ئارامتر بخوێنەوە

سیاسەتی چەندزمانی و چەند سەرنجێک

خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن: ژیوان ڕۆژهەڵاتی


پێشەکیی وەرگێڕ

لەم بابەتەدا دوو بڕگەی جیاواز لێک دەدرێتەوە. یەکەم: بۆچوونێکی فەلسەفی لە بارەی زمانە و بیرکردنەوەی دوو بیرمەندی گەورەی فەلسەفە (ڤیتگنشتاین و هایدیگەر) و گرنگیی بیرکردنەوە و داهێنان لە زماندا دەخرێتە بەر باس و بڕگەی دووەمی بابەتەکە پێوەندیی هەیە بە سیاسەتی هەڵەی زمانی لە ئێراندا.


گرنگیی لایەنی فەلسەفیی زمان

گرنگی و بایەخی زمان لە فەلسەفەدا مێژووییەکی دێرینی هەیە. لە کۆنەوە فەیلەسووفەکان خۆیان بۆ بابەتی زمان تەرخان کردبوو. زمان بەشێکی دانەبڕاوی بیرکردنەوەی فەیلەسووفەکان بووە. لە هێرمینۆتیکەوە تا دەگاتە فەلسەفەی شیکاریی زمان بابەتێکی ناوەندی بووە. زمان جگە لە ئاخافتن، هونەری بیرکردنەوە و مەعریفەی نوێ دەخوڵقێنێت. واتە زمان و بیرکردنەوە لفە و دوانەی یەکترن.

فەیلەسووفی مەزنی ئۆتریشی _ ئاڵمانی، لۆدڤیک ڤیتگنشتاین لە کتێبی تراکتاتۆس بڕگەکانی ٥.٦ و ٥.٦١ دەڵێ، (سنوورەکانی زمانی من، سنوورەکانی جیهانی من دیاری دەکات). یان لە بڕگەکەی تر دەڵێ، (مەنتق جیهان دەتەنێتەوە، سنوورەکانی جیهان، سنوورەکانی پێک دەهێنێت).


زمانی من دەتوانێ لە تەواوی بوارەکانی مەعریفەدا داهێنەر بێت، ئەویش لە کاتێکدایە، فێری (هونەری بیرکردنەوە) بکرێت. تەنیا لە چوارچێوەی هەستی سادە و خاودا نەمێنێتەوە. هەستی سادە و خاو دەربڕینی سادە و خاو پێوەندیی هەیە بە مێشکی سادە و خاو و ناتوانێ گەمەی زمانیی قووڵ بخولێنێت، بۆیە لە قووڵاییی زمان تێناگات و لە بوارە جیا جیاکانی مەعریفەدا داهێنەر نابێت. واتە لە گەمەیەکی سادەی زمانیدا خول دەخوات. زمان و بیرکردنەوە کاتێک دەتوانن داهێنەرانە بن کە پەروەردەی نوێ و شێوازی نوێ بۆ بیرکردنەوە هەبێت و ئازادی لە دەربڕین و بۆچوونەکان هەبێت و بەردەوام لە سەر بابەتەکان مشتومڕی کراوە بە بێ سڵکردنەوە لە ئارادا بێت؛ لەبەر ئەوەی زمانی کراوە و مێشکی کراوە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە. کە وا بوو، زمان پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن خۆیان لە قەرەی بوارە جیاجیاکانی مەعریفە بدەن و مێشک بتوانێ پرسیارکەر بێت و ئەزموون بکات و گەشە بە زمان بدات. زمانی منە سنووری جیهانیی مەعریفی من دیاری دەکات، زمانێک دەتوانێ داهێنەر بێت بیر لەو شتانە بکاتەوە. پێوەندیی بە ئەزموونەکانی خۆیەوە هەیە، چونکە لە دەرەوەی زماندا جگە لە وەهم و خەیاڵ شتێکی تر نییە. زمان ئەگەر بە مەنتقەوە بارگاوی نەکرابێت دەتوانێ وەهم ساز بکات و مرۆڤ لە ڕاستییەکان دوور بخاتەوە.


زمان لە ڕوانگەی هایدیگەر

زمان سازدانی پەیوه‌ندی له‌گه‌ڵ بوونه، سا بێتە ئاخافتن یان ئاخافتنی نەبێت. تانووپۆی کولتوور جۆرێک ئێگزێستانسیالی زمانییه‌. زمانی وتووێژ به‌شێک‌ له‌ زمانی ئێگزێستانسیال پێک دەهێنێت.
بانگه‌شه‌ی هایدیگه‌ر ئه‌وه‌ بوو، پێویستە زمانێکی نوێ دابمه‌زرێنین، چونکوو زمانی بوونمان ون کردووه‌ و پاش تێپه‌ڕینی ساڵانێک لە بانگه‌شه‌ی یۆنانییه‌کان کە گوتبوویان بوون له‌ په‌رده‌دایه‌، پێویسته په‌رده‌که‌ داماڵین، بۆ ئەوەی بگه‌ینه‌ شوێنی خۆمان. هایدیگه‌ر له‌ وته‌ی «مێژووی چاوپۆشی له‌ بوون» به‌ درێژترین شه‌وی «یه‌لدا» ناوی لێ بردووە، به‌ ڕای هایدیگه‌ر پێویستە، زمانێکی نوێ دابمه‌زرێنین، ئه‌ویش زمانێکی ئێگزێستانسیاله‌. ئه‌م زمانه جیاواز‌ له‌ زمانی چه‌مکی و وته‌زاییە‌. پێویستە بۆ نزیک بوونه‌وه‌ له‌ بوون له‌ زمانی وته‌زاییی جیاواز که‌ڵک وه‌ربگرین. شیعر‌ به‌ باشی ئه‌م زمانه‌ی پێشان داوە. له‌ وه‌ها زمانێکدا، خووگرتن گرنگه‌. له‌ ڕێگه‌ی خووگرتن به‌ بوونەوە‌‌ بیستن و چاو ئیش ده‌کەن و زمانی ئێگزێستانسیالی ئێمه‌ له‌ ئاستی زمانێکی ئاسایی «چه‌مکی و وته‌زایی» به‌ره‌و پێش دەبات. ئه‌وه‌ی پێویستە له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ پێوەندی ساز بکه‌ین، خۆی له‌ پشت ئاڵۆزییه‌ زمانییه‌کانی وه‌کوو «ته‌مسیل، خوازه‌ و ته‌وس…» ‌شاردووەتەوه. که‌واته‌ ئه‌بێ زمانی چه‌مک وه‌ک ڕاده‌ی مامناوه‌ندی نێوان خۆ و ئه‌ویدی دابنێین بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر پێوه‌ندی ساز بکه‌ین. کاتێک ئێمه‌ دەچینە ناو لایه‌نه‌ قووڵه‌کانی زمان، ده‌بین به‌ هیرمۆنۆت و لایه‌نی ئێگزێستانسیال و کولتوورله‌وێدا شێوه‌گیر ده‌بێت. که ‌واته‌ زمانی ئێگزێستانسیال به‌ بێ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ وشه‌کان سه‌رده‌گرێت. ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ وشه‌گۆڕکێ، زمانی چه‌مک ساز ده‌کات. له‌ ئاستی زمانی چه‌مکدا هێرمێنۆتیک نییه‌. به‌ ده‌ربڕینی گادامێر، له‌ شوێنێک که ڕواڵه‌تی زمان به‌ کۆتایی ده‌گات، هێرمێنۆتیک ده‌ست پێ ده‌کات. مه‌به‌ستی گادامێر زمانی چه‌مکییه‌. زمانی ئێگزێستانسیال، مرۆڤ به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕی زمانی چه‌مکی ڕاده‌کێشێت. ڕاده‌ی مامناوه‌ندی پەیوه‌ندی ده‌توانێ ئێگزیستانسیال بێت. زۆربه‌ی پەیوه‌ندییه‌ بوونییه‌کان له‌ جیهانی مندا مێژوویی و کولتووری و ئێگزێستانسیالن. کۆی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی که ‌وا له‌ جیهانی مندا ساز بوون، له‌ پیکهێنانی زماندا به‌شدارن. گەر وا بێ زمان ناوه‌ڕۆکی جیهانیی من پێک دەهێنێت. بۆیه‌ به‌ بۆچوونی هایدیگه‌ر زمان نیشتمانی بوونه‌. کولتوور، جیهان و بوون له‌ زماندا شاردراونەتەوە بۆیە زمان به‌ ڕه‌سه‌ن ده‌زانن. به‌ڵام به‌ بۆچوونی هایدیگه‌ر، ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ پله‌وپایه‌ی ئه‌نتۆلۆژیکی زمانیان له‌ بیر کردووه‌ و پێداگرییان له‌ پله‌و پێگەی، مه‌نتقی و ناسینی کردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ حاڵیکدایه کە‌ زمان نیشتمانی بوونه‌. که‌واته‌ بنه‌مای جیهان له‌ چه‌ند تۆخم کە بریتین له‌: ئاگامه‌ندی، زمان، کات، پێکهاتووە. ئه‌م سێ چەمکە ئاماده‌ بوونه،‌ واتە ئێگزێستانسی من له‌و با‌رەیەوه به‌رده‌وام ڕوو له‌ پێشکه‌وتنە و کۆمەڵێک پێوەندیی نوێی ئێگزێستانسیالیستی ساز ده‌کات. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه، ده‌یه‌وێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ڕاوه‌ستێت. زمان لای ھایدیگەر چەند لایەنی ھەیە، لە فەلسەفەدا دوو بۆچوونی ھەمەکی سەبارەت بە زمان ھەیە : زمانی پێکھێنەر Constitutive زمانی ئامرازییانە Instrumental. دیاره‌، زمان به‌ شێوه‌یه‌کی ئامرازی بۆ پێوه‌ندی سازدان چاوی لێ ده‌کرێت. هایدیگه‌ر، له‌ بیرکردنه‌وه‌ی قۆناغی یه‌که‌می خۆی له‌ کتێبی (بوون و کات)، سەر لە نوێ‌ دوو جار باسی له‌ زمان کردووە. یه‌کەم له‌ باسی زمانیدا و ئەوی تر له‌ قسه‌ی پڕ و پووچدایه. هه‌ندێ له‌ شرۆڤەکاران لایان وایه‌، ها‌یدیگه‌ر باسی له‌ دوو بۆچوون کردووە. هیچ گومانێکی تێدا نییه‌، له‌ هایدیگه‌ری دووه‌مدا، زمان پێکهێنانه‌. به‌ڵام له‌ بوون و کاتیشدا زمانی هایدیگه‌ر پێکهێنه‌رانەیە. کاتێک ‌له‌گه‌ڵ بابه‌تێکدا، پێوەندی دەگرین ، ئه‌و شته‌ ده‌بێت به‌ که‌ره‌سه‌ و بوونێکی به‌رده‌ستی هه‌یه‌ و په‌ره‌ به‌ جیهانی من ده‌دا. له‌ ڕاستیدا، ئامراز، جیهانی مرۆڤ پێک دەهێنێت و بۆیه‌ ئامرازی بوون بۆ هایدیگه‌ر له‌گه‌ڵ پێکهێناندا هاوسه‌نگن. ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ بۆچوونی پڕاگماتیسته‌کان سەبارەت بە ‌ ئامراز واتایەکی تری هه‌یه‌. هایدیگه‌ر ده‌ڵێ، ئەو که‌سەی‌ به‌ چه‌کوش ئیش ده‌کات، پێکەوە‌ تەبا دەبن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رنجی که‌سێکی تر بدات. ئه‌ندازیارێک له‌ ڕێگه‌ی که‌ره‌سه‌کانی به‌رده‌ستییەوە دەبێت به‌ ئه‌ندازیار، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یە، ئامرازی ئه‌ندازیار بوونی ئه‌و پێک دەهێنێت. گه‌رچی له‌ فۆڕمێکی چه‌مکی و وته‌زاییدا، بیناساز له‌ که‌ره‌سه‌کانی که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. که‌واته‌ که‌ره‌سه‌ له‌ بۆچوونی هایدیگه‌ردا، له‌ بۆچوونی نه‌ریتی ئانگلۆساکسۆن جیاوازە. به‌ ڕای هایدیگه‌ر، ئامراز بوونێکی به‌رده‌ستی هه‌یه‌ و جیهانی من پێکدەهێنێت. گەر وابێ‌ بە واتایەک جیهان ئامرازییانەیە. که‌ واته‌ تیۆریی زمانیی هایدیگه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه پێکهێنه‌ره‌. ته‌نانه‌ت ‌گه‌ر وه‌کوو ئامراز ته‌فسیری زمان بکه‌ین، هه‌مدیسانه‌وه‌ لایه‌نێکی پێکهێنه‌ری هه‌یه‌، بۆیه‌ زمان ئه‌و شته‌ نییه‌ هه‌ڵی ده‌بژێرم به‌ڵکوو ئه‌مه‌ زمانه‌ من هه‌ڵده‌بژێرێت. هه‌روه‌کوو ئه‌و ئامرازەی کە وا پێوه‌ری پێکهێنانی ئه‌ندازیارێکه‌. ڕای هایدیگه‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ قسه‌ ناکه‌ین، ئه‌مه‌ زمانه‌ ئێمه‌ دێنێته‌ گۆکردن، واته‌ زمان ده‌رفه‌تمان پێ ده‌دا قسه‌ بکه‌ین. یانی قسه‌که‌ربوونی مرۆڤ، به‌ هۆی زمانیه‌تی، نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ مرۆڤ، زمانی که‌شف کردبێت. که ‌واته‌ زمان، مرۆڤ دەهێنێتە ئاخافتن و زمان و پێکهێنه‌ری ئێمه‌یه‌.
زمان دوو لایه‌نی لێ ده‌که‌وێته‌وه ‌: ڕواڵه‌تی زمان قووڵاییی زمان.
هایدیگه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی‌ لێک جیا کردووەتە‌وه‌ :
لایه‌نی ئه‌پۆفانتیکی زمان لایه‌نی هێرمێنۆتیکی زمان.

ئه‌م خاڵه‌ ده‌روازه‌یه‌کی گرنگ‌ بۆ تیگه‌یشتنە. له‌ هێرمێنۆته‌کانی پاش هایدیگه‌ری وه‌ک گادامێر، ئه‌پۆفانیس بە واتای گوزارە دێت و ئه‌پۆفانتیک مانای گوزارەی بوونی زمانییە. هێرمێنۆتیک قووڵایی زمانه‌. له‌ ده‌ربڕینی ڕسته‌که‌یدا، له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا پەیوه‌ندییه‌کی تێدایه‌ و خاوه‌ن ئه‌و وشانه‌یه‌ که‌وا له ‌هه‌ر زمانێکدا هه‌یه‌، ئه‌م پرسیارانه‌ وا دیاره‌ فره‌چه‌شنیی زمانه‌کان له‌ ڕواڵه‌تی زمانەوه گه‌ڵاڵه‌ ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت زمان و مانای زمان ده‌گرێته‌وە. خه‌ڵکی ئاسایی، له‌ لایه‌نی ئه‌پۆفانتیکی زمان تێده‌گه‌ن. له‌ فه‌لسه‌فه‌‌دا، پله‌ و پایه‌ی زانین و مه‌نتێقی به‌ لایه‌نی ڕواڵه‌تی زمانه‌وه‌ گرێ دراوە‌. که‌ واته‌ فه‌یله‌سووفه‌ شیکارییه‌کان هێشتا له‌ ئاستی ڕواڵه‌تی زماندان، چونکوو بایه‌خ به‌ لایه‌نی‌ تیۆریی زانین، مه‌نتق و واتاناسی دەدەن و زمان به‌ ئامراز ده‌زانن. قووڵاییی زمان ده‌گەڕێته‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ هێرمێنۆتیکییه‌کانی زمان که ‌وا کولتووری و ئه‌نتۆلۆژیکییه‌، گەر وا بێ هێرمێنۆتیک زمانێکی قووڵی کولتوورییه‌. له‌ کاتی که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ نوکته‌ یان ته‌وس یان خوازه‌یه‌ک له‌ مانا سه‌رزاره‌کی، مه‌نتیقی و واتاناسییەکەیدا، باس له‌ ڕواڵه‌تی زمان ده‌که‌ین، یانی باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌وا ڕسته‌ی ناوبراو حه‌قیقه‌ته‌ یان مه‌جازه‌ و کامە هونەری ئه‌ده‌بی تێدا به‌کار هێنراوه‌، وا دیاره‌ بایه‌خ به‌ زمان ده‌درێت و له‌ زمانی شێعردا، ئه‌م جیاکارییه‌ ده‌رده‌که‌وێت. به‌ ڕای هایدیگه‌ر لە سات به‌ ساتی ژیانی مرۆڤدا، ئه‌م دوو لایه‌نه‌ له‌ زمان لێک جیا ده‌بنه‌وه‌. جاروبار چاوپۆشی له‌م جیا کردنه‌وه‌یە ده‌که‌ن و جاروباریش وەکوو فه‌یله‌سووفه‌ شیکارییه‌کان کە دەڵێن‌ پێویستە مه‌نتیق زاڵ بێت و لایه‌نی واتاناسی و تیۆری زانییه‌که‌ی دیاری بکرێت، جیهانی «ژێرـ زمانی» له‌ «جیهانی سه‌رـ زمانی جیاوازە». کێشه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌نتۆلۆژیکی له‌ لای هایدیگه‌ر ئاماده‌یه‌. باشتر وایە بزانین دابه‌شبوونێک کە ئالفرێد تارسکی له‌ بارەی زمانەوە کردوویەتی به‌م شێوه‌یه‌: object- language

language- meta.

هه‌ردوو پێوه‌ندییان به‌ ڕواڵه‌تی زمانه‌وه‌ هه‌یه‌ و جیاواز له‌ ده‌ربڕینه‌کانی هایدیگه‌رە. فۆڕمالیزم، مانای دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌ ڕاستییه‌ ئیگزێستانسه‌کانی مرۆڤه‌. فۆڕماڵبوونی باسه‌کان و داڕشتنی زمانه‌ ده‌ستکرده‌کان بۆ نمونه کارناپ، دوو پله‌ له‌ ڕاستیی ئێگزێستانسه‌کانی مرۆڤ و زمانی ئێگزێستانس دوور ده‌که‌ونه‌وه‌. هاوشێوەی ئه‌و وته‌یه‌ی ئه‌فلاتوون وایه‌ له‌ بارەی وێنه‌کێشانەوە ده‌ریبڕیوه‌. له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌فلاتووندا، وێنه‌کێش، دوو پله‌ له‌ ڕاستی دوور ده‌که‌وێته‌وه‌. یه‌کێک ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م ڕاستییه‌، سێبه‌رێک له‌ جیهانی به‌رزه‌ و ئه‌وه‌ی تریش وێنه‌کێش، وێنه‌ی سێبه‌ره‌کان ده‌کێشێته‌وه‌، که ‌واته‌ هونه‌رمه‌ند لای هایدیگه‌ر پله‌ و پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌. هەر بۆیە‌ فه‌یله‌سووفه‌ شیکارییه‌کان له‌گه‌ڵ فۆرمالیسته‌کان، دوو پله‌ له‌ زمانی ئیگزێستانس و ڕاستییه‌کانی مرۆڤ دوور ده‌که‌ونه‌وه‌. زمانی ئاسایی «به‌و جۆره‌ی که‌ وا گیلبێرت ڕایڵ له‌ ڕوانگه‌یه‌کی دیکە‌وه‌ باسی له‌ بارەوە ‌کردووه» به‌ به‌روارد له‌گه‌ڵ فۆڕمالیزمی کارناپ له‌ ڕاستی نزیکترن. که‌واته‌ ئه‌گه‌ر له‌ زمانێکی فۆرمالیستییه‌وهlanguage ـmeta بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ language ـ object له‌ حه‌قێقه‌ت نزیکتر ده‌بینه‌وه‌. گه‌رچی languageـ meta ده‌ستکرده‌ و بۆیه‌ من له‌ به‌کارهێنانیدا سه‌ربه‌ستم و له‌ به‌ر ده‌ستی مندایه‌ و زمانێکی ڕواڵه‌تی و ده‌ستکرد ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه language ـobject ، ڕواڵه‌تی زمانی سه‌ره‌تایییه‌ و خۆی له‌ قه‌رەی قووڵاییی زمان نادا. هایدیگه‌ر هه‌وڵی ئه وه بوو، بۆ ئەوەی له‌ قووڵاییی زمان تێبگات. دیاره‌ به‌ بۆچوونی هایدیگه‌ر، زمان ناسنامه‌یه‌کی کولتووری دێنێته‌ ئاراوە و بوونی کۆمه‌ڵگایه‌ک پێک دەهێنێت. زمان بناغه‌ی جیهان پێک دەهێنێت و نیشتمانی بوونه. بێ نێشتمانی لە زماندا، نە جیهانی بوونی ئێمە پێک دەهێنێت و نە لە قووڵاییی زمان تێ دەگەین‌. نیشتمانی من لە ڕێگەی زمانەوە دیاری دەکرێت و ناسنامەی منە وەکوو [کوردێکی] خاوەن زمان و بیرکردنەوە. هەر بۆیە لە پرسی ڕەسەنی و ناڕەسەنی بووندا، کاتێک کەسێک لە زمانی خۆی نامۆ بێت، ئیدی بوونێکی ناڕەسەنی دەبێت و نیشتمانی خۆی لە هەمان زمانی دایکە دادەبڕێت و زماڵی لاڵ دەبێت. لە باتی ئەوەی بە زمانی خۆی ڕاڤەی هەست و نەستی خۆی بکات و چێژ لە بوونی سەربەستی خۆی ببات، بێ نیشتمانی وەکوو سەرلێشێواوی و هەتیوکەوتن و دوور کەوتنە لە نیشتمانی بوون جێگەی دەگرێتەوە و زمانێکی نامۆ جێگەی زمانی بنەڕەتی دەگرێتەوە و بوونی ناڕەسەن کە هەمان لەبیرچوونەوەی زمان و بیرکردنەوە بە زمانی داگیرکەرە جێگەی دەگرێتەوە. بۆیە پرسی زمان دەبێت ببێتە هەوێنی لێکۆڵینەوە بۆ هەر تاکێکی کورد.



پرسی زمان

سەبارەت بە پرسی زمان وەکوو یەکێک لە بنەڕەتریترن کێشەکانی گەلانی بندەست و داگیر کراو، پێش وەرگێڕانی بابەتەکە بە باشم زانی چەند کێشەیەک بخەمە ڕوو. یەکەم کێشەی دەسەڵاتە، نەتەوەی بێ دەوڵەت، زەحمەتە بتوانێ مافی ڕەوای خۆی لە ژێر چەپۆکی داگیرکەر دەستەبەر بکات. مەگەر ئەوەی کە نەتەوەیەکی بوێر بێت و لە ئاست داخوازییەکانی خۆیان یەک دەنگ بن و ئەمەش تا ئێستا بە هۆی پەرشوبڵاویی سیاسەتی کورد و دەسەڵاتی داگیرکەر مسۆگەر نەکراوە. کێشەی دووەم زاڵبوونی زمانی فارسییە وەکوو زمانی داگیرکەر و زمانی ئایدیۆلۆژیی داگیرکەرە و چونکە دەسەڵاتی هەیە لە داینگەوە تا دەگاتە زانکۆ هەموو جومگەکانی فێرکاریی قۆرغ کردووە و زمانی کوردی جگە لەوەی کە ناخوێنرێت، وەکوو هەستێکی سادەی ناو خەڵکی ماوەتەوە و بە گشتی منداڵ لەگەڵ زمانەکەی خۆیان نامۆن!. خوێندن بە زمانی دایک، گرنگییەکەی لەوەدایە، منداڵ شۆناسی نەتەوەییی خۆی فێر دەبێت و مێشکی بە کولتووری خۆی گەشە دەکات و ئەمە گرنگە. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێ زمانی تریش فێر بێت، نەک ئەوەی کە زمانێکی سەقەتی وەکوو فارسی بە زۆر بسەپێندرێت و منداڵ لە سەرەتاوە لەگەڵ خۆی نامۆ بکەیت.

فێرکردنی فرەزمانی ئەویش بە گرنگیدان بە زمانی دایکی لە دەیەی ٧٠ی زایینی لە لایەن توێژەرانی زمان و پلانی فێرکاری لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جێی سەرنج بووە. بەهۆی هەرەسهێنانی گوتارەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی، کۆمەڵێک دەرەنجامی وەکوو کۆیلایەتی لە ئەمریکای باکووری ئەمریکا و هەڵسووکەوتی خراپ لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهان لە کەنەدا تا دەگاتە ئۆسترالیا، ڕێبەرانی فێرکاری و توێژەران و مامۆستاکان لە هەمبەر گرنگی و بایەخدان بە کولتوور، زمان و شوناسی کەمینەیەک لە خوێندکارەکان هەستیار بوونەتەوە. لەگەڵ ئەویشەدا، خێرایی کێشەی بە جیهانیبوون، شەپۆلێکی بێ ژمار لە کۆچی مرۆیی، زۆربەی شارەکانی بۆ کۆمەڵگەی فرە کولتووری گۆڕی و فرەزمانی لەوێدا، بوو بە دۆخی زمانیی ئاسایی و پەڕگیر. هەروەها ئێنترنێت و ڕاگەیاندنە دیجیتاڵییەکان، ئاڵوگۆڕە کولتووری و زمانییەکانیان وەها گۆڕیوە پێشتر نەبووە. لەگەڵ تەواوی پێشکەوتنەکان ئەم پرسیارە دێتەگۆڕی، پلەوپێگەی باکگراوەندی کولتووری و زانستی خۆجێیی خوێندکارەکان لە بواری پەروەردە لە کوێدایە؟ بێگومان پرسیارێکی گونجاوە و لە کەڵکەڵە سەرەکییەکانی کێشەی زمانی دایک لە لای خوێندکارەکانە. فێرکردنی فرەزمانی کە وا تەوەرە سەرکییەکەی زمانە. زمانی دایک، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووە بە بابەتێکی گرنگ. لەگەڵ ئەویشدا، ئێران لەم ڕێسایە خۆی هەڵاواردووە. وێڕای ئەوەی کە فرە کولتووری و فرەزمانی، توخمی سەرەکیی ژیان لە ئێراندایە و خەڵکی ئێران بە ٧٠ زمان پێکەوە قسەیان دەکرد (ئەتنۆلۆگ، ٢٠١) بەڵام زۆر بە کەمی سەرنجی فێرکردنی فرەزمانی لە زانکۆکانی ئێران دراوە. تەریککەوتنی دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران لەم دواییانەدا، بووەتە هۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی ئاکادمیکی لە نێوان توێژەرە ئێرانییەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە تایبەتی، لە لقەکانی زانستی مرۆیی و بە گشتی لە بواری لێکۆڵینەوە لە پانتای فێرکاری زۆر بە هێواشی بەرەو پێش چووە. هەروەها لە ناوخۆی ئێرانیش وێڕای داخوازیی کەمینەکان و هەوڵی بێ وچانی چالاکوانانی زمان، لێکۆڵینەوەی شێلگیرانە لە بارەی کێشەکانی پێوەندیدار بە ڕاهێنانی فرەزمانی بە هۆکاری سیاسی و ئایینی ڕێگریی لێ کرا. سیستەمی سیاسیی ئێران پەڕگیر و گشتگرە و بیرکردنەوە لەبارەی بەکارهێنانی زمانی دایک لە لایەن خوێندکارەکانەوە بۆ ڕاهێنان و فێربوون ڕەخنەی لە سەر بووە و بە گشتی ئەو داخوازییانە، وەک کردارێکی سەربەخۆییخوازانە چاویان لێ کراوە.


گرنگیی بایەخدان بە ڕاهێنانی فرەزمانی لە ئێراندا

کۆمەڵێک بابەت لە بارەی پێوەندیی ڕۆڵی زمانی دایکی خوێندکار بۆ گەشەی فێربوونی ئەوان و هەروەها لە بارەی وانەوتنەوە بە زمانی دایک نووسراوە. توێژەران و مامۆستاکان بە چەقبەستن لە سەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چالاککردنی کەمینە خوێندکارییەکان، لە ڕاهێنانی فێرکردنی فرەزمانییان کۆڵیوەتەوە. (گارسیا و کەسانی تر) توێژەران لە بارەی گرنگیی بەکارهێنانی زمانی ماڵەوەی خوێندکارەکان لە قۆناغەکانی وانە وتنەوە و فێربوون لە وتووێژەکانی پێوەندیدار بە فێرکردنی فرەزمانی کۆمەڵێک بابەتەتی سەرنجڕاکێشیان نووسیوە. لە حەفتاکانەوە کێشە و ململانێی پێوەندیدار بە فێرکردنی فرەزمانی و کێشەکانی پێوەندیدار بە فرەزمانی لە وڵاتانی ئینگلیسی _ ئەمریکی کە وا خاوەنی میراتی کۆلۆنیالیزمی ئاڵۆزی وەکوو مێژووی کۆیلایەتی و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی ناوچە داگیر کراوەکان و شەپۆلی نوێی کۆچی ناچاری بە کۆمەڵ بەرەو کەنارەکانیان بووە، لێک دراوەتەوە. ڕاهێنانی فرەزمانی و کێشەکانی پێوەندیدار بە فرەزمانی لە وڵاتە ئەورووپییەکان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و گەڕان لە ناسنامەی نوێ لە دوای هەرەسهێنانی دیسکۆرسی دەوڵەت – نەتەوە، لە ناو نەتەوە پاش کۆلۆنییەکانی وەکوو وڵاتانی قاڕەی ئەفریقا و ئاسیا، بە ئاراستەی زیندووکردنەوە و سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی ناسنامەی خۆجێیی لە شارستانییەتە فرەزمانی و فرە نەتەوەییەکان وەکوو هێند و چین، لێکدراوەتەوە. لەگەڵ هەمووی ئەمانەدا، ئێران پشکی زۆر کەمی لەم وتووێژانەدا بووە. بۆ نموونە کۆمەڵێک بابەت لە بارەی فێرکردنی فرەزمانی لە کەنەدا نووسراون و کۆمەڵێک چاپەمەنی بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار لەبارەی فرەزمانی هەیە. لە پاڵ ئەو نووسراوانەی کە وا فێرکردنی فرەزمانی لە شوێنە جیاوازەکان و ئەوروپا بە گشتی لێکی دەدەنەوە. نموونەی تر ناوچەی باسک لە باشووری سپانیایە کە بە هۆی خەباتی توند لە هەمبەر دەستەبەرکردنی مافی زمانی و ئەزموونە قووڵەکان لە بارەی زیندووکردنەوەی زمانی ناوچەی خۆیان، سەرنجی زۆربەی کۆمەڵگە ئاکادێمیکەکانیان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشاوە.
بە شێوەی فەرمی وڵاتە پاش کۆلۆنییەکان، پشکی سەرەکییەکان لە بارەی بابەتەکانی پێوەندیدار بە خوێندنی فرەزمانییەوە بەر کەوتووە. کۆمەڵێک بابەت لە بارەی کێشەی فێرکاریی فرەزمانی لە ئەفریقا بڵاو بووەتەوە و وڵاتانی باشووری ئاسیا وەکوو، مالێزی، سەنگاپوور و سریلانکا، ئەزموونی خۆیان لە بارەی فرەزمانی لەگەڵ (کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی لێکۆڵینەوە) بە هاوبەشی بڵاو کردووەتەوە. وڵاتانی هیند و چین، هاوسێی ئێران، لە کاروانی مشتومڕی نێونەتەوەیی، سەبارەت بە فێرکاریی فرەزمانی، بە چەقبەستن لە سەر زمانی دایک، جێ نەماون. هیند و چین، هاوشێوەی ئێران بە درێژایی مێژوو وڵاتانێکی فرە نەتەوەیی، فرە کولتووری و فرەزمانی بوون. ئەم وڵاتانە مێژوویەکی دوور و درێژیان لە بارەی شێوازەکانی فێرکردنی فرەزمانی هەیە. بەڵام ئێران کۆمەڵێک شێوازی بۆ سیستەمی پەروەردە لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا وەرگرت، ئەویش دیسکۆرسی باوی نێوان دەوڵەت-نەتەوەی ئەورووپی (یەک زمان بۆ یەک نەتەوە) بوو. پێشهاتەکانی دوایی ئەم دیسکۆرسە بۆ زمانەکانی ناو ئێران لە سیستەمی پەروردەدا، گەلێک دڵتەزێنە. گەرچی سیاسەتەکانی وڵاتی هیند لە سەردەمی داگیرکراوی لە لایەن ئینگلیسەوە بە بەراورد لەگەڵ ئێران ژیرانەتر بووە. بە پێچەوانەی بێدەنگیی ئاکادێمیای زاڵی ئێران لە بارەی فرەزمانی، کۆمەڵێک بابەت لەبارەی فێرکاریی فرەزمانی لە هیند گەڵاڵە کراوە. وڵاتی چین، بەشێکی گرنگی ئەم وتووێژانە بووە، بەڵام بەشی ئێرانی بە کەمی سەرنجی نێونەتەوەیی بۆ خۆی تەرخان کرد. وێڕای فرەڕەنگی لە ناو زمانە ئێرانییەکان، چوارچێوەی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکان لە پانتای فێرکاریی ڕۆژئاوا کراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ لەبارەی مافی گوتاربێژەکانی زمانی کەمینە لە ئێڕاندا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە. هەروەها لە بارەی زمانەکانی ناو ئێران لە شوێنەکانی پەروەردە و زمانی دایکی خوێندکارەکان لە خوێندنگەکانی ئێران، هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە.
هەر چی بێ، ئەم ڕاستییەی کە وا ژینگەی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر لەبەرچاودا نەبووە واتای ئەوە نییە، بەستێنی زمانناسی، زمانناسیی کارکردی و فێرکاریی زمانی بە تەواوەتی لەو بابەتانەی کەوا پەیوەندیی بە زمانەکانی ئێرانی و فرەزمانی لە ناو ئێراندا هەیە شتێکی ئەوتۆ نەکراوە. زمانناسەکان لە بارەی بێژەکان لە دەشتایی ئێران و گۆڕانکاری لەم زمانانە بە درێژایی مێژوو، لێکۆڵینەوەیان کردووە. توێژەرانی تر لە بارەی کێشەی فرەزمانی و زمانی کەمینە لە ئێران کۆمەڵێک بابەتیان نووسیوە.


ژینگەی ئێران

تەواوی شارستانییەتەکان بە درێژاییی مێژوو لە دەشتاییی ئێراندا، لە کۆنەوە تا هەنووکە لە لایەنی کولتووری و زمانییەوە پێکەوە گرێ دراون. وێڕای کاریگەریی زمانی عەرەبی لە سەر زمانی فارسی [زمانی فارسی لقێک لە عەرەبییە] و زمانەکانی تر، لە دوای هێرشی عەرەب بۆ سەر ئێران لە سەدەی حەوتەم، خەڵکی ئێران توانیویانە زمانی خۆیان بپارێزن. [بەتایبەتی زمانی کوردی]. ئێستاکە لە ئێران پتر لە ٧٠ زمان هەیە خەڵکی قسەی پێ دەکەن. زمانی فارسی، زمانی ٤٠ ملوێن ئێرانییە قسەی پێ دەکەن و زمانەکانی تر وەکوو کوردی، لوڕی، بەلووچی و گیلەکی [لقێک لە زمانی کوردییە] قسەیان پێ دەکرێت. لە ناو زمانەکاندا، زمانی کوردی و بەلووچی، بۆ لێکۆڵینەوە لە زمانی دایک لە ئێراندا پلەوپێگەیەکی جیاوازیان هەیە. بە هۆی ئەوەی کە ئایینی ئێران شیعەیە و یەکێک لە بنەماکانی ئایدیۆلۆژیکی ئێران پێک دەهێنێت بۆیە، کێشەی ستەم و چەوساندنەوەی زمانی دژ بە کورد و بەلووچ لە ڕادەبەدەرە و تێکەڵ بە کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئاڵۆز کراوە.

جگە لە زمانە ئێرانییەکان دوو زمانی تریش لە ئێران هەن، زمانی تورکیی ئازەری گەرچی زمانێکی ئێرانی نییە، واتە لە لایەنی زمانناسییەوە لە زمانە یەکەمەکانی ئێرانەوە سەرچاوەی نەگرتووە و مەغوولییە، ئەمڕۆکە پلەوپێگەیەکی پتەوی لە ئێراندا هەیە. نزیک ٢٠ ملوێن تورکی ئازەری قسەی پێ دەکەن. بەڵام تورکەکان بە بەراورد لەگەڵ نەتەوە سەرەکییەکانی ئێران، توانیویانە خۆیان لەگەڵ سیاسەت و ئابووریی ئێران بگونجێنن. بەڵام ئەوانیش ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان لە خوێندنگەکان بخوێنن. بەڵام هەلومەرجی زمانی عەرەبی لە ئێران گەلێک ئاڵۆزترە. گەرچی کەمینەیەک لە ئێران بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بەڵام کاریگەریی زمانی عەرەبی لە سەر کولتووری ئێرانی وەهای کردووە، مێژوویەکی ناخۆش لە نێوان فارس و عەرەب بێتە ئاراوە. وێڕای بەرزکردنەوەی سکاڵا لە لایەن عەرەبەکانی ئێران، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە بە زمانی خۆیان بخوێنن. [گەرچی ڕقی ئێرانییەکان لە عەرەب و زمانی عەرەبی بە زەقی لە ئێراندا لێک نەدراوەتەوە. پان ئێرانە ناسیۆنالیستەکانی سەردەمی پاشایەتی، تووی ڕق و بێزارییان لە عەرەب و سڕینەوەی زمانی عەرەبی چاند و ماوەی سەد ساڵ توانیان کولتوورە ڕەسەنەکانی تر لە پێناو دەسەڵاتی پاشایەتی بسڕنەوە. بەڵام بە هاتنی دەسەڵاتی ئایینی کێشەیەکە جۆرێکی تری لێ هاتووە. ئاخوندەکان، ئێرانییەکانیان تووشی ناکۆکیی کولتووری کرد، لە لایەک کۆپییەکی سەقەتیان لە ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی ساز کرد. کولتووری پێشوویان سڕییەوە و زمانی عەرەبییان تێکەڵ بە زمانی فارسی کرد و ئێستا سەیری دەقە فارسییەکان بکەی وشەکان عەرەبییە بەڵام سەروگوێ کراوە! بۆیە ئێرانی لە بەرانبەر عەرەب خۆیان بە کەم دەزانی و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو ڕقە لە عەرەب، بە هۆی بێ دەسەڵاتیی ئێرانییەکان لە بەرانبەر عەرەبە].

مێژووی ناخۆشی نێوان فارس و عەرەبەکان وای کردووە دۆخێکی هەستیار بۆ عەرەبەکانی ئێران ساز بکرێت و عەرەبەکان وەکوو داگیرکەری کولتووری چاویان لێ بکەن و زمان و ڕەچەڵەکیان بگۆڕن. وێڕای ئاڵۆزییە مێژووییەکان و هەلومەرجی جیاواز [لەگەڵ چەوساندنەوە و سەرکوت] نەتەوە جیاوازەکانی ئێران سکاڵای خۆیان لە هەمبەر پێشێلکردنی مافە نەتەوەییەکانیان، بە ناوەندە نێوەنەتەوەییەکان گەیاندووە. بەڵام سیاسەتی ناوەندخوازییەکە لە سەردەمی پاشایەتی تا ئێستاکە و سڕینەوەی کولتوور و زمانەکانی تر لە ناو ئێران، دڵنیگەرانیی کۆمەڵایەتیی لە بارەی گرنگیی زمانی دایک لە کێشەکانی پەروەردەی کردووە بە دیسکۆرسێکی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاریکراو لە ئێران. کە وایە کێشەی سەرخستنی زمانی فارسی لە سیستەمی پەروەردە لە ئێران و دەرەنجامی سیاسەتەکانی ڕەزا شا، وای کرد زمانی فارسی لە پەروەردە و دامودەزگای دەوڵەتی زاڵ بێت و ببێتە فاکتەری سەرەکی. زمانی فارسی بوو بە زمانی فەرمی و خوێندەواری بە زمانی فارسی بۆ وەرگرتنی پلەوپێگەی کۆمەڵایەتی و دامەزراندن لە دامودەزگای دەوڵەتی بە زۆر سەپێندرا. بە بەفەرمی ناساندنی زمانی فارسی، زمانەکانی تر لە ئێران لە بیر کران و تەنانەت قەدەغەش کران، هەر کەس کتێبی کوردیی لە ماڵەوە بوایە بەند دەکرا. سیاسەتی ناسیۆنالیستیی ڕەزا شا لە دوای هاتنی خومەینی تێکچوو. سیاسەتی ئیسلامی، سنووری نەدەناسی و باسی لە جیهانی ئیسلامی دەکرد. بەڵام سیاسەتی تاکزمانیی دەوڵەتی پێشووی گرتە بەر و فاکتەری تاک ئایینیشی پێ زیاد کرد. نەتەوەی وەکوو کورد جگە لەوەی کە، زمانی کوردیی قەدەغەکرا، ئایینەکەشی وەکوو مەترسییەک وا بوو بۆ سەر دەسەڵات. سەبارەت بە زمانی دایک لە ئێراندا، بە تەواوەتی لە هاوکێشەی زانستی و فێرکارییە نێونەتەوەییەکان دوور کەوتووەتەوە. ئەم دوور کەوتنەوەیە وای کردووە نوخبەی کۆمەڵگە بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی و جاروبار لە وتووێژەکانی ئەوان، وا دەردکەوێت کێشەی زمانی دایک لە ئێران تایبەت بە ئێرانییە و بەس و شتێک بۆ فێربوونی لە ئەزموونی نێوەنەتەوەیی لەم بوارەدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە هۆی لەمپەڕە سیاسییەکان، لێکۆڵینەوەکان لە بارەی فرەزمانی لە ئێران زۆر کەمە و بە هۆی کەمیی لێکۆڵینەوە زانستییەکان و نەبوونی پێوەندیی ئاکادێمکی لە نێوان زانکۆکانی ئێران و وڵاتانی پێشکەوتوو بە شێوەی واتادار و سەقامگیر، جێگیر نەکراوە. ئەمەش وای کردووە زمانی دایک لە ئێراندا، دۆخێکی پڕ لە مەترسیی هەبێت و لێکۆڵینەوە لە زمانی دایک، بۆ زمانی ناوچەیی کورت بکرێتەوە و گرنگیی پێ نەدرێت. کاتێک دەسەڵات پێویستی بە هەڵبژاردن بێت، زمان لە بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆی بە شێوەی کاتی ئەویش بە ناوی زمانی ناوچەیی زەق دەکاتەوە. زۆر جاریش کۆمەڵێک کوردی ساویلکە بۆ ئەم کارانە تەرخان دەکات. لە ڕێگەی بەموزەکردنی زمان و کولتووری کورد، سووکایەتی بە زمانەکە دەکات. لە هەمان کاتیشدا زمان لە مەعریفە و زانین بەتاڵ دەکاتەوە و تا ئاستی هەستێکی سەرەتاییی چەسپیو بە سروشتەوە دایدەبەزێنێت. نموونەی هەرە زەقی ئەم کارە لە تورکیا هەمان کێوی بوونی کوردە کە زمانێکی جیاواز لە شارستانییەتی هەیە و تووڕیانداوەتە ناو سروشت و کورد بە کێوەی و دەشتەکی دەزانن.


بەڵگە سەرەکییەکان دژ بە فرەزمانی

بە گشتی چوار بەڵگەی سەرەکی دژ بە فرەزمانی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە هەیە.
یەکەم، پێویستیی زمانی فەرمی بۆ یەکڕیزیی نەتەوەکانی وڵات.
دووەم، ترس لە جیابوونەوەی نەتەوەکان و بە تایبەتی نەتەوەی کورد.
سێیەم، قازانجی زمانی و کولتووریی تایبەتی زمانی فارسی لە بەرانبەر زمانەکانی تری ناو ئێران
چوارەم، ململانێی لۆجستیکی کە وا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بەرەو فێرکاریی فرەزمانیی قەدەغە کردووە. بەڵام بەڵگەی بەکارهێنراو بۆ تاکزمانی بۆ نەتەوەیەکی یەکگرتوو، یەکێک لە زەقترین بەڵگەکانی هەبوو دژ بە فرەزمانییە. ئەم ڕوانگەیە لە ناو سیاسییەکان و ڕووناکبیرانی ئێرانی لایەنگریی لێ دەکرێت. تەنانەت لە ناو ئۆپۆزسیۆنیشدا کەسانێک هەن لایەنگری لە تاکزمانی دەکەن.


بەڵگەی پسپۆڕانی لایەنگریی فرەزمانی

بەڵام لێکۆڵینەوەکانی جیم کامێنز، لە بارەی فرەزمانی بە پێچەوانەی سیاسەتی زمانی لە ئێراندایە. کامێنز ڕوونی کردووەتەوە، فێرکارانی فێرگەی تاکزمانی دۆخێکی ناجێگیر و ناخۆشیان هەیە، چونکە فێربوونی زمانی ئاکادێمیکی بە پێچەوانەی زمانی وتووێژ کە وا ڕۆژانە فێرکارەکان قسەی پێ دەکەن کاتی زیاتری دەوێت. هەروەها کامێنز جەخت لە ئامادەبوونی زمانی دایک لە ناو خوێندنگەدا دەکات. سەپاندنی تاکزمانی، خوێندکار لە وتووێژ بە زمانی دایک کە پێی گۆچکراوە بێبەری دەکات و خوێندکار تووشی سەر لێشواوی دەکات. نموونەیەکی تر بۆ دژایەتیی تاکزمانی لە ئێران، وڵاتی هێندە، وڵاتی هێند وڵاتێکی فرە زمان، فرە ئایین و فرە کولتوورە. هەروەها بۆچوونەکانی دکتور جەعفەری شێخولئیسلامی سەبارەت بە زمان ئەوەیە، ڕەخنەی لە سیاسەتی یەک زمان و یەک دەوڵەت لە ئێراندا بووە و لە سیستەمی پەروەردەدا لایەنگریی لە فرەزمانی کردووە. فێرکردنی فرەزمانی ئەویش لە ناوەنددانانی زمانی دایک، هاوشێوەی ڕەهەندەکانی تری فێرکردنی فرە کولتووری، پێوەندیی توندوتۆڵی نێوان پەروەردەی ڕەخنەیی و دژایەتی لەگەڵ ڕەگەزپەرەستی، لەو بابەتانەیە دکتور جەعفەر بە گرنگی داناون و ئەمەش بۆ فێرکردنی بە ملوێن منداڵی ئێرانی جێی سەرنجە. هۆکاری ئەوەی کاتێک زمانی دایک لە سەرەتاوە لە ناوەندەکانی خوێندن فێری منداڵان بکرێت دەتوانێ ڕێگە بۆ بەکارهێنانی هەمان زمان لە هەلومەرجی تر خۆش بکات. لەم دواییانەدا کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە لە بارەی دەرەنجامی ئەرێنیی فێرکردنی فرەزمانی لەگەڵ زمانە فەرمییەکانی وڵاتێک کراوە و دەرەنجامی ئەرێنیی فێرکردنی فرەزمانی لە ڕێگەی زمانی دایکەوە بەم شێوەیەیە:
منداڵ لە کاتی فێربوون بە زمانی دایک واتا بە زمانێک کە باشتر دەیزانن و لە منداڵییەوە مێشکیان خووی پێوە گرتووە، کەمتر تووشی کێشە و گرفت دەبنەوە.

ئەگەر منداڵەکان لە منداڵییەوە فێری زمانی دایکیی خۆیان بکرێن، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆش و زیرەکی و زانینیان باشتر دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکان پاڵنەری ئەرێنییان بۆ مانەوەیان لە خوێندنگەکان هەبێت. چونکە زۆربەی منداڵانێک کە لە خوێندن بێزار دەبن، دەگەڕێتەوە بۆ داسەپاندنی زمانی فەرمی کە جیا لە زمانی دایکە.

توانای زیرەکی و زانینی ئاست بەرز دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
ئاستی بەرزی زیرەکی و ناسین، باوەڕبەخۆیی لە لایەن خوێندکارێک کە بە زمانی دایک دەخوێنێت زیاتر دەکات.
منداڵێک کە ئاستی فێربوونی لە زمانی دایکی خۆی بە هێز بێت دەتوانێ زمانی تریش فێر بێت. ئەو منداڵانە بە ئاسانی شارەزایی ئاکادێمیکی لە زمانی دووەمدا فێر بوون باشتر دەیگوازنەوە.
فێربوون بە زمانی دایک، دەبێتە هۆی بەهێزتر کردنی یەکگرتووییی نەتەوەیی و پێکەوە هەڵکردن لە ناو کۆمەڵگەی زمانیی جیاواز.
زمان، سەرچاوەیەکی پێویستی میرات و زانستی مێژووی مرۆڤە.
زمان کەرەستەیەکە نەوە جیاوازەکان پێکەوە گرێ دەدا.

مافی هەموو کەسێکە زمانی خۆی لە بەردەستیدا بێت و ئەم مافەش زمانەکانی تریش لە ناو وڵاتدا دەگرێتەوە. وێڕای زانیاری و شارەزایی ئێمە لە هەمبەر قازانج و دەرەنجامی ئەرێنیی فێرکردنی فرەزمانی لە سەر بنەمای زمانی دایک، زۆربەی دەوڵەتەکان و ئایدیۆلۆژییە داخراوەکان [وەکوو ئێران] هێشتا، فرەزمانی لە سەر بنچینەی زمانی دایک بۆ کەمینە نەتەوەییەکان بە مەترسی دەزانن. بە داخەوە وتووێژێکی ڕێکوپێک لە بارەی کێشەی فێرکردن بە زمانی دایک لە ناوەندە فەرمییەکان و لە ناو زاناکانی وڵاتی ئێران نەکراوە.



کۆتایی

کێ لە فرەزمانی تۆقاوە، تەنیا ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە خاوەنی ئایدیۆلۆژیی ئایینی و ڕاسیزمن وەکوو ئێران، سا لە دەوڵەتی ڕەزا شا و دەوڵەتی ئاخوندەکان، جیاوازیی نەبووە و نییە. چونکە ئەم وڵاتانە بە پێی سروشتی ناوچەی خۆیان دەوڵەت نەتەوەیان پێک نەهێناوە و وڵاتانی دەستکرد و کاتین و بە پێی بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەوروپی جێگۆرکێیان پێ کراوە. بەردەوام لە خەڵکی ناوچە و نەتەوە و زمانە جیاوازەکان تۆقاون. ڕاسیزمی فارس و تورک بەردەوام دژ بە کورد و خەریکی تواندنەوەی زمان و کولتووری کورد بووە. تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغەیە و کوردەکان ناوێرن بە زمانی خۆیان قسە بکەن. منداڵێک کە بە زمانی دایکی خۆی نەخوێنێت و بیر نەکاتەوە هەست بە بوونی خۆی و نەتەوەی خۆی ناکات و زۆر جاریش بە شەرمەوە دەڕوانێتە کولتوورەکەی خۆی و ڕقی لە خۆی و زمانی خۆی دەبێت.
هەر پارچەیەک لە کوردستا تووشی گرفتی نەبوونی ناسنامە بوونەتەوە. لە بەشی باکوور، بە هۆی لاوازیی لایەنی نەتەوەیی حیزبە کوردییەکان و گوێنەدان بە زمان و بیری نەتەوەیی لە لایەک و ڕاسیزمی تورکییش لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵگەی کوردی وێران بووە. لە باشوریش وێڕای ئازادییەک کە هەیە بە هۆی کێشەی خێڵ و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و کەسانێک کە باوەڕیان بە نەتەوە کەمە و پەروەردە لە دەستی کەسانی پاوانخوازی ئایینییە، هۆشیاریی نەتەوەیی لە ئاستێکی نزمدایە. لە ڕۆژهەڵاتیش کێشەکە ئەوەیە، دەسەڵاتی داگیرکەر چونکە دەسەڵاتی لە دەستە و کوردیش بندەستە و خوێندن بە زمانی دایک قەدەغەیە و زاڵبوونی زمانی فارسی لە خوێندنگە و هەموو شوێنێک، نەتەوەی کوردی لە خشتە بردووە. زۆربەی منداڵان زمانی دایکی خۆیان نازانن، لە داهاتوودا نەوەیەک دێتە ناو کۆمەڵگە شۆناسی نەتەوەیی لە ئاستێکی نزمدایە. بەڵام وێڕای ئەم گرفتانە هێشتا دەسەڵاتدارەکان بۆ سەرکوت و لەناوبردنی زمانی کوردی و کولتووری کوردی هەموو کارێکیان کردووە و دەیکەن. هۆشیاریی نەتەوەیی و خوێندن بە زمانی کوردی لە ناو ماڵەکان و هەروەها هەبوونی ئەو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە، دەرفەتە بۆ دایک و باوکەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و منداڵەکانیان لە زمانی دایک بێبەری نەکەن و بە پێچەوانەی سیاسەتی داگیرکەرەکان، خەمخۆری زمان و کولتووری نەتەوەییی خۆیان بن و ئەمە بەرگیرییەکی گەورە بۆ ئەو نەتەوانەیە.

ژێدەر

1. Who is Afraid of Multilingual Education? Amir Kalan,2016
2. Tractatus_ logico _ philosophicus, wittgenstien,pears and Mcguinness.
3. Beng and time. Heidgger, Martin, john Macquarrie

4. خرد در جامعەشناسی، یوسف ابازری.

داگرتنی بابەت