سەروتار

ناسر مورادی

بزووتنەوەی ژینا، وەک دەرکەوتنێکی گوتاریی نوێ، جیاواز و فرەڕەهەند، گۆڕانکاریی قووڵ و بەرینی لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگاکانی نێو ئێران پێک هێنا. ئەم گۆڕانکارییانە بە هۆی شوێنی سەرهەڵدانی، زیاتر لە هەموو هەرێمە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، قورسایی و کاریگەریی زیاتری بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە هەبوو. بەم پێیە، ئەم گۆڕانکارییانە، جیا لە بەرەنگاربوونەوە و بەگژداچوونەوەی” ناوەندی دەسەڵات” و” دەسەڵاتی ناوەند”، ئەوەندەی پەیوەندیی بە کوردستانەوە هەیە، دوو ڕەهەندی بەرچاوی هەیە. لە لایەک، هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لە دۆخی پەراوێز و بندەستی، لە لایەکی دیکەشەوە، هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژە و گۆڕانکاریی قووڵی مانایی و پێکهاتەیی‌یە لە بەستێنی کۆمەڵگای کوردستان بە کۆمەڵێک بەها و نۆڕمی جیاوازەوە.

لە بابەت گۆڕانکاڕییەکانی پەیوەست بە هاوکێشەی “ناوەند” و “پەراوێز”، ئاماژەکان بەڕوونی دەرخەری ململانێ و بەریەککەوتنی گوتارەکانن کە لەودا عاملییەتی “ناسنامە” و گوتاری “کوردبوون”، بزوێنەری سەرەکی و چەقی بزاوتێکی بەربڵاوی فکری، نەسڵی و کۆمەڵایەتییە کە گوڕوتین و جووڵەیەکی بێ‌وێنەی بە بزووتنەوەی کوردستان بەخشیوە و ئاراستەی دەکات. بەڵام سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی کۆمەڵگای کوردستان، ڕەنگە بەرجەستەترین بابەت کە پێویستیی بە بیرکردنەوە و تێڕامان بێت، “مشتومڕە نێوخۆیی‌یەکانی بزووتنەوەی کوردستان”ە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە. لەژێر ڕووناکاییی ئەم ڕوانگەیەدا، دیسانەوە زەقترین بابەت کە پێویستیی بە مشتومڕە، مەسەلەی خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵگای کوردستان و خۆتەیارکردنیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و گواستنەوەی ئەو گۆڕانکارییانە کە هەم لە گەڕە و هەم ئەوەی کە لە ئایندەی نزیکدا چاوەڕوان دەکرێ بەرینتر ببێتەوە.

 وەک ئاماژەی پێ درا، یەکێک لە ڕەهەندە گرینگەکانی بزووتنەوەی ژینا، گۆڕانی مانایی سەبارەت بە هاوکێشەی ناوەند و پەراوێز بوو. هەر بەم پێیە، جیاوازی و دژبەیەکیی خوێندنەوە و ڕوانینەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە، ئامانج، بەهاکان و ئاراستەکەی بەڕوونی دەبیندرێ. بزووتنەوەی ژینا، وەکوو گرێچنێکی گوتاری، پێکهێنەری گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتییە. خوێندنەوەکان، هێماکان و دەربڕینی دروشم و نواندنی ئەکتە جیاوازەکان لە نێوان ناوەند و پەراوێزدا، پڕ جیاوازە و جێی تێڕامانە.

دیاردە و دەرکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە، واقعێکی گوتارین و گرێدراوی چەمکی سیاسەت و هێزن. پاشان، ئەم بزووتنەوەیە لە دوو بازنەی گوتاریی جیاواز(سەرتاسەری و هەرێمییەکان)دا بەریەککەوتنی ساز کردووە و خوێندنەوەی جیاوازی لێ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەی هەندێک خاڵی هاوبەشیان تێدا بەدی دەکرێ، بەڵام لە ڕوانگەیەکی گشتیدا، تێگەیشتنی جیاوازی لێ بەرهەم هاتووە. ئەم جیاوازییەش لای بکەر، هێز و لایەنەکانی سەر بە بزووتنەوەی کوردستان، ناشاردرێتەوە. لە لایەک سامانێکی کۆمەڵایەتی و سەرمایەیەکی گۆڕانکاری کەڵەکە بووە، لە لایەکی دیکەوە خەسار و دابڕانەکانیش ڕەهەندێکی دیکەی ئەم هاوکێشەیەن. هەربۆیە بەڕێوەبەریی گۆڤار، بڕیاری دا ژمارەی یەکەمی وەرزی نوێی گۆڤاری تیشک بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و کاری ڕێکخراوەیی تەرخان بکات.