ئارامتر بخوێنەوە!

دەسەڵاتی چوارەم

ڕزگار ئەمین‌نژاد



لەم وتارەدا بەشێک لە تێرمەکان بە زمانی زانستی دەکار کراون، هۆکارەکەش
ئەوەیە کە وا هەست دەکەم وشە کوردییەکان کە پێشتر بۆ ئەم تێرمانە دەکار کراون، لە دەرخستنی نێوەرۆک و مانای تێرمە زانستییەکانی ئەم وتارەدا الواز بن. کەوایە تێرمەکان وەک خۆیان دادەنێم و هیوادارم خوێنەرانم بە شرۆڤەکردنی مانای تێرمەکان ڕازی کردبێت. دواجار سپاسی تایبەت بۆ پرۆفسۆر »هاراڵد یارنینگ« لە زانکۆی ئۆسلۆ، کە لە دۆزینەوەی سەرچاوەی بەسوود بۆ نووسینی ئەم وتارە یارمەتیی دام و هەروەها بۆ باشتر تێگەیشتن لە دەقی سەرچاوە ئاڵمانییەکانی ئەم وتارە، بە پشوودرێژییەوە کاری لەگەڵ کردم.


پێشەکی

هاوپێوەندیی لە نێوان مێدیا، سیاسەت و گەل، یەکێکە لە بابەتە سرنجڕاکێشەکان کە لە نێوەی سەدەی بیستەمەوە گرنگیی پێ دراوە. ئەگەرچی ئەم هاوپێوەندییە سیمبولیکە، بەڵام بێکێشەش نییە. هێندێ جار هاوئاڕاستەن و هێندێ جاریش دژبەیەک دیارن و جاری واشە هاوئاڕاستەیی و هاوپەیمانیی مێدیا و سیاسەت عەینیتر دەردەکەوێت، چونکە ئامانجی هەردووکیان پێوەندیسازکردن لەگەڵ هاووڵاتییانە. بەڵام ئامانج و ئامێری سازدانی هاوپەیوەندی بەلای ئەم دوو ئەکتەرەوە جیاوازن و ئەم جیاوازییەش وا دەکا کە زۆرجار مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان ڕەگژ یەکتر ڕاچن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەردوو لا مەنتق و ئەجێندای جیاوازیان هەیە. سترۆکتۆری پرسیارەکە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسییانە دەخوازێت و بۆیە ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر ئەو هاوپێوەندییە بەرگژاوییە و لە دەلاقەی چەند تیۆریی پێوەندیدار بەم مژارەوە خوێندنەوەیەک بۆ بەستێن و هۆکارەکانی بکاتت. دیاریکردنی پرۆبلێمتایز بۆ وەها پرسیارێک کارێکی ئاسان نییە ئەگەر لە گۆشەنیگای تیۆریی “مێدیاتایزاسیۆن” و هەروەها زەروورەت و بەربەستەکانی ئەم مێتاپرۆسێسەوە ئاوڕی لێ نەدرێتەوە. کەوایە ئەم وتارە لە دوای تێگەیشتن بۆ ئەم پرسیارە دەگەڕێ:
“تا چەند تیۆریی “مێدیاتایزینگ” و تیۆریی “جەغزی داخراو” دەتوانن شرۆڤەی بەرگژەکانی بەردەم پێوەندیسازکردن لە نێوان مێدیا، ئەکتەرە ساسییەکان و گەل بکات؟ و پرۆسەی مێدیاتایزاسیۆن تا چەند توانیویەتی مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم بسەلمێنێت.”
بێگومان تێگەیشتن لەم هاوپێوەندییە ئاسان نابێت ئەگەر لە کۆنتێکستی مێدیای کوردی و ئەکتەرە سیاسییەکانی کوردەوە چاو لێ بکرێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەزموونی کاری مێدیاییی کورد کەمە و ڕۆژنامەوانەکانیش کەمتر پرۆفێشیۆناڵن. بەهۆی بارودۆخی سیاسی و بە تایبەت ڕوانینی ئەمنیەتیی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئێمە لەگەڵ دوو مۆدێلی مێدیایی بەرەوڕووین: «مێدیای دەسەڵات و مێدیای بەرگری». ئەم دۆخە وای کردووە کە مێدیای بەرگری یەکێک بێت لە ئۆرگانەکانی حیزبەکان. مێدیا بەناوبانگەکانی هەرێمی کوردستانیش، ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیانتوانیوە نەبەستراوەییی سیاسیی خۆیان بسەلمێنن. هەر بەم هۆکارانە، ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیۆری و ڕوانگە جیاوازەکان بە شێوەیەکی گشتی و وەک دیاردە شرۆڤە بکات و داوەریکردن لەسەر دۆخی سیاسی و مێدیاییی کورد بە خوێنەرانی ئەم بابەتە دەسپێرم.
لەم وتارەدا بەشێک لە تێرمەکان بە زمانی زانستی دەکار کراون، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وا هەست دەکەم وشە کوردییەکان کە پێشتر بۆ ئەم تێرمانە دەکار کراون، لە دەرخستنی نێوەرۆک و مانای تێرمە زانستییەکانی ئەم وتارەدا لاواز بن. کەوایە تێرمەکان وەک خۆیان دادەنێم و هیوادارم خوێنەرانم بە شرۆڤەکردنی مانای تێرمەکان ڕازی کردبێت. دواجار سپاسی تایبەت بۆ پرۆفسۆر «هاراڵد یارنینگ» لە زانکۆی ئۆسلۆ، کە لە دۆزینەوەی سەرچاوەی بەسوود بۆ نووسینی ئەم وتارە یارمەتیی دام و هەروەها بۆ باشتر تێگەیشتن لە دەقی سەرچاوە ئاڵمانییەکانی ئەم وتارە، بە پشوودرێژییەوە کاری لەگەڵ کردم.



١- مێدیاتایزیشێن

کاتێ شارڵ مۆنتیسکیۆ (١٦٨٩- ١٧٥٥) لە کتێبی “روح القوانین” و لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، ئاماژە بە یاسا وەک بنەماییترین هۆکار بۆ سەقامگرتوویی و ئاشتی لە سیستەمێکی سیاسی دەکات، لە ڕاستیدا بەم تێزە ڕەهەندێک بەنێو چەمکێکی بنەماییتردا لێ دەدات بە ناوی دێمۆکراسی. گەڕانەوە بۆ نەریتی دێمۆکراسیی ئاتێن، لە سەردەمێکدا کە بەشێک لە وڵاتانی ئوروپا و تەنانەت ئەمریکاش بەهۆی تەوژمی شۆڕش و ئیدەی ئینقلاب تووشی ئاڵۆزی و ناسەقامگرتوویی بوون، کارێکی سادە نەبوو. ئێمە باس لە سەردەمێک دەکەین کە بەشێکی جیهان لەژێر سریمەی دوو نەریتی جیاوازی بیرکردنەوە لەمەڕ دەسەڵات بوو، واتە: نەریتی “هابزی” و نەریتی “لاکی”. ئێمە دەزانین کە لە نەریتی هابزدا، تەنیا “ئەوتۆریتی” دەیتوانی دەستەبەری سەقامگرتوویی و تەناهی لە کۆمەڵگادا بکات، واتە دەسەڵاتی زۆرتر بۆ حکومەت و تەناهیش بۆ گەل. بەڵام لە نەریتی لاکدا “تەعامول” وەک هۆکاری تەناهی و سەقامگرتوویی دیاری کراوە، واتە حکومەت و گەل لە ڕێگای دەنگدانەوە تەعامول لەگەڵ یەکتر بکەن. مۆنتیسکیۆ کاتێ لە کتێبی ”روح القوانین”دا دەڵێت: دەسەڵاتی حکومەت دەبێ وەها دارێژرێت کە خەڵک نیازیان بە هەڕەشە و تۆقاندن نەبێت، لە ڕاستیدا بەم بۆچوونە لەنێو نەریتی لاکی، واتە تەعامولگەراییدا بیر دەکاتەوە. بەڵام تەعامولکردن پێویستی بە میکانیزم هەیە و هەر بەم هۆیە تێزی دابەشکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر سێ سیستەمی سەربەخۆ هاتە ئاراوە، واتە: «حکومەت، پارلمان و سیستەمی داد». ئەمڕۆ زۆربەی دەوڵەتانی جیهان ئەم دابەشکارییەی دەسەڵات وەک نۆرمێکی سیاسی لە یاسای بنچینەییی خۆیاندا دیاری کردووە. بەڵام لە سیستەمە دێمۆکراتیکەکاندا زیاتر ڕەچاوی ئەم یاسایە دەکرێت، چونکە ئەم تێزە هەر نۆرم نییە، بەڵکە میکانیزمێکیشە بۆ مەوداگرتن لە ئەوتۆریتی و دێمۆکراتیزەکردنی دێمۆکراسی. بۆ سازکردنی هەماهەنگی و هاوسەنگی لە نێوان ئەو دەسەڵاتانەدا پێویست دەکا یاسایەک هەبێت کە چوارچێوەیەک بۆ تەعامول و هەروەها باڵانسی دەسەڵاتی هەرکامیان دیاری بکاتت، واتە سنووری ئیختیارات و ئیجرائیاتی ئەو دەسەڵاتانە لە یاسادا ڕوون کرابێتەوە.
نەریتی تەعامولگەرایی کەم کەم جێگای بە نەریتی ئەوتۆریتی لێژ کرد، وەها کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی ئەو وڵاتانەی کە بەپێی تەعامولی دێمۆکراتیک دەسەڵات بەڕێوە دەبەن زیاتر دەبێت، بەڵام ئاڕاستەی ئەم پێشوەچوونە هێندەش خێرا نەبوو. جوگرافیا لەو سەردەمەدا یەکێک بوو لە گرفتەکانی پەرەسەندنی نەریتی تەعامولگەرایی. مەودای جوگرافی لە سەدەی هەژدەهەم و سەدەی نۆزدەهەمدا یەکێک بوو لە کێشە بنەماییەکان بۆ ڕاگواستنی زانیاری و هزری مۆدێڕن. لێرەدا زەروورەتی پێوەندیسازکردن و خیرایی لە کاری ڕاگەیاندندا وای کرد کە مێدیا وەک مێدیۆمێکی گرنگ لە خزمەت سیاسەت و پڕۆپاگاندای سیاسی و ئایدۆلۆژیک چاو لێ بکرێت. مێژووی ڕۆژنامەگەری باس لە هەجمەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەکا بۆ داگیرکردن و کۆنترۆڵی مێدیا و نێوەرۆکی مێدیایی و هەروەها پێمان دەڵێت کە سیاسەت تا چەند گرنگیی بە مێدیا داوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات. بەڵام مێدیا هەمیشە پاسیڤ نەبووە و لە ململانێیەکی ئازایانەدا بووە بۆ پاراستنی سەربەخۆییی خۆی. تەمای سەربەخۆیخوازیی مێدیا بەبێ دارشتنی مەنتق و ئەجێندای مێدیایی مسۆگەر نەدەبوو و لەوەش گرنگتر؛ بەبێ دێمۆکراسیش ئەم سەربەخۆییە تاقی نەدەکرایەوە و گرنگبوون و کارایی مێدیای سەربەخۆ لە کۆمەڵگاشدا نەدەسەلمێندرا. ئیدەی سەربەخۆییی مێدیا وەک زەروورەتێک لەپێناو پەرەدان بە نەریتی جۆن لاک (نەریتی تەعامولگەرا) و هەروەها بۆ دێمۆکراتیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەهاتە ئاراوە. کاتێ مێدیا وەک بنەمایەکی گرنگ بۆ دێمۆکراسی لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەمدا دەرکەوت، لە ڕاستیدا قەرزداری وەها گۆشەنیگایەکی مەعریفی بوو کە وای کرد مێدیا لەم سەردەمە و لە زۆریەک لە وڵاتانی جیهاندا، وەک “دەسەڵاتی چوارەم” دەرکەوێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بەبێ مێدیا ئاستەمە نیهادەکانی سیاسەت کارایییان هەبێت. مێدیا چاوەدێری هەڵبژاردنەکان دەکات و زووم لەسەر ڕەفتارە سیاسییەکان دەکات. کۆمەڵگای مەدەنی لە چاوی مێدیاوە ئاگاداری هەڵسوکەوتی ئەکتەرە سیاسییەکان دەبن و لە ڕێگای مێدیاوە چاوەدێریی گوتار و ئینتمای حیزبییان دەکەن. ئەکتەرە سیاسییەکانیش بە هەمان شێوە لە ڕێگای مێدیاوە ئاگاداری کاردانەوەی شەقام و کارتێکەریی گوتار و پلاتفۆرمە سیاسییەکانیان لەسەر ڕیزبەندییەکانی هەڵبژاردن دەکەن. بەڵام یەکێک لە کەمایەسییەکانی مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم لەوەدایە کە وەک سێ دەسەڵاتەکەی دیکە هیچ یاسا، یاخۆ میکانیزمێکی دیاریکراوی نییە کە مێدیا لە چوارچێوەی باڵانسی دەسەڵاتدا ڕابگرێت. یاسای ڕۆژنامەگەری لە زۆربەی وڵاتان هەیە و سرووشتییە کە مێدیاش وەک نیهادە سیاسی و مەدەنیییەکان، پێناسە و سنووری بۆ دیاری کراوە. بەڵام وەک دەسەڵاتی چوارەم نەسەلمێندراوە و هەر ئەم دۆخەش وای لە مێدیا کردووە کە لەو باڵانسەدا نەگونجێت. ڕەنگە ئەم دۆخە پێوەندی بە ئەجێندا و مەنتقی مێدیاییەوە هەبێت کە جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ ئەجێندا و مەنتقی سێکتۆڕەکانی وەک حکومەت، پارلەمان و سیستەمی داد. بەڵام ئەو شتەی کە بە ڕوونی دیارە: دەسەڵاتی مێدیا و مەیدانی کارلێکردنی مێدیا وەها بەربڵاو بووەتەوە کە تەنانەت سێ دەسەڵاتەکەی دیکەشی خستووەتە ژێر سەیتەرەی خۆیەوە. ئۆستەروود، پرۆفسۆری بەشی زانستی سیاسی لە زانکۆی ئۆسڵۆ دەڵێت: “مێدیا لەم سەردەمەدا نەک هەر کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی هەیە، بەڵکە دیارکەری ئاڕاستەی ڕۆژ، گەمەی سیاسی، ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، کولتوور و تەنانەت نرخی دراویشە.” (Østerud 2003: 127). ئەوەی لەم بۆچوونەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە ئەجێندا و مەنتقی مێدیایی لە چوارچێوەی نیهادێکدا ناگونجێت، بەڵکە بۆ ئەوەی لە مێدیا تێ بگەین، دەبێت وەک دیاردەیەکی مێتاپرۆسێس ببینین و خوێندنەوەی بۆ بکەین.
هەتا سەردەمی کۆتاییی شەڕی سارد، جیهان لەژێر سریمەی سێ مێتاپرۆسێسدا بوو کە بریتی بوون لە: ئەخلاق، دین و ئایدیالۆژی. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە بەهۆی ئینقلابی زانیاری، یاخۆ ئینقلابی دیجیتاڵییەوە جیهان بەرەو پارادایمێکی نوێ دەچێت کە پێشمەرج و زەمینەکانی، جیاوازییەکی بنچینەیی لەگەڵ پارادایمەکانی پێش کۆتاییی سەردەمی شەڕی سارد هەبوو. لەم قۆناغەوە ئێمە لەگەڵ چوار مێتاپرۆسێسدا نەک ئاشنا دەبین، بەڵکە کاریگەریشیان لەسەر ژیانمان دەبێت، واتە: “گلۆبالیزاسیۆن”، “ئیندیڤیدوالیزاسیۆن”، “کۆمێرسیالیزیاسیۆن” و “مێدیاتایزاسیۆن”. هەڵبەت ئەم دیاردانە لە پێوەندییەکی چروپڕدان و دەکرێ بڵێین کە هەرچواریان تەواوکەری دۆخی ئاراییی جیهانن. جیهانیکردن، تاکگەراییکردن، بەبازرگانیکردن و بەمێدیاییکردن لەم سەردەمەدا باڵی بەسەر ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، پەروەردە، لەشساخی و… هتددا گرتووە. ئەم دۆخە بەپێی بۆچوونی زۆریەک لە توێژەران، وەک هۆکار بۆ لەکزیدانی ئایدیالۆژی، کەمڕەنگبوونەوەی ڕۆڵی دین، ڕکوودی سیاسەت و غیابی ئەخلاق لە جیهاندا دێتە هەژمار. بۆ نموونە: کارکردی سیاسەت لەم سەردەمەدا چییە؟ یا شەڕ دەکات، یا نێوبژیوانی دەکا. ئەکتەرە سیاسییەکان لەمێژە دەستیان لە ڕاڤەکردنی جیهان کورت کراوەتەوە و هۆکارەکەش ئەوەیە کە مێدیاتایزاسیۆن لەم سەردەمەدا «پێشمەرجەکان» دیاری دەکا.
بەڵام مێدیاتایزاسیۆن چییە؟ هەڵبەت کاتێ دەڵێین گلوبالیزاسیۆن، ئیندیڤیدوالیزاسیۆن، دێمۆکراتیزاسیۆن و گشت ئەو تێرمانەی بە “سیۆن” کۆتایییان پێ دێ، مەبەست هەمەگیربوونی وەها دیاردەگەلێکن. هەمەگیربوون، یانی خەڵک بە پانەوە دەستیان پێ ڕادەگا، کاریان لێ دەکا، کاری لەسەر دەکەن و بەگشتی نەک هیچ کەس لە دەرەوەی ئەو پرۆسانە نین، بەڵکە خۆشیان بەشێکن لە پرۆسەکە. ئەم دۆخە وای کرد کە لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینییەوە پرسی مێدیا و کارکردی مێدیا، ببێ بە پرس و مژاری بەشێکی زۆر لە زانستەکان. توێژەرانی زانستی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، مرۆڤناسی و هتد، لەم سەردەمەوە خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ پرسی مێدیا دەکەن و لەم پێوەندییە لەگەڵ زۆر تێرمی زانستی ئاشنا دەبین و بە گشتی، گرنگیدان بە مێدیا وەک بابەتێک بۆ توێژینەوە زانستییەکان دێتە ڕۆژەڤەوە. بە شیوەیەکی گشتی خوێندنەوەکان لەمەڕ مێدیا، بەسەر سێ ڕووکردی توێژینەوە دابەش دەکرێت کە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەم.
⦁ ڕووکردی یەکەم: خوێندنەوەیەکی ئاکادێمیک بوو لەمەڕ کارتێکەریی مێدیا لەسەر ژیانی مرۆڤ کە یەکێکە لە کۆنترین توێژینەوەکان. لەم توێژینەوانەدا مێدیا وەک تێکنۆلۆژی پێناسە کراوە کە لە پەنای داهێنانەکانی دیکە – کەم تا زۆر کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ هەبوو. کاتێ دەڵێن داهێنان، مەبەست ئەوەیە کە مرۆڤ سەربەست بووە و بەپێی دۆخی کۆمەڵایەتی سوودی لە ئامێرەکانی ڕاگەیاندن وەرگرتووە. لەم توێژینەوەیەدا مێدیا بەشێک نییە لە سترۆکتۆری ژیانی مرۆڤ، بەڵکە ئۆبژەیە و ئێمەش سەربەستین لە هەڵبژاردنیدا. کەوایە کاریگەریی مێدیا لەم قۆناغەدا هەر بەپێی زەروورەتی مێدیا نییە، بەڵکە ئیرادەی مرۆڤیش (ئازادیی هەڵبژاردن) ڕۆڵی هەیە.
⦁ ڕووکردی دووەم: توێژینەوەی لەسەر بەردەنگەکانی مێدیا کردووە. واتە بەردەنگەکان چۆن لە مێدیا تێ دەگەن، چۆنی ڕاڤە دەکەن، کارتێکەریی بەردەنگ لەسەر ئەجێندای مێدیا چەندە و مێدیا تا چەند کاریگەریی لەسەر ڕوانگە و موعاناتی بەردەنگ هەیە. ئەم خوێندنەوەیە تاکڕەهەندی نەبوو، بەڵکە زوومی لەسەر کاریگەریی مێدیا وەک ئەکتەر و کاریگەریی بەردەنگەکانیش وەک ئەکتەر کردووە.
⦁ ڕووکردی سێیەم جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ دووانەکەی دیکە هەیە. لەم قۆناغەدا پرسی مێدیا لە فۆکووسدا نییە، بەڵکە تیۆریی مێدیاتایزاسیۆن دێتە ڕۆژەڤەوە. لەم توێژینەوەانەدا باس لەسەر کارتێکەریی مێدیا لەسەر ئێمە، یاخۆ کارتێکەریی ئێمە لەسەر مێدیا نییە، بەڵکە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە مێدیا خەریکی «گۆڕینی» مرۆڤە، داهێنەری زمانە، کولتوورسازە و بە گشتی مێدیا بووەتە جیهانێکی هاوتەریب لە پەنای جیهانەکانی دیکە و ئێمە بە تاک و بە کۆمەڵ تێیدا دەژین.
تایبەتمەندییەکانی مێدیاتایزەیشێن کە لە گشت توێژینەوەکاندا ئاماژەیان پێ دراوە شتێکی سەیر و سەمەرە نین، چونکە ئێمە هەرئێستاش خەریکین تاقییان دەکەینەوە. ئێستا ئیتر مێدیا بۆ هەموو کەسێ وەک هەوا گرنگە و ژیان بەبێ مێدیا زۆر ئەستەم بووەتەوە. مێدیا لەگەڵمان لە خەو هەڵدەستێ، لەگەڵمان دێ بۆ سەر کار، لەگەڵمان پشوو وەردەگرێ و تەنانەت لەگەڵمان دێتە بن لێفەوە. هەڵبەت مێدیا وەک ئامێر کارمان لێ ناکا، بەڵکە وەک نێوەرۆک و زانیاری. نێوەرۆکی مێدیا گرنگن بۆ ژیان، بۆ سەرقاڵبوون، بۆ فێربوون، بۆ ئاگاداربوون و بۆ پێوەندیسازکردن. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە گۆڕانی لە ماهیەت و کرداری ئێمەدا پێک هێناوە پرسی خێراییی هاوپێوەندیسازی و تەعامولی دێمۆکراتیکە لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی دەیانناسین و ئەو ڕوخسارانەی کە ئەگەر مێدیا نەبووایە قەت نەماندەبینین. پێوەندیسازکردن وەها لە ژیانی ئێمەدا ناخێنەکراوە کە ئەمڕۆ بووەتە بەشێک لە ڕەفتاری کولتووریی ئێمە و ناسنامەی هەرکامێکمان بەپێی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە پێناسە دەکرێت کە تێیاندا چالاکین. قەت مرۆڤ بە ڕادەی ئەم سەردەمە نەبووە بە سوبژە و عاملیەتی مرۆڤ قەت هێندە بەهێز نەبووە. بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر مۆبایل، ئینتەرنێت، تەلەڤزیۆن و هتد کراون، یەک بە یەکی ئێمە جیهانێکین. ئەمڕۆ هەرجووڵەیەکی ئێمە جیهانێک لەگەڵ خۆی دەجووڵێنێت، چونکە بیر و هەڵوێست و کردەوەکانمان، لە ڕاستیدا بیر و هەڵوێست و کولتووری کۆمەڵێک مرۆڤی دیکەشە کە لە هەناوی هەمان تۆڕی کۆمەڵایەتیدا خۆیان پێناسە دەکەن کە ئێمە ئەندامین تێیدا. بەپێی بۆچوونی کارناسانی کۆمەڵایەتی، پێش ئەم سەردەمە مرۆڤ هەمیشە وەک ئۆبژە لە بەرچاو گیراوە و لە سەردەمی مێدیاتایزەیشندا عاملیەتی مرۆڤ لەدایک دەبێت. مەبەست لە عاملیەت چییە؟ یانی هەرکام لە ئێمە، لە قوژبنێکی ئەم جیهانەوە و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆکارێکین بۆ دەرکەوتە سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، هزری و ئابوورییەکانی ژینگەی مرۆیی. یەکێک لە دەرکەوتەکانی مێدیاتایزاسیۆن، گەردەلوولی زانیارییە. هەموو ڕۆژێ لافاوی زانیاری بەسەرماندا دەرژێت و وای لێ کردووین کە مرۆڤی ئەم سەردەمە وەک مرۆڤی فرەزان ناوبانگ دەربکات. مێدیاتایزاسیۆن وەها پەرەی سەندووە کە تەنانەت باڵی بەسەر تێفکرینی ئاکادێمیکیشدا گرتووە. لەم سەردەمەدا ئاستی ڕۆشنبیری و بازنەی تێرم و زمانی زانستیی کەمخوێندەوارترن کاربەری ئینتەرنێت، تا ئاستی مامۆستایەکی زانکۆ بەربڵاو بووەتەوە و شرۆڤەکانیان چی وا لە کارناسانی بوارە جیاوازەکانی زانست کەمتر نین. مێدیاتایازاسیۆن ئەمڕۆ کۆرسە زانستییەکانی لە ژوورە داخراوەکانی زانکۆ هێناوەتە دەر و لە یوتیوب و لە ڕێگای پاکدەست، تێلەگرام و فەیسبووکەوە بڵاوی دەکاتەوە. زانستت گەرەکە؟ عەوداڵی مەدرەک و خۆڕانان نیت؟ وەرە بۆ یوتیوب کە دەریای زانست و مەعریفەیە و بە خۆڕایی هەموو شتێک فێر دەبیت. فێربوون گرنگترین پاڵنەر و یەکێک لە غەریزەکانی مرۆڤە بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن، وەک دەبینین لەم سەردەمەدا مێدیاتایزاسیۆن کۆنترۆڵی ئەو غەریزەیەشی گرتووەتە دەست.



٢- دوو مەنتقی جیاواز

لە پێشەکیی ئەم وتارەدا باسمان لە ئەجێندای مێدیایی و ئەجێندای سیاسی کرد. کاتێ دەڵێین ئەجێندای مێدیایی واتە ئەو بابەت و مژارانەی کە لە چوارچێوەی کار و بەپێی ئامانجی مێدیا کڵێشەبەندی دەکرێن. بە هەمان شێوە سیاسەتیش ئەجێندای خۆی هەیە و فۆرم و ناوەرۆکی ئەجێنداکەی جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەجێندای مێدیاییدا. کەوایە کاتێ باس لە ئەجێندا دەکەین لە ڕاستیدا باس لە دوو واقعی جیاواز دەکەین کە بەپێی دوو مەنتقی جیاواز کار دەکەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ مەنتقی سیاسی و مەنتقی مێدیایی بکەم، بەڵکو ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەو دوو منتقە ڕوون بێتەوە.


٢-١ مەنتقی سیاسی

مەنتقی سیاسی لە ڕاستیدا دەبووایە لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیدا پێناسە بکرێت. بەڵام لەم سەردەمەدا هزری سیاسی، مەنتقی سیاسییش دیاری دەکا و دواتر باسی جیاوازیی نێوان فەلسەفە و هزری سیاسی دەکەم. مانای فەلسەفەی سیاسی و تایبەتمەندییە پڕنێوەرۆکەکانی بەپێی بۆچوونی لێو ستراوس (1988)، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ سەردەمی «ئاتين»دا. واتە گشت کردەوە سیاسییەکان، یا لەپێناو گۆڕانی دۆخی ئاراییدایە، یاخۆ بۆ پاراستنی دۆخی ئاراییە. ئامانجی هەوڵدان بۆ پاراستنی دۆخی ئارایی ئەوەیە کە نەهێڵێ دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی و تێکچوون بچێت. بەڵام ئامانجی گۆڕان، باشترکردنی دۆخی ئاراییە. کەوایە ئاڕاستەی گشت کردەوە سیاسییەکان بەپێی دوو چەمکی “باشتربوون” و “خراپترنەبوون” دەڕواتە پێش. ئەگەر لە پێوەندیی دال و مەدلوولدا پێناسەی باش، یا خراپ بکەین، ئەوا “چاکە” وەک مەدلوولێکی پڕواتای ئەو چەمکانە دێتە ئەژمار. کەوایە فەلسەفەی سیاسی گشت کردەوە سیاسییەکانی ئێمە بەرەو مەعریفەی “چاکە” ڕێنمایی دەکا. واتە ئاگابوون لەمەڕ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باش و بەم پێیە ڕاهاتی فەلسەفەی سیاسی لە ڕاستیدا دامەزراندنی ژینگەیەکە مرۆڤ تێیدا هەست بە «شادی» و بەختەوەری بکات. ئەگەر مەنتقی سیاسی لە چوارچێوەی وەها فەلسەفەیەکدا ڕوون و شی کرابێتەوە، ئەجێندا و ڕەفتاری سیاسییش بەرەو وەها مەعریفەیەک هەنگاو دەنێت کە مەیلی لە چاکە و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەختیارە. کاتێ دەڵێین فەلسەفەی سیاسی، مەبەستەکەمان ڕوونە، چونکە ئەم لقە لە زانست بەشێکە لە تێگەیشتنی فەلسەفی. فەلسەفییە چونکە مێتۆدی بەحس لەمەڕ سیاسەت بەپێی مەنتقی فەلسەفی دەچێتە پێش و سرنج بە ڕەگی پرسە گشتییەکان دەدا. سیاسییە چونکە ئەو مژارانەی کاری لەسەر دەکا پێوەندی بە تەعامولی ڕۆژانەوە هەیە کە ئاڕاستەکەی ژیانی سیاسییە (Strauss 1988). کەوایە پرسی فەلسەفەی سیاسی دەبێ جیاواز لە ئامانج و غایەتی سیاسەت نەبێت. خەونە بەرزەکانی مرۆڤ بۆ نموونە: ئازادی، عەداڵەت، ئاشتی، دەوڵەت، تەناهی و… لە ڕاستیدا بەستێنی تێڕامانی فەلسەفەی سیاسییە.
بەڵام فەلسەفەی سیاسی بە بۆچوونی ستراوس دەبێ لە هزری سیاسی هەڵاوێردرێت. مەبستی ستراوس لە هزری سیاسی؛ تێڕامان لەمەڕ ڕای سیاسی و ڕاڤە جیاوازەکانی سیاسەت و هەروەها ئوسوولە بنەماییەکانی ڕووکردی سیاسییە. کەوایە هزری سیاسی، یانی تێفکرین لەمەڕ هەلومەرجە سیاسییەکانی ڕۆژ کە دواجار هێڵ و بۆچوونی جیاوازی سیاسی لێ دەکەوێتەوە، وەک ئوسوولی سیاسی هەڵوێستەیان لەسەر دەکرێت و، ڕای گشتی، یاخۆ بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگا دەچنە پشت سەری وەها ئوسوولێکەوە (ibid). بەڵام دەرکەوتەی هزری سیاسی وایە کە هەمیشە تێکەڵاوێکە لە مەعریفەی سیاسی و گومانی سیاسی. ژینگەی سیاسەت لە هەوڵێکی بەردەوامدا بووە و هەشە؛ کە ئوسوول و هزری سیاسەت بەلای مەعریفەی سیاسەتدا پاڵ پێوەنێت، بەڵام تەنانەت لە دێمۆکراتیکترین ژینگەی سیاسییشدا جاری وایە لێکەوتەکانی سیاسەتکردن ئەرێنی دەرناچن و کۆمەڵگای مەدەنی تووشی گومانی سیاسی دەکەن. ئەو شتەی کە ئەمڕۆ وەک سیاسەت دەیناسین، فەلسەفەی سیاسی نییە، بەڵکە هزری سیاسییە کە لە سەدەی نۆزدەمەوە، تا دێت لقوپۆی لێ دەبێتەوە و سرووشتییە کە مەنتقی سیاسییش بەپێی وەها ڕووکردێکی سیاسی دیاری بکرێت. کەوایە کاتێ باس لە مەنتقی سیاسی دەکەین لە ڕاستیدا باس لە شێوازی بەحسی سیاسی دەکەین. مەنتقی سیاسی ڕووکردێکی کۆنکرێت نییە کە لە جێگای فەلسەفەی سیاسی دانیشێت، بەڵکە ڕووکردێکی پلاستیکییە و زۆرتر لە چوارچێوەی هزری سیاسیدا دەگونجێت. مەبەست لە ڕووکردی پلاستیکی ئەوەیە کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واقعەکان زیاتر نەرمی لە خۆی پێشان دەدات. پلاستیکیبوونی مەنتقی سیاسی بە مانای کشانەوە لە بەرانبەر دیاردە ئابستراکەکانیش نییە، بەڵکە یارمەتیمان دەدا کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردە ئابستراکەکان، تووشی خەتای ئیستدلالی نەبین و لە چوارچێوەی مەعریفەی سیاسیدا تێگەیشتنێکی ئوسوولی و ڕێسامەندمان بۆ وڵامدانەوە بە پرسەکانی ڕۆژ هەبێت.


٢-٢ مەنتقی مێدیایی

بۆ تێگەیشتن لە مەنتقی مێدیایی، پێویست دەکا سرنج بە کارکردی مێدیا و ئەو شرۆڤانە بدەین کە لەم پێناوەدا هاتوونە ئارا. هەڵبەت مەبەست لەوە نییە کە مێدیا فەلسەفەی نییە، بەڵکە لە ١٩٩٠ بەملاوە گرنگیدان بە مێدیا وەک لقێکی زانستی، زەروورەتی خوێندنەوەی فەلسەفیشی بۆ خۆش کردووە و کاری زۆر لەسەر کراوە. بەڵام خوێندنەوەی دیاردەناسی لەمەڕ مێدیا، ئەگەرچی کورتیش بێت، ئێمە لە کۆمەڵێ تیۆرتی ئینتزاعی و دژبەیەک دوور دەخاتەوە کە بە ناوی فەلسەفەی مێدیا هاتووەتە ئاراوە.
مانای مێدیا لە وشەی “مێدیۆم” وەرگیراوە کە ماناکەی گەیاندن بە واسیتەیە. هەڵبەت کاتێ دەڵێین مێدیا لە ڕاستیدا باس لە کۆی ئەو ئامێرانە دەکەین کە لە خزمەت گەیاندنی پەیام، زانیاری، ئاگاداری، کولتوور، ناسنامە، بیر و باوەڕی کەس، یاخۆ نیهادە کۆمەڵایەتییەکاندایە. کۆی ئەو نموونانە ئێمە لە تێرمێکی هەمەگیرتر نزیک دەکاتەوە بە ناوی ڕۆشنگەری. کەوایە یەکێک لە کارکردەکانی مێدیا ڕۆشنگەرییە. بەڵام لە سەدەی ١٩ و بەدوای داهێنانی کامێرای وێنەهەڵگرتن، کارکردێکی دیکە بۆ مێدیا زیاد دەبێت، واتە “تۆمارکردن” و پەرەدان بە «هێزی خەیاڵ». ئەم دیاردەیە بەپێی بۆچوونی والتێر بێنیامین: وەک ئینقلاب گۆڕانی لە تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ جیهان و ڕاڤەی گۆڕانکارییەکان پێک هێنا. ئەمە لەخۆیدا پێمان دەڵێت کە داهێنانی نوێ، یاخۆ تەکنیکی نوێ، واقعیەتی نوێش لەگەڵ خۆی دێنێت. داهێنانە سینەماییەکان لە نیوەی سەدەی بیستەمدا کارکردێکی نوێ بە مێدیا دەبەخشێت، واتە: داهێنانی “جیهانی ماتریس”. گۆنتێر ئاندێرس، یەکێک لە دیاردەناسەکانی ئاڵمان، کاتێک دەچێت بۆ ئەمریکا لەگەڵ ئەزموونێکی نوێی ڕاگەیاندن ئاشنا دەبێت. لەم سەفەرەدا و لە ڕیگای ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی ئەمریکاوە لەگەڵ تەکنۆلۆژیی مۆدێڕن لە کاری مێدیادا و کارتێکەریی مێدیا لەسەر جوانیناسی ئاشنا دەبێت. یەکێک لەو شتانەی کە سرنجی ئاندێرس بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت بەخشینی ڕوخسارێکی حەقیقی بە نموودەکانی جوانیناسی بوو. گشت ئەو ڕووداوانەی لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە بڵاو دەبوونەوە بەپێی وەهمێکی ئۆنتۆلۆژیک دەردەکەوتن کە نە هەست بە بوونیان دەکەی و نە هەستیش بە نموودیان دەکەی. ئەم ماتریسە بەردەنگەکانی مێدیای تا ئاستی شیزۆفێرنییەکی دەستکرد پاڵ پێوە دەنا (Anders 1980). لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە ئیتر ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکی نوێ ئاشنا دەبین کە مەبەستی سەرەکیی ئەم وتارەیە، واتە: مێدیاتایزینگ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە مرۆڤ چیی دیکە ئازاد نییە لە هەڵبژاردندا. ئەگەر جاران ئێمە لە دەرەوەی مێدیا بووین و مافی هەڵبژاردنمان هەبوو کە کەرەسەی مێدیامان هەبێت، یان نا، ئەمڕۆ مێدیا خزاوەتە نێو هەناوی ئێمە و بۆخۆشمان بەشێکین لە مێدیا. مێدیا لەم سەردەمەدا خەریکی گۆڕینی مرۆڤ بۆ سووژەیە. کەوایە ئەو کارکردانەی باسیان لێ کرا لە ڕاستیدا مەنتقی مێدیاش دیاری دەکەن.


٣-٢ مەنتقی مێدیایی لەهەمبەر مەنتقی سیاسیدا

بە پێویستی دەزانم لەژێر تیشکی بۆچوونەکانی سترۆمباک، باسێکی کورت لەمەڕ هاودژیی نێوان مەنتقی مێدیایی و مەنتقی سیاسی بکەم. سەبارەت بە مەنتقی مێدیایی سترۆمباک دەڵێت: «مەنتقی مێدیایی، ئاماژەیەکە بۆ باندەستبوونی مێدیا لە ئامێر و تەکنیکەکانی ڕاگەیاندندا و هەروەها چۆنایەتیی خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی ئەو ڕووداو و دیاردەنەی کە ڕۆڵیان لە مێژووسازیدا هەیە. شێواز، ئاڕاستەکردن و گێڕانەوەی مێژوو لە کاری مێدیاییدا بەپێی فۆرم، زمانی نۆیتراڵ و شرۆڤەی بێلایەنانە کار دەکات، بەڵکو لە ململانێی مەرجەعەکانی زانیاریدا باندەست بێت و خەڵک زیاتر متمانەیان پێ بکەن» (Strömbäck 2008: 233). مەبەستی سترۆمباک لە گێڕانەوەی مێژوویی لێرەدا؛ بەرپرسبوون لەمەڕ شێوازی گێڕانەوەی واقعە عەینییەکانی کۆمەڵگایە کە دواتر دەبن بە بەشێک لە کولتوور و مێژووی جیهان. مەنتقی مێدیایی بەپێی ئەجێندای مێدیایی کار دەکات کە سترۆمباک ئاماژە بە حەوت کارکردی مێدیایی بۆ وەها ئەجێندایەک دەکات: پۆلاریزەکردن، سادەسازی، حەسیاسیەتسازی، شەخسیکردنەوە، بەرۆژەڤکردن، کڵێشەسازی و هەروەها ڕووماڵکردنی سیاسەت وەک گەمەیەکی ستراتیژیکە سترۆمباک وەک «Horse race» پێناسەی دەکات، واتە پێشبڕکێی ئەسپەکان.
مەنتقی سیاسی بەپێی بۆچوونی سترۆمباک؛ لەدوای چارەسەری و زمانێکی سیاسی دەگەڕێت بۆ ئەو کێشانەی کە لە چوارچێوەی ئەجێندای سیاسیدا شرۆڤە و پێناسە دەکرێن. هەڵبەت نەخشەڕێگای چارەسەریش بەپێی بەرنامە و ڕەفتاری سیاسی نیهادە سیاسییەکان دەچێتە پێشەوە. بێگومان گرنگترین ئەکتەرەکانی چارەسەرکردن، حیزب و چالاکانی سیاسین و بەرنامەی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش بەپێی ئایدیالۆژیای حیزب ئەولەویەتبەندی دەکرێ. واتە دەبێ کام کێشەی سیاسی، یا کۆمەڵایەتی پێش بخرێت و ڕێکارەکان بۆ چاکسازی چۆن دەبن (ibid).
وەک دەبینین مەودا و جیاوازیی نێوان مەنتقی مێدیایی و مەنتقی سیاسی هەم لە باری سترۆکتۆرییەوە و هەم لە باری نێوەرۆکەوە زۆر بەرچاوە. لە کۆمەڵگایەکدا کە مەنتقی مێدیایی تێیدا باندەست بێت، مێدیا وەک ئەکتەری سەرەکی دەردەکەوێت بۆ کارتێکردن لەسەر پرسی دێمۆکراسی و هەروەها چەسپاندنی پێشمەرجەکانی لە ژینگەی سیاسیشدا. لەم سەردەمەدا ڕۆڵی مێدا چ ڕاستەوخۆ چ ناڕاستەوخۆ و هەروەها چ ئەرێنی بێت، یاخۆ نەرێنی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت؛ بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. لە زۆربەی وڵاتانی دێمۆکراتیک و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پرۆسەی مێدیاتایزینگ دەستی باڵای هەیە لە کاری ڕاگەیاندندا، ڕادەی متمانەی خەڵک بە مێدیا ڕوو لە هەڵکشانە. بەڵام یەکێک لە گرفتەکانی مێدیا لەو وڵاتانەی کە بە پرۆسەی مێدیاتایزینگدا تێ دەپەڕن، سەرچاوە ماڵییەکانی مێدیایە. هەتا مێدیا لە پرۆژە ئابوورییەکانی خۆی سەرکەوتوو بێت، بەو ڕادەیە لە مامەڵەکانی لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکاندا دەستی باڵای دەبێت و لە مەرجەکانی گەمەی بازرگانیکردن بە زانیاری، ڕزگاری دەبێت و بەو ڕادەیە لە هێژمۆنی مەنتقی مێدیاییدا سەرکەوتوو دەبێت.



٤-٢ مۆدێلەکانی مێدیا

لەم بەشەی وتارەکەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە سێ مۆدێلی مێدیایی بکەم کە لەم سەردەمەدا وەک مۆدێل پێناسە کراون. هەڵبەت کاتێ دەڵێین مۆدێل لە ڕاستیدا مەبەستمان لە سێ نەریتی مێدیاییە و نموونەکانی دیکەی ڕاگەیاندن لقێکن لەو سێ مۆدێلە. بۆ نموونە، ڕاگەیاندنی حیزبی، ڕاگەیاندنی سێلیبریتی، ڕاگەیاندنی بازاڕ و هتد.


 مۆدێلی مێدیای پۆلاریزەکراو

مێدیای پۆلاریزەکراو مۆدێلێکی مێدیاییە کە بە زۆری لەو وڵاتانەدا کاری پێ دەکرێت کە سیستەمەکەی بەپێی «ئابووریی دەوڵەتی» کار دەکا و حکومەت دەستی ئاوەڵایە بۆ دەستێوەردان لە سیستەمی داد، ئابووری و تەنانەت نیهادە سیاسییەکانیش. ئەم چەشنە مێدیایە زۆرجار وەک مێدیای حکوومی باسیان لێ دەکەن، چونکە ڕاستەوخۆ سوبسید لە حکومەت وەردەگرن. لە باری چۆنایەتیشەوە ئەم مۆدێلە لە مێدیا بەپێی ڕۆتین و هاوئاڕاستەیی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا پرۆگرامەکانی دادەڕێژێت و مەودایەکی زۆری لەگەڵ ڕووکردی نوخبەگەرایانە هەیە. کادیری مێدیایی و بە تایبەت ڕۆژنامەوانەکان لەم مۆدێلەدا زۆر پرۆفێشیۆناڵ نین، هاودەنگی و هاوپەیمانی لە نێوان مێدیاکار و ئەکتەرە سیاسییەکاندا زۆر بەهێزە. مەنتقی مێدیایی لە وەها مێدیایەک زۆرتر بەپێی مەنتقی سیاسی کار دەکات و ڕۆتین و ئەجێندای مێدیاش لەم مۆدێلەدا بەپێی گۆڕانکاری لە ئاستی کارگێڕانی باڵای مێدیا، دەگۆڕێت. بۆ نموونە، لەگەڵ گۆڕانی کابینەکانی حکومەت، گۆڕان لە بەڕێوەبەریی مێدیاکانیشدا دەکرێت و سرووشتییە کە ئەجێندای مێدیایی بەپێی سیاسەت و مشووری کابینەی نوێش دەستکاری دەکرێت.


مۆدێلی مێدیای لیبراڵ

لەو وڵاتانەیدا کە نەریتی دێمۆکراتیک زۆر بەهێزە و مێژوویەکی کۆنیان لەگەڵ دێمۆکراسیدا هەیە، ئابووری ئازادە، پرۆسەی تاکگەرایی لە ئاستێکی بەرزدا گەشەی کردووە، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری ناخێنەکراوە و هەوەها دەسەڵات بەپێی زۆرینەی دەنگوەرگرتن دەستبەدەست دەکرێت؛ مۆدێلی لیبراڵ لە هەوێڵدایە. مێدیا نیهادێکی سەربەخۆیە کە لەژێر دەسەڵاتی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵام مەنتقی بازرگانی لەم مۆدێلەدا زۆر بەهێزە. مێدیاکار لەم مۆدێلە زۆر پرۆفێشیۆناڵە، نێوەرۆکی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکان بە بابەتی ڕۆژ، هەواڵی گشتپەسەند نێوئاخن کراون کە لەژێر سریمەی پلۆرالیزمی سیاسی و کولتوورییە. مەنتقی مێدیایی لەم مۆدێلەدا نەک بەهێزە، تەنانەت باڵ بەسەر مەنتقی سیاسیشدا دەگرێت.



مۆدێلی شەریکەی باکووری ئوروپا

ئەم مۆدێلەش وەک مۆدێلی لیبراڵ لەو وڵاتانەدا گەشەی سەندووە کە ڕابردوویەکی دوور و درێژیان لەگەڵ نەریتی دێمۆکراتیک هەیە، سیستەمی داد لەو وڵاتانەدا نەک سەربەخۆیە بەڵکە زۆر بەهێزیشە و دواجار کۆدەنگی سیاسی بەپێی ئوسوولی ئازادیی ڕادەربرین و مافی بەشداریکردن لە سیاسەتدا دەچێتە پێش. کاراکتێرەکانی وەها مۆدێلێکی مێدیایی زۆر لە مۆدێلی مێدیای لیبراڵ نزیکە، بەڵام ئەو شتەی کە لە مۆدێلی لیبراڵی جیای دەکاتەوە «سوبسید»ە کە حکومەت چاوەدێریی دەکات. هەڵبەت سوبسید لەم مۆدێلەدا بە پێچەوانەی مۆدێلی مێدیای پۆلاریزەکراو، بە بودجەی حکومەتی دابین ناکرێت، بەڵکە بەپێی کۆنتراکتێکی نیشتمانی لە خەڵک وەردەگیرێت، بەڵکو مێدیا و نێوەرۆکەکانی نێو ڕاگەیاندنەکان نەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت (هەرکەس دەزگای تەلەڤزیۆن لەو وڵاتانە بکڕێت، ساڵانە دەبێ ئابوونە بدات). سوبسیدی هاووڵاتییان وای کردووە کە ئەو مێدیایانە دەنگ و پارێزەری هاووڵاتییان بن و لە نێوان ململانێی ڕەنگاڵە سیاسییەکاندا بێلایەن دەرکەون. لەم مۆدێلەدا مەنتقی سیاسی و مەنتقی مێدیایی هاوتریب و بەپێی ئێتیکی ڕۆژنامەگەری لە مێدیادا بەرچاو دەکەوێ. ئەم مۆدێلە لە وڵاتانی باکووری ئورووپا و بەتایبەت وڵاتانی سکاندیناڤیا کاری پێ دەکرێت. هەڵبەت لێکۆڵینەوەکان دەری خستووە کە ئەم مۆدێلە تا دێت لە مۆدێلی لیبراڵی نزیک تر دەبێتەوە.
هەرکام لەو مۆدێلانەی کە بە کورتی پێناسە کران، نەک هەر ژێرمەجمووعەی خۆیان هەیە، بەڵکە مەنتق و ئەجێندای مۆدێلەکانی مێدیا بەپێی ئەو وڵاتانەی کە ئەو مۆدێلانەی تێدا پراکتیزە دەکرێت باڵی بەسەر بەرچاوگە و ئاڕاستەی سۆسیالمێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گرتووە. بەڵام بەپێی بۆچوونی توێژەرانی مێدیایی و کۆمەڵناسان کە لە بواری مێدیادا لێکۆڵینەوەیان کردووە، مەنتقی مێدیای لیبراڵیستی تا دێت زیاتر پەرە دەستێنێت و کارتێکەریی لەسەر بەرچاوگەی مێدیایی مۆدێلەکانی دیکەش کردووە. ئەم پەرەسەندنە و پێشوەچوونی وەها مەنتقێکی مێدیایی کە دواتر لە بەشی شرۆڤەکردنی مێدیاتایزینگدا ئاماژەی پێ دەدەم، پێوەندیی بە بەربڵاویی پرۆسەی مێدیاتایزاسیۆنەوە هەیە. هەتا وڵاتان زیاتر دەکەونە ژێر سریمەی وەها مێتاپرۆسێسێک، مەنتق و ئەجێندای مێدیاییش زیاتر مێدیاتایزە دەکرێت (Strömbäck 2008).


٣- دوو ڕووکردی مێدیای

مێدیاتایزاسیۆن لەگەڵ خۆیدا دوو ڕووکردی مێدیاییی بەرهەم هێناوە کە هەردووکیان بەپێی مەنتقێکی هاوبەش و ئەجێندایەکی هاوشێوە کار دەکەن. جیاوازییەکانی ئەو دوو ڕووکردە، پێوەندیی بە بەستێنی سیاسی و کولتووریی ئەو وڵاتانەوە هەیە کە مێدیا سەرپشک دەکات بۆ هەڵبژاردنی یەک لەو ڕووکردانە. ئەم جیاوازییە لە بەستێنی سیاسی و کولتووری، بەهۆی خێرایی و بەربەستەکانی سەر ڕێگای ئەو چوار مێتاپرۆسێسەی کە پێشتر ئاماژەم پێ دا هەڵدەسەنگێردرێت. تا چەند مێدیاتایزاسیۆن و مێتاپرۆسێسەکانی دیکە توانیویانە کار لە سیستەمی سیاسی و کولتووریی ئەو وڵاتانە بکەن، بەو ڕادەیە ئاڕاستە و ڕووکردی مێدیاییش گەشتر دەردەکەوێت. لێرەوە هەوڵ دەدەم شرۆڤە بۆ تیۆرتی مێدیاتایزینگ و تیۆرتی جەغزی داخراو لە کاری مێدیاییدا بکەم.


٣-١ مێدیاتایزینگ

سەبارەت بە مێدیاتایزینگ لێکدانەوەی جیاواز هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەش لە گشت شرۆڤەکان ئەوەیە کە لە حەوزەی گشتیدا کێ دەسەڵاتی زیاتر بێت ئەوا دەستی باڵای لە دیاریکردنی پێشمەرجەکانی ڕۆژ دەبێت. بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە دوو ئەکتەر لە ئارادایە: مێدیا و سیاسەتوان. لە بۆچوونی زۆربەی توێژەران و کارناساندا، ئاماژە بە مێدیا کراوە کە لەچاو سێکتۆڕەکانی دیکە دەسەڵاتی زیاترە بۆ ئەوەی پێشمەرجەکانی بخاتە چەقی پرسی ڕۆژەوە. لەم بەشەدا تیشکێکی زیاتر دەخرێتە سەر ئەم بۆچوونە.
چەمکی مێدیاتایزینگ لە خۆیدا هۆکارێکە بۆ زۆر پرسی لێکاڵاو. هێندێک ئەم چەمکەیان لەگەڵ چەمکی «مێدیاییکردن» لێ تێک دەچێت. مانای مێدیاییکردن لە ڕاستیدا پێوەندیی بە کۆمۆنیکاسیۆنەوە هەیە، واتە لەبری ئەوەی خەڵک و نیهادە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەگەڵ یەک بەرەوڕوو ببنەوە، مێدیا لە نێوانیاندا و لە ڕێگای تەکنۆلۆژیای گەیاندنەوە ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە ساز دەکات. بەڵام مێدیاتایزینگ دیاردەیەکی پرۆسەمەندە، واتە کاتێ دەڵێین کۆمەڵگا مێدیاتایز کراوە، مەبەست ئەوەیە کە مەنتقی مێدیایی کاریگەریی لەسەر گشت ڕەهەندەکانی کۆمەڵگا هەیە. کەوایە کاتێ باس لە مێدیاتایزینگ دەکەین لە ڕاستیدا ئاماژە بە ململانێی نێوان دوو ئەکتەری سەرەکی دەکەین کە هەرکامیان هەوڵ دەدات دەسەڵات و قورساییی خۆی لەسەر کۆمەڵگا بچەسپێنێت. وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا؛ ئەم دوو ئەکتەرە مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکانن. هەتا مەنتقی مێدیایی بەسەر ڕای گشتیدا زاڵ بێت، بەو ڕادەیە سەربەخۆییی مێدیا زیاتر دەسەلمێندرێت و ئەم دۆخە لە ڕاستیدا ئاماژەیەکە بەوەی کە ئەو کۆمەڵگایە تا چەند مێدیاتایز کراوە. بەڵام مێدیا ناچارە لەگەڵ سێکتۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگادا لە پێوەندیدا بێت، بۆ نموونە، ئەکتەرە سیاسییەکان. سازدانی هاوپەیوەندی لە نێوان مێدیا و سێکتورەکانی دیکە زۆرجار وا دەکات کە ئەو هاوپەیوەندییە تا ئاستی هاوئاڕاستەییش بچێتە پێش.
بە چاوخشاندنێک بەو پێوەندییانەی کە لە نێوان مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکاندا هەیە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بە ڕواڵەت بەستراوەییەک لە نێوانیاندا هەست پێ دەکرێت. هەڵبەت ئەم بەستراوەییە بەپێی مەنتقی «داواودان» کار دەکات، واتە ئەکتەرە سیاسییەکان تا چەند کۆنترۆڵیان بەسەر ئەو زانیارییانەوە هەیە کە مێدیا بۆی گرنگە و بەدوایدا دەگەڕێت و هەروەها، ئەو مێدیایە تا چەند لە ڕۆژەڤدایە و ڕێژەی بینەر و بیسەرانی تا چەند بەرز بووەتەوە کە ئەکتەرە سیاسییەکان ناچار بن مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوەندی مێدیاییە بکەن. بەپێی بۆچوونی توربیۆرنسروود، زانیاریی کەم و شرۆڤەی لاوازی ئەکتەرە سیاسییەکان لە لایەک و، ناوبانگی کەم و کاراییی نزمی مێدیا لە لاکەی دیکە، دەتوانن ئەو باڵانسە بە زەرەری ئەکتەرە سیاسییەکان تێک بدەن، چونکە لە ڕاگەیاندندا ڕۆڵی پاسیڤی دەبێت. یەکێک لە گرفتەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێڕن تا دێت ڕوو لە ئێکسپێرتگەرایی دەکات و خوێندنەوە و شرۆڤەی کارناسیانە گرنگیی زیاتری پێ دەدرێت. ئەم دۆخە وا دەکات کارناس و توێژەران لە ڕۆژەڤدا بن و وەک مەرجەع و ڕەقیبێکی جیددی لەهەمبەر ئەکتەرە سیاسییەکان دەرکەون. دەرکەوتنی وەها ڕەقیبێکی جیددی کە بەپێی مەنتقی مێدیایی خوێندنەوە بۆ دیاردە و ڕووداوەکان دەکات، بەپێی بۆچوونی توربیۆرنسروود، ئەکتەرە سیاسییەکان ناچار دەکات زیاتر بخزێتە ژێر باڵی ڕێسا و مەنتقی مدیاتایزینگ و سرووشتییە کە مێدیا دەستی ئاوەڵاتر دەبێت بۆ ئەوەی پێشمەرجەکانی بخاتە چەقی باسی ڕۆژەوە. ئەم ڕەوەندە هەمیشە لە هەڵکشاندایە و مێدیا زیاتر و خێراتر لە جاران لە هەجمەی سیاسی دوور دەکەوێتەوە (Thorbjørnsrud 2009). دەربازبوون لە کەشی سیاسی، بەپێی بۆچوونی سترۆمباک بە چوار فازی جیاوازدا تێ دەپەڕێت کە لەم بەشەدا ئاماژەیان پێ دەدەم. سەرەتا پێویست دەکات پێوەرەکانی مێدیاتایزینگ دیاری بکەین، بەڵکو کارئاسانی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو چوار فازەمان بۆ بکاتت.


٣-١-٢ چوار پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی مێدیاتایزینگ

بەر لەوەی ئاماژە بەو چوار فازە بدەم بە پێویستی دەزانم لەژێر تیشکی بۆچوونەکانی سترۆمباک، باسێکی کورت لەمەڕ چوار پێوەر بکەم بۆ هەڵسەنگادنی ڕووکردی مێدیایی. ئەم چوار پێوەرە یارمەتیمان دەدا کە بزانین دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کام فازی مێدیاتایزینگ نزیکترن. سترۆمباک چوار پێوەر دیاری دەکا کە لەو فیگوورەی خوارەوەدا پێشانی دەدەم.

سرووشتییە کە هەتا مێدیا زیاتر بەلای چەپدا بکەوێت، سیاسەت زۆرتر دەچێتە کانوونی ڕاگەیاندن. ئەم فیگوورە و بۆچوونەکانی سترۆمباک لەم بارەیەوە تا ڕادەیەکی زۆر ئابستراکن، چونکە لە زۆر قۆناغدا پارسەنگەکان هێندەش فیکس نین و هێندێ پاڵنەری دیکە هەن کە لەم پێوەرانەدا پێشبینی نەکراون. پرسی ئایدیالۆژی و ئیرادەگەرایی، توانامەندییەکانی بەشداریکردن و دیاردەی جووتستاندارد کە ئەکتەرەکان تا ئاستی جووتباوەڕی دادەبەزێن، وەک نموونە لەم پێوەرانەدا جێگایان بەتاڵە. جووتباوەڕی یەکێکە لەو ڕەفتارانەی کە لەم سەردەمەدا بووەتە دیاردە، واتە ئەکتەرەکان سەرەڕای ئەوە کە باوەڕیان بە مەرجەکانی مێدیاتایزینگ هەیە، لە هەمان حاڵدا و لە دۆخی تایبەتدا ئامادەییی ئەوەیان هەیە بە پێچەوانەی مەرجەکانی مێدیاتایزینگ بجووڵێنەوە. بە هەرحال ئەو شتانە بە بۆچوونی من جێگای لەو چوار پێوەرەدا بەتاڵە. ئەم فیگوورە سنوورەکانی ئەو چوار فازەی مێدیاتایزینگ دیاری دەکات کە لە خوارەوە دێنە بەرباس.


٣-١-٣ فازەکانی مێدیاتایزینگ

⦁ فازی یەکەم پێوەندیی بە متمانەسازییەوە هەیە، واتە تا چەند مێدیا وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو چاو لێ دەکرێت. بێلایەنبوون و هاوئاڕاستەنەبوونی مێدیا لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکان مەرجێکی گرنگە بۆ متمانەسازی. لای خەڵک زۆر گرنگە ببینن کە مێدیا نەک مەودای لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکان هەیە، بەڵکە ئینتمای سیاسیشی نییە. بێلایەنی وا دەکا کە مێدیا بە وردی بەدواداچوون بۆ دەستە شاراوەکانی پشت سیاسەت بکەن. هەر ناوەندێکی مێدیایی، هەم لە باری ئایدیالۆژی و هەم لە باری ڕووکردییەوە مەودا لە لایەنە سیاسییەکان بگرێت، خەڵک زیاتر ڕووی تێ دەکەن و وەک سەرچاوەیەکی مەشرووع بۆ زانیاری متمانەی پێ دەکەن. کەوایە هەتا مێدیا بەرەو فرەدەنگی بڕوات و ببێتە مەیدانی ململانێی بۆچوونی جیاواز، ئەوا ئەم فازە ئامانجەکانی خۆی پێکاوە. لەم فازەدا مەنتقی سیاسی و مەنتقی مێدیایی هاوسەنگن، بەڵام مێدیا هەوڵ دەدات بێلایەن دەردەکەوێت.
⦁ لە فازی دووەمدا مێدیا هەروا یەکێکە لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی زانیاری، بەڵام هەنگاوێ زیاتر هەڵکشاوە، واتە کەمتر لەژێر کۆنترۆڵی مەنتقی سیاسیدایە. لەم فازەدا و لەچاو فازی یەکەم، مەنتقی مێدیایی تۆختر دەردەکەوێت. بۆ گەنگەشەکردنی بابەتی ڕۆژ و بازرگانیکردن بە زانیارییەکان، ڕێژەی بەشدارکردنی ئەکتەرە سیاسییەکان کەمتر نییە، بەڵام تەکنیکی ڕێپۆرتاژ و چوارچێوەی پرسیارەکان وەها دارژاون کە بەردەنگەکانی مێدیا و تەنانەت ئەکتەرە سیاسییەکانیش (واتە شەقامی گشتی) خۆیانی تێدا دەبیننەوە و وەک هاووڵاتییەکی ئازاد داوەری لەسەر پرۆگرامەکانی مێدیا دەکەن. ئەو شتەی لەم فازەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت ئەوەیە کە مێدیا هەوڵ دەدا مێدیۆم بێت و پێوەندیی لە نێوان خەڵک و سیاسەتواندا چێ بکات.
⦁ لە فازی سێیەمدا مێدیا وەک نیهادێکی سەربەخۆ دەردەکەوێت. ئەکتەرە سیاسییەکان ناچارن بۆ گەیاندی پەیام و ئەجێندای کاری سیاسیی حیزب، خۆیان لەگەڵ چوارچێوەکانی مەنتقی مێدیایی بگونجێنن. شەڕ بۆ هێژمۆنی و سەپاندنی مەنتقی سیاسی لەم فازەدا دەبێتە هۆی تەریکبوونی ئەکتەری سیاسی، بە چەشنێک کە بە تەواوی لە ڕۆژەڤدا نامێنێت. بە کورتی و بە کوردی؛ ئەکتەری سیاسی لەم فازەدا چاولەبەری مێدیایە. سەربەخۆییی مێدیا لەم فازەدا مەجال بە مدیاکار دەدا کە لە کۆنتێکستدا دەرکەوێت. ئەو ئەکتەرە سیاسییانەی کە لە پەراوێزی مێدیادان، دەبێ زۆر مایە دابنێن بۆ ئەوەی لە پەراوێزەوە بێنە نێو کۆنتێکستەکە. بۆ سەرکەوتن لەم دۆخەدا ئەکتەرە سیاسییەکان ناچارن ڕەچاوی مەنتق و ئەجێندای مێدیایی بکەن. ئەگەر حیزب، یا لایەنێکی سیاسی بەتەما بێت بانگەشە بۆ خۆی بکات، دەبێ ئەو ناوەندە مێدیاییانە فەرامۆش بکەن کە لە فازی سێیەمدان. ئایدیالی مێدیا لەم فازەدا ئەوەیە کە وەک دەسەڵاتی چوارەم دەرکەوێت، بەتایبەت کە ئەجێندای مێدیا لەم فازەدا وەها داڕێژراوە کە وەک پارێزەری کۆمەڵگای مەدەنی دەرکەوێت و لە کاتی ململانێ سیاسییەکان و بە تایبەت هەڵبژاردندا کار بۆ شەفافسازیی کۆمەڵگا دەکات. مێدیای فازی سێیەم هەمیشە سەرئێشەیان بۆ ئەکتەرە سیاسییەکان زیاترە.
⦁ لە فازی چوارەمدا مێدیا بۆخۆی ئەکتەرێکی سەربەخۆیە لە ڕاگەیاندن و چەمکسازییدا. بەردەنگەکان لە چاوی کەناڵەکانی مێدیاوە نەک هەر سەیری واقعەکانی جیهان دەکەن، بەڵکە بەپێی پرۆسەی ناسنامەسازیی مێدیا، بە جیهانبینی و وێنەی خۆشیاندا دەچنەوە. ڕۆڵی ئەکتەرە سیاسییەکان لە ڕێکخستنی خەڵک بە ڕادەیەک کەم دەبێتەوە کە تەنانەت ماهیەتی حیزبیش دەچێتە ژیر پرسیارەوە. ئەمڕۆ مێدیا زۆرترین ڕۆڵی هەیە لە ڕایەڵکەبەندی و ڕێکخستنی جەماوەری و باشترین مەرجەعن بۆ زانیاری، هەواڵ، کولتوور و ناساندنی ئیدەی نوێ. ئەکتەرە سیاسییەکان لەم فازەدا هەر بەپێی ڕەچاوکردنی مەنتقی مێدیایی دەرناکەون، بەڵکە بۆخۆشیان دەبن بە بەشێک لە مەنتقی مێدیایی. بەوجۆرەی من لە مەبەستەکەی سترۆمباک تێ گەیشتووم، مێدیا وەک هێزێکی کۆلۆنیالیست هەم مەیدانی کاری سیاسەت داگیر دەکا و هەم لە داڕشتنی واقعی سیاسیشدا ڕۆڵ دەگێرێت.


٣-١-٤ مێدیای گشتپەسەند

ڕاگەیاندن بۆ ئەکتەرە سیاسییەکان وەک دەریا وایە بۆ ماسی. بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە دەستڕاگەیشتن بە جەماوەر و سازدانی میتینگی سیاسی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژوارتر دەبێت. کەوایە زەروورەتی دەرکەوتن لە مێدیاکاندا بۆ حیزب و ئەکتەرە سیاسییەکانیش تا دێت گرنگتر دەبێت. ئەکتەرە سیاسییەکان لە ڕێگای مێدیاوە هەوڵ دەدەن پەیام و ئەجێندا سیاسییەکانی خۆیان ڕابگەیەنن و بۆ ئەم مەبەستەش وەک پێشتر باسمان کرد، زۆر بۆیان گرنگە کە مەنتقی سیاسی بەسەر مەنتقی مێدیاییدا زاڵ بێت. بەو پێناسەی کە لە فازەکانی مێدیاتایزینگدا هاتە بەر باس، شانسی زاڵبوونی مەنتقی سیاسی، بە تایبەت لە فازی سێیەم و چوارەمدا، زۆر کەمە. بەڕواڵەت باشترین بەستێنی مێدیایی بۆ ململانێی مەنتقی سیاسی و مەنتقی مێدیایی، ئەو ڕاگەیاندنانەن کە لە فازی دووەم و بە تایبەت فازی یەکەمی مێدیاتایزینگدا پێناسە دەکرێن. بەڵام ئەو دوو فازەش گرفتی خۆی هەیە و یەکێک لە گرفتەکان پرەنسیبی بێلایەنبوون و زمانی نۆیتراڵی مێدیاییە. واتە ئەگەرچی هاوسەنگییەک هەیە لە نێوان مەنتقی سیاسی و مێدیایی، بەڵام مێدیا ناتوانێت ببێت بە تریبۆنی ئەکتەرە سیاسییەکان.
لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە هەجمەی دامەزراندنی مێدیای گشتپەسەند دەستی پێ کرد و لە ڕاستیدا لە ئاکامی دەرکەوتنی ئەو چوار مێتاپرۆسێسانە بوو کە پێشتر باسمان کرد. وەک پێشتر باسمان کرد پرۆسەی بەجیهانیکردن، تاکگەراییکردن، بەبازرگانیکردن و مێدیاتایزاسیۆن وەهایە کە مرۆڤی ئەم سەردەمە پتر لە جاران نێتوەرکیزە بکرێت و لە ئاکامدا سنوورە جوگرافیاییەکانی بەزاندووە. سرووشتییە کە مێدیاکانیش نێتوەرکیزە بکرێن و فرەمێدیایی لە خۆیدا دەرکەوتەی وەها پارادایمێکە. یەکێک لە دەرکەوتەکانی نێتوەرکیزەبوون ئەوەیە کە مرۆڤ بەپێی مشوور و ڕووکردی کولتووری دابەش دەکات و بەم هۆیە کاریگەریی کردووەتە سەر دێمۆکراتیزەکردنی کولتوور، وەها کە پرسی دایکۆتۆمی «گشتپەسەند» و «تایبەتپەسەند» نەک وەک دوو هاودژ بەڵکە وەک دوو ڕووکردی کولتووری دەردەکەون کە زۆر جار بە شێوەیەکی دێمۆکراتیک تەعامولیشیان پێکەوە هەیە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مێدیای گشتپەسەند ئەوەیە کە ڕووکردی هەستیارانە و لە هەمان کاتدا کەسپەرەستی لە کار و پرۆگرامەکانیدا بەهێزە. بەپێی بۆچوونی توربیۆرنسروود ئەم مۆدێلە لە مێدیا مەودایەکی زۆری لەگەڵ ڕوانگە و خوێندنەوەی نوخبەگەرایانەدا هەیە و زیاتر خۆیان بە بابەتی مێلۆدراماتیکەوە سەرقاڵ دەکەن. کاتێ پرسی سیاسی لە وەها مێدیایەکدا دەبێ بە پرسی ڕۆژ، بە شێوەیەکی ڕووکەشیانە و بە تامی گشتپەسەندانە، ئاڕاستەی بەردەنگەکانی دەکرێت (Thorbjørnsrud 2009: 47). هەر بۆیە ناوەرۆکی هەواڵ و ڕووداوە گرنگەکان وەها دادەرێژرێت کە تێکەڵاوێک بێت لە ڕێپۆرتاژ، زانیاریی سەرقاڵکەر و ئەو شتەی کە توربیۆرنسروود وەک «Soft News» ناوی دەبات.
زۆریەک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و مێدیایی پێیان وایە پرسی سیاسی لە مێدیای گشتپەسەندا لە ڕادەبەدەر شەخسی کراوەتەوە و زیاتر بەلای ئاژاوەنانەوەدا دەڕۆن. واتە بە هێنانە ئارای ناکۆکی و ئاڵۆزیی نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان، مەجالی سەرقاڵکردن بۆ بەردەنگەکانی دەرەخسێنێت. لیزبێت ڤان (2005) یەکێکە لەو توێژەرانەی کە پێی وایە مێدیای گشتپەسەند توانیویەتی مەودای نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان و شەقام کەم بکاتەوە و هەروەها پاڵنەرێکی باشە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. یەکێک لەو ڤاریابڵانە کە لە تێزەکەی لیزبێتدا زۆرتر پێداگریی لەسەر کراوە؛ کاریزمای ئەکتەرە سیاسییەکان و چۆنایەتیی دەرکەوتنیان لە مێدیایە. بەپێی ئامارەکانی نێو توێژینەوەکەی لیزبێت سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، پرسی متمانەی خەڵک لەمەڕ ئەکتەرە سیاسییەکان بەپێی پلاتفۆرم و هێڵی سیاسیی ئەکتەرەکان بەرز و نزم نابێت، چونکە بەردەنگەکانی مێدیای گشتپەسەند نە کاتی ئەوەیان هەیە بەرنامە سیاسییەکان بخوێننەوە و نە هێندە ئاگاییی سیاسییان بەرزە کە بە چاوی ڕەخنەگرانە بەو پلاتفۆرمانەدا بچنەوە. کەوایە مێدیای گشتپەسەند لە ڕێگای شەخسیکردنی پرسەکانی ڕۆژ و هەستیارکردنی پرۆگرامەکانی، وێنەیەکی ئەرێنی لە ئەکتەرە سیاسیییەکان دەدات بە دەستەوە کە خەڵک خێراتر متمانەیان پێ بکەن. بەرنامەی سیاسیی حیزب، یاخۆ هێڵی سیاسیی ئەکتەرەکان نە لە توانایدایە وەها وێنەیەک، یاخۆ وەها ڕووکارێک لە ئەکتەرە سیاسییەکان بدا بەدەستەوە و نە لە ئەجێنداشیاندایە، کەوایە مێدیای گشتپەسەند باشترین بەستێنە بۆ سازکردنی وەها وێنەیەک (هەمان سەرچاوە).
ئەو شتەی کە بە بۆچوونی من لەم توێژینەوەکەی لیزبێتدا بە ڕوونی دەبیندرێت ئەوەیە کە ئەگەرچی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیای گشتپەسەندا شانسی خۆڕانانیان زیاترە، بەڵام مەنتقی سیاسی دیسان لەژێر سێبەری مەنتقی مێدیاییدا بزر دەبێت. لە وەها دۆخێکدا هەم سیاسەت وەک دیاردەیەکی ڕووکەشیانە دەردەکەوێت و هەم تا ئاستی سەرقاڵییەکانی کولتووری گشتپەسەند دادەبەزێت. ئەم دیاردەیە نەک بە پێچەوانەی پرستیژ و کاراکتێری سیاسیی ئەکتەرەکانە، بەڵکە زۆر لەگەڵ فەلسەفەی سیاسیش بێگانەیە.


٣-١-٥ گەردەنەی مێدیاتایزینگ

رۆڵی پاسیڤی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیای گشتپەسەندا، لە بەرچاوی واقعبینانەی ئەکتەرە سیاسییەکان شاراوە نییە. وەک لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسم کرد، پێوەندیی نێوان مێدیا و سیاسەت وەک دوو ئەکتەری گرنگی کۆمەڵگا – ئەگەرچی زۆرجار وەک ڕەقیب دەردەکەون، بەڵام پێوەندییەکی دیالیکتیکییە. نە مێدیا دەتوانێ چاوپۆشی لە ڕۆڵی سیاسەت بکات و نە سیاسەت بەبێ مێدیا دەتوانێ ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا هەبێت. کەوایە گرفتە سەرەکییەکە مەنتق و ئەجێندای ئەو دوو ئەکتەرەیە کە دەبێتە هۆکار بۆ بەریەککەوتن. بەڵام پێویستە ئەو واقعیەتەش لە بەرچاو بگرین کە ململانێی نێوان ئەجێندا و مەنتقی ئەو دوو ئەکتەرە، پێوەندیی بە دەسەڵاتەوە هەیە و پێویست دەکات بە تیۆریی دەسەڵات شرۆڤە بکرێت. چونکە ململانێکە لەپێناو ئەوەدایە کە کێ پێشمەرجەکانی ڕۆژ دەخاتە چەقی مەیدانەوە. پێشتر باسمان لە نەریتی هابزی و نەریتی لاکی بۆ ڕووکردی سیاسی و پرسی دەسەڵات کرد و باسمان لەوە کرد کە نەریتی تەعامولگەرایی (نەریتی لاک) تا دێت زۆرتر پەرە دەستێنێت و ڕۆڵی مێدیا لە پەرەدانی وەها ڕووکردێکی سیاسی و کولتووریدا زۆر گرنگ بوو. مێدیاتایزاسیۆن لە ڕاستیدا نەک بەرهەمی وەها ڕووکردێکی کولتوورییە، بەڵکە زەروورەتیش بوو. لەگەڵ پەرەسەندنی مێدیاتایزینگ، ئەکتەرە سیاسییەکانیش وەک گشت ڕەهەندەکانی کۆمەڵگای جیهانی، بەشێکن لەو مێتاپرۆسێسە و سرووشتییە کە ناتوانن لە دەرەوەی وەها پرۆسەیەک بن. کەواتە سیاسەتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مێدیاتایزەتر دەبێتەوە و ئەم ڕەوەندە کار لە مەنتقی سیاسیش دەکات. یەکێک لە کارتێکەرییەکانی مێدیاتایزینگ لەسەر ئەکتەرە سیاسییەکان، شێوازی تەعامولی ئەوان لەگەڵ مەنتقی مێدیاییە. مۆلدسکرێد لە توێژینەوەیەکدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕاوێژکارانی مێدیایی بۆ ئەکتەرە سیاسییەکانی وڵاتی نۆروێژ دەکات و دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٥ تا ساڵی ٢٠٠٨ ڕێژەی ڕاوێژکارانی مێدیایی لە پارلمانی نۆروێژ، لە ٨٥ کەسەوە بۆ ١٩٢ کەس بەرز بووەتەوە (Moldskred 2010: 46). بەرزبوونەوەی هەژماری ڕاوێژکارانی مێدیا لە ڕاستیدا پێوەندیی بە بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری، پسپۆڕبوون لە بەشداریکردنی دیبەیت و شرۆڤەکردنی بابەتەکانی ڕۆژ و هەروەها ڕۆڵگێرانی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیادا هەیە. بەرزبوونەوەی شارەزاییی ئەکتەرە سیاسییەکان لەمەڕ مەنتقی مێدیایی هەر ئەدەبیاتی مێدیایی ناگرێتەوە، بەڵکە دیاردەی لەشزمانییش دەگرێتەوە کە لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە بۆ دەرکەوتن لە مێدیادا. چونکە مەنتقی مێدیایی، ڕوانگەی سیاسی و هەروەها کولتووری تەعامولگەرایانەی مێدیا توانیویەتی کاریزمای ئەکتەرە سیاسییەکان بەرەو پێرفۆرمانسی ئەکتەرە سیاسییەکان بگۆڕێت. ئەم پێشوەچوونە، یانی گەمەکردن لە مەیدانی مەنتقی مێدیایی بە قازانجی مەنتقی سیاسی.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕاوێژکارانی مێدیایی لە ڕاستیدا یەکێکە لە تاکتیکەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی مەنتقی مێدیاییدا ڕۆڵێکی باشتر بگێڕن. یەکێک لەو شتانەی کە وەها تواناییەکی بە ئەکتەرە سیاسییەکان داوە، ئەوەیە کە حیزبی سیاسی زیاتر لە جاران بیر لە شایستەسالاری دەکاتەوە و هەوڵ دەدات قەوارەی ڕێبەرایەتیی حیزب لە پاوانی کادێری سیاسی ڕزگار بکات و جێگا بۆ کەسانی پسپۆڕ و کارناس بکاتەوە لە ناوەندی بڕیاڕدانی حیزب. زۆربوونی ڕاوێژکارانی مێدیایی و زۆربوونی کارناسانی بوارە جیاوازە زانستییەکان، دەستی ئەکتەرە سیاسییەکانی ئاوەڵاتر کردووە کە بۆ شرۆڤەکردنی پرسی ڕۆژ لە مێدیادا دەستی باڵایان هەبێت. ئەم پێشوەچوونە بە ڕادەیەکە کە زۆرجار زانیاری و بەڵگەی ئەکتەرە سیاسییەکان، مەیدان بە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی مێدیا تەنگ دەکات و کەمتر لە داوی پرسیارە ئاڵۆزاوەکانی مێدیاکار دەکەون (Thorbjørnsrud 2009: 51). کەوایە ئێکسپەرتگەرایی، یاخۆ پسپۆڕبوون یەکێکە لە مەرجەکانی سەرکەوتن بە جادە پڕ لە پێچەکانی گەردەنەی مێدیاتایزینگ.
بەشێک لە توێژەران باس لەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی ئاستی پسپۆڕیی ئەکتەرە سیاسییەکان لەمەڕ ڕوانینی ڕۆژ و هەروەها سیاسەتی کۆنترۆڵی زانیاری، توانیوەیەتی لە زۆر قۆناغدا مەنتقی سیاسی بەسەر مەنتقی مێدیاییدا زاڵ بکات و بەم کارە ئەکتەرە سیاسییەکان پێش مێدیا دەکەونەوە بۆ لە ڕۆژەڤخستنی پێشمەرجەکانی ڕۆژ (ibid). ئەو پێشبڕکێیە لە ڕاستیدا پێوەندیی بە ڕوانگەی ڕیالپۆلیتیکی ئەکتەرە سیاسییەکانەوە هەیە. تەنانەت لە زۆریەک لە وڵاتانی دێمۆکراتیکیش وەها ڕوانگەیەکی تەعامولگەرایانە لە نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان و مێدیا دانەمەزراوە و ئێستایشی لەگەڵدا بێت بەشێک لە ئەکتەرە سیاسییەکان نایسەلمێنن کە مەنتقی سیاسی دەبێ لە تەعامول لەگەڵ مەنتقی مێدیاییدا گەشە بکات و پەرە بستێنێت. کاتێ ئەکتەرە سیاسییەکان بەم ئاکامە ناگەن، سرووشتییە کە دەرکەوتنیان کەمرەنگتر دەبێت و پەیامە سیاسییەکانیان لە ڕۆژەڤدا نامێنێت.


٤ تیۆری جەغزیی داخراو

پێشتر لەگەڵ دوو مەنتقی جیاواز و دوو ئەجێندای جیاوازدا ئاشنا بووین کە هۆکاری ململانێی نێوان ئەکتەری سیاسی و ئەکتەری مێدیای بوون. هەڵبەت ئەو جیاوازییە نەک هەر لە ڕوانگەوە بۆ مێتۆد، بەڵکە لە نۆرمەوە بۆ کارکردیش دیار بوو. فرەدەنگی لە ئەجێندای مێدیادایە و کۆدەنگی لە ئەجێندای سیاسەتدا، مێدیا هەوڵ بۆ سادەسازیی پرسی ڕۆژ دەدات و ئەکتەری سیاسی کار لەسەر پرۆژەی درێژخایەن و پرسە لێکهاڵاوەکان دەکات. مێدیا کار بۆ بەکۆنکرێتکردنی دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکات و ئەکتەری سیاسی دیاردەکان بە ڕوانینێکی ئابستراکەوە ڕاڤە دەکات و دواجار مێدیا خەریکی شەخسیسازیی سیاسەتە و ئەکتەری سیاسی کار بۆ پرۆگرامی حیزبی دەکات. لە ڕاستیدا دایکۆتۆمیی مێدیا – سیاسەت، بەرهەمی ڕوانگەی تیۆریی مێدیاتایزینگە کە زۆرجار مێدیا و سیاسەت شاخ بە شاخ دەکات و خەڵکیش لە دەرەوەی وەها ململانێیەک چاوەدێریی دەکەن. لە تیۆریی جەغزی داخراودا کۆنتراستی نێوان مێدیا و سیاسەت نەک کەمڕەنگترە، بەڵکە زۆرجار وەک هاوپەیمان و هاوئاڕاستە لە بەرانبەر خەڵکدا دەردەکەون. بۆ تیشک خستنەسەر ئەو تیۆرییە، خوێندنەوەیەک بۆ بۆچوونەکانی ئاندێرسن دەکەم کە لە توژینەوەکانی داڵتۆن و وێتەنبەرگدا (2000) بە وردی شی کراوەتەوە.
ئاندێرسن ئاڕاستەی کۆنتراستی مێدیا – سیاسەتوان بەرەو کۆنتراستی جەماەر لە لایەک و دووانەی مێدیا/سیاسەت لە لایەکی دیکە دەگۆڕێت. ئەم بۆچوونە لە ڕاستیدا پێوەندیی بە پارادایم‌شیفتێک هەیە کە گۆڕانێکی بنچینەیی لە فۆرم و هەروەها نێوەرۆکی چەمکی حیزب وەک نیهادێکی سیاسی پێک هێناوە. دیاردەی «حیزبی جەماوەری» لەم پارادایم‌شیفتەدا بەرەو دیاردەی «حیزبی مێدیایی» دەگۆڕدرێت.
حیزبی جەماوەری لە ڕاستیدا تێرمێکی ئاکادێمیکە کە کاتی خۆی «مۆریس دۆریس» لە ساڵی ١٩٦٣دا و لە توێژینەوەکانی خۆیدا دەکاری دەکرد. بەپێی بۆچوونی مۆریس حیزب نمادی بزووتنەوەیەکی سیاسی/کۆمەڵایەتییە، خەڵک، یا جەماوەر بەپێی ئینتمای چینایەتی، یا ئینتمای نەتەوەییەوە دەبن بە بەشێک لەو بزووتنەوە سیاسی/کۆمەڵایاتییانە و سرووشتییە کە لەو حیزبانەدا دەبن بە ئەندام کە ڕۆڵیان لە ڕێبەرایەتی وەها بزووتنەوەیەکدا هەیە. هەژماری ئەندامانی حیزبی بۆ ئەو حیزبانە زۆر گرنگ بوو، چونکە هەم لە باری ماڵییەوە و هەم لە باری ڕێکخستنەوە دەبوون بە پاڵپشت بۆ حیزبەکانیان. ڕێکخستن یەکێکە لە میکانیزمەکانی حیزبی جەماوەری بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات کە لە لایەن کادێرانی حیزبییەوە – کە پسپۆڕن لەو بوارەدا- کۆنترۆڵ دەکرا. کارکردی حیزبە جەماوەرییەکان وەک مێدیۆم لە نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و دەسەڵاتی سیاسیدا پڕڕەنگتر دەبووەوە و ئەم کارکردە زۆرجار حیزبی جەماوەریی دەگەیاندە دەسەڵات (Dalton & Wattenberg 2000). حیزبە جەماوەرییەکان بەپێی نەریتی مۆدێرنیزم بەسەر چەپ و ڕاست، گەلی و بۆرژوازی، سۆسیالیست و لیبراڵ، سوور و شین… دابەش دەبوون کە هەرکامیان هەڵگری ئینتمای ئایدیالۆژیک و پلاتفۆرمی سیاسیی خۆیان بوون. کەوایە بەپێی بۆچوونی مۆریس، لەگەڵ ئەوەیدا کە ئایدیالۆژیی حیزب ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەوری حیزب، بەڵام ڕێکخستنەکانی حیزب میکانیزمێکی گرنگتر بوون بۆ گەیاندنی حیزب بە دەسەڵات. بەم چەشنە کۆبوونەوەی جەماوەر لە دەوری حیزب و زۆربوونی هەژماری ئەندامان هەمیشە لە ئەجێندای حیزبی جەماوەریدا بوو. حیزبی جەماوەری، بە ڕاست و چەپەوە، بەپێی بروکراسییەکی ڕێکخراوەیی ڕێبەری دەکرا کە زۆر لە نەریتی لنینیستی نزیکە، واتە سەنترالیزمی دێمۆکراتیک.
بە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و ڕەنگهەڵبزڕکانی ئایدیالۆژییەکان، حیزب گرنگیی خۆی لە ژینگەی سیاسەتدا لە دەست نەدا، بەڵام بەپێی سروشت و مەنتقی سەردەم، گۆڕانی لە تەعامولی سیاسی، دێمۆکراسیی دەروون‌حیزبی، ڕووکردی دیپلۆماتیک و بە گشتی نۆرمی سیاسەتدا پێک هێنا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پارادایم‌شیفت لەوەدایە کە نەک پرسیارەکان، بەڵکە گۆشەنیگا و ئامێرەکانیش لەمەڕ جیهانبینی دەگۆڕێت. ئەم پارادایمە حیزبی جەماوەری بەرەو فۆرمێکی دیکە لە حیزبایەتی پاڵ پێوە دەنا کە کاتی خۆی ئۆتۆ کریشهایمەر (1966) وەک «مەخزەنی گشت لایەنەکان» ناوی دەبرد. واتە جیگای بۆ هەموو چینێکی کۆمەڵایەتی، بیروڕا و ڕەنگی جیاوازی سیاسی و دینی هەبوو. لە سەردەمی کۆتاییی شەڕی ساردەوە، شەڕی ئایدیالۆژی جێگای خۆی دەدا بە پێشبرکێی حیزبی لە هەڵبژاردنەکاندا. ڕەنگاڵەی حیزبەکان هێندە تۆخ نەبوون کە خەڵکی شەقام بتوانن جیاوازیی ڕەنگی شین و سوور لێک بکەنەوە. لەوەها دۆخێکدا ڕای گشتی گەورەترین و بەهێزترین سەنگەرە کە سەرکەوتنی حیزب لە دەسەڵاتدا مسۆگەر دەکات، کەوایە کێ ئازایە با بێت داگیری بکات. بەپێی گشت توێژینەوەکان، ڕۆڵ و کاراییی مێدیا بۆ دەنگهێنانەوەی بەربژێرە سیاسییەکان و لە ڕۆژەڤدابوونی حیزبەکان، زۆر لە ڕۆڵ و کارایی فرەئەندامی و فرەرێکخراوەییی حیزبەکان بەهێزترە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بەردەنگی ڕێکخراوی حیزبی هەر ئەندامەکانیەتی، بەڵام بە بۆچوونی کارناسانی سیاسی، لە کۆمەڵگادا هەمیشە «ئامارێکی بێدەنگ» هەیە کە کەس نایبینێت و کەس دەنگی نابیستێت، بەڵام زۆر زیاتر لە نیوەی کۆمەڵن. کاتێ دەڵێین ڕای گشتی لە ڕاستیدا باس لەو ئامارە بێدەنگەش دەکەین. کەوایە کاتێ حیزبێکی جەماوەری نەتوانێ کۆنترۆڵی ڕای گشتی بکات، سرووشتییە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆرێنێت و تەنانەت ڕێژەی ئەندامەکانیشی لە فریای ناکەوێت.
دوورکەوتنەوە لە حیزبی جەماوەری و ڕووکردن لە حیزبی مێدیایی بە بۆچوونی مۆریس؛ پێوەندیی بە ڕۆڵی ماسمێدیاوە هەیە کە لەم سەردەمەدا ڕۆڵیان لە ئۆرگانەکانی حیزبیش زیاترە. بەڵام حیزبی مێدیایی – وەک ئەو جۆرەی من لە بۆچوونەکانی مۆریس تێ گەیشتووم – قەرار نییە واز لە گشت ئۆرگانەکانی بێنێت و ڕوو لە دامەزراندنی کەناڵێکی ڕاگەیاندن بکات. بە دڵنیاییەوە بڕیارێکی وا بۆ حیزب وەک خۆکوژی وایە. ئەوەی من لە بۆچوونەکەی تێ گەیشتووم ئەوەیە کە مەیدانی ململانێی حیزبی لە شەقامەوە بۆ مێدیا ڕادەگوازرێت. پرستیژی حیزب و هەروەها دەستی باڵای ئەکتەرە سیاسییەکان لە شرۆڤەکردنی پرسی ڕۆژ، نەخشەڕێگای حیزب بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، لەم سەردەمەدا کاریگەرترە و بە دڵنیاییەوە مێدیا زیاتر زوومیان لەسەر دەکات. هاتنە ڕۆژەڤی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیاکان، شانسی کۆنترۆڵکردنی ڕای گشتیش دەباتە سەرەوە و بێگومان سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا مسۆگەر دەکا. لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەی مێدیاتایزاسیۆن سرووشتییە کە نەک هەر مەنتقی سیاسی، بەڵکە پێویست دەکات ڕەفتاری سیاسیش پێداچوونەوەی تێدا بکرێت و وەک ئۆستەروود دەڵێت: «ناچارن خۆیان لەگەڵ ئەولەویەت و زەروورەتەکانی سەردەم بگونجێنن کە لەژێر کارتێکەریی مێدیاکاندایە» (Østerud 2003: 29).
یەکێک لە گرفتەکانی حیزبی مێدیایی کە زۆریەک لە توێژەران ئاماژەیان پێ داوە، ئەوەیە کە هەتا حیزبی مێدیایی نوخبەگەراتر دەبێت، بەو ڕادەیەش لە جەماوەر دوور دەکەوێتەوە. تەنانەت هێندێ لە توێژەران هۆکاری مەوداگرتنی خەڵک لە سیاسەت بۆ ئاستی نوخبەگەراییی حیزبەکان دەگێڕنەوە و دەڵێن نوخبەگەرایی، حیزب بەرەو داخرانی سیاسی پاڵ پێوە دەنێت. ئاندێرسن لە توێژینەوەکەی خۆیدا سرنجی بەم کێشەیە داوە و ئەویش پێی وایە مەودای نێوان خەڵک و ئەکتەرە سیاسییەکان ڕوو لە زیادبوونە. بەڵام پێی وا نییە ڤاریابلەکانی توێژەران بۆ شرۆڤەکردنی ئەم دۆخە بەهێز بێت. هەڵبەت بە بۆچوونی من زۆر زەحمەتە توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لەم سەردەمەدا باس لە جەماوەر بکات. لە سەدەی بیست و یەکدا مانای جەماوەر گۆڕاوە بۆ هاووڵاتی. ئەم گۆڕانکارییە بە بۆچوونی من پێوەندیی بە بەرزبوونەوەی ئاگاییی هاووڵاتییان لەمەڕ ماف و پێگەی کۆمەڵایەتییان و هەروەها ڕۆڵی هاووڵاتیبوونیان لە گەشەی پایەدار هەیە. بە هەرحاڵ ئاندێرسن دوو ڤاریابڵ، یاخۆ دوو هۆکار بۆ وڵامدانەوە بەم گرفتە سیاسییە دەدات بە دەستەوە:
⦁ هۆکاری یەکەم، بنکەی کۆمەڵایەتیی دەنگدەران و ڕێژەی هەستیاربوونی دەنگدەران لەهەمبەر پرسە سیاسییەکان وەک هۆکار دەستنیشان دەکات و پێی وایە کە دەنگدەران بەپێی ئینتمای کۆمەڵایەتیی خۆیان تەعامول لەگەڵ ڕای ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەن. واتە ڕیزبەندییە سیاسییەکان بەپێی فۆکووسی ئەکتەرە سیاسییەکان سەر هەڵدەدات. فۆکووسی ئەکتەری سیاسی لەسەر چ مژارێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت، ئەو قەوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییە دەچێتە پشت سەرییەوە و بەم چەشنە هۆکاری بەشداربوونی کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بە فۆکووسی ئەکتەرە سیاسییەکانەوە بەسراوەتەوە.
⦁ هۆکاری دووەم، پێوەندیی بە سیستەمی نوێنەرایەتییەوە هەیە. لە سیستەمی پارلمانیدا برۆکراسی دەستی باڵای هەیە و سرووشتییە کە نوێنەرانی خەڵک لە پارلەمان تەنیا خاوەنی یەکدەنگن. ئەگەر سیاسەت تەکنیک بێت، سیاسەتوانیش پێویستە تەکنۆکرات بێت و سیستەمیش بەپێی ئوسوولی برۆکراسی کار دەکات. خەڵک پێیان وایە کە نوێنەرانەکانیان بێجگە لە دەنگدان کاراییەکی وایان نییە لە دارشتنی بڕیارنامە و یاسا پێوەندیدارەکان. کەوایە ئەوە نوخبەکانی پارلمانن کە لەبری خەڵک بڕیار دەدەن و وەکالەتی خەڵک دەکەن نەک نوێنەرەکانیان.
هەڵبەت سیستەمی پارلەمانی بە گشت گرفتە برۆکراتیکەکانییەوە، هێشتا یەکێکە لە باشترین سیستەمە سیاسییەکان و سرووشتییە کە ئاندێرسن نکۆڵی لە ڕۆڵی پارلەمان بۆ پراکتیزەکردنی دێمۆکراسی ناکات. بەڵام دەڵێت: سرووشتی کاری پەرلەمانتاریزم وایە کە خەڵک و تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی پارلەمانیش کەمتر لەو ئاستەدا بن کە لە ڕۆتینی کاری پارلەمانی تێ بگەن. کەوایە بڕیارە چارەنووسسازەکان و دارشتنی میکانیزمی حقووقی بۆ چەسپاندنی بڕیارەکان، دەکەوێتە پاوانی ئەو تەکنۆکراتانەی کە لە ڕێگای دەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە هەڵنەبژێردراون، بەڵکە کادری پارلەمانن. پرسە چارەنووسسازەکان لەچاو پرسەکانی دیکە زیاتر پێویستیان بە ئانالایز و تیۆرییەوە هەیە و سرووشتییە کە ئانالایز و تیۆرەکان لە پاوانی پسپۆڕ و نوخبەکاندایە و بەم چەشنە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە دارشتنی بڕیارەکان هەیە، چونکە پرسەکان دەبێ بە فیلتێری کارشناسیانەدا تێ پەڕن، بەڵکو لە هەڵەی سیستەماتیک بێبەری بن و ئیحتمالی خەسارەکانی کەمتر بکەنەوە. یەکێک لە گرفتەکانی دیکە، پێوەندیی بە ڕاگەیاندنەوە هەیە. ئاندێرسن دەڵێت کاتێ بڕیارەکان دەنگیان بۆ کۆ دەکرێتەوە و وەک یاسا دەچەسپێن، مێدیاکان دەوریان لە ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارانەدا هەیە. سرووشتییە کە نوێنەرانی خەڵک کۆنترۆڵی مێدیایان لە دەستدا نییە و بەڵکە مێدیا لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پارلەمان، کۆنترۆڵی دۆخەکە دەگرن بەدەستەوە و لە ڕێگای کارناسان و نوخبەکانی کۆمەڵگاوە لێکدانەوەی بۆ دەکەن. کەوایە زۆر ئاساییە کە خەڵک وا بیر بکەنەوە کە ئەکتەرە سیاسییەکان هیچ ڕۆڵێکیان نییە و لە ڕاستیدا بڕیارە چارەنووسسازەکان لە پشت درگا داخراوەکانی پارلەمان و بە لێکدانەوەی نوخبەکان دادەرێژرێن و پاوانی ڕووماڵکردنەکەشی لە دەستی مێدیاکانە. کەوایە ئەکتەری سیاسی و مێدیا وەک هاوپەیمانی سیاسی دێنە بەرچاو و خەڵکیش لەو بەینەدا وەک بەردەنگی ئەوان دەردەکەون.
ئەو شتەی کە لەم شرۆڤەکارییەدا دەردەکەوێت؛ هاوئاهەنگی و هاوئاڕاستەییی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکانە کاتێ خەڵک لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە چاوەدێریی ڕووداو و بڕیارە چارەنووسسازەکان دەکەن. هەڵبەت ئەم هاوئاهەنگییە لە پێوەندی بە پرسە چارەنووسسازەکان شتێکی ئاسایی و لە هەمان کاتیشدا مەنتقییە. بەڵام کاتێ پرسی «گەندەڵی» دەبێ بە مژاری مێدیاکان، ئەو هاوپەیمانییە زیاتر دەردەکەوێت. توێژینەوەکان لە وڵاتانی ئوروپا و ئەمریکا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پرسی گەندەڵی و شێوازی ڕووماڵکردنی گەندەڵی، ئینتمای سیاسیی مێدیاکانیش زیاتر ڕوون دەکاتەوە. ئەکتەرە سیاسییەکان بەردەوام لە کەمینی یەکتردان بۆ ئەوی خاڵە لاوازەکانی یەکتر لەقاو بدەن، بەڵکو لەم ڕێگایەوە دەرفەتی دەرکەوتنی زیاتریان لە مێدیادا بۆ بڕەخسێت. لە لایەکی دیکەشەوە، وەک پێشتر باسی لێ کرا، یەکێک لە کارکردەکانی مێدیا شڵەژاندنی ڕای گشتییە و بۆ ئەم مەبەستە بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕین و شەفافسازییەوە بە بەردەوامی لە دوای نێچرەکانیان دەگەڕێن. هەڵبەت پرسی گەندەڵی دیاردەیەکی باش نییە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر گەشەی پایەدار، بەڵام پرسی گەندەڵی و چۆنایەتیی ڕووماڵکردنی گەندەڵی لە مێدیادا زۆر جار یەکێک لە پرەنسیبە گرنگەکانی مێدیایی خستووەتە ژێر پرسیار، واتە بێلایەنیی مێدیا. بۆ نموونە لە ئەمریکا ئەو ڕاگەیاندنانەی لە دێمۆکراتەکان نزیکترین و ئەو ڕاگەیاندنانەی لە کۆماریخوازەکان نزیکترن، لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵیدا جیاواز دەردەکەون. ئەگەر گەندەڵی پێوەندیی بە حیزبی کۆماریخواز بێت، ئەوا ئەو ڕاگەیاندنانەی ئینتمای سیاسییان بە دێمۆکراتەکان زۆرترە، زۆرترین و هەستیارترین ڕێپۆرتاژ و دیبەیت لەمەڕ ئەو گەندەڵییە ڕووماڵ دەکەن (Thorbjørnsrud 2009).
ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان پێوەندییەکی تاکتیکییە. پێوەندیی تاکتیکی لە کاتێکدا زیاتر دەردەکەوێ کە مێدیاکار لە دوای سەرچاوەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانیان ڕوو لە ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەن و، ئەکتەرە سیاسییەکانیش ئەو دۆخە وەک دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ زیاتر دەرکەوتن لە مێدیا و گەیاندنی پەیام و ڕێکارە سیاسییەکانیان. بەڵام شێوازێکی دیکە لە هاوپەیمانی هەیە کە شیرازەی هاوپەیوەندیی مێدیا و ئەکتەری سیاسی لە تیۆریی جەغزی داخراودا زیاتر دەردەخات. بۆ نموونە ئەگەر سیاسەتی مێدیایی کار بۆ زۆرترکردنی ڕێژەی بەردەنگەکانی دەکات، بە هەمان شێوەش سیاسەتی ئەکتەرە سیاسییەکان کۆکردنەوەی دەنگی زیاترە. ئەم ڕووکردە سیاسییە وا دەکات کە مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان پێوەندییەکی ستراتژیکیشیان هەبێت. بە کورتی؛ دەرکەوتەی پێوەندییە ستراتژیک و تاکتیکییەکانی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان، هاوپەیمانی و هاوئاڕاستەییی ئەو دوو ئەکتەرە لەهەمبەر جەماوەردا باشتر دەردەخەن و ئەم ڕووکردە بنەمای پێناسەی تیۆریی جەغزی داخراوە.



٥  وێکچوون و جیاوازییەکان

وەک لەم وتارەدا ئاماژەم پێ دا، ئەجێندای مێدیایی: سادەسازی، شەخسیسازی، زوومکردن لەسەر ڕووداوی تایبەت و هەروەها مینیاتۆرسازییە، واتە چکۆلەکردنەوەی وێنە گەورەکان لە قاڵبی چکۆلەدا. ئەو ئەجێندایە نەک بە پێچەوانەی مەیلی ئەکتەرە سیاسییەکانە، بەڵکە لە دژی چاوەڕوانییەکانی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شەقامن کە بەپێی ڕوانگەی ئایدیالۆژیک و ڕووکردی ئەخلاقییەوە ڕوو لە سەندووقەکانی دەنگدان دەکەن. هەم لە تیۆریی مێدیاتایزینگ و هەم لە تیۆریی جەغزی داخراودا ئەو شێوازە لە کادربەندی و کلیشەسازییە هەن و بەپێی مەنتقی مێدیایی کار دەکات. یەکێیک لە گرفتەکانی ئەو ئەجێندایە لەوەدایە کە پرسە سیاسییەکان تا ئاستی تێگەیشتنێکی ڕووکەشیانە دادەبەزێنێت و هەروەها دەبێتە هۆی شێواندنی بەرچاوگەی ئەکتەرە سیاسییەکانیش. واتە ئەکتەرە سیاسییەکان زیاتر لە جاران لە چاوی مێدیاوە سەیری شەقام دەکەن. بە هەمان ڕادە خەڵکیش پرسە سیاسییەکان وەک ململانێی نێوان حیزبەکان و شەڕی زێڕنگەری دەبینین بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئەندێرسن لە توێژینەوەکانی خۆیدا ئاماژە بە بێمتمانەییی خەڵک لەهەمبەر مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان دەکات. لە هەردوو تیۆرییەکاندا ئێمە هەست بەو مەودایە دەکەین کە لە نێوان خەڵک لە لایەک و دووانەی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان هەیە. دیاردەی بێمتمانەیی تەنانەت تا ئاستی بێڕێزیکردن و ڕووشاندنی پرەنسیبە ئەخلاقییەکانیش دابەزێت (Goul Andersen 1999: 67).
تیۆریی مێدیاتایزینگ زۆرتر پێداگری لەسەر مەنتقی مێدیایی دەکات و کاتێ سرنج بە ئەجێندا و ڕووکردە مێدیاییەکانی دەدەین، هەست دەکەین جێگایەکی وای بۆ مەنتقی سیاسی نەهێشتووەتەوە و هەر ئەم پێداگرییە وای لە ئەکتەرە سیاسییەکان کردووە کە نەک هەر ڕەچاوی مەنتقی مێدیایی بکەن، بەڵکە چاکسازی لە مەنتقی سیاسییشدا بکەن. ئەم پێشوەچوونە بە ڕادەیەک بەرچاوە کە کاتێ ئەکتەری سیاسی لە مێدیای مێدیاتایزەکراودا دەردەکەوێت، زۆر بۆ خەڵک زەحمەتە کە ئەکتەری سیاسی لە کارناسی سیاسی جیا بکاتەوە. لەم مۆدێلە مێدیاییەدا خەڵک زۆر بە ڕوونی هەست بە مەودای نێوان ئەکتەری سیاسی و مێدیا دەکەن، بەڵام وەک پێشتر باسمان لێ کرد، مانای وەها مەوداگرتنێک ئەوە نییە کە مێدیا لە خەڵک نزیک دەبێتەوە. بەڵکە مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم، سەربەخۆییی خۆی دەپارێزێت و بەپێی مەنتق و ئەجێندای خۆی کار دەکات.
لە تیۆریی جەغزی داخراودا مەودای نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان و مێدیا کەمترە لە مەودای نێوان خەڵک و ئەکتەرە سیاسییەکان. لەم تیۆرییەدا هەر تیشک نەخراوەتە سەر کەمبوونەوەی مەوداکان، بەڵکە باس لە هاوپەیمانی و هاوئاڕاستەییی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکانیش دەکات. وەک پێشتر باس کرا، شیفتلێدان لە حیزبی جەماوەرییەوە بۆ حیزبی مێدیایی وای کردووە کە ئەکتەرە سیاسییەکان هەم لە ڕێگای مێدیاوە لەگەڵ بەردەنگەکانیان بەرەوڕوو ببنەوە و هەم لە چاویلکەی مێدیاوە سەیری شەقام بکەن. کاتێ ئەکتەرە سیاسییەکان لە چاویلکەی مەجازیی مێدیاوە سەیری شەقام بکەن، سرووشتیییە بەو ڕادەیە لە وێنەی واقعیی شەقام دوور دەکەونەوە و خەڵکیش بە هەمان شێوە لە چاویلکەی مێدیاوە سەیری وێنەی مەجازیی ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەن.
لە گشت توێژینەوەکان کە وەک ڕێفرێنس بۆ نووسینی ئەم بابەتە هەڵبژێردراون، باس لە پێوەندییەکی کاوزاڵی لەمەر متمانە و ئاڕاستەی ئەکتەرەکان و شەقام کراوە. هەتا مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان زیاتر هاوئاڕاستە دێنە بەرچاو، بەو ڕادەیە خەڵک کەمتر متمانە بە مێدیا دەکەن (جەغزی داخراو). ئەگەر مەودای بۆچوون و تێروانینی نێوان ئەکتەری سیاسی و مێدیا زۆرتر دەرکەوێت و مێدیا پرەنسیبەکانی بێلایەنبوون و ڕووکردی ڕەخنەگرانەی بپارێزێت، ئاستی متمانەکردنی خەڵک بە مێدیا بەرز دەبێتەوە (مێدیاتایزینگ، فازی ١ و ٢). بەڵام کاتێ مێدیا لە بردنە پێشی ڕێفۆرمی سیاسی و بە گشتی وەک ناوەندێک بۆ بەهێزکردنی گەشەی پایەدار دەردەکەوێت، ئەوا مێدیا وەک مەرجەعێکی گرنگ لە خزمەت مێتاپرۆسێسەکان چاو لێ دەکرێت و لە ڕاستیدا وەک دەسەڵاتی چوارەم سەلمێندراوە و جێگیر بووە (مێدیاتایزینگ، فازی ٣ و ٤). لەم فیگوورەی خوارەوەدا هەوڵم داوە پێوەندییەکی کاوزاڵیانە لە نێوان متمانە و مەنتقی مێدیایی و سیاسیدا وەک دەرەنجامی گشت ئەو توێژینەوانە پێشان بدەم کە وەک سەرچاوە بۆ ئەم وتارە دەکار کراون.

وەک لە فیگوورەکەدا دیارە، هەتا ئاڕاستەی مێدیا ڕوو لە مەنتقی مێدیایی دەکات، بەو ڕادەیە متمانەی بەردەنگەکان بەو مێدیایانە ڕوولەهەڵکشانە (هێڵە شینەکە)، بەڵام کاتێ ئاڕاستەی مێدیا دەکەوێتە بن باڵی مەنتقی سیاسی، ئەوا ڕێژەی متمانەی بەردەنگەکان ڕووی لە دادەبەزینە (هێڵە سوورەکە). هەڵبەت دەبێ ئەم فاکتۆرەش لە بەرچاو بگرین کە مەبەست لە بەردەنگ لێرەدا ڕای گشتی و ئەو ئامارە بێدەنگانەشن کە پێشتر باسی لەسەر کرا، دەنا ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە ئینتمای حیزبییان هەیە و لەژێر سریمەی ئوسوولە بنەماییەکانی سیاسەتدا بەدواداچوون بۆ پرسی ڕۆژ دەکەن، بێگوومان لە نێوان بەرزی و نزمبوونی ئاڕاستەکانی فیگوورەکەدا لە هاتوچۆدا دەبن.



دواسرنج

ئەوەی لەم وتارەدا هاتە بەرباس، خوێندنەوەیەک بوو بۆ کۆمەڵێ توژینەوە لەمەڕ هاوپێوەندیی نێوان مێدیا، ئەکتەرە سیاسییەکان و گەل. ئەم هاوپێوەندییە بەپێی سەردەم و بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی و جووڵە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. یەکێ لەو پاڵنەرانەی کە مێدیای تا ئاستی دەسەڵاتی چوارەم گەیاندووە؛ دێمۆکراسی و ڕووکردی تەعامولگەراییە لە سیاسەت و کولتووردا. لەم قۆناغەدا مەنتق و ئەجێندای مێدیا مەودایەکی پڕمانای لەگەڵ مەنتق و ئەجێندای سیاسی هەیە و لە ئاکامدا کۆنتراستی ئەو دوو ئەکتەرە تۆختر دەردەکەوێت. ئەجێندای مێدیا وەها دادەڕێژراوە کە نێوەرۆکی پرۆگرامەکانی و ڕووماڵکردنی هەواڵەکان زۆرترین کاردانەوەی لە لایەن هاووڵاتییانەوە لێ بکەوێتەوە و لە ئاکامدا ڕێژەی بەردەنگەکانی مێدیا زۆرتر بکات. بەڵام کاتێ لە ئینقلابی دیجیتاڵی نزیک دەبینەوە، مەنتق و ئەجێندای مێدیا بەرەو ئاڕاستەیەک دەڕوا کە ئەمڕۆکە بە ناوی مێدیاتایزاسیۆن ناوی دەرکردووە. لەم قۆناغەوە ئەجێندای مێدیا لە ڕێگای کادربەندیی پرۆگرامەکانییەوە؛ لە «کاردانەوە» بەرەو کارکردن لەسەر «بیرکردنەوە»ی خەڵک دەگۆڕێت.
لەکزیدانی ڕووکردی «جەغزی داخراو» لە کاری مێدیاییدا، پێوەندیی بە نزمبوونەوەی ڕێژەی متمانەی بەردەنگەکانییەوە هەیە. مەنتقی مێدیا لەم بەستێنەدا وەک هاوپەیمان و هاوئاڕاستەی مەنتقی سیاسی دەردەکەوێت و بەردەنگانی مێدیاش وەک ئۆبژە. لە ڕووکردی «مێدیاتایزینگ»دا ئەکتەرە سیاسییەکان لە کۆنتێکستەوە بەرەو پەراوێز پاڵ دەنرێن و ئەوانیش وەک خەڵکی شەقام دەبن بە بەشێک لە بەردەنگەکانی مێدیا. لەم قۆناغەدا وێنای مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم زیاتر لە جاران دەردەکەوێت. لەم ڕووکردەدا مەنتقی سیاسی دەچێتە ژێر سێبەری مەنتقی مێدیاییەوە و بەڕواڵەت مێدیا دەستی باڵای هەیە بۆ ئەوەی پێشمەرجەکانی خۆی لە چەقی پرسی ڕۆژ دانێت. دەرەنجامەکانی مێدیاتایزاسیۆن وەها هەمەگیر بووەتەوە کە ئەکتەرە سیاسییەکان ناچارن پێداچوونەوە بە مەنتقی سیاسیی خۆیاندا بکەنەوە و زیاتر لە جاران خۆیان لەگەڵ مەنتقی مێدیایی بگونجێنن.
یەکێک لە گرفتەکانی مەنتقی سیاسی کە لەم وتارەدا ئاماژەی پێ درا، ئەوەیە کە؛ خۆگونجاندنی مەنتقی سیاسی، کاری لە ئەجێندا و هزری سیاسەتیش کردووە. داشکاندنی مەنتقی سیاسی لەهەمبەر مەنتقی مێدیایی، دیاردەی سیاسەتی تا ئاستی سڕبوون بردووەتە پێشەوە و تا دێت مەودا لەگەڵ فەلسەفەی سیاسەت دەگرێت. وەها کە بە ڕاستی کەس نازانێت لەهەمبەر پرسیاری کارکردی سیاسەت و ئەکتەرە سیاسییەکان لەم سەردەمەدا چ وڵامێک بدۆزێتەوە. ئەوەی تا ئێستا دەبیندرێت؛ سیاسەت لە دەرەوەی مێتاپرۆسێسەکاندا خەریکی پەلەقاژەیە. ڕەنگە هۆکارەکەش ئەوە بێت کە لە سەدەی نۆزدەم بەملاوە کارکردی هزری سیاسی هەر مشتوماڵکردنی ئاوێنەی ژەنگاویی خۆی بووە و تا دێت لە ئامانج و غایەتی سیاسەت دوور دەکەوێتەوە. لەگەڵ مەوداگرتنی هزری سیاسی لە فەلسەفەی سیاسەت، دەستی سیاسەت لە پرۆسەی داهێنان کورت کراوەتەوە و بەکردەوە لە بازنەی بەرتەسکی ڕیالپۆلیتیکدا لەسەر سەر دەخولێتەوە. بەرچاوگەی «چاکە» و گەڕاندنەوەی «عاملیەت» و «سوبژەبوون» بۆ مرۆڤ – کە دەبووایە لە ئەجێندای سیاسەتدا بووایە، ئەمڕۆ کەوتووەتە ئەجێندای مێدیایی و دەبێ چاوەڕوان بین و بزانین عاملیەتی تاکەکان تا کوێ لەگەڵ داهاتووی سیاسەت هەڵدەکات.
٧ی مارسی ٢٠٢١



سەرچاوەکان

Anders, Günther 1980: Die Antiquiertheit des Menschen. Über die Seele im Zeitalter der zweiten industriellen Revolution. Band 1. München: Beck. [Zuerst 1956]
Benjamin, Walter 1977: Das Kunstwerk im Zeitalter seiner technischen Reproduzierbarkeit [Zuerst 1936]; Kleine Geschichte der Photographie [Zuerst 1931]. Frankfurt am Main: Suhrkamp
Dalton, Russell J. & Martin P. Wattenberg 2002: Parties without partisans: Political change in advanced industrial democracies. Oxford University Press.
Goul Andersen, Jørgen 1999: Folket og eliterne. Om meningsdannelse på masse- og eliteniveau, i Jørgen Goul Andersen, Peter Munk Christiansen, Torben Beck Jørgensen, Lise Togeby og Signild Vallgårda 1999, Den Demokratiske Udfordring . Hans Reitzels Forlag, København.
Moldskred, Anine Dedekam 2010: Rådgivere i Norge – Politiske aktører? Masteroppgave ved Institutt for sammenliknende politikk, Universitetet i Bergen.Tilgjengelig 30.05.2011 på: https://bora.uib.no/bitstream/1956/4162/1/70297385.pdf
Thorbjørnsrud, Kjersti 2009: Journalistenes valg. Produksjon – interaksjon – iscenesettelse. Doktorgradoppgave ved Universitetet i Oslo.
Strauss, Leo 1988: What is Political Philosophy. Chicago: The University Press (, pp. 9-55).
Strömbäck, Jesper (2008): Four Phases of Mediatization: An Analysis of the Mediatization of Politics. The International Journal of Press/Politics, vol. 13(3), 228-246. Tilgjengelig 30.05.2011 på http://hij.sagepub.com/content/13/3/228.abstract
Van Zoonen, Liestbet 2005: Entertaining the citizen: When politics and popular culture converge. Lanhem: Ronham & Littlefield.
Østerud, Øyvind; Fredrik Engelstad og Per Selle 2003. Makten og demokratiet: en sluttbok fra makt og demokratiutredningen. Gyldendal Akademisk.

دەسەڵاتی چوارەم

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان