ئارامتر بخوێنەوە
ئاوشویتس لە ڕوانگەی خوێنەرێکی کوردەوە لە چەند دەقی ئەدەبیدا
شەهلا دەباغی
“بناغەیەکی گرینگی فکریی دەستبردن بۆ ئەم ژێنۆساید و کوشتارە لەسەر تیۆریی هەڵەی بیۆلۆگیی “ڕەسەنایەتی نژادی ئاریایی ئاڵمانی” بوو کە بارودۆخی شێواو و شکستی ئابووری- سیاسیی قۆزتەوە تا پەرە بەم تیۆرییە ناڕەوا و نادرووستە بدا و ڕقی خۆی بەسەر میلیۆنان ئینسانی بێتاواندا دەربکا. بەڵام ئەم تیۆرییە سەقەتە تاکە هۆی دەستبردن بۆ ئەم تاوانە بێسنوورە نەبوو.
زیگمۆند باومەن (١٩٢٥-٢٠١٧) لە کتێبی ئاوشویتس و کۆمەڵگای مۆدێڕن (١٩٩١) دا باس لەوە دەکا کە تاوانەکانی کوشتاری جوویەکان و ئاوشویتس و هۆلۆکۆست بەرکار و ئاکامی سیستیماتیکی خودی مۆدێرنیتە بوون و پێیان لە چۆنێتی کارکردی کۆمەڵگای مۆدێڕن دایە و هۆلۆکۆست شتێکی بە هەڵکەوت یا دژی مۆدێرنیتە نەبوو. بەڕای باومەن خودی مۆدێرنیتە دژە- مۆڕاڵ بەرهەم دێنێ و خۆی تێپەڕدەکا.”
پێشەکی
لە ماوەی دوازدە ساڵ دەسەڵاتداریی نازیستەکان لە ئاڵمان لە نێوان یازدە بۆ حەفدە میلیۆن ئینسان، جوو، قەرەج، کەمئەندام، هۆمۆسێکسۆئێلەکان، ئەسیرانی شەڕ، کوژران. لەوانە نزیک بە شەش میلیۆن و سێسەدهەزار جووی ئەورووپا لە نێوان ١٩٤٠ هەتا ١٩٤٥ بە شێوەی سیستیماتیک و ئاگاهانە بەدەست نازییەکان لە ئۆردووگاکانی کار، کوورەکانی ئینسان سووتاندن و بە نەخۆشی لەناوبردران و ژێنۆساید کران. ئەم تاوانە بەربڵاوە دژەمرۆڤییە بە هۆلۆکۆست[1] ناسراوە. گەورەترین شوێن کە هۆلۆکۆست و کوشتاری جوویەکانی تێدا کرا ئۆردووگای “ئاوشویتس بیرکێنهاو”[2] لە ٦٠ ک.م شاری کراکۆڤ لە پۆلەند بوو. مێژووی کوشتاری جوویەکان دەگەڕێتەوە زۆر دوورتر و لە ئینجیل دا باس کراوە و لەسەدەکانی نێوەڕاستیشدا هەمیسان جوویەکان ببوونە قووربانی.[3]
بناغەیەکی گرینگی فکریی دەستبردن بۆ ئەم ژێنۆساید و کوشتارە لەسەر تیۆریی هەڵەی بیۆلۆگیی “ڕەسەنایەتی نژادی ئاریایی ئاڵمانی” بوو کە بارودۆخی شێواو و شکستی ئابووری- سیاسیی قۆزتەوە تا پەرە بەم تیۆرییە ناڕەوا و نادرووستە بدا و ڕقی خۆی بەسەر میلیۆنان ئینسانی بێتاواندا دەربکا. بەڵام ئەم تیۆرییە سەقەتە تاکە هۆی دەستبردن بۆ ئەم تاوانە بێسنوورە نەبوو.
زیگمۆند باومەن (١٩٢٥-٢٠١٧)[4] لە کتێبی ئاوشویتس و کۆمەڵگای مۆدێڕن (١٩٩١) دا باس لەوە دەکا کە تاوانەکانی کوشتاری جوویەکان و ئاوشویتس و هۆلۆکۆست بەرکار و ئاکامی سیستیماتیکی خودی مۆدێرنیتە بوون و پێیان لە چۆنێتی کارکردی کۆمەڵگای مۆدێڕن دایە و هۆلۆکۆست شتێکی بە هەڵکەوت یا دژی مۆدێرنیتە نەبوو. بەڕای باومەن خودی مۆدێرنیتە دژە- مۆڕاڵ بەرهەم دێنێ و خۆی تێپەڕدەکا، یا بە واتایەک کۆمەڵگای مۆدێڕن نەمەیو و شلە[5] و دەسەڵاتەکان، تاک و دامودەزگاکانی دەوڵەتی پێکەوە پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایە پێک دێنن کە ئیمکانی هۆلۆکۆست بەو بەرینییە دروست دەکا.[6]
پێشتر ئینسان وای بۆ دەچوو کە جیهانی مۆدێڕن ڕزگارکەرە. بەڵام بەپێچەوانە، سنووری بێڕەحمی ئینسانەکان دەرحەق بەیەکتر لەژێر کاریگەریی ئیدیۆلۆژییەکان، تێکهەڵچوونی ئایینەکان، بازای چەک و تەماحی سەرمایەدا، دەتوانێ هەر سنوورێکی سیاسی و ئەخلاقی تێپەربکا. ڕاست لە جیهانی مۆدێڕندا ئینسان لەو شوێنە دەمرێ کە بۆ زیندوومانەوە نانی دەستی یەکتر دەپچڕێ، کوڕ بابی لە ژێر بەفر بەجێ دەهێڵێ و پیاوێک بۆ پاروونانێک خۆشەویستەکەی دەفرۆشێ. ئینسان دەمرێ، و ئینسان دەبێتە گورگی ئینسان.
“شێعر نووسین دوای ئاوشویتس بەربەریەتە.” ئادۆرنۆ
ئەم ڕستە هەژێنەرەی فیلسووفی جووی ئاڵمانی تێۆدۆر ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩) کە زۆرجار دەم بە دەم دەگەڕێ، قووڵایی کارەساتی ئاوشویتس نیشان دەدا و ئەوەکە نووسینی شێعر بۆ ئەم کارەساتە ناموومکینە. بەواتایەک مەبەستی ئادۆرنۆ ئەوەیە کە هونەر و شێعر دەبێ بەرەو داهاتوو بن بەڵام کاتێک باسی ئاوشویتس دێتە گۆڕ هیچ مەجالێک بۆ ئەوە نامێنێ. دواتر ئادۆرنۆ نووسین و هەڵوێستەکەی خۆی قووڵتر و دەقیقتر دەکات و باس لەوە دەکا کە هونەر یەک لە مەیدانە گرینگەکانە کە دەکرێ تێیدا لەسەر ئەزموونەکانی تاک و کۆ دەربارەی ئاوشویتس، نازیسم و هۆلۆکۆست کار بکرێ و فۆڕم بدرێن.[7]
ڕستە مەشهوورەکەی ئادۆرنۆ وەک شەبەنگ چەند توێ لەخۆ دەگرێ. ئەگەر ئەم دەربڕینەی ئادۆرنۆمان وەک خۆی قەبووڵ بێ ئەوە پرۆوێکاتیڤ و هەژێنەرە. ئەگەر نا هەم گەڕانەوە و هەستیارییە بۆ ئەوەی ڕوویان داوە، و هەم ئەم پرسیارە دێنێتە گۆڕ کە ئێستا لە چ بەستێن و دۆخێکداین؟
هەزاران وتار، لێکۆڵێنەوە، شێعر، دراما و ڕۆمان و فیلم تا ئێستا لەسەر هۆلۆکۆست نووسراوە و سازکراوە. لەم وتارەدا وەک خوێنەرێکی ساکار بەدوای وڵامێک بۆ ئەم پرسیارەم کە “ئەزموونی تاکەکانی ئاوشویتس لە ناو دەقی ئەدەبیدا چمان پێدەڵێن؟”، و هەوڵم داوە لە ناو دەقی بەجێماوی قوربانیانی هۆلۆکۆست کە ئەزموونی خۆیان نووسیوەتەوە، بەدوای سەرەداوێکدا بگەڕێم و لە ڕێگای بەستنەوەیان بە ڕووداوەکانی ئێستای دەورووبەرمان، بزانین کە ئێمە دەبێ بە چ هوشیارییەک بگەین.
بۆ نووسینی ئەم وتارە هەشت ڕۆمان و ئاوتۆبیۆگرافیم بە زمانی سویدی یا وەرگێردراو بۆ سویدی، لەسەر ئاوشویتس خوێندنەوە و یا لە ڕادیۆی سوید گوێم لێ گرتوون، جگە لە ژمارە حەوت کە سولەیمان دڵسۆز وەریگێڕاوەتە سەر کوردی. ڕۆمانەکان بریتین لە:
– Hedi Fried, Frågor jag fått om förintelsen
– Anne Frank, Anne Franks dagbok
– Viktor Frankl, Men’s search for meaning
– Elie Wiesel, Night
– Otto Kraus, The chirdren’s block
– H. Morris, The tatooist of Auschwitz
– C. Giorgio, The twenty fifth hours
– Sören Semmelius, Sanna historier om flickan i Auschwitz
گوزارشتی دەقەکان
ئەو ڕۆمانانەی سەبارەت بە ژێنۆسایدی جوویەکان و بەتایبەت سوتاندنیان لە کوورەکانی ئاوشویتس و بە گاز خنکاندنیان نووسراون شێواز و فۆڕمێکی زۆر تێکتەنراویان نییە. بە پێچەوانە بە شێوەی خەتی و سادە نووسراون بەڵام خەسیسی له نووسینەوەی هەستەکان، بیرەکان و ئەزموونەکان نەکراوە. نووسەرەکان ئەوەندەی توانیویانە و وەبیریان بووە هەست، ڕووداو، کات و شوێنیان وەک خۆی نووسیوەتەوە. بۆ وێنە لە ئاوشویتس مانگی دیسامبری ١٩٤٣ چ ڕوویدا یا لە مەجارستان چۆن دەستیان بە گرتنی جوویەکان کرد. هەڵبەت هێندێک لە ڕۆمانەکان زمانێکی سادە و هێندێک زمانێکی دەوڵەمەندتریان هەیە بەڵام تەنانەت ڕۆمانە هەرە سادەکانیش کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر خوێنەر هەیە. (ئێمەی کوردیش دەتوانین هەمان ڕێگا بۆ نووسینەوەی ژێنۆسایدی کورد لە چوارپارچەی کوردستان بگرینەبەر.)
ئاوشویتس هێندە کاریگەریی تاڵی لە سەر ڕووحی ئینسان بووە کە ئێستاش دەکرێ دەیان خاڵی گرینگ لەباری سیاسی، ئەدەبی و دەروونناسییەوە دەربارەی باس و تیۆریزە بکرێن. هەڵبەت دەیان بیرمەندی وەک باومان، ئادۆرنۆ، ئارێنت کارەساتی هۆلۆکۆستیان بە تیۆرییەکانی فەلسەفەی سیاسی لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە تیۆریزە کردووە.
زۆربەی ئەو ڕۆمانانەی لەسەر ژێنۆسایدی جوویەکان، چەپەکان، دۆم و کەمئەندامەکان و ڕووداوەکانی ناو ئۆردووگاکانی نازییەکان نووسراون، سەرەڕای جیاوازی شێواز و فۆرم و سادەیی یا تێکتەنراوەییان، بابەتەکانیان لە چەند خاڵ دا هاوبەشن. لەم نووسینە کاڵەدا بە خێرایی باس لە چەند خاڵ دەکەم.
با هەوەڵ لە نووسەری بەناوبانگ ئاننێ فڕانک[8] ڕا دەست پێبکەم. ئاننێ فرانک ساڵی ١٩٢٩ لە “فڕانکفۆرت ئێم ماین” لە دایک دەبێ. بنەماڵەکەیان لە ترسی نازییەکان دەچنە هۆلەند. ساڵی ١٩٤٢ بنەماڵەی ئاننێ وێڕای بنەماڵەیەکی دیکەی جوو بە ماوەی دوو ساڵان لە ژێرخانێکدا خۆیان حەشار دەدەن. ئەو دوو ساڵە بە نەخۆشی و برسێتی و نەبوونی هەتاو تێپەڕ دەبێ. ئاننێ دەفتەرێکی یادداشتی دەبێ و ڕۆژانە دەنووسێ. بنەماڵەکەی دیکە کوڕێکیان دەبێ. لە ئاخریی یادداشتەکانیدا ئاننێ باسی خۆشەویستی خۆی و ئەو کوڕە و هەوەڵین ماچی ژیانی لەگەڵ کوڕێک دەکا. چەند ڕۆژ دوای ئەوە گێشتاپوو دەیانبیننەوە و دەیانبەنە کەمپێک لە “بێرگێر بێلسێن”. هەموو بنەماڵەکەی جگە لە بابی لە ئاخری ١٩٤٥ لەناو دەچن. ئاننێ چەند مانگ پێش تەواوبوونی شەڕ بەهۆی نەخۆشی کۆچ دەکا. دوای تەواوبوونی شەڕ بابی دەگەرێتەوە هۆلەند و یادداشتەکانی کچەکەی لە ژێرزەوییەکە لەناو کاغەزاندا دەبینێتەوە. ئەم یادداشتانە وەرگێڕدارونەتە سەر زۆر زمانی دنیا و بوونتە هەوێنی دراما و فیلم.
ئاننێ فرانک بـە تەمەنی پازدە ساڵی و بە تاقە کتێبێک یەک لە گەورەترین نووسەرانی جیهانە، ئەوەش نە تەنیا بەخاتری ئەوەکە ژیانی دوو بنەماڵەی جوو کە لە ترسی نازیستەکان خۆیان شاردبۆوە بە دێکۆمێنت کرد، بەڵکوو بە خاتری فراوانیی بیر و هزر، وشە، گیرانەوەی ورد و دەقیق، هەست، و نەترسی لە گێڕانەوەدا. خوێنەری دەقی ئەدەبی دەکرێ لەخۆی بپرسێ ئەگەر ئاننێ لە ئۆردووگای ژێردەستی نازییەکان دا نەمردبا و ژیانی کەمپ و سوتاندنی ئینسانەکان و وەحشیگەریی نازییەکانی نووسیباوە، چۆنی دەگێڕاوە؟ ئاننێ لە نووسینەکانیدا وەک خاوەن بیرێک ئەم بابەتە دەورووژێنێ کە چەندین میلیۆن ئینسان بە هۆی جیاوازیی ئێتنیکی- دینی دەکەونە دۆخێکی ئیستیسنایی و کارەسات؛ “ئەو هەموو نەهامەتییە تەنیا بە هۆی جوو بوون”.[9]
بە پێی ئەم هەشت کتێب و ماتریاڵەی پێشتر ناویان هات، کاتێک نازیستەکان دەستیان بە کۆکردنەوەی جوویەکان و ناردنیان بۆ ئۆردووگاکان و ئاوشویتس کرد زۆر بنەماڵە و خزم لێکدابڕان و کەوتنە شوێنی جیاواز. بەڵام خۆ ئەگەر کەوتبانە یەک شوێنیش دیسان مافی ئەوەیان نەبوو پێکەوە بن. لە ڕۆمانی منداڵانی ئاوشویتس دا ئۆتۆ کراوس باسی ئەوە دەکا کە چۆن جارێک ژن و مێردێک کە لە ئۆردووگا یەکتر دەبینن و لە ژێر دارێک دانیشتوون و یەکتر لە باوەش دەکەن، لێیان دەدرێ.
دیاردەیەک کە ناو ئەسیراندا ببووە ڕەفتار و تاکتیکێکی ستراتێژیکی، بریتی بوو لە “چالاکانە مت و پاسیڤ بوون تا گیان ڕزگار کرێ”. واتە ئەسیرەکان بۆ مانەوەی خۆیان و ڕزگارکردنی گیانیان لە جوڵە و قسەکردن دا لەچاو نەدەن و لەبەرچاوان نەبن. بێدەنگ و مت و نادیار بن. بۆ ئەوە دەبا لە هەر کردارێکی زشتی زیندانبان چاوپۆشی بکەن/ئێگنۆر، تا نازییەکان لە خۆیان وەخۆ نەخەن. کارێک نەکەن کە نیگای زیندانبان بێننە سەر خۆیان. ئەمە پاسیڤ بوونێکی کارا بوو. ئەم پاسیڤ بوونە خۆی دەبوو بە کردار و ئەکتێک کە ئەسیر و زیندانی گیانی خۆی پێ نەجات بدا. واتە لەو جۆرە پاسیڤ بوونەدا ئینسان دەبوو بە بکەرێکی کارا. ئەم دیاردەیە لە تاریکەسەلاتەکانی مێژووی ئینسانیدا جۆرێک سەرداخستن و خەبات نەکردن بەدوای خۆیدا دێنێ. بەڵام لە ئاوشویتس ئەسیر بەم تاکتیکە مەبەستی پارێزگاری لە گیانی خۆی بوو بەڵکوو ڕۆژێک ڕزگار بێ. ئەمە جۆرێک بەرخۆدان بوو بۆ زیندوومانەوە.
سەرەڕای بێدەنگی و خۆپاراستنی زیندانییەکان، نازیستەکان بەردەوام لە لێدان، بێڕێزی کردن و شکاندنی حورمەتی ئەسیرەکان وازیان نەدەهێنا. بۆ وێنە ویکتۆر فرانکل لە کتێبی خۆیدا گەڕان بەدوای مانادا باس لەوە دەکا کە لێدان و ئەشکەنجە بەقەد ئەوە ناخۆش نەبوو کە وەک ئاژەڵێک ڕەفتارت لەگەڵ دەکرا. فرانکل دەنووسێ:
“ڕۆژێک کە کارم دەکرد بۆ چەند چرکە پاڵم وە پێمەڕەکەی دەستمەوە دابوو، ئەفسەرە نازیستەکە دیتمی و بەڕدێکی تێ هەڵکردم. لەو ساتەدا هەستم کرد چ بێڕێزییەکم وەک ئینسان پێ کرا.”
خاڵێکی زۆر گرینگ ڕۆڵی “کاپۆ”کان بوو. کاپۆ ئەوانە بوون کە خۆیان ئەسیر و زیندانی بوون بەڵام وەک هاوکاری نازیستەکان بۆ کاوباری زیندان هەڵدەبژێردران. ڕەفتاری کاپۆکان زور جار لە خودی نازیستەکان ترسناکتر و دڕندەتر بوو. ئێمەی کورد و زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران شاهیدی ئەم دیاردەیە بووین و هەین کە چۆن جاش و تەوابەکان زۆرجار لە پاسدار و زیندانبانەکان دڕندەترن.
جیا لە تاقیکردنەوەی دەرمان و دەرزی لەسەر ئەسیران، خەساندنی ژنان و پیاوان، کار و لێدان، گەورەترین گرفتی ئەسیرانی ئاوشویتس “برسێتی” بوو. زیندانی هەموو چرکەکان بەدوای ورکە نان و گیا و دەنگە پەتاتەیەک بوو. برسێتی ئینسانەکانی لە ئینسانییەت دەخست. کێشەی برسێتی لە یەکەم ڕۆژەکانەوە وای دەکرد کە وردە وردە هەر کەس بۆ مانەوەی خۆی تەنیا لەبیر خۆیدا بێ و لەسەر پاڕۆنانێک کێشە لەناو ئەسیرەکاندا درووست بێ. گەرچی نازییەکان هەموو زێر و پارەی ئەسیرەکانیان دەستاند، بۆ وێنە تەنانەت ددانی زێری زیندانیان دەکێشا، بەڵام ئەسیرەکان ئەگەر شتێکیان هەبا بۆ وەدەست هێنانی پارۆنانێک دەیانفرۆشت.
“کاتیا کوتی چەند کەسم دی وامزانی منداڵن، بەڵام ئینسانی گەورە بوون کە لە برسێتی چکۆلە ببوونەوە و تێک چووبوون و خەریک بوون پیسایی یەکتریان دەخوارد و لێکیان هەڵدەسوو.”[10]
ساڵی ٢٠٠٧ کاتێک خاتوو نەبات فایەق بە داوەتی نووسەر و توێژەری کۆچکردوو مەهاباد قەرەداغی (١٩٦٦-٢٠٢٠) لە کوردستان ڕا بەشداری کۆنفڕانسی ژنانی کورد لە ستۆکهۆڵم بوو، لە وتووێژێکدا بۆ ماڵپەڕی دیمانە (چەند ساڵە ئەم ماڵپەڕە نەماوە) باسی ئەوەی بۆ کردم کە چۆن کوردەکان لە پڕۆسەی ئەنفال دا لە ئۆردووگاکانی دوبز و ئەبوغەریب لە برسێتی دا دەژیان و چۆن کچەکەی لە سەرەمەرگدا داوای خەیار دەکا و دایکی نەعلێکی سەوز دەداتە دەست کچەکەی و گیانی دەردەچێ.[11]
برسێتییەکی تاقەتپڕووکێنەر لە ئاوشویتس وای دەکرد کە جەستە دوای بەکار هێنانی هەموو پاشکەوتی خۆی بەرو ئێسک و پڕوسک چوون بڕوا. لەو ئۆردووگایانەدا ڕۆژانە لەتێک نان و مەلاقەیەک سووپی شل بە چەند دەنکە نۆک و پەتاتە (ئەویش ئەگەر هەبا) بە ئەسیرەکان دەدرا. برسێتی وای دەکرد ئینسانەکان شێت بن، دوای ماوەیەک ژنان سووڕی مانگانە نەبینن و خەونی ئینسانەکان زۆربەی خەون بە نانەوە بێ. برسێتی غەریزەکانی دیکەی وەک سێکسوالیتەی لەبیر دەبردەوە. بەشێوەی گشتی لەو شوێنانەی کە پیاو زۆرن، وەک ناو ئەرتەش و ئۆردووگاکانی پیاوان، سێکسوالیتەی ناو پیاوان هەیە. بەڵام لە ئۆردووگاکانی ئاوشویتس و بیرکێنهاو برسێتی وای دەکرد تەنانەت خەون بە سێکسەوە نەبینی و هەموو خەونەکەت نان بێ و بەس. لەگەڵ ئەوەش دیسان ئەوە ژنان بوون کە هەم لە لایەن نازییەکان و هەم لە لایەن پیاوە جوویەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرا.
بە پێی ئەزموونەکانی دوکتور فرانکل کە خۆی توێژەر و دوکتۆر بوو و وەک ئەسیرێک کەوتە ئاوشویتس و وەک هەزاران برسی و نەخۆشیتر ساڵانێکی سەختی تێپەڕ کرد، زیندانی دەبا ڕێگایەکی دیباوە کە بتوانێ بەچۆکدا نەیە. دوکتۆر فرانکل ئەو ڕێگایە لە “دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان”دا دەبینێ. ئەو مانایە بۆ هەر کەس دەتوانێ جیاواز بێ: ئایینی، هونەری، ماڵ و منداڵ و هتد، بەڵام چەند خاڵ لە هەموویاندا کاکڵ و گرینگن: ئەوین، گەشەکردنی دەروون و باوەڕ. لە تاریکەساتەکانی ژیانێکی پڕ لە زوڵمی وەک ئاوشویتس یەک شت دەیتوانی ڕزگارت کا: مانادان بە ژیان. بە گوێرەی دوکتور فرانکل “ئەوان دەتوانن هەموو شتێک لە تۆ بستێنن بەڵام نەک ئەزموونەکانت، نەک هەڵبژاردنت.” مانای ژیان بۆ دوکتور فرانکل لە ئاوشویتس دوو شت بوو: یەکەم، گەڕانەوە بۆ لای هاوژینەکەی کە زۆری خۆش دەویست، بەڵام نەیدەزانی کە ئەو لەناوچووە. دووهەم، نووسینی کتێبەکەی. بۆیە هەر پەڕە کاغەزێک بۆ یادداشت کردن گەورەترین دیاری بوو، بە تایبەت کە چەند جار یادداشتەکانیان لەناوبردبوو.
ئینسان هێزێکی بێبڕانەوەی لە خەراپە و چاکە هەیە. لەوپەڕی تاوانەکانی نازیستەکان دا، هەمیسان هێزی خۆڕاگری لەناو ئەسیران دا دەبیندرا. دوکتور فرانکل باسی ئەوە دەکا کە “ڕۆژێک یەکێک لە زیندانییەکان لە ئەنباری پەتاتە چەند پەتاتەی دزیبوو. ئەفسەرانی نازی گوتیان یا دزەکەمان پێ دەناسێنن یا هەمووتان ئەوڕۆ بێنان دەمێننەوە. هەموو ئۆردووگا کە دووهەزار و پێنجسەد کەس بووین بڕیارمان دا ئەو ڕۆژە بەڕۆژوو بین.”[12]
لەو ڕۆمانانەدا، سەرەڕای سووتاندن و خنکاندنی ئینسانەکان لە ئاوشویتس، هیوا و چاوەڕوانی بۆ داهاتوویەکی باش دەبیندرێ. ژنان و پیاوانێک کە هومێدیان بەداهاتوو هەیە زیاتر زیندوو دەمێننەوە. ئەوان بۆ پارێزگاری لە زمانی خۆیان هەوڵ دەدەن و منداڵان فێری زمانی خۆیان دەکەن.
“دێسامبری ١٩٤٣ دەستەیەکی دیکە هاتن و ئەوش بە مانای ئەوە بوو کە ئەوانەی کە پێشتر هاتبوون دەبا لە کوورەکاندا بسوتێندرێن. بەربەریەتی بێرەحمانەی نازیستەکان دژ بە جوویەکان، ڕۆمەکان، کەمئەندامەکان تەنیا لە کابووسێک دەچوو. ئەو ئینسانانەی لە هەموو ئەورووپا کۆیان کردنەوە تا دوای دەورەیەکی پڕ لە برسێتی و نەخۆشی، لە کوورەکاندا بکرێنە خۆڵەمێش. لەو کەمپەدا سێسەد منداڵ هەبوون. سەیر ئەوەیە گرووپێک لە ئەسیرەکان زیندوو مانەوە کە ئاگایان لە منداڵەکان دەبوو. خاڵی یەکجار گرینگ و سرنجڕاکێش ئەوەیە کە سەرەڕای ژیانێکی تاقەت پڕووکێنەر، ئەسیرەکان زمانی دایکییان لە ڕێگای کایە کردن و ڕەوایەت فێری منداڵەکان دەکرد. ئەوان بە شێوەیەکی سەیر پارێزگاری زمان و منداڵەکان بوون. زۆربەی ئەوانەی ئەو ئەرکەیان وەئەستۆی خۆیان دەگرت مامۆستا، ئاکادێمیکار و ڕووناکبیرەکان بوون. ژن و پیاو.”[13]
لەو ڕۆمانانەدا خوێنەر شاهیدی ئەوەیە کە کارەساتی هۆلۆکۆست و دۆخی ژیانی ئاوشویتس ناتوانن هەستی خۆشەویستی لە ئینساندا بنەبڕ بکەن و بیکوژن. خۆشەویستی و ئەوین وەک بناخە، وزە و غەریزەی سەرەکیی ئینسان، لە ئاگری کوورەکانی ئاوشویتس بەهێزترە و باڵ بەسەر ڕووت و قووتی و دۆخی شەپڕێوی ژیاندا دەکێشێ:
“ئەگەرچی شەلوارەکەت کورتە و قاچت بەدەرەوەیە، کراسەکەت دڕاوە، پێڵاوە پارچەییە دڕاوەکانت بەدوی خۆتدا دەخشێنی تا نەکەون، بەڵام من تۆم هەر خۆشدەوێ.”[14]
بە پێی هەر هەشت بیرەوەری و ڕۆمانەکان، دڵڕەقی و بێڕەحمی گێشتاپۆ و ئەفسەرانی نازیست بێسنوور بووە. زیندان و گێتۆ ئەو شوێنانەن کە دەسەڵاتی فاشیستی پێ لە هەموو نۆڕمەکانی ئەخلاقی و سیاسی دەنێ و هیچ شتێک پێش بە دڕندەیی زیندانبان ناگرێ. (هەر ئێستا کە من ئەم وتارە دەنووسم فیلمی زیندانەکانی ئێران هاتوونەتە دەر کە چۆن بە چەندین کەس لە زیندانی نەخۆش دەدەن، زیندانی بەسەر زەوی دا ڕۆکێش دەکرێ، هتد. ئەم فیلمانە خۆیان بە تەنیا بەسن بۆ دروستیی تیۆری فۆکۆ لەمەر پەیوەندی دەسەڵات، زیندان و چاوەدێری، هەڵبەت چ لەناو زیندان و چ لە دەرەوەی زینداندا).
دەروونناس هێدی فرێید[15] کە خۆی لە تەمەنێکی کەمدا لەگەڵ خوشکەکەی دەکەونە بەر دەست نازیستەکان، دوای شەڕ دێنە سوید. ساڵی ٢٠١٥ لە ڕادیۆ سوید وڵامی پرسیاری گوێگران سەبارەت بە هۆلۆکۆست دەداتەوە و باسی ئەزموونەکانی خۆی لە ئاوشویتس دەکا؛ باسی لەدەستدانی دایکوباب، برسێتی، نەخۆشی، چۆن ژنان دوای ماوەیەک سووڕی مانگانەیان نەدەما، چۆن ماڤی خۆشەویستیان نەبوو، ئایا کەڵکی جنسییان لێ وەردەگرتن یا نا، چۆن هێندێکیان بۆ ئەوە لە کەمپەکان نەمێنن لە ماڵی ئەفسەرانی نازی کارییان دەکرد و تاد. هێدی فرێید لە بەشێک لە وڵامەکانیدا ڕادی بێڕەحمی نازیستەکان بەم شێوەیە باس دەکا:
“ئالیس منداڵەکەی بوو. ئەفسەرە نازییەکە منداڵەکەی سەرەونخون ڕاگرت و دوایە لە ناو لوولەکانی زێرابی هاویشت و گوتی مووسای بچووک بڕۆ بۆ دەریای نیل.”[16]
بەڵام ڕەنگە دڵتەزێنترین ڕووداێک لەو هەشت بیرەوەریی و ڕۆمانەدا کە کاتی خوێندنەوە تەواو سەرسام و ئاوارەت دەکا ڕاست ئەو کاتە بێ کە هێدی و خوشکەکەی لە ڕۆژانی ئاخری شەڕ لە ئاوشویتس دێنە دەر بەڵام لەم جیهانەدا هیچ کەسێکیان نییە پەنای بۆ بەرن و ڕاست کوشتارگای هەزاران ئینسان واتە ئاوشویتس دووبارە دەبێتەوە شوێنی خەویان:
من و خوشکە چکوڵەکەم لە ئاوشویتس هاتینە دەر. بەڵام هیچ کوێمان نەبوو بچین. گەڕاینەوە ناو ئاوشویتس.[17]
تەمەنی ئەفسووناویی پازدەساڵەیی
ئێلی ویزێل[18] لە تەمەنی پازدە ساڵیدا وێڕای سەدان کەسی دیکە شەوێک لە قەتار دادەبەزێ و پێ دەنێتە ئاوشویتس و کوورەکانی ئینسان سووتاندن دەبینێ. ئەو لە ڕۆمانی شەو دا دەڵێ: “ئەو شەوە کاتێک کوورەکانم دی بۆ هەمیشە شتێک لە مندا مرد.”
سەلیم حەقیقی نووسەری کوردیش لە ڕۆمانی قەرەج دا (٢٠٢١) باس لەوە دەکا چۆن لە تەمەنی پازدەساڵیدا دەچێتە ژێر سێدارە. لەبن سێدارە دادستانەکە بە حاکمی شەرعەکە دەڵێ کە ئەوە زۆر منداڵە، دڵم بەرایی نادا حوکمی ئیمزا بکەم. حاکم دەڵێ ئیمزای بکە. دادستانەکە کە بەهەڵکەوت لەو سیستیمەدا تۆزێک لە ئینسانییەتی تێدا ماوە دەڵێ ساڵی دیکە کە گەورەتر بوو ئێعدامی دەکەین. حەقیقی دەنووسێ:
“دیمەنی ئەو پێنج کەسە بەهەڵاوەسراویی و هەواڵی لەسێدارە نەدانم هەستێکی سێحراوی بوو. من ون ببووم. دەتوت لە بیابانێکی ویشک و بێ ئاو لەسەر لمی برژیو ڕاوەستابووم. گەرمی خۆر خەریک بوو قاڵی دەکردمەوە. هیچ فریاڕەسێک نەبوو. لە نووکی پێم هەتا تۆقی سەرم شەڵاڵی ئارەقە بوو. ئەوەندە ترسابووم ویشک هەڵاتبووم. پێی ڕۆیشتنم نەبوو. ورەم دابەزیبوو و تەنانەت چەند جار دەستم بە ملم داهێنا. دەتوت منیش پەتم دە مل دایە. کاتێک منیان بردەوە ژووری قەرەنتینە لە جێگای خۆم حەبەسابووم. هیچ قسەیەکم بۆ نەدەکرا. بیرم لە لینگەفڕتەی ئەو چەند کەسە دەکردەوە، تف لە زارم دا ویشک ببوو و ڕەنگم دەبەردا نەمابوو. دڵم سیس هەڵگەڕابوو. هەر لەو کاتەوە شتێک لەناو دڵم دا مرد.”[19]
دوای ڕزگاری لە ئاوشویتس، ویزێل یەک لەو کەسانە بوو کە بە دەوری دنیادا دەگەڕا و باسی هۆلۆکۆست و لەناوبردنی جوویەکانی دەکرد. ویزێل ساڵی ١٩٨٦ خەڵاتی ئاشتی نۆبێلی وەرگرت. ئەو ئارەزووی دەکرد خەڵکی دنیا ئەوەندە هوشیاربن کە کارەساتێکی وا لە هیچ کوێ ڕوونەداتەوە. کارەساتی هۆلۆکۆست وای کرد کە ئەو زۆر زوو بە تەمەنی پازدە ساڵی پیر بوو:
“دایکم و خوشکەکەمیان لە ئێمە جیا کردەوە. دیتم کە دایکم دەستی بەسەر پرچە زەردە جوانەکەی خوشکە چکۆلەکەمدا کە حەوت ساڵی بوو، دەکێشا. بابم دەیگوت بریا لەگەڵ دایکت ڕۆیشتبای. لە بیری خۆیدا پێی وابوو هەلی زیندوومانەوەم ڕەنگە زیاتر با. بەڵام ئەوانیان بەرەو کوورەکانی ئاور بردن[…]. هەروەک زەمانی پێشوو کە نازدار بووم ئەو ڕۆژە سووپەکەم نەخوارد. بابم بەشەکەی منیشی خوارد. ڕۆژانی دواتر هێندە برسی بووین کە هەموو شتێکم دەخوارد.”[20]
یەک لە پتەوترین ڕۆمانەکان سەبارەت بە چارەنووسی ئینسانە بێپەنا و سادەکان لە ژێر دەستی حکومەتە مۆدێڕنە تۆتالیتەرەکان و کوشتاری میلیۆنان ئینسانی بێتاوان بەدەست نازیسم، ڕۆمانی کاتژمێر ٢٥ لە نووسینی کۆنستانتین گیۆرگیوویە.[21] ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی قووڵ چۆنێتی و مێکانیزمی فاشیزم، نازیسم و ڕووداوەکانی شەڕی جیهانی و کاریگەرییان لەسەر تاکە سادەکان نیشان دەدا. بەڕای نووسەر و توێژەری کورد شێرکۆ هەژار ئەو ڕۆمانە یەک لە باشترین کتێبەکانی جیهانە:
“مرۆڤ زۆر خەمبار دەکات، بەڵام کتێبێکە بە هەزار کتێب. لای من، یەکێکە لە باشترین چوار یا پێنج کتێب لە هەموو ئەو کتێبانەی لە ژیانمدا خوێندوومنەتەوە.”[22]
کاتی خوێندنەوە هاوڕێ لەگەڵ قارەمانی ڕۆمانەکە، یوهان کوڕێکی زۆر ساکار و مەسیحی لە وڵاتی ڕۆمانی کە بەدوای ژیانێکی زۆر ئاساییدا دەگەڕێ، گرفتاری چەرخ و چەکمەی نازیسم دەبی، بەنێو خەندەقەکاندا دەڕۆی، سەتڵە گوویەکانی ئۆردووگاکان مێشکی سەرت دەبا، بەزۆر لە خۆشەویستەکەت، سووزانا، جیات دەکەنەوە و سووزانات لێی دەسەتێنن. تەنانەت بێ ئەوە بزانی دەتنێرنە ئاڵمان و دەکرێیتە سەربازی نازییەکان، و ئەتۆ هەر نازانی بۆ ئەم هەموو کارەساتانەت بەسەر هاتووە.
لەگەڵ برسێتی و بێڕێزی، ئەشکەنجە و ئازار و لێدان، کاری سەخت بە بێ پێڵاو و جلوبەرگی شیاو لە سەرمای ژێر سیفردا، تیڤووس و نەخۆشی، بێدەرمانی، نەبوونی کەرەسەی پاک و خاوێنی و ئاوی گەرم و دەیان گرفتی دی، له ماوەی چەند ساڵاندا چەندین میلیۆن ئینسان بوونە قوربانی شکستی ئەخلاقی- سیاسی و نژادپەرەستیی ئیدئۆلۆژییەک بەناوی نازیسم. ژێنۆساید زنجیرەیەکی نەپساوەیە لە ئەکتی باڵادەست کە دەکەوێتە بازنەیەکی شووم. هاتنەدەر لێی دژوارە. هەمووی ئەوانەی هاوکاریی جۆرێک لە نژادپەرەستی، ئیدئۆلۆژی، یا ئایینمەداری دەکەن، ویا له بەرامبەریاندا بێدەنگی هەڵدەبژێرن، زۆر جار دەکەونە ناو بازنەی پیسی ژێنۆسایدی “ئەویتر”. لە شەڕی دووهەمدا زۆر وڵات بێدەنگیان هەڵبژارد و یا هاوکاریی نازیستەکانیان کرد.
هەر لە دەورانی مۆدێرن دا، پێش هۆلۆکۆست و دوای هۆلۆکۆست ئەرمەنییەکان و کوردەکان بە بیانووی ئایینی، نژادی و قەومی بەدەست داگیرکەرانی کوردستان ژێنۆساید دەکرێن. لە مانگی مەی ١٩٣٧ لە درسیم ٧٢هەزار کورد بەدەست دەوڵەتی تورک ژێنۆساید کران. یا کاتێک سەدام دەستی بە “ئەنفال” کرد، ئەو تاوانە تەنیا لە یەک کات و یەک ناوچە دا نەماوە و لە گەرمیان (١٩٨٤) ڕا پەلی هاویشتە بارزان و بۆمبارانی شیمیایی حەڵەبجە(١٩٨٨) کە زیاتر لە پێنجهەزار ئینسان لە چەند کاتژمێردا شەهید کران. دواتر (٢٠١٤) ئێمە شاهیدی ژێنۆسایدی ئیزەدییەکان و بە یەخسیرگرتنی شەشهەزار ژن لەلایەن داعش بووین. بەڵام تا ئێستاش کورد نەیتوانیوە ژێنۆساید بکاتە پرسێکی نەتەوەیی و دەرفەتێک بۆ پرسی سەروەریی سیاسیی خۆی.
زۆرجار ڕەخنەگرانی ئەدەبی گرینگی زیاتر دەدەنە زمان، فۆڕم و خەیاڵ. ڕاستە فۆرم، ناوەرۆک، دیالۆگ و پێرسۆناژ یەکتر دەوڵەمەند دەکەن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو ڕۆمانانەی هەڵقوڵاوی ئەزموونی نووسەر یا دەوروبەرێتی و بە زمانێکی سادە و ڕەوان دەگوترێن زیاترین قسەیان پێیە. ڕۆمانەکانی خوڵقاوی دەستی قوربانیانی نازیسم ئەوەمان پێ دەڵێن کە خوێنەر دەتوانێ بە دوای جوانکاری و فۆڕمدا بگەڕێ بەڵام واقعەکان هەمیشە زیاتر هەڵتدەتەکێنن و وەها سەروژێرت دەکەن کە چەند ڕۆژ دیمەنی تەرمی ئەو پیاوە پیرەی لەبەر نەخۆشی و برسێتی نەیتوانی بەرەو ئازادی بڕوا و لەژێر بەفردا بەجێ ما لەپێش چاوت ون نابێ. وەها هێڵنجان دەدەی کە چەند ڕۆژ ناتوانی نان بخۆی و لەگەڵ ئەسیرانی ئاوشویتس شەوانە خەون بە نانەوە دەبینی. بەڵام سەرەڕای بێڕەحمیی ئینسان دەرحەق بە ئینسان، تەنانەت لە کارەساتێکی وەک ئاوشویتسدا دەکرێ ئەوین بۆ هەمیشە لە سەر دڵت وەک خاڵێک بکوترێ، و وزە و هێزی کیژۆڵەی جەوان، هێدی، دووبارە بێتەوە ناو قاچەکانت و بەرەو ڕزگاری هەنگاو بنێی.[23]
پەڕاوێز و ڕێفێرێنس
[1] Holocaus
[2] Auschwitz-Birkenau
[3] https://sv.m.wikipedia.org/wiki/F%C3%B6rintelsen
[4] Zygmunt Bauman
[5] Liquid Modernity
[6] Zygmunt Bauman. Auschwitz och det moderna samhället, 1991.
[7] https://www.levandehistoria.se/studieresor-till-forintelsens-minnesplatser/efter-resan-elevers-redovisning-och-fordjupning-0
[8] Anne Frank
[9] Anna Frank s Dagbok i fem delar https://sverigesradio.se/grupp/32354
[10] Sören Semmelius, Sanna historier om flickan i Auschwitz.
[11] شەهلا دەباغی، ژنێک لە ئەنفال دەدوێ. وتووێژ لەگەڵ خاتوو نەبات فایەق، 2007
[12] Viktor Frankl, Men’s search for meaning.
[13] Otto Kraus, The chirdren’s block.
[14] The chirdren’s block.
[15] Hédi Fried
[16] Hédi Fried. Frågor jag fått om förintelsen, SR, Sommarprat.
[17] Frågor jag fått om förintelsen, SR, Sommarprat.
https://sverigesradio.se/avsnitt/571823
[18] Elie Wiesel
[19] قەرەج، سەلیم حەقیقی،2021، کتێبفڕۆشی هەرزان
[20] Elie Wiesel. Night.
[21] C. Giorgio, The twenty fifth hours.
وەرگێڕانی سولەیمان دڵسۆز. فایلی پێدێئێڤ کە بەسپاسەوە لە وەرگێر وەرمگرت.
[22] https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=465336271456966&id=100039417909894
[23] H. Morris, The tatooist of Auschwitz.
داگرتنی بابەت



