ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ
د. مەریوان وریا قانع

ئامادەکردنی: ساماڵ ئەحمەدی


دکتۆر مەریوان وریا قانع، نووسەر، ڕووناکبیر و توێژەری زانستە مرۆییەکان، ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی و لە بنەماڵەی ڕووناکبیر و فەرهەنگیی «قانع»ی شاعیر لەدایک بووە، چوار ساڵی یەکەمی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتیی لە شارۆچکەی سەیدسادق لە دەڤەری شارەزوور خوێندووە و ساڵەکانی دواتری قۆناغی بنەڕەتیی لە شاری سلێمانی و لە قوتابخانەی «شێخ سەلام» تەواو کردووە، قۆناغی ناوەندییشی لە قوتابخانەی «کانی ئاسکان» هەر لە سلێمانی خوێندووە و دواتر لە شاری هەولێر لە قوتابخانەی «کوردستان» قۆناغى ئامادەییی تەواو کردووە.


د. مەریوان لە زانکۆکانی سلێمانی و سەلاحەدین (هەولێر) و موستەنسریەی بەغدا خوێندوویەتی و ماستەری لە ئابووری و کارگێڕیدا بەدەست هێناوە. ساڵی ١٩٩٢ لە کوردستانەوە بەرەو ئەورووپا ڕۆیشتووە و لە ساڵی ١٩٩٣ـوە تا ئێستا لە وڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێیە و لەوێ بڕوانامەی ماستەری لە زانستی سیاسی و دکتۆرای لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دەست هێناوە و، ئێستاش لە بەشی «توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی» لە زانکۆی ئەمستردام مامۆستایە.


دکتۆر مەریوان وریا قانع دەربارەی کۆمەڵگا و مێژوو و قۆناغ و بوونی مێژووی کۆنکریتیی مرۆڤ و گرووپ و دیاردەکان و شیکردنەوەی هەندێک لە پچڕانەکانی ناو مێژووی سیاسی و کولتووری و دینی و فیکریی بەشێک لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵی توێژینەوە و نووسینە و چەندان نوسینی ئەکادیمیی بە زمانەکانی هۆڵەندی و ئینگلیزیی هەیە و، بەشێک لە نووسینەکانی کراونەتە عەرەبی و فارسی و لە کتێبخانەی کوردییشدا کتێبەکانی دیار و ناسراون و بەشدارییەکی هەمەلایەنەی لە گەشەدان بە فیکری ڕەخنەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە کوردستاندا هەیە و بێجگە لەوەی کە وتارەکانی لە بڵاوکراوەکانی کوردستاندا، لەوانە ڕەهەند و هاووڵاتی و ئاوێنەدا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرەکانی، کۆمەڵێک کتێبیشی لە کوردستان چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە بەشێکیان بریتین لە: ناسیۆنالیزم و کۆچکردن (کورد لە دیاسپۆرا)، دەسەڵات و جیاوازی، فەلسەفە، ئیسلام و ڕۆشنگەری، کۆمەڵگای خەونەکان،

دڵخۆشی و بێدەنگی، دین و دونیا،
کتێب و دونیا، سیاسەت و دونیا،
فیکر و فەلسەفە، شوناس و ئاڵۆزی و…


دەمەوێ بە باسی سیاسەتی زمانیی زاڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەست پێ بکەین کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە سایەی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و ئیسلامیی ئێراندا خوێندن بە زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان ڕێێ پێ نەدراوە. سیاسەتی زاڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەمیشە پێی وابووە کە تێڕوانینی مەعریفیی ئاخێوەرانی زمانی کوردی بۆ زمانەکەی خۆیان، ململانێیە لەگەڵ دەسەڵاتی ئێرانی (فارسی)، واتا ئەوان ڕۆڵی زمان لە سیاسەتدا وەکوو کەرەستەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتێک ئەژمار دەکەن کە شوناسی سیاسیی کوردی لە شوناسی سیاسیی ئێرانی جودا دەکاتەوە، جەنابت چۆن دەڕوانیتە ئەم بابەتە؟

سەدەی بیستەم بۆ میلەتی ئێمە سەدەیەکی تراژدییە، سەدەی گۆڕانی کوردە لە موسڵمانێکی سوننی‌مەزهەبی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە بۆ ”کەمینەیەکی ئەتنی“ی ناو چوار دەوڵەتی نەتەوەییی نوێ لە خۆرهەڵاتنی ناوەڕاستی دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا. ئەم دەوڵەتانەش بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی هاوبەشن کە دەرەنجامی گەورە و ڕاستەوخۆیان بۆ ژیانی کورد وەک میلەتێک هەبووە. بۆ نموونە، هەریەکێک لەم دەوڵەتانە نوێنەرایەتیی ناسیۆنالیزمێکی ئەتنی دەکات کە ناسیۆنالیزمی زۆرینەئەتنییەکەی ناو ئەو دەوڵەتەیە. دەوڵەتی تورکی لە تورکیادا نوێنەری ناسیۆنالیزمی تورکییە، دەوڵەت لە عێراق و سووریادا نوێنەری ناسیۆنالیزمی عەرەبییە و لە ئێرانیشدا دەوڵەت نوێنەری ناسیۆنالیزمی ئێرانییە، کە ناسیۆنالیزمێکی فارسییە و تیایدا زمانی فارسی زمانی سەروەر و تاکە زمانی ڕەسمیی وڵاتەکەیە و شیعەی دوانزەییش ئایینی ئەو دەوڵەتەیە. خاڵی هاوبەشی ئەم ناسیۆنالیزمانە لەگەڵ یەکدا ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمێکی داخراو و دەرکەرن، دەرکەری ئەنتنییە جیاوازەکانی ناو هەناوی ئەو دەوڵەتانەن بۆ دەرەوەی ئەو پێناسانەی ئەو ناسیۆنالیزمانە بۆ نەتەوە و دەوڵەت هەیانە. بە مانایەکی دیکە، ئەم ناسیۆنالیزمانە ناسیۆنالیزمێکی مەدەنیی دیموکراس و کراوە نەبوون و نین بتوانن شوێنی ئەو دۆخە ئەتنیی و دینی و زمانی و فەرهەنگییە پلورالە لەناو هەناوی خۆیاندا بکەنەوە. مۆدێلی باڵادەستی ناسیۆنالیزم لەم ناوچەیەدا مۆدێلێکی ئەڵمانیی بسمارکییە کە پێ لەسەر نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکی کولتووریی هاوشێوەی بێ جیاوازی و تواوە لەناو چوارچێوەکانی دەوڵەتێکی بەهێز و یەکگرتوو بە ناوی ئەو نەتەوەیەوە دادەگرێت. ئەو چوارچێوە گشتییانەی ئەم ناسیۆنالیزمانە پێشنیاری دەکەن، یان تواندنەوەی شوناسە ئەتنییە جیاوازەکانە، ئەوەی لە ئەدەبیاتی ناسیۆنالیزمدا ناوی ”ئامێزانکردنێکی بیمارانەی“ لێ نراوە، بە ئینگلیزی ”pathological homogenisation“ ، یاخود مامەڵەکردنی کەسانی سەر بەم ئەتنیانەیە وەک هاووڵاتیی پلە دوو و پلە سێ و مامەڵەکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیانە وەک ناوچەی ناحەز کە پێویستە لە پایتەختەکانەوە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەڕێوە ببرێن. هاوکات هەریەکێک لەو چوار دەوڵەتە، بە شێوازی جیاواز، دەوڵەتی دەسەڵاتگەر و لە زۆر دۆخدا دەوڵەتی سوپاسالار و ژەنراڵەکانی سوپا بوون. ئەم دەوڵەتانە کارێکی ئەوتۆیان بە ڕێزگرتنی ماف و جیاوازیی گرووپە ئەتنی و کولتوورییەکانی ناو سنوورەکانیانەوە نەبووە، سیاسەتی کۆنترۆڵکردن و چادوێریکردنێکی ئەمنی بەردەوام سیاسەتی باڵادەست بووە. ئەوەی ڕوو ئەدات بە مەرکەزیکردنێکی دەسەڵاتگەرانەی دەسەڵاتە کە سوپا جێبەجێکەری ژمارە یەکی ئەو پرۆسەیە. گوتاری یەکسانکردنی تازەبوونەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە ڕاستیدا گوتاری وێناکردنی مۆدێرنە خۆیشی بەم پرۆسەی بەمەرکەزی و بەناوەندیکردنەی دەسەڵاتە، ئەو تێگەیشتنەیە کە لەدوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتەکەوە بڵاو دەبێتەوە و دەبێت بە گوتاری باڵادەست. هاوکات ئەوەیش کە لە ئاستی ئایدیۆلۆژیادا باڵادەست دەبێت، فۆرمێکە لە داروینیزمی کۆمەڵایەتی، کە تیایدا کەسانی تری جیاواز بە کەمتر و نزمتر دەناسێنرێن و مامەڵە دەکرێن. لەم دۆخەدا هەموو داواکارییەک بۆ بەناسێنتەر و نامەرکەزیکردنی دەسەڵات، وەک دواکەوتوویی و کۆنەپارێزی و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و فیۆدالیزم ناو دەنرێت.
لەم دۆخەدا کە لە زۆر ئاستدا دۆخی هەوڵدانی تواندنەوەی کەمینە ئەتنییەکانە لەناو سیاسەت و خواستی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی باڵادەست و سەپێنراودا، تەنانەت داواکارییە کولتووری و فەرهەنگی و زمانییە سادەکانی ئەم کەمینانە، با واز لە داواکارییە سیاسییەکانیان بهێنین، وەک مەسەلەیەکی ئەمنی، مەسەلەی ئاسایش و هەڕەشەکردن لە دەوڵەتەکە وێنا کراوە. ئەمەش وای کردووە وەڵامی سەربازی و ئەمنی بە سادەترین خواست و مافی گرووپە ئەتنییەکان بدرێنەوە و ئەو مافانە بە شێوازی جیاواز بچەپێنرێن و بەلاوە بنرێن. خواستی نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی لە ئێراندا دەچێتە قاڵبی ئەم هەڕەشە ئەمنییەوە و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئێران وێنا دەکرێت. وەک وتم زمانی فارسی دەبێتە زمانی دەوڵەت، زمانی دەسەڵاتی سیاسیی سەروەر، زمانی حکوومەت و زمانی بەدەستهێنان و بڵاوکردنەوەی مەعریفە. بێگومان دۆخی زمانی کوردی لە تورکیادا زۆر ترسناکتر و نائینسانیترە، لەوێدا پلانی سیستماتیکی و پەلاماری هەمەلایەن بۆ سەر زمانی کوردی بە مەبەستی لەناوبردن و سڕینەوەی دەبێتە سیاسەتی دەوڵەت.

بە دیوی میلەتی خۆیشماندا داواکاریی خوێندن و نووسین و تەعبیرکردن بە زمانی دایک، کردنی زمانی کوردیی بە زمانێکی فەرمی، داننان بە زمانی کوردیدا وەک زمانی میلەتێک، هەمیشە بەشێک بووە لە وێنە و دیمەنێکی گەورەتر، دیمەنی وێناکردنی خود خۆی وەک خودێکی جیاواز و خاوەن ماف. خواستی داننان بە زمانی کوردیدا بەشێک بووە لە خواستی داننانێکی گەورەتر و فروانتر بە شوناسی میلەتی ئێمەدا وەک میلەتێکی جیاواز لەو میلەتانەی تر کە لەناو یەک جوگرافیادا بە یەکەوە دانراون. لە ساتەوەختی دروستکردنی ئەو چوار دەوڵەتەوە لە دوای هەڵوەشادنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە شتێکیش بە ناوی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە هەبووە و ئامادە بووە کە وەک ناسیۆنالیزمی تورکی و ئێرانی و عەربی، خاوەنی خواست و داواکاریی تایبەت بە خۆی بووە. ئەم خواستی دانپیانان و قبووڵکردنی جیاوازییە لە دیدی ئەو بزاوتە ناسیۆنالیستییەی کە هەبووە، بنەمای هەبوون و دەستەبەرکردنی کۆمەڵێک مافە کە نابێت پێشێل بکرێن. بەم مانایە خواستی هەبوون و بەکارهێنانی زمان، پەیوەستە بە خواستی وێناکردنی شوناسێکی دەستەجەمعییەوە کە ناسیۆنالیزمی کوردی دەیەوێت وەک شوناسی خۆی هەیبێت و بەکاری بهێنێت، پەیوەستە بە دانپیانانێکەوە گەورەترە لە داننان بە زماندا بەتەنها.

بە کورتییەکەی، لە هەردوو دۆخەکەدا، واتە هەم لە دۆخی ڕوانینی دەوڵەتەکان بۆ میلەتی ئێمە و هەم لە دۆخی ڕوانینی ئێمە خۆماندا بۆ خۆمان، زمان تەنها زمان نییە و نەبووە بەتەنها، تەنها ئامرازێکی سادەی قسەکردن و نووسین و بڵاوکردنەوە نەبووە و نییە، بەڵکوو یەکێک بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناسێکی دەستەجەمعیی گەورەتر کە خەڵک بە شوناسی ڕاستەقینەی خۆیانیان زانیوە. نە دەوڵەتی ئێرانی و نە دەوڵەتەکانی تری ناوچەکە کە کورد لە ناویاندا ژیاوە، زۆر بەزەحمەت نەبێت لانی کەمی ئەم خواستەیان قبووڵ نەبووە و زۆربەی جاریش وەک هەڕەشە و کێشەیەکی ئەمنی مامەڵەیان کردووە. داننەنان بە زماندا بەشێک بووە لە داننەنان بە بوونی شوناسێکی دەستەجەمعیی تایبەتدا، ئینکارکردنی زمانی کوردی، ئینکارکردنی کورد خۆی بووە وەک میلەتێکی تایبەت. بە دیوی ئەودیویشدا پێداگرتنی میلەتی ئێمە لەسەر زمانی خۆی وەک زمانێکی تایبەت، بەشێکە لە پێداگرتن لەسەر کوردبوون خۆی وەک شوناسێکی کۆیی تایبەت، کە پێویستی بە دانپیانان و ڕێزگرتن و پاراستن و گەشەکردن هەیە.


ژیل دولوز و فیلیکس گوتارای لە کتێبی ‹›کافکا، بەرەو ئەدەبیاتی کەمینە››دا بە جۆرێک باسی دەسەڵاتی زمان دەکەن و نموونە لەو کەسانە دێننەوە کە هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە لەسەر ئەوەی کە لە کڵێسا دوعای یەکشەممە بە زمانی فەرەنسا بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەوەی خەمی لەدەستچوونی کردەوە ئەفسانەیی-فەرهەنگییەکەی زمانی لاتینیانە، واتا خەمی لەدەستچوونی فۆرمە ئایینزایی، یان شێوە ڕاهێنانەکەی ئەو دەسەڵاتەیانە کە ئەو زمانە دایدەسەپاند و ئێستا کۆمەڵێک فۆرمی دیکە جێگاکەیان لێی گرتووەتەوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ئەمە بەڕاستی جێگرتنەوەی شوناسی سیاسییە، یان تێکەڵاوی و گۆڕانی شوناسە جیاوازەکانە؟


ئەوەی من لە دولوز و گوتارای تێگەیشتبم، بەرگـــــریکردنی بەردەوامی ئەو دوو نووسەرەیە لە جیاوازیی و پلورالیزم و پەراوێزەکان، لە شوێن و جێگە و گوتارە نافەرمییەکان، لە ناڕێکی لە بەرانبەر ڕێکیدا. دۆڵۆز لە دیدی کۆچبەرێکەوە سەیری جیهان دەکات، کۆچبەرێک کە شوێنی جێگیر و خاڵی جێگیر و سێنتەرێکی نەگۆڕی نییە لێیەوە سەیری جیهان بکات. جیهان خۆیشی وەک سێنتەرێک یان کۆمەڵێک سێنتەری سەرەکی نابینێت، بەڵکوو وەک دەیەها و سەدەها شوێنی جیاواز کە هەموویان لە فۆرمی تۆڕێکی ئاڵۆزدا بە یەکەوە پەیوەستن و هەمووشیان مافی جیاوازبوون و بوونی ئینسانیانەیان هەیە. بەشێکی بەرچاوی فیکری فەلسەفیی دوای بنیادگەری، فیکری بەرگریکردنە لە جیاوازی و لە ڕێژەیبوون و لە دەرچوون لە گوتارە ڕەسمی و باڵادەست و خاوەن هەیمەنەکان. لەم دۆخەدا بەرگریکردن لە کەمینە بەرگریکردنە لە سەرجەمی ئەو گوتارانەی کە گوتاری زۆرینە و خاوەن هەیمەنە دەیەوێت بێدەنگ، لاواز، پەراوێز، نەبینراو و نەبیستراویان بکات. بێگومان ڕێگرتن لەوەی گوتاری کەمینەکان بپووکێنەوە و لەناو ببرێن، کردەیەکی سیاسییە، بەڵام لە هەمان کاتدا کردەیەکی ئەخلاقیی هێجگار گرنگە، وەک چۆن بەشێکی دانەبڕاویشە لە ستراتیژیەتی بەگژاچوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵاتی خاوەن هەیمەنە و باڵادەست. لە پەیوەندیدا بە دۆخی میلەتی ئێمەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندیدا بە دۆخی خەڵکی کوردستانەوە لە ئێراندا، بەرگریکردن لە گوتاری کەمینە دوو ئاستی هەیە. یەکەمیان ئەو ئاستەیە کە ڕووی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتە مەرکەزی و شوناسە ئەتنییە باڵادەستە سەپاو و نادیموکراسەکەیە، گواستنەوەی ڕێزە لە کەمینەبوون بۆ ئەو ئاستی دەرەکییەی پەیوەندیی ئەو کەمینەیە بە دەوڵەت و شوناسی سەپێنراوەوە. هەرچی ئاستی دووهەمە، ئاستی پەیوەندیی ناوەکیی کەمینەبوونە بە کەمینەبوون خۆیەوە. ئێمە دەزانین لەناو هەر پارچەیەک لە پەرچەکانی کوردستاندا چەندان زمانی جیاواز لەپاڵ زمانی کوردیدا هەن و دەژین، زمانی کەمینەی ئەتنی و دینی و کولتووریی جیاواز. هاوکات زمانی کوردی خۆیشی چەندان شێوەزاری جیاوازی تێدایە کە هەندێکیان لە دۆخی کەمینەبووندان، وەک چۆن لە ئاستە دەرەکییەکدا خواستی ڕێزگرتنی جیاوازی و داننان بە پلورالیزمی زمان و دین و فەرهەنگدا پێویستە، بە هەمان شێوە لە ئاستە ناوەکییەکەیشدا هەمان ڕێزگرتن لە جیاوازی و لە کەمینەبوون بە هەمان ڕادە پێویستە. مرۆڤ ناتوانێت داوای ڕێزگرتنی زمانەکەی خۆی لەوانی تر بکات، بەڵام ئامادە نەبێت ڕێز لەو زمانانە بگرێت کە لەپاڵ زمانەکەی خۆیدا، وەک زمانی کەمینە، ئامادەن.


ئەگەر شوناس بە وەڵامی ئاگامەندانەی تاک، یان کۆمەڵگە بۆ هەر پرسیارێک دەربارەی خۆی دابنێین، بۆ نموونە، وەڵامی ئەوە بداتەوە کە کێیە، لە کوێوە هاتووە، چی بووە، ئێستا چییە، لە چ ڕەگەز و نەتەوەیەکە و چ ڕۆڵێکی لە شارستانیەتیی جیهاندا هەیە، ئەوە شوناس لەگەڵ زمان دەبنە دوو پاژی لێکدانەبڕاو لە پێکهێنانی ژێرخانی کۆمەڵگەی مرۆڤانە لە بواری پەیوەندییەکانی تاک و کۆمەڵدا، لێرەدا دەمەوێ بپرسم مرۆڤی کورد ئەگەر بیهەوێت لە بواری پەیوەندییەکانی خۆی و کۆمەڵگەکەی و جیهاندا داهێنەرانە بژی و بتوانێت بە جیهانی خۆیەوە لەسەر زەوی نیشتەجێ بێت، دەبێ چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ زمان بکات؟

بە بۆچوونی من شتێک نییە ناوی ”مرۆڤی کورد“ بێت بە ڕەهایی، هەر لە بنەڕەتیشەوە شتێک نییە ناوی کوردبوونێکی یەک فۆرم و یەک ناوەرۆک بێت. خەڵک لە وڵاتی ئێمەدا کوردبوونی خۆی بە شێوازی جیاواز و بە ناوەرۆکی جیاوازەوە دەژی. کورد هەیە فاشیستیانە بیر دەکاتەوە و کوردی تر هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە دژەفاشیستە. لە پەیوەندیدا بە زمانەوە دەکرێت وێناکردنی جۆرێک لە کوردبوون بکەین کە زمان بەشێک نەبێت لە مانا و پێناسەکانی ئەو کوردبوونە. مرۆڤ دەتوانێت کوردبوونی خۆی بژی بەبێ ئەوەی بتوانێت بە زمانی کوردی قسە بکات، یان کوردبوونی خۆی بە زمانێکی تر بژی و پەرە پێ بدات. ئەو گرێدانە میکانیکییەی کوردبوون بە زمانەوە ناڕاستە. هەر سەیری کوردانی باکوور بکە، بەشێکی بەرچاو لە کوردانی باکور، لە تورکیادا، ئەم دۆخی لێکدابڕانەی نێوان زمانی کوردی و خودی کوردبوون دەژین. لەناو کۆچبەرانی کوردیش لە خۆرئاوادا، ئەم دۆخی دابڕانی کوردبوونە لە زمان، ئاشکراتر دیارە. من لە زانکۆی ئەمستردام خوێندکاری کوردم هەبووە، لە نەوەی دووهەم و سێهەمی کۆچبەرانی کورد لەو وڵاتەدا، کوردبوون بەشێکی هێجگار گرنگیی شوناسی ئەوان بووە، بەڵام ئەوان توانای قسەکردنیان بە زمانی کوردی نەبووە. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت لە جیهاندا بە شێوەیەکی مانادار ئامادە بێت پێویستی بە زۆر شتی ترە زیاتر لە زمان، پێویستی بۆ نموونە بە هۆشیارییەکی ڕەخنەییە، پێویستی بە ئینتیمایەکی ئینسانییە بۆ خۆی و بۆ جیهان، پێویستی بە فۆرمە جیاوازەکانی خەمخۆریی هەیە بۆ خود و بۆ ئەوانی تر و… هتد. کە ئەمانە دەڵێم نامەوێت لە گرنگیی زمان لە دروستکردنی شوناسدا کەم بکەمەوە، بەتایبەتی لە دۆخی میلەتی ئێمەدا کە تا ئێستاش زمانەکەی لە زیاد لە بەشێکی کوردستاندا دانی پیادا نەنراوە و زمانەکە وەک بڤە و یاساغ و هەڕەشە، مامەڵە دەکرێت. بەدەستهێنانی مافی هەبوونی زمان و مافی بەکارهێنانی ئەو زمانە لە مافە هەرە سادەکانی مرۆڤە. تاوانی سەندنەوەی زمان لە کەسێک لە تاوانە گەورەکانی ناو مێژووە. بە بۆچوونی من، نوقسانییەکی گەورە لە مرۆڤبوونی مرۆڤدا دروست دەبێت گەر ئەو زمانە لە مرۆڤ سەندرایەوە کە دەیەوێت لە ڕێگایەوە بدوێت و خۆی بۆ خۆی و خۆی بۆ جیهان ڕاڤە بکات. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییانە مرۆڤ تەنها بە زمان ناژی، بۆ ئەوەی ژیانێکی مانادار بژین، هەمیشە زیاتر لە زمانمان پێویستە.

زمان هەم ئامرازی پەیوەندیکردنی مرۆڤە بە جیهانەوە، هەم ئامرازی دروستکردنی جیهانیشە. هەڵسوکەوتی ڕاستەقینە لەگەڵ زماندا هەڵسوکەوتە لە هەردوو ئاستەکەدا. مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگای زمانەوە دیالۆگ لەگەڵ جیهاندا بکات، خۆی شەرح بکات، ڕاڤەی دیاردەکان بکات، ماناکان بدۆزێتەوە، هاوکات دەشتوانێت مانا دروست بکات، پەیوەندی دروست بکات، گوتاری هەبێت، شوناس بەرهەم بهێنێت. بە مانایەک لە ماناکان لە ڕێگای زمانەوە واقیع دروست بکات. زمان وەک جودت بوتلەر دەڵێت، هێزێکی گەورەی دروستکردنی تێدایە. هەڵسوکەوتی دروست و بەرپرس و داهێنەرانە لەگەڵ زماندا هەڵسوکەوتە لەگەڵ هەردوو دیوەکەی زماندا.


کە باسی ژیان بە جیهانی تایبەتەوە لەسەر زەوی دەکەین، پێویستمان بە ڕاڤەکردنی بوونناسانە (ئۆنتۆلۆژییانە) دەبێت، ئەگەر زمان و بیرکردنەوە پێشمەرجی ڕاڤەکردنی بوونناسانە بن، بۆ ڕاڤەکردنی هەبوونی کوردانە ئەوەی لە کەرەستەی بیر و زمان لەبەردەستماندا بێت، بە لانی زۆرەوە دەقە زارەکییە ئەدەبییەکانە و دواتریش دەقە کلاسیک و نووسراوەکانمان کە تا ئەمڕۆ تەمەنیان چەند سەدەیەکە، لێرەدا دەمەوێ بپرسم زمان و بیرکردنەوە لە ئەدەبیاتی زارەکی و نووسراوی کوردیدا تاکوو چ ڕادەیەک توانیویەتی بەلای وەڵامی پرسیارە گرنگەکەی هەبوونناسیی کوردددا بچێت کە هایدگەر، فەیلەسووفی ئەڵمانی پێی دەڵێت «پرسیاری بوون»؟

من زۆر بەینم لەگەڵ فەلسەفەدا نەماوە، بەتایبەتی ئەو جۆرە لە فەلسەفە کە ڕێی کەوتۆتە ناو دونیای ڕۆشنبیریی ئێمەوە، هەروەها بەینم لەگەڵ ئەو جۆرە نووسینانەی ناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا نەماوە کە خۆیان وەک نووسینی فەلسەفی نمایش دەکەن، باوەڕیشم بەوە نییە بۆ ئەوەی باسی ”ژیانێکی تایبەت“، یان لە بوونی ”ژیانێک بکەین کە خاوەنی جیهانێکی تایبەت بێت“ بە ناچاری پێویستمان بە ڕاڤەکردنێکی ئۆنتۆلۆژیانە بێت. لەناو فیکری فەلسەفیی سەدەی بیستەمیشدا زیاتر گرنگی بە فیکری دوو فەیلەسووف ئەدەم کە هانا ئارێنت و میشێل فوکۆن، ئەوانیش هەردووکیان خۆیان وەک فەیلەسووف نەدەناساند. بە هەرحاڵ، من لەباتی خۆخەریکردن بە ئۆنتۆلۆژیاوە، سەرقاڵی خۆخەریکردنم بە کۆمەڵگا و مێژوو و قۆناغ و بوونی مێژووی کۆنکریتیی مرۆڤ و گرووپ و دیاردەکانەوە، بەتایبەتیتر خەریکی شیکردنەوەی هەندێک لە پچڕانەکانی ناو مێژووم، ئەویش مێژووی سیاسی و کولتووری و دینی و فیکریی بەشێک لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە. لەمەش بترازێت باوەڕم بە شتێک نییە ناوی ”ئۆنتۆلۆژیای کوردی“ بێت، یان ئەوەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا ناوی ”هەبوونناسیی کورد“ی لێ دەنێن. ئەگەر شتێک هەبێت ناوی ”ئۆنتۆلۆژیا“ بێت، ئەوا ئۆنتۆلۆژیایەک نییە بەسەر گرووپە ئەتنی و نەتەوەییەکاندا دابەشی بکەین. بە بۆچوونی من شتێک نییە ناوی ”ئۆنتۆلۆژیای کورد“ یان ”عەرەب“ یان ”فارس“ و یان ”تورک“، یان هەر نەتەوەیەکی تر بێت. ئۆنتۆلۆژیا بۆیە ئۆنتۆلۆژیایە چونکە بەشێکە لە میتافیزیکا و لە دەرەوەی مێژوو و لە دەرەوەی بوونە نەتەوەیی و دینی و ئەتنییە کۆنکریتەکاندا ئامادەیە. ئەگەر ئۆنتۆلۆژیا فیکرێک بێت بیەوێت ”جەوهەری“ بوون، یان واقیع نیشان دات، ئەوا من هەر لە سەرەتاوە باوەڕم بەوە نییە بوون، یان واقیع جەوهەریان هەبێت. ئەوەی هەیە مرۆڤ و کۆمەڵگا و مێژووە، ئەم سیانەش هیچ کامکیان جەهەوری نییە. بە هەرحاڵ، من ئەم فۆرمە لە قسەکردن لەسەر کێشە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان بەڕاست نازانم و لێ گەڕێ شتەکان لە ئاستی ئامادەگییە مێژووییەکانیاندا ببینین.

بەر لە هەموو شتێک من پێم وانییە دەقە ئەدەبییە کلاسیکییەکانی ئێمە دەقی ”زارەکی“ بن، ئەگەر شیعرەکانی بابە تاهیری هەمەدانی بە شیعری کوردی بزانین، ئەوا لە بابە تاهیرەوە بۆ سەر ئەحمەدی خانی و لەوانیشەوە بۆ سەر مەولەوی و نالی و سالم و کوردی و حاجی قادر و زۆرانێکی تر، ئێمە لەبەردەم ئەدەبیاتێکی زارەکیدا نین، بەڵکوو لەبەردەم تێکستی ئەدەبی و فەرهەنگیی گرنگداین کە زۆر جار تێگەیشتن لێیان قورسە و پێویستی بە شارەزاییەکی تایبەت لە فێرگە ئەدەبییە کلاسییکیەکان و لە مێژووی دین هەیە. بۆیە بە بۆچوونی من، پێویستە ئەو بەرهەمانە وەک تێکستی نووسراو بیانخوێنینەوە و مامەڵەیان بکەین، نەک ئەدەبیاتێکی زارەکی. پرسیاری بوون خۆیشی، بەو شێوەیەی من تێی گەیشتوم، هەمیشە پرسیارێکی مێژووییە، من باوەڕم بە شتێک نییە لە دەرەوەی مێژوودا بوونی هەبێت. کۆمەڵگای ئێمە، وەک زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی تری جیهان، لە سەردەمی مێژووییی جیاوازدا هەڵگری پرسیاریی جیاواز و ڕوانینی جیاواز و دیدی جیاواز بووە، مرۆڤ و گرووپ و شێوازی پێکەوەبوونی جیاوازی تێدا بووە. با دوور نەڕۆین و بۆ دوو سەدەی ڕابردوو، سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیستەم بگەڕێینەوە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا پرسیاری سەرەکیی بەشە خوێندەوارەکەی ئەوەی ئێمە ئەمڕۆکە بە کۆمەڵگای کوردیی دەزانین، تێکەڵێکە لە پرسیاری دینی و ئەتنی، مەولانا خالید سەرقاڵی بەکوردیکردنی زمانی ئیسلامە وەک دین و نالی خەریکی بەکوردیکردنی زمانی شیعر و ئەدەبیاتە. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا پرسیاری سەرەکی لای هەردوو نوخبەکە، هەم نوخبە دینییەکە و هەم نوخبە ئەدەبییەکە، چیی دی پرسیارەکانی نالی و مەولانا خالید نییە، بەڵکوو دەبێت بە پرسیار دەربارەی پێگەی سیاسی و شارستانیی کورد لەناو ئەو جیهانە تازەیەدا کە دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاتنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوە دروست دەبێت، جیهانێک تەواو تازە، هەم تەحەدا سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی تازەیە، هەم تەحەدا ئەمنییەکانی، هەم فۆرمەکانی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیشی. پیرەمێرد و بێکەس و قانع وەک نالی و سالم و کوردی قسە ناکەن و گۆرانیش هیچ شتێک نایباتەوە سەر مەولانا خالید. لە پشتی ئەم گۆڕانکارییانە لە نووسین و ئەدەبیاتدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تر هەن لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و ئەخلاقیدا کە بەداخەوە لێرەدا مەودای باسکردنیمان لەبەردەستدا نییە.


لە پەیوەندیدا بە مێژوو خۆیشییەوە، ئەو میتۆدەی کە من بۆ سەیرکردنی مێژوو بەکاری دەهێنم، میتۆدی ‹›ژینیالۆژیا››یە، ئەوەی دەشێت بە ‹›ڕەچەڵەکناسی›› ناوی ببەین. ژینیالۆژیا بەو شێوەیەی لای فەیلەسووفی فەرەنسی میشێل فوکۆ ئامادەیە. ژینیالۆژیاش لە پەیوەندیدا بە دیاردە و دەزگا و زمان و گوتارەکانی ناو مێژوەوە، پێ لەسەر دابڕان و بچڕان و گۆڕانکاری دادەگرێت، نەک دووبارەبوونەوە و بەردەوامی. ئەم دیدگا مەنهەجییە تایبەتە وا دەکات من باوەڕم بەوە نەبێت کە گوایە مێژووی ئێمە و مێژووی هەر میلەتێکی دیکە، مێژووی خۆدووبارەکردنەوە و بەردەوامی بێت. بە پێچەوانەوە، من مێژووی ئێمە، مێژووی بوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی خۆمان، وەک زنجیرێک لە پچڕانی بەردەوام دەبینم. گەر جارێکی تریش تەنها سەیری شیعری کوردی بکەینەوە، دەبینین هیچ شتێک شیعری نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمی ناو ئەدەبیاتی ئێمە بە شیعری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی ئێمەوە نابەستێتەوە. هیچ شتێکیش شیعری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم بە شیعری کوردیی پەنجا ساڵی ڕابردووە گرێ نادات. پچڕان و دابڕانەکان لەم بوارەدا زۆر بە ئاشکرا دیارە، لە بوارەکانی تریشدا هەمان شت ئامادەیە، بەڵام بۆ بینینیان پێویستمان بە لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردنی زانستی و میتۆدییانە هەیە.


هەرچی ئەدەبی زارەکیی ئێمەشە، ئەدەبێکە تا ئەمڕۆکە بە شێوەیەکی زانستی و لەپاڵ دەسکەوتە گەورەکانی ناو زانستە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکاندا نەخوێندراوەتەوە، پرسیارە سەرەکییەکان و نیگەرانییەکانی ناو ئەم ئەدەبیاتە زارەکییە نەزانراون، نازانین ئەم ئەدەبیاتە هەڵگری کام دید و ڕوانینە بۆ ژیان و مردن، ئەو تەحەدا سەرەکییانە کامانەن کە لەم ئەدەبیاتەدا دەشێت بدۆزرێنەوە؟ ئەم ئەدەبیاتە چ وێنەیەک لەسەر کورد خۆی و لەسەر جهیان نیشان ئەدات؟ مژدەکانی ناوی چین؟ ترسەکانی کامانەن؟ خۆشنوودی و بەختەوەرییەکانی چین و… هتد بە کورتییەکەی پێم وایە، ئەدەبیاتی ئێمە، هەم تێکستە سەرەکی و گرنگەکانی و هەم ئەدەبیاتی زارەکی، شتێکی زۆرمان لەسەر قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی ئەو کۆمەڵگایە و لەسەر خەم و ترس و چاوەڕوانییەکانی لە هەر یەکێک لەو قۆناغانەدا پێ دەڵێن. کەس هێندەی دیوانە شیعرییەکەی حاجی قادری کۆیی و دیوانەکەی مەحوی شتی گرنگمان لەسەر قەیران و تەحەدا و دابەشبوونەکانی سەدەی نۆزدەهەمی مێژووی خۆمان پێ ناڵێت. یەکەمیان خەریکی بنیادنانی نەتەوە و بوونی پێکەوەیی ئێمەیە لە شیعردا و دووهەمیان خەریکی بنیادنانی خودێکی تاکەکەسیی ئەخلاقی و بەرگریکارە لە شیعرەکانیدا. هەردووکیشیان دوو دیوی هێجگار گرنگی مێژووی ئێمەن لەو سەدەیەدا.


دەمەوێ ئاوڕێک بدەینەوە لە سەرەتای باسەکەمان کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتی زاڵ پێی وایە تێڕوانینی مەعریفیی ئاخێوەرانی زمانی کوردی بۆ زمانەکەی خۆیان، ململانێیە لەگەڵ دەسەڵاتی ئێرانی کە مەبەستی سەرەکییان دەسەڵاتی سیاسی و کولتوورییە، لێرەدا دەمەوێ مەسەلەکە لەنێو خودی زماندا تاتوێ بکەین، ڕۆڵان بارت لە جێیەکدا وەکوو دەسەڵات، بەڵام دەسەڵاتێکی فاشیست باس لە زمان دەکات، ‹›فاشیزمێک کە گوتن قەدەغە ناکات، بگرە گوتن دەکاتە ناچاری››، با نموونە لە کەیسەکەی مامۆستا زارا محەمەدی وەرگرین کە لەسەر فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد پێنج ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە زیندانە، ئاخۆ ئەوە دەسەڵاتی زمانە مامۆستا زارای ناچار بە گوتن (بە کوردی) کردووە؟

پێم وایە ئەو ڕوانینەی بارت بۆ ”فاشیزمی زمان“، یان بۆ زمان وەک ”فاشیستێک“، بۆ لێکدانەوە و قسەکردن لەسەر کردە مێژووییەکەی مامۆستا زارا محەمەدی ناگونجێت. ڕوانینەکەی بارت سەر بە بواری ڕەخنەی ئەدەبیات و دیدێکی ڕۆمانسیانەیە بۆ ئەدەب، هەرچی کردەکەی زارا محەمەدییە کردەیەکی بەرگریکاری شۆڕشگێڕانەیە کە تیایدا کەسێک بەگژ کۆمەڵێک گوتار و فشار و میکانیزمی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردندا دەچێتەوە، سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت ڕەفز دەکات و شتێک ئەنجام ئەدات ناکۆک بە جەبر و فشارەکانی ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی. لە سەرێکی دیکەوە، ئەو کردەیە تەکنیکێکی تایبەتی دروستکردن و پاراستنی کەسایەتی لە خود خۆیدایە وەک کەسێکی ئازاد و بەرپرسیار لەبەردەم خود خۆیدا. فاشیزمی زمان لای بارت پەیوەندیی بە سانسۆرەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە فشارە ناوەکییەکانی زمان خۆیەوە هەیە، بە ناچارکردنی مرۆڤەوە بۆ گوێڕایەڵیکرن بۆ ڕێزمان و لۆژیکی ناوەکیی ئیشکردنی زمان خۆی. مرۆڤ ناتوانێت زمانی چۆن ویست بەو جۆرە بەکاری بهێنت، کە قسەی کرد، یان کە نووسیی، دەبێت ڕێزی یاساکانی زمان و ڕێزی ڕێزمان و ڕێزی لۆژیکی ناوەکیی زمان بگرێت. بە کورتییەکەی، زمان لە دیدی بارتدا مرۆڤ ناچار دەکات بە جۆرێکی دیاریکراو بئاخڤێ، ئاخاوتنێک کە زمان و تێگەیشتنی باو و ئیشکردنی ڕۆژانەی زمان ئاراستەی دەکات. دەسەڵات لای بارت و لە پەیوەندییدا بە تێزی ”فاشیزمی زمانەوە“ دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەو دەسەڵاتە ئەدەبی و فەرهەنگی و ڕەمزییەیە کە دەستنیشانی ئەوە دەکات چی بگوترێت و بە چ شێوەیەکیش بگوترێت. لای بارت تێزی فاشیزمی زمان هەوڵدانێکە بۆ نیشاندانی ئەدەبیات وەک سەرزەمینی ڕاستەقینەی ئازادی، چونکە تەنها ئەدەب ئەتوانێت بەسەر ڕێزمان و بنیاد و شێوازی باڵادەستی بەکارهێنانی زماندا سەر بکەوێت و جۆرێکی تر، جۆرێکی ئازاد، لە بەکارهێنانی زمان پیادە بکات. بە مانایەکی دیکە، زمان لای بارت فاشیستە بەو مانایەی بوونێکی سەربەخۆی هەیە و مرۆڤ بە جۆرێکی تایبەت لە قسەکردن ناچار دەکات، ئەوەی ئەدەبیات، لە دیدی بارتدا، ئەنجامی ئەدات شکاندنی ئەم سەربەخۆییەی زمان و بەخشینی مانایەکە بە دەستەواژە و گوزارە و ڕستەکان، جیاواز، لەوەی زمان خۆی دەیەوێت. بەم مانایە ئەو ڕووبەرەی کە دەتوانێت بەگژی فاشیزمی زماندا بچێتەوە، ئەو ڕووبەرەی تیایدا زمان لە فاشیزمە ناوەکییەکەی ڕزگار دەکرێت، ئەدەبیاتە. من ئەم دیدەی بارت بۆ بە فاشیست ناسینی زمان و وێناکردنی ئەدەبیات وەک سەرزەمینێک دژ بەم فاشیزمە بە تێزێکی تەواو ڕۆمانسی دەزانم و وەک زۆر پێوەنان و موبالەغەیەکی گەورەش دەیبینم. بە هەرحاڵ، ئێرە شوێنی قسەکردن لەسەر ئەم تێزە تایبەتەی بارت نییە. ئەوەی پەیوەندیی بە زارای محەمەدییەوە هەیە گوێڕایەڵی نییە بۆ ئەو فاشیزمە ناوەکییەی زمان کە بارت گریمانی دەکات، تەسلیمبوون بە ئیرادەی زمان نییە، ئەوە زمان نییە ئەم خانمەی ناچار کردبێت بەو شێوەیە بجووڵێتەوە و ئەو مۆدێلە لە کردەی بەرگریی نیشان بدات، ئەوەی زارا محەمەدی ئەنجامی ئەدات دەرەنجامی زاڵبوونی هۆشیارییەکی سیاسی و ئەخلاقی و ئینسانییە بەسەر کۆی ڕەگەزەکانی ئەو ژینگە پڕفشار و پڕکۆنترۆڵ و دیسپلینکردنەدا کە ئەو لەناویدا دەژی و دەجووڵێتەوە. لای زارا محەمەدی زمان نەک وەک فاشیستێک ئامادە نییە، بەڵکوو ئامرازی بنیادنان و هێزی دروستکردنی شوناس و کەسایەتییەکی بەرگریکارە، ئەوەیشی زمان لەو ئاستەدا دەخاتە گەڕ خودی زمان خۆی نییە، بەڵکوو خودێکی مێژوویی تایبەت و بەرگریکارە کە هۆشیارانە لەسەر خۆی و لەسەر ئەو ژینگەیە کار دەکات کە تیایدا دەژی. زمان لای زارا محەمەدی ئامرازی هەوڵدانێکی تاکەکەسیی بەرگریکارانەیە، بۆ دەرچوون لە فشارەکانی شوناسێکی سەپێنراو و کردنەوەی پەنجەرەیەک بە ڕووی شوناسێکی نوێدا کە خود خۆی بەشدارە لە دروستکردنیدا. بەم مانایە زمان لای ئەم خانمە بەشێکە لە پرۆسەی بەگژاچوونەوەی سیستمێکی دەرەکی کە لەسەر قەدەغەکردن و کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنی تاکەکەسی و دەستەجەمعی، کار دەکات. لای زارا، ڕێک بەپێچەوانەی ڕۆناڵد بارتەوە، زمان نەک فاشیست نییە، بەڵکوو ئامرازێکێ هێجگار سەرەکی و بنەڕەتیی بەگژاچوونەوەی ”فاشیزم“ە.


مامۆستا، کە دەسەڵاتی زمان، مرۆڤ ناچار بە گوتن دەکات، لەم سەردەمەدا، یان ڕوونتر بڵێین لە سەردەمی دوای مۆدێرنیتێدا کە شێوەیەکی نوێی ژیان و ڕەفتاری مرۆڤانە لە فۆڕمی لۆژیکی زانستی و ڕێکخستنی تەکنیکی و پیشەسازیدا لەگەڵ شێوەیەکی تازەی دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە کولتووری تایبەتی ئەو دامەزراوانەوە لە جیهاندا هاتووەتە ئاراوە، ئاخۆ گوتن بە زمانی کوردی، وەک زمانێکی سروشتی کە خاوەنی پێکهاتەیەکی بڕگەیی، وشەیی و ڕێزمانیی تایبەت بە خۆیەتی و ئەم تایبەتمەندییەیش لە زمانانی دیکەی جودا دەکاتەوە، بۆ گوتن لە دنیای مۆدێرندا هیچ تەنگژەیەکی دێتە بەر؟ بۆ نموونە لە زمانی زانستەکانتەکاندا؟ ئەگەر وایە، دەسەڵاتی زمان چۆن ڕووبەڕووی ئەو تەنگژەیە دەبێتەوە؟

بە بۆچوونی من، ئەوە ”دەسەڵاتی زمان“ نییە کە ”مرۆڤی کورد ناچار بە گوتن دەکات“، وەک ئێوە لەم پرسیارەدا گریمانی دەکەن. من لە وەڵامی پرسیاریی پێشودا نیشانم دا ئەم تێزە ”بارت“ییە چ کێشەیەک دروست دەکات کاتێک لە بواری ئەدەبیاتەوە دەگوازرێتەوە بۆ بواری کردەی مێژوویی، بەتایبەتی کاتێک لە دەگواسترێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر جۆرێک لە کردەی بەرگریکردن کە بە بۆچوونی من ئەوە خودی کردەی بەرگریکردنەکەیە مانا بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی زمانەکەش دەبەخشێت. لە دیدی مندا هاوکێشەکە پێچەوانەیە، ئەوە جەبرەکانی زمان نییە بکەرە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکە دەهێنێتە قسە، بەڵکوو ئەوە بکەرە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکە مانایەک بە گەڕاندنەوە بۆ ئەو زمانە و بەکارهێنانەکانیشی دەبەخشێت. بە بۆچونی من، ئەوەی لەسەر زارا محەمەدی وەک تاکەکەس وتم لە ئاستی دەستەجەمعیشدا ڕاستە. زمانی کوردی قسەکەرەکانی نەبووایە، ئەوانەی هەوڵێکی زۆر و خەباتێکی زۆریان کرد بۆ هێشتنەوە و بەکارهێنان و پێشخستنی، ئێستا ڕەنگە بوونی نەمایە، مردبایە، یان لەم فۆرمانەی ئەمڕۆیدا و بەو مانایانەوە کە ئێستا هەڵگریەتی، بوونی نەبووایە. زمانەکە خۆی لە دەرەوەی سیاقی بەناوکیکردن و فێربوون و بەکارهێنانیدا نەک تەنها مانایەکی نامێنێت، بەڵکوو بوونی فیزیایانەی خۆیشی دەکەوێتە مەترسییەوە. لە مێژوودا زۆر زمان هەن مردوون و کۆتاییان پێ هاتووە. ئەو مێژووەش کە زمانی کوردیی کردووە بەو زمانەی ئەمڕۆکە قسەی پێ بکەین، پەیوەندیی بە خودی زمانەکە و ”دسەڵاتی زمانەکەوە“ نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە بکەر و هەڵگرانی زمانەکە و چۆنیەتیی کارکردنیان بۆ هێشتنەوە و پاراستن و پێشخستنیەوە هەیە. ئیرادەیەکی ئینسانیی تاکەکەسی و دەستەجەمعی لە پشتی مانەوەی زمانی کوردییەوە هەیە کە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی زمانەکە خۆیەوە نییە. بەتایبەتی گەر ئەو ڕاستییانەمان بەرچاو گرت کە ئەم زمانە لە سەدەی بیستەمدا دەکەوێتە بەر هێرش و پەلامار و پرۆژەی سڕینەوە و کوشتن و لاواز و پەراوێزخستنەوە.

بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان باس لە تواناکانی زمانی کوردی دەکات لە بەدەمەوەچوونی پێداویستیی و گۆڕانکارییەکانی دونیای مۆدێرن، یان پرۆژەی مۆدێرنە. ئێوە دەپرسن ئایا ئەم زمانە دەرەقەتی تەحەدا تەکنیکی و زانستیی و فیکرییەکانی ئەو دونیایە دێت، یان نا. ئایا کوردی وەک زمانێک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی ئەو تەحەدا و تەنگەژانە ببێتەوە؟


سەرەتا دەبێت لەو خاڵەوە دەست پێ بکەین کە زمان، هەموو زمانێک، بە زمانی کوردییشەوە، بوونەوەرێکی زیندووە، دەگۆڕێت و تازە دەبێتەوە و پێش دەکەوێت، دەچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ ڕابردووی خۆی و لەگەڵ زمانەکانی تر و لەگەڵ گەشەی گشتیی کۆمەڵگا و گەشەی ئەو سەردەمە مێژووییەوە کە لەناویدا ئامادەیە. لە دوو سەدەی ڕابردوودا زمانی کوردی، لانی کەم ئەم شێوەزارەی کە بە سۆرانی ناسراوە، گۆڕانی هێجگار گەورە و هەمەلایەنی بەسەردا هاتووە. لە زمانی شیعری نالییەوە بۆ زمانی شیعری شێرکۆ بێکەس و دوای شێرکۆ بێکەسیش، گەشەیەکی هێجگار هێجگار گەورەی بەسەردا هاتووە. لە گەشەی زمانی مەولانا خالیدەوە کە بۆ یەکەم جار بە زمانی کوردی ئیسلام لە تێکستدا بۆ خوێنەرەکانی شی دەکاتەوە، بۆ سەر ئەو زمانەی من و تۆ ئەم چاوپێکەوتنەی پێ ئەنجام ئەدەین، دیسانەوە گۆڕانێکی هێجگار گەورە دروست بووە. زمانی قسەکردنمان لەسەر کایەی سیاسەت، لەسەر ئەدەب، لەسەر کۆمەڵگا، لەسەر ئابووری، تەنانەت لەسەر دین خۆیشی گۆڕانی هەمەلایەنیان بەسەردا هاتووە. زمانی ڕۆژنامگەریی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی ١٨٩٨دا، بەراورد ناکرێت بە زمانی ڕۆژنامەیەکی وەک ئاوێنە، یان هاووڵاتی کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروست دەبن. زمانی باسکردنی ئینسنای ئێمە بۆ خۆیشی و بۆ کۆمەڵگاکەی و بۆ جیهان گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە. من باوەڕم بەو تێزانە نییە کە پێیان وایە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە، بە کۆمەڵگای خۆیشمانەوە، نەگۆڕاون و لەناو خۆ دووبارەکردنەوەیەکی ئەبەدیدا چەقیون. یان بنیادێکی خۆرهەڵاتیی گریمانکراوی نەگۆڕ هەیە لە کۆنی کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ بەردەوامە و شتەکان وەک خۆیان دووبارە و سەدبارە دەکاتەوە. ئەم جۆرە ڕوانینە توانا و حەوسەڵەی بینینی هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکیان نییە، جا چ گۆڕانکاریی گەورە، چ گۆڕانکاریی بچووک. لە پەیوەندیدا بە زمانی کوردییەوە، پێم وایە ئەو زمانەی ئەمڕۆکە ئێمە پێی ئەدوێین و ئەنووسین، ئەو زمانەی بەهۆیەوە ئیش لەسەر خۆمان و لەسەر ئەو ژینگەیە دەکەین کە تیایدا دەژین، توانای بەدەمەوەچوونی ئەو کێشە و گرفت و تەحەدا سەرەکییانەی هەیە کە کۆمەڵگای ئێمە دەرگیریانە، وەک چۆن توانای تەعبیرکردنی لە بەشێکی گەورەی ئەو خەون و چاوەڕوانیانەش هەیە کە هەن و لە ئارادان. لێرەشدا ئەوەی دەستنیشانکەری ژمارە یەکی دۆخ و تواناکانی زمانەکەیە، خودی زمانەکە خۆی نییە، بەڵکوو ئەو کەسانەن کە ئەو زمانە بەکار دەهێنن.


ئارنست ڕێنان لە سەدەی نۆزدەهەمدا باوەڕی وا بوو کە زمانە سامییەکان، لە ناویشیاندا زمانی عەرەبی، زمانێک نین مرۆڤ بەهۆیانەوە بتوانێت بفەلسەفێنێت و فەلسەفە بەرهەم بهێنێت، بەڵام زمانە ئەورووپاییەکان ئەو توانایەیان تێدایە. ئەمڕۆ کەسێک نادۆزینەوە باوەڕی بەم جۆرە گوتارە ڕاسیستییە هەبێت و حوکمی لەو شێوەیە بەسەر ئەم، یان ئەو زماندا بدات.



یەکێک لەو ڕێگایانەی کە زمان پێیدا دەچێتە قەڵەمڕەوی زمان و کولتوورەکانی دیکەوە، وەرگێڕانە و، لە سەردەمی مۆدێرنیتێشدا لڤینی زۆربەی کولتوورەکانی جیهان، بەرهەمی پەیوەندیی نێوان زمان و کولتوورە جیاوازەکانە و وەرگێڕان میکانیزمی ئەو جۆرە پەیوەندییانە، لەم ساڵانەی دواییدا کتێبخانەی کوردی، زۆر کتێبی وەرگێڕدراو لە زمانانی دیکەی تێ هاتووە، کاک دکتۆر مەریوان، جەنابت پێت وایە وەرگێڕان کاریگەریی لەسەر کرانەوەی زمانی کوردی بە ڕووی جیهانی نوێدا هەبووە؟

بە بۆچوونی من، هەر ڕۆشنبیری و فەرهەنگێک وەرگێڕانی تێدا نەبێت، مەحکوومە بە جۆرێک لە مردنی لەسەرخۆ. وەرگێڕان دەستگرتنی کولتوور و فەرهەنگەکانی ترە بۆ هێنانیان بۆ ناو کولتوور و فەرهەنگی خود خۆی و لەم ڕێگایەشەوە تازەکردنەوە و دەوڵەمەندکردن و پێشخستنی ئەو خودە. وەرگێڕەکان بکەری ڕۆشنبیری و کولتووریی گرنگن، ئەو کەسانەن کە وشە و مانا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لێدەخوڕن. بێگومان وەرگێڕانی باش تەنها گواستنەوەی وشە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر نییە، بەڵکوو هێنانی فەرهەنگ و کولتوورێکە بۆ ناو فەرهەنگ و کولتوورێکی دیکە. گوتەیەکی جوانی نووسەری ئیتالی، ئیتالۆ کالڤینۆ هەیە کە دەڵێت، ”بەبێ وەرگێڕان من بە سنوورەکانی وڵاتەکەی خۆم سنووردار دەکرێم، وەرگێڕەکان گرنگترین هاوڕێکانی منن، ئەوان من بە جیهان دەناسێنن.»
ڕۆشنبیریی ئێمەش لە سەرەتای سەرەتاکانییەوە سەروسەودای لەگەڵ زمانی تر و کولتووری تردا هەبووە. یەکێک لە یەکەمین کتێبەکانی ناو دونیای ڕۆشنبیریی ئێمە لە سەدەی نۆزدهەمدا ”فەرهەنگی ئەحمەدی“ی کاک ئەحمەدی شێخە کە وەرگێڕانی وشە عەرەبییەکانە بۆ کوردی. سەدەی بیستەمیش، بە مانایەک لە ماناکان، سەدەی وەرگێڕانی زیاد لە تەوژم و بوارێکی فیکری و ئەدەبییە بۆ سەر زمانی کوردی. ڕاستە پرۆسەی وەرگێڕان لە زمانەکانی ترەوە بۆ زمانی کوردی، بە بەراورد بە وەرگێڕان بۆ زمانەکانی تری وەک عەرەبی و فارسی و تورکی، تا قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا لاوازترە. بەڵام لە پانزە ساڵی ڕابردوودا دۆخێکی تەواو نوێ هاتۆتە کایەوە، بزووتنەوەیەکی گەورەی وەرگێڕان لە هەرێمی کوردستاندا دروست بووە و ژمارەیەکی هێجگار زۆر کتێب ورگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی. هەندێک جار لە هەندێک زمانەوە کە پێشتر تێکستی بەو زمانە نووسراوانە ڕێیان نەکەوتۆتە ناو ڕۆشنبیریی ئێمەوە، بۆ نموونە، وەرگێڕان لە زمانە ئەسکەندەنافیاکانەوە، لە سویدی و نەرویجی و دانیمارکییەوە. وەرگێڕانیش، ئەگەرچی تا ئێستاش، هەر بواری وەرگێڕانی ئەدەبیات زاڵە بەسەریدا، بەڵام لە بوارەکانی تریشدا هەیە و ئامادەیە. لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی وەک فرۆید و فوکۆ و دێ بۆڤوار و ئەوانی تریش وەرگێڕدرانە سەر زمانی کوردی. ژمارەیەکی گەورە لە وەرگێڕ دروست بوون کە زمانە جیهانییەکان دەناسن و هەندێکیان توانایەکی باشیان لە وەرگێڕاندا هەیە. بەڵام هاوکات وەرگێڕان ئەمڕۆکە بۆ زمانی کوردی لە قەیرانێکی بەرچاو و هەمەلایەندا دەژی. بەشێکی بەرچاوی ئەو کتێبانەی وەردەگێڕدران لەلایەن کەسانێکەوە وەردەگێڕدرێن کە شارەزای ئەو بوارانە نین کە ورگێڕانەکەی تیادا ئەنجام ئەدەن. هەرکەسێک ئەڵمانیی زانی، ناتوانێت فیکری فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی لە ئەڵمانییەوە بکات بە کوردی. ئەوەی ئینگلیزیی زانی، مانای ئەوە نییە فەلسەفەی ئەنگلۆئەمریکیی بۆ دەکرێت بە کوردی. یان تەنانەت کەسێک کە تورکی دەزانێت مانای ئەوە نییە تێکستەکانی ئۆرهان پاموکی بۆ دەکرێت بە کوردی. لەم ڕووەوە، من خۆم خاوەنی ئەزموونێکی دڵشکێنم، لە دە ساڵی ڕابردوودا چەندان جار ڕێک کەوتووە کتێبی وەرگڕێدراوی ئەم، یان ئەو نووسەر و فەیلەسووف و کۆمەڵناس و ڕۆشنبیری ئەوروپاییم بۆ سەر زمانی کوردی بینیوە و خوێندۆتەوە، بەڵام لە دەقە کوردییە وەرگێڕدراوەکە تێنەگەیشتووم، لە کاتێکدا من دەقە ئەسڵییەکانی ئەو وەرگێڕانانەم بە زمانی ئینگلیزی، یان هۆڵەندی خوێندۆتەوە و کێشەیەکم لە تێگەیشتنیاندا بۆ دروست نەبووە. کێشەکەش لێرەدا پەیوەندیی بە شارەزایی وەرگێڕەکانەوە هەیە لەو بوارەدا کە دەست بۆ وەرگێڕانی دەبەن. کەسێک شارەزاییەکی گەورەی لە بواری کاری فیکریدا نەبێت، ناتوانێت کتێبێکی فیکری وەربگێڕێت. بەڵام بەداخەوە ئەمە لە ئێستای دونیای ئێمەدا ڕوو ئەدات، هەندێک جار بە شێوەیەکی بەرفراوانیش ڕوو ئەدات.

لەمەش بترازێت دوو کێشەی تر لەناو کایەی وەرگێڕاندا بۆ زمانی کوردی دەبینم؛ یەکەمیان کێشەی وەرگێڕانی کتێبە فیکرییە کلاسییکییەکان و هێنانیانە لەمڕۆدا بۆ ناو ڕۆشنبیریی ئێمە. زۆربەی جار ئەم کتێبانە بەبێ باسکردنی پێگەیان لەناو مێژووی ئەو بوارەدا کە تیایاندا نووسراون و بەبێ باسکردنی ڕادەی مانەوە، یان نەمانەوەی گرنگیی تێزەکانیان فڕێ ئەدرێنە ناو ڕۆشنبیریی ئێمەوە. خوێنەرێک کە دێت دەیانخوێنێتەوە نازانێت ئایا ئەم تێکستە کە دوو سەدە، یان سێ سەدە لەمەوپێش نووسراوە، چیی بەکەڵکی دونیای ئەمڕۆ دێت و چیشی ڕەخنە کراوە و تێ پەڕێندراوە، لەو بوارەدا با نموونەی هەندێک لە تێکستە کلاسیکییەکانی مارکسیزم بهێنمەوە. ناکرێت کتێبی ”ئەسڵی خێزان“ی فردریک ئەنگڵس بکرێت بە کوردی بەبێ نووسینی پێشەکییەکی درێژ کە نیشانی بدات چۆن تێزەکانی ناو ئەو کتێبە لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوودا ڕەخنە کراون و کامیان لەمڕۆدا نرخی زانستیی خۆی پاراستووە و چیشیان تێ پەڕێندراون.


دووهەم کێشەی وەرگێڕان، وەرگێڕانی ئەو ئەدەبیاتە ئیسلامییە سەلەفییە زۆرەیە کە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی پلان بۆدانراو و سیستماتیک دەکرێن و کراون بە کوردی. بەشی هەرەزۆری ئەم ئەدەبیاتە جگە لە ترساندن و تۆقاندنی مرۆڤ، جگە لە داخرانێکی عەقڵیی گەورە، جگە لە سڕینەوەی بیرۆکەی یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا، هیچی تری لێ سەوز نابێت. ئەم جۆرە لە وەرگێڕان لەباتی کرانەوە، بەرەو داخران و لەباتی دەوڵەمەندکردنی جیهانی ئینسانی ئێمە، جیهانەکەی تەواو هەژار و بێخوێن و بێڕۆح دەکات.


لە سەردەمی لێشاوی گلۆبالیزەیشن و دنیاداگریی مۆدێرنخوازیدا تا ئێستا ئێمەی کورد تەنیا لە باشووری کوردستان قەوارەیەکی سیاسیی تاکوو ڕادەیەک سەقامگیرمان هەیە و لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژاوای کوردستانیش سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری سیاسیمان هەیە، بەڵام هیچیان تا ئێستا سیاسەتی زمانی و فەرهەنگیی دیاریان نییە، خوێندنی کوردی هەیە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی خەڵک منداڵی خۆیان دەنێرنە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن، زمانی کوردی بەتایبەتی لە بواری ڕاگەیاندن و تەنانەت لە دامەزراوە حکوومییەکانیشدا لاوازیی پێوە دیارە و زۆریش ڕەخنەی لێ گیراوە، پێت وایە دانانی سیاسەت و پلانی زمانی دەتوانێت دۆخی زمانی کوردی باشتر بکات؟

بە بۆچوونی من سیاسەتی زمان یەکێکی ترە لەو بوارانەی سیاسەت لە هەرێمدا کە لە دۆخی قەیرانێکی هەمەلایەندا دەژی. وابزانم دە ساڵێک زیاتر لەمەوبەر مەسەلەی بوون، یان نەبوونی یەک زمانی فەرمی لە هەرێمدا هاتە پێشەوە. من ئەودەم ڕام وابوو بۆ هەرێم باشترە زمانێکی فەرمیی یەکگرتوی هەبێت کە لە بواری خوێندن و پەیوەندیی فەرمیی دەزگاکانی حوکمڕانیدا کار بکات. لەبەر زۆر هۆش دەبوو ئەو زمانە یەکگرتووە شێوەزاری سۆرانی بێت. ڕاستەوخۆ چەندان کاردانەوەی نابەجێ و پەڕگیر هاتنە کایەوە، زۆربەیان بۆنی سیاسەت و تەرەفداری بۆ ئەم، یان ئەو پارتی سیاسییان لێ دەهات. هەندێک لەو کاردانەوانە تا ئەو شوێنە ڕۆیشتن، هەم من و هەم ئەو کەسانەی باوەڕیان بە پرۆژەیەکی لەو بابەتە هەبوو بە فاشیست ناو ببەن و خواستی بوونی زمانێکی فەرمیی یەکگرتوویان لە هەرێمدا بە ”فاشیزمی سۆرانی“ ناونووس کرد. ئێوە دەزانن هەموو جوگرافیای هەرێم سێ شارە، بەڵام بەهۆی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی سیاسییەوە، لەو سێ شارەدا دوو زمانی فەرمی هەیە. ئێمە دەزانین ئەم دابەشبوونە نالەبارەی زمان ڕەگێکی قووڵی لەناو دابەشبوونی سیاسیی هەرێمەکەدا هەیە و خواستی دروستکردنی زمانێکی یەکگرتووش لەو دوو بوارەدا کە باسم کرد: واتە بواری پەروەردە و بواری پەیوەندییە فەرمییەکانی حکوومەت، هەوڵدانێک بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەم دابەشبوونە سیاسییە و دروستکردنی جۆرێک لە پردی پەیوەندی لە نێوان ئەو سێ شارەدا، لانی کەم لە ئاستی زماندا. بەڵام وەک وتم کاردانەوەکان نەک هەوڵی تێگەیشتنیان لە ئەرگومێنتەکە نەدا، بەڵکوو وەک خووی هەمیشەیی، پەلاماری ڕێگا هەرە ئاسانەکەیان دا، ڕێگای تۆمەتبارکردن بە ناسیۆنالیست و فاشیستبوون. لە ئێستاشدا شتێک بە ناوی زمانێکی یەکگرتوو لەو سێ شارەدا نەماوە و ئەم پرۆژەیە مردووە. دابەشبوونە سیاسی و خێڵەکییەکانی ناو هەرێم بۆ ناو چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان و بۆ ناو سیاسەتی زمان لە هەرێمدا گواستراوەتەوە. خۆش لەوەدا بوو هەندێک کەسایەتیی خۆ بە چەپڕەو و دیموکراتخوازیش، ئەم عەشیرەتگەراییەی ناو زمانیان وەک بەرگری لە جیاوازی و پلورالیزم نمایش دەکرد و پێیان وابوو هەر باسکردنێک لە دروستکردنی زمانێکی فەرمیی یەکگرتوو لە هەرێمدا، پرۆژەیەکی فاشیستییە. بە هەرحاڵ، دۆخی زمان لە هەرێمدا ئێستا زۆر قەیراناویترە لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵێک لەمەوبەر. لەدوای بەتایبەتیکردنی سیستمی خوێندن و لەتلەتکردنی سیستمی پەروەردە لە ناوەوە ئێستا بەشێکی بەرچاو لە منداڵانی هەرێم بە کۆمەڵێک زمان دەخوێنن جیا لە زمانی دایکیان و بە ڕادەیەکی ترسناکیش ئاستی باڵادەستییان بەسەر زمانی دایکیاندا لاوازە. لە هەولێردا ژمارەیەکی بەرچاو قوتابخانە هەن، قوتابییەکان تیایاندا بە زمانی تورکی و ئینگلیزی دەخوێنن، لە سلێمانییش بە هەمان شێوە منداڵانی سەر بە چینی ناوەڕاست دەچنە ئەو قوتابخانانەوە کە بە زمانە ئەوروپییەکان دەخوێنن، بەتایبەتی بە زمانی ئینگلیزی. زۆربەی هەرەزۆری ئەو منداڵانەی بەم زمانە بیانیانە دەخوێنن توانای نووسین و خوێندنەوەیان بە زمانی کوردی نییە، یان زۆر لاوازە. ئەو زمانەی ڕۆژانە لەگەڵ یەکتردا بەکاری دەهێنن، ئەو گۆرانیانەی فێریان دەبن، ئەو بەرنامانەی گوێیان لێ دەگرن، ئەو کتێبانەی دەیانخوێننەوە، هەر هەموویان ئینگلیزین.

ئەم دۆخە لە ئایندەیەکی کورتدا تووشی کێشەیەکی نوێمان دەکات، کێشەی دروستبوونی نەوەیەک کە نەک تەنها زمانی دایکیان باش نازانن، ناتوانن پێی بنووسن و پێی بخوێننەوە، بەڵکوو دەبنە هەڵگری هۆشیارییەکیش کە هیچ بەشێکی ئەو هۆشیارییە پەیوەندیی بەو واقیعە مێژووییەوە نییە کە ئەو منداڵانە لەناویدا دەژین و گەورە دەبن. بە مانایەکی تر ئەم نەوەیە تەنها کێشەی نەزانینی زمانی دایکیان نابێت، بەڵکوو کێشەی جیابوونەوەی هۆشیاریشیان لەو واقیعە لەلا دروست دەبێت کە ئەوان تیایدا دەژین و گەورە دەبن. ئەو جیهانەی کە هۆشیاری و کەسایەتیی ئەو منداڵانە دروست دەکات، کەس و ڕووداو و بۆنە و مێژوو و ڕەگەزەکانی. لەناو ئەو واقیعەوە ناین کە ئەوان تیایدا دەژین و زمانی سەرەکیی لەناویدا زمانی کوردییە، بەڵکوو لە ڕێگای زمانی ئینگلیزییەوە و بەهۆی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە دێن و دەچنە ناو ژووری نووستن و دانیشتن و پێکەوەبوونی ئەو منداڵانەوە. ئەم دۆخە دەشێت لە ئایندەیەکی نزیکدا جۆرێکی تایبەت لە نامۆبوون دروست بکات، کە لە دەیەی داهاتوودا ئەم کۆمەڵگایە بە دەستییەوە گیر بخوات. ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا بیڵێم دژایەتیکردنی فێربوون و ئاشنابوون بە زمانە بیانییەکان نییە، بەرگرییەکی فاشیستیانەش لەم، یان لەو زمانی تر نییە، وەک هەندێک حەز دەکەن وای ببینن، بەڵکوو کێشەی دروستبوونی نەوەیەکە کە زمانی دایکی خۆیان نازانن و لە ڕێگای ئەم نەزانینەشەوە سەر لەو واقیعە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە دەرناکەن کە دەکەونە ناوییەوە. ئەوەی چاوەڕوانی ئەم نەوەیە دەکات جۆرێکی ترسناکە لە نامۆبوونی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، گیرخواردنە بەدەست واقیعێکەوە کە لەگەڵ زمان و ڕەگەزەکانی هۆشیارییاندا نایەتەوە.


بە بۆچوونی من، ئەمڕۆکە زیاد لە هەموو کاتێکی تر پێوستمان بەوەیە لە هەموو قوتابخانەکانی هەرێمدا فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی هەرێم ببێتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمی خوێندن و فێربوون. دەبێت منداڵانی هەرێم ئەو زمانە بزانن کە لەناو کۆمەڵگاکەیاندا قسەی پێ دەکرێت. ڕەنگە بەشێکی کەم لەو منداڵانە کە گەورە بوون هەرێم بەجێ بهێڵن و بچن لە شوێنێکدا بژین کە ئەو زمانانەی فێر بووبن بەکەڵکیان بێت، بەڵام زۆرینەی هەرەزۆریان لە هەرێمدا دەمێننەوە و دەژین. بۆیە فێربوونی زمانی دایکیان مەرجێکی گرنگی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسایی و هێمن و مانادارە.

مامۆستا، لە کۆتاییدا دەمەوێ بچینە سەر باسێکی تراژیک؛ مەرگی زمان، لە مێژوودا زمانی وەکوو زمانی لاتین مردووە، کەسیش مێژووی مەرگەکەی بەدروستی نازانێت، ئاخۆ لەم سەردەمەشدا ئەگەری ئەوە هەیە کە زمانێک بمرێت؟

باوەڕ ناکەم لەم سەردەمە دیگیتاڵییەدا زمان بەئاسانی بمرێت، یان ئەگەری مردنی بەهێز بێت، ئەگەرچی مردنی زمان یەکێکە لە ڕووداوەکانی ناو ئەو ژینگەیەی ئەمڕۆکە مرۆڤایەتی تیایدا دەژی. دەڵێم سەردەمی دیگیتاڵ و تۆڕەکانی ئینتەرنێت ئەگەری ئەوە دەخەنە بەردەمی زمانەکان لانی کەم لەو فەزا دیگیتاڵییەدا بژین، گەر کەسانێک هەبن و ئامادە بن بەردەوامی بە ژیانی ئەو زمانە بدەن. لە دونیای دیگیتاڵیدا هەزارەها پێگە هەیە و پەیدا بووە کە دەکرێت تیایدا قسە و گفتوگۆ بکرێت، نووسین چاپ و بڵاو بکرێتەوە، گرتەی ڤیدیۆیی و فیلم بەرهەم بهێنرێت، بە هەر زمانێک مرۆڤ بخوازێت، زۆربەی ئەو پێگانەش لە بەردەمی ژمارەیەکی گەورەی خەڵکی سەر ئەم هەسارەیەدان. بەشێکی زۆریشیان لەژێر کۆنترۆڵی ئەو دەوڵەت-نەتەوانەدا نین کە دەشێت سەرچاوەی یاساغکردنی ئەم، یان ئەو زمان بن. بەم مانایە ئەمڕۆکە ئامرازی پاراستن و پەرەپێدان و پێشخستنی زمانەکان لە هەموو کاتێک زیاتر لەناو مێژوودا ئامادەیە، بۆیە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەگەری مردنی زمانێک لە زمانەکان و نەمان و سڕینەوەی، ئەگەرێکی لاوازە. بەڵام بێگومان هەموو زمانێک دەشێت بمرێت گەر بەکارهێنەرانی ئەو زمانە وازی لێ بهێنن و بەکاری نەهێنن. دەشێت بیر لە ئەگەری مردنی چەندان زمان بکەینەوە. بۆ نموونە، هەندێک زمان هەن ژمارەی ئەوانەی قسەی پێ دەکەن هێجگار کەمن، کۆمەڵەی مرۆییی بچووک و سنووردارن، کۆتایی ئەو کۆمەڵە و گرووپانە، یان بچووکبوونەوەی بەردەوامیان دەشێت زمانەکەیان بەرەو مردن ببات. دەشێت بیر لە هەندێک تەحەداش بکەینەوە کە تووشی ئەم، یان ئەو زمان دەبێت و وا بکات بە مردنی ئەو زمانە کۆتایی بێت. بۆ نموونە، تەحەدای هەیمەنەی ئەم، یان ئەو زمانی جیهانی، بەسەر ئەم، یان ئەو زمانی بچووکەوە. لە ڕووی تیورییەوە دەشێت زمانێک بمرێت، گەر بۆ نموونە، بەکارهێنەرەکانی وازی لێ بهێنن و زمانی ئینگلیزی لەباتی ئەو زمانە بەکار بهێنن. ئەگەری جێگرتنەوەی زمانی ئینگلیزی، یان هەندێک زمانی گەورەی تر، بۆ زمانەی گرووپە لۆکاڵی و بچووکەکان ئەگەرێکی گەورەیە و یەکێک لە تەحەدا سەرەکییەکانی سەدی بیست و یەکەم، سەرەڕای بوونی ئەو دونیا دیگیتاڵییە کە دەشێت وەک ڕووبەرێک بۆ پاراستن و گەشەدان بە زمانەکان کار بکات، ئەوەیە زمانی گرووپ و کۆمەڵە بچووکەکان لەژێر هەیمەنەی زمانە جیهانییەکاندا لەناو بچێت.

مەترسییەکی تر لەسەر زمان پەروەردەبوونی کەسەکانە بە دوو زمان، ئەوەی بە ئینگلیزی پێی دەڵێن bilingual، لە بەشێکی گەورەی جیهاندا نەوە تازەکان، نەوەیەکی دووزمانن، زۆریان لەپاڵ زمانی دایکیاندا زمانی ئینگلیزی، یان زمانێکی جیهانیی تر دەزانن، ئەمە بێگومان دونیای ئەو کەسە جووتزمانانە تەواو فراوان و دەوڵەمەند دەکات، بەڵام لەگەڵ خۆیشیدا ئەگەری لەدەستدانی زمانی دایک و پووکانەوەی هەڵدەگرێت، بەتایبەتی گەر ژمارەی ئەو کەسانەی قسە بەو زمانی دایکە دەکەن کەم و بچووک بن، یاخود ئەو زمانی دووهەمەی کە کەسەکان فێری دەبن، زمانێک بێت ئەگەری پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتریان بخاتە بەردەست، بە بەراورد بە زمانی دایکیان، یان فێربوون و قسەکردن بەو زمانە تازەیە ڕزگاریان بکات لە هەڵاوێردن و فشار لەسەردانان و ڕەگەزپەرستی و پەراوێزخستن. زمانی قیبتی لە میسر نموونەی یەکێکە لەو زمانەنەی کە کەم تا زۆر لەناو چووە لە بەردەم هەیمەنەی زمانی عەرەبیدا.

پرۆسە بەردەوامەکانی بەجیهانیبوون و دروستبوونی میدیای کۆمەڵایەتیی جیهانییش وا دەکەن هەندێک زمانی خاوەن هەیمەنە توانای هەیمنەکردنیان زیاتر ببێت و بچنە ناو زۆر ماڵی سەر ئەم ئەستێرەیەوە، ئەمەش ببێتە هۆکاری دروستبوونی چەند نەوەیەک کە زمانی دایکیان نەزانن، یان بەباشی نەیزانن و ئەو زمانە جیهانییە ببێتە زمانی قسەکردن و نووسین و خوێندنەوەیان.
لە پەیوەندیدا بە کورد و زمانی کوردییەوە، پێم وایە ئەم ئەگەری مردن و سڕینەوانە لە ئارادا نین، کوردی خەمی لەناوچوون و سڕینەوە و نەمانی تێ پەڕاندووە، ژمارەی ئەوانەی قسەی پێ دەکەن لە سی ملیۆن تێپەڕی کردووە. چ لەسەر ئەرزی واقیع و چ لەناو جیهانی دیگیتاڵیدا ڕووبەری گەورە بۆ ئامادەییی ئەم زمانە لە ئارادایە.

داگرتنی بابەت