ئارامتر بخوێنەوە!
لە چەند پرسیاری نائاساییەوە تا دۆخێکی جیاواز
مامەند عەلییار
ئەو نووسینە بە چەند پرسیاری نائاساییەوە دەست پێدەکەم. بۆچی پێویستە ڕێگایه‌ك بۆ ده‌رباز بوون له دۆخی هه‌نووكه بناسرێ و بدۆزرێته‌وه؟ دۆخی هه‌نووكه چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه كه ده‌شێ لێی ده‌رباز بین؟ ئه‌و پرسیارانه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌بیندرێ ناته‌بایه له‌گه‌ڵ دۆخی دڵخواز و ئه‌گه‌ر وردتر له باری مانایی “ده‌رباز بوون” لە دۆخی ئێستا ورد بینه‌وه، تێدەگەین نه‌ته‌نیا هه‌ر ناته‌بایه، به‌ڵكوو بنبه‌ستێكی وه‌هاشه كه ژیان تێایدا دژوار و تاقه‌ت پرووكێنه.
بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و باسه پێویسته سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه بكه‌م ئایا ده‌مانهه‌وێ دۆخی ئێستای كورد به شێوه‌یه‌كی ئایدیال ببینین و ورده گرفت ده‌ستنیشان كه‌ین و پشت گوێیان خه‌ین، یان وه‌كی له‌مه‌ڕ “بێنیامین”ه‌وه ده‌ڵێین ده‌مانهه‌وێ سه‌ره‌تا له “دۆخی شكست” بدوێین.
دوان له شكست، بۆ گه‌لێك كه پێویستی به گه‌رم كردنی كووره‌ی خه‌بات و به‌ره‌و پێش چوونه، ڕه‌نگه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا سه‌یر و ناپێویست و نه‌رێنی بنوێنێ. به‌ڵام به ڕوانگه‌یه‌كی جوداوە ده‌بێ له‌و واتایه بڕوانین و بیكه‌ینه ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و شكسته‌دا ئه‌زموونی هاوبه‌ش، ژیانی هاوبه‌ش و چاره‌نووسی هاوبه‌شیان هه‌یه. واته هۆكاره‌كان، پێكهاته‌ی شكست و لایه‌نه فۆڕمی و گوتارییه‌كانی ده‌بێ بناسرێن. ئه‌و قالبانهی پێی دراوه له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شێن. ناكارامه‌یی شیكاری ناوخۆیی له قاودرێ و به گشتی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین جوانیناسی شكست ببێته ڕێیه‌ك بۆ هه‌نگاو و شیكاری سه‌ره‌تا.
دواتر پێوێسته له سیمایه‌كی گشتیدا هه‌م كورد و هه‌م نه‌یارانی ببیندرێن. پێویستە ئەوە ڕوون بێتەوە سه‌رده‌مێك گوتاری نه‌ریتی داگیركاری له ئارادا بووه، پاش ئه‌وه پارادایم شیفتێك بخرێته به‌رباس كه له گوتاری نوێی داگیركاری له كوردستاندا كوردی پێ سەرکوت کراوە. دەبێ ئه‌وه‌ش باس بكرێ كه بۆچی گوتاری هه‌نووكه به شكست و گوتاری پێشین به گوتاری ڕوو له پێش و هاوشان یان وڵامدەرەوی گوتاری نەیار خراوەتە بەرباس.
لە سەرەتای کتێبی بیرەوەرییەکانی تاریکی و لە بەشی بێنیامین و بیری ڕزگاریدا ئەو بژاردە بێژییە لە بێنیامین خراوەتە بەر دەستی خوێنەر:
“وه‌ك كه‌سێك كه له پاپۆڕێكی شكاودا به ئه‌ستوونی پاپۆڕه‌وه خۆی هه‌ڵواسیوه و خه‌ریكه به‌ر ده‌بێته‌وه. ره‌نگه، به‌ڵام، ئه‌و له‌وێوه رێیه‌ك بۆ ڕزگاری ببینێته‌وه.”(احمدی:١٣٧٩:٧)
ئەوپەڕی داماوی و دەستەوەستانی وەسفکراو لەو بژاردەیەدا دەبیندرێ. دۆخی نائارام و ناسەقامگیری کەشتییەکی تێکشکاو و دۆخی لەوە شپرزەتری کەسێک کە بە ئەستوونی لەرزۆکی کەشتییەوە هەڵواسراو و لەوێوە شیمانەی ئەوە بکرێ؛ کە رەنگە ئەو کەسە ڕێگایەک بۆ ڕزگاری ببینێتەوە. واتە ڕەتکردنەوەی ئەو ڕوانینە رەهایەی کە شکستێک بە کۆتایی مرۆڤ بزانێ و دەستی لێ بشواتەوە.
لەو دەلاقەیەوە ئەگەر لە دۆخی ئێستای کورد بەتایبەت لە باری کولتووری و ڕاگەیاندن و بوونی لە مەیدانی شەڕی ڕاگەیاندن و ناسنامە بڕوانین، ئەگەر بە خۆشبینییەوە چاو نەکەینەوە و چاوێکی وردبین و دڕدۆنگ بە بوارە ناوبراوەکان دا بگێڕین، سێ بژاردە لەبەردەممان قوت دەبێتەوە. بژاردەی یەکەم؛ زۆر جار تاقی کراوەتەوە و هەرجارەی نسکۆیەکی سەیری بە بەشێک لە هێزی نەتەوەیی هێناوە، ئەو بژرادەیە واتە خۆ بەدەست دۆخی شکست و ڕووخانەوە دان. لەو بژاردەیەدا تاکی کورد لە بەرامبەر هەیمەنەی داگیرکا‌ر و نەیاردا بە چۆک دادێ و ڕێگایەکی بنبەست دەبینێ کە بە شوورە و وارشێکی بەرز پێشی گیراوە. ئەو مرۆڤە کە مرۆڤی دۆڕاو لە بەرامبەر دۆخی شکستدایە، یان تووشی خەمۆکی سیاسی و گۆشەگێری کۆمەڵایەتی دەبێ و یان دۆخێکی دی لە ناو شکستدا لە بەرژەوەندی خۆی و دژی ویستی نەتەوەی خۆی هەڵدەبژێرێ، سەرکەوتنێکی تاکەکەسی لە بەرامبەر شکستێکی نەتەوەیی پەسەند دەکا، تێکەڵ ڕەوتی دژە کورد و گوتاری زاڵ دەبێ و لە جەغزی گوتاری نەتەوەیی خۆی دەچێتە دەر.
بژاردەی دووەم بریتییە لە مانەوە لە دۆخی نەتەوەییدا، بەڵام مانەوەیەکی ناکارا. واتە مات بوون لە بەرامبەر نسکۆکان، بەرهەم نەهێنانی گوتاری نوێ و دووپات کردنەوەی شکست لە دوای شکستی دیکەیە. ئەوەش بە هۆی نەناسینی دۆخی شکست و ڕێیەکانی دەرباز بوون لەو دۆخە دێتە ئارا.
بژاردەی سێهەم بژاردەیەکە لەسەر جوانیناسی شکست بە واتایەکی ئەوڕۆیی دامەزراوە. بۆ روونتر بوونەوەی ئەو باسە ئاوڕێک لە گوتەیکی بێنامین دەدەمەوە: “بێنیامین جارێك بۆ هاوڕێی نزیكی گێرشۆم شۆلمی نووسیبوو: بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ڕا و هه‌ڵسه‌نگاندمان له‌مه‌ڕ لایه‌نی په‌تی و جوانیی تایبه‌تی به‌رهه‌مه‌كانی کافکا، به دادپه‌روه‌رانه باس بكه‌ین، قه‌ت نابێ ئه‌وە له بیر به‌رینه‌وه كه ئه‌و لایه‌نه په‌تی و جوانه شكسته.” شكست ناواخنی سه‌ره‌كی ژیانی بێنیامینیشه و به‌رهه‌مه‌كانی ده‌توانین به جوانیناسی شكست ناودێر كه‌ین. (احمدی:١٣٧٩:٩) ئەو دەلاقەیەی ئەو بە ڕووی کاری کافکایدا دەکاتەوە ڕێگایەکی نوێیە بۆ ڕآهاتن لەگەڵ دەقی کافکا و دەرەقەت هاتن و تێگەیشتن و شیکردنەوەی. واتە ئەگەر خوێنەر خۆ لە لایەنی شکست و جوانیناسی ئەو بوارە نەدا و بە گوتەیەکی دیکە بووتیقای تایبەتی بۆ دەستەبەر نەکا و دەقی لێ بەرهەم نەهێنێ، نە کۆمەڵگای کافکا دەناسێ، نە شکستەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەبینێ، نە ڕێگایەک بەرەو دەرباز بوون لەو دۆخە دەدۆزێتەوە. لە ئاکامدا هەم ئەو دەقانە ون دەکا و هەم ئەوەی دەیناسێ کافکا و بەرهەمی ئەو نییە.
دۆخی ڕابردووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخێکی تێکەڵ بە زەبر و زەنگی سیستەمی ناوەندی لە لایەک و شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە لایەکی دیکە بووە. ئەو دوو هێزە لە بەرامبەر یەکدا ڕاوەستاون. ئەگەرچی کەرەسە و تەکنیکەکانیان بۆ ڕاوەستان لە بەرامبەر یەک هاوڕادە نەبووە، بەڵام هاوشێوەیی لە نێواندا دەبیندرێ؛ شەڕ لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری. ئەگەرچی ڕووبەڕووبوونەوەکان بە هێزی نابەرامبەر و بە کەرەسەی نابەرامبەرەوە بوون. لەو نێوەدا ئەگەر مرۆڤی کوردی تێکەڵ گوتاری سەردەست بوونی هەیە، وەکی لە درێژەی ئەو نووسینەدا ئاماژەی پێدەکرێ، ئەویش دواجار هەر لە مەیدانی چەکداریدا ڕووبەڕووی هێزی هاوزمان و ڕەگەزی خۆی دەبێتەوە و لەو ڕێیەوە خزمەتی ئامانجەکانی دوژمن دەکا و هێزە نەتەوەییەکانیش لە ناسینی بیر و شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا شارەزا و کارامە بوون.
بەڵام لە دونیای ئێستادا، ئەو دۆخە گۆڕانی بنەڕەتی بە سەردا هاتووە. ئەو تاقمە هێزێکی دیکەیان پێوە زیاد بووە کە نەک چەک، بەڵکوو کەشی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە گشتی هێزی قەڵەم بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێماکانی نەتەوەیی، ناسنامەی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بەکار دێنن. لەو دۆخەدایە کە بەرهەم و پلانی کورت و درێژخایەنی هێزی نەتەوەیی یان هێندە کەمە کە نابیندرێ، یان ئەگەر ڕادەیەک لە دڕدۆنگی بێنینە ئاراوە، دەکرێ بڵێین بەرنامەیەک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو هێزە سەرەڕۆ و تەیار کراوە لە ئارادا نییە. بۆیە ئەو دۆخە بە شێوەی کاتی بە دۆخی شکست ناو دێنم. دۆخێک کە تێیدا هێزی بەرامبەرت یان پەروەردە نەکردووە یان ئەو هێزە لە ناخدایە و چالاک نەکراوە.
لە لایەک لەگەڵ ئەو هێزە ڕووبەڕووی و لە لایەک ڕاگەیەنەی ناوەندیش خەریکە بە شێوەیەک دەتوێنێتەوە کە سیمای مرۆڤی سەرەتایی و تەنانەت دڕندە و سووک لە ناسنامەت دەرخوارد خۆت داتەوە. ژیژەک لە باسی میکرۆ فاشیسمدا بابەتێک دێنێتە ئارا کە لە وتاری سیاسەتی بانگەوازێک بۆ شۆڕشی کولتووریدا ئاماژەی پێکراوە و لە لایەن نووسەرەوە زەق کراوەتەوە.
“فیلمی فرمێسك و بزه‌كان كه ناوی سه‌ره‌كی the voice of musicە، …ئه‌وه نیشان ده‌دا كه ئوتریشییهكان ڕیشه‌یان له جیهان-ژینگه‌ی ناوچه‌یی و جەماوەری خۆیاندایه و فیلمەکە باس لە چێژوه‌رگرتنی ئه‌وانه له گه‌مژه‌ییه‌ك كه له كولتووریاندا دەبیندرێ و … له ڕاستیدا فیلمه‌كه ده‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كه كه نازییه‌كان له جووله‌كه‌كانیان ده‌خسته ڕوو. واته وێنه‌ی ئه‌و پیلانگێڕ و بووكه‌ڵه گێڕە سیاسیانەی کە ڕەگ و ڕیشەیەکیان نییە (ژیژەک، ١٣٨٤: ٣٨٢). کۆی ئەو پلانانەی لە ڕۆژگاری ئەوڕۆدا لە تەلەویزیۆنە کوردییەکانی دەستەڵاتی ناوەنددا دەیبینین بەو ئاڕاستەیەوە چالاک کراون. لە هەر پێنج تەلەویزیۆنی کوردی مەهاباد، سنە، ئیلام، کرماشان و سەحەری کوردی، سیمای وێناکراو لە کورد ئەوە بە بەردەنگ نیشان دەدات کە تاقمێک چێژ لە گەمژەیی خۆیان بە داب و نەریتی ڕەشۆکیانەی خۆیانەوە دەبینن. سەرنجی خوێنەر بۆ کۆی بەرنامە هونەرییەکانی گۆرانی و جەژنە شادییەکان لەو تەلەویزیۆنانەدا ڕادەکێشم، هەموو بینەران ئەو وێنانە لەو شاشانەوە دەبینن کە چۆن بە دانانی کەسانێکی گاڵتەجاڕ، بەردەوام حەول دەدرێ وێنەی کەسانی گەمژە و ناساغی زمانی و ڕێزمانی و بە زمانێکی دوور لە زمانی ئاسایی خەڵکی شەقام بنوێننەوە. کەچی لە هیچ کام لە تەلەویزیۆنەکانی ناوەند ئەو شێوەیە لە نواندنەوەی فارس بەرچاو ناکەوێ.
هەر بەو ئاڕاستەیەوە دوایین پلانیش بڵاوکردنەوەی هاوکاتی زنجیرە بەرنامەیەک لەسەر چالاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و حیزبە کوردییەکان بوو بە ناوی لێواری دووهەمی تیغ کە بە تەواوی سیمای ڕیاکارانەی ئەو ڕاگەیەنانەی دەرخست کە لە هێزی ڕاگەیاندنەوە خەریکی بریندار کردنی ناسنامەی ئەویترن لە ڕێگای کەسانی خودی سەر بە ڕەچەڵەکی ئەویتر. لە لایەکی دیکەوە سیمای ئەو قەڵەم بەدەستە خۆبەدەستەوەدەرانە دەرکەوت کە بە زمانی نەتەوەیی خۆیان بناخەی ناسنامەی نەتەوەی خۆیان بنکۆڵ دەکەن. پڕۆژەیەکی درێژخایەن و کار بۆ کراو کە ئەوانە یەکەم دەرکەوتە جیدییەکانین و هیچ پلانێک بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرهەمهێنانی فکری، تا ئێستا بۆ ئەو پڕۆژەیە نەخراوەتە ڕوو. ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا بە شێوەی کاتی واتە شکست یان بێدەنگی و لە بیر خۆ بردنەوە. پرسیاری دووبارە ئەوەیە: بۆ شکست؟ شکست واتە نەبوونی هێز بۆ بەرپەرچدانەوە و مات بوون. ئەوە دۆخی ئێستای ئەو بەشە لە بزووتنەوەی کوردە. دۆخێک کە لەودا سیستەمێک کە هەڵگری وەسفەکانی فاشیستییە و لە هەمان کاتدا تایبەتمەندی نسیستەمە تۆتالیتێرەکان تیایدا بەرچاوە، خەریکی وەگەڕ خستنی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی خۆیەتی و لەبەرامبەردا جووڵەیەکی لاواز دەبیندرێ و زۆرجاریش مات بوون و خۆبەدەست ئێستاوە دان، دەبێتە واتایەک کە خوێنەر و بەردەنگی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەستی دەکەوێ. ئەگەر ئاوڕ لە هێندێک تایبەتمەندی ئەو سیستەمە بدەینەوە کە کورد لەگەڵی دەستەوئێخەیە لە درێژەی باسەکەدا زیاتر ئەو لایەنەی کاری ناوەند و ناکارایی هێزە نەتەوەییەکان دەردەکەوێ.
پێنج تایبه‌تمه‌ندی هاوبه‌ش و لێك گرێدراوی سیستەمه تۆتالیتێرەکان بریتین لە: ئایدۆلۆژیای هاوبه‌ش، حیزبی تاقانه‌ی هه‌مه‌گیر، چاودێری ڕه‌های هه‌موو كه‌ره‌سه و چه‌كه‌كان، چاودێری و كۆنترۆڵی هه‌موو كه‌ره‌سه و ڕێگاكانی پێوه‌ندی گشتی، سیسته‌می چاودێری پۆلیسی-تێرۆریستی (صلاحی:١٣٨٤:٢٨٧). بۆ خوێندنەوەیەکی بەراوەردکارانە لەو پێنج تایبەتمەندییە، ئەگەر بمانهەوێ نموونە لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندی لە ئێران بێنێنەوە، بێگومان زۆربەیان وەڕاست دەگەڕێن. ئایدۆلۆژیای تاقانەی سیستەمی شیعەگەری ئەسناعەشەری، دامەزارو لەسەر سیستەمی ویلایەتی فەقیهە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت هێندێک حیزب هەر بەناو بوونیان هەیە، بەڵام هیچ کامیان نە توانای چالاکییان هەیە و نە ئیرادەیەک بۆ دامەزاراندنی سیستەمێکی جودا لە خواستێک لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیای تاقانە و هەمەگیر لە نێویاندا وەبەرچاو دەکەوێ. چاودێری ڕەهای چەک و چۆڵ و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و بوونی سیستەمی پۆلیسی و تیرۆریستیش بەشێک لە ناسنامەی ئەو سیستەمەیە. بەو شێوەیە دەبێ هێزی نەتەوەیی لە ئاست سیستەمێک کە لانی‌زۆری وەسفەکانی سیستەمێکی تۆتالیتێری هەیە، لە ئێستادا پلانی لە بواری ڕاگەیاندن و شەڕی نەرمدا چڕ و پڕ و جۆراوجۆر بێ. ئەوەی وەک ناوەرۆک و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک لە ئێستا دەبیندرێ لە ئاستی ئەو هەموو پلان و پیلانەدا نییە کە بۆ بەربەرەکانی ئەو ئامادە کراوە. لەو خاڵانەی لەسەر سیستەمە تۆتالیتێرەکاندا ئاماژەی پێکرا بە ئانقەست لەسەر چاودێری و بەڕێوەبەرایەتی ڕەهای ڕاگەیەنەکان لەو سیستەمەدا دەدوێم.
لەو سیستەمانەدا دانیشتووانی وڵات بە سەر چەند دەستەدا دابەش کراون و یاساکان بەو ڕاستە رێیەدا پلانیان بۆ داڕیژراوە و جێبەجێش دەکرێن. ئەو بابەتە واتە دابەشکاری دانیشتووان لە سیستەمی خوێندنەوەی ڕۆژهەڵاتناسی کەسانی وەک ئیداورد سەعیددا بە سەردەست و بندەست نێودێر کراون و لە لایەن قەڵەمی نووسەرانی سەر بە سیستەم و نەتەوەی باڵادەست پێناسەیان بۆ دەکرێ، وەک میلز دەڵێ: كه‌سی بنده‌ست تەنیا وه‌ك كه‌سی بێ كه‌سایه‌تی یان ئۆبژه‌یه‌كی بێ هیچ شان و شهوكهتێكی ئه‌خلاقی نییه. بەڵکوو کەسی بندەست گیاندارێكه به پێی واتای فێنۆتیپ له هه‌ندێ لایه‌نه‌وه وه‌ک مرۆڤ دێته ئه‌ژمار و له هه‌ندێك لایه‌نه‌وه به مرۆڤ نازاندرێ (پالمر:١٣٨١:٧٦). ئەو نووسەرە بۆ ئەوەی قسەکەی خۆی پشتڕاست کاتەوە لە نووسەرانی ئاسایی ناکۆڵێتەوە. بەڵکوو باس لە یەکێک لە فەیلەسووفە ناودارەکانی فەلسەفەی سیاسی کە لە خاوەن ڕایانی باسی ئازادییە دەکا. ئەویش کەسێکی خاوەن ڕا و ناوداری وەک هانا ئارێنت! تێگەیشتن لەو بابەتە بۆیە گرینگە کە زۆر جار لەبەرامبەر دژوازییەکی شیکارانەدا مرۆڤی کورد و تەنانەت چالاکانی بزووتنەوی نەتەوەییش دادەمێنن. کاتێک قەڵەم دەدوێ، هەست بە مەترسی و بێ نیازی لە بەرپەرچدانەوە دەکرێ کە ئەمە یەکێک لە واتاکانی شکستی کولتووری و بواری ڕاگەیاندنە. واتە ئەو شێوە بیرە نەریتییە، کە ڕۆشنبیرانی گەلی سەردەست یان نووسەرانی خۆبەدەستەوەدەری هاوزمانی نەتەوەی بندەست، ڕەنگە مەترسییەکی ئەوتۆیان بۆ بزووتنەوەی کورد نەبێ. لە کاتێکدا کە پالمێر بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ ڕەخنە لە فەیلەسووفێک دەگرێ کە بیری فەلسەفی قووڵی هەیە و لە سەر واتاکانی ئازادی گوتەکانی بۆ هەموو خوێنەرانی ئەو بوارە ئاشنایە. پالمێر تا ئاستێک لەسەر گوتەی خۆی سوورە کە فەیلەسووفی ناوبراو تا سنووری ڕەگەزپەرەستی تاوانبار دەکا. ئەو ئاوا باسی پێوەندی هانا ئارێنت و بزووتنەوەی خوێندکارانی ڕەش پێست دەکا:
“له ئامریكادا، له هه‌ر شوێنێك پۆلیس و توندوتیژی پۆلیس له خۆپێشاندانی هێمنانه‌دا، هاتووەته كایه، بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری به‌ره‌و ڕادیكاڵ بوون چووه و به شێوه‌ی داگیركردنی بینا و مانگرتن دەرکەوتووە. ته‌نیا به وەگەڕکەوتنی بزووتنه‌وه‌ی ڕه‌ش پێسته‌كان له پانتای زانكۆكاندا، توندوتیژی ڕاسته‌قینه هاتووه‌ته ئاراوە. خوێندكاره ڕه‌ش پێسته‌كان كه زۆربه‌یان به بێ ئاستی شیاوی زانستییه‌وه هاتوونه‌ته زانكۆ، خۆیان وه‌ک گرووپێكی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی و نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگای ڕه‌شه‌كان ڕێک خستووە. به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان لە پێوەرە نزمه‌كانی زانستیدایه.” (ئارێنت وەرگیراو لە هەمان سەرچاوەی پێشوو:٧٧)
له‌و نووسینه‌ی ئارێنتدا، ئه‌و هه‌سته دووفاقیه‌ی میلز باسی ده‌كا ده‌رده‌كه‌وێ. له لایه‌ك خوێندكارانی ڕه‌ش پێست به ئاشكرا به مرۆڤ ده‌ناسرێن. كه‌سانێک كه ڕوانگه‌ی بهرژهوهندخوازانهیان هه‌یه و له ڕێگای كرده‌ی به‌كۆمه‌ڵه‌وه، وه‌دوای ده‌كه‌ون و له به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ خوێندكارانی سپی پێستدا باشتر ده‌توانن له پانتای دابه‌شكارییه زانكۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بیهكگرتوو بن. له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌وان ڕوانگه‌ی ناوریایانهتریان هه‌یه، هه‌ر بۆیه مه‌یلیان به‌لای پێوەری لاوازی زانستیدایه و …
له كۆتاییدا ئەو نووسەرانە ده‌ڵێن ئارێنت تووشی دژوازیی بووه. دژوازی له نێوان خاوه‌ن كه‌سایه‌تی بوونی تاكێک له ڕوانگه‌یه‌كه‌وه و نه‌بوونی كه‌سایه‌تی هه‌مان تاک هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه. به واتایه‌كی دیكه كه‌سێک كه ویستێكی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ویستانه گه‌مژانه و توندوتیژن و له ڕێگای توندوتیژی ناپێویسته‌وه وه‌ک ئارێنت ده‌ڵێ وه‌دوای ویسته‌كانیان ده‌كه‌ون: “گومان له‌وه‌دا نییه ڕەچه‌ڵه‌كی سپی ئارێنت توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وی له كرده‌ی خوێندكاره ڕه‌ش پێسته‌كان خستووه‌ته ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه”.(هەمان:٧٩)
ئەگەر بەشێک لە نووسینەکانی کەسانی بەناو و دەنگی وەک شەفیعی کەدکەنی لە بواری زمان و کو‌لتوور و جەوادی تەباتەبایی لە بواری سیاسەت و زۆر نووسەری دیکە هەڵبسەنگێنین کە قەڵەمی ناسراوی نەتەوەی سەردەستن، چ جیاوازییەک دەبینین. ئەوان کورد و نەتەوە ژێردەستەکان چۆن دەبینن و پێیانوایە کە ناسنامەی نەتەوە ژێردەستەکان مەترسییە بۆ سەر کولتووری فارسی چونکە “بە هێماکانیدا هەڵدەمیزن” (ئەوە وتەیەکی شەفیعی کەدکەنی بوو کە لەسەر زمانە غەیرە فارسییەکانی ئێران وتبووی). ئەی چالاکانی کورد هەڵوێستیان چییە و چۆنیان بەرپەرچی ئەو قەڵەمانە داوەتەوە؟ بەرهەمەکانی ڕاگەیاندنی سیستەم لە بیست ساڵی ڕابردوو لە بواری کتێب و فیلم و تا دوایی ئەو وێنە نیوە مرۆڤ و نیوە نامرۆڤەیان چۆن لە کورد بە دەستەوە داوە و سیستەمی ڕاگەیەنەی نەتەوەیی چی لەبەرامبەر ئەواندا بەرهەم هێناوە؟ لێرەدا پرسیاری سەیرتر ئەوەیە کە نە تەنیا چی بەرهەم هێناوە، بەڵکوو دەکرێ بپرسرێ ئایا بەڕاستی ئاگای لێیە؟ بەکورتی و بە دەنگی بەرز دەبێ بگووترێ نا.
بۆ وڵام نایە؟ چەند ڕستە لە کتێبێک دێنمەوە و پاشان زیاتر لەسەر وڵامەکە هەڵوێستە دەکەم:
لە بەشێک بە ناوی سێ یەخسیری دێموکڕات لە کتێبی یادداشتەکانی کوردستاندا و لە یادداشتی رۆژی شەمبە ٢٥/٣/٦٤ ئاوا باسی هێزەکانی نەتەوەیی و یەک لەوان دێمۆکرات دەکرێ:
“کاتێک بەیان ئەنگووت، سێ یەخسیری دێموکڕات وەدەست جوندوڵلا کەوتن. ئەو یەخسیرانە مەست بوون. بە پێی شایەتی خەڵکی خوڕەخوڕەی سەقز، یەکێک لەو سووک و چرووکانە، چەند کچی عازەبی ئەو دێیەی بێ ئابڕوو کردبوو و کردبوونییە ژن. ئەلحەق کوڕەکان چەخسێکی چاکیان تێهەڵدان. هەرکەس دەستی پێیان ڕاگەیشتبا، تێی دەسرەواندن و تۆڵەی ئەو کچە بەستزمانەنەی بە مست لێدەکردنەوە. جگە لەو سێ کەسە، سێ ئەسپیش کە لە خاوەنە دێمۆکراتەکانیان مەزنتر بوون، وەدەست کوڕەکان کەوتبوون و …” (یوسفی، ١٣٧٣: ١٧٠)
تا ئێستا چ لەسەر ئەو نووسراوانە نووسراوە و چۆن خوێنەران و بەردەنگانی ئەو نووسراوانە ڕوون کراونەتەوە؟ ئایا لە ڕاگەیاندنی هێزە کوردییەکاندا چییەتی ناوەندە توێژینەوەییەکانی سەر بە دەسەڵات کە خەریکی بەرهەم هێنانی کتێب و فیلم لەسەر کورد و ویستەکانی کوردە شی کراونەتەوە؟ ئایا لەو ڕاگەیاندنانەدا و لە ئاستێکی بەربڵاو و بە زمانی کوردی و فارسی بەرهەم ساز کراوە تا بەردەنگی غەیرە کورد لە ئاراستەی دوژمنکارانەی ئەو دەقانە تێبگەیەنێ و خوێنەر و بەردەنگی کوردیش بەوە دڵخۆش بکا کە گوتارێک لەبەرامبەر ئەو گوتارەدا چالاکە تا ئەو زامەی ئەوان دەیخەنە سەر سیمای ئەو ناسنامەیە کەمێک سارێژ ببێتەوە؟ نموونەیەکی دیکە هەر لەو چەشنە دەقانە دەخەمە بەرباس کە لە کتێبی کووچەی نەقاشەکاندا کە تا ئێستا پازدە جار و لە تیراژی ٢٥٠٠ بەرگ دا بڵاو کراوەتەوە:
“دژە شۆڕش ٢٥ پاسداریان لە مەریوان سەربڕی و ناویان نا جەژنی مەرگ، لە سنە لە شەقامەکان مەشرووب و چەک و ڕۆژنامەی ڕووت و پۆرنۆگرافییان دەفرۆشت…دکتۆر چەمران گوتی تاقمێک لەو کوردانە بزانن چی‌یان لەو وڵاتە کردووە، ئەمانە یەکجار هەژار و بیانووگرن. ئاستی کولتووریان زۆر نزمە… دوو یەخسیریان هێنا لای دکتۆر چەمران. گوتی ئێوە بۆچی شەڕ دەکەن؟ کوردی دژە شۆڕش گوتی: ئێمە خودموختاریمان دەوێ. دکتۆر لێی پرسی: بۆچیتانە؟ گوتی: دەمانهەوێ دارەکانمان لە بەکتریا پاک کەینەوە و سەمپاشی کەین. ئێمە کشت و کاڵمان دەوێ و …” (کاظمی، ١٣٩٠: ١٠٤-١٠٧)
ئەگەر سەردەمێک سیستەمی ناوەند بە چەک و چۆڵەوە لە بیری داگیرکردن و چاوترسێن کردنی کورد وەک گەلێکی ژێردەستەدا بووە، ئێستا ئەوە بە گوتارێکی دیکەوە و بە بوارێکی دیکەدا هێرش دەکا. ئەوان هەوڵ دەدەن کورد وەکوو کۆمەڵە نیمچەمرۆڤێکی گەمژە و نەخوێندەواری جێگای بەزەیی و تووڕەیی پیشان بدەنەوە.
ئەگەر ئەوە نەفەسی نووسەرانی نەتەوەی سەردەستە، لە نووسەرانی هاوزمانی ئەو گەلەش کەسانێک هەن بیریان لە هاوشێوەیی لەگەڵ سیستەم کردوەتەوە. هاوشێوەییەک کە لە باسی ئۆتووریتەدا ئیستانلی میلگرام ئاوای شیدەکاتەوە: “له باسی ئۆتوریتهدا دوو واتای گوێڕایەڵێ و هاوشێوه‌یی هه‌یه. له یه‌كه‌مدا ناچارەییەک ده‌بیندرێ و له دووه‌مدا كه‌سی به‌رباس جیا له به‌ڕێوه بردنی قسه‌ی سه‌رتر له خۆی، ئاكار و عاده‌ته‌كان و زمانی ئه‌وانیش ده‌كار ده‌كا (میلگرام، ١٣٨١: ١٤٩). ئەو هاوشێوەییە لە کوردستان و لە دۆخی ئێستادا گۆڕانێکی قووڵتری بەسەردا هاتووە و تا ئاستی داماڵدران لە ناسنامەی نەتەوەیی و دوژمنایەتی ئەو ناسنامەیە بەرز بووەتەوە. ئەو تاقمە لە هاودڵبوون لەگەڵ نەتەوەی سەردەستەوە، بوونەتە گورووهی زەربەتی کو‌لتووریی دژبەرانی نەتەوەیی. ئەوە ئەو خاڵەیە کە لە کۆتایی ڕستەی شکستی ئێستای کورددا دەبێ دابندرێ و پێداچوونەوە بە دۆخی ئێستادا بکرێ. هەول بدرێ دۆخی هەنووکە بە دروستی و لە سەر بنەمای واقیع نەک ترس و شەرم هەڵبسەنگێندرێ و پلانی بۆ دابڕێژرێ و ناوەرۆکی بۆ بەرهەم بێ. ئەو کاتە کە هێزی نەتەوەیی ڕزگاریخواز جارێکی دیکە شەپۆلێکی نوێ بە ڕەوتی بیر و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان دەدا.
سەرچاوەکان:
ژیژك، اسلاوی (١٣٨٤) گزیده مقالات در نظریه سیاست و دین. گزینش فرهاد پور و دیگران، تهران: گام ن‌و
احمدی، بابك (١٣٧٦) خاطرات ظلمت، درباره سه متفکر مکتب فرانکفورت تهران: مرکز
پالمر، مارتین و دیگران (١٣٨١) مطالعات قومی و نژادی در قرن بیستم، مترجم پرویز دلیرپور و دیگران، تهران: انتشارات پژوهشكده مطالعات راهبردی
کاظمی، سیدابوالفضل (١٣٩٠)کوچە نقاشها، تهران: سورە مهر
میلگرام، استانلی(١٣٨١) اطاعت از اتوریته، ترجمه مهران پاینده و دیگران، تهران: اختران
یوسفی، محسن(١٣٧٣) یادداشتهای کردستان، تهران: دفتر ادبیات و هنر مقاومت
صلاحی، ملک یحیی(١٣٨٤)سیاست به مثابە علم، تهران: سمت


