ئارامتر بخوێنەوە
پیلانی زمان و بنەماکانی و ڕێی دەربازبوون
هەریاد ڕۆژهەڵاتی
“هەر دەسەڵاتێکی سیاسی هەوڵ دەدات لە بوارێکەوە کە مەترسیی دەکەوێتە سەر دەسەڵاتدارییەکەی، جەماوەر یەکدەست بکات. لەو ڕەهەندگەلەشدا کە بێوەیە بە جیاوازیی بەرتەسک، دەمامکێ لە فرەڕەنگخوازی و لێبوردەیی بۆخۆی ساز بکات. زمان لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستاندا بە شێوەگەلی جیاواز یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سیاسەتی داگیرکەرە و، لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا بێبەرنامەیی و سەرلێشێواوی، هەناسەی زمانی کوردیی چنیوە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەرێت پیلانی داگیرکەران بۆ زمانی کوردی و بۆشاییی هزری لە سیستەمی پەروەردە لە باشوور و ڕۆژئاوادا لێک بدەمەوە.”
پێشەکی
لەبەر ئەوە “پیلان” دەهێنمە گۆڕێ کە هەر بەرنامەیەکی داگیرکەر بۆ ژێرچەپۆکە ڕاگرتنی نەتەوەی کورد دەبێ بە پیلان دابنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پیلان نەرمەبڕانەیە و ئەگەر لێی شارەزا نەبین و نەتوانین پووچەڵی بکەینەوە، وەکوو تانی جاڵجاڵۆکە زۆرتر و سەختتر هەڵماندەپێچێتەوە. پیشەسازیی کەلتووریی داگیرکەران ئاراستەیەکی چەندڕەهەندیی گرتووە و پێویستە بە ڕوانگەیەکی ستراتێژییانەوە لێی بڕوانین. ناسنامە و زمانی وڵاتی داگیرکراو ئەو بەستێنەیە کە ئەگەر داگیرکەر نەتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت، تەواوی پیلانەکانی تری، لە توندوتیژیی ڕووتەوە هەتا تاڵانی کان و کانزای ئەو وڵاتە، ناتوانێ سەردەست بوونی ئەو مسۆگەر و سەقامگیر بکات. داگیرکەریش لەمە بە باشی ئاگادارە و، وێڕای تاڵانکاری و چەوسانەوەی ئابووری و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی، تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەی ژێردەست دەکاتە ترۆپکی بەرنامە- پیلان-ەکانی خۆی. ئەگەر ناسنامەی سەردەست بە زەبروزەنگ و دەستێوەردانی زلهێزان بەسەر نەتەوەکانی تردا زاڵ ببێت و لە دامەزراندنی ناسنامەی نەتەوەییی ساختەشدا هەر ڕەوشتنزمی، لە دزیی کەلەپوورەوە هەتا کۆبەندکردنی ژێردەستان لە خۆیدا، بباتە ڕێوە، بە پشتیوانیی یاسای نێودەوڵەتی و…. پشتگیری لێ بکرێت، تەواوی پیلانەکانی تر دێتە خزمەت تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەی ژێردەستەوە. حکومەتی عەجەم پاش داگیرکردنەوەی ئازەربایجان و بەشی ڕزگارکراوی کوردستان هەوڵی دا چالاکییە ناسنامەیییەکان بسڕێتەوە. ئازەربایجان نەیتوانی لەهەمبەر ئەو زەختەدا خۆی ڕابگرێ. بەڵام بە هۆی شۆڕشە یەکلەدوای یەکەکانی کوردەوە لە هەر چوارپارچەی کوردستان ڕێچکەی ناسنامەخوازی، ڕێبواری زۆرتری ڕادەکێشا. پاش هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ماوەیەک پەشۆکان و ئاڵۆزی لە جێبەجێکرانی پیلانی تواندنەوەدا ڕووی دا. بەڵام دیسان دەسەڵاتی عەجەم لە باری سیاسەتی ناسنامەوە چووەوە سەر ڕێچکەی پەهلەوی. هەست کردن بەو زەروورەتە کە مانەوەی کیانی ئێرانی لە تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەکانی تردایە، لەم ساڵانەی دواییدا زۆرتر و توندوتیژتر بووەتەوە. دەرکەوتەی ئەم هەوڵە زۆر جار لە میدیای فەرمیدا لە بێڕێزی بە نەتەوەکانی ترەوە تا چەواشەکاریی مێژوو و کەلتوور دەردەکەوێ. پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناسنامە وەکوو هەشتپێیەک وایە کە لە سەرکوت و بێڕێزییەوە هەتا پەروەردە بە زمانی نەتەوەکانی تر دەباتە ناو پیلانی خۆیەوە. سەرکوت لەبەرچاوە، بەڵام خاوەندارێتیی پەروەردەی بۆ وێنە زمانی کوردی، هەوڵێکە بەرەوام لە لایەن کارگێڕە عەجەم و کوردەکانییەوە بانگەشە و هەوڵی بۆ دەدرێت. سیاسەتی دەسەڵاتی تورکیا لە ئاست ڕابردوو گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. هەربۆیە لەم دەقەدا زۆرتر تیشک دەخرێتە سەر پیلانی دەسەڵاتی عەجەم.
زمان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکاندا، بەپێی تایبەتمەندییەکانی هەر نەتەوە، جێگەوپێگەی تایبەتی هەیە. کۆمەڵگایەک کە لە زماندا بە دیوی ناوەوە وێکچوون و بە دیوی دەرەوە جیاوازیی زۆرتری ببێت، باشتر دەتوانێ سیستەمێکی مەعنایی بۆ بەرەنگاریی ناسنامەیی لە دژی داگیرکەردا ساز بکات. بە هەر سیستەمێکی تەعبیر و بەپێی تایبەتمەندییەکانی ناسنامە و زمانی نەتەوەی بندەست دەبێت ئەم جیاوازییە بە دیوی دەرەوە و وێکچوون بە دیوی ناوەوە دابڕێژرێت و زەق بکرێتەوە.
زمانی کوردی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و، بارودۆخی کوردستانیش پرسی زمانی ئاڵۆز کردووە. پیلانی داگیرکەران هەر یەکە و بۆ بەشی بندەستی خۆی و تەواوکەری پیلانی ئەوانی تر، لەسەر تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی دامەزراوە. باکوور و ڕۆژهەڵات ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پیلانی زماندا گیرۆدە بوون.
پیلانی دەسەڵاتی عەجەم دوو ڕەهەند لەخۆ دەگرێ
یەکەم؛ هەوڵ دەدات بە سیستەمی پەروەردە و میدیای حکومی و ناحکومی، زمانی کوردی لەنێو زمانی فارسیدا بتوێنێتەوە (صدا و سیمای استانی). لە پارێزگا کوردنشینەکاندا، کاناڵ و پەیجی ئینستاگڕامی و…. کە بە پڕۆژە زمانی فارسی وەکوو زمانی نووسین زەق دەکەنەوە و، زمانی کوردیش وەکوو زمانێکی زارەکی و بەتاڵ لە مانا وێنا دەکەن. وێڕای ئەوەی ڕێزمانی زمانی کوردی و وشە و زاراوە و بێژە دەشێوێنن، بەڵایەک کە زمانی تورکی لێی دەرباز نابێت. بەو هۆیەوە لە باری ناسنامەیییەوە لە سەردەمی سەفەوییەوە لەگەڵ فارسدا لێکئاڵاون.
دووەم؛ داگیرکەری عەجەم دەزانێت زمانی کوردی توانای پەرەسەندن و گەشەی هەیە و، چالاکانی ئەم بوارە شێلگیرانە هەوڵی پەروەردەی جەماوەر دەدەن. هەربۆیە ئەو داگیرکەرە، هاوکات لەگەڵ ڕەهەندی یەکەم، بە چەند خاڵی گرنگەوە، ڕەهەندی دووەمی بەچڕی پەرە پێداوە. ئەو خاڵانە بریتین لە:
بەتاڵ کردنی زمانی کوردی لە هەوێنی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی. دەورگێڕی ئەم خاڵە ئەنستیتۆیەک وەکوو (دانشگاە کردستان)ە. ئەو مامۆستایانەی یان لە خەیاڵی خۆشەیدایی خۆیاندا یان لە نەزانکاری یان ڕاسپاردەیی و بەرژەوەندیخوازی (یان کۆی هەر سێکیان) هەوڵ دەدەن بە ناوەڕۆکی ئاکادێمییانەوە شەرعییەت بەم خاڵە بدەن. بە سەرنجدان بە سوێندنامەی دەرچووانی لقی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی سنە کە لە (کنگرە! مشاهیر! کرد!)دا بە زریقەوبریقەوە لە لایەن مامۆستایەکی ئەو زانکۆیە خوێنرایەوە، دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەم خاڵە لە لایەن سووژەگەلێکەوە جێبەجێ بکات کە شعوور و تێگەیشتنی سیاسییان نییە. داگیرکەر ئاگادارە کە ئەم هەوڵە خەسیوەش تا ئاستێ پەرە نەستێنێ کە دواهاتی نەخوازراوی ببێت و نەتوانێ بیحەوێنێتەوە. هەربۆیە تەواوی ئەو زریقەوبریقەی بە دەست خوێندکارێکی بەسیجی سڕییەوە. ئەو مامۆستایانەش کە کارگێڕی جێخستنی واتای داگیرکەر لە ناسنامەی کورد و کوردستان بوون و کوردبوونیان بە کۆمەڵگای کوردستان دەفرۆشتەوە- تاوانی ( کنگرە مشاهیر کرد) و ( اقتصاد مرز) و…. ناشاردرێتەوە و ناسڕێتەوە- لە هەمبەر لابردنی تابلۆ کوردییەکاندا، نووزەنووزێک زۆرتر نەبوو.
بەشی دووەمی ئەم خاڵە بەربەست سازکردن و تەنانەت بەندکردنی ئەو مامۆستایانەیە کە لە بەستێنی ناسنامەی نەتەوەییدا نووسین بە زمانی کوردی فێری جەماوەر دەکەن.
زەقکردنەوەی کەلێنی نێوان شێوەزار و بنزاراوەکان. میناک بۆ ئەم خاڵە ناوچەی هەورامانە کە جەماعەتێک بە دنەدانی سپای پاسدارانەوە ڕێکخراوەی مەدەنی ساز دەکەن و هاوکات لە (دایرەالمعارف بزرگ اسلامی)دا هەوڵ دەدرێت گۆران وەکوو پێکهاتەیەکی جودا لە کورد پێناسە بکرێت. ئەگەر ئەم چالاکییانە بخرێتە پاڵ ناسنامەی سەربەخۆ سازکردن بۆ کوردە فەیلییەکانەوە کە بە کارگێڕیی کەسانی نزیک لە موحسن ڕەزایییەوە دەبرێتە ڕێوە و، دابڕانی کرمانج و سۆران لە پارێزگای ورمێ بە هۆی کارگێڕیی سپای پاسداران و سەرلێشێواویی کوردەوە، پەکەیجی چالاکییەکانی لێکترازانی ناسنامەی کوردستان دەردەکەوێ.
ڕێگری لە گەشەی زمانی کوردی و ڕاگرتنی لە ئاستی سروشتیدا. ئەم خاڵە لەگەڵ ڕەهەندی یەکەمدا بۆ شێواندنی زمانی کوردی یەک دەگرنەوە.
لەم دوو ڕەهەندەدا دەردەکەوێ کە پیلانی دەسەڵاتی عەجەم بۆ زمانی کوردی بە پانتاییی بەستێنی ناسنامەیە. کۆمەڵگای کوردستان باش دەناسێت و بەپێی کەلێنەکانی ناو ناسنامەی کوردستان پیلان دادەڕێژێت.
داگیرکەری تورک یەک ڕەهەندی بەچڕی گرتووەتە پێش. ئەوەش سەرکوت کردن و قەدەغەی زمانی کوردییە. لە سەرەتای گیرسانی دەسەڵاتی تورکەوە، هەوڵ دراوە دێمۆگرافیی باکوور بشێوێنن. ئایین زەق بکرێتەوە. ستراتێژیی هەڵەی لایەنە سیاسییەکانی باکوور ڕێخۆشکەری پیلانی تورکیا بوو. ئەوان بایەخیان بە پەروەردە بە زمانی کوردی نەدا.
تایبەتمەندیی کوردستان – داگیرکراو لە لایەن چوار دەوڵەتی ترەوە- و کەلێنی نێوان شێوەزارەکان دوو بەربەستی سیاسەتی نەتەوەیی بۆ زمانن. بزربوونی هزر و ئیدیۆلۆژیی نەتەوەیی لە سیستەمی پەروەردەی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، وزەی ئەو دوو بەشە بەفیڕۆ دەدات.
ئەو پیلانەی کە دەسەڵاتی عەجەم دەیگێڕێ، سیستەمی پەروەردەی باشوور بەپانەوە جێبەجێی کردووە. ڕۆژئاواش لە وەهمی ڕزگاریی گەلاندا ناهێڵێ زمانی کوردی بچێتە خزمەت نەتەوەی کوردەوە. تەنیا ددان بەوەدا دەنێت کە پەروەردە بە زمانی کوردی مافە، بەڵام لەوە نائاگایە کە هەر ناسنامەیەک تەنیا و تەنیا لە بەستێنی زمانیی خۆیدا گەشە دەکات. ئەمە درێژکراوەی هەڵەی گورچکبڕی باکوورە.
تا ئێرە دەردەکەوێ پیلانی دوژمن لە نەبوون یان ناڕوونیی پلانی بەرەی نەتەوەییدا هێز دەگرێ و هەوڵ دەدات بە زمانی کوردی بەرەنگاری ڕەوتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی ببێتەوە.
ڕێی دەربازبوون لەم دۆخە داڕشتنی ستڕاتێژیی زمانە کە بەپێی بارودۆخ بۆ هەر بەش جیاوازە. وێڕای جیاوازییەکان، ئیدیۆڵۆژیی نەتەوەیی و درێژکردنەوەی بۆ ناو کۆمەڵگا، کرۆکی بەرنامەی هەر چوار بەشەکە بێت.
بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی دەسەڵاتی عەجەم پێویستە جیاوازیی زمانی کوردی بە دیوی دەرەوەدا زەق بکرێتەوە و بە دیوی ناوەوە جیاوازییەکان وەربگیردرێت. واتە نەچینە ناو سیاسەتی یەکدەست کردنی زمانەوە. سیاسەتێک کە تورک و عەجەم بە ئێستەیشەوە پەیڕەوی دەکەن. هەر هەڵوێستێک بۆ یەکدەست کردنی زمانی کوردی زاڵ کردنی شێوەزارێک بەسەر ئەوانی تردا ڕێی پیلانگێڕی لە دژی ناسنامەی کوردستانی ئاوەڵا دەکات. بەرگرتنی ئەم خەسارە، سازکردنی بنچینەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیکی زمانە کە پاش ڕزگاری بە کەمترین کێشەوە لەسەر ئەم بنچینە دادەمەرزێت.
لەم بارودۆخەدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژی پیلانی دوژمن پێویستە کارگێڕەکان (ئەنستیتۆکان)ی لە شەرعییەت بکەون. چالاکیی سەربەخۆی مەدەنی، کە ئاراستەی نەتەوەیی هەیە، تا دوورترین گوندی کوردستان پەرە بستێنێ. کەلێنەکان بە پەروەردەی زمانی کوردی لە هەر ناوچەدا کە ئەویترەکەیان زمانی فارسی بێت، پڕ بکرێتەوە.
لە باکووری کوردستاندا، ئەگەر پەروەردەی زمانی کوردی، وەکوو کرۆکی ناسنامەی کوردستانی، پەرە بستێنێ، زۆر لە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک هەڵدەوەشێتەوە.
لەو دوو بەشەدا کە نیمچە دەسەڵاتێک هەیە بە ئاسانی دەکرێ پەروەردەی نەتەوەیی پەرە پێ بدرێت. بەو مەرجەی ئەقڵییەتی دەسەڵاتداری ببێت بە نەتەوەیی. بەو هۆیەی کەلە باشوور و ڕۆژئاوا ڕێبازی نەتەوەیییەوە نەبووەتە تەوەری دەسەڵاتدارێتی، ئەو پلانەی کە بۆ ڕۆژهەڵات پێشنیار کرا، لەم دۆخەدا ناتوانێ ببرێتە ڕێوە. هێزە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەگەر پرسی زمان و ناسنامەی کوردستانی نەکەن بە هەوێنی ئەقڵییەت و کردەوەی خۆیان، خەساریان زۆرترە، بەڵام ئەگەر ئەو پرسە بورووژێنن و کاری بۆ بکەن، هەم شەرعییەت لە کۆمەڵگای کوردستان وەردەگرن، هەم کەلێنەکانی نێو کۆمەڵگای کوردستان پڕ دەبێتەوە.
داگرتنی بابەت



