ئارامتر بخوێنەوە
چارەنووسی تاڵی عەلی گەلاوێژ ـ خەباتکار و بیرمەندی کورد
«نیشتمان، بۆ مردنیش بێ، هەر دێمەوە بۆ لات!»
به بۆنەی نەوەدونۆیەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەلی گەلاوێژ
د. کامران ئەمینئاوە
“عەلی گەلاوێژ یەکێک لە هەوەڵین کەسانێک بوو که بۆ دەرس خوێندن له بۆکانەوە بۆ تەورێز چوون و خوێندنی دەبیرستانیی خۆی له ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی له دەبیرستانی “فردوسی” تەواو کرد. له سەردەمی کۆماری کوردستان به ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد، به پلەی کاپیتانی گەیشت و لە ساڵی ١٣٢٥ لەگەڵ نزیکەی ٦٠ لاوی کوردستانی، بۆ دەرس خوێندن له زانستگای ئەفسەری بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت ناردرا.”
نەمر دوکتور عەلی گەلاوێژ (ئاگری) سیاسەتوان، بیرمەند، لێکۆڵەر، ئابووریناس، نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی مارکسیست ـ لێنینیستی کورد لە یەکی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی (٢٠ی فێوریەی ١٩٢٣ی زایینی) لە بنەماڵەیەکی جوامێر، فەرهەنگدۆست و شۆڕشگێر له گوندی ساروقامیش، له قەراغی چۆمی جەغەتوو، لە ٣٠ کیلۆمێتریی ڕۆژهەڵاتی شاری بۆکان لەدایک بوو.
باوکی، برایم سەلاح یەکێک لە فەرماندەکانی”سپای کوردستان” (١٩٤٦ ـ ١٩٤٥)، لە بنەماڵەی فەرمانڕەواکانی موکریان و نەوەکانی بوداق سوڵتان بوو. دایکی عەلی گەلاوێژ سەر به بنەماڵەیەکی ناسراو و بهناوبانگ بوو: ئامینه خانمی گەلاوێژ، نەوەی فەیزوڵڵابەگ سەرۆک عەشیرەی فەیزوڵڵابەگی و خوشکهزای سەردار سەیفەددین خانی ئەردەڵان حاکمی سەقز که لە سەرەتاکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، تورکە عوسمانییەکان لە ساڵی ١٢٩٣ی هەتاوی/١٩١٤ی زایینی له مەراغه له سێدارەیان دابوو. سەرنجڕاکێش ئەوەیه، کاتێک پێدانی شناسنامه له ئێران دەستی پێ کرد، گەلاوێژ لەو دەگمەن کەسانە بوو که ناوبانگی دایکی هەڵبژارد؛ کارێکی گەلێک نامۆ بۆ سەردەمی خۆی.
گەلاوێژ یەکێک لە هەوەڵین کەسانێک بوو که بۆ دەرس خوێندن له بۆکانەوە بۆ تەورێز چوون و خوێندنی دەبیرستانیی خۆی له ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی له دەبیرستانی “فردوسی” تەواو کرد. له سەردەمی کۆماری کوردستان به ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد، به پلەی کاپیتانی گەیشت و لە ساڵی ١٣٢٥ لەگەڵ نزیکەی ٦٠ لاوی کوردستانی، بۆ دەرس خوێندن له زانستگای ئەفسەری بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت ناردرا.
پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و گیانبەختکردنی ڕێبەرانی، گەلاوێژ وێرای بەشێک لە خوێندکارە کوردەکان وەکوو ڕەحیم سەیفی قازی، عەزیز شەمزینی، حەسەن حیسامی، حەسەن گەرمیانی، کەریم ئەیووبی، مستەفا شەڵماشی، سوڵتان وەتەمیشی، قادر مەحموودزادە، خوسرەو زولفەقاری و هتد لە یەکیەتیی سۆڤییەتی مایەوە. ئەم خوێندکارانه له تاراوگه به پلهی بەرزی زانستی و ئاکادێمیک گەیشتن. گەلاوێژ خوێندنی باڵای خۆی له بواری ئابووریدا تەواو کرد و دوکتۆرای زانستی وەرگرت. ئەو لە ماوەی کار و چالاکی له ئاکادێمیی زانستیی کۆماری سۆسیالیستیی ئازەربایجان، گەلێک بابەتی زانستیی به زمانی ئازەری و ڕووسی لە پێوەندی لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووری لە وڵاتانی له حاڵی پێشکەوتندا نووسی. گەلاوێژ ئەندامی چالاکی”بەشی پێشکەوتنی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بوو و له بواری پەروەردەکردنی کادرە لاوەکان له هیچ چەشنه هەوڵ و تێکۆشانێک خۆی نەدەبوارد. گەلاوێژ بێجگه لە زمانی کوردی، شارەزاییەکی باشی له زمانەکانی فارسی، تورکیی ئازەری و ستانبۆلی، ڕووسی، فەڕەنسی، عەرەبی و ئاڵمانی هەبوو.
گەلاوێژ بێژەری بەشی کوردیی ڕادیۆی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان له باکۆ و، دواتر ڕادیۆی “پیک ایران” له بولغارستان بوو، هەروەها گەلێک بابەتی سەبارەت به ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان به فارسی و کوردی نووسیوە. کتێبی”پێوەندییە ئەرزییەکانی کوردستان: ڕووخانی سیستمی عەشیرەیی” یەکێک له کتێبە هەرە باش و زانستییەکان لە بارەی سیستمی عەشیرەیی له کوردستانه. عەلی عەموویی له کتێبی”صبر تلخ”دا باس له کتێبێکی نەمر گەلاوێژ سەبارەت به بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەکات که به هۆی گیرانی ڕێبەرانی حیزبی توودەی ئێران لە ساڵی ١٣٦٢ به چاپ نەگەیشت:
“هاوڕێ گەلاوێژ یەکێک لە هاوڕێیانی خۆمان بوو که بابەتێکی لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد نووسیبوو… توێژینەوەیەکی هەمەلایەنە سەبارەت به بزووتنەوەی گەلی کورد نەک تەنیا له ئێران، بەڵکوو ئەو پێشینە گشتییەی لە تورکیا و عیراق و … هەبوو و کارێکی گەلێک باش بوو! … به داخەوە چاپ نەکرا! کەمێک کاتمان کەم هێنا و ڕووداوی گیرانەکهمان پێش هات و یەکێک لە باسەکانی لێپرسینەوە له من هەر ئەم کتێبە بوو که هۆی بڵاونەکردنەکەی چی بوو؟ ئایا بابەتێکی تایبەتی دژ به کۆماری ئیسلامیی تێدا نووسرابوو که ئێوە له باری ئەمنییەتییەوە پێتان وابوو نابێ چاپ بکرێ؟!
گووتم: کێ دەڵێ من نەزەرێکی وەهام داوە؟! هەرگیز شتێکی وەها نەبوو. کارێکی گەلێک زانستی و باش بوو، بەڵام ئێوە مەجالتان بۆ چاپەکەی نەدا”.
گەلاوێژ هەروەها یەکێک لە وەرگێڕەکانی کتێبی “مێژووی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤییەتی”(١٣٥٨) و “کێشەکانی ئاسیا و ئهفریقای ئەمڕۆ” (١٣٥٨) لە زمانی ڕووسییەوە بۆ فارسی بوو. عەلی گەلاوێژ نەک سیاسەتوان و ئابووریناس، بەڵکوو شاعیرێکی بەناوبانگیش بوو.
هەڵبەستی “زووحەیاتەین”ی پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لە ئێران چاپ کرا. بەشێک له شێعرەکانی که لە ژێر نازناوی “ئاگری” نووسراون، له لایەن براکەی – نەمر مامۆستا حەسەن سەلاح (سۆران)(١٣٨٨-١٣٢٠) بۆ دەرەوەی وڵات ناردران و لە سایتی “ڕۆژهەڵات – بۆکان”[1] بڵاو بوونەتەوە. شێعرەکانی گەلاوێژ پڕن له هەستی خۆشەویستی بۆ کوردستان، زمانی زگماکی، مێژوو و خەباتی گەلی کورد له پێناوی گەیشتن به مافی دیاریکردنی چارەنووسدا.
نووسەر و وەرگێڕی بهناوبانگی ئێرانی، مهحموود ئیعتمادزادە (به آذین) که پاش شەپۆلی گیرانی ڕێبەری، کادر و ئەندامانی حیزبی توودەی ئێران له ساڵی ١٣٦٢ ماوەیەک له زیندان هاوبەندی گەلاوێژ بوو، سەبارەت بەو دەڵێ:
“عەلی گەلاوێژ … لەگەڵ ئەو زۆرتر هاودەمم. داستانگەلێک له سەردەمی منداڵی و لاویی خۆی له مەهاباد و تەورێز دەگێڕێتەوە، له کایه لەگەڵ هاوتەمەنەکانی، چوون بۆ ڕاوەکەو، ئەسپسواری و بەشداری له ڕیزی چەکدارانی قازی محەمەددا یان ئاشنایەتیی له باکۆ لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، داستانگەلێکی ڕەنگاوڕەنگ، لەگەڵ مایەیەکی خەست و خۆڵ له خۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان”
نەمر عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی (١٣٠٠-١٣٦٨) ـ هەژار، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی به ناوبانگی کورد که لە سەفهرێکی باکۆ لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی چاوی به گەلاوێژ کەوتبوو، له چێشتی مجێوردا وەک “مەولانای ڕۆمیی سەردەمی شەمسی تەورێزی” یادی دەکات:
“… بەڵام کە عەلی گەلاوێژم دیت، وای بۆ چووم کە عەلی وەک مەولانای ڕۆمیی زەمانی شەمسی تەبرێزییە … عەلی هەم شاعیر، هەم نووسەر، هەم کوردیزانی باش، دوکتورای لە ئیقتیسادی سیاسی هەبوو…”
عەلی گەلاوێژ له ڕیزی ئەو دەسته له ڕۆشنبیرانی کورد بوو که لە سەردەمی جیهانی دووجەمسەری که سۆسیالیزمی به ڕاستیی ئارایی، مزگێنیی جیهانێکی ئازاد و به دوور لە چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوەییی دەدا، ڕووی له کاری سیاسی کرد. ئەو پاش سەرکوتکران و ڕووخانی کۆماری ساوای کوردستان و حکوومەتی میللیی ئازەربایجان له ساڵی ١٩٤٦ ژیانی تاراوگەی هەڵبژارد. ئەوەیه بەشی سەرەکیی ژیانی گەلاوێژ له بلۆکی ڕۆژهەڵات و به تایبەتی له یەکیەتیی سۆڤییەتی تێپەڕ بوو.
ساڵانێکی زۆر، گەلاوێژ و کۆچەرەکانی کوردی دانیشووی یەکیەتیی سۆڤییەت له ژێر ئاڵا و ناوی”حیزبی دێموکراتی کوردستان” و لە پێوەندیی نزیک لەگەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان کار و چالاکییان کرد و ڕۆژنامەی “کوردستان”، ئورگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان له لاپەڕەیەک له پاڵ ڕۆژنامەی ئازەربایجان چاپ و بڵاوکردەوە. له نێوان ٦ی دسامبری ١٩٤٧ هەتا هاوینی ساڵی ١٩٦٠ لەوە دەچی ١٣٣٧ ژمارەی لێ چاپکرابێ.
نەمر کەریمی حیسامی که چاوی به بەشێک لهم ڕۆژنامەیە کەوتووە، ئاماژە بە ڕیزە بابەتێکی گەلاوێژ دەکات: “لە ژمارەی ١٠٩٠ – ١٨ ئۆکتۆبری ١٩٥٨ تا ژمارەی ١٩٠٧ی رۆژنامەی “کوردستان”دا ریزە وتارێک لەبارەی مەسەلەی کورد له ئێران به قەڵەمی عەلی گەلاوێژ بەرچاو دەکەوێ، تێیدا هاتوە:
“ ئێران ئێمرۆ بۆخۆی دەوڵەتێکی هەیە. ئەو دەوڵەتە ئەگەر کۆنهپەرستیش بێ، دەوڵەتی ئێرانه. بەڵام کوردستان خۆی دەوڵەتی نیه. له مافی دەسەڵاتی سیاسی بێبەش کراوە. لەبەر ئەوەیه له کاتێکا خەڵکی ئێران دابینکردنی ئامانجی نەتەوەییی خۆی له ڕوخانی دەزگای کۆنەپەرەستی دەسەڵاتدار و گۆڕینی ئەودا دەبینێ، خەڵکی کورد بهم کارە واته به ڕووخانی دەزگای دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئێران، به هیچ ئامانجێکی بنەرەتیی خۆی ناگات. چونکه لەو حاڵەتەدا هێشتا دەسەڵاتی نەتەوەییی دێموکراتیکی خەڵک دانەمەرزاوە؛ تەنیا دروشمی ڕاست که ئێمڕۆ دەتوانێ میلیۆنها ئینسانی نیشتمانپەروەری کوردستان لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە بریتییه له دروشمی خەبات دژی ستهمی نەتەوەیی و خەبات بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسیی دێموکراتیکی کورد.”
عەلی گەلاوێژ و ڕەحیمی سەیفی قازی له ١٢ی فێوریەی ١٩٤٨ وەکو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی فیرقەی دێموکرات هەڵبژێردران و پاش یەکگرتنی فیرقه و حیزبی توودە لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی، بەم باوەڕە کە چەوسانەوەی نەتەوەیی تەنیا لە وڵاتێکی سۆسیالیستی کۆتایی پێ دێ، چوونە نێو تەنیا حیزبی سەرانسەریی ئەو کاته واته حیزبی توودەی ئێران. گەلاوێژ له پلێنۆمی ١٥ی ئەم حیزبه لە پووشپەڕی ١٣٥٤ بوو به ڕاوێژکاری کومیتەی ناوەندی و لە پلێنۆمی ١٦ له ڕەشەمەی ١٣٥٧ وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب هەڵبژاردرا.
گەلاوێژ لە ساڵەکانی تاراوگەدا، هیوا و ئاواتهکانی خۆی له قاڵبی شێعرە کوردییەکان و شرۆڤهکاریی ئەوان به ڕوونی دەردەبڕێ. بەشێکی زۆر لە نووسراوەکانی پیشاندەری ئێش و ئازاری دووری له کوردستان و بەستراوەییی قووڵی ئەو به زێدەکەیەتی. ئەو له شێعرەکانیدا باس له ئێشی دووری، ئاوارەبوون، دەروونی پڕ لە زووخاو و ڕوخساری زەردی دەکات. له شێعری “پاش بیست و حەوت ساڵ” دەڵێ:
بیست و حەوت ساڵه وێڵ و ئاوارەم،
گۆشەنشینی ئەم گەورە شارەم،
هەناوم زووخاو، روخسارم زەردەن،
خواردنم خوێناو، به جامی دەردەن،
ئاخ هەڵ ئەکێشم به دەم ناڵەوە،
له خۆر ئەڕوانم، له بن چاڵەوە،
برای خانه خوێ ماڵت ئاوا بێ،
بەو ڕێزی گرتت دەدرم چار نابی،
منەتباری تۆم ساڵێ هەزار جار،
بەڵام عومرەکەم سووتا به فیشاڵ،
ئەم دەردە بێشک کێو ئەڕمێنێ،
شاخی هەورامان له بن دەردێنێ.
هەر کەس که تاشی سەری بێوەستا،
ئاوەکەی وشکا و ئاشەکەی وێستا،
دەستهو ئەژنۆ خۆم لە هەندەرانا،
ڕەنگه بمنووسن له ڕێز نەزانا.
*
سڵاو له پۆپکەی کۆساری ڕەنگین!
سڵاو له دیدار وەنەوشەی خەمگین،
یادت بەخێر بێ کەروێشکی ترسۆک،
هەڵۆی سەرشاخان، مامزی بزۆک،
هۆهۆی جەغەتوو! خۆم بم قوربانت،
ئاخۆ جاری تر، دەبمه میوانت؟
توخوا پێم بێژە دوندی”شایمەردان”،
ئەمجاریش بۆ تۆ دەچمەوە سەیران؟
هۆ”ناڵەشکێنه”، “کـــــــەلی برادەر”،
“تۆڵەکە”ی سەرقوت، ئەی بێژنگ بەسەر”،
کێوەکەی پشت باغ، سیپەی ڕاوکەران،
“پلهو بەردە”کەی ژوانگەی دڵبەران،
کەوتۆته نێومان، چۆم و دەشت و کۆ،
مەگەر بای ڕەحمەت من بێنی بۆ تۆ،
ئەی خاکی پیرۆز، قەزای تۆ لە خۆم،
ببم به خۆڵیش، هەر پێشمەرگەی تۆم،
له دەردی دووری با کوێر و شەل بم،
با دەسته ملانی پەیکی ئەجەل بم،
نیشتمان یا هو! کوردستان هەیهات،
بۆ مردنیش بێ، هەر دێمەوە بۆ لات.
٢١ی ئاوریلی ١٩٧٣، تاراوگەی لاپیتزیگ، ئەلمان
گەلاوێژ له پێشەکی بۆ شێعری “هیوای دواڕۆژ” سەبارەت به کاتی تێپەڕکراوی له تاراوگە دەنووسی:
“ئەمڕۆ له کتێبخانەی ڤلادیمیر ئیلیچ لێنین له شاری مەسکەو، خەریکی خوێندنەوەی کاتالۆگی دەستخەتی فارسیی مووزەی بریتانیا بووم، که کاتی خۆی به هۆی(Rieu.Ch) تەنزیم کراوە. لەوێدا تووشی هێندە شێعرێکی کوردی لە بارەی”بارام و گوڵئەندام” و “خوسرەو شێرین” و هی دیکه به ڕاوێژی گۆرانی بووم. بێ ئەوەی بمەوێ و خۆم ئاگام لێ بێ، فرمێسک به چاومدا هاته خوارێ. خەیاڵات بۆ جێگەی دووری بردم. وەبیرم کەوتەوە پاش مانگ و نیوێکی که، دروست پەنجا ساڵ له عومرم تێدەپەڕێ و بەڵام من هێشتا هەر لە غوربەتم و هیچم بۆ نیشتمانەکەم نەکردووە. هەر لە پشت مێزی کتێبخانه دەستم به نووسینی ئەم شێعرە کرد. هیوادارم لە پاشەڕۆژدا مێژوو دروست قەزاوەتی لەسەر بکات. ع. گەلاوێژ
لەدەورم کۆ ئەبن خوشک و برازا
به خاڵه ـ خاڵه یا خۆ مامه ـ مامه
له ملیان لائەچی کۆتی ئەسیری
به فیشاڵی مەزانن، ئەم کەلامه
له خوێندنیان ئەنێم به زمانی کوردی
که زگماکی زمانی عەقڵ و فامه
ئەبێ بێستوون به جەولانگای شیرین
ئەکا فەرهادی کێوبڕ ئەم مەڕامه
لەوێ کێ پیر ئەبێ و کێیه کە بمرێ؟
سەری خەرمان و نوخشەی خاس و عامه
سەماکەن دۆست و هاوپەیمانی کۆنه
به دەنگی “تەیرەکر” و “شیرین هەلامه”
٨.١.١٩٧٣
گەلاوێژ له دەی خاکەلێوەی ١٣٥١ی هەتاوی لە تاراوگە، لە لایپتزیکی ئەلمان به بۆنەی بیست و پێنجەمین ساڵێ له سێدارەدانی “پێشەوای نەمری کوردستان قازی محەممەد” هەست و سۆزی خۆی لە شێعری”ئەیزانی” دەردەبڕێ و لەوەی دەناڵێ: “داخەکەم، جێگایەکم گومان نەبرد که چاپی بکەم. ئاخ بێ دەرەتانی!”
ئەتۆم زۆر خۆش ئەوێ چاوم ـ ئەشزانم کە ئەیزانی
بە نازی ڕۆحەکەت بردم، بە هاسانی و بە هەرزانی
برینداری خەدەنگی عەشقی چاوکاڵانی کرمانجیم
تەبیبان لێم گەڕێن – ئەم دەردە نامەکشوفە دەرمانی
برایان، خوشکەکان، ئەی ڕۆڵەکانی نیشتمان شەرتە:
سەروماڵم بدۆڕێنم، نەبم ڕازی بە فەوتانی
وەتەن باقی، گەلیش باقی، هەمو ئاواتی گەل باقی
ژیان وا پێنج و دو ڕۆژە ـ ئەمن فانی ئەتۆ فانی
تەرازووی هزر هەڵواسن، بە چاوی بیر بڕوانن
دەغیلتان بم برایان، بۆ ئەبەد لادەن لە نازانی
مەکەونە شوێن کڵاوی لار، کە هیوایێکی زۆر پووچە
لەگەڵ گەل بن بە گاوانی، نەوەک تەنیا بە سوڵتانی
مەزن قازی محەممەد وەسیەتی بۆ ئێمە کرد، فەرمووی:
منیش بکوژن، هەزاران سەروی دی، دەڕوێ لە مەیدانی
لە ڕێ ماندوو مەبن بۆ خاتری کەڵە پیاوانی ئەم خاکە
کە هەر کەس نیوەڕێ وێستا، نەسیبی بو پەشیمانی
بە خوێنی ئاڵی خۆمان، دائەشۆرین خاکی کوردستان
گزنگی بەربەیان هەڵدێ، لەسەر دوندانی کێوانی
نەمر کەریمی حیسامی، یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که لە تاراوگە هاوکاریی حیزبی توودەی ئێرانی دەکرد و یەکێک لە نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان (١٩٧٠-١٩٦٥) به سەرنووسەریی د. قاسملوو، هەروەها بێژەری بەشی کوردیی ڕادیۆ “پیک ایران” بوو، له بیرەوەرییەکانی سەبارەت به هەڵسوکەوتی ڕیبەریی حیزبی توودەی ئێران لەگەڵ گەلاوێژ و دەرکردنی ناوبرا له ڕادیۆ پەیکی ئێران له بەهاری ١٩٦٤دا دەنووسێ:
“… کاک عەلی گەلاوێژ که له رادیۆ پەیکی ئێران کاری دەکرد، ئەندامی بەڕێوەبەری فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بوو له باکۆ. پێش یەکگرتنەوە، نێوانی فیرقەی دێموکرات و حیزبی تودە زۆر خۆش نەبوو. کاک عەلی گەلاوێژ له کۆنفڕانسی فیرقهدا دژی ڕێبەرانی حیزبی توودە قسەی کردبوو. ئەوانیش لێیان وەدڵ گرتبوو. پاش یەکگرتنەوەی فیرقە و حیزبی تودە، ئیرەجی ئەسکەندەری ببوە بەرپرسی تەبلیغاتی حیزبی، هەوەڵ کاری ئەوە بوو که کاک عەلی گەلاوێژ له ڕادیۆ دەربکات و بینێرێتەوە باکۆ. ڕەفیق ئیرەج دەیگوت لەبەر خاتری مەلا مستەفا ئەوەم کردووە، چونکه مەلا مستەفا قینی له عەلی گەلاوێژە و لەبەر دەنگی ئەو گوێ ناداته ڕادیۆی ئێمە!”
گەلاوێژ دڵشکاو و ڕەنجاو له دەسەڵاتدارانی حیزبی توودە له تاراوگه که خۆیان وەکوو تەنیا پشتیوانی ڕاستەقینەی چینی کرێکار و گەله چەوساوەکانی ئێران دەناساند لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ باکۆ، له شاری کیێف له پێشەکییەک بۆ شێعری”ئهی کوردستان” دەنووسێ:
“ئەمشەو له حاڵێکدا لە گەشتی فەرەنگستان دەگەڕامەوە و له شاری “کیێف” له میوانخانه کۆچم بەزاندبوو، هەتا درەنگانێک خەو نەچووە چاوم. دەرکەوتم هەتا سەعاتی دوی پاش نیوەشەو به شەقامی”کریشاتیک”دا خولامەوە. گەڕامەوە هۆدەکەم، بەڵام هەر بیرم له سێ ساڵی ڕابردوو دەکردەوە … من به چ دڵێکی پاک و خاوێنەوە چووبووم! … چەندی نامەردی و خراپەیان لەگەڵ کردم و دوایین حۆققهیان چی بو؟! … ئەم شێعرە خۆ به خۆ، به نووکی قەڵەمهکەمدا هات. ئەوانەی ئیدیعای ئازادیی”گەلەکانی” ئێران دەکەن، دەبێ به قەولی شاعیر بزانن: “این رە که تو میروی به ترکستان است”… حەیف و ئاخ بۆ ئاواتی بەباچو! … دیسان شاعیر دڵێ: “اگر صد سال گبر آتش افروزد، چو یکدم اندر آن افتد بسوزد”.
ئەی کوردستان
ئەی کوردستان، ئەی ئەو خاکەی به خوێن خووساوی
دوژمنت وەک سەگ بتۆپێ و کوێر بێ دوو چاوی
قوربانی شاخ و داخت بم، ڕۆژی سەد جاران
پایهندازی پێشمەرگەت بێ، تاجی شای تاران
ڕۆڵەی تۆم، نۆکەری کەس نیم، خوێنەکەم پاکه
یاخوا بڕژێ خوێنی پاکم، له ڕێی ئەم خاکه
وەک”ئاگری” گەردنکێش و سەر له هەورانم
دڵ خوێناوی و لەش بریندار، دەنگ پاڵەوانم
ڕۆحم پاکتر له ئاوێنەی بەختی دڵداران
قسەم بێگەرد، ڕێگەم ڕووناک، به هەمو باران
نامەرد ویستی ببمه خوێڕی و گوێ لە مستی ئەو
بەم ئامانجه داوی بۆم ناوە به ڕۆژ و به شەو
لەت لەتم کەن، بمجنن وەک گۆشتی قوربان
هەر لەتێکم هاوار ئەکا و ئەڵێ ئەی کوردستان!
ئەی کوردستان، ئەی کوردستان، ڕۆحی شیرینم
ئەی نیشتمان، ئەی نیشتمان ئایین و دینم.
شاری کیێف، ٢١ی مانگی ١٩٦٤، درەنگانێک نیوە شەو.
گەلاوێژ سەرەڕای دڵئێشان و ناڕەحەتی لە هەڵسوکەوتی بەشێک له ڕێبەرانی حیزبی توودە، به پێی بیروباوەڕی چەپ و سۆسیالیستی، هەروەها هیوا به ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی نێۆ ئەم ڕێکخراوە و کۆمەڵگای ئێران، واز لهم حیزبه ناهێنێ و هەوڵ دەدات له ئیمکاناتی ئەم حیزبه وەکوو تاقانه دەرفەتی ئەو کاته لە بەرەی سۆسیالیزمی جیهانیدا بۆ ناساندنی کێشەی نەتەوەیی و بەرگری له مافی کورد کەڵگ وەربگرێ و هەر لەم پێناوەدا بابەتگەلێکی زۆر، لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد، لە ژمارەکانی گۆڤاری”دنیا”دا دەنووسێ. ئەگەر سەرنجی بابەتەکانی ئەم گۆڤارە بدرێ، زۆربەی ئەو بابەتانهی لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی کورد و پرسی نەتەوەیی نوسراون ئی عەلی گەلاوێژن.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی، عەلی گەلاوێژ گەڕایەوە ئێران و بوو به بەرپرسی ڕێکخراوی ئەیالەتیی حیزبی توودەی ئێران له کوردستان.
گەلاوێژ سەرەڕای هەبوونی ئەزموونێکی تاڵ له ژیانی نێوحیزبی و شارەزایی وەکوو ئابووریناسێک له بوارە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ژیانی سۆسیالیزمی به ڕاستیی ئارایی، وەک ڕێبەرانی دیکەی حیزبی توودەی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگای سۆڤییەتی، کێشه نێوحیزبییەکانی تاراوگه و چارەنووسی هەزاران کوچبەری ئێرانی لە وڵاتی شووراکاندا کەم تا زۆر وتەیەکی ڕەخنەگرانەی به زماندا نەهات. هەڵبەت کەسایەتییەک وەک نەمر دوکتور قاسملووش که ئەزموونی ژیانی وڵاتانی سۆسیالیستیی هەبوو، وێڕای جیابوونەوە و سنووردانانی لەگەڵ حیزبی توودەی ئێران، تەنیا ئاماژەی بە کێشەی نەبوونی پلۆرالیزم و دێموکراسی لەم وڵاتانه دەکرد و لەباری ئابوورییەوە ڕەخنەیەکی وەهای لەم سیستمه نەدەگرت و خۆی لە بەرەی سۆسیالیستی جیهانیدا دەدیتەوە. د. قاسملوو، خولیای وەدەسهێنانی پشتیوانیی وڵاتانی سۆسیالیستی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد له ئێران بوو، بەڵام به هۆی ئاوڕنەدانەوەی سۆڤییەت لە چارەنووسی گەلی کورد بەرە بەرە بەرەو سوسیال – دێموکراسی هەنگاوی نا.
عەلی گەلاوێژ وەک بەرپرسی بەشی کوردستانی حیزبی توودەی ئێران، درێژەی به نووسینی بابەت دەربارەی کێشەی نەتەوەییی کورد لە ئێران و شێوەی چارەسەرکردنی دا، بەڵام بێگومان ئەم پێشنیار و ڕێگا پیشاندانانه به ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لەسەر بنەمای بیری “ڕێگای گەشەسەندنی ناسەرمایەداری” له وڵاتانی جیهانی سێهەم و گرنگیدانی زۆر بە ڕۆڵی شۆڕشگێرە دێموکراتەکان داڕێژڕابوو، لە کۆمەڵگایەکدا که ڕێبەری و دەسەڵات به دەست کەسایەتییە ئایینییە دواکەوتوو و کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانەوە بوو، بەهیچ جۆر لەگەڵ ڕاستییەکانی نێو ئێران و شوێن و پێگەی چینایەتی، تایبەتمەندی و بیرو هزری دەسەڵاتدارە ئایینییەکانی ئێران نەدەهاتەوە و لە ڕاستیدا خۆفریودانێکی تەواو بوو. حکوومەتی تۆتالیتێری ئێران باوەڕی به ڕەنگاوەڕەنگیی نەتەوەیی لە ئێران نەبوو و بێجگە له ئۆمەتی ئیسلامی و ئایینی ئیسلام و شەریعەت، ئەویش لە چەشنی شیعه، پێوانەیەکی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگای فرەنەتەوەییی ئێران نەبوو و نەشیدەناسی.
نەمر گەلاوێژ وێڕای نەبوونی باوەڕ و متمانە به ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەو ڕەخنانەی سەبارەت به سیاسەتی دەوڵەتی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی کوردی ڕۆژهەڵاتدا هەیبوون، هەتا کاتی گیرانی سنووربەندیی لەگەڵ نەکرد و به پێی سانترالیسمی دێموکراتیکی حیزبی، بێجگە له نێو کۆڕ و کۆمەڵی زۆر بچووک و خۆمانە و جێی باوەڕدا قسەکانی خۆی نەدەکرد. لە یەکێک له چاوپێکەوتنەکانی نووسەری ئەم بابەتە لە تەورێز لەگەڵ مامۆستا گەلاوێژ، لە وڵامی ئەوەی کێن ئەو شۆڕشگێرە دێموکراتانەی نێو حکوومەتی ئێران که به پێی وتەکانی پلێنۆمی ١٧ی حیزب هەتا گەیشتن به سۆسیالیزم هاوڕێییمان دەکەن، ڕاشکاوانە گوتی:
“چوزانم، لێگەڕێ خومەینییەک پەیدا بووە دەڵێ دژی ئەمپێریالیسته! ئایین لە ڕۆژی سەرهەڵدانییەوە کۆنەپەرست بوو، کۆنەپەرستە و هەر واش دەمێنێتەوە.”
درێژەپێدان به سیاسەتی بێئاسۆی “یەکیەتی و ڕەخنەگرتن” لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران، نەک کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر گشت بزووتنەوەی ئازادیخواز و به تایبەتی چەپ و کرێکاری دانا، بەڵکوو لە کردەوەدا گیران، ئەشکەنجە و ئازار و لەسێدارەدرانی بەشێکی بەرچاوی ڕێبەری، کادر و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی توودەشی لێکەوتەوە.
بەداخەوە هێرشی مرۆڤکوژانی ڕێژیمی ئیسلامی و گیرانی ڕێبەرانی حیزب، هەل و دەرفەتی لێکدانەوە و پێداچوونەوەی بەسەر سیاسەتە پڕ لە هەڵەکانی حیزبی توودە سەبارەت به هەڵسەنگاندنه زەینی و ناڕاستەکانی لە بارەی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی، هێزە دژبەرەکان و کێشەی کوردستانی بەوان و یەک لەوان نەمر گەلاوێژ نەدا.
عەلی گەلاوێژ له یەکەم هێرشی هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٦١ بۆ سەر ڕێکخراوەکانی حیزبی توودەی ئێران و نایاسایی ڕاگەیاندنی ئەم حیزبه، نەکەوته داوی ئەوان و کار و ژیانی نهێنیی گرته بەر. به هۆی ئەزموونی تاڵی پتر لە سێ دەیه ژیانی تاراوگه، گەلاوێژ ئامادەی به جێ هێشتنی ئێران و گەڕانەوە بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت نەبوو.
مێهدی پەرتەوی بەرپرسی بەشی ڕێکخراوەی نهێنیی حیزبی توودەی ئێران که وێڕای هاوکاری لەگەڵ مەئموورە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕەوتی گیران، لێپرسینەوە و دادگایی کردنی ڕێبەریی حیزب و بە تایبەتی ئەفسەرە توودەییەکاندا گێرا، سەبارەت به پێشنیاری بەجێهێشتنی ئێران به گەلاوێژ، دەڵێ:
“لەگەڵ جەوانشیر و هاتەفی هەوڵمان دا سەروسامانێک به وەزعەکە بدەین. داوامان لە بەرپرسی شارستانەکان کرد بۆ پێشگیری لە گیران بێنە تاران. بڕیار درا ئیمکانی پێویست بۆ چوونەدەرەوەی پاشماوەی ڕێبەری لە وڵات لێک بدەینەوە… هەڵبەت بەشێک لە کەسایەتییەکانی حیزب وەک گەلاوێژ که لە کوردستانەوە گەڕابوونەوە تاران، مەیلێکیان بۆ ڕۆیشتن نەبوو. کاتێک مەسەلەی چوونەدەرەوەم لە گەڵ باس کرد، بەتەواوی تێکچوو. ئەو تازە چەند ساڵێک بوو پاش چەن دەیه تاراندن گەڕابووەوە ئێران، ڕاستگۆیانە دەیگوت نایەوێ لە ئێران بڕوات.”
عەلی گەلاوێژ لەگەڵ پاشماوەی ڕێبەریی حیزب به هۆی زەبر و هێرشی دووهەمی سپای پاسداران لە ٧ی بانەمەڕی ١٣٦٢ گیرا و له ئاکامی ئەشکهنجە نائینسانییەکان ناچار به دانپێدانان به کاری نەکردوو، ڕەتکردنەوەی مێژوو، بیرو هزر، کەسایەتی، پێناسی سیاسیی خۆی و بەشداری له بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکاندا کرا که لە لایەن دامودەزگای سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامییەوە ڕێکخرابوون. بێگومان دانپێدانانی بەندییە سیاسییەکان و ئەو کتێب و نووسراوانەی لەو جۆرە دانپێدانانە لە ژێر ئەشکەنجەدا، له لایەن دەزگاکانی به ناو”توێژینەوە”ی سەر به دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاو دەبنەوە، تۆسقاڵێک جێی باوەڕ نین و هیچ بایەخێکی یاسایی و حقووقییان نییە و ناتوانن ببنە پێوەر بۆ داوەری لە بارەی ئەشکەنجەکراوانی نێو تاریکخانەکانی ئێران.
دەرکەوتنی بەندیی سیاسی لە تەلەڤیزیۆن و ڕەدکردنەوەی بیرو هزر و ڕابردووی خۆی و، داوای لێبوردن کردنی “به ڕووخسارێکی تێکشکاو و ڕوانینێکی پڕ لە ترس” بەڵگەیەکی حاشالێنەکراوە کە ئەم کارەیان دڵخوازانە نییە و، ناچار بە ملدان بۆ ئەم بارودۆخە نالەبار و ناخۆشه کراون. له ڕاستیدا ئەم جۆرە بەرنامانە لە جیاتی بەڵگەی مەحکوومبوونی بەندییە سیاسییە ئەشکەنجەکراوەکان بن، بەڵگەن بۆ مەحکووم و تاوانبار بوونی ڕێژیمی مرۆڤکوژ و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. بە قەولی سەعدی:
“گر خردمند ز اوباش جفايي بیند
تا دل خويش نيازارد و درهم نشود
سنگ بدگوهر اگر کاسه زرين شکند
قيمت سنگ نيفزايد و زر کم نشود”[٢]
گەلاوێژ له بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکاندا وێڕای داننان بەو قسانەدا کە ئەشکەنجەکەرانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ مەحکوومکردن و رەتکردنەوەی بیرو هزر و چەندین دەیه خەباتی خۆی، بە سەریاندا سەپاندبوو، لە پەیامێکدا ڕووی بانگەواز دەکاتە “خوشک و برایانی کوردستانی” و دەڵێ بگەڕێنەوە باوەشی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هەر لەو پەیامەیدا بە ئاماژەیەکی وریاکەرەوەی ناڕاستەوخۆ بەردەنگەکەی تێدەگەیەنێ کە بە قسەی نەکەن:
“… لە شاخەکان وەرنە خوارێ و براکانی خۆتان لە باوەش بگرن. وەرن لەگەڵ پاسدارەکان ببن بە برا… کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمارێکی شۆڕشگێڕە و، دەردی ئێوە چارەسەر دەکات. ئەم برا سەروڕیش سپی بووەی خۆتان ئەمەتان بە تەواوی بۆ دەستەبەر و مسۆگەر دەکات.”
[ زەقکردنەوەی ئەم رستەیە لە لایەن نووسەرەوەیە!]
بهکارهێنانی دەستهبەر و مسۆگەرکردن (ضمانت و تضمين) له لایەن بەندکراوێک که بۆخۆی له ژێر ئەشکەنجه جەستەیی و دەروونییە ترسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناچار به داننان به کاری نەکردوو کراوە و، بۆخۆی هیچ دەستەبەرێکی گیانی و حقووقیی نییە، هەڵگری پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ پێشمەرگە کوردەکان لە شاخە بەرزەکانی کوردستان بە مەبەستی درێژەپێدان به خەباتەکەیان، پەیامەکەش ئەوەیە ئەگەر چەکەکەیان دابنێن و بڕوا به کۆماری ئیسلامی بکەن، تووشی چارەنووسی عەلی گەلاوێژەکان دەبن. لە لایەکی دیکەشەوە خەباتی گەلی کورد بۆ گەیشتن به مافی دیاریکردنی چارەنووس ناتەباییەکی تەواوی لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانین و ڕوانگەی سیاسیی دەسەڵاتدارانی ئێران هەیە، ئەمەش شتێک بوو کە گەلاوێژ به باشی لێی ئاگادار بوو.
هەوڵدانی بەردەوامی حیزبی توودەی ئێران بۆ چالاکیی یاسایی و ئاشکرا له چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی ئێران به پێی ڕوانگه و سیاسەتی زاڵ و دوژمنیی ئایدیۆلۆژیکی خومەینی و دەسەڵاتی ئایینی لەگەڵ حیزب، به هۆی عەینی نەیدەتوانێ ئاکامێکی باشی لێ بکەوێتەوە. چارەنووسی تاڵ و خەمهێنەری ڕێبەران، کادر و ئەندامانی بەندکراوی حیزبی توودەی ئێران له کردەوەدا به مانای شکستی سیاسەتی “یەکیەتی و ڕەخنهگرتن” و بنەما فیکریەکانی بهکارهێنانی تیوریی “ڕێگای گەشەسەندنی ناسەرمایەداری” لە کۆمەڵگای ئێران بوو. حیزب له کاتی داڕشتنی سیاسەتەکانی خۆی به داخەوە چاوی له ئەزموونی بێئاکامی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق له دراوسێیەتیی خۆمان نووقاند و، ئەزموونی شکستخواردوی ئەوانی دیسان تاقی کردەوە.
عەلی گەلاوێژ که له شێعرەکانیدا بەڵێنی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و مردن لەوێی دابوو، پاش چەند دەیه خەبات، ئاوارەبوون و ژیانی تاراوگه، به دڵێکی پڕ لە خۆشەویستیی زێدی خۆی و ئەوینی زەحمەتکێشانی وڵاتەکەی و، خۆشحاڵ له ڕزگاربوونی خەڵک له زوڵم و زۆری پاشایەتی، هاتەوە ئێران و له کارەساتی کوشتاری بە کۆمەڵی خەرمانانی ١٣٦٧(١٩٨٨) لەگەڵ هەزاران شۆڕشگێر و خەباتکاری دیکەی ڕێگای ئازادی لە زیندانی ئێوینی تاران له سێدارە درا و چووە نێو ڕیزی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی.
نەمر دوکتور عەلی گەلاوێژ مرۆڤێکی جوامێر، پاک و بێگەرد، خاکی و خاکەڕا بوو و دەکرا زۆر شتی لێ فێربی. یادی بەرز و هەتاهەتایی بێ.
بەشێک لە نوسراوە و وەرگێڕدراوەکانی دوکتور عەلی گەلاوێژ
بابهتهکان
سياست رژيم ايران در مسئله كُرد، دنيا، شمارە ٣، شهريور ١٣٥٣
دشمنان و دوستان خلق كُرد، دنيا شمارە ٥، آبان ١٣٥٣
يک نقطه تحول بزرگ در تاريخ خلق كُرد، دنيا شمارە ٩، آذر ١٣٥٤
نکاتي چند پيرامون مسائل حاد خلق كُرد، دنيا،شمارە ٤، تير ١٣٥٥
٢١ آذر
به سنن بهمن وفادار بمانيم، دنيا، شمارە ١٠، آذر ١٣٥٥
نقش اتحاد شوروي در پيشرفت جامعه کشورهاي سوسياليستي، ويژەنامه دنيا شمارە ٦، شهريور ١٣٥٦
يادي از جنبش بيست و يکم آذر، دنيا شمارە ٨، آبان ١٣٥٦
يادي از جنبش ٢ بهمن، دنيا، شمارە ١٠، دي ماە ١٣٥٦
دربارە حزب شهفرمودە “رستاخيز”، دنيا شمارە ١٢، اسفندماە ١٣٥٦
تجارب تاريخ را بکار ببنديم، دنيا شمارە ٨، آبان ١٣٥٧
يادي از جنبش خلق كُردستان، دنيا شمارەهاي ١١-١٠، دي و بهمن ١٣٥٦
اکتبر کبير سرآغاز تحقق آرمانهای والای انسان، دنيا شمارە ٢، شهريور و مهر ١٣٥٨
مسله كُردستان را چطور بايد درک کرد، دنيا شمارە١٠،٩، ١٣٥٩
در بارە دوستان و دشمنان انقلاب، دنيا شمارە ١٢، ١٣٥٩
در بارە سياست ملي حزب تودە ايران، کتاب چهل سال سنگر مبارزە،مهرماە ١٣٦٠
کتێبەکان
پێوەندییه وەرزێرییەکانی کوردستانی ئێرانی ئەمڕۆ، به تورکیی ئازەری، باکۆ ١٩٥٥
مناسبات ارضی در كردستان (فروپاشی نظام عشيرەای) به زبان فارسی
نوشتههای دکتر علی گلاویژ
هۆنراوەکانی مامۆستا عەلی گەلاوێژ(ئاگری)
هەڵبەستی “زووحەیاتەین”
وەرگێڕدراوەکان
مسائل معاصر آسیا و آفریقا، فصلهای ٢ و ١
تاریخ حزب کمونیست اتحاد شوروی، فصلهای ٩-١٤، ١٩ و ٢٠
سەرچاوەکان
– پێشەکیی هۆنراوەکانی مامۆستا عەلی گەلاوێژ (ئاگری) ـ حەسهن سەلاح سۆران،
– کەریم حیسامی، له بیرەوەرییەکانم، ، ١٩٥٧ – ١٩٦٥، بەرگی دووەم، ستۆکهۆڵم١٩٨٧
– عەبدولڕەحمان شهرەفکەندی، – ههژار، چێشتی مجێور ، چاپی یهکهم پاریس 1997،
– کەریم حیسامی، پێداچوونەوە، بەرگی دووەم، ستۆکهۆڵم ١٩٩٧
– جوتیار حاجی تۆفیق، بیبلیۆگرافیای ڕۆژنامهنوسیی کوردی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان
– م. ا. به آذین، بار دیگر و این بار
– محمود اعتمادزادە، به آذین، از هر دری، جلد اول، ١٣٧١
– کتاب شهیدان تودهای از مرداد 1361 تا مهر ماه 1367، چاپ اول 1381، انتشارات حزب توده ایران
– حزب توده ازشكل گیری تا فروپاشی (1368 ـ 1320) به كوشـش جمعـی از پژوهـشگران مؤسـسه مطالعات و پژوهشهای سیاسی، تهران: مؤسسه مطالعات و پژوهشهای سیاسی، 1387
– امیرعلی لاهرودی، یادماندەها و ملاحظهها، باکو ١٣٨٦
– محمد علی عمویی، صبر تلخ، تاریخ شفاهی چپ در ایران جلد اول، ١٣٩٩، نشر واله، برلین
– گفتگو با مهدی پرتوی، اندیشه پویا، شمارە ٣٨، مهر و آبان ١٣٩٥
پەراوێزەکان
1. www.bokan.de
2.
ژیر ئەگەر ناکەسان بیرەنجێنن
دڵی خۆی ئازار نەدا تێ نەگلێ
بەردی بێ قەدر گەر دەفری تەڵا بشکێنێ
قیمەتی بەرد ناچێته سەر، زێرداناشکێ
“وەرگێڕ بۆ کوردی، حەسەن ئەیوبزادە”
داگرتنی بابەت



