ئارامتر بخوێنەوە

زاری کوردیی خواروو

چەند سەرنجێکی زارناسی

سوداد ڕەسووڵ[١]


“لەم توێژینەوەیەدا ئاوڕێکی گشتی لە زارە کوردییەکانی ئەم هەرێمە دەدەینەوە، لە ڕووی مێژووییەوە ناسنامەی کوردبوونی زارەکانی دەستنیشان دەکەین، هەروەها لە ڕووی زارناسی و زمانەوانیی کۆمەڵایەتییەوە تیشک دەخەینە سەر زارەکە و ڕەوتی گەشەکردن و پەیوەندیی بە زارە کوردییەکانی دیکەی خوارووی کوردستان ڕوون دەکەینەوە، لەگەڵ نیشاندانی دۆخی ئێستای زارەکە و چۆنیەتیی پاراستنی لە فەوتان و بووژاندنەوە و بەستانداردکردنی.”

پوختە
زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان کە بە ناوەکانی لوڕی و لەکی و کەڵهوڕی ناسراون، لە مێژوودا بەردەوام چەند پێکهاتەیەکی کورد بوون. هەرێمەکەیان لە سەدەی دەیەمی میلادییەوە دابەش بووە بۆ دوو ناوچەی میرنشینی: لوڕی بچووک و لوڕی گەورە. هەردوو ناوچە لە ژێر قەڵەمڕەی چەند میرنشینێکی کوردی فەرمانڕەوایی کراون. پێکهاتەی دانیشتووانەکەی بەدرێژاییی سەدەکان عەشیرەتی بووە و بە مەزهەب شیعەن. ئەم پێکهاتە ئایینی ـ مەزهەبییە، لە جوگرافیایەکی دوورەدەستی خوارووی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکی بووە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لەگەڵ کوردە سونییەکانی سەرەوەی خۆیان تێکەڵ نەبن، هەر بۆیە بەدەگمەن نەبێت لە بزاڤی نەتەوایەتیی کوردیش بەشدارییان نەکردووە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت ـ نەتەوە لە ئێران؛ دەوڵەتی ئێران بە سیاسەتی تاکزمانی و سەپاندنی یەک زمان(زمانی فارسی)، هەوڵی تواندنەوەی هەموو زمانەکانی دیکەی غەیری فارسیی لە ئێران داوە. لوڕەکان لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە، بەچڕی ئاسمیلە کراون و لە ناسنامەی نەتەوەییی کوردیش دابڕاون و کراون بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ. بەمدواییە بە هەمان پرۆسە، هەوڵ دەدرێ لەکەکانیش لە کورد دابڕن. بەڵام کوردەکانی هەردوو ئوستانی کرماشان و ئیلام، کە بە زارێکی کوردیی خواروو دەدوێن و بە کەڵهوڕییش ناسراوە، لە بەرانبەر ئەم تواندنەوەیە بەرگری دەکەن، هەوڵ دەدەن زارە کوردییەکەیان، کە مەترسیی فەوتانی لێ دەکرێ، ببووژێننەوە، و پێی بنووسن و بخوێنن. لەم توێژینەوەیەدا لە ڕووی زارناسییەوە، دابەشکردنێکی نوێ بۆ زارەکانی ئەم هەرێمە کراوە و بنزارەکانیان دەستنیشان کراوە، جەخت لەسەر کوردیی خواروو کراوەتەوە، و ڕێکارەکانی بووژاندنەوە و بەستانداردکردنی تاوتوێ کراوە، بۆ ئەوەی وەک زارێکی کوردی، لە ئێستا و داهاتوودا، بە زیندوویی بمێنێتەوە و ناسنامەی زمانی و نەتەوەیی لە دەست نەدات.


وشە سەرەکییەکان

خوارووی کوردستان، لوڕ، کەڵهوڕ، کوردیی خواروو، ئەدەبی زارەکی، زاری ستاندارد.


پێشەکی

زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان (کەڵهوڕی، لەکی، لوڕی) لەلایەن توێژەرانی کورد و ڕۆژئاواییەوە کەمتر بایەخیان پێ دراوە، وەک ئەو بایەخە نەبووە کە بە زارە کوردییەکانی دیکەی وەک گۆران و زازاکی و کوردیی باکوور و کوردیی ناوەندی دراوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم بایەخ نەدانە لای کورد بۆ پێکهاتەی ئایینی و مەزهەبیی هەرێمەکە دەگەڕێتەوە کە زۆربەیان شیعەن و بە پێچەوانەی کوردی ناوچەکانی دی کە بە مەزهەب سوننەن. کێشەی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە بەدرێژایی مێژوو ڕێگر بووە کە ئەم دوو پێکهاتە مەزهەبییە موسڵمانە نەتوانن پێکەوە هەڵبکەن، هەر ئەمەش کاریگەریی هەبووە بۆ سەر کوردەکانی ئەم هەرێمە، کە لە ڕووی نەتەوەیییەوە بەدەگمەن نەبێت بەشدارییان لە بزاڤی نەتەوەییی کورد نەکردووە، چونکە لە لایەن کوردی سوننەوە ڕێبەرایەتی کراوە. لە لایەکی دیکەوە، هەر ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت ـ نەتەوە لە ئێراندا، زەمینەیەکی لەبار بووە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، سیاسەتی تواندنەوەی زمانی و نەتەوەیی لە نێو کوردە شیعەکان بەفراوانی جێبەجێ بکەن و ئەم ناوچەیە، لە ناوچە کوردنشینەکانی دی زیاتر کاری لەسەر کراوە بۆ ئەوەی لە نێو بۆتەی زمانی فارسی و نەتەوەی سەردەستەوە ئاسمیلە بکرێن. ئەمڕۆ، لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە، زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان، بە ڕادەیەکی ئەوتۆ بەرەو پووکانەوە دەچن، کە ئەگەر نەبووژێنەوە لە داهاتوودا زۆر لاواز دەبن و بۆ یەکجاری لەناو دەچن. لە هەمان کاتدا، ئەم هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەزهەبییە لە چوارچێوەی دەوڵەت – نەتەوەی ئێراندا بە یەک زمان و یەک نەتەوە، لە ماوەی سەدەیەکدا زەمینەسازیی کردووە کە ناسنامەی نەتەوەیی ئەم زارانە بکەونە ژێر پرسیارەوە، لە زارێکی کوردییەوە بکرێن بە چەند زمانێکی سەربەخۆ. پیادەکردنی ئەم سیاسەتە زمانی و فەرهەنگییە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، لوڕەکانی لە ناسنامەی کوردبوون داماڵیوە، کە چیدی خۆیان بە کورد نەزانن، لەمدواییە کار لەسەر لەکەکانیش کراوە بۆ ئەوەی بە هەمان پرۆسەی داماڵینی ناسنامەی کوردی، زارەکەیان وەک زمانێکی سەربەخۆ بە ڕەسمی بناسرێ و چیدی زارێکی زمانی کوردی نەبێت. هەرچی زاری کوردیی خوارووە، کە بە کەڵهورییش ناسراوە و لە هەردوو ئوستانی کرماشان و ئیلام قسەی پێ دەکرێ، لەم بارودۆخە سیاسیی – زمانییەی ئێران، هەوڵ دەدرێ وەک پێکهاتەکانی دیکەی کورد لە خوارووی کوردستان، ناسنامەی کوردبوونیان بنکۆڵ بکرێ و زارەکەشیان گەشە نەکات و بەرەو تواندنەوە بچێت، چونکە بەچڕی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی زمانی فارسی، و ئێستا لەبەردەم دووڕیانی ڕزگاربوون و لەناوچووندایە. بۆیە بایەخدان و ژیاندنەوەی ئەم زارە، وەک زارێکی گرنگی خوارووی کوردستان، مانەوە و پاراستنی گەلی کوردە لە سەرزەمینێک کە هەر لە کۆنەوە بەشێکی گرنگ بووە لە مێژوو و جوگرافیای خاکی کوردستان.
لەم توێژینەوەیەدا ئاوڕێکی گشتی لە زارە کوردییەکانی ئەم هەرێمە دەدەینەوە، لە ڕووی مێژووییەوە ناسنامەی کوردبوونی زارەکانی دەستنیشان دەکەین، هەروەها لە ڕووی زارناسی و زمانەوانیی کۆمەڵایەتییەوە تیشک دەخەینە سەر زارەکە و ڕەوتی گەشەکردن و پەیوەندیی بە زارە کوردییەکانی دیکەی خوارووی کوردستان ڕوون دەکەینەوە، لەگەڵ نیشاندانی دۆخی ئێستای زارەکە و چۆنیەتیی پاراستنی لە فەوتان و بووژاندنەوە و بەستانداردکردنی.


پرسی لوڕ و زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان

پێش ئەوەی بێینە سەر ناساندن و دەستنیشانکردنی سنووری جوگرافیی زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان، پێویستە ئەوە بگوترێ کە زارەکانی ئەم هەرێمە لە هەموو دابەشکردنەکان کە بۆ زارە کوردییەکان کراون، هەموو بە لوڕی ناسراون، واتە کەڵهوڕی و لەکییش بە لوڕ دانراون زارەکانیشیان بە چەند بنزارێکی لوڕی دانراون کە ئەمەش لە ڕووی پێکهاتە و ناسنامەی زار و شێوەزارەوە دەستنیشانکردنێکی هەڵەیە. لە لایەکی دیکەوە لوڕەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە ڕووی نەتەوەییەوە لە کوردبوون دابڕاون، ئەمەش جارێکی دی ناسنامەی زارە کوردییەکانی ئەم هەرێمەی خستە ژێر باس و مشتومڕەوە کە ئاخۆ کامە پێکهاتەی ئەتنیکی و عەشیرەتیی لوڕستان ئێستا لە کورد دابڕاون و کامەشیان هەر کورد ماون؟. بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن لە هەلومەرجی ئەم دۆخە لەهجەییەی خوارووی کوردستان، پێویستە ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی لوڕستان بدەینەوە.
زاراوەی لوڕ و لوڕستان لە سەرچاوە مێژووییەکاندا چەند چەمکێکی ئەتنیکی و عەشیرەتی و جوگرافی و دەسەڵاتی میرنشینی بووە، و بەپێی سەردەم گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە هەندێک سەردەم زیاتر ناوی میرنشینی، یان هەرێمێکی جوگرافی بووە و ناوچەیەکی فراوانی لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران گرتووەتەوە، لە هەمان کاتدا، ناوی پێکهاتەیەکی دانیشتوانی یان چەند هۆزێكی سەرەکیی خوارووی لوڕستان بووە، بەڵام دانیشتوانی هەموو ئەم یەکە جوگرافییە بە بنەچە لوڕ نەبوون، پێکهاتەی دانیشتوانی دیکەی کورد وەک لەک و کەڵهوڕ هەبوون، بە شێوەی ئاخاوتنیش لەگەڵ لوڕ جیاواز بوون.
لە دوای فتوحاتی ئیسلام بۆ لوڕستان و ئێران، ئەم هەرێمانە ڕاستەوخۆ لە لایەن خەلافەتی ئومەوی و عەباسییەوە فەرمانڕەوایی کراون. هەرێمی لوڕستان بەهۆی شاخاویبوونی (زنجیرە چیای زاگرۆس) لە سەرچاوەکان بە بەشێک لە هەرێمی چیاکان (اقلیم الجبال) ناسراو بووە. لە سەدەی دەیەمی میلادی، ئەم هەرێمە بۆ دوو ناوچە دابەش دەبێت: لوڕی بچووک و لوڕی گەورە. لوڕی بچووک ناوچەکانی ڕۆژئاوای لوڕستانی گرتووەتەوە لە دزفولەوە لە باشوور هەتا کرماشان لە باکوور درێژ بووەتەوە، دانیشتوانی ناوچەکە هەندێک جار بە لوڕی فەیلییش ناویان بردووە. لوڕی گەورە، بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی لوڕ دەگرێتەوە، بۆ سەر خەلیج درێژ بووەتەوە و ئێستا چەند تیرە و هۆزێکی لوڕ دەگرێتەوە کە ئەمانەن: هۆزی بەختیاری، هۆزەکانی کۆهگلۆیی، هۆزی مامەسەنی، لوڕەکانی حەیات داودی (صفی نژاد، ١٣٦٨: ١٠٣ -١٠٦).
لوڕستان دانیشتوانەکەی لە ڕووی مەزهەبەوە شیعەی 12 ئیمامین، کە مەزهەبی ڕەسمیی ئێرانە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەیەکی دەرەبەگی و عەشایەری بووە. لوڕەکان بنەماڵەی حوکمڕانی ناوچەییان هەبوو کە بە ئەتابگ ناسراوە لە سەردەمی سەلجووقییەکان لە ماوەی نێوان (١١٨٢ – ١٥٩٧م) بە ناوی ئەتابگی لوڕستان فەرمانڕەواییان کردووە. دوای هاتنە سەر کاری سەفەوییەکان لە ئێران، دەبێت بە والینشین، و لە ماوەی نێوان (١٥٩٧ – ١٩٢٨م) فەرمانڕەوایی دەکەن. (Amanolahi, 2002: 193)
ناوچەی لوڕی بچووک لە دوا ساڵەکانی سەردەمی عەباسی (ناوەڕاستی سەدەی سێزدەم) بەشێک بووە لە هەرێمێکی ئیداری بەناوی کوردستان. وەک حمد اللە مستوفی لە کتێبی (نزهة القلوب) باسی کردووە، کە ئەم یەکە ئیدارییە ١٦ ویلایەتی گرتووەتەوە، سنووری لەگەڵ ویلایەتی عێراقی عەرەب و خوزستان و عێراقی عەجەم و ئازەربایجان و دیاربەکر بووە، کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی لەخۆ گرتووە وەک کرماشان، ئەڵیشتەر، قەڵاتی بەهار، خوفتیان، شارەزوور، ماهیدەشت، دینەوەر کەنگاوەر، هەرسین. (،المستوفی، ١٩١٣: ١٠٧)‌ یەکەم هەرێمێکی ئیدارییە بە ناوی کوردستان لە مێژوودا، واتە زاراوەی کوردستان وەک چەمکێکی ئیداری و جوگرافی و نەتەوەیی بۆ یەکەمجار لەو ناوچەیە سەری هەڵداوە کە شوێنی نیشتەجێبوونی کەڵهوڕ و لەک و لوڕە.
هەردوو لوڕستانی گەورە و بچووک لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە لە لایەن میرە کوردەکان حوکمڕانی کراون. جوگرافیناس و وڵاتناسە موسڵمانەکان ئاماژەیان بەم ڕاستییە کردووە کە کوردەکان بەسەر وڵاتی لوڕدا زاڵن و زۆربەی داینشتوانەکەشی پێک دێنن. حمد اللە مستوفی باسی سەد بنەماڵەی کورد دەکات کە لە ساڵی ١١٠٦م لە ناوچەکانی چیای سماق[٢] لە باکووری کوردستانەوە بۆ ناوچەی لوڕستانی گەورە کۆچیان کردووە و لەوێش نیشتەجێ بوون. هەروەها سەرچاوەکان ناوی ٢٦ هۆزی کوردی نیشتەجێی لوڕستانی گەورەیان هێناوە لەوانە: ئەستورکی، مامەکۆیی، بەختیاری، جوانکی، بیدانیان، زاهدیان، و تاد (تۆفیق، ٢٠٠٨: ٢٥ – ٢٧).
میر هەزارئەسپ کوڕی پەنگێر کوڕی عەیازی کورد، یەکێک لە میرە کوردە ناودارەکانە کە بۆ ماوەی نزیک بە سی ساڵ لە ماوەی نێوان (١٠٤٤ – ١٠٦٩ م) بە سەر هەرێمی لوڕستانی گەورەدا فەرمانڕەوا بووە و ڕۆلێکی گرنگ و بەرچاوی لە ڕووداوەکانی دوا ساڵەکانی سەردەمی بوەیهی (٩٤٦ – ١٠٥٥م) و دەستپێکی سەردەمی سەلجوقی گێڕاوە. لە لایەن خەلیفەی عەباسی و میرەکانی بوەیهی و سوڵتانەکانی سەلجوقی ڕێزی لێ گیراوە و خاوەن پلەوپایە بووە (توفیق، ٢٠٠٨: ٢٧).
لە ناوەڕاستی سەدەی دەیەمی میلادییەوە، هەرێمی لوڕستانی بچووک بەشێک بووە لە قەڵەمڕەوی میرنشینی بەنو حەسنەوی بەرزیکانی ناسراو بە حەسنەوی کوردی لە ماوەی نێوان(٩٠٩ – ١٠١٥ م) بە سەر ناوچەکانی دەوروبەری دینەوەر و هەمەدان و نەهاوەند و سامغان و دەوروبەری ئازەربایجان و هەتا سنووری شارەزوور فەرمانڕەوا بوون (النقشبندي، ٢٠١١: ١٤٦) پاشتر دەبێت بە بەشێک لە میرنشینی بەنی عەناز شازنجانی کە سەر بە هۆزی شازنجانی کوردی بووە لە ماوەی نێوان (٩٩١ – ١١١٧م) لە ناوچەکانی حەلوان و دینەوەر و کرماشان و ئەسەد ئاباد و ماهیدشت و کەنگاوەر و سیروان و خوفتیان و داقوق و شارەزوور، و چەندین ناوچەی دی فەرمانڕەوا بووە. ناوچەی فەرمانڕەواییەکەی بەپێی سەردەم گۆڕانی بەسەردا هاتووە (النقشبندي، ٢٠١١: ٢٠٥).
لە دوای ئەوە لە سەدەی سێزدەم بۆ چواردەم دوو میرنشینی دیکەی کوردی: میرنشینی فەزڵەوی یان میرنشینی لوڕی گەورە و میرنشینی خورشیدی یان میرنشینی لوڕی بچووک بە سەر هەرێمی لوڕستاندا فەرمانڕەوا بوون، هەردوو میرنشینی پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی مەغۆلی بەهێز بووە (توفیق، ٢٠٠١: ١٢١ – ١٣٢).
زاراوەی لوڕستان لە سەرچاوە میژووییەکان لە ڕووی جوگرافییەوە بەپێی سەردەمەکان لە گۆڕاندا بووە، لە ماوەی حوکمڕانیی هەردوو ئیمارەتی لوڕی گەورە و بچووک پانتاییەکی گرتووەتەوە لە باکوورەوە هەمەدان و کرماشان بووە، لە ڕۆژئاوا عێراق و لە باشووریش ئەهواز و هەرێمی فارسی لە ڕۆژهەڵات شیراز و ئەسفەهان. دوای لەناوچوونی بنەماڵەی حوکمڕانی لوڕی گەورە، لە کۆتایی سەدەی پازدەم و سەرەتای سەدەی شازدەم، لوڕستان تەنیا ناوچەی لوڕی بچووکی گرتووەتەوە بۆ ئەوەی لە لوڕی گەورە جودا بکرێتەوە، پێی گوتراوە «لوڕستانی فەیلی».[3] دوای ئەوەی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەم دەسەڵاتی قاجاری توانی بە سەر ئەم هەرێمەدا زاڵ بێت، کە نوێنەرایەتی لوڕستانی دەکرد، بەم پێیە ئەو ناوچانەی کە لە کۆندا ئیمارەتی لوڕی بچووک بوون، کران بە دوو بەش:
ناوچەی پێشکۆ، ئەو ناوچەیەی کە لە پێش چیای کەبیر هەڵکەوتووە، کە ڕۆژهەڵاتی ئەو
چیایەی دەگرێتەوە، کە ئوستانی لوڕستانی ئێستا دەگرێتەوە و مەڵبەندەکەی خورەم ئابادە، و دانیشتوانەکەی لوڕ و لەکە‌.
ناوچەی پشتکۆ، واتە ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە پشت چیایەکە کە دەکاتە ڕۆژئاوای ئەو کێوە. کە ئێستا ئوستانی ئیلام دەگرێتەوە و دانیشتوانەکەی بە زاری کوردیی خواروو، یان کەڵهوڕی دەدوێن کە هەتا ئەمڕۆش لوڕستان وەک یەکەیەکی ئیداری، ناوچەی پێشکۆ دەگرێتەوە، بەڵام بۆ ماوەی دوو سەدە ناوچەی پشتکۆ بە وڵاتی فەیلی ناو براوە. (قمندار، ٢٠١٤: ٥٧)
لە پشتکۆ هەندێک ناوچە هەیە دانیشتوانی لوڕ و لەکە بە تایبەت لە قەزای دەرەشەهر، لە قەزای ئابدانانیش بەشێکی دانیشتوانی لوڕە، و ئەوانی دی سەر بە عەشیرەتی کوردی کوردەلین، لە قەزای دێهلۆڕانیش کەمینەیەکی لوڕ هەیە، بەڵام زۆرینەی کوردەلییە، لە بەدرە و زرباتییەش دانیشتوانی لوڕ هەیە (قمندار، ٢٠١٤: ٥٨).
سەبارەت بە کوردبوونی لوڕەکان، ئەگەر سەیری سەرچاوە مێژووییەکان بکەین، لە لایەن هەموو مێژوونووس و گەڕیدە موسڵمانەکان وەک طبری، مسعودی، ابن حوقل، أبو الفداء، یاقوت الحموي، سبط ابن الجوزي، مقریزي،.. لوڕیان بە کورد داناوە (توفیق، ٢٠٠٧: ١٣٤) بۆ نموونە یاقوت الحموي لە سەدەی دوازدەمی میلادی لە کتێبی معجم البلدان لەبارەی لوڕ دەڵێت: «تایفەیەکن لە کورد لە چیاکانی نێوان ئەسفەهان و خوزستان نیشتەجێن. ئەم ناوچەیەش بە وڵاتی لوڕ، یان لوڕستان ناسراوە « (الحموی، ١٩٧٧: ١٦).
لە هەندێک سەرچاوەی دیکەی مێژوویی ناوی لوڕ و کورد بە جودا هاتووە وەک لای ابن فضل الله العمري لە سەدەی چواردەمی میلادی بە «الأکراد و اللر» هاتووە، لە هەندێک سەرچاوەی فارسییش بە «کردان و لران» ناویان هاتووە (توفیق، ٢٠٠٧: ١٣٤، بهاروند، ١٣٩١: ٣٣) ناوهێنانی کورد و لوڕ بە جودا لە سەرچاوە کۆنە مێژووییەکاندا، هەندێک لە توێژەرانی بێگانە و کورد پێیان وایە ئەمە سەرەتای جودابوونەوەی لوڕە لە کورد، بۆیە وەک دوو نەتەوەی جودا ناویان هاتووە.
ئەگەر سەرنج بدرێ، لە سەردەمی پێش نەتەوایەتیدا، چەمکی نەتەوە لە نێو ئەم پێکهاتە عەشیرەتییانە، چەمکێکی چوونیەک و یەکسان نەبووە، هەندێک جار، ناوی عەشیرەتەکە بە پێش ناوە گشتییەکەی نەتەوە کەوتووە، یان ڕوونتر بڵێین، ناوی کورد لەو سەردەمە چەترێک بووە، کۆمەڵێک پێکهاتەی عەشیرەتی و گروپی ئەتنیکی بە لەهجەی جیاواز و مەزهەب و ئایینی جیاواز، لەژێریدا کۆ بوونەتەوە. زۆربەی نەتەوەکان لە کۆندا بە هەمان شێوە فرەپێکهاتە و فرە لەهجە بوون، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرنیتە کە نەتەوایەتی و نەتەوەسازی لەگەڵ خۆی هێنا، پێکهاتەی خێڵ و عەشیرەت بە زار و بنزاری جیاواز لە بۆتەی یەک نەتەوە و یەک زماندا تواونەتەوە، بەڵام لە سەردەمی نوێدا کورد بەم پرۆسە نەتەوەسازییەدا تێنەپەڕیوە، چونکە لە سەرەتای سەدەی بیستەم کە تازە کورد لە ڕووی نەتەوەییەوە هۆشیار دەبووەوە، دەوڵەت نەتەوەکانی فارس و عەرەب و تورک کە بە سەر کوردستاندا فەرمانڕەوا بوون، نەتەوایەتیی کوردیان سەرکووت کردووە و گەشەکردنی زمانەکەشیان قەدەغە کردووە، لێ نەگەڕاون نەتەوایەتیی کورد بە زمان و هەستی هاوبەش لە نێو پێکهاتەکانی گەشە بکات. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، لە مێژوودا، پێکهاتەکانی کورد بە ناوی جیاواز ناسراو بوون؛ بۆ نموونە دانیشتوانی ناوەڕاستی کوردستان لە مێژوودا بە کورد ناسراو بووە، کە ئەمڕۆش بە هەڵە ناوی کوردی سۆرانیی بەسەردا زاڵ بووە، بەڵام باکووری کوردستان بە کورمانجی، و کوردە گۆرانەکان، کە بە دین یارسانن و بە زاری گۆرانی قسەیان کردووە، بە گۆران ناسراو بوون، لوڕ و لەک و کەڵهوڕیش بە هەمان شێوە. هەموو ئەم پێکهاتانە بە نەتەوە و ڕیشەی مێژوویی کورد بوون و لە مێژوودا بە ناوی کورد گەشەیان کردووە، واتە هەر پێکهاتەیەک، ناوێکی ناوچەیی یان عەشیرەتی هەبووە، بەڵام ناوە گشتییە نەتەوەییەکە کورد بووە. هەندێک جاریش ئەم پێکهاتانە بە جودا ناویان هاتووە و گوتراوە: کورد و گۆران، کورد و لوڕ، کورد و کورمانج، کورمانج و زازا.. کە ئەم جۆرە ناوهێنانە لە ناو کورد هەتا ئێستاش هەر ماوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە گۆران و کورمانج و زازا، کورد نین، یان دوو نەتەوەی جودان. ئەم جۆرە ناوهێنانە تەنیا جوداکردنەوەی پێکهاتەکانی نەتەوەیە کە ئەوسا و ئێستاش ئەم پێکهاتانە هەندێک تایبەتمەندیی عەشیرەتی و دینی و مەزهەبی و لەهجەیییان هەیە.
دوای ئەوە لە سەدەی شازدەم لای شەرەفخانی بدلیسی لە شەرەفنامەدا جارێکی دی ناوی پێکهاتەکانی کورد جەخت دەکاتەوە و ناوی چوار پێکهاتەی کورد دێنێت: کورمانج، لوڕ، کەڵهوڕ، گۆران، سنووری وڵاتەکەشیان کە کوردستانە دەستنیشان دەکات. واتە دوو سەد ساڵ دوای العمری، شەرەفخان جارێکی دی جەخت دەکاتەوە کە لوڕەکان کوردن. وەک دیارە لەم چوار پێکهاتە دوویان (لوڕ و کەڵهوڕ) سەر بە خوارووی کوردستانن، و زارەکانیشیان کوردیین. ئەم ناسنامە کوردییەی لوڕ هەتا کۆتایی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەم درێژەی هەبووە و لە لایەن نووسەران و مێژوونووسان جەختی لەسەر کراوەتەوە و بە ڕوونی ئاماژەی پێ دراوە.
لەڕووی جوگرافییەوەش، ئەم هەرێمە بەردەوام بەشێک بووە لە خاکی کوردستان. لە‌ سەدەی‌ شاز‌دەیە‌م ‌شەرەفخانی بدلیسی لە شەرەفنامە‌دا، وڵاتی کوردانی بەم جۆرە دەستنیشان کردووه: «دەستپێکی ویلایەتی کوردستان لە هورمز کە لەسەر کەناری دەریای هیندە، لەوێ بە خەتێکی ڕاست دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە تا لە ویلایەتی مەلاتییە و مەرعەش کۆتایی دێت، و لای باکووری ئەم خەتە ویلایەتی فارس و عێراقی عەجەم و ئازەربایجان و ئەرمەنە و لە لای باشووری ئەم خەتە، دیاربەکر و مووسڵ و عێراقی عەرەبە، بەڵام بەش و لقوپۆپەکانی لە ئەوپەڕی ویلایەتی ڕۆژهەڵات تا کۆتایی ویلایەتەکانی ڕۆژئاوای درێژ دەبێتەوە».(بدلیسی، ١٨٦٠: ١٣ – ١٤).
لەم دەستنیشانکردنە ڕوون دەبێتەوە کە پانتایی خاکی کوردستان لەو سەردەمە هەموو ناوچەی لوڕەکانی گرتووەتەوە تا تەنگەی هورمز درێژ بووەتەوە، بەڵام ئەو ناوچەیەی سەر تەنگەی هورمز ئێستا چیدی کورد نەماوە. دەستنیشانکردنی ئەم سنوورە لای شەرەفخانی بدلیسی جارێکی دی ئەو ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە کە لوڕەکان لەو سەردەمەدا بە نەتەوە و بە جوگرافیاش وڵاتەکەیان بەشێک بووە لە خاکی کوردستان، و زمانەکەشیان لەهجەیەکی زمانی کوردی بووە.
عەلی ئەکبەر وەقایع نگاری کوردستانی کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم ژیاوە، لە دوو کتێبی باسی ڕەگوڕیشەی نەژادی کورد دەکات؛ لە فەرهەنگی« بدائع اللغة» کە لە ساڵی ١٢٨٧ کۆچی «١٨٧٠ م» نووسراوە، لە پێشەکییەکەی لەبارەی بنەچەی کوردەوە ئاماژە بە هەشت تایفە دەدات کە لە کوردن، ئەمانەن: گۆران، لوڕ، ئەردەلان، کورماج، لولو، مافی و نانەکەلی، لەک، زەند. (کردستانی، ١٣٨٨: ٢٣-٣٠). سەبارەت بە لوڕەکان مەبەستی هەردوو بەشی لوڕی گەورە و لوڕی بچووکە کە سەرزەمینیان بەم شێوەیە دیاری دەکات: «شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ئەسفەهانەوە بگرە تا سەرحەدی شوستەر و دزپول دەڕوات، لایەکەوە دەگات بە عێراقی عەرەب و لە لایەکی دیکەوە دەگات بە کوردستانی سنە، لەلایەکی دیکەوە بە هەمەدان، کرماشانیش هەر لە ناو لوڕستانە، ئەو تایفانەش کە ناویان دێت هەموویان لە لوڕ پەیدا بوون. تایفەی بەختیاری، سوفیوەند، بستیاروەند، سنجاوی، جەلیلوەند». (کردستانی، ١٣٨٨: ٢٦ ). لە کتێبی دووەمی کە بە ناوی «عشایر و ایلات و طوایف کرد» بەدرێژی باسی هۆز و تیرە و تایفە کوردەکان دەکات و جارێکی دی جەخت دەکاتەوە کە لوڕەکان تایفەیەکی کوردن (کردستانی، ١٣٨١: ٣٠). ئەم دەستنیشانکردنەش بەڵگەیەکی دیکەی ڕوونە کە هەتا کۆتایی سەدەی نۆزدەمیش لای نووسەر و فەرەهەنگنووسانی کورد، لوڕ تایفەیەکی کورد بووە.
با سەرنجێکی نووسراوی ڕۆژهەڵاتناسان بدەین کە لە سەدەی نۆزدەم و بیستەم بە سەفەر ڕوویان لە ئێران کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ژیانی عەشیرەتەکانی ئەو هەرێمە کردووە. جێمس ڕیچ لە سەفەرەکەی بۆ کوردستان لە ساڵی ١٨٢٠ لەبارەی بەختیارییەکان دەڵێت: هیچ گومان لە کوردبوونیان نییە و زمانەکەیان زارێکی کوردیی لوڕستانییە (Rich, 1836: 130).
لۆرد جۆرج کورزۆن سیاسەتکاری بەریتانی و گەڕیدەی جیهانی، لە سەفەرێکی بۆ ئێران لە نێوان ١٨٨٩ – ١٨٩٠ سەردانی ڕۆژئاوای ئێران دەکات و دەچێت بۆ ناو عەشیرەتەکانی کەڵهوڕ و لەک و گۆران و لوڕ و بەختیاری، زانیاریی ورد لەبارەی ژمارە و خێزانی عەشیرەتەکان کۆ دەکاتەوە. دواتر ئەم سەفەرەی لە کتێبێک بە ناوی «ئێران و مەسەلەی ئێران» لە ساڵی ١٨٩٢ لە لەندەن بڵاو دەکاتەوە. کە دێتە سەر ئەسڵ و بنەچەی لوڕ، پرسیار دەکات کە لوڕەکان کێن؟ ئایا فارسن؟ یان تورک؟ یان لە نەژادی سامیین؟ ئەم سێ گریمانەیە بۆ ئەسڵییان پێشنیاز دەکرێ، دواتر دەڵێ وەک دیارە ئەوان « لەهەمان گروپی ئەتنیکی کوردن وەک کوردەکانی دراوسێی سەرەوەی خۆیان، زمانەکەشیان، کە لەهجەیەکی ئێرانییە، و جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کوردیدا نییە» (Curzon,1892: 273-275 ).
هینری فیلد لە لێکۆلێنەوەیەکی مەیدانی سەبارەت ئەنترۆپۆلۆجیی ئێران، لە ساڵی ١٩٣٩ لە باسی لوڕەکان ئەویش لە کوردبوونی لوڕ ئاماژە بە سەرچاوەکەی کورزۆن دەدات و هەمان زانیاری لەبارەی ئەسڵی کوردبوونیان دووبارە دەکاتەوە. (Field, 1939: 628 ).
تەنانەت لای فارسەکانیش هەتا سییەکانی سەدەی بیستەم، لوڕ هەر بەشێک بووە لە کورد. بۆ نموونە لە کتێبی (جغرافیای مفصل ایران) لە نووسینی مەسعود کەیهان کە لە ساڵی ١٣١١ هەتاوی (١٩٣٢ م) لە تاران چاپ کراوە، کە دێتە سەر ئەو زمانانەی کە لە ئێران قسەیان پێ دەکرێت، ناوی زمانی فارسی و بەلوچی و کوردی دێنێت، لە بارەی زمانی کورییەوە دەڵێت: «کوردی کە بە چەند لەهجە قسەی پێ دەکرێت، هەرچەندە لەهجەی بەختیاری و لوڕی کەمێک لەگەڵ کوردی جیاوازییان هەیە، بەڵام بە هۆی نزیکیی ڕیشەی ئەم زمانانە لەگەڵ یەک، دەکرێ هەر بە کوردی حیساب بکرێن» (کیهان، ١٣١١: ٤٨) ئەمەش دووبارە بەڵگەیە که لەلایەن فارسەکانیشەوە لوڕی و بەختیاری بە چەند زارێکی زمانی کوردی دانراون. بەڵام لە ساڵانی دواتری سەدەی بیستەم، ئەم جۆرە لێدوانانە سەبارەت بە لوڕ لە کتێبە جوگرافی و مێژووییەکانی ئێران نەما و لوڕ وەک ئەتنیکێکی سەربەخۆ ناویان هات.
لەسەرەتای سەدەی بیستەمیش لای هەموو کورد لە کتێبە مێژووییەکان و دابەشکردنی زارە کوردییەکان، لوڕ بە کورد و زارەکەشیان بە لەهجەیەکی کوردی دانراوە. مێژوونووسی کورد ئەمین زەکی بەگ لە کتێبە بەنرخەکەی بە ناوی (خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) بە پشتبەستن بە ڕاستییە مێژووییەکان، هەموو هۆزەکانی لوڕی بە کورد داناوە و لە نەخشەیەکی تایبەت کە سەرزەمینی پێکهاتە و هۆزەکانی کوردی دەستنیشان کردووە، هەموو لوڕستانی گەورە واتە لوڕی گەورەی بە بەشێک لە خاکی کوردستان داناوە. لەم بارەیەوە ڕەخنە لە بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسان دەگرێت کە لوڕ بە کورد دانانێن و دەڵێت: «بەعزێ موستەشرقین بە سەبەبی فەرقێکی کەمی شێوە و زمان، قەومی لوڕ، لە میللەتی کورد جوێ ئەکەنەوە و ئەڵێن، چونکە زمانەکەیان دەشوبهێنە فارسی، ئەبێ خۆشیان نەتەوەی قەومی فارس بن.» (زەکی بەگ، ٢٠٠٦: ٢٢٦ ).
لای نووسەرانی کوردی ئێرانیش، کە سەبارەت بە مێژووی کورد و زمانی کوردی و زارەکانی لێکۆڵینەوەیان کردووە، لوڕ بە کورد و زمانەکەشیان بە زارێکی کوردی دانراوە، وەک شێخ محەمەدی مەردۆخی کوردستانی لە کتێبی «تاریخ مردوخ» (مردوخ کردستانی، ١٣٧٩: ١٢٠) و ڕەشید یاسەمی لە کتێبی «کرد و پیویستگی نژادی و تاریخی او» (یاسمی،١٣٦٣: ١١٣)، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ئەم دوو نووسەرە، ئەم دوو کتێبە سەبارەت بە ئەسڵ و ڕیشەی نەتەوەی کورد بڵاو دەکەنەوە. هەرچەندە ئەم دوو کتێبە بۆ ئامانجی پانئێرانیستی نووسراون، دەوڵەتی ئێران ڕایسپاردوون کتێب سەبارەت بە مێژووی کورد بنووسن و ڕیشەی کورد ببنەوە سەر نەژادی ئێرانی، بەڵام لە باسی لوڕ نەیانتوانیوە ڕاستییە مێژووییەکان هەڵگێڕنەوە و نکوولی لە کوردبوونی لوڕ بکەن. لە کتێبێکی دیکەی تایبەت لەبارەی زمانی کوردی و زارەکانی، محەمەد مورتەزایی پێی وایە کورد و لوڕ لە ڕووی شێوەی ڕووخسار و قیافە و حاڵەتی ڕۆحی و دابونەریت و بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی و ئەدەبیاتی میللی، هەروەها لەڕووی فۆنەتیکی تایبەتی زمانەوەش یەکن، لوڕییش زارێکی زمانی کوردییە (مرتضائی، ١٣٥٧: ٥٦ – ٦٣).
لە هەموو دابەشکردنەکان کە لە لایەن کوردەوە بۆ زارە کوردییەکان کراون، لوڕی بە زارێکی کوردی دانراوە. لە هەموو نەخشەکانی کوردستانیش کە لە لایەن کوردەوە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم کێشراون، لوڕستان هەتا سەر خەلیج بە کوردستان دانراوە، بە تایبەت لە نەخشە مێژووییەکەی ساڵی ١٩٤٧ کە لە قاهیرە لە نامیلکەیەک بە ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە، هەموو لوڕستان هەتا سەر خەلیج بە کورستان دانراوە (Anonymous,1947 ، حەمەخورشید، ٢٠٢٠).
بەم پێیە، هەموو بەڵگە مێژوویی و زمانەوانی و ئەتنۆگرافییەکان هەتا کۆتاییی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەمیش کوردبوونی لوڕەکان دەسەلمێنن. بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ئەوروپی ڕێبازێکی نوێ هاتە کایەوە کە نەتەوە و گروپە ئەتنیکییەکان لەسەر بنەڕەتی جیاوازیی زمانەوانی پۆلێن دەکران و بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە مێژوویی و نەتەوەیی و ئەتنۆگرافییەکان، هەر لەسەر ئەم بنەڕەتە بۆ یەکەمجار ئۆسکار مان لە ساڵی ١٩١٠ لە ڕۆژئاوای ئێران لێکۆڵینەوە لە سەر زارەکانی هەرێمی لوڕستان دەکات و بەپێی بەڵگەی زمانەوانی بە ئەنجامێک دەگات کە لوڕەکان لەگەڵ کورد جیاوازن، چونکە زمانەکەیان دەچێتەوە سەر کۆمەڵە زمانی باشووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکان و زارە کوردییەکانی دی دەچێتەوە سەر باکووری ڕۆژئاوا. ئەم ئەنجامەی کە ئۆسکارمان بە دەستی هێنا، لە مەڵبەندە ئەکادیمییەکانی ئەوروپا پێشوازیی لێ کرا و وەک ڕاستییەکی ئەکادیمی مامەڵەی لەگەڵ کرا. دواتر هەر لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم هەموو کوردناس و ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپییەکان وەک مەیجەر سۆن، ڤلادیمێر مینۆرسکی، دەیڤید مەکەنزی، باسیل نیکتین، ئیدمۆندز، .. تاد لەسەر هەمان ڕێڕەوی ئەکادیمی ڕۆیشتن و جەختیان کردەوە لوڕەکان( لوڕی – بەختیاری) کورد نین و ئەتنیکێکی سەربەخۆن و زمانەکەشیان زارێکی زمانی کوردی نییە، بۆ ئەمەش مەبەستیان لوڕەکانی ناوچەی کۆنی لوڕی گەورە بوو نەک کوردەکانی ناوچەی لوڕی بچووک، یان کوردیی خواروو( کەلهوڕ و لەک، فەیلی،..) (قمندار، ٢٠١٤: ٦٢).
لە سەرەتای سەدەی بیستەم قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی ئێران دەست پێ دەکات، کە سەردەمی دەوڵەت – نەتەوەیە. هەر لەم قۆناغەش لوڕەکان بە تەواوی لە کوردبوون دابڕان. لە ساڵی ١٩٢١ حوکمڕانی ڕەزا شا(١٩٢٥ – ١٩٤١) بە ناوی بنەماڵەی پەهلەوی، لە ئێران دەسەڵات دەگرێتە دەست‌. ڕەزا شا، هەر لە سەرەتای حوکمڕانییەکەی دەیویست دەوڵەتێکی نەتەوەیی بە ناسنامەی ئێرانی و بە یەک زمان دروست بکات، کە ئەویش زمانی فارسییە، لە هەوڵی ئەوەشدا بوو کە ئێران دەوڵەتێکی مەرکەزی و خاوەن سوپایەکی نوێی بەهێز بێت، خاوەن سیستەمی حوکمڕانی کە لە هەموو سووچێکی وڵاتەکە یەک قانوون و یەک حکوومەت بێت، هەر بۆیە زۆر دژی سیستەمی عەشایەری و دەرەبەگی بوو، کە وەک دەوڵەتێک وابوو لە ناو دەوڵەتێکدا. دەیویست هەموو عەشیرەتەکانی ناو ئێران ملکەچی یەک قانوونی حکوومەتی مەرکەزی بن. شێوازی ژیانی عەشایەری و کۆچەریی زۆر پێ دواکەوتوو بوو، عەشیرەت و هۆزی پێ کۆسپێکی گەورە بوو بۆ پێشکەوتنی وڵات و بە مۆدێرنکردنی، بۆیە لە سەرانسەری ئێران لە دژی عەشیرەت جەنگا. لەم ڕووەوە هەرێمی لوڕستان کە ناوچەیەکی عەشیرەتی و والینشینی نیوەسەربەخۆ بوو، دەبوایە لەگەڵ ئەم سیستەمە عەشایەرییەی لوڕستان ڕووبەڕوو بێتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٢ تا ١٩٢٨ شەڕ و ململانێیەکی توند لە نێوان عەشیرەتەکانی لوڕستان و سوپای حکوومەتی مەرکەزی ڕوو دەدات. ڕەزا شا سوپا دەنێرێت بۆ لوڕستان بە تایبەت بۆ ناوچەی پێشکۆ واتە شوێنی نیشتەجێبوونی عەشیرەتەکانی لەک و لوڕ، بۆ سەرکووتکردنی عەشیرەتەکان و ملکەچکردنیان بە دەسەڵاتی مەرکەزیی ئێران. دوای شەڕ و کوشتارێکی خوێناوی، سوپا توانیویەتی ئەو هەرێمە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، ئەو سەرۆک عەشیرەتانەش کە سەرپێچییان کردبوو‌ لە سێداره دران. ئەوجا عەشیرەتەکان لە چەک دادەماڵێت، و هەندێک عەشیرەتیش بە زۆرەملێ بۆ خۆراسان کۆچ پێ دەکات؛ عەشیرەتە کۆچەرییەکانیش نیشتەجێ دەکات و ئەو ئابوورییەی کە عەشیرەت هەیبوو لەناوی دەبات، دواتر هەوڵ دەدات ناچاریان بکات واز لە جلوبەرگی خۆیان بێنن و جلوبەرگی نوێ لەبەر بکەن و کڵاوی پەهلەوی لەسەر بکەن، بەڵام بۆ ئەمە سەرکەوتوو نەبوو، تەنیا ئەوانەی کارمەندی حکومەت بوون پێی پابەند بوون. بە کۆنترۆڵکردنی ئەم هەرێمە، ڕەزا شا ئەو سیستەمە عەشیرەتییەش کۆتایی پێ دێنێت کە بۆ ماوەی نزیک بە هەشت سەدە لە لوڕستان بە شێوەی نیمچە سەربەخۆ فەرمانڕەوا بوو، پێی دەگوترا والینشینی (Amanolahi, 2002: 193-218). کۆتایی هێنان بە سیستەمی والینشینیی لوڕستان، دەبێتە هۆی پچڕاندنی هەموو پەیوەندییە عەشیرەتییەکان کە خەڵکەکە بۆ ماوەیەکی درێژ پێوەی پابەند بوون، دوای ئەوه، ئەم هەرێمە‌ ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتی حکوومەتی مەرکەزی لە تاران دەبەسترێتەوە. ئیدی بۆ ئەم دەسەڵاتە مە‌رکەزییە ئاسان دەبێت لەو هەرێمە قانوونەکانی حکوومەت بە سەر خەڵکەکەدا جێبەجێ بکات، کە ئەویش سیاسەتی یەکسانکردنی هەموو ئێران بوو بە یەک نەتەوە و یەک فەرهەنگ و یەک زمان.
ڕەزا شا هەر بۆ تۆڵەکردنەوە لە لوڕەکان بە ئەنقەست جارێکی دی سیستەمی ئیدارەی هەرێمەکە دەگۆڕێت، لە ناوچەی پشتکۆ، ئوستانێکی نوێ دادەمەزرێنێت بە ناوی ئوستانی ئیلام، ناوچەی کرماشان و خوزستانیش بۆ چەندین ساڵ بە یەکەوە دەلکێنیت، دواتر لە سەردەمی حوکمڕانی محەمەد رەزا شا (١٩٤١ – ١٩٧٩) پشتکۆ و لوڕستان دەکرێنەوە بە دوو ئوستان. (Amanolahi, 2002:215).
بەم پێیە لە سەردەمی دەوڵەت – نەتەوە لە ئێران، لوڕستان ئەو دەسەڵات و هێزە عەشیرەتییەی نامێنێت، و ملکەچی دەسەڵاتی ناوەندی دەبێت. دەوڵەتی ئێرانیش بۆی ئاسان دەبێت، ئەم هەرێمە ناسنامەیەکی نوێی پێ ببەخشێ و بیکات بە ئێرانی و لە ناسنامەی کوردبوون دووریان بخاتەوە، ئەم هەنگاوەش لە ڕێی خوێندن بە زمانی فارسی و پەروەردەکردنیان بوو بە فەرهەنگی ئێرانی و مێژووی پڕ لە شانازیی نەژادی ئاریایی و ئێرانی. ئیدی لە ماوەی نزیک بە سەد ساڵ ئاسمیلەکردنی لوڕەکان، کۆمەڵگەیەکی نوێی بەرهەم هێنا کە چیدی خۆیان بە کورد نەزانن و خۆیان بە لوڕ و ئێرانی بزانن و شانازی بکەن بە ناسنامەی ئێرانییان.
ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ لوڕەکان هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە، هەوڵ دەدات هەموو پێکهاتەکانی ئەم هەرێمە لە کوردبوون داماڵێت و بیانکات بە نەتەوەی سەربەخۆ و زارەکانیشیان بە زمانی سەربەخۆ. هەر لەسەر هەمان ڕەوتی تواندنەوەی فەرهەنگی و زمانیی ئەم پێکهاتانەی کورد، لە ساڵی ٢٠١٧ میراتی فەرهەنگیی ئێران بە ڕەسمی زاری کوردیی لەکیی بە زمانێکی سەربەخۆ ناساند، بۆ ئەوەی چیدی زارێکی زمانی کوردی نەبێت، لەکەکانیش بکات بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ و چیدی خۆیان بە کورد نەزانن.
لەم مێژووە ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر لوڕەکان ناسنامەی کوردبوونیان لەدەست داوە، ئەمە خۆبەخشانە نەبووە، بەڵکوو بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی داماڵین لە ناسنامەی کورد بووە و بە زۆر کراون بە لوڕ و ئێرانی، ئەم پرۆسە ئاسمیلەکردنە فەرهەنگییە، لە ئەدەبیاتی جینۆساید پێی دەگوترێ جینۆسایدی سپی، کە ئەو کۆمەڵە خەڵکە ڕێگەیان پێ نادرێ بە زمانی خۆیان بخوێنن، بەزۆر زمان و فەرهەنگێکی دیکەیان پێ دەدرێ، لە فەرهەنگی ڕەسەنی خۆشیان نامۆ دەکرێن، تا لەئەنجامدا لەسەرخۆ دەتوێنەوە و ون دەبن.
لە دوای سییەکانی سەدەی بیستەم هەتا ئێستا لە هەموو کتێب و سەرچاوەکان، لە کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندن و لە ئەتڵەس و نەخشەکان کە لە ئێران دەخوێندرێ، لوڕ وەک نەتەتەوەیەکی سەربەخۆ ناوی هاتووە، هەوڵ دراوە هەرچی پەیوەندییەکی لە ڕابردوو بە کوردەوە هەیبووە ون بکرێت، لە کتێبە مێژووییەکان کە لە ئێران دەردەچن سەبارەت بە مێژووی لوڕ و بەختیاری، هەرگیز ئاماژە بەو مێژووە نادرێ کە لوڕ لە ڕابردوو بە ڕیشەی نەژادی و نەتەوەیی کورد بوون، بەم پێیە، قەناعەتیان بە لوڕی – بەختیاری کرد کە ئەوان کورد نین و گروپێکی ئەتنیکی سەربەخۆن، لە بیریان بردنەوە کە ئەوان بە ڕیشەی مێژوویی و زمان و فەرهەنگ کورد بوون.
ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لەسەر لوڕ، هاتە نێو توێژەرانی کوردیش کە بڵێن ئیدی لوڕ کورد نەماون و تازە ناکرێ بە کورد گرێ بدرێنەوە، بێئاگا لەو پاشخانەی کە بە سەر لوڕستان هاتووە لە چەوسانەوە و بێبەشکردنیان و نامۆکردنیان بە ناسنامەی کوردی.
ئەم جۆرە تێروانینە بۆ لوڕ، کە لە سەرەتا ڕوانگەیەکی ڕۆژهەڵاتناسی بوو و دواتریش بوو بە پرۆژەیەکی دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی، لە نێو هەموو ئێرانناس و کوردناس و ڕۆژهەڵاتناسانی ئەوروپی و ڕووسی و ئەرمەنی پەیڕەویی لێ کرا و بوو بە ڕاستییەکی زانستیی حاشاهەڵنەگر. دواتر هەر ئەم بۆچوونە هاتە نێو نووسەران و توێژەرانی کوردیش بە کاریگەریی ئەم میتۆدە ڕۆژهەڵاتناسییە نکوولییان لە کوردبوونی لوڕ کرد. بۆ نموونە د. کەمال فوئاد (فوئاد، ١٩٧١: ١٦ -٢٢) یەکەم کوردێک بوو لە دابەشکردنێکی بۆ زارە کوردییەکان، لوڕی بە کوردی نازانێت، هەروەک خۆیشی لە سەرەتای وتارەکەی ئاماژەی پێ داوە کە بۆ ئەم دابەشکردنە کەڵکی لە کوردناسی بە ناوبانگی ئەڵمانی ئۆسکارمان وەرگرتووە. لە هەمووی سەیرتر فەیلییشی بە کورد نەزانیوە، چونکە پێی وابووە ئەویش لوڕییە.
ناوچەی لوڕستان لە نەخشەکانی کوردستانیش لابران، لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لەو نەخشانەی کوردستان کە لە لایەن کوردەوە دروست کران، زۆربەیان ناوچەی لوڕستانی لەگەڵ نییە، کە گوایە ئەم هەرێمە کوردستانی نییە. هەندێک نووسەری کورد لە بێگانەکان زیاتر هەوڵی بچووکردنەوەی نەخشەی کوردستانیان داوە، بۆ نموونە د. ئەمیر حەسەنپوور لە دکتۆرانامەکەی، نەخشەیەکی دابەشکردنی جوگرافیی زارە کوردییەکانی کێشاوە، لە زۆر شوێن وەک پێویست ناوچەکانی زمانی کوردیی دەستنیشان نەکردووە. بۆ ناوچەی لوڕستانیش نەک هەر هەرێمی لوڕستانی لەگەڵ نییە، بەڵکوو ناوچەکانی ئاخێوەرانی کوردیی خوارووشی بە نیوەچڵی داناوە، نیوەی پانتایی جوگرافییەکەی لێ قرتاندووە؛ ئوستانی ئیلام و ناوچەکانی باشووری کرماشان، بە ناوچەکانی لەکەکانەوە هەمووی لە نەخشەی زمانی کوردی بڕیوە(Hassanpour, 1992: 51).
لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا کە دەوڵەتی ئێران، دەوڵەت – نەتەوەی بە یەک زمان ساز کردووە، کوردە لوڕەکان لەگەڵ کوردەکانی سەرەوەی خۆیان زیاتر لە یەک دابڕاون و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگییان پێکەوە نەبووە، بۆ ئەوەی فەرهەنگێکی هاوبەشیی نەتەوەییان هەبێت. لە لایەکی دیکەوە، پێکهاتەی مەزهەبیی دانیشتوانەکەی کە شیعەیە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەگەڵ کوردە سوننییەکان تێکەڵ نەبن و لە یەکیش دوورکەونەوە و زیاتر بە دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستەوە گرێ بدرێن کە ئەویش فارسە و شیعەیە. ئەمە بێجگە لەوەی گەشەی ئابووری لە نێو لوڕەکان سستە و پێکهاتەی دانیشتوانەکەی هێشتا عەشایەرییە، ئەمانەش دوو هۆکاری سەرەکین کە لەم پێکهاتە کۆمەڵایەتی- ئابوورییە، زمان و نەتەوایەتی گەشە نەکات. لە لایەکی دیکەوە، هەرێمی لوڕستان هەمیشە لە بزاڤی نەتەوایەتیی کورد دوور بووە، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییی کورد زیاتر لە ناوچەی کوردە سوننییەکانی وەک مەهاباد و `سەقز و سنە و مەریوان بووە و نەگەیشتووە بە ناوچەی کرماشان و ئیلام و لوڕستان، بۆیە ئەم هەرێمە کوردنشینە هەستی نەتەوایەتییان و ئینتیمایان بۆ کورد لاواز بووە و زیاتر ناسنامەی ئێرانی و شیعەگەری زاڵ بووە نەک ناسنامەی نەتەوەیی. هۆکارێکی دیکەی گرنگ، پەڕاوێزبوونی زارەکەیانە، کە بە دەگمەن نەبێت دەقی ئەدەبیی نووسراو، یان بزاڤێکی ئەدەبیی دەوڵەمەندی کوردی بەم زارانە نەبووە وەک لە زارەکانی دیکەی کوردیی باکوور و ناوەندی و گۆراندا هەبووە.
ئەوەی لەم هەرێمە هەتا ئێستا بە خۆڕاگری بە کورد ماوەتەوە، کوردەکانی ئوستانی کرماشان و ئیلامە کە بە زارێکی کوردیی خواروو قسە دەکەن. دەوڵەتی ئێران لەگەڵ ئەوانیش لە هەوڵدایە لە کوردبوون دووریان بخاتەوە و ئەوانیش لە نێو بۆتەی زمانی فارسیدا بتوێنێتەوە. لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا ئاسمیلەکردنی زمان لە کرماشان زۆر بە چڕی دەستی پێ کردووە، زۆرینەی دانیشتوانی کورد بە ڕادەیەک ڕووبەڕووی تواندنەوە بوونەوە کە ناتوانن بە کوردی قسە بکەن و زمانیش بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ناگوێزرێتەوە بۆ منداڵەکانیان، ئەگەر ئەم هەلومەرجە زمانییەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە کۆتاییدا زمان و ناسنامەیان ون دەکەن و بە نەتەوەی سەردەستی فارس دەبەسترێنەوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم پاشخانە مێژووییە کە لوڕ هەر کوردبوون و لەم سەد ساڵەی دوایی بە زۆر ئاسمیلە کراون؛ لەم توێژینەوەیەدا بەدەر لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسی و سیاسەتی فەرهەنگی و زمانیی دەوڵەتی ئێران، لە ڕوانگەیەکی کوردانەوە سەیری لوڕەکان کراوە بۆ ئەوەی جارێکی دی بە نەتەوەی کورد ئاشنا بکرێنەوە و پرۆسەی خۆناسینەوە دەست پێ بکاتەوە. هەر بۆیە لەم توێژینەوەیەدا، زارەکەیان لە ڕیزی زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان دانراوە و لەسەر نەخشەی دابەشبوونی جوگرافیی زارە کوردییەکانیش شوێنەکەی دیاری کراوە.


دابەشکردنێکی نوێ بۆ زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان

بە گوێرەی سەرچاوە و توێژینەوەی نوێ سەبارەت بە زارەکانی ئەم ناوچەیە، دەکرێ دابەشکردنێکی نوێ بۆ زارە کوردییەکانی ئەم هەرێمە بکرێتەوە، کەموکووڕییەکانی دابەشکردنەکانی پێشوو ڕاست بکرێتەوە. ئەم هەرێمە کوردنشینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ کۆمەڵە زاری کوردیی هەیە کە ئەمانەن: کوردیی خواروو: کەڵهوڕی، لەکی، ئەوجا کوردیی لوڕی. گەورەترین زاری ئەم ناوچەیە کوردیی خوارووە کە بە کەڵهوڕی ناوی براوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا کە زمانەوان و توێژەرانی کورد بە تایبەت لە باشووری کوردستان، هەموو زارە کوردییەکانی ئەم هەرێمەیان بە لوڕی ناو بردووە، کە ئەمە دابەشکردنێکی هەڵە بووە و پێویستە ئەم زارانە لە یەک جودا بکرێنەوە، ناوی لوڕ لەسەر ئەم پێکهاتانە لاببرێت کە لوڕ نین.
هەردوو پێکهاتەی دانیشتوانی خوارووی کوردستان کە بە کەڵهوڕ و لەک ناسراون زارەکانیان لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەک نزیکن، لەکی بە هۆی نزیکی لە ڕووی جوگرافییەوە لە کەڵهوڕی بەتایبەت لە کرماشان لە ڕووی فەرهەنگۆکی وشە و ماناناسییەوە نزیکیان هەیە، بەڵام لە ڕووی پێکهاتی ڕێزمانییەوە جیاوازییان هەیە‌ بەتایبەت لە لایەنی ئێرگەتیڤ که لە‌ لەکی هەیە و لە کەڵهوڕی نییە (قمندار، ٢٠١٤: ٧٩) هەر بۆیه لەکی‌ بە زارێکی سەربەخۆ دانراوه. زمانەوانی کەنەدی ئەریک جۆن ئانۆنبی[٤] لە توێژینەوەیەکی بەراوردی زمانەوانی لەبارەی لەکی و پەیوەندیی لەگەڵ کەڵهوڕی و لوڕی ئەنجام داوە، دەیسەلمێنێت لە ڕووی ئاستەکانی زمانەوە لەکی لە کەڵهوڕی نزیکترە هەتا لوڕی، چونکە لە ڕووی دابەشکردنی زمانە ئێرانییەکان لەکی لەگەڵ کوردی سەر بە باکووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکانە، بەڵام لوڕی و فارسی سەر بە باشووری ڕۆژئاوایە، بەپێی ئەم داتا زمانییە ئەم زارە سەر بە کۆمەڵە زارە کوردییەکانە (Anonby, 2004: 7-22) بۆیە لەکی و کەڵهوڕی پێکەوە لەیەکگەیشتنیان هەیە، بەڵام کوردێکی کەڵهوڕی ڕەنگە بە زەحمەت لە بەختیارییەک تێ بگات. لوڕی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دەنگسازی و ڕێزمانیی هەیە لە کەڵهوڕی و لەکی جودای دەکاتەوە. ئەگەر تەماشای نەخشەی زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان بکرێ، لەکی وەک پردی پەڕینەوەیە لە نێوان کەڵهوڕی بەرەو باشوور بۆ زاری لوڕی، ئەمەش زنجیرە دیالێکت dialect continuum [5]ی نێوان زارە کوردییەکان نیشان دەدات، کە زارەکان لە دوای یەک جیاوازییەکانیان پەرە دەستێنی و لە یەک دوور دەکەونەوە، لە نێوان هیچ زارێکی کوردی دابڕاینێکی کتوپڕ و نائاسایی نییە، چونکە هەموو زارەکان درێژبوونەوەی یەک زمانن، کە ئەویش زمانی کوردییە.
بەهۆی نزیکی لوڕی لە فارسی هەندێک زمانەوانی ئێرانی، لوڕی بە زارێکی فارسی دادەنێن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە چونکە لوڕی لە ڕووی دەنگسازی، وشەسازی، واتاسازی و فەرهەنگۆکی وشەش لەگەڵ فارسی جیاوازە (Anonby, 2003: 177)، هەروەها بە ڕێزمان و فەرهەنگۆکی وشە لە کوردی نزیکترە، ئەمە هەرچەندە فارسی وەک زمانی باڵادەستی وڵاتەکە و زمانی ڕەسمیی خوێندن بۆ سەد ساڵ لە قوتابخانەکان، هەموو زمان و زارەکانی نێو ئێران(زمانە ئێرانییەکان) زۆر بەچڕی لە فارسی نزیک بوونەوە، ئەم کاریگەرییە لەسەر لوڕی زیاتر بووە هەتا زارە کوردییەکانی دی، چونکە لە نێو لوڕەکان هەستی نەتەوایەتی نەبووە تا زمان بکات بە ئایدیۆلۆجیای نەتەوایەتی و خزمەتی بکات، بۆیە لوڕی زۆر کەم خزمەت کراوە، هەرگیز نووسین و خوێندنی پێ نەکراوە، نەبووە بە زارێکی ئەدەبی، ئەگەر لە سەردەمی کلاسیک چەند دەقێکی ئەدەبیی پێ نووسرابێت، بەڵام لە سەردەمی دەوڵەت – نەتەوەی ئێراندا زۆر بە توندی سەرکووت کراوە و ئاسمیلە کراوە، بە دەگمەن نەبێت ڕێگەی پێ نەدراوە گۆڤارێک، ڕۆژنامەیەک، یان چەند کتێبێک بە لوڕی بڵاو بکەنەوە. هەروەها فراوانیی پانتایی جوگرافی ئاخێوەرانی لوڕ کە هەتا سەر خەلیج درێژ بووەتەوە، شیوەزارەکان لە یەک دوور کەوتوونەتەوە، و ئاخێوەرانیان بە زەحمەت لە یەک تێ دەگەن. بۆ نموونە کەسێکی بویرئەحمەدی کە سەر بە لوڕی باشوورە لەگەڵ کەسێکی لوڕی بەختیاری بە ئاسانی لە یەک تێ ناگەن، کاتێک دەگەن بەیەک، پێکەوە بە فارسی قسە دەکەن (Anonby, 2003: 179).
لوڕی چوار هۆزی گەورەی هەیە: بەختیاری، بویر ئەحمەدی، کۆهگلۆیی، مامەسەنی، هەر یەک لەم هۆزانە شێوەزارێکی خۆیان هەیە، ئەم شێوەزارانە وەک پێویست لێکۆڵینەوەی زمانەوانییان لەسەر نەکراوە بۆ ئەوەی جیاوازییەکانیان ڕوون بکرێتەوە و ئایسۆگلۆس Isoglosses[6]ی شێوەزارەکان لەسەر نەخشە نیشان بدرێ، هەر بۆیە لە پۆلێنکردنی شێوەزارەکانی لوڕی، ناوی ئەم چوار هۆزە وەک چوار شێوەزاریش هاتووە. زمانەوانی ناوبراو ئانۆنبی، لە ساڵی ٢٠٠٠ – ٢٠٠١ بۆ ماوەی نۆ مانگ بە مەیدانی لە لوڕستان لە سەر شیوەزارەکانی لوڕی کاری کردووە، لە توێژینەوەکی بەراوردی شێوەزارەکان، لە سەر بنەڕەتی لەیەکگەیشتن و لەیەکنەگەیشتن و شیکردنەوەی ئاماری وشەکان Lexicostatistics[٧]، سێ شێوەزاری لوڕیی لە یەک جودا کردووەتەوە، کە ئەمانەن: لوڕیی لوڕستانی واتە زاری ئوستانی لوڕستان کە بە زاری ڕۆژئاواش ناو دەبرێ، لوڕیی بەختیاری، واتە زاری هۆزی لوڕی بەختیاری، لوڕیی باشوور، کە ئەوانیش هەرسێ هۆزی لوڕی لە باشوور: بویرئەحمەد، کۆهیگلو، مامەسەنی دەگرێتەوە. لەم توێژینەوەیە بۆ پۆلێنکردنی شێوەزارەکانی لوڕی، سوود لە هەمان دابەشکردنی ئانۆنبی وەردەگرین.
بەپێی ئەم داتا زمانەوانییە، بەهۆی نزیکیی کەڵهوری و لەکی لەگەڵ یەک، لەم دابەشکردنە پێکەوە دانراون، بەڵام دوو کۆمەڵە زاری جودان، زاری لوڕییش وەک زارێکی خوارووی کوردستان، ئەویش بە جودا دانراوە.


زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان

زاری کوردیی خواروو:
کوردیی خوارووی کەڵهوڕی: کەڵهوڕی، کرماشانی، فەیلی، سنجاوی، کولیایی، کوردەلی. (قمندار، ٢٠١٤).
کوردیی خوارووی لەکی: کوودەشتی، هەرسینی، ئەڵشتەری. (شهسواری، ١٣٩٤).
زاری کوردیی لوڕی: لوڕی لوڕستانی (لوڕی ڕۆژئاوا)، لوڕی بەختیاری، لوڕی باشوور (بویرئەحمەد، کۆهیگلو، مامەسەنی)، (Anonby, 2003: 179).
لەم توێژینەوەیەدا جەخت لەسەر زاری کوردیی خوارووی کەڵهوڕی کراوەتەوە، چونکە باسکردنی هەموو زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەیە.


دیالێکتی کوردیی خواروو

کوردیی خواروو زارێکی سەرەکیی زمانی کوردییە، لە دوای کوردیی باکوور (کورمانجی) و کوردیی ناوەندی(سۆرانی) لە ڕووی پانتاییی جوگرافی و دانیشتوانەوە بە سێیەم زاری سەرەکیی کوردی دادەنرێت. زیاتر لە سێ ملیۆن کورد بەم زارە قسە دەکەن کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێن، بەشێکیش لە باشووری کوردستان.
ئاخێوەرانی ئەم زارە و هەموو زارەکانی دیکەی خوراووی کوردستان بە پێکهاتەی ئایینی، سەر بە مەزهەبی شیعەی ئیمامین. بێجگە لە کوردی گۆران کە لە ڕۆژئاوای کرماشان نیشتەجێن، زۆرینەیان بە دین ئەهلی هەق یان یارسانن. وەک لە مێژوو باس دەکرێ گۆرانەکان بە زاری کوردیی گۆران قسەیان کردووە، بەڵام دواتر لە نێو کوردیی خواروو ئاسمیلە بوون و ئێستا چەند گوندێکیان ماوە بە گۆرانی قسە دەکەن، ئەوانی دی هەموو بە کوردیی خواروو قسە دەکەن.
ئەم زارە لە هەموو ئاستەکانی زمان لە زاری کوردیی ناوەندی نزیکە و بەتایبەت هەردوو بنزاری گەرمیانی و ئەردەلانی کە لە ڕووی جواگرفییەوە هاوسێی کوردیی خواروون، لە ڕووی ڕێزمانەوەش زیاتر لە یەک نزیک دەبنەوە، کوردیی خوارووش لەگەڵ لەکی و لوڕی تەواوکەری یەکدین بەرەو خوارووی کوردستان تا سەر خەلیج. لەم بەشە باسی ناوە هەمەچەشنەکانی ئەم زارە دەکەین، لەگەڵ شوێنی جوگرافیی ئاخێوەرانی و بنزارەکانی و کورتە مێژووییەکی زارەکەش دەخەینە ڕوو.


ناوە هەمەچەشنەکانی کوردیی خواروو

ئەم زارە کوردییە، وەک هەموو زارەکانی دیکەی کوردی بە چەند ناوی جیاواز ناسراوە، وەک کوردی، کەڵهوڕی، لوڕی، فەیلی، کرماشانی .. بەڵام وەک دیارە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستاش لای کۆمەڵگەی ئاخێوەرانی، زارەکەیان بە کوردی ناو دەبەن، کوردیی ناوەندیش کە ئەمڕۆ زیاتر بە سۆرانی ناسراوە، لای کۆمەڵگەی ئاخێوەرانی، ئەوانیش زارەکەیان بە کوردی ناو دەبەن. لەم باسە ناوە جۆراوجۆرەکانی ئەم زارە شی دەکەینەوە و ڕاستترین ناویش پێشنیاز دەکەین.
ئەگەر لە کۆنترین دابەشکردن بۆ زارەکان دەست پێ بکەین کە دابەشکردنەکەی شەرەفخانی بدلیسییە: کورمانج، لوڕ، کەڵهوڕ، گۆران» (بدلیسی،١٣٤٣: ٢٣).، لەم دابەشکردنەدا کەڵهوڕ وەک پێکهاتەیەکی کورد و زارێکی کوردی ناوی هاتووە. بەڵام لە دابەشکردنەکانی دواتر کە لە لایەن توێژەرانی کوردەوە بۆ زارە کوردییەکان کراون، وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، لە زۆربەی دابەشکردنەکان، ئەم زارە کوردییە بە لوڕی یان کەڵهوڕی ناوی هاتووە، و هەندێک جاریش بە کوردی جنوبی و کرمانجیی باشوور ناوی هاتووە. زاڵبوونی ناوی کەڵهوڕی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەورەترین عەشیرەتی ئەم ناوچەیە کە بەم زارە دەدوێن کەڵهوڕە، هەر بۆیە ئەم ناوە زاڵ بووە بە سەر زارەکەدا، بەڵام لە ڕاستیدا کەڵهوڕی تەنیا بنزارێکی سەر بەم دیالێکتە گەورەیە.
مەیجەر سۆن لە ساڵی ١٩٠٩ چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کرماشانی لە گۆڤارێک لە لەندەن بڵاو کردووەتەوە. لەباسی زارەکە، هەموو زارەکەی بە کوردیی خواروو (Southern Kurdish) ناو بردووە، بەڵام ئەو گۆرانییانەی کە بڵاوی کردوونەتەوە سەر بە بنزاری کرماشانین. (Soane,1909)
لە دابەشکردنێکی تەوفیق وەهبیدا، ناوی ئەم زارە بە لوڕی هاتووە و کەڵهوڕییش وەک بنزارێکی ئەم زارە لوڕییە ناوی هاتووە، کە بەم شێوەیە ئاماژەی پێ داوە: کۆمەڵە شێوەی لوڕى: کەڵهوڕى، لەکى، فەیلى، لوڕی، بەختیارى، مامەسانى – کۆهگلویی. (وهبی بەگ، ١٩٤٠: ٢٧ – ٣٠ )
کوردناسی ئینگلیز، دەیڤید مەکەنزی، لە توێژینەوەیەک لەبارەی زاری کوردیی ناوەندی و باکوور، زمانی کوردیی بۆ سێ کۆمەڵە زار دابەش دەکات و ئەم کۆمەڵە زارەی خواروو بە کۆمەڵە زاری کوردیی خواروو ناو دەبات. (Mackenzie, 1961: 17 -21)
د. کەمال فوئاد لە دابەشکردنێکی بۆ زارە کوردییەکان، کوردیی خوارووی بە کوردیی باشوور ناو بردووە کە چەند بنزارێکی هەیە، بەم شێوەیە: کوردیی باشوور: کولیایی، کەلوڕی، لەکی، خانەقینی. (فوئاد، ١٩٧١: ١٦ -٢٢)
لە دابەشکردنێکی جەمال نەبەز بۆ زارەکان ناوی ئەم زارە لەگەڵ هەموو زارەکانی دی بە کرمانجی ژێروو هاتووە: کرمانجیى ژێروو: فەیلى، کرماشانى، لەکى، کەڵهوڕى، خانەقینى، لوڕى. (نەبەز، ١٩٧٦: ٢٣) بەکارهێنانی ناوی کرمانجی بۆ کوردیی خواروو هیچ پەیوەندییەکی عەشیرەتی و ئەتنیکیی لە هەرێمەکەدا نییە، ئەم ناوە وەک ناوی زمانی کوردی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بۆ زارەکان بەکار هاتووە.
لە دابەشکردنێکی زارەکان لای عەبدولرەحمان ئەمین زەبیحی لە «قامووسی زمانی کوردی»دا ئەم زارەی بە لەهجەی جنوبی ناو بردووە، زارەکانی دیکەش بە لەهجەی ناوەندی و باکووری. (زەبیحی، ١٩٧٧: ٤٢)
د. ئەمیری حەسەنپوور لە توێژینەوەی دکتۆراکەی بۆ زاری کوردیی ناوەندی، کوردیی خوارووی بە کرماشانی ناو بردووە. زارە کوردییەکانی بۆ چوار ناوی ناوچەیی پۆلێن کردووە: کرمانجی، سۆرانی، هەورامی، کرماشانی. (Hassanpour, 1992: 20).
نیعمەت عەلی سایە، کتێبێکی ڕێزمانی کوردیی خوارووی نووسیوە و ئەم زارە کوردییە بە کەڵهوڕی ناو بردووە و ئەم چەند بنزارەی دەست نیشان کردووە: کولیایی، کرماشانی، فەیلی، کەلهوڕی. (سایە، ٢٠٠٤: ٥)
کەریم کەریم پوور (کریم پور، ١٣٩٠) کتێبێکی «ڕێزمانی کوردیی خواروو»ی بە فارسی بڵاو کردووەتەوە، ئەم زارەی بە کرماشانی (کەڵهوڕی) ناو بردووە. وەک دیارە لەم دوو ناوە مەبەستی ئەوەیە کە هەردوو ناو، یەکێکیان ناوی شارە و ئەوەی دی عەشیرەت، بۆ ناوی ئەم زارە وەک یەکە.
هیوا زەندی، کتێبێکی لەبارەی ڕێزمانی کوردیی خواروو نووسیوە و پێی باشە ئەم زارە بە فەیلی ناوی ببرێ، چونکە خەڵکی خانەقین و مەندەلی و زرباتیە و مەلکشاهی و ئەرکەوازی و بەدرە و دێهلۆران و چەند ناوچەی دی ئەم زارە بە فەیلی ناو دەبەن. (زەندي، ٢٠٠٧: ٩)
دکتۆر ئیسماعیل قەمەندار کە توێژینەوەیەکی دکتۆرانامەی بە فەرەنسی لەسەر ئەم زارە کوردییە کردووە، ئەم زارە و زارەکانی دیکەی ئەم هەرێمەی بە زارە کوردییەکانی خواروو یان باشوور ناو بردووە. (قمندار، ٢٠١٤)
لە خستنەڕووی ئەم ناوە جۆراوجۆرانە ڕوون دەبێتەوە کە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ئەم زارە ناوی هەمەچەشنی هەبووە، بەڵام ئاخێوەرانی، خۆیان ئەم زارەیان بە کوردی ناو بردووە. هەروەها ئەو ناوەی ئێستا زیاتر بۆ ئەم زارە بەکار دێت ناوی کوردیی خوارووە، چونکە ئەم ناوە گونجاوترە و دوورە لە ناوی عەشیرەت، یان ناوی شار و ناوچەیەک. لەم توێژینەوەیەدا هەر لەسەر ئەم بنەڕەتە ناوی کوردیی خواروو بۆ ئەم زارە پەسند کراوە، چونکە زارە کوردییەکانی دی کە لە باکووری زاری کوردیی خواروو هەڵکەوتوون، ئێستا بە زاری کوردیی ناوەندی و باکوور ناو دەبرێن. ئەم زارە کوردییە بەپێی هەڵکەوتی جوگرافی لە باشووری زاری کوردیی ناوەندی هەڵکەوتووە، کەواتە ناوەکەی دەبێت بە کوردیی خواروو.[٨]
سەبارەت بە ناوەکانی دیکە کە زیاتر ناوی عەشیرەت و ناوچە و شارە، وەک کەڵهوڕی و فەیلی و کرماشانی، بێگومان زارێکی گەورەی وەک کوردیی خواروو، ڕاست نییە ناوەکەی لە سنووری بنزارێک، یان ناوی عەشیرەتێکی کورد گیر بکات. بۆ نموونە ناوی فەیلی زیاتر بۆ ئەو کوردە کۆچکردووانە بەکاردێت کە لە ڕابردووودا لە ئیلامەوە بۆ خانەقین و زرباتیە و بەغدا کۆچیان کردووە، بە شێوە ئاخاوتنەکەشیان گوتراوە فەیلی. دەکرێ فەیلی وەک بنزارێکی ئەم زارە سەرەکییە ناوی بێت، بەڵام زارە سەرەکییەکە ڕاست نییە بە فەیلی ناوی بێت، چونکە هەمووی فەیلی نییە. ناوی کرماشانیش، ئەویش وەک ناوی شارێکی سەرەکیی ئەم هەرێمە کە بەم زارە قسە دەکەن، بۆ ناوی ئەم زارە ڕاست نییە، بەڵام کرماشانی بنزارێکی ئەم زارەیە.


شوێنی جوگرافیی ئاخێوەرانی

زۆرینەی ئاخێوەرانی ئەم زارە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کوردستانی ئێران) نیشتەجێن. بەشێکی بچووکی ئاخێوەرانی لە باشووری کوردستانە لە شارەکانی وەک خانەقین و مەندەلی و بەدرە و جەسان و شارەبان نیشتەجێن کە سەر بە پارێزگای دیالەیە. ئەوانی دی هەموو لەوبەری سنوور لە ئێران نیشتەجێن.
ئەم زارە لە کوردستانی ئێران ناوچەیەکی بەرفراوان دەگرێتەوە، هەرێمی ئاخێوەرانی ئەم زارە هەر لە ڕێگا گشتییەکەی نێوان قەسری شیرین و سەرپولی زەهاو و کرند بەرەو ڕۆژهەڵات دەکشێ بە باشووری ڕەوانسەر و کامیاران ڕەت دەبێت تا شاری قوروە لە ئوستانی کوردستان و لەوێشەوە بەرەو باشوور بە شاری ئەسەدئاباد و تویسرکان لە ئوستانی هەمەداندا ڕەت دەبێت تا نزیک مەلایەر، ئەوجا لەوێوە بەرەو ڕۆژئاوا دەکشێ بۆ کەنگاوەر و سەحنە و هەرسین و ئەوجا بەرەو باشووری ڕۆژئاوا تا شاری ئابدانان. ئەم ناوچە بەرفراوانە دوو ئوستانی گەورە لە ئێران دەگرێتەوە کە ئوستانی کرماشان و ئیلامە، گەورەترین شاری ئاخێوەری ئەم زارە شاری کرماشانە کە مەرکەزی ئوستانە، لەگەڵ کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی ئەم دوو ئوستانە. شاری بیجار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوستانی کوردستان کە لە ناوچەی ئەم زارە جودا بووەتەوە، ئەوانیش هەر بەم زارە دەدوێن. سەرجەم ژمارەی ئاخێوەرانی ئەم دیالێکتە کوردییە بە سێ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت کە ڕێژەی لە ١٥% ی تێکڕای دانیشتوانی کوردستان پێک دێنێت (قمندار، ٢٠١٤: ٦). (سەیری نەخشەی هاوپێچ بکە)


بنزارەکانی کوردیی خواروو

کوردیی خواروو چەندین بنزار و شێوەزاری ناوچەییی هەیە کە ئاخێوەرانی بە ئاسانی لە یەک تێدەگەن. د. ئیسماعیل قەمەندار توێژینەوەکەی لەبارەی زاری کوردیی خواروو، لە هەردوو بەشی کوردستان لە ئێران و عێراق، ٣٧ بنزاری بۆ زاری کوردیی خواروو دەستنیشان کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم بنزارانە دەگرێتەوە: بیجار، قروە، کولیایی، بیلوار، دینەوەر، سەحنە، بێستوون، هەرسین، پایرەوەند، کرماشان، سەنجاو، خالیسە، چەمچەماڵ، قەسری شیرین، سەرپێڵ زەهاو، هەرسەم (زەنگنە)، کەڵهوڕ، ئەیوان، لە پشتکۆ ئەم بنزارانە هەیە: ئەرکەواز، شیروان، ئیلام، ساڵح ئاوا، بەیرەیی(بەدرەیی)، مەلەکشاهی، مێخاس، مەهران، زەرگوش، عەشیرەتی کوردەلی، خزڵی. بنزارەکانی کوردیی خواروو لە باشووری کوردستان (عێراق) ئەمانەن: خانەقین، مەندەلی، دوشێخ، کەپرات، ورمزیار، زرباتییە، کوردەلی لە علی غەربی و شێخ سەعد، فەیلی(کوردە فەیلییەکان شێوەزارەکەیان لە شاری بەغدایە)، (قمندار، ٢٠١٤: ٢١ -٥١). بێگومان دیارکردنی ئەم هەموو شێوەزارە بۆ زاری زمانێک، یەکجار زۆرە، چونکە هەر زارێک بۆی هەیە لە گوندێک بۆ گوندێکی دی جیاوازیی شێوەزار و بنزار و دەڤۆکی هەبێت، ئەم جیاوازییە کەمانە ناسنامەی شێوەزارێکی سەربەخۆ وەرناگرن، پێویستە شێوەزارە سەرەکییەکان دەستنیشان بکرێن کە بە ڕێزمان و دەنگسازی و وشەسازی لەگەڵ یەک جیاوازن. بە سوود وەرگرتن لەم دابەشکردنە و دابەشکردنەکانی دی کە بۆ ئەم زارە کراون، لە خوارەوە گرنگترین بنزارەکانی کوردیی خواروو دەخەینە ڕوو:
کەڵهوڕی: یەکێکە لە گەورەترین عەشیرەتی ئەم ناوچەیە کە بە بنزارێکی ئەم زارە دەدوێن، ناوچەکەیان دەکەوێتە باشووری شاری کرماشان لە نێوان شائاباد تا ئەیوان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک ناوچە گوندنشینەکانی خانەقین و مەندەلی لە باشووری کوردستان هەر بەم بنزارە دەدوێن. (قمندار، ٢٠١٤: ٣١ – ٣٢)
کرماشانی: ئەم بنزارە لە ئوستانی کرماشان بە تایبەت لە مەرکەزی ئوستانەکە کە شارێکی گەورە و پڕ دانیشتووانە، قسەی پێ دەکرێ. شێوەزاری ئەم شارە زۆر بە چڕی کەوتۆتە ژێر تەئسیری زمانی فارسی، هەر بۆیە شێوەزارەکە تێکەڵ بە وشەیەکی زۆری فارسی بووە (قمندار، ٢٠١٤: ٢٨).
سنجاوی: ئەم بنزارە عەشیرەتی سنجاوی قسەی پێ دەکەن کە لە ڕۆژئاوای کرماشان و ڕۆژهەڵاتی قەسری شیرین نیشتەجێن و زۆربەیان سەر بە دینی ئەهلی هەقن. ئەم کۆمەڵە خەڵکە شێوەزارێکیان هەیە لە سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرین نزیکە (قمندار، ٢٠١٤: ٢٩).
کولیایی: ئاخێوەرانی ئەم بنزارە لە ناوچەکانی سونقور و دینەوەر و بیلوار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوستانی کرماشان نیشتەجێن، هەروەها لە ئەسەدئاباد و تویسرکان و مەلایەر لە ڕۆژئاوا و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوستانی هەمەدان نیشتەجێن.
کوردەلی: ئەم بنزارە ناوی عەشیرەتێکی گەورەی کوردە کە زۆربەیان لە ناوچەی پشتکۆ بە تایبەت لە ناوچەکانی نیوەی باشووری نیشتەجێن، هەندێک جار بە عەشیرەتی کورد –یش ناویان دەبرێ. ئاخێوەرانی ئەم بنزارە لە بەری ئێرانەوە لەناوچەی دێهلۆران و ئابدانان و زەرین ئاباد و بەشێکی شاری مەهران نیشتەجێن، بەڵام لە بەری عێراقەوە لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای واست (کووت) لە شێخ سەعدەوە دەست پێ دەکا هەتا عەلی غەربی و ناوچەی دیکە لە پارێزگای عەمارە و بەسرە نیشتەجێن (قمندار، ٢٠١٤: ٤٠).[٩]
فەیلی: ئەم بنزارە کوردە فەیلییەکان کە لە بەغدا و ناوەڕاست و باشووری عێراق نیشتەجێن، قسەی پێ دەکەن، لەگەڵ ئەو کوردانەی کە لەسەر خەتی سنووری نێوان عێراق و ئێران نیشتەجێن. شێوەزارەکەیان هەتا ڕادەیەکی زۆر تێکەڵ بە وشە و زاراوەی عەرەبی بووە. (قمندار، ٢٠١٤: ٥١ -٥٥)
گەڕووسی: ئەم بنزارە لە شاری بیجار قسەی پێ دەکرێ، لە ناوچەی کەڵهوڕنشینەکان جودا بووەتەوە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوستانی کوردستان هەڵکەوتووە. ئەم بنزارە بە ئەکسێنت و شێوەی بێژەکردن وەک ئەردەلانی وایە، بەڵام بە پێکهاتی ڕستە و گەردانکردنی کار زیاتر بە کوردیی ناوچەی گۆران و کرماشان و ئیلام دەچێ، واتە شێوەزاری گەڕووسی شێوەزارێکی تایبەتە تێکەڵی دوو شێوەزاری کوردیی ئەردەلانی و کەڵهوڕییە (سهرابی،٢٠١١: ٣١). ئەم بنزارە بە هۆی شوێنەکەی کە بە ئاخێوەرانی دیالێکتی کوردیی ناوەند دەورە دراوە، هەر بۆیە لە ڕووی بێژەکردنەوە لە ئەردەلانی نزیکە.


مێژووی ئەدەبیات بە کوردیی خواروو

لە مێژووی گەشەکردنی زمانی کوردی بۆ دەقی ئەدەبی کلاسیکی، سێ زاری کوردی لەم بوارە لە سەردەمی جیاواز ڕۆلی زمانی ئەدەبییان لە ناوچەکانی خۆیان یان لە چوارچێوەی میرنشینێکی کوردی گێڕاوە. لەپێشترین ئەو زارە کوردییانە، کوردیی گۆران لە سەدەی (١٤ – ١٩) لە چوارچێوەی میرنشینی ئەردەلان و ناوچەکانی دەرەوەی ئەم میرنشینە، زمانێکی ئەدەبی باڵادەست بووە، لە هەمان کاتدا زمانی دینیی یارسانەکانیش بووە، دەقە دینییەکانیان بە شیعر و پەخشان بەم زارە کوردییە نووسراوە. زمانی ئەدەبی بە زاری کوردیی باکوور لە سەدەی(١٦ – ١٩) لە چوارچێوەی میرنشینی بۆتان زمانی ئەدەبی بووە. زاری کوردیی ناوەندی دەرنگتر دەست پێ دەکات لە سەدەی (١٩ – ٢٠)، لە چوارچێوەی میرنشینی بابان زمانی ئەدەبی بووە. بەڵام زاری کوردیی خواروو هەموو زارەکانی دیکەی خوارووی کوردستان لە مێژووی ئەدەبی کلاسیکی بەدەگمەن نەبێت دەقی ئەدەبیی پێ نەنووسراوە. ئەمەش وەک دیارە بەهۆی باڵادەستیی زاری کوردیی گۆران بووە کە بۆ ماوەی پێنج سەدە زمانێکی ئەدەبیی هاوبەشی ئاخێوەرانی هەموو زارە کوردییەکانی هەورامی و کەڵهوڕی و لەکی و لوڕی بووە، لەم ماوە درێژە هیچ زارێکی دیکەی کوردی لەم هەرێمە سەری هەڵنەداوە وەک گۆران دەقی ئەدەبیی پێ بنووسرێ، هەربۆیە لەو ناوچانەی کوردیی خواروو چەندین شاعیری کەڵهوڕ زمان هەبووە هەر بە زاری گۆران شیعریان نووسیوە، وەک ئەڵماس خانی کەندووڵەیی (١٧٠٢ – ١٧٧٦م) کە بە ئەڵماس خانی کەڵهوڕیش ناوبانگی دەرکردووە(خەزنەدرا،٢٠١٠: ٧٣). غولام ڕەزای ئەرکەوازی (١٧٧٥ – ١٨٤٠م) کە لە ئاواییەکی سەر بە ئوستانی ئیلام لە دایک بووە. سەید یەعقوب یان سەی یاقۆی ماهیدەشتی (١٨٠٢ – ١٨٧٥م) لە ناوچەی ماهیدەشتی سەر بە کرماشان لە دایک بووە لە هۆزی کەڵهوڕە، هەموو شیعرەکانی بە زاری گۆران نووسیوە، جاروباریش هەوڵی داوە لە ژێر کاریگەریی نالی بە کوردیی ناوەندی شیعر بنووسێ، چونکە لەگەڵ نالی هاوسەردەم بووە. (سلطانی، ١٣٧٧: ٦).
بەپێی توێژینەوەکان لە مێژووی ئەم زارە ئەوە بە دەردەکەوێت کە بۆ یەکەم جار شیعر بەم زارە نووسرابێت لە لایەن دوو شاعیری کەڵهوڕ زمان بووە کە لە کۆتایی سەدەی حەڤدەمی میلادی(١٦٩٤ م) ژیاون، بە ناوی شاکە و خان مەنسوور، شیعر بە زاری کوردیی خواروو دەهۆننەوە دیوانێکی شیعریان پێکەوە نووسیوە (قاسمی، ١٣٧٩). شیعرەکانیان بە زمانێکی سادەی میللی نووسراون کە هەموو خەڵک بە ئاسانی لێی تێ دەگات. ئەمەش نموونەیەکە لە شیعری ئەم دوو شاعیرە:

خان مەنسوور دەڵێ
شاکە لە سەردا، شاکە لەسەردا
چل تاج شاهی بواچ، لە سەردا
ئیمڕوو ڕاگەت کەفت لە دەیشت و دەردا
کی گڕەی ئاگر لە جەسەت وەردا

شاکە دەڵێ:
ئیمڕوو دو هوور دیم، ئیمڕوو دو هوور دیم
وە دیدەت قەسەم، ئیمڕوو دو هوور دیم
دو باز شەش دانگ، دو قورس نوور دیم
زوڵەیخا سفەت، شێرین دەستوور دیم
(قاسمی، ١٣٧٩: ٦٩)

مسیۆنێرەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە بواری تەرجەمەکردنی ئینجیل بۆ زارە کوردییەکان چالاک بوون. زاری کوردیی باکوور لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەم ئینجیلی پێ تەرجەمە کراوە. هەر لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم بە کوردیی خوارووش ئینجیل تەرجەمە دەکرێت. لە ساڵی ١٨٩٤ لە لایەن میرزا یەحیا خانی کرماشانی ئینجیلی یۆحەنا لە فارسییەوە بۆ زاری کوردیی خواروو بە بنزاری کرماشانی تەرجەمە کراوە (Dehqan, 2009: 207 -211). ئەم تەرجەمەیە هەنگاوێکی سەرەتا و گرنگ بووە بۆ نووسینی دەقی پەخشان و تەرجەمە بەم زارە کوردییە، کە لە پێشدا دەقی پەخشان بەم زارە نەبووە. ئەم تەرجەمەیە دەکەوێتە پێش تەرجەمەی ئینجیل بە کوردیی ناوەندی کە لە ساڵی ١٩١٩ مسیۆنێری ئەمەریکی لودڤیگ فۆسوم ئینجیلی لە یۆنانییەوە بۆ بنزاری موکری تەرجەمە کردووە و لە ئەمەریکا چاپ کراوە.
دوای ئەم تەرجەمەیە شتێکی ئەوتۆ بەم زارە ئەنجام نەدراوە هەتا دەگەین بە سەرەتای سەدەی بیستەم. مەیجەر سۆن چەند شیعرێکی گۆرانی فۆلکلۆری ( قەتاری کوردی) بە زاری کوردیی خواروو (بنزاری کرماشانی) لە ساڵی ١٩٠٩ لە گۆڤارێک لە بەریتانیا بڵاو دەکاتەوە. سۆن لەم وتارەی پێی وایە ئەم زارە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی زمانی هەیە کە نیشان دەدات لە بنچینەدا کوردییە. ئەمانەی خوارەوە نموونەی چەند بەیتێکی ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانەن:

ماڵ دوس بار کرد وە ناڕەزای دڵ
ئەڵڵا یاری بووت مەنزڵ وە مەنزڵ
دەسم بکیشن وە کوڕ گیانی
وە ماڵ دوس چم شەو وە مێمانی
لە سەرمیلەوە بنۆڕی کرند دیارە
هەر کەس دوس دێرێت چاو ئنتیزارە
لە دویرەو هاتم بشناسە دەنگم
گەرد غەریبی نیشتیە لە ڕەنگم
لە چلەکانی سەدەی بیستەم چەند دەقێکی پەخشان بە کوردیی خواروو بە بنزاری کەڵهوڕی لە ساڵی ١٩٤٤ لە گۆڤاری گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە. ئەم دەقە لە لایەن یەدوڵلا ڕەزائی کۆ کراوەتەوە بە ناوی (لە سەرەنجامی پادشایە سەفاریەیل) کە لە گەیلان غەربەوە لە ئێران بۆ گۆڤاری گەلاوێژی ناردووە (رضائی، ١٩٤٤: ٢٩ – ٣٠). ئەم دەقە باسی ڕوودواێکی مێژوویی دەکا لە نێوان دوو پاشا ڕووی داوە: سەفاری و سامانی و ڕووداوەکە بە داستان دەگێڕێتەوە. بڵاوبوونەوەی ئەم دەقە بە کوردیی خواروو، هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ نووسینی پەخشان بەم زارە، بەڵام بەردەوام نەبووە.
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بە تایبەت لە دەیەی شەست و سەرەتای حەفتاکان کۆمەڵێک نووسەر دەرکەوتن بە زاری کوردیی خواروو نووسیویانە، لە بەشی باشووری کوردستان هەندێک شاعیر بەم زارە شیعر دەهۆننەوە وەک داری ساری سەبری(١٩٣٠ – ٢٠٠٠) کە کوردێکی فەیلی لە دایکبووی زرباتیە بوو، کۆمەڵێک شیعری بەم زارە بڵاو کردووەتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شامی کرماشانی(١٩١٧ -١٩٨٤) و پەرتەو کرماشانی (١٩٣١ -٢٠٢٢)، دوو ئەستێرەی گەشی شیعری هاوچەرخی کوردیی خواروون، بە شیعرەکانیان بەشدارییەکی گرنگیان هەبووە لە نووسینی شیعر بەم زارە. لە دوای حەفتاکانی سەدەی بیستەم هەتا ئێستا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک شاعیر دەرکەوتن بە شێوەزارە ناوچەییەکانی ئەم زارە دەقی شیعرییان نووسیوە وەک فەرھاد عەزیزی، سەعید عبادەتیان، عەلی فەیلی، زاھر سارایی، جەلیل ئاھەنگەرنژاد، ڕەزا مەوزوونی، عەلیڕەزا خانی، عەلی حاتەمی، ناھید محەمەدی، مەسعوود قەنبەری، سیامەک نەجەفی، عەلیڕەزا یەعقووبی، فەرھاد شامرادیان، بێهرۆز یاسمی، چەنگیز ئقباڵی، ، لەک ئەمیر، کاوە خوسرەوی، تورەج ئەسپەری، ئەبووزەر کوردپوور، سۆما ئەمینی، سومەیە مێھری، مەریەم نەجەفی، فەرزاد سەفەرە، ئێحسان نەجەفی، ھومایوون عەباسی، محەمەد مرادی نساری، مەیسەم خورانی، ئومێد زاھری، کەرەمڕەزا کەرەمی، ڕەزا جەمشیدی (جیهانفەرد، ١٤٠٠: ٤٦). ئەم شاعیرانە قۆناغێکی نوێ لە ئەدەبیاتی کوردی بە کوردیی خواروو گەشە پێ دەدەن، بەڵام ئەم بزاڤە ئەدەبییە زیاتر شیعرە و کەمتر پەخشان بووە.
لە بواری فەرهەنگنووسی و کۆکردنەوەی وشە و زاراوەکانی کوردیی خواروو، ئەم زارە کوردییە بە درەنگەوە وشەکانی لە فەرهەنگێکدا کۆ کراوەتەوە. لە هەموو ئەم فەرهەنگە کوردییانەی کە لە ڕابردوو بڵاو بوونەوە، بە دەگمەن نەبێت هەوڵ نەدراوە وشەی زارەکانی خواروویی کوردستانیش کۆ بکەنەوە. بەمدواییە خۆشبەختانە وشەکانی ناوچەی کرماشان و ئیلام و لوڕستان لە فەرهەنگێکی قەوارە گەورەدا بە ناوی «فەرهەنگی باشوور» لە لایەن عەباسی جەلیلیان کۆ کرایەوە و ڕووناکی چاپی بینی (جەلیلیان، ٢٠٠٤).
ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان بە درەنگەوە سەری هەڵداوە، بەدەگمەن نەبێت ڕێگە نەدراوە گۆڤارێک یان ڕۆژنامەیەک بە کوردیی خواروو دەرچێت. بەڵام لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ناوچەی ئاخێوەری کوردیی ناوەندی، جاروبار دەقی شیعر و پەخشانیان بەکوردیی خواروو بڵاو کردووەتەوە. لە کۆتایییەکانی دەیەی نەوەد و ٢٠٠٠ لە هەردوو گۆڤاری سروە و ئاوێنە کە بە کوردیی ناوەندی دەردەچوون بە کوردیی کەڵهوڕییش نووسینیان تێدا بڵاو بووەتەوە، لە سیروان و ئاسۆ و ئاشتییش بە هەمان شێوە. هەفتەنامەی (ندای جامعە) کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە دوای ٢٠٠٠ بڵاو بووەتەوە، بابەتە کوردییەکانی بە کوردیی خواروو بووە. گۆڤاری (پیک ایلام) لە ماوەی نێوان ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢ دەرچووە، لاپەرەیەکی بەناوی (زوان ئیمە) ی هەبوو بە کوردیی خواروو. گۆڤاری (تفکر انتقادی) لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە دەستی بە بڵاوکردنەوە کردووە،؛ بابەتە کوردییەکانی زیاتر بە کوردیی خوارووە(جیهانفەرد، ٢٠٢٢). وەک دیارە ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە ناوچەکانی ئوستانی کرماشان و ئیلام زۆر دەگمەن و ماوە کورت بووە، زۆر کەم ڕێگە دراوە گۆڤارێک یان ڕۆژنامەیەکی تەمەن درێژ بەم زارە کوردییە دەرچێت. شایەنی گوتنە، بەم دواییە گۆڤارێک بە ناوی (چریکە) بە دوو زمانی کوردی (کوردیی خواروو) – فارسی لە کرماشان دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد کە لە لایەن ئینستیتوتی فەرهەنگیی یارسان دەردەچێت، گۆڤارەکە ناوەڕۆکێکی ئەدەبیی هەیە و تا ئێستا چەند ژمارەیەکی لێ بڵاو کراوەتەوە، ئەم گۆڤارە بایەخ بە ناوچەی خوارووی کوردستان دەدات، ناوچەکە و دانیشتووانە کوردەکەی بە پەهلەوی ناوی دەبات.[١٠] لە دەرەوەی ئێران، لە عێراق و لە شاری بەغدا لە لایەن کوردە فەیلییەکانەوە مانگنامەی (گوڵ سو) بڵاو دەبێتەوە کە ناوەندی شەفەق لە بەغدا دەری دەکات، زیاتر لە ١٠٠ ژمارەی لەم مانگنامەیە بە کوردیی خواروو بڵاو کردووەتەوە. دەرچوونی ئەم مانگنامەیە هەمووی بە کوردیی خواروو بۆ ماوەیەکی درێژ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژینگە ئازادەی کە لە بەغدا بۆی ڕەخساوە.
ئەدەبی زارەکیی کوردیی خواروو، ئەدەبیاتێکی یەکجار دەوڵەمەندی هەیە، کە دەماودەم و سینە بە سینە هاتووە و بە درێژایی مێژوو لە یادەوەریی پێشینان هەڵگیراوە و گواستراوەتەوە بۆ نەوەی نوێ، بەڵام لەم سەردەمە بەهۆی خوێندن بە یەک زمانی ڕەسمی و بێبایەخکردنی زمانەکانی دی لە نێو دەوڵەت – نەتەوەیەکی وەک ئێران، زمان و زارەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاڵ دەبنەوە، لەگەڵیشی ئەم ئەدەبیاتەش کاڵ دەبێتەوە و بەرەو نەمان دەچێت. لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانی شێوازی ژیانی کۆمەڵگە و پەیدابوونی ئامرازی نوێی سەرگەرمی، ئەم ئەدەبە زارەکییە زۆر بە خێرایی لە ناو دەبات.
لە زارەکانی خوارووی کوردستان چەند تایبەتەمەندییەکی ئەدەبی زارەکی هەیە، بۆ نموونە «هورە» ژانرێکی ئەدەبی زارەکیی تایبەتە بە ئاوازێکی بە سۆزەوە لە لایەن هورەخوێنەوه ‌بە شیعر دەخوێنرێتەوه، شیعرەکانیش لەبارەی ڕووداوێکی سروشتی وەک بوومەلەرزە، لافاو، یان دڵدارییەکی ناکامە، هەندێک جاریش لەبارەی مردنی کەسێک، هوره دەخوێندرێتەوە. هورە بە کۆنترین ئاوازی ناوچەی زاگرۆس دادەنرێت، ئەم ئەدەبە زارەکییە تایبەتە بە ئاخێوەرانی کەڵهوڕ و لەک و گۆران و قەلخانی کە لە ناوچەکانی گەیلان غەرب و ئیسلام ئاباد، ماهیدەشت، ئەیوان غەرب، لە ئیلام و کرند و گەهوارە نیشتەجێن (موزونی، ١٣٩٣: ١١١). ئەم چەند بەیتەی خوارەوە نموونەیەکی هورەیە لەبارەی کۆچکردن:

نازاران کیشن ناڕەحەتی خەو
ئێڵەیل بارکردن، دووڵەیل بوین خاڵی
سەوزە چییەسەو ژیر، ترمە مەتقالی
رەفیقەیلم چێن، تەنیا ماڵ مەنم
قوتوو نیمە سووز، بێ زخاڵ مەنم
سوارە ، سوارە، ئێڵ بار کردنە
بەو تا یەک بوینیم دنیا مردنە
(موزونی، ١٣٩٣: ١٢٢ – ١٢٣)

هەروەها چیڕۆکی میللی، شیعری فۆلکلۆری، داستان، ئەفسانە، مەتەڵ و قسەی نەستەق، پەندی پێشینان، گۆرانی، شین گێڕان.. ئەمانەش بە شێوەیەکی فراوان ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندی کوردیی خواروو و زارەکانی دیکەیە. بوونی ئەم ئەدەبیاتە هاوبەشە زارەکییە لە خوارووی کوردستان جارێکی دی ئەم ڕاستییە نیشان دەدات کە ئەم هەرێمە هەموو پێکەوە هاوفەرهەنگ و هاوزمانن و سەر بە یەک نەتەوەی هاوبەشن کە نەتەوەی کوردە.
بەمدواییە بەشێکی ئەم ئەدەبیاتە زارەکییە کۆ کراوەتەوە و ڕووناکیی چاپیان بینیوە، وەک (ئەفسانەیل وڵات میدیا)، کە کۆمەڵێک مەتەڵی فۆلکلۆریی کوردی بە شێوەزاری کەڵهوڕیی لە خۆ گرتووە و تائێستا چوار بەرگی لێ بڵاو کراوەتەوە، لە لایەن سەجاد جەهانفەرد (جەهانفەرد، ٢٠٠٩) کۆ کراوەتەوە و چاپ کراوە. (کەلهوڕنامە)، کۆمەڵێک ئەدەبیاتی فۆلکلۆری بە کەڵهوڕی لە لایەن ناهید محەمەدی (محمدی، ١٣٩١) کۆکراوەتەوە و بە چاپ گەیاندراوە. (ترانەهای سرزمین مادری)، ئەویش کۆمەڵێک گۆرانیی فۆلکلۆری و هورە و مورەی ناوچەی کرماشان و ئیلامی گرتووەتە خۆی و لە لایەن ڕەزا مەوزونی (موزونی، ١٣٩٣) کۆ کراوەتەوە و بە فارسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
کۆکردنەوە و چاپکردنی ئەم ئەدەبیاتە و فەرهەنگنووسی بۆ وشە و ئیدیۆم و پەندی پێشینان و قسەی نەستەقی ئەم زارە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی لە فەوتان و بووژاندنەوەی ئەدەبیات لە ناوچەکە.


کوردیی خواروو لەبەردەم مەترسیی فەوتان

زمانی کوردی و هەموو زمانە غەیرە فارسییەکانی ناو ئێران لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی و سەپاندنی زمانی فارسی وەک زمانی ڕەسمیی خوێندن لە سەرانسەریی ئێراندا، سیاسەتی تواندنەوەی زمانی و نەتەوەییش دەستی پێ کرد. لەپێش ئەم دەوڵەت – نەتەوە ئێرانییە، زار و زمانەکانی ناو ئێران هەڕەشەی فەوتانی لەسەر نەبووە، چونکە سیستەمی سەپاندنی یەک زمان و یەک نەتەوە لە مێژووی حوکمڕانانی ئێراندا نەبووە. دەوڵەتی ئێران لە سەردەمی هەردوو بنەماڵەی پەهلەوی، سیاسەتی زمانکوژییان Linguicide لە دژی زمانی کوردی و زمانە غەیرە فارسییەکان جێبەجێ کردووە. لە هەردوو دەسەڵاتی پەهلەوی: ڕەزا شا (١٩٢٥ – ١٩٤١) و محەمەد ڕەزا شا (١٩٤١ – ١٩٧٩) زمانی فارسییان باڵادەست کردووە و زمانەکانی دیکەیان بە توندی قەدەغە کردووە، بە دەگمەن نەبێت ڕێگە نەدراوە گۆڤارێک یان ڕۆژنامەیەکی کوردی بڵاو بێتەوە، تەنیا لەماوەی حوکمڕانیی پەهلەویی دووەم بە شێوەیەکی سنووردار چەند بڵاوکراوەیەکی کوردی ڕێگەی پێ دراوە (Sheyholislami, 2012: 25 – 29). ئەم سیاسەتە زمانییە، بۆ ئەم ماوە درێژە، هەموو زمانە غەیرە فارسییەکانی لاواز کردووە، تەنیا یەک زمان کە فارسییە لە وڵاتەکە پلەوپایەی زمانی هەبووە و ڕەسمی بووە. زمانەکانی دی بە لەهجە و زار و شێوەزار دانراون، کە زمانی کوردییش بە یەکێک لە لەهجە ناوچەییەکانی ئێران دانراوە. زمانەوانی ئێرانی دوکتۆر پەرویز ناتل خانلەری لە کتێبێکی بەناوی (زبانشانسی و زبان فارسی) لە باسی زمان و لەهجەدا دەڵێت: « ئەمڕۆ لە ئێران ئێمە یەک زمانی گشتی و هاوبەشمان هەیە کە پێی دەڵێن زمانی فارسی، کە ئەویش زمانی ڕەسمی و ئەدەبییە و هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە، بەتایبەت ئەوانەی خوێندن و نووسین دەزانن، بەم زمانە ئاشنان و بەکاری دێنن، بەڵام لەپاڵ ئەم زمانە فارسییە، چەند زمانێکی مەحەلی هەیە، کە هەندێکیان ئەمانەن: کوردی، لوڕی، بەلوچی، گیلەکی، مازندەرانی، تاڵشی، تاتی، دزفولی، سیمنانی،.. زمانانی دیکەی وەک ئەمانە. ئێمە ئەم جۆرە زمانانە بە لەهجە دادەنێن.» (خانلری، ١٣٨٦: ١٤١). خانلەری، بۆ جوداکردنەوەی زمان و لەهجە، پێوەرێکی داناوە، پێی وایە هەر شێوەزمانێک، ڕیشەی هاوبەشیی زمانی لەگەڵ زمانێکی دیکە هەبێت، کە ئەو زمانە بووە بە زمانی هاوبەش بۆ ئەم لەهجانە، لەم حاڵەتە زمانە هاوبەشەکە پلەوپایەی زمانی هەیە و ئەوانی دی بە لەهجەی ئەم زمانە دادەنرێن. بەم پێیە کوردی و لوڕی کە ڕیشەی هاوبەشیی زمانییان لەگەڵ فارسی هەیە و سەر بە کۆمەڵەی زمانە ئێرانییەکانن، فارسییش، زمانی ڕەسمییە لە ئێراندا بە زمان دادەنرێت و ئەوانی دی پلەوپایەی زمانیان نییە و بە چەند لەهجەیەک دادەنرێن (خانلری، ١٣٨٦: ١٤١ – ١٤٧). ئەم پێوەرە زمانەوانییە بۆ جوداکردنەوەی زار لە زمان، کە نووسەر بانگەشەی بۆ دەکات، لە هیچ تیۆرێکی زمانەوانیدا نییە و داهێنانی خۆیەتی، و تەنیا ئەجێندایەکی سیاسیی دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی بووە بۆ تواندنەوەی زمانەکانی دیکەی غەیری فارسی لە بۆتەی زمانی فارسی و ئێرانیدا. زمانەوانێکی دیکەی ئێرانی، «محەمەد ڕەزا باتنی» لە وتارێکی سەبارەت بە چۆنیەتیی بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی زمانی فارسی لە ئێراندا دەڵێت: «هەرچەندە زمانی فارسی ئێستا زمانی ڕەسمیی وڵاتی ئێرانە، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران زمانی دایکی خەڵک نییە. هیچ گومانی تێدا نییە، ئەگەر ئێمە بتوانین بە ڕێگەیەکی نەرم و لەسەرخۆ ئەم زمانە فارسییە بکەین بە زمانی دایکی هەموو ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی جوگرافیای وڵاتی ئێران لە دایک دەبن و دەژین، بەم ڕێگەیە هەنگاوێکی گرنگمان بڕیوە بۆ یەکێتیی نەتەوەییمان» (باطنی، ١٣٨٨: ٧١). ئەم سیاسەتە زمانییە کە زمانەوانە ناودارە ئێرانییەکان پلانیان بۆ داڕشتووە، لە ماوەی سەدەیەک لە سەرانسەری ئێران، لە بەرانبەر هەموو زمانە غەیرە فارسییەکان جێبەجێ کراوە. لە سەرەتا کراون بە لەهجەیەکی مەحەلی کە هیچ پلەوپایەیەکی زمانیان نییە و شایەنی ئەوەش نین پێیان بخوێندرێ و بنووسرێ، دواتر بەرنامەی ئەوەیان بۆ داڕشتووە کە چۆن لەنێو بۆتەی زمانی فارسی بتوێندرێنەوە و بە ڕێگەیەکی نەرم و لەسەرخۆ وایان لێ بکەن واز لە زمانی دایکی خۆیان بێنن و فارسی بکەن بە زمانی قسەکردنیان لە ماڵەوە و لە دەرەوە.
دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ساڵی١٩٧٩ هەمان سیاسەتی زمانی درێژەی پێ دەدرێ، ئەمە هەرچەندە جاروبار ڕێگە دراوە لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بەشێوەیەکی سنووردار لە ژێر کۆنترۆلی حکومەتدا چەند بەرنامەیەک بە کوردی پەخش بکرێن، یانیش چەند کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەیەک بە کوردی چاپ و بڵاو بکرێنەوە، هەروەها بەمدواییەش بەشی کوردی لە زانکۆ بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس کراوەتەوە، بەڵام لە سیستەمی پەروەردەی گشتیی وڵات، زمانی کوردی هێشتا زمانێکی قەدەغەیە و هیچ پلەوپایەیەکی بۆ خوێندن و زانکۆ و ژیانی ئابووریی وڵاتەکە نییە (Sheyholislami, 2012: 29 – 39). ئەم جۆرە ڕێگەدانە بە شێوەیەکی سنووردار و کۆنترۆلکراو، شێوازێکی لەسەرخۆیە بۆ تواندنەوەی یەکجاریی زمانەکە لە پاشەڕۆژ.
لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە زمانی و فەرهەنگییەی دەوڵەت – نەتەوەی تاکزمانی بۆ ماوەی نزیک بە سەدەیەک، هەر داخوازییەک بۆ مافی زمان بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەییی خاکی ئێران و یەکێتیی زمانی نەتەوەی ئێرانی لێکدراوەتەوە، بۆیە لەم دۆخە زمانییەدا، زمانی کوردی بە هەموو زارەکانیەوە بەتایبەت زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان، بەڕادەیەک ئاسمیلە کراون کە ئەمڕۆ هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، ئەگەر ڕزگار نەکرێن، زمانی فارسی جێگەی زمانی دایک دەگرێتەوە.
سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی ئێران بۆ زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان، سیاسەتێکی جیاواز بووە، چونکە ئەم هەرێمە لەڕووی مەزهەبەوە زۆرینەیان سەر بە مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامین کە مەزهەبی ڕەسمیی دەوڵەتە و بەشێکیشیان پەیڕەوی لە ئایینی یارسان دەکەن، کە ئەوانیش هەتا ڕادەیەک نزیکییان لە شیعە هەیە. ئەم پێکهاتە ئایینی – مەزهەبییە، پرۆسەی تواندنەوەی زمانی ئاسانتر کردووە. بەڵام ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باکووری ئەم ناوچەیە هەڵکەوتوون، بە مەزهەب سوننەن وەک سنە، سەقز، بانە، مەهاباد، ورمێ، خۆی و ماکۆ، ئەمانە خۆڕاگرتر بوون بۆ ئەم تواندنەوەیە، چونکە مەزهەبی سوننە و هۆشیاریی نەتەوەیی، دوو کەرەستە بوون بۆ خەبات لە دژی ئەم تواندنەوەیە. ئەگەر بەراوردێک لە نێوان سنە و کرماشان بکرێت، کە سنە شارەکەی هەموو بە کوردی قسە دەکەن، و کرماشانیش زۆربەی هەرە زۆری بە فارسی قسە دەکەن، دەکرێ بە ئاسانی ئەم تواندنەوە زمانییە لە نێوان دانیشتوانی ئەم دوو شارە کوردییە هەستی پێ بکرێ.
لەم سەردەمە کە سەردەمی لە ناوچوونی زار و زمانە، وا چاوەڕێ دەکرێ هەتا کۆتایی ئەم سەدەیە، زۆربەی زمان و زارەکان لە ناو بچن، بە تایبەت ئەو زار و زمانانەی کە ئاخێوەریان کەمە و زمانەکانیان هیج پلەوپایە و هێزێکی ئابووریی نییە و پێی ناخوێندرێ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاخێوەریان کەم دەبێتەوە و لە پاشەڕۆژ بە یەکجاری دەفەوتێن. زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان، ئێستا لەم قۆناغەدان کە لە مەترسیدان بەرەو لەناوچوون، بەردەوام بەرەو کزی و لاوازی دەڕۆن، ئەگەر هەوڵێکی جددی نەدرێ بۆ بووژاندنەوەیان لە پاشەڕۆژدا دەچنە لیستی زار و زمانە مردووەکان.
وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، زارە کوردییەکانی ئەم هەرێمە، لە قۆناغی ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا بە دەگمەن نەبێت هیچ دەقێکی ئەدەبییان پێ نەنووسراوە، لە سەردەمی نوێش هەرگیز دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە وەک زمانێکی ئەدەبی یان وەک زمانی پەروەردە لە قوتابخانەکان پێیان بخوێندرێ. کوردیی خواروو، لە هەردوو بەشی کوردستان: باشوور (عێراق) و ڕۆژهەڵات(ئێران) بە توندی هەوڵی تواندنەوەی دراوە. لە باشووری کوردستان ئەو ناوچانەی کە بە کوردیی خواروو قسە دەکەن، وەک خانەقین، مەندەلی، بەدرە، جەسان و … بەدرێژاییی حوکمڕانیی دەوڵەتی ناسیۆنالیستی عەرەبیی عێراقی (کە لە ساڵی ١٩٢١ دامەزراوە، پرۆسەی بەعەرەبکردنی لە دژی هەموو زمانانی دیکەی غەیری عەرەبی دەست پێ کردووە)، هەرگیز دەرفەتی خوێندن بە زمانی کوردییان نەبووە، تەنیا لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠ – ١٩٧٥ لە دوای بەیانی ١١ ئادار، خوێندن بە زمانی کوردی گەیشتە ئەم ناوچانە، کە ئەویش زۆری نەخایاند، دوای نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥، ئەم خوێندنەش بە کوردیی ناوەندی لەوێ قەدەغە کرا و جارێکی دی تەعریب دەستی پێ کردەوە، چونکە ئەم ناوچەیە لە دەرەوەی ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە بوو کە حکومەتی عێراق بڕیاری لەسەر دابوو. ئەم بارودۆخە زمانییە، هەتا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بوو، دوای ئازادکردنی ئەم ناوچانە، خوێندنی کوردی بۆ ئەم ناوچانە دەگەڕێتەوە، ئەمجارەش هەر بە کوردیی ناوەندی بوو، هیچ هەوڵێک نەدراوە لەپاڵ خوێندن بە کوردیی ناوەندی، چەند دەرسێک بە کوردیی خوارووش بخوێنن. لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە زۆرینەی دانیشتوانی لەوێ نیشتەجێن، هەموو قۆناغەکانی خوێندن هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا هەر بە فارسی بووە. دەوڵەتی ئێران هەرگیز ڕێگەی نەداوە ئەم زارە کوردییە، کتێب و بڵاوکراوەی هەبێت، چونکە ناوچەی کرماشان و ئیلام وەک ناوچەیەک حیساب دەکرێ کە دەبێ لە داهاتوودا بە پرۆسەی ئاسمیلەکردنی زمان ببن بە فارسی، کە ئێستا بە عەمەلی ئەم سیاسەتە جێبەجێ دەکرێ. تەنانەت بۆ خوێندنی کۆرسێک بە کوردیی خواروو، لە دەرەوەی قوتابخانەکان لە لایەن دەوڵەتەوە بە ئاسانی ڕێگەی پێ نادرێ، ئەمە لە کاتێکدا بۆ کوردێک لە سنە و مەهاباد، هەمان داخوازی ڕێگەی لێ ناگیرێ (جیهانفەرد،٢٠٢٢). ئەم مامەڵە جیاوازەی دەوڵەت بۆ دوو زاری کوردی، بەڵگەی ئەوەیە کە سیاسەتی زمانیی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی ئاخێوەرانی کوردیی خواروو، سیاسەتی تواندنەوە و یەکسانسازییە، تا لە داهاتوودا، ئەم ناوچەیە لە کوردستان، دانیشتوانەکەی بە زمان و نەتەوە هەرگیز نەبن بە بەشێک لە کورد و لە بۆتەی زمانی فارسی و میللەتی ئێرانیدا بتوێنەوە.


پلانی زمان بۆ بووژاندنەوەی کوردیی خواروو

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، لە هەردوو ئوستانی کرماشان و ئیلام، هەستی نەتەوایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو ئاخێوەرانی کوردیی خواروو لە پەرەسەندندایە، ئەم هۆشیارییە نەتەوەییە، هۆشیاریی زمانیشی لەگەڵ خۆی هێناوە، بۆیە هەر لەم دوو ئوستانە کوردنشینە بایەخدان بە زمانە کوردییەکەشیان پەرەی سەندووە، ئەمە هەرچەندە گوشاری دەوڵەت یەکجار زۆرە بۆ ئەوەی ڕێگە لەم گەشەکردنە بگرێت تا زیاتر پەرەنەستێنێ. لە ژێر گوشار و ئەزیەتی دەوڵەت، چەند گۆڤارێکی کوردی بە شێوەیەکی سنووردار بڵاو بوونەوە، هەروەها چەند هەوڵێک هەیە بۆ فێربوونی خوێندن و نووسین بە کوردیی خواروو.
لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەت ئەوەی لەگەڵ لەکەکانی لوڕستان ئەنجامی دا، کە زارەکەیانی وەک زمان ناساند. ئەم جۆرە سیاسەتە زمانییە، لەگەڵ دانیشتوانی کوردی ئەم دوو ئوستانە سەر ناگرێت، چونکە ئەوان بە کوردبوونیان پابەندن، زارەکەشیان بە زارێکی زمانی کوردی دادەنێن و پێیان وا نییە زمانێکی سەربەخۆ بێت.
لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەی دەوڵەت بۆ تواندنەوەی زمان، کوردە ڕۆشنبیرەکانیان لە هەوڵێکی بێوچاندان بۆ گەشەپێدانی زمانەکەیان، ئەمە هەرچەندە لەم جۆرە ژینگە ژێردەستەییە، دانانی پلانی زمان کارێکی سەخت و دژوارە، چونکە داڕشتنی سیاسەت و پلانی زمان، پێویستی بە دەسەڵات و ئەکادیمیای زمان هەیە، و کوردەکانی ئەم دوو ئوستانە لە هەردووکیان بێبەشن، بۆیە پلانی بووژاندنەوەی زمان ئالنگاریی زۆری ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ناو ڕۆشنبیرانیان جۆرە ڕێکەوتنێک هەیە لەسەر چەند بابەتێکی گرنگی زمان وەک بەکارهێنانی هەمان ڕێنووسی کوردیی بە ئەلفبێی عەرەبی کە بۆ کوردیی ناوەندی هەموارکراوە، هەوڵدان بۆ نووسین بە یەک زاری ستاندارد، دوور کەوتنەوە لە نووسین بە بنزارەکان، (کە لە پێشدا هەر ناوچەیەک بە شێوەزاری خۆیان دەیان نووسی)، ئێستا نووسین بە بنزارەکان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، زیاتر بە هەردوو بنزاری کرماشانی و ئیلامی دەنووسن. لەم قۆناغە زۆر گرنگە هەوڵ بدرێ لە نێو شێوەزارە زۆرەکانی کوردیی خواروو تەنیا بنزارێک بکرێ بە بنچینە بۆ ئەم زارە ستانداردە.
بۆ بە ستاندارکردنی زارێک، چەند تیورێکی بەستانداردکردن هەیە کە بەناوبانگترینیان تیۆری (ئاینار هاوگن)ە[١١] (Haugen,1972: 252)، و چوار قوناغی بۆ بە ستانداردکردنی زارێک، یان شێوەزمانێک دەستنیشان کردووە، کە ئەمانەن:
یەکەم: هەڵبژاردنی شێوەزمانێک( بنزار، شێوەزار، زار،..). لە قۆناغی یەکەم پێویستە لە نێو بنزار و شێوەزارە هەمەچەشنەکانی ئەم زارە، تەنیا بنزارێک دەستنیشان دەکرێ وەک بنچینە بۆ ئەم زارە ستانداردە.
لە مێژووی هەموو ئەو زمانانەی کە بوون بە زمانی ستاندارد، زۆربەیان لە شێوەزارێکی پایتەختەوە سەری هەڵداوە، چونکە پایتەخت دانیشتوانی زۆرە و سەرچاوەی حوکمڕانی و هێزی ئابووریی هەیە. بەڵام لە هەندێک زمانیش، شێوەزاری پایتەخت نەبووە، ئەو شێوەزارە بووە کە پاشخانێکی ئەدەبیی هەبووە و دەقی ئەدەبیی پێ نووسراوە. وەک زاری کوردیی ناوەندی کە لە میرنشینی بابان لە سەدەی نۆزدەم، بوو بە زمانی ئەدەبی، دواتر هەر ئەو بنزارە ئەدەبییە لە پارێزگای سلێمانی لە سەدەی بیستەم بوو بە زمانی ستانداردیش بۆ خوێندن. سەبارەت بە دیالێکتی کوردیی خواروو، هیچ کام لە بنزارەکان پاشخانێکی ئەدەبیی دەوڵەمەندیان نەبووە، بۆیە لەم حاڵەتەدا بنزاری پایتەخت کە کرماشانە باشترین بنزارە بکرێ بە بنچینە بۆ ئەم زارە ستانداردە.
دووەم: کۆددانان Codification بۆ ئەو بنزارە
دوای ئەوەی بنزارەکە دەستنیشان دەکرێ، ئەوجا قۆناغی بەکۆدکردنی ئەم بنزارە دەست پێ دەکات، کە ئەویش نووسینەوەی ڕێزمانەکەی و ڕێکخستن و یەکخستنی ڕێنووسەکەی و شێوەی‌ گۆکردنی وشەکان و فەرهەنگ بۆ دانانیەتی. لەم قۆناغە هەوڵ دەدرێ ئەم بنزارە لە فۆرمی دەرەوەی بەرەو یەک شێوە بچێت و یەک قاڵب وەربگرێت. بە تایبەت ڕێزمانەکەی کە زمانە ستانداردەکە لەسەری جێگیر بووە، پێویستە یاسا و ڕێساکانی بنووسرێتەوە و یەک بخرێت. هەروەها لە ڕووی وشەسازییەوە، ئەگەر وشەیەک چەند جۆر بەکارهێنانی هەبێت، دەبێ یەکێکیان بکرێ بە بنچینە بۆ زمانی ستاندارد و ئەوانی دی وازی لێ بهێنرێت. سەبارەت بە ڕێنووس بۆ زاریی کوردیی خواروو، هەمان ئەو ڕێنووسە هەموار کراوە کە بۆ زاری ستانداردی کوردیی ناوەندی بە کار دێت. چەند فۆنێمێکی جیاوازی هەیە، ئەویش پیتی جیاوازی بۆ دانراوە.
سێهەم : بەرفراوانکردنی ئەرکەکانی
بەکارهێنانی ئەم زارە لە بواری جیاوازی مەعریفە و زانست وەک بوارەکانی زانستە سروشتییەکان(فیزیا، کیمیا، ئەندازە، جەبر، زیندەزانی، پزیشکی..)، یان بواری زانستە مرۆییەکان وەک (ئابووری، سیاسی، دپلۆماسی، فەلسەفی، جوگرافی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، ئیداری، قانونی..). لەم قۆناغە زمانەکە پێویستە بەردەوام زاراوەسازیی هەموو ئەو زانستانەی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی توانای ئەوەی هەبێت کتێبی جیاوازی ئەو بوارانەی پێ بنووسرێت و تەرجەمە بکرێت.
بۆ ئەم قۆناغە، کوردیی خواروو، دەکرێ زاراوە زانستییەکان لە کوردیی ناوەندی وەرگرێت، چونکە زاراوەسازی هەموو ئەم بوارانە لە کوردیی ناوەندی کراوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی کوردیی خواروو لە کوردیی ناوەندی نزیک بێتەوە. بێگومان دەکرێ هەندێک زاراوەش لەناو پێکهاتەی وشەکانی زارەکە بەرهەم بێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگیش دەبێت بۆ پەتیکردنی زارەکە و داماڵینی لەم هەموو زاراوە و وشە فارسییە، کە بەهۆی خوێندن و پەروەردە بۆ ماوەی سەدەیەک بە فارسی، تێی کەوتووە.
چوارەم: قبووڵکردنی ئەم زارە ستانداردە و بەکارهێنانی لەلایەن‌ کۆمەڵگەوە.
لەم قۆناغەدا، ئەم زارە کە قۆناغەکانی بەستانداردکردنی بڕیوە و گەشەی کردووە، لە لایەن کۆمەڵگەی ئاخێوەرانیەوە قبوڵ دەکرێ وەک زارێکی ستاندارد بۆ نووسین و خوێندن و بەکارهێنانی لە دامودەزگاکان و مێدیا و گۆڤار و ڕۆژنامە کاری پێ دەکرێ، واتە دەبێت بە زارێکی پایەدار لە ناو کۆمەڵگە و پرەستیژی دەبێت.
تێپەڕبوونی زارەکە بەم چوار قۆناغەی بەستانداردکردندا، زارێکی ستانداردی کوردیی خوارووی لێ بەرهەم دێت کە دەکرێ هەموو نووسەران پێی پابەند بن و پێی بخوێنن، و کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی پێ بڵاو بکەنەوە، زارەکە دەبووژێتەوە و لە فەوتان ڕزگاری دەبێت، هاوکات هەوڵی نزیککردنەوەی بدرێ لەگەڵ زاری کوردیی ناوەندی. ئەگەر لە پاشەڕۆژ دەرفەتی خوێندن بە زمانی دایک لە سیستەمی پەروەردەی دەوڵەتی ئێران بۆ زمانەکان هاتە پێش، ئەوسا بە هەمان زاری ستاندارد لە قوتابخانەکان درێژە بە خوێندن و فێربوون دەدەن، هەروەها لەپاڵ ئەم زارە ستانداردە، بە زاری ستانداردی کوردیی ناوەندییش بخوێندرێ، کە زمانی سەرچاوە و مەعریفەیە بۆ کورد، هەروەها زمانێکی هاوبەشی کوردییە بۆ هەموو کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پابەندبوون بەم زارە ستانداردە کوردییە، یەکێتیی نەتەوەی کورد و زمانەکەی پتەوتر دەکات.


ئەنجامی باس

کوردیی خواروو وەک زارێکی سەرەکیی زمانی کوردی، هەروەها وەک یەکێک لە زارە کوردییەکانی خوارووی کوردستان کە سێ زار دەگرێتەوە و بە ناوەکانی کەڵهوڕی، لەکی، لوڕی ناسراون. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، بەهۆی سیاسەتی دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی، کە یەک زمان و یەک نەتەوەی بە سەر هەموو گەلانی ئێراندا سەپاندووە، زارە کوردییەکانی ئەم هەرێمە، زۆر بەتوندی دوچاری تواندنەوە بوونەتەوە، هەرگیز دەرفەتی گەشەکردنیان پێ نەدراوە. لە هەمان کاتدا بەزۆر ڕێگە، هەوڵ دراوە ناسنامەی کوردبوونیان چەواشە بکرێ، لە ناسنامەی کوردییەوە بکرێن بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ وەک لوڕی، لەکی، کەڵهوڕی، هەروەها لە ڕێی زمانی فارسی و میللەتی ئێرانی هەوڵ دراوە ناسنامەیەکی نەتەوەییی ئێرانییان پێ بدرێ و خۆیان لەبیر بکەن کە ئەوان بە نەتەوە کوردن و زارەکەیان سەر بە زمانێکی سەربەخۆیە کە کوردییە.
پیادەکردنی ئەم سیاسەتە فەرهەنگییە لە چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەی ئێراندا بۆ ماوەی نزیک بە سەدەیەک بە سەر زارە کورییەکانی خوارووی کوردستاندا، زەمینەسازی کردووە بۆ دابڕینی لوڕەکان(لوڕی ئوستانی لوڕستان و لوڕی بەختیاری و بویر ئەحمەد و کۆهیگلۆ و مامەسەنی) و بەشێک لە لەکەکانیش( لەکی ئوستانی لوڕستان) لە کورد، بەڵام ئاخێوەرانی کوردیی خوارووی کەڵهوڕی هەتا ئێستا بەرانبەر ئەم سیاسەتە خۆڕاگرن و پابەندن بە ناسنامەی کوردبوونیان و لە هەما کاتدا هەوڵی بووژاندنەوەی زارە کوردییەکەشیان دەدەن، ئەمە هەرچەندە گوشارێکی زۆری دەسەڵاتیان لەسەرە بۆ ئەوەی ئەوانیش بکرێن بە فارس و ئێرانی. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە، زارە کوردییەکەیان بە ڕادەیەک دوچاری ئاسمیلەبوون بووەتەوە، کە ئێستا لەبەردەم مەترسیی فەوتاندایە، بۆیە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە ئەم زارە کوردییە لە فەوتان ڕزگار بکرێ و بە ستاندارد بکرێ و زەمینەیان بۆ بڕەخسێ بە زارەکەی خۆیان بخوێنن و بنووسن، هاوکات هەوڵ بدرێ لە زاری ستانداردی کوردیی ناوەندییش نزیک بکرێتەوە. ئەگەر لە پاشەڕۆژ دەرفەتی خوێندن بە زمانی دایک لە سیستەمی پەروەردەی دەوڵەتی ئێران بۆ زمانەکان هاتە پێش، بە زارە ستانداردەکە درێژە بە خوێندن دەدەن و هاوتەریب بە کوردیی ناوەندییش دەخوێنن، کە زمانی سەرچاوە و مەعریفەیە بۆ کورد، زمانێکی هاوبەشی کوردە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەم ڕێگەیە، کوردەکانی خوارووی کوردستان، پەیوەندییان لەگەڵ کورد ناپچڕێ و پابەند دەبن بە یەکێتیی نەتەوەی کورد و زمانەکەی.


پەراوێزەکان

– خوێندکاری دکتۆرا، بواری زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی ساینس لە مالیزیا.
– چیای سماق(جبل سماق): چیایەکی بەرزە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی حەلەبەوە، لە دەوروبەری گەڵی گوند و قەڵا هەیە. (تۆفیق،٢٠٠٨: ٤٤).
– سەبارەت بە ناوی لوڕی فەیلی کە فەیلییەکانی بەغدا خۆیان وەک لوڕ دەناسێنن، ئەمە وەک دیارە ئەم ناوە زیاتر لە ناوی ناوچەکە هاتووە کە بە لوڕستانی فەیلی ناسراو بووە، لای جۆرج کورزۆنیش، ناوچەی لوڕی بچووکی بە لوڕی فەیلی ناو بردووە، (Curzon,1892: 273 ). دواتر هەر ئەم کوردە فەیلییانە کە بۆ عێراق کۆچ دەکەن هەمان ناوی لوڕی فەیلی هەڵدەگرن و خۆیان بە لوڕ دەناسێنن. فەیلییەکان لەو کتێبانەی کە بە عەرەبی لەبارەی ئەسڵ و بنەچەی خۆیان نووسیویانە و لە عێراق چاپ بووە، ئاماژە بە ئەسڵی خۆیان دەدەن کە ئەوان لە بنەچە لوڕی فەیلین (الفیلی، ٢٠١٢: ١٦، فیلی، ١٩٩٩). بەڵا لە ڕاستیدا ئەم ناوی لوڕە کە بە فەیلییەکانەوە لکاوە، زیاتر ناوێکی جوگرافی و ناوچەیی بووە لە ناوچەی لوڕی بچووک و لوڕستانی فەیلییەوە هاتووە، هیچ پەیوەندییەکی عەشایەری و زمانی و لەهجەیی لەگەڵ لوڕ نەبووە، چونکە کوردە فەیلییەکان بە زارێکی کوردیی خواروو (کەڵهوری) قسە دەکەن بە لوڕی قسە ناکەن، بۆیە نابێ ئەمانە لەگەڵ لوڕ تێکەڵ بکرێن. هەر ئەمەش وای کردووە لای هەموو کوردی باشووری کوردستان، ناوی لوڕی، بووە بە ناوێکی گشتگیر نەک هەر بۆ لوڕی بەختیاری و کۆهگیلو و مامەسەنی، بەڵکوو بۆ پێکهاتەکانی دیکەی وەک کەڵهور و لەک و فەیلی، کە لوڕ نین و ئەوانیش هەر بە لوڕ ناسراون.
– Erik John Anonby
– dialect continuum زنجیرە دیالێکت: چەند شێوەزارێکە لە ناوچەیەکی جوگرافی وەک زنجیرە بە دوای یەکدا دێن، شێوەزارەکانی نزیک لەیەک بە ئاسانی لە یەک تێ دەگەن، بەڵام بە دوورکەوتنەوە لە ناوچەکە، جیاوازییەکان بەرە بەرە زیاد دەکات و لەیەکگەیشتنیش کەمتر دەبێتەوە بەڕادەیەک لەوانەیە قسه‌که‌ری هه‌ردوو سه‌ری کۆتایی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نەتوانن له‌یه‌ک تێ بگه‌ن یان به‌ زه‌حمه‌ت له‌ یه‌ک تێ بگه‌ن.
– Isoglosses ئایسۆگلۆس: خەتێکە لەسەر نەخشە دەکێشرێت بۆ دەرخستنی تایبەتمەندییە زمانییەکان.
– Lexicostatistics ئاماری وشەکان: ڕێبازێکی بەراوردکاریی زمانەوانییە، بە دەرخستنی ڕێژەی وشە هاوبنچینەکانی نێوان دوو شێوەزار یان دوو زمان و بەراوردکردنیان، و پەیوەندیی بە زارێکی دی یان زمانێکی دی دەستنیشان دەکات..
– خواروو و باشوور دوو وشەن بۆ یەک مانا، بۆ ناوی ئەم زارە خواروو بەکار هاتووە نەک باشوور، بۆ ئەوەی لەگەڵ ناوی باشووری کوردستان کە تایبەتە بە کوردستانی عێراقەوە تێکەڵ نەبێت.
– بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی عەشیرەتی کوردەلی لە شارەکانی شێخ سەعد و عەلی غەربی لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە کۆچیان پێ کراوە یانیش ڕەوانەی ئێران کراون، بۆیە ئەم ناوچانە ئەمڕۆ ئاخێوەری ئەم بنزارەی کەم بۆتەوە. پێش کۆچ پێکردنیان لە عەلی غەربی ٩٠% و لە شێخ سەعد ٨٠% دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی کوردەلی بوون(قمندار، ٢٠١٤: ٤٠).
– بێجگە لە گۆڤاری چریکە، ئینستیتوتی فەرهەنگیی یارسان کە بارەگای لە سوێدە، گۆڤارێکی دی بە ناوی (شنڕوێ) دەردەکات. ئەم دوو گۆڤارە گوتارەکەیان بۆ خوارووی کوردستانە. ئینستیتوتی ناوبراو لە ڕێی ئەم دوو گۆڤارەوە دەیەوێت ئەم ناوچەیە، کە بەدرێژاییی مێژوو هەر بەشێک لە جوگرافیای کوردستان بووە، لە جێگەی ناوی کوردستان، ناسنامەیەکی دی بۆ ناوچەکە ساز بکات بە ناوی ناوچەی پەهلەویان، هەروەها پێکهاتەی دانیشتوانەکەشی کە کوردی لوڕ و لەک و کەڵهوڕ و ئیلامی و فەیلی و گۆران و هەورامین، ئەوانیش بە پەهلەوی ناو دەبات. وەک ئاشکرایە ئەم جۆرە ناو گۆڕینە بە ئەنقەستە و هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە، دروستکردنی ناسنامەیەکی ساختەیە و هەوڵێکە بۆ چەواشەکردنی مێژوو و جوگرافیای خوارووی کوردستان، کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە زۆر شێوە دەیانەوێ ناوی کوردستان لەسەر ئەم هەرێمە بسڕنەوە. ئینستیتوتی فەرهەنگیی یارسان لە ڕێی ئەم دوو گۆڤارەوە، بە کەرەستە و گوتارێکی کوردی، هەمان بەرنامەی پانئێرانیستەکان و دەوڵەتی ئێران بۆ سڕینەوە ناوی کوردستان، لەم هەرێمە جێبەجێ دەکات.
– Einar Haugen


سەرچاوەکان

کوردی

ئەمین زەکی بەگ، محەمەد. (٢٠٠٦). خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان لە زۆر قەدیمەوە تا ئیمڕۆ. سلێمانی: بڵاوکراوەی بنکەی ژین.
جهانفەرد، ژیار. (١٤٠٠). لە ئەدەبیات کلاسیک و فۆلکلۆر تا شێعر هاوچەرخ کورد. ماهنامە تفکر انتقادی، سال دوم، شمارە: ٩.
جەهانفەرد، سەجاد. (٢٠٠٩). ئەفسانەیل وڵات میدیا. سلێمانی: ئینستیتوتی کەلەپووری کورد.
جەلیلیان، عەباس. (٢٠٠٤). فەرهەنگی باشوور: کوردی – کوردی – فارسی. تایبەت بە ناوچەیل: کرماشان، ئیلام، لوڕستان. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.
تۆفیق، د. زرار سدیق. (٢٠٠٨). چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی مێژووی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. هەولێر: بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی.
خەزنەدار، د. مارف. (٢٠١٠). مێژووی ئەدەبی کوردی. بەرگی دووهەم، چاپی دووەم. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.
حەمەخورشید، د. فوئاد. (٢٠٢٠). نەخشەی کوردستان، توێژینەوەیەکی جوگرافیی سیاسی. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سوداد ڕەسووڵ، سلێمانی: چاپخانەی کەمال.
فوئاد. د. کەمال. (١٩٧١). زاراوەکانی زمانی کوردی و زمانی ئەدەبی و نووسینیان، لە گۆڤاری زانیاری، ژ.٤، ساڵی یەکەم. بەغدا: (دار السلام).
فوئاد. د. کەمال. (١٩٧١). زاراوەکانی زمانی کوردی و زمانی ئەدەبی و نووسینیان، گۆڤاری زانیاری، ژ.٤، ساڵی یەکەم. بەغدا: (دار السلام).
رضائی، یداللە. (١٩٤٤). لە سەرەنجامی پادشایە سەفاریەیل. گۆڤاری گەلاوێژ، ژمارە: ٤. بەغدا: چاپخانەی المعارف.
نەبەز، جەمال. (١٩٧٦). زمانی یەکگرتووی کوردی. بامبێرگ: بڵاوکراوەی یەکێتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا.
وهبی بگ، توفیق. (١٩٤٠). کرمانج لە کوردمانجەوە نەهاتووە: دابەشکردنی شێوەکانی زمانی کوردی، لە «گۆڤاری گەلاوێژ»، ساڵی یەکەم، ژمارە ٥ و ٦. بەغدا: (النجاح).

فارسی

باطنی، محمد رضا. (١٣٨٨). زبان و تفکر: مقالات زبان شناسی. چاپ نهم، تهران: مؤسسە انتشارات آگاە.
بدلیسی، شرف خان بن شمس الدین. (١٨٦٠). کتاب شرف نامە. بأهتمام: ولیامینوف زرنوف، پطربورغ: دار الطباع اکادیمیە ایمپراطوریە.
بهاروند، دکتر سکندر امان اللهی. (١٣٩١). قوم لر: پژوهشی دربارە پیوستگی قومی و پراکندگی چغرافیایی لرها در ایران. تهران: نشر آگە.
خانلری، دکت پرویز ناتل. (١٣٨٦). زبان شناسی و زبان فارسی. تهران: انتشارات توس.
کردستانی، علی اکبر وقایع نگار. (١٣٨٨). بدایع اللغە، فرهنگ کردی – فارسی. بە کوشش: محمد رئوف توکلی، چاپ اول. تهران: انتشارات توکلی.
کردستانی، علی اکبر وقایع نگار. (١٣٨١). عشایر و ایلات و طوایف کرد. بە کوشش محمد رئوف توکلی. تهران: انتشارات توکلی.
مردوخ کردستانی، شیخ محمد. (١٣٧٩). تاریخ مردوخ. تهران: نشر کارنگ.
مرتضائی، محمد. (١٣٥٧). زبان کردی و لهجەهای مختلف آن. تبریز: انتشارات مهرگان.
المستوفی، حمد اللە. (١٩١٣). نزهة القلوب في المسالک و الممالک. المقالة الثالثة حول صفة الولایات و البقاع، باهتمام لسترنج. لیدن: مطبعة بریل.
صفی نژاد، دکتر جواد. (١٣٦٨). عشایر مرکزی ایران. تهران: مؤسسە انتشارات امیر کبیر.
کیهان، مسعود. (١٣١١). جغرافیای مفصل ایران. تهران: مطبعە مجلس.
سلطانی، محمد علی. (١٣٧٧). دیوان سید یعقوب ماهیدشتی. تهران: مؤسسە فرهنگ نشر سها.
سهرابی، رضا و سریش آبادی، جعفر. (٢٠١١). فرهنگ گروس. هەولێر: بڵاوکراوەی دەزگای ئاراس.
شهسواری، فرامرز. (١٣٩٤). توصیف ساختار زبان لکی. کرمانشاه: انتشارات طاق بستان.
قاسمی، محمد علی. (١٣٧٩). دیوان کامل شاکە و خان منصور. چاپ اول، ارومیە: انتشارات صلاح الدين ایوبی.
محمدی، ناهید. (١٣٩١). کلهرنامە، ادبیات فولکلوریک کلهر. تهران: دستان.
موزونی، رضا. (١٣٩٣). ترانەهای سرزمین مادری. کرمانشاە: دیباچە.
یاسمی، رشید. (١٣٦٣). کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او. تهران: مؤسسە انتشارات امیر کبیر.
عەرەبی:
الحموي، شهاب الدين أبو عبد الله ياقوت بن عبد الله الرومي. (١٩٧٧). معجم البلدان. الجزء الخامس. بیروت: دار صادر.
توفیق، د. زرار صدیق. (٢٠٠١). کردستان في القرن الثامن الهجري: دراسة في تأريخها السياسي و الأقتصادي. أربيل: مؤسسة مکریانی للطباعة و النشر.
توفیق، د. زرار صدیق. (٢٠٠٧). القبائل و الزعامات القبلية الکردية في العصر الوسیط. أربیل: مؤسسة مکریانی للبحوث و النشر.
زەندي، هیوا. (٢٠٠٧). مقترح للکتابة باللهجة الفيلية. أربيل: منشورات ئاراس.
قمندار، اسماعيل. (٢٠١٤). دراسة اللهجات الکردية الجنوبية. بغداد: مکتبة عدنان للطباعة و النشر و التوزیع.
الفیلی، احمد ناصر. (٢٠١٢). الفیلیون، الأصالة التأريخية و الموطنة المهدورة. أربیل: دار آراس للطباعة و النشر.
فیلی، عبدالجلیل. (١٩٩٩). اللور (الکورد) الفیلیون في الماضی و الحاضر. اربیل: مطبعن وزارة التربية.


ئینگلیزی

Anonby, E. J. (2003). Update on Luri: How many languages? Journal of the Royal Asiatic Society , Volume 13 , Issue 2 . Cambridge: Cambridge University Press.
Anonby, E. J. (2004). Kurdish or Luri? Laki’s disputed identity in the Luristan province of Iran. Journal of Kurdish Studies, no. 4-5.
Anonymous. (1947). Map of Kurdistan Cairo: Elias modern press.
Amanolahi, Sekandar. (2002). Reza Shah and the Lurs: The Impact of the Modern State on Luristan. Iran & the Caucasus. 6 (1/2).
Curzon, George, N. (1892). Persia and Persian question. vol.2. London: Longmans Green & Co.
Dehqan, Mustafa. (2009). A Kirmashanî translation of the Gospel of John. Journal of Eastern Christian Studies 61(1-2).
Field, Henry. (1939). Contributions to the anthropology of Iran. Anthropological series, volume 29, number 1. Chicago: field museum history.
Hassanpour, Amir. (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985. San Francisco: Mellen Research University Press.
Haugen, Einar. (1972). The Ecology of Language. Stanford: Stanford University press.
Mackenzie, D. N. (1961). Kurdish Dialect Studies, Vol. I. Oxford: Oxford University Press.
Rich, Claudius James. (1836). Narrative of a Residence in Koordistan, and on the Site of Ancient Nineveh. vol 1, London: W. Clowers and soks.
Soan, E. B. (1909). A southern Kurdish folksong in Kermanshahi dialect. Journal of the Royal Asiatic Society , Volume 41 , Issue 1. Cambridge: Cambridge University Press
Sheyholislami, J. (2012). Kurdish in Iran: A case of restricted and controlled tolerance. International Journal of the Sociology of Language, (217), 19–47.


چاوپێکەوتن

(جەهانفەرد، ٢٠٢٢)، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژیار جەهانفەرد، ڕێککەوتی ١٠- ٣- ٢٠٢٢، هەولێر.

داگرتنی بابەت