ئارامتر بخوێنەوە
تێرامانێک لە جینۆساید، ڤیتا ئه‌كتیڤای هانا ئارێنت
ئیسماعیل حەمەئەمین*
“له‌م كتێبه ئاڵۆزه‌یدا هانا ئارێنت گۆشه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانی مرۆڤ ڕوون ده‌كاته‌وه كه كه‌رتبوون و دابه‌شبوونی مرۆڤه له‌نێوان كار، به‌رهه‌مهێنان و مامه‌ڵه‌كردندا، كه مامه‌ڵه‌كردن، وردبوونه‌وه و بیركردنه‌وه و تێڕامانی پێویسته به مانای (ڤیتا كۆنتێمپلاتیڤایه) یاخود (زینده- تێڕامان)ه كه كرده‌ی بیركردنه‌وه‌یه، دووره له ده‌ست لێدانی سروشت و كردنی ماتریاڵه به شتێكی دیكه، وه‌ك چۆن له به‌رهه‌مهێناندا ئه‌م پڕۆسه‌یه ده‌بینین. لێره‌وه فۆڕمی ژیان و پرسیاره‌كانی مامه‌ڵه‌كردنمان و مردن، نه‌مردوویی و نه‌مری له‌گه‌ڵ كار و ژیاندا ته‌وه‌ر‌ی گرنگی ئه‌م كتێبه‌ن.”
‘’ڤیتا ئه‌كتیڤا’’یه؛ به ساده‌یی مانای ژیانی زینده‌گی و ژیانی چالاك ده‌گه‌یه‌نێت، فۆڕمێكی زینده‌گییه له ژیان. هانا ئارێنت له كتێبەکە‌یدا (ڤیتا ئه‌كتیڤا- Vita Activa) ئاماژه به چه‌ندین چه‌مك و تێگه‌یشتن ده‌دات ده‌رباره‌ی مانای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان، ئه‌و گرفته‌ی؛ ئایا مرۆڤ سه‌رقاڵی كار و به‌رهه‌مهێنان بێت وه‌ك دروستكردن و ژیانی پڕاكتیكی یا خود سه‌رقاڵ بێت به وردبوونه‌وه و تێڕامان و بیركردنه‌وه له ژیان؟
به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م كتێبه‌ی هانا ئارێنت بۆ ئه‌م پێشه‌كییه گرنگه، به‌تایبه‌ت بۆ تێگه‌یشتن له‌و (سوبێكته ئایشمانه)ی بیر ناكاته‌وه. ئه‌و خوده‌ی ته‌نها فه‌رمان جێبه‌جێكردن و به‌رهه‌مهێنانی له‌لا گرنگه، وه‌ك له‌وه‌ی بیر بكاته‌وه له‌و شێوازه ژیانه‌ی خۆی و ئه‌وانی تر کە تێیدا ده‌ژین. فه‌رمان جێبه‌جێكردن و كاركردن ده‌خاته سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه، وه‌ك له‌وه‌ی بیر له‌وه بكاته‌وه، كه ئه‌و ئه‌رك جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی له كوێی كۆمه‌ڵگه و مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ریدایه، خزمه‌تی چ جۆره شێوازی ژیان و فۆڕمێك له ژیان ده‌كات. ئه‌م خوده ناومان ناوه ‘’خودی ئایشمانی’’ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئادۆلف ئایشمان- Adolf Eichmann گه‌وره فه‌رمانبه‌ری نازی كه له شه‌سته‌كاندا له یازده‌ی مای ساڵی ١٩٦٠ له ئه‌رجه‌نتین ده‌ستگیر ده‌كرێت و دیپۆڕتی ئیسڕائیل ده‌كرێت و، له ئیسڕائیل دادگایی ده‌كرێت. دوای دادگایی‌یه‌كی دوورودرێژ له ساڵی ١٩٦٢ له‌سێداره ده‌درێت. له دادگایی‌یه‌كه‌یدا ئه‌ویش وه‌ك سه‌رانی به‌عس به‌رده‌وام ده‌یگوت؛ من ته‌نها ئه‌ركی خۆم دڵسۆزانه به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ كردووه.
لێره‌وه گرنگیی هانا ئارێنت و تێزه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت بۆ تێگه‌یشتن له جینۆساید و ئه‌و ئه‌قڵه‌ی له پشتییه‌وه وه‌ستاوه، به‌تایبه‌ت له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ‘’ئایشمان له ئۆرشه‌لیم، ڕاپۆڕتێك ده‌رباره‌ی كاڵفامیی خراپه‌كاران’’. ئایشمان وەک له ڕاپۆڕته‌كانی هانا ئارێنتدا هاتووه كه؛ مرۆڤێكه له ده‌ركه‌و‌تیندا هۆشیاره و لێزانانه به زمانێكی باڵا به‌رگری له خۆی ده‌كات. خوێنه‌رێكی سه‌ختی باوكی ئه‌قڵانییه‌تی ئه‌ڵمانی، ئیمانۆیێل كانت (Immanuel Kant)ە، بێگومان ئه‌م خوده ئه‌م (سوبێكته ئایشمانییه) له مێژووی ئێمه‌ی كورددا و به‌تایبه‌تی له‌ناو به‌عسییه‌كاندا جارێكی تر خۆی كۆپی ده‌كاته‌وه. خۆ گه‌ر ئاوڕێك له دادگایی كردنی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر و به‌عسییه‌كانیش بده‌ینه‌وه، ده‌بینین به‌رده‌وام وه‌ك چۆن ئایشمان به ئه‌ڵمانییه‌كی باڵا و ده‌سته‌واژه‌ی ئێمانۆیێل كانت به‌رگری له خۆی ده‌كرد، ئاوه‌ها به‌عسیه‌كانیش و به‌تایبه‌ت سه‌دامی دیكتاتۆر به عه‌ره‌بییه‌كی باڵا و به چه‌مك ده‌سته‌واژه‌ی سیاسی قسه‌یان ده‌كرد و به‌تایبه‌ت سه‌دامی دیكتاتۆر به ده‌سته‌واژه‌ی قوڕئانه‌كه‌ی ده‌ستی، به‌رگری له خۆی ده‌كرد. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه هانا ئارێنت به‌وه ناوه‌ستێت و ئیدانه‌ی تاوانه‌كانی نازییەکان بكات كه ئایشمان له ترۆپكی فه‌رمانبه‌ره باڵاكانی بوو، نه‌خێر، لای ئه‌و؛ ئایشمان دیارده‌یه‌كه، ئه‌گه‌رێكه له هه‌ناوی مۆدێرنه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و، ئه‌گه‌ری له‌دایكبوونی ئایشمانی دیكه له مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه.
ئایشمان به‌و زمانه ئەڵمانییە باڵایه كانتییه، له دادگادا به‌رگری له خۆی ده‌كرد. به مه‌زنده‌ی خۆی به‌رگری له تێزێكی كانت ده‌كرد به‌وه‌ی؛ كاركردن و ئه‌رك جێبه‌جێكردن له ژیاندا، له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌وه، له سه‌رووی هه‌ست و سۆزی تایبه‌تەوەیە. ده‌وڵه‌ت قه‌واره‌یه‌كه و نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌یه و ده‌بێت تاكه‌كان له كاری ده‌وڵه‌تیدا یاساكان جێبه‌جێ بكه‌ن… بێگومان لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌ین كه هانا ئارێنت وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسی ڕۆژنامه‌ی نیۆوركه‌ر ئاماده‌ی دادگایی‌یه‌كه‌ی ئایشمان ده‌بێت و زنجیره‌یه‌ك گوتار بڵاو ده‌كاته‌وه. له‌و بڕوایه‌دایه كه پێناسه‌كردنی ئایشمان وه‌ك دڕنده كورت ده‌هێنێت و ته‌نها دادگایی‌یه‌كه بۆ مه‌به‌ستی ڕه‌وا‌خوازكردنی توندوتیژیی ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیلییه له ناوچه‌كه‌دا. ده‌نا خودی ئایشمان به ڕای هانا ئارێنت ئه‌و ‘’خوده‌یه كه بیر ناكاته‌وه‘’ ئه‌و خوده‌یه نمایشی زانین و نابیركردنه‌وه ده‌كات، به مانای ‘’خودێكی كاڵفامه– به‌ناڵه‘’ به‌رانبه‌ر دونیا و به‌رانبه‌ر چه‌مكی كاركردن و مامه‌ڵه‌كردنی دروستانه له‌گه‌ڵ ژیاندا.
لێره‌وه به ڕای من، كتێبی ‘’ڤیتا ئه‌كتیڤا’’ كه پێشتر له ساڵی ١٩٥٨دا هانا ئارێنت بڵاوی كردبووەوه، گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مكی (كاڵفامی ـ به‌ناڵ ـ Banal) خراپه‌كاران له كتێبی ‘’ئایشمان له ئۆرشه‌لیم’’ كه له ١٩٦٣ بڵاو ده‌بێته‌وه. چونكه دیوێكی دیاری “به‌ناڵه‌كان \ كاڵفامه‌كان” ئه‌وه‌یه كه بیر له ده‌رئه‌نجامی كاره‌كانیان ناكه‌نه‌وه و ته‌نها ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و شوێنی خۆیان ده‌پارێزن و هیچی تر. هه‌ربۆیه ئه‌م دوو كتێبه ته‌واو تێكهه‌ڵكێشی یه‌كترن. پێم وایه كتێبی ‘’ڤیتا ئه‌كتیڤا’’ و تێزه‌كانی ده‌رباره‌ی كار و به‌رهه‌مهێنان و تێڕامان، چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی پڕاكتیكی ئارێنتن بۆ `خودێكی ترسناك` كه له هه‌ناوی مۆدێرنه‌دا، فاشیزم و نازیزمی به‌رهه‌م هێناوه. خودێك كه جینۆسایدی كردووەته ئه‌قڵانییه‌تێكی سیستماتیکراو و له‌ژێر ناوی ئه‌قڵانییه‌ت و (جیهان ڕزگاركردن) خۆی نمایش ده‌كات.
ئه‌م كتێبه گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له كتێبی ‘’ئایشمان له ئۆرشه‌لیم’’ به‌وه‌ی ئه‌م كتێبه فه‌لسه‌فییه بەوردی دێته ناو ورده‌كارییه‌كانی چه‌مكی ژیانی چالاك (ڤیتا ئه‌كتیڤا- Vita Activa) و ژیانی پڕ تێڕامان و وردبوونه‌وه یان زینده‌گی- تێڕامان (ڤیتا كۆنتێمپلاتیڤا-Vita Contemplativ) به‌م شێوه‌یه ئه‌م `خوده ئایشمانییه` لە هه‌ناوی مودێرنه‌دا ئاماده‌یه و ده‌رهاویشته‌یه‌كی ترسناكی ئه‌قڵی مۆدێرنه‌یه كه بیر ناكاته‌وه. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی شێوازی ژیانی چالاك ‘’ڤیتا ئه‌كتیڤا’’ی خۆی بخاته به‌ر چاودێری و زینده- تێڕامانه‌وه، دێت كوێرانه له ئاپاراتووسێكی ترسناكدا ئه‌ركی به‌رهه‌مهێنان و كاری خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.
له‌م كتێبه ئاڵۆزه‌یدا هانا ئارێنت گۆشه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانی مرۆڤ ڕوون ده‌كاته‌وه كه كه‌رتبوون و دابه‌شبوونی مرۆڤه له‌نێوان كار، به‌رهه‌مهێنان و مامه‌ڵه‌كردندا، كه مامه‌ڵه‌كردن، وردبوونه‌وه و بیركردنه‌وه و تێڕامانی پێویسته به مانای (ڤیتا كۆنتێمپلاتیڤایه) یاخود (زینده- تێڕامان)ه كه كرده‌ی بیركردنه‌وه‌یه، دووره له ده‌ست لێدانی سروشت و كردنی ماتریاڵه به شتێكی دیكه، وه‌ك چۆن له به‌رهه‌مهێناندا ئه‌م پڕۆسه‌یه ده‌بینین. لێره‌وه فۆڕمی ژیان و پرسیاره‌كانی مامه‌ڵه‌كردنمان و مردن، نه‌مردوویی و نه‌مری له‌گه‌ڵ كار و ژیاندا ته‌وه‌ر‌ی گرنگی ئه‌م كتێبه‌ن.
سه‌ره‌تا بۆ تێگه‌یتشتن له ‘’ڤیتا ئه‌كتیڤا’’ كه به مانای شێوازی ژیانی چالاك و زینده‌گی دێت، یان فۆڕمی ژیانی زینده‌گی دێت، هانا ئارێنت لە ماناكانی كار، به‌رهه‌مهێنان و مامه‌ڵه‌كردن نزیك ده‌بێته‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌رستۆتالیس و ئاماژه به‌وه ده‌دات؛ كه لای ئه‌رستۆتالیس چه‌مكی ئازادی له كاتی وه‌ده‌ستهێنانی شته پێویسته‌كانی ژیان، له كاتی كاركردن و به‌رهه‌مهێناندا فۆڕمی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. به ڕای ئه‌و؛ کارکردن و خۆبەستنەوە بە کار و بەرهەمهێنانەوەی ماتریاڵی، مانای ئەوەیە شێوازی ژیانی ئازادت تێک چووه، ئیدی تۆ چیی تر (خاوه‌نشكۆی كاتی خۆت نیت). له‌م باره‌یه‌وه هانا ئارێنت ده‌ڵێت:
‘’وشه‌ی (ڤیتا ئه‌كتیڤا) ده‌ست بۆ سێ كاری سه‌ره‌كیی مرۆڤ ده‌بات؛ یه‌كه‌م كاركردن و دووه‌م به‌رهه‌مهێنان و سێیه‌میان مامه‌ڵه‌كردن. ئه‌م سێیانه كاری سه‌ره‌كیی مرۆڤن، چونكه هه‌ر یه‌كێكیان بنه‌مای سه‌ره‌كیی مانه‌وه‌ی جۆری مرۆڤن له‌سه‌ر زه‌وی …’’
بڕوانه: Hannah Arendt: Vita Activa, Piper Verlag 2013, S16
لێرەوە كاركردنی مرۆڤ و مه‌رجه مرۆیی‌یه‌كانی ژیان و پابه‌ندبوون پێوه‌ی و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا و بیركردنه‌وه لێی، شێوازی ژیانی مرۆڤ دیاری ده‌كات. به دیوێكی تردا ڤیتا ئەکتیڤا مانای هه‌ڵبژاردنی شێوازی زینده‌گییانه‌ی ژیانه، فۆڕمی ژیانی ئازادانه‌یه. هه‌روه‌ها بەرهەمهێنانی فیکره، دونیابینی و چاودێریكردن و بیركردنه‌وه‌یه له ژیان و جۆری مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ دونیا. بێگومان كۆی هه‌ڵبژاردنی `شێوازی ژیان` به‌ر سیستمی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌وێت، كه شاره به مانا سیاسییه گریكییه‌كه‌ی (پۆلس-Polis ). به‌ڵام (شار یان پۆلس) له فۆڕمی دەوڵەت و ئیداره‌دا پێچەوانە دەبێتەوە له‌گه‌ڵ ئازادیی هه‌ڵبژاردنی شێواژی ژیاندا، چونکە حاکم و دەوڵەتداری و فه‌رمان جێبه‌جێكه‌ر پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌ن، سوستێم له‌جیاتی تۆ بیرده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش هەر مانای کۆیلەبوون دەگەیەنێت.
گه‌ر ئه‌م چه‌مكه پابه‌ند بكه‌ینه‌وه به‌و (خوده كوێر و بیرنه‌كه‌ره‌وه‌یه)ی `ئادۆلف ئایشمان` كۆی ئه‌و كۆپییانه‌ی ئایشمان ده‌بینین کە ئه‌مانه برغویه‌كی جێبه‌جێكه‌رن له مه‌كینه‌ی جینۆساید و كوشتندا. لێره‌وه ده‌توانین له سروشتی حوكمدار و كاربه‌ده‌ستی مودێرن تێبگه‌ین كه سروشتێكی بیرنه‌كه‌ره‌وه‌ی هه‌یه. سروشتێك، مۆدێرنه و جه‌نگ و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤی پێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
چەمکێکی دیکە كه هانا ئارێنت جه‌ختی لێ ده‌كاته‌وه ڤیتا كۆنتێمپلاتیڤا (vita conteplativa)یه به مانای (زینده تێڕامان)ە و چالاکییە ڕۆحییەکانی هۆشمەندی مرۆڤه، کە ئه‌مه‌ش لە ترادیتسێۆنی کریستدا جێگیر بووه. بەمەش ڤیتا کۆنتێمپلاتیڤا مانای جیاوازی هەیە لە ڤیتا ئەکتیڤای زەمەنی نوێ کە لە سەدەی حەڤدەوە دەست پێدەکات، بەوەی ڤیتا ئەکتیڤا یان ژیانی چالاك و زینده‌گی له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌وه كه سه‌ره‌تاكانی مۆدێرنه‌یه، کارکردن و بەرهەمهێنان زاڵ دەکات بەسەر چالاکییە هزری و ڕۆحییه‌كانی مرۆڤدا. لێره‌وه ڤیتا کۆنتێمپلاتیڤا ئەو چوونە ناوەوەیە بۆ کاری فیکر، بۆ نێو هزر و عیرفانییەتی کریستومی. بەو مانایەی کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا چەمکی ڤیتا ئەکتیڤای کریستیومی خۆی بە ڤیتا کۆنتێمپلاتیڤا پێناسە دەکرد و سەرچاوەکەی خۆی لەم چەمکە گریکییەی ئەرستۆ وەردەگرت، وەک ئەرستۆ دەڵێت؛ کە کاری نەمر بێوشه (Wortlos)یە یان وەک پلاتۆن دەڵێت نەگوتراو (Unaussprechbar)ە. بەڵام به ڕای هانا ئارێنت لە سەدەی حەڤدەوە کە زەمەنی نوێیە، ئه‌م هاوكێشه‌یه دەگۆڕێت. ئیدی زەمەنی نوێ لەم سەدەیەوە دەست پێ دەکات، لەم سەدەیەوە کارکردن و بەرهەمهێنان و مامەڵە پیرۆز دەکرێن. لەم سەدەیەوە بیرکردنەوە و مامەڵە یان (Handeln und Konteplativa) یان هەردوو ڤیتا ئەکتیڤا و کۆمپلاتیڤا تێکەڵی یەکتر دەبن.
ئەم کارە ڕۆحییە لای ئه‌رستۆ لە بواری سیاسەتدا خۆی بەرجەستە دەکات. لای (پلاتۆ- Plato) بۆ نموونە لەو چوونە نێو ئەشکەوتەدا دەیبینێت، کە مرۆڤ تەنها ڕیاڵی خۆی دەبینێت به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت دوور لە مرۆڤ بێت، بە مانایەکی دیکە دوورکەوتنەوەیه لە خەڵکی. به‌م شێوه‌یه مرۆڤ له په‌یوه‌ندیی ژیاندا تاوێك كۆیله‌یه و، تاوێك ڕاده‌كات بۆ بیركردنه‌وه له ژیان، چونكه مرۆڤ ده‌یه‌وێت ئازاد بێت وه‌ك خواوه‌نده‌كانی گریك نه‌مردوو (Todlos) بێت و ئه‌وه‌نده‌ش كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌مری بمێنێته‌وه. بۆ جیاوازی له‌نێوان ئه‌م دووانه په‌یوه‌ند به كار و كرده‌وه و به‌رهه‌مهێنان و مامه‌ڵه‌وه هانا ئارێنت جیاوازی لەنێوان ئه‌م دووانه‌دا (نه‌مردوویی ـ نه‌مری) دادەنێت.
ئاوه‌ها خولیای دیكتاتۆره‌كان ئه‌وه‌یه كه نه‌مر بن و مردنی خۆیان نابینن. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ناتوانێت ببێت به نه‌مردوو وه‌ك خواوه‌ند، هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی كار و كرده‌وه‌یه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو به‌هه‌شته‌كانی خواوه‌ند و نه‌مردوو بێت. هه‌ندێكیش ده‌یانه‌وێت جگه له نه‌مردوویی، به‌درێژاییی زه‌مه‌ن له‌ناو یاده‌وه‌ری و نه‌وه له دوای نه‌وه‌ی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه بمێننه‌وه. ده‌یانه‌وێت كار و بیركردنه‌وه و هزریان نه‌مر بمێنێته‌وه و باكیان به‌وه نییه كه دوای مردن ببنه نه‌مردوو یان نا. لێره‌وه فەلسەفەی یۆنانی بەتایبەت `سۆکراتۆس و پلاتۆن` چەمکی `نەمری` جیا دەکەنەوە لە `نەمردوویی` وەک بەشێک لە فەلسەفەی مێتافیزیکی نەمری مانایەک وەردەگرێت لە هۆشمەندیدا، بە مانای مرۆڤ لە ڕێگەی کرداریانەوە دەتوانن نەمر بن، تەنانەت هەموو خواوەندەکانیش ناتوانن نەمر بن، ئەوانە نەمردوون، بەڵام نەمر نین.
وه‌ك ئاماژه‌م پێ دا، گرفتی نا-بیركردنه‌وه‌ی خراپه‌كاران و دیكتاتۆره‌كان له‌وه‌دایه نایا‌نه‌وێت بیر له مردنی خۆیان بكه‌نه‌وه و بیریان ده‌چێته‌وه كه مردووله‌به‌رن و ده‌مرن. ئالکایمۆن (Alkaimon) پاڵەوانێکی یۆنانییە دەڵێت؛ مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە کە نایەوێت خۆی بە کۆتایی خۆیەوە پابەند بکات. (بڕوانه؛ Hannah Arendt, Vita Activa, Piper Verlag 2013, S29)
لێرەوە سروشتی مرۆڤ وەهایە کە بیر لەوە ناکاتەوە کە `مردنی لەبەرە` و بوونه‌وەرێكی `مردووله‌به‌ره`. مرۆڤ دەیەوێت هەم نەمرێت و لە ئەگەری مردنیشیدا کارێک بکات ناوی بە نەمری بمێنێتەوە. یەکەمیان دەیەوێت لە ڕووی جەستییەوە نەمرێت و دووهەمیان لە ڕووی ڕەمزی و مەعنەوەییەوە یادی نەمر بێت. بێگومان ئەمە دیوە نێگەتیڤەکەی ئەم کێشەبەندییە فەلسەفی و سایکۆلۆژییە، بەوەی، ئەقڵی جێنۆسایدکار وەها مەزندە دەکات کە بە لەناوبردنی ڕەگەزێکی دیکە، ڕەگەزی خۆی هەم بەردەوام دەبێت لە ژیان و زیاتر دەژی و هەم بە نەمریش لە یادەوەریی جیهاندا دەمێنێتەوە. بێگومان ئەمە تێزی ناسیۆنال سۆسیالیزم و فاشیزمی ئیتاڵی بوو لە دژی جولەکەکان. لێرەوە بە هەمان ئەقڵییەت؛ ئەنفالچییەکان، پان عەرەبیزم و ئێرانیزم و تورانییەتی شۆڤێنی لەو بڕوایەدان بوونی کورد ڕێگرە لە بوونی ئەوان، هەروەها بوونی ڕێگرە لە نەمریی ئەوان لەنێو جیهاندا. ئەوەی کە ئەم ئەقڵییەتە جینۆسایدکارە تێی ناگات، ئەوە یاسای زیندەگییە، ئەکتیڤیایەی ژیانە، بە گوزارشی هانا ئاڕێنت؛ بەوەی هەموو بوونەوەرەکان مردن‌لەبەرن و دواجار لە خاک‌دا شین دەبنەوە.
*. نووسەر و ڕۆماننووس
سەرچاوەکان
1.Hannah Arendet: Wahrheit und Politik, Klaus Wagenbach Berlin 2006.
2. Hannah Arendt: Vita Activa, Piper Verlag 2013.
3. Hanna Arendt, Eichmann in Jerusalem. Ein Bericht von der Banalität des Bösen, Piper 1985.
داگرتنی بابەت



