانی نزێک و تاکوو نزیک دیاربەکر داگیر دەکات و نزیک بە ١٢ هەزار کەس لەخۆی کۆدەکاتەوە”. واتە ئەویش دەکەوێتە ڕیزی “جەلالییە یاخییەکان”. ئەم سەرچاوەیە هەر لەم ساڵەشدا ئاماژە بە “هەڵای مەزنی جەلالییەکان” لە دژی سوڵتانی عوسمانی دەکات، هەر بۆیەش بە “ئەحمەدپاشای جەلالی” ناوی هێناوە و دواتریش لە لاپەڕی ٦٦٤دا، دەڵی: “ئەحمەدپاشا، پاش کۆچی دواییی سوڵتان محەممەدخان پادشای ڕۆم و هاتنە سەر کاری سوڵتان ئەحمەدخان (واتە پاش ١٨ی ڕەجەبی ساڵی ١٠١٢ی کۆچی کە سوڵتان ئەحمەدی یەکەم بووەتە سوڵتانی عوسمانی)، پەشیمان دەبیتەوە و گەلێک درۆ و دەلەسە دەنێرێتە ئیستامبوول و کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی پێیان گونجاو بووە چاوپۆشی لە کارەکانی ڕابڕدووی بکەن و دیسان دەیکەنەوە بە بەگلەربەگ”.

    “بەرزبوونەوەی هێز و توانای شاعەباس لە ئازەربایجان”، لە مانگی سێپتەمبەری ١٦٠٣ی ز. (رەبیعی یەکەمی ١٠١٢ی کۆچی) واتە ٥ مانگ پێش کۆچی دواییی سوڵتان محەممەدی سێهەم، دەستپێدەکات (بڕوانە: ڕاجر سیوری. ص. ٨٣. ئەگەرچی ئەم کتێبە گەلێک پەڕوباڵی داوەتە دەسەڵاتی سەفەوییەکان، بەتایبەتیش شاعەباس، بەڵام دەکرێ هێندێک زانیاریی لێ هەڵێنجین). پاش ئەم ڕێکەوتە شاعەباس لە یەکەم هەنگاوی هێرشی خۆی بۆ سەر عوسمانییەکاندا، کۆتایی بە دەسەڵاتی عوسمانی لە تەورێز دێنێ و بەرەو نەخجەوان هەڵدەکشێ و هێزەکانی عوسمانی بەرەو یەرەڤان پاشەکشە دەکەن (هەمان سەرچاوە. لاپەڕەی ٨٤).

    کەوابوو، دەبێ ئەحمەدپاشا پاش “بەرزبوونەوەی هێز و توانای شاعەباس لە ئازەربایجان لە ڕەبیعی یەکەمی ١٠١٢ی کۆچیدا” (واتە ٥ مانگ پێش مردنی سوڵتان محەممەدی سێهەم) یاخی بووبێ، بۆیە بە “جەلالی” ناوی هاتووە و هەر لەم کاتەشدا دەستیکردووە بە تاڵان و هێرشکردنی ناوچەکان تاکوو نزیک دیاربەکر، و ڕەنگە هێرشی بردبێتە سەر بەدلیسیش و ماڵی شەرەفخانیشی تاڵان کردبێ. بەڵام پاشان دەکەوێتە بەر هێرشی شاعەباس و کاتێک بەرگە ناگرێ، دیسان لار دەبێتەوە بەرەو سوڵتانی تازەی عوسمانی، واتە سوڵتان ئەحمەد و ئەمجارە سوڵتانی تازە دەیکاتە بەگلەربەگی سێواس. بەپێی ئەم لێکدانەوەیە، نامەکەی خەڵەف بۆ سوڵتانی عوسمانی دەبێ لەکاتی “جەلالی”بوونی ئەحمەدپاشادا نووسرابێ، واتە تاڵانکردنی ماڵی شەرەفخانی پێنجەم و ڕێکەوتی نامەکە دەبێتە پاش “رەبیعی یەکەمی ١٠١٢ی کۆچی”، کەوابوو شەرەفخانیش هەر دەبێ پاش ئەم ڕێکەوتە کۆچی دواییی کردبێ و ئیتر ئەو ڕێکەوتەی کە تاکوو ئێستا بۆ مەرگی شەرەفخان زانرابوو، بەتەوای لە جێگەی خۆیدایە و شەرەفخان پاش مانگی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی ١٠١٢ی کۆچی، کۆچی دواییی کردووە.

    لێرەدا پێویستە ئاماژە بە زانیارییەکی دیکەش بکەین کە لە نووسراوەکانی نووسەرانی تورکی بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی کۆن دەرکەوتووە.

    بەپێی بابەتێک بە سەردێڕی “سەردەمی عوسمانی Osmanlı Dönemi” زانیارییەکی تازە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی ئەرشیڤی عوسمانی ئاشکرا بووە (سەرچاوەی ژمارە ١٠). کەسێک بەناوی “تارەت ئەفەندی Taret Efendi”، قازیی شارۆچکەی “عەرەبگیر” (Arapgir kadısı) لە ناوچەی مەلەتییە لە نزیک سێواس، لە ساڵی ١٦٠٣ی زایینیدا نامەیەکی بۆ سوڵتانی عوسمانی نووسیوە کە بریتییە لە سکاڵا لە دژی “ئالاجائاتڵی ئەحمەدپاشا”، بەگلەربەگی سێواس و تێیدا هاتووە؛ چەکدارەکانی ئەحمەدپاشا خەریکی تاڵان، فڕاندن و کوشتنی خەڵکی ناوچەکەن و داوای لە سوڵتانی عوسمانی کردووە تا خەڵکی ناوچەکە لە “زوڵم و تاڵانی” ئەحمەدپاشا ڕزگار بکات. لە نامەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەحمەدپاشا هێز و هاوکاریی ناردووە بۆ “قەرەیازیچی جەلالی” (ڕێبەڕی جەلالییەکان لە سەردەمی سوڵتان محەمەددی سێهەم، دواتر باسی دەکەین). جێی ئاماژەیە کە مانگی یەکەمی ساڵی ١٦٠٣ زایینی بەرامبەرە بە ١٩ی ڕەجەبی ١٠١١ی کۆچی و مانگی ١٢ی هەمان ساڵی زایینی بەرامبەرە بە ٢٧ی جەمادی دووەمی ساڵی ١٠١٢ی کۆچی. بەم ڕوونکردنەوەیە و پشتبەستن بە زانیارییەکانی پێشتر، دەردەکەوێ کە ئەحمەدپاشا ڕێک ساڵی ١٠١٢ی کۆچی بووەتە بەگلەربەگی سێواس. (ڕێکەوتی بەگلەربەگبوونی ئەحمەدپاشا لە سێواس بۆیە گرینگە، چونکە لەو بەڵگەنامەیەدا کە نووسەران پاشکۆکانی ١ و ٢، لە بەڵگەنامەی ژمارە ٤ی پاشکۆی ٢دا پێشانیان داوە، سوڵتانی عوسمانی لە نووسراوەیەک بۆ بەگلەربەگی ئەو کاتی وان، مستەفاپاشا، ئاماژەی بە ناوی ئەحمەدپاشا کردووە و وەک “بەگلەربەگی پێشووی وان و بەگلەربەگی ئێستای سێواس” ناوی بردووە و نووسەرانی پاشکۆ دەڵێن ئەم نامەیەی سوڵتان لە ڕێکەوتی “١١ی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی ١٠١١ی کۆچی” نووسراوە (بەرامبەر بە ٢٨/٠٨/١٦٠٢ی زایینی) کە ناتوانێ ڕاست بێ و ئەمەش هەڵەیە؛ چونکە لە ڕەبیعی یەکەمی ساڵی ١٠١١ی کۆچی، ئەحمەدپاشا بەگلەربەگی سێواس نەبووە، بەڵکوو وەک ئاماژەمان پێ کرد، بەگلەربەگی وان بووە و وەک “جەلالی” ناوی هاتووە و لە دژی سوڵتانی عوسمانی ڕاپەڕێوە و خەریکی تاڵان و ڕێگری بووە. (هەر لێرەشدا دەردەکەوێ کە پشتبەستن بەو ڕێکەوتانەی کە لەسەر ئەم بەڵگەنامانەدا بە لاتینی نووسراوە، هەڵەیە).

    دواتر پاشکۆی١ دەپەرژێتە سەر “خەڵەف” برای شەرەفخان و دەڵێ:

    “خەڵەف‌بەگیش کە کوڕی دووهەمی میر شەمسەدین بووە، لێرەدا ناوی هاتووە (لە کوێ دا؟ لە بەڵگەنامەی ٤دا؟ دیار نییە)، بەڵام شەرەفنامە تەنیا زانیارییەکی سنوورداری لە بارەی ژیان و کار و پیشەیەوە باس کردووە. وەکوو دیارە قۆڕچی و دواتریش یووزباشی شاتەهماسبی یەکەم بووە. هەروەها کاربەدستێکی نزیک بووە لە هەمزە‌میرزا. دوای کوژرانی هەمزە‌میرزاش، ئیتر خەڵەف پێوەندی بە سوڵتان مرادی سێهەمەوە کردووە و بۆتە میری عوسمانی و کراوەتە سنجەق‌بەگی ئەلەشکورد و مەلازگرد”.

     بەگوێرەی شەرەفنامە: “خەڵەف‌بەگ ماوەیەک کەوتبووە ڕیزی پاسەوانانی شاتەهماسب و چەند ساڵێکیش کرابوویە یووزباشی… لە سەردەمی شاسوڵتان محەممەددا گەیشتە پلەی میرایەتی و یەکێک بوو لە یاران و نزیکانی هەمزەمیرزا. دوای کوژرانی هەمزەمیرزا، سەری وەبەر دەرانەی بەرزی … سوڵتان مرادخان هێنا و شانازیی میرایەتیی ناوچەی ئالشکورد و مەلازگردی پێ بڕا” (شەرەفنامە. ل. ٦٥٦). هەمزە میرزا لە ٢٥ی زیحەججەی ٩٩٤ی کۆچیدا کوژراوە، کەوابوو ٨ ساڵ پاش گەڕانەوەی شەرەفخان بۆ بدلیس، واتە ساڵی ١٠٠٢ی کۆچی دەبێ خەڵەف‌بەگ گەڕابێتەوە بدلیس. نووسەرانی پاشکۆی ١ لەدرێژەی ئەم بڕگەیەدا بەم شێوەیە باسی خەڵەف دەکەن:

    “خەڵەف، هەرچەندە ناوبانگی بە دەسکەوتەکانی خۆی دەرکردووە، بەردەوام لە هەردوو ئیمپراتۆریی سەفەوی و عوسمانیدا، لەژێر کاریگەریی شەرەفخاندا بووە”.

    لێرەشدا نازانین مەبەستی نووسەرانی پاشکۆ لەم دێڕە، چییە و دیاریشی ناکەن خەڵەف‌بەگ چ دەستکەوتێکی هەبووە کە ناوبانگی پێوە دەرکردبوو؟ پاشان دەڵێن:

    “بەڵگەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئاشکرای دەکەن کە خەڵەف بەرپرسێکی دەسەڵاتداری بدلیس و لێپرسراوی باجی گوندییەکان بووە. بەگوێرەی بەڵگەنامە تازەکەی نێو پاشکۆکە (بەڵگەنامەی ژمارە ١-٢)ش، دوو کوڕی هەبوون بەناوی عەلی‌خان و مستەفا”.

    فەرموون! لێرەدا نووسەرانی پاشکۆ تازە بۆیان دەردەکەوێ کە ئەم دوو کوڕە، کوڕانی خەڵەف‌خان بوون، نەک “دوو کوڕی دیکەی شەرەفخان” کە زۆر هەوڵیان دا بیدۆزنەوە! و دەڵێن:

     خاوەن “زەعامەت”ەکانیش هەموو ئەمەگداری شەرەفخان بوون. خەڵەف ساڵی ١٠١٠ی کۆچی هێشتا ماوە، کە شەرەفخانی براشی کۆچی‌دوایی کردووە، بۆیە کاروباری بدلیسی گرتۆتە دەست”.

    لێرەدا دیسان دووپاتی دەکەینەوە ئەو ڕێکەوتەی کە لە گۆشەی ڕاستی بەڵگەنامەی ٧دا، بە پیتی لاتینی نووسراوە، جێگای متمانە نییە. بۆیە ئەم بۆچوونە تەواو نییە.

    ئینجا نووسەرانی پاشکۆی ١، لە درێژەدا دەچنە سەر بابەتی “شەرەفخان چیی بەسەر هاتووە؟” و دەڵێن:

    “شەرەفخان، ساڵی ١٠٠٥ی کۆچی، دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ شەمسەدینی کوڕی بەجێ‌هێشتووە، بۆیە بە بۆچوونی توێژەرانی نێوخۆ و دەرەوە کە پشتیان بە زانستنامەکانی تورکان بەستووە، شەرەفخان خانەنشین بووە و تەمەنی خۆی بۆ نووسینی شەرەفنامە تەرخان کردووە و ساڵی ١٠١٢ی‌ کۆچی، کۆچی‌دواییی کردووە، بەڵام ئێمە ئەم ساڵی مردنەی ڕەت دەکەینەوە”.

    نووسەرانی پاشکۆی ١، لە پاشکۆی٢دا لە نێوان مردن و کوژرانی شەرەفخاندا، ئاڵۆزییەکی دیکەش ساز دەکەن و لە کۆتاییدا ساخی ناکەنەوە کە ئاخۆ شەرەفخان مردووە و یان کوژراوە!

    پاشان دەڵێن:

    “ئاراکێلی مێژوونووسی ئەرمەنی لە تەورێز سەبارەت بە سەردار جیغاڵەزادە نووسیویەتی: لە جەنگەی دووهەم پەلاماریدا  لە ئەرزڕۆم ماوەتەوە و شازادەی هەموو ناوچە کوردنشینەکان و گورجستان و لە نێویاندا میر شەرەفی شازادەی مەزنی کوردی بانگ کردووە. بەپێی ئەم سەرچاوە ئەرمەنییە، میر شەرەفی کورد لە پشتیوانانی دەوڵەتی عوسمانی بووە، بەڵام کاتێک هەستی کردووە بەرەی سەردار لە شەڕەکەدا شکستی هێناوە. دەسبەرداری بەرەکە بووە و ساڵی ١٠١٥ی کۆچی گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی. بۆیە ناکرێ ساڵی ١٠١٢ی کۆچی بۆ مردنی شەرەفخان ساڵێکی دروست بێ. کێشەکە لێرەدا، نەبوونی هیچ ئاماژەیەکە بە ناوی بدلیسەوە. خۆ ڕێی تێدەچی ئاراکێل مەبەستی لە مەزنەمیری کوردان، میر شەرەفی جزێرەی هاوزەمانی شەرەفخان بووبێ، بەڵام هیچ جۆرە پەیوەندییەکیش لەگەڵ جزێرە و گورگێل و ناوچەکانی دیکەی جزێرەدا بەدی ناکرێ. ئەمە سەرباری ئەو ڕاستییەیە کە میر شەرەفی جزێرە هەرگیز هێندەی شەرەفخان بەناوبانگ نەبووە”.

    نووسەرانی پاشکۆی١، لێرەدا ئاڵۆزی و سەرشێواوی ساز دەکەن و لە زمان نووسەرێکی ئەرمەنیییەوە ڕووداوێک دەورووژێنن کە نەک لە ساڵی ١٠١٥ی کۆچیدا ڕووی نەداوە، بەڵکوو هیچ پەیوەندییەکیشی بە شەرەفخانی بدلیسییەوە نییە.

    ئەم مێژوونووسە، “ئارکێل تەورێزی (آراکل تبریزی)”یە کە ناوی بەزمانی ئەرمەنی دەبێتە “ئارکێل داورێژتسی” (١٥٩٠ی ز- ١٦٧٠ی ز) قەشەیەکی ئەرمەنی بووە لە شاری تەورێز و کتێبەکەی، “کتاب تاریخ”ی لە کۆتاییی ژیانیدا نووسیوە (واتە پاش تاریخ عالم آرای عباسی کە لە ساڵی ١٠٢٥ی ک/ ١٦١٦ی. ز نووسراوە) و مەبەستیشی لە میر شەرەف، ڕێک هەمان “میر شەرەفی بوهتی” بووە نەک شەرەفخانی بدلیسی و ئەوەشی ڕێک لە کتێبەکەی ئەسکەندەری مونشی وەرگرتووە، بڕواننە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە لە لایەن دوو مێژوونووسی ناسراوی سەفەوی، بەتایبەت لە زمان ئەسکەندری مونشی کە لەوێدا باسی میر شەرەفی جزیرە دەکات و دەڵی “بەناوبانگترین میری کورد” بووە. کەوابوو دەتوانین دڵنیا بین کە مێژوونووسە ئەرمەنەکە ئەم “واتایەی” ڕێک بۆ میر شەرەفی جزیرە لە کتێبەکەی “ئەسکەندری مونشی”یەوە وەرگرتووە.

    لە “تاریخ عالم آرای عباسی” لاپەڕەی ٧٠٣ و لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٠١٤، نەک ساڵی ١٠١٥ی کۆچیدا، ئەسکەندەری مونشی ڕێک باسی ئەم ڕووداوە بەم شێوەیە دەکات: “یەکێک لە پیاوانی میرشەرەفی حاکمی جزیرە بەدیل گیرا و هێنایانە «بەر نەزەری ئەشرەف» (واتە لای شاعەباس). (میرشەرەف) لەڕووی ژمارەی هۆزەکانی لە میرانی دیکەی خێڵە کوردەکان، مەزنتر و «تابعی پادشای ڕۆم» بوو و لەم هێرشەدا بە سوپای خۆی لە جزیرەوە هاتبوون و ببووە «ڕەفیقی چغال ئۆغلی» و لە کاتی شەڕدا لای ئەو مابووەوە و بەشداری شەڕ نەببوو. میر شەرەف چەند ساڵێک دەبوو پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی دیوانی مەزنی شاهانە (واتە لەگەڵ بەرپرسانی سەفەوی) هەبوو و یەکتریان دەناسی و «ئیزهاری خلووسی عەقیدەت و سەفای توربەت»ی هەبوو. «حەزرەتی والا» (واتە شا عەباس سەفەوی) ئەو دیلەی ئازاد کرد و لە ڕێگەی ئەوەوە چەند دێڕێکی بۆ (میرشەرەفی جزیرە) نووسی”. شاعەباس لەم نامەیەدا داوا لە میر شەرەف دەکات “ئێمە پیاوانی دیلی ئێوەمان نەکوشتووە و هەموویان زیندوون، ئەگەر دەتوانی بگە لای ئێمە، ئەگینا خۆت لەم هەڵایە دوور بگرە و بگەڕێوە جزیرە”. پاشان لەم سەرچاوەیەدا هاتووە کە میر شەرەف سوارانی خۆی کۆ دەکاتە و بەرەو  جزێرە پاشەکشە دەکات.

    “مەلا جەلالی مۆنەجم”یش لە کتێبی “تاریخ عباسی”دا و دیسان لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٠١٤ی کۆچیدا و نەک ١٠١٥ی کۆچی، باسی شەڕی شا عەباس و “سەردار چیغاڵەزادە” لە نزێک تەورێز دەکات و زۆر بە ڕوونی چەند جار ناوی “میر شەرەفی بوهتی (واتە میری جزیرە)” دێنێ نەک شەرەفخانی بدلیسی. “ملا جلال الدین منجم” دەڵێ، “میر شەرەفی بوهتی” لە سەرەتا لە بەرەی “سەردار چیغاڵەزادە” بووە بەڵام پاش پاشەکشەی هێزەکانی عوسمانی، شاعەباس نامەیەک بۆ میر شەرەف دەنووسێ و فەرمانێکی ئاراستە دەکات. مەلا جەلالی مونەججیم ئەم ڕووداوە بەم شێوەیە باس دەکات: “پێاوێکی کوردی کەلەبچەکراویان هێنا بەر «نەزەری ئەشرەف»، پاش لێکۆڵینەوە، دەرکەوت کە پیاوی میر شەرەفی بوهتی‌یە، (شاعەباس) بێ یەک و دوو فەرمانی دا ئازادی بکەن و «فەرمانێکی» بۆ میر شەرەف نووسی کە تۆ لە ئێمەی و «بە ما تعلق داری»، ئاگاداربە کە بەیانی هێرش دەبەینە سەر «چغال اوغلی»، نەکا کەسێک لە پیاوانی ئێوە وەبەر کەون. ئەگەر بۆت دەکرێ بگە لای ئێمە. ئەگینا لە گۆشەیەکدا خۆت بشارەوە، نەکا کەسێک لە ئێوە بەر کەوێ” (“تاریخ عباسی. ١٣٦٦. ل. ٢٩٣).

    دواتر نووسەرانی پاشکۆ دەڵێن:

    “هۆی دووهەم کە وامان لێ دەکات ئەو ساڵە بە دروست نەزانین، ئەوەیە کە دەفتەرەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئاماژە بەوە دەکەن کە شەرەفخان ساڵانی ١٠١٣ی یان ١٠١٤ی کۆچی، لە سەنجەق بووە (کام سەنجەق؟ دیارنییە). “دەفتەری تەحریر” (دەفتەری خاقانی)ی ٧٣٠، کە مێژووی ساڵانی سەرەتای سوڵتان ئەحمەدی یەکەم و “توغرا”ی ئەوی پێوەیە، دوو جار ئاماژەی بە “حاکمی بدلیس” کردووە”.

    لێرەدا پێویستە بۆ ئاگاداری بڵێین کە پاش مردنی سوڵتان محەممەدی سێیەم، لە ١٢ی ڕەجەبی ساڵی ١٠١٢ی کۆچیدا، سوڵتان ئەحمەدی یەکەم دەستەڵاتی بە دەستەوە گرتووە. کەوابوو “ساڵانی سەرەتای سوڵتان ئەحمەدی یەکەم” بە لانی کەم دەبێ دوو یان سێ ساڵی پاش ئەم ڕێکەوتە بێت. واتە ساڵانی ١٠١٤ یان ١٠١٥ی کۆچی. بەڵام دیار نییە مادام نووسەرانی پاشکۆ، “دەفتەری تەحریر”یان لەبەر دەستدا بووە و ئەویش ڕێکەوتی پێوەیە، بۆچی ئاماژەیان بە ساڵەکە نەکردووە و تەنیا دەڵێن “مێژووی ساڵانی سەرەتای سوڵتان ئەحمەدی یەکەم و تۆغرای ئەوی” پێوەیە؟” پاشان نووسەرانی پاشکۆی ٢ دەڵێن:

     “نووسەر (واتە نووسەری “دەفتەری تەحریر”)، لە ژماردنی “خاص”ەکانی شەرەفخاندا، سەرەتا شەرەفخانی بە فەرمانڕەوای بدلیس ناو بردووە و کەمێکیش دواتر نووسیویە: بەشێک لە موڵکەکانی شەرەفخان لە دەستی کوڕە گەورەکەی (واتە شەمسەدین)، حاکمی بدلیسدا بووە. گرینگە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە شەرەفخان لەو کاتەدا بە حاکمی بدلیس ناوی نەبردراوە. نووسەری عوسمانی لە دەفتەری “تەحریر ئەمینی”دا پێناسەیەکی سادەی فەرمانڕەوای بەناوبانگی بدلیسی کردووە. وا دەردەکەوێ ئاماژەی بۆ کەسێکی زیندوو کردووە کە بڕیاری داوە دەسبەرداری دەوری خۆی ببێ لە حکومەتدا.”

    لێرەدا زۆر سەیرە، دەی دیارە لە “ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی سوڵتان ئەحمەد”دا واتە پاش ١٠١٢ی کۆچی شەرەفخان لە ژیاندا نەماوە و زۆر پێشتر و لە ساڵی ١٠٠٥ی کۆچیشدا، دەسەڵاتی خۆی بۆ شەمسەدین جێهێشتووە. کەوابوو ئەمە هیچ گرینگایەتییەکی نییە و زۆریش ڕوون و ئاشکرایە.

    بریا نووسەرانی پاشکۆ ئەم بەڵگەنامەیەیان بڵاو کردباوە، تاکوو بزانیین مانای “پێناسەیەکی سادە” بۆ “فەرمانڕەوای بەناوبانگی بدلیس” چ دەگرێتەوە و چۆن چۆنی زانیویانە “ئاماژە بە کەسێکی زیندوو” دەکات؟

    پاشان نووسەرانی پاشکۆی ١ دەڵێن:

    “ژێدەری MD 78, hkm. 1227، کە تاکە بەڵگەی ڕوونە لە بەردەستماندا، وای پێشان دەدا کە ئەو کوڕە ئاماژە پێکراوە زیائەددینە”.

    وەک دەبینین، گێژاوەکە هەر بەردەوامە! مەبەست لە “ئەو کوڕە ئاماژەپێکراوە” کێیە؟ و لە کوێ ئاماژەی پێکراوە؟ ئەم بەڵگەنامەیە ڕێکەوتی ساڵی ١٠١٨ی کۆچیی پێوەیە و وەک پێشتریش گوتمان بەگوێرەی “ئەسکەندەری مونشێ”، لەساڵی ١٠١٥ی کۆچیدا زیائەددین میری بدلیس بووە. دواتر دەڵێن:

     “پاشان شەرەفخان بۆ دواجار ساڵی ١٠٠٢ی کۆچی، لە دەفتەرەکانی عوسمانیدا ناوی هاتووە. هێندەی ئێمە ئاگادار بین، هیچ ئاماژەیەک بە فەرمانڕەوایانی بدلیس لە تۆمارەکانی ساڵانی ١٠٠٢ی کۆچی تا ١٠١٨ی کۆچی نەکراوە”.

    مەگەر لەسەرەوە نەگوتراوە لە “دەفتەری تەحریر”دا و لە “ساڵانی سەرەتای سوڵتان ئەحمەدی یەکەم”دا باسی “کوڕە گەورەکەی” شەرەفخان، واتە شەمسەددین وەک فەرمانڕەوای بدلیس کرابێت. کە وابوو “لە دەفتەرەکانی عوسمانیدا” ئاماژە بە فەرمانڕەوای بدلیس کراوە. لە درێژەی ئەمەدا نووسەرانی پاشکۆی ١، دەڵێن:

     “ئەمەش وامان لێ دەکا دوو خاڵ پێشنیار بکەین: یەکەم، میرە جێنشینەکانی بدلیس ئاژاوە و نائارامییەکیان لە سەرتاسەری میرنشیننەکەدا خوڵقاندووە. دووهەم، عوسمانییەکان کە بە بڕیاری کاربەدەستانی بدلیس ڕازی نەبوون، نوێنەری متمانە پێ کراوی خۆیان لەو ناوچەیە دامەزراندووە”.

    نووسەرانی پاشکۆی ١، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی ئەو دوو خاڵە تەنیا بە “ڕێی تێدەچی” و “دەشێ” پێشنیار دەکەن و دەڵێن:

    “بەگوێرەی هێندێک لە زانیاریی بنەتای دەستنووسەکانی ئەرمەنی، ڕەنگە بتوانین بڵێین: شەرەفخان چەند ساڵێک بەرلە ١٠١٢ی کۆچی، یان وردتر لە نێوان ساڵانی ١٠٠٧ یان ١٠٠٩ی کۆچی، کۆچی‌دواییی کردووە. بێ‌گومانین کە حوکمداری بدلیس، ڕێی تێدەچێ شەرەفخان بووبێ کە لە ساڵی ١٠٠٧ی کۆچی، دژی دەوڵەت ڕاپەڕیوە. خۆی لە ژیاننامەکەدا نووسیویە: ساڵی ١٠٠٥ی کۆچی، دەستی لە حوکمڕانی هەڵگرتووە، بەڵام دەشێ دووبارە دەسەڵاتی گرتبێتەوە دەست”.

    و هەر لێرەدا دیسان بەبێ هیچ بەڵگەیەک و بێ ناوهێنانی نوێنەرێکی عوسمانی کە گوایە دووجاریش هێرشی کردووەتە سەر بدلیس دەڵێن:

    “جێی سەرنجە، نوێنەری عوسمانی لە ناوچەکەدا، لە دووهەم هێرشیدا بۆ سەر بدلیس، دەوروبەری ساڵی ١٠٠٩ی کۆچی حوکمداری بدلیسی کوشتووە هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە بەڵام دەشێ شەرەفخان، ئەگەر مەسەلەکە بەم شێوەیە بووبێ، ئەوسا پشتیوانیی ڕاپەڕینەکەی “جەلالی”یەکانی کردبێ. چونکە ئەو زنجیرە سەرهەڵدانانە دەوری ئەو ساڵانە ڕوویان داوە”.

    ئیتر بەمە دەڵێن توێژینەوەی زانستیانە! چونکوو لەم ساڵەدا جەلالییەکان زنجیرە سەرهەڵدانیان هەبووە، کەوابوو شەرەفخان پشتیوانیی لێ کردوون و ئینجا کەوتووەتە بەر دووەم هێرشی نوێنەرێکی “بێ ناوی” عوسمانی و کوژراوە؛ هەمووشی بە بێ بەڵگە!

    لێرەدا پێویستە هێندێک بابەت ڕوون بکەینەوە.

    • یەکەم، سەبارەت بە “جەلالییەکان”:

    بەگوێرەی گەلێک سەرچاوەی عوسمانی و تورک، لە ساڵی ٩٢٥ی کۆچی و لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەمدا، دەروێشێکی تورکمان بەناوی “شێخ جەلال یوز ئۆغلی” سەرهەڵدانێک لە شاری “توقات” ساز دەکات و خۆی بە “مێهدی” دەناسێنێ. بەڵام “فەرهادپاشا بەگلەربەگی ڕۆم ئیلی” و بەگلەربەگی مەرعەش، سەرکوتی دەکەن و شێخ جەلال لە ڕیگای هەڵاتنی بۆ لای سەفەوییەکان، لە ئەرزڕۆم دەگیرێ و لەسێدارە دەردێ. پاشان لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانوونی و لە نێوان ساڵانی ٩٣٢-٩٣٥ی کؤچیدا، گەلێک دەرویش و سۆفی لەدەوری “سووگلۆن یان سولۆۆن قۆجە” و کوڕەکەی کۆدەبنەوە لەدژی سوڵتانی ڕادەپڕن، ئەم شۆڕشە بەهۆی هاوشێوەبوونی لەگەڵ سەرهەڵدانەکەی شێخ جەلال، بە “سەرهەڵدانی جەلالی” ناوبانگ دەردەکات. ئیتر پاش ئەمە، هەر شوڕشێک لەدژی عوسمانییەکان ڕوویدەدا بە “شۆڕشی جەلالی” ناودێر کراوە.

    سەردەمی ساڵانی ١٠٠٤ تاکوو ١٠١٩ی کۆچی بە سەردەمی “فیترەتی مەزنی جەلالی” و یان “عوسیانی مەزنی جەلالی” لە مێژووی عوسمانیدا بەناوبانگە. جێی ئاماژەیە ئەم “جەلالیانە” هیچ پێوەندییەکیان بە هۆزی کوردی جەلالییەوە نەبووە و نییە. ئەسکەندەری مونشی لە “تاریخ عالم آرای عباسی”دا دەڵێ، پاش مەرگی سوڵتان مراد (سێیەم) و هاتنە سەر دەسەڵاتی کوڕەکەی، سوڵتان محەممەد خان (مانگی جەمادی یەکەمی ساڵی ١٠٠٣ی کۆچی)، لە “مەملەکەتەکانی ڕۆم خەڵکانێکی ئەوباش و بەدفەڕ لە هەموو چینەکان دەستیان بە شۆڕش و کاری نەشیاو کرد و خۆیان بە جەلالی دەناساند”. /اسکندر منشی. ل.  ٦٣٥/. هەروەها دەڵێ: “پاشایان و سەربازانی سەر سنووریش هاوشێوەی جەلالییەکان دەجوڵان”، واتە یەکێک لەوانەش ئەحمەدپاشا بووە. دواتر و لە لاپەڕی ٧٦٦-٧٧٨دا و لەژێر سەردێڕی “باسی سەربردەی جەلالییەکان و شەڕەکانیان لەگەڵ ڕۆمییەکان و هاتنی فەوجێکیان بۆ دەرانەی شای خاوەنشکۆ (واتە بۆ دەرانەی شاعەباس)” دەڵێ: “لە سەرەتای دەسەڵاتی سوڵتان محەممەدی سێیەمەوە، یەکەم سەرهەڵدانی مەزنی جەلالی لە لایەن کەسێک بەناوی “عەبدولرەحیم قەرەیازیچی” لە دژی دەوڵەتی عوسمانی هەڵگێرسابوو“. پاشان زۆر بە تێروتەسەلی تێکەهەڵچوونەکانیان لەگەڵ سوپای عوسمانی و دواتر هەڵاتنیان و هاتنیان بۆ لای شاعەباس و بەشدارییان لە شەڕەکانی کوردستان باس دەکات. جەلالییەکان، بەتایبەت لە شەڕی قەڵای “دمدم”یش بەشداربوون. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەڵسەنگاندنی سەرچاوە مێژوویییەکانی عوسمانی و سەفەوی بۆ جەلالییەکان هاوشێوەن و هەدوولا، جەلالییەکانیان بە چەتە و ڕێگر و پیاوکوژ و “یاغی و باغی” و تەنانەت “کافر و مولحید”، ناوبردووە و میرنشینی بدلیسیش لە تاڵانکاری و هێرشیان بێ بەهرە نەبووە.

    • دووەم، سەبارەت بە هاوکاریکردنی شەرەفخانی پێنجەم لەگەڵ جەلالییەکان:

    نووسەرانی پاشکۆ بۆ ئەم بابەتە، هیچ بەڵگەیەکیان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام زۆر سەیرە پێداگرانە گەرەکیانە دیسان هێندێک ڕووداوی ئەو سەردەمە بە بێ بەڵگە لێک گرێ بدەن و شەەرفخان تێکەڵ بکەن و سەرەنجام “بەبێ بەڵگە” بگەنە ئەو ئاکامە کە شەرەفخان چونکە لەدژی دەوڵەتی عوسمانی بووە و سەروسەودای لەگەڵ دەوڵەتی سەفەوی هەبووە، کەوتووەتە بەر دووەم هێرشی “نوێنەرێکی عوسمانی” و کوژراوە. سەیرە نووسەرانی پاشکۆ بۆچی لێرەدا بە ڕوونی ئاماژە بە ناوی ئەم  “نوێنەرەی عوسمانی” ناکەن؟ خۆ پێشتر ئەمەیان ورووژاندبوو. ئەم “نوێنەرەی عوسمانی” هەمان “ئەحمەدپاشا”یە کە پێشتر باسمان کرد کە ببووە “جەلالی”. دەی باشە ئەمە چۆن دەگونجێ. شەرەفخانی پێنجەم بووەتە هاوپەیمانی جەلالییەکان لە دژی عوسمانی و ئەحمەدپاشاش کە ئیتر بووەتە جەلالی و هاوپەیمانی شەرەفخان، چۆن چۆنی نەک جارێک بەڵکوو دووجاریش! هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکەی خۆی و تەنانەت دەیکوژێ؟! جگەلەمەش، سەرنجڕاکێشە:

    • نووسەرانی پاشکۆ ئەم “دوو جار هێرش”ەیان لەکوێ هێناوە؟ “جاری یەکەم” کەی بووە و بەپێی کام بەڵگە؟ دیار نییە.

    گریمان تەواوی ئەم بۆچوونانەی نووسەرانی پاشکۆ، ڕاستیش بن، ئەگەرچی تەنیا گریمانەیەکی بێ بەڵگەن، کەوابوو ساڵی تەنانەت “نەمانی” شەرەفخانیش دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ساڵی ١٠١٢ کە تاکوو ئێستا گوتراوە و زانڕاوە.

    دواتر نووسەرانی پاشکۆ دەڵێن:

    “دواجار پێویستە بڵێین: تۆمارە ئەرمەنییەکان و دوا ئاماژەی عوسمانییەکان بە زیائەددین، لەگەڵ یەک کۆکن؛ کە واتە زیائەددین ساڵی ١٦٠٩ی کۆچی/١٠١٧-١٠١٨ی ز، فەرمانڕەوای بدلیس بووە و هەر ئەویش میری مووش و دوو کوڕەکەی کوشتووە. زانیاریی بنەتای دەسنووسەکانی ئەرمەنی، یەکەم جار ساڵی ١٦٠٣ی ک/ ١٠١١-١٠١٢ی ز،  تەنیا یەک ساڵ دوای ١٠٠٩ی کۆچی، کە پێمان وایە ساڵی کوژران یا مردنی شەرەفخان بێ، ئاماژەیان بە زیائەددین کردووە”.

    لەم دەقەی سەرەوە بە هەڵە دووجار ساڵی کۆچی و زایینی جێگۆڕکێی پێ کراوە. دواتر هاتووە:

    “تێبینییەکەی سەر نامەکەی خەڵەف بۆ سوڵتان محەمەدی سێهەم، یارمەتیمان دەدا ئەو مێژووانەی پێشوو ساخ بکەینەوە. نامەکە هەر چەند بەڵگەنامەیەکی دیپڵۆماتانەی خەڵەفە بۆ ئازاد کردنی تاتار لە چنگی عوسمانییەکان، بەڵام سەرنجێکی زۆر ڕوون و پڕبایەخیشی تێدایە. جا لەبەر ئەوەی شەرەفخان پێشتر کۆچی‌دواییی کردووە، خەڵەف لە نامەکەدا نووسیویە: “مرحوم شەرەفخان”، واتە خودالێ‌خۆشبوو شەرەفخان. نامەکە کە ساڵی ١٠١٠ی کۆچی، نووسراوە، بەداخەوە مانگ و ڕۆژەکەی دیار نیین بەڵام ئیتر دڵنیاین کە شەرەفخان سەرەتای ساڵی ١٠١٠ی کۆچی، یان پێشتر نەماوە. ئەمەش تا ڕادەیەک لەگەڵ ساڵی ١٠٠٩ی کۆچیدا یەک دەگرێتەوە کە پشت بە بەڵگەنامەکانی ئەرمەنی دەبەستێ”.

    وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، یەکەم: ڕێکەوتی ئەم نامەیە گومانی لەسەرە چونکوو بە لاتین نووسراوە و هی سەردەمی تازەیە و بەڵگەنامەکە هیچ ڕێکەوتی ڕەسەنی پێوە نییە؛ دووەم: لە نامەکەدا ناوی سوڵتان محەمەدی دووەم وەک بەردەنگی پێوە نییە، هەروەها زۆر سەیرە نووسەرانی پاشکۆی ١، بەزۆر گەرەکیانە سەرەتای ساڵی ١٠١٠ی کۆچی بکەن بە ساڵی ١٠٠٩ی کۆچی تاکو لەو گوایە “بەڵگەنامە ئەرمەنییەکان” کە نە نێوەڕۆکیان و نە سەرچاوەکەیان دیار نییە، نزیکی بکەنەوە! بەڵام بەگوێرەی ئەو ڕوونکردنانەوەی کە لەسەرەوە سەبارەت بە ئەحمەدپاشا باسمان کرد؛ بە ڕوونی ئاشکرا دەبێ کە ڕێکەوتی ئەم نامەیە دەبێ ساڵی ١٠١٢ی کۆچی بێت.

    دواتر نووسەرانی پاشکۆی ١، دیسان بە بێ بنەما دەڵێن ئەو نامەیەی خەڵەف بۆ سوڵتان محەمەدی سێهەم نووسراوە و دەڵێن:

    “خاڵێکی گرینگی دیکە کە لە نامەکەی خەڵەفدا بۆ سوڵتان محەمەدی سێهەم بەدی دەکرێ، ئەوەیە کە زۆر ڕێی تێدەچێ شەرەفخان لە لایەن عوسمانییەکانەوە کوژرابێ”.

    وەک پێشتر گوترا، ئەگەرکوو کوژابێش، بەدەست ئەحمەدپاشای جەلالی کوژراوە و لە درێژەدا دەڵێن:

    “لە نامەکەدا هاتووە: “تاتاری کوڕە هەشت ساڵانەکەی خودالێخۆشبوو شەرەفخان، لەگەڵ گەنجینەکەی ئەحمەدپاشای زاڵمدا هێنراوە”.

    لێرەش لە بەڵگەنامەکەدا بەتورکی وشەی “هێنراوە” ڕوون نییە، ڕەنگە “بردراوە” بێت ئەویش نەک بۆ کۆشکی سوڵتانی عوسمانی کە ئاماژەی پێ نەکراوە، بەڵکۆ بۆ وان کە شوێنی دەسەڵاتی ئەحمەدپاشای جەلالی بووە. دواتر دیسان بەبێ بەڵگە دەڵێن:

    “جا وا دەردەکەوێ شەرەفخان خۆی لەبەر شمشێری ئەحمەدپاشا نەگرتبێ و سەرەنجام لە لایەن عوسمانییەکانەوە کوژرابێ و کوڕەکەی بە کۆیلە گیرابێ و برابێتە کۆشکی سوڵتانی عوسمانی”.

    ئەمەش لێکدانەوەیەکی سەیری دیکەی نووسەرانی پاشکۆی ١ە، لە ئاماژەی “خودالێخۆشبوو” و “ئەحمەدپاشای زاڵم” لە بەڵگەنامەکەدا ئاشکرای دەکەن کە گوایە شەرەفخان “خۆی لەبەر شمشێری ئەحمەدپاشا ڕانەگرتووە” و “سەرەنجام شەرەفخان” کوژراوە! پاشان دەڵێن:

    “دەکرێ لێکدانەوەیەکی تیپۆلۆژی و ڕەمزی بۆ هەردوو وشەی زاڵم و خەزێنەش بکەین و بزانین چی و بۆچی ڕووی داوە. جا بۆ ئەوەی بتوانین بێ‌لایەنانە بەرەوڕووی ئەم پرسە ببین، پێویستمان بە چەند بەڵگەیەکی وردە بۆ نیشان دانی تێڕوانینی کورد سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵەف‌بەگ”.

    واتە، “زاڵم”، یانی بکۆژ و هێنانی دەستەواژەی “پارە و زێڕی خەزێنە” بە مانای ئەوەیە کە ناڕەزایەتیی خەڵەف‌بەگ بۆ “پارە و خەزێنە” بووە و ئەمەشیان وەک “تێڕوانینی کوردی” زەق کردووەتەوە و لەم ڕیگەیەشدا گوایە خەریکی دۆزینەوەی “بەڵگەی ورد”ترن بۆ سەلماندنی ئەم “لێکدانەوە تیپۆلۆژی و ڕەمزی”ییە دەگمەنە. لە درێژەدا دەڵێن:

    “ئێستا پێش هەر لێکۆڵینەوەیەکی دیکە یا بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە لەم هەڵسەنگاندنەدا چی بە هێند بگرین، دەبێ ئەم داوایەی خەڵەف‌بەگ کە تەنیا بەڵگەیە لەبەردەستماندا، باشتر بەکار بهێنین. زانیارییەکانی “باب آصفی، دیوان همایون مهمە قلمی ٣/٩٥”، دەیسەلمێنن کە دەوڵەتی عوسمانی زۆر توند هەوڵەکانی دان‌پێدانانی ڕەوشی سیاسیی بدلیسی داوەتە دواە؛ بۆیە ژمارەیەک “عولەمای بدلیس”، کە زۆربەیان خاوەن پێگەی ئایینی و هەڵبەت کۆمەڵایەتییش بوون، نامەکەیان بۆ سوڵتان ناردووە و داوایان لێ کردووە زوڵم و زۆری سەر خەڵکی بدلیس هەڵبگرێ. نووسیویانە: “امید در کە رضا اللە ایچون بو ظلم بو ویلایتە ڕفع و ڕحم النوب.” واتە: چاومان لە بەخشەندەیی ئێوەیە. هیوادارین لەبەر خاتری خودا، ئەم زوڵم و زۆرییە لەسەر ویلایەتەکەمان هەڵگرن.

    کەواتە کۆمەڵێک زانای موسڵمان هەستیان کردووە ئیتر دەبێ دۆخەکە بگۆڕدرێ، بۆیە داوایان کردووە ئەو بڕیارە ئیمپراتۆریانەی وا دوای مردنی شەرەفخان دەرکراون، هەڵبوەشێندرێتەوە. کێشە لێرەدا ساڵەکەیە ٩٨٦ی ک/١٥٧٨ی ز، کە گۆمانی تێدا نییە هەڵەی ئەرشیڤ کردنی کارمەندێکی “BOA“یە.

    نامەکە، شەرەفخانی بە “مرحوم شەرەفخان” ناو بردووە، بەڵام ئەوانەی وا لە بارەی کار و ژیانی شەرەفخانەوە زانیاریی سەرەتایییشیان هەیە، دەتوانن زۆر ئاسان ئۆباڵ بکێشن، کە شرەف‌خان ساڵی ٩٨٦ی ک، ماوە. ئەمە لە چەندین بەشی شەرەفنامە و پاشکۆکەی ئێرەشدا دەردەکەوێ و لە خودی بەڵگەنامەکەشدا ئاشکرا دیارە. مامۆستا ئەبووبەکری مودەریس لە ئیخلاسییە، کە یەکێکە لەو زانا ئیسلامییانەی وا نامەکەیان ئیمزا کردووە، زۆر بە ڕوونی ساڵی ٩٨٦ی ک، ڕەت دەکاتەوە، چونکە شەرەفخان، نەک تەنیا ساڵی ٩٩٨ی کۆچی، فەرمانی کردووە مەدرەسەی ئیجلاسییە دروست بکڕی لە بدلیس، بەڵکوو هەر خۆی ئەوسا شەمسەدین مەولانا محەمەد شەرانشبی کردۆتە مامۆستای وانەبێژی ئەم مەدرەسەیە”.

    لێرەدا ڕێکەوتی ئەو زانیارییانەی “باب آصفی” و ” دیوان همایون مهمە قلمی ٣/٩٥” کە گوایە “دەیسەلمێنن کە دەوڵەتی عوسمانی زۆر توند هەوڵەکانی دان‌پێدانانی ڕەوشی سیاسیی بدلیسی داوەتە دواە”، دیار نییە. بەڵگەنامەی ژمارە ٣ش، نەک “کۆمەڵێك زانای موسڵمان”، بەڵکوو ٤ کەس واژۆیان کردووە و نووسەرانی پاشکۆ لەسەر بنەمای ناوی تەنیا یەکێکیان (واتە، ابوبکر مدرس بالاخلاصیە)، ٣ کەسەکەی دیکەشیان بە “زانایانی موسلمان” هەژمار کردووە و هەوڵی ئاشکرا کردنی ناو و پێگەی ٣ کەسەکەی دیکەیان نەداوە. (بڕوانە ٤ واژۆی ژێر بەڵگەنامەی ژمارە ٣). نووسەرانی پاشکۆ هەروەها بە بێ بنەما گەرەکیانە ئەم دوو نامەیە لێک گرێ بدەن. بۆیە بۆ گەیشتن بەم مەبەستەی خۆیان، گومانیان خستووەتە سەر ڕێکەوتی نامەکەی “٤ زانای موسلمان” لە بەڵگەنامەی ژمارە ٣دا و گوایە دەبێ ڕێکەوتی ساڵی ٩٨٦ی کۆچی لە لایەن کارمەندی ڕێکوپێک کردنی بەڵگەنامەکانی ئەرشیڤی عوسمانییەوە، بەهەڵە نووسرابێ!

    بەڵام بەپێچەوانە، ساڵی ٩٨٦ی کۆچی ڕاستە و ئەم ڕێکەوتە ڕێک دەبێتە ساڵی پێش گەڕانەوەی شەرەفخانی پێنجەم لە نەخجەوانەوە بۆ بدلیس. شەرەفخان دەڵێ: “سێهەم ڕۆژی مانگی شەشەکان (شەوال)ی ٩٨٦ی کۆچی، لە نەخجەوانەوە “بەرەو بدلیس بزووتین”. (شەرەفنامە، ل. ٦٦١). وادیارە جگە لە “هەوڵ و هەڵسوڕانێکی بێوچانی خوسرەو پاشا” بۆ گەڕانەوەی شەرەفخان کە لەگەڵ “سەرکردەکانی وان و زەینەڵ‌بەگی میری هەکاری و حەسەن‌بەگی میری مەحموودی، لەدەرانەی سوڵتان مرادخانەوە مزگێنیی حکوومەتی بدلیسیان” بۆ هێنا نەخجەوان (بڕوانە شەرەفنامە، ل. ٦٦٦)، دەبێ لە ئاستی کۆمەڵایەتییش ئەم چەند کەسەی دیکە (ڕەنگە ٣ کەسەکەی دیکەش “زانای ئایینیی” بووبن. بەڵام تا ئاشکرا بوونی ناو و پێگەیان، ناکرێ لەمە دڵنیا بین) هەوڵی خۆیان دابێ تا سوڵتانی عوسمانی ئەم “زوڵم و زۆرییە لەسەر ویلایەتەکەیان”، هەڵگرێ و مەبەستیشیان لە “خوالێخۆشبوو شەرەفخان” لەم نامەیەدا، شەرەفخانی چوارەم، واتە باپیری شەرەفخانی نووسەرە و داواکارییەکەشیان بۆ گەڕانەوەی مافی سامان و پێگەی خانەدانی دەسەڵاتداری بدلیس، بۆ شەرەفخانی پێنجەم، واتە نووسەری شەرەفنامە بووە. لە لایەکی دیکەوە، وەک لەسەرەوە جەختی لەسەر کراوە، دەبێ “کام بڕیاری ئیمپراتۆڕی پاش مردنی شەرەفخان” دەرکرابێ و نووسەرانی نامەکە داوای هەڵوەشاندنەوەیان کردووە؟ زۆر ڕوونە کە ئەم بڕیارە پاش کوشتنی شەرەفخانی چوارەم بەدەست ئۆلمە دەرکراوە کە بریتی بوو لە ئەستاندنەوەی میراتگریی میرنشینی بدلیس لە میراتگرەکەی، واتە شەمسەدین (کوڕی شەرەفخانی چوارەم و باوکی شەرەفخانی پێنجەم لە ساڵی ٩٥٠ی کۆچی لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانوونی) کە فەرمانڕەواییی میرنشینی بدلیس بۆ ماوەی ٤٤ ساڵ هەتاکوو گەڕاندنەوەی میرایەتی بدلیس بۆ شەرەفخانی پێنجەم، لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بووە. هەروەها دەزانین کە پاش مردنی شەرەفخانی پێنجەم، هیچ بڕیارێکی ئیمپراتۆری سەبارەت بە میرنشینی بدلیس دەرنەکراوە. بۆیە ئەم نامەیە هیچ پێوەندییەکی بە ساڵی ١٠١٠ی کۆچییەوە نییە.

    ٢- بەڵام سەبارەت بە “مەدرەسەی ئیخلاسییە” لە بدلیس کە “مامۆستا ئەبووبەکر”، “مودەریس”ی ئەم مەدرەسەیە واژۆی لەسەر نامەکە هەیە:

    ئەم مەدرەسەیە لە ساڵی ١٢١٦ی زایینی، واتە ساڵی ٦١٢ی کۆچی بەدەست سەلجووقییەکان لە بدلیس ساز کراوە و هەر خانووبەرەکەش شێوازی ئەوانی پێوە دیارە و شەرەفخان لە ساڵی ٩٩٨ی کۆچی نۆژەنی کردووەتەوە. (بڕوانە: سەرچاوەی ژمارە ١٣)

    کەوابوو:

    • دەبێ پێش ساڵی ٩٩٨ی کۆچی، واتە پێش نۆژەنکردنەوەی مەدرەسەی ئیخلاسییە لە لایەن شەرەفخانی پێنجەمەوە، لە ساڵی ٩٨٦ی کۆچیدا “ابوبکر” ناوێک، “مودەڕسی” ئەم مەدرەسەیە لە بدلیس بووبێت و لە بەرەبەری گەڕانەوەی شەرەفخاندا، لەگەڵ چەند کەسی دیکە ئەم نامەیەیان بۆ سوڵتانی عوسمانی (سوڵتان مرادی سێیەم) نووسیوە.
    • “شەمسەدین مەولانا محەمەد شەرانشیبی” کە لە شەرەفنامەدا باسی کراوە، پاش نۆژەنکردنەوەی ئەم مەدرەسەیە لە لایەن شەرەفخانەوە، وەک مامۆستای وانەبێژی ئیخلاسییە دامەزراوە. ئەگەر ئەم نامەیە لە ساڵی ١٠١٠ی کۆچی نووسرابێ، دەبوو واژۆی ئەو زانایەشی پێوە بووبا.

    بەگوێرەی ئەم ڕوونکردنەوەیە، نامەی خەڵەف‌بەگ و نامەی “زانایانی بدلیس” نە لە ڕووی کاتەوە و نە لە ڕووی نێوەڕۆکەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکترەوە نییە.

    وەرگێڕانی ئەم دوو بەڵگەنامانە، چەندە تەواون و چ بابەتی دیکەی تێدایە کە نووسەرانی پاشکۆ خۆیان لێ گێل کردووە، دەیهێڵینەوە بۆ لێکۆڵینەوەی کەسانی پسپۆڕی دەقە کۆنەکان و ئاشکراکردنی نێوەڕۆکی تەواوی نووسراوەکە. تەنیا ئەوە دەڵێین کە “چاومان لە بەخشەندەییی ئێوەیە” لە نامەکەدا بەدی ناکرێ، بەڵام نووسەرانی پاشکۆی١، ئەم واتایەیان لێ زیاد کردووە.

       پاشان نووسەرانی پاشکۆی ١، دەڵێن:

    “بۆ دوایین سەرنجیش، ئاماژە بە نامەیەکی بڵاو نەکراوەی شەرەفخان دەکەین. شەرەفخان لە تێبینییە ڕەسمییەکەی نامەکەدا “A.DVN 12/85“، پێشنیاری بە سوڵتان محەمەدی سێهەم کردووە تا عەلی‌بەگ بکاتە سەرۆکی هەردوو خێڵی کوردی بیلان و خەندەقی. ئەم نامەیە ساڵی ١٠١٠ی کۆچی لەسەرە، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە مانگ و ڕۆژەکەی کرابێ. جا کە خەڵەف ساڵی ١٠١٠ی کۆچی، براکەی بە “مرحوم شەرەفخان” ناوبردبێ (پێشتر دیتمان کە ئەم ڕێکەوتە هەڵەیە) و هەر ئەو ساڵەش شەرەفخان مابێ، زۆر وێدەچێ براکەی سەرەتاکانی ئەو ساڵە، واتە ١٠١٠ی کۆچی، کوژرابێ یا کۆچی‌دواییی کردبێ. بەگوێرەی “A. NST 9/26” کۆتایی ڕەبیعی یەکەمی ١٠١٠ی کۆچی، خەڵەف‌بەگ پاش براکەی بۆتە حاکم. بەڵگەنامەکە دەریدەخا کە ئەو ساڵە هەمان بنەماڵە حوکمڕانیی بدلیسیان کردووە. چونکە لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: “داخوازیی بەندەی نۆکەرتان خەڵەف‌خان، فەرمانڕەوای بتلیس.”

    مادام سەلماندمان کە ڕێکەوتی ڕاستەقینەی نامەکەی خەڵەف‌بەگ ١٠١٢ی کۆچییە، ئیتر ئەم نامەیەی شەرەفخانی پێنجەمیش بەتەوای ڕوونکردنەوەکانی ئێمە دەسەلمێنێ و بە ڕوونی ئاشکرا دەبێ کە لە ساڵی ١٠١٠ی کۆچیدا شەرەفخان هەر زیندووە بووە. بەڵام سەبارەت بە فەرمانڕەواییی میرنشینی بدلیس پاش دەست لەکارکشانەوەی شەرەفخان (لە ساڵی ١٠٠٥ی کۆچیدا) و بەتایبەت سەردەمی میرایەتیی شەمسەدینی کوڕی و ئیتر دواتریش، لانی کەم ئەم پرسە لە نێو دەقە مێژوویییەکان و بەڵگەنامەکاندا بزرە و پێویستی بە توێژینەوەی تایبەت هەیە. ئەگەرچی دەزانین کە سەرەڕای لاوازکردنی دەسەڵاتیان، مافی میراتگرانەی خانەدانی دەسەڵاتداری شەرەفخان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە میرنشینی بدلیس هەر بەردەوام بووە.

    لێرەدا، نووسەرانی پاشکۆی١، لەژێر سەردێڕی “پاشکۆ” کۆتایی بە بابەتەکەیان دێنن و دەڵێن:

    “ئەو بەڵگەنامەیەی وا لێرە دەیبینن (بەڵگەنامەکانی ١ و ٢)، لە ڕووی “BOA A.NST 1138, fols 5-6“ی ساڵی ١٠٠١ی کۆچی، وێنەی گیراوەتەوە. وەک بەڵگەنامەیەک کە لە “باب آصفی” هەڵگیراوە. وا دەردەکەوێ لە کۆشکی تۆپقاپی پارێزرابێ و دواتر گواسترابێتەوە بۆ ئەرشیڤی تازە بنیات‌نراوی بابی عالی (پاشا قاپیسی). بەڵگەنامەکە بریتییە لە دوو پەڕی دووقەدکراو. هەر پەڕێکی دووقەدکراو ٦-١٣ دێڕی بە خەتی دیوانی و سیاق تێدا نووسراوە. دوایین لاپەڕەش مۆرێکی شەرەفخانی بە سەرەوەیە کە نووسراوە “بەندە شەرەف”.

    پاشان لەژێر سەردێڕی ناڕوونی “پوختەی بۆچوون: کارمەندێکی لایەنگری دەوڵەتی عوسمانی” و ئاماژە بە بەڵگەنامەکانی ١ و ٢ دەکەن کە دیار نییە مەبەستی نووسەران لەم سەردێڕە ئەوەیە کە شەرەفخان کارمەندێکی لایەنگری دەوڵەتی عوسمانی بووە یان بەڵگەنامەی ژمارە ١ بۆچوونی کارمەندێکی لایەنگری دەوڵەتی عوسمانییە؟ دیارە پێشتر بە تێر و تەسەلی باسی “بەڵگەنامەکانی ١ و ٢”مان کرد و سەلماندمان کە گریمانەی دووەم ڕاستە. واتە بەڵگەنامەی ١ “پوختەی بۆچوونی کارمەندێکی لایەنگری دەوڵەتی عوسمانی”یە و بەڵگەنامەی ٢، داواکاری شەرەفخانە. بەڵام دیار نییە بۆچی نووسەرانی پاشکۆ لێرەدا ڕاستەوخۆ و بە ڕوونی ئەمە نابێژن؟ بەهەرحاڵ نووسەرانی پاشکۆی ١ لە درێژەی ئەم بڕگەیەدا دەڵێن:

    “دیاری کردنی ژمارەی دەست‌وپێوەندەکانی شەرەفخان لایەنێکی ڕوونی بەڵگەنامەکەیە. شەرەفخان لێرەدا، سەرباری نیگەرانییەکانی لە بارەی گوزەرانی دەستو‌پێوەندەکانییەوە، کە ژمارەیان ٥١ کەس بووە، ئاماژە بە چەند تەوەرێکی تری گرینگ دەکا، کە بێ‌گومان بەکەلک دەبن و زانیاریی زۆرتر دەخەنە سەر لایەنە فەرامۆش کراوەکانی ژیاننامەکە”.

    پاشکۆی ١ لەو ٦ خاڵەی ژێرەوەدا کۆتایی پێ دێت:

    “١- سەرەتای بەڵگەنامەکە ئەوە پێشان دەدا کە شەرەفخان ویستوویەتی بەردەوام خزمەتی دەوڵەتی عوسمانی بکا، (ئەمە دەربڕینی کارمەنەدەکەیە لە بەڵگەنامەی ١دا، نەک ویستی خودی شەرەفخان لە داخوازییەکانیدا لە بەڵگەنامەی ٢دا) بۆیە هیچ هۆیەک بۆ ڕەت کردنەوەی داواکانی لە ئارادا نییە. (ئەمەش لێکدانەوەی خودی نووسەران و بەرپرسە عوسمانییەکەیە) شەرەفخان دوای هەڵمەتەکانی ڕۆژهەڵات، داوای کردووە هێندێک پلە و پایە بدرێتە بنەماڵەکەی و تەواوی ئەو کەسانەش کە لەو هەڵمەتانەدا بەشداربوون، خەڵات بکرێن. (لە بەڵگەنامەکەدا نەهاتووە دوای ئەم هەڵمەتانە داوای کردبێ، بەڵکوو کارمەندەکەی عوسمانی دەڵێ “لەگەڵ خێڵەکەی بەشداریی هەڵمەتەکانی ڕۆژهەڵاتی کردووە و جەنگاوەرێکی دڵسۆز بووە”. شەرەفخان لە بنەماڵەکەی، تەنیا بۆ دوو کوڕی خۆی و دوو کوڕی خەڵەف‌بەگی برای داواکاریی هەبووە، ٥٢ کەسەکەی دیکە سوارەکانی بوون) لە وەڵامی ئەم داوایەدا، “تەرەقی”، سێ‌یەکی “تیمار” و “ئیبتیدا” بە خەڵات دراوەتە ئەو سوارە و دەستو‌پێوەندانە کە لە هەڵمەتەکەدا لەگەڵی بوون. ناوەکان نیشانەی “ح”یان لەسەر دانراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ “بلووک”. “بلووک”یش ناوێکی زۆر کۆنی تورکییە، بۆ یەکەی سەربازیی ١٠٠ کەسی بەکار هاتووە کە یووزباشی (نەقیب) سەرکەردەیان بووە”.

    ٢- ژمارەیەکی بەرچاوی دەستو‌پێوەندەکانی شەرەفخان، بەپێی بەڵگەنامەی هاوپێچی، خەڵکی دەرەوەی بدلیس بوون. ئەم سەرنجانە دەمانگەیێننە ئەو ئەنجامە کە شەرەفخان دەسەڵاتی هەبوو، نەک هەر لە بدلیس، بەڵکوو لە مووش و وانیش، کورد کۆ بکاتەوە و بیانجووڵێنێ  ئەمەش زۆر جێی بایەخە کە بەڵگەنامەکە باسی پێگەیەکی گرینگ دەکا بۆ محەمەدی مووش. بۆیە ئەم بەڵگەنامەیە ئاماژەیەکیشە کە شەرەفخان بەردەوام بایەخی بە ناوچەکەی خۆی داوە”.

    نووسەرانی پاشکۆ لە سەرەوە دەبێژن “شەرەفخان بۆ ٥١ کەس لە دەستوپێوەندەکانی” داوای چی و چی کردووە کە هێندێک لەوانە گوایە خەڵکی “دەرەوەی بدلیس” بوون، واتە بەهۆی ئەم چەند کەسەی دەرەوەی بدلیس بۆ نووسەرانی ئەم پاشکۆیە دەرکەوتووە کە شەرەفخان “هەر نەک لە بدلیس بەڵکوو لە مووش و و وانیش توانیوێتی کورد کۆبکاتەوە و بیانجووڵێنێ”! لێرەشدا دیسان دیار نییە لەکوێی ئەم بەڵگەنامەیەدا دەرکەوتووە کە هێندێک لەم کەسانە خەڵکی دەرەوی بدلیس بوون. تازە ئەگەر ئەمەش ڕاست بێ، وا دیارە نووسەرانی پاشکۆ هیچ لە ژێرخانی هۆز و هۆزایەتیی ئەو سەردەم، و هێز و توانای هۆزەکانی کورد و بەتایبەت هۆزی ڕۆژەکی و هاوپەیمانەکانی و دەوری خانەدانە حوکمڕانەکانی کوردستان نازانن و یان خۆیان لە گێلی داوە! لە لایەکی دیکە، وەک پێشتر باسمان کرد، بەگوێرەی بەڵگەنامەی ٢، ژمارەی “دەستوپێوەندەکانی” شەرەفخان جگە لە زیائەددین و سەیدی و دوو کوڕەکانی خەڵەف‌بەگ، ٥١ کەس نیین، بەڵکوو ٥٢ کەسن! دیار نییە بۆچی نووسەرانی پاشکۆ خۆیان زەحمەت نەداوە ئەم دوو بەڵگەنامەیە لەگەڵ یەکتر هەڵسەنگێنن و جیاوازییەکانی ئاشکرا بکەن؟

    “٣- ئاشکرایە زەوییە دەرەبەگییەکانی عوسمانی دراون بەو کەسانە، کە خزمەتی باشیان لە هەڵمەتە سەربازییەکاندا کردووە. بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، زیائەددین بەرز کرانەوەی پلەکەی بۆ “موتەفەریقەلیق” ڕەت کراوەتەوە. هەر ئەمەش وامان لێ دەکا بەڵگەنامەکە بە دروست بزانین. داخوازییەکانی دیکەی شەرەفخان دەریدەخەن (کام داخوازیی دیکە؟) کە عوسمانییەکان هەمیشە “بویرولدی”یان پێشان داوە. واتە داواکانیان سەبارەت بە دەست‌وپێوەندەکان قبووڵ کردوون. (بەپێی کام بەڵگەنامەی دیکە “داخوازییەکانی دیکەی” شەرەفخان “هەمیشە بویرولدی” پێشاندراوە؟). بە ڕای وەزیر، زیائەددین خزمەتی سەربازیی نەکردووە و هیچ ئەرکێکی حکوومەتیشی نەبووە، بۆیە داوای پلە بەرز کردنەوەی دراوەتە دواوە”. (کام “وەزیر”؟).

    “پلەی موتەفەریقەلیق، بەپێی نەریتی ئیداریی عوسمانی، بەخشراوەتە کوڕانی کاربەدەستانی دەوڵەت (بەڵێ ئەمە بۆ “کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی” نەریت بووە، نەک بۆ میرنشینە سەربەخۆ و نیمچە سەربەخۆکانی کورد. لێرەدا یاسای ئیمپراتۆری کە لە سەردەمی سوڵتان سەلێمەوە پەیڕەو کراوە، کاریگەریی هەبووە و میراتگری و جێنشینیی میرنشینەکان بەخواستی هۆز و خێڵەکان و هۆزە یەکگرتووەکانی کورد بەڕێوەچووە. دیارە هەرچی میرنشینەکان و پشتیوانیان، واتە هۆز و خێڵ و هۆزە یەکگرتووەکانی کورد لاوازتر بوون و لێکتر هەڵبڕاون جا چ بەهۆی کێشە نێوخۆیییەکان و یان پیلانەکانی دەوڵەتەکانی عوسمانی بووبێت، ئەم یاسایە پشتگوێ خراوە و لە کۆتاییشدا لەنێوچوونی میرنشینە سەربەخۆ و نیمچەسەربەخۆکانی کوردی لێ کەوتووەتەوە). کوڕی دەرەبەگەکانیش، بۆ نموونە: خانی نیمچەدوڕگەی کریمە “قرم”، بەگە کوردەکان، بەگەکانی ئەفلاق، بوغدان و ئەردەڵ، زۆرینەی ئەو پلەدارانەیان پێک‌هێناوە. بە عوسمانی کردنی ئەم جێنشینە میراتگرانەی وا لە ئیستامبووڵی پایتەختی ئیمپراتۆرییەکەدا گەیبوونە پلەی بەرزی خوێندەواری، ئامانجی سەرەکیی ئیدارەی ناوەندی ئیمپراتۆریی عوسمانی بووە. کۆمەڵێک پلە وپایەی سەرەتاییی ڕەسمیشی هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەیدا پێ بەخشیون. بە واتایەکی دیکە، ئەمە دەرفەتێکی گرینگ بووە بۆ کوڕە میرەکان تا ئاشنای کەشوهەوا و کاروباری کۆشک ببن”. (ئەگەریش بۆ ئەوان دەرفەتێک بووبێت، مەبەستی عوسمانییەکانیش بووە، بۆ لاوازکردن و دەسەمۆکردنی میرنشینەکان و لەئەنجامدا لەنێوبردنیان).

    “ئەم سیستەمە ئیدارییە وەک هەڕەشەیەک لە دژی میرنشینەکانیش کاری پێ کراوە، تا کێبەرکێ لەسەر پێشەنگایەتیی نێو کۆشک بکەن (ئەم ڕستەیە زۆر سەرنجڕاکێشە!؟ نەک “کێبەرکێ لەسەر پێشەنگایەتیی نێو کۆشک”! بەڵکو دەسەمۆکردنی جێنشینەکانی میرانی کورد، وەک کەرەسەیەکی گرینگ لە لایەن عوسمانییەکانەوە بەکار هاتووە بۆ لاوازکردن و گوێڕایەڵکردنی میرنشێنەکانی کورد). بەپێی نەریت، کوڕە گەورە بارمتەی قانوونی و جێنشینی پلە و پایە خۆجێیییەکانیش بووە، بەڵام دۆخەکە لە بدلیس، وەک میرنشینێکی “یورتلیق-ئۆجاقلیق” گەلێک جیاواز بووە (بۆ جیاواز بووە؟). وا وێدەچێ میرنشینەکە خۆی هۆکار بووبێ (ئەم هۆکارە چی بووە؟ نووسەران ئەمانە ڕوون ناکەنەوە) تا شەرەفخان داوای پلەی “موتەفەریقەلیق” بۆ زیائەددین، نەک شەمسەدینی کوڕە گەورەی بکا (ئەمە نە بۆ ناردنی کوڕەکەی و بەشداربوون لە كێبەركێ بووە، بەڵکوو بەهۆی ئەوە بووە کە لەنێو هۆزی ڕۆژەکی و خێڵە هاوپەیمانەکانیدا، “شەمسەددین” شایستەییی میراتگری و جێنشینیی میرنشینەکەی هەبووە. لە لایەکی دیکەوە ڕەنگە بۆ پێشگرتن لە دووپات بوونەوەی دەستبەسەرداگرتنی بدلیس لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بووبێ، تا لەم حاڵەتەشدا کەسێکی دیکەی ڕۆژەکی لە هەمان خانەدان، واتە “زیائەددین” بکرێ بە میری بدلیس). بەگوێرەی ژیاننامەکە، شەرەفخان بە خواستی خۆی دەسەڵاتی بۆ شەمسەدین بەجێ‌هێشتووە، دەردەکەوەێ زۆر مەبەستی بووە کەسێکی دیکە بنێرێ بۆ کۆشک. هەروەها لە دێڕی ٤ی بڕگەیەکی بەڵگەنامەکەی خوارەوەدا، بە ئاماژەیەک نووسراوە: کوڕی خانێکی پێشوو “خان اوغلو خان” (ئەمە هەمان واتای “خانی کوڕی خان”ە کە پێشتر لە بەڵگەنامەی ٢دا دەبا هاتبا بەڵام نووسەرانی پاشکۆ قرتاندبوویان و لێرەدا بۆ یەکەمجارباسی دەکەن، دیارە لەبەر ئەوەی ڵێرەدا “کاریان پێی هەیە). ئەم بڕگەیە پرسی جێنشینی بدلیس دەردەخا، بۆیە شەرەفخان مافی هەبووە کوڕە گەورەکەی خۆی یان جێنشینی داهاتووی لە ناوچەکە بهێڵێتەوە”.

    “هاوکات پێویستە باسی هێندێک حاڵەتی دیکە بکەین. چەمشگەزک، وەک میرنشینێکی “یورتلیق-ئۆجاقلیق”، دۆخێکی کەم‌وێنەی هەبووە”.

    ڕاستە “دۆخی” میرنشینی چەمشگەزک لەنێو میرنشینەکانی دیکەی کورد کەم وێنە بووە، بەڵام دیار نییە بۆ نووسەرانی پاشکۆ باسی ئەم “دۆخە کەم‌وێنە”یە، بەدێڕێکیش ناکەن! شەرەفخان لە “باسی  میرانی چەمشکەزک” لە لاپەڕەکانی ٣٠٢-٣١٢ی شەرەفنامەدا باسی ئەم دۆخە دەکات. لە سەردەمی سوڵتان سولەیماندا بەهۆی ناکۆکیی نێوان ١٦ کوڕی “پیر حوسێن‌بەگ”، دوایین میری کۆچکردووی ئەم میرنشینە، میراتگرانی بڕیار دەدەن تا بەشێک لە داهات و زەوی و زاری میرنشینەکەیان ببێتە “بەش و مڵکی تایبەتی” سوڵتانی عوسمانی و “ئەوەی دەشمێنێتەوە بکرێ بە دوو سنجاق و چاردە زەعامەت و تیمار” و بەم شێوەیە چارەنووسی میرنشینی چەمشگەزەک و دیاریکردنی فەرمانڕەوایانی میرنشینەکە، بەپێچەوانەی نەریتی باوی میراتگری لە میرنشینەکانی دیکەی کورد، ئیتر بەکردەوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی سوڵتانی عوسمانی و سەربەخۆییی خۆی لەدەست دەدا.

    لە درێژەی خاڵی ٣دا، هاتووە:

    “ئاشکرایە سوڵتان سولەیمانی یەکەم (م. ٩٧٤ی کۆچی) هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتە گەڕ تا مافی جێنشینیی میرنشینەکان سنووردار بکا. دواجار دەوروبەری ساڵی ٩٥٠ی کۆچی، توانیویەتی جێنشینی کورد لەسەر کار لابەرێ و زولقەدر ئۆغڵوو عەلی بەگ لە جێی ئەو بکاتە فەرمانڕەوا”. (بەڵێ ئەمە ئەو بڕیاڕەی ئیمپراتۆرییە بوو کە لە نامەکەی “عولەمای بدلیس”دا داوا کرابوو هەڵبوەشێتەوە).

    “هەر ئەم هەوڵانەی دەوڵەتی عوسمانییش، یەکێک بوون لەو هۆیانەی کە تیرەی ڕۆژەکییان ناچار کردووە بدلیس بەجێ بهێڵێ و ڕوو بکاتە وڵاتی ئێران، لە کاتێکدا “مەلاتییە” و “مەرعەش”یش دراوەتە میر شەمسەدین. سولەیمان‌بەگ، کە لە خزمانی “ساسۆن”یی دایکی بووە، ئامۆژگاریی کردووە سەرەنجام میر شەمسەدین ناچار کراوە پەنا بۆ وڵاتی ئێران بەرێ”.

    دیارە نەریتی جێنشینی و بەردەوامیی خانەدانە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بە فەرمانێک نەگۆڕدراوە و ئەگەریش سوڵتانەکانی عوسمانی ویستوویانە بێگۆڕن، وەک زۆر نموونە کە لە شەرەفنامەشدا هاتووە، پاش ماوەیەک پاشەکشەیان کردووە و ملکەچی خواستی خەڵک و هۆزە یەکگرتووەکانی کورد بوون و بەناچاری میراتگرانی میرنشینەکانیان دیسان گەڕاندووەتەوە سەر دەسەڵات. بۆ نموونە: کاتێک سوڵتان سولەیمان “هەرێمی بدلیسی گرت و شەمسەدین‌خانی لەوێ دەرپەڕاند… “خێڵانی بایەکی و نۆدەکی و بڵباسی ماوەی ٣ ساڵان سەریان وەبەر فەرمانی کاربەدەستانی نەهێنا. تەنانەت تەواوی میر و سەرکردەکانی کوردان بە پێی فەرمانی سولەیمانی، وەکوو دێوەکانی قاف هرووژمیان کردە سەریان، بەڵام نەیانتوانی بە چۆکیاندا بێنن و دەستەمۆیان کەن. سوڵتان سولەیمان … وەختایەک بۆی ڕوون بووەوە کە بە زەبروزەنگ چی بۆ ناکرێ، بەهائەددین‌بەگی میری حەزۆی ڕاسپارد و ئەویش بە زمانی خۆش جەماوەری دۆڵی کیفەندۆر و تیرە و تایفەکانی بایەکییانی بۆ کەوی کرد و هێنانییە بەر بار. لە لایەکی دیکەشەوە خودی سوڵتان کەوتە لاواندنەوە و دڵدانەوەی برایم‌بەگ و قاسم‌بەگی کوڕانی شێخە‌میری بڵباسی و ئاوا دەسەڵاتی بەسەر بدلیسدا شکایەوە و بە زەبری زۆر چی بۆ نەکرا”. (شەرەفنامە، ل. ٥٥٦).

    “٤- هەڵبەت دژایەتیی زیائەددین بە هۆی سیاسەتێکی عوسمانییەکانەوە سەری هەڵداوە. ئەوان ویستوویانە گرفت بۆ شەرەفخان بخوڵقێنن (پێشتر باسمان کرد زیائەددین لە ساڵی ١٠١٥ی کۆچیدا، “بەیعەتی بە شاعەباسەوە” کردووە، دیارە ئەو کاتی شەرەفخان کۆچی دواییی کردبوو). وەزیری عوسمانی داوای لە سوڵتان کردووە گومانەکە بڕەوێنێتەوە. بەڵام وەڵامەکەی، کە ڕەنگە لە خولی دواتری کۆشکی پاشادا گفتوگۆی لەسەر کرابێ، دیار نییە (کام وەزیر و لە کوێ ئەم داوایەی کردووە و چ گومانێکی ڕەواندووەتەوە؟ دیار نییە و نووسەرانی پاشکۆی ١، تەنیا بە “ڕەنگە” چارەی دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا دیسان دەڵێن “دیار نییە”). زۆر وێدەچێ عوسمانییەکان داخوازییەکەیان نەدابێتە دواوە، چونکە داوایەکی یاساییی میرێکی یەکجار ئەمەگداری کورد بووە. (بێ ئاگایی لە بارودۆخی هۆز و هۆزایەتیی میرنشینەکان، لێکدانەوەی وەها لاوازی لێ دەکەوێتەوە و نووسەرانی پاشکۆی ١، هەموو ڕووداوەکە دەبەستنەوە بە “ئەمەگداریی یەکجار زۆری” میرێکی کورد و گەرەکیانە بە “زۆر وێدەچێ” بیسەلمێنن).

    خۆ دووریش نییە، زیائەددین خۆی، نەک باوکی، هۆی گرفتەکە بووبێ. دۆسییەی سیاسیی پاڵێوراوە کوردەکان لە هی نەیار و ئامۆزا و تەنانەت برا و باوکیشیان جیا بووە؛ بۆیە وێدەچێ وەزیر (دیسان “وەزیر”، کام وەزیر و لە کوێ؟)، وەک کەسی دەسنیشانکەر، مەبەستی بووبێ هێندێک لایەنی ڕابردووی کاری سیاسیی زیائەددین وەبیر بێنێتەوە. ڕەنگە زیائەددین هێندێک پێوەندیی ژێربەژێری لەگەڵ ئێرانییەکان هەبووبێ (دیسان “وێدەچی” و “ڕەنگە” بە بێ بەڵگە! ئەم “پێوەندییە ژێربەژێرە” لە ساڵی ١٠١٥ بووە و هیچ پێوەندییەکی بە کاتی نووسینی داخوازییەکەی شەرەفخانەوە لە ساڵی ١٠٠١ی کۆچیدا نییە.)، وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد ساڵی ١٠١٥ی کۆچی، بەیعەتی بە شای سەفەوی کردووە. گومانی تێدا نییە، سەرچاوەی زۆرینەی ئاڵۆزییەکانی دوای مردنی زیائەددین (کەی زیائەددین مردووە و چ ئاڵۆزییەک سازبووە؟ هیچیان دیار نییە)، لەو ئیمپراتۆرییە دەرەکییەوە بووە کە زیائەددین پێشتر جۆرێک پێوەندیی لەگەڵیان بووە (بڕوانن بە “وێدەچێ” و “ڕەنگە” چۆن چۆنی گەرەکیانە ئەم دڵنیاییە بسەلمێنن، تاکوو ئەم چەند تێڕوانینەی لێ هەڵێنجن:) جا لەبەر ئەوەی شەرەفنامە وەک بەشێک لە سیاسەتێکی ڕێک لەگەڵ عوسمانی نووسراوە، نووسەر ژێرانە هەنگاوی هاوێشتووە و زۆر خۆی لە باسی زیائەددین نەداوە. دیارە شەرەفخان تەواوی هەستی بە نیگەرانیی عوسمانییەکان کردووە” (پەیوەندی زیائەددین لەگەڵ سەفەوییەکان” ساڵی ١٠١٥ی کۆچی بووە و نووسینی شەرەفنامە ساڵی ١٠٠٥ی کۆچی تەواو بووە).

    “٥- پێویستە سەرنج بدەینە دوو کوڕی دیکەی شەرەفخان، کە ناویان لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە. سێهەمیان، بەداخەوە ناوی نەهێنراوە. جگە لە “زەعامەت”، هیچ شتێکی دیکەی لە بارەیەوە نازانین. بایەخی ئەم بەڵگەنامەیە لە ئاماژە کردنیدایە بە کوڕی چوارەمی شەرەفخان کە لە هیچ شوێنێکی تردا ناوی نەهاتووە. ئێمە تەنیا دەزانین ناوی “سەیدی” بووە و چ دەورێکی لە کەرتی سەربازیی عوسمانی و ڕێکخستنی مڵکداریدا بینیوە، بۆیە گەلێک پرسیار هیشتا بێ وەڵام ماونەتەوە”.

    سەبارەت بەم خاڵە وەک پێشتر باسمان کرد، شەرەفخان لە بەڵگەنامەی ٢دا، تەنیا باسی ٢ کوڕی خۆی دەکات: “پلەی قاپوو موتەفەرریقەلغی ببەخشن بە زیائەددین” و “بەپێی یاسای ئیمپراتۆری، زەوی زەعامەت ببەخشن بە کوڕی بەندە سەیدی”. بەڵام ئەوە بەرپرسەکەی عوسمانییە کە لە خشتەی بەڵگەی ١دا، هەڵەی کردووە و نووسەرانی پاشکۆ ئەم هەڵەیان قۆستووەتەوە و بە تێکەڵکردنی لەگەڵ بەڵگەی ٢، بەم شێوەیە چوار کوڕیان بۆ شەرەفخانی پێنجەم بژاردووە: “بۆ یەکێک لە کوڕەکانی: موتەفەرریقەلیق” (کە ئەمە زیائەددینە) و “بۆ دوو لە کوڕەکانی: زەوی زەعامەت بەخشرا” (کە ئەمانە دوو کوڕی خەڵەف‌بەگن نەک کوڕانی شەرەفخان)، لەگەڵ کوڕی دووەمی شەرەفخان، “سەیدی” کە نووسەرانی پاشکۆی ١، بە کوڕی چوارەمی شەرەفخان دەیقەبڵێنن و لە خاڵی شەشەمدا دەڵێن:

    “٦- گرینگە کەمێک باسی پلە و پێگەی “چاووشلیق” بکەین. ئەم ناسناوە بۆ فەرمانبەرانی بەشە جیاجیاکانی کۆشک و پیاوانی پلەنزمی سەربازیش بەکار هاتووە، بەڵام وەک لە نووسراوەکانی شەرەفخاندا دەردەکەوێ، ئەو کاتە واتایەکی تەکنیکیشی هەبووە و بۆ ئەو کوردانە بەکار هێنراوە کە لە کۆنەوە لە کۆشک ماونەتەوە (بەپێی چ سەرچاوەیەک “واتایەکی تەکنیکی!” واتە، ڕواڵەتیی هەبووە؟ و بەپێی چ بنەمایەک لە نووسراوەکەی شەرەفخاندا ئەمە دەر دەکەوێ؟) هەر لە چوارچێوەی ئەم نەریتەشدا شەهاب چاووش، کە یەکێک بووە لە پیاوانی شەرەفخان، وەک چاووشی دەرگا نێردراوەتە کۆشکی ئیمپراتۆری. دوای مردنیشی شەرەفخان پلەکەی بۆ کەسێکی دی داوا کردووە.

    دڵنیا نیین کام میرنشینی کورد توانیویەتی “چاووشلیق” بنێرێتە کۆشک. گومان هەن لەوەی وا هەموو میرنشینە “یورتلیق-ئوجاقلیق”ە کوردییەکان، لەو سیستەمەدا بووبن. لەبەر ئەوە چەمکەکە نێوەنێوە بۆ ئەم مەبەستە دەکار کراوە”. (دیار نییە نووسەرانی پاشکۆی ١، بەپێی چ بنەمایەک ئەم گومانەیان هەیە، لە کاتێدا شەرەفخان بەم شێوەیە دەریبڕێوە: “هەر “ئوجاق‌بەگ”ێک بەردەوام یەکێک لە پیاوەکانی، وەک “دەرگا چاوشلیق”، دەنێرێتە پایتەخت. بڕواننە بەڵگەی ٢).

    لێرەدا نووسەرانی پاشکۆی ١، لەژێر سەردێڕی “ئاکامی وتار”، بەم شێوەیە کۆتایییان بە پاشکۆی ١ هێناوە:

    “جگە لە وردەکاری، زۆر لایەنی ژیانی شەرەفخان هێشتا نادیارن. هەڵەش دەکەین ئەگەر بمانهەوێ پشت بە چیرۆکە باوەکەی ژیانی ببەستین، چونکە کاتی ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکە سنووردارە و بە ساڵی ١٠٠٥ی کۆچی، دوایی دێ. سەرباری ئەوەی کە هەستی خۆی لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەدا ڕەنگی داوەتەوە، دەکرێ بڵێین سەرجەمی مێژووەکان نەیانتوانیوە ئەو بەرگەی لە بەر دابماڵن و تەواو بابەتیانە بینووسنەوە. مێژوویەکی دوورودرێژی پڕ لە بۆچوونی تایبەتی کەسیمان بۆ بەجێ‌ماوە کە هێندە ڕاستیی لە بارەی شەرەفخانەوە تێدا نییە”.

    واتە “مێژووە دوورودرێژە”کەش “هێندە ڕاستی”ی تێدا نییە. جوان سەرنج بدەنە دوایین ڕستەی پاشکۆی١ کە دەڵێ:

    “ناکرێ ئەمە وەبەرچاو نەگرین کە ئێمە لێرەدا بەرەوڕووی نموونەیەکی هاڵۆزی کوردی و گرۆی جیاجیا و ئامانجی جۆراجۆر و ڕوانگەی جیاواز دەبینەوە. دەسەڵاتی عوسمانی و ئێرانی و ئەرمەنی، شەرەفخانیان باش ناسیوە و سەرنجیان خستۆتە سەر ڕووداەکانی میرنشینەکەی. سەرەنجام هێندێک جار گۆشەی جیاواز لەمەی خۆمان، لە نووسین و باسەکانیاندا دەبیندرێ”.

    دەبێ بڵێین نەک هەر ئەو کاتی، ئێستاش دەسەڵاتەکانی تورکیا و ئێران و ئەرمەنی، نەک هێندێک جاریش و نەک بەگۆشەی جیاواز، بەڵکوو بەردەوام و بە بەربڵاویی خەریکی شێواندنی ڕووداوەکانی مێژووی کورد و کوردستانن. نووسەرانی پاشکۆی١، لە دوایین دێردا دەڵێن:

    “هەر بۆیە گرینگە ئەو باس و لێکۆڵینەوانەی ئەوان وەبەر چاو بگرین هەتا باشتر لەگەڵ ژیان و کاری شەرەفخان ئاشنا ببین. ئەمە سەرەتایەکە و دەکرێ تێگەیشتنێکی دیکەمان بۆ ڕووداوە گرینگەکان لا دروست بکا، بەڵام زانیارییەکان هێشتا کەمن و بەشی پڕ کردنەوەی کەلێنەکانی ئەم بوارە ناکەن”.

    واتە دەبێ لەمەوبەدوا چاوەڕوانی “کاری هاوبەش”ی “تاران- ئەنقەڕە- یەریڤان” لەم بوارەدا بکەین و ڕەنگە “مۆسکۆ”و هێندێک “پسپۆڕی کورد”یش تێکەڵیان بن و ئەم بابەتەش ببێتە سەرەتایەک بۆ گەلێک “کاری هاوبەشی ئاکادێمیانە!” بۆ شێواندنی مێژووی کورد و کوردستان.

     

    کۆتایی شیکاریی پاشکۆی ١

    بەگوێرەی پێداچوونەکانی نووسەری ئەم دێڕانە، “مستەفا دێهقان” و “فورال گەنچ” پاش بڵاوکردنەوەی ئەو دوو پاشکۆیە، خۆیان خەریکی گەلێک بابەتی دیکەی تایبەت بە کورد و مێژووی کوردستان کردووە، بەتایبەت لە دواین بەرهەمیان (٢٠١٩) بەناوی: “Kurdish Emirs in the 16th-Century Ruus Registers”، “میرانی کورد لە سەدەی ١٦دا ڕئووس دەفتەرلەری” واتە لە “دەفتەرەکانی تۆماری کاربەدەستانی دەوڵەتی”دا، هەموو توانایان بۆ شێواندنی شەرەفنامە و مێژووی کۆنی کورد و کوردستان تەرخان کردووە و بە پشتبەستن بە “ڕئووس دەفتەرلەری” عوسمانییەکان و بەپێی ڕوانگەی باوی مێژوونووسینەوەی چەواشەکارانەی فەرمیی ئێرانی و تورکی، ڕێک بەشی هەرە گرینگی شەرەفنامە، واتە بەشی یەکەمی شەرەفنامە کە باسی کۆمەڵێک لەو میرانەی کوردستان دەکات کە “ئاڵای سەربەستییان هەڵداوە و مێژوونووسان لە ڕێزی پادشایاندا ڕیزیان کردوون”، خستووتە ژێر پرسیار و هەوڵیانداوە خەوشداری بکەن و لە ئاکامیشدا دەڵێن، سەتاسەری ئەم مێژوویە بە هەڵە نووسراوە!

    هیوادارم مێژوونووسانی کورد نەکەونە شوێن ئەو هێڵە هەڵەیە کە بە ئەگەرێک، فیتی دوژمنان و داگیرکەرانی خاکەکەمانی لەپشتە.

    هەڵبەت گومان لەوەدا نییە کە دەقێکی پتر لە ٤ سەدە کۆن، ناکرێ بەری لە هەڵە بێت. بەڵام ئەمە نابێ ببێتە پاساو و بیانوو بۆ کێشانی هێڵی سوور بەسەر تەواوی ئەو مێژوو و بەسەرهاتانەی کە شەرەفخان لە شەرفنامەدا وەک بەشێک لە مێژووی کورد و کوردستان ئاماژەی پێ کردوون. لێکۆڵینەوە لە دەقە کۆنە مێژوویییەکان کاری ئاکادێمیکی زانستیانەیە، بەڵام ئەگەر کەوتە خانەی شێواندنی مێژوو، بەرهەمێکی وەک پاشکۆی ١ و ٢ و نووسراوەکانی دیکەی ئەم دوو کەسەی لێ دەکەوێتەوە. 

    بۆیە هیوادارم نێوەندەکان و توێژەرانی مێژووی کورد و کوردستان لەهەمبەر ئەم شێواندنانەدا هەست بە بەرپرسیارەتیی خۆیان بکەن و بەرپەرچی زانستییانەی پێویستیان پێ بدەنەوە.



    سەرچاوەکان

    1. بدلیسی شەرەفخان، شەرەفنامە. وەرگێڕ سەلاحەددین ئاشتی، بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠١٧.
    2. عەبدالرقیب یوسف، تابڵۆکانی شەرەفنامە. بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠٠٥.
    3. چەڵەبی ئەولیا، سیاحەتنامە. کورد لە مێژووی دراوسێکانیدا، وەرگێڕ سەعید ناکام، بەغدا، کۆڕی زانیاری کورد، ١٩٧٩.
    4. ڕاجر سێیڤری، ئێرانی سەردەمی سەفەوی. وەرگێر سەلاحەددین ئاشتی، بنکەی ژێن، سلێمان ٢٠٠٦.
    5. ماڵپەڕی موراد جوان. muradciwan.com
    6. اسکندر بیگ منشی، تاریخ عالم آرای عباسی، ٣ جلد. ایرج افشار، تهران ١٣٥٠ شمسی.
    7. ملا جلال الدین عباسی (منجم)، تاریخ عباسی (روزنامە ملا جلال). بە کوشش سیف‌اللە وحیدنیا، تهران ١٣٧٧ شمسی.
    8. راجر سیوری. ایران عصر صفوی. ترجمە کامبیز عزیزی، تهران ١٣٨٥ شمسی.
    9. ابوبکر بن عبدللە، تاریخ عثمان پاشا. ترجمە یونس زیرک، تهران ١٣٨٧ شمسی.
    10. والتر هینتس. شاە اسماعیل دوم صفوی. ترجمە کیکاوس جهاندار، تهران ١٣٧١،
    11. Osmanlı Dönemi لە ماڵپەڕی:

     http://www.malatya.gov.tr/osmanli-donemi?fbclid=IwAR1lnOEXA3BvGgZTir4f8V8h7ak205Yl7ftncDSZDvab5NujiVgjdI4PgMY

    1. ویکیپێدیا. فارسی، بابەتی “آراکل داوریژتسی”.
    2. Muhammet Kemaloğlu XI.-XIII. YÜZYIL TÜRKİYE SELÇUKLU DEVLETİNDE EĞİTİ ÖĞRETİM s. 99.