ئارامتر بخوێنەوە!
لێکدانەوەی لایەنی ئەخلاقی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ئامادەکردن: ژیوان کوردستانی
پێشەکی:
جیهانێک کە تێدا دەژین وەها گۆڕاوە هێرشی ڕاگەیاندنەکان تەنگی بە ژیان هەڵچنیوە. ئیدی جیهانی سادەی پەیوەندی نەماوە. سەردەمانێک ڕاگەیاندنی مرۆڤ لە ڕێگەی باڵندە و ئاژەڵەکان دەکرا. بەڵام زانست و تەکنۆلۆژجیا لەم سەردەمەدا وەها بەسەر مرۆڤدا باریوە کەس ناتوانێت خۆی لێ لا بدات. تەمسیلی خەیاڵی سەحرای مەحشەر لە ئاییندا تەکنۆلۆژیا جێبەجێی کردووە. ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان لە ئەمڕۆدا ژیانیی مرۆڤیان خستووەتە ژێر چاودێریی خۆیانەوە. هەرکە تەلفزیۆنەکە دەکەیتەوە هەواڵ و زانیارییەکان هێرشت بۆ دێنن، موبایلەکەت دەکەیتەوە بە هەمان شێوە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکان بەردەوام زانیاریت بۆ دێنن. لە ئەمڕۆدا جیهانیی واقع و سادە بچووک بووەتەوە، هەر ئەوەندەی کە لەشێکت هەیە و زیندوویت، بەڵام ڕاستییەکان کەوتوونەتە پەڕاوێز و لە سێبەری جیهانیی مەجازیدایە، کایە ئەلکترۆنییەکان وەها مرۆڤی داگیر کردووە تەنانەت پارە دەرهێنانن و ئابووریش وردە وردە بووەتە بەشێک لە جیهانیی مەجازی. مرۆڤی سەدەی ٢١ بەبێ تەکنۆلۆجی نەخۆش دەکەوێت. ئەگەر کەسێک موبایل و تەلەفزیۆن و سەتەلایەتی نەبێ هەست بە نامۆیی دەکات، وا دەزانێ شتێکی ون کردووە. (بتی زەینی) مرۆڤی ئەم سەردەمە و قیبلەکەی لە موبایلەکەیدایە، موبایلەکەیەتی ئاگامەندی و هۆشیاری بۆ پێناسە دەکات، بە هەموو شێوەیەک ئاراستەی مرۆڤەکان دەگۆڕێت. کەواتە بەباشی دەزانین لە دەلاقەی ئەخلاقەوە بڕوانینە میدیا و ڕاگەیاندنەکان کە بەشی زۆری جیهانیی ئەمڕۆی ئێمەی پێک هێناوە.
ڕاگەیاندن و ئەخلاق
هه‌رکه ته‌له‌فزیۆنه‌که‌مان هه‌ڵ کرد یان ڕۆژنامه‌کانمان خوێنده‌وه یان ڕادیۆکه‌مان هه‌ڵ کرد، دوای چه‌ند خوله‌کێک هه‌واڵه‌کان و زانیارییه‌کان ده‌بیسین بۆ نموونه، کارۆلیناى خه‌ڵکی مۆناکۆ، له ڕۆژی جێژنی له‌دایکبوونی خۆی چه‌ند پاره‌ی سه‌رف کردووه، یان ئەوەی کە په‌یوه‌ندی نێوان ئیشتهڤی گڕاف و ئاندره‌ی ئاغاسی چی به‌سه‌رهات، سه‌رکۆماری ئامریکا چ گۆڕانکاریه‌کی له خانووەکهیدا کردووه و یان ئۆلدیش ــ قاره‌مانی پاسکیل سواریی جیهان ـــ چه‌نده کێشی خۆی دابەزاندووە. داعش چۆن دوو وڵاتی داگیر کرد و بێبەزییانە ڕەشەکوژی دەکات. ڕاگه‌یاندنه جه‌ماوه‌رییه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن زۆربه‌ی هه‌واڵ و زانیارییه‌کان له چه‌قی حه‌زی خه‌ڵکدا بۆ خوێنەرهکانیان بڵاو بکه‌نه‌وه. ته‌نانه‌ت هەندێک له که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه و چاپه‌مه‌نییه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرسیاره تایبه‌ته‌کانی ژیانی تاکه‌که‌سی و نهێنیی ئه‌ستێره‌کانی سینه‌ما و گۆرانیبێژه‌کان، پاڵه‌وانه‌کان و سیاسییه‌کان بڵاو بکه‌نه‌وه و بیدرکێنن. به‌ڵام ته‌نیا به‌مه‌ش قه‌ناعه‌ت ناکه‌ن، هه‌واڵی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م که‌سانه بڵاو ده‌که‌نه‌وه و له ڕێگەی ڕاگه‌یاندنه‌کانی وەکوو ڕۆژنامه به خه‌ڵکی ده‌فرۆشن. ته‌نانه‌ت کەسە مه‌ده‌نییە ئاساییه‌کانیش تووشی ئه‌م چه‌رمه‌سه‌رییه ده‌بنه‌وه، ئه‌وان پرسیارنامه‌ی جۆراوجۆر له کۆمپانیا و سیسته‌می ڕاپرسی وه‌ر ده‌گرن و له کاتێکدا سه‌ردانی سه‌نته‌ر و ده‌زگا حکوومی و تایبه‌ته‌کان ده‌که‌ن، پرسیارنامه‌کان پڕ ده‌که‌نه‌وه، یان له وتووێژیکدا به مه‌به‌ستی دامه‌زران له ئیدارەیەک وڵامی ئه‌م پرسیارنامانه ده‌ده‌نه‌وه و له داموده‌زگایه‌دا هەندێک له‌و پرسیارانه باس له ژیانی تاکه‌که‌سی ئێمە ده‌کات و ئێمەش و‌ڵامیان ده‌دینه‌وه. له ڕێگەی ده‌ستکه‌وته نوێیە ته‌کنیکییه‌کانی وەکوو کۆمپیوته‌ر له هەموو شوێنێکدا بانکی زانیاری هه‌یه و زۆربه‌ی زانیارییه تاکه‌که‌سییه‌کانی ئێمە له‌م بانکانه‌دایه. بۆ نموونه: ئاماژه به‌م لایه‌نه ده‌که‌ین که‌وا ڕاده‌ی چوونه لای پزیشک، ژماره‌ی هاتووچۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و نێوخۆ و بڕی پاره‌یه‌ک که له‌م بانکانه‌دا دامان ناوه و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رى ئیداره‌که‌مان، زۆر بابه‌تی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه… هەمووی کۆ ده‌کرێنه‌وه و هه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌مانزانی داموده‌زگا جۆربەجۆرەکانی وەکوو بانکه‌کان، نه‌خۆشخانه‌کان، زانکۆکان، ده‌فته‌ری کۆمپانیای هیڵی ئاسمانی، ناوچه‌کانی شاره‌وانی و … تا چ ڕاده‌یه‌ک زانیاری‌یان له سه‌ر ئێمە هه‌یه، سه‌رسام ده‌بووین.
مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له که‌شی تایبه‌ت له سروشتی مرۆڤدا بناغه‌ی داکوتاوه و مرۆڤ بوونەوەرێکی خاوه‌ن ئەقڵە و پێویستی به که‌شیکی تایبه‌ت هه‌یه. هه‌ر مرۆڤێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه و ته‌نانه‌ت پێویستە بەشێک له ژیانی خۆی ـ کردەوەکانی، بیرکردنه‌وه و هه‌سته‌کانی ـ ته‌نیا بۆ خۆی، خێزان یان هاوڕێیەکانی به‌کار بێنێت. له دریژه‌ی ئه‌م باسه‌دا ئاماژه به چه‌ند خاڵ ده‌که‌ین که له ڕوانگه‌ی ئێمەدا مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له که‌شی تایبه‌ت له ژیاندا هه‌یه:
ئا) مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له ناوی تایبه‌ت و مافی ده‌ربڕینی بیروبۆچوونه‌کان: ئێمه تیکڕا مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه له ناوی تایبه‌ت بۆ خۆمان که‌ڵک وه‌رگرین. هیچ که‌س ڕێگەی پێ نادرێت به‌بێ ئیزنی ئێمە له‌م ناوانه که‌ڵک وه‌رگرێت، یەکێک له ئاسایی‌ترین و باوترین کرداره‌کانی دژ به‌م مافه له لایه‌ن ڕۆژنامه‌کان دەکرێت، وەکوو بڵاوکردنی هەندێک وته به‌ناو کەسێکه‌وه ئەمە لە کاتێکدایە ئه‌و کەسە ئەو شتانه‌ی نه‌وتووه.
ب) مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له وێنەی تاکه‌که‌سی: کاتێک مرۆڤ سه‌رقاڵی که‌شی تایبه‌تی خۆیه‌تی، بۆ نموونه له باخی ماڵه‌که‌ی خۆی، سه‌رقاڵی مه‌له‌کردنه، یان به‌یانی شەممه له مه‌زراکه‌ی خۆیدا به جلی ڕاحه‌ته‌وه، خه‌ریکی نانخواردنه و هیچ که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه به‌بێ ئیزنی ئه‌و وێنەی لێ بگرێت و پێشانی هەموو کەسێکی بدات. به‌ڵام بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنەی که‌سه‌کان له کاتێکدا ئیشێکی کۆمەڵایەتیان له ئه‌ستۆدایه (بۆ نموونه نوێنەری په‌رله‌مانه)، یان کاتێک وه‌زیری ده‌وڵه‌ت له په‌رله‌ماندایه و سه‌رقاڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیارین، ئاساییه و کێشەی نییه. بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنە و فیلمانه بۆ هەمووکهس ئاساییه، چونکوو وه‌زیر له‌و کاته‌دا له ئیشه کۆمەڵایەتیهکهیدا ئاماده‌یه.
ج) مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له وتووێژه تاکه‌که‌سییه‌کان: کاتێکه کەسێک باس له‌سه‌ر پرسیاره تایبه‌ته‌کانی ده‌کات، بۆ نموونە له ڕێگەی ته‌له‌فۆن، نامه، پۆستی ئه‌لکترۆنیکی یان له کاتی پیاسه‌کردن و زۆرشتی تر بێت، هیچ که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه نێوه‌ڕۆکی ئه‌م وتانه بۆ خه‌ڵکی بدرکێنێت. بۆ نموونه، ئیزنی ئه‌وه‌ی نییه نێوه‌ڕۆکی نامه‌یه‌ک که هه‌ستی خوشه‌ویستی خۆی بۆ کەسێک نووسیوه، یان له دیالۆگیکی ته‌له‌فۆنیدا به‌هۆی لهكیسچوونی یەکێک له که‌سوکاره‌که‌ی په‌یامی بۆ ناردووه، بڵاوی بکاته‌وه، دەبێت بزانین له‌م بارودۆخه‌دا وتووێژه‌کان تایبه‌تن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م وتووێژانه په‌یوه‌ندی به ڕێکخستنی کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆر و ته‌قینه‌وه بێت. بۆ نموونه یەکێک له تیرۆریسته‌کان بۆ ته‌قینه‌وه له ویستگه‌ی میترۆ یان پاسیکدا له‌گه‌ڵ تیرۆریستێکی هاوڕێی له ڕێگەی مۆبایل یان ته‌له‌فۆن، بڕیار ده‌دا یه‌ک ببێنن، گەرچی وه‌ها شتێک له‌م شێوەیه په‌یوه‌ندی به وتووێژی تایبه‌ته‌وه نییە. بۆ نموونه وتووێژێک كه له نێوان وه‌زیر و کاربه‌ده‌ستێکی کۆمپانیایک له ئارادایه و له‌م پیوه‌ندیه‌دا پێشنیاری به‌رتیلخواردن ده‌دریت، بابەتێکی تاکه‌که‌سی نییە.
د) مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له نهێنییەکانی ئیش‌کردن: ئێمە هەموومان مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه بۆ خویندن و توێژینه‌وه له ڕاوێژکارێک یارمه‌تی وه‌ر بگرین، بۆ ئەوەی کە ڕێنوێنیمان بکات. پزیشک و پارێزه‌ره‌کان له‌و که‌سانه‌ن پێویستە یارمه‌تیان لێ وه‌ر بگرین. ئه‌وان به‌هۆی ئیشێک که هه‌یانه، له ژیانی نه‌خۆشه‌کان و پارێزراوەکانیان ئاگادارن، ئیزنی ئه‌وه‌یان نییه نهێنییه‌کانی ئه‌وان بڵاو بکه‌نه‌وه، بۆ نموونه، خاتوونێک ده‌چێت بۆ لای پارێزەرێک داوای لێ ده‌کات له مه‌حکه‌مه‌دا لایه‌نگری له مافه‌کانی بکات پارێزەرهکه ئیزنی ئه‌وه‌ی نییە، نهێنییەکانی پارێزراوەکه بڵاو بکاته‌وه و خه‌ڵکی لێ ئاگادار بکاته‌وه.
هـ) مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له ڕێزلێنان و ناوبانگدەرکردن: ئه‌م مافه، یەکێک له گرنگترین مافه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییە کە له ڕێگەی که‌ڵکوه‌رگرتن له ناودهرکردنى مرۆڤه‌کان متمانه به یه‌کتر ده‌که‌ن پێکه‌وه و په‌یوه‌ندی ده‌گرن. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر کەسێک ناوبانگ و ڕێزێک کە هه‌یه‌تی له کیسی بدات و ڕێزی لێ ناگرن، گرفت و کێشەی زۆری بۆ دروست دەبێت، به زه‌حمه‌ت ئیشی ده‌س ده‌که‌وێت، هیچ که‌س حه‌ز ناکات گرێبه‌ستێکی له‌گه‌ڵدا ببه‌ستێت، هاوڕێیەکانی دووره‌په‌ڕێزی لێ ده‌که‌ن و هاوڕێی بۆ په‌یدا نابێت. واى دابنێ قوتابییه‌ک وەکوو کەسێکی «ساختەچی» ناو بانگی ده‌رکردووه، مامۆستاکانی متمانه‌یان پێ نییە، له چالاکییه‌کانی پۆله‌که‌یدا له به‌ره‌وه‌ی پۆله‌که دایده‌نێین و به تایبه‌تی چاودیری ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت کاتێک ئه‌م خوێندكاره کاری باشیش ده‌کات، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، دیسانه‌وه فیڵبازانه خهشى کردبێت و ئه‌م گومانه‌ی به‌رده‌وام له سه‌رى هه‌یه. پزیشکێک له کاتی نه‌شته‌رگه‌رییدا نه‌خۆشه‌که‌ی گیانی له ده‌س ده‌دات و ئه‌م کێشەیه دەبێته هۆی ئه‌وه‌ى كه به خراپه ناو ده‌ر بکات و پاش ئه‌م ڕووداوه هیچ که‌س ناچێت بۆ لای و ته‌نانه‌ت بۆ نه‌خۆشییه‌کی چووکەتر وەکوو ده‌رهاوردنی مێخهکهش له ده‌ستدا پرسی پێ ناکه‌ن. مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له ناوده‌رکردن و ڕێزلێنان، یەکێک له‌و هۆکارانه‌یه به‌باشی بۆ ده‌رخستنی ڕێزگرتن له غه‌یبه‌تکردن یەکێک له هه‌ڵه ئاکارییهکانه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه ڕاست بێت ئه‌م خاڵه له به‌رچاو بگرین که‌وا خه‌شکردن و غه‌یبه‌تکردن زه‌ره‌ر له مه‌زنی و ڕێزی مرۆڤ ده‌ده‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش درکاندنی نابەجێی قسه و باسی کەسانێکى دیكه، به‌دڕه‌وشتی و ناشیرینی کرداری ئه‌و مرۆڤه پیشان ده‌دات. له به‌رانبه‌ر ئه‌م کرداره خراپه‌دا، بێده‌نگی باشترین فه‌زیله‌ته.
مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له که‌شی تایبه‌تى بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له پانتای گشتیدان مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له پانتای تایبه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سایه‌تییه و ڕێزه‌ی به‌و مرۆڤه دراوه، هەموومان خاوه‌ن مافێکی له‌و جۆره‌ین. له‌لایه‌کی دیكه، كۆمه‌ڵێك مرۆڤ هه‌ن ئیشی کۆمەڵایەتییان پێ سپێردراوه و له به‌رده‌م چالاکییه کۆمەڵایەتییه‌کاندا به‌رپرسن، ئه‌و چالاکییانه‌ی که په‌یوه‌ندی به سەرجەم کۆمەڵگاوه هه‌یه. چالاکی خوێندكارێک خوی بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتاییی ساڵ ئاماده ده‌کات، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به کۆمەڵگاوه نییە. له به‌رانبه‌ردا، چالاکییه‌کانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت یان کاربه‌ده‌ستێکی باڵای حکوومه‌ت ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌خۆ كاریگه‌ری و په‌یوه‌ندی به سەرجەم کۆمەڵگاوه هه‌یه (بۆ نموونه ده‌ربڕینه ناژیرانه‌کانی کاربه‌ده‌ستێکی ده‌وڵه‌تی، له ئامریکای باکوور، له ڕۆژنامه‌کاندا ڕووخانی بازاڕی ئابووریی و قه‌یرانی ئابووریی له ئامریکای لاتینی لێ که‌وته‌وه. زۆرجار دیاریکردنی سنووری نێوان لایه‌نی تاکه‌که‌سی و جه‌ماوه‌ر ڕوون و ئاشکرا نییه. بۆ نموونه هه‌واڵێک کە له‌سه‌ر تووشبوونی سه‌رکۆماری ئامریکا به شیرپه‌نجه‌وه، له‌گه‌ڵ کەسێکی ئاسایی یان هاوپۆلهکهماندا جیاوازە. هه‌ردوو په‌یامی هاوسۆزی ئێمەیان پێ ده‌گات، به‌ڵام مه‌رگی سه‌رکۆمار به‌هۆی شێرپهنجهوە، ئه‌نجامی بەربڵاویی به‌دواوه‌یه، تاکوو مه‌رگی هاوپۆله‌که‌ی ئێمە. ئه‌مه له حاڵێکدایه سه‌رکۆمار، یان وه‌زیری باڵا، له ناکاو بمرن، بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئه‌و وڵاته تێک‌وپێک ده‌دات، کەسێک بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمار پاڵێوراوه، مافی ئه‌وه‌ی نییه نه‌خوشییه نهێنییەکانی خۆی له جه‌ماوه‌ر بشارێته‌وه. له وڵاته یه‌کگرتووەکانی ئامریکا به‌شداربووەکان بۆ زانیاریوه‌رگرتن، له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی پاڵێوراوەکان، ڕۆژ له دوای ڕۆژ په‌ره‌ی سه‌ندووه و وا دیاره ئه‌وان به‌ڵگه‌ی باشیان هه‌یه، بۆ ئه‌م به دواداچوونه. ئایا باوه‌ڕ ناکه‌ن پاڵێوڕاوێک له ژیانی خێزانی خۆیدا به ئه‌مه‌گ و به‌رپرسیارانه بجووڵێته‌وه و پاش هه‌ڵبژاردنی به‌ڵێنی و به ئهمهگبوون و به‌رپرسیارییه ساخته‌کارییه‌کان بنێته ژیر پێ و حاشایان لێ بکات. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، کەسانێکی دیكه هه‌ن ده‌ڵێن، «کاتێک هەموو کەسێک به فێڵبازیی خۆیان له ژیر باری باج ده‌دزنه‌وه، بۆچی من ئه‌م کاره نه‌که‌م؟» هەندێک کردار، هه‌ن تا ئه‌و ڕاده‌یه ناحه‌ز و ناشیرینن پێویست ناکات کەسێک ئاگاداریان بێت، وەکوو لاقه‌کردنی خه‌ڵک، ئه‌و شته‌ی که‌وا ئه‌مڕۆکه له‌ژێر ناوی ته‌کنیک و ئیمان له لایه‌ن گرووپه توندڕه‌وه‌كانی وه‌كوو داعش و کۆماری ئیسلامی‌دا دەکرێت.
ژیانی تاکه‌که‌سی وەکوو که‌ره‌سته‌یه‌ک
ئه‌گه‌ر له ژیانی تاکه‌که‌سی یان په‌یوه‌ندییه ده‌رونییه‌کانی خێزانی، تاک وەکوو شتومه‌ک یان کهرهستهیەک چاوی لێ بکه‌ین، حورمه‌ت و ڕێزی مرۆڤ خەوشدار دەبێت، چونکە ژیانی تاکەکەسی و خێزانی مرۆڤ بەپێی سروشت لایەنێکی تایبه‌ته و په‌یوه‌ندی به‌و که‌سه‌وه هه‌یه و ئه‌و خاوهنییەتی و نابێ بەردهست جه‌ماوه‌ر بکه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌رکی ڕاگه‌یانده‌کان، ژیانی تایبه‌تی تاکه‌کان وەکوو که‌ره‌سته‌یه‌کی بازرگانی چاو لێ بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌م تاکه که‌سایه‌تییه‌کی ناودار له نێو خه‌ڵکدا بێت، یان مه‌ده‌نییه‌کی «ئاسایی» بێت ئه‌وه ئه‌و که‌سه ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی له کیس دەدات. ڕاسته ئه‌رکی ڕاگه‌یاندنه‌کان، زانیاری و هوشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره، به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆى ئه‌وه‌ى كه به بێهووده سه‌یر بکرێت. به‌ڵکوو دەبێ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی به پێویستی ده‌زانین، توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک زانیاریان ده‌ست بکه‌وێت. هەندێک پرسیار هه‌یه، په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌کی که‌م له خه‌ڵکی کۆمەڵگاوه هه‌یه. بۆیه ئاگادارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌سه‌ر ئه‌م پرسیارانه ئه‌رکی ڕاگه‌یاندنه‌کان نییه. کۆمەڵگە مافی ئه‌وه‌ی نییه له هەموو شتێک ئاگادار بێت، نێوه‌ڕۆکی وتووێژێکی دهرونناسییانه یان نامه‌یه‌کی ئه‌ویندارانه په‌یوه‌ندی به کۆمەڵگاوه نییه. ئەگەر ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵک وەکوو که‌ره‌سته‌یه‌کی بازرگانی چاوی لێ بکرێت، ئه‌وه دەگەیەنێت که‌وا ئه‌و که‌سه شتومەکێک چاوی لێ بکەین و مرۆڤبوونی لێ زه‌وت بکه‌ین. بۆ نموونه وەکوو، مانگایه‌ک دەبێت شیره‌که‌ی به به‌رزترین نرخ بفرۆشرێت. ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه نه‌توانیت ئه‌و ڕاده شیره به‌رهه‌م بێنێت و بۆ سه‌ربڕین باشه. جێگه‌ی داخه ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌تا پله‌ی شتومه‌ک یان که‌ره‌سته کەسایەتییان دەشکێت، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه بۆ خۆیان له‌م “به‌شتبوونه‌دا” تاوانباران . هەندێک له ئه‌کته‌ره‌کان بۆ ئه‌وی که ناو ده‌ر بکه‌ن و سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، ئاماده‌ن کێشەوگرفتهکانی ژیانی تایبه‌تیی خۆیان بۆ جه‌ماوه‌ر بڵاو بکه‌نه‌وه. ئه‌م جۆره که‌سانه وەکوو، که‌ره‌سته یان “شت” چاویان لێ دەکرێت، هه‌ر وەکوو شتومه‌کێکی مرۆیی به مه‌به‌ستی کڕین و فرۆشتن له پشتی ویترینی دووکانێک حیسابیان بۆ دەکرێت. بۆ ئەوەی کە مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له که‌شی تایبه‌ت و چاودێریکردنی بپارێزرێت، به کورتی ده‌توانین بڵێین دەبێت ڕاگه‌یاندنه‌کان ڕێز له‌م دوو ئه‌سڵه بگرین:
ئا) ڕەچاوی ڕێزگرتن له مرۆڤه‌کان بکەن.
ب) ڕوانگه‌یه‌کی قازانجخوازانه و بازرگانی نابێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بخه‌ینه نێو ژیانی تایبه‌تیی خه‌ڵکەوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ڕاگه‌یاندن هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک نه‌بێت بۆ سه‌ر کۆمەڵگە پێویستە دوو خاڵ له به‌رچاو بگرین:
ج) کرداری سیاسه‌تمه‌دار و که‌سایه‌تییه به‌رزه‌کانی کۆمەڵگا، وەکوو باشترین و به‌رزترین نموونه‌ی کردار.
د) هیچکات نابێت کرداری بهدڕەوشتانه له ڕوانگه‌یه‌کی لایهنگریكراوهوه چاوی لێ بکرێت و ته‌نانه‌ت به چاوی کردارێکی باش لێک بدرێنه‌وه.
هێرشی ڕاگەیاندنەکان بۆ سەر ژیان
هیچکات مرۆڤ بیری لەوە نەدەکردەوە ڕاگەیاندنەکان هەموو ژیانی داگیر دەکات. هەواڵەکان وەها مرۆڤیان داگیر کردووە زانیاری و بڵاوکردنه‌وه‌ی بێشه‌رمانه‌ی سێکس و توندوتیژی له ته‌له‌فزیۆندا، ئێمە له به‌رانبه‌ر کێشە و گرفتێکی ئاکاریدا دادەنێت و پێشتر ئاماژه‌مان به هەندێکیان کرد. به‌تایبه‌ت ئه‌و کێشانه‌ی له‌م سه‌روبه‌نده‌دا به‌رچاو ده‌که‌ون، پرسیارێکه په‌یوه‌ندی به کرداری په‌روه‌رده‌ی تهلهفزیۆنییەوه هه‌یه. له‌م واتایه‌دا که‌وا ته‌له‌فزیۆن به منداڵه‌کان و جگه له منداڵه‌کان بیروبۆچوونێکیان پێ ده‌دات، که له‌سه‌ر شێوەی ژیان و کرداریان كاریگه‌ری دادەنێت.
مامۆستایه‌ک ده‌یه‌وێت له فێرگەیهکدا ئه‌رکی وانه‌وتنه‌وه و په‌روه‌رده‌کردنی بیست خوێندكار له ئه‌ستۆ بگرێت، له زۆربه‌ی وڵاته‌کاندا مامۆستا دەبێت چوارساڵ په‌روه‌رده کرابێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ببێت به مامۆستا و شیاوی ئه‌وه بێت ئه‌م ئه‌رکه له ئه‌ستۆ بگرێت، سه‌ره‌ڕای ته‌واوی ئه‌و وانانه‌ی پێش وه‌رگرتنی دیپلۆم خویندویه‌تی، به‌بۆچوونی ئێمە پاش تیپه‌ڕاندنی چوارساڵ و فیربوونی وانه‌ی تئۆریک و کرده‌کی پێویست، مامۆستا بۆ جێبه‌جكردنی ئه‌رکه گرنگه‌کانی له‌سه‌ر وانه‌وتنه‌وه و په‌روه‌رده‌کردن خاوه‌ن ژیری و شاره‌زاییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، به بۆچوونی ئێمە، مامۆستایەک کە له ئه‌رک و به‌رنامه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ی خۆی شاره‌زا بێت، دەتوانێت بۆ پۆلی سه‌ره‌تایی مامۆستایه‌کی باش بێت. له به‌رانبه‌ردا بۆمان ده‌رکه‌وتووه، کەسێکه به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی دروست ده‌کات، بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنی ئەرکێکی له‌م شێوەیه، پێویست ناکات بڕوانامه‌ی په‌روه‌رده‌ی گونجاوی هه‌بێت. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، نموونه‌یه‌ک دێنینه‌وه: به‌ڕیوه‌به‌ری به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی له به‌رچاو بگرین که‌وا تا ئێستا خوێندنه‌که‌ی ته‌واو نه‌کردووه، مرۆڤێکه بێشه‌رم و بێخهبهر له هه‌ر به‌هایه‌کی ئاکاری و نابه‌رپرسیار: ته‌نیا ئامانجی ئه‌و گەیشتن به پاره و ناودهرکردنهوه ئه‌مه‌ش بووه‌ته په‌تایه‌کی ده‌روونی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م کردارانه‌ی دراوه‌ته پاڵی، له به‌رچاوی به میلیۆن بینه‌ری ته‌له‌فزیۆنیدا دەر دەکەوێت. ئه‌م که‌سه دەتوانێت به هۆی ڕواڵه‌تی جوان و دڵڕفێن و سه‌ر و سیمای جوان و هه‌روه‌ها قسه‌زانی، سه‌رنجی خه‌ڵکی له هه‌ر ته‌مه‌نێک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئامانج و مه‌به‌ستی ناشیرین و ناحه‌زیان بۆ دابڕێژێت. کۆمەڵگای ئێمە ده‌رفه‌ت به‌م که‌سانه نادات په‌روه‌رده‌کردنی بیست خوێندكاری پۆلی سه‌ره‌تایی پێ بسپێردرێت. [ئه‌گه‌ر بارهێنانی خوێندکاران له ئه‌ستۆی مامۆستای په‌روه‌رده نه‌کراو ڕه‌مه‌کی بێت، مرۆڤی سه‌قه‌ت و دواکه‌وتوو ده‌خاته‌وه، یان ئه‌گه‌ر مامۆستاکه زانیاری که‌م بێت و به‌باشی بار نه‌هاتبێ وەکوو ئه‌وه وایه، نه‌ته‌وه‌یه‌ک سه‌قه‌ت بکات]. خاڵی سه‌رنجڕاکێش ئه‌مه‌یه، ئه‌م جۆره که‌سانه ئیزنیان پێ ده‌درێت له پڕۆگرامه‌کانی دوانیوەڕۆ به که‌یفی خۆیان و بەبێ سه‌رگری و به‌رگری به دڵی خۆیان قسه بکه‌ن. مه‌به‌ستی ئێمە له باسکردنی ئه‌م وتانه ئه‌وه نییە بڵێین، ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ساز ده‌که‌ن هیچ وانه‌یه‌کی ئاکاری و به‌های ئاکارییان فێر نه‌کراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه و سه‌د مه‌خابن له پشت زۆربه‌ی پرۆگرامه تهلهفزیۆنییەکاندا، مرۆڤه خاوهندەسەڵاتهكان و گه‌نده‌ڵ هه‌ن، ته‌نیا به شوێن کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ن و ئه‌مه‌ش له که‌ناڵه تهلهفزیۆنییەکاندا، زیاتر له هه‌ر لایەنێکی تر ئه‌م شته هه‌یه. [قوڕبهسهریهکی تری به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییەکان نه‌بوونی پرۆگرامه و هه‌روه‌ها دووپاتکردنه‌وه و پێشاندانی هه‌زاران جار، پرۆگرامی مردوو و فه‌وتاوه. سانسۆری وته‌ی خه‌ڵکی یەکێک له گرفته‌کانی ته‌له‌فزیۆنه‌کانه]. تا ڕاده‌یه‌ک هەموو کەسێک له پچڕانی به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییەکان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕێكلام تووڕه ده‌بن، بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕێکلام له نێوان ئه‌و به‌رنامانه‌ی که‌وا خه‌ڵک خۆشیان ده‌وێت و حه‌زی لێ ده‌که‌ن، ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵکی لێ ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام دەبێت بزانین که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییەکان پێویستیان به ڕێکلامه. کۆمپانیا گه‌وره بازرگانییه‌کان دەبێت له سێ چرکه‌دا به‌رهه‌مه‌کانیان بۆ لایه‌نگران و بینه‌ره‌کان بڵاو بکه‌نه‌وه و سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ کڕین و مه‌سره‌فی ئه‌م که‌ره‌سانه هان بده‌ن. چۆن ده‌توانین ڕێگری بکه‌ن لەوەی کە بینه‌ره‌کان پاش ڕێکلام یان کونتڕۆڵی ته‌له‌فزیۆن به‌رنامه‌کان نه‌کوژێننه‌وه؟ تێکەڵاوکردنی ئه‌م ڕیکلامانه به سێکسه‌وه دەبێته هۆی ئەوەی کە بینه‌ر به ڕه‌زامه‌ندی و ویستی خۆیان پێداگری له‌سه‌ر کڕینی ئه‌و که‌ره‌سته و شتومه‌کانه بکه‌ن، که ڕێکلامی بۆ دەکرێت. که‌واته کۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌کان بۆ فرۆشتنی که‌ره‌سته‌کانیان پێویست ناکات ئیشێکی داهینانه‌ی تایبه‌ت بکه‌ن. بەکارهێنانی که‌ره‌سته‌ی سێکس ئه‌وان بۆ ئه‌م کاره یارمه‌تی ده‌دات. ئایا که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییەکان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره له هه‌ر کهرهسهیەک که‌ڵک وه‌ر بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ژماره‌یه‌کی زۆر له بینه‌ره‌کان بۆ لای خۆیان ڕابکیشن؟ ئایا له پرۆگرامه‌ی ڕێکلامه بازرگانییەكانی ته‌له‌فزیۆن ڕێگە به هه‌موو کارێک ده‌درێت و له‌م به‌شه‌دا هیچ چه‌شنه به‌رپرسیارییه‌كی ئاکاری بوونی نییە؟
بۆچی ته‌له‌فزیۆن ناتوانێت پردێکی په‌یوه‌ندی بۆ گواستنه‌وه‌ی کو‌لتوور و مرۆڤایه‌تی دروست بکات؟
ژماره‌ی که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییەکان ڕۆژ له دوای ڕۆژ په‌ره ده‌سێنن. ئایا ته‌له‌فزیۆن دەتوانێت که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌هێز له ڕاستای مه‌به‌سته کولتووری و په‌روه‌رده‌ییه‌کاندا بێت؟ له که‌ناڵه تهلهفزیۆنییەکاندا که‌ره‌سته و پێداویستی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی هونه‌ر و زانست هه‌یه. ته‌له‌فزیۆن بۆ په‌ره‌پێدانی و دابینکردنی خولقیاتی باش و هاندانی خه‌ڵک دەتوانێت كاریگه‌ری هه‌بێت. دەتوانێت کاریگەریی له‌سه‌ر یه‌کگرتنه‌وه و گرێدانی خه‌ڵک له ته‌واوی دونیادا بێت و هه‌ستی ڕێزگرتن له سروشت و ناتوندوتیژی له نێوان گه‌لانی دونیادا زیندوو بکاته‌وه و له به‌رانبه‌ر به‌ها و کولتووره‌کانی دیكه، خولق و خووی لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن په‌ره پێ بدات، گەرچی بۆ جێبەجێکردنی ئه‌م مه‌به‌ستانه پێویست ناکات، ته‌له‌فزیۆن له ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌وا دەبێته هۆی هاندان و ڕاکێشانی خه‌ڵکی بۆ لای خۆی پاشگه‌ز بێته‌وه. مه‌به‌ست له لایه‌نی سەرقاڵکردن له ته‌له‌فزیۆن و دابینکردنی به‌رنامه‌ی شادیهێنه‌ر و کردنه‌وه‌ی که‌شێکی پڕ له سۆز و هه‌ست، به‌ڵام بۆچی ته‌له‌فزیۆن ئه‌مڕۆکه تا ئه‌م ڕاده‌یه له‌م ئه‌رکه مرۆییانه دوور که‌وتووه‌ته‌وه؟ جێبەجێکردنی مه‌به‌ستی له‌م جۆره نه‌گونجاوه، چونکە مرۆڤی کارامه و چالاک بوونی نییە بۆ پتر له ١٠٠ شه‌پۆلی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی له ماوه‌ی ٣٦٥ ڕۆژ له ساڵدا، و بۆ ٢٠ کاتژمێژ له ڕۆژدا به‌رنامه‌ی گونجاو به‌رهه‌م بێنێت و بۆیه ئێستا به شێوەیه‌کی ئاسایی پتر له بیست کاتژمێر به‌رنامه‌ی ناحه‌ز و ناله‌بار و تێکەڵاو به سێکس و توندوتیژی نیشان ده‌دات، تاکوو بتوانن بینه‌ره‌کانی خۆیان بۆ دیتنی به‌رنامه‌کانیان له کۆتوبه‌ند بخه‌ن، ئه‌مه له حاڵێکدایه ته‌نیا یه‌ک یان دوو کاتژمێر له به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییەکان باشن و به‌که‌ڵکن.
نواندنەوەی وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سەیری تەواوی وێنەکانی فەیسبووک، ڤاتساپ، تێلێگرام و …. بکەیت، دەردەکەوێت نەبوونی ئازادی وەهای کردووە زۆربەی ژنان و کچانی نەوێرن وێنەی خۆیان دابنێین. هۆکارەکەی نەخۆشیی دەروونیی تاکی کوردە. پیاو زۆر بەئاسان ڕۆژێک بە چەندین شێوە وێنەی خۆی دەگۆڕێت و ترسی نییە، بەڵام کچێک یان ژنێک وێنەی خۆی دابنێت، کەمتیار و نەخۆشەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بێکەڵکترین مرۆڤن دەست دەکەن بە ئازاردانی ژنان. کەم کەس هەیە خۆی لەم دۆخە دەرباز بکات. بەردەوامیی لە وێنەدانان بە ستایلی جۆراوجۆر لەو کێشانەیە دەکەوینە بیری دەروونشیکاری بەناوبانگی فەڕانسەیی ژاک لاکان. لاکان لە دەروونشیکاری و لە قۆناغی ئاوێنەدا دەڵێت، منداڵ خۆی لە ئاوێنەدا دەبینێتەوە و نازانی وێنەکەی لە خۆی جیایە بۆیە بەردەوام دەستی بۆ دەبات یان پێدەکەنێت و بە لایەوە سەیروسەمەرەیە. هێشتا زمانی چەمکی گەشەی نەکردووە بۆیە هەست بەوە ناکات لە ئاوێنەکە جیایە و خۆی لێ جیا ناکاتەوە، ڕێک هاوشێوەی وێنەگرتنی بەردەوام و گۆڕینی بەردەوامی وێنە و ستایلی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مرڤ دەخاتە بیری مرۆڤە نیوە وەحشییەکانی نێو دارستانەکانی ئامازۆن، وەکوو ئەوەی کە هێشتا ئەم کۆمەڵگا لە وێنە و تەسویردا ماوەتەوە و بە ئاستی تێگەیشتن و واتاداری نەگەیشتووە. تەنانەت بە زمانی چەمک و تێگەیشتن نەگەیشتووە بۆیە یان زۆری دەلۆرێنێتەوە یان شێعر دەڵێت: بۆ ڕووداوەکان و کارەساتەکان بە زمانی وێنە و شێعر کە هەستێکی سادە و سەرەتاییە لە خۆی پیشان دەدا. دیارە کۆمەڵگەی کورد هێشتا مێشکی لە ئاستێکی سەرەتاییدایە و شاگەشە دەبێت بەوەی کە بەردەوام وەکوو قۆناغی ئاوێنەیی لاکان هەست بە بوونی سەرەتایی خۆی بکات، بەڵام لە هەمان کاتیش‌دا ژنان بە هۆی ئەوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو ژیانی ڕاستەقینەیان بێبەری لە ئازادین دیسانەوە ناچارن خۆیان لە پشت دەمامکەوە وێنەی کەسانی دیکە خۆیان بشارنەوە. تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ئازادییان نییە. چونکە مێشکی دواکەوتووی پیاوی کورد ژنی وەکوو تاکێکی سەربەخۆ کەوا خاوەنی کەسایەتیی خۆیەتی، سڕیوەتەوە.
میدیای کوردی و نواندنەوەی دۆخی سروشتی خۆی
هەر میدیایەک پێویستی بە کەسانی زۆر شارەزا هەیە و میدیا بۆ خۆی دەوڵەتێکە، بەڵام کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە میدیای کوردی بەرنامە و پلانی نەتەوەیی لە ئاستێکی نزمدایە. چونکە هەر میدیایەک پێش ئەوەی نوێنەری نەتەوەیەک بێت، نوێنەری خواست و ویستی دامەزرێنەرەکانیەتی. کەسێک، سەرۆکێک، حیزبێک ئەم لایەنانە لە نێو کولتووری کورد، پلان دادەنێن چی بڵاو بکرێتەوە و چی قاغەیە. بە کەمیی میدیای کوردی دەتوانێت هاوشێوەی میدیا بەناوبانگەکان پلانی بۆ کۆمەڵگای سەرلێشێواویی کورد هەبێت. کێشەی زمان، کێشەی سیاسی، کێشەی هزری. هەمووی ئەمانە لە میدیای کوردی نامۆیە. زۆر جار دەبینی ئاستی میدیاکان هێندە نزمە تەنانەت پێشکەشکارەکەی وەکوو داهۆڵێک ناتوانێت پرسیارێکی سەرەتایی بکات. میدیای کوردی کۆپییەکی سەقەتی وڵاتە داگیرکەرەکانیەتی. زۆر جار میدیای کوردی دژی بەرژەوەندی نەتەوەییی خۆی دەجووڵێتەوە. بەبێ پلان و بەرنامە لە دۆخێکی سروشتی‌دا قەتیس ماوەتەوە. زۆرجار گێرەوشێوێنی و بێسەروبەرەیی لە نێو میدیای کوردی هێندە لە سەرەوەیە هەست دەکەیت، ئەم کێشانە لە وڵاتێکی زەبەلاحی وکوو چین و ئامریکا ڕوو دەدا!. ئەم هەمووە میدیایە تا بە ئێستاکە نەیانتوانیوە گرفتێک لە دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی، هزری نەتەوەیەک کەم بکاتەوە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کێشەی کورد زیاتر لەگەڵ خۆیەتی ئەویش وەکوو نەتەوەیەکی خۆخۆر هێشتا بە ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی نەگەیشتووە.
کۆتایی:
کۆتایی باسەکە ئاماژە بە چەند خاڵێک گرنگە. میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتێکی گەورەیە بۆ کورد بۆ ئەوەی بتوانێت بەباشی کێشە و گرفتەکانی خۆی شارەزایانە شی بکاتەوە و ئەمەش بۆ ئەوەیە ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی خۆی بباتە سەر. جاری وا هەیە فیلمێک لەسەر نەتەوەیەک بڕشتی لە زۆر لایەنی دیکە زیاترە. سەیر سەر ئەوەیە میدیای کوردی نەیتوانی لەم بوارەدا شیلگیرانە کاری بۆ بکات. بۆیە میدیا وەکوو دەوڵەتێکی گەورە بینەری هەیە و بە هەزاران کەس چاوی لێ دەکات و هەردەم ئامادەیە. کورد بۆ ئەوەی لە فەوتان ڕزگاری بێت پێویستیی بە میدیای سەربەخۆ هەیە تا خزمەت بە بواری نەتەوەسازی خۆی بکات. کەسانی شارەزا و دڵسۆز لەو بوارەدا گرنگە، کەسانێکە نەتەوەی خۆیان باش بناسن و بەرنامەیان خزمەت بە لایەنی نەتەوەیی بکات. باشتر وایە میدیای کوردی ئاوڕ لە لایەن جیدییەکانی نەتەوەی کورد بداتەوە. زمان، لایەنی نەتەوەیی، سیاسەت مێژوو و هزر …. دیارە میدیای کورد لەم بوارانەدا کەمتەرخەمە. زۆر بە کەمی بەرنامەی جیدیی لەو بوارانەدا هەیە.
سەرچاوەکان:
١.ژاک لاکان، نووسەر، یەدوڵڵا مەولەلی، ١٣٨٥، دەزگای نەی
٢.نۆرۆنسترینگ . کارل، ئەخلاقی ڕاگەیاندن، ١٣٧٤، دەزگای عیلمی فەرهەنگی
٣.محەممەدی، مەجید، ئەخلاقی ڕاگەیاندن، ١٣٧٩، دەزگای نەخش و نیگار
٤.فەلسەفەی ئەخلاق، خۆزێ گالیندۆ، ١٣٨٤، دەزگای حیکمەت
٥. ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەی ستانفۆرد، ،١٣٩٥بەشی خلاق و تەکنۆلۆجی زانیاری،


