ئارامتر بخوێنەوە!
مێدیا
برایم فەڕشی
“سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ. ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.“
برایم فەڕشی (١٩٥٧) لە بواری شانۆ، دڕاما، شانۆپێداگۆگی و داڕێژەری سیستەمی فێربوون، خوێندوویە و نووسەری ٢٥ کتێب و سەدان وتارە لە بواری شانۆ، شانۆپێداگۆگی، شانۆنامە، مێدیا و بیر وهزر. جگە لە پیشەی شانۆگێری و ئاکتۆریی فیلم و دوبلۆری، وەکو شانۆپێداگۆک و ئەندامی شانۆپێداگۆگەکانی ئاڵمان(www.butinfo.de) و بەرپرسی بەشی شانۆی ناونەتەوەیی و فرەکولتوری، دەیان پڕۆژەی شانۆپێداگۆگی بەڕێوە بردووە(١٩٩٠-٢٠١١) .
لە کوردستان بەرپرسی شانۆی لاو لە شاری بۆکان(١٩٧٣-١٩٨٠)، لە تاران بەرپرسی ناوەندی “فیلم و نمایش”(١٩٨٠-٨٢)، لە شاری کۆڵن بەرپرسی ناوەندی شانۆی کۆچەر(١٩٨٩-٢٠٠٠)، ئەندامی ڕێداکسیۆنی گۆڤاری “Kurdistan heute” (١٩٩٣-١٩٩٧)(www.navend.de)، ئەندامی ڕێداکسیۆنی (www.colognelife.de)-(٢٠٠٣-٢٠٢٠)، ئەندامی ڕێداکسیۆنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات – بۆکان (www.bokan.de)(1998- …) بووە.
ئەو وەک داڕێژەری سیستەمی فێربوون لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەنستیتۆی (Lernhaus)ی بۆ فێربوون دامەزراندووە کە جگە لە ئاڵمان لە فەڕانسە و ئیتالیاوە خوێندکار ڕووی تێ دەکەن. دوابەرهەمی هونەریی برایم فەڕشی بەڵگە فیلمی سینەمایی (Die Schule zwischen Hoffnung und Aufbruch- ٢٠١٧)ە.
مێدیا، لە نامەوە بۆ سمارتفۆن
[ ئەم کورتە وتاره، گشتی و کراوەیە و ناتوانێ فرەلایەن باسی مێدیا و کۆمۆنیکاسیۆن لەخۆ بگرێ. وتارەکە لەم بەشانە پێکهاتووە: دەروازەی باس، دووبەری مێدیا، چاپ و یەکەم نیشانەکان، کتێب و ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن، مێدیا و کات و شوێن، تیۆریی پێنج پرسیار، تیۆریی شەش مێتۆد، کورد و مێدیا. بەڵام باس لە ئینترنێت، مێدیای دیجیتاڵی، “لێهاتووییی دەستکردKI”(1)، “مرۆڤ-ماشێن – مێدیا”، لە وتارەکەدا جێگایان نەبووتەوە.]
دروازەی باس
پرسی تێگەیشتن و تێگەیاندن، مێدیا و کۆمۆنیکاسیۆن، لە سەردەمی سوقرات و ئەفلاتون و بەر لەوانەوە بە پێی بەردەنووسەکان هەتا “کانت، هایدیگەر، ئادرنۆ، ئیدوارد بێرنایس، نیکلاس لومان، هارۆلد ئادامس ئینرس، ڕۆبێرت سیالدینی و …”(2) جێگای مشتومڕ بووە، بەڵام تا ئێستا پێناسەیەکی زانستی – فەلسەفی هەمەلایەن و گشتگیر کە سنوورەکانی مێدیا ڕوون بکاتەوە، جێگیر نەبووە و بۆچوون و دانوستاندن و گەنگەشە بەردەوامە. هەرچۆنێک بێت، مێدیا هەمیشە دوو لایەنی بەرانبەر بە یەکی هەبووە، خاوەن مێدیا و بەکارهێنەری مێدیا.
دوو بەری مێدیا
خاوەن مێدیا مەبەستی ئەوەیه، بەکارهێنەری مێدیا بە مێدیاکەیەوە ببەستێتەوە. سەرکەوتن و مان و نەمانی مێدیا، بەستراوەتەوە بە بەکارهێنەری مێدیا. بۆ بەستنەوەی بەکارهێنەر بە مێدیاوه، سوود لە زانست، کەرەسە و هونەر وەردەگیرێ. ڕەوتی بەستنەوەی کڕیار بە کاڵا و مرۆڤ بە مێدیا، پڕۆسەیەکی ساکار نییە، هەمەلایەن، چڕوپڕ و تێکچڕژاوە!
بەکارهێنەری مێدیا لە ڕێگای چاو، گوێ و هەستی خۆیەوە سوود لە مێدیا وەردەگرێ. ئەو دەوری یەکسانی لە گەڵ خاوەن مێدیا نییە. بە وتەی ساکار، خاوەن مێدیا بەرهەم دەهێنێ، بینەر، بیسەر و خوێنەریش بەرهەم بەکاردەهێنن. چەشنێک قانوونی بازاڕ( کاڵا و کڕیاری کاڵا) لە نێوان هەردووکیاندا دەور دەگێرێ. مەبەست لە کاڵا “شتومەک” نییه، مەبەست بەرهەمێکە که خۆی لە فۆڕم و شکل و مۆدێلی جیاوازدا دەنوێنێ و کار دەکاتە سەر هەست و دەروون و مێشک و تێگەیشتنی مرۆڤ و لە پڕۆسەدا گۆڕان بەسەر کەسەکە و ژیان و تێگەیشتنیدا دەهێنێ. لە بنەڕەتدا بە پێی تیۆریی ڕێکلام و تەبلیغاتی بازرگانی، ئەوەی لە ڕێگای مێدیاوە بە کڕیاڕ دەفرۆشرێ، کاڵا نییە، “ئیدە”یە. کڕیار ئیدە دەکڕێ کە خۆی لە فۆڕم، مارک و ناودا دەردەخات. مارکی بێنز، مەکدۆناڵد، ئەپل، مایکرۆسافت و بێژمار ناو و مارک و فۆرمی تر.
خاوەن مێدیا بۆ “بەرانبەرەکەی” بەرهەم دەهێنێ و گەرەکە لایەنەکانی گشتی-تایبەتی، فەرهەنگی، دەروونی، زمان، خوڵق و خوو، هەڵسوکەوت، هەست و نەست، خۆزیا، ویست، هیوا، ئارەزوو و نیاز و پێداویستییەکانی ئەو بەرانبەرە لەبەر چاو بگرێ و لایەنی کز و لاواز، بەهێز و بێهێز، بۆچوون، بیر وهزری بزانێ، بۆ ئەوەی گرێدراو بیهێڵێتەوە.
ئامانجی خاوەن مێدیا کە پەیوەستە بە سیستەمی ئابووری-بازرگانی، سیاسی، ئایینی، حیزبی وئیدئۆلۆژیک، پاش تێپەڕبوون لە پڕۆسەی مێدیا-مرۆڤ، فرۆشیار-کڕیار، دێتە دی. ئەم پڕۆسەیە لەبەرچاوی بەکارهێنەر، ون و نادیارە!
ناسین و زانینی ئەو لایەنانه، کاری مێدیا دژوار دەکات و پێویست بە لێزان و شارەزا و پسپۆڕ لە بوارەکانی تیۆریک، پراکتیک، تەکنیک، نواندن، پێشکەشکردن، ڕێتۆریک و ئەو لایەنانە دەکا کە لە سەرەوە باس کران. کۆمەڵگا هەتا لە ساکارەوە بەرەو تێکچڕژاو و هەمەلایەن مل بنێ، کاری مێدیا و دەوری، گرنگتر و دژوارتر دەبێ. سەدەی بیست ویەک، دژوارترین و ئاڵۆزترین و کاریگەرترین سەردەمی مێدیا پیشان دەدات، کە هەم دامەزرێنەر و هەم داڕزێنەرە(3)!
چاپ و یەکەم نیشانەکان
بەر لە سازکردنی دەزگای چاپ لە لایەن گوتنبێرگەوە لە سەدەی پازدە، ڕاگەیاندن و کۆمۆنیکاسیۆن لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤ ڕووی دەدا، هەرچەند نووسین لە ڕێگای نیشانەکان و دواتر ئەلفوبێ لە سەر دیوار، خشت، چەرم و پاپیرۆس باو بوو، بەڵام ئەوانە کەرەسە و دەرەتانی گونجاو بۆ ئاگادارکردنەوەی گشتی نەبوون، مرۆڤ کەرەسە و ئامێری بۆ ئاگادارکردنەوەی خۆی لە دوور و نزیک هەبوو، کە ئامێرەکانی مۆسیقا گونجاوترین و بەربڵاوترینیان بوون.
هەر وەک توێژینەوەکان بە تایبەت لە سەدەی بیست و بیست و یەکدا، دەریانخستووە، مێزۆپۆتامیا(ناوچۆمان) یەک لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤی سەر گۆی زەوی بووە و گوندنشینی و شارنشینی، لێرەوە دەستی پێ کردووە و بەم پێیە کۆمۆنیکاسیۆن و کەرەسە سەرەتایییەکانیش هەر لێرەوە بەکارهێنراون، یەکەمین نیشانەکانی نووسین لەسەر خشتی کاڵ کە لە ژێر تیشکی خۆرەتاو وشک کراون و سیستەمێک لە نیشانەکان لەخۆ دەگرن، دوازدە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ بە ناوی وڵاتی سووریا دەناسرێ و شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و جوو، ئەرمەن و سومێر، ئاشوور و … بووە، دۆزراوەتەوە کە بە سەرەتای کۆمۆنیکاسیۆن لە ڕێگای نووسینی نیشانەکان دەناسرێ و تابڵۆی ئەم زانیارییانە لە مۆزەی کامپیۆتێر لە شاری پادابۆرنی ئاڵمان، هەڵواسراوە.
مێدیا و کەرەسە سەرەتایییەکان وەک مرۆڤ خۆی، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و لە سەردەمی ئێستادا گەیشتوونەتە پلەیەکی بەرز. ئەو ڕەوتە بەردەوامە و مرۆڤ ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە بووەتەوه، کە ئایا مێدیا و کەرەسەکانی بەرەو کوێی دەبەن و دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ هێژێمۆنی مێدیا بکرێ، کە بەردەوام بەرەو مۆنۆپۆل و چەندپۆلی دیار لە جیهان دەکێشرێ؟
کتێب و ڕۆژنامە
کتێب و ڕۆژنامە پاش سازکردنی دەزگای چاپ، پەرەیان ساند. بەکارهێنانی هەردووکیان گرێدراوی ویست و خواستی تاکەکەس بوو. خوێنەر لە کڕین و نەکڕین، خوێندنەوە و نەخوێندنەوە و هەڵبژاردنی بابەتی ناو ڕۆژنامەکان ئازاد بوو. بۆ وێنە شانۆ هەرچەند بەپێی هێندێک باوەڕ، لە چوارچێوەی مێدیادا ناگونجێ، بەڵام بە هەمان شێوە، تاک دەتوانێ بڕیار بدات بچێتە هۆڵی شانۆ یان نەچێ. خوێندنەوەی لاپەڕەکانی کتێب و بەتایبەت ڕۆژنامە، دەکەوێتە سەر مەیلی خوێنەر، بەڵام لە هۆڵی شانۆ، بینەر تا ئەو کاتەی لە هۆڵەکەدا بمێنێتەوە، گرێدراوی ڕەوتی نواندن لە سەر سەکۆی شانۆ دەمێنێتەوە و هەڵبژاردن بۆ بینەر وەک خوێنەری ڕۆژنامە لە گۆڕێدا نییە. لە شانۆدا دووبارەبوونەوە بەو شێوەیەی کە لە کتێب و ڕۆژنامە و سینەما و تەلەفیزیۆندا هەیە، نابیندرێ.
کتێب، ڕۆژنامە و فیلم، پاش چاپکردن و چێکردن، وەک خۆیان دووبارە دەبنەوە، بەڵام بۆ وێنە نە لە شانۆ و نە لە ژیانی ئاساییدا دووبارە بوونەوە، بوونی نییە. فیلم و کتێب و ڕۆژنامە، لەو ڕۆژەی دەردەچن، هەتا کاتی لەناوچوونیان، ئەوەی تێیاندا هاتووە وەک خۆی دەمێنێ، کە مێدیایی بوونی ئەوان بە پێی تیۆریی مێدیا دەگەیێنێت.
نامە، کتێب، ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن گرێدراوی تۆمارکردن و دووبارەبوونەوەن. دووبارەبوونەوە دەبێتە هۆی گۆڕین و نەگۆڕینی بیر و هزر و تێگەیشتن، دەبێتە هۆی ڕاکێشانی کەسان بۆ ئەنجامی کار و کردەوەیەک، کە ڕەنگە ویستی ڕاستەقینەی ئەوانی لە پشت نەبێ. مێدیا لە ڕێگای دووبارەبوونەوەوە، دەتوانێ ببێتە کەرەسەی خاپاندن، چەواشەکاری و گۆڕانی ڕاستی. ببێتە پێچەوانەکردنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان و گۆڕینی مێژوو بەم بار و ئەو باردا. مێدیا دەتوانێ کەرەسەی تێگەیاندن و پێگەیاندن و وشیارکردنەوەش بێ.
رۆژنامە ناوەڕۆکی هەمەجۆر و هەمەڕەنگی هەیە و گشتیترە لە کتێب. ڕۆژنامە بۆ تاقم و توێژ و دەستەیەکی تایبەت نانووسرێ. دراما، ڕۆمان، فەلسەفە، شیعر، چیرۆک، بابەتی کۆمەڵناسی، پزیشکی، بیرکاری، بیۆلۆژی و هەر بابەتێکی تر کە لە کتێبەکاندا دەهێندرێن، هەموو کەس نایانخوێنێتەوە. کەچی ڕۆژنامە، بۆ هەموو چین و توێژ و گرووپی ناو کۆمەڵگا بڵاو دەکرێتەوە و ئەو بابەتانەی سەرەوە و بابەتی تر لە خۆ دەگرێ. خوێنەرانی ڕۆژنامە هەمەجۆر و هەمەلایەن و خاوەنی گەلێک بۆچوونن، کە ئەوە بینەری تلەفیزیۆن و بیسەری ڕادیۆش دەگرێتەوە. ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن زۆر بەربڵاوتر و گشتی تر لە ڕۆژنامەن، هەموو کەس لە منداڵ هەتا گەورە لە خۆ دەگرن و مێدیای هەر کەس و هەموو کەسێکن.
کتێب، بیروبۆچوون و تێگەیشتنی تاکەکەس، یان چەند کەس لە بوارێک یان چەند بواری دیاریکراو لە خۆ دەگرێ و ڕەنگە پاش خوێندنەوە، ببێتە هۆی پێکهاتنی بیر و تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان خوێنەر و نووسەر، بەڵام ئەمە کاتێک ڕوو دەدات کە دووبارەبوونەوە و بەردەوامی لە گۆڕێدا بێ. بەردەوامی و دووبارەبوونەوە، دەبێتە هۆی تۆمارکردن و مانەوەی هەر شتێک لە بەشی درێژخایەنی “زەین” لە مێشکدا. ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن بە پێی ئەم بەردەوامبوونە زۆرترین کارگەرییان لە سەر مێشک و بیر وهزر وهەستی مرۆڤ هەیە و بوونەتە ئەندامی هەمیشەییی بنەماڵەکان. ئەوەی کە دەگوترێ مرۆڤ بیر و بۆچوون و هەڵبژاردنی خۆی لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و مێدیاوە وەردەگرێ، نزیک لە ڕاستییە.
کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار لە سەدەی شازدە هەتا کۆتاییی سەدەی ١٩، دوو مێدیای بەرچاوی ناو کۆمەڵگا بوون. پاش ئەوەی دەسەڵاتی کلیسا لە کۆتایی سەدەی شازدە لە سەر خوێندنگەکان هەڵگیراو خوێندن و نووسین کرایە گشتی و خوێندنگە دەوڵەتی کران، کتێب و ڕۆژنامە خوێندنەوە زۆرتر پەرەی ساند. بەپێچەوانەی کتێب و ڕۆژنامە بەکارهێنانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن پێویستی بە خوێندن و نووسین نەبوو، پێویستی بە گوێ و چاو بوو.
ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن
بە هاتنی ڕادیۆ لە 1893 و تەلەفیزیۆن لە 1928 کە ڕەوتەکەی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەستی پێ کردبوو، تەقینەوەیەکی مێدیایی، بە پانتاییی هەموو جیهان ڕووی دا. لە سەردەمی دەسەڵاتی نازییەکاندا هەر دوو مێدیا ساڵی 1935 بۆ 1945 کران بە دەزگای پرۆپاگەندە و گەورە و بچووک کەوتنە ژێر کاریگەریی فکری، فەرهەنگی، دەروونی ، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی و ئیدئۆلۆژیک! بەکارهێنانی ئەو دوو مێدیایە هەڵسوکەوت و تێگەیشتنی مرۆڤی تووشی ئاڵۆزی کرد و لە گەڵ بڕەوپەیداکردنی ئەو دوو دەزگایە، بەتایبەت تەلەفیزیۆن، کۆمەڵگا ئاڵوگۆڕی خێرای بەسەردا هات.
بەکارهێنانی ڕادیۆ لە میانەی شەڕی یەکەمی جیهانی و بەکارهێنانی تەلەفیزیۆن لە لایەن حیزبی نازییەکانی ئاڵمانەوە، بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاستەوخۆی کۆنگرەی حیزبەکەیان و بۆ مەبەستی ئامادەکردنی خەڵک بۆ شەڕی دووهەمی جیهانی، کارتێکەریی ئەو دوو مێدیایە و کاریگەریی هەردوکیانی دەرخست. “ژۆسێف گۆبلز” وەزیری تەبلیغاتی “ئادۆڵف هیتلێر” کە تێگەیشتن و مێتۆدەکانی “ئێدوارد بێرنایس”ی ئەمریکایی، نووسەری کتێبی “پرۆپاگەندە”ی لە مەڕ پرۆپاگەندە بەکار دەهێنا، توانی لە ڕێگای ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەوە، بیری فاشیستی بگوێزێتەوە بۆ ناو سەری خەڵکی ئاسایی. لەم ڕێگایەوە تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستانەی کۆمەڵەکەسێک لە چوارچێوەی حیزبێکدا، کرا بە تێگەیشتنی هەموو ئەو خەڵکانەی کە بوون بە دەست و لاق و گوێی فاشیسم و بکەری پڕکوژراوترین و وێرانکارانەترین شەڕی مێژووی جیهان.
پڕۆپاگەندە، ئاژیتاسیۆن و گۆڕینی تێگەیشتنی خەڵک و ڕەوانەکردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ و تەشەنەی بیری فاشیستی لە ناو سەری تاکەکەس و میللەتان و وێرانیی دەیان وڵات و کوشتنی دەیان میلیۆن کەس و بڵاوکردنەوەی بیری ڕەگەزپەرستی لە پانتاییی وڵاتان، تەنیا بەشێک لە کارەساتەکان بوو کە بەکارهێنانی خراپی دوو مێدیای ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی دەرخست.
لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، حکوومەتی قەیسەریی ئاڵمان لە بێڕلینەوە بەرنامەی بە زمانی فارسی و تورکی و عەرەبی بڵاو دەکردەوە. بیری دژایەتیکردنی موسڵمانان لەگەڵ وڵاتانی ڕووسیا و بریتانیا لە ڕێگای ئەم ڕادیۆیەوە تەشەنەی ساند و پاش سەفەری قەیسەری ئاڵمان بۆ دیمەشق و چوونەسەر گۆڕی سەلاحەددینی ئەییووبی و ڕازیکردنی سوڵتانی عوسمانی بۆ دەرکردنی جیهاد دژی ڕووس و ئینگلیس، مەبەستی ئاڵمانییەکان هاتە دی. وڵاتانی عوسمانی و فارس و عەڕەب و کوردەکان و نەتەوەکانی تری موسڵمان، لەو شەڕە بە سوودی ئاڵمان و دژی ڕووسیە و بریتانیا وەردران. بە بێ ڕادیۆ و بڵاوکردنەوەی بەیان (کە ئەویش چەشنێک مێدیایە) دەنگی ئاڵمانییەکان نەدەگەیشتە ئەو خەڵکانە.(3و4) تێگەیشتنی فاشیسمی–ئیسلامیی خومەینی بە ڕێگای کاسێتی دەنگ گوێزرایەوە بۆ ناو خەڵک. پاش وەرگرتنی دەسەڵات، بەکەڵکوەرگرتن لە فرە چەشنیی مێدیا، بیری ئەو هەتا دووردەستەکانی ئافریقا و باڵکان پەرەی ساند.
مێدیا و کات و شوێن
خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامە گرێدراوی کاتی دیاریکراو لە لایەن نووسەر و وەشانخانەکانی کتێب و ڕۆژنامەوە نەبوو. بەڵام بیستنی ڕادیۆ و بینینی تەلەویزیۆن گرێدراوی کاتی بڵاوکردنەوەی بەرنامەکان بوو. بیسەر و بینەر بە کاتی دیاریکراو لە گەڵ مێدیا گرێ دەدران. سیستەمی بڵاوکردنەوەی بەرنامەکان و داڕشتنی بەرنامە و جۆری بەرنامە و ناوەرۆکی بەرنامە دوور لە دەست و ئیرادەی بیسەر و بینەر لە لایەن خاوەن مێدیا (حکوومەت و ناحکوومەت)ەوە ئامادە دەکران.
دەزگای ڕادیۆ لە سەرەتا بۆ گەورەیی وەک تەلەفیزیۆن گرێدراوی شوێن بوو، لە بەر گرانی، لە شوێنە گشتییەکانی وەک قاوەخانە، چێشتخانە، هۆتێل و شوێنی لەو چەشنە بەکاردەهێندران و دواتر دەرگای ماڵان بۆ هەر دوکیان کرایەوە. لە ڕێگای ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەوە هێدی هێدی لەماوەی ساڵانێکدا پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ گۆڕدرا و بوو بە پەیوەندیی مرۆڤ و دەزگا.
بەسترانەوەی مرۆڤ بە کات و شوێنەوە بەر لە هاتنی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن، لە ڕێگای سەنعەتی کردنی وڵاتانەوە دەستی پێ کردبوو. لە بریتانیا و ئاڵمان و وڵاتانی تر، لەگەڵ زۆر بوونی کارگا، کارخانە، ئیدارات، کۆمپانیا، مەدرەسە و زانستگا، “کات و شوێن” گرنگیی سەرەکیی بۆ “کار و بەرهەم” پەیدا کردبو. ژیانی خەڵک بە چەشنێک بە کات و شوێنەوە بەسترابووەوە کە بوو بە باسی بیرمەند و فەیلەسووفان. مارتین هایدیگێر بابەتی “کات”ی کردە دەستمایەی بیرکردنەوە و کتێبی “بوون و کات” (Sein und Zeit- 1927) بەرهەمی بیرکردنەوەی ئەو لەمەڕ کات و بوون بو. کارڵ مارکس وفریدریش ئینگلس (کە باوکی لە ناوچەی وپێرتاڵ خاوەن کارخانە بوو) بەر لە هایدیگێر تێگەیشتبوون کە بەستنەوەی کرێکار بە کات و شوێنەوە، بۆ سیستەمی سەرمایەداری و بەرهەمهێنان گرنگە. بە هەمان شێوە دیاردەی کات و شوێن بۆ سیستەمی سۆسیالیسم-کۆمۆنیسم گرنگ بوو.
بەستنەوەی مرۆڤ بە کات و شوێن، هەروەک چۆن بۆ کارخانە-کاڵا پێویست بوو، بۆ ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنیش لازم بو. هەردوو سیستەمی سۆسیالیستی و کاپیتالیستی، پێویستیان بە بەستنەوەی مرۆڤ بە کات و شوێن و بەستنەوەیان بە ماسمێدیای ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە هەبوو. هەر دوو سیستەم ماسمێدیان کرد بە چەشنێک کارخانەی بەرهەمهێنانی تێگەیشتنی گشتی، کە زامنی وەگەڕخستنی چەرخی سیستەم، پایداریی حیزب و پارلەمان و حکوومەت و دامودەزگاکانیان بوو.
بیسەری ڕادیۆ و بینەری تەلەفیزیۆن، ئازاد بوون لەوەی ببنە بیسەر و بینەر یان نەبن، بەڵام کە دەبوونە بیسەرو بینەر، گرێدراوی کاتی بەرنامەکان دەمانەوە و ئازاد نەبوون لە هەڵبژاردنی کات و ئازادیش نەبوون وەک کتێب و ڕۆژنامە، لاپەڕەکان بە خواستی خۆیان هەڵدەنەوە و بە پێی ویست و تایبەتمەندیی خۆیان بەرنامەکان سەیر بکەن و گوێیان بدەنێ. ئەوان پەیوەست بە مێدیا، بەرنامەکان، بەرنامەساز، کەسانی مێدیا و بیر و هەست و تێگەیشتنی ئەوان دەمانەوە.
تیۆریی پێنج پرسیار
هارۆلد دویگت لاسوێل ئەمریکایی Harold Dwigt Lasswell (1902-78) تیۆریسیەنی کۆمۆنیکاسیۆن و پسپۆڕی زانستی سیاسی و نووسەری کتێبی “تەکنیکی پرۆپاگەندە لە جیهان”، پێنج پرسیار دەخاتە بەر دەست:
کێ دەیبێژێ؟ چی دەبێژرێ؟ بە چ ڕێگایەک دەبێژرێ؟ بۆ کێ دەبێژرێ؟ بۆ چ مەبەستێک دەبێژرێ؟
گەر سەرنجی پرسیارەکان بدرێ، لایەنی مێدیا، ئامانجی مێدیا و بەکارهێنانی ڕێگا بۆ پێکانی مەبەست، تێیاندا خۆ دەنوێنێ. دەکرێ لە گۆشەنیگای بەکارهێنەری مێدیاشەوە، سەیری پرسیارەکان بکرێ بۆ ئەوەی دەرکەوێ، لە گەڵ کام مێدیا، خاوەن مێدیا، کام مەبەست و کام شێوەگەلی مێدیایی ڕووبەڕووین. گرنگیی وڵامی ئەم پرسیارانە ئەوکاتە دەردەکەوێ کە سەرنج بدرێتە سەر مێدیای سەردەم، کە بینەر و بیسەر و بەکارهێنەری ئاسایی، دژوارە بتوانن وڵامی پرسیارەکانیان پەیدا بکەن، بگرە وڵامدانەوە بەو پرسیارانە بۆ زۆرینەی بەکارهێنەرانی مێدیا، ناگونجێ. بۆ وێنە سمارتفۆن کە هەموو مێدیا دجیتاڵییەکان لە خۆ دەگرێ، گرێدراوی هەزاران ئەپ و پلاتفۆرم و مێدیای هەمەجۆر و هەمەلایەنە. کێ دەزانێ، کێ دەبێژێ و بۆ چ مەبەستێک دەبێژرێ؟
بینەر و بیسەر و خوێنەر، دەوری کاریگەر و ئازادانە لە پڕۆسەی مێدیادا ناگێڕن و دوورن لە پڕۆسەی چێکردنی بەرنامە و ئامادەکردنی هەواڵ و ڕاپۆرت و دەرەتانی ئەوەیان نێیە بزانن “بە چ ڕێگایەکدا و لەبەرچی دەبێژرێ” و چ فێڵ و تەڵەکەیەکی تەکنیکی، هونەری و ڕیتۆریک بەکاردەهێندرێن(3و5).
مافی وەرگرتنی زانیاریی دوور لە ئاژیتاسیۆن، پرۆپاگەندە و شێواندن، بە مێتۆدی جیاواز ژێر پێ دەخرێ. ئودۆ ئولفکۆتە ڕۆژنامەنووس و نووسەر، کە بۆ ڕۆژنامەی “فرانکفۆرتەر ئاڵگەماینە”ی دەنووسی، لە کتێبی “ژۆرنالیستە بەکرێگیراوەکان”دا(6) باس لە شەڕی کەنداو دەکات. ئەو دەگێڕێتەوە “لە بەغدا سواری ماشێنیان کردین و بەرەو شوێنێکیان بردین و لەوێ کۆمەڵێک ماشێن و کەلوپەلیان ئاگر دا و مەیدانی شەڕیان لێ سازکرد و ڕێپۆرتێرەکانی تەلەفیزیۆن بە تایبەت (“سی ئین ئێن” کە ئینحیساری بڵاوکردنەوەی وێنەکانی شەڕی کەنداوی پێ سپێردرابوو) ڕاستەوخۆ وێنەکانیان گواستەوە”. ئەم فێڵ و تەڵەکانە لە شەڕەکانی باڵکان، ئەفغانستان، ئوکراین، سووریا، لیبی و دەیان شوێنی تر بەکارهێنراون و دەهێنرێن.
بەکارهێنانی مێدیا لە میانەی شەڕی یەکەم و دووهەمدا بۆ ئامانج و مەبەستی دژ بە مرۆڤ و مافی مرۆڤ و دژ بە کەمینە ئایینی، ئیتنیکی، زمانی و فەرهەنگییەکان و دژ بە نەتەوەکانی تر، زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بیرمەندان و سیاسەتمەداران و تیۆریسیەنەکانی خستە سەر ئەو باوەڕە، کە مێدیای گشتی، وەک ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و مێدیای هاوچەشن، نابێ ببن بە مێدیای حیزب، کلیسا، حکوومەت و هەرچەشنە گرووپێکی ئیدئۆلۆژیک، ئایینی، سیاسی و هەر چەشنە مەسلەک و تێگەیشتنێکی فەلسەفی.
لە هەمان کاتدا ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن وەک دوو مێدیای گشتی دەبێ مێدیا و دەنگ و ڕەنگی هەموو لایەنەکانی ناو کۆمەڵگا و هاووڵاتیان و دوور لە هەر چەشنە هەڵاواردن و دەمارگرژی بن. مێدیا لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوا لە لایەن شۆڕایەکەوە کە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا بێت، بەڕێوەدەبرێن و هیچ حیزب و کلیسا و دامودەزگایەکی ئیدئۆلۆژیک، ئایینی و هیچ ناوەندێکی زانستی و فەلسەفی و سیاسی، ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی گشتی و کراوەیان نییە، جگە لە واتیکان کە وەک دەوڵەت ناسراوە.
لە وڵامی ئەوەیدا کە کێ دەبێژێ؟ هەموو لایەنەکانی ناو کۆمەڵگا دەبێژن. چی دەبێژرێ؟ هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە هەمووانەوە هەیە. بە چ ڕێگایەکدا دەبێژرێ؟ بە هەموو ئەو ڕێگایانەدا کە بریندارکردنی بەرانبەرەکەی تێدا نەبێ. بۆ کێ دەبێژرێ؟ بۆ هەر کەس و هەموو کەس. بۆ چ مەبەستێک دەبێژرێ؟ بۆ مەبەستی بەخشینی زانیاری، ڕاگەیاندن و سوودبردن لە هونەر، زانست، فەرهەنگ، فەلسەفە، ئایین و بۆ پێڕاگەیشتن بە باوەڕی خەڵک و خەڵکان. ئەوەی مێدیا چەندە لە دەوری ئەو بۆچوونەدا دەخولێتەوە، وەک پرسیار دەمێنێتەوە.
تیۆریی شەش مێتۆد
رۆبێرت سیالدینی ئەمریکایی، لایەنی دەروونیی مرۆڤ لە مەڕ بازاڕ و ویستی کڕین تاوتوێ دەکات و شەش مێتۆد بەکاردەهێنێ بۆ ئەوەی کڕیاری کاڵا و بینەر و بیسەر و خوێنەر بخزێنێتە ناو تەونی بازاڕ و مێدیا. ئەو، بڕەوپێدانی بازاڕ و چوونە سەری ویستی خەڵک بۆ کڕین، دەکاتە مەبەستی لێکۆڵینەوەکانی و دوو لایەنی ئەمبەروئەوبەریان تێدا بەدی دەکات، کە کڕیار و فرۆشیار، خاوەن مێدیا و بەکارهێنەری مێدیا دەگرێتەوە:
لایەنی یەکەم مێدیا وەک بەرهەمهێنەر (فرۆشیار)، لایەنی دووهەم بەکارهێنەر وەک کڕیار.
دووهەم مەسەلە بڕیاردانی کڕیار و دەرهێنانی ئەو لە حاڵەتی دوودڵییە بۆ ئەوەی مەیل بە لای کڕیندا بشکێتەوە. ئەوەش بە هەمان شێوە لە کاری مێدیادا مەبەستە کە چۆن بڕیاری بەکارهێنەر بۆ لای مێدیا ڕابکێشرێ.
سێهەم پشتبەستن بەو لایەنە کۆمەڵایەتییەی کە لای مرۆڤ بەنرخه (کە ئەوەش بە پێی کۆمەڵگا و فەرهەنگ جیاوازە)، بە کەڵکوەرگرتن لەو لایەنە، کڕیار بۆ لای مەبەستی خاوەن مێدیا یان فرۆشیار ڕادەکێشرێ.
چوارەم پێکهێنانی لایەنگری بۆ فڵان و فیسارە مێدیا، مارک، ناو، سیمبۆل و هەر نیشانەیەکی دیکە.
پێنجەم پێکهێنانی ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی “کڕیار” پابەند بە فڵان مێدیا، وڵات، شەریکە، فۆڕم، مارک و مۆد بمێنێ. بۆ وێنە مارکی بێنزی ئاڵمان، مێد ئین جێرمەنی کە ئۆتۆریتەی جیهانیی پەیدا کردووە.
شەشەم سنووردار نیشاندانی بەرهەم، واتە، بوونی ژمارەیەکی دیار لە کاڵا و فرۆشتنی لە کات و شوێنی دیار، بۆ ئەوەی کڕیار بە هەڵەداوان بۆ کڕینی کاڵا بکێشرێ.
ئەم مێتۆدە بۆ هەر چەشنە بەرهەمێکی مێدیاییش بەکار دەهێندرێ. بۆ ئەوەی هەرکام لەو مێتۆدانە بچەسپن، پێویست بە لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنی کۆمەڵایەتی، مێژوویی، فەرهەنگی و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی ناو هەر بازنەیەکی ناوچەیی و جیهانی دەکات.
چی وا لە مرۆڤ دەکات، بە قسە و بە دڵی ئەم و ئەو بکات؟ بەکارهێنانی کام تەکنیک، کام مێتۆد باشە بۆ ئەوەی فرۆشیار و خاوەن مێدیا، بە ئامانجی خۆیان بگەن و کاڵاکەیان بە کڕیار بفرۆشن؟ سیالدینی لە بەستێنی فرۆشتن و ڕێکلامی بازرگانی بە “تیۆریی باوەڕپێهێنان” دەگات و مێتۆدەکانی بەکار دەهێنێ بۆ ئەوەی کڕیار لە دوودڵییەوە بە ئەرخایەنبوون بگات.
بەو مانایەی کڕیار و بەکارهێنەری مێدیا، باوەریان پێ بهێنرێن بۆ ئەوەی بەردەوام کڕیاری بەرهەم و مێدیای تایبەت بن. لێرەوە خاوەن بەرهەم و خاوەن مێدیا دەکەونە کێبەرکێ بۆ ئەوەی کڕیار و بەکارهێنەری مێدیا بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و لای خۆیان بیانهێڵنەوە.
سیالدینی لە کتێبەکەیدا بە ناوی “سایکۆلۆجیای باوەڕپێهێنان” ئەم شەش مێتۆدە تیۆریزە دەکات بۆ ئەوەی کریار بەرەو بڕیاردان بۆکڕین ڕابکێشرێ، بەرەو سەندووقی هەڵبژاردن مل بنێ، بەهەڵەداوان بەرەو ئەم مێدیا و ئەو مێدیا، ئەم پرۆگرام و ئەو پرۆگرام ڕابکات، خۆی لە ناو ئەم سیاسەت و ئەو سیاسەت، ئەم حیزب و ئەو حیزبدا ببینێتەوە. ئەم شەش مێتۆدە بۆ باوەڕپێهێنان و گۆڕینی بۆچوون و بەکورتی بۆ داسەپاندنی بڕیارێکه کە ڕەنگە بۆچوون و ویست و خواستی کڕیار نەبێ، بەڵام بەرەو کڕینی کاڵا و دەنگدان لە هەڵبژاردن و بەکارهێنانی مێدیا بکێشرێ.
– هەر مێدیایەک، هەر کڕین و فرۆشتنێک، دوو لایەنی هەیە. لەم مێتۆدەدا هەر دوو لا چالاک دەکرێنەوە، تۆ شتێک بدە هەتا شتێک وەربگری، پارە بدە هەتا ئەم شت و ئەو شت وەربگری. کاتی خۆت بدە هەتا لە بەر تەلەفیزیۆن، ڕادیۆ، ئینتێرنێت (فیلم، بەرنامە،هەواڵ و…) وەربگری. دەنگی خۆت بدە هەتا چی و چی وەربگری. سیالدینی وێنەیەک لە پەیوەندیی وێبلاگدا دەهێنێتەوە کە بۆ هەموو مێدیا و سۆسیال مێدیا بەکار دەهێندرێ. ئەو دەلێ لەو وێبلاگەدا بابەتێکت بۆ خوێندنەوە پێ دەدرێ بۆ ئەوەی هێدی هێدی ببی بە خوێنەری بەردەوامی وێبلاگەکە. بێ پارەبوون هۆیەکی ترە بۆ ڕاکێشانی بەکارهێنەری مێدیا. کۆمپانیاکانی جیهانی سۆسیال مێدیا، ئەم مێتۆدە بەکار دەهێنن. لاپەڕەیەک، پلاتفۆرمێک بە بێ پارە دەدرێتە کەسان، کەسەکان بابەتی خۆیانی تێدا بڵاودەکەنەوە و لە بری ئەو لایک و جۆرە ڕەنگاوڕەنگەکانی “سمایلی”(سیمبۆل) وەردەگرن و بە پێشکەشکردنی کات، بەردەوامبوون، ئابوونەبوون، بەخشینی زانیاری بۆ وێنە بە فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئاپ، دەبنە هۆی کۆبوونەوەی سەرمایەی میلیاردی بۆ خاوەنەکانی سۆسیال مێدیا.
– پابەندمانەوە بە بڕیار، گەر کڕیار و خاوەن مێدیا کارێک بکەن، بڕیارێک بدەن، لە سەر بڕیارەکەیان بەردەوام دەمێنن. ئەمە هەم لە لای خاوەن مێدیا و خاوەن کاڵا بەرپرسیارەتی سازدەکات، هەم لای کڕیار و بەکارهێنەری مێدیا. خاوەن کاڵا و مێدیا بەردەوام دەبن لە باشترکردن و ڕازاندنەوەی کاڵا و بەرنامەکانی خۆیان و کڕیار و بەکارهێنەری مێدیاش، بەردەوام دەبن لە کڕین و بەکارهێنانی مێدیا.
– خۆگرێدانی کۆمەڵایەتی، مرۆڤ هەم چاولێکەریی یەکتر دەکەن و هەم خۆ لەگەڵ یەکتر ڕێکدەخەن، بۆ وێنە گەر دراوسێ، هاوکار و هاوپۆل، بەردەوام سەیری فڵان زنجیرە فیلم دەکات و بەردەوام لە گەڵ ئەوانی تردا باسی لێوە دەکات، منیش بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵگایە و لەو کۆمەڵە کەسە بەجێ نەمێنم و تەریک نەبم، دەبمە بینەری هەمان فیلم و دەبمە یەکێک لەو کەسانەی بەردەوام بەشداریی باسی فیلم دەکەن. ئەم خۆگرێدانە بەم و ئەو، بەم کاڵا و ئەو کاڵا، دەبێتە هۆی کڕین و بەکارهێنانی کاڵا، مێدیا، بەرنامە، پڵاتفۆرم، ماڵپەر و وێبلاگ.
– لایەنگری. سیالدینی پێی وایە ئێمەی مرۆڤ ڕێگا دەدەین بکەوینە ژێر کاریگەریی ئەم و ئەو، ئەمە دەتوانێ لە فۆڕم و شێوەی جیاواز لە بواری جیاوازدا خۆی دەربخات، بۆ وێنە هێندە باسی فڵان گۆرانیبێژ، سیاسەتمەدار، وەرزشوان، مانکەن، ئاکتۆر، فیلم، کتێب، گۆڤار و کاڵا کراوە و دەکرێ و بەردەام لایەنگرانیان خۆیان دەرخستووە، مرۆڤ بەرەو لایەنگریی کەس و کاڵا، مێدیا و ئەو شتانە دەکێشرێ. باشترین وێنە لایەنگری لە هیتلێر، خومەینی، دۆناڵد ترامپ، ئەردۆغان، فڵان مارک و فڵان مودێل و فڵان شتە!
– ئێمەی مرۆڤ لە خۆماندا هەست بەوە دەکەین کە ویستی وەرگرتنی چوونەژێر باندۆری ئەم و ئەو لە مرۆڤدا هەیە و دەکێشرێن بەرەو قەبووڵکردنی ڕابەریی ئەم و ئەو یان قەبووڵکردنی دەسەڵاتی ئەم دەزگا و مێدیا و یانە و حیزب. دەکرێ تاک بکێشرێتە ژێر کارتێکەریی فۆڕم و ئونیفۆڕم و پیشە و کەسایەتیی کەسانی تر.
– سنوورداربوون؛ یەکێک لەو شتانەی لە مرۆڤدا هەیە و ڕایدەکێشێ بۆ کڕین، یان ئەنجامی کارێک، ئەوەیە بزانرێ فڵانە شت هەرزان کڕاوە و تەنیا ژمارەیەکی کەمی هەیە و لە فڵان ڕۆژ و فڵان کاتژمێر و فڵان شوێندا، بۆ ماوەیەکی کاتی دەفرۆشرێ. فڵان گۆرانیبێژی بەناوبانگ بلیتی کۆنسێرتەکەی تەنیا لە یەک ڕۆژدا دەفرۆشرێ، فڵان سیاسەتمەداری ناودار بۆ چەند کاتژمێر لە فڵان شوێن، دێتە شارەکەی ئێمە و تەنیا ئەوەندە کورسی هەیە کە دەبێ پێشوەخت ڕزێرو بکرێن. فڵان فیلم یا شانۆی ناودار بۆ یەک جار لە فڵان شوێن نمایش دەکرێ، فڵان بەرنامەی تەلەفیزیۆن یان ڕادیۆ تەنیا لە فڵان ڕۆژ و فڵان کاتژمێر بۆ یەک جار بڵاودەکرێتەوە. لە هەر کام لەو حاڵەتانەدا لە گەڵ هێرش و لێشاوی خەڵک ڕووبەڕوو دەبین.
ئەو شەش مێتۆدەی سیاڵدینی کە هەمووی لایەنی دەروونی و سایکۆلۆجیی مرۆڤی بە نیشانە گرتووە، مرۆڤ بەرەو بڕیاردانێک دەکێشن، کە ڕەنگە دەربڕی ویستی ڕاستەقینەی “بڕیاردەر” نەبێ.
کورد و مێدیا
کورد کەوتۆتە ژێر باندۆری مێدیای وڵاتان، لێکۆڵینەوە لە بەردەست نییە بۆ ئەوەی بزانرێ کتێب، ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، مێدیای دیجیتاڵی و ئینترنێتیی وڵاتانی ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا، چەندە کارگەرییان لە سەر تێکدانی کەسایەتی، ناسنامە، تێگەیشتن، و تێکشکانە سیاسییەکانی کورد هەبووە!
کورد لە حاند سیستەمی مێدیای دەوڵەتان، ڕادیۆی شەپۆل کورتی حیزبی هەبوو، ڕۆژنامە و بڵاڤۆکی نهێنیی بەکاردەهێنا. پاش ساڵی ١٩٩٢ باشووری کوردستان کەوتە ژێر پاراستنی هێزەکانی ناودەوڵەتی، ئیزگەی ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی خۆجێیی حیزبی دەوری قووڵترکردنەوەی ناکۆکییەکانیان گێڕا و بوون بە دەزگای شەڕی نێوان حیزبەکان. ساڵی ١٩٩٥ بە دەرکەوتنی دەنگ و ڕەنگی مەد تی ڤی لە ڕێگای ساتەلایت و دواتر کوردستان تی ڤی، کوردسات، زاگرۆس، ڕۆژهەڵات و تیشک تی ڤی، کورد لە هەموو پارچەکان کەوتنە ژێر باندۆری مێدیای حیزبی.
ئێستا مێدیای حیزب و گرووپی کورد، مێدیای چوار دەوڵەتی ناوچە و جیهان، سیستەمی جیهانیی ئینترنێت، سوسیال مێدیا و مێدیای تاکە کەسی، لە ماوەی بیست و چوارکاتژمێری شەو و ڕۆژ، مرۆڤی کورد بۆمباران دەکەن و سیمای نادیار و ئاڵۆز لە نەتەوەیەک دەنەخشێنن، کە نە کیانی خۆی هەیە، نە سیمای یەکگرتوو!
مێدیای حیزبی-ئیدئۆلۆژیک لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی جیهان، ئیزنی وەشانی نییە، بەڵام لە کوردستان زاڵە. ڕەنگە کورد لەم ناوچە و ئەو ناوچه، چەکی بۆ بەرگریکردن لە گیانی خۆی هەبێ، بەڵام مێدیای بەرگریکەر لە کیان، کەسایەتی و ناسنامەی خۆی نییە و بە درێژاییی سەدەکانی بیست و بیست و یەک، بە شێوەی سیستەماتیک پێکهاتە نەتەوەیییەکان بەر هێرش کەوتوون و توانای بەرگریکردن لە خۆ و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەیان نەبووە و ئاڵۆزی و بشێویی ناسنامە و کەسایەتی بەرینتر کراوەتەوە و مێدیای وڵاتان لە سڕینەوەی پێناسە و ناسنامەی کوردی هەر چوار جوغڕافیای لە یەک دابڕاوی کوردستاندا، سەرکەوتوو بوون.
هەر نەتەوەیەک بۆ ناسینی خۆی، بۆ تێگەیشتن لە ڕەنگاوڕەنگییەکان، بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی نەتەوە، پێویستی بە ناسینی دەور و کاری مێدیا و کۆمۆنیکاسیۆن هەیە. سەرکەوتنی سیاسی، سوپایی، ئابووری، فەرهەنگی، زمانی و کۆمەڵایەتی، گرێدراوی مێدیا و سیستەمی مێدیا و کۆمۆنیکاسیۆنی بەهێزە. تێگەیشتن لە مێدیای سەردەم، گرنگترین ئەرکی ناوەندەکانی باڵادەست و ژێردەستی جیهانی ئەمڕۆیە. جیهانی ئەمڕۆ بە بێ مێدیا و کۆمۆنیکاسیۆن، دەبێتە جیهانێکی وەستاو.
کورد لەم جیهانەدا دەبوایە بەهێزترین مێدیای نەتەوەیی و گشتی، دوور لە حیزب و دەستە و گرووپی ئایینی و ئیدئۆلۆژیکی بۆ دەرخستنی سیمای ڕاستەقینەی خۆی هەبایە، مێدیایەک کە هەر تاکێکی کورد لە هەر شوێنێکی کوردستان و جیهان، خۆی تێدا ببینێتەوە. مێدیایەک کە ببێتە دەم و چاو و گوێی هەر تاکێکی کورد بە هەر تایبەتمەندییەکەوە کە هەیانە. تا ئەو کاتەی کورد لە ڕێگای مێدیایەکی نەتەوەییی گشتی و هەمەلایەنەوە، خۆی نەبینێتەوە و مێدیاکەی پێگەی ناونەتەوەیی پەیدا نەکات، پرسی کورد وەک پرسیارێکی ناوچەیی دەمێنێتەوە. جیهانی ئەمڕۆ مێدیای ئەمڕۆیی و تێگەیشتنی ئەمڕۆییی گەرەکە، ئەوە کوردیش دەگرێتەوە.
پەراوێز
- KI(Künstliche Intelligenz/Artificial Intelligence
- Lampert Wiesing; Niklas Luhmann 1927-1998; Marshal McLuahn 1911-1980; Harold Adams Innrs 1814 -1952; Rudolf Stöber; Dirk Backe; Martin Heidegger; Ferdinand de Saussure 1857- 1913; Robert Cialdini; Paul Watzlawick 1921-2007; Claude Elwood Shannon 1916 -2001; Harold Dwight Lasswell 1902- 1978; Lasswell-Formel 1948
- کۆی ئەم باسانە لە کتێبی “تەلەویزیۆن لە نێوان دامەزراندن و داڕزاندن”دا هاتووە.
- Die Deutschen und der Iran – Matthias Küntzel هاتووە. بەشێک لەم کتێبە بە زمانی کوردی پێشتر لە لایەن نووسەری ئەم دێرانەوە بڵاو کراوەتەوە.
- فێربوونی تەکنیک و هونەری ئاخافتن- گوندۆڵا هیرش وەرگێڕ- برایم فەرشی دەزگای ئاراس – 2007
6-Udo Ulfkotte Gekaufte Journalisten
ئودۆ ئولفکۆتە دواتر وازی لە مێدیای زەبەلاحی گرێدراو بە ناوەندە سیاسی، ئابووری و سوپایییەکان هێنا و لە مێدیای ئاڵترناتیڤ و لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی کتێبەوە، دەستی کرد بە لەقاودانی سیستەمی مێدیا و بە شێوەیەکی ناڕوون مرد.
7- Propaganda Techniques in the World- Harold Dwight Lasswell
8- ئەو بابەتانەی زۆربەی نووسەرانی کە ناویان لە سەرەوە هاتووە، خۆیان لەگەڵ خەریک کردووە و نەکرا لە نووسراوەکەدا باسیان بکرێ، بریتین لە : “ بابەتەکانی پێگە و دیسیپلینی کۆمۆنیکاسیۆن، زانستی مێدیا و کۆمۆنیکاسیۆن، مۆدێلەکانی باسکردن، تیۆری(مێدیا، زانیاریی، کۆمۆنیکاسیۆن)، تیۆرییەکانی میکائیل ئەهانس، نیکلاس لومەن و سیستەم تیۆری، تیپۆلۆگی و فەنۆمەنۆلۆگی ماسمیدیا، پێکهاتەی ماسمێدیا – مۆدێلی ماڵێتسکەس و وێب ماسمێدیا، مێژووی مێدیا، بەکارهێنانی مێدیا، کارتێکردنی مێدیا، کاردانەوەی مێدیا، مێدیا و بازار، هەستی مرۆڤ، دیسیپلین، تەکنیک، ڕێتۆریک، هونەر، دەور و ڕۆڵی خاوەن مێدیا و بەکارهێنەری مێدیا، دیجیتالیسم، گلۆبالیسم، ئینترنێت، سۆسیال مێدیا، مۆنۆمێدیا(مێدیای تاکەکەسی)، دەوری کۆنسێرنەکانی مێدیا. „


