ئارامتر بخوێنەوە

سمیناری ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

بە بەشداری:

د. هاشم ئەحمەدزادە، بێهرووز شوجاعی، ژیار جەهانفەرد، قادر وریا، د. ڕەحیم سورخی


گرینگترین تایبەتمەندیی زمان لە بەکارهێنانیدایە، هەر ئەو تایبەتمەندییە سەرەکییەی زمانه که وتە بەناوبانگەکەی ماکس واینڕایش وەڕاست دەگەڕێنێ که دەڵێت «زمان، زاراوەیەکە و هێزی سەربازی هەیە».


زمان چ وەک ئامرازێکی پەیوەندی و، چ وەک شوناسێک سەیر بکرێت، لە هەردوو ڕوانگەدا دەبێت ئاخێوەری ئەو زمانە مافی تایبەتیی زمانیان هەبێت. ئەو مافەش بریتییە لە مافی فەرهەنگیی زمان، مافی ئازادی و سیاسیی زمان، مافی ئابووریی زمان و مافی زمانی ئابووری و مافی پەروەردەی زمان، هاوکات بە دیوێکی‌ تردا دەکرێت ئەو باسە بەو شێوەیە فۆرمۆڵە بکرێت، ئەو کاتەی کە زمانێک مافەکانی بۆ دابین کراوە که ئاخێوەرانی ئەو زمانە بتوانن لە ژیانی فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری و دادوەریی خۆیاندا بێ هیچ بەربەستێک زمانەکەیان بەکار بێنن؛ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش دەبێت، ئاخێوەری زمان مافی سەروەری بۆ دابین بکرێت، واتە دابینکردنی مافی زمانی بێ هیچ دڕدۆنگییەک تەنیا لە سایەی مافی سەروەرییەوە دێتە دی!


بەڕێوەبەرانی تیشک باوەڕیان بە مافی زمانی هەیە و، پێیان وایە زمانی کوردی دەبێت لە هەموو بەستێنێکی ژیانی تاکی کورددا بێ هیچ بەربەستێک بەکار بهێندرێ و، ڕوونه بۆ گەیشتن بەو باوەڕش دەبێت حەتمەن مافی سەرەوەریی تاک و نەتەوەی کورد دەستەبەر کرابێت.


لەسەر باوەڕ بە مافی زمانی، ئێمە زۆربەی بۆنەکانمان کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی باس لە زمانی کوردی و مافی زمانی ئاخێوەری کورد بکەین، هەر لەم بارەشەوە بە بۆنەی ڕۆژی دووی ڕەشەممە سمینارێکمان پێک هێنا. لە سمینارەکەدا ڕەهەندی جیاوازی مافی زمانی و تەنگژەکانی بەردەمی زمانی کوردی باس کران، ڕوونە باسکردن لە ڕەهەندەکان و تەنگژەکان تەنیا بە سمینارێک پێک نایەت و، لێکۆلینەوە و نووسین و سمیناری زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام «لە گایەک لایەک» بۆیەش ئەو سمینارە بەشێک لە هەوڵێکی بەرینی گۆڤاری تیشکە که هیوادارین بە یارمەتیی ئێوەی بەڕێز هەتا دەستەبەرکردنی مافی زمانی و مافی سەرەوەریی تاک و نەتەوەی کورد درێژەی هەبێت و نەبڕێتەوە.



ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاسۆی زمانی کوردی

د. هاشم ئەحمەدزادە
لەم چەند ڕۆژەدا کە بیرم لەو باسە دەکردەوە، لە ڕاستیدا لە چەند گۆشەنیگاوە باسەکە لە زەینی خۆمدا دەهات و دەچوو، یەکەم شت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و چەند ساڵی ڕابردوودا سەرنجی خۆمی ڕاکێشا بە شێوەیەک، بۆچی لەنێو ئێمەی کورددا بە پێشوازیچوونی ئەم ڕۆژەوە هێندە گرنگە؟ بۆ نموونە، لەنێو چالاکانی زمانەکانی تردا ئەم باسە بەم شێوەیە گرنگیی پێ نادرێت. من بۆخۆم وەک کەسێک کە هۆگری باسی زمان و ئەدەبیاتم لەم ماوەیەدا بۆ پتر لە پێنج شەش پانێڵ دەعوەت کراوم کە ئەمەی ئەمڕۆ یەکەمینیانە. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە دوو پانێڵی دیکەشدا ئامادە دەبم. بۆ بانگەوازەکانی دیکە هەم دەرفەتم نەبووە و هەم پێم وابووە هێندەش باسکردن ئینسان تووشی خۆ دووپاتکردنەوە دەکات. ئاستی بەربڵاوی ئەم پێشوازییانە لە ڕۆژی زمانی دایکدا بۆم سەرنجڕاکێش بوو. بۆچی دەبێ وابێت؟ ئەوەی ڕاستی بێت لێکدانەوەی بوارە جیاوازەکانی سایکۆلۆژیا، کۆمەڵناسی و هەلومەرجی سیاسیی کوردان لەم پێوەندییەدا دەتوانێت دەرگای زۆر باسی دیکەشمان بۆ بکاتەوە و یارمەتیدەر بێت بۆ ناسینی خۆمان وەکوو نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، وەکوو نەتەوەیەک کە بە شێوەیەک لە شێوەکان خراوەتە پەراوێزی مێژووەوە. بەو جۆرەی میلان کوندێرا دەڵێت، «زۆڵمی گەورە و جیهانی لە نەتەوەیەکی بچووک»، دیارە بچووک مەبەستم لە ئاستی جۆغرافیایییە. بە هەر شێوەیەک بێت بەدەستنەهاتنی مافە ڕەواکانی خۆی وەکوو نەتەوە لانی کەم لە ١٣٠ ساڵی ڕابردوودا و کۆمەڵێک لایەنی دیکە، بەڵام ئەگەر ئەمە وەکوو لایەنێکی گشتی لەبەرچاو بگرین، لە خۆیدا گوزارشت لەوە دەکات کە ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان زمانێکمان هەیە، ناسنامەیەکمان هەیە کە بە هەموو شێوەیەک هەڕەشەی لێ کراوە، لە ژێر هەڕەشەدایە، گوشاری لەسەرە و ئەمە بەدروستی وەک جۆرێک لە پەرچەکردار وەک جۆرێک لە دژکردەوە نیسبەت بەو زوڵم و زۆرەی کە لەسەرمان بووە، وەک کرمانج وتەنی «لە مافی خۆ خودی دردەکەوین». ئەمە شتێکی ڕەوا و بەجێیە، ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر ئەم باسەی کە هەمە فۆکۆس بکەم و جەخت بکەمەوە لەسەر زمان و ئاسۆکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەنگە زۆر لایەنی، وەک هەموو باسەکانی پێوەندیدار بە زمانەوە، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری بێنە ئاراوە. بەڵام لە ڕاستیدا پێم خۆشە بەر لەوەی لانی کەم لە ئاستێکی بڵێین سەرپێیشدا بێت، بە خێرایی ئاماژە بە چەند لایەن بکەم کە تێیدا گرنگبوونی زمان هێندەی دیکە لە ئاست تاک و ئێمە وەکوو کۆمەڵ و وەکوو چالاک و وەکوو هۆگرانی زمان و ئەدەبیات دیسان لامان سەرنجڕاکێش بوو. لە ڕاستیدا ئەگەر لە ڕەوتێکی مێژووییدا، ئەوەی کە پێی دەڵێن دیاکرۆنی، چاوی لێ بکەین، زمان هەمیشە یەک لە پرسە ئەگەر نەڵێین یەکەمەکانی مرۆڤایەتی بووە، چ لە ئاستی ئوستوورەناسیدا، چ لە ئاستی لێجێند و ئەفسانە و حەماسەکاندا و چ لە ئاستی دەورەی مۆدێرندا کە لە ئۆرووپا لە سەدەی، ١٤، ١٥، ١٦، ١٧دا دەگاتە ئەوج و هەتاکوو ئیستاش بە شێوەیەک لە شێوەکان وەکوو پۆستمۆدێرن باس دەکرێت، ئەم زمانە هەمیشە هەبووە، من خێرا ئەگەر ئاماژە بە لایەنە میتۆلۆژیاکە بکەم، جۆرێک لە ئاسۆ بۆ ئێمە دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەر لەو سەردەمەیدا کە مرۆڤ نەک وەک مرۆڤ، بەڵکوو وەک هەڵوەدایەک لە ئاستی کۆسمۆسدا، لە ئاستی جیهانیدا، پرسیاری ئافراندنی لە خۆی کردووە، هەر لەو دەمەوە کە پرسی سەرەکیی میتۆلۆژییەکانە، واتە پرسی ئافراندن و پرسی خوداکان و پرسی بانسروشت و پرسی تەنانەت ئایینەکان هەبووە، زمان یەکێک بووە لەم خاڵانە؛ خالی یەکەم، یان لە خاڵە سەرەکییەکان بووە. بۆ نموونە، لە پەیمانی کۆندا، یان لە ئۆلد تێستامێنت، یان لە تەوڕاتدا ئوستورەیەک هەیە کە من پێم وایە هەمووی ئەو کەسانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان هۆگری بۆ پرسی زمان نیشان دەدەن لەگەڵ ئەم ئوستوورەیە ئاشنا بن، ئوستوورەیەک کە تەنانەت دواتر لە دەوری ئەفسانە و حەماسەکانیشدا چ وەک تەفسیری بڵێین ئەوەی کە لە پەیمانی کۆندا هاتووە و چ تەنانەت بۆ ئایینەکانی دیکەش. لە قورئانیشدا ئەگەر چاو لە سووڕەی بەقەڕە و ئایەی ١٠٢ بکەین مەسەلەی هاڕووت و ماڕووت باس دەکرێت. لە ئاستی ئوستوورەییدا پرسی ئافراندن گرێدراوی پرسی زمانە. لە سەردەمی ئەفسانەکانیشدا دەبینین کە سنوورەکانی نێوان من و ئەوی تری بە کۆمەڵ و ئیتنیکیدا دێتە گۆڕێ. یانی ئەگەر ئێوە چاو لە ئەفسانەکان بکەن زۆر بەئاسانی دەبینن کە سنوورەکانی نێوان پارت و ئاتێن لە ئەفسانە حەماسییە کۆنەکانی یۆناندا هەمیشە جێگای هەبووە. لە حەماسە بەنێوبانگەکانی جیهانیدا، بۆ نموونە، لە شانامەی فیردەوسیدا پرسی تووران و ئێران جێگای تایبەتی خۆی هەبووە.
لەنێو کورداندا، کەمێک درەنگتر، لە حەماسەی «مەم و زین»ی خۆماندا سنووری ئیتنیکیی کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەرانبەر ئەوانی دیکەدا ئاراستە دەکرێت. بۆیە بەڕوونی ئاماژە بە کورد و عەرەب و ڕۆم دەکات.

دواتر لە سەردەمانی مۆدێرندا و لە کۆتاییی سەردەمانی بڵێین ئەفسانە و میتۆلۆژیادا دیسانەوە زمان گرنگیی خۆی دەردەخات. لێرەدا باسی من ئەوەیە کە چ لە ئەفسانەکاندا و چ لە سەردەمانی مۆدێرندا زمان ئەم لایەنە گرینگەیە کە هەمیشە لە ئارادا بووە و ئەگەر بێین لە سەردەمی مۆدێرنیشدا چاوی لێ بکەین، ئەوەندە باسی لەسەر دەکرێت دەتوانین بڵێین یەکێ لە پرسە سەرەکییەکانی سەردەمی مۆدێرنیشە. یانی ئەگەر ڕۆژگارێک لە بورجی بابلدا یەکگرتووییی زمانی و هەوڵی ئەو کەسانەی کە ڕزگاریان ببوو لە دوای تۆفانی گەورە، ئەوەی کە بە تۆفانی نووح ناسراوە، لە ناوچەیەک کە زیاتر بە بابل و بابیلۆن نێوی دەرکردووە، نیشتەجێ دەبن لە ٩٠ کیلۆمێتریی بەغدای ئەمڕۆ و لە کەنارەکانی ڕووباری فوراتدا، کە ئەمەش بۆخۆی گرنگە و لێکۆڵینەوەی تایبەتی دەوێت، ئەوەی کە ڕووباری فورات بۆ ئێمەی کورد ڕووبارێکی تایبەتییە و بە ناوچەیەکدا دێت کە لەگەڵ ڕووباری دیجلەدا هەمیشە ڕۆڵێکی مێژوویی و کارسازیان هەبووە لە پێوەندی لەگەڵ ئێمەدا، ئەوەی کە ڕیشەی ئوستوورەی بورجی بابل هەر لەو ناوچەیەدا و لە ٩٠ کیلۆمێتری بەغدای ئەمڕۆدا بووە، گرنگیی مێژوویی ئەم دەڤەرە نیشان دەدا. لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا ئاڵمانییەکان دەچنە ئەو ناوچەیە و ئاسەوارەکانی ئەم بورجە دەبیننەوە، بورجێک بە بەرینایی، درێژایی و بەرزایی ٩٠ میتر. لە ڕاستیدا بورجی بابل هەوڵێک بووە لەلایەن ئەو کەسانەی بە یەک زمانیان قسە دەکرد بۆ گەیشتن بە ئاسمان، بۆ بەهەشت، بۆ خودا. بە دوای ڕووخاندنی بۆرجەکە لەلایەن خوداکانەوە، بابلییەکان لەم هەوڵەیاندا سەر ناکەون و تووشی پەراکەندەیی دەبن لە ئاستی دونیادا و ئەو هەموو زمانانەیان لێ دەکەوێتەوە، ئەمە لەو ڕوانگەیەوە گرنگە وەک عەرزم کردن لە سەرەتاوە چۆن زمان لە مێتۆلۆژیاوە و دواتر ئەفسانە و دواتر دەورەی مۆدێرنیشدا هەمیشە لە ئارادا بووە. من لە زۆر باسی دیکەشدا ئاماژەم پێ کردووە، زمان جۆرێکە لە بوون و ئێگزیستێنس و چوارچێوەی ئەندێشە و هزر و درکاندن و خۆ ئیفادەکردنیشمان دیاری دەکات.


ئێمە ئەگەر بێین لە دەورەی ئیمپراتۆرییەکانی ئەو ناوچەیەی کە ئێمە تێیدا بووینە، واتە لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە بگرە تا قاجارییەکان، چاو لێ بکەین و لە ئاستی دونیاشدا، بەڕاستی جۆرێک لە هاوتەریبی هەیە لە پرسی زماندا لە دونیای ئیمپراتۆرییەکاندا و دواتر هاتنە کایەی مۆدێرنیتێ و مۆدێرنیزاسیۆن و دەورەی دەوڵەت-نەتەوە و ئیتر بەسەرچوونی ئەم زمانانە کە لە ئاست ئیمپراتۆرییەکاندا کاریان دەکرد کە لە ئۆرووپادا بۆ نموونە، لاتین بوو، لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا تورکیی عوسمانی، لە ئیمپراتۆریای ئێرانیدا لە دوای سەفەوییەکانەوە زمانی فارسی، جۆرێک لە هێژمۆنی، جۆرێک لە تایبەتمەندییان هەبووە، کە تەنانەت بۆ ئێمەی کوردیش، ئەو پرسە سەرەکییە نەبووە. بۆ نموونە، ئێمە لە کۆتایییەکانی سەدەی شازدەهەمدا گرنگترین کتێبی مێژووییمان نەک بە زمانی کوردی، بەڵکوو بە زمانی فارسی دەنووسرێت. ئەم باسە، واتە باسی زمان بە مانای ئێستا لە ئارادا نەبوو. لەبەر ئەوەش، نابێ زۆر لامان سەیر بێت، شەرەفنامە بە زمانی فارسی نووسراوە، یان زۆربەی شاعیرانی کلاسیکی ئێمە بە عەرەبی و بە فارسی و تەنانەت بە تورکییش هەتا ئەو دواییانە شێعریان نووسیوە. کە لە ئۆرووپاش هەر ئەو جورە بووە. هەتاکوو دەتوانم بڵێم، بە هەندێک جیاوازییەوە، لە ئیتالیا لە سەرەتاکانی سەدەی چواردەهەمەوە، لە ئینگلیستان لە کۆتایییەکانی سەدەی چواردەهەمەوە و دواتر وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز لە زمانی لاتینییەوە بۆ زمانە ناوچەیییەکان لە سەدەی پازدەهەمدا کە ڕەوتێکی پێچەڵپێچی پڕ لە ئازاریش بووە بە شێوەیەک لە شێوەکان.


مۆدێرنیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە شوێنێک کە ئێمە وڵاتمان لەوێیە، لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا جۆرێک لە ئاگاییی لەگەڵ خۆی دێنێت کە زۆر جیاوازە لە ڕەوتێک کە لە ئۆرووپادا ڕووی دا. لە ڕۆژاوا مۆدێرنیتێ لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە سەقامگیری، یان هێمنایەتی، یان تەنانەت جۆرێک لە شادبوون دێنێت، ئینسان کۆمەڵێک کەرەستە و ئامرازی لەبەر دەستدایە کە لەگەڵ سروشت و دەوروبەری خۆی ئاسانتر ڕووبەڕوو ببێتەوە. دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی مۆدێرنیتێ ژیان ئاسانتر دەکەنەوە، چ لە ئاستی کۆمەڵایەتی و چ لە ئاستی ئابووری و چ لە ئاستی پیشەسازیدا. بەڵام بەداخەوە بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، بەو جۆرەی کاڤیراج لە ئاگاییی غەمگینانەدا باسی دەکات، مۆدێرنیتێ هەڵگری جۆرێکە لە پەرۆشی و ئازار. بۆ ئێمەی کورد بە دڵنیایییەوە بەم جۆرە بووە و چەمکی هیگڵییانەی «ئاگایی غەمگینانە» بۆ ئێمە بەمیرات ماوەتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە دەوڵەت-نەتەوەکانی تورکیە و ئێران و بە بڕێک جیاوازییەوە عێراق و سوورییەدا، ئێمە لەگەڵ قەدەغەکردنی زمانەکەمان ڕووبەڕوو دەبینەوە. ئێمە لەگەڵ قەدەغەکردنی شتێک ڕووبەڕوو دەبینەوە کە من ئەوە خەریکە لە دەورانی میتۆلۆژیاوە هەتا ئیستا قسەی لەسەر دەکەم کە چەندە گرنگ بووە.


ئیستا لە دەورانی مۆدێرندا تۆ هەر ڕێبازێکی کە پێوەندیی لەگەڵ زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ زانستە مرۆییەکان هەیە و بەتایبەتی لە بواری زمان و ئەدەبدا چاو لێ بکەی، ئەو ئێکۆلانە، ئەو قوتانخانە گەورانە، لە هەموویاندا هەمیشە زمان، ئەگەر بڕیاردەر نەبێت، بەڕاستی کارتێکەرە لەسەر خەمڵاندن و بڵێین بەپیلەوەچوونی تیۆرییەکان، تێزەکان و ڕاهێنان و بۆچوونەکان. ئەگەر بۆ نموونە فۆرمالیزمی ڕووسی لەبەرچاو بگرین، ئەگەر ڕەخنەی نوێی ئینگلیسی- ئەمریکایی لەبەرچاو بگرین، ئەگەر تیۆریی «ئەدەبییەتی ئەدەب» چاو لێ بکەین، ئەوە زمانە کە لەوێدا زەق دەبێتەوە و دەبێتە پێوەر، ئەگەر هاتنە کایەی مارکسیزمی ڕەخنەیی، ئەندێشەی ڕەخنەکارانە چاو لێ بکەین و لە هەیبەتی مارکسیزمی نوێدا چاو لە کارتێکەریی فەرهەنگ لەسەر دەوروبەری خۆمان بکەین، دیسانەوە ئەو تێز و تیۆرییە کلاسیکە مارکسیستییە لەسەر ژێرخانبوونی زمان و فەرهەنگ و ئایین جێگاکەی دەگۆڕێ و بە جۆرێک سەربەخۆیی دەدرێت بە فەرهەنگ و تۆوە پێکهێنەرەکانی. ئەگەر بێین لە مارکسیستە نوێیەکان و لە مارکسیزمی ئۆرووپایی بڕوانین دەبینین ڕۆڵێک کە دەیدەن بە فەرهەنگ، تەنانەت باوەڕێک کە پێیان هەیە بۆ ئازادکردنی مرۆڤ و بۆ ڕەهابوون، شتێک نییە جگە لەوەی گرامشی ناوی «هێژمۆنیی کولتووری»ی لێ دەنێت و بەپێی ئەوەی کە زمان تۆوی سەرەکیی فەرهەنگە، هێژمۆنیی فەرهەنگی دواجار لەو ڕێگایەوە دەتوانێ ئامانجەکانی خۆی بپێکێت. ئەگەر بڵێین ئەمە دامودەزگا قورسەکانی سەرکوتی دەوڵەت-نەتەوە، یان هەر سیستمێکی دیکەی دەوڵەتی، وەک پۆلیس و هێزی سەربازین کە سیستەم دەپارێزن، ئەوە لە ڕوانگەی لۆئی ئاڵتوسەرەوە ئایدۆلۆژیا و فەرهەنگن کە ئەرکی داپڵۆسین و سەرکوتکردن بەڕێوە دەبەن. لە نەرمئامێری سەرکوتکردندا ئایدۆلۆژیا دەورێکی مەزن دەگێڕێت و زمان بوارێکی سەرەکیی بەڕێوەچوونی دەسەڵات و کارکردی ئایدۆلۆژیایە. بەم پێیە قەدەغەکردن و ئەم بەربەستانە لەسەر زمانی ئێمە و زۆر نەتەوەی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دادەنرێت، شتێکی هەروا بەهەڵکەوت نەبووە. تەنیا لە ئەوینداری بۆ زمانی شەکر و شیرینی فارسی و یان زمانی کامیل و ئیلاهی و یەزدانی، یان زمانی ڕۆژ و گوینەشی تورکی نەبووە، بەڵکوو لە ویستێکەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات کە تێیدا نادیدەگرتن و تواندنەوەی ئەوانی دیکە دەبێتە ئامانج.


من دەتوانم بە لیستی ئەم تیۆری و تێزە تازانە ئاماژە بکەم کە تێیاندا پرسی زمان پرسێکی سەرەکییە. ماتریالیزمی فەرهەنگی و مێژووخوازیی نوێ هەرکامەیان بە جۆرێک پرسی مێژوویەتیی دەق و دەقیەتیی مێژوو زەق دەکەنەوە. لە بۆچوونگەلی پۆستمۆدێرنیشدا زمان دەبێت بەو دەریایەی کە ماسی مەلەی تێدا دەکات و وەکوو چۆن ئەگەر ئاو نەبێت، ماسی نییە، هەر ئاواش گەر زمان نەبێت، مرۆڤ نییە. هەر وەک باسم کرد لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، «مۆدێرنیتێی لەسەرێڕا ئاراستەکراو» بە جۆرێک کۆمەڵگەی ئێمەی تەنییەوە و بە شێوەیەک ئێمەی خستە پەراوێزی مێژووەوە کە لەجیاتی ئەوەی ببێت بە فریادڕەسمان و لە کۆتوبەندی دونیای کۆن ڕزگارمان بکات، سنووری لێ گرتین، دایپڵۆساندین و هەموو ئاسەوارە زمانی و فەرهەنگییەکانی لێ ئەستاندین. هەربۆیە ئێستا لە دەیەی سێهەمی سەدەی بیست و یەکەمدا لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێندە خولیای ٢١ی فێوریەین و بە شوێن مافە زمانییەکانماندا لە ئاستێکی زۆر سەرەتاییدا وێڵین و داوای مافی خوێندن بە زمانی خۆمان دەکەین. لە باکووری کوردستان بۆ وەدەستهێنانی کۆمەڵێک لە مافە سەرەتاییەکانی زمانی و فەرهەنگی و ئەوەی کە بە زمانی خۆمان بخوێنین و بۆمان هەبێت قسەی پێ بکەین و بۆمان هەبێت وەکوو دوو وانەی دەرسی منداڵەکان بچین بڵێین ئێمە کوردین و دەمانەوێت ئەلفبێی کوردی فێر بین. ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی سمایل ئاغای سمکۆوە لە هەوڵی دابینکردنی مافە سەرەتایییەکانی زمانی خۆماندا بووین و جگە لە دەورەیەکی کورت و لە ناوچەیەکی بەرتەسکی کوردستان نەبێت هەرگیز ئەو مافەمان وەدی نەهاتووە. ئەوەیە ئەو ئاکامەی کە مۆدێرنیتێ و مۆدێرنیزاسیۆنی پاشماوەکانی ئیمپراتۆرییەکانی عوسمانی و قاجار بۆ ئێمەیان بە دیاری هێناوە.


بەم جۆرە چیرۆکی پەراوێزخستنی چەندان نەتەوە و گرووپی ئێتنیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیچم دەگرێت. بێ گومان ئەم سیاسەتە داپڵۆسێنەرانە دژکردەوەی تایبەت بە خۆی لەنێو ئەم کۆمەڵگەیانەدا ساز دەکات. چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا نیشانمان دەدات کە دیاردەی نکۆڵیکردن لە زمان و فەرهەنگی کوردی، دەبێتە هۆکاری مکوڕبوونی کورد لەسەر ناسنامەی خۆی. لێرەدایە ویستی ئاگایی و وشیاریی نەتەوەیی و ئامادەییی هزری و زەینی بۆ دەرخستنی جیاوازیی ئەم کۆمەڵگە و نەتەوەیە لە ئەوانی دیکە دێتە ئاراوە. ڕێکخراوە سیاسییە تازەکانی کە لە ئاستی کوردستانی گەورەدا ساز دەبن، وەک ئازادی و خۆییبوون لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، شۆڕش و هیوا لە باشوور و ئازادی و ژێکاف لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر حیزبی دیموکراتی کوردستان و هاتنە کایەی کۆمار و هەمووی ئەوانە ئەو قۆناغە جیاوازانەن کە دەکرێ وەکوو سەردێڕ بن بۆ لیکۆلینەوەی وردی هەمەلایەنە لە کۆمەڵگە کوردییەکان. دەبێ کۆنفرانسگەلی دیاریکراوی پسپۆڕانە بۆ لێکۆلینەوەی زانستی لەسەر هەرکام لەم قۆناغانە دانێین و هەوڵی تێگەیشتن لە هەلومەرجی خۆمان بە ئامانجی گۆڕانکاریی بنەڕەتی بدەین.


بەدوای ئەزموونی کۆماردا هەموومان دەزانین ئێمە دەتوانین چەند قۆناغی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشان بکەین. ساڵانی بێدەنگی و کپبوون هەتاکوو سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەم. هەڵبەت ئەم ناولێنانە لایەنێکی سیمبۆلیکی هەیە. ساڵانی بێدەنگی ڕەنگە پڕ لە هاوار بووبن. لەم ساڵانەدا خەباتگێڕانی کورد بەرپەرچی ئەو زوڵم و چەوساندنەوەیان لە ئاستی جۆراجۆردا داوەتەوە، مرۆڤی کورد چ لە ئاستی بڵاوکراوە و خەباتی ژێرزەمینیدا و چ لە ئاستی خەباتی چەکداریدا هاتووەتە مەیدان و هەوڵی خۆی داوە. ساڵی ٧٩ کە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران دێتە گۆڕێ ئێمە وەکوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵاوی ئەو گۆڕانکارییانە بووینە کە لە ئاستی ئێراندا هاتوونە پێش. بەڵام وەک دەزانین ئایدۆلۆژیای فەرمیی دوای ساڵی ١٩٧٩ و پرسی ئۆممەتی موسوڵمان و کارتێکەریی ئەم دیسکۆرسەی کە لە شۆڕشی ئیسلامیدا هەبوو چ دیارییەکی بۆ ئێمە هەبوو و چ کارەساتێکی بۆ ئێمە وەکوو نەتەوە خولقاندووە. هەڵبەت لەو ساڵانەی دواییدا، سەرەڕای هەمووی ئەو شتانە، دەکرێ بڵێین لانی کەم جۆرێک لە وشیاریی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا زەقتر بووەتەوە و لە ئاستی نەتەوەییدا، ساڵانی پاشەکشەی شۆڕشی کوردی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، ساڵانێکە کە دەکرێ بە ساڵانی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان نێویان بەرین کە باسێکی یەکجار گرنگە وەکوو کارکردێک لە کارکردەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.


ساڵانی خوێندکارە کوردەکان، وەکوو لایەنێک یەکجار گرنگە باسی لێ بکەین. من زۆر جار ئەوەی بەراورد دەکەم لەگەڵ ئاستی ئامادەییی خوێندکارانی فەڕەنسی و بزووتنەوەی بەربڵاوی تەنانەت کرێکاریی فەڕەنسی لە دەیەی ٦٠ی سەدەی بیستەمدا. بەو جۆرەی کە ئێریک هابسباوم دەڵێت، لە درێژەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ئۆرووپا لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانیدا، ژمارەی خوێندکاران بۆ نموونە، لە فەڕەنسە لە سەد هەزارەوە بۆ شەش سەد هەزار بەرز دەبێتەوە. ئەمەش جۆرێک گۆڕانکاری لە ئاستی فەڕەنسەدا دێنێتە ئاراوە. ئەگەر ئێوە سەرنج بدەنە ئەو هەمووە تێز و تیۆری و قوتابخانانەی ئاماژەم پێ کردن، دەبینن کە زۆربەیان ڕیشەیان لە دەیەی ٦٠ی سەدەی بیستەم لە فەڕەنسەدایە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دیسان سەرهەڵدان و گەشە و نەشە و بڵێین پەرەگرتنیان هەر لەو ڕوانگەیەوە دەکرێت چاوی لێ بکەین کە خوێندکاران چ ڕۆڵێکیان هەبووە؟ خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران و بەتایبەتی لە زانکۆ گەورەکانی وەک ئیسفەهان، مەشهەد و تاران ڕۆڵێکی ئەو جۆرەیان هەبووە. دەورەیەک هەبووە کە قسە لە ٣٠ تا ٤٠ گۆڤاری خوێندکاری دەکرێت کە خوێندکارانی کورد دەریان کردووە و ناوەڕۆک و باسی ئەم گۆڤارانە دیسان بوارێکی چاکە بۆ لێکۆڵینەوە. ساڵانی وەشانخانەکانیش بە دوای ساڵانی خوێندکارانی زانکۆکاندا دێن. ئەگەر چاو لێ بکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەندەی بۆخۆم بژاردوومە، نزیک بە ١٢ وەشانخانە، ناوەندی چاپ و لێکۆڵینەوەی کوردی و بڵاوکردنەوەی کوردی چالاکی دەنوێنن. ئەوانە هەموویان یەکجار گرنگن، من وەکوو هۆگرێکی چالاکی بواری گێڕانەوە، چ لە ئاستی کۆن و چ لە ئاستی مۆدێرندا، ناکرێ لێرەدا ئاماژە بە دوو ڕۆمان نەکەم کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە زمانەوە هەیە، یەکیان ڕۆمانێکی نووسەری کورد بەختیار عەلییە کە پارەکە چاپ بوو بە نێوی «داگیرکردنی تاریکی»، یەک لە گێڕانەوە هەرە بەهێزەکانە لە ٧٤٠ لاپەڕەدا کە باسی چارەنووسی ژینۆسایدی زمانی، یان لینگویسایدی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان دەکات. ئەمەش مژارێکە کە دەکرێ لە زۆر بوارەوە بیگشتێنی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، هەڵبەت بە هەندێ جیاوازیی فەرهەنگییەوە. ئەمە ڕۆمانێکە کە من پێشنیار دەکەم هەموو هاوڕێیان بیخوێننەوە بۆ تێگەیشتن لە کارکرد و میکانیزمی دەسەڵات بۆ تواندنەوەی نەتەوەیەک لە ڕێگای زمانبڕین، واتە لینگویسایدەوە. ئەوەی کە ئێستاش لە ڕۆژهەڵات و باشووردا زۆر بۆمان سەختە لە کوردانی باکوور تێ بگەین و هاوار نەکەین ئەرێ کاکە ئەمە چییە باکوورییەکان هەر کە ئاوڕ دەدەنەوە بە تورکی قسە دەکەن و هەر بە تورکی بیر دەکەنەوە؟ ئەم گێڕانەوە پڕ لە فانتازیایە دەتوانێ بە شێوەیەک لە ئاستی گێڕانەوەدا وەڵامی ئەم پرسیارەی لە لا بێت.


ڕۆمانێکی دیکە کە دوو حەفتە بەر لە ئێستا لە کوردستان چاپ بوو و من شانسی ئەوەم بوو زوو بەدەستم بگات و زوو بیخوێنەوە ڕۆمانی تازەی سەید «قادری هیدایەتی»یە بە ناوی «بەردینە» کە دیسان گەڕانەوەیە بۆ قەڵای «دمدم» وەک بەشێک لە ناسنامەی جۆغرافیایی و مێژوویی و فەرهەنگیی کورد. ئەم ڕۆمانە باسی هەڵسوکەوتی ئیمپراتۆریای سەفەوی و شا هەباس دەکات، ئەم هەوڵە، نەک هەر لە بواری ناوەرۆکییەوە، بەڵکوو لە بواری شێوازی و زمانییشەوە زۆر جێگەی سەرنج و لێوەردبوونەوەیە. من بەزوویی وتارێکم لەبارەی ئەم ڕۆمانەدا بڵاو دەبێتەوە بە نێوی «ڕۆمان و ژیانەوە». بەستێنی گێڕانەوەی کوردی لەسەر دەستی سەید قادری هیدایەتی، لە درێژەی چوار ڕۆمانی پێشتری خۆیدا، دەگاتە لووتکە. «بەردینە» هەوڵێکی ئەدیبانە و گرنگ و فرۆید وتەنی، «بڕیاردەرانە»یە بۆ ئەوەی کە ئێمە دەستمان بە زمانێک ڕابگات کە هیچ ئاسەوارێکی لانی کەم لە ئاستی کوردیی نێوەڕاستدا لەبەردەست نییە. ئەگەر ئێمە پێویستمان بە زمانێکی ئارکاییک، کۆن و کلاسیک هەبێت بۆ وەرگێڕان و بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و نووسینی ڕۆمانێکی مێژوویی، دەبێ چی بکەین؟ سەید قادری هیدایەتی بە هەوڵێکی بێوچانی خۆی لە فانتازیایەکی یەکجار دەوڵەمەنددا و لە گێڕانەوەیەکی یەکجار بەربەریندا وەک وڵامدانەوە بە هەوڵی ئیمپراتۆریای سەفەوی دژ بە کوردەکان و وەک وڵامدانەوە بە ئێستای بوون و ناسنامەی کوردی، ئەو کارەی کردووە کە هیوادارم هەموو هۆگرانی ئەدەبیات و چارەنووسی کوردان بیخوێننەوە.


دەمەوێ لەم باسە دەرەنجامێک وەرگرم لەژێر ناوی «چ کەردەندا»، لە «بەردینە»شدا بەڕاستی لە چوارچێوەی زمانێکی حەماسی و گێڕانەوەیی و حەیرانیدا مرۆڤ هەست بە گەڕان بە شوێن وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەکات.

ڕەوتی خێرای ئەو گۆڕانکارییانەی کە من بەخێرایی تا ڕادەیەک ئاماژەم پێ کردن، بەتایبەتی لە چەند دەیەی ڕابردوودا کە بەشێکیان لەو گۆڤارە کوردییانەدا ڕەنگیان داوەتەوە کە زۆر زۆر گرنگن و ڕەنگە بەشێکیان ئیستا لە گۆڤاری «تیشک»یشدا ڕەنگ بدەنەوە کە تەنانەت بە لاپەڕە زۆرەکانی «تیشک»یش مرۆڤ دەروەستیان نایە، کە ئەو هەموو کۆنفرانسە هەیە، ئەو هەموو باسە تیۆری و هزرییە کە گشتی بۆ ئێمە گرنگن، شتێک بە ئێمە دەڵێت کە زمانی کوردی سەرەڕای ئەو ئاسۆ گەشانەی کە دەکرێ لەبەرچاویان بگرین لە باسی قۆناغەکانی دوای کۆماردا، ئەنجومەنەکان و وەشانخانەکان و تەنانەت دەتوانم ئاماژە بە پێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییش بکەم، بۆ نموونە، ڤەژین و ژیانەوە و نۆژینی زارا محەمەدی و زۆر ناوەند و چالاکیی دیکەش. ئەوانە هەمووی جێگای دڵخۆشین، بەڵام هەڕەشەیەک لە گۆڕێدایە، ئەو هەڕەشەیەش ئەوەیە کە ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنی لەبرەو بکەوێ، لە پەلوپۆ بکەوێ، ئەگەر باڵەکانی هەڵپاچن، ئەوەندەیش کە هەمانە لە دەستمان دەچێ. بە جۆریک دەبێ وەخۆ کەوین و بۆ پاراستنی ئەوەی هەیە هەوڵ بدەین. لەوەش گرنگتر، پەرەپێدانە بەوەی هەیە. ئێستا بەڕاستی شتێک نییە غەیری ئەوەی کە کۆمەڵگای مەدەنی ئەمە بە جددی بگرێت و باسێکیش کە هیوادارم لە وەڵامی پرسیارەکاندا بتوانین تاوتوێی بکەین ئەوەیە کە ئەگەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردی بەو تایبەتمەندییانەی کە ئیستا هەیەتی و بەداخەوە لەبەر زۆر هۆکار بە جۆرێک لە پاشەکشەدا بووە و گەر وای دانێین هەر ئاوا لە پاشەکشەدا بێت و بەم زووانە ئامانجەکانی وەدی نەیات، دەبێ چی بکەین؟ لە تەمەنی چل و دوو ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا ئامانجە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کوردی بەردەوام لە پاشەکشەدا بوونە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا ئایا ناکرێ بیر لەوە بکەینەوە تەنانەت لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵگەیەدا کە تێیدا دەژین و سنوورە سیاسییەکانی بە دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانییەوە گرێ دراون بیر لە تەنانەت چەند سەعات خوێندنی کوردی لە خوێندنگە ڕەسمی و دەوڵەتییەکاندا بکەینەوە؟ من ئەوە نەک وەک نوسخەیەک، بەڵکوو وەک پرسیارێک ئاراستە دەکەم، چونکە دەکرێ لە قەراغ ئەو نموونە پۆزێتیڤ و ئەرێنیانەی کە من ئاماژەم پێ کردن، گوێ لە زۆر لایەنی زمانی کوردی بگرین لە ئاخاوتن و گوێ لە هەزاران کوردی ناوخۆ بگرین کە کوردن، بەڵام زمانەکەی خۆیان بەباشی نازانن. زمانی کوردی لەو هەلومەرجەدا چی بەسەر دێ و چاوەڕوانییەکانی ئێمە چییان لێ دێت؟ بە باوەڕی من دەبێ قۆڵ هەڵماڵین بۆ ئاوەدانکردنەوەی حەوزێکی گەورە کە تێیدا دەرفەتی مەلە بۆ هەموو ڕەنگەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی کوردستانی گەورەدا بە شێوەیەکی شیاو بڕەخسێت. دەبێ ببین بە کۆمەڵێک ماسیی هەمەڕەنگ و لەو حەوزە جوان و شیرین و گەورەیەدا مەلە بکەین. ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاری بوونناسانەداین کە من هیوادارم دوای ئەوەی هاوڕێیانی دیکە قسەکانیان کرد، ئەگەر مەجال هەبوو، دیسانەوە بگەڕێینەوە سەر ئەم پرسیارانە و قسەیان لەسەر بکەین.




ڕۆڵی زمان لە گەشەی هۆشەکیی مرۆڤ و توندوتیژیی مەعریفیی دژەزمان

بێهرووز شوجاعی
دەمەوێ لە سەرەتادا لەسەر دوو چەمک قسە بکەم، یەکەمیان کە لە بەشی فێربوونی زماندا وەکوو گەشەی کۆگنیتیڤ، یان گەشەی ناسینی، پێناسە کراوە و ئەوەی دیکە چەمکێکی فۆکۆیی بە ناوی توندوتیژیی مەعریفییە. «کۆگنیتیڤ دیڤەلۆپمنت» وەکوو «گەشەی هۆشەکی»یش بۆ کوردی وەگێڕدراوە، بەڵام بە باوەڕی من وەرگێڕانێکی سەرکەوتوو نییە. لە عەرەبیدا بۆ کۆگنیتیڤ «ئیدراکی» و لە فارسیدا «شناخت» بەکار هێنراوە. کاتیک باسی گەشەی کۆگنیتیڤ، یان «شناختی» دەکەین مەبەستمان پرۆسەی فێربوون و بەتایبەت فێربوونی زمانە. گەشەی ناسینیی مرۆڤ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ئەو توندوتیژییەی دژی زمانی دایک دەکرێت. ئەو توندوتیژییەش ڕاستەوخۆ پەیوەندیی هەیە لەگەڵ سیاسەتی زمانیی دەوڵەت. سیاسەتی زمانیی دەوڵەتان بەپێی پێناسەیەک بیچمی گرتووە کە لە نەتەوەی خۆیان کردووە. پێناسەی نەتەوە-دەوڵەت چەندین جۆری هەیە، بەڵام ئەوەی کە لە یەک جیایان دەکاتەوە ناوەندێتی و فرەچەشنی، یان تەکچەشنییە. دەوڵەتیش هەن نامەرکەزی و فیدراڵن و وێژمانێکی فرەزمانییان هەیە. ئەگەر نەتەوە-دەوڵەتەکە ئونیتەر، یان موەحید بێت، ئەو کاتە مەرکەزییە و پێناسەیەکی تەکبیچمی لە نەتەوەکەی هەیە، واتە یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان و… هتد.

کاتێک کە دێین تەماشای دەوڵەتی ئێران دەکەین، دەبینین لەسەر بنەمای چەمکێکی ژاکۆبەنی ئونیتەر دامەزراوە، واتە پێناسەی ئێران لەسەر بنەمای شوناسی فارسی-شیعە داڕێژراوە و، ئێرانیبوون بە واتای فارسبوونە. زمانی فەرمی فارسییە، مێژوونووسی بە فارسییە، کولتوور هی فارسە؛ هەموو گێڕانەوەیەک کە پەیوەندیی هەبێت لەگەڵ ئێراندا لە ڕوانگەی شوناسی ئێتنیکی فارسەوە داڕێژراوە. زمانی فارسی و کولتووری فارسی وەکوو پێوەر و نۆرم دانراوە، هەموو زمانەکانی دیکە وەکوو «گویش» و کولتوورەکان وەکوو «خردە فرهنگ» دەناسرێن. واتە دەرەوەی نۆرم، واتە لادانێک لە نۆرماڵیتە. لە مادەی ١٥ی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا بە ڕاشکاوی ئەمە هاتووە، زمانی فەرمی و ڕەسمولخەتی فەرمی، فارسییە و، ئەوانی دیکە وەکوو زمانگەلی «محەلیی ئەقوام» پێناسە کراون. ئەقوامیش کە باس دەکرێ لەوانەیە ڕاستەوڕاست بە واتای ئێتنیسیتە نەبێت، شتێکی نزیک بە هۆزە. بەم شێوەیە هیرارشییەک دروست دەکات کە لە سەرووی ئەو هیرارشییەدا فارسییەکی بە پرێستیژ هەیە و زمانەکانی دیکەش لە خوارەوە جێ دەگرن. جا ناوەندی ئەو قوتبنمایە خودی خۆیەتی، واتە فارسمەرکەزە و ئەوانی دیکە پەراوێز. ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی زمانییەکەی کە وەکوو پلاندانانی ستاتووس، یان پلاندانانی پێگەی زمانی، پێناسە دەکرێت کە بەپێی ئەو سیاسەتە دەوڵەت پێگەی زمانێک لەوانی دیکە بەرزتر دەکات. هەروەها لەبەر فەرمیبوون، ئەو فارسییە دەبێتە زمانی پەروەردەی گشتی، جا خوێندکارەکە چ فارس بێت و چ نافارس. لێرەدایە کە زمانی نافارسی تووشی توندوتیژیی مەعریفی دەبێت، واتە بۆ نموونە، ڕێگە بە زمانی کوردی نادات کە گەشەی مەعریفی بکات، لە هەمان کاتدا تاکی کورد بە مەعریفەیەک کە لە درەوەی کۆمەڵگای کوردەواریدا بیچمی گرتووە، پەروەردە دەکات. ئەم دوو دیاردەیە دەبنە هۆکاری توندوتیژیی مەعریفی دژی زمانی کوردی و تاکی کورد. زمانی کوردی لە دەرەوەی نۆرم تەعریف دەکرێت، کوردبوون لە حاڵەتە چاکەکەیدا فۆلکلۆرە، محەلییە و لە ڕاستیدا ئامانجی سیاسەتی تواندنەوەیە. بە ڕێگەی ئەو شوناسە کە بۆ سەروەری پێناسە کراوە، حاڵەتی دیفالت، حاڵەتی نۆرماڵ و حاڵەتی موعتەبەر، زمان و فەرهەنگی فارسییە و سەرەنجام دەبێ کۆمەڵگا بەپێی ئەو پێناسەیە یەکسانسازی بکرێت، یەکڕەنگ بکرێت، یەکدەنگ بکرێت. گێڕانەوەی فەرمی، گێڕانەوەی فارسییە، منی کورد، زمانی کوردییەکەی من، وەکوو سووژەیەکی کۆلۆنیال پێناسە دەکرێت، دەبێتە ئەوی تری شوناسی حاکمیەت. لە سیستمی پەروەردەدا ئەم بۆچوونە، ئەم پێناسەیە، بەردەوام بەرهەم دێتەوە (بازتولید دەکرێت)، ڕیوایەت دەکرێت، ڕاویی ڕیوایەتی خۆت نیت، ئەیجنسی و عاملییەتی خۆت لەدەست داوە. بە زمانێکی جگە لە زمانەکەی خۆت وێنا دەکرێیت. لەپشت ئەو زمانە گێڕانەوەیەک هەیە کە گێڕانەوەی خۆت نییە، مێژووەکەی لە سەنتەری فارسەوە داڕێژراوە، ئەدەبیاتی هی فارسییە. تۆ نە تەنیا خۆتی تێدا نابینی، تەنانەت هەرچی ئی خۆتە لێت حاشا دەکرێت، تووشی نەبوونی یادگە (فیقدانی زاکیرە)، تووشی ئامنێسیا دەکرێیت. گێڕانەوەکانت، قارەمانەکانت، چیرۆکەکانت هەموو لەو لەحزەیەی کە لە سیستمی پەروەردەی ئەواندا پەروەردە دەکرێیت، لە بیرت دەچێت. لە خۆت بێگانە دەبیت. جیهانبینییەکەت دەگۆڕدرێت، لەجیاتی ئەوەی بەپێی پێوەرە زمانی و فەرهەنگییەکانی خۆت جیهان وێنا بکەیت، بەپێی زمان و فەرهەنگی پەروەردە ئەو دونیایە وێنا دەکەیت، ئەو پێوەرانە کە لە دەرەوەی ژینگەی زمانی و فەرهەنگییەکەی تۆدا بیچمیان گرتووە. لە حاڵێکدا لە مۆرفۆسەنتاکسی هەر زمانێکدا، لە وشەسازی و ڕستەسازیی هەر زمانێکدا جیهانبینییەکی تایبەت بەو زمانە هەیە. جا تۆ بێیت بەپێی جیهانبینیی زمانی فارسی دونیا وێنا بکەیت، بێگومان دەبێتە جیهانبینییەکی فارسی. کە باسی توندوتیژیی مەعریفی دەکەین، دەبێ باسی توندوتیژی هێماییش بکەین. زمانی پەروەردە بە فارسی بێت، ڕاگەیاندن بە فارسی بێت، تەنانەت تابلۆکانی دوکان و بازاڕ بە فارسی بێت و تۆ ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەوانە ببییەوە کە بە زمانی تۆ نییە، ئەوکات تووشی توندوتیژیی هێمایی دەبیت. ئەمە بۆ تۆ دەبێتە کەتوارێکی کۆلۆنیال. نالی و خانی و جزیری و مەحوی ناخوێنی، سەعدی و حافز و فیردەوسی دەخوێنی، ئوستوورەی مەم و زین و لاس و خەزاڵ و ئەوانی دیکە ناخوێنی، سیاوەش و ئەسفەندیار و ئارەش و ئەو شتانە دەخوێنی. ڕەزا مێرپەنج بۆت دەبێتە قارەمان، سمکۆ بۆت دەبێتە شەقاوە. گێڕانەوەیەکی کۆلۆنیال بەسەرتدا دەسەپێندرێت؛ لێرەدایە کە دەبی بە سووژەیەکی کۆلۆنیال. بە سووژەی کۆلۆنیالکردنی تۆ لەسەر دەروونت کاریگەر دەبێت، کەم دێنیت، تووشی کێشەی خۆکەمبینین و زۆر جۆری دیکەی گرێی دەروونی دەبیت. لە بەرانبەر سیستەم و لە بەرانبەر زمان، فەرهەنگ و مەعریفەی فارسیدا خوت بە کەم دەبینیت. لەو گێڕانەوە کۆلۆنیالەدا، یان حزوورت نییە، یان ئەگەر هەشتبێت، لە پەراوێزی و فۆلکلۆریکی و، ئەگەر مێژووییش بێت، شەقاوەی، تەجزیەتەڵەبی و زیدی ئینقلابی. هیچ شتێک لەو گێڕانەوەیەدا نییە کە بتوانیت خۆت لەگەڵیدا تەداعیی هەویەتی و زیهنی بکەیت، بگرە وەکوو ئەوی تریش پێناسە کراوی. بە ئەوی تر کراوی، هەمووی ئەمانە بە ڕێگای زمان و، بە ڕێگای مەعریفەی زمانیی سیستمی پەروەردەدا دەچێتە ناو ناخت، لێرەدایە کە من باسی توندوتیژیی مەعریفی دەکەم. ئەم کەتوارە کۆلۆنیالە بۆ پتەوکردنی دەسەڵات بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە.


چەمکەکەی دیکە کە پێشتر ئاماژەم کرد، گەشەی کۆگنیتیڤە، گەشەی ناسینییە. جیم کومینس باسی دوو چەمک لە مەسەلەی زماندا دەکات. یەکێک زمانی قسەکردنی ڕۆژانە، یان زمانی زارەکی، ئەوەی دیکە زمانی کۆدی گەشەکراو، یان زمانی ئەکادیمیک کە زمانێکی ئەبستراکتە لە سیستمی پەروەردەدا فێری دەبیت. منداڵ کە دەچێتە قوتابخانە کۆدی گەشەکراوی نییە، فێری زمانی نووسراو نەبووە، زمانی ئاکادیمیک تەنانەت ڕستەسازی و وشەسازییەکەی جیاوازە لە زمانی قسەکردنی ڕۆژانە، بۆیە منداڵ لە قوتابخانەدا لەگەڵ زمانی ئەکادیمیک ئاشنا دەبێت، هەر لە میانەی یەک دوو ساڵی یەکەمدا چەند هەزار وشە لە خەزینەی فەرهەنگەکەی زیاد دەکرێت. ئەمجار ئەگەر زمانی قسەکردنی ڕۆژانەی لەگەڵ زمانی ئەکادیمیکدا یەک بن، واتە زمانی دایکی بێت، گەشەی ناسینی ئەو منداڵە بە شێوەیەکی سروشتی دەبێت، بەڵام کاتێک ئەو دوو زمانانە یەک نەبن، واتە زمانی قسەکردنی ڕۆژانەی کوردی بێت و زمانی پەروەردە فارسی بێت، پەیوەندییەکی لۆژیکی و کۆگنیتیڤیان لەگەڵ یەک دروست نابێت، لێرەدایە کە منداڵ تووشی کێشەی گەشەی کۆگنیتیڤ دەبێت. وەکو منداڵێکی فارس چەمکەکان تێ ناگات، دەروونیی ناکات، فاکولتیی زمانییەکەی لە مێشکدا سەقەت دەبێت، کێشەی بۆ دروست دەبێت لە پرۆسەی پەروەردەدا، کە تەنانەت دەبێتە هۆکار وەکوو منداڵی فارس گەشە نەکات و تەنانەت نەتوانێت بچێتە زانستگاش. واتە سەرەڕای هەڵاواردنی نژادی کە بەرانبەر کوردی هەیە، بەتایبەت لە بواری کارپێدان و ئەو دەرفەتانە، کێشەیەکی دیکەشی لێ زیاد دەکرێت، ئەویش دەرەتانی مڵمڵانێی ئەکادیمیکی کەمتر دەبێت. دوا دەکەوێت. تەمسیلیەتی لەو پیشانەدا کە پێویستیان بە خوێندنی ئەکادیمیکە کەمتر دەبێت. کێشەیەکی دیکەش لێرەدا دروست دەبێت، ئەویش تواناییی دەربڕینی منداڵی نافارسە، تواناییی شیکاری لە دیاردەگەڵی دەوروبەرە. لێکۆڵینەوە کراوە کەسانێک کە بە زمانی دایکیان پەروەردە نابینن، ئاستی تەمسیلیەتیان لەناو کاری تاوانکارانەشدا زیاترە. لەسەدا ٣٠ی خۆراسان کوردە، بەڵام لەسەدا ٦٠ی زیندانییەکان کوردن. هەرچەندە لەناو دەزگای حکوومەتیدا بوون، یارمەتیدەری ڕژێمیش بوون، نزیکەی ٢٠ یان ٣٠ هەزار کوژراوی شەڕی ئێران و عێراقیان هەیە. بۆچی دەبێت کورد بەپێی حەشیمەتەکەی ئەوەندە کریمینێل و تاوانکاری لێ بکەوێتەوە؟ بەشێکی لەمە دەگەڕێتە بۆ ناڕێکیی گەشەی ناسینی و کۆگنیتڤی تاکی کورد. ئەمەش شێوەیەکی دیکەی توندوتیژییە. لە سوێد جەخت دەکرێتەوە سەر پەروەردەی زمانی دایک، چونکە پێیان وایە کەسێک کە زمانی دایکی باش بزانێت، زمانی دووەم و سێیەمیش باش فێر دەبێت. منداڵێک کە بە زمانی خۆی پەروەردە نەبێت، توندوتیژیی لەفزی نیشان دەدات، تەنانەت توندوتیژیی فیزیکی دەکات، بۆ دەربڕینی خۆی مەجبوور بە توندوتیژی دەبێت. کەمینەکراوی لە هیرارشییەکی نەژادیدا، پێگەیەکی خواری هەیە، بەسەریشیدا تووشی سیاسەتی ئاپاڕتاید و هەڵاواردن دەبێت. لەوانەیە هەندێک تاکی کورد بەهرەی زمانییان هەبێت، یان تەنانەت بەهرەمەند بن، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە پێوەر. ئەگەر پەروەردە بە زمانی دایک بووایە، ئایا ژمارەیەکی زۆری کورد نەدەبوون بە ئەکادیمیسیەن، یان خاوەن باوەڕنامەی بەرزتر؟ کێشەی گەشەی ناسینی دەبێتە هۆکاری هەڵاواردنی نژادی بەرانبەری کورد.


بەڵام کۆمەڵگای کوردستانی لە ڕۆژهەڵات ستراتێژییەکی لە بەرانبەر ئەو توندوتیژییانەدا گرتووەتە بەر، من وا بیر دەکەمەوە، وای شی دەکەمەوە کە خەریکە کورد لە ڕۆژهەڵاتدا کۆمەڵگایەکی هاوتەریب دروست دەکات کە خەریکە مەعریفەسازی دەکات. مەعریفەیەکی کوردی بە ڕێگای فێرکاریی زمانی کوردیدا و بە کردنەوەی پۆلی زمانی کوردی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا دەگشتێنێت. ئەمە دەکرێ ڕێکارێک بێت بۆ ڕێگری لەو توندوتیژییە مەعریفییەی کە لە بەرانبەر کۆمەڵگای کوردەواری و زمانەکەیدا هەیە. منداڵی کورد بەو پەروەردەیەی کە بە زمانی خۆی وەرگرتبێت، لەوانەیە مەعریفەش وەردەگرێت، بەڵام بە قیمەتی زمانەکەی خۆی نابێت. لە کۆتاییدا ئەمەش بڵێم، وەکوو پێشتر عەرزم کردن، لەپشت هەر زمانێکدا مەعریفەیەک، جیهانبینییەک، جیهانوێناکردنێک، ڕیوایەت و گێڕانەوەیەک هەیە، ئەو هەڵمەتانەی بۆ فێرکاریی زمانی کوردی دەدرێت، مەعریفەی کوردی دەگەڕێنێتەوە ناو کۆمەڵگای کوردی. کە وانەی زمانی کوردی دەدات، باسی مێژووی زمانی کوردی دەکات، باسی ئەدەبیاتی کوردی دەکات، جا چ زارەکی بێت، چ نووسراوە، باسی گێڕانەوەی کوردی بێت. کورد خۆی ڕێوایەتەکەی خۆی دەگێڕێتەوە لە ڕوانگەی خۆیەوە. ئەمە دەبێتە ڕێگر لە بەرانبەر ئەو مەعریفەسازیی کۆلۆنیالەدا کە کوردی لە خۆی نامۆ دەکرد، دەیخستە پێگەیەکی خواری کۆمەڵایەتی کە خۆیشی دەروونیی کردبوو. هەست بە بەرزبوونی هەستی خۆباوەڕی دەکات، هەست بە شکۆمەندیی کوردبوون دەکات، کوردبوون بۆی دەبێتە بەها.


بەڵام ئاسەواری مەعریفەی کۆلۆنیال هێشتا لەسەر جەستەی دەروونیمان ماوە، وەکوو پێشتر عەرزم کرد، خۆمان، وێژمانی سیاسیی خۆمان و تەنانەت فەرهەنگی خۆمان بەپێی مەعریفەیەک پێناسە دەکەین کە لە دەرەوەی ئێمە بیچمی گرتووە. خۆمان بە ڕێوایەتی ئەوی دیکەکەی خۆمان پێناسە دەکەین و تەنانەت ئامانجە سیاسییەکانیشمان بەپێی مەعریفە کۆلۆنیالەکە دەستنیشان دەکەین، کوردایەتی بە مێشکی کڵاوی پەهلەوی دەکەین، بە شەبقەی کەمالیزم دەکەین و بە عەبای عرووبە، یان ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەکەین. سیاسەت لەوان فێر بووین، سەرچاوە تیۆرییەکانمان فارسی و تورکی و عەرەبین، ئایدیال و پێوەرە سیاسی و ئایدیۆلۆژیکەکانمان لەوان وەرگرتووە. لێردایە کە دەبێت نوخبەی کورد، سیاسیی کورد تەماشای سەرچاوەی مەعریفیی جگە لە فارسی، جگە لە تورکی و جگە لە عەرەبی بکات. بە پێوەرە کۆلۆنیالەکان ناتوانین نەتەوە پێناسە بکەین، سیاسەت و ئایدیۆلۆژی پێناسە بکەین. ئەو مەعریفە کۆلۆنیالە لە ژینگەیەکی نادیموکراتیکدا فۆرمی گرتووە. ئێمە دەبێ کۆمەڵگای خۆمان بە پەروەردەی کوردی، بە پەروەردەی کوردایەتییەکی دێموکوراتیک لە ئیستیعمار بسڕینەوە؛ کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵات ستارتی ئەو هەڵمەتەی لێداوە، بەڵام دەبێت نوخبەی سیاسییش بەخەبەر بێن.


لە ڕۆژهەڵات، تەنانەت لەناو کوردانی خۆراساندا هەڵمەتی مەعریفەسازیی کوردی دەستی پێ کردووە، هەم پاراستنەوەی مەعریفەی کوردی، هەم گەشەی مەعریفی کۆمەڵگای کوردی و لە هەموویان گرنگتر گشتاندنی مەعریفەی کوردی. ئەو گشتاندنە گرنگە، بۆ نموونە، بۆچی زارا محەمەدی زیندانی دەکرێت؟ چونکە نە تەنیا مەعریفەی کوردی دەپارێزێت، تەنانەت گەشەی پێ دەدات و لەناو کۆمەڵگادا دەیگشتێنێت. ئایدیۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەتی ئێران لەناو مەعریفەسازیی کوردیی زارادا غایبە، بۆیە دەبێتە ئامانجی هەڕەشە و زەخت و چەوساندنەوە و ئاخرەکەیشی دەکەوێتە زیندانەوە.


من هیوادارم ئەو پرۆسەیەی سڕینەوەی ئیستیعمار لە باکووریش دەست پێ بکات، کە مێشک و دەروونی مرۆڤی کورد تا ڕادەیەکی زۆر مەترسیدار لەوێ کۆلۆنیزە کراوە. لە پرۆسەی سڕینەوەی ئیستیعماردا زۆر هەڵمەت هەن کە یەکێکیان ئەوەیە وا کاک هاشم باسی کرد؛ گەڕاندنەوەی گێڕانەوەی کورد بۆ کورد. ئەو گێڕانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ حافیزەی نەتەوەییی کورد. وەکوو کاک هاشم باسی دەکات، ڕۆمانێک نووسراوە کە دەڵێی بە زمانی سێ سەد-چوار سەد ساڵە، بەو گێڕانەوەیە، بەو زمانە تو بەردەوامیی مێژوویی لە حافیزەی گەلەکەتدا دروست دەکەیت. کە دەچووین لە خوێندگا ڕوودەکی و عەتارمان دەخوێند، دەمانزانی زمانی هەزار ساڵ پێش ئێستایە، بەردەوامیی زمانی فارسی زۆر ئاسان بۆمان وێنا دەبوو. ئێستا بەو گێڕانەوە کوردییانە لە ناخی ئێمەدا بەردەوامیی مەعریفی، بەردەوامیی گێڕانەوەی کوردی خۆی دەردەخات. ئەو ڕۆماننووسە پێشەنگە بۆ ڕێگری لە کۆلۆنیالیزمی زمانی و توندوتیژیی مەعریفی؛ زارا محەمەدی بە گشتاندنی پەروەردە و مەعریفەی کوردی، ئەیجینسی کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆی و، ڕێگر دەبێت بەرانبەر ئەو توندوتیژییە کۆگنیتیڤە/ناسینییەی کە منداڵی کورد ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەمانە هەنگاوی گرنگن لەپێناو پاراستنی شوناسی کوردیدا.



زاراوەیل کوردی، دەرفەت یان هەڕەشە؟

ژیار جەهانفەرد
زاراوەیل زوان کوردی دەرفەتن، یا هەڕەشە؟ مژار ئێ باسەسە ک من خوازم پێشکەشدان بکەم. ئەگەر تماشای دیرووک زوان کوردی بکەیم، دونیمن وەر جە هاتن و هێڕشت ئسڵام، بەڵگە و سەرچەوەیل فرەیگ لەسەر زوان کوردی لە وەر دەس نییە، ئەمانێ بەڵگەیلێگ لە زوانەیل باستانی و قەدیمی وە جیییەو مانە ک بنەمایگ زوانەیل ئمڕوویی فەلات ئێرانن (هەر لە شەرق تا باکوور مزوپۆتامیا [میان ‌رودان[ و کوردستان). لە دوای ئسڵامەو وەگوورەی سەرچەوەیلێ ک هەس، دو بەش لە ئەدەبیات کوردی ئارشیڤ بوە ک یا دەمەڵدەم و سینگ وە سینگ، یا وە شێوەی دەسنوس مانەسە جییەو. یەکێگ لەلێیان بەش ئەدەبیات (گوورانی) و بەش ترەک (قەوڵەیل) ئیزەدیین. لە دوای ئەو دەورەی دیرووکییە، ئەدەبیات کلاسیکێگ لە باکوور کوردستان ها وەر دەس ک بەڵگەیل فرەترێگ ئڕا سەڵماندنێیان هەس، لەوای شیعرەیل «مەلای جەزیری، ئەحمەد خانی» و شیعر کەسان تر و هاوکات وەگەرد ئەو دەورەیا لە کرماشان شاعرەیلێگ لەوای ئەلماس‌خان کەنولەیی، خانای قوبادی و… بەش سەرەکیێگ لە ئەدەبیات کوردی، وەک حەماسی و دڵداری نوسەکییەو کەن ک یەیشە خوەی بوودە دو بەش و بەش یەکمێ ئەدەبیات دەمەڵدەم و سینگ وە سینگە ک دەسنوس بوون و بەش تریشێ لە ئەدەبیات فارسییەو ورگێڕان کەن.

ئەو سەردەمە ک ئەدەبیات کلاسیک ئیمە جوور نەتەوەیل تر، بەشێگ لە پێکهاتەیل فەرهەنگی بوە، زوان پێناسەی تر ئەو خوەی گرتێیە، ئەما لە سەردەم مۆدرن وەگەرد هاتن مۆدرنیتە وە ڕووژهەڵات ناوێن بێگومان پێناسەیل تر لەسەر زوان کریەد و ئێ روداوە لە دەورەی ڕنسانس لە ئرووپا دونیمن. یانێ وەر جە یە ک لە ڕووژهەڵات ناوێن دیزاین تازە و تاریف و پێناسەی جەدیدێگ لە زوان بکریەد، دونیمن لە ئرووپا ئێ ئتفاقە کەفێ. وەئی بوونەوە وەختێ دەسەڵات یا کەلوپەلەیل مۆدرنیتە رەسنە ڕووژهەڵات ناوێن، دەسەڵاتەیل ناوەندی وەک دەوڵەت قاجار (ئەڵبەت ئاخرەیل قاجاڕ) و سەرەتای دەوڵەت پەهڵەوی و لە ئاناتۆلی و عوسمانی، دەوڵەت ئاتاتورک بوونە سەدەم ئیە ک لە ئەو کەلوپەل مۆدرنیتە ئێستفادە بکەن و زوانێگ لەوای زوان دەوڵەت – نەتەوە پێناسە بکەن ک زوان رەسمی لە ترکیە بوودە ترکی و لە ئێران بوودە فارسی. جی سەرنجە ک پێناسە و محوەریەت زوان و منتالیتەی فارسی، هەڵەوگەردێ وە شەخس یا پیاگ فارس شیعەیگ ک لە مەرکەز ژیەد. لە شوون سەقامگیری دەوڵەت – نەتەوە، زوانەیل جیا لە فارسی لەوای لەهجەیلێ لە خود ئەو زوانە زانن و دونیمن لە درێژایی ئێ سەد ساڵە، لان کەم لە سەرەتای سەدەی بیستم تا ئمڕوو پێناسەیل تر لە زوان سەقام گرتێیە.


وەگەرد هاتن مۆدرنیتەیا هەم روداو دڵتەزین و هەمیش روداو خاسێگ قومێد، یانێ بەش پۆزێتیڤ و بەش نگاتیڤێگ دێرێ. بەش نگاتیڤیەگەی ئیەسە ک ئەو دەسەڵاتە ک دەساوە و بەرهەم مۆدرنیتەس وەدەس ئیمەی کورد، لە رووژهەڵات ناوێن نیەڕەسێد؛ ئەڕا نموونە، ئەدەبیات کوردی گوورانی ک لان کەم سەدەیل فرەیگ ئەدەبیات کلاسیک مەنتەقە بوە و جوور ستایل ئەدەبی یەکێگ لە دەروەچەیل زوان کوردی بوە، ئەوەیش لە حەوزەی شیعر، هەر ئەو ئەدەبیاتیشە کەفێدە پەراوێز؛ هەرچەن سەرەتا لە بەرابەر زوان فارسی ململانی کەد و لە ئەنجاما نیەتوانێد فرە مقاومەت بکەد، چون ک زوان دەوڵەت ئێران بوودە فارسی و ئمکانات فرەیگ کەفێدە وەرەسەی و رووژ وە رووژ مەتن فرەترێگ وە چەواشەی ئەدەبیات گوورانییەو وەپێ تەولید کریەد. وەگەرد ئێ روداو مۆدرنا، روداوەیل تریش کەفێد و زوان کوردی لە شارێگ لەوای کرماشان وەگشتی کەفێدە پەراوێز و یە بوودە مدوو یەگ کەلین (بۆشایی) گەورایگ لە حەوزەی زوان کوردی سەقام بگرد و ئیمە دونیمن لە ئەو سەردەمیشە کوردی لە رووژهەڵات کوردستان رووژ لە دوای رووژ بێهازترەو بوود. ئەما لە باشوور کوردستان وە مدووەیل فرەیگەو، کوردی سەقام گرێد و بوودە زوان پەروەردە و پێشکەفێد. بەس یانەیشە باس و دەلیلەیل خاس خوەیان دێرن. ئەما ئەگەر هەڵگەردیمنەو وە زوان کوردی، زوان کوردی ئمڕوو جوور زوانێگ لەناو ڕووژهەڵات ناوێن، چ پێناسەیلێ توانیمن لەلێ بکەیمن؟ ئایا لە دوای ئەدەبیات کلاسیک گوورانی (مەبەست لە کرماشان و دەوروەرێیە)، زوان کوردی دریژەی گوورانییە یا زاراوەیل تر لە حەوزەی ئەدەبیات تیەنە مەیدان؟ ئەگەر تماشایگ وە ئەدەبیات سۆرانی بکەیم، وەگەرد دەسپێک ئەدەبی ئێ زاراوەیا، سێ شاعر گەورا لەوای ناڵی، سالم، کوردی وەک سێ کوچگەی ئەدەبیات کوردی سۆرانی ناسریەن. هەرچەنیش چەن شاعرتریش وەک عەلی بەردەشانی و مەلا محەمەد هەزارمێردی شیعر وەی دیالکتە نوسانە. توانیمن یە جوور سەرهەڵدانێگ لەناو ئەدەبیات کوردی سۆرانی ناو لێ بوەیمن.


لە باشوور کوردستان هڵایە سەد ساڵە زەمینە خوەش کریایە ک زوان کوردی تا ڕادەیگ وە ڕەسمییەت بناسریەد، ئەما ئێ ئتفاقە لە ناو بەشەیل تر کوردستان نیەکەفێد. لە باکوور کوردستان جەلادەت بەدرخان و وەر جە ئەوییش کامران عەلی بەدرخان و… ڕووژنامەی کوردی چاپ کەن. لە دەورەی جەلادەت بەدرخان، باس ڕێنوس کوردی لاتین شکڵ گرێد. هەرچەن کرمانجی لە مەتوایەتی و قەدەخایەتی بوە، وەلێ زاراوەی ستانداردێگ لەناو بنزارەیل کرمانجی سەقام گرێد.


ئەگەر هەڵگەردیمنەو وە سەدەیل وەرجە مۆدرنیتە لە رووژهەڵات ناوێن، دونیمن ک ئەو پێناسەیەیل تازە ک لە زوان کریەد، ئەو سەردەمە نەبونە. وە دریژایی سەدەیل فرەێگ زوان ژیان خوەزایی خوەی داشتێیە، مەسەلەی ئاسمیلاسیون نەبوە، هەرچەن کاریگەرییەیل فەرهەنگی و زوانی ئەمر تەبیعیێگ لە جهان بوە، ئەما پلان سیاسیێگ جوور ئاسمیلاسیون زوانی لە کار نەبوە (یا لان کەم من خەوەر نەیرم). لە سەردەمەیل وەرین، تەقیان، یا بەرخورد دو زوان وەیەکا دونیمن، ئەمان پرۆسەی ئاسمیلاسیون نیەونیمن. ئەڕا نموونە، هەر لەناو دەوڵەت عوسمانی زوان کوردی قەدەخە نەبوە و ئیمە شاعرەیل گەورایگ دێریمن هەر لە باشوور کوردستان ک لە ئستانبوڵ بونە و ڕووژنامەی کوردی چاپ کردنە و زوان کوردی ئازاد بوە. ئەما یە لە دەورەی ئمڕووە ک زوان، پێناسەی تر لە خوەی گرێ و یەسە ک ئیمە لەناو ئێ پێناسەی نووە بێبەش بومنە.


لەیرە ئێ پرسیارە درس بوود ک ئایا لە پێشەڕووژ/بانان کوردستان ئیمە توانیمن گشتمان وە یەی زاراوە بنوسیم و بخوەنیم؟ یا کێشە درس بوود؟ زازاکی تا چەنێ پەیوەندی وەگەرد کرمانجی یا سۆرانییا گرێد و وە چەواشەوە؟ لە رووژهەڵات کوردی کەلهۆری و لەکی و هەورامییش دێریمن. بەس وەختێ باس لەسەر زوان داڵگی کەیمن و لەسەر ستانداردسازی هوردەو بومن، دەرکەفێد ک خود ستانداردسازی زوان، یەی ئەمر غەیر دمۆکراتیکە و ئێ ئتفاقە لەناو زوور وڵاتەیل دنیا لەیە وەر ڕو دایە.


وە سەر نەبون دەسەڵاتەو خەڵک کورد تا ئمڕوو توانستێیە تا ڕادەیگ زاراوەیل زوان کوردی بپارێزێد و لەیە ئەودوا ئیمە چ پلانێگ توانیم بێیاشتویمن ئڕا زوان کوردی و زاراوەگانێ؟ لەیە ئەو دوا ئیمە چو تماشای زوانێ کوردی بکەیمن؟ ئایا لە بانان کوردستان گشت زاراوەگان زوان کوردی، ئڕا نموونە، توانن کرمانجی وە زاراوەی ستاندارد قەبوول بکەن؟ یا گشتیان توانن سۆرانی، یا کەلهۆری، یا هەورامی قەبوول بکەن؟ ئیمە تا ئمڕوو وەداخەو پلان دیارێگ ئەڕا ئێ مەسەڵە نەیاشتیمنە. ساڵ ٢٠١٣ یا ٢٠١٤ لە کۆڕی زانیاری (ئەکادیمیای کوردی) لە هەولێر، هڵایە ٣٠- ٤٠ کەس بەشداری کردبون، بەشدارەیل ئەو جەلەسە بێجگە دو سێ کەس، باوەڕ داشتن ک مەردم کرماشان لوڕی قسە کەن. یە نموونەیگە ک نیشان دەی لێکووڵین قولێگ لەسەر زوان کوردی و زاراوەیلێ نەکریاس و هەرکەس زوان کوردی تەنیا وە زاراوەی خوەیەو ناسێ. زاراوەیل کوردی هەم توانن دەرفەت و هەم هەڕەشە بوون. لە ئێ زەمانە ئیمە توانیمن مەردم لە رێ زاراوەی خوەیانەو گەرد زوان کوردی ئاشتی بێیەیم و لە خاڵ سفر فۆلکلۆرەو ک زوان خەڵکە، بتوانیمن وەرەو خاڵ سەد معیارسازی لە یەک نزیکەو بویمن. هەر لەیوا ئەگەر پلان زوانی نەیاشتویمن، ئێ زاراوەیلە توانن بوونە مدوو هەڕەشە و پەرتەوازی و ترازیان فرەتر لە یەک.


رێنوس بەش تر لە پلان زوانییە. ئایا زوانێگ توانێ دو گلە ڕێنوس جیا لەیەک بێیاشتوود؟ ئایا ئمڕوو ئیمە توانیمن تەنیا وە یەکێگ لەی ڕێنوسەیلە بنوسیمن و ئەوەکە بنیمنە لا؟ توانیم بوشیمن هەنای دو زاراوە لە زوانێگ وە دو ڕینوس نوسن، توانن لە دریژایی زەمان فرەتر لە یەک دورەو بکەفن. دو رێنوس، دو دنیای جیاواز خەڵق کەن و دو منتالیتەی جیاواز تیەرێدە وجوود، منتالیتەی ک لە ڕێنوس لاتینەو تێد و منتالیتەی ک لە ڕینوس عەرەبییەو تێد. یانە باسەیل فرە بنەمایێگن و کەسەیلێگ ک لە حەوزەی زوان کار کەن، بایس چارەسەرێیان بکەن، یان لان کەم رێگەی ئڕا بانان پێشنیار بێیەن. چ پلانێگ ئەڕا زاراوەیل زوان کوردی دێریمن؟ ئڕا نموونە ئەگەر لە بانان لە کرماشان بوشن زاراوەیگ لەوای کرمانجی، سۆرانی، یا هەورامی ک زاراوەی جیا لە خود زاراوەی مەردم کرماشانە، بوودە زوان رەسمی، ئایا مەردم قەبولی کەن؟ ئیمە نیەتوانیمن جوور یەی زوانێ ک ئەرتش، ئاکادمی، حزب، کونسولگەری و سەدان دەسەلات تر دێرێد، تماشای زوان کوردی بکەیمن و بایەس خوەندنەوەیگ تر لەسەر زوان کوردی بێیاشتویمن. لە باشوور کوردستان ک کورد دەسەڵاتێگ دێرێ، هەوەجەس ک پەرە بییەن وە زاراوەیل زوان کوردی. ئڕا نموونە، لە باشوور کوردستان ک زاراوەی سۆرانی رەسمیە، کورد کەلهۆر و هەورام دێریمن ک لە پەروەردە بێبەشن. لەهجەی بادینی ک لەهجەیگ لە کرمانجییە، لە جوغرافیای باشوور کوردستان رەسمییەو بوود و دو گلە زاراوە (سۆرانی و بادینی) هاوکات وەگەرد یەکا ئەوزینە کەن. وە مدوو تەقلا و داخوازی، ئمساڵ یەکمین کتاو هەورامی تەیید کریا ک بتوانن لە مەدرەسە ئێ یەی کتاوە لە لای سۆرانییەو بخوەنن. ئەگەر هەورامی لەناو بچوود، پێشینەیگ لە زوان کوردی لەناو چوود. ئەگەر جوور دەوڵەت نەتەوەێگ ک لە سەرەتای سەدەی بیستم لە رووژهەڵات ناوێن، تەنیا یەی زوان کردنە زوان ستاندارد وڵاتەگەیان، ئیمەیشە وە هەر ئەو شێوە بچیمنە نواو، بێگومان زوان کوردی لەیەک تەرازیەد و هەر کام لەی زاراوەیلە توانن بوونە زوان سەروەخوەیێگ و یە لە خوەشبینانە ترین حاڵەتە ک توانن بوونە زوانەیل کوردی، وەلێ لە راسییا وە نەف دەسەڵات و دەوڵەتەیل داگیرکەر چنە لا و یە خەتەر گەورایگە ئڕا کوردستان. ئەسە هەوەجەس ئمڕوو هەرکام لە زاراوەیل زوان کوردی بپارێزیەن و لە پرۆسەی مێعیارسازی لە یەک نزیکەو بکریەن.



حیزبی دیموکرات و فێرکردنی زمانی کوردی

قادر وریا

شەهلا دەباغی: بەڕێز قادر وریا بەخێر بێن، ئەم پرسیارە لە ئێوەش دەپرسین: ئێوەش یەکێک لەو کەسانەن کە پێتان وایە چەمکی «زمانی دایک» دروستترە، نەک «زمانی دایکی»؟ لە چەند دەقەیەکدا ڕا و بۆچوونی خۆتان سەبارەت بەو بابەتە باس بکەن، دوایە دەچینە سەر مەسەلەی زمانی کوردی لەناو حیزبی دێموکرات و لەناو شۆڕشدا.
قادر وریا: سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ بەڕێوبەرانی گۆڤاری «تیشک» کە ئەم چالاکییەیان لەم بۆنەیەدا پێک هێناوە، هەروەها ڕێز و سڵاو بۆ ئەو پانێڵیستە بەڕێزانە کە باسەکانیان پێشکەش کرد و سپاس بۆ ئێوە کە بەڕێوەبەری ئەو بەرنامەیەن و هەروەها ئەو بەڕێزانە کە گوێیان لە دەنگمانە و دەمانبینن.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە من وەکوو خۆم پێم وایە «زمانی دایک» لەگەڵ سروشتی زمانی کوردی گونجاوترە تا «زمانی دایکی». من کە گوێم لە «زمانی دایکی» دەبێت ڕێک وەکوو ئەوە وایە وشەی «زبان مادری»م دێتە بەر گوێ و وادەزانم ئەو فۆڕمەیە تەرجوومە کراوەتەوە و هاتووەتە نێو کوردییەوە. پاشان نازانم «زمانی دایک» عەیبی چییە؟ یانی ئەگەر بڵێین «زمانی دایک»، ئایا کێشەیەک هەیە؟ یان خەڵک خراپ حاڵی دەبێت؟ بەڵام کە گوتت «زمانی دایکی» هەست بەوە دەکرێت وەرگێردراوی دەستەواژە فارسییەکەیە. پێشم خۆش نییە ئەو جۆرە چەمکانە تەرجەمە بکەینەوە، کاتێک لەنێو زمانی خۆماندا هاوتایان هەیە، (چ پێویست دەکات، فارسییەکەی وەرگێڕین؟). هەروەها من دەگەڵ «فێرکاری»یشدا نیم، نازانم «فێرکردن» عەیبی چییە؟ من بە فێرکاری وەبیر دارکاری دەکەومەوە! بە هەرحاڵ زەوق و سەلیقەی من وای پێ جوانە. بەڵام کەسانێک کە لە من زیاتر شارەزای زمانی کوردین، بەتایبەت شارەزای وشەسازیی زمانی کوردین، دەتوانن ڕای دروستتریان هەبێت. من بۆخۆم وەکوو زەوق و تێگەیشتنی خۆم دەگەڵ «فێرکاری»دا نیم، دەگەڵ فێرکردندام، دەگەڵ «زمانی دایکی»دا نیم و دەگەڵ «زمانی دایک»دام، بەڵام زیاتری لەسەر ناڕۆم و دێمە سەر باسەکەی خۆم.

ئەو باسەی کە بۆ من دیاری کراوە، دەمهەوێت لە چوارچێوەی چەمکێکی دیکەدا باس لە گرنگیدانی حیزبی دێموکرات بە زمانی کوردی، بەتایبەتی بە خوێندنی زمانی کوردی بکەم، ئەو چەمکەی دیکەش «سیاسەتی زمان»ە. دیارە دەوڵەتێک دەتوانێت سیاسەتی زمانی هەبێت و حیزبێک و تەنانەت بنەماڵەیەکیش دەتوانن سیاسەتی زمانیان هەبێت. «سیاسەتی زمان»، بریتییە لە سەرجەم ئەو بیروبۆچوون و ڕوانگە و بڕیارانەی کە لایەنێک لە پێوەندی دەگەڵ زمان و کۆمەڵگەدا دەیبێت. حیزبی دێموکراتیش لەژێر کاریگەریی تێگەیشتنێکدا توانیویەتی ببێتە خاوەنی تایبەتمەندییەک، ئەویش گرنگیدانە بە زمانی کوردی. ئەو تێگەیشتنەش ئەوەیە کە کورد نەتەوەیەکە و، ئەو نەتەوەیە کۆمەڵێک تایبەیمەندیی هەن، هەروەک چۆن خاکی هاوبەش و مێژوو و کولتوور و کۆمەڵێک شتی دیکەی هاوبەشی هەیە، زمانی هاوبەشیشی هەیە. ئێمە دەبینین کە داگیرکەران هەروا کە خاکەکەیان داگیر کردووین، هەروا کە دەیانهەوێت مێژووەکەشمان چەواشە بکەن و بیسڕنەوە، هەر وا کە هەرجۆرە بەرهەڵست و سەرهەڵدانێکی نەتەوەکەمان سەرکوت دەکەن، هەر بەو جۆرە دەیانهەوێت زمانەکەشمان لێ بستێننەوە. بۆیە حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانییەوە گرنگیی ڕۆڵی زمانی لە ناساندنی نەتەوەیەک و لەوەدا کە کۆمەلە خەڵکێک خۆی وەکوو نەتەوە ببینێت، بەباشی دەرک کردووە. بۆیە لە یەکەم داخوازەکانیدا گرنگیدان بە زمان هەیە. لە یەکەم بەیاننامەی حیزب (بەیاننامەی دامەزران)دا، هەروەها لە یەکەم مەرامنامەی حیزبدا، لە هەمووی ئەوانەدا بە تۆخی باسی زمانی کوردی و گرنگیدان بە زمانی کوردی و داوای ئەوەی کە زمانی کوردی لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕەسمی بناسرێت و لە بەڕێوەبەریی کاروباری کوردستاندا زمانی ڕەسمی بێت و هەموو بوارەکانی ژیان بە زمانی کوردی بەڕێوە بچێت لە ڕۆژی ئەوەڵەوە هەبووە.


لە ڕاستیدا ئەگەر بمانهەوێت دەرکی گرنگیدانی حیزبی دێموکرات بە زمانی کوردی بکەین، کۆمەڵێک بوار هەن کە من ئەمشەو لەسەر یەک، یان دوو بوار زیاتر قسە دەکەم، بەڵام بوارەکانی دیکەش ناکرێت بە لایاندا نەڕۆم.

یەک لەو بوارانە ئەوەیە کە زمانی کوردی لە پەسەندکراوەکانی حیزبی دێموکرات و لە بەرنامەکەیدا چ جێگایەکی هەیە؟ لە ڕاستیدا لە بەرنامە و پەسندکراوەکانی هەموو کۆنگرەکاندا زۆر بە تۆخی و زۆر بە پڕڕەنگی باس لەوە کراوە کە زمانی کوردی دەبێت لە داهاتوودا و کاتێک کە کورد دەسەڵاتی خۆی بەدەستەوە دەگرێت، چ ڕۆڵێکی هەبێت و لە ئاستی ئێراندا لەلایەن دەوڵەتەوە، چۆن سەیری زمانی کوردی بکرێت. بوارێکی دیکە کە نیشاندەری گرنگیدانی حیزبی دیموکرات بە زمانی کوردییە، نێوەرۆکی گەڵاڵەی داخوازەکان و ڕێککەوتننامەکانی حیزبی دێموکرات چ دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چ دەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانییە. لەو جۆرە بەڵگەنامانەدا پرسی زمان زۆر گرنگیی پێ دراوە، لەو پڕۆژە، یان لەو گەڵاڵانەی کە کاتی دانوستان و وتووێژ دەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی دەگۆڕێدا بوون، دەبینین کە هەمیشە یەکێک لە ماددە ئەسڵییەکانی حیزبی دێموکرات، زمانی کوردی بووە کە دەبێ بەڕەسمی بناسرێت و خوێندن لە کوردستان بە زمانی کوردی بێت.

لە ڕێککەوتن لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سەرانسەرییەکانی ئێرانیشدا بۆ نموونە «شووڕای نیشتمانیی بەرگری» و لە گەڵاڵەی ئەو شووڕایە کە بۆ خودموختاری پەسەندی کردووە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان زمانی کوردییە. دەکرێت بڵێم ڕاست ئەوەی لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا هاتووە هەر ئەوەش لە گەڵاڵەی شووڕادا هاتووە و پەسند کراوەتەوە. دواتر حیزبی دێموکرات ئەگەر لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵدا بووە، لە شووڕای دێموکراسیخوازانی ئێراندا بووە، هەمیشە پرسی زمانی کوردیی بە پەسندیان گەیاندووە و یەک لەو شتانە بووە کە لە سەری ڕێک کەوتوون.


بوارێکی دیکەی گرنگیدانی حیزبی دێموکرات بە زمانی کوردی ژیانی ڕۆژانەیەتی. من دەمهەوێت لێرەدا لەسەر ئەو خاڵانە بڕۆم کە نیشاندەری گرنگیدانی ئەو حیزبە بە زمانی کوردی لە ژیانی ڕۆژانەیدایە. گرنگە بزانرێت کە زمانی سەرەکیی کار و تێکۆشانی حیزب و ڕاگەیاندن و پێوەندییەکانی، زمانی کوردییە. ڕەنگە زۆر کەس بڵێن جا ئەوە زۆر ئاسایییە کە حیزبێکی کوردی هەر دەبێ زمانەکەی کوردی بێت، بەڵام حیزب و ڕێکخراویشمان هەبووە لە کوردستان کە زمانی کوردی، زمانی سەرەکیی ڕاگەیاندن و پێوەندییەکانیان و تەنانەت کلاس و فێرگەکانیان نەبووە، یا ئەو بایەخەی پێویستە بە زمانی کوردییان نەداوە. حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە زمانی کوردی، زمانی سەرەکیی ڕاگەیانەکانی و پێوەندییەکانی بووە، بەیاننامە و بەڵگەنامە ڕەسمییەکانی لە پێشدا بە زمانی کوردییە و لە زمانی کوردییەوە کراون بە زمانەکانی دیکە، بۆ نموونە زمانی فارسی، یا عەرەبی، یا ئینگلیسی. لە فێرگەکانیدا هەر کلاسێکی کادر، یان پێشمەرگە هەبووبێت، زمانی کوردی بەشێک بووە لە بەرنامە دەرسی و فێرکردنەکانیان. پێشمەرگە کە نەخوێندەوار بووە بە زمانی کوردی فێری خوێندنەوە و نووسین بووە، یان ئەگەر خوێندەواریی هەبووە، فێڕێ خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی کراوە. کەم وا هەیە لە حیزبی دێمۆکراتدا پێشمەرگە دەورەی دیتبێت، بەڵام زمانی کوردیی نەخوێندبێت.


ئەگەر دەڵێم کوردی زمانی ڕەسمیی ڕاگەیانەکانی بووە، تەنیا ئەوە نییە کە لە ڕادیۆ، یان تەلەڤزیۆنەکەیدا بە زمانی کوردی بەرنامەی بڵاو کردووەتەوە و ڕۆژنامە و گۆڤاری بە زمانی کوردی ئامادە و چاپ کردوون؛ تەنانەت نێوەرۆکی بەرنامەکانی ئەو ڕاگەیاندنانە و چاپەمەنییەکەی تەرخان کردووە بۆ خزمەت بە زمانی کوردی. واتە نەک هەر بە کوردی قسە کراوە، یا نووسراوە، بەڵکوو بۆ نموونە هەر لە ڕۆژنامەی «کوردستان»دا بە سەدان وتار هەیە باس لە بایەخی زمان و هاندانی خەڵک بۆ گرنگیدان بە زمانی کوردی دەکات. بابەتی فێرکردنی زمانی کوردی و گرنگیدان بە فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی هەمیشە لە ڕاگەیاندنەکانی حیزبدا بایەخی پێ دراوە. هەڵبەت لە ڕاگەیاندنی حیزبدا بەپێی پێویستی زمانی فارسی، یا تورکییش بەکار هاتووە، بەڵام زمانی سەرەکیی ڕاگەیاندنی حیزب، کوردی بووە.

با ئەو خاڵەش باس بکەم، ئەگەرچی ڕەنگە «سیاسەتی زمانی» لە حیزبی دێموکراتدا پێناسە نەکرابێت، یا لە دەقێکدا نەگوترابێت ئەوە «سیاسەتی زمان»ی حیزبی دێموکراتە، بەڵام ئێمە بە وردبوونەوە لەو بوارانە و بەو گرنگیدان و تێکۆشانەی حیزبی دێمۆکرات دەزانین کە ئەو سیاسەتە چۆن سیاسەتێکە.

شەهلا دەباغی: لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە لەو چل ساڵەیدا کە ئێوە زمانی کوردیتان بە دەرس گووتوەتەوە و باستان لێ کردووە، ئایا شێوەی پەروەردەکەتان زانستی بووە، یا ئەو مۆدێلەی کە ئێوە بەکارتان هێناوە هەمان مۆدێلێک بووە کە لە وڵاتانی داگیرکەردا هەبووە؟ ئەو کتێبانە لە کوێوە هاتوون، ئایا خۆتان کتێبەکانتان چاپ کردوون؟ چەمکەکان چۆناوچۆن کارتان لەگەڵ کردوون؟ بۆ وێنە، چەمکی کوردایەتی، یا یەکسانیی جنسییەتی، یا دێموکراسی و ڕزگاری، ئەو چەمکانە دەو پەروەردەیەدا چۆن خۆی نیشان داوە؟

دیارە خوێندن بە زمانی کوردی لە کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی پەروەردە و فێرکردندا کە دوایە باسی دەکەم، جیاوازە لە گرنگیدان بە زمانی کوردی لە نێوخۆی حیزبدا. ئەوەی کە حیزب لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا گرنگیی بە زمانی کوردی داوە باسێکی دیکەیە. دەمەویست ئەوە باس بکەم کە حیزب لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانییەوە لەگەڵ ئەوەی کە ئەو هەمووە گرنگییە دەدا بە زمانی کوردی، بەڵام چ لە بەرنامە و چ لە کردەوەدا هەمیشە پێی وابووە کە کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە کە لە کوردستان، یا ئێرانن و، فارس نین، ئەوانیش دەبێ زمانەکانیان بەڕەسمی بناسرێت. هەروەک دەبینین لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هەروەک چۆن کورد مافی ئەوەی هەبووە بە زمانی خۆی بخوێنێ، بۆ نەتەوەکانی دیکەش ئەو مافە بەفەرمی ناسراوە. بۆ وێنە، بۆ ئەو جوولەکانەی کە خەڵکی مەهاباد بوون، ئیمکانی ئەوەی کە بە زمانی خۆیان بخوێنن، هەبووە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەو «کثرت گرایی» یا پلۆڕالیزمی فەرهەنگی و زمانییە لە سیاسەتی حیزبی دێمۆکراتدا هەر هەبووە.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ گرنگیدانی حیزبی دیموکرات بە زمانی کوردی لە ژیان و تێکۆشانی ڕۆژانەیدا، جێی خۆیەتی وەبیر بێنمەوە لەگەڵ ئەوەی حیزب هەمیشە لە حاڵەتی خەباتی نهێنی، یا لە خەباتێکی سەختدا بووە و لە ڕووی دارایی و ماڵییەوە زۆر زەعیف بووە و ئیمکاناتی چاپی زۆر لاواز بووە، بەڵام سەرەڕای چاپەمەنیی خۆی کە بەکوردی بڵاو بووەتەوە و ئەوەش حەجمێکی زۆری هەیە لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا، کتێبی کوردیی بەسوودیشی چاپ کردووە. لە نیوەی یەکەمی دەیەی حەفتای زایینیدا «بنکەی پێشەوا» هەبووە، لەژێر ئەو ناوەدا حیزبی دێموکرات کتێبی کوردیی چاپ کردووە. کۆمەڵێک کتێب وەک «کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئێران»، لە نووسینی کەریم حیسامی، «تاریک و ڕوون» دیوانی شیعری مامۆستا هێمن، «کوردستان و کورد»ی دوکتۆر قاسملوو، کۆمەڵە چیرۆکی «پێکەنینی گەدا»ی مامۆستا حەسەنی قزڵجی. بنکەی پێشەوای سەر بە حیزبی دیموکرات ئەو کتێبانەی چاپ کردوون بۆ ئەوەی ئەدەبیاتی کوردی، چیرۆک و شیعر و توێژینەوە بە زمانی کوردی چاپ بێت و بگاتە دەستی خەڵکی و خەڵك بە زمانی خۆیان بخوێننەوە و سوودیان لێ وەربگرن.

شەهلا دەباغی: لە فێرگەکان دا چ کتێبێک بە دەرس دەگوتراوە و لە کوێ چاپ دەبوون؟

ئەو دەورە و کلاسانەی لە فێرگەکانی حیزبدا بۆ کادر و پێشمەرگە پێک هاتوون، ماوەکەیان کەم بووە. ئامانجەکە ئەوە بووە کە تێکۆشەرانی حیزب، وێرای بابەتی دیکە، فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردییش بن. بەڵام کە باسی گرنگیدانی حیزبی دیموکرات بە زمانی کوردی لە خوێندنگەکاندا دەکەین، مەبەستمان ئەو سەردەمانەیە کە ئەو حیزبە لە کوردستان دەسەڵاتی بە دەست بووە و پەروەردە و فێرکردنی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا کردووە بە کوردی.

حیزبی دێموکرات لە دوو سەردەمدا دەسەڵاتی بە دەست بووە، سەردەمی کۆماری کوردستان و سەردەمی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران کە ناوچەی ئازادی بە دەستەوە بووە. من زۆر لەسەر سەردەمی کۆماری کوردستان ناوێستم، چونکە ڕاستییەکەی باسی زۆری لەسەر کراوە و زۆری لەبارەوە نووسراوە. بۆ وێنە، گوتراوە کە بۆ یەکەم جار زمانی کوردی دەبێتە زمانی خوێندن لە کوردستان، زمانی کوردی ڕۆژنامەی پێ دەنووسرێت و تەنانەت خوتبەی نوێژی هەینییش هەر دەبێتە کوردی. زمانی کوردی دەبێتە زمانی کاروباری پێشمەرگایەتی و لە بوارەکانی دیکەشدا گرینگی پێ دەدرێت، کتێبی کوردی هەرچەند بە درەنگەوە چاپ دەکرێت و بەداخەوە ماوە نابێت سوودی زۆری لێ وەربگیرێت. پێگەیاندنی مامۆستا و چاپی کتێبی کوردی و خوێندن بە زمانی کوردی لە دەستکەوتەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستانن کە دیارە ئەمانە قسەی زۆریان لەسەر کراوە، بۆیە نامهەوێ زیاتر لەسەر ئەو باسە بڕۆم.


دێمە سەر قۆناغی دووەمی دەسەڵاتدارەتیی حیزبی دێموکرات کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانە. لێرە کەمێک وردتر لەسەر بابەتەکان دەدوێم. دەزانین کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان داخوازە نەتەوەییەکانی خۆیان بەرەوڕووی دەسەڵاتی تازە کردەوە. ئەو دەسەڵاتە نە تەنیا ڕێزی لەو داوایانە نەگرت، بەڵکوو بە شەڕ بەرەوڕووی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بووەوە. خەڵکی کوردستان ئامادە نەبوون چەکەکانیان دانێن و تەسلیمی ئەو ڕێژیمە بن و لەسەر داواکانی خۆیان پێداگر بوون. ئەمە وای کرد کە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی کوردستان بەدەست هێزە سیاسییەکان و هێزی پێشمەرگە و خەڵکەوە بن و دەسەڵاتی حکوومەتی لێ نەبێت. ئەو ناوچانە کە ناوچەی ئازاد بوون، حکوومەت لە ڕاستیدا وەکوو تۆڵەستاندنەوە لە خەڵکی کوردستان، گەمارۆی خستە سەریان. ئەو گەمارۆیە هەمەلایەنە بوو، لە ڕووی دەرمانی و پەروەردە و فێرکردن و لە ڕووی خواردەمەنی و ئابوورییشەوە، یانی دەسەڵاتی تازە هەوڵی دا کە ئەو پێداویستیانەی خەڵک بە کوردستان نەگەن. تەنانەت سیستمی «ئاموزش و پەروەرش»ی لەو شار و ناوچانەی هەڵوەشاندوە.


لێرەدا بوو کە حیزبی دێموکرات بە ئەرکی خۆی زانی نەهێڵێ قوتابخانەکان دابخرێن و خەڵکی ناوچە ئازادەکان لە خوێندن بێبەش بن، نەک هەر نابێ بێڵێ لە خوێندن بێبەش بن، بەڵکوو دەبێ وا بکات بە زمانی کوردی بخوێنن. لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتای ئەو دەورەیەدا لەنێو ڕێبەریی حیزبی دێموکراتدا ئەو فکرە کە کتێبی کوردی بۆ خوێندنگە ئامادە بکرێت، هەبوو. بەڵام ئەوە لە ساڵی ٦٠دایە کە ئەو فکرە عەمەلی دەبێت.


ساڵی ١٣٦٠ (١٩٨١) حیزبی دێموکرات بانگەوازێک بڵاو دەکاتەوە و ڕادەگەیەنێ کە کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستانی پێک هێناوە. لەو بانگەوازەدا داوا لە لاوانی کوردستان -ئەو کەسانەی خوێندەوارن- دەکات کە بێن و لە دەوری کۆڕی پەروەردە و فێرکردن کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی لە کوردستان پەروەردە و فێرکردن نەوەستێت و منداڵانی کوردستان بخوێنن و قوتابخانەکان کاری پەروەردە و فێرکردن دەست پێ بکەنەوە.


کۆڕی پەروەردە، چەندین دەورەی پێگەیاندنی مامۆستای لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێک هێنا و بە سەدان کچ و کوڕی لاوی کورد، تێیاندا بەشدار بوون بۆ وەی ببن بە مامۆستا و لە قوتابخانەکان خزمەت بکەن، من ئاماژە بە چەند ئامارێک
دەکەم.

شەهلا دەباغی: ئەگەر بتوانن ئاماژە بەو ئامارە بکەن کە بۆ وێنە، چەند قوتابخانە هەبووە، چەند قوتابی هەبووە، بۆ گەورەساڵان چۆن بووە، بۆ ژنان و منداڵان چۆن بووە و… و پرسیارێکی زۆر گرینگ بە ڕای من ئەوەیە کە ئایا تەنیا وانەوتنەوە بە شێوەزاری کرمانجیی ناوەڕاست، واتا سۆرانی، بووە؟ یا بە شێوەزارەکانی دیکەش هەبووە؟

ئێستا کە باسی ئامار هاتە گۆڕێ، با لە بەڵگەنامەکانی حیزب، لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی پێنجی حیزب، کۆمەڵە ئامارێک بە نموونە دێنمەوە. ڕاپۆرتەکە باسی خوێندنی ساڵی ١٣٥٩-١٣٦٠ لە ناوچە ئازادەکان دەکات و دەڵێت: «لە ساڵی خوێندنی ٥٩-٦٠دا لە هەموو ناوچە ئازادەکان بەپێی توانا بەشێک لە قوتابخانەکان کراونەوە، بۆ نموونە، لە ناوچەی مەهاباد ژمارەی ئەو قوتابخانانەی بە هاوکاری و تێکۆشانی لێپرسراوانی حیزب کرابوونەوە لە ١٤٠ قوتابخانە زیاتر بووە.»

ئامارێکی دیکە من لە زیندەیاد کاک حەمەڕەسووڵی حەسەنپوور وەرمگرتووە کە خۆی لەو ساڵانەدا یەکێک لە بەرپرسانی کۆڕی پەروەردە بووە، ڕۆڵێکی دیاری لەو کۆرەدا هەبووە و کاتی خۆیشی -پێش شۆڕشی ئێران- هەر مامۆستا بووە. ئەو ئامارە ئی ساڵی ٦١-٦٢ (١٩٨٢-١٩٨٣)یە و هی ئەو ناوچانەیە کە ئازاد بوون و قوتابخانەکانی شۆڕشیان لێ بووە کە بریتین لە: ناوچەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، نەغەدە، مەهاباد، سەردەشت، بانە، سەقز، هەوشار، مەریوان، دیواندەرە، کامیاران، سنە، بۆکان و هەورامان. لەو ناوچانە منداڵان لە قوتابخانە بە کوردی خوێندوویانە. لەو ساڵەدا سەرجەم ٢٢٦ قوتابخانەی سەرەتایی هەبووە، ٢٠٩٣ قوتابی لە پۆلی یەک تا پێنجی سەرەتایی خوێندوویانە، ٢٠٢ مامۆستایان هەبووە لە ئاستی سەرەتاییدا. لە ئاستی ڕاهنەمایی، یا ناوەندیدا ٦٢ قوتابخانە، ٨١٠ قوتابی و ٦٣ مامۆستا هەبووە.


هەر لە ڕێبەندانی ١٣٦٢ لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی (٦)دا لە بەشی کاروباری کۆمەڵایەتیدا هاتووە: بەشی پەروەردەکردن پێش هێرشی ئەمساڵ ٢٥٠ مەدرەسەی ئیدارە دەکرد کە ٨٠٠٠ شاگردیان هەبوو. مامۆستایانی شۆڕش بە لانی کەمی یارمەتییەوە ئامادە بوون خزمەت بکەن و زیاتر وەکوو پێشمەرگە دەژیان. بەشێک لە فەقێ و مەلایەکانی ناوچە ئازادەکانی کوردستانیش وەک مامۆستای شۆڕش بەشداری ئەو پڕۆسەیە بوون.

بەڵام ئەوەی کە بەڕێزتان پرسیتان بە چ دیالێکتێک خوێندوویانە، دەبێ بڵێم ئەو ناوچانەی کە زیاتر بە دەستی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەوە بوون و خوێندنی کوردییان تێدابوو، لە ڕووی دیالێکتی قسەکردنەوە بە کورمانجیی نێوەڕاست قسە دەکەن. پاشانیش لەبیرمان بێت چ سەردەمی کۆماری کوردستان، چ دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش لە ڕاستیدا زمانێک کە بەڕەسمی ناسراوە و قسەی پێ کراوە، ڕۆژنامەی پێ نووسراوە و ڕادیۆی پێ بەڕێوە چووە، بەتایبەتی ئەدەبیاتی نووسراو بەو زمانە، واتا کورمانجیی نێوەڕاست بووە و، ئەوکاتیش هەر ئەوە پێڕەو کراوە. بەڵام دیارە هێندێک ناوچە هەبوون کە دیالێکتەکەیان جیاواز بوو، بۆ نموونە هەورامانمان هەبووە کە قوتابخانەی کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی لێ بووە، خوێندنیشیان بە کورمانجیی نێوەراست بووە و کەسیش لەوێ ڕەخنەیان لەمە نەبووە. لە ڕاستیدا ئەو جۆرە داوایانە لەم ساڵانەی دواییدایە کە وردە وردە سەریان هەڵداوە و دەڵێن هەر ناوچەیەک و هەر ئاخێوەرێک پێویستە بە دیالێکتی ناوچەکەی خۆیان بخوێنن. ئەگەر بمهەوێ وڵامی پرسیارەکەت بەڕوونی بدەمەوە، دەڵێم خوێندنی زمانی کوردی هەر بە کورمانجیی نێوەڕاست بەڕێوە چووە، هەر ئەو دیالێکتەی کە ڕۆژنامە و بەیاننامەی ڕەسمیی پێ دەرچووە و، دەکرێ بڵێم نەک هەر حیزبی دێموکرات بەڵکوو حیزبەکانی دیکەش بەو زمانە نووسیویانە. بەڵام لە بەرنامەی ڕادیۆیی و شتی وادا سروشتییە کە بەرنامە بە دیالێکتەکانی دیکەی کوردی هەبوون و هەن.

شەهلا دەباغی: ئێوە تا ئێستا لە ماوەی ئەو چل ساڵە و لەو مەودایەدا ئایا ئارشیڤێکتان هەیە؟ ئارشیڤێک کە بڵێ لەو زمەنەڕا تا ئەو زەمەنە…؟

دەکرێ ئەو ڕخنەیە لە خۆمان و لە حیزبی دێموکرات بە هەموو بەشەکانییەوە بگرم کە لە کۆکردنەوە و پاراستنی ئارشیڤدا زۆر لاواز بووین. بەڵام هەم کولتووری گرنگیدان بە ئارشیڤ لەنێو ئێمەدا لاواز بووە، هەم دۆخی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات تایبەت بووە، من لەبیرمە بۆ وێنە، ڕەوانشاد کاک جەلیلی گادانی زۆری گرنگی دەدا بە کۆکردنەوە و ڕاگرتنی بەڵگەنامە و… بەڵام جاری وا بووە لە ناوچە، مەترسیی هێرشی هێزەکانی ڕێژیمیان لەسەر بووە، چەند هێستریان پێویست بووە بۆ ڕاگوێستنیان کە دەستیان نەکەوتووە وەسایلەکانی پێ ڕاگوێزن و ئەم شتانەیان لێ بووە بە بارگرانی. واتە لە هەلومەرجێکدا کە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە و کۆڕی پەروەردەی تێدا بووە، ئاسان نەبووە ئەو شتانە بپارێزرێن. بۆیە زۆر جار ناچار بوون بیانسووتێنن و لەنێویان بەرن بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمن. نەپارێزرانیان بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەو هەلومەرجە کە تێیدا بووین و بەشێکیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کولتووری بایەخدان بە ئارشیڤ لەنێو ئێمەدا نەبووەتە گشتی و، لاواز بووە و ئەو ڕخنەیەشم قەبووڵە.
دێمە سەر باسی ناوی قوتابخانەکان، ناو و جۆری کتێبە دەرسییەکان و مامۆستاکانی کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی کوردستان. ئەوانەی لەو قوتابخانانەدا دەرسیان دەگوتەوە، پێیان دەگوترا «مامۆستای شۆڕش» کە دەورەیەکی یەک دوو مانگەیان دەدیت و ئامادە دەکران بۆوەی لە قوتابخانەکانی شۆڕش دەرس بڵێنەوە. بەو دەورەیە و بەتایبەتی ئەگەر خۆیشیان ئەزموونێکیان لە مامۆستایەتیدا هەبا، دەبوون بە مامۆستایەکی باش. دەورەکانی کۆڕی پەروەردە بۆ پێگەیاندنی ئەو مامۆستایانە، خوێندنەوە و نووسینی کوردی، چۆنیەتیی وتنەوەی وانەکان، دەروونناسی، چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابیان و شتی دیکەی تێدا بووە.

دێمە سەر کتێبە دەرسییەکان کە ئێوە پرسیارتان کرد، کتێبەکان چی بوون و لەو قوتابخانانەدا چیان خوێندووە؟ بەردەوامیی قوتابخانەکانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٣٦٠ەوە تا ساڵی خوێندنی ١٣٦٢-١٣٦٣ بوو، چونکە ناوچەی ئازاد تا ساڵی (١٩٨٤) ١٣٦٣ لە دەستی حیزبی دێموکراتدا بوو. دیارە دوای ئەوەش کاری کۆڕی پەروەردە و فێرکردن هەر درێژەی دەبێت، بەڵام لەو گوند و ناوچانەی سەر سنوور کە بنکەکان و بنەماڵەکانی تێکۆشەرانی حیزبیان لێ نیشتەجێ بوو. کتێبەکانیش بریتی بوون لە «خوێندنی کوردی» بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی کە زوو چاپ بووە و هەر ساڵی یەکەم گەیشتووەتە دەستی قوتابییان، »زانستی ئەزموونی» کە هەر کتێبی «علوم»ی فارسی بووە کراوەتە کوردی، بیرکاری، یا «ئەژمێر» بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی. دیارە کتێب هەر بەو ناوانە، بۆ پۆلی دووەمی سەرەتاییش هەبووە. بۆ گەورەساڵان کتێبێک هەبوو بە ناوی «ژیان و خەبات»، ژنان یا پیاوان بەگشتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرێ بووە و ویستوویانە دەرس بخوێنن، ئەو کتێبەیان خوێندوە کە جیاوازیی هەبووە دەگەڵ هی منداڵان. کتێبێکیش هەبوو بە ناوی «ڕێنوێنیی مامۆستا» بۆ ئەوەی مامۆستاکان بە سوودوەرگرتن لەو، بتوانن کتێبە دەرسییەکان بەکار بێنن و وەک دەرس بە مندالانی بڵێنەوە.


بۆ پۆلەکانی سێهەم، چوارەم و پێنجەمی سەرەتایی لە کتێبە دەرسییە فارسییەکان کە لە بەشەکانی دیکەی ئێران دەخوێندران، کەڵک وەردەگیرا. بەڵام مامۆستاکان نێوەرۆکی دەرسەکانیان بە کوردی بە قوتابیان دەکوتەوە. ئەوکات بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خرابووە سەر شار و ناوچە ئازادەکان، کێشەی کەمیی کتێب هەبوو. کتێب هێنانیش لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیم بۆ ناوچە ئازادەکان بەزەحمەت بوو. بەڵام بە هەر زەحمەتێک بوو قوتابخانەکان کتێبیان بۆ قوتابییەکانیان دابین دەکرد. ئەوەی لەو پێوەندییەدا پێویستە بیڵێم ئەوەیە کە کاری کۆڕی پەروەردە و فێرکردن دوای ئەو سەردەمیش هەر درێژەی هەبوو. لە ساڵی ١٣٦٣ بەولاوە لە تەواوی ئەو سنوورانەی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بنکەکانی حیزب و بنەماڵەی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتیان لێ گیرسابوونەوە، کۆڕی پەروەردە و فێرکردن درێژەی بە کارەکانی خۆی داوە. ئەو سیستەمەی خوێندن هەر بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی هاتینە نێو قووڵاییی باشووری کوردستان و ئێمە تێکەڵ بە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان بووین. دیارە هەوڵ درا هێندێک لەو دەرسانە کە لە قوتابخانەکانی شۆڕش دەوترانەوە، هەر بپارێزین، بۆ نموونە، خوێندنی زمانی فارسی. حیزب پێی باش بووە منداڵانمان زمانی فارسییش فێر بن و بیزانن، بۆیە لە قوتابخانەکانمان کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەرپەرستیی کردوون، مامۆستایانی خۆشمان درێژەیان بە مامۆستایەتی داوە. پێویستیی فێربوونی زمانی فارسی ئەوە بووە کە حیزبی دێموکرات ویستوویە مەسەلەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا حەل ببێت. ئەمەش وا دەخوازێ کە بیر لە زمانێک بۆ پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران بکاتەوە. لە هەموو ئەو ماددە و خاڵانەی پەسندکراوەکانی حیزب کە باسی زمان کوردی دەکەین، خاڵێکی وای تێدایە کە زمانی فارسی، زمانی پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و زمانی مکاتبات لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی ئێرانە. ئێمە کە ڕووی خەباتمان لە ئێرانە، دەبێ زمانی فارسی بزانین بۆ ئەوەی لە ئێرانییەکان تێ بگەین و بتوانین جوابیان بدەینەوە. ئەوە بەشێکە لە پێویستیی ژیانی ئێمە لەنێو ئێراندا کە دەکرێ لە باسێکی دیکەدا قسەی لەسەر بکەین.

شەهلا دەباغی: کاردانەوەی دەوڵەت لە بەرانبەر قوتانخانەکانی ئێوە چۆن بوو؟

زۆرێک لەو منداڵانەی لە قوتابخانەکانی کۆڕی پەروەردە و فێرکردندا خوێندیان، دوای ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو ناوچانەی کەوتەوە ژێر دەست، لە سەریەک زۆربەیان ئەو کارنامەیان لێ قەبووڵ کرا کە کۆڕی پەروەردە پێی دابوون، بۆ نموونە، کەسێک تا پێنجی سەرەتایی، یا زیاتری خوێندبوو، یا کارنامەکەیان لێ قەبووڵ کراوە، یا ئیمتحانێکیان لێ وەردەگرتن. ئەگەر لە تاقیکردنەوەکە دەرچووبان، لە پۆلێکی نوێ وەریان دەگرتن و درێژەیان بە خوێندن دەدا. دەتوانم بڵێم خوێندن بە زمانی کوردی لە سێبەری کۆڕی پەروەردە و فێرکردندا ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو بوو، پێشوازییەکی گەورەی لەلایەن خەڵک و منداڵانەوە لێ کرا. با ئەوەش بڵێم کاریگەریی خوێندنی ئەو سەردەمە وای کردوە کە بەشێکی زۆر لەو هۆگرییەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندن بە زمانی کوردی هەیە، بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕابردوویە و بیرەوەریی خۆشی ئەو کەسانەی لە قوتابخانەکانی شۆڕش بە زمانی کوردی خوێندیان و دوایە بە ناچاری خوێندنیان بە زمانی فارسی درێژە دا، بەڵام ئەو ڕابردوویەی خۆیان لە بیر نەکرد؛ ئەوینی زمانی کوردی بە دوای خۆیدا ڕایکێشان؛ بوون بە مامۆستا، بوون بە شاعیر، بوون بە ئەدیب و وەرگێڕ، بوون بە نووسەر و زمانەوان و… هتد؛ بوون بە بەشێک لە هەوێن و بزوێنەری ئەو جموجۆڵانەی لە ڕۆژهەڵات بۆ بەرگری و پاراستنی زمانی کوردی لە گۆڕێدان.



زمانی کوردی و حکوومەتمەندیی زمان لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی ئێراندا

د. ڕەحیم سورخی

شەهلا دەباغی: مەرجەکانی زمانی دایک و پێناسە بۆ زمانی دایک چییە؟ وەختێ ئێمە باسی زمان دەکەین باسی دادپەروەری دەکەین، باسی ماف دەکەین و هەروەها باسێکی زانستی دەکەین. وەختێک باس لە زمانە پێوانەکە پێوانەیەکی زانستییە بەڵام ئێمە ئەگەر لەو پێوانە زمانیانە بترازێین زمان هەمیشە لەگەڵ ئایدۆلۆژی و سیاسەتی دەوڵەتی حاکم خۆی دەبینێتەوە.

هەمووی ئەو شتانە لە ناوەرۆکی باسەکەمدا دەتوانم ئاماژەیان پێ بکەم، بەجۆرێک تێکەڵاون. بەگشتی لە چوارچێوەی سیاسەتی زماندا دەتوانین باس لەوە بکەین کە چۆن پرستیژی باڵادەستکردنی زمانێک بەسەر زمانەکانی دیکەدا دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی ئەو گروپ و ئەو کۆمەڵ و نەتەوانەی کە زمانێکی جیاواز لە زمانی زاڵیان هەیە و مافیان زەوت کراوە. واتە زمان دەبێتە بنەمایەک بۆ هەڵاواردن و لێرەدا بە گشتی ئەم هەڵاواردنە هێندێک لێکەوتەی تری نادادپەروەری و نایەکسانی لەنێوان ئاخێوەرێکی زمانی کوردی یان نەتەوەکانی غەیری فارسدا بە ئاخێوەرانی زمانی فارسی وەک زمانی زاڵدا دروست دەکات، بەتایبەتـــــــــی بەدەستڕاگەیشتنیان بەســــەرچاوەکانی دەسەڵات و ئابووری و پەروەردەیی و زۆر شتیتر.
بۆیە هەر لەو بابەتەوە دەکرێ چەند نموونەیەک ئاماژە پێبکەین، لەوەیکە زمانی دایک لە ئێراندا بەهۆی پلانی تاقیکردنەوەی لێهاتووی زمان کە پێی دەڵێن «طرح بسندگی زبانی» لەتەمەنی بەر لە دەستپێکردنی منداڵ لە قوتابخانەدا کەوتۆتە بەر پەلامار و ئەوە هەر ئەوەیە کە لە باسەکەی کاک بێهروزدافەرمووی ئەمە جۆرێکە لە تووندوتیژی و زەبروزەنگی مەعریفی کە بەدژی زمانی کوردیبەڕێوەدەچێت؛ لە قۆناغێکیش بەکار دێ کە ئیستا کەسایەتی منداڵ کەسایەتییەکی دەڵەمەیە و هێشتا ناجێگیرە، لە قۆناغی بەر لە خوێندن. واتە، لە پێش تەمەنی شەش ساڵی کە لە چوارچێوەی خێزاندا زمانی دایک پێویستە بە باشی زاڵ بێت، ئەوان دێنن دەیخەنە بەر تاقیکردنەوەیەک بەجۆرێک کە وەکوو نەخۆش چاوی لێدەکەن. ئەمە جۆرێکە لە ژینۆسایدی زمانی و ئەوەیکە ‹زمانکوژی› پێدەڵێن.
وەک پێناسە بۆ زمانی دایک، لەبەشێک لە پرسیارەکەتان، لەباری ڕەسەنایەتییەوە ئەوەیکە وەکوو نەتێڤ باسی دەکەین دەکرێ زمانی دایک ئەو زمانە ڕەسەنە بێ کە لە خێزاندا منداڵ فێری دەبێ. دیسان هەر وەکوو زمانی ڕەسەن هی ئەو تاکەیە کە لەباری ناسنامەیی و هۆڤییەتییەوە بەو زمانە دەناسرێ؛ خۆی دەناسێنێ و بەو زمانەش ئەوانیتریش دەیناسن. کەواتە یەکەمیان ئەوەیە زمانێکە یەکەمجار لە خێزاندا، لە خانەوادەدا منداڵێک یەکەم زمانێک کە فێری دەبێت، پێی گەورە دەبێت دووهەم ئەوەیکە زمانێکە ناسنامەیەتی بەوە خۆدەناسێنێت و بەوە تەعبیر لە جیهان و دەوروبەری خۆی دەکات دەوروبەری خۆی پێ دەناسێت و خۆیشی بەهۆی ئەو زمانەوە لە کۆبەندی زمانیدا دەستەبەندی دەکات و خەڵکیتریش بە هەمان شێوە دەیبینن. شتێکیتریش ئەوەیە کە لە باری توانستەوە بەسەریدا زاڵە، یانی توانایی بەباشی بەکارهێنانی ئەو زمانەی هەیە. شتێکیتریش کە زۆر گرینگە ئەوەیە کە بتوانێ هەموو چالاکی و کارەکانی ڕۆژانەی خۆی بەو زمانە جێ بەجێ بکات. من پێناسەی زمانی دایک لەسەر ئەو چەند پێوەرە دەتوانم ورد بکەمەوە. شتێکیتر کە ئێمە لێرەدا و ئیستا بۆ کوردی باسی بکەین هەر لەسەر ئەو پێوەر و بنەمایانە، زمانی کوردی لە بەر مەترسییە. زمانی کوردی بە پێی ئەو پێوەرانەی ئاماژەمان پێکرد، لە مەترسیدایە: یەکیان ئەوەیە زمانی دایک نەبێتە زمانی مەیدانی بەکارهاتنی زۆربەی پێوەندییەکان بەتایبەتی نەبێتە زمانی خوێندن و قوتابخانە لە ژیانی ئەمڕۆی خوێندەواری کە جیهانی ئەمڕۆ جیهانی خوێندەوارییە، دەبێتە زمانێکی پەراوێزخراو و ئەو ئەرکە پێناسەییەی بۆ زمانی کوردی وەکوو تاکێک لەدەست دەدات، چوونکە زمانی دیکە، واتە زمانی زاڵ جێی دەگرێتەوە لە دامەزارەوە حکومییەکاندا، لە پەروەردە و لە میدیا و لە زۆر شوێنیتر. دووهەم، ئەوەیە زمانی دایک نابێتە زمانی پرۆگرامەکانی دەرسی و خوێندن بۆی، ئەوە کە نەبوو کێشەیەکی دیکە سەرهەڵدەدات، واتە بەرەبەرە توانایی دەربڕینی ئایدا و چەمکەزانستییەکانی بەوزمانە نامێنێت، دەرنجامەکەی ئەوەیە ئەگەر ئەو فاکتەرە زمانیییەی نەبێت و تاکێکی کورد وەکوو زمانی دایک نەتوانێ خۆی پێ دەبڕێت و بناسێنێ و زمانێکی دی جێی پێ لێژ بکات، و بخرێتە ئەو بەر تاقیکردنەوەیەک کە متمانەبەخۆیی و بە نیسبەت زمانەکەی لەدەست بدات و هەوڵ بدات خۆ لەگەڵ زمانی زاڵ بگونجێنێ ئەو کاتە ئەم پێوەرەش کە زاڵبوونە بەسەر زمانی دایکدا لەدەست دەدات، و زمانی زاڵ جێی دەگرێتەوە و ئەوە ڕاست هەموو ئەو ناوەرۆکانەی عەرزم کردن بە تووندی هەمان ئەو تووندوتیژییەیە کە لەباسەکەی کاک بێهروزیشدا هەبوو. بەگشتی ئەمن دەگەڕێمەوە سەر بابەتەکەم کە ئامادەم کردبوو لە چوارچێوەی حکوومەتمەندی زماندا.
سی زاراوە(تێرم) باس بکەم کە گرینگە لێرەدا. یەکیان مەسەلەی سیاسەتی زمانە، یەکیان مەسەلەی حکوومەتمەندییە و یەکیشیان مەسەلەی ئیستعمار یان کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییە. یانی ئەمانە هەموویان بەستێن و ژینگەیەک دروست دەکەن بۆ ئەوەی چۆن زمانی بەکەمینەکراو یان زمانی ژێردەستەکراو ئاخێوەرەکانی لە ڕاستیدا هەڵسووکەوتەکانیان یان کردارەکانیان، ڕۆڵ بینیان لە هاوبەشی کۆمەڵایەتی ئابووری و سیاسیدا لاوازە، یان بێبەشکراون. سیاسەتی زمانی و حکوومەتمەندی زمانی لێرە بەرەوڕووی پرسیارێکمان ئەکاتەوە. ئەویش ئەوەیە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت چۆن سیاسەتی زمانی بەکار دێنن بۆ ئامانجی حکوومەتی سیاسی و حکوومەتی کولتووری کە بۆ خۆیان مەبەستیانە واتە لێرەدا ئێمە لەگەڵ دیاردەیەک بەرەوڕووین کە باسەکانی تایبەت بە زمان، کولتوور و فێرکردین وەکوو ‹پێنیکووک›، وەکوو زمانناسێکی ڕەخنەیی زۆر لەباری سیاسەتمەندی زمانی بەتایبەت حکوومەتمەندی زمانی کاری کردووە، دەڵێت کە ئەم باسانە کە تایبەت بە زمان و کولتوورن لە ژینگەیەکی ئیستعماریدا بەتایبەتی و لە ژینگەیەک لە جۆری دەوڵەت نەتەوەدا کە زمان تێیدا و کەمینە زمانییەکان و کۆمەڵەزمانیەکان تێیاندا دەچەوسێنەوە، ڕێژیمێکی گوتاری تایبەت دروست دەکات. واتە لێرەدا حکوومەتمەندی وادەکات دەوڵەت دێت مەیدانی چالاکی زمانیی دیاری دەکات و کێشەی زمان و ستراتیژییەکانی جۆری گەمەکانی دیاری دەکات کە چۆن و بە چ ڕێسا و بە پێی دامەزراوەکان و یاسا کارێک دەکات کە ژینگەیەکی نواندنەوەی تایبەت بۆ زمانی زاڵ و تێڕوانینی نزم بۆ زمانە ژێردەستکراوەکان دروست دەکات، یان لەوێدا بۆ هێندێک لە ئەو کێشانەی لە بارەی زمانەوەن، بە هۆی ئەم ڕێژیمە گوتارییەوە بەکارهێنانی هێز تێیدا عەقڵانی و لۆژیکی بێتە بەرچاو، و ئەوەش ڕەوایەتێک بەمانای مەشروعییەت دروست دەکات بۆ نەتەوەی باڵادەست و ئەمە خۆشی ئەم خۆزاڵکردنەی ڕەوایەت پێدەدات. دواتر لە لایەکیتریشەوە، دەوڵەت لە چوارچێوەی حکوومەتمەندیدا دێنێت ئەم کێشانە دەستی تێوەردەدات، بۆ نموونە ڕێگەچارەسەرەکانیش بۆ کێشەکە دیاری دەکات، مەسەلەن ئێمە ئەگەر لەو بوارەوە چاو لە قانوونی ئەساسییە بکەین، بۆ نموونە ئەسڵی ١٥ کە باسی زمان دێتەگۆڕێ، پلەبەندییەکی لەبەرزەوە بۆ نزم لە نێوان زمانەکاندا دروست دەکات. هەموو ڕەسمییەتێکی بەکارهێنان لە بەکارهێنانی کارگێڕیی، یاسایی، و خوێندن و کتێبەدەرسییەکان دەدات بەو زمانە، و زمانەکانی دیکە بە زمانی قەبایل و مەحەلی ناو دەبات، ئەمەیە دیاری دەکات کە باس و لێدوانەکان لەسەر زمانەکان چۆن بن. چ زمانێک ڕەسمییە و چی نییە، کێ شارستانییە و کێ گوندی و قەبیلەیی/خێڵەکییە. لەسەر ئەمە دەیان مشتومڕ و دیبەیتی سیاسی و ڕۆشنبیری پێکدێت و دەردەکەوێت چۆن ڕێژیمێکی گوتارییان دروست کردووە لە زەین و مێشکی ئینسانی کۆلۆنیاڵدا. ئینسانێک کە لە نەتەوەی زاڵە لە نەتەوەی باڵادەستە و دەیهەوێت ئەوەش پەرە پێبدا بۆ نێو کۆمەڵگاکانیتر و قەناعەتیشیان پێ بێنێت بە زەبری هێز کە ئەوەی ئەو دەیکات موجەهە و دروستە لەبەر ئەوەی ئەو پێیوایە ئەو شارستانییەتە لە ڕێگەی ئەوە گەشە دەکات، پێیوایە ئەو زمانێکی ستانداردی هەیە، نووسینی هەیە، کتێبی هەیە، مێدیای هەیە، زمانی هێز و دەسەڵاتە و تاکەکانی دیکە ناتوانن تێیدا بەو جۆرە ڕۆڵ ببینن. شتێكی دیکە کە پێویستە ڕوونی بکەمەوە، مەبەست لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی کە باسی دەکەم یان ئیستعمار، لێرەدا، ئاماژەیە بۆ دانووستانێکی نایەکسان لە هەرێمەکانی ناو چوارچێوەی دەوڵەتێکدا کە لە گەڵ ئەوەی ئەو ئەو دەوڵەتە هەوڵدەدات بۆ پاراستنی پێوەندییەکانی و هەوڵدەدات بۆ یەکسان کردن و لێک نزیک کردنەوە و بەجۆرێک هاوچەشنی لە نیوان جیاوازییەکاندا دروست بکات، ئەوەیکە ئیستا لە کرماشان بە ڕێگای جۆراوجۆر دەیەوێ بیکات، لە بواری سیاسی، لەبواری مەزهەبی، لە بواری ئەوەیکە پێی دەڵێن تێکەڵاوێتیی زمانی(ئامیختگی زبانی)، واتە بەفارسیکردنی زمانی کوردی و دەیهەوێ بیگەیەنێتە مستەوایەک کە لێک نزیکبوونەوەیەکی وا دروست بکات کە باسی زمانی کوردی تاکی کورد لێی تێک بچێ، واهەست بکات زمانەکەی ئەو هەر ئەوەیە ئیستا لە ڕێگەی موسساتی حکوومەتییەوە بەسەریدا سەپێندراوە و پێوەندییەکی جیاواز لە نێوان ئەو لایەنانە دروست دەکات. یانی لایەنی ژێردەست و لایەنی باڵادەست، کە لەڕووی سیاسییەوە لەواقیعدا ژێردەستەکە تێیدا دەچەوسێندرێتەوە. ئەم تایبەتمەندییانە بۆ کوردی لە هەموو حاڵەتەکانیدا هەیە. یانی لە کوردستان هەم لە بواری سەرچاوە ئابوورییەکانی بەکەیفی خۆی تاڵانی دەکات، هەم لە باری داگیرکردنەوە کە ئێمە دەزانین کوردستان ناوچەیەکی میلیتاریزە کراوی داگیرکراوە بە زیاتر لە سەدان هازار هێزی داگیرکری تێخزێندراوە. ئێمە بۆخۆمان شاهیدین لە هیچ گوندێکی کوردستان نەمابوو کە پایەگایەکی لێ نەبێت، و دوایی بە ئەمنییەتی کردنی کوردستان، و ئەوەش کە خۆیان پێی دەڵێن (آتش بە اختیار) یان تەقە کردنی بەئارەزوو، لێدانی کورد. لەباری ئابوورییەوە، کە سەیری بکەن داخستنی ناوچە ئابوورییەکانی کوردستان کە بڕێک هۆی گەشانەوەی ئابووری لە کوردستان بوون، ئەو ناوچانە هەموو داخران و ئیستا کۆڵبەرەکانی بە شێوەیەکی سیستماتیک چۆن دەکوژرێن، ئەمە وادەکات جۆرێ گۆڕانی دێموگرافی لە کوردستانیش دروست بکات. بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ ناوەند کۆچ بکات و لە عەینی حاڵدا ئەو هێزە زۆرەی لە دەزگا و موسساتی حکوومەتی لە نەتەوەکانی زیاتر باڵادەست بەسەر کورددا لە کوردستانی ئاخنیون لە هەمانکاتدا گەلێک شارۆچکەیان بۆ دروست دەکات کە جۆرێک دیمۆگرافیش دەگۆڕێ. یانی هەموو تایبەتمەندییەکانی ئیستعماری تێدایە. ئەوە لە حاڵێکدایە، زمانی کوردی خاوەنی میراتێکی ئەدەبی دەوڵەمەندە و ئێستاش لە داهێنان و بەرهەمهێنان بەردەوامە. دیارە لە قسەکانی دکتور هاشمدا زۆر بە جوانی ئەو ڕۆڵی زمانی کوردی لە باری خەلاقییەتەوە لە جۆرەکانی گێڕانەوەی و داهێنانی ئەدەبی لە ڕۆمان لە شیعر و گرینگی مێژوویی بابەتەکە باسی کرا ئەمن باس ناکەم، بەڵام شتێک کە لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی ئەو بەرە نوێیەی کە بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مێزۆپێتامیا و زاگرۆس هەبوون لەسەردەمی دەسەڵاتی میدی و هەخامەنشییەکاندا فیشمەن ئیشارە بە شتێکی زۆر گرینگ دەکات، وەکوو نموونەیەکی دیمۆکراتیک بۆ دنیای ئەمڕۆی لە فرە زمانی بە نموونە دێنێتەوە. ئەویش ئاماژە بە کتێبی ئیسترە کە لەوێدا شاژنێکی، شاژنی پاشای میدییەکان یان هەخامەنشییەکان کە لێرەدا ڕەوایەتی جیاواز هەیە کە ئەو بە ناوی میدی و هەخامەنشی باسی دەکات. لەو قۆناغەدا شا بۆ ئەوەی بتوانێ شاژنێک هەڵبژێرێ هەرێمەکانی دەوڵەتەکەی کە لە ١٢٧ ویلایەت پێکهاتبووە، لە نزیک هیندەوە تا ئیتیۆپی و حەبەشە دەسەڵاتی هەبووە نووسراوەکان بە زمانی ئەو ولایەتانە، بەزمانی خۆیان و بەخەتی خۆیان بۆ ئەو خەڵکە دەنێرێ. یانی زمان لەو قۆناغەدا لەسەردەمی دەسەڵاتی سەروەر یان دەسەڵاتی پاشایەتیدا بەو جۆرەی نەبووە کە ئیستا موسساتی حکوومەتی بە ناوی مەشروعییەت بۆ نموونە بۆ خوێندەوار کردن بۆ تەندروستی بۆ تەوسعەی ئیقتسادی یان بەو ناوانەوە دێتە ناو کۆمەڵگای کوردستانەوە یان کۆمەڵگا ژێردەستکراوەکانەوە بتوانێ ئایدۆلۆژی خۆیشی بەسەردا بسەپێنێت. ئەوکات دیلمانجێک هەبوو لە نێوان دەسەڵاتی خەڵکدا شتەکانیان بۆ وەرگێڕێ و کەواتە، کەی ئەم دیاردەیەی تاکزمانی دەست پێدەکات؟ لە سەردەمی قانوونی ئەساسی مەشرووتە و بە ناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوونەوە وردە وردە تیۆریزە دەکرێت و دێتە ناو چوارچێوەی قانوونی ئەساسی، ئەو کاتە دەبێتە بەرنامەیەکی زۆر تووندی زمانکوژی لەسەردەمی ڕەزاشا لە ١٩٢٥ تا ١٩٤١ و لەو قۆناغەدایە کە پەروەردە و قوتابخانە، دەبێتە موسسە یان دامەزراوەیەک بۆ ئەوەیکە زمانی نەتەوەکان بە فارسی بکەن یانی ئەمانە وەکوو بەڵگە هەن دەیان بەڵگە لەو جۆرە هەن کە ئیشارە بەوە دەکەن کە بەناو زمانی عەشایر و ئەقوام دەبێ بگۆڕدرێن بۆ زمانی فارسی، لە پێناو نەتەوەسازییەکدا کە ئەوان مەبەستیان بووە. بە گشتی، حکوومەتمەندی لێرە ئەو چەمکەی فۆکۆیە کە باس دەکات کە دەسەڵاتێکە لە هەموو شوێنێک و لە یەک کاتدا، واتە لەبەر ئەوەی بۆ چرکەساتێکیتر بەپێی قۆناغ خۆدەگۆڕێ، دەتوانێ خۆ تەتبیق بدات، نەک لەو ڕووەوە زۆر گرینگە دەتوانێ یەکیەتییەک دروست بکات، بەڵکوو لەبەر ئەوەی دەتوانێ خۆی بەرهەم بێنێتەوە، خۆی بگۆڕێت و لەو ڕوانگەیەوە مەترسیدارە. بۆیە لە باری بەرهەمهێنان لە دووی ئەوەیە کە تاکی حکوومەت بەسەوردا کراو، تاک وەکوو تاک زۆرتر لە چوارچێوەی دەسەڵاتی مەرکەزی دەسەڵاتی ناوەندی لە پێناو پاراستنی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتی زمانی وەکوو زمانی باڵادەست وەکوو زمانی دەوڵەت نەتەوەدا بیەوێت بڕواتە پێشێ و کەسی دڵخوازی ئەو حکوومەتە بەپێی ئەو زمانە و بەپێی ئەو ئەدەبیاتە و بەپێی ئەو ئیدۆلۆژیایە بەرهەم بێنێت. لێرە کە خۆی مەبەستەکەی حکوومەتمەندی لە سەر سێ چەمک ڕوون دەکاتەوە یەکیان لەسەر مێتۆدەکانی شیکردنەوەیە، ئەوەیکە کۆی دامەزراوەکان و ڕێبازەکانی شیکاری و تێڕامان و هەڵسەنگاندن و ئەوەیکە بەناوی محاسبات و تاکتیکەکان هەیە کە دەرفەتێکی وا دەدەن بە دەوڵەت و دەسەڵاتێکی وا ئاڵۆز و ئاڵۆز دروست دەکەن کە ئەم دەزگایە لەواقیعدا ئەم موسساتە ئاپۆرای خەڵک ئامانجەکەیەتی و زانستەکەی لەسەر بنیاتی ئیکۆنۆمی یان ئابووری سیاسی دادەنێت و لە ڕێگای دەزگاکانی دیکەشەوە چاوەدێری دەکات. چەمکی دووەمی ئەوەیە کە گرینگی بەدەسەڵات دەدات، و سێیەمی ئەوەیە چۆن ئەم پرۆسە ئیدارییە دێت دەڕوات حکوومەتمەند دەبێت، واتە ستراتیژییەکانی بەوردی لە ئاستی وردی دەسەڵاتدا لەکۆمەڵگاکاندا دەباتە ناو خەڵکەوە و جۆرێک هۆڤییەتی تایبەت دروست دەکات لە ژینگەیەکی تەواو بە ئیستڵاح یان سانتڕاڵ یان داگیرکراو بۆ خەڵکی دیکەدا.

شەهلا دەباغی: چۆن تاکی کۆلۆنیاڵ لە ڕێگای زمان و ئەو سیاسەتە دوو فاقەیەی کە حکوومەتەکان دەیکەن بەرهەم دێتەوە ؟

بەڕاستی ئەوەیکە ئەو سیستمەی کە لەڕێگەی موسساتی خۆیەوە چوون بۆ نموونە یەکێ لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەوڵەت لە ئێران کە دەستیپێکرد لە موسسەی پەروەردە و دامەزراوەی مەدرەسەوە دەستپێدەکات، و ئەگەر ئاگاتان لێبێ مەسەلەن تەوسعەی ئامووزشی یانی پەرەپێدانی فێر کردن یان فێرکاری بەگشتی زۆر لە ڕەهەندەکانی دیکەی دەوڵەت بۆ نموونە لە جۆری پەرەپێدانی ئابووری لە جۆری پەرەپێدانی سیاسی واتە کرانەوەی سیاسی دێموکراسی یا دادپەروەری لە هەموو ئەو شێوانە گرینگییەکی زۆر تایبەت دراوە بە تەوسعەی ئامووزشی کە ئەوان بەو ناوە ناوی دەبەن. هۆکارەکەیشی ئەوەیە ئەمە لە واقعدا دەگەڕێتەوە بۆ دووشت؛ یەکیان، بۆ کێشەی خۆیان کە دەوڵەت لە ئێرانیش دەوڵەتێکی ناجێگیر بووە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەرهەڵدان و کەوتنی دەوڵەتەکان یان حکوومەتەکان بووە، لە ئەساسدا بەهۆی سەرەڕۆیی واتە چەمکی بەردەوام بوونی بوونی ئیستبداد تێیدا یە کە ئەوە پاشنەی ئاشیلیشیانە لە واقعدا نەیهێشتووە کە دەوڵەت لە ئێراندا بەجۆرێکیش سەقامگیر بێت بتوانێ کە گوتارێکی وا هەموو لایەنە دروست بکات، بەردەوام لە ناو خۆیشیدا تووشی ئالێنگاری بووەتەوە ئەمە کێشەیەک بووە دەنا ئەگەر پرۆسەی حکوومەتمەندی بەوجۆرەی لە باکووری کوردستان چووەتە پێشێ، دەوڵەت لەسەردەمی ڕەزاشاوە بەو پرۆسەیە بهاتبایە، لەوانە بوو ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش یانی بەشێکی زۆر لە کوردستان لەدەست چووبایە یانی زمانەکەی مەبەستمە، یانی ئاخێوەری زمانی کوردی لەو بەشەشدا تووشی هەمان کارەسات هەبایە و هەرچەندی دەوڵەت یان موسساتی حکوومەتی زیاتر جێگیر بن زیاتر گرینگی بەوە دەدات. جا من لێرە مەبەستم ئەوەیە کە ئەوان گرینگی بە تەوسعەی ئامووزشی بۆیە دەدەن بۆ ئەوەیکە لە ڕێی زمانەوە بتوانن ئەو پرۆژەیەی حکوومەتمەندییەیان تەواو کرد بۆ ئەوەی بتوانن تاکی تەواو کۆلۆنیزە کراو لە زهنییەتی فارسیدا دروست بکەن. ئەوەیکە تاکێک بێت بۆ نموونە لە کتێبە دەرسییەکاندا کە وەک چۆن ناوەرۆکی ماددە دەرسییەکان دەگۆڕن، و لە ڕێی زمانەوە چۆن ئەم ئایدۆلۆژی زمانی، کولتوور و سیاسەتی کولتووری و زمانی و بەگشتی ئامانجەکانی دەوڵەتی تاک زمان بەسەر نەتەوەکانی دیکە و منداڵانی دیکەشدا دەسەپێین، لەپەروەردەدا ئەو زهنییەتە بەرهەم دێت. شتێکی دیکە ئەوەیە کە مەجالێک دەرفەتێکی ئەوتۆ نییە بۆ هاوبەشی یان ئەوەیکە برەوپێدان یان ئەوەیکە پێی دەڵێن بەرز بوونەوەی پلەی تاکەکان لەو ناوچانە، ئەگەر نەتوانن بەو زمانە فێر بن، ئەگەر ئەو زمانە بەتەواوی زاڵ نەبن بەسەریدا و ئەگەر هاوکاری لە بەشێک لەو پرۆژانەی حکوومەتمەندی لە دەوڵەتیشدا نەکەن دادەمێنن و ناچارن بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لە چوارچێوەی ئەو زهنییەت و سیاسەتەدا خۆ بگونجێنن و ئەمە لە زمانی کوردیشدا من بە نموونە لە وتارێکمدا لە گۆڤاری تیشک (٦١)هێناومەتەوە کە چۆن بۆ نموونە زمانی پزشک و زمانی کاربەدەستێکی ئیداری کورد لە ناوچەکەی خۆی تەنانت مامۆستایەکی پەروەردە یا ڕووناکبیرێکی کورد بە گشتی زمانی زۆرینەی کوردستان لەو ناوچەیە بەهۆی ئەم سیستمی زاڵکردنی زمانەوە لە ڕیی موسساتێک کە ڕەوایەتی تایبەتی بۆخۆی دروست کردووە لە جۆری زانست و لە جۆری تەکنۆلۆژی و لە جۆری فێر کردن و خەڵک پێویستی بەم جۆرانەش لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەیە، بەڵام چوون هیچ دەرفەتێکی دیکەی نییە ئەو دەرگایانە لە زانست و تەکنۆلۆژی هەر دەبێ بە زمانی زاڵ تێیدا بکرێتەوە لەوێدا بەبێ ئەوەی بۆخۆی بزانێت ئەو زهنییەتی نەتەوەی کۆلۆنیاڵ و زمانی ئەو بەسەریدا دەسەپێندرێ و ئێمە ئیستا لەگەڵ ئەو دیاردەیە بەرەوڕووین. هێندێک شت لەوانەیە من لە پرسیارەکاندا بگاتێ کە باسی بکەم، مەسەلەی ئەوەیە کە ئەم خۆڕاگرییە بۆ پاراستنی زمان جۆرێک لەو پێکدادان (کۆنفلیکت)دروست دەکات. ئەو نایەکسانیانەی کە بەمجۆرە لەسەر بنیادی زمان دروست دەکرێ و پەراوێز خستنی نەتەوەکانی دیکە وا دەکات کە هەڵوێست هەیە. هەڵوێستێک کە لە نەتەوەی کورددا زۆر بەرجەستەیە و دیتوومانە چۆن خۆ نیشان دەدات، لە چالاکی مەدەنی لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکانەوە بگرە، ئەوە کە ئەم خەباتە لە بەرانبەر ئەو سیاسەتە خۆسەپێنانەیە. بۆ ئەوەیە کە مقاومەت و خۆڕاگری لێرەدا هاوپێچی باسی سیاسەتە، بۆ؟ چوونکی ناچارە ئایدۆلۆژیای نەیاری خۆی نەقد بکات، شی بکاتەوە،ڕوونی بکاتەوە و ئەم دیبەیتانە لەسەر زمان ئەو ڕەهەندانە وەردەگرن. بۆیە لە میتینگ و گفتگۆکانی ڕۆژانەدا ئێمەدا دەیبینین کە لە نێوان نەتەوەی باڵادەست چالاکێکی زمانناس یان ڕۆشنبیرێکی مەدەنی کورد کە لە میدیای فارسیدا دەردەکەون زۆر بە تووندی دەکەونە بەر هێرش، موتەهەم دەکرێن و دەیانەوێ بێدەنگیان بکەن لەبەر ئەوەیکە ئەوە باسێکی سیاسییە، لە حاڵێکدا ئەم مافانە مافی زمان کە پێشتر باسمان کرد مافی ئێمەیە، مافی منە لە پێشدا وەکوو تاکێکی ئاخێوەری زمانەکە بەر لەوەی خودی زمانەکەیش بێ، هەرچەندە زمان بۆخۆی وەکوو دیاردەیەک بابەتێکی زمانناسی شتێکی زۆر گرینگە، ئەویش وەکوو هەموو ئەو بابەتانەی دی ئەو زمانە دەبێ بپارێزرێ، بەڵام لە پێشدا من لە ڕێی ئەو زمانەوە ئەو کەسانەی کە بەو زمانە دەدوێن ئەوانن پەراوێز دەخرێن، ئەوانن بێبەش دەکرێن و ئەوانن ناچار دەکرێن دەست لە کەلتوور و شوناسی خۆیان هەڵبگرن. لێرەدایە کە ئەو باسانەی کە لێکی دەدەینەوە دەچێتە چوارچێوەی ئەوە کە ئەوان بە ئیتهامی سیاسی باسی دەکەن، و لێرەشدا ئێمە دەبێ بەرپەرچی ئەو باسە بدەینەوە کە ئەمە ئەتۆ بۆ ئەو مافە سیاسییە بە من نادەی؟ لێرە ئێمە دەبێ ئەو حەقە بە خۆمان بدەین ئەگەر سیاسییە، بەڵێ سیاسییە، لەبەر ئەوەی من هۆڤییەتێکی سیاسیشم هەیە، زمان، چوونکی هەموو ئەرکەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێ ڕاپەڕێنێ خۆ هەر زمان ئەوە نییە وەکوو باسیان کرد فۆلکلۆریزە بکرێت و لە گۆشەیەک بە ناوی ‹زمانهای قبایل و ئەقوام› یان لۆکالیزە کردن و محلی کردنی ببەسترێتەوە لە گۆشەیەک لە ناوچەیەکدا و ڕووی دەرکەوتنی لە مەجالەکانی دیکە نەبێت .نەخێر ئەمە واتە ئەرک نواندنی زمان مەسەلەیەکی گرنگە و دەبێت بتوانێ مسۆگەر بێت لە هەموو ژینگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، لەوانە جا لە سیاسەتییشدا.

داگرتنی بابەت