ئارامتر بخوێنەوە
کۆلۆنیاڵداماڵینی مێشک بەر لە خاک و زمان[١]
د. کازیوە ساڵح
“مرۆڤی کورد تەنها مرۆڤی پاش کارەسات و جینۆساید نییە، ڕاستە تەنها ئەم دووانە گوازەرەوەی قورسترین دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کولتوورین، سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەی قوربانی هەڵدەوەشێنێتەوە. کۆمەڵگەی پاش کارەسات لە خوێدا هەرگیز ناخرێتە چوارچێوە دروستەکەی خۆیەوە. لە سەروو ئەمەشەوە، کۆمەڵی کوردی بە زۆرەملێ لەگەڵ کۆلۆنیاڵیزمی نیشتەجێدا دەژیت، ئەمەیان لە دەرئەنجامەکانی جینۆساید کاریگەرترە، چون کاریگەرییەکانی هەمیشەیین و زۆرجاران نەبینراون. گەرچی وێناچێت کورد خۆی هەست بەم ڕاستییە بکات.”
هیچ دەوڵەتێکی داگیرکراو و کۆلۆنیاڵکراو، بە ئازادکردنی خاکەکەی ئازاد نابێت، هەتا مێشک و هۆش و ویژدانی بەتەواوی ئازاد نەکات و تۆزی چەند ساڵەی “پڕۆسەی” کۆلۆنیاڵیزم بە وریایی و زانستییانە نەتەکێنێت. ئەم کردە بۆ ئەو گرووپ و نەتەوانەی وەکوو کورد و هاوڵاتییانی ڕەسەن لە کەنەدا و ئەمریکا و ئۆسترالیا کە ناچار کراون لەگەڵ کۆلۆنیاڵی نیشتەجێدا بژین یان ژێردەستەیان بن، لە هەموو شت، تەنانەت خودی ئازادییەکەش گرنگترە، لە هەمان کاتدا قورستریشە. ئەم بابەتە دووپاتی دەکاتەوە، کە هیچ گرووپێکی ئەتنیکی نابێت بە دەوڵەت هەتا تاکەکانی ئەو کۆمەڵە، دەوڵەت لە ناخی خۆیاندا دروست نەکەن و، هەر تاکێک وەکوو سەرکردەیەکی شارەزا و بەئەمەگ، سەرلەشکری دەوڵەتەکەی ناخی نەکات. تاکیش هەرگیز ناتوانێت ئەمە بکات هەتا بە پڕۆسەی کۆلۆنیاڵداماڵینی مێشکدا نەڕوات. کورد وەکوو نەرەتڤ و چیرۆک زۆر باسی چەوساندنەوەکانی خۆی دەکات، بەڵام بە دەگمەن پێڤاژۆ و گۆڤەن لەسەر جۆری چەوساندنەوەکانی دروست دەکات. ئەمەش تەنها واتای نەشارەزایی ناگەیەنێت، بەڵکوو ئەوەش بە شێوەیەک مێشکی داگیرکراوە کە هەنگاوی شارەزابوون و کێشەکانی وەکوو خۆی نابینێت.
ئەم بابەتە متمانە دەخاتە سەر میتۆدۆلۆژیای فرەڕەهەند و پەیڕەوی پۆست کۆلۆنیاڵ و کۆلۆنیاڵی نیشتەجێ، بۆ ئەوەی ڕاڤەی ژێرڕکێڤکار و کۆلۆنیاڵی نیشتەجێ لە بەرهەمهێنانەوەی کولتوور و پەیوەندیی پتەوی نێوان سەبڵتەرن (Subaltern) ستراتیژیی کۆلۆنیاڵدا بکەم، سەرەتا لە ڕێگەی ئەتنۆگرافییەوە نموونەیەک دەتوانێت نوێنەری شیکاریی سەرجەم باسەکە بکات، دەتباتە نێو ئەو پێڤاژۆیەی کە کورد وەکوو نەتەوەیەکی مێشک داگیرکراو، پێویستی بە شۆڕشی کۆلۆنیاڵداماڵینی مێشک و تیۆریی کۆلۆنیاڵدزاوتنە- دژە کۆلۆنیاڵە بۆ ئەوەی یەک، خاکەکەی ڕزگار بکات، دوو، بتوانێت ڕزگارییەکە بپارێزێت. بەبێ ئازادیی هۆش خاکەکەی ئازادیش بێت، ئازاد نییە، باشووری کوردستان نموونەی زیندووە. هەروەها ئەم بابەتە ئەو کۆڤەنە دەهێنێتە ئاراوە کە زمان و کولتوور بەهێزترین ئامرازی کۆلۆنایزکردنی هۆش و ویژدانن، هەر لەبەر ئەوەش کاتێک تاکێک یان دەزگایەک بە هۆشیاریی کۆلۆنیاڵداماڵین زمانەکەی بە کار دەهێنێت، دەکەوێتە بەر توندوتیژیی دەوڵەت یان کۆلۆنایزەر. لە ڕێگەی شرۆڤەکردنی کەیسی زارا محەممەدییەوە، بە کورتی باسی لەوە دەکات کە چۆن سێ لایەنی عەوام ، سیاسی و ڕۆشنبیری دەبن بە بەرهەمهێنەرەوەی هەژموونی کۆلۆنیاڵ پراکتیزەکاری لۆژێکی کەڵکاوەژۆکراو.
وشە سەرەکییەکان
کۆلۆنیاڵداماڵین، کۆلۆنیاڵدزاوتن، داگیرکاریی هۆش، هەژموون، کولتوور، ژێرڕکیڤکەوتە، یادەوەری.
بەرایی
یەکەم ئەزموونی کەسیی من، کە لێزان و بەهرەمەندی سیاسیی ئێرانی لە بونیادنانی ستراکتۆری داگیرکردنی عەقڵی پێ ناساندم، لەگەڵ یەکەم هەنگاومدا بوو بۆ دنیای نووسین و ڕۆژنامەوانی. لە ساڵی ١٩٩٩وە شەڕێکی گەرمم لەگەڵ بەرپرسێکی دەزگای زانیاریی ئەو کاتەی یەکێتی لەسەر بەرگریکردن لە خاوەنداریەتیی خۆم هەڵگیرساندبوو و، هەتا ساڵی ٢٠٠٠ شەڕەکەم لە دادگادا بردبووەوە. پاش ئەمە بیانوویەکی دیکەیان بۆ دۆزیمەوە، گوایە لە وتارێک لە گۆڤاری نڤاردا کە من سەرنووسەر و خاوەنی بووم، بڵاوم کردووەتەوە و ناوزڕاندنی ئیسلامی تێدایە، ئەم بیانووانەیان کرد بە تارای ڕقە کۆنەکەیان و بەم بیانووە، یەکێتی منی زیندانی کرد. هەر لەو زیندانە گەورەیەی دەرکی سەرا کە بەعس باوکمی لەسەر کوردایەتی تێدا زیندانی دەکرد. لەگەڵ ئەم زیندانی کردنەدا، دەزگای پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی و بەرپرسی ئەو کاتیان، ڕاپۆرتێک بۆ ئێران دەنیرن کە حزبەکەی ئازایەتییان کردووە و کچێکی گەنج کە هێشتا فێرخوازە، خستووەتە زیندانەوە و، دوور نییە وتبێتیان بۆ پاراستنی حوکمی ئیسلامیی ئێوە لە شارەکەدا ئەم کارەیان کردووە. ئەو کات کە هێشتا خەڵکێک مابوو سیخوڕییان پێ شەرم بێت، کەسێک لە کاتێکدا تفی بە ناوچەوانی کوردایەتیی خۆیدا هەڵدەدا، دەربارەی ڕاپۆرتەکە ئاگاداری کردمەوە. لێرەدا پێویست ناکات بۆتان ڕوون بکەمەوە کە بۆچی ئەم کەسە لەو ڕاپۆرتەدا دژی من دەترسا، چونکە خۆت دەبێت تێ بگەیت. بەڵام هەڵوێستی ئێران پێچەوانەی ترسەکەی ئەو بوو، تەنها دە ڕۆژ بە سەر ئەم ڕاپۆرتەدا تێپەڕی بوو، ڕۆژێک کەسێک بە کارتونێکی پڕ لە کتێبەکانی خومەینییەوە خۆی کرد بە فەرمانگەی ڕۆشنبیریدا و، کارتۆنەکەی لە بەردەمدا دانا. بە زمانێکی زیاتر فارسی قسەی دەکرد و هەندێ وشەی کوردیشی تێکەڵ دەکرد. ئەوەندەی تێگەیشتم، وتی، “موسڵمان و باوەڕدار ئەوانە نین تۆ دەیانبینێت، کەسێکی وەکوو ئیمام خومەینییە، ئەوە هەموو کتێبەکانیم بۆ هێناویت و پێم خۆشە بیانخوێنیتەوە و بزانە چەند بە جوانی باسی مافی ژنی کردووە. داواکارم لە ڕوانگەی ئیمام خومەینییەوە لەسەر مافی ژن لە ئیسلامدا بنووسیت. “ من لەبەر حەپەسان، تێنەگەیشتن لە سیاسەت، نەزانینی زمانی فارسی هیچم نەوت، جگە لە یەک وشە- سپاس- تەنانەت نەمزانی ناویشی چییە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی کە ناو و وێنەی قاسم سولەیمانیم لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبینی، پێم وایە قاسم سولەیمانی بوو. چون هەمان ڕوخسار و دەنگ بوو. پاش ماوەیەک کتێبەکانم دا بە فارسیزانێک. چارەنووسی کتێبەکان گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە، بپرسین بۆ گەنجێکی سیاسەتنەزان، نەخوێندەوار: هێشتا جگە لە بڕوانامەیەکی ئامادەیی هیچی دیکەی نییە، بێئەزموون، پاش هێوربوونەوە لە تەزینی شۆک، ئەم هەڵوێستە زۆر زیرەکانەی ئێران چی لای دروست دەکات؟ گەنجێک کە مامۆستا گەورە و باوەڕپێکراوەکانی سەرقاڵی وەرگێڕان و ناساندنی ئەدەب و کولتووری ئێرانن؟
یەکەم بیری تیژڕەو بە مێشکمدا ئەمە بوو، “ خۆزگە ئێران دەستی لە دوژمنکاریی کورد هەڵئەگرت و دەبوو بە خۆشەویستمان، چەند گرنگ بوو ئێمە بەهرەمەند بووباین لەو مێژووە و وێژە گرنگە” لە کاتێکدا نەمئەزانی گرنگە یان نا، تەنها دەمبیست. چون من بە هیچ شێوەیەک نەکەوتمە ژێر کاریگەریی ئەدەبی فارسی و عەرەبی و وەرگێڕانەکانم نەئەخوێندەوە، بەڵکوو کەوتمە ژێر کاریگەریی ئەدەبی فەڕەنسی کە وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی عەرەبی. پاشان مێشکم کەوتە بەراوردکردنی ئەتەکێەت و نەرمیی دەنگ و هەروەها بە مۆڕاڵەوە قسەکردنی ئەم کەسە بەروارد بە کارەکتەری ئەوانەی منیان زیندانی کرد( دادوەر، ئاسایش، کەسانی پلەباڵا) لە هاوکێشەکەدا، ئێران براوە و، کورد دۆڕاو بوو. ئەمەش حەزی بینینی ئێرانی لا دروست کردم. پڕ بە دڵ حەزم دەکرد ئەو دەزگایانەی گوایە ئەدەبین و زوو زوو سەردانی ئێرانیان دەکرد، تەنها ژنانی حزبی خۆ لێڕازیبوویان نەبردایە بۆ ئەوەی هاوسەفەریان بم و ئێران ببینم. نەخێر هەر ئەو ئیدیۆلۆژییەی منی نەدەکرد بە کیژێکی هاوسەفەری شارەکەم وایکرد، کارەکتەرەکە و کولتووری زیندانکەرانم بە کولتووری بەعس بەراورد بکەم، هیچ جیاوازیەکم نەبینی. من کەسێک بووم کە زانیبووم ناکەومە ژێر کاریگەریی هیچ ئیدیۆلۆژی و “هەژموون”ێکی سەرمایە و پاوانخوازی، ئەم ڕووداوە ئەو کەلەڕەقییەی کە دەمگوت “هەندەران بکەوێتە بەردەمی ماڵەکەم، لە حەوشەی دراوسێی ئەودیوە دەچمە دەرێ” بگۆڕم بە، “ من “بێ نیشتمانم”، ئەگەر لێرە “هەست بە غەریبی” بکەم، با غەریبییەکەم ببێت بە “مەنفا” و ڕاستی. ئەم ڕووداوە بە شێوەیەک “جێگیرە” لە “یادەوەری”دا، لەم وتارەوە ئێران دەبێت بە “پاڵەوان” لە مێژووی کەسێکدا هەتا ئەم ساتە سەرسەختانە تێدەکۆشێت بۆ دانپێدانانی بە کورددا و خۆی هەژار کردووە بۆ ئەوەی مێژووی کورد دەوڵەمەند بکات. بەم هاوکێشە لە سەرەتاوە تا ئەم خاڵە دەوترێت چی؟ کێ بەپرسە لە دروستبوونی و بۆ دروستیان کرد؟ ئەمڕۆ بۆ لە ژیانی هەموو تاکێکدایە؟ بۆچی بۆ وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتدا زلهێزە، گرنگە تەنانەت لە ژیانی تاکەکانیشدا هەژموون دروست بکات؟ بەتایبەت لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە سیاسەت تێیدا ڕاوکردنی تاکەکانە؟
پۆڵێنبەندیی داگیرکاریی مێشک و پەیوەندیی نێوان داگیرکار و داگیرکراو؛ کۆلۆنایزەر و کۆلۆنیاڵکراو هێندە قووڵ و کاریگەرە، سەدان ڕەهەند و کارەکتەری جیاواز و تێهەڵکێشی لە ژیانی هەردوو لادا دروست کردووە ؛ دەیان لقی زانستی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. لەم پەیڕەوە ئەتنۆگرافییەوە بە کورتی چەند ڕەهەندێکی کاریگەری داگیرکاریی مێشک کە لە پەیکەری یەکدا دەرکەوتووە، باس دەکەم. لەگەڵ ئەوەی من ڕووبەڕووی ڕووداوی لەوانە کاریگەرتر بوومەتەوە کە پەیوەندییان بە سێ وڵاتی کۆلۆنایزی دیکە (عێراق، سوریا و تورکیا)ەوە هەیە و بە نموونە سەبارەت بە ئێران کراوە، چون ئەم بابەتە بە نیازە مەسەلەی گرتنی زارا محەممەدی وەکوو دۆزی شرۆڤەیی لەنێو لێکدانەوەکاندا جێگیر بکات، بەڵام وەکوو زۆر بابەتی دیکەی زانستی لەبەر نەبوونی زانیاریی تەواو لەسەر شرۆڤەکاری كۆلۆنایزەیشن و پاش/پۆست کۆلۆنایزەیشن؛ کۆلۆنیاڵی نیشتەجێ و کۆلۆنیاڵی مێشک نییە، ئەم بابەتە سەرەتا کورتەیەک سەبارەت بە چەمک و دەستەواژەکان دەخاتە ڕوو.
چەمک و دەستەواژەکان
ئەوەندەی لە توانای زمانەوانیی من و زمانی کوردیدا بێت، هەوڵ دەدەم هەندێ چەمک دابڕێژمەوە بۆ بەشێک لەو وشانەی لە زمانی کوردیدا بەکار نەهاتوون یان بەهەڵە بەکارهاتوون و، پێناسەی کورتیان بەو شێوەیەی لەگەڵ بنەڕەتی بابەتەکەتدا دەگۆنجێت، بخەمە ڕوو.
کۆلۆنایزەیشن: colonization
ئاماژە بە پڕۆسەیەکی هەمەلایەنەی جێگۆڕکێی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، کولتووری و ئاماژەیی دەکات. سەرەتا بە جێگۆڕکێی هاوڵاتییان و باڵاکردنی هەژموون و ستراکتۆری کۆلۆنیاڵ؛ باڵاکردنی کولتووریی هاوڵاتیاینی هێنراو، یان بەشێک لە هاوڵاتییانی نیشتەجێ بەسەر چینەکانی دیدا، واتە بە بوونی دوو چینی باڵا و نەوی دەست پێدەکات.[٢] یەکیان خاوەن هەژموون و دەسەڵات و، ئەوی دیکەش ژێرڕکێڤ کەوتوو. پاشان بە ستراتیژیی ورد پەل دەهاوێتە نێو سەرجەم ئەو ڕەهەندە ناوهاتووانەی دی بە ئاستێک لەگەڵ کاتدا کۆلۆنیاڵکراو، شوناسنامە ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات.
کورد بە لاساییکردنەوە لە عەرەب، بۆ وشەی کۆلۆنیاڵ و کۆلۆنایزەیشن، وشەی داگیرکاری بەکار دەهێنێت.[3] ئەم وشەیە لەوانەیە بۆ گفتوگۆیەکی میللییانە هەڵە نەبێت، بەڵام بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین، بەتایبەت بۆ هۆشیاریی گەلێکی ژێردەستەی وەکوو کورد هەڵەیە و واتای تەواوی ئەو پڕۆسە کۆشندە و درێژخایەنە نادات. کۆلۆنایزەیشن جۆری زۆرە، لەگەڵ کاتیشدا جۆر و ستراتیژیی گۆڕاو و جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، داگیرکاری بەشێکی تەکنیکی -کردارییە بۆ هەندێ جۆر. هەندێ جۆر کۆلۆنایزەیشن بەبێ داگیرکاری ڕوو نادات، واتە دەبێت بە هەنگاوی یەکەم. داگیرکاریی نوێ زیاتر بە هێزی تەکنەلۆژیا و کولتوور بەڕێوە دەبرێت. گرتنی کوردستان لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیدا داگیرکاری بوو، تەوژم و هەژموونی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەدان ساڵە دەسەپێنێت و، کۆلۆنایزەیشنی پێ دەگوترێ.
کۆلۆنیاڵماڵین/ کۆلۆنیاڵداماڵین:
Decolonization
ئاماژە بە ستراتیژیی پرۆسەیەکی زانستی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و کۆدەنگ بۆ ناساندن و داماڵینی هەموو ئەو هەژموونانەی کۆلۆنیاڵ کە لەسەر هۆش و هزر، یادەوەری و، ویژدانی کۆلۆنایزکراو دایناوە. ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە ناساندنە لە سەرەتادا لەبەرئەوەی زۆرجار کۆلۆنایزکراو شوناسنامەی ژێرڕکێڤتەی خۆی بە هەست یان نەست، بە ئاگا یان بێئاگا پەسەند دەکات، دوور نییە بەرگریشی لێ بکات و دژی هۆشیارکەرەوانی بوەستێت، ئەگەر بە سەختی کەوتبێتە ژێر کاریگەریی هەژموون و کولتووری کۆلۆنیالیزەوە.[4] ئەم پڕۆسەیە بەو ئامانجە جێبەجێ دەکرێت کە هاوڵاتیی کۆلۆنایزکراو ببێت بە خاوەنی شوناسنامە، خاوەنداریەتیی خود و خۆ بەدیهێنان بن، خۆیان ئازاد بکەن لە هەژموونی دەرەکیی ناوەکییەکان.[5]
کەڵکاوەژۆ کردن: Equivocation
ئەگەر وەرگێڕانی پیتی وشەی ئەکۆڤەکەیشن بکەین دەبێت بە ناتەبا، بەڵام لە پێڤاژۆی لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکانی کۆلۆنایز و پاش/ پۆست کۆلۆنایزدا واتای کەڵکاوەژۆ کردنە بە سوودی چینی سەردەست، واتە کۆلۆنیازەر. بۆ هەموو ڕووداوێکی مێژوویی، تەنانەت کۆمەڵاتی و بۆنەیەک، ڕووناکییەکی کۆمەڵ و گرووپی ژێردەستە، یان چیرۆکێکی پێچەوانە دروست کراوە، یا خود لە ڕووی زمانەوانییەوە بە شێوەیەک دەری دەبڕێت کە زیان بە کۆلۆنایزکراو بگەیەنێت. شێوازی زیان بەرکەوتنەکە بە شێوەیەک دەکەوێتەوە وەکوو ڕاستی پەسەند بکرێت. گایەتری سپڤک پسپۆڕی بواری کۆلۆنیاڵ و پۆست کۆلۆنیاڵ، پێی وایە بۆ ئەوەی عەقڵی مانەپۆلکراو یان ژێرڕکێڤەکەوتوو ببێت بە خاوەن دەنگ، پێویستە خۆی لەو هاوکێشە زمانەوانییە ناڕوونە بپارێزێت کە دەتوانێت لە یەک کاتدا چەند مەبەست بپێکێت.[5]
ژێر ڕکێڤکەوتە: subaltern
ئاماژەیە بەو هاوڵاتییانەی لەژێر دەست و لەگەڵ کۆلۆنیالی نیشتەجێدا دەژین. ئەم دەستەواژەیە یەکەم جار ئەنتۆنیۆ گرامشی(١٩٧٠) بەکاری هێناوە، وەکوو هاوڵاتی و کۆمەڵە مرۆڤێک کە لە لایەک خاوەنی دەنگی خۆیان نین و ڕێگە نادرێن، لە لایەک خۆیان ڕازین بەو سەردەستەیەی کۆلۆنایزەر[5].
بەڵام سپڤک( ١٩٨٨) وەکوو ئەو کۆمەڵە مرۆڤە دەبینێت کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی هێزێکی دەزگایی و بەشبوونی دەزگا کە بۆیان نییە یان ناتوانن دەنگی خۆیان هەبێت، کۆمەڵێکن کە شوێنی ویژدان لەناو کۆمەڵگە و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا ناگرن[6]. ئەم بابەتە گەرچی باوەڕی بە پێناسەکانی سپڤک هەیە، بەڵام “ ڕازیبوونە خۆسەری”یە کەی گرامشیی دەبارەی ونبوونی دەنگی هاوڵاتیی کۆلۆنیازکراوی پێ ڕاستە.
کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێ:
Settler Colonialism
جۆرێکە لە جۆرەکانی کۆلۆنیاڵیزم کە هاوڵاتییانی ڕەسەنی ناوچەیەک دەگۆڕێتەوە، ناوچە و خاک و سنوورەکانیان داگیر دەکات و کۆمەڵگەیەکی سەردەست و بە هەژموون لەوانەی خۆی هێناویەتی دروست دەکات.[7] ئەم کۆلۆنیاڵە هاوڵاتییانی ڕەسەنی سنوورەکە وەکوو هاوڵاتیی پلە دوو سەیر دەکات، بەڕێوەیان دەبات و ڕێگە نادات لە بەرهەمی خاکی خۆیان سودمەند بن.
کولتوور: Culture
لە ساڵی ١٩٥٢دا ئەنترۆپۆلۆگیستی ئەمریکی ئەڵفەرد کرۆبەر لە کاتی پێداچوونەوەی چەمکی کولتووردا ١٦٤ پێناسەی جیاوازی کولتووری دۆزییەوە. کولتوور چەمکێک نییە تەنها چەند بوارێکی ژیان بگرێتەوە.[8] کولتوور مامەڵە و ژیانی ڕۆژانەیە، ئەوانەی ڕۆژانە ئەنجامیان دەدەین.[9] کولتوور ئەو چەترەیە هەموو بوارەکانی دیکەی ژیانی بە ژێردا هەڵواسراوە و هیچ بوارێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی و سەربازی لە دەرەوەی ستراکتۆری کولتوور نییە. تێبینی دەکرێت بەو دوایییە خەریکە کۆمەڵی کوردیش لە باس و نووسین دەربارەی کولتوور، بەڵام بە تێگەشتنی کلاسیکی بێبەش نەبێت. کولتوور تەنها بەراورد دەکرێت بە سەرەتای سەدەی بیست کە پێیان وابوو کولتوور هونەر و خواردن و وەرزشە. دامەزرێنەرانی دراساتی کولتووری و شوێنکەوتووانی پەیڕەوی مارکسی لە ساڵی ١٩٦٤دا ڕایمەند وڵیامز، ستیورات هۆڵ و ڕیجەرد هۆگەرت، بۆ ماوەیەکی زۆر، بە کرداری بەرخۆری و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە پێناسەیان دەکرد، ئەوانیش سەرەتا تەنها ڕەچاوی تیۆرە کلاسیکەکەیان دەکرد. پاشان دامەزرێنەرانی قوتابخانەی فڕانکفۆرت، کە ستیورت هۆلیشی تێدا بوو، لە بەریتانیا لە سەرەتای حەفتاکاندا بە گژ ئەم بۆچوونەدا دەچوونەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ مرۆڤ پێویستی بە زانست و دراساتی کولتووری نییە بۆ ئەوەی بزانێت کولتوور زۆر لە هونەر و وەرزش و خواردن و کەلەپوور زیاترە، بەڵام دەست پێکردنی کورد، زیاتر بەرهەمهێنانەوەی هەڵە تێگەیشتنەکانە نەک لەگەڵ ڕێڕەوی نوێی زانستی کولتووری.
کۆمەڵگەی کوردی لە پەراوێزی چەمکەکاندا
مرۆڤی کورد تەنها مرۆڤی پاش کارەسات و جینۆساید نییە، ڕاستە تەنها ئەم دووانە گوازەرەوەی قورسترین دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کولتوورین، سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەی قوربانی هەڵدەوەشێنێتەوە. کۆمەڵگەی پاش کارەسات لە خوێدا هەرگیز ناخرێتە چوارچێوە دروستەکەی خۆیەوە. لە سەروو ئەمەشەوە، کۆمەڵی کوردی بە زۆرەملێ لەگەڵ کۆلۆنیاڵیزمی نیشتەجێدا دەژیت، ئەمەیان لە دەرئەنجامەکانی جینۆساید کاریگەرترە، چون کاریگەرییەکانی هەمیشەیین و زۆرجاران نەبینراون. گەرچی وێناچێت کورد خۆی هەست بەم ڕاستییە بکات، بەو بەڵگەیەی لە گفتوگۆ و گۆڤەنەکاندا نایبیستێت کە ئەو نەتەوەیەکی کۆلۆنایزکراوە و لەگەڵ کۆلۆنایزەرەکەیدا دەژی، دەستەواژەی کۆلۆنیاڵی نیشتەجێ لە کورد نابیستێت. ئەڵێت دوژمن دەوری گرتووم، هەمیشە نوێنەرایەتیی خۆی بە شێوەیەک دەکات کە دوو ئاراستە ببێت بە فریادڕەسی و، ڕزگاری بکات: یان شۆڕشی چەکداری یان لە باوەشی کۆلۆنیاڵی نیشتەجێدا حاوانەوە. لەگەڵ ئەوەی بە کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار ناسراوە، بەڵام کەوتووەتە پەراوێزی چەمکەکانەوە و، تێگەشتن لێیان نەبووە بە خەم.
هۆکاری ئەم بێباکییە ئەوەیە پاش خاکەکەی، کورد سەدان ساڵە مێشکی بە هەژموونەکانی کۆڵەنایزەیشن داگیر کراوە. شۆڕش و بەرگری بۆ پاراستنی گیانی و خاکی بەرهەم هێناوە، بەڵام نەک بۆ ڕزگاریی مێشک و ویژدانی. مێشکی داگیرکراویش خوێندەواری بۆ ئاوەدانی نیشتمان نییە، بەڵکوو بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. لێرەوە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا لای خوێندەواریش، جێگەی خوێندەواری نابێتەوە، دەستەبژێرەکانی لەبری هۆشیارکردنەوە و بەرنامەڕێژی، دەبن بە ئامێری گواستنەوە و بەرهەمهێنانەوەی کولتوور و هەژموونەکانی کۆلۆنیاڵیزمی نیشتەجێ و ئەو توێژەی کۆمەڵگە کە بە زەقی بەرنامەکانی کۆلۆنایزی ناوخۆ/ئەنتەرنەڵایز دەکەن. لەگەڵ ئەوەی لەو بەشە نیمچە ئازادەی کوردستاندا کە ناوی باشوورە، هێندەی هەموو خوارووی ئەمریکا ( نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کەنەدا) میدیا و دەزگای وەشاندنی تێدایە، بەرنامە و کتێب و بڵاوکراوە لەسەر ئازادکردنی ژێردەستەیی و میتۆلۆژییەکانی نییە. لە چوارپارچە لەگەڵ کۆلۆنیالی نیشتەجێی ژیانکردوودا جۆرناڵی ئەکادیمی باوەڕپێکراو سەبارەت بەم دۆزە نییە، پسپۆڕان دەنگیان بگەیەنن بە خەڵک و کۆدەنگی دروست بکەن. دەکرێت ئەمە لەبەر ئەوە بێت لە بنەمادا حیزبی کوردی بۆ خزمەتی پەرەپێدانی پەیڕەو و پڕۆگرامی کۆلۆنایزەیشن و داگیرکەرانی خاکی کوردستان هەبێت، دەنا ڕەتکردنەوەی کتێب لەسەر کۆلۆنیالیزم و کولتووری ژێرڕکێڤە و بەرهەمهێنانەوەی هترۆپاتریارکی کۆلۆنیالیزم کە لەم بابەتدا هەڵیدەبوێرم،[10] کاراکردنی ئامانج و بەرهەمهێنانەوەی بەرنامەکانی کۆلۆنیاڵە و، ئەمە بۆ نموونە لای ڕەشپێستەکان یان هاولاتییانی ڕەسەن بە خیانەتی نیشتمانی ناوزەد دەکرێت. بەڵام لەو بەشەدا هاوڵاتییان هێندە بە شەوقەوە پەیڕەو و پرەنسیپی کۆلۆنیاڵی نیشتەجێ بەرهەم دەهێننەوە، کاریگەرییە خراپەکانی و کۆلۆنیاڵداماڵینی مێشک گفتوگۆ و پێاڤاژۆ دروست ناکات.
کۆلۆنیاڵداماڵینی مێشک، ئازادکردنی هۆش
ناونیشانی کتێبێکی پسپۆڕی پۆست-کۆلۆنیاڵی ئەفەریقی Decolonising the Mind دەستەواژەی کۆلۆنیاڵداماڵینی مێشک کە نووسەر تێیدا گفتوگۆی ئازادکردنی هۆش وەکوو هەنگاونان بۆ ڕزگاریی خاک و زمان وNgũgĩ wa Thiong’o کولتووری مرۆڤی ئەفەریقی دەکات.[11] بەڵام بەرلەم نووسەرەش پسپۆڕانی وەکوو فرەنز فانون و ئێمەی سەسۆر باسیان لە بنەمای تیۆریی پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیالیزم و توندوتیژی و داگیرکردنی هزو و هۆش کردووە. لای هەر یەک لەمانە پڕۆسەی کۆلۆنایزەکردن پڕۆسەیەکی پڕ توندوتیژی و ستراتیژیی وریایە و بە ئاسانی دەتوانێت سەرجەم بوونی مرۆڤ داگیر بکات نەک تەنها کەلێنەکانی ژیان. شۆڕشگێڕ و چالاکەکانیان هەنگاوەکانیان لەسەر بۆچوونی پسپۆڕەکانیان داڕشتەوە و، کەسێکی شۆڕشگێڕی وەکوو ستیڤن بیکۆ کە دەڵێت، “ بەهێزترین چەک لە دەستی چەوسێنەردا، لە بیر و ھزری چەوسێنراوەکەیەدایە”[12] وەکوو چالاکی دژە کۆلۆنیاڵ دەستی بەکار کرد و هەر بەم هۆیەشەوە گیانی بەخشی. هۆکار و کاریگەریی دروستکردنی هەژموونی هەمەلایەنەی کۆلۆنایز بە شێوەیەکی دروستتر لە تیۆرە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نووسەری ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشیدا ڕاڤە کراوە. گرامشی لە میانەی لێکدانەوەی پەیوەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، جووتەی سەردەستە/سەرڕکێڤی یان سوبژە و چینی ژێرڕکێڤ/ سەبەڵتەرن بۆ ئەوەی باسی ئەو هەژموونە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی سەردەستکراو و چۆنیەتیی قوتدانی ئەم کولتوور و ئابوورییە ژیڕڕکێڤکەوتە بکات. لە سەردەمی ئەودا و خەمی گرامشی بۆ هێڵ کێشانی جیاوازیی کوشندەی نێوان چینی بورژوا و پڕۆلیتاریا و جووتیار بوو.[13] و [14] بەڵام پسپۆڕانی بواری کۆلۆنیاڵیزم و پۆست-کۆلۆنیاڵیزم، لەوە بەرفراوانتر و کاریگەرتر ڕەچاوی دەکەن کە تەنها هێڵی جیاوازیی نێوان دوو چینی هەژار و دەوڵەمەند بكێشێت، بەڵکوو هێڵی نێوان دەوڵەمەندێکی بەکەڵک و یەکێکی بێکەڵك، زانیاییەکی بەنرخ و یەکێکی لەو باشتری بێنرخ. هەژموونی داگیرکاریی هۆش هەژموونی گیرفان نییە، هەژموونی بێکەڵک کردنی عەقڵ و ویژدان و هۆشی کۆلۆنیاڵ کراوە.
داگیرکاریی کوردستان و کۆلۆنایزکردنی کوردیش بە هەمان شێوە، لە پرسی خاک زۆر زیاتر و کاریگەرترە. پرسی گەڕانەوەی هۆشی کوردی لە خاک بەهەندتر وەرنەگیراوە، بۆیە پاراستنی خاکی بووە بە مەتڵێکی نەزانراو، لە کاتێکدا هەمیشە بەهای ناهۆشیاری دەگەڕێننەوە بۆ سەرقاڵبوون بە ئازادیی نەتەوەیی. کۆلۆنایز پڕۆژەیەکی جێگۆڕکێی کولتووری قوربانییە، مۆرکردنی مۆسیقا، هونەر و ئەدەب و زمان و ژیانی بە کەمتر و نزمتر .
کۆلۆنایز کەڵکاوەژۆ کردنی مێژوو و ڕووداوەکانی ڕۆژانەی ژێرڕکێڤکەوتەیە؛ پڕۆسەی فێربوونی مەعریفەیەکە پێچەوانەی نۆڕمی ئاساییی کۆلۆنیاڵکراو و دژی بەرژەوەندیی خوی، بەئاگا و بەبێ ئاگا لە مێشکیدا دەنیشیت و لەگەڵ کاتدا یادەوەری بەتەواوی داگیر دەکات. پاش کۆلۆنایز مێشک بازنەیەکی بێ کۆتایی بەیەکەوە بەستراو دروست بێت بە دەیان چەمکی دەروونی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی و کولتووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام دیسان لە کۆتاییی بازنەکەدا دەتباتەوە سەر هەژموونی کۆلۆنایز بۆ ڕزگاربوونێک کە لای ئەو نییە.
ڕزگاربوونی خاکێکی کۆلۆنایزکراویش تەنانەت ئەگەر داگیرکەرەکەش لە خاکەکەی دەرکرابێت، کاتێک کۆتایی دێت کە پڕۆسەیەکی زانستییانە و ستراتیژ بۆداڕێژراو بۆ ئەو مەعریفە وەرگیراوە بگۆڕیتەوە نەک بسڕێتەوە. هەندێ لە پسپۆڕان بە فانون و سەسۆریشەوە پێیان وایە بە پڕۆگرامی ئەنتی کۆلۆنیالیزمی توند، توندوتیژیی کۆلۆنیالیزم کۆتایی دێت. بەڵام من ئەو تیۆرە بەهەڵە دەزانم و پێم وایە پیویستە جێگۆڕکێ و تێگەیشتن و جێگرتن شوێنگرەوەی بێت. چون ئەگەر پڕۆسەی کۆلۆنیالیزەیشن مەعریفە بێت وەکوو پسپۆڕان باسی دەکەن، واتە پڕۆسەی فێربوونیشە. لە پڕۆسەی فێربووندا زانستێک جێ بە زانستێکی دی لێژ دەکات، زمانێک بە زمانێکی دی چونکە توانایی وەرگرتنی مێشک سنووردارە، هەر وەکوو چۆن بە فێربوونی زمانێک، زمانێکی دی لەبیر دەچێتەوە کە کەمتر بەکاری دەهێنێت، پڕۆسە هۆشییەکان جێگرەوەیان ئەوێت. بۆیە پێویستە مەعریفەیەکی نیشتمانی دروست جێگەی ئەم پرسەش بگرێتەوە و بخرێتە جێگەی مەعریفە کۆنەکەوە.[16]
کۆلۆنایزی هۆش، برین و ڕووداوێک نییە کات چارەسەری بکات، واتە بە تێپەڕبوونی کات هۆش و مێشکی داگیرکراو بەجێ بهێڵێت، بەپێچەوانەوە لەگەڵ کاتدا ناواخن دەبێت و کاریگەرییەکانی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی دەگوێزرێتەوە. چون لە لایەک تراما و لە لایەک ستراکتووی کولتووری گوێزەرەوەیە لەنێوان نەوەکاندا.[17] بەو بەڵگەی لە باشووردا لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ دەبینێت کە هەرگیز ئاشنا نەبوو بە پەیڕەو و پۆستاڵی بەعس، زمانی عەرەبی نازانێت، بەڵام لە سەدام و میشێل ئەفلەقی بونیادنەری حزبی بەعس بەعسیترە، بەبێ ئەوەی بزانێت ئەو ئاکار و کردارانەی ئەو بەعسییانەیە. هەندێکیش بە ئاگاوە کەوتوونەتە پیاهەڵدان بە سەدام و بەعسدا و هەندێک لە ڕۆژی پۆشاکی کوردی، پۆشاکی کۆلۆنایزەرەکەیان دەپۆشن، ئەمانە هەندێکیان لە تەوەرەکانی ڕۆشنبیر و خوێندەواری دەڵەچەدا جێگەی دەبێتەوە، هەندێکیان بە ناوی تووڕەبوون لە دۆخی کورد نۆستالیژا دەگێڕنەوە بەبێ ئەوەی خۆیان هەست بکەن. ئەمەش لەبەرئەوەی کاریگەریی کۆلۆنیالیزم تەنها گوێزەرەوە نییە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی، بەڵکوو دەبێت بە پڕۆسەیەکی نەستیش کە لە بێ ئاگاییدا جیگەی خۆی دەکاتەوە. واتە کات لەبری کاڵکردنەوەی دەکات بەوەی گرامشی دەڵێت هۆش و زەوقی گشتی[18] و ئەبێت بە کولتوورێکی ئاسایی و بە ئاسانی نەبینراو.
لێرەوەیە نەتەوە ژێردەســـــــت و جینۆسایدکراوەکان پاش ڕزگاربوون لە جینۆساید یان داگیرکاری، پرۆگرامی ناسیۆنالیزمی توندیان بۆ داماڵینی کۆلۆنیالیزم داڕشتووە، چون دەزانن ئەگەر دەرئەنجامە خراپەکانی ناسیۆنالیست چەند خراپیش بێت دە دەرسەدی کارلێکەرە خراپەکانی کۆلۆنیالیزم نین. نەک لەبەرئەوەی بێئاگان لەو چەند هۆکار و چەمکانەی کورد دژی ناسیۆنالیزم فێری بووە بەکاری دەهێنێت و لە لایەک چەمکی خۆ داهێنەر لەوانە وەرگیراون کە چەمکی ناسینۆلیزمەکەی پێ ناساندوون. لە لایەکی دی کوردی هیچ پارچەیەک نە ناسیونالیزمی ڕاستەقینەی ئەزموون کردووە و نە ئازادیش، هەتا دژی بوەستێتەوە. ئەمەی نەتەوەکانی دی کردوویانە وەکوو جوولەکە، ئەرمەنی و لە ئێستادا تامیل و کەمبودیەکان دەیکەن، لەو ئاگایییەوەیە کە کۆلۆنایزکردن هەرگیز تەنها پڕۆسەیەکی دەرەکی و فەرمانێک نییە پیویستی بە پلان و دەنگی نێودەوڵەتی بێت، هەمیشە پرسێکی ناوخۆییشە.[19] پێویستە ئەم پرسە وەکوو چۆن توندوتیژیی ناوخۆ و ماڵی ساڵانە پێویستی بە پلان و ستراتیژیی نوێ هەیە، پرسی کۆلۆنیالداماڵینیش دەبێ هەمیشە خۆی تەژی بکات بە پلان و زانستی تۆکمەتر؛ وە لە هەموو هەلێکیشدا کردارەکانی کۆلۆنیاڵ بیر بهێنڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر هاولاتییانیشی لە کاریگەرییەکانی داماڵیبێت. بۆ نموونە هەنووکە لە میانەی شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا، حکومەت، دەزگاکان، زانکۆکانی پۆڵەندا، دەیان بیچم و جۆری هاوکاری و کاری خۆبەخشییان لەنێو پۆڵەندادا بۆ هاوڵاتییانی ئۆکرانی دروست کردووە کە پەرتەوازەی ئەو وڵاتە بوون. ڕۆژی سەدان پۆڵەندی دەچنە سەر سنوورەکان و هاوڵاتیی ئۆکڕانی دەهێننە ماڵی خۆیان. گەورەترین زانکۆیان فۆڕم بۆ سەرجەم فەرمانبەر و فێرخوازانیان دەنێرێت و هەژدە جۆری هاوکارییان بۆ دەستنیشان کردوون و بۆشایییەکیشی داناوە بۆ جۆرێک هاوکاریی دی کە پێشکەشکار خۆی پێشنیازی بکات. ئەمە کۆدەنگی دروستکردن نییە بەرانبەر کەیسێکی مرۆڤانە، بەو بەڵگەی تەنها مانگێک پێش ئێستا هاوڵاتییانی کورد و ڕۆژهەڵاتی لە سنوورەکانیدا لەژێر شەپۆلی سووکایەتی و برسیەتی و سەرمادا دەمردن. بەڵکوو ورووژاندنەوەی یادەوەرییە و زیندووکردنەوەی هۆشە بەرانبەر بەو لایەنەی کۆلۆنیالیزی کردبوون، چون کۆلۆنیاڵ یادەوەری داگیر دەکات و هۆشی سنووردار دەکات. هۆشی چپێنراوی شۆک بوو، هەرگیز چارەسەری سەد دەرسەد ناکرێت، چونکە ڕووداوەکان بەتەواوی یادەوەری بەجێ ناهێڵن، بەتایبەت تڕاما. لەبەر ئەوە هەندێک جار پێویستی بە ورووژاندنەوەی هەستە بۆ چارەسەکردن، زیندوو ڕاگرتنی ئەو ڕۆح و پرەنسیپە بەشێکی تاریکییەکانی یادەوەری ڕووناک کردبووەوە. بۆیە ئەگەر پۆڵندییەکانیش بەئاگا بن، سەرمەشقکارانیان بێ ئاگان نین، دەزانن بەوەی دەیکەن هەستی نیشتمانی لەناو هاوڵاتییانیدا بڵاو ناکاتەوە، بەڵکوو ڕۆحی ئامادەباشی بۆ ئەگەرێکی نەخوازراو لە لایەن هەمان کۆلۆنیالیزمەوە پەرە پێ دەدات.
کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا زیاتر لە هەڵمژینی هەوا پێویستی بە هێزی ڕزگاربوون و هێزی دانانی پەیڕەوی دژەکۆلۆنیاڵ و کۆلۆنیاڵزمداماڵینە. بەڵام نەک ئەمەیان نەکردووە، بەڵکوو گەر بەبێ بەڵگەش، کەسێک بە میوانی سەردانی هەر یەک لە پارچەکانی کوردستان، بە تایبەتی باشوور بکات، تێدەگات کە کورد بۆ ئەوەی ببێت بە کارخانەی بەرهەمهێنانەوەی پرەنسیپەکانی داگیرکەر، کۆلۆنایز و جینۆسایدکارانی دروست بووە. ئەوانیش نەمێنن خۆی لە سەدان فۆڕمی جیاوازدا خۆی دەسڕێتەوە و ڕازیبوونی خۆسەری دەکات بە پەیام.
واتە ڕازیبوونی بەشێک یان کۆی دانیشتووان “spontaneous consent” ڕازیبوونی خۆسەری چەمکی گرامشییە بە پرنسیپە گشتییەکانی و هەژموونی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریی کۆلۆنایزەر و وابەستە بوون پێیانەوە[20].
لە کاتێکدا تیۆرە سایکۆلۆژییەکان بەم پەیوەندییە توندە دەڵێت عاشق بوون بە چەوسێنەر، ئەگەر چەوساوە لە چەوساندنەوە بکەیت خۆی گەڕێک دەگێڕێت بۆ ئەوەی بچەوسێتەوە، یان ڕاستەوخۆ داوای چەوساندنەوە دەکات.[21] گەرچی لە ڕووی فەلسەفییەوە فۆکۆ لە میانەی جەستە و سیکشوالیزمەوە مامەلەی لە تەک ئەم پابەندییە کردووە، بەڵام هەروەکوو پەیوەندیی سێکشوالیزمی نیوان کۆلۆنایزەر و کۆلۆنیاڵکراویش دەبێت بە رژێمێک لە ڕاستی و چەوساوە و ئاکاری چەوسێنەر وەکوو لۆژیک ژیان وەردەگرێت. ئیتر ئەم ڕژێمە ڕاستییە لە ڕوانگەی فۆکۆوە ستراکتۆری مرۆڤ لە دەرەوە و لەناو ستراکتۆرە دەزگاییەکاندا دەکات[22]، هەمیشە مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگی خۆی دەکاتەوە.
لە کورتهێنانی زانستی و کەمتەرخەمی بەرانبەر بە پرنسیپی کۆلۆنایزەیشن و کۆلۆنیالداماڵینی مێشک و هۆشدا مێژووی کورد بە مەرگ و وەرچەرخانەکانی بەئەزموونی ناشایستە گۆڕیوەتەوە. ىۆ نموونە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە باشوور کۆدەنگێکی هۆشیارانە بوو بۆ دروستکردنی كۆڵۆنیاڵزاوتێ، بۆیە توانی خاکەکەی لە داگیرکاری پاک بکاتەوە. بەمەش مێژوویەکی بێوێنەی تۆمار کرد کە بۆ ماوەیەکی زۆر مشتومڕی سیاسیی دەرەکی دروست کرد. بەڵام لەبەرئەوەی پاش ڕاپەڕین پڕۆسەی دیکۆلۆنایزەیشنی مێشک و هۆش کارا نەکرا و شتێک بە ناوی ویژدانی کوردی دروست نەکرا، ئیتر ئەم ڕووداوە لە مێژوو دەرچوو، گۆڕا بۆ کۆمەڵێک ئەزموون، ئەم ئەزموونانە ژمارەی نەشیاوەکانی هێندە زۆر بوون و تاکی مرۆڤ و پرۆژە شیاوەکانی شاردەوە. بە ئاستێک بەرهەمی ڕاپەڕین لە ڕووی دەرەکی و ناوخۆوە پووچ بوونەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی هاوڵاتییانی ئەو هەرێمە بە دەسەڵاتدار و چینی ئاسایی و ئەوانەشی مۆرکی ڕۆشنبیرییان لێدراوە، بە شێوەیەکی توند بەستراون بە مەعریفە و نەستی چەوسێنەرەکانیانەوە. بەرهــەمهێنانەوەی کولتووری بەعس و ناواخنکردنی تاوانەکانی لەناو کورددا[23] هێزێکی بێوێنەی بە بکوژانی کورد بەخشیوە کە لە ترۆپکی لاوازیاندا، لە داهاتووی نزیکدا ئەو نیمچە ئازادییەیان لێ وەربگرنەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە کورد لە لایەک هیچ هۆشیارییەکی دەربارەی هەژموونی کۆلۆنایز و ئازادکردنی مێشک نەبووە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە؛ یان ڕاپەڕین تەنها لە میانەی پاڵپشت یان لەپشتدانی هێزی دەرەکی ڕووی داوە بۆ بەرژەوەندیی چەند هێزێکی دی. ئەگینا هەموو میللەتە ڕزگاربووەکانی دنیا هەمان دەردی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوروی و سایکۆلۆژیی کوردیان هەبووە؛ ئەوانیش بەشێکی سیاسی و کۆمەڵگا بە گشتی ناهۆشیار بووە سەبارەت بەوەی ئازادیی خاک بەستراوە بە ئازادیی هۆش و عەقڵەوە، گەر وانەبوایە لە بەنامدا ئەو تیۆرانەی سەبارەت بە کۆلۆنایزەیشن بەرهەم هاتوون، نەدەبوون. بەڵام پێچەوانەی کورد کە دەبن بە بەربەست، ئەوان ڕێگەیان بە پسپۆڕانی خۆیان داوە کە ستراتێژیی ئازادییان بۆ دابڕێژن و فەلسەفەیەکی زمانەوانییان بۆ بچێنێت کە بەشە داگیرکراوەکانی یادەوەری سووک بکات. ئەمە ئەو هەڵە و بۆشایییانەیە کە بەشەکانی دیکەی کوردستان پێویستە سوودی لێ ببینن و نەهێڵن لایان بەرجەستە ببێت، گەرچی لای بەشەکانی دیش وا وردە وردە بەرەو ترۆپک ڕۆیشتن مل دەنێت.
كۆلۆنایزی زمان، زمان و کێشەسازی
زمان مەکۆی بایەخ و بەربەژێری پرنسیپ و پلانە لەمێژە داڕێژراوەکانی پڕۆسەی کۆلۆنایزکردنە، لێرەوە لەم ساڵانەی دواییدا وشەی جینۆسایدی زمانەوانی گۆڕا بۆ زمان-ساید بۆ ئەوەی وەکوو یەکەیەکی سەربەخۆ جینۆساید بناسرێت لەبری ئەوەی بخرێتە ژێر لقێکی جینۆسایدی کولتوورییەوە.[24] ئەمە بۆ پەیڕەوی کۆلۆنایزیش هەر ڕاستە. كۆلۆنایز جگە لەوەی خۆی فەلسەفەیەکی زمانەوانیی تایبەتی هەیە و هەموو پڕۆسەکانی کەڵکاوەژۆکردن لە ناواخنیدا جێگەی دەبێتەوە، بەڵام بایەخی زمانەوانیی ئەوان لە ڕوانگەی دەربڕینەوە نییە، بەڵکوو لەناوبردنی زمانی دایک لەناو گرووپی کۆلۆنایزکراودایە.
کێشەسازی بەرلە هەموو جینۆساید و چەوساندنەوەکانی دنیا دەکەون، لە چەوساندنەوەی تاکێکەوە تا، problematization جینۆسایدی نەتەوە و گرووپێک.[25] لە دراساتی جینۆسایددا کێشەسازی یەکێک لە تەکنیکە گرنگەکانی جێبەجێکردنی جینۆسایدە. هەر یەک لەو گەلانەی جینۆساید کراون، جوولەکە، کامبۆدیا، هاوڵاتییانی ڕەسەن، ئەرمەنییەکان و کورد هەموو بەرلە داگیرکاریی خاکیان، بەرلە جینۆسایدی خۆیان نەشتەری کێشەسازی کۆمەڵێک بۆشایی لەسەر مێژوو، ڕۆح و شوناسنامەی هاوڵاتییانیان بەجێ هێشتووە کە پڕۆسەی کۆلۆنایزکردنی ئاسان کردووە. هەمیشە کێشەسازەکان لە وەحشیگەراندن یان بە وەحشیکردنی هاوڵاتی و نەتەوەی ئامانجکراوەوە دەست پێدەکات. وەکوو هاوڵاتییانی ڕەسەن وەحشیگەرن، لە دەشت دەژیان و هاوڵاتیی سپی خاکەکەیان داگیر کرد و لەسەری نیشتەجێ بوو بۆ ئەوەی فێری شارستانییان بکات، لە کۆخدا بوون، فێریان کردن خانوو دروست بکەن، بۆیە دەبوو خانوو بۆخۆشیان لەو خاکەدا دروست بکەن. یان کورد درۆزنە، هەرگیز خاوەنی نیشتمان نەبووە، کۆمەڵێک قەرەجی هیندین، یان تورکی شاخین، یان وەکوو عەرەب ئەڵێ جنۆکەن و لە ڕەگەزی شەیتانن.[26] بەمەش شەرعییەت بە کردارە کۆلۆنایز و جینۆسایدییەکانی خۆیان دەدەن، گەرچی سەیری ئەم بەهانە بکەیت، لە کۆمیدیا دەچێت، بەڵام خاوەنی هەژموونیش بووە. چونکە مامەڵەی لەنێوان دوو چیندا پێکراوە، سەرڕکێڤ و ژێرڕکیڤ کە هەندێ جار هەموو ناکۆکییەکانی پەسەندە بۆ ئەوەی لە ڕیزی سەرڕکێڤدا جێگەی بکرێتەوە، گەرچی تەنها کاتیش بێت.[27] کێشەی گەورەی ئەم تەکنیکە وەکوو هەموو شێوازەکانی دی لەگەڵ کاتدا یادەوەری و نەستی هاوڵاتییانی ئامانجکراو دەگرێت و خۆشیان باوەڕ بە وەحشیگەرییەکە ئەکەن و بەڕاستی دەبن بە وەحشی دژی یەک. ئەم وەحشیگەراندنە هەموو ڕوانگەکانی ژیانی گرووپ و نەتەوەی سەبژەکراو دەگرێتەوە، بەڵام ئەم بابەتە کە مەبەستێتی باسی هەندێک لە دووجار قوربانی بوونی زارا محەممەدی بکۆڵێتەوە و لەنێویاندا تەنها جەخت لە سەر زمان دەکات. دیارە لای کۆلۆنایزەر جگە لەوەی کۆلۆنیاڵکراو بە خەڵکێک نابینرێت شایانی هەبوونی زمانی سەربەخۆی خۆی بێت، زمانەکەشی کێشەدار دەکرێت و کێشەکەی دەکرێت، وەکوو ئەوەی کوردی بە کەڵکی زمانی خوێندن نایەت، چونکە لەگەڵ زمانی قورئان لە یەک ناچێت و هەمیشە ئەم پڕۆسەیە بۆ سەرخستنی میتۆدی کەڵکاوەژۆکردنی سەرکەوتن مسۆگەر دەکات[28]. بەڵام لە ئەمانە زیاتر سوود لە تەکنیکی زمانەوانیی کەڵکاوەژۆکردن دەبینرێت لە کێشەسازی و بە کێشەکردنی زماندا.
کەڵکاوەژۆکــــــردنی هـۆشیاریی کۆلۆنیاڵدزاوتن (Equivocation)
کەڵکاوەژۆکردن لە دراساتی کۆلۆنیالیزم و دژە کۆلۆنیاڵدا تەنها بۆ فریودان و سەرلێشێواندنی بەرانبەر بەکار ناهێندرێت، بەڵکوو بۆ ڕوالەت پێدان و تایبەتمەندیدان بە بەهانەکانی چەوسێنەر کە وەکوو ئامراز دژی چینێک یان گرووپێک بەکاری دەهێنێت، بۆ ئەوەی هۆشیاریی کۆلۆنیاڵدزاوتنیان لەناودا دروست نەبێت. لە ڕووی سیاسیشەوە هەندێ جار کەڵکاوەژۆکردن بۆ ئەوە بەکار دەهێنرێت کە تۆپەکە بخاتەوە مەیدانی دژە بەرانبەرەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران لە بەکارهێنانی لۆژیکی کەڵکاوەژۆکراودا لە هەمووان زیرەکترە. لە نموونەی ئەتنۆگرافی و لە پێشەکییەکەدا هاتووە، دەبینین لایەنە کوردییەکە ویستوویەتی سوودی کەڵکاوەژۆ لە کارکردنی خۆی بۆ ئێران وەربگرێت دژی کچێکی گەنج کە بەرانبەریان وەستاوە و بەرگری لە موڵکداریەتیی خۆی دەکات. ئەمەش بە ناوی ئایین و سیاسەت بە ئێران بفرۆشێتەوە. ئێرانیش زیرەکانە تەنها تۆپەکە ناخاتەوە بەر پێیان، بە یەک وەشاندن لە چوار خاڵی گرنگیش دەدات. یەک بۆ من و ئەم مێژووە باس کراوە و ئەوانەشی ئاگایان لەم ڕووداوەیە دەڵێت کە ئێران هەماهەنگی یئەوان لەسەر بنەمای ڕووشاندنی کەرامەتی ژنەکانیان و شەڕی تاک ناکات، بەڵکوو سیاسەت دەکەن، نەک پشتگیریی یاریی کۆمەڵایەتی. دوو، کوتەک لە تێگەیشتنی ئایینی و دیموکراسی حزبە کوردییەکان دەدات، کە زۆر بانگەشەی ئەم دوو چەمکەیان دەکرد. سێهەم، لە میانەی عەقڵێکی کۆنسەرڤەتیفی ئایینی وەکوو خۆمەینییەوە دەیبینی ئەوانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە ئایین و ڕۆشنبیر کراوە بە پاشگریان. ئایە ئەم ئاکارانە لەناو ئێراندا ڕوو دەدەن؟ بەڵێ، بەڵام ئایە ڕێگە دەدات وڵاتێک یان هەرێمی تر دەست لە کارەکانی ناوخۆی وەربدات، چ جای خۆی داوا بکات؟ نەخێر. کەواتە گورزی چوارەمی لە سیاسەت نەزانی و دبلۆماسییەت نەزانیی کورد دا.
ئەوانەی لە نموونەی سەرەوەدا سەبارەت بە عێراق، لەسەر کێشەسازی بۆ زمان و بەکارهێنانی لۆژیکی کەڵکاوەژۆ، بەو بیانووی نەگونجانی زمانێک کە کوردییە و لەگەڵ زمانی قورئان کە عەرەبییە، لە خۆیدا متمانە بە چەوساوەکە و زمانە كۆڵۆنیاڵکراوەکە دەدات. بەڵام لەوەی زمانی کوردیدا بەو شێوەیە نەکەوتووەتەوە؛ چون لە لایەک کورد خۆی لەو کاتەدا وێناچێ زانیبێتی کە زمان بە پێی ژمارەی پیتەکان و ستراکتۆری زمانەوانی گرنگە و لەو ڕووەشەوە زمانی کوردی لە زمانی عەرەبی گرنگترو دەوڵەمەندترە، بەو بەڵگەی زمانی کوردی هەموو پیتە سەرەکییە زمانەوانییەکانی تێدایە و ناچار نییە پیتێک بگۆڕیت بۆ پیتیکی دی، ئەگەر لە ناهۆشیاری نەبێت. بەڵام ئەم ناهۆشیارییە هەر چوارپارچەی گرتووە و هەر یەک بە پێی زمانی کۆلۆنیاڵەکەیان زمان و فۆنەتیکیان گۆڕیوە. بۆ نموونە جینۆساید کراوە بە ژینۆساید، واتە ماناکەی پێچەوانە کراوەتەوە بە گۆڕینی پیتێک لە کاتێکدا ئێمە پیتی (ج )یمان هەیە. کۆمەڵ، بزاوت، کۆمەڵگە کراوە بە کۆمەڵگا، دانیشگا، لکاندنی (ا) ی فارسی بە زۆر وشەی تریشەوە کە کردوویانە بە “وشەگەل” لەسەر وەزنی زمانی فارسی. ئەم هەڵانە لە لایەن دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگەوە ڕوو دەدەن. ڕوودانیشیان مەرج نییە مەبەستدار بێت، بەڵکوو لە دەرئەنجامی ساڵانێکی دوورودرێژی بەکارهێنانی ستراتیجیی دەرئەنجام چەوت و کەڵکاوەژۆکردنە مێژوویییانەی دەیان سالە دژیان بەکارهاتووە، ڕێنوێنیی کۆلۆنایزەریان کردووە بە کولتوور و کردار. ئەو کاتەش کۆمەڵێک لە دەستەبژێرەکانی کۆمەڵی کوردی باوەڕیان بەو بیانووە هێناوە و سەری ڕەزامەندییان نواندووە.
فەلسەفەی سیاسیی چەوسێنەرانی کورد لەم دوو نموونەیەی سەرەوەدا دەیسەلمێنێ کە زارا محەممەدی لەسەر فێرکردنی زمانی کوردی نەگیراوە، وەکوو ئاماژەی پێ دەکرێت، بەڵکوو لەسەر هۆشیاریی ئەم ژنە بەرانبەر هۆش و مێشک کۆلۆنایزکراو و بە هۆی کۆلۆنیاڵدامالینی هۆشی کورد بە زمانی کوردی گیراوە. بەڵام ئەم ڕاستییە لەوانەیە خودی خۆی هەستی پێ نەکات، چون بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەرئەنجام نەزانییە زیاتر لە بیست و پێنج جۆر گۆڤانی دەرئەنجام چەوت/هەڵە لە لایەن دەوڵەتەوە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی بابەتەکان لە نەستدا جێگیر ببن و، وەکوو سروشتی لای تاکی چەوساوە دەربکەون؛ لەم بابەتەدا تەنها ڕووناکی دەخرێتە سەر دوو جۆریان.
پەنابردن بۆ دەسەڵاتسازی Appeal to Authority
پەنابردن بۆ دەسەڵاتسازی، لەگەڵ دەسەڵاتدا هاوڕابوون یان گازندەی دەسەڵاتدار دەگرێتەوە. دەکرێت چەندین جۆر دەسەڵات لە یەک کاتدا بەکار بهێنیت، دەسەڵاتی ئایینی، کۆمەڵایەتی، جەندەری، کەسی و هێمایی. ئەم دەسەڵاتانە مەرج نییە – Appeal to Authority گفت و گوتارەکانیان ڕاست بن، بۆیە ئەم دەسەڵاتسازییە بەشی“گوێڕایەڵی دەسەڵاتی ساختە” یشی لێ دەبێتەوە، بەڵام “هێز” کە ڕاستی بە درۆکانیان دەبەخشێت، نەک لە ترسی دەسەڵاتەکەیان، لەبەرئەوەی مرۆڤی بێ دەسەڵات شەیدای دەسەڵاتە.[29] دەسەڵاتی سیاسی نموونەکانیان ئاشکران، ئەگەر لە نموونەکەی عێراق بڕوانین، دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردە و دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم لە سەردەمی سەفەوی و عوسمانییەوە ئایین و جۆری دواکەوتنی ئایین، گەورەترین گورزی کوشندەی بە خاک و هۆشەوە لە ڕزگاریی کورد داوە. بەڵام بۆ ئەو بکوژانەی کە خۆیان خاوەنی ئایینەکەن، ئایین هەمیشە بۆ بەدەستهێنانی ئامانج ئامراز بووە ، پێچەوانەی کورد کە بۆ ئامرازکردنی ئامانجە گشتییەکە ئامانج بوو. بۆیە دەبینین دەسەڵاتی ئایینی لە کەیسی عێراقدا دیسان دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی عەرەبە و ئایینەکە وەکوو ئامراز بۆ داڕشتنەوەی پرۆگرامی ناسیۆنالیزم بەکار هاتووە. لە کەیسی ئێراندا ئایین دیسان ئامرازی سیاسی و بەڕێوەبردنە بەو شێوەیەی کە لە بەرژەوەندیی گشتیی چینی دەسەڵاتداری ئێستا و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانیاندایە.
جگە لە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی، دەسەڵاتی کەسیش لەنێو ئەم گۆێڕایەڵییەی دەسەڵات و ئاوەژووکارییەدا جێگەی هەیە. وەکوو بە ئاوەژوو بەکارهێنانی وتەی کەسێکی بەناوبانگ، یان بە دەمەوە کردنی /هەڵبەستنی وتەیەک، ڕووداوێک بە ناوی کەسێکی بەناوبانگەوە.
ئەلحسری دەڵێت چوار کەسایەتیی بەناوبانگی کوردم بانگ کرد و لیژنەیەکم لێ دروست کردن” کورد لەو کاتەدا لەوانەیە دە پسپۆڕی خاوەن دکتۆرای لە عێراقدا نەبووبێت. بەڵام کام جۆرە پسپۆڕی بانگ کردووە کە زیاتر ئایینی بوون، ئەو کەسانەی ئایینیان پێش نەتەوە خستووە، بەمەش سێ جۆر دەسەڵاتی مسۆگەر کردووە، دەسەڵاتی زانستی، دەسەڵاتی ئایینی کە کورد هەمیشە دواکەوتەی بووە، و دەسەڵاتی جەماوەری وەکوو چەند کوردێکی خوێندەوار، گەلێکی نەخوێندەوار باوەڕیان پێی هەبووە. ئەم چوار دەسەڵاتە ڕازی دەبن بە قسەکانی و ئەوانیش پێیان وایە لەبەرئەوەی زمانی عەرەبی، زمانی قورئانە لە کوردی گرنگترە و پیویستە کورد فێر ببێت. بەم ستراتیژیی ئاوەژووکردنەش تەنها زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا پشتگوێ نەخرا، بەڵکوو تۆپەکەش فڕێ درایە مەیدانی ناجۆری کوردەوە و، وا کەوتەوە ئەوە پسپۆڕەکانی خۆمانن ڕازین و ئەوان هیچ زۆرییەکیان نەکردووە. بەلآم هێشتا ئەم ستراتیجە هێندەی ئەوانەی ئێران بەهێز نین، بۆ نموونە یەکێک لەو ستراتیجییانەی لەم دوایییانەدا بەکار هێنراوە، فەسفەسە یان گۆڤانی چەوتی سوورە ماسی فریودەرە لەنێو عەوام و مێدیادا، بەتایبەت میدیای کوردی بۆ ئێران کاری کردووە.
ستراتیجی سوورە ماسی فریودەر Red Herring Fallacy
ئەم دەستەواژەیە یەکەم جار لە سەدەی نوزدەدا و لە چیرۆکێکی نووسەر و سیاسی ولیام کۆبیتەوە دەرکەوت کە باس لەوە دەکات چۆن بە هۆی بۆنێکی توندی ماسی بە دووکەڵ قانگدراو توانیویەتی هۆشی سەگێکی ڕاو لە دواکەوتنی کەروێشکێک بگۆێزێتەوە.[30] هەر لە ڕاستیشدا بەو شیوەیە ئەم تەکنیکە هۆش فریودەرە.
ئەم ستراتیجیی بەلاڕێدابردنە، لە باسە سەرەکییەکە دەرتدەکات بەرەو ئەو ئاقارەی ئامانج کراوە، زۆربەی کات دەیەوێت بتبات بەرەو دوو شوێن: یەکیان بابەتە سەرەکییەکە کە لە بەرژەوەندییەتی و بگۆڕێت بە ڕووداوێک، مەسەلەیەک کە بە زەرەریەتی، بە شێوەیەک کە نەتەوەی مێشک کۆلۆنیاڵکراو بەئاسانی خۆی ناتوانێت پێی بزانێت و هێڵەکانی جیا بکاتەوە. دووەم دەیبات بەرەو ڕازیبوونێکی هەستی یان نەستی واتە چەوساندنەوەکەی خۆی بێئاگایانە یان بەئاگاوە پەسەند دەکات؛ یان تووشی شێوەیەک لە گومان و سەرلێشێواندن دەبێت، گەر بەرگریکردن بەڕاستیش بزانێت، دەیشارێتەوە و هەڵوێست وەرناگرێت، ئاشکراکردنی بەرگریکردنەکەی بەڕاست نازانێت. دەکرێت بەو شێوەیە لای بکەوێتەوە کە بەرژەوەندیی خۆی دەکەوێتە مەترسییەوە، یان بەوەی کۆتایی تۆنەیلەکە نادیارە و دەکرێت دەرئەنجامی ئەو سەر وا نەبێت کە خۆی مەزندەی دەکات، یان بۆی مەزەندە کراوە. واتە دەیکات بە خاوەنی یادەوەرییەکی ساختە. لەمەشدا هەر ئێران یەکێک لە زیرەکترین وڵاتانی بەکارهێنەری ستراتیجیی سووری ماسی فریودەرە.
ئەگەر گرتنی زارا محەممەدی بکەین بە نموونە و، بە پێی بۆچوونەکانی سەپەڤیک[31] سەبارەت بە دەنگ ونبوونی سەبەڵتەرن
ژێرڕکێڤکەوتە لەنێو هەژموونی سەردەست و کەڵکاوەژۆکردندا، دەکرێت زیندانی کردنەکەی بەم شێوازانە گوزراشتی لێ بکرێت:
زارا زیندانی کراوە، چون زمانی کوردیی فێری مناڵان کورد کردووە.
زارا زیندانی کراوە، چون هەوڵی پاراستنی زمان و کولتووری کوردی داوە.
زارا زیندانی کراوە، چون بە زمانی کوردی هەوڵی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکیی سیاسی / یان زمانی کوردی لە هەندێ چالاکیی سیاسیدا بەکار هێناوە.
دەبێت تێگەشتن لە ئەم نموونانە چۆن بێت لەنێو کۆمەڵ و توێژێکدا کەمترین هۆشیاریی کۆلۆنیاڵبزاوتن و هۆش داگیرکراوی خۆی نییە، لە کۆمەڵێکدا دەیان پڕۆژەی دی بە خاوەنەکانیانەوە لەنێو ستراتیجیی ماسی فریودەردا تیاچوون، چۆن بێت؟
ئەم نموونانە بە ڕواڵەت هەڵگری ڕاستین، بەڵام هیچیان سەدلەسەد دەربڕی هەموو ڕاستییەکان نین؛ نموونەی سێهەمیش، زارا زیندانی کراوە ،چون بە زمانی کوردی هەوڵی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکیی سیاسی داوە، نموونە کەڵکاوەژۆکارەکەیە. ئەمەیان گەر نەشبێت بە سەردێڕی ڕۆژنامە و میدیا کوردییەکان، بەبێ دەنگی دەبێت بە مانشێتی عەقڵ و هۆشەکان. هۆشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کوردایەتی و ژنیەتیش. دەکرێت زۆرترین ژمارەی کوردیزمان، بڵێت جیاوازی لەنێوان ئەو ڕستانەدا نییە و هەمووی وەکوو یەکە، یان وەکوو هەمیشە گوێمان لێ دەبێت، جا هەرچی بێت خۆ ئەو گیراوە. ئەمەش بۆ گەلی چەوساوە و کۆلۆنایزکراوە ئاسایییە، چون بە پێی بۆچوونەکانی سۆسیۆلۆگیست ئەنتۆنی گیدس ١٩٨٤، پەیوەندیی نێوان کارایی/ ئەیجنسی و ستراکتۆر کۆمەڵێک ڕەنگ و ئەگەری ڕێکخراو و دووبارەن کە پشک و هەلەکان سنووردار دەکات یان کاریگەرییان لەسەر دادەنێت.[32] لای گیدنس ئەیجنسی دەزگا نییە، بەڵکوو بە واتای توانای تاک بەکارهاتووە کە بتوانێت سەربەخۆیانە هەڵبژاردەی ئازادیی خۆی بکات .
پەیوەندیی بازنەیی نێوان مرۆڤ و ستراکتۆر، هەر ئەم پەیوندییە بە بەردەوامی بەرهەم هاتووی نێوان ستراکتۆر و ئەیجنسی کولتووریش بەرهەم دەهێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە پەیوەندیی بەرهەم هاتووی نێوان دوو گەل، یەکێکی سەردەست و یەکێکی ژێردەست کە هەل و پشکەکان گەر لە بەنامدا هەبێت، ئێجگار سنووردارن و لەو پەیوەندییە مرۆیی و کۆدە زمانەوانییانە دەرناچێت کە کۆلۆنایزەرێکی داڕشتووە. چون نەست و هۆشی بەتەواوی لەگەڵ پرنسیپی کۆلۆنایزدا پێگەشتووە و زۆر ئەستەمە بزانێت بەو بۆچوونەی سەبارەت بە کەیسی زارا کراوە، بە نموونە چ خزمەتێکی بە کۆلۆنایزەر و بکوژەکانی خۆیان کردووە. لە ڕاستیدا ئەم بێدەربەستی و بێهۆشییە، بوونە هۆی گرتنی. ئەوەی زیاتر لە ساتی بێئاگاییدا ڕەوایەتی دەدات ئەوەیە، خەڵکێکی دیش زمانی کوردی دەڵێنەوە و بە کوردی قسە دەکەن و دەنووسن، بەڵام مەرج نییە ئەوان زمانەکەیان بۆ ئازادکردنی مێشکی کۆلۆنایزکراو بەکار هێنابێت، ئازادیی مێشک واتە ئازادیی نیشتمان، لێرەوە زارا دەبێت بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێران وەکوو لە دادگاکەیدا هات. ئەم ئاوەژووکردنەوانە لە لایەن چەندین توێژی کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی؛ و کۆمەڵی کوردی بە گشتی، لە زمان و کرداری ڕۆژانەدا کارا دەکرێت. ئەگەر تەنها بۆ نموونە بە کورتی باسی چینی عەوام و سیاسی و ڕۆشنبیر بکەین، گەورەترین هێزی بەرخۆری ئەم تەکنیک و کەڵکاوەژۆکردنەن.
یەک: چینی عەوام: ئەو چینە گشتییە کە خۆی بە پەیداکردنی مەعریفە و زانیاریی دروستەوە ماندوو ناکات. ئەم چینە هەموو نەخوێندەوار نین، دەکرێت کەسێک خوێندنی باڵای هەبێت، بەڵام لە نەخوێندەوارەکە عەوامتر بێت. چون عەوام ئەو کەسەیە هەرگیز شەیدای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و، بە دوای ڕاستییەوە نییە، تەنها ئامادەخۆرە، لەسەر بەرهەم و فکری خەڵکانی دی دەژی. کولتووری گشتیی ئەم چینە متمانە دەخاتە سەر کولتووری جەماوەری. ئەم کولتوورەش بریتییە لە کۆمەڵێک پرەنسیپ، بۆچوون و باوەڕ و شمەک کە واتا و بەهای هاوبەشی لەنێوان زۆرینەی خەڵکدا هەیە. بۆ نموونە، جۆریەتی و چییەتیی پۆشاک پۆشین، خواردن، مۆسیقا، چۆنیەت ژیانی ڕۆژانە و زۆپۆش و بەکارهێنانی زمانی نافەرمی و بازاڕی، و ماسمیدیا کولتووری ج
ەماوەرین.[33] ئەمڕۆ دەتوانین سۆشیال میدیاش سەربار بکەین. ئەم چینە بەئاگا و بێئاگا خۆراکدەری چینەکانی دی وەکوو سیاسی و خوێندەوار و ئایینی و چینی دەڵەچەیە. چینەکانی دی بەو شێوەیەی بیانەوێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دەهێنن. بەڵام لەو سێ چینە زیاتر لە لایەن کۆلۆنیازەرەوە بەکار دەهێنرێت، چونکە زانیاریی کەڵکاوەژۆکراو خێرا بڵاو دەکەنەوە و، لێزانانەش چیرۆکی دەسەڵاتداران دادەتاشن. چون ئەم توێژە زیاتر بە چاو بیر دەکاتەوە هەتا مێشک و، وێنەی کەڵکاوەژۆکراو بە ئاسانی بەرهەم دێت و زیاتریش لایان دەمێنێتەوە.
ئەگەر عەوام گوزارشت لە کەیسی زارا بکات، پەنا دەباتە بەر سێهەم نموونەوە و ترش و خۆێی داتاشینی خۆشی بۆ سەربار دەکات. دوور نییە وەکوو زۆربەی کات بەر لوژیک پێشانی بدات و، بڵێت، دووکەل بەبێ ئاگر نابێت، خوا دەزانێت چی کردووە، فڵان و فیسار بە کوردی چالاکیی سیاسی دەکەن، ئەوان بۆ نەگیران. ئەم چینە لە زۆر دۆخدا گەر بشزانێت، ئەو ڕاستییە دەبوێرن کە زارا زمانی وەکوو سەرمایەی کوردی بەکار هێناوە نەک تەنها ئامرازی قسەکردن، ئەوانی دی دەکرێت تەنها وەکوو ئامرازی گەیاندنی سیستمێکی ڕێکخراو بەکاریان هێنابێت، چون هێزی چینی ناهۆشیار و ناساغ لە ئازاردان و لە مەرگدۆستیدا دەژین.
لە ڕۆمانی ناوی باڵەکاندا، پاترک ڕۆفتس دەڵێت، هێز ئاسایییە، گەمژەیش بە تەنها بێزیانە، بەڵام گەمژەیی و هێز بەیەکەوە ترسناکە.[34] چونکە سەرچاوەی زانیاری و ئایدۆلۆژیی عەوام سێ چینەکەی ترن. ئەمەش لەبەرئەوەی چەمکی کولتووری جەماوەری لە خویدا ئێجگار بەرفراوانە و دینامیکی بەها و بۆچوون و هەڵوێستەکانی سەبارەت بە دۆزی کۆمەڵایەتی لە میانەی میدیاوەیە. دیارە ماسمیدیاش لە لایەن سێ چینەکەی دییەوە بەرهەم دێت و بەو ئاراستەی کە لە بەرژەوەندیی کەسی (وەکوو تاک و گرووپ) ی ئەواندایە نەک کۆی کۆمەڵگە. بەتایبەتی چینی سیاسی، چون دوو چینەکەی دیش لە زۆربەی دۆخەکاندا دەکەونە پەراوێزیەوە، گەر نەکەونە خزمەتی چینی سیاسییەوە.
دوو: چینی سیاسی: سیاسەت مانای هێز وەردەگێڕدرێت، چون ئەم چینە گەر باڵادەستیش نەبن، لە ڕووی بەڕێوەبردن و وڵاتدارییەوە، هەوڵی مانیپۆلکردنی هێز دەدەن. ئەگەر لە ڕوانگەی فۆکۆوە لە پەیوەندیی نێوان هێز و کولتوور بڕوانین بۆ ئەوەی شوێنی کولتووری جەماوەری و خودی هاوڵاتییان لەنێو خواستی سیاسیدا دەستنیشان بکەین، تێدە گەین لە بۆتەی هێزیدا بەتایبەت باڵادەستیی کۆمەڵی مۆدێرندا، مرۆڤ بە گشتی سەبژەیە، جەستەیە لەنێو کایە جیاواز و ناڕوونەکاندا. لە ڕوانگەی فۆکۆوە دەزگا دیسپلینەرەکان و مەشقی کولتووری بە پێی لۆژیکێک جێبەجێ دەبێت کە پێچەوانەی ڕوانگەی مرۆڤدۆستییە کە دەبوو بەشێکی دانەبڕاوی کولتوور بێت. بۆیە فۆکۆ ڕاڤەی دەسەڵات لە میانەی پرسی چۆن دەسەڵات بەکار دەهێنرێت؟ بە چ هۆکارێک؟ کاریگەرییەکانی چین و مکانیزمی کاریگەرییەکان لە کوێدا لەنگەری گرتووە؟ دەکات.[35] دیارە بۆ وڵامی پرسیارەکان پێویست ناکات بگەین بەو دیدەبینییەی فۆکۆ کە بۆ پەیوەندیی مرۆڤ و کولتوور لەناو یەکەی دەسەڵاتدا هەیەتی و، سەرمەشقییەکانی دەچێتە پشتی مێژووەوە و لێرەشدا ئیتر واتایەکی مەعریفیی گەردوونی نییە.[36] چون ئەم بابەتە لەسەر کورد بۆ کورد نووسراوە، بۆ کولتوور و کۆمەڵگەیەکە کە لەنێو هترۆپارتریارکی کۆلۆنایزەردا ناتوانێت بگات بە دەروازەی مێژوو، نەک پشتی مێژوو و ڕوانگەسازی لەگەڵ پێشهاتەکانی تەکنۆلۆژیا. لە ژینگەی مرۆڤی کۆلۆنایزکراودا بەتایبەت ئەوانەی وەکوو کورد لەگەڵ کۆلۆنیاڵی نیشتەجێدا دەژین، کاری سیاسەت دەبێت بە کاری ڕێکخستن و دەزگاییکردنی دیاردە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی کەسیی ئەو بە ئۆبژەکراوانە لە بەرژەوەندیی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراودا.
حزبی بەعس ڕۆڵیکی گرنگی لە دەزگایکردنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و بە کولتوورکردنی ئایدۆلۆژیاکەی و دروستکردنی فەلسفەیەکی زمانەوانیی تایبەت بەخۆی بینی. حزبی کوردی لە باشوور ڕۆڵێکی ترسناکتریان لە دەزگاییکردنی کولتووری بەعس و ئایدۆلۆژیای داگیرکار و کۆلۆنیاڵی نیشتەجێدا گێڕا، بە ئاستێک کە گەنج دەبینیت ساڵی ٢٠٠٠ لەدایک بووە، هێندە بەعسییە، سەدام شەرم لە مردنی خۆی دەکات. لە کاتێکدا بێئاگایە لە مێژوو و سەردەمی بەعس و دامودەزگاکانی، دەسەڵاتی بکەوێتە دەست، لە ملازم موحسین خراپتر بەسەر کورد و بەرژەوەندییەکانی دەهێنێت، هەر وەکوو چۆن ئەوانەی ساڵانێک شەڕیان دژە بەعس کرد، هەمان شتیان کرد، بەڵام هەرگیز نەیانپرسی بۆ؟ هەر ئەم بەرهەمهێنانەوە کولتوورییەی کۆلۆنازەیشن وایکردووە هەموو دەزگایەک لە مووچەخۆرێکی نمرە سفرەوە هەتا باڵاترین کاربەدست بێدەربەستانە گەندەڵی بەرهەم دەهێنن و ئەرک و کارەکانی خۆیان ڕاناپەڕێنن. کەواتە دەگەڕێینەوە سەر تیۆرەکانی پێر بۆردیو و دەڵێین هەر وەکوو چۆن کولتوور ستراکتۆری مرۆڤ دروست دەکات و مرۆڤیش ستراکتۆری کولتوور، بە هەمان شێوە مرۆڤ و کولتوورەکەی ستراکتۆری دەسەڵات و شێوازی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کولتوور دەردەخات و واتای دەداتێ.[37] دەسەڵاتێک لە لایەن کەسێکی بەعس کە هیچ پەیوەندیی بە بەعسەوە نەبووە و دەکرێت مناڵی ماڵێکی قوربانیش بیت یان بدرێت بە کۆنە بەعسییەکی عەرەب، وەکوو یەک خزمەتی کۆلۆنایزکردنی هۆش و زەین و مێشکی ژێرڕکیفکەتووانە دەکەن و وەکوو یەک تاوان بەرانبەر بە داگیرکردنی یادەوەرییان ئەکەن، لە کاتێکدا ئەو مرۆڤەی بە کولتوور بەعسە، خۆی بەرپرس نییە بەرانبەر سەرجەم کێشەکانی و تاوانباری یەکەم نییە لە داگیرکاریی یادەوەری و هۆشیدا. هۆکار ئەوە بووە، هەرگیز لە ماوەی سی ساڵی حکومڕانیی کورددا نەک تەنها چارەسەری دەردە کولتوورییەکانی نەکراوە، بەڵکوو بەو شێوەیەش ئازارەکانی خراوەتە چوارچێوەی جێبەجێکردنی دەزگایییەوە کە چارەسەری قورس بیت و دەردەکەی زیاتر تەشەنە بکات.
لە ڕوانگەی قورسکردنی چارەسەر و بەرهەمهێنانەوەی داینامیک و ستراتیژیی کۆلۆنیاڵدا سەبارەت بە ڕۆژهەڵات کۆمەڵێک چاویان لە مەترسییەکانی باشوورە و دەیانەوێت ئەزموون لە هەڵەی پارتە سیاسییەکانی ئەوێ وەربگرن، ئەمەش ئامانجێکی گرنگ و خۆزگەخواستیشە، بەڵام “ لە لایەک ڕۆژهەڵات کەوتووەتە پەراوێزی ململانێی سیاسیی بەشەکانی دی یان لانیکەم لەژێر کاریگەرییاندایە”
(٢٩).[38] لەم پێودانگەیەوە توێژی سیاسی خاڵی سێهەم بەکار دەهێنێت، کە “ زارا زیندانی کراوە، چون بە زمانی کوردی هەوڵی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکیی سیاسی / یان زمانی کوردی داوە و، لە هەندێ چالاکیی سیاسیدا بەکاری هێناوە”. گرنگ ئەوەیە ناوی سیاسەتی تێدا هاتبێت، ئەوانەی لە ژیاندا ململانێ لەگەڵ تاکە کوردەکاندا دەکەن، لە تەنگانەشدا شکۆمەندییەکانیان دەلکێنن بەخۆیانەوە، دیسان وێنەی کۆلۆنایزەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی تیۆری و کەڵکاوەژۆکاردا زەق دەبێتەوە کە لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە. هەر خۆشیان، چینی سیاسەتمەدار لەنێو عەوامدا ئەمە دەکەن بە بۆچوونێکی باو، هەستی گشتی پێ مەنۆپۆل دەکەن. بەڵام ئەوەی توێژی عەوام و سیاسی بەیەکەوە گرێ دەدات، میدیا و ئەو توێژەی بە خوێندەوار و ڕۆشنبیر ناسێندراون نەک ناسروان.
سێ: چینی خوێندەوار یان ڕۆشنبیر: ئەم چینە لەنێو کۆمەڵی مانۆپۆلکراوی سیاسی و کۆلۆنیازکراودا یان دەتوانن باشترین ڕۆڵ بگێڕن و وەکوو پسپۆڕ و ڕۆشنبیرانی ڕەشپێست دەیان تیۆریی زانستی سەبارەت بە چەوساندنەوە، داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم و کویلەیی لەنێو کانگای چەوساندنەوەکانیدا بەرهەم بهێنن و بکوژەکانیان ناچار بکەن بە بەکارهێنانی تیۆرە زانستییەکانیان. لە کاتێکدا، تەنانەت هەتا ١٩٥٠ کانیش لە ئەمریکادا وەکوو مەیموون لە قەفەز دەنرا، لە ١٩٧٠کاندا ڕەشپیست و سپیپێست بۆیان نەبوو ژیانی هاوبەش پێک بێنن و کاری سەرەکیی ڕەشپێستەکان خزمەتکاری و پاککردنەوەی شەقامەکان بوو. یان دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی عەشیرەتی ڕۆشنبیری، سەرقافڵەی دۆزینەوەی میکانیزمەکانی دەلەچەیی و ڕەوایەتیدان بە هەڵەکانی ئیدۆلۆژی و ئایین و حزبایەتی و، دەبن بە هۆی نامۆکردنی کۆمەڵگە بە لۆژیکە ئاوەژووکراوەکان و لۆژیکەکانی ژیانیش بە گشتی. لە کەیسی زارادا ئەم چینە دەبن بە چەند بەشێکەوە. لەوانە: بەشێک خۆیان کارەکەیان خزمەتکردنی دەسەڵاتە جیاوازەکان و دەسەڵاتی خۆماڵی و کۆلۆنایزەرە. هاوڕا لەگەڵ جۆرج برنادشۆ ئاماژەی پێکردووە، ئەو کەسەی هیچ نازانێت و وا دەزانێت هەموو شت دەزانێت، بە ڕوونی بۆ سیاسەتمەداری باشە.[39] چون هەمیشە چینێکی باشی خوێندەوار و ئەوانەی چینی عەوام پێی دەڵێت ڕۆشنبیر، دەبن بە زمان و بیر و بۆچوونی سیاسەتمەدارەکان. ئەمەش کارێکی خراپ نییە، ئەگەر لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و خاکی خۆت بێت، بەڵام کە کۆلۆنیالی نیشتەجێ سەردارە، دیارە کارەکە پێچەوانەیە.
کۆمەڵێک کە ڕۆشنبیرەکانی، هزر و هۆش و مێشکیان ئازاد بێت، کاریان هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانە، ئەگەر ئەو توێژە ساغ بێت، کۆلۆنیاڵداماڵینی هۆش بەبێ بەرنامەش بووایە، دروست دەبوو و کاریگەریی بەهێزیشی دادەنا. بەڵام کە لە بنەمادا ئەم چینە پێویستی بە چارەسەر بوو، دەبێت بەو بەشەی کە خۆی سەرقاڵ کردووە بە جیهانخواستی و فەلسەفەی عەوامەوە و، دنیا بڵقێکی خەیاڵی دروست کردووە و کاریگەرییەکانی خۆی بە دڵخوازی عەوام دەپێوێت.
بەشێک ناحاڵی یان نەخوێندەوارە لە ئاست چەمکەکانی چەوساندنەوە و کۆلۆنیاڵ و جینۆساید و لە ڕوانگەی یەک ڕەهەندییەوە باس لە دیاردە و دەرئەنجامەکانی دەکەن. ئەم چینە هەندێکیان پێوانی ئازادیی زمانەوانی بە بوونی چەند بڵاوکراوەیەکی کوردی دەپێون. هەر ئەمەش دەکەن بە بیانوویەک کە ئێجگار لاوازە. ئەویش، “ ئەگەر زارا لەسەر زمان بگیرایە، ئەوانەی بە کوردی کاری ئەکادیمی دەکەن، بۆ زیندانی ناکرێن” یان وەکوو پڕۆفیسۆرێکی ئەورووپی لە كۆڕێکی مندا وتی، “ من دەیان قوتابخانەی کوردیم بینیوە و خەڵک دەناسم لەوێ بە کوردی دەنووسن و بڵاو دەکەنەوە، کەواتە گرتنی زارا پەیوەندی بە زمانەوە نییە”[40]. خۆی ڕاستە پەیوەندی بە زمانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە هەیە، بەڵام نەک بەو تێگەشتنەی ئەوان. بۆ ئەوەی مرۆڤێک لە بنەمای ئەم کەڵکاوەژۆکردنە بزانێت، زۆرجار پێویستی بەوە نییە دەیان تیۆریی زانستی بزانێت، تەنها پێویست دەکات لۆژیکی بێت. لە کەیسی زارادا بۆ نموونە پرسیارێکی وەکوو “ ئایا زارا گەر کچێكی کورد نەبوایە و فارسێک بوایە، بە زمانی فارسی هەر جۆرە چالاکییەکی بکردایە، کێشەیەکی بۆ دروست دەبوو؟” هەر خۆشت دەگەیت بە وڵامی “نەخێر”. ئەم وڵامەش دەریدەخات کە کەڵکاوەژۆکردنەکە لە خزمەتی کێدایە و، یادەوەریی عەوام بەرەو چ ئاراستەیەک دەبات.
لەم نێوەندەدا بەشێکی دی دێتە پێشەوە کە تایبەتن بە ڕۆژهەڵات، توێژی دەڵەچەی ڕۆشنبیر و خوێندەوار، ئەمانە سوود لە هەموو بەشەکانی دی و بەشی سیاسی و عەوامیش دەبینن و لە هەر کوێ تەگەرەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست بوو، ئەوان سوودمەندن. ئەم جۆرە لە بابەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ترسناکترینیان لە دەرەوە دەژین. ئەمانە خۆیان دروستکەری لۆژیک و تیۆریی کەڵکاوەژۆکارن، هیچ کات سوودمەند نین لە هیچ بەرنامەیەکی دژە کۆلۆنیاڵ و هۆشیاریی کۆلۆنیاڵداماڵینی مێشک، چون لە بەرنامە و دیدەبینیی ئەم بەشەدا، بونیادنانی کۆمەڵەیەکی جیاواز لەوەی باشوور و بونیادنانی کوردستان بێت، بەڵکوو گۆڕینی حکومەتەکەی ئێران بە حکومەتێکی ترە. ڕۆمانتیکانە پشتگیریی شا و گەڕانەوەی فەرمانڕەوایەکی شاهەنشاهانەی ئێرانی وەکوو ئەوەی ڕابردوو دەکەن.
(Imaginative Community) لە خۆرێکخستندا چ پۆست و دەستکەوتێک لە حکومەتی خەیاڵیی ئایندەدا وەردەگرن. ئەمانە لۆبییەکی خەیاڵییان بۆخۆیان دروست کردووە. لە خۆیدا لۆبیی خەیاڵی بە تەنها پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکە و ئەوە لەم بابەتەدا ناکرێت، بۆیە هەندێ لە سیفاتەکانی ئەم توێژە دەخەمە ڕوو کە نموونەی ئاکاری مرۆڤی نێو لۆبیی خەیاڵین. ئەم گرووپانە لەم لۆبییەدا لە ئێستاوە ئەرک و مافیان دەستنیشان کردووە، ئەرکی سەرەکییان لە ئێستا بە ئێرانیکردنی کوردە، کوردستانی بوون “ ناڕۆشنبیر بوون / کڵاس نەبوونە” لایان. یەکێک لە گرێکوێرەکانی کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی، گۆمەزی چینی کۆمەڵایەتییە، لەبەرئەوەی هەمیشە خۆیان لە کۆمەڵی فارسیزمان بە کەمتر زانیوە و، بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە خۆیان بگەیەنن بە کولتوور و خۆیان وتەنی “ کڵاسی” سەردەستە، لە هەمان کاتدا کوشندانە لەناو خۆیاندا بەرهەمیان هێناوەتەوە. لە بێئاستتریندا، ڕۆژهەڵاتی خۆی لە باشووری پێ بەکڵاسترە، گەر لە تاران گەورە بووبێت، خۆی لە کوردی ناوچەکانی دیکە بەکڵاستر دەچوێنێت و دەیخاتە چوارچێوەی گفتوگۆوە. ئەم گرووپە کە خۆشیان بە دەست ئەم گرێیەوە دەناڵن، لە هەمان کاتدا سوودیان لەم گرێیە وەرگرتووە بۆ ڕاکێشانی خەڵک و کەسانی وەکوو خۆیان. پەیوەندیی ئەم توێژە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان و حکومەتی هەرێم و تەنانەت تاکە ئاکتیڤ و دیارەکانی بەشەکانی دیدا، تەنها بە مەبەستی سوودوەرگرتنی هەنووکەیییە. لە مرۆڤی کوردپەروەر دوورن، کاتێک بۆنەیەک دروست دەکەن، جگە لە ئەندامانی لۆبییە خەیاڵییەکەی خۆیان، فارس و ڕاکردووانی دەورانی شا بانگ دەکەن نەک کورد. ئەمانە سەرچاوەیەکیان لەپشتە و پارە و هەلیان بۆ دروست دەکات، بەڵام ترسناکترین توێژی کۆمەڵی کوردی و ئێرانیشن. چون شارەزای میکانیزم و ئاڵنگارییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانن و بۆ بەرژەوەندیی ئەم ئایدۆلۆژییە نوێیە بەکار دەهێنرێت. لای ئەم توێژە تەنها ئاسانتر ڕازیبوونە خۆسەرییەکەی گرامشی لای چەوساوە جێگیر نابێت، بەڵکوو پرەنسیپی کۆلۆنایز لە دیاردە دەردەکات و دەیکات بە کولتوور و ئاکاری ڕۆژانە؛ دەبێت بە هەستی گشتی، واتە ئەو مەعریفە و ویژدانەی کە پێش دیدەبینیی هەنگاوەکان دەکەوێت[41].
لای ئەم گرووپە ژنی کورد کەم و بێتوانایە، مەگەر شووی بە فارس کردبێت، خاوەن “ کڵاس” ە لایان. هەڵوێستی زارا لای ئەم گرووپە، لە هەرزەکارێکی بێکەڵک و نەزان دەچێت کە هیچی نەکردووە، تەنها کێشەی بۆخۆی و دەوروبەرەکەی دروست کردووە، کە دۆزی کورد دەباتە دواوە” تێ ناپەڕێت. لای ئەم چینە زمان شوناسنامە نییە، زمان، ئامرازە گرنگەکەی پتەوکردنی کەسایەتی و سایکۆلۆژیای تاک نییە وەکوو لە زانستدا هاتووە. لایان زمان تەنها ئامرازێکە بۆ دەربڕین. لای ئەمانە کوردبوون ڕزگاربوون نییە لە کۆلۆنازەیشن، بەڵکوو هەڵکردن و ژیانە، بەڵام کە لە ئایندەدا ڕۆژهەڵات یان تەنانەت ئێرانیش بە قوربانی و هەڵوێست و تێگەیشتنەکانی” زارا” کان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت، ئەوان دێن و تێیدا دەبن بە سەردار و دەسەڵاتدار. واتە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی باشوور.
ترس لە دووبارەبوونەوەی مێژوو و چارەسەر
هەندێ جار باس لەوە دەکرێت کە کوردی ڕۆژهەڵات کەوتووەتە ژێر کاریگەریی خراپی باشووری کوردستان و ترسی دووبارەبوونەوەی مێژووی باشووری لە ڕۆژهەڵاتدا لەسەرە. ئەمەش دڵخۆشکەرە، هەر کوردێک و هەر پارچەیەک نەیتوانیبێت سوود لە هەلەکانی پارچەیەکی دی نەبینێت و جگە لە ترس، هەمیشە لە هەوڵی بونیادنانی پەیڕەوی ڕزگارکاری نەبێت، مێشکی بە شێوەیەک داگیر کراوە کە ناتوانێت سوود لە وانەکانی مێژوو و ئەزموونەکانی ژیان وەربگرێت. واتە ئەم ترسە، ترسێکی تەندروستە. بەڵام گرنگە بیرکردنەوە و پلاندانانەکانیش تەندروست بن کە وێناچێت، چوون لە لایەک سەرەڕای پەرتەوازەیی سیاسییەکانی رۆژهەڵات،
ئایدۆلۆژییەکی تری نەتەوەخوازانە خەریکی گەشەکردنە کە بە سیمایەکی ئایدیاڵیستی و ئاوێتەکراو بە ڕۆمانتیزم، دامەزراندنی دەوڵەت، سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسی لە شێوەی ڕۆژهەڵات-تەوەریدا، هەوڵدان لەم پێناوەدا وەک سیاسی بە بنەما دەگرێت؛ ئەم ویستە سیاسییە، واتە تێکۆشان لە دەرەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ڕەت دەکاتەوە و هاوکات بە ڕەنگی ئایدۆلۆژییەکی ناسیۆنالیستی لەسەر بنەمای ئەتنیسیتی، جومگەبەندیی ئایدۆلۆژییەکانی تر، لە چوارچێوەی دیموکراسی، یان گونجانی دیموکراسی لەگەڵ ناسیۆنالیزم بە ڕەوا نابینێت
(٢٩)[42].
ڕاستە دەوڵەت بۆ کورد ئێجگار گرنگە و پێویستە تێکۆشانی بۆ ئەوە بێت نەک دەوڵەتێک، چوار دەوڵەت دامەزرێنێت. کورد لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، بە تاک و بە کۆ باجی بێدەوڵەتی دەدات، گەر ببێت بە سەرقافلەی دنیاش. بەڵام لە دەوڵەت گرنگتر، پاککردنەوە و داماڵینی مێشک و هۆش و یادەوەریی ویژدانی کوردییە لە سەرووی سەد ساڵ هەژموونی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێ و ڕازیبوونی خۆسەری و سیاسەت و ستراتیژیی کەڵکاوەژۆکاری کوردییە کە هەمیشە بە شکۆمەندیی ژێر دەواری عەشیرەت خستویەتە ڕوو. دەوڵەت واتایەکی ڕۆحی ئێجگار گەورەی هەیە بۆ کورد، لەوە زیاترە کە پسپۆڕان پێناسەی دەکەن. بەڵام دواجار دەوڵەت ڕێکخستنی سیاسییانەی کۆمەڵگە و دەزگاییکردنی ژیان و دامەزراوەیە.[43] سەرکەوتن و نەچەمینی ئەمانەش پێویستی بە عەقڵ و دەروون و هۆشی تەندروستەوە هەیە، نەک تەنها خوێندەوار. چون خوێندەواریش وەکوو چەکی دووسەرەیە، مرۆڤێکی تەندروست دەکات بە مرۆڤێکی زانا و بەکەڵک بۆ کۆمەڵگە، مرۆڤێکی ناساغ دەکات بەو چینە دەڵەچەی لە سەرەوە باس کران.
لەمەش زیاتر، دەوڵەت تەنها بە ژمارەی سەرباز و سەربازگە ناپارێزرێت، دەوڵەت تەنها کاتێک پارێزراوە، هەر وەکوو لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد کە لە ناخی هەموو تاکێکدا دەوڵەت چێنرابێت، خاک و تاک؛ دەوڵەت و تاک لەناو یەکدا و بۆ یەک بژین، لەمەشدا مەبەستم نزیکیی جوگرافی نییە. هەرگیز هۆش و مێشکێکی کۆلۆنایزکراو نەک ناتوانێت دەوڵەت بپارێزێت، متمانەی ئەوەشی ناخرێتە سەر کە بتوانێت نەیفرۆشێت. بۆ ئەم مەبەستەش سیاسیی کورد بەرلە هەموو کەس خۆی لە گرێیەکانی کۆلۆنازەیشن داماڵێت و خۆی بکات بە پارێزەری ئەوانی دی. واتە پێویستە لە دیدەبینییەکەی جۆرج مارتن بچێتە دەرەوە کە پێی وایە سیاسەتمەداران ڕەوشت و نەریتیان لەوە کەمترە وەکوو پارێزەر بمێننەوە.[44]“ پارێزەر/محامی لەبەرئەوەی پارێزگاریکردنی مافی ئەوانی دیکەی دەخرێتە سەرشان، چاوەڕوانی مۆڕاڵ و ئاکاری باڵاتری لێ دەکرێت، لە کاتێکدا سیاسی هەمان ئەرکی ڕێژەیەکی ئێجگار زۆرتری هاوڵاتییانی خراوەتە ئەستۆ، بەبێ ئەوەی هەڵگری مۆرالی دادوەری بێت. لێرەدا ئەو ناهاوسەنگییە ڕوو دەدات کە باشوور بەرەو نەمان دەبات نەک نەبوونی دەوڵەت. نەک تەنها ئەزموونی باشووری کوردستان، لە ڕووی مێژووییشەوە ڕوونە کە هاوکاریی نێوان دەسەڵاتە جیاوازەکان و بەتایبەت چینی سیاسی لەگەڵ ئەو سێ توێژە “ڕۆشنبیر” و خوێندەوارەی باس کران، دروستکاری بەشێکی زۆری کێشەکان بوون. چون لەم پەیوەندییەدا هەمیشە دوو هاوکێشە لەبەرچاو گیراوە: (١) بەرژەوەندیی خودی سیاسەتمەدار کە هەرگیز لە سنووری خێزان و عەشیرەت دەرنەچووە، بەمەش جۆرە خوێندەوار و ڕۆشنبیرێکی پەروەردە کردووە و وەرگرتووە کە کارکتەرە باسکراوەکانی تێدا بێت. ئەم خواستەش هاوکێشەی (٢) هەمی بەرهەم هێناوە، کە خواست و بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خوێندەوار و ڕۆشنبیرەکەی دەوری دەسەڵاتە، دوورخستنەوەی دەنگی خەڵکی دڵسۆزە. واتە ئەم دوو چینە مێژووی كۆلۆنایز و کۆلۆنیاڵکراویان بەرهەم هێناوەتەوە، بە شێوەیەک یەک کارەکتەر و کەسایەتی ئەوی دی کۆپی دەکات و توندوتیژیی جیاواز بەرهەم دەهێنن، تەنها بەرانبەر خەڵکی خۆیان. هەر ئەمەش خۆی پێناسەی مێشکی کۆلۆنایزکراوە. بەم پێیە، کێشەی سیاسەتی کوردی لە بنەمادا کێشەی عەقڵ و هۆشی کۆلۆنایزکراوە، تەنها تیۆرییەکیش بتوانێت هاوکاریی ڕزگاربوونی کورد بکات، تیۆریی دژە کۆلۆنایزەیشن[45] و تیۆریی کۆلۆنیاڵداماڵینی هۆشە. وە کورد هەرگیز یەکگرتوو نابێت و، نابێت بە خاوەنی دەنگی تایبەتیی خۆی، هەتا ئەم وەکوو ڕەچەتەی پزیشک لەسەر ئەم تیۆرە نەڕوات.
بە هۆی هۆش و ویژدانی داگیرکراوی کورد تەنها باشوور لە کەناری مەرگدا نەوەستاوە، بەڵکوو ڕۆژئاوا و باکووریش یەکەم هەنگاوەکانیان ناوە. گەر هۆشیاریی سەرتاسەری سەبارەت بە هۆشی کۆلۆنایزکراو لە ناویاندا بڵاو نەبێتەوە، بەتایبەت هۆشی سیاسەتمەدارەکانیان، لە داهاوتوویەکی نزیکدا زرمەی کەوتنیان لە باشوور بەهێزترە. کورد پێویستە بزانێت کە گۆڕانکاریی ڕیفۆرم نییە، باشکردن نییە[46] بەڵکوو گۆڕانکارییە لە هۆش و مەعریفەی تاکدا. ئەمڕۆ کە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات کەوتوونەتە دۆخێکی هێندە خراپەوە، کارەکانیان زیاتر لە چالاکی دەچێت هەتا سیاسەت، باشترین هەل بۆ چالاکبوون لە بواری سڕینەوەی مەعریفەی کۆلۆنایزیشن لەناو خودی خۆیان و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتیدا و کۆکردنەوەی خەڵکانی پسپۆڕ لەبری دەربار لە دەوری خۆیان بۆ دروستکردنی هەژموونی پێچەوانەی هەژموونی کۆمەڵی سەردەستە. ئەگەر هۆشیاریی کۆلۆنیاڵداماڵین دروست نەبێت، بوونی دەوڵەت لە دەستی خەڵکێکی نەخۆش و قانگدراو بە کولتوور و پرەنسیپی کۆلۆنایزەیشن وەکوو ئەوەیە چەک بدەیتە دەستی منداڵێک، کە یان خۆی یان بەرانبەرەکەی پێ دەکوژێت. واتە دەبێت بە لۆژیکی کەڵکاوەژۆی، لەبری ئەوەی کولتوورە خراپەکە وەدەر بنێت، ڕەوایەتی دەداتێ.
لە هەمان کاتدا خودی کولتوور یەکەیەکی بگۆڕە، ئەو کولتوورەی هەمیشە لە نوێکردنەوە و گۆڕانکاریدا نییە و چەق دەبەستێت، کولتوورێکە لە هەموو بوارێکدا مەرگ بەرهەم دەهێنێت. کاتێک مرۆڤێک دەکەوێتە ژێر کاریگەری و هەژموونی کولتوورێکی دیاریکراو کە لە دۆخی کورددا نەتەوەی سەردەستەکراوە و، خاوەنی هۆشیارییەکی تەندروستیش نییە بۆ ڕاماڵینی، ئیتر چەند دۆخێک لەم مرۆڤەدا ڕوو دەدات:
چەند خوێندەوار بێت، خاوەنی هۆشیارییەکی ساختەیە
چەند تەندروست بێت، خاوەنی دەروونێکی نەخۆشە
چەند دڵسۆز بێت، چەند سیاسی بێت، بە خۆی بزانێت یان نا، دەبێت بە بەرهەمهێنەرەوەی کولتوور و ستراتیجیی کۆلۆنایزەرەکەی.
مرۆڤی کۆلۆنیاڵکراو جیاواز لە مرۆڤی ئاسایی پێویستە بە هەر ڕێگەیەکدا دەڕوات، خۆی نوێ بکاتەوە و “ بێ کۆتا خۆی دروست بکاتەوە” بە شێوەیەک لەگەڵ هەڵگەڕانەوەی کەڵکاژۆکراوەکاندا بخرێتە چوارچێوەوە.[47] چونکە مرۆڤی چەساوە هەمیشە خۆیان بە خراپترین ئەزانن.
دەرئەنجام
کورد جگە لە داگیرکاریی خاک و ئەزموونکردنی جینۆساید و دەیان جۆری دیکەی توندوتیژی، سەدەیەک زیاترە لەگەڵ کۆلۆنیاڵی نیشتەجێدا بەزۆر دەژیت. کۆلۆنیاڵی نیشتەجێ دەکرێت تەنها لە سەردەم و وەختێکی دیاریکراودا، یان لە کاتی جیاوازدا سەرقاڵی بەزۆر دەرکردن، دۆزینەوەی واتای یاسایی بۆ تواندنەوەی کۆمەڵە ئامانجکراوەکە بێت. بەڵام بەشێکی گەورە بۆ ناساندنی کۆلۆنایزکراو لەنێو چوارچێوەی نەخشەی کۆلۆنایزەردا تەرخان دەکرێت.[48] بە داگیرکردنی هۆش و کولتوور، یادەوەری و هەموو بوونییەوە بە ئاستێک ئەم مرۆڤە هەمیشە خۆی بە کەمتر دەزانێت و لەو کاتەشدا پێی وایە وا نییە؛ و هەر چۆن بجووڵێتەوە دواجار کار و دیدەبینی و هەستەکانی وا دەکەوێتەوە کە کۆلۆنایزەرەکەی فریادڕەس و بەئاگا بێت یان بێئاگا دەبێت بە خۆراکی جێبەجێکاری ستراتیژیی چەوسێنەرەکەی. ئەمەش لەبەرئەوەی لەگەڵ کاتدا پڕۆسەی کۆلۆنایزەیشن دەبێت بە کولتوور و، کولتووریش ستراکتۆری مرۆڤ دەکات. هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە، مرۆڤ ستراکتۆری کولتوور دەکات، واتە هەر یەک دەبن بە سەرچاوەی ئەوی دی و هەمیشە بازنەیی بە دەوری یەکدا دەخولێنەوە.[49]
لەم نێوەندەدا، بە هۆی کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکانی، زمانی دایک گرنگترین فاکتەری کۆلۆنیاڵداماڵینی میشک، هۆش و ئاوەزە و، گرنگترین ئامرازی دروستکردنی ویژدانی کوردییە. بە هۆی ئەم بایەخە گرنگەی زمان هەر لە سەرەتاوە زمانی کوردییان لە دەسەڵاتی زمانەوانی داماڵی، کاتێک هەر کۆلۆنایزەرێک پیتی زمانەکەی خۆی بەسەر کوردیدا بڕی. ئەمڕۆ کاتێک تاکێک لەسەر زمانی کوردی زیندانی دەکرێت و پێی دەوترێت مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت دروست کردووە، واتای ئەوەیە لە سەرمایە گرنگەکانی زمان تێگەشتووە و وەکوو پاڵنەری کۆلۆنیاڵداماڵین بەکاری هێناوە. ئەمەش بۆ کۆلۆنیالی نیشتەجێ لە هەمووان ترسناکترە، چونکە سەدان ساڵە نەک تەنها سەد ساڵ، لە سەردەمی داگیرکاریی ئیسلامەوە، کورد خراوەتە ژێر دەیان ستراتیژ و لۆژیکی کەڵکاوەژۆکراودا بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤێک کە هەرگیز نەبێت بە خاوەنی هۆشیاریی کۆلۆنیاڵداماڵین.
هۆشیاریی کۆلۆنیاڵداماڵین ترسناکە چونکە ئازادیی خاکی بەدوادا دیت، ئەگەر خاکی ئامانجکراو هێشتا داگیراو بێت، وە ماناکانی پاراستنی ئەزموونی ئازادی و دروستکردنی مێژوو دەگەیەنێت ئەگەر ئازد بێت. بۆیە لە خوتەرەی دروستکردنی و خواستەکانی دروستبوونی دەوڵەتدا یەکەم خاڵ و گرنگترین خاڵ ئازادکردن و پاککردنەوەی هۆش و مێشکیەتی، دروستکردنی ویژدانی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتە لە هەستی تاکی کورددا.
پەراوێزەکان
1. ئەم بابەتە ناتەواوە، نەک پێت وابێت وڵامی پرسیارەکان و کۆمەڵێک تەوری گرنگی سەبارەت بەم پرسە نەخستووەتە ڕوو، بەڵکوو لەبەرئەوەی بنەمای ئەم بابەتە پرۆپۆزڵی کتێبێک بوو، بە کەمتر لە ٤٠٠لاپەڕە ڕاڤەی لایەنەکانی ئەم پرسەی نەدەکرد، کتێبێک کە لە ١٢ بەش پێک دێت. دەزگایەکی کوردستان لە سلێمانی نەیهێشت پێتان بگات( لە پەراوێزی ١١ دا باسی کراوە). لەبەر ئەوە، لە هەندێ شوێندا لە ڕاڤەی ئەکادیمی لا دەدەم و شەرح و نموونە دەدەم، چون هەر سەردێڕێک لە ڕاستیدا تایتڵی چاپتەرێکە و، ناتوانرێت لە بابەتێکی کورتدا بەو شیوەیەی دەمەوێت، گوزارشتی لێ بکەم.
2. Painter, Joe; Jeffrey, Alex. 2009. Political Geography. London, GBR: SAGE Publications Ltd.
3. ئەم هەڵەیەم لە هەندێ وتاری ئینگلیزیشدا بینیوە، ئەمانە یان وتاری ڕۆژنامەنووسی بوون، یان ئەگەر لێکۆڵینەوی ئەکادیمی بووبێت، زیاتر بەرلە دروستبوونی تیۆریی کۆلۆنایزەیشن و دژە کۆلۆنیاڵ نووسراون.
4. Salih, Kaziwa. 2020. Genocide Culture: From Everyday Cultural Doxa and Ethnic Engineering to Genocide of Kurds in Iraq. Queens’ University.
5. Gramsci, Antonio. 1971. Selections from the Prison Notebooks. Q. Hoare, Q. & G. N Smith, ed. London: Lawrence and Wishart.
6. Spivak، “Can the Subaltern Speak?”, 1988.
7. Veracini, Lorenzo (2010). Settler Colonialism: A Theoretical Overview. Cambridge Imperial and Post-Colonial Studies Series. Basingstoke: Springer.
8. Salih, Kaziwa. 2020. Genocide Culture: From Everyday Cultural Doxa and Ethnic Engineering
9. Hall, Sturat. 1996. Critical Dialogues in Cultural Studies. London and New York: Routledge.
10. / ساڵی ٢٠١٥ پرۆپۆزڵی ئەم کتێبەم دا بە دەزگای دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی لە سلێمانی. پێم وابوو مادام ناوی کوردستانیان بە تایتڵەکەیانەوە لکاندووە و لە شارەکەی خۆمدایە، نابێت ڕوو لە شوێنیکی تر بکەم. پاش دوو حەفتە لەبری وڵامدانەوەیەکی پرۆفیشناڵانە، کەسێک کە لە لیبیا وانەی “ ڕۆشنگەری” وەرگرتووە، هێندە بە مۆڕاڵێکی نزم مامەڵەی کرد، ئەمەیان لەگەڵ داگیرکاران کردبا، ئێستا کەرکووک ئازاد ببوو. ئەمە پێی دەگوترێ بەرهەمهێناەوەی هیترۆپاریارکی کۆلۆنیالیزم. لێرەدا ئەم چەمکە لەم بابەتە دەبوێرم و لە بابەتێکدا بە ناوی “Kurdish Political Parties: Vehicle of Settler Colonialisms’ Heteropatriarchy, and Obstacle of Decolonization” داهاتووی نزیک لە جۆرناڵێکی جیهانیدا بڵاو دەبێتەوە بە ئینگلیزی دەربارەی ئەم چەمکە و بەرهەمهێنانەوەی لە لایەن حزبی کوردییەوە دەخوێنێتەوە.
11. Thiong’o، Ngũgĩ Wa. 1986. Decolonising the Mind: the Politics of Language in African Literature. Woodbridge: Boydell & Brewer Ltd.
12. Waziyatawin and Michael Yellow Bird, “Introduction Decolonizing Our Minds And Actions” https://sarweb. org/media/files/sar_press_for_indigenous_minds_only_chapter_1. pdf
13. Gramsci, Antonio. 1971. Selections from the Prison Notebooks. Q. Hoare, Q. & G. No. Smith, ed. London: Lawrence an Wishart.
14. بەڵام من ئەوە ڕەت دەکەمەوە کە گڕامشی وشەی سەبلتەرن /ژێرڕکێڤکەوتەی بۆ ئەوە بەکارهێنابێت کە وشەی پڕۆلیتاریا بەکار نەهێنێت، چون سەبڵتەرن واتا و فەلسەفەی مێژووی قووڵتری لە پڕۆلیتاریادا هەیە، بۆیە پێم وایە گرامشی بەئاگایی و زانینی جیاوازییەکانەوە سەبلتەرنی بەکار هێناوە.
15. Thiong’o، Ngũgĩ Wa. 1986. Decolonising the Mind: the Politics of Language in African Literature. Woodbridge: Boydell & Brewer Ltd.
16. Salih, Kaziwa. 2020. Genocide Culture
17.
18. Gramsci, 1971. Selections from the Prison Notebook.
19. Morley, David. 1996. “EurAm, modernity, reason and alterity or, postmodernism, the highest stage of cultural imperialism?” Chapter 17 in Stuart Hall: Critical Dialogues in Cultural Studies. Edited by David Morley and Kuan-Hsing Chen. London: Routledge.
20. Gramsci, 1971. Selections from the Prison Notebook. 145
21. Schatzberg, Michael G. 1988. The Dialectics of Oppression in Zaire. Bloomington: Indiana University Press.
22. Foucault, Michel. 1998. The History of Sexuality: The Will to Knowledge, London: Penguin.
23. کازیوە ساڵح. ٢٠٠٣. “کێ بەعسی نییە، دەست هەڵبڕیت”. کوردستان نیت.
24. کازیوە ساڵح، زمان-ساید/ جینۆسایدی زمانی کوردی لە سایەی دەوڵەتی سەمیدا، وەرگێڕان ، گۆڤاری تیشک، ژمارە
25. Woolford, Andrew. 2015. This Benevolent Experiment: Indigenous Boarding Schools, Genocide, and Redress in Canada and the United States. Winnipeg: University of Manitoba Press.
26. Salih, Kaziwa. 2020. Genocide Culture.
27. Salih, Kaziwa. 2020. Genocide Culture: From Everyday Cultural Doxa and Ethnic Engineering to Genocide of Kurds in Iraq. Queens’ University.
28. Salih, Kaziwa. 2019. Kurdish Linguicide in the “Saddamist” State”. Genocide Studies International. Volume 13 Issue 1, pp. 34-5.
29. Emermen, Frans (2010). Strategic Maneuvering in Argumentative Discourse: Extending the Pragma-dialectical Theory of Argumen-tati John Benjamins Publishing, 2010Amsterdam
30. Dupriez, Bernard Marie (1991-01-01). A Dictionary of Literary Devices: Gradus, A-Z. University of Toronto Press.
31. Spivak، Gayatri Chakravorty. “Can the Subaltern Speak?”
32. Giddens, Anthony. 1984. The Constitution of Society. Cambridge, England: Polity Press.
33. Fox، Richard Wightman. 1987. “Public Culture and the Problem of Synthesis”The Journal of American History. Vol. 74, No. 1، pp. 113-116.
34. Rothfuss, Patrick. 2008. The Name of the Wind. New York: DAW Books.
35. Powell, J. L. (2015). Foucault, power and culture. International Journal of Humanities and Cultural Studies, 1,(4), 401-419.
36. هەمان سەرچاوە
37.. Bourdieu, P. 1994. Language and Symbolic Power, Oxford: Polity Press.
38. هیوا محەممەدی. ٢٠٢١. “قەیران لە ئایدۆلۆژیی نەتەوەخوازیی کورد”. گۆڤاری پۆلیتیا، ژمارە ٢ /٢٧٢١
39. Dupriez, Bernard Marie (1991-01-01). A Dictionary of Literary Devices: Gradus, A-Z. University of Toronto Press.
40. لە نووسینێکی ترمدا کە لەم ژمارەیەدا دەیخوێنیتەوە، بە ناونیشانی جینۆسایدی زمانەوانی لە سایەی دەوڵەتی سەدامیزمدا، وڵامی ئەم بەشە دراوەتەوە، تکایە بەشی چەمک و ئاڵنگارییەکان بخوێنەوە.
41. Salih, Kaziwa. 2020. Genocide Culture & Bourdieu, Pierre. 1995. “The Political Field, the Social Science Field, and the Journalistic Field”. In Benson, R. and Neveu, E. (eds) (2005): Bourdieu and the Journalistic Field.
42. Ibid
43. Wimmer, Andreas; Feinstein, Yuval (2010). “The Rise of the Nation-State across the World, 1816 to 2001”. American Sociological Review. 75 (5): 764–790.
44. Martin, George R. R. . 1990. Ace in the Hole. London: Bantam.
45. ئەردەڵان، سارۆ ، نووسین بە بڵێسەی ئاگر: بۆچی تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی بەکەڵکمان دێ؟ ، ژمارە ٥٦، ساڵی بیست و دووەم، هاوینی ٢٧٢٠ ، گۆڤاری تیشک.
46. Ibid
47. Fanon، Frantz. 1961. The Wretched of the Earth, New York: Grove Press. p. 79.
48. Wolfe, Patrick (2006). “Settler colonialism and the elimination of the native”. Journal of Genocide Research. 8 (4)
49. Bourdieu, P. 1994. Language and Symbolic Power, Oxford: Polity Press.
داگرتنی بابەت



