بیرکردنه‌وه له ئیده‌ئالی ئاڵوگۆڕی سیاسی له وڵاتێک‌دا و چۆنیه‌تیی گواستنه‌وه له سیستمێكه‌وه بۆ سیستمێكی دیکه – بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ـ ڕووبه‌ڕووی پرسی مێتۆد و شێوازه‌کانی وه‌دیهێنانی وه‌ها ئاڵوگۆڕ و گواستنهوهیهکمان ده‌کاته‌وه. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به پێوه‌ندیی نێوان ئامانج و ئامرازه‌کانه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵکوو له بنه‌ڕه‌تڕا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر جۆری ڕوانین و خوێندنه‌وه‌مان بۆ دۆخی ئارایی و ئه‌و پاشخانه زه‌ینی و مێژوویییه‌ی واقیعی سیاسیی ئه‌مڕۆ و خانه‌به‌ندییه گوتارییه پێوه‌ندیداره‌کانی لێ که‌وتۆته‌وه. له ڕاستیدا وەڵامی ئه‌و پرسیارەی که ئایا ڕێی ده‌ربازبوون له دۆخی مه‌وجوود ڕیفۆرمه، یان شۆڕش، به‌پێی ئه‌وه که قسه له دینامیزمی نێوخۆییی یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک وڵاته، یان له ململانه‌ی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ی نالێك، که یه‌کێكیان ئه‌وی تر بچه‌وسێنێته‌وه و سیاسه‌تی داگیرکارانه‌ی له به‌رامبه‌ردا ڕه‌چاو بکا، ته‌واو جیاوازه.
هەڵکۆڵینی توێخهکانی ئەم پرسیارە، کە ئایا دەکرێ لە چوارچێوەی سیستمی داگیرکەردا داوای ڕێفۆرم بکرێ، پێویستی بە هزرین و ڕامانێکی قووڵ هەیە. پێشگریمانەی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی به چاکسازی لە دەسەڵاتدا، یان باشتره بڵێین چاکەخوازی بۆ دەسەڵات دەناسرێتەوە، پەیوەستە بە سڕکردنی گریمانەگەلێکی دیکەوە، که ئاکامه‌كه‌ی بەئاساییدیتنی هاوکێشەی «داگیرکەر ـ داگیرکراو»ە. ئه‌نجامی ئه‌م بەئاساییدیتنهش هەڵپەساردن و، له‌وه‌ش زیاتر، نادیدەگرتن و ڕووشاندنی مافی بنەڕەتیی ئه‌و یه‌كه نهتهوهیییەیە، که خاکه‌که‌ی داگیر کراوه و ڕه‌فتاری کۆلۆنیالیی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.
ئەوەندەی پەیوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، لایه‌نگرانی ئەم پێشگریمانەیە له قالبی به‌ناو ڕیفۆرمخوازیی کورددا، لەژێر دەمامکی به‌ناو قانوونیی پەسەندی دەسەڵات و له ڕاستیدا به قیمه‌تی حاشاکردن له بنه‌ماکانی جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی پرسی کورد، کۆمەڵێک گوزارەی خۆبهكهمگرانه و ڕەگی بەرژهوەندیخوازانە جێ ده‌خه‌ن، که مەترسی دەخاتە سەر بنه‌مای زه‌ینی و گوتاریی ئاسایشی نەتەوەییی کورد له ئێران و، له کۆتاییدا نه‌زانانه، یان بەئهنقهست له‌پێناوی درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌ساره‌تی گه‌لی ڕزگاریخوازدا هاوده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر ده‌بێت.
کێشه‌كه له بنه‌ڕه‌تڕا کێشه‌ی په‌روه‌رده و سایکۆلۆژیی سیاسییه، چونکه چاکەخوازانی گرێ‌دراو بە دەسەڵات، هه‌م له ڕووی فه‌رهه‌نگی و هه‌م له ڕووی سیاسییه‌وه گۆشکراو و خووگرتووی کۆد و پێناسه‌کانی گه‌لی حاکم و پاشکۆی ئه‌قڵیه‌تی شموولی و ناوه‌ندگه‌ران. هه‌ربۆیه لووتکه‌ی هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌ی سیاسیی خۆیان له بانگه‌شه‌ی شه‌رمێونانه‌ی مافی هاووڵاتیدا ده‌بینن؛ شارمهندییهك که به‌هۆی ناته‌بابوونی له‌گه‌ڵ ماهیه‌تی فاشیستیی نیزامدا، ته‌نانه‌ت بۆ هاووڵاتییانی گه‌لی حاکمیش سه‌قه‌ت و بێبه‌رهه‌مه. کاکڵی ئەم چاکەخوازییە ئاسایینواندنی بندەستی و نایه‌کسانی و چەقبەستووییی واقیعی سیاسییە. قەناعەت لێرەدا ترۆپکی هەوڵێکی هەمەلایەنە بۆ گەشەپێدانی ناسنامەی داگیرکەر و نەزۆکنیشاندانی هەوڵی داگیرکراو بۆ گەیشتن بە سەروەرییه.
ئەم زەینە پاشکۆیە لە ڕیزی یەکەمی ئەو قوربانیانەدایە کە تێگەیشتنیان لە ئازادی و کەرامەت و چارەنووس نەک تەنیا بوێرانە و له‌خۆبوردووانه نییە، به‌ڵكوو هەلپەرەستانە و ئاگامەندانەیه. ئاگامه‌ند لەو ڕووەوە کە لایه‌نگرانی ئه‌م ڕه‌وته بە هەموو بوونیانەوە، شه‌رعیه‌تی دەسەڵاتی ستەمکار دەسەلمێنن و یارمه‌تی به سەپاندن و درێژکردنه‌وه‌ی دەدەن. هه‌ربۆیه‌شه که ئه‌م زه‌ینه پاشکۆیه هیچکات تێ ناکۆشێ سووکەترووسکاییهک بۆ ڕزگاری و ده‌ربازبوون له باڵاده‌ستیی ده‌سکردی ئێ‌لیتی حاکم وێنا بکا و کایەی سیاسی لای ئەو ڕەوتە بە کۆمەڵیک بابەت ته‌نراوه کە له‌ژێر پێستیدا دەمارەکانی دەسەڵات به‌ڕوونی دیارن. گوتاری چێندراو لە زەینی ئەم ڕەوتەدا، دەقاودق دژایەتیکردنی گوتاری به‌رهه‌ڵستکاری ڕزگاریخوازانه‌ی نهتهوهیییه. بۆ ئه‌مه‌ش هەوڵ دەدەن هەڵوێستی شۆڕشگیڕانە بێبایەخ نیشان بدەن و دیاردەی خۆبەدەستەوەدان و ڕازیبوون به وه‌زعیه‌تی مه‌وجوود به چالاکیی سیاسی و مەدەنی مانا بکەنەوە. کۆی ئه‌مه‌ش، نه‌ک هیچ پاشه‌کشه‌یه‌ک به ده‌سه‌ڵات ناکا، به‌ڵكوو ڕه‌نگه له زۆر ڕووه‌وه ده‌سه‌ڵات قازانجیشی لێ بکا.
بۆ ئه‌وه‌ی ماکه‌ی ئه‌م گوتاره خۆڕێکخه‌ره له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بناسینه‌وه پێویست ناکا نه بژارده‌ی ئه‌کادیمی بین، نه ئەندامی حیزبێکی دیاریکراو و سیاسیکارێکی بەئەزموون. هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه لە دۆخی کوردستان و له هه‌قیقه‌تی ژیانی خه‌ڵک و ڕه‌فتاری داموده‌زگاکانی ڕێژیم ورد بینه‌وه و چه‌ند پرسیاری زۆر ساده، که هه‌موویان نیشانه‌ی سیاسه‌تی داگیرکارین، له خۆمان بکه‌ین:
بۆ نموونه، بۆچی جیا له هه‌موو ناوچه‌كانی ئێران، کوردستان چه‌ند قات میلیتاریزه کراوه؟ بۆچی هێزه‌کانی ڕێژیم و به‌كرێگیراوانیان تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه له‌نێو خه‌ڵكدا بێزراون، لە بەرامبەردا پێشمه‌رگه و هێزه شۆڕشگێڕه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه له‌لای خه‌ڵك خۆشه‌ویستن؟ بۆچی لاوەکانی کورد بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە دوور لە زێدی خۆیان و له ناوچەکانی غەیری ناوچەکانی کوردستاندا خەریکی کرێکارین؟ بۆچی ژیانی مرۆڤی کورد لە دیاردەیهکدا به ناوی کۆڵبەری، کە دەسکردی داگیرکەرە، وه‌ها بێبایه‌خ کراوه، که هه‌رده‌م له‌ژێر مه‌ترسیی مهرگێکدایه، کە هاوئاستی مەرگی ئاژەڵانیش نییە؟ بۆچی ئاو و کانزا و سه‌رچاوه سروشتی و شوێنه‌واره مێژوویییه‌کانی کوردستان بۆ ناوەندی ئێران ڕادەگوازرێن؟ بۆچی ڕێژه‌ی گیراو و ئێعدامه سیاسییه‌کان له کوردستاندا ئه‌وه‌نده لهسهرێێه؟ بۆچی زمان و مێژوو و کولتووری کورد له به‌ستێنی گشتی و حکوومه‌تیدا، به‌تایبه‌تی له سیستمی په‌روه‌رده‌ییدا ئه‌وه‌نده به‌ربه‌ست و قه‌ده‌غه‌ی له‌سه‌ره و، له میدیای حکوومه‌تیشدا سووکایه‌تییان پێ دەکرێ؟ بۆچی هه‌موو پۆسته باڵاکانی نوێنه‌رایه‌تیکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستاندا به‌ده‌ست غهیرەکوردهكانهوهن؟ بۆچی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌نده یاده‌وه‌ریی به‌کۆمه‌ڵی خۆی به مێژووی خۆی له سایه‌ی حکوومه‌ته‌کانی پێش کۆماری ئیسلامیشه‌وه گرێ ده‌دا و ئه‌و هه‌موو پردی هاوپێوه‌ندیی نهتهوهیییەی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا هه‌یه؟ و… هتد.
بۆ تێگه‌یشتن له گوتاری ڕیفۆرمخوازیی ئێتنیکی له سایه‌ی سیستمی داگیرکه‌ردا و له‌قاودانی زیانه‌کانی ئه‌م هێڵه فیکرییه، له بنه‌ڕه‌تڕا پێویستمان به ههڵشێلانهوهی بنه‌ما زه‌ینییه‌کان و ئانالیزی بنه‌ڕه‌تیی گوتاری هه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا له سۆنگه‌ی سوودبه‌خشی و کاریگه‌ریی سیاسیشه‌وه بۆ بابه‌ته‌كه بچین، هه‌ق وایه به‌ناو ڕیفۆرمخوازه کورده‌کان ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک پرسیار بکرێنه‌وه، وه‌ك ئه‌وەی که ئایا هه‌ر له بنه‌ڕه‌تڕا و له ئاستی گشتیی ئێرانیشدا، له سیستمێکی فاشیستی و تۆتالیتێردا به‌و تایبه‌تمه‌ندی و کارته ئهزموونکراوانهی کۆماری ئیسلامی چل ساڵه یارییان پێ ده‌كا، باوه‌ڕ به ڕیفۆرم چه‌نده واقعبینانه‌یه؟ ئینجا وه‌ک کورد، ئایا ڕیفۆرمخوازان هه‌ڵوێستی خۆیان چلۆن پاساو ده‌ده‌ن، واته ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی له گۆشه‌نیگای کوردبوونه‌وه، بوونمانی سیاسیی خۆیان بسه‌لمێنن، چ جۆره ڕێفۆرمێک لە حکوومەتی ئێران‌دا وێنا دەکەن، کە مافی کوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌نی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس تێدا دەستەبەر بێت؟ وردتر له‌مه‌ش، ئایا نیسبه‌تی چاکه‌خوازانی دەسەڵات لەگەڵ جومگه‌کانی سیستمی ستەمکار، به‌تایبه‌تی ڕانتی ئابووری و ئەمنیەتی و ڕایه‌ڵه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، چۆن پێناسە دەکرێ؟
ئه‌م ژماره‌یه‌ی گۆڤاری تیشک تێ ده‌کۆشێ هه‌م به شێوه‌ی تیۆری و هه‌م له سۆنگه‌ی کرده‌ییی که‌یسی کورد له ئێران‌دا هه‌ندێ له‌و پرسیارانەی که تا ئێستا، یان ون کراون و خۆیان لێ لا دراوه، یان به چەواشەکاری و خۆبواردنهوه وەڵام دراونەوە، بورووژێنێ و ڕووناکی بخاته سه‌ر پرۆفایل و لایەنە نادیارەکانی چاکەخوازانی کوردی نزیک له دەسەڵات. په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئه‌م سازه ناسازه‌ی کۆمه‌ڵگای سیاسیی کوردستان، به‌تایبه‌تی له دۆخی ئێستای ئێران‌دا، که زۆرینه‌ی خه‌ڵك کۆی ڕێژیم به ئامانج ده‌گرن و چی دیکه هیوایان به ڕیفۆرمی ڕێژیم نه‌ماوه، به‌وه‌خت و زه‌رووره. به‌جێبوونی وه‌ها باس و خواسێک ئه‌وکاته باشتر وه‌ده‌رده‌که‌وێ، که به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاو بێ، که بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، جارێکی دیکه به‌ره‌و تۆکمهبوونهوه به ده‌وری گوتارێکی ڕه‌سه‌ن و باوه‌ڕبه‌خۆ ده‌چێ، گوتارێك که وێڕای به‌هێندگرتن و متمانه‌به‌خشین به به‌ستێنی جه‌ماوه‌ری، ده‌یه‌وێ هێڵی ڕه‌سه‌نی شۆڕشگێڕانه به دووره‌دیمه‌نێکی ڕوونی ڕزگاریخوازانه زیاتر و باشتر به‌رجه‌سته بکاته‌وه و بیکاته نهخشەڕێگای ئایندهی ستراتژیی کورد له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه‌کانی ئێران و ناوچەدا.







