ئارامتر بخوێنەوە

سەرکوت و سڕینەوە لە سیاسەتی زمانیی ئێراندا

قادر وریا (خوێندکاری دکتۆرا) 

ئەم توێژینەوەیە، دەیەوێ چییەتیی “سیاسەتی زمانی” لە ئێراندا کە سیاسەتێکی تاکزمانییە و بناغەکەی لەسەر سەرکوت و سڕینەوەی زمانەکانی دیکە دامەزراوە، ڕوون بکاتەوە. ئامانجێکی دیکەی توێژینەوەکە وڵامی ئەم پرسیارەیە کە ئایا ئەو سیاسەتە زمانییە توانیوێتی “نەتەوەی ئێرانی” کە زمانەکەی فارسییە، دروست بکا؟ هەروەها سیاسەتێک کە بناغەکەی لەسەر تیۆرییەکی چەوت و ناتەبا لەگەڵ واقیعی سیاسی، نەتەوەیی و زمانیی کۆمەڵ و وڵاتی ئێران دامەزرابێ، لە پڕۆسەی جێبەجێکردندا بەرەوڕووی چ جۆرە کێشە و گرفتێک دەبێتەوە.”


پوختە

زمانی کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بە دوای ئەو ئاکامانەی لە شەڕی یەکەمی جیهانی کەوتنەوە، بەرەوڕووی چارەنووسێکی تاڵ بووەوە. سیستەمی نوێی دەسەڵاتدارەتیی سیاسی لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بە پشتبەستن بە تیۆریی “دەوڵەت – نەتەوە” وڵاتانی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریایان، وەک وڵاتی یەک نەتەوە کە خاوەنی زمانی نەتەوەییی تایبەت بەخۆیەتی پێناسە کرد. سەرخستن و جێگیرکردنی ئەو پێناسەیەش، سڕینەوەی شوناسی نەتەوەییی پێکهاتە نەتەوەیی‌یەکان لە شوناسی نەتەوەی سەردەستی ئەو وڵاتانەدا و، حاشاکردن لە فرەزمانی و گرتنەبەری سەرکوت و سڕینەوەیان لە پێناوی زاڵکردنی زمانی نەتەوەی سەردەست لەو چەند وڵاتەیدا پێویست بوو. لە ئێرانیش لە سۆنگەی ئەم گۆڕانە سیاسییەوە، زمانی کوردی و زمانە غەیرەفارسییەکانی دیکە بەرەوڕووی سەرکوت و پەراوێزخستنی بەئەنقەست و بەردەوام بوونەوە.

ئەم توێژینەوەیە، دەیەوێ چییەتیی “سیاسەتی زمانی” لە ئێراندا کە سیاسەتێکی تاکزمانییە و بناغەکەی لەسەر سەرکوت و سڕینەوەی زمانەکانی دیکە دامەزراوە، ڕوون بکاتەوە. ئامانجێکی دیکەی توێژینەوەکە وڵامی ئەم پرسیارەیە کە ئایا ئەو سیاسەتە زمانییە توانیوێتی “نەتەوەی ئێرانی” کە زمانەکەی فارسییە، دروست بکا؟ هەروەها سیاسەتێک کە بناغەکەی لەسەر تیۆرییەکی چەوت و ناتەبا لەگەڵ واقیعی سیاسی، نەتەوەیی و زمانیی کۆمەڵ و وڵاتی ئێران دامەزرابێ، لە پڕۆسەی جێبەجێکردندا بەرەوڕووی چ جۆرە کێشە و گرفتێک دەبێتەوە.

 بۆ ئەم توێژینەوەیە سوود لە شێوازی(مێتۆد) وەسفی شیکاری وەرگیراوە. توێژینەوەکە بریتییە لە دوو بەش. لە بەشی یەکەمدا، دوای ناساندنی دوو چەمکی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی، چۆنیەتیی لەدایکبوونی “سیاسەتی زمانی” لە وڵاتی ئێران و هۆیەکانی درێژەپێدانی لە ڕێژیمەکانی دواتردا باس کراوە. لە بەشی دووهەمیشدا، تیشک خراوەتە سەر ویستی نەتەوە غەیرەفارسەکانی ئێران بۆ گۆڕینی ئەو سیاسەتە سەرکوتکەرانەیە و، پێداگری و مکوڕبوونی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات بۆ بردنە پێشی ئەم سیاسەتە زمانییە. “ئەنجام”ی توێژینەوەکەش لەبەر ڕووناکاییی باسەکانی هەر دوو بەش و هەڵێنجانی ئاکام لێیان، کۆمەڵێک خاڵی خستوونە ڕوو.

وشە سەرەکییەکان: سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی، سەرکوتی زمانی، تاک‌زمانی، فرەزمانی.


١: مێژوویەک پڕاوپڕ سەرکوت و سڕینەوە:

سەرکوتی زمانی و سڕینەوەی شوناسی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پێکهاتنی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز و مودێڕن لە هەر کام لەواندا هەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی یەکەمی جیهانی. ئەو دەوڵەتە نوێیانە، لەسەر بناغەی ئایدۆلۆژیای یەک وڵات – یەک نەتەوە دادەمەزرێن. بەو هۆیەشەوە کە واقعی پێکهاتەی دانیشتووانیان فرەنەتەوەیی بووە نەک تاک‌ نەتەوەیی، ڕێگەی تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە لە نەتەوەی سەردەستدا و سڕینەوەی زمانی ئەوانیان گرتووەتە بەر. ئەمە وای کردووە “سیاسەتی زمان” و پلانی زمان”یان لە خزمەت ئەو ئایدۆلۆژیایەدا بێ.


١-١ کورتەیەک لەبارەی دوو چەمکی “سیاسەتی زمانی” و “پلانی زمانی”

 زاراوەی “سیاسەتی زمانی” زاراوەیەکی تا ڕادەیەک نوێیە. یەکەم کتێب بەم ناوە ساڵی ١٩٤٥ بڵاو بووەوە. زۆر جاریش ئەم زاراوەیە لەگەڵ “پلانی زمانی” بە هەڵە بە یەک واتا بەکار دەبرێن. باڵدۆف لەو بڕوایەدایە کە لەنێوان سیاسەتی زمانی و پلاندانانی زمانی جیاوازی هەیە. پلانی زمانی بۆخۆی بەشێکە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی زمانی.

 “پلان و سیاسەتی زمان” سەرباری بنەما ئەکادیمییەکەی، تا ڕادەیەک نوێیە، بەجۆرێک لە ساڵانی دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا هاتە ئاراوە. بەڵام ڕەگە فەلسەفی و پراکتیکییەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ سەردەمی ناپلیۆن، لە فەرەنسا دەگەڕێتەوە. کاتێک ناپلیۆن هەستی بەوە کرد، کە زمانێکی یەکگرتووی بۆ بەڕێوەبردنی سوپا پێویستە. کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم کاتێک کە بیرمەندانی زمانەوانی بە دوای ئامرازە چەمکدارەکاندا دەگەڕان، بۆ تێگەیشتن و شەرعی بوونی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو پڕۆژە ڕۆشنبیرییە گەورەیە بە بایەخەوە دەرکەوت و گەشەی سەند. ‎پشتیوانیکردن لە ئەفسانەی یەک نەتەوە و یەک زمان، تا ئێستاش مەسەلەیەکی کاریگەرە لە نەخشاندنی زمانەوانی، لە ئاستی نیشتمانیدا”. (Baldauf, 2012: 233)

بەم پێیە: “سیاسەتی زمانی بە یەکێک لە سیاسەتە گرنگەکانی هەر وڵاتێک دەژمێردرێ و، بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە بە سیاسەتێک دەکا کە دەوڵەت دەربارەی زمانی نەتەوەیی، زمانە خۆجێییەکان، زمانی ئایینی و زمانی جیهانیدا بە گوێرەی بەرژەوەندەکانی وڵات، دەیگرێتە بەر.” (احمدی پور، ١٣٩٠ : ١-١٦) ئەم ڕاستییەش جێگەی بایەخ پێدانە کە زۆر لە وڵاتان و نەتەوەکان، “بەرژەوەند” یان لە زاڵکردنی تاکەزمانێک و، پەراوێزخستن و سەرکوتی زمانەکانی دیکەی وڵاتەکەیان و خەڵکەکەیاندا دەبینن. “نەتەوەكان لە مێژوودا، زۆر جار سیاسەتی زمانییان بۆ ئەوە داڕشتووە كە زمانێك لەسەر حیسابی زمانەكانی دیكە پێش بخەن.” (جامباز، ٢٠١٤: ٧) بەڵام لەو وڵاتانەی ڕێز لە مافە نەتەوەیی و زمانییەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی خۆیان دەگرن، سیاسەتی زمانییان بە جۆرێکی دیکە دادەڕێژن. “ئێستا زۆر لە وڵاتان سیاسەتی زمانییان بۆ پێشخستنی داڕشتووە، ئەو زمانە خۆجێیی و نەتەوەیی‌یانەی هەڕەشە لەسەر مانەوەیاندا هەیە. حكومەت بە فەرمی سیاسەتی زمان دادەڕێژێت لەڕێگەی یاساكاری یان بڕیارە دادوەرییەكان بۆ ئەوەی دیاری بكرێت چۆن زمانەكان بەكار بێن؟ یان ئەو توانا زمانەوانییە ببووژێندرێتەوە، كە پێویستن بۆ ئەوەی پرسە هەرە لەپێشە نیشتمانییەكان بەڕێوە ببرێن، یان بۆ دیاریكردنی مافی تاكە كەس یان گرووپەكان لە بەكارهێنان و پارێزگاریكردن لە زمانەكانیان.” (سەرچاوەی پێشوو، هەمان لاپەڕە)

 زاراوەی “پلانی زمانی” لە زاراوەی “سیاسەتی زمانی” نوێتریشە. ئەم زاراوەیە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٩ لە لایەن زمانەوانی ئەمریکی، “هۆگن” لە میانەی وتارێکدا کە تایبەت بوو بە ڕەوشی زمان لە نۆروێژ، بەکار هێنرا. ئەم زاراوەیە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، بووەتە بەشێک یان لقێک لە لقەکانی زمانەوانیی پڕاکتیکی یان زمانەوانیی کۆمەڵایەتی. “لویس جان کالفی” لەبارەی پێوەندیی نێوان سیاسەتی زمانی و پلاندانانی زمانی دەڵێ:” ئێمە سیاسەتی زمانی بەوە لێک دەدەینەوە کە بریتییە لە سەرتاپای ئەو ڕێگایانەی دەگیرێنە بەر لە بواری پێوەندییەکانی نێوان زمان و ژیانی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتییش لەنێوان زمان و ژیان لە وڵاتدا. هەروەها پلاندانانی زمانی بریتییە لە گەڕان بە دوای هۆکاری پێویست بۆ پیادەکردنی سیاسەتی زمانی و چۆنێتیی جێبەجێ کردنی ئەو هۆکارانە.” (کالفی، هەولێر ،٢٠١٢: ١٥١-١٥٢) لەم باس و پێناسانەوە بۆمان دەردەکەوێ کە سیاسەتی زمان، بریتییە لە جەوهەر و نێوەرۆکی ڕوانینی دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسی بەرانبەر بە زمان و، پلانی زمانییش، پڕۆگرام و هەنگاوە کردەکییەکانی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە زمانییەن.


١-٢ دەسپێکی سەرکوتی زمانی لە ئێراندا

ئێران وڵاتێکی گەورەیە کە دانیشتووانی لە نەتەوەی جۆراوجۆر پێک هاتوون و بە زمانی جیاواز دەدوێن. تورکی(ئازەری)، کورد، بەلووچ، لوڕ، عەڕەب و تورکمان، لەو نەتەوانەن کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خاکەکەیان و حەشیمەتەکەیان لە چوارچێوەی جۆگرافییای ئەو وڵاتەدان. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە لە چوار پارێزگەی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ورمێ  پێک هاتووە، کەوتووەتە نێو جوگرافییای سیاسیی وڵاتی ئێران. جگە لەوەی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی  ئەو ٤ پاریزگەیە کوردن، ڕێژەیەکی گەورە لە دانیشتووانی باکووری خوراسانیش لە کوردزمانان پێک هاتووە. بەو هۆیەوە کە لە ئێران ڕێگە بە سەرژمێری بە وەبەرچاوگرتنی زمان و بەستراوەییی نەتەوەیی تاکەکان نادرێ، ئاماری وردی کورد لەو وڵاتە ڕوون نییە.

” بەراورد دەکرێ کە ١٢ میلیۆن کورد لە ئێراندا دەژین کە لە سەدا ١٥ تا ١٧ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێک دێنن.  ئەوان بە زۆری لە چوار پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام، لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوای وڵات دەژین. زۆر لە کوردەکانیش چوونە تاران و شارە گەورەکانی دیکە. کۆمەڵێکی کوردیش لە باکووری پارێزگەی خوراسان هەیە. ” (ئەمنێستی،٢٠٠٨ :٥) دیارە ئەو کوردانە لە سەردەمی شا تەهماسوبی سەفەوی و نادرشای ئەفشار لە کوردستانەوە بۆ ئەو ناوچەیە، ڕاگوێزراون. ئەوان چەندین شار و ناوچەی گەورەی ئەو پارێزگەیان داگرتووە و ژمارەیان بە پێی هێندێک بەراورد لە ١میلیۆن کەس تێدەپەڕێ. “کوردەکانی خوراسان لە سەدا ٤٦ی دانیشتووانی پ١١ارێزگەی خوراسانی باکووری پێک دێنن. ” (خراسان،٢٤٦) لە چەند پارێزگەی دیکەی ئێرانیشدا حەشیمەتی کورد بە ڕێژەی جیاواز هەن.

سەرەڕای بوونی نەتەوە و زمانی جیاواز لە ئێران و، لە هەلومەرجێکدا کە حەشیمەتی نەتەوە غەیرەفارسەکان، نزیک بە نیوەی دانیشتووانی ئێران پێک دێنن (سیف الدینی،٢٠٠٥ :٣) تەنیا یەک زمان، زمانی ڕەسمیی ئەو وڵاتەیە کە ئەویش زمانی فارسییە. لەگەڵ هاتنە سەرکاری ڕەزاشای پەهلەوی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، پڕۆسەی زاڵکردن و جێگیرکردنی زمانی فارسی وەک زمانی ڕەسمیی وڵات، دەستی پێ کرد. دیارە بەر لە هاتنە سەرکاری ڕەزاش، لە کۆتایی‌یەکانی تەمەنی ڕێژیمی قاجارەکان و لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتەدا، لەنێو ڕووناکبیران و سیاسییە فارسزمانەکانی ئێراندا، ناسیۆنالێزمی ئێرانی کە وڵاتی ئێرانی وەک وڵاتی نەتەوەیەک بە ناوی “نەتەوەی ئێران” و زمانەکەشی وەک زمانی فارسی، پێناسە دەکرد، سەری هەڵدابوو. ( ناظمی ، ١٣٩٧ : ٢٤٣) ئەم  جۆرە باوەڕە لە چاپەمەنییەکانی ئەو سەردەمی ئێراندا ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە. بەڵام هەتا هاتنە سەرکاری ڕەزاشا ئەم بیرە بواری بۆ نەڕەخسا کە دەوڵەت و دەسەڵاتی وڵاتی لەسەر دابمەزرێ. “ڕەزاشا زۆر سەرسام بوو بە مستەفا کەماڵی دامەزرێنەری تورکیای هاوچەرخ و هەوڵی دەدا شوێن پێی ئەو هەڵگرێ لە سیاسەتە سەرکوتکارییەکان و ئەو هەنگاوە ڕیشەیی‌یانەی کە ناوی چاکسازی لێ نابوو. بۆیە لە دوای دامەزرانی بناغەی دەسەڵاتەکەی لە ١٩٢٥دا زنجیرەیەک یاسا و بڕیاری دەرکرد- کە بە پێی بۆچوونی خۆی دەبنە هۆی هاتنە کایەی ئەو دەوڵەتەی لە ئەندێشەی خۆیدا نەخشەی بۆ کێشابوو.” (هەروتی، ٢٠٠٧ : ١٠٤)

ڕەزا شا لە درێژەی سیاسەتی نەتەوەسازیدا و بە نیازی پتەوکردنی شوناسی “نەتەوەی ئێران” کەوتە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکەوە. داسەپاندنی زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی وڵات، یەک لەو پڕۆژانە بوو. لە ئاکامی ئەو سیاسەتەدا تەنانەت قوتابخانە دەرەکی و تایبەتییەکانیش لە ساڵی ١٩٢٨ەوە داوایان لێکرا بە زمانی فارسی وانە بڵێنەوە و پڕۆگرامی پەروەردەیی قوتابخانەکانی وڵات پێڕەو بکەن. بەم جۆرە فارسی، نە تەنیا بوو بە زمانی “نەتەوەیی”(نەتەوەی ئێران)، بەڵکوو هەموو زمانەکانی دیکەی وڵات قەدەغە کران و ئیزنی چاپی کتێب و ڕۆژنامەش تەنیا بۆ زمانی فارسی بوو. زمانەکانی ئازەری، کوردی، بەلووچی و تورکمانی وەک زاراوەی فارسی دانران.  (سەعید، ٢٠٠٩ : ١١٦)

بۆ نوێکردنەوەی ئێران بە گوێرەی ئەو بیرکردنەوەیەی خۆی، ڕەزاشا چەند سیاسەتێکی گرتە بەر کە جێبەجێکردنی دوو سیاسەتی “متحدالشکل” (یەک جلوبەرگ) و “متحد الزبان” (یەک زمان) کردنی خەڵکی ئێران، لەوان بوون. هەوڵی ئەم دەوڵەتە ئەوە بوو لە لایەنی ڕەگەزییەوە هەموو دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەرێتەوە سەر یەک ڕەگەز کە ئەویش ڕەگەزی فارس بوو. ئەم ئاواتەش لە هەستی شۆڤێنییانەی ڕەزاشا و نیازە ڕەگەزپەرستانەکەیەوە سەرچاوەی دەگرت. “ئەوەتا ئەم هەست و نیازانە بوونە سیاسەتێکی فەرمیی ڕژێمی ڕەزاشا و لە ئەنجامدا نەتەوە غەیرەفارسەکان تووشی دڕندەترین جۆرەکانی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی بوونەوە. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا بەرنامەیەکی درێژخایەن هەبوو بۆ سڕینەوەی کولتووری نەتەوەیی و ڕۆشنبیری و، هەروەها دیرۆکی ئەم گەلانە بە مەبەستی تواندنەوەیان لە بۆتەی فارسیدا. لە کوردستان دەسەڵاتداران هەوڵیان دا تەگەرە بخەنە بەردەم بەکارهێنانی زمانی کوردی، لە ڕاستیشدا بە کردار لە قوتابخانەکان و لە فەرمانگەکانی حکومەتدا قەدەغە کرا. هەروەها هەوڵی زۆر درا بۆ قەدەغەکردنی لەبەرکردنی جلوبەرگی نەتەوەیی بۆ لەنێوبردنی ئەو دیاردانەی کە هەبوونی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە وڵاتدا بە دیار دەخەن..” (هەروتی، ٢٠٠٧ : ١٠٥)

  ئاشکرایە کە لە دیاریکردنی زمانی فارسی وەک زمانی  فەرمیی دەسەڵات و خەڵکی ئێران، گوێ بە ویست و ڕەزامەندیی نەتەوە غەیرەفارسەکانی ئێران نەدرا. هەربۆیە ئەو سیاسەتە و هەروەها هەوڵەکانی دیکە بۆ سڕینەوەی شوناسی ئەو نەتەوانە لەگەڵ ناڕەزایەتی و بەرهەڵستی ئەوان بەرەوڕوو بوون کە دیارە ئەنجامەکەشیان سەرکوتی خوێناویی ئەو بەرهەڵستانە لە لایەن ڕەزاشاوە و، سەرکوتکردنی ویستە نەتەوەیی‌یەکانیان بوو. نموونەکەی کوشتنی سمکۆی شکاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکشکاندنی ڕاپەڕینەکەی، سەرکوتکردنی شێخ خەزعەل لە خوزستان(سەرزەویی عەرەبەکانی ئێران) و، ژمارەیەک ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەییی دیکە لە لایەن ڕەزاشاوە بوو.

شانبەشانی سەپاندنی زمانی فارسی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، لە دامودەزگای حکومەتی و دەوڵەتی، لە چاپەمەنی و هتددا، زمانە غەیرەفارسییەکانی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لەگەڵ سەرکوت بەرەوڕوو بوون. “کەلکوەرگرتن لە زمانی کوردی لە تەواوی قوتابخانەکان و چاپەمەنیی کوردیدا، هەروەها لە تەواوی کاروباری دەوڵەتیدا لەگەڵ مەترسیی حوکمدران بە زندانی درێژخایەن بەرەوڕوو کرایەوە، تەنانەت بەکاربردنی وشەی کوردستان لە چاپەمەنی و کتێبەکاندا قەدەغە کرا.” (میکە،٢٠١٩ :٤٣٠) وێڕای ئەو جۆرە سەرکوت و تەنگ پێهەڵچنینانەی زمانە غەیرەفارسییەکان، هەوڵیش دەدرا ئەو زمانانە بەتایبەتی زمانی کوردی وەک لقێک لە لقەکانی زمانی فارسی بناسێندرێن.

لە دوای لەسەر کاروەلانرانی ڕەزاشا و هاتنەسەرکاری محەممەدڕەزای کوڕی، گۆڕانێکی جەوهەری لە سیاسەتی سەرکوتی زمانی لە ئێراندا ڕووی نەدا. دوو دەسەڵاتی کورتخایەنی ناوچەیی و نەتەوەیی (“حکومەتی میللیی ئازەربایجان” و “جمهووریی کوردستان”) کە لە ئازەربایجانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوەڕاستی چلەکانی سەدەی پێشوودا هاتنە سەرکار(١٩٤٥-١٩٤٦)، زمانەکانی تورکیی ئازەری و کوردییان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا کردە فەرمی. خوێندن لە قوتابخانەکان و هەروەها قسەکردن لە دامودەزگاکانی دوو حکومەتی جمهووریی کوردستان و  حکومەتی میللیی ئازەربایجان بە زمانی خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە بوو. بەڵام کاتێک ڕێژیمی شایەتی بە هێزی سوپایی، ئەو دوو دەسەڵاتەی ڕووخاند، بە فەرمی ناسینی زمانەکانی کوردی و تورکی و، خوێندن بەو زمانانەی وەک جیاییخوازی و تاوانێکی گەورەی ڕێبەران و کاربەدەستانی ئەو دوو دەسەڵاتە دانا. لە ساڵانی دواتری دەسەڵاتدارەتیی حەمەڕەزاشادا، تەنیا گۆڕانێک کە لەبارەی ئەو زمانانە هاتبێتە کایەوە، ڕێگەپێدرانیان لە بەرنامەکانی چەند ڕادیۆیەکی خۆجێیی و، بڵاوبوونەوەی کاتی و سنوورداری ڕۆژنامە یا بڵاوکراوەیەکی حەوتووانە (مەبەست بڵاوکراوەی کوردستان، چاپی تاران لە ماوەی ١٩٦٢-١٩٥٩) بە زمانی کوردی لە هەلومەرجێکی سیاسیی دیاریکراودا بوو.


١-٣ بەردەوامیی سەرکوتی زمانی لە دوای شۆڕشی  گەلانی ئێران

شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ( ١٩٧٨ی زایینی)ی خەڵکی ئێران، کۆتایی بە ڕێژیمی ٢٥٠٠ ساڵەی شایەتیی لە ئێران هێنا. دەسەڵاتێکی سیاسیی نوێ کە لە ئێران هاتە سەرکار، بەرەوڕووی زۆر لەو داخوازانە بووەوە کە لە ڕێژیمی شایەتیدا سەرکوت کرابوون. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشەوەی نەتەوە غەیرەفارسەکانی ئێراندا بوون کە داوای بە فەرمی ناسرانی مافە نەتەوەیی‌یەکانی خۆیان، بەتایبەتی بە فەرمی ناسرانی زمانی خۆیان لە ناوچە و شوێنی ژیانیان کرد. لە کاتی ئامادەکردن و نووسینی دەستووری نوێ بۆ ئێران، لە لایەک بەو هۆیەوە کە دەسەڵاتی نوێ هێشتا باش خۆی جێگیر نەکردبوو، لە لایەکی دیکەوە بە هۆی بوونی تەوژم و هەست و ویستی  شۆڕشگێڕی لەنێو کۆمەڵدا و کاریگەریی ئەو تەوژمە لەسەر یەکەم مەجلیسی دامەزرێنەران(کە ناوی لێ نرا مەجلیسی خیبرەگان)، پرسی داننان بە زمانە غەیرەفارسییەکان و خوێندن بەو زمانە، لەو مەجلیسەدا ڕەنگدانەوەی هەبوو و تەنانەت لە دەستووری نوێی وڵاتیشدا، کاریگەریی دانا. (ئەحمەد،٢٠١٠ :٨٠)  لە ئەسلی ١٥ی دەستووری وڵات کە لەو کەشوهەوا سیاسییەدا پەسند کرا، هاتووە:

“زمان و خەتی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامەکان و نامەنووسین و دەقە ڕەسمییەکان و کتێبەکانی خوێندن دەبێ بەو زمان و خەتە بن، بەڵام کەلکوەرگرتن لە زمانە خۆجێیی و قەومەییەکان لە چاپەمەنی و ڕاگەیەنە گشتییەکان و خوێندنی ئەدەبییاتی ئەوان لە قوتابخانەکان، لەتەنیشت زمانی فارسی ئازادە.” (قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران،٦:١٣٦٨)

 سەرەڕای داننان بە فرەیی و جۆراوجۆریی زمانەکان لە ئێران، وەک لە نێوەرۆکی ئەم ماددەیەی دەستوور دەردەکەوێ، نەتەوە غەیرەفارسەکانی ئێران وەک “قەوم” نەک نەتەوە، ناویان هاتووە و، زمانەکەشیان وەک “زبانهای قومی ومحلی” (زمانە قەومی و خۆجێییەکان)نەک زمانی سەربەخۆی چەند نەتەوەی جیاواز، دانیان پێدانراوە. ئاشکرایە ڕوانینی زاڵ بەسەر ئەم دەستوورەدا، هەمان ئەو ڕوانینەیە کە جەوهەری ناسیۆنالیزمی ئێرانیی پێک هێناوە کە ئەویش بریتییە لە پێناسە کردنی خەڵکی ئێران وەک یەک نەتەوە(نەتەوەی ئێران) کە زمانە فەرمی و سەرانسەرییەکەی زمانی فارسییە و هەر دەشبێ زمانی فارسی بێ.

خاڵێکی دیکەی جێگای لەسەر وەستان لەم ماددەیەی دەستووری وڵاتدا، ئەوەیە کە مافی خوێندن بەو زمانانە لە قوتابخانە، بە فەرمی نەناسراوە و دانی پێدانەنراوە، بەڵکوو وتراوە “خوێندنی ئەدەبییاتی ئەو زمانانە لەتەنیشت زمانی فارسی” ئازادە. ئەمەش زۆر جیاوازە لە مافی خوێندن بە زمانە غەیرەفارسییەکان لە قوتابخانەدا. چونکە “ئازادبوونی خوێندنی ئەدەبییاتی ئەو زمانانە لەتەنیشت زمانی فارسی” ئەرکی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بەو زمانانە ناخاتە سەر دەسەڵاتی وڵات. ئەم ماددەیەی دەستوور تەنیا ڕێگە بە کەلکوەرگرتن لەو زمانانە لە چاپەمەنی و، خویندنی ئەدەبییاتی ئەوان لە قوتابخانەدا، دەدا. ئەمەش زۆر جیاوازە لە ئەرکدارکردنی دەسەڵات و سیستەمی دەسەڵاتدارەتی و وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بە گۆڕینی سیاسەتی تاکزمانی و قبووڵکردنی بە ڕەسمیی فرەزمانی و، دابین کردنی پێویستییەکانی خوێندن بەو زمانانە کە چاپی کتێبی خوێندن بەو زمانانە، پەروەردە و پێگەیاندنی مامۆستای تایبەت و کۆمەڵێک شتی دیکە دەگرێتەوە. “ئەو دوو ماددەیەش بە هیچ جۆرێک بەو مانایە نییە کە ددان بەوەدا نراوە کە زمانی کوردی یان زمانی تورکیی ئازەربایجانی یان بەلووچی  دەکرێ بۆ پێ خوێندن بەکار بهێندرێن. لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە هاوشانی زمانی فارسی ئەو زمانانەش دەکرێ ئەدەبییاتی خۆیان بەکار بهێنن. هەر لەبەر ئەوەشە لەگەڵ ئەوەشدا کە دەگوترێ ئەو مادانە جێبەجێ نەکراون، بەڵام لە پڕاتیکدا کراوە، هەم نەشرییە هەیە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی، بە کوردیش هەیە. دەمەوێ بڵێم ئەو تەسەورە نابێ بێتە گۆڕێ کە لە چوارچێوەی ئەو مادانەدا دەکرێ مەسەلەی زمانی جێبەجێ بکرێ.” (قازی، ٢٠١٧)

سێهەم خاڵ لەو پێوەندییەدا کە شیاوی باسکردنە، پشتگوێخرانی تەنانەت ئەوەندە مافە کەم و کرچوکاڵ و ناتەواوەی پێوەندیدار بە زمانە غەیرەفارسییەکانی ئێرانە. سەرەڕای داواکاریی بەردەوامی جموجۆڵە مەدەنییەکانی ڕۆشنبیران و چالاکانی مەدەنیی کوردستانی، ئازەربایجانی، بەلووچستانی، عەڕەبی خوزستانی و هتد بۆ خوێندنی منداڵانیان بە زمانی دایکییان و پێداگرییان لانیکەم لەسەر ئەو ماددەیەی دەستوور، هەتا ئێستاش، دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتی ئێران، ئامادە نەبووە تەنانەت نێوەرۆکی ئەم ماددەیەش بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.


٢: سیاسەتی تاکزمانی، لەنێوان پێداگری و دژایەتیدا:

لە ئێرانی سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا، هیچ هەوڵیکی جیددی بۆ چاوخشاندنەوە بەو سیاسەتە زمانییە سەرکوتکەرانە و لەمێژینەیە نەدراوە. لە ئاستی مەجلیسی ئێران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و دەوڵەتدا، ئەم پرسە نەخراوەتە دەستووری کار و بە شایانی ئەوە نەزانراوە، قسەی لەسەر بکرێتەوە. پەسندکراوەکانی دەوڵەتی و حکومەتی لەو پێوەندییەدا هەر وەک خۆیان ماونەوە.


٢-١مکوڕ بوونی دەستوور و دەزگا پێوەندیدارەکانی وڵات لەسەر سیاسەتی تاکزمانی

بۆ ناسینی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتێک دەبێ بڕوانینە بڕیارەکانی ئەو دەوڵەتە لەبارەی زمان کە لە بەڵگەنامەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. دەستووری وڵات گرنگترین بەڵگەنامەی هەر وڵاتێکە. ئەو ماددە و بنەمایانەی کە دەربارەی زمان لە دەستووری وڵاتدا هەن، یەک لە پێوەرەکانی ناسین و هەڵسەنگاندنی سیاسەتی زمانیی ئەو وڵاتەن. پێڕەوی نێوخۆ و پەسندکراوەکانی دامەزراوە پێوەنیدارەکانیش بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور، بەتایبەتی فەرهەنگستانەکان، پێوەرێکی دیکەیە. لە ئێران چەند بەڵگەنامەی دیکەش هەن کە درێژە و تەواوکەری ڕوانین و سیاسەتی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی لەمەڕ پرسی زمانن. لێرەدا هەوڵ دەدرێ بە کورتی ئاماژە بە ژمارەیەک لەو دامەزراوانە و پەسندکراوەکانیان بکرێ:

لە دەستووری وڵاتی ئێراندا ٣ ماددە هەن کە پێشاندەری سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامین. ماددەکانی ١٥(کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا) ماددەی ١٦ و ماددەی ١٩. ماددەی ١٦ ئاماژە بەوە دەکا “بەو هۆیەوە کە زمانی قورئان و مەعاریفی ئیسلامی، عەرەبییە و ئەدەبییاتی فارسی بە تەواوی لەگەڵیان تێکەڵاو بووە، ئەم زمانە دەبێ پاش قۆناغی سەرەتایی هەتا کۆتاییی قۆناغی ناوەندی لە هەموو پۆلەکان و لە تەواوی لقەکاندا بخوێندرێ.”

  لە ماددەی ١٩یشدا هاتووە: “خەڵکی ئێران لە هەر قەوم و هۆزێک بن، مافی وەک یەکیان هەیە و ڕەنگ، نەژاد، زمان و شتی لەو چەشنە نابن بە هۆی ئیمتیاز”. ئەگەر لە ماددەی ١٥ی ئەو قانوونەدا، فارسی، وەک زمان و خەتی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران پێی لەسەر داگیرابوو و تێیدا هاتبوو کە “بەڵگەنامەکان و نامەنووسین و دەقە ڕەسمییەکان و کتێبەکانی خوێندن دەبێ بەو زمان و خەتە بن”، لە ماددەی ١٦هەمیشدا، زمانی عەرەبی، بەو هۆیەوە کە زمانی قورئان و مەعاریفی ئیسلامییە، پلەی دووهەمی گرنگی پێدرانی لە سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. (قانون اساسی جمهوری اسلامی، ١٣٦٨: ٧-٦)

بەڵام زمانی نەتەوە غەیرەفارسەکانی ئێران، کە زۆربەشیان لە بنەماڵەی زمانە ئێرانییەکانن، لە دەستووری وڵاتدا، وەک زمانی خۆجێیی و قەومی چاویان لێکراوە و تەنیا “بوونی چاپەمەنی بەو زمانانە و خوێندنی ئەدەبییاتیان لە قوتابخانە لەتەنیشت زمانی فارسی” ڕێگەی پێ دراوە.

فەرهەنگستانەکان بەتایبەتی فەرهەنگستانەکانی تایبەت بە زمان لە هەموو وڵاتان لەو دامەزراوانەن کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتی زمانیدا هەیە. ئەوان بۆ بەرنامەداڕێژیی زمانی ڕادەسپێردرێن و مافی بڕیاردان لەبارەی پرسە زمانییەکانیان پێ دەدرێ. “فەرهەنگستانی زمانی فارسی” لە ئێران کە مێژوویەکی ١٠٠ سالەی هەیە، گرنگترین دامەزراوەی بەرنامەداڕشتنی زمانییە. ئەو فەرهەنگستانەی لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، فەرهەنگستانی سێهەمە(فەرهەنگستانی یەکەم هی سەردەمی موزەففەرەدین شای قاجار و، فەرهەنگستانی دووهەمیش هی سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی بوو) و ساڵی ١٣٦٩(١٩٨٠) دوای ١٣ ساڵ داخران، بەرنامەداڕشتنی زمانیی دەست پێ کردەوە.” ئامانجەکانی ئەو فەرهەنگستانە بریتین لە:

١-پاراستنی بەهێزی و ڕەسەنایەتیی زمانی فارسی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی شوناسی نەتەوەییی ئێران و زمانی دووهەمی جیهانی ئیسلام و هەڵگری مەعاریف و کولتووری ئیسلامی؛

٢- پەروەردەکردنی زمانێکی خاوێن و گەیەنەر بۆ دەربڕینی هزرە زانستی و ئەدەبییەکان و پیکهێنانی هۆگری بە “مآثر”(شتە باشەکانی) مەعاریفی مێژوویی لە نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوودا؛

٣-برەوپێدانی زمان و ئەدەبییاتی فارسی و بەرینکردنەوەی پانتاییی قەڵەمڕەویان لە نێوخۆی وڵات؛

٤-پێکهێنانی هەوێنی هەوڵدان و کرانەوە لە زمانی فارسیدا بە گوێرەی پێویستییەکانی سەردەم و ژیان و پێشکەوتنی زانست و هونەرە مرۆیی‌یەکان وێڕای پاراستنی ڕەسەنایەتییەکەی؛ (اساسنامە فرهنگستان زبان و ادب پارسی)

لە بەشی ئەرکەکانی ئەو فەرهەنگستانەش لە پێڕەوی نێوخۆیدا ٩ ئەرک گونجێندراون کە بە پێی ئەوان، فەرهەنگستان، هیچ ئەرک و خزمەتێکی زمانە غەیرەفارسییەکانی ئێرانی نەخستووەتە سەرشانی خۆی. تەنیا لە یەکێک لەو ئەرکانەدا ئاوڕ لە “زمانە خۆجێییەکان” دراوەتەوە، ئەویش وەک سەرچاوەیەک بۆ دەوڵەمەندکردن و خزمەتی زمانی فارسی:

“کەلکوەرگرتنی دروست لە زمانە خۆجێییەکان(لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران) بە مەبەستی بەهێزکردن و تەیارکردنی ئەم زمانە و دەوڵەمەندکردن و بەرینکردنەوەی پانتاییی ئەرکەکانی‌؛” (سەرچاوەی پێشوو)


٢-٢ جۆر و شێوازەکانی دژایەتی لەگەڵ زمانە غەیرەفارسییەکان

 دەزگا و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی دیکەی ئێران، وێڕای ڕێگەنەدان بە خوێندن بەو زمانانە، بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتیی بووژانەوە و گەشەکردنی زمانە غەیرەفارسییەکان دەکەن.” ئاستەنگەکانی زمانی کوردی لە ئێران لەسەر پلەبەندییەکی ناهاوشانی زمانەکان، دەسەڵات و بەکارهێنانی سەرچاوەکان دامەزراوە و زۆر بە چڕی پێوەندییان بە سیاسەتی داگیرکارییانەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە هەیە و کۆمەڵێک هۆکاری لێکگرێدراو بە ئایدۆلۆژیای زمانیی داگیرکارییانە تێوەی گلاون.” (سورخی،٢٠١٩: ٦١)

  ئەگەر زمانێک -وەک زمانی کوردی، لە ئاکامی خەبات و پێداگریی ئاخێوەرانیدا-  دەرفەتێکی بۆ بڵاوکردنەی چاپەمەنی بەو زمانە بۆ ڕەخساوە، یا ڕێگەی پێ دراوە بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفیزیۆنیی پێ بڵاو بێتەوە، بە ئەنقەست سیاسەتێکی مەبەستداریان لە چۆنیەتیی بەکارهێنانیدا گرتووەتە بەر کە ئامانجەکەی لاوازکردن و دابەزاندنی ئاست و سەنگی ئەو زمانەیە.

“بە هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسلامی لە ئێراندا، حکومەت هەوڵی دا، وا بنوێنێ کە زمانی کوردی بەگشتی، شاعیرانە، گوندی و فۆلکلۆرییە و لەم ڕوانگەیەوە پشتگیریی لە جۆرێکی تایبەت لە فرەزمانی کردووە. بۆ نموونە لە کوردستان بە دانی ئیمتیازی فەرهەنگی وەک دامەزراندنی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی (ئینتیشاراتی سەلاحەدینی ئەیووبی)، گۆڤاری “سروە” و چەند گۆڤارێکی دیکە (ئاوێنە، ئامانج و..)، کە لە ناوەڕۆک و ستافی نووسەرانی، زۆر لە سروە جیاواز بوون، لەلایەک، زمانی کوردی تەنیا لە بوارە ئەدەبی و فۆلکلۆرییەکەیدا سنووردار بکات (بە شێوەیەک کە تەنیا ڕێگە بە بابەتە فەرهەنگی، ئەدەبییەکان بدا بە شێوەیەکی تەواو کۆنترۆڵکراو)، و لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانییەکانی ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کورد و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشی لەمەڕ ڕەچاوکردنی مافی زمانی کەم کردبێتەوە. بەڵام لەڕاستیدا، مەبەستی ئەوە بوو ئەو توێژە لەو هێزە سیاسییانەی هەوڵی مسۆگەرکردنی مافی نەتەوەییی کوردییان بە شێوەیەکی سیاسی دەدا، دوور بخاتەوە، یان هەر نەبێت ئەم بابەتە لە ئاستێکی فەرهەنگیی کاناڵیزەکراودا کۆنترۆڵ بکات. ” (سورخی،٢٠١٦)

هەڵبەت ئەمە بەو مانایەیش نییە کە لە شیعر یان ئەدەبدا بەرگری نییە، یان لێرەیشدا ڕەوتەکە تەواو بەو ئاراستەیە ڕۆیشتووە کە دەسەڵاتی ناوەندی بە شێوەیەکی “هێژێمۆنی” مەبەستی بووە، چونکە هێژێمۆنیش بەرگری و مقاومەتی بەرانبەر دروست بووە و، کورد و ئەدیبانی کورد تا ڕادەیەک ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە.

ئامانجی سیاسەتی ڕێگەپێدانی بوونی چاپەمەنیی کۆنتڕۆڵکراوی کوردی لە بنەچەدا وڵامدانەوەیەکی لانیکەمی بە داوا و چاوەڕوانییە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی خەڵک و، لە ئاکامدا دوور خستنەوەیان لە حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردیی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامییە، نەک سیاسەتێکی زمانیی دیموکراتیک و سەردەمییانە. هەربۆیە لەپەنا ئەم سیاسەتە ڕواڵەتی و فریوکارانەیەدا، دژایەتیکردن لەگەڵ بە فەرمی ناسین و برەوپێدرانی زمانەکە لە ئاست و بواری جیاوازدا، بە زۆر شێوە درێژەی هەبووە.  ئەم جۆرە سیاسەتە “لەسەر زمانی کوردی و زمانی نەتەوەکانی دیکەیش، تەواو بێ کاریگەری نەبووە. ئەم تەسککردنەوەی زمان، بەدوور لە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی قسەپێکەرانی زمانەکە،  بووە هۆی ئەوەی کە فەرهەنگی زاراوەی کەم (بەتایبەتی لە ئاستی  زاراوە زانستی و تەکنیکییەکان)، کە لەسەر ڕەچەڵەکی فەرهەنگی کشتوکاڵی دامەزراوە، جیاوازییە ناوچەیی‌یەکان، نفووزی بەهێزی زارە ناوچەیی‌یەکان، یاسای ڕێزمانی نەمیو (نەنووسرانەوەی بە شێوەی ڕێزمانێکی ستاندارد)، ببنە تایبەتمەندیی ئێستای زمانی کوردی لەم سەدەیەدا.” (سەرچاوەی پێشوو)

جۆری هەڵسوکەوتی کاربەدەستان لەگەڵ بەکارهێنانی زمان و دیالێکتە جیاوازەکان لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی پارێزگە و ناوچەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێراندا، جێگای تێڕامانە. بەرنامەڕێژیی ئەو دەزگایانە بۆ بڵاوبوونەوەی بەرنامە بە زمانی کوردی  ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێ کە لە ناوەندەوە ئەرکدار کراون، هۆشیان بەسەر سیاسەتی تاکزمانیی ئێرانەوە هەبێ. بەو واتایە کە جۆرێک نەجووڵێنەوە کە خزمەتی یەکگرتووییی زمانە غەیرەفارسییەکە و بەهێزبوونی پێگەی زمانەکە لای ئاخێوەرانی بکەن و بەم جۆرە، داهاتووی سیاسەتی تاکزمانی لە ئێران بخەنە مەترسییەوە.

“حکومەت لە ناوەندی پارێزگاکان تەلەفیزیۆنی بە زمانی کوردی کردووەتەوە، بەڵام ئەم تەلەفیزیۆنانە نەک خەڵک فێری زمانی کوردی ناکەن، بەڵکوو جۆرێک لە زمانی کوردی پەرە پێدەدەن کە پڕیان کردووە لە وشەی فارسی، بە جۆرێک ئەگەر بێتو کەسێک فارسیزمان کە هیچ لە کوردیش نەزانێت، بەبێ کێشە لەو زمانە کوردییەی تەلەفیزیۆن و میدیا کوردییەکانی حکومەتی ئێران تێدەگات. بینەرێکی فارسزمان کە کوردی نازانێت … کاتێک بە ڕێکەوت سەیری کەناڵەکانی سنە و کرماشان و ئیلام دەکات، بەبێ هیچ کێشەیەک هەمووی تێدەگات، چونکە هەموو وشەکانیان فارسین بەڵام وشە فارسییەکان بە شێوەی کوردی دەخوێننەوە.” (پەیسەرپرێس، ٢٠١٧) 

هاندان و وەخەبەرهێنانی هەستی ناوچەگەرێتی و زاراوەگەرێتی لەنێو ئاخێوەرانی زمانی کوردی و زمانە غەیرەفارسییەکانی دیکەدا، ڕێگەیەکە بۆ بە ئامانجگرتنی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی نێوان تاکەکانی ئەو نەتەوانە و لاوازکردنی. کاربەدەستان بەم ڕێگایە دەیانەوێ پێش بە پێکهاتنی زمانی ستاندارد لەنێویاندا بگرن، یا ئەگەر وەک نەتەوەی کورد خاوەنی زمانی یەکگرتوو و ستانداردن، لە دەوری ئەو زمانە ستانداردە کۆ نەبنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە فەرهەنگستان و دامەزراوەکانی دیکەی پاراستن و خزمەتی زمانی فارسی، بڕیار و ڕێوشوێنی تایبەت لە پێناوی باڵادەستیی زمانی “معیار”ی فارسی پەسند دەکەن.

“حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٥ی دەستوور پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە کە بەپێی ئەم پڕۆژەیە هەر ناوچەیەک و گەڕەکێک و گوندێک بە بنزاراوەی خۆیان بخوێنن، بۆ نموونە لە شارێکی وەک سەقز کە چوار ناوچەی جیاوازی گەورک و تیلەکۆ و موکریان و سەرشیوی هەیە و هەر کام لەو ناوچانە بنزاراوەیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەپێی پڕۆژەکەی حکومەت لە سەقز بە چوار بنزاراوەی جیاواز ڕێگە دەدرێت منداڵان فێری زمانی کوردی بکرێن. ئەم پلانەی حکومەت مەترسییە بۆ سەر زمانی کوردی. ئەگەر مەبەستی حکومەت گرنگیدان بە بنزاراوەکانە، بۆچی ڕێگە نادات لە ناوچە فارسەکانیش خەڵک لە هەر ناوچەیەک بە بنزاراوەی خۆیان بخوێنن؟” (شەجیعی، سەرچاوەی پێشوو)

بەدگومانی دەربارەی ئەو دەرەتانە سنووردارانە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ زمانە غەیرەفارسییەکان، یەک لەوان زمانی کوردی پێک هاتوون، لایەن و ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە. تەنانەت لە ئاستی کەسانی ئەکادیمی و شارەزای زمانی کوردیدا، جۆری هەڵسوکەوتی دامودەزگاکانی سەر بە حکومەت لەگەڵ ئەو زمانانە، نیشانەی پرسیاریان خراوەتە سەر و بە “زمانکوژی” ناودێر کراون. دابەزاندنی سەنگی ئەو زمانانە تا ڕادەی زمانێکی بێ پێز و نەگونجاو بۆ کاری ئەدەبی و زانستیی سەردەم، وەک یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو سیاسەتە زمانییە سەیری دەکرێ. ” تەلەفیزیۆنە کوردییەکانی کۆماری ئیسلامی ئاستی زمانی کوردییان دابەزاندووە و لە بەرنامەکانیاندا کلتووری کوردی وەک کلتوورێکی دواکەوتوو نیشان دەدەن، …تەلەفیزیۆنی ئیلام لە بەرنامەکانیدا بنزاراوەیەکی ئیلامی تێکەڵ بە زمانی فارسی دەکات و بەم شێوەیە ئەم کەناڵە هەوڵی تێکدان و لاوازکردنی زمانی کوردی دەدات.” (بازئەفکەن، سەرچاوەی پێشوو)

لە حاڵێکدا ڕێنووسی زمانی کوردی بە ئەلفوبێی ئارامی لە ڕێنووسی فارسی و نووسینی ئەو زمانە بە ئەلفوبێی ئارامی زۆر بێ کێشەترە و، لەم بارەیەوە زمانی کوردی ڕێنووسێکی سەقامگیری هەیە،  لە تەلەفیزیۆنە کوردییەکانی ئێراندا بە ئانقەست کوردی بە ڕێنووسی فارسی دەنووسن!  هۆگران و شارەزایانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وایە ئەم جۆرە هەوڵانە بەڕێکەوت نین. بەڵکوو هەوڵێکن بۆ تێکدان و بەلاڕێدا بردنی زمانی کوردی. ئەوان لەو باوەڕەدان هەندێک ناوەندی ئەمنییەتی لەپشت ئەم جۆرە هەوڵانەن و، ئامانجیشیان تێکدان و لە خشتەبردنی زمان و ڕێنووسی کوردی و سووککردنی و دوور خستنەوەی خەڵکە لە فێربوونی ئەو زمانە. “دکتۆر بەختیار سەجادی نووسەر و شارەزای زمانی کوردی تەلەفیزیۆنە کوردییەکانی حکومەت بە زمانکوژ ناو دەبات و دەڵێت ئەم کەناڵانە نەک کار بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی ناکەن، بەڵکوو ناوەرۆکەکەیان بریتییە لە هەندێک شتی گاڵتەجاڕانەی کە ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئەورووپا لە شانۆکاندا بەڕێوە دەچوو.” (پەیسەر، ٢٠١٧)

ڕێگریکردن لە دانانی ناوی کوردی و هەروەها ناوی وەرگیراو لە زمانە غەیرەفارسییەکانی دیکە  لەسەر کەلوپەلی بەرهەمهێنراو یا  لەسەر ناوی دوکان و پاساژ و شوێنی جۆراوجۆری دیکە، تەنانەت  کۆسپ دروستکردن لەبەردەم دانانی زۆرێک لەو جۆرە ناوانە لەسەر منداڵان، ڕوویەکی دیکەی ئەو دژایەتییەی دەسەڵاتداران لەگەڵ برەوپەیداکردنی وشەی ئەو زمانانە و پەلهاویشتنیان بۆ چاپەمەنی و ڕاگەیەنە سەرانسەرییەکانی ئێرانە. لە کاتێکدا لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و بە ویستی ڕێبەران و کاربەدەستانی ئەو دەسەڵاتە، بە هەزاران وشە و دەستەواژەی دیکە لە زمانی عەرەبییەوە هاتوونە نێو زمانی فارسی، وەرگرتنی وشە لە زمانەکانی کوردی، بەلووچی و لوڕی و هتد و دانانیان وەک ناو لەسەر شەقام و مەیدان و کۆڵان و دوکان و بنکە و ناوەندی کولتووری، دژایەتیی لەگەڵ دەکرێ و، تابڵۆی ناوەکان لە لایەن “ادارە اماکن” کۆ دەکرێتەوە. هەروا بزانە عەرەبی، زمانێکی ئێرانییە و، زمانەکانی کوردی، بەلووچی و لوڕی، غەیرەئێرانین یا ئاخێوەرانیان ئێرانی نین. “گۆڕینی ناوی کوردیی ژمارەیەک لە گوندەکان، کانیاوەکان، کێوەکان و شوێنە مێژوویی‌یەکانی کوردستان و دانانی ناوی غەیرەکوردی لە جێگایان، هەوڵێکی دیکەی کاربەدەستانی ئێرانە کە ئەگەر مەبەستی گۆڕین و شێواندنی دێمۆگرافیی ناوچە کوردستانییەکانیشی لەپشت نەبێ، سڕینەوەی بەرەبەرەی ناوە کوردییەکان و جێگیرکردنی ناوی غەیرەکوردی لەجێی ئەوانی مەبەستە.” (ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ٢٠١٧)

 جەوهەر و نێوەرۆکی ڕەگەزپەرستانە و تاکزمانیی سیاسەتی زمانیی دەسەڵاتی ئێران ئەو کاتە بێ ‌پەردەتر خۆی دەردەخا کە پرسی خوێندن بە زمانە غەیرەفارسییەکان، لەژێر گوشاری ئەو نەتەوانەدا، بەرەوڕووی مەجلیس و سەرۆک‌کۆمار و دەوڵەت دەبێتەوە و لە باس و بەڵێنی هێندێک نوێنەرانی مەجلیس و بەرپرسانی دەوڵەتیدا جۆرێک نەرمی نواندن و ڕووی خۆش بەو داوایانە نیشان دەدرێ. لەم جۆرە کاتانەدا فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی پارسی دەبێتە پێشەنگی دژایەتی لەگەڵ ئەو جۆرە نەرمی نواندنانە و، وریایی دەدا بە گەورە کاربەدەستان. ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە ئەم جۆرە داوایە، بە “وارداتی”(لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوو)، مەترسی بۆ سەر زمانی فارسی و پیلان بە مەبەستی لاوازکردنی، مەترسی بۆ سەر یەکپارچەییی خاکی ئێران و گەڕانەوە بۆ دواوە و ملدان بۆ دواکەوتوویی دەناسێنن:

“گومانم نییە کە ئەو باسە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئێران هاتووە. پێشتر ئەم مەسەلەیە لە هیندوستان لەلایەن ئینگلیزەوە تاقی کرایەوە و ئەمڕۆش ئینگلیز و وڵاتانی باکووری ئێرانن کە دەیانەوێ ئەم پرسە بخەنە نێو ئێران. باشترین ئامراز بۆ ڕاگرتنی نەتەوەیەک لە دواکەوتووییدا، کەمتەرخەمی لە ئاست زمانەکەیەتی. ئەگەر بمانەوێ زمانەکانی دایک وەک زمانی زانستی و فێرکردن بەکار بێنین، بە دڵنیایی‌یەوە  دەگەڕێینە دواوە کە ئەمە مەسەلەیەکی مەترسیدارە و بۆنی پیلانی لێ دێت.” (موجتەبایی، ٢٠١٤)

“ژمارەیەک وا بیر دەکەنەوە کە هۆگری بە قەومییەتێک واتە خوێندن بە زمانی ئەو قەومە، بەڵام ئەمە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە. ئێمە لە ئێران شانسمان هەبوو کە فیردەوسێکی گەورە توانیوێتی بناغەیەکی مەحکەم بۆ زمانی فارسی پێک بێنێ و ئەمڕۆ ئێمە لەتەنیشت دینی ئیسلام شانازی بە زمانێکی وەها دەکەین.” (نیساری، ٢٠١٤)

پێوەری فێرکاریی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی، زمانی پێوەر(معیار)ە. دیارە زمانی دیکەش هەن کە جێگەیان ڕوونە، بەڵام ئەوەی دەبێ پێی بخوێندرێ، زمانی فارسییە… نەکا لە کیسەی سامانە نەتەوەیی‌یەکانی وەک زمانی فارسی بۆ سەرکەوتنە کاتی و بێ ئاکامەکانی ئەم باڵە و ئەو باڵ، خەرج بکەین.” ( حەدداد عادل، ٢٠١٤)


٢- ٣  ناکامیی سیاسەتی تاکزمانی لە پێکانی ئامانجەکانیدا:

سیاسەتی تاکزمانی هەر لە سەردەمی ڕەزاشاوە تا ئێستا لە خزمەت ئایدۆلۆژیای بنیاتنانی “یەک وڵات – یەک نەتەوە”دا بووە. وەدیهێنانی ئەو ئامانجەش، سڕینەوەی شوناسی جۆراوجۆری نەتەوەیی و زمانی و، وەک یەک لێکردنی دانیشتووانی ئێرانی پێویست بووە. بۆ ئەوەی دانیشتووانی ئێران لە “نەتەوەی ئێران”دا قاڵ ببنەوە و، ئەو نەتەوەیەش خاوەنی یەک زمان- زمانی فارسی – بێت، تواندنەوەی زمانەکانی دیکە لە زمانی فارسیدا یا سەرکوت و لاوازکردن و پشتگوێخستنیان لە پێناوی باڵادەست هێشتنەوەی زمانی فارسیدا، هەروەها بەسەردا سەپاندنی شوناسی نەتەوەیی بە زۆر دروستکراوی ئێرانی بە سەریاندا، بە ئاسایی و سروشتی زانراوە.

 ١٠٠ ساڵی تەواوە زمانە غەیرەفارسییەکانی ئێران لە سۆنگەی ئەو ئایدۆلۆژیایە و مەزنیخوازیی نەتەوە و زمانی فارسیدا، سەرکوت دەکرێن و پشتگوێ و پەراوێز دەخرێن. ” ئێران، نیشتمانێکی خاوەن زۆر جۆراوجۆریی نەتەوەیی، قەومی و زمانییە. جۆراوجۆرییەک کە زیانێکی زۆری لە ئەزموونی سەد ساڵ سیاسەتی یەکسانکردن دیتووە. ئێستا و بە بەراورد لەگەڵ سەد ساڵ لەوە پێش، ژمارەیەک زمان و دیالێکتی باوی ئێران بە هۆکاری جیاواز لەنێو چوون یا لەگەڵ مەترسیی لەنێوچوون بەرەوڕوون.” (عەلەوی، ٢٠١٤ )

١٠٠ ساڵە  ئەوەندەی زمانی فارسی پشت ئەستوور بە یاسای وڵات، سیاسەتی زمانی و سەرچاوەی دارایی و ئیمکاناتی بێ دریغی دەسەڵات، خزمەتی دەکرێ و بواری گەشەکردن و پەرەگرتنی بۆ دەڕەخسێندرێ،  لەو ١٠٠ ساڵەدا هەر بەو ڕادەیەش دژایەتیی زمانەکانی دیکە کراوە. خەسارناسی و بەراوردی ئەو زیانە زۆرانەی زمانە غەیرەفارسییەکان، لە سۆنگەی ئەو سەرکوتە زمانییە تووشیان هاتووە، بەدواداچوون و توێژینەوەی تایبەت و تێر و تەسەل، دەخوازێ. زمانی فارسی، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن و وەزارەتی خوێندنی باڵا و فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبییاتی فارسی و سەدان زانکۆ و دەیان دامەزراوەی تایبەتیی دیکەی هەن کە بە شێوەیەکی بەردەوام خزمەتی دەکەن، قامووسی وشەکانی دەوڵەمەند دەکەن، توێژەران و زمانەوانان بۆ توێژینەوەی زانست دەربارەی بوار و ئاستە جیاوازەکانی ڕادەسپێرن، زمانەوان و کادیر و شارەزای تایبەت بۆ خزمەتکردن و نوێکردنەوە و، مەیدانداریی زمانەکە لە ئاستی جیهانیدا پێدەگەیەنن. بەڵام زمانە سەرکوتکراوەکان، بێجگە لە هۆگریی ئاخێوەران بە زمانەکەیان و خزمەتی دڵسۆزانە و خۆبەخشانەی ژمارەیەکی سنووردار زمانەوان، توێژەر، فەرهەنگنووس، نووسەر، وەرگێڕ، شاعیر و هتد، ئیمکانێکی وایان نییە. بەو حاڵەشەوە ئەو جۆرە کەسانە بەردەوام لەگەڵ هەڕەشەی گرتن و لێپێچینەوەی کاربەدەستان بەرەوڕوون.

 گرتن و ڕاوەدوونانی ڕۆشنبیران، نووسەران، زمانەوانان و چالاکانی کولتووریی نەتەوە غەیرەفارسەکان، بەتایبەتی کوردەکان و، کەند و کۆسپ دروستکردن بۆ مامۆستایان و فێرکارانی زمانی دایک و، ڕێگری لە تێکۆشان و خزمەتیان بە زمانەکەی خۆیان، لایەنێکی دیکەی ئەو سەرکوتە زمانییەیە کە کاربەدەستان هیچ کات لێی غافڵ نەبوون. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنە کولتوورییەکان لە شارەکانی کوردستان، داخستنی گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکان، ڕێگری و کۆسپ ساز کردن بۆ خوێندنگەکانی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی، بانگکردنی چالاکانی بواری خزمەتی زمانی کوردی بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دروستکردنی پەروەندە(دۆسیە) بۆیان بووە بە شتێکی ئاسایی. “ئەم ڕەوتە بۆ دوو پارێزگەی کرماشان و ئیلامیش پەلی هاویشتووە. بەتایبەتی دوای گەشانەوەی هەستی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی خەڵک لەو دوو پارێزگایە و ناکامیی کۆماری ئیسلامی لە دنەدانی هەستی ئایینیی ئەو خەڵکە کە زۆرایەتییەکەیان شیعە مەزهەبن، ئەو گرتن و ڕاوەدوونانەی چالاکانی بواری زمان و ڕۆشنبیری زیادی کردوە. “(قوڕەیشی، ٢٠١٩) ئەم گوشارهێنان و بەربەست دروستکردنە تەنانەت گەیشتووەتە شار و ناوچە کوردنشینەکانی خوراسانی باکووریش.

داوای خوێندن بە زمانی دایک و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و سەرکوتی زمانی، لەنێو هەموو نەتەوە غەیرەفارسەکاندا لە زیادبووندایە. لە گۆڤار و بڵاوکراوە و ماڵپەڕەکانی چالاکانی کولتووریی سەر بەو نەتەوانەدا، هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر نووسین، داواکاری، توێژینەوە و، بابەت لەبارەی سەرکوت و هەڵاواردنی زمانی بڵاو دەبنەوە. هەموو ساڵێ لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا، چالاکیی جۆراوجۆر بەتایبەتی لە زانکۆکانی وڵاتدا، لەلایەن مامۆستایان، خوێندکاران، نووسەران و تێکۆشەرانی دیکەی بواری کولتووریی ئەو نەتەوانەدا وەڕێ دەخرێن کە نێوەرۆک و پەیامی سەرجەمیان ناڕەزایەتی دەربڕین لە سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامی و پێداگرتنەوە لەسەر مافە زمانییەکانی خۆیانە. بزووتنەوەی داوای بە فەرمی ناسینی زمانە غەیرەفارسییەکان و مافی خوێندن بەو زمانانە، بە ڕادەیەک پەرەی گرتووە کە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری و مەجلیسی ئێران، بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لەنێو نەتەوە غەیرەفارسەکان، ئاوڕ لەو داواکارییانە دەدەنەوە و بەڵێن دەدەن ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەر بکەون، بۆ جێبەجێکردنیان تێ بکۆشن. بەڵام هەتا ئێستاش سیاسەتی زمانیی ئێران هەروا نەگۆڕ ماوەتەوە و کەمترین ئامادەیی بۆ چاوپێداخشاندنەوەی لە دەسەڵاتی ئێراندا، بەدی ناکرێ. ئەمەش وای کردووە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر “هەستی خۆ بە ئێرانیزانین”ی نەتەوە غەیرەفارسەکان هەبێ و”ئێرانیبوون”ی خۆیان لەگەڵ بێبەشی لە مافە زمانییەکانیان و سەرکوت و سڕانەوەی شوناسی نەتەوەییی خۆیان بە یەکسان بزانن.


ئەنجام:

١-ئێران وڵاتی “یەک نەتەوە و یەک زمان” نییە، وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمانە. ئایدۆلۆژیای بە زۆر و ساختەکاری دروستکردنی “نەتەوەی ئێرانی” کە زمانەکەی فارسییە، هەتا ئیستاش وەک سەرچاوەی دەستوور و یاساکانی وڵات و سیاسەتە بنچینەیی‌یەکانی دەسەڵات ماوەتەوە، لەسەر بناغەی سڕینەوەی شوناسی زمانی و نەتەوەییی پێکهاتە غەیرەفارسەکان دامەزراوە.

٢- سیاسەتی زمانیی ئێران، سیاسەتێکی تاکزمانییە و جەوهەرێکی سەرکوتکەرانە و چەوسێنەرانەی هەیە. ئەو سیاسەتە نە دەگەڵ ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە پێکهاتەی نەتەوەیی و زمانی ئێران دەگونجێ، نە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمییانە و دێمۆکراتی و دادپەروەرانەی پەسندکراوە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و مافە زمانییەکان.

٣- گۆڕانی ڕێژیمی سیاسی لە ئێران، نەبووەتە هۆی پێکهاتنی گۆڕان لەو سیاسەتە زمانییەدا کە بۆ سەدەیەک دەچێ نەتەوە غەیرەفارسەکان بەدەستییەوە دەناڵێنن. ئەم ڕاستییەش دەیسەلمێنێ کە ڕێژیمە سیاسییەکانی ئێران، پاشایەتی بن یا کۆماری، لائیک بن یا دینی، داننان بە فرەنەتەوەیی و فرەزمانیی پێکهاتەکانی ئێران و بە ڕەسمی ناسینی مافەکانیان، بە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەییی  ئەو وڵاتە دەزانن و دژ بەم ویستە ڕەوایە دەوەستنەوە.

٤-سەرەڕای مکوڕبوونی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات لەسەر سیاسەتی تاکزمانی و پشتبەستنی بە سەرکوت و دەمکوتی داواکاران و خوازیارانی مافە نەتەوەیی و مافە زمانییەکان، داوای بە ڕەسمی ناسینی زمانە غەیرەفارسییەکان، لە ڕیزی پێشەوەی ویستەکانی بزووتنەوە نەتەوەیی‌یەکان، بەتایبەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا بووە. ئەم داوایە لەنێو نەتەوەکانی تورکی ئازەری، بەلووچ، تورکمەن و عەرەبیشدا ڕووی لە زیادبوون کردووە.

٥- سەپاندنی زۆرەملیی سیاسەتی تاکزمانی و درێژەپێدانی بۆ ماوەی یەک سەدە، ئەگەر سەردەمانێک بووبێتە هۆی ڕەگاژۆییی گیانی “ئێرانیبوون” لەنێو هێندێک توێژی نەتەوە غەیرەفارسەکان و، زمانی فارسییان بە هۆکاری جۆراوجۆر خستبووە سەرووی زمانەکەی خۆیان، ئێستا ڕەوتێکی پێچەوانە لەنێو ئەو نەتەوانەدا دەستی پێ کردووە. بەردەوامیی زۆرەملیانەی سیاسەتی تاکزمانی، پتر هانی ئەم ڕەوتە پێچەوانەیە دەدا. بەم جۆرە سیاسەتێکی زمانی کە بە ئامانجی پاراستنی یەکپارچەییی وڵات و ئاسایشی  نەتەوەیی، بەکاری دێنن، بۆخۆی دەبێتە هەوێنی لە مەترسی خستنی یەکپارچەییی ئێران.

سەرچاوەکان:

کوردی:

-ئەحمەد، قادر فەتاح ئەحمەد،٢٠١٠، خویندن بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، (نامەی ماستەر)، زانکۆی سەلاحەدین

-جامباز، تارق جامباز، ٢٠١٤، بوونی نەتەوە و سیاسەتی زمان، بڵاوکراوەی ئاکادیمیای کوردی، هەولێر، چاپخانەی حاجی هاشم

– سورخی ڕەحیم، ٢٠١٩، گوتاری جەوهەرخوازانەی تاکزمانی لە ئێراندا، لە داگیرکردنی کوردستانەوە بۆ بەدامەزراوەیی کردنی زمانی فارسی تێیدا، گۆڤاری” تیشک”، ژمارە ٥٢، ساڵی ٢١.

–  سەعید، ئیسماعیل عەبدولڕەحمان سەعید ،٢٠٠٩ ، ناسیۆنالیزمی ئێرانی (١٩٤١ -١٩٠٦)، (نامەی ماستەر)، زانکۆی سەلاحەدین.

– کالفی، لویس جان کالفی ، ٢٠١٢، شەڕی زمان و سیاسەتی زمانی،( وەرگێڕانی بەهادین جەلال)،  هەولێر ، دەزگای موکریانی.

– هەروتی، سەعدی عوسمان هەروتی، ٢٠٠٧، بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا(١٨٨٠-١٩٣٩)، بڵاوکراوەی ئاکادیمیای کوردی، هەولێر، چاپخانەی حاجی هاشم.

سەرچاوەی فارسی:

– احمدی پور طاهرە، (٢٠١١)، بە سوی چارچوب سیاست زبان ملی، زبان شناخت، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، سال دوم، ،شمارە اول، بهار و تابستان ١٣٩٠،

-سیف الدینی سالار،٢٠١٥، جمع آوری شاخص های زبانی در سرشماریها: اری یا خیر؟ شبکە مطالعات سیاست گذاری عمومی، مرکز بررسی های استراتژیک ریاست جمهوری، ٩مهر ١٣٩٤

–  متن کامل قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران همراە با اصلاحات سال ١٣٦٨، انتشارات “تاریخ ما”.

– میکە، هردی مهدی میکە ، ٢٠١٩، سیاست ایران در قبال کردها،(١٢٩٩-١٣٢٠ش/١٩٢١-١٩٤١م)، دانشگاە سلیمانیە.

–  ناظمی امیر، ٢٠١٨، سیاست زبان در جمهوری اسلامی ایران: پیشنهادهای سیاستی در خصوص زبان و زبان آموزی، فصلنامە سیاست راهبردی سیاست گذاری عمومی، دورە٨، شمارە ٢٦، بهار ١٣٩٧


سەرچاوەی ئینگلیزی:   

                        

Anthony J. Liddicoat,2012,      Richard B. Baldauf and

 Language Planning in Local Contexts: Agents, Contexts and Interactions,

Page Range: 3–17

https://www.degruyter.com/view/title/551118


سەرچاوە ئەلکترۆنییەکان:

کوردی:

– قازی حەسەن، ٢٠١٧، فرەزمانی لە کوردستان ( چاوپێکەوتن)، مالپەڕی ڕوانگە. لینک:

http://ruwange.blogspot.com/2017/01/blog-post_19.html

– سورخی رەحیم. ٢٠١٨، پلان و سیاسەتی زمان و گرفتی دەوڵەت – نەتەوەسازی لە ئێران، ماڵپەڕی پێنووس، لینک:

http://www.penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/219-2018-09-02-18-56-38

دەسەڵات هەڕەشە لە زمانی کوردی دەکات، ٢٠١٧، رێپۆرتاژی ماڵپەڕی پەیسەر، لینک: دۆخی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان:    (peyserpress.com)

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ٨/١١/٢٠١٧، ماڵپەڕی kmmk.info ڕێکخراوی ناوبراو،

فارسی:

-امنستی انترناشنال، ٢٠٠٨،  “ایران: تعدی های حقوق بشری علیە اقلیت کرد”، گزارش سال ٢٠٠٨، لینک:

https://www.iranrights.org/fa/library/document/444/iran-human-rights-abuses-against-the-kurdish-minority

– اساسنامە فەرهنگستان زبان و ادب فارسی،   https://apll.ir

طرح تدریس زبان مادری، «زیر سر انگلیسی‌ها» است، سایت رادیو زمانە، لینک:  https://www.radiozamaneh.com/122246

– قوریشی کاوە، ٥ دی١٣٩٨ (٢٠١٩)، سرکوب گفتمان هویت‌خواهی قومی در کرمانشاه و ایلام ، سایت ایران انترناشنال،  لینک: https://iranintl.com

-علوی شاهد، ٢٠١٤، آموزش به زبان مادری در ایران و توهم جدایی طلبی، سایت فارسی بی. بی.سی، لینک:

https://www.bbc.com/persian/blogs/2014/02/140219_l44_nazeran_mothertongue_iran

-بررسی پیشینه تاریخی اقوام مختلف: تات قوم بومی خراسان که به زبان فارسی تکلم میکنند، روزنامە خراسان، ٢٣ شهریور ١٣٨٨، شمارە ٢٤٦، لینک:  https://fa.wikipedia.org/wiki/

 

داگرتنی بابەت