سەروتار
ناسر مورادی
ئاپاراتووس لە ئاکامی پەیوەندیی دامودەزگا حکومییەکانەوە پێک دێت کە پێکەوە تۆڕی دەسەڵاتی سیاسی ساز دەکەن. هەر ئەم پێکهاتە تێکچڕژاوە، ئیدیۆلۆژییەک بەرهەم دێنێتەوە و، لە ئەنجامدا شەرعییەت بە بوون، مانەوە و شێوەی کارکردنیان دەدات، پڕۆسەیەک کە بەردەوام پاساو بۆ ڕەوایەتەکانی باڵادەستی دێنێتەوە و لە خزمەت بەرژەوەندی و سەروەریی لایەنی باڵادەستدایە کە لێرەدا مەبەست لێی، دەسەڵاتی داگیرکارە.
پرسی کورد لەنێوان چوار بەردئاشی ئاپاراتووسی داگیرکەردا بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە. گرنگە بیرمەندان، بەرەی ئەکادێمی، ڕەوتی کۆمەڵایەتی و ئەو لایەنە سیاسییانەی خۆیان بە نەتەوەخواز پێناسە دەکەن، لەم دۆخە زیاتر ورد ببنەوە و، ڕەوتی دژەهێژمۆنی لەهەمبەر ئاپاراتووسەکانی داگیرکەر بگرنە بەر.
پڕئاشکرایە سازدانی ڕەوتێکی وەها، پێویستی بە خوێندنەوەی بەستێنەکانی تۆڕی دەسەڵات و شێوەکار و پلانی دامودەزگا و دامەزراوەکانی دەسەڵات هەیە کە بەو هۆیانەوە لە لایەک باڵادەستیی لایەنێک دێنێتە دی و، لە لایەکی دیکەشەوە پەراوێزخستنی لایەنەکانی دیکە بە ئامانج دەگرێ. لە ڕوویەکی دیکەوە، پێویستی بە دید و ڕوانگەی خەسارناسانە هەیە کە لە دەق و پەراوێزی سیاسەتی تواندنەوە و سەرکوت و پەیوەندییەکانی داگیرکاری بکۆڵێتەوە.
لە گۆشەنیگایەکەوە، لێکدانەوەی ئاپاراتووسی داگیرکەر بە لێکدانەوەی پێگە و شێوەی کارکردنی ئەو ناوەند و دامەزراوە و ئەنستیتۆتانە ڕوون دەبێتەوە کە بەردەوامن لەسەر هێڵی فکری و بەرژەوەندیی دەسەڵات و، وەک تۆڕێک سەرلەبەری بوارەکانی پەروەردە، مێدیا، ناوەندکانی خوێندن، زمان، هونەر، کولتوور و … هتدیان تەنیوەتەوە و، لە ئاکامدا هەڕەشە لەسەر مان و ئاسایشی ئەوانی تر دەکات.
میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردنی وڵات و کۆمەڵگا ژێردەستەکان لە شێوازی توندوتیژیی ڕووتەوە، هاوکات بۆ کۆنتڕۆڵ و سەرکوتی نەرم گۆڕدراوە کە بێگومان ئەمەیان دەکەوێتە چوارچێوەی شەڕی نەرم و میکانیزمەکانی کارپێکردنی ئاپاراتووسی داگیرکەر بە ڕەهەندە ئاشکرا و شاراوەکانییەوە پتر لەقاو دەدات.
ئەگەر ئەم چەمکانە بهێنینە سەر کوردستان، دەردەکەوێ شێوازی جومگەبەندیی گوتاری دەسەڵات، بە ئاستبەندیی جیاواز و بە کاراکتێریی فرەجۆرەوە تێپەڕ دەبێ. ناوەندە کولتووری و هونەرییەکان، دەزگا مێدیایییەکان، پێگە و ماڵپەڕە سێبەرەکان، ئەگەر نەبنە بۆچوونێکی ڕەها، بە زۆری بوونەتە مایەی داڕشتنی گوتاری ساختە و بێ بنەما لە کوردستان بۆ لاوازکردن و پەراوێزخستنی ڕەوتی نەتەوەییی ڕزگاریخواز. لە ئاستی کوردستاندا، سیاسەتی لێڵکردنی ناسنامەی کوردی و بەتاڵکردنی لە ڕەهەندی سیاسی، بە کارگێڕیی تاقمێک و بە هاوکاریی پەیمانکارە ئەمنییەتییەکان (بە پڕۆفایلی کوردییەوە) بەردەوامە. پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە فرەڕەهەند و درێژخایەنە، ئەرکی قورستر دەخاتە سەر شانی بیرمەندان، ئەکادیمیسییەن و کۆی ئەو حیزب و لایەنانەی کە ڕوانگەی کوردییان هەیە. دۆخی سەرکوت و زەبروزەنگ و بەردەوامبوونی، پێویستی بە ساغ کردنەوەی گوتارێکی نەتەوەیی و ڕوانگەیەکی زانستی هەیە کە بە شێوەی هەمەلایەنە و ڕێکخراو، ئاپاراتووسەکانی دەسەڵات بناسێنێتەوە و هەڵیانسەنگێنێت
وەک زەروورەتێک، ئەم ژمارەیەی گۆڤاری تیشک تەوەری “ئاپاراتووسەکانی دەسەڵات و چۆنیەتیی کارپێکردنیان” شەنوکەو دەکات و تیشکیان دەخاتە سەر.








