ئارامتر بخوێنەوە

کێ لە خوێندنی چەندزمانی دەترسێت؟

ئامادەکردن: کاروان مێراوی


پێشەکی

پرسی زمان پرسێکی گرنگە کە بۆ هەموو نەتەوە و دەوڵەت و بەتایبەت وڵاتانی فرەپێکهاتەدا هەستیارترە، کوردیش وەکوو نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراو بە درێژاییی مێژوو یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی، مافی خوێندن بە زمانی کوردییە کە لەلایەن ڕێژیمە کۆلۆنیالیزمەکانی کوردستانەوە پێشێل کراوە و لە سەرووی هەموویانەوە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە هەوڵی سڕێنەوەی زمانی کوردیدا بووە، لەم ڕاستایەشدا گەلی کورد و زمانەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی تری چوارچێوەی ئەو وڵاتە لە دوو بەرەوە هێرشی لەسەرە؛ بەرەیەکی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێرانە کە هەموو توانای و کەرەستە و هێزێکی دەسەڵاتەکەی بۆ تواندنەوە و لەنێوبردنی زمانی کوردی خستووەتە کار، بەرەیەکیش پانفارسیزمەکانی کۆمەڵگەی فارس و بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمەیە لە دەرەوەی ئێرانی هەنووکەیی کە بەردەوام نکۆڵی و تەنانەت هەڕەشە لە زمانی نەتەوەکانی تر دەکەن و گەرەکیانە زمانی هەموو نەتەوەکانی چوارچێوەی ئەو وڵاتە دەستکردە لەنێو زمانی فارسیدا بتوێننەوە، بەڵام لەو نێوانەشدا تاکگەلێکی فارس هەڵدەکەوێت کە بە خۆپارێزی و لاپارێزییەوە باس لە زمانی نەتەوەکانی تر و فرەزمانی لە ئێرانی هەنووکەییدا بکەن و دەغدەغەی زمانەکانی تریان ببێت، د. ئەمیر کەلان یەکێک لەو کەسانەیە و لەم پێوەندییەشدا لێکۆڵینەوەیەکی گرنگی لەگەڵ چوار پسپۆڕی زمانناسیی بەناوبانگی جیهاندا کردووە و لە ساڵی ٢٧١٥ی کوردی، بە زمانی ئینگلیزی و بە ناوی (Who as Afraid of Multilingual Education?s) بڵاوی کردووەتەوە کە لێرەدا باسێک لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکەین.


پێناسەی کتێبی “کێ لە خوێندنی چەندزمانی دەترسێت؟”

پڕۆفیسۆر د. ئەمیر کەلان، نووسەر، لێکۆڵەر، دانیشتووی وڵاتی کانادا و دوکتۆرای بواری فرەزمانیبوون و خوێندنی چەندزمانی و مامۆستای زانکۆ، لە کتێبی “کێ لە خوێندنی چەندزمانی دەترسێت؟”هەڤپەیڤینێکی تێروتەسەلی لەسەر پرسی گرنگیی فرەزمانی و هەروەها گرنگیی خوێندن بە زمانی دایکی منداڵ لەگەڵ چوار لێکۆڵەری ئاکادێمسییەنی ناوچە جیاوازەکانی جیهان کە ساڵانێکە لەسەر زمان و بەتایبەت خوێندنی فرەزمانی کاریان کردووە، پێک هێناوە و لەنێوئاخنی باسەکانیشدا پەرژاوەتە سەر سیاسەتی زمانیی وڵاتگەلێکی فرە پێکهاتە و فرەزمان و، هەروەها کێشەی فرەزمانیبوونی لە ئێرانی هەنووکەییدا و ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن فارسەکان و بەتایبەت ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئاخوندییەوە بۆ سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی تری چوارچێوەی ئەو وڵاتە دەدەرێت.
ئەم کتێبە ساڵی ٢٧١٨ی کوردی و لەلایەن د. هیوا وەیسی، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی شاری تاران، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی “ڕازیـ”ـی کرماشان بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕدراوەتەوە و بە ناوی (چە کسی از آموزش چند زبانە می‌هراسد) لە دووتۆێی کتێبێکی ٣١٦ لاپەڕەییدا بڵاو کراوەتەوە.

خاڵی سەرەنجڕاکێشی ئەو کتێبە لەوەدایە کە هەموو ئەو پاساوانەی کە پانفارسیزمەکان و دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران وەکوو بەربەست بۆ بەفەرمی ناسینی زمانی نەتەوەکانی تر لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا باسی لێوە دەکەن، خراوەتە بەرباس و بە شێوەیەکی زانستی و لۆژیکی ڕەت کراونەتەوە و، بە پاساوگەلێکی بێ‌بنەما و چەواشە لەقەڵەم دراون و بۆ دەرخستنی ئەم ڕاستییەش ئاماژە بە ئەزموون و ڕێکاری وڵاتانی جۆراوجۆر وەکوو هیندوستان، چین، ئامریکا و کاناد و … هتد کراوە و، هەوڵ دراوە لە بۆچوون، زانست، زانیاری و ئەزموونی ئەو پسپۆڕانەی کە لەم کتێبەدا وتووێژیان لەگەڵ کراوە و ساڵانێکە لەسەر پرسی زمان و بەتایبەت فرەزمانی کاریان کردووە، کەڵک وەربگیردرێت هەتا بەڵکوو لە ئێرانی هەنووکەییشدا ببنە سەرباشقە و لەو نیگەرانییە بێ‌بنەما و پاساوە نالۆژیکییانە تێ بگەن، د. ئەمیر کەلان لەسەر داوای وەرگێڕ (د. هیوا وەیسی) پێشەکییەکی بۆ وەرگێڕدراوە فارسییەکەی نووسیوە و لە سەرەتای پێشەکییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ کۆمەڵگەیەکی یەکزمانی نییە و هەموو کۆمەڵگەکان فرەزمانین، بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەیەکی یەکزمانی جگە لە خەون و خەیاڵ هیچ شتێکی تر نییە.

ناوڕۆکی کتێبەکە لە پێشەکییەکی نووسەر بۆ وەرگێڕدراوە فارسییەکەی، دەستپێکی نووسەر و پێنج بەشی سەرەکی کە چوار بەشی وتووێژەکانە پێک هاتووە و نووسەر بەشی پێنجەمی لەژێر ناوی “کێ لە خوێندنی چەندزمانی دەترسێت؟” تەرخان کردووە بۆ کۆبەندی وتووێژەکان و لە کۆتاییشدا د. جەعغەر شێخولئیسلامی، خەڵکی شاری مەهاباد و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستای زمانناسی و لێکۆڵینەوەی زمانی لە زانکۆی “کاڕلتنـ”ـی کانادا بۆچوونی خۆی لەسەر باسەکان لە ١٣ لاپەڕەی کۆتاییی کتێبەکەدا بڵاو کردووەتەوە.

د. شێخولئیسلامی لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە و لە بەشێکی بۆچونەکەیدا نووسیویەتی؛ ئەم کتێبە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، لە لایەکەوە خوێنەرانی ئینگلیزیزمان تێ دەگەیەنێت کە ئێران وڵاتێکی فرەزمانییە و کێشەی فرەزمانی هێشتا لەو وڵاتەدا چارەسەر نەبووە و لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەم کێشەیە بگەیەنێتە گوێی خوێنەران تاکوو لەم ڕێگەشەوە ئاڵوگۆڕێکی هزری لە خوێندن بە زمانی یەکەمی نەتەوەکانی چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بێتە ئاراوە، لە لایەکی ترەوە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەو فارسانەی دژی خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی ترن، تێیانگەیەنێت کە لە هەڵەدان و هەوڵ دەدات بیانهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە بە خۆیاندا بچنەوە، هەروەها لە هەوڵی ئەوەشدایە کە ئەو کەسانەی وا دەغدەغەی خوێندنی فرەزمانییان هەیە، بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەم باسانە کێشەگەلێکی جیهانین، کەوایە بلیمەت و بیرمەند و ڕووناکبیرەکانی ئێران (فارس) دەتوانن لە ئەزموونی ناوچەکانی جیهان کە لە کتێبەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، کەڵک وەرگرن.


ناوەرۆکی هەڤپەیڤینەکان

بەشی یەکەم
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا سیستەمی خوێندن و پەروەردەکردنی فرەزمانی لەسەر بنەمای زمانی یەکەم، چوارچێوە یاسایی‌یەکان، بنچینە هزرییەکان و ئەزموونە مێژوویی‌یەکان لەتەک د. تۆڤە سکوتناب- کانگاس (Tove Skutnabb-Kangas)، خەڵکی وڵاتی فینلەند و دوکتۆرای بواری زمان، هێز، خوێندن و شوناس خراوەتە بەرباس، د، تۆڤە زیاتر لە ٤٠٠ کتێب، لێکۆڵینەوە و وتاری زانستیی لەسەر سەرکوت و کۆمەڵکوژیی زمانی، پێشێلکردنی مافی زمانی (بەتایبەت لەسەر زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لەلایەن تورکیەوە)، مافی مرۆڤیی زمانی، زمانی کەڕولاڵەکان، زمانی ئاماژە و زۆر بواری تری زمان نووسیوە و زۆربەی بەرهەمەکانیشی بۆ سەر زیاتر لە ٤٠ زمان وەرگێڕدراونەتەوە، ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی بەرانبەر بە ٢٧٠٣ی کوردی، خەڵاتی لینگوا پەکس “Linguapax”ی پێ بەخشراوە.

د. تۆڤە لە هەڤپەیڤینەکەدا لەسەر بنەمایەکی زانستی و بە بەڵگەوە وڵامی پرسیارەکان دەداتەوە و لەنێوئاخنی باسەکانیدا مافی خوێندن بە زمانی یەکەمی مرۆڤ لە جیهاندا نەک تەنیا بە مافێکی سەرەتایی دەزانێت، بەڵکوو پێی وایە کە بەپێچەوانەی ئەم هەنگاوە و ڕێگریکردن لە خوێندن بە زمانی دایکی لە سیستەمی پەروەردەدا دەبیتە هۆکاری نائارامیی ڕوحی و دەروونیی منداڵ و پێش بە گەشەکردنی دەگرێت و هەرچی خوێندن بە زمانی یەکەم درێژماوەتر بێت، سەرکەوتنی زیاتری بەدواوەیە و دەبێژێت؛ زمانی یەکەم دەبێت لانیکەم بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە سەرەتای پەروەردەی منداڵەوە زمانی فەرمیی خوێندن بێت و پاش ئەو ساڵانە هاوکات لەتەک زمانی یەکەمی منداڵەکە زمانی فەرمیی وڵاتیشی پێ بخوێندرێت، چونکە منداڵ ئەگەر بتوانێت بە زمانی یەکەمی خۆی بخوێنێت، بە سانایی دەتوانێت زمانی دووهەم و چەند زمانی تریش فێر ببێت و پێیان بخوێنێت.


لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی پەروەردە بە زمانی یەکەم لە ماوەی ٦ تاکوو ٨ ساڵی سەرەتای پەروەردەی منداڵ گرنگە، وتی: “کاتێک منداڵ دەچێتە قوتابخانە، بەو زمانەی کە لە ماڵەوە قسەی پی دەکات و زمانی یەکەمیەتی، زۆر ئاسانتر دەتوانێت لە باسەکان تێ بگات تاکوو زمانێک کە بۆی نامۆیە” و پێی وایە کە منداڵ بە شێوەیەکی ساناتر دەتوانیت پێوەندیی لەگەڵ وانەکان و خوێندندا بگرێت چونکە پێشتر لەتەک ئەو زمانەی کە بەردەوام قسەی پێ کردووە، ڕاهاتووە و بۆی نامۆ نییە، بەڵام ئەگەر خوێندن بە زمانێک بێت کە منداڵ بۆی نامۆ بێت، دوو تاکوو سێ ساڵی سەرەتای خوێندنیان تەنیا لە پۆلەکان دادەنیشن بەبێ ئەوەی کە هیچ شتێک فێر ببن، چونکە بەردەوام بیریان لەلای زمانەکەیە کە بۆیان نامۆیە و ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵەکان زووتر واز لەو خوێندن بهێنن و بەبێ ئەوەی کە زمانی یەکەمیان گەشەی کردبێت واز لە خوێندن ئەهێنن. لە درێژەدا بەپێی بەڵگە زانستی و یاسا نێونەتەوەیی‌یەکان، سیاسەتی یەکزمانی بۆ سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە ئێرانی هەنووکەییدا ڕەت دەکاتەوە و پێداگری لەسەر سیستەمێکی خوێندنی فرەزمانی لەو وڵاتەدا دەکات و پێی وایە کە بەرنامەی خوێندن نابێت هیچ کاتێک لەسەر بنەمای زمانێکی دیاریکراو بیت و بە هیچ شێوەیەک نابیت زمانی یەکەمی منداڵ پەراوێز بخرێت، چونکە لە بواری پەروەردەوە لەتمەیەکی کاریگەر لە منداڵانی نەتەوەکانی تری ئێرانی هەنووکەیی دەدات، بەڵام بەداخەوە زۆربەی منداڵانی نەتەوەکانی تر لە ئێستەدا بە جۆرێک ناچارن کە زمانی دووهەمیان بخوێنن.


لە بەرانبەر ئەو پاساوە بێ‌بنەما و چواشەکارانەدا کە فارسەکان پێیان وایە زمانی نەتەوەکانی تر لە ئێرانی هەنووکەییدا زمانی نووسین و زانست نین، دەبێژێت: “زمانی نووسین و وێژە و تەنانەت کەڕولاڵیش جیاوازییەکی ئەوتۆیان پێکەوە نییە و هەموویان کۆمەڵێک پۆتانسییەلی زانستی بوونیان تێدایە و ئاخێوەران و بەتایبەت لێکۆڵەرانی فارس باس لەسەر مەترسیی لەنێوچوونی زمانی فارسی دەکەن، بۆیە پێیان وایە کە دەبێت لەباتی پەرەپێدانی زمانی یەکەمی منداڵانی نەتەوەکانی تر دەبێت زمانی فارسی پەرەی پێ بدرێت، بەڵام بەپێی ئامارەکانی یۆنێسکۆ هیچ مەترسییەک بۆ سەر زمانی فارسی لەئارادا نییە”.


بە کورتی سەرەنجێکیش لەسەر کێشەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیە و ئەو هەوڵە دیکتاتۆرانەیەی ئاتاتورک بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی و هەروەها کێشەی زمانی کوردی لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، خستووەتە بەرباس و بە شێوەیەکی زانستی هەوڵی داگیرکەرانی کوردستانی بۆ لەنێوبردنی زمانی کوردی ڕەت کردووەتەوە.


بەشی دووهەم

بەشی دووهەمی کتێبەکە لەسەر فێرکردن، پێگەیاندن، پەروەردەکردن و پێوەندیی نێوان هێز و شوناس، لەتەک د. جیم کامینز (Jim Cummins)، خەڵکی ئەمریکای باکوور (بەپێی پێناسەی ناو کتێبەکە) و دوکتۆرای بواری دەروونناسیی پەروەردەیی‌یە و گەلێک کتێب، لێکۆڵینەوە و وتاری زانستیی لەسەر بوارەکانی زمان و زمانناسی بڵاو کردووەتەوە کە بەرچاوترین بەرهەمی ناوبراو کتێبی “ماف و بەرپرسیارەتیی مامۆستا و فێرکارانی منداڵانی فرەزمانیـ”ـیە.

د. کامینز لە وتووێژەکەدا زۆر بەوردی باس لەسەر پەروەردە و، بەتایبەت خوێندن بە زمانی یەکەمی منداڵ دەکات و پێی وایە دەبێت بونیادنانی پەروەردەی منداڵ لەسەر پەروەردە بە زمانی یەکەم بێت و سەرەتا دەبێت بە زمانی دایکی خۆی گەشە بکات، ئینجا دەتوانێت لە زمانەکانی تر تێ بگات و لە زانستەکانی تردا گەشە بکات، بەردەوام جەختی لەسەر شوناسی منداڵ و قوتابی لە قوتابخانەکان و بەتایبەت خوێندن بە زمانی یەکەمی منداڵ کردووەتەوە و پێی وایە ئەگەر سەرەتای خوێندنی منداڵ بە زمانی یەکەمی نەبێت، ناتوانێت بە جوانی لە زمانەکانی تر تێ بگات و دەبێژێت: “ئەگەر لە قوتابخانە بە منداڵەکان بوترێت زمان و فەرهەنگەکەی خۆی بێ‌بایەخە، منداڵ واز لە قوتابخانە دەهێنێت، کەواتە منداڵ دەبێت لەوە تێ بگات نەک تەنیا دەتوانێت بە زمانەکەی خۆی زانستەکان فێر بێت، بەڵكوو دەتوانێت زانستیش بەرهەم بهێنێت” و ئەمەش کاریگەریی لەسەر پەروەردەی منداڵ هەیە.


لەسەر هەوڵی فارسەکان بۆ سڕینەوە و لەنێوبردنی زمانی نەتەوەکانی چوارچێوەی ئێرانی هەنووکەیی یان ئەوەی پانفارسیزمەکان پێیان وایە فارسی زمانی پێوەرە و دەبێت نەتەوەکانی تر لەنێو فارسەکاندا بتوێنەوە، لەنێوئاخنی باسەکانیدا ئەو چەواشەکارییانەی بەپێی زانست ڕەت کردووەتەوە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زمانی کەمینەکان بۆیە سەرکوت دەکرێت تاکوو پێش بە گەشە و پەرەسەندنیان بگیردرێت و ئەیژێت: “ئەوەی کە دەوترێت زمانێک لە زمانەکانی تر سەرترە، قسەیەکی بێ‌بنەمایە، هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەسەر ئەوە نییە کە دەوترێت ئەگەر دەتهەوێت بەشێک بیت لەم کۆمەڵگەیە، دەبێت زمانی خۆت لەبیر بکەیت و زمانی فەرمیی وڵات، یەک زمانە و کولتوور و زمانی خۆت لەنێو ببە، بە دڵنیایی‌یەوە وڵامی هاواری ئەوەی کە من لە تۆ سەرترم، منیش ئەم هەڵاواردنە چینایەتییەم پێ قەبووڵ ناکرێت”، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ڕوانگە چەقبەستووانەیە گەورەترین کێشە بۆ وڵاتی ئێرانی هەنووکەیی دروست دەکات و لە سۆنگەی فرەزمانییەوە کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە و بەردەوام دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو ڕوانگەیە هیچ ئەزموون و زانستێکی نێودەوڵەتی نییە، دەبێت بیر لە مافی منداڵان و مافی زمانیی منداڵان بکرێتەوە.


ئەو بیرۆکەیەی پانفارسیزمەکان کە دەوترێت بە فەرمی ناسینی زمانەکان لە وڵاتی ئێرانی هەنووکەییدا دەبێتە هۆی دابەشبوونی ئەو وڵاتە، ڕەت کردووەتەوە و دەبێژێت ئەم بیرۆکەیە بەتەواوەتی هەڵەیە و بەپێچەوانەشەوە بەفەرمی ناسینی زمانی نەتەوەنەکانی تر یەکپارچەییی ئەو وڵاتە دەپارێزێت و دەڵێت؛ “بەپێچەوانەی بیرکرنەوەی فارسەکان، زمانی دایکی تەنیا کاتێک کێشەیە کە بە چاوی کێشەخوڵقێن بۆی بڕوانێت و بیری لێ بکەیتەوە”، وەکوو نموونەش ئاماژە بە وڵاتی سوید دەکات کە چوار زمانی تێدایە و بە فەرمی ناسێندراون و هیچ مەترسیەکی دابەشبوونیشی لەسەر نییە و پێی وایە کە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی زمانی کەمینەکان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بزاڤگەلێکی سەربەخۆییخوازی چێ ببن؛ بۆ ئەم باسەشی وەکوو نموونە ئاماژە بە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی فەرانسەیی‌زمانەکانی کەبێک لە کانادا کردووە کە جرێقەی بزووتنەوەکەیان لەسەر ئەوە دەستی پێ کرد کە گرووپێکی ئینگلیزی‌زمان دەستیان بەسەر کۆنترۆڵکردنی ئابووریی ئەو هەرێمەدا گرتبوو و فەرانسەیی‌زمانەکانیش زۆرتر لە ٨٠٪ دانیشتووی ئەو هەرێمەن، بەڵام بەتەواوەتی پەراوێز خرابوون و ئەوانیش بە دروشمی “ئێمە گەرەکمانە لە ماڵی خۆماندا گەورە و سەروەری خۆمان بین” دەستیان بە شۆڕشی سەربەخۆییخوازی کرد، بۆیە لە ئێرانیشدا وەکوو سەرجەم شوێنەکانی تری جیهان نەتەوەکان پێیان خۆشە بە زمانی خۆیان بخوێنن.


لەسەر ئەو پاساوە بێ‌بنەمایانەی فارسەکان کە زۆر جار چەواشەی ئەوە دەکەن زمانی فارسی لە مەترسیدایە، پێی وایە کە تەنیا پاساوێکی ناڕاستن و ئەیژێت: “گەمژانەیە کە بوترێت زمانی فارسی لە مەترسیدایە، وەکوو ئەوەیە بوترێت زمانی ئینگلیزی لە ئەمریکا مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، ڕوونە کە ئەگەر نیگەرانییەک ببێت، دەبێت لەلایەن کەمینەزمانییەکانی ترەوە بێت”، لە وڵامی ئەو پرسیارەشدا کە مامۆستایان لە کوردستان و ئازەربایجان و ناوچەکانی تری چوارچێوەی ئێرانی هەنووکەیی بە دزییەوە بە زمانەکانی خۆیان وانە بە منداڵان دەڵێنەوە، بەڵام کاتێک بەرپرسی قوتابخانە دەبینن خێرا زمانەکەی دەگۆڕێت بۆ فارسی؛ وتی: “ئەم کردارە دوو پەیامی پێیە، یەکەم؛ لە ئێراندا جگە لە زمانی فارسی، زمانەکانی تر بە زمانی بچووکتر و لاوازتر دادەنرێن کە هەڵەیە، دووهەم؛ ئاخێوەرانی زمانی نەتەوەکانی تری ئێران هەست بەوە دەکەن کە دەبێت زمانەکەیان بپارێزرێت و دەبێت لە بەرانبەر زمانی فارسیدا ڕاوستین و بۆ پاراستنی زمانی خۆمان هەوڵ بدەین”.


بەشی سێهەم

ئەم بەشەی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ خوێندنی فرەزمانی لەسەر بنەمای زمانی یەکەمی منداڵ و لەگەڵ د. ئاجیت موهانتی (Ajit Mohanty)، خەڵکی وڵاتی هیندوستان و پسپۆڕی بواری خوێندنی فرەزمانی و دەروونناسیی پەروەردەیی کە نزیک بە ١٩٠ وتار، لێکۆڵینەوە و کتێبی لەسەر زمان و بوارەکانی زانستیی زماندا هەیە و دواهەمین کتێبیشی لەسەر ژیانی فرەزمانییە بە ناوی “ژیان لەگەڵ زمانەکان” کە لە ساڵی بە ٢٧١٩ی کوردی بڵاوی کردووەتەوە.

ناوبراویش جەخت لەسەر خوێندنی فرەزمانی لە وڵاتانی فرەپێکهاتەی وەکوو ئێرانی هەنووکەیی دەکاتەوە و بەپێی بەڵگەی زانستی، یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەزموونی وڵاتانی تری فرەزمانیی جیهان و بەتایبەت وڵاتی هیندوستان، یەکزمانی لە ئێرانی هەنووکەیی و ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن فارسەکانەوە بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی تر لەنێو نەتەوەی زاڵ و یەکدەستکردنەوەی ئێرانی هەنووکەیی بە دروشمی یەک نەتەوە و یەک زمان ڕەت کردووەتەوە و پێی وایە کە هەوڵدان بۆ یەکدەستکردنی وڵات و هەڵگرتنی ئەو دروشمانە هیچ کات سەرکەوتوو نەبووە و قەتیش سەرکەوتوو نابێت، وەکوو چۆن تاکوو ئێستە لە هیچ کوێنەیەکی جیهان سەرکەوتوو نەبووە.


پاساوی چەواشەکاریی پانفارسیزمەکان لەسەر ئەوەی بەفەرمی ناسینی زمانی نەتەوەکانی تر بە سەرەڕۆیی دەزانن و دەبێتە هۆکاری دابەشبوونی ئەو وڵاتە، لەنێو باسەکانیدا چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە فەرمی ناسی زمانەکانی تر لە ئێران و هەر وڵاتێکی تری جیهاندا نەک تەنیا نابێتە هۆکاری لاوازیی زمانێکی تر، بەڵکوو هەر زمانێک جێگە و پێگەی تایبەتیی خۆی هەیە و تەنیا خۆسەپاندن یان سەپاندنی زمانێکی دیاریکراو بەسەر زمانەکانی تردا دەبێتە هۆکاری لاوازی و لەنێوچوونی زمانەکانی تر و پێی وایە ئەگەر لەلایەن فارسەکانەوە قەبووڵکردنی زمانی نەتەوەکانی تری ئێرانی هەنووکەیی سەرەڕۆیی‌یانەیە، دەبێت فارسەکانیش ئەوە قەبووڵ بکەن کە قەبووڵکردنی زمانی فارسی بۆ ئەوانیش سەرەڕۆیی‌یانەیە و مافی خۆشیانە کە دژی ئەو جۆرە بیرکردنەوەی فارسەکان ڕاوستن و دەبێژێت: “من دڵنیام کە لە ئێراندا هیچ کات بەفەرمی ناسی زمانەکانی تر نابێتە هۆکاری لاوازی و لەنێوچوونی زمانی فارسی و بگرە بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆکاری گەشەکردنیشی، ئەوەش کە دەوترێت دەبێتە هۆکار و دابەشبوونی ئێران بەتەواوەتی دوورە لە ڕاستی، بەڵکوو بەپێچەوانەیشەوە دەبێتە هۆکاری یەکگرتووییی ئەو وڵاتە”، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەبیت فارسەکان لەوە تێ بگەن؛ داکۆکیکردنی نەتەوەکانی تر لە زمانی خۆیان بە واتای دژایەتیکردن و مەترسیی بۆ سەر زمانی فارسی نییە، ئەگەر لە ڕوانگەی سیاسەتی بەرژەوەندەیخوازانەوە بۆی بڕوانین دەبێتە هۆکاری ئاڵۆزی لە وڵاتدا، بەڵام گەورەترین هۆکاری ئاڵۆزی، پێداگری لەسەر یەکزمانی بوونی وڵاتێکی فرەزمانەیە.


هەروها لە وڵامی ئەو پرسیارەدا؛ وێڕای ئەوەی کە ئێوە ئەزموونی هیندوستانتان هەیە و لەم وتووێژەشدا لەسەر ئێران شارەزاییی زیاترتان بەدەست هێنا، پەیامی ئێوە بۆ ئێران چییە؟ وتی: “لە ڕوانگەی منەوە بارودۆخ و ئەزموونی هیندوستان دوو پەیامی بۆ ئێران پێیە، یەکەم؛ گشت زمانەکان لە وڵاتدا دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و سیاسەتێکی فرەزمانیدا بپارێزرێت و دووهەم؛ ئەگەر زمانێک بەسەر زمانەکانی تری ئێراندا بسەپێنن، زمانەکانی تر دەکەونە مەترسییەوە و ئەوەش ئەگەری دابەشبوونی ئێران زیاتر دەکات”، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ پەرەپێدانی زمانی فارسی نابێت لەتمە لە زمانی نەتەوەکانی تر بدرێت و ئەوەش بزانین کە پەرەگرتنی زمانی نەتەوەکانی تر دەبێتە هۆکاری پەرەگرتنی مانی فارسیش.


لە کۆتاییشدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان و دەوروبەرمان بکەین کە بۆچی لە پاش چوونەدەرەوەی داگیرکەران و کۆلۆنیالیستەکان لە وڵات هێشتا زمانەکەیان بایەخی هەیە و تەنانەت بەشێکی ڕێبەرانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە زمانی داگیرکەران دەبێت ببێتە زمانی فەرمیی وڵات و دەبێژێت؛ وڵامی ئەم پرسیارە بە کورتی ئەوەیە کە داگیرکەران هەموو هەوڵی خۆیانیان داوە تاکوو زمان و فەرهەنگەکەیان لەو وڵاتە داگیرکراوەدا بسەپێنن و ڕیشە دابکوتن، بۆیە پاش نەمانیشیان تا ماوەیەکی دوورودرێژ ئاسەواری داگیرکارییەکانیان بەجێ دەمێنن.


بەشی چوارەم

بەشی چوارەم باسێکە لەسەر فرەزمانی بوون لە چین و ئاسیای ناوەڕاست و لەتەک د. ستیفن بەهری (Stephen Bahry) خەڵکی وڵاتی چین و پسپۆڕی بواری خوێندنی فرەزمانی و خوێندن و پەروەردە لە چین و ئاسیای ناوەڕاستدا، ناوبراو زیاتر لە ٧٥ کتێب، وتار و لێکۆلێنەوەی زانستیی لەسەر زمان و بوارە پێوەندیدارەکانی زمان و بەتایبەت خوێندنی فرەزمانی هەیە و براوەی چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی و نێوخۆییی چینە. (پەراوێز: لە وەرگێڕانە فارسییەکەیدا نووسراوە استیون بحری!)

د. ستیفن لە نێوئاخنی وتووێژەکەدا باسی ئەزموونەکانی چین و ئاسیای ناوەڕاستی کردووە، بەتایبەت لە سەردەمانێکدا کە یەکیەتیی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بووە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەزموونەکانی چین و یەکیەتیی سۆڤیەت وەکوو نموونەی ئێرانی هەنووکەیی بوون و بەپێی ئەو ئەزموونانە پێی وایە نموونەی یەکدەست و یەکپارچەکردنی وڵات لە ڕێگەی زمانەوە ئاکامەکەی دەبێتە یەکیەتیی سۆڤیەت کە دەبینین ئێستا چۆن دابەش بووە بەسەر وڵاتگەلێکی جیاوازدا، دەڵێت؛ لە سەردەمی ستالیندا گەرەکیان بوو زمانی ڕووسی بەسەر گشت یەکیەتیی سۆڤیەتدا بسەپێنن، بەڵام ئەمڕۆ ئاکامی ئەو سیاسەتە دەبینین، هەنووکەش لە سەردەمی مۆدێڕندا دەبینین کە لە ئێراندا هێشتا پەروەردە و خوێندنی یەکزمانی هەیە و زمانی فارسی بەسەر زمانی نەتەوەکانی تردا زاڵە و هەوڵی سڕینەوەیان دەدرێت، بە لەبەرچاونەگرتنی زمانی نەتەوەکان و بێدەنگ بوون لەبەرانبەر مافی زمانیی ئەواندا، خۆی جۆرێکە لە زاڵبوون بەسەریاندا.


ناوبراو بەردەوام جەخت لەسەر خوێندن بە زمانی یەکەمی منداڵ و بە فەرمی ناسینی زمانەکانی وڵاتانی فرەزمانی و بەتایبەت لە ئێرانی هەنووکەییدا دەکاتەوە و لە وڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئێران ئەگەر بیهەوێت لە ڕێگەی زمانێکی هاوبەشەوە نەتەوەیەکی یەکدەست دروست بکات، چەندە سەرکەوتووە و نموونەکانی لە جیهاندا و بەتایبەت ئاسیادا هەیە؟ وتی: “بە کورتی؛ بەڵگەکان دەریانخستووە کە بەڕاستی ئەم سیاسەتە نالۆژیکی و دوور لە زانستە” و لەسەر پاساوی چەواشەکارانەی پانفارسیزمەکان کە پێیان وایە ئەگەر هەر نەتەوەیەک لە ئێرانی هەنووکەییدا داوای پەروەردە بە زمانی خۆی بکات سەرەڕۆیە، ئەیژێت ئەم پاساوە لە بنەڕەتدا بێ‌بنەمایە و ئەوان بە سەپاندنی خوێندنی تاکزمانی و فەرهەنگێکی دیاریکراو خەریکی ئاڵۆزی و کێشە دروستکردنن، لەسەر ئەوەش کە بەفەرمی ناسینی زمانی نەتەوەکانی تر لە ئێرانی هەنووکەییدا ئەو نەتەوانە لە ئێران جیا دەبنەوە و دەچنە پاڵ دەسەڵاتەکانی تری ناوچەکە، بۆ نموونە کورد و عەرەب و … دەچنە پاڵ ئەو هەرێم و وڵاتانەی کە لە دەرەوەی ئێران هەیانە؛ دەڵێت؛ ئەم بیرۆکە سەداسەد هەڵە و سیاسەتێکی ترسنۆکانەیە و ئاکامی بیرۆکە و هزرێکی هەڵەیە، ئەو ترسە بە واتای ئەوەیە کە ئەم نەتەوانە یان لەگەڵ ئێمەن یان بە دژی ئێمە و هیچێکی تر.


هەروەها لەسەر ئەوە پاساوەی کە ئێرانییەکان هیچ کات قوتابخانەی زۆرەملێی وەکوو ئەوەی لە کانادا پێشتر بووە یان زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانەی لەسەر ڕەشپێشتەکانی ئورووپا بوو لە ئێرانی هەنووکەییدا نەبووە و بەو شێوەیە زمانی فارسییان نەسەپاندووە؛ وتی: “ئەو حەوزە عیلمی و قوتابخانە ئایینییانەی کە شەو و ڕۆژ لە ئێراندا کاری ئایینی دەکەن و بیرۆکەی ئایینیی داسەپاوی ئەوان بڵاو دەکەنەوە، شتێکیان کەمتر لە نموونەکانی ئەو سەردەمی کانادا و ئورووپا نییە”، لەسەر ئەو پاساوە بێ‌بنەمایانەی فارسەکان بۆ پەراوێزخستنی زمانی نەتەوەکانی تر هەموو جار باسی دەکەن و دەبێژن پەروەردەی فرەزمانی لە ئێرانی هەنووکەییدا تێچووی زۆرە، دەڵێ؛ لە فارسەکان بپرسن کە چۆن ئەو گشتە تێچووەی بۆ فێرکردن بە زمانی ئینگلیزی تەرخان دەکرێت و بۆ زمانی نەتەوەکانی تری ئەو وڵاتە نابێت تەرخان بکرێت، ئایا دەکرێت پاساوی قازانج و تێچوو بێت؟


کۆبەند

بە کورتی؛ لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر بایەخ بۆ زمانی منداڵانی نەتەوەکانی تر دابنرێت، ئەو کات دەزانین کە دەبێت فەرهەنگ و زانست و ئایدییەکانیان بپارێزین و بەم جۆرە لە پاراستنی ئەو فەرهەنگ و کولتوورانەی کە بە درێژاییی مێژوو کۆ کراونەتەوە، ڕۆڵمان گێراوە و ئەوەش کە لە ئێرانی هەنووکەییدا وێژمانێک بە دروشمی یەک زمان و یەک نەتەوە بەسەر نەتەوە و کەمینەکانی تردا زاڵە، بە دوو هۆکاری زانستی ڕەت دەکرێتەوە؛ یەکەمیان ئەوەیە کە ئیتر یەک زمان و یەک نەتەوە تەنیا خەیاڵ و ئەفسانەیە، دووهەم ئەوەی کە نیگەرانی لەسەر زمانی نەتەوەکان نابێت لەسەر سڕینەوەی زمانی یەکتر بێت، وێژمانی سڕینەوەی زمانی نەتەوەکان بە شێوەیەکی زانستی ڕەت کراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە پەروەردەکردن و خوێندن بە زمانی دایک، داهێنانێکی زانستیی نوێ نییە، بەڵکوو پێویستییەکی گرنگە کە قوتابییان و مامۆستایان لە قوتابخانەکان دەبێت ئەزموونی بکەن و وەکوو مافێک بپارێزرێت، ئەو کەسانەش کە پێیان وایە خوێندن و پەروەردە بە زمانی یەکەمی منداڵ تێچووی زۆری پێویستە، پەروەردە وەکوو بازرگانی سەیر دەکەن نەک وەکوو بوارێکی زانستی بۆ گەشەی زیاتری هزر و فەرهەنگی قوتابی.

هەروەها بەردەوام جەخت لەسەر خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی تر کراوەتەوە و ئەو پاساوەی فارسەکان کێشەی فرەزمانی بوون لە ئێراندا، نەبوونی کتێب بە زمانی نەتەوەکانی ترە، بە بەڵگەی زانستییەوە ڕەت کراونەتەوە، ئاماژە بە نووسینی کتێب و خوێندن بە زمانی کوردی و تاکوو دواهەمین قۆناغەکان لە باشووری کوردستان و هەروەها هێرش و ڕێگریکردن لە زمانی کوردی لە ئێرانی هەنووکەییدا کراوە.


کتێبەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەتە ناوەندییەکان لە جیهاندا نەک تەنیا نەیانتوانیوە ڕوانگەی یەک زمان و یەک نەتەوە یان ڕوانگەی زمانێکی هاوبەش و یەکپارچەییی وڵات بسەپێنن، بەڵکوو بەپێچەوانەشەوە ئەم سیاسەتە بووەتە هۆکاری ئاڵۆزی و کێشە لە وڵاتەکاندا و یەکگرتووییی وڵاتەکانی خستووەتە مەترسییەوە و بووەتە هۆکاری دابەشبوونی وڵاتەکان.


سەرچاوەکان

www.tove-skutnabb-kangas.org
www.cbs.dk/staff/phillipson
www.terralingua.org
www.multilingual-matters.com
https://www.ukessays.com/essays/english-language/a-short-biography-of-dr-jim-cummins-english-language-essay.php
https://www.endofmonoling.com
https://www.icp2020.com/cv/cv-ajit-mohanty/
www.ajitmohanty.com
https://utoronto.academia.edu/stephenbahry/CurriculumVitae


پەراوێز

سەرچاوەکان بۆ بەدەستهێنانی کەسایەتییەکانە.

داگرتنی بابەت