ئارامتر بخوێنەوە

ناسنامە و ژینگەی زمانیی منداڵانی کوردستان
لە کتێبە دەرسییەکانی ئێراندا


ئەفراسیاب گرامی


“ئەم وتارە بە کورتی تیشک دەخاتە سەر ڕەوتی گەشەکردنی زمان و ناسنامە لای منداڵانی کورد و، لە کتێبی دەرسیی پۆلەکانی سەرەتایی لە ئێران ورد دەبێتەوە. وتارەکە زیاتر گرینگی بە سێ ئاستی کاریگەریی پۆل، ڕۆڵی مامۆستا و سیستەمی پەروەردە داوە کە کتێبە دەرسییەکان ڕۆڵی سەرەکی لە وێناکردنی کورد و کوردستان، بونیادنانی کەسێتیی تاکی کورد و ژینگەی زمانی بۆ منداڵانی کورد دەگێڕن.”


بە کورتی

کتێبە دەرسییەکان سوپا و لەشکری واژەی زمانین و بۆ داگیرکردن هاتوون. سیستەمی پەروەردە لە ڕێگای ئەم سووپا لە وێنە زمانییەکانەوە، نەخشەڕێگای داگیرکاریی زمانی و کولتووری دادەنێن و، هەوڵی سڕینەوە و پەڵەدارکردنی ناسنامەی زمانیی نەتەوەکان دەدەن. کتێبە دەرسییەکان تەنیا بۆ داگیرکاری نەهاتوون، سوپایان بۆ شکاندنی شکۆی ئەدەبییات، کولتوور و هونەری نەتەوەکانی دیکە هاتوون و سووژن لە ناسنامەی منداڵان دەدەن.
ئەم وتارە بە کورتی تیشک دەخاتە سەر ڕەوتی گەشەکردنی زمان و ناسنامە لای منداڵانی کورد و، لە کتێبی دەرسیی پۆلەکانی سەرەتایی لە ئێران ورد دەبێتەوە. وتارەکە زیاتر گرینگی بە سێ ئاستی کاریگەریی پۆل، ڕۆڵی مامۆستا و سیستەمی پەروەردە داوە کە کتێبە دەرسییەکان ڕۆڵی سەرەکی لە وێناکردنی کورد و کوردستان، بونیادنانی کەسێتیی تاکی کورد و ژینگەی زمانی بۆ منداڵانی کورد دەگێڕن. توێکاریی کتێبەکان بە مێتۆدی لێکۆڵینەوەی دیسکۆرس ئانالیزی ڕەخنەگرانەیە کە، دەپەرژێتە سەر خوێندنەوەی ئایدۆلۆژیا و بنەماکانی پشت چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە دەرسییەکان و، زۆرجاریش بۆ وردبوونەوەی زیاتر لە فۆرمی تێکست، وێنە و نیگارەکانی ناو کتێبەکان کەڵک لە مێتۆدی مۆڵتی مۆداڵ ئانالیز و ئەو ئامرازانە وەردەگرێت کە تێکست و لاپەڕەی کتێبە دەرسییەکانی پێ ئامادە کراوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا بۆ نووسەر دەرکەتووە کە:

یەکەم، وێناکردنی نەتەوەکان و کولتوورە جیاوازەکان لە تێکستی کتێبە دەرسییەکاندا، جیا لەوەی سڕینەوەیەکی نەرمئەفزارییە، هاوکات شکاندن و پەڵەدارکردن(ستیگما)ی ناسنامەی فرەنەتەوەیی و فرەکولتووری بوونی وڵاتی ئێرانە؛

دووەم: وێناکردنێکی زمانیی وەها لە کتێبەکاندا و هەڵاواردنی زمانی لە سیستەمی پەروەردەدا، شکاندنی کەسایەتیی منداڵانی کوردستانە کە ناتوانێ و دەرفەتی ئەوەی پێ نەدراوە هەست و بیرکردنەوەکانی خۆی بە زمانی دایک دەرببڕێ و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بەهێز بکات؛

سێهەم: لە لایەن قوتابخانە و مامۆستاکانەوە زۆرجار پێیان وایە کە منداڵانی کورد توانایی گەشەکردنی زمانییان لاوازە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە چەند ساڵ لە پۆلێکدا بمێننەوە. هۆکاری مانەوەیان گەشەنەکردنی توانا سەرەتایی‌یەکانی وەک: خوێندنەوە، نووسین، تێگەیشتن و قسەکردن بە زمانی فارسییە. ئەم هۆکارە وا دەکات کە منداڵان لە تەمەنی بەینی تەمەنی ١١ـ١٧ ساڵان (بە پێی ئاماری فەرمیی ئێران٢٠٢١) واز لە خوێندن بهێنن و قۆناخی سەرەتایی نەبڕن.
چوارەم: ئەو منداڵانەی کە بە هەر هۆکارێکی دەروونی، فیزیکی یان ژینگەی بنەماڵەیی و قوتابخانە ڕەوتی گەشەکردنی زمانییان دوا دەکەوێت، لە لایەن مامۆستا و هاوپۆلەکانیان و زۆرجاریش لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە گاڵتەیان پێ دەکرێت یان گوشاری دەروونیان دەکەوێتە سەر.
شایانی باسە کە ناوەۆرکی وردبوونەوە لە هەموو بابەتەکانی توێژینەوەکە لەم وتارەدا نەهاتووە و بە شێوەیەکی خێرا باسی نێوەرۆک، ئەنجام و چەند نموونەیەک لە هەڵسەنگاندنی کتێبەکان باس کراوە.


سەرەتا و هۆکاری توێژینەوە

«کاتێ لە پۆلەکانی سێ و چوار بووم، ئیملای فارسی وەک مۆتەکە و ترسێک بە گیانی بەشێک لە ئێمەی منداڵانی کورددا دەگەڕا. چونکە دەبوایە کۆمەڵێک وشەمان بنووسایەتەوە کە هیچ پێوەندییەکمان لەگەڵ نێوەرۆک، سیستەمی دەنگی و زمانیی ئەو وشە و دەستەواژانەدا نەبوو. وەک نموونە «تصمیم کبری» ببووە تڕاومای شەوانە و بە دەم خەوەوە دادەچڵەکاین. بەداخەوە مامۆستاکانیش ئەم ترسەی ئێمەیان بە کەم زەینی، حۆلی، گێژی و نەزانی لە قەڵەم دەدا و زیاتر وەک چێودار نەک وەک مامۆستا، بە مەنتقی شەپازلە، شووڵ، شەق و قسەی ناشیرین، ڕووبەڕووی ئێمە دەبوونەوە و ترسەکەمان دوو ئەوەندە قووڵ دەبووەوە و لە دەروونەوە دەڕووخاین. پاشان کە لەم دۆخە تێدەپەڕین، قارەمانەکانی ئێمە دەبوو بە «حسین فهمیدە» و ڕوح‌اللە خومەینی و یارانی». لای باوک و دایک بیناییمان بە خوێندن و فێربوون دەکرێتەوە، بەڵام نەیاندەزانی کە کوێرایمان دادێ و کەسایەتیمان دەڕووخێ و خەوشدار دەبێت».
ب
ەم سەرەتایەوە دەچمە ناو باسەکەوە کە چۆن کتێبەکانی دەرسیی منداڵان، ڕۆڵی مامۆستا و سیستەمی پەروەردە دەتوانن کاریگەریی قووڵ لەسەر کەسایەتی و ژینگەی زمانی و ناسنامەی منداڵان دابنێن.


بە هەڵسەنگاندنێکی خێرای کتێبە دەرسییەکانی قۆناخی سەرەتایی (١ـ ٧)، بۆمان دەردەکەوێ کە ڕوانگەی سیستەمی پەروەردەی ئێران جیا لە سڕینەوەی فیزیکیی کەمایەتییە نەتەوەیی‌یەکان، بە شێوەیەکی نەرمئەفزاری پەرەی بە سیاسەتی ئاسمیلەکردن و شکاندنی ناسنامەی کولتووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکانی ئێرانی داوە. ئەم سیاسەتە لە چوارچێوەی نکۆڵی کردن لە مافی سرووشتی و شارۆمەندی، ستیگما و پەڵەدار کردن، سووککردن و چەواشەکردنی بایەخە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا بووە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا کتێبە دەرسییەکان بە سێ هۆکاری سەرەکی گرینگیی خۆیان هەیە: یەکەم، کتێبە دەرسییەکان لە لایەن وەزارەتی ئامووزش و پەروەرشەوە چاپ و بڵاو دەبنەوە و ڕاستەوخۆ دیسکۆرسی پەروەردەی ئێران دەردەبڕێت؛ دووەم: کتێبە دەرسییەکان لە هەموو قوتابخانەکانی سەراسەریی ئێراندا بەکار دێن و هەروەها ساڵانە هەڵدەسەنگێندرێن؛ سێیەم: لە قۆناخەکانی خوێندنی باڵا و ئاکادێمیکدا مامۆستا بۆ وتنەوەی وانەکانی ناو کتێبە دەرسییەکان پەروەردە دەکرێت کە لە فەزایەکی گەورەتری کۆمەڵایەتی و کولتووریدا ڕەوتی ناسنامەخوازیی کۆمەڵگا ئاراستە دەکات. بۆیە کۆنتێکستی پەروەردەیی ئێران لە هەموو ئاستەکانی کلاسی دەرس، قوتابخانە و سیستەمی پەروەردەدا، هەڵگری ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتە بۆ پەروەردە و مەنتاڵیزەی منداڵان بە ناسنامەیەکی ساختە و پەرداختەی خۆیانەوە. ڕۆمانۆڤسکی (٢٠١٧) پێی وایە «کتێبە دەرسییەکان، دەسەڵاتی گۆڕانکاری و بەڕێوەبردنی کلاسەکانی دەرسیان هەیە و بە ڕادەی کتێبە پیرۆزەکانی ئایینەکان، دەستڕۆیشتوون و هەتا ئێستاش کتێبە دەرسییەکان زیاترین خوێنەر، بەکارهێنەر و بوودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت». لە ئێرانی هاوچەرخدا، لە سیستەمی پەهلەوییەوە بگرە هەتا ئەوڕۆکە، کتێبە دەرسییەکان بەشێک بوون لە پڕوپاگەندەی دەسەڵات و دین. هاوکات بەشێکی گەورە بوون لە دروستکردنی ناسنامەی ئێرانی‌بوون و سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکە. لە کۆمەڵێک توێژینەوەی نووسەرانی ئێرانیدا کە بەوردی توێژینەوەیان لەبارەی «جايگاه هويت ملي در کتب درسي آموزش و پرورش (پێگەی ناسنامەی نەتەوەیی لە کتێبە دەرسییەکانی ئامووزش و پەروەرش-دا)» کردووە، بە ڕوونی و بە شانازییەوە باس لەوە دەکەن کە «یەکێ لە گرینگترین ئەبزارەکانی دەسەڵات بۆ پاراستنی تەواویەتی خاکی ئێران (واتە سەرزەوینی ئێران) و مانەوەی ئەو چوارچێوە جوگرافیایی‌یە بووە. ئەم دامەزراوەیە توانیویەتی کەسایەتییەکی ئێرانی لە زۆر لایەنەوە درووست بکات، ناسنامەی ئێرانی داسەپێنێت و بەهای ئەخلاقی پێ بدات (عبدی، ١٣٧٨).



مێتۆدی توێژینەوە

مێتۆدی توێژینەوەی دیسکۆرس ئانالیزی ڕەخنەگرانە دەپەرژێتە سەر پێوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا لەگەڵ تێکستدا و هۆکارەکان یان بەستێنەکانی بەرهەمهێنانی تێکست. لەم تیۆرییەدا توێکاریی کۆنتێکست (ناوەرۆک) و ئامرازەکانی کۆنتێکست بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵدا دەکات. لەم پێوەندییەدا زمانی تێکست گرینگترین فاکتەرە کە بریتییە لە کۆی ئامرازەکانی پێوەندی لەگەڵ وەرگر (مخاطب)دا. واتە نووسراوە، وێنە، نەخشە، نیگار و تەمرین و چالاکییەکان کە لە کتێبەکانی خوێندندا بۆ منداڵان فەراهەم کراوە. ئەم مێتۆدە پرسیار و گەڕان بە دوای پرسیار لە هەوڵی بەرهەمهێنان و دروستکردنەوەی پێوەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵ لەناو تێکستەکاندا دەدەن. لەم مێتۆدەدا کتێبەکانی دەرسیی منداڵان بۆ گەیاندنی زانیاری لەبارەی کوردستان و بۆ منداڵانی هەموو ئێران و کوردستان و، هەروەها پراکتیزەکردنی لە چوارچێوەی کەمایەتیی قەومی و بوومی لە ئێراندا دەخاتە بەرباسەوە. ئەم تێڕوانینە لە تیۆری داروینیزمی کۆمەڵایەتییەوە وەرگیراوە کە نەتەوەی فارس پاقژ، خاوێن، پێشکەوتوو و خاوەنی شارستانییەتە. بەڵام نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێنەگەیشتوو، ڕەشۆکی و لە دەرەوەی بازنەی مێژوودان.



ڕوانگەی وێناکردنی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان

بەندیکت ئاندرسۆن (1936-2015) لە کتێبی «کۆمەڵگای وێنایی (خەیاڵی) Imagined Communities)»دا کە بە یەکێک لە تیۆرییە بەناوبانگەکانی ناسیۆنالیزم ناو دەبردرێ، باس لە سەرمایەداریی سەنعەتی چاپ دەکات کە بەرهەمهێنەری نەتەوە و تێرمەکانی ئەخلاقیی نەتەوەخوازی بووە. سەرمایەداری لە ڕێگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەوە، خەیاڵی نەتەوەخوازی بەرفراوان دەکات و بەهای ئەخلاقییان پێ دەدات کە لە پاش داهێنانی چاپ تاکوو ئەمڕۆ دەوڵەتەکان هەوڵیان داوە لە ڕێگای چاپی کتێبەوە وێنایەک لە نەتەوە درووست بکەن کە ناسنامەیان پێ دەبەخشێت. واتە لە ڕێگای دووستکردنی سیستەمی نووسین (ئەلفوبێ)، ئوستوورە، گێڕانەوە و بونیادنانی هاوپێوەندیی کولتووریی کۆمەڵە خەڵکێک و جیاکردنەوەی لەوانی دیکەوە، نەتەوە وەک یەکەیەکی مانادار بۆ تاکەکانی کۆمەڵ بونیاد دەنرێت. لەم ڕوانگەوە قوتابخانە لە سەدەی هەژدە، نۆزدەهەم و بیستەم و تا بە ئەمڕۆش بەرهەمهێنەری کۆمەڵگای خەیاڵی بە ناو «نەتەوە» بووە و زۆرترین ڕۆڵی گێڕاوە (ئاندرسۆن، ٢٠٠٦). [بۆ نموونە کاتێک تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا عەفرین داگیر دەکات، یەکەم کارێ کە دەیکات، کردنەوەی قوتابخانەی تورکییە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییی خەڵکی کورد لەو ناوچەیەدا]. لە ئێراندا، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بەم لاوە قوتابخانە بۆ هەمووان دەستی بەکار کردووە و بەشێک بووە لە بونیادنانی ژینگەی زمانی بۆ منداڵان لە هەموو ئاستەکاندا. لە سەردەمی ڕەزا شای باوکدا، بە ناوی ئینقلابی سپییەوە، کتێبی دەرسی بۆ هەموو ئاستەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو چاپ کرد و «سوپای دانش»ی وەڕێخست بۆ گەیاندنی پرۆژەی خوێندن بە زمانی فارسی لە سەرانسەری ئێراندا. دواتر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بە ناوی پرۆژەی «بەئیسلامی‌کردنی زانکۆکان و قوتابخانەکان» کتێبە دەرسییەکان و زمانی فارسی وەکوو بونیادی دروستکردنی نەتەوەیەک لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوەی فارس وێنا کراوە. لەم وێناکردنەدا زۆرینەی دەسەڵاتی فارس دەکەوێتە هەوڵی پێناسەی زمانیی نەتەوەکانی دیکە، کوردی وەک نموونە. لەم سیستەمەدا ناسنامەی منداڵ لە کاتی چوونە قوتابخانەوە بگرە هەتا دێتە دەر بە پڕۆسەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پلانداڕێژراودا دەڕوات کە کۆی فاکتەرەکانی ناسنامەی نەتەوەیی لێ دادەماڵێ و کەسایەتییەکی بێ‌ڕیشە بە ناسنامەیەکی ساختەوە، پێشکەشی کۆمەڵگا دەکات.



کۆنڤانسیۆنی مافی کەمینەکان

لە کۆنڤانسیۆنی مافی کەمینەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مافی کەمینەکان لە چوار کاتیگۆریی سەرەکیدا پێناسە کراوە:
یەکەم: مافەکانی مرۆڤ: بەگشتی بریتییە لە کۆی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئەندامانی سەر بە کەمایەتییەکان وەک مرۆڤ.
دووەم: مافی کەمایەتی: بریتییە لە مافی خاوەن ئێتنیک، ئایین، کولتوور، زمانی تایبەت بوون کە لە هەموو بوارێکی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە مافی گەشەکردنیان هەیە.
سێیەم: مافی تایبەت: پێوەندی بە مافێکی دیاریکراوی کەمینەکانەوە هەیە کە نکۆڵییان لێ دەکرێ و مافەکانیان پێشێل کراوە یان هەڕەشەی سڕینەوەیان لەسەرە.
چوارەم: مافی بەکۆمەڵ: واتە مافێکی بەکۆمەڵ وەک مافی سەربەخۆبوون و ئیدارەی ڕەوتی گەشەکردن و بونیادنانی کۆمەڵایەتیی خۆیان هەبێت. (نیک روش، ٢٠١٩)



مافەکانی منداڵان و زمانی دایک

لە ٢٠ی دێسامبری ساڵی ١٩٨٩، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵانی پەسەند کرد کە بریتییە لە ٥٤ ماددەی یاسایی و حقووقی بۆ منداڵان و، ئەو وڵاتانەی پەسەندیان کردووە بۆ پاراستن و فەراهەمکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان ئەرکدار دەکات. لە کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵاندا چوار چەمکی بنەڕەتی بۆ پڕاکتیزەکردنی مافەکانیان لە بیاڤی گشتیی کۆمەڵگادا بیری لێ کراوەتەوە کە، بریتین لە: Provision (دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری)، Protection (پارێزگاری)، Participation (بەشداری) و prevention (بەرگری لە تێكشکاندنی کەسایەتیی منداڵ). پرنسیپەکانی خوێندنەوە و گەشەپێدان بە مافەکانی منداڵ کە لەو کۆنڤانسیۆنەدا هاتووە بریتین لە:
یەکەم: نەبوونی هەڵاواردن، هەڵاواردنی زمان، جینسی، نەتەوەیی و ناسنامەیی.
دووهەم: باشترینەکان بۆ منداڵ (Best interests) کە بریتییە لە چی باشە بۆ منداڵ و پێویستییەکانی منداڵان بۆ حەز و ئاواتەکانیان چییە و ئاسایشی منداڵان لە هەموو ئاستەکاندا.
سێهەم: مافی دابینکردنی ژیانی تەندروست، ئازادانە و گەشەکردن.
چوارەم: مافی گوێ ‌لێگرتن لە منداڵ و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای منداڵ.
کۆلێر ـ ئوڵسێن (٢٠١٩، ل ٤٠) پێی وایە کە مافەکانی منداڵان تەواو دینامیکە و پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مافەکانی مرۆڤەوە هەیە، هاوکات بە شێوەیەکی گشتی کۆی ماددە و خاڵەکان پێوەندییان بەیەکەوە هەیە. ماددەی ٣٠ی مافەکانی منداڵان بە ڕوونی باس لە مافی زمانی، کولتووری و ئایینیی منداڵان دەکات و دەڵێت کە نابێ هەڵاواردن هەبێت. هاوکات ماددەی ١٢، باس لە مافی گوێ لێگرتن، ئازادیی دەربڕینی هەست و بیری منداڵ دەکات کە منداڵ دەبێ ئەو ئازادییەی هەبێت. کولێرـ ئوڵسەن پێی وایە ئەوەی لە پۆلێکی قوتابخانەدا ڕوو دەدات لە مودیرییەتی مامۆستا هەتا کۆنتێکستی پەروەردەی وڵات کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی منداڵ دادەنێت و پارێزگاری لە تێكشکاندنی کەسایەتی لە هەموو بوارەکانی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە، ئەرکی مامۆستا و قوتابخانەیە.



گەشەکردنی زمان لە ڕوانگەی سۆسیۆکولتوورییەوە

ڕوانگەی سۆسیۆکولتووریی فێرکردن تیشک دەخاتە سەر پرۆسەی فێربوون دەربارەی بەکارهێنانی زمان وەک گرینگترین فاکتۆری فێربوون و بەشداریی چالاکانەی منداڵ لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیی دەوروبەری و، هەروەها بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەوروبەری بۆ گەیاندنی پەیامی زمانی. ئەم ڕوانگەیە لە لایەن لێڤ ڤیگۆتسکییەوە لە ساڵانی ١٩٢٠ هەتا ١٩٣٠ لە سۆڤیەتی جاراندا پەرەی ئەستاند و لە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ی زایینی لە ئەورووپا وەک ڕوانگەیەکی نوێ و پڕاکتیک بۆ فێرکردنی منداڵان لە هەموو ئاستەکاندا هەڵدەسەنگێندرێت. ڤیگۆتکسی پێی وایە زمان مەنتاڵیتێتی مرۆڤ پێک دەهێنێ و لە هێڵی گەشەکردنی ڕێژەییدا منداڵ لە ڕێگای ئامرازە زمانییەکانەوە توانایی‌یەکانی خۆی تاقی دەکاتەوە. مەنتاڵیتێت بریتییە لە شتێکی وێنایی (تصوری) و نووسینەوەی لە جەستەی مرۆڤدا. ئەم ڕووداوە لەنێوان مێشک و جەستەدا، لە ڕێگای سیستەمی زمانی و کاریگەریی ژینگەی دەوروبەرەوە ڕوو دەدات. فین سکۆردەروود پێی وایە، مەنتاڵیزەکردن پڕۆسەیەکی کۆگنەتیڤ (cognitive)، دەروونناسانە، کۆمەڵایەتی ـ کولتوورییە لەنێوان خود، ئەوی دیکە و ژینگەدا بۆ ڕێکخستنی هەست، خەیاڵ و بیری مرۆڤ و خوێندنەوەی لەگەڵ جووڵەی جەستەیی مرۆڤدا. هۆرمۆنەکانی جەستەی مرۆڤ لە ڕێگای زمانەوە دەتوانن ناخیان بکرۆژێ، تووڕە، خۆشحاڵ، سەریان سوڕ بمێنێ یان تووشی خەمۆکیی قووڵ بن و، هاوکاتیش دژکردەوەی جۆراوجۆر نیشان بدەن. لەم ڕوانگەوە، شوێن، ناسنامەی مرۆڤ و فاکتەرە سۆسیۆکولتوورییەکانی دەوروبەری مرۆڤ کاریگەری لەسەر ئەم پڕۆسەیە دادەنێن (سکۆردەروود، ٢٠٠٨). جیم کۆممی دەربارەی فرەزمانیدا پڕۆسەی مەنتاڵیزەکردن بە تڕاوما (خۆف)ی فێربوون ناو دەبات، لەبەر ئەوەی کە فەزای پۆل، مامۆستا و سیستەمی خۆێندن نکۆڵی لە ناسنامەی زمانی دەکات و کارامەییی منداڵاندا سەرکوێر دەکات.


هەروەک جۆڵایەک کە تەونی خۆی لە شوێنی خۆیدا ڕا دەخات و دەیچنێت، ئاوەهاش گەشەکردنی زمان پەیوەستە بە ژینگە و شوێنی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی منداڵەوە. یاریکردن، بیرو زەینی پەروەردەکراو بە زمانی دایک پێوەندیی لەگەڵ پۆل، کتێبەکانی خوێندن و هاوکات کۆنتێکستی وانەکانی خوێندندا دەگرێت (ستراندبێرگ Strandberg و ئەوانی دیکە، ٢٠٠٨). دابڕانی منداڵ لە فەزای سۆسیۆکولتووری، دابڕانە لە فەزای ئازادیی منداڵ بۆ تێگەیشتن لە دنیا و دروست کردنی وێنەیەک لە دنیای خۆی. کاتێ منداڵان ڕووبەڕووی شاخێک لە کولتوورێکی جیاواز و نەناسراو دەبنەوە، کەشتیی تایتانیکی زمانییان وێران دەبێت و ناسنامەیان خەوشدار دەبێت.



گەشەکردنی توانایی‌یەکانی زمانی منداڵان

ژینگەی زمانی و گەشەکردنی زمانی منداڵان، پڕۆسەیەکی سرووشتی (پرۆسەیەکی ئێکۆلۆژیکی)یە، بەو مانایە کە توانایی‌یەکانی زمانی و گەشەکردنی منداڵ لە سێ ڕوانگەی بیۆلۆژیکی، کۆگنیتیڤ (دەروونناسانە) و ژینگەی زمانییەوە کاریگەری لەسەر یەکتری دادەنێن و پێکەوە گەشە یان دوای دەخەن. ئەم پڕۆسەیە لە داوێنی دایکەوە سیستەمی تێگەیشتن لە زمان دەست پێدەکات و کار لەسەر کاتێگۆری و جیاکردنەوەی واتا زمانییەکان لە مێشکی منداڵ دەکات (ئێگەبەرگ، ٢٠١٦). ئێسپن ئێگەبەرگ (٢٠١٦)، کارناسی پەروەردەی فرەزمانی، مۆدێلێکی زمانی بە ناوی «بازنەی زمان» پێشکەش دەکات و پێی وایە چوار فاکتەری فیزیۆلۆژیک، ئەزموون، زانیاری و ژینگەی کۆمەڵایەتی ـ کولتووری کە منداڵی تێدا پەروەردە دەبێت گرینگە کە پرۆسەی گەشەکردنی زمانیی منداڵان دیاری بکەین.
گەشەکردنی زمان و بەرهەمهێنانی زمان کە دەبنە بنەمای فاکتەرەکانی داڕشتنی هیپۆتێز (پرسیاری توێژینەوە)ی نوێ دەربارەی گەشەکردنی زمانی منداڵان، کە فاکتەرەکان بریتین لە:
فیزیۆلۆژیک: فاکتۆرەکانی دەروونی و فیزیکیی فێربوونی منداڵان
ژینگەی کۆمەڵایەتی ـ کولتووری: فاکتەرەکانی زمانی دایک، بەها کۆمەڵایەتییەکان، پێکدادانی کولتووری، ئەزموونی کولتووری جیاواز، پڕۆسەی کۆمەڵایەتی بوونی منداڵ لە ماڵەوە، ژینگەی دەوروبەر و سیستەمی پەروەردە
ئەزموون: فاکتەرەکانی فێربوونی مندڵان وەک کتێبی دەرسی، ڕۆڵی مامۆستا، زمانی دایک و زمانی فێرکاری
زانیاری: فاکتەرەکانی پێوەندی و کۆمۆنیکەیشن لەگەڵ وشە و ماناکانی وشە و بەکارهێنانیان

دواجار شارەزایانی پەروەردە بە گرینگیدان بەو فاکتەرانە، چاودێری و سەرنجی توانایی‌یە سەرەتایی‌یەکانی منداڵ لە بوارەکانی خوێندنەوە، نووسین، تێگەیشتن، قسەکردن و بەکارهێنانی زمان دەکەن و هیپۆتێزی نوێ دادەڕێژنەوە کە لایەنەکانی کولتووری و کۆمەڵایەتی گرینگترین فاکتۆری گەشەکردنی زمان پێک دەهێنن (ئێگەبەرگ، ٢٠١٦، ل. ١٧). لەم ڕوانگەیەوە زمان تەنیا کەرەستەی پێوەندی نییە، بەڵکوو سیستەمێكی تێگەیشتنی مرۆڤە لە دیاردەکان، چۆنیەتیی فێربوون و گەشەکردنی ناسنامە، دیالۆگ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە. ئێگەبەرگ بۆ گەشەکردنی زمان لای منداڵ، پێشنیار دەکات کە زمانی دایک ئەکتیڤ بکرێت. ئەکتیڤ‌کردنی زمان پێوەندی بە ژینگەی زمانیی منداڵەوە هەیە «لە هەمیشە بەکارهێنانی زمانی دایک لە ژیانی ڕۆژانەدا، هەتا هیچ کات بەکارنەهێنانی زمانی دایک». لە ڕوانگەی ڤیگۆتێسکییەوە، چالاک بوونی زمانی دایک پێوەندی بە هاوپێوەندیی تاک و ئامرازەکانی بەکارهێنانەوە هەیە و ئامانجی بەکارهێنان پەیوەستە بە فەزای فیزیکی و شوێنی فێربوونەوە (ئێگەبەرگ، ٢٠١٦).



توێژینەوەکان چیمان پێ دەڵێن؟

توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە لە قوتابخانەکاندا و لە لایەن مامۆستاکانەوە، ئەو منداڵانەی کە دووزمانەن پێویستییان بە پەروەردەی تایبەت (سپێسیال پێداگۆگی) هەیە و وەکوو ئەو منداڵانەی کە توانایی گەشەکردنی زمانییان لاوازە، سەیر دەکرێن. بەڵام توێژەرانی دیکە کە گرینگی بە زمانی دایک وەک زمانی یەکەم و زمانی قوتابخانە وەک زمانی دووهەم دەدەن، باس لەوە دەکەن، ئەو منداڵانەی کە ژینگەی زمانییان لەگەڵ قوتابخانەدا جیاوازە، تووشی پێکدادانێکی زمانی دەبن کە لە ڕێگای فەراهەمکردنی کەشی دووزمانی لە کلاسی دەرسدا، توانایی‌یەکانی گەشەکردنی زمانی منداڵان بەرز دەکاتەوە و بە پێچەوانەوە دووزمانەبوونی منداڵان بەهێزترە، هەتا ئەو منداڵانەی کە خاوەنی یەک ژینگەی زمانین. (ئەستر و ئەوانی دیکە، ٢٠١٩، ل.٣٣٨). بۆیە زۆربەی توێژەران باس لە پەروەردەی فرەزمانی دەکەن کە دەرفەتێکی گەورە بۆ منداڵ دەڕەخسێنێ تا توانایی‌یەکانی زمانی و ناسنامەی خۆی گەشە پێ بدات و لە ژیاندا کارامە بێت. لە توێژینەوەیەکدا تۆنی بروینەر (٢٠١٦)، پرۆفیسۆری پەروەردەی فرەزمانی لە نەروێژدا باس لە چوار هۆکاری سەرەکی بۆ پەروەردەی فرەکولتووری دەکات: یەکەم: زمان وەک ئاخێزگە یان سەرچاوەیەک بۆ منداڵان کە چ زمانێک فێر دەبن و چۆن؟ دووهەم؛ تواناییی زمانی کە، منداڵ بە کام زمان دەتوانێ پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دنیای دەوروبەری بەرقەرار بکات؟ سێیەم؛ ناسنامەی منداڵ کە بە چ زمانێک خۆی پێناسە دەکات؟ چوارەم؛ کارکردی زمانی کە منداڵ چۆن دەتوانێ توانایی‌یەکانی دیکەی وەک خوێندنەوە، نووسین، بیرکاری، بەکارهێنانی دنیای دیجیتاڵ، کارامەیی لە ژیاندا و فێربوون لە هەموو ئاستەکانی تەمەنیدا گەشە پێ بدات. جیم کۆممی (James Cummins) ناسراوترین پڕۆفیسۆرە کە لەبارەی دووزمانی و فرەزمانییەوە تیۆری دوو شاخی سەهۆڵینی داهێناوە. لەو تیۆرییەدا جیم پێی وایە کە هەموو منداڵێک ژینگەیەکی زمانی هەیە کە تێیدا پەروەردە دەبێت و خاوەنی زمانێکە کە لە داوێنی دایکەوە دەست پێ دەکات هەتا دەچێتە ناو دامەزراوەیەک کە لە دەرەوەی ژینگەی زمانیی ماڵەوەیە. دامەزراوەکە دەتوانێ باخچەی ساوایان، قوتابخانە، ناوەندێکی پەروەردەی تایبەت و … هەتا دوایی بێت. واتە هەموو منداڵێک و بە هەر تایبەتمەندییەکەوە دەگرێتەوە و خاوەنی زمانێکی دایکییە. (مەبەست لە هەموو تایبەتمەندییەک ئەوەیە کە، منداڵانی کەمئەندام وەکوو نابینا، کەڕو لاڵ، منداڵانی ئاوتیزم، کەم سەرنج یان سەرنج زڕاو، ماخۆلان (ADHD) و هەتا دوایی). جیم بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆریی شاخی سەهۆڵین، پێی وایە زمانی دایک یەکەمین شاخی سەهۆڵینە کە ڕیشەی لە باکگراوەندی کولتووری و کۆمەڵایەتیی بنەماڵە و ژینگەی ماڵەوەدایە. بەڵام سیستەمی ئامووزشی و دامەزراوەکانی دەوڵەتی، شاخێکی سەهۆڵینی دیکەی بۆ دروست دەکات کە هیچ پێوەندییەکی عاتفی و سۆزدارانەی لەگەڵدا نییە. بۆیە بە ڕوونی دەڵێت کە سیستەمی ئامووزشی لەم حاڵەتەدا خەریکی ئازاردانی منداڵانە و تاوانبارە کە ناهێڵێت بە منداڵان زمانی دایک بخوێنن (تۆنی بروینەر، ٢٠١٦).

ئەمە یەکێ لەو هۆکارانەیە کە مامۆستاکان هیچ زانیارییەکیان لە گەشەکردنی زمان لای منداڵ نییە و بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی توندوتیژیی زمانی و ڕەفتاری ڕووبەڕووی منداڵان دەبنەوە کە دەرەنجامەکەی بێزاری، ترس و دڵەڕاوکێ، گاڵتەپێکردن و شکاندنی شکۆی منداڵان دەبێت. هاوکات مۆتەکەی ترس و تڕاومای فێربوون [بە تایبەتی هێشتنەوەی منداڵانی پۆلی یەک و دوو بۆ ماوەی چەند ساڵ لە پۆلێکدا] لە ئاستەکانی خوێندن بۆ منداڵ پەرە دەستێنێ بە شێوەیەک کە ئامارەکانی خودی ئێران نیشانی دەدەن، زیاتر لە ٣٠ لە سەدی منداڵانی بەینی تەمەنی ١١ بۆ ١٧ ساڵ واز لە خوێندن دەهێنن و زیاتر لە ٦٠ لە سەدی منداڵانی ئێران پێیان وایە کە لە قوتابخانەدا گوشاریان دەخرێتە سەر.



نموونەی توێکاریی کتێبەکان

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، کولتووری و زمانی و زاراوەیی‌یە کە زیاتر لە ٧٠ گرووپی زمانی لەو وڵاتەدا پێکەوە دەژین و پێوەندییان بەیەکەوە هەیە (کلان،٢٠١٦ ). ئەمیر کەلان (٢٠١٦) لە پێشەکیی کتێبی «کێ لە ئامووزشی فرەزمانی دەترسێت؟» دەنووسێ کە هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لەبارەی زمانەکان و فەرهەنگەکانی ئێرانەوە لە ڕوانگەی فرەکولتوورییەوە نەکراوە و لە ڕوانگەی پەروەردەی ئێرانەوە هیچ بنەمایەکی زمانناسانە بۆ ئامووزشی منداڵانی کەمایەتییە زمانییەکان لەبەرچاو نەگیراوە و وەک ترسێک بۆ سەر یەکگرتووییی زمانی فارسی و چوارچێوەی تەواویەتی خاکی ئێران لە قەڵەم دراوە (کلان، ٢٠١٦). لەم توێژینەوە کورتەدا ڕوانگەی فرەکولتووری بۆ بابەتی زمانی سەیر دەکرێت و پێگەی زمان و کولتووری کوردی وەک نموونە لەبەرچاو گیراوە. بۆ ئەوەی توێژینەوەکە سنووردار بێت، پێویست بوو توێکاریی کتێبە دەرسییەکانی فارسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە پۆلی یەک هەتا حەوتی سەرەتاییی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویی خوێندن، لەبەرچاو بگیردرێت.

لە ڕوانگەی پێداگۆگییەوە، ئێریک مۆند (٢٠٢٠) لە کتێبی «دیداکتیکی مێژوو»دا بەوردی باس لەو ئامرازانە دەکات کە وێنە، دروستکردنی نەخشەی بیرۆکە، هێڵی مێژوویی، نیگارکێشی، دابەشکردنی چەمکەکان، گۆشەنیگای گێڕانەوە، دابەشکردنی قۆناخەکانی مێژوویی، گرینگیدان بە سەرچاوە و ماتریاڵە مێژوویی‌یەکان، چالاکیی منداڵان لە ڕێگای گێڕانەوەی حەکایەت و بەسەرهاتی کەسایەتییەکانەوە و هەموو ئەو ئامرازانەی کە کۆمۆنیکەیشین لەگەڵ منداڵدا پێک دەهێنن، مێتاهیستۆری (مێتامێژوو)ی منداڵ پێک دەهێنن. مۆند پێی وایە ئەم ئامرازانە فەزایەکی چەند ڕەهەندی لە دنیا و شوێن بۆ منداڵ دەکەنەوە کە وشیاریی مێژوویی لای منداڵ گەشە پێ دەدات.


بێگومان نموونەی زۆری توێژینەوەی ورد لەبارەی کتێبەکانەوە هەیە و زۆر لایەنی دیکە هەیە کە بخرێتە بەرباسەوە. بەڵام لەم توێژینەوەیەدا هەموو نموونەکان بە هۆی مەودای تێکستەکە بەکار ناهێنرێت، تەنیا لە چوار بەستێندا دەیخەمە بەرباسەوە:

یەکەم: پێناسەی وڵاتی ئێران و وێناکردنی کورد:
کوردستان بەشێکی گەورەی خاکی ئێران لە ڕووی جوگرافییای سرووشتی و مرۆیی‌یەوە لەبەر دەگرێت کە بریتییە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە (کوردستان)، ورمێ (ئازەربایجان) و هەروەها پارێزگای هەمەدان بەشێکی زۆری کوردن و پارێزگاکانی لوڕیش لە ڕووی کولتووری و زمانییەوە بە بەشێک لە کولتوور و زمانی کوردی لە قەڵەم دەدرێت. لەو پێناسەگەلەدا، کە لە کتێبەکانی زمانی فارسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئێران کراوە، هیچ ئاماژەیەک بە پێکهاتەی فرەنەتەوەیی، کولتووری و زمانیی ئێران نەکراوە و لە بنەڕەتدا منداڵان هەتا لە قۆناخی سەرەتایی تێدەپەڕن هیچ ڕوانگەیەکیان بۆ پێکهاتەی نەتەوەییی ئێران نییە. نموونە:

پێناسەی ئێران لە فارسیی پۆلی دوو، لاپەڕە ٧٩.

پێناسەی زمانەکان لە ئێراندا، فارسیی پۆلی سێهەم. لاپەڕەی ١٠٢.

لە لاپەڕەیەکی دیکەدا باسی چالاکییەک دەکات کە هیچ ئاماژەیەک بە پێکهاتەی زمانیی نەتەوەکان نەکراوە و لە پرسیارێکی دروست یان نادروستدا هاتووە کە «زمانی فارسی، زمانی نەتەوەییی ئێرانییەکانە. (بە پێی تێکستەکە، بەڵێ وایە و ڕاستە).

لە کتێبی دەرسییەکاندا، دەرسێکی ئازاد هەیە بە ناوی ئەدەبییاتی بوومی. لەم دەرسەدا بەبێ هیچ جۆرە ئاماژەیەک بە ئەدەبییاتی بوومی و پێناسەکردن و نموونەیەک، لاپەڕەیەکی سپی پێشکەشی منداڵان و مامۆستایان دەکات کە مامۆستا فەرز نەکراوە ئەو لاپەڕەیە تێپەڕێنێت. هاوکات، دانیشتووانی بۆ نموونە تاران و ئەسفەهان کە بوومی نین، هیچ باکگراوەند و ڕوانگەیەکیان پێ نادرێ کە ئەدەبییاتی بوومی چ خەڵکانێک دەگرێتەوە؟!

لە کتێبی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هەمان ڕوانگە بەردەوامە. بۆ نموونە لە کتێبی کۆمەڵایەتیی پۆلی چواردا، دوو بابەتی سەرنجڕاکێش هەیە. یەکەم سەفەر بۆ «تەخت جەمشید (لە دوو دەرسدا)» و سەفەر بۆ «کرمانشاه»یە. لەو سەفەرەدا بۆ تەخت جەمشید کۆی باسەکان پێوەندییان بە تێرمەکانی ناسیۆنالیزمی فارسەوە هەیە لە تێرمی مێژوویی، کولتووری و ڕوانگەی ئایندەبینی بۆ نەتەوەی فارس، بەڵام لە سەفەر بۆ کرماشاندا هێچ ئاماژەیەک بۆ پێکهاتەی نەتەوەییی کرماشان ناکرێ و لە بنەڕەتدا سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییی کورد لەو ناوچەیەدایە.

بەکارهێنانی نەخشە لەم وانەیەدا نیشانەی ڕوانگەی مێژووکردی ناسیونالیزمی فارسە کە پەیوەستە بە مێژووی کۆنی ئێرانەوە و، سەرلەنوێ بونیادنانەوەی لە زەینی مرۆڤی ئێرانیدا.

هاوکات لەگەڵ نکۆڵی کردن لە کولتووری نەتەوەکان لە ئێراندا، ئەم ڕوانگەیە پەرەی ئەستاندووە بۆ ناساندنی وڵاتانی دراوسێی ئێران کە کاتێ وڵاتی عێراق یان تورکیا دەناسێنێ و هیچ ئاماژەیەکی بە پێکهاتەی نەتەوەکانی ئەو وڵاتانە ناکات.

کتێبی کۆمەڵایەتیی پۆلی پێنجەم:

دووهەم: ناساندنی کولتوور و ئەدەبییاتی کورد وەک ئەدەبییاتی بومی:
ئەدەبییاتی بوومی یەکێ لە پەڵەکانە بۆ ناساندنی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەکانی ئێرانی. ئەدەبییاتی بوومی لەو ڕوانگەوە، ئەدەبییاتێکی پێنەگەیشتوو، دواکەتوو و ناشارستانییە. ئەدەبییاتی بوومی بەبێ هیچ پێناسەیەکی بنەمایی بۆ منداڵان، جیا لە ستیگما و پەڵەدارکردنی ئەدەبییات و کولتووری نەتەوەکانی ئێرانی هیچ پەیامێکی دیکەی نییە. هاوکات بەردەوام پەسن و پیاهەڵگوتن بە ناسنامەی کولتووری فارس و زمانی فارسی دووبارە دەبێتەوە.
سەرنجڕاکێش لە پۆلی حەوتەمدایە کە بۆ فەسڵی ئازادی ئەدەبییاتی بوومی جیا لەوەی کە هیچ پێناسەیەکی بۆ ئەدەبیاتی بوومی نییە و هیچ سەرچاوەیەکیش بۆ ئەدەبییاتی بوومی پێشنیاری مامۆستا نەکراوە، بەڵام لەژێرکۆی باسەکاندا هاتووە کە «بۆچی زمانی فارسیم خۆش دەوێ؟ و ئاماژە بە تێکستێکی ناو کتێبەکەی کە باس لە میراتی زمانی فارسی دەکات و بەرزی دەنرخێنێت، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەبووایە باسی ئەدەبییاتی بوومی کرابا. لە کۆنتێکستی پەروەردەی ئێراندا، فەسڵی ئازاد هیچ پێویستییەکی بۆ دیاری نەکراوە، تاقیکردنەوەی لەسەر ناکرێ، مامۆستای بۆ فێر ناکرێ و هیچ بودجەیەکیش بۆ دابینکردنی سەرچاوەیەکی «ئەدەبییات بوومی»یش ناخرێتە بەردەم قوتابخانە بۆ ئەوەی کە ئەو بەشە لە کتێبەکانی خوێندن ڕاپەڕێنن.

فارسیی پۆلی حەوتەم، دەرسی پانزدەیەم، لە درێژەی ئەدەبییاتی بوومیدا باس لە میراتی زمانی فارسییە. بێبەریکردن و هێشتنەوەی فەزایەکی بەتاڵ بۆ پێناسەی ئەدەبییاتی بوومی، نیشانەی بەکەمزانین و شکاندنی شکۆی ئەدەبییاتی نەتەوەکانە. لێرەدا زمانی فارسی تەنیا زمانی قسەکردن نییە، بەڵکوو ناساندنی زمانی فارسی وەکوو ناسنامە، کولتوور، هونەر، زانست، ڕیشەی نەتەوەیی خەڵکی ئێران و ئامرازی هێمنی و دەروونی ئارامی خەڵکە. لەم تێکستەدا بە سوپایەک لە وشە، سووژن لە ناسنامەی زمانەکانی دیکەی ئێران دەدات.

لە زۆربەی چالاکییەکانی پۆلی سێ، چوار و پێنج، شەش و حەوتەمدا بەردەوام لە کتێبی فارسیدا، سەرنجی منداڵان بۆ ئەو پرسیارە ڕاکێشراوە کە چۆن پارێزگاری لە زمانی فارسی و وڵاتی ئێران بکەن. نموونە:

فارسیی پۆلی شەشەم،

لە کتێبی کۆمەڵایەتیی پۆلی شەشەمدا، لە باسی پێناسەی جلوبەرگدا، وەک پێکهاتەیەکی سەرنجڕاکێشی خەڵکی ئێران باسی دەکات، بەڵام لە لاپەڕەی دواتردا لە مێژوو بێبەری دەکات و ڕەوتی پێشکەوتنی جلوبەرگ و کولتووری پۆشاک لە ئێراندا تەنیا بە مێژووی دەسەڵاتدارێتیی فارسەوە دەبەستێتەوە. لەم دوو وێنەیەدا هیچ پێوەندییەک نابینینەوە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هیچ وێنەیەک لە پۆشاکی نەتەوەی فارسی تێدا نییە. لێرەدا دەردەکەوێ کە ڕەوتی پێشکەوتنی کولتووری و ژیاری فارس گەورەتر نیشان دەدرێت. بەو واتایە کە فارس گەیشتووەتە قۆناخی شارنشینی و، خەڵکی دیکەی ئێرانی هێشتا بوومین و قۆناخی شارستانییەتییان نەبڕیوە.

سێیەم: بێبەری کردن، قارەمانسازی و وێناکردنی نەتەوەکان وەک نەتەوەی بێ مێژوو:
چەواشەکردن، مێژووسازی و سڕینەوەی مێژووی نەتەوەکان و بەتایبەتی کورد بەشێکە لە گەڵاڵەی نووسینەوەی کتێبەکانی مێژوو. شیاوی سەرنجە کە قارەمانسازی لە ڕوانگەی تێرمە مێژوویی‌یەکانی ناسیۆنالیزمی فارس لەسەر بنەمای فارس و مەزهەبی شێعە دامەزراوە، هاوکات ڕەوایی دان و پێناسەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەک چەرخی گەشەکردنی ئەم ناسیۆنالیزمە. لەم جۆرە قارەمانسازی و هەڵپەساردنی مێژووی نەتەوەکان و کەسایەتییەکانیان، نموونە فرە زۆرە: وەک:
کۆمەڵایەتی، پۆلی پێنجەمی سەرەتایی، ل.٩٩.

لەم نەخشەڕێی مێژوویەدا کە زەمانبەندیی مێژوویی کراوە و کەسایەتییە دیارەکانی مێژووی ئێران باس دەکات، هیچ دەرفەتێک بە گێڕانەوەی مێژووی نەتەوەکانی ئێران نەدراوە. نەخشەڕێی مێژوویی یان هێڵی مێژوویی بۆ گێڕانەوەی یەکێ لە ئامرازە گرینگەکانە کە مێژوو لە چاوترووکانێکدا دەگێڕێتەوە و بە شێوەیەکی وێنەیی نیشانی منداڵانی دەدات. ئەم وێنەیە دەبێتە بەشێک لە زەینی منداڵ بۆ تێگەیشتن لە مێژوو. کاتێ کە منداڵانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لەم نەخشەوێنەیە بێبەشن و دابڕاون، هیچ وێنایەکی زەینی لە مێشکی منداڵان بۆ مێژووی خۆیان و داهاتووی خۆیان نادۆزرێتەوە و لە بنەڕەتدا فەزایەکی مێژوویی بۆ ئەوان نییە. بۆیە پێناسەکردنی نەتەوەکانی ئێران بە «نەتەوەی بێ مێژوو» یەکێکی دیکە لە هێڵەکانی ئاسمیلەکردنی نەتەوەیی‌یە. بۆ قۆناخەکانی دواتری مێژووی ئێران هەمان ڕوانگە هەیە. نموونەی ئەم هێڵە مێژوویی‌یانە لە زۆربەی کتێبە دەرسییەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیدا دەردەکەوێت وەک:

خوێندنەوەی سنوورەکان و قەڵەمڕەوی «ئێرانی فەرهەنگی» بەردەوام لە مێژوودا زیاد دەکات.
هاوکات قارەمانسازی لە مێژووی درۆیین و هاوکات هاندانی منداڵان بۆ ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی فارسی ـ شیعە، گرینگترین تێرمەکانی ناوەرۆکی کتێبەکانن. لە فارسیی پۆلی یەکدا، زەینی منداڵ بۆ ڕاهێنانی پیتی «ز» بە فەزای شەڕ و جەبهەی ئێران ڕادەهێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا سەنگەر و ئاڵای ئێران پێکەوە دەهێنێتەوە کە سەنگەری شەڕ لە پێناو پاراستنی ئاڵادایە. ئاڵا لێرەدا تەنیا نیگارێکی ڕەنگی بۆ منداڵ نییە، بەڵکوو مەنتاڵیتێت و نەخشەی زەینیی منداڵانە بۆ داهاتووی وڵات. ئەم ڕەهەندە لە پێداگۆگی مەترسییە بۆ سەر کەسایەتیی منداڵ و، منداڵ بۆ هەمیشە لە مێشکیدا ئەو فەزایە دەهێنێتەوە یاد. بۆ نموونە کاتێ جیاوازیی «ض، ظ و ز» بزانێ، وەبیری دێتەوە کە «ز» وەک: «سرباز، تیرانداز، زرد، سبز». نموونەکەی:
فارسیی پۆلی یەک:

کۆمەڵایەتیی پۆلی پێنجەم و وێناکردنی شەڕی ئێران و عێراق دەهێنێتەوە بەرچاومان. لەم وێنەیەدا ئێران بەشێک نییە و نەبووە لەم شەڕە. هێرشی کراوەتە سەر و لە وێنەکەدا هیچ ئاماژەیەک یان فلێشێک لە ئێرانەوە نابینین. ئەمەش زەینییەت بۆ ڕەوایی دان بە شەڕ دەگێڕێتەوە.

فارسیی پۆلی سێیەم، لاپەڕەی ٥٠، هاندانی مێرمنداڵان لەم وێنەیەدا بۆ نەسلێک و دوان نەبووە. لە دەیەی شەست بەم لاوە لە ڕێگای کتێبە دەرسییەکان، سینەمای پرۆژۆکتۆری گوندەکان، ڕێپێوانی دەیەی فەجر و … منداڵانیان بۆ پرۆژەیەکی وەها ئایدۆلۆژیک ئامادە دەکرد و بەشێك بوو لە کۆنتێکستی پەروەردەی ئێران.

ئەم تێڕوانینە ئایدۆلۆژیکە بەرگی خۆی گۆڕیوە و نموونەی کچانیش هاتووەتە ناو ئەم گێڕانەوە تازەیە. تێڕمی چیرۆکی ئەم کچە بە ناوی «سەهام» ئەوەیە کە بە «بەرد» لە پێناو خاکی ئێران و داگیرکاریی دوژمندا شەڕی کردووە و شەهید بووە.

پێنجەم: ژینگەی زمانی و وانەکان:
یەکێک لەو بۆشایی‌یانەی کە لە سیستەمی ئامووزشیی ئێراندا هەیە، نەبوونی سیستەمی فێرکردنی زمانی دایکە. هەرچەندە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا و لە ماددەی ١٥ دا بە ڕوونی باسی مافی زمانی دایک کراوە. بەڵام بە کردەوە هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی لە سیستەمی پەروەردەدا بۆ هەڵنەگیراوە. بەڵام سەرنجڕاکێشە کاتێ منداڵێکی کورد، ڕووبەڕووی زمانی فارسی و کتێبەکان دەبێتەوە. داخوا منداڵانی کورد تا چەندە دەتوانن لە مۆتەکەی ترس و دڵەڕاوکێی تێگەیشتن لە چەمک و دەستەواژەکان بگەن. منداڵی کورد کە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی بنەماڵە و کۆڵانەوە و تەنانەت ناو پۆل و ژینگەی قوتابخانە بە کوردی پەروەردە دەبێت، کەچی دەبێت سیستەمی زمانیی زمانێکی بێگانە بە ژینگەی زمانی منداڵ فێر ببێت و لە هەموو ئاستەکانی فۆنۆلۆژی (دەنگناسی)، مۆرفۆلۆژی (وشەسازی)، سینتاکس (ڕستەسازی)، پڕاگماتیک (بەکارهێنانی زمان) و سێمانتیک (واتاناسیدا) گەشە بکات. لە ڕوانگەی پێداگۆگیی تایبەتەوە، منداڵان و فێربوونی زمان لە هەموو ئاستەکانی خوێندنەوە، نووسین، قسەکردن و بەکارهێنانی زمان جیاوازن و قۆناخی گەشەکردنیان جیاوازە. بۆیە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، نمرەی کۆتاییی ساڵەکانی قۆناخی سەرەتایی هەر لە پۆلی یەک هەتا کۆتاییی پۆلی دەیەم نییە. ئەوەش بە هۆی ئەوەیە کە منداڵان قۆناخی جیاوازی گەشەکردن دەبڕن و مامۆستا و قوتابخانە نابێ ببنە هۆکاری دواکەوتنی منداڵان لە خوێندن.
نموونە لە کتێبی پۆلی یەک، سێ و چوار:
فارسیی پۆلی یەک:

لاپەڕەی١١٤. بۆ منداڵێکی کورد تێگەیشتن لەم هەموو دەستەواژەیە دەبێ چۆن بێ و، بەبێ ئەکتیڤ بوونی زمانی دایک چۆن دەتوانێ لە دڵەڕاوکێی فێربوونی زمان دەرباز بێت.

فارسیی پۆلی دوو، وەرزەکان لە لاپەڕەی ١٠٨.

یان کۆمەڵایەتیی پۆلی سێ:

لە فارسیی پۆلی حەوتەمدا، لاپەڕە ٢٣، چیرۆکی «کەژاڵ»دا هاتووە کە مۆتیڤی گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە کوردستانە و نیگارەکانیش باس لە کولتووری کوردی دەکەن. ناوەرۆکی چیرۆکەکە باسی هێرشی گورگ بۆ سەر کەژاڵ و کۆرپەکەی دەکات. ئەم گێڕانەوە ترسناکە لە ئەدەبییاتی کوردی، منداڵان ڕا دەهێنێ بۆ فەزایەکی نائەمن و نائارامی کوردستان. هاوکات لە چالاکییەکانی منداڵەکاندا هیچ ئاماژەیەک بە زەمینەی کولتووریی کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکە ناکات.

دەرەنجامی توێژینەوە
ئێریکسۆن (٢٠٢١) لە کتێبی «جیاوازییە کولتوورییەکان لە پراکتیکدا» دەڵێت کە کۆمەڵگا و سیستەمی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییی وڵات دەرفەتی گەورەیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پڕاکتیکانە هەوڵی یەکانگیری و سەقامگیریی وڵات بدەن. ئێریکسۆن پێی وایە کە ئەوەی کۆمۆنیکەیشن یان پێوەندیی دروست دەکات، «کولتوور»ە و، بریتییە لە کۆی ئەزموونەکان، زانیاری، بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان و بەردەوام و بە شێوەیکی دینامیک لە گۆڕاندایە. بە پێی نموونەی ناو کتێبەکان بۆمان دەردەکەوێت کە ئایدۆلۆژیای پشت بەرهەمهێنانی ئەم کتێبانە زۆر لایەنی سڕینەوەی نەرمی نەتەوەکانی گرتووەتە بەر. ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە پێناسەکردنی کەمینەکان و ژینگەی زمانی نەتەوەکان لە چوار ڕوانگەوەیە:
یەکەم: ڕوانگەی ئاسمیلەکردن و توانەوەی کولتووری کە بە نکۆڵی کردن و پرۆژەی بە فارسکردنی کولتووری کوردی دەست پێ دەکات و لە هەموو ئاستەکاندا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر توانەوەی زمانی کوردی. لەم ڕوانگەیەدا مێژووی گەشەکردنی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لە ئێراندا سڕدراوەتەوە.

دووهەم: ڕوانگەی ئێتنۆسەنتەریزم کە بریتییە لە پێناسەی نەتەوە، کولتوور و بەهای کۆمەڵایەتیی خەڵکانی دیکە بە پێوەر و ڕوانگەی کۆمەڵگای خۆی. لەم پێناسەیەدا، ناسنامەی غەیرەفارس لە ڕوانگەی خۆیەوە پێناسە دەکات و بەهای ئەخلاقی بۆ پێناسەکەی لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی فارسدا دەبینێتەوە. کولتووری کوردی بەشێکە لە پێناسەی ئێرانی‌بوون و یەکەیەکی بچووکتر لە ئێرانی فەرهەنگییە. ئەم ڕوانگەیە بەرهەمهێنەری ڕوانگەی نەژادپەرەستانە، فاشیستی و پەڵەدارکردنی خەڵکانی دیکەیە. لەم ڕوانگەیەوە، زمانی فارسی هەمیشە ئەولەوییەتی هەیە و پاراستنی ئەرکی ئەخلاقی هەموو خەڵکی ئێرانە و هاوکات ئەدەبییاتی بوومی، ئەدەبییاتێکی پاشکەوتوو، پێناسەهەڵنەگر و ناشارستانییە.


سێیەم: ڕوانگەی پۆست کۆلۆنیاڵ یان ڕۆژهەڵاتناسانەی وێناکردن و ناساندنی کولتوورە جیاوازەکان. ئەم ڕوانگەیە لە کتێبی «ڕۆژهەڵاتناسی»ی ئیدوارد سەعید وەرگیراوە کە، هەمیشە تێگەیشتنێک یان ئایدۆلۆژییەک بۆ سووککردنی نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات هەبووە و ڕۆژئاوا بە مەڵبەندی زانست، مەعریفە و پێشکەوتن ناسراوە و ڕۆژهەڵات بە مەڵبەندی دواکەوتوویی، شەڕ و خێڵەکی‌بوون. بەکەم زانینی کورد لە هەموو ئاستەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژووییدا وەهای کردوە کە پێی وابێ زمانی کوردی تواناییی گەشەکردنی نییە و لە سیستەمی پەروەردەدا ناتوانێ وەڵامدەری زانست و پەروەردەی مۆدێڕن بێت.


چوارەم: ستیگما یان پەڵەدارکردن و عەیبدارکردنی کولتووری و کۆمەڵایەتی کە دەبێتە هۆی تێکشاندنی کەسایەتیی تاکەکان لە کۆمەڵدا. ئەرڤین گۆفمان (٢٠٢٠) لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا بە ناوی ستیگما دەنووسێ: «ستیگما بریتییە لە بێڕێزی، پەڵەدارکردن و بێ‌ئێعتبارکردنی تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و کولتووریی تاک لە کۆمەڵدا». گۆفمان پێی وایە کە دژکردەوەی ئەوی دیکە بە تەواوەتی ناسنامەی ئاساییی تاک دەڕووشێنێت. ستیگمای کەمایەتییەکان لە لایەن زۆرینەوە زیاتر زمانی، کولتووری و کردەوەیی‌یە کە، «ئەوانی دیکە» لە «ئێمە» ناچن(ئێریکسۆن، ٢٠٢١) . لەم ڕوانگەوە بەدناوکردن، پەڵەدارکردن، ستێریۆتایپ (stereotypes) و شکاندنی شکۆی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی کتێبە دەرسییەکاندا و هەروەها قارەمانسازی لە دژە قارەمانەکانی نەتەوەی کورد لە کتێبە دەرسییەکاندا دەبێتە هۆی دووڕیان (دیلەمای) ناسنامەی منداڵانی کوردستان.


لە کۆتاییدا پێم وایە زۆر بابەتی دیکە کە پێوەندییان بە ناساندنی کەسایەتیی ئێرانی لە چوارچێوەی کتێبە دەرسییەکاندا هەیە و راستەوخۆ کەسایەتیی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران پەڵەدار دەکات، شیاوی لێکۆڵینەوەیە. هاوکات توێژینەوەی مەیدانی لەبارەی ژینگەی زمانی نەتەوەکان و کاریگەریی سیستەمی پەروەردە لەسەر دەروونی منداڵانی کورد گرینگیی تایبەتی هەیە کە چ بەرهەمێک لەو سیستەمە دێتە دەرەوە. لە هەمووان گرینگتر توێژینەوەی مەیدانی لەبارەی کاریگەرییەکانی کتێبە دەرسییەکان لەسەر منداڵان، مامۆستایان و بەگشتی داهاتووی زمان و ناسنامەی کوردی. بابەتێکی دیکەی شیاوی لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە ئایا کورد دوو زمانەیە یان دووزمانەبوون سەپێندراوە بەسەریدا (دووزمانەیی یان سڕینەوەی زمانی ئەوی دیکە)؟ پێگەی زمانی فارسی و زمانی کوردی لە چ ئاستێکدایە؟ ناسنامەی دروستکراوی کورد ـ ئێرانی، یان دووزمانەیی بوون لە چ ڕوانگەیەکەوە سەر هەڵدەدات؟ سیستەمی پەروەردە چۆن بواری ئەم ناسنامەیە بۆ منداڵانی کورد ڕێک دەخات و دابینی

دەکات؟


سەرچاوە (سیستەمی ئاپا)

عبدی، عطااللە (١٣٧٨). جايگاه هويت ملي در کتب درسي آموزش و پرورش مورد مطالعه: کتب تاريخ دوره دبيرستان. لەم سەرچاوەوە وەرگیراوە: https://www.sid.ir/fa/journal/ViewPaper.aspx?ID=80964
کلان، امیر (٢٠١٦). چه کسی از آموزش چند زبانی می هراسد؟. ترجمە: ویسی، د.هیوا. وەرگیراو لەم ماڵپەڕەوە: https://meidaan.com/archive/58940
موج، خبرگزاری، (٢٠٢١). فاجعە ترک تحصیل ٣٠ درصدی دانش آموزان ایرانی. لەم سەرچاوە وەرگیراوە: فاجعه ترک تحصیل ۳۰ درصدی دانش آموزان ایرانی (mojnews.com)
نیک روش، ملیحە (٢٠١٩). حقوق اقلیتهای قومی ـ مذهبی در اسناد بین الملل. لەم سەرچاوە وەرمگرتوە: 1589789305-10062-19-1.pdf (ensani.ir)


سەرچاوەی کتێبە دەرسییەکان

http://www.chap.sch.ir/


سەرچاوە بە زمانی دیکە

Anderson. (2006). Imagined communities : reflections on the origin and spread of nationalism (Rev. [3rd?] ed., pp. XV, 240). Verso.
Egeberg. (2016). Minoritetsspråk og flerspråklighet : en håndbok i utredning og vurdering (2. utg., p. 221). Cappelen Damm akademisk.
Eriksen, & Sajjad, T. A. (2020). Kulturforskjeller i praksis : perspektiver på det flerkulturelle Norge (7. utgave.). Gyldendal.
Goffman, Kristiansen, S., Hviid Jacobsen, M., & Gooseman, B. (2020). Stigma : om afvigerens sociale identitet (2. udg., p. 208). Samfundslitteratur.
Lund, E. (2020). Historiedidaktikk: en håndbok for studenter og lærere (6. utgave.). Universitetsforlaget.
NDLA (2020). stigmatisering. https://ndla.no/nb/subject:1:94dfe81f-9e11-45fc-ab5a-fba63784d48e/topic:2:185993/resource:1:88878
Strandberg, Manger, A., & Moen, B. F. (2008). Vygotsky i praksis : blant pugghester og fuskelapper (p. 226). Gyldendal Akademisk.

داگرتنی بابەت