ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ
دیاکۆ هاشمی

ئامادەکردنی: کامیل نەجاڕی


لەدایکبووی ١٩٦٥ لە پارێزگای کرماشان. دواناوەندیی لە شاری کرماشان تەواو کردووە.

شارەزا بە هەر دوو زاری سۆرانی و کەلهوڕی. ساڵی ١٩٨٤ لەبەر خەباتی سیاسی، ڕۆژهەڵاتی بەجێ هێشت و چوو بۆ عێراق.
١٩٨٥، یەکەم کەس بوو کە لە کەمپێک لە باشووری عێراق وانەی کوردیی بۆ منداڵان کردەوە.
٢٠١٠ بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردیی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ئاسۆسات بڵاو کردەوە. پاشان لەسەر ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەردەوام بوو.
لە چەند خولێکی جۆربەجۆردا لە سوید، «ئایتی IT» و «ئایتی و زمان»، (html (php، (بنکەدراوە database) و هەروەها مۆرفۆلۆژیی خوێند کە بنەمایەکی باش بوو بۆ فەرهەنگی ئایتی کە لە زانستپەروەرانی کورد بە هەرەوەزی دایان نا.
خاوەن بڕوانامەی وەرگێڕانە لەنێوان زمانەکانی «سویدی، کوردی، فارسی و دەری».
خاوەن بڕوانامەی «ڕێنوێنکاری زمان»ە کە تایبەتە بە مامۆستای وانەبێژ لە خولی وەرگێڕان لە سوید.
ئێستەش وەک ڕێنوێنکاری زمان و وەرگێڕ لە سویددا کار دەکات.


بەرهەمەکان

ـ فەرهەنگی ئایتی (کارێکی هەرەوەزی).
ـ پوختەی ڕێنووسی کوردی ٢٠٢١. لە ئورووپا و باشوور و ڕۆژهەڵات بلاو کراوەتەوە.


ئامادە بۆ چاپ

فەرهەنگی یاسا (فارسی/کوردی/ئینگلیزی ـ کوردی/فارسی/ئینگلیزی)
فەرهەنگی فیزیا (فارسی/کوردی/ئینگلیزی ـ کوردی/فارسی/ئینگلیزی)
فەرهەنگی بیرکاری (فارسی/کوردی/ئینگلیزی ـ کوردی/فارسی/ئینگلیزی)
فەرهەنگی پزیشکی (فارسی/کوردی/ئینگلیزی ـ کوردی/فارسی/ئینگلیزی)
«شهدای قلعه دمدم». لە کوردی بۆ فارسی.
چیرۆکەکانی ڕۆبین هوود. ئینگلیزی بۆ کوردی.


کێشە سەرەکییەکانی پەروەردە بە زمانی دایک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چین؟ پێتوایە ئەگەر ئێستا دەرفەتی خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی بڕەخسێت، دەتوانین دەتوانین دەروەستی بێین؟ ئەگەر دەتوانین چۆن؟ ئەگەر نا، بۆچی؟


کێشەی زمان لای منداڵ و گەورە دوو شتی جیاوازن. ئەگەر کێشەی گەورەکان چارەسەر بکرێت، کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر پەروەردەی منداڵان بە زمانی دایک.


زمانی دایک بۆ کورد زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ زمانی دایک بۆ نەتەوەی باڵادەست. زمانی دایک لای نەتەوەی باڵادەست و پەروەردەی منداڵ بەو زمانە، بۆ ئەوان کەمترین کێشەی هەیە. ئەو ڕەوتە بنەمایییەی کە پێویستە، ئەوان بڕیویانە. هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کراوە. بەڵام بۆ نەتەوەی ژێردەست ڕێک بەپێچەوانەیە. هیچ ئاسانکارییەکی بۆ نەکراوە، تەنانەت بەربەست و هەڕەشەش ڕووبەڕووی بووەتەوە.


من پێم باشە لێرەدا لە باتیی زمانی دایک، زیاتر ئاماژە بە زمانی کوردی بکەم، چونکە بۆ کورد، زمانی دایک واتە زمانی کوردی.


یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات، ئەوەیە کە هەموو تەمەنیان، چ بە خوێندنەوە، چ بە ڕەنگ وەک تەلەڤزیۆن و چ بە دەنگ، بەردەوام لەژێر کاریگەریی زمانی فارسیدا بوون. ئەمە وای لێ کردوون کە زۆر جار لەژێر کاریگەریی زمان و فەرهەنگی فارسیدا قسە بکەن و بە فارسی بیر بکەنەوە، ئەگەریش بە کوردی بنووسن، هەندێک جار هەست دەکەیت کە کوردییەکی فارسییانەیە. ئەمە کات دەبات هەتا مرۆڤ هەستی پێ بکات و بتوانێت بگەڕێتەوە سەر داڕشتنی کوردی. هەر بۆیە ئەگەر لە داهاتوودا پەروەردەیەکی کوردی دەست پێ بکات، زۆر گرنگە بەوردی بەردەوام ئاگامان لەو بەشە بێت.


هەروەها کێشەی تر ئەوەیە کە زۆر کوردی ڕۆژهەڵات، بە کوردی ئاشنا نین و پێیان وایە زمانەکەیان توانای دەربڕینی زۆر شتی، بەتایبەت لە بواری زانستیدا نییە. ئەوە بێگومان بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە.

ئەگەر بواری خوێندن بە کوردی دەست بدات، بێگومان بەئاسانی دەتوانین دەروەستی بین. زمانی کوردی لەو بارەوە، پێشتر لە باشوور، بە ئەزموونێکی زۆر دوورودرێژ و پڕ لە هەوراز و نشێودا تێ پەڕیوە. هەر بۆیە زۆر کێشە چارەسەر کراوە و زۆر ئاسانکاری کراوە کە زمانی خوێندنگەکان هەر لە سەرەتاوە هەتا پلەی بەرز بە کوردی بێت. بە بەکارهێنانی ئەو ئەزموونە گەورەیەی باشوور، کورد بەباشی دەروەستی خوێندن بە کوردی دەبێت و هیچ کێشەیەکی قورسی نابێت.


چۆن دەکرێ لە ئێستاوە بوار بۆ پەروەردە بە زمانی کوردی خۆش بکەین؟


کەسێک کە لە بوارێکی زانستیدا بە فارسی خوێندوویەتی، زۆر بۆی ئەستەم دەبێت کە هەموو ئەو چەمک و زاراوانە بە کوردی بەکار بهێنێت. ساڵانێکی زۆر دەخایەنێت ئەو کەسانە بە کوردی ڕابهێنرێن و بخرێنە سەر ڕاستەڕێی خەرمانی وشەی کوردی. هەر بۆیە زۆر گرنگە هەر لە ئێستەوە، کوردی ڕۆژهەڵات بەوردی خەریکی فێربوونی زمانی کوردی بن. گرنگە هەموو کەسێک هەر لە ئێستەوە، لە ڕێنووسەوە بگرە هەتا ڕێزمان و وشە، خۆی تەیار بکات.

ئێستە کتێب و سەرچاوەی زۆر لە بەردەستدان. هەموو کتێبەکانی قوتابخانە، گەلێک فەرهەنگ و وشەنامەی سەرهێڵ و هەزاران بەرهەمی تر و فیلمی دۆبلاژکراو و هتد، بەخۆڕایی لەسەر ئینتەرنێت دانراون. هەموو ئەوانە سەرچاوەی زۆر باشن بۆ ڕاهێنانی زمانی کوردی، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە هەر خوێندەوارییان نییە.


هێندێک کەس پێیان وایە لە جێی قسە کردن لە زمانی کوردی دەبێ باس لە زمانە کوردییەکان بکەین. ئاخۆ ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم ڕوانینە بۆ زمانی کوردی ئێستا زیاتر بەرجەستە بێت؟ ئایا بەڕاستی زارە کوردییەکان ئەوەندە لێک دوور کەوتوونەتەوە یان هەر دەکرێت لەبنجەوە زمانە کوردییە جیاوازەکان هەبوو بن؟»                ڕای جەنابت لەسەر ئەم بابەتە چییە؟

هەر نەتەوەیەکی گەورە کە جوگرافیایەکی بەرینی لەبەر گرتبێت، لەبەر کۆمەڵێک هۆی تایبەتی، خاوەنی چەند زارێکی جۆربەجۆرە. زارەکان لەڕووی مۆرفۆلۆژی، فۆنۆلۆژی، لێکسیکۆلۆژی و ئۆرتۆگرافییەوە دەتوانن جیاوازییان هەبێت، بەڵام ئەو جیاوازییانە ئەوەندە زەق و گەورە نین کە بەپێی پێوەرە زمانەوانییەکان کە بۆ دوو زمانی جیاواز پێناسە کراون، بە زمانی سەربەخۆ هەژمار بکرێن.

جاری وایە چەند زاری سەر بە یەک زمان دەکەونە چەند وڵاتی جیاوازەوە، وەک سویدی، نەرویجی، دانیمارکی و هتد، بەڵام لەڕووی زمانەوانییەوە، هەر بە چەند زاری سەر بە یەک زمان هەژمار دەکرێن. مەرج نییە هەر زارێکی بچووک بتوانێت بەتەنیا سەربەخۆ بێت، چونکە سەربەخۆبوونی جوگرافی هەلومەرجی تایبەتیی خۆی هەیە کە بۆ هەر زارێک نالوێت.


بێگومان زارە کوردییەکان، بەپێی بنەما زمانەوانییەکان، کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، جیاوازییەکەیان ئەوەندە کەمە کە بەرانبەر بە یەکتر هەر بە زار هەژمار دەکرێن. هەر کامیان بەتەنیا بەرانبەر بە یەکتر، زارن. یەک یان دووانیان دەتوانن لەناو خۆیاندا ئەرکی زمانی پێوەر ببینن. بەڵام هەر کام لەوانە بەتەنیا نوێنەری زمانی کوردین و ئەگەریش ئەرکی زمانی پێوەر ببینن هەر ناوی زمانی

کوردییە.

زارە کوردییەکان بەتەنیا هەرگیز ناتوانن سەربەخۆ بن، بەبێ یەکتریش بێهێز و پچڕۆکن. کەوا بێت تەنیا ڕێگەی بەردەوامبوون ئەوەیە کە پێکەوە بژین و بە ڕێزدانان بۆ یەکتر، وەک هەزاران ساڵی ڕابردوو لە داهاتوویەکی درێژیشدا هەر پێکەوە بژین. جگە لە زمانێکی هاوبەش و زاری لێکنزیک، زۆر شتی بەهێزی کۆمەڵایەتی، هزری و دابونەریتی، هەزاران ساڵە ئێمەی پێکەوە گرێ داوە.

ئەگەر لە پرسیاری پێشوو هاوڕای ئەم بۆچوونەی: ئاخۆ بوونی چەند زمان یا پەرەپێدان و گەشەی هاوکاتی چەند زاراوە وەک زمانی ڕەسمی نابێتە هۆی پەرتەوازە بوونی زیاتری کورد و لێک هەڵاواردنی زیاتر؟
وەک ئاماژەم پێ کرد، من بە هیچ شێوەیەک زارە کوردییەکان وەک زمانی سەربەخۆ نابینم. هەموویان سەر بە یەک زمان دەبینم بە ناوی زمانی کوردی.

زۆریش ئاسایییە لە ناوچەیەکی بەرینی وەک باکوور و ڕۆژاوای کوردستان لەوێ زمانی پێوەر بۆ ئەو بەشە کوردیی ژووروو بێت. چونکە هەژمارێکی ئێجگار زۆر کە بەو زارە دەدوێن لە یەک شوێندا کۆ بوونەتەوە.


کوردیی ناوەندییش ئەرکی زمانێکی پێوەر دەبینێت بۆ باقیی کوردستان. لە هەر ناوچەیەکیش کە ئاخێوەرانی زارێکی تر کۆ بوونەتەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ڕێگە لە بەکارهێنانی زارەکەیان بگیرێت، وەک هەورامی و کوردیی باشووری. ئەوان تەنیا کاتێک هەست بە کوردبوون و یەکێتی لایان بەهێز دەبێت کە ڕێزیان لێ بگیرێت. نەک بەزۆر ناچار بکرێن بە زارێکی تر بدوێن. خۆیان لەبەر کەمینەبوون لە کاتی پێوەندیی سەرانسەریدا هەر کوردیی ناوەندی بەکار دەهێنن. وەک چۆن هەورامییە ئازیزەکانمان کوردیی ناوەندنییش بەباشی دەزانن. تەنانەت کەلهوڕ و گۆرانیش زۆر هەستی کوردبوونیان هەیە و زۆر بەتامەزرۆیییەوە حەزیش دەکەن باش سۆرانی فێر بن. بەڵام هیچیش بڤە نییە کە لە ناوچەی خۆیان بە کوردیی باشووری بدوێن. بەم ڕێگەیە هەستمان بۆ یەکبوون زۆر باشتر دەبزوێت و باشتر هەموومان بە هەموو جۆربەجۆرییەکەوە خۆمان سەر بە یەک زمانی کوردی دەزانین.


ئەگەر لەگەڵ چەند زمانی کوردی نیت: ئێمە کە تا ئێستا تەنانەت لەسەر ڕێنووسێکی یەکگرتووش ڕێک نەکەوتووین چۆن دەتوانین لەسەر زمانێکی یەکگرتوو بۆ کورد ڕێک بکەوین؟


ڕێنووسی یەکگرتوو پێوەندیی بە جۆری ئەلفبێوە هەیە. کرمانجی کە ئەلفبێی لاتینی بەکار دەهێنن ڕێنووسی خۆیان هەیە. کوردیی ناوەندییش کە ئەلفبێی ئارامی بەکار دەهێنێت، ڕێنووسی خۆی هەیە. لەمە یەکگرتووتر چی ببێت؟ من پێم وایە کوردیی ناوەندی بەبێ ئەملا و ئەولا ڕێنووسی یەکگرتووی خۆی هەیە. ئەگەر کەسانێک شارەزای نین یان نەیانەوێت بەکاری بهێنن، ئەوە تاوانەکە لە نەبوونی ڕێنووسەکەدا نییە.


ئەوەش بڵێم هەموو زمانەکانی دنیا کێشەی ڕێنووسیان هەیە. کێشەی ڕێنووس هەمیشە لەگەڵ زماندا دەژیت. شتێک کە زمانە پێشکەوتووەکانی دنیا هەیانە و ئێمە نیمانە، ئەوەیە کە ئەوان هەرچەند بۆچوونی جیاوازیان هەیە، لەسەر یەک ڕێنووس ڕێک و تەبان، بەڵام ئێمە ئامادە نین ئەو ڕێنووسە یەکگرتووەی کە دەیان ساڵە کاری لەسەر کراوە و کۆدەنگیی زۆر زمانەوان و ئەکادیمیای لەسەرە، گشتگیر بکەین. هێشتاش تاکەنووسەری وا هەیە کە ڕێنووسی خۆی هەیە.


چۆن دەکرێ چەند زمان یا زاراوەی هاوتەریب بە جۆرێک لە پەروەردەدا ڕێک بخەین کە بەرەو پەرتەوازەییی زیاترمان نەبات و ئەگەر بڕیارە زمانێکی یەکگرتووشمان هەبێ، چۆن دەکرێ زمانی یەکگرتووی کوردی بە جۆرێک ڕێک بخرێ کە هەم زمانێکی هاوبەشی کوردیمان هەبێ هەموان لێی تێبهگەن و هەم لەگەڵ پاراستنی زاراوە جیاوازەکانیش ناتەبا نەبێ.


کورد جارێ وڵاتێکی یەکگرتووی سەربەخۆی نییە. هەموو کوردیش لە چوارچێوەیەکی حکوومی، فەرمانگەیی، خوێندکاری کۆ نەبوونەتەوە. هەر لەبەر ئەوە، لەڕاستیدا کێشەی نەبوونی زمانێکی هاوبەش، هێندە زەق و گران نییە، وەک ئەوەی خەڵک ئەوەندە باسی دەکەن و وەک شتێکی مەترسیدار چاوی لێ دەکەن.

زۆرترین ڕێژەی کرمانجیئاخێوەکان، لە باکوور و ڕۆژاوادا دەژین. خاوەنزارەکانی تر لەو ناوچانەدا ناژین. ئەوان بە کرمانجی کاری خۆیان جێبەجێ کردووە. ناشکرێت ناچار بکرێن بە کوردیی ناوەندی بدوێن. بە کردەوەش هەر هزری وا جێ ناگرێت.

لە ڕۆژهەڵات و باشوور زاری زاڵ و هاوبەش، کوردیی ناوەندییە. ئاخێوەرانی ئەو زارەکانی تر، زۆر بەباشی ئاشنای کوردیی ناوەندین. قسەی پێ دەکەن و لێی تێ دەگەن. کەوا بێت زۆر ئاسایییە هەمووان، کوردیی ناوەندی وەک زمانی پێوەر و ستاندارد لەنێوان خۆیاندا چاو لێ بکەن. ئەمەش واتای ئەوە نییە کە ئەوان دەستبەرداری زاری خۆیان بن. ئەگەر ویستیان لە ناوچەی خۆیان بەکاری بهێنن، نابێت ڕێگەیان لێ بگیرێت. بەپێچەوانەوە، دەبێت پاڵپشتییش بکرێن، تا هەستی خۆبەکوردزانین لەوەی کە هەیە زیاتریش لە دەروونیاندا بگەشێتەوە و خۆیان بە بەشێک لە کورد و کوردەواری بزانن. بێگومان کورد و کوردستان بەبێ ئەوان پاژێکی ناتەواوە و کەرتکراوە.


لەڕووی دەوڵەمەندیی وشە و و پەیڤەوە، لەڕووی ئەوەی کە زۆرینە پێی ئاشنان و لێی تێ دەگەن و قسەی پێ دەکەن، هەروەها لەبەر ئەوەی کە سۆرانی کاری زۆری لەسەر کراوە، لەو ڕووەوە وەک زمانی حکوومەت و خوێندنگە و زانست و ئەدەبیات زۆر جێگیرتر و گشتگیرترە. هەر دەبێت لە بۆنەی فەرمی و حکوومی و خوێندن، ئەوە بکرێتە زمانی پێوەر لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا. ئەگەریش هەر کەسێک بە زاری خۆی قسە بکات هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. ئەوە هەم ڕەوتی مێژینەی بووە و هەمیشە تاکەڕێی دیموکراسی و هاوسۆزییە. بە کردەوەش ئەگەر چاو لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان بکەین ئەگەر چاو لە زمانی حکوومەت بکەین، ئەگەر چاو لە ڕێژەی بەکارهێنان و لێتێگەیشتن بکەین، دەبینین کە هەر ئەو ڕەوتە لەمێژە جێگیر بووە.


تەنیا بە ڕێزلێنان لە زارە شیرینەکانمان دەتوانین نەتەوەیەکی یەکگرتووی هاوبەشمان هەبێت. نابێت ئەو ترسەی ئێرانییەکان هەیانە بگوێزینەوە بۆ خۆمان و وا بزانین ئەگەر ڕێگە بە زارەکانی تر بدرێت ئەوە ئێمە پارچەپارچە دەبین. بەپێچەوانەوە، یەکگرتووتر دەبین. هەستی هاوسۆزی تەنیا بە خۆشەویستی دروست دەبێت نەک بە تۆپزی و ناچاری.


بەم دواییانە کتێبێکت لەسەر ڕێنووس و خاڵبەندی بڵاو بووەتەوە. پێشتریش ئەکادیمیای کوردی و زۆرکەسی کاری لەم شێوەیەیان کردووە، جیاوازیی کارەکەی ئێوە لەگەڵ ئەوانەی ڕابردوو چییە؟ بۆچی سەرەڕای دەرچوون و بڵاو بوونەوەی ئەم کارانە هێشتا میدیا، دەقە پەوەردەییەکان، و تەنانەت نووسراوەکانی دامەزراوە               ڕەسمی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان یەکەدەست نین و تەنانەت پڕ هەڵەی ڕێنووسین؟

زمان بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەر دێت. ڕێنووس لە سەرەتادا لەسەر بنەمای نووسین بە دەست داڕێژرابوو. دواتر لەبەر سەرهەڵدانی تەکنیکی نوێتر، گۆڕانکاری بەسەر ڕێنووسیشدا هات.

زۆربەی ئەوانەی لەسەر ڕێنووس بڕیاریان دەدا و ڕێک دەکەوتن، نووسینەکانیان دەدایە چاپخانەیەک و تایپیستێک دەینووسییەوە. ئەو تایپیستانە، کارەکەیان کارێکی زمانەوانییانە نەبوو، نووسینەکانیان پڕ بوون لە هەڵەی ڕێنووسی. تەنانەت بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە کۆڕە جۆربەجۆرەکان لەسەری ڕێک کەوتبوون، نەیاندەنووسی.
ئامێری نووسین هێندە دەوڵەمەند نەبوو کە تەنانەت بکرێت پیتە کوردییەکانیش بەتەواوی بنووسرێنەوە. هەر بۆیە کتێبە کۆنەکانمان پڕن لە هەڵەی نووسین و هەڵەی چاپی.

ڕێنووس کێشەیەکە لە هەموو زمانەکاندا هەیە. لە هەموو زمانێکدا، دوودڵی و جیاوازی لە نووسینی وشەکاندا هەیە. هیچ زمانێک لەم دنیایەدا نییە کە کێشەی ڕێنووسی نەبێت. گەورەترین جیاوازیی ئێمە لەگەڵ هەندێک لە زمانە گەشەسەندووەکانی تردا ئەوەیە کە ئەوان بەپێی ڕای تاکەکەسی شت نانووسن، بەڵکوو بەپێی ڕێککەوتنێک شت دەنووسن. بەڵام ئێمە ئەگەریش ڕێککەوتنمان کردبێت، گوێی نادەینێ. هەر کەسێک بەپێی ڕاهاتن و چێژی خۆی شت دەنووسێت و ڕێنووس دادەهێنێت. ئێمە حیزبەکانیشمان کە یەک پێڕەو و پرۆگرامیان هەیە، پارچەپارچەن و پێکەوە یەک ناگرنەوە. نەخوازەڵا کە ڕێنووس ئەوەندە جیاوازیشی تێدایە چۆن یەک بگرێت؟

من وەک کەسێک کە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوتی دەستپێکی تەختەکلیل و فۆنتی کوردی بووم و هاوکاری هەموو ئەو گرووپە ئایتییانە بووم کە شوێندەستیان لەو بوارەدا دیار و بەرچاوە، وەک کەسێک کە ئەندامی لێژنەی نێوان مایکرۆسۆفت و فەرمانگەی ئایتیی کوردستان بووم بۆ جێگیرکردنی تەختەکلیلی کوردی لە سیستەمەکانیاندا. وەک کەسێک کە ئاگاداری هەموو گۆڕانکارییەکی زمانی، لە هەموو پارچەکان بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژهەڵات بووم. وەک کەسێک کە دەرفەتی ئەوەم هەبووە کە هەموو نامیلکە و ڕێنووسە کۆنەکان کۆ بکەمەوە. وەک کەسێک کە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەکادیمیای کوردی بووم و بەردەوام ڕاوێژم لەگەڵ کردوون. وەک کەسێک کە ئاگاداری ئەزموونەکانی فارس و عەرەب و سویدی و ئینگلیزیم لەو بوارانەدا. وەک کەسێک کە زیاتر لە ١٢ ساڵە بەردەوام لە ئینتەرنێت و تەلەڤزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتی و قوتابخانەکان وانەی زمانی کوردی و ڕێنووسم گوتووەتەوە و کاری وەرگێڕانیشم کردووە. وەک کەسێکی ئاشنا بە زمانەوانی و ئایتی و گرنگیدان بەو دوو بەشە گرنگە و متوربەکردنیان، بە تاوتوێکردنی هەموو ڕێنووسەکانمان و بەراوردیش لەگەڵ زمانە زیندووەکانی دنیا، بەو ئەنجامە گەیشتم کە ئەم ڕێنووسە نووژەنکەرەوەی ڕێنووسە کۆنەکانمانە، بەتایبەت ڕێنووسی کۆڕی زانیاریی کورد و ئەکادیمیای کوردی. هەموو هەڵە تایپییەکانیانم وەلا ناوە. بڕیارە نوێیەکان کە لە بواری ئایتیدا کاریگەرییان لەسەر زمانی کوردی هەیە، پێ زیاد کردوون. ساڵانێکە بە شێوەی ماڵپەڕ و پی دی ئێف بڵاوم کردوونەتەوە. ئێستە دەرەنجامەکەی بووە بەو نامیلکەیە بە ناوی «پوختەی ڕێنووسی کوردی». بە زمانێکی سادە، بە شێوەی ڕەنگی، کورت و پوخت.

هاوکاتیش خۆم بەردەوام وەڵامی سەدان فێرخوازی جۆربەجۆرم داوەتەوە. بە سایتەکەم پردێک بووم بۆ گواستنەوەی هەموو ئەو شتانەی لە باشوورەوە سەبارەت بە زمان هەبووە بۆ ڕۆژهەڵات. هەرچەند گەلێک لە خەڵکانی باشوور بێخەبەرن لە ڕێنووسی ئەکادیمیا و گوێیان نەداوەتێ، من کردوومە بە بنەمای کارەکانم. دەیان فێرگەی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات، ئەو ڕێنووسەیان کردووە بە بنەمای فێرکاریی خۆیان و هەزاران فێرخواز فێری ئەو ڕێنووسە بوون.


چۆن دەکرێ کێشەکانی ئێستای ڕێنووسی چارەسەر بکرێ و لەسەر ڕێنووسێکی یەکگرتوو ڕێک بکەوین؟

کورد دەمێکە خاوەنی ڕێنووسی یەکگرتووی خۆیەتی. ئەویش ئەوەیە کە لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە پەسەند کراوە و منیش نووژەنم کردووەتەوە و لە کتێبی «پوختەی ڕێنووس»دا خستوومەتە ڕوو. دڵنیام وەک خۆشتان ئاماژەتان پێ کردووە، زۆر کەسی تریش لە هەموو لایەکەوە لەسەر ڕێنووس کتێبی نووسیوە و هەمتریش دەنووسێت.
ڕێنووسی هەموو دنیا کێشەی لەسەرە، ڕێنووسی هەموو زمانەکانی دنیا بە دڵی سەد لە سەدی بەکارهێنەرانی زمانەکە نییە. گرنگ ئەوەیە خاڵە گرنگەکانی دیاری بکرێن و پێشنیاریان لەسەر بدرێت، پاشان کۆڕێکی متمانەپێدراوی وەک ئەکادیمیای وڵاتەکە، پشتڕاستی بکاتەوە و کۆدەنگیی لەسەر بدات. ئەمەش بۆ کورد کراوە. ئەم ڕێنووسە بۆ ئەو بەشەی کە ئەلفبێی ئارامی بەکار دەهێنن، ڕێنووسی یەکگرتووە.

من خۆم زیاتر لە ١٢ ساڵە هەمان ڕێنووسم کردووەتە بنەما لە کارەکانمدا، چ وەک بەرنامەی فێرگەی زمانی کورد کە ١٢ ساڵ پێش لە ئێستە لەڕێگەی ساتەلایتەوە بڵاو دەکرایەوە، چ وەک سایت و کتێب خستوومەتە بەرچاوی خەڵک.
دیسانەوە دەڵێم، وردەشت لێرە و لەوێ ئەوەندە گەورە نین کە بڵێین کورد ڕێنووسی نییە. لە هەموو زمانەکانی دنیادا وردەشت هەر هەن و هەتا زمانیش مابێت هەر ڕای جیاواز هەیە، گرنگ ئەوەیە لەسەر شتێک کە بۆ کۆدەنگی کراوە خۆمان کۆ بکەینەوە.

پێشتر کۆڕی زانیاری کورد سەرچاوە و مەرجەعێکی باەوڕپێکراو بوو بۆ پرسی زمانی کوردی و دەورێکی گرینگیشی دەگێڕا و بڕیارەکانیشی لە لایەن نووسەرانی کوردەوە لانیکەم لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتی پێ دەبەسترا. ئستا ئاکادیمیای کوردی لە باشوور ئەم دەورەی نەماوە و تەنانەت لە باشووریش زۆر                پابەندی ڕێنماییەکانی ئاکادیمیا نین. لە ڕۆژهەڵاتیش لە ژێر کاریگەریی ڕێنووسی فارسیدا هێندێک گۆڕانکاری             لە رێنووسی کوردیدا کراوە وەک ئەوە هێندێک کەس باوەڕیان بە جیا نووسینی هەموو وشەکان و تەنانەت                   وشە لێکدراوەکانیش هەیە. ئێستا چ لایەنێک دەتوانێ ڕۆڵی ئەو مەرجەعە بگێڕێ کە هەموو نووسەران پشتی              پێ ببەستن؟


کۆڕی زانیاریی کورد لە قۆناخێکی سەرەتاییی ڕێنووسدا بوو. زمانی کوردی زۆر شتی بۆ نەلوابوو کە ئێستە بۆی لواوە. سەرچاوەی سەرەکی هەر ئەوان بوون. خەڵکی نووسەریش بەگشتی ئەوانە بوون کە لەو کۆڕە دەیانڕوانی، نووسینی خەڵک لە چەند گۆڤارێکی تایبەتیی وەک «کاروان» و «بەیان»، «مامۆستای کورد» و هتد بڵاو دەبوونەوە. ڕێنووس لەوێدا ڕێنووسی نووسەرەکە نەبوو، بەڵکوو ڕێنووسی گۆڤارەکان بوو. ئەوانیش زۆر جار ڕێنووسیان دیاریکراو بوو. هەر بۆیە هەست دەکرێت کە جاران خەڵک یەکدەست دەیاننووسی.


کەوا بێت لە باشوور (لە ڕۆژهەڵاتیش)، جاران مەسەلەی نووسین لەبەر سنوورداربوونی هەلومەرجەکان زیاتر لە ژێردەستی نووسەران و ئەهلی زماندا بوو. بۆیە هەستت بە یەکگرتوویی دەکرد. لە پڕدا دنیا گۆڕا، ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئازادیی فرەڕۆژنامەیی و چاپەمەنی و میدیای دەنگ و ڕەنگ وای کرد کە هەموو کەس بواری نووسینی پێ درا.

ئەوانەش کە هەر ناوی ئەکادیمیان نەبیستبوو و هەر نەیاندەزانی کە ڕاسپاردەکانی ئەکادیمیا بۆ ڕێنووس چین، دەستیان کرد بە نووسین. هەر کەسێک بەپێی چێژی خۆی و لەژێر کاریگەریی زمانە زاڵەکەی شوێنی ژیانیدا شتی دەنووسی. ئێستە وای لێ هاتووە بە ڕادەی ئەوانەی شت دەنووسن، ئێمە ڕێنووسی جیاوازمان هەیە. ئەم ڕەوتە ئێستەش هەر بەردەوامە. ئیتر ئەوانەی کە ماوەیەک بە ڕێنووسێک دەنووسن و بەوە خوو دەگرن، کاتێک پێیان دەوترێت ئەم خاڵە ئاوا بڕیاری لەسەر دراوە، بۆیان نامۆیە.

بە ڕای من ئێستەش تاکە لایەنێک کە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن پەرلەمانەوە ئەرکی پێ سپێردراوە هەر ئەکادیمیایە. ئەگەریش زۆر چالاک نەبن، هەر ئەو ڕێنووسە بنەمایەکی باشە. هەموو ئەوانەش ڕێنووسیان نووسیوە، هەر بە تێکڕا لە چوارچێوەی هەمان ڕێنووسدا باسی ڕێنووسیان کردووە. جیاوازییەکان هێندە زۆر نین کە گەورە بکرێنەوە. لە ڕۆژهەڵاتیش زۆر کەس لەسەر هەمان بنەما دەڕۆن. ئەگەر چینێکی تازە لەژێر کاریگەریی فارسیدا ڕێنووسەکەیان بەپێی ئەوان بگونجێنن، ئەوە با بزانن کە ئەوە، ڕێنووسە پێوەرەکە نییە. ئێمە پێویستە لەسەر یەک ڕێنووس خۆمان کۆ بکەینەوە، تا نووسینەکانمان بە شێوەی دیجیتاڵی بە یەک ڕادە بگەنە دەستی هەموو کەسێک. جا خۆمان بەپێی کام ڕێنووس یان کام تاکەکەس بگونجێنین؟ ئایا باشتر نییە ئەو ڕێنووسە بێت کە کۆدەنگیی لەسەر دراوە؟

هەر بڕیارێکی نوێ بۆ ڕێنووس بە شێوەیەکی فەرمی دەربچێت، ئەوە لە سایتەکەی مندا دادەنرێت.

داگرتنی بابەت