ئارامتر بخوێنەوە
فاشیزم زیندوویە و تەندروستیشی باشە!*
تێڕامانێک لەسەر فاشیزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆخی کەمینەکان
د. سەلاحەدین ئەحمەد
و: ڕێبوار ڕۆژهەڵات
١.
لەو کاتەوە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم فاشیزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەری هەڵداوە، قەت لە تۆخبوونەوە و بەرەوپێشچوون ڕاوەنەستاوە. ناسیۆنالیزمی ئێرانی، ناسیۆنالیزمی تورکی و، ناسیۆنالیسزمی عەڕەبی، لەگەڵ هەموو فۆڕمەکانی ئیسلامگەرایی دیمەنێکی ئایدیۆلۆژیکیان پێک هێناوە کە فاشیزمی بەتەواوی ئاسایی کردووە و، وەک دیاردەیەکی ئاسایی پێشانی داوە. گەرچی بەدڵنیایییەوە جیاوازیی بەرچاو لەنێوان ئەم ڕژێمانەدا هەیە، بەڵام فاشیزم خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشی هەموویانە. بەبووتکردنی ڕێبەرێکی فاشیست، ستایشی توندوتیژی بەناوی نەتەوە، جەختکردنەوە لەسەر گرینگیی زیاتری یەکگرتووییی نیشتمانی بەسەر فرەییدا، بەشەیتانکردن و دێودرنجکردنی کەمینەکان، سەرکوتی ئازادییە تاکەکەسییەکان، گشتگیرکردنی هەستی قوربانیبوونی نەتەوەیی و، بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی هەندێک نموونەی تایبەتمەندییەکانی ئەو فاشیزمەیە کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بڵاو بووەتەوە. بەپێچەوانەی هاوتا ئەورووپییەکانی، فاشیزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویستی بە ئاوێتەبوون لەگەڵ گوتاری توندئاژۆیانە(ڕادیکاڵ) نییە. هەر بۆیەش لەم وتارەدا من وشەی فاشیزم بۆ ئاماژەیەکی شل و سست بۆ فاشیزمی نوێ بەکار ناهێنم؛ بەڵکوو زیاتر باسی فاشیزم لە ڕەشۆکیترین و گشتگیرترین شیواز و فۆڕمی توندوتیژیی فیزیکیدا دەنووسم، هەر بەم شێوەیە کە لە ئیتاڵیای مۆسیلینی و ئەڵمانیای هیتلەردا دەرکەوت.
ئەگەر شتێک هەبێ لە ڕەخنەی ئایدیۆلۆژی بۆ فێربوون ئەمەیە کە ئایدیۆلۆژی خۆی وەک ئایدیۆلۆژی، بە واتایەکی دیکە خۆی وەکوو ڕێگایەکی تێگەیشتن لە جیهان، پێشان نادات. لەڕاستیدا تا ئەو جێگایەی کە پەیڕەوانی ئایدیۆلۆژی نیگەرانن، ئەو هیچ کات خۆی پێشان نادات. ئایدیۆلۆژی تەنیا ئەو بابەتانە شی دەکاتەوە کە پێی وایە ڕاستەقینەن، واتە ئەو شتەی ئێمە پێمان وایە ڕاستەقینە و حەقیقەتە. کاتێک کەسێک ڤێرژنی ئایدیۆلۆژیکی ڕاستەقینە و حەقیقەت دەکڕێ و هەڵیدەبژێرێ، تەنیا کرداری فاشیستی بۆی واتا و مانای هەیە. ئەو ئایدیۆلۆژییە ئایینییە زاڵانەی ئەمڕۆ کە بە یشە ئاینییەکانیان وەفادارن لەسەر لاشە مەعریفەناسییەکەیان ڕاوەستاون و ئاماژە بە ئەستێرە درەوشاوەکانی ڕوانگە مێتافیزیکییەکانیان دەکەن. ئەگەر سەیری شوێنێک بکەی کە ئایدیۆلۆژییەکت پێشان دەدات، ئەوە بەم مانایەیە کە فێڵەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە کاریگەریی لەسەرت داناوە.
نۆڕمەکە ئاسایی کراوە، تەنانەت ئەگەر خەسارهەڵگریش بێت. ئەوەی ناوی لێنراوە، پڕۆبلۆماتیزە کراوە و جەختی لەسەر کراوەتەوە نائاسایی و دەرەکییە. ئایدیۆلۆژیی زاڵ دوودڵ نییە لە ناولێنانی هەموو شتێکی دیکە و، بە دڵنیایییەوە ئایدیۆلۆژییەکی وەها بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ لەنێو ئایدیۆلۆژییەکانی دیکەدا وەکوو ئایدیۆلۆژییەک پۆلێنبەندی بکرێت، هۆکارەکەیشی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە مەشروعییەتی ئایدیۆلۆژییەکی وەها بۆ لەسەرتربوونی مێتافیزیکی دەگەڕێتەوە. یەک رێگا بۆ دیتنی ڕاستەقینە هەیە، بەڵام ڕێگاکانی شیکردنەوەی ڕاستەقینەیەکی وەها زۆرن، ئەو چاوەڕوانییە لە ئێمە هەیە کە بڕوا بکەین؛ بەم شێوەیە ئایدیۆلۆژی تەنیا ڕاستەقینە بیندراو دەکات و، بەم شێوەیەیش و بە جۆرێکی لۆژیکی بڕیاڕ و حوکمە سیاسی و مۆڕالییەکان وەشوێن ئایدیۆلۆژیا دەکەون. بۆ نموونە، ڕەگەزپەرەستەکان لەبنەڕەتدا ئاگاداریی ئەوە نین کە ڕەگەزپەرەستی ئایدیۆلۆژیایەکە – چ جای ئەوەی کە ئاگاداریی ئەم بابەتە بن کە ڕەگەزپەرەستی بیرۆکەیەکی شەلەلە بۆ مەشروعییەتدان و ڕەوایی بەخشین بە بەرژەوەندییەکانی گرووپی فەرمانڕەوا. لە ڕوانگەی ڕەگەزپەرەستەکان دەنگدان بە ڕەگەزپەرەستی، باسکردنە لە حەقیقەت و ڕاستەقینە. هەمان شت دەربارەی تێگەیشتنی سێکسیستەکان لە سێکسیزم ڕاستە. ڕێک لەبەر ئەوەیشە کە ئەو ژمارە زۆرەی ڕەگەزپەرەست و سێکسیستەکان بە ئاشکرا دژی ڕاستیی لیبڕالی سیاسین. گلەیییەکی باوی دیکەی ڕەگەزپەرەستەکان ئەوەیە کە بەشێکی دیاریکراوی ئەندامانی کەمینە، کردارەکانی ئەندامانی زۆرینە بە ڕەگەزپەرستانە دەزانن. سێکسیستەکانیش بە بەردەوامی گلەیی دەکەن کە فێمێنیستەکان هەموو شتێک سێکسیستی دەبینن. وڵامی ڕەخنەگرانە کە ڕەگەزپەرەستەکان و سێکسیستەکان بۆ گلەیییەکی وەها وەریبگرنەوە ئەمەیە کە: «بەڵێ هەموو ئەم شتانەی تۆ دەیانڵێی ڕەگەزپەرستانە/سێکسیستانەیە! تێکڕای مێژووی پشت سیستەمی بەیاخدانان کە بۆ تۆ گوازراوەتەوە لەلایەن ڕەگەزپەرستی و سێکسیزمەوە ڕەنگڕێژ کراوە.» بە هەمان شێوە، چەپەکانیش بەوە تاوانبار دەکرێن کە بە شێوەیەکی نەزاندراو باسی «فاشیست» دەکەن. تاوانبارەکان ئاگادار نین کە فاشیزم بەڕاستی لە دەوروپشتی ئێمەیە؛ تەنانەت دەستەیەک کەسی خۆ بەچەپزانیش دەتوانن لەنێو هێندێک فۆڕمی فاشیزمدا جێگەیان ببێتەوە، کە زۆرتر لە چوارچێوەی هێندێک ڕێتۆریک و زمانبازیی وەرگیراو لە مارکسیزم و فێمێنیزمدا دەری دەبڕن. بۆ نموونەی کەسانێکی وەها دەتوانین ئاماژە بە هێندێک خۆ بەچەپزانی لایەنگری مستەفا کەماڵ ئەتاتورک کە ستایشی ئەتاتورک دەکەن یان هەندێ فێمێنیستی ئیسلامگەرا یان سۆسیالیستی نیشتمانی بکەین.
لەم دوو دەیەی کە بەرەو شەڕی دووهەمی جیهانی دەڕۆیشت، فاشیستە ئەورووپییەکان چەمکی فاشیزمیان بەکار دەهێنا و، ئەم چەمکە پاشان ناوبانگی خۆی لەدەست دا و وردەوردە بوو بە چەمکێک کە لە ڕووی واتاوە نێوەرۆکێکی خراپی هەبوو و، هۆکارەکانی ئەم گۆڕانی ناوبانگەیش کۆمەڵێک هۆکاری باش بوون. تەنانەت لە لووتکەی سەردەمی فاشیزمدا، زۆربەی فاشیستەکانی دەرەوەی ئەورووپا، لە هێندێک وڵاتی وەکوو ژاپۆن، هیچ کات بەم شێوەیە خۆیان پێناسە نەکرد. ئەگەرچی ئەمە پێشی لەوە نەگرت تیۆریسیەنە سیاسییەکان چەمکی فاشیست بۆ ڕژیمەکەی ژاپۆن لە دەیەی ١٩٣٠دا بەکار نەهێنن. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئایدیۆلۆژییە زاڵەکان فاشیستین. ئەم ئایدیۆلۆژییانە کۆمەڵێک ئایدیۆلۆژیی ڕەگەزپەرەستانە، ناسیۆنالیزمی توندڕەوانە، پیووریتیانیستی، شۆڤێنیستی، تۆتالیتاریستی، دژە تاکگەرایی، دژە لیبڕاڵی، دژە کۆمۆنیستی، دژە سێمانتی، توندوتیژانە، فڕاوانخوازانە، هەڵاواردنانە، ناعەقڵانی و، زۆربەی کات ئۆکالیپتیکین[١]. ئەم ئایدیۆلۆژییانە ستایشی شەڕ دەکەن، بۆ وەدەستهێنانی ڕای گشتی و جەماوەر پشت بە پۆپۆلیزم دەبەستن، ئەفسانەی نەتەوە دەکەنە مرۆڤ و ڕووحی وەبەر دێنن، ئەوی دیکە دەکەنە شەیتان، ئەفسانە و عیرفان پەرە پێ دەدەن، ڕێبەرێک دەکەنە خودا، بە بەردەوامی وێنەی دوژمنگەلێکی پیلانگێڕانە بەرهەم دەهێنن و، بە مەبەستی دروستکردنی یەکگرتوویی لەنێوان هەموو ئەندامانی نێوخۆییی گرووپ و بۆ لەنێوبردنی دوژمنی نێوخۆیی و بەرگری لەهەمبەر دوژمنە دەرەکییەکان، خودێکی نیشتمانی دەکەنە قوربانی. ڕاست لەبەر بڵاوبوونەوەی هێژمۆنیی فاشیزم لەنێو جەماوەر و دەستەبژێرەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، فاشیزم پڕۆبلۆماتیزە ناکرێ و، ڕەخنەی لێ ناگیرێ.
٢.
بۆ ئەو کەسانەی گومانیان لەم باسانەی سەرەوە هەیە و پێیان وایە زێدەڕۆییان تێدایە، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی ئەوەی کە تا چ ئاستێک فاشیزم لەم ناوچەیەدا هەیە و بە بەهێزی ماوەتەوە، ئاماژە بە دوو ڕووداوی مێژوویی دەکەم. سەرەتا، هەروەک ستێفان ئیهرینگ[٢] لە میانەی توێژینەوەی چڕ و وردە مێژوونووسییەکەی خۆیدا (٢٠١٤) پێشانی داوە، فاشیزمی ئەڵمانی ئیلهامی لە کەماڵیزم وەرگرتووە. فاشیزمی تورکی هەوڵەکانی خۆی بۆ جینۆساید ماوەیەکی زۆر بەرلە بەهێزبوونی نازیسم لە ئەڵمانیا ئەنجام دا و، بەردەوامیی هێزی گوتاریی فاشیستی لە پانتاییی سیاسەتی تورکیادا پێشان دەدات کە فاشیزمی تورکی زۆر وەپێش نازیسم و ڕژیمە فاشیستییەکانی دیکەی ئەورووپا کەوتووەتەوە. بەپێچەوانەی نازیسم، فاشیزمی تورکی پشتیوانیی بەردەوام و نەپساوەی دێموکراسییەکانی ڕۆژئاوای هەیە. ڕۆژئاوا دەیهەوێ کەمالیزم لە دژی بەستێنە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئیسلامگەرایی، کە لە دژی ژینگەی لیبڕالی ئەورووپین، پێشان بدات. لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی دەربارەی ئایدیۆلۆژییەوە گرینگە، ئەم بابەتەیە کە کەمالیزم لەلایەکەوە سێکولارە و، لەلایەکی دیکەیشەوە لایەنگری ڕۆژئاوایە. هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ جێنۆسایدی خەڵکە غەیرە تورکەکانی ئاناتۆلی و، بەتایبەتی ئەرمەنییەکان و هاوکات ئاشورییەکان، یۆنانییەکان و لەم دوایییانەیشدا کوردەکان، هیچ کات لە حیسابە دیپلۆماتیکەکانی وڵاتە دیموکراتیکەکانی ڕۆژئاوادا ئەژمار نەکراوە و بە نەزانراوی ماوەتەوە. لەکاتێکدا سەرهەڵدانی بەرەی نیشتمانیی فەڕەنسا[3] و پارتی ئازادیی ئوتریش[4] ترسێکی زۆری لە هەموو ئەورووپا دروست کرد، بەڵام تورکیا هەروا هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مایەوە. دەمارگیریی دەرنەبڕاوی ڕۆژهەڵاتناسانە لەم دژبەیەکییەدا ئەوەیە کە مۆدێلی تورکیە بۆ کۆمەڵگا مسوڵمانەکان باشە. بە دڵنیایییەوە ئاڵۆزیی ڕۆژهەڵات لە سەدەی ڕابردوودا تەنیا خزمەتی بە مەشروعییەت بەخشین و ئاساییکردنی فاشیزمی تورکیا کردووە.
دووهەمین هۆکاری مێژوویی ئەمەیە کە فاشیزمی ئەورووپی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە دەیەکانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠ لەلایەن ناسیۆنالیستە عەڕەبەکان و دەستەبژێرە ئیسلامگەراکانەوە وەرگیراوە. لەمەیش زیاتر، ڕووخانی فاشیزمی ئیتاڵی و نازیسمی ئەڵمانی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر لاوازی و نەمانی فاشیزمی ئیسلامگەرایی عەڕەبی نەبووە. هەروەک بۆ چاوەدێرانی گوتارە ئایینی و سیاسییە زاڵەکانی ئەم ناوچەیە ڕوون و ئاشکرایە، هاوپەیمانیی ئیسلامگەراکان و عەڕەب لەگەڵ نازیسم هێشتا لە جیهانی عەڕەبدا چاوپۆشی لێ دەکرێ، و لە دەیەی ەوە دژە سێمانتیسم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو هەڵکشان بووە. یەکێک لە باوکانی دامەزرێنەری ناسیۆنالیزمی عەڕەبی، ساتی ئەلحوسری[5]، کەڵک لە ئایدیۆلۆژیی تورکە گەنجەکان بۆ دامەزراندنی ناسیۆنالیزمی عەڕەبی و بەتایبەتیش بۆ چاکسازیی فاشیستییەکەی لە سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنان لە سوریا و عێراق وەردەگرێ. جەماڵ عەبدونناسر و دامەزرێنەرەکانی بەعس دوای ئەلحوسری، نەوەی دواتری ناسیۆنالیستی عەڕەبن. بەتایبەتی میسری ژێر دەسەڵاتی عەبدونناسر دەبێتە پەناگەیەک بۆ دەسەڵاتداران و بەرپرسە زیندووەکانی نازی. هەروەک دێل بۆکا[6] و گیڤۆنا[7] باسی دەکەن، تەنانەت زۆربەی ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارانەی هاتنە میسر لە حکومەتدا پۆست و پێگەی بەپرستیژ و گرینگیان درانێ (١٩٧٠). لە هەمووان بەرچاوتریش، عەبدونناسر ئایدیۆلۆگ و بانگەشەکەری حیزبی نازی، ژۆهان ڤۆن لییرس[8]، دەکاتە ڕاوێژکاری خۆی، کە پێی وابوو عەبدونناسر ڕێبەرییەکەی لە هیتلەر باشتر بوو (Del Boca and Giovana 1970, 401). لە ستایشی فاشیزمی عەبدونناسردا، مۆریۆ باردێچی[9] دەنووسێ،
ناسر و هاوڕێکانی ئەوەیان کەشف کردووە کە هەموو گرێکوێرەکانی فاشیزم دەبێ لە ئیسلامدا بدۆزییەوە، کە ڕابردووی ئەوان لە مانایەکی فراوانتر و گشتگیرتردا، کەلتووری ئەوانە ـ یانی نەک هەر لەگەڵ ئیلهامی ئەوان بەڵکوو هێندێک کات لە نزیکەوە لەگەڵ سرووشت و غەریزەی ئەوان یەک دەگرێتەوە و هاوتایە … گەرچی ئەمە وەک ئەڵمانگەراییی هیتلێر بێ هاوتایە، بەڵام شەڕی خاچی ناسر وەکوو سۆسیالیزمی نیشتمانی، تایبەتە بە پیاوانی نەتەوەیەک. بەڵام هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و کاتی سەرهەڵدانی، زۆرترین گرینگی پێ دەبەخشی. لەنێوان هەموو گرێوگۆڵەکانی فاشیزمدا، ئەمە زۆرترین و قووڵترین کاریگەریی لەسەر مێژووی ئەنجامەکانی دادەنێت (وەرگیراو لە: Del Boca and Giovana 1970, 401-2).
هاوتای ناسریزم لە عێراق و سوریا بەعسیزمە. هەردووک یەکێتیی سۆسیالیستیی عەڕەبیی عەبدونناسر و پارتی بەعسیی سۆسیالیستیی عەڕەبی بە توندی لە هەردووک ڕەهەندی پڕوپاگەندەیی (قسەکانی گۆبێلز [وەزیری پڕوپاگەندەی ئەڵمانی ژێر دەسەڵاتی هیتلەر] هێشتا لەلایەن بەعسەکانەوە دەوترێتەوە) و گوتاری دژە سێمانتیکی پشت بە مۆدێلی سۆسیالیستیی نیشتمانیی ئەڵمانی دەبەستن و ڕێبەرەکەیان بە زیندووکەرەوەی چارەنووسی دیاریکراو بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی نەتەوەکە دەزانن و، بەدڵنیایییەوە، داوای ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی و «چارەسەریی کۆتایی» بۆ هەموو ئەم کەسانە دەکەن کە پێوەری ناسیۆنالیستییان تێدا نییە. ڕاستییەکەی، کەمپی کاری زۆرەملێ و دەستبەسەرکردن، شوێنی جیابیرە سیاسییەکان، ئەو کەسانەی حیزبیان بەجێ هێشتبوو، ڕکابەرەکان و، کەمینەکان لە میسری عەبدونناسرەوە تا عێراقی سەدام حوسەین بوو. ڕژێمی سەدام حوسەین ئەندازیاری کەمپەکانی کاری زۆرەملێ و دەستبەسەرکردنی زۆری لە نازییەکان زیاتر کامڵ کرد، بەشێوەیەک کە لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی خۆیدا هەموو ئاسەوارێکی نزیکەی ٢٥٠ هەزار کوردی سڕییەوە. تا ئەمڕۆیش تەنانەت یەک وێنەی ئەم کەمپانەی کاری زۆرەملێ و دەستبەسەرکردن نەماوە و، هیچ سەربازێکی پێشووی دەسەڵاتی بەعسیش هیچ زانیارییەکی لەسەر میتۆدە بەکارهاتووەکانی کوشتاری ئەم هەموو خەڵکە ئاشکرا نەکردووە.
لەگەڵ پاشەکشەی ناوبانگی کۆمۆنیستەکان لە کۆتایییەکانی ساڵانی ١٩٧٠ و سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٨٠دا، تەنیا هاوتای ناوبانگی ناسریزم و بەعسیزم و بزووتنەوە ئیسلامیستەکانی وەکوو ئیخوانولموسلیمین لە وڵاتانی زۆرینە عەڕەبی سوننە و ئیسلامگەرایی شیعە لە عێراقە. ئیخوانولموسلیمین هەمیشە بزووتنەوەیەکی فاشیستی بووە. بۆ نموونە لە سەرەوەی پێکهاتە سیاسییەکەی، موڕشید (Murshid) هەیە، کە دەبێتە ڕێبەر. ئەمەیش لە دژی سێمانتیکی و ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاوئەولای مافی کەمینەکاندا لەگەڵ ناسریزم و بەعسیزم هاوبەشە؛ گەرچی ئیخوانولموسلیمین، وەکوو هەموو بزووتنەوە ئیسلامگەراکانی دیکە، لەبەر ئەوەی پەیڕەوی لە شەریعەت دەکات، لە سەرکوتی مافە تاکەکەسییەکاندا سنووردارترە. ئیسلامگەرایی شیعەیش لە عێراق و ئێرانەوە بگرە تا لوبنان لە ڕەهەندی بنەما فاشیستییەکاندا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئیسلامگەرایی سوننە نییە.
٣.
لە فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەمیشە ڕێبەرێک هەیە کە وەک خودا یان بوونەوەرێکی ئاسمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. بێڕێزی بەم ڕێبەرە بە تاوانێکی گەورەی وەکوو کوفر دادەندرێ، چونکە ئەم ڕێبەرە هێمای هەموو ئەم شتانەیە کە نەتەوەکە هەیەتی. ئەم ڕێبەرە پیاوە، مامۆستایە، باوکە، ڕێبەرە، فەیلەسووفە و، بەدڵنیایییەوە، قارەمانیشە. ئەم ڕێبەرە لە ڕێگەی پەیکەر و وێنەکانی کە لە هەموو شوێنە کۆمەڵایەتییەکان داندراوە، سەیری هەموو تاکەکان دەکات. بەهۆی ئەم ڕێبەرەوەیە کە نەتەوەکە ئازادی و ئاوەدانی هەیە- نەوەک بەهۆی کەسە پەراوێزخراوەکان کە ژێرخان، مەزرا و وڵاتیان بونیاد ناوە و شەقامەکان خاوێن دەکەنەوە. هەر لە ساتی لەدایکبوونییەوە ئەرکێکی پیرۆزی وەک چارەنووس پێ ئەسپێردراوە، بۆ ئەوەی نەتەوەکە ئازاد و بەهێز بکات. ئەو لە سەرەوەی هەر جۆرە هەڵە و کارێکی خراپە.
ئەم ڕێبەڕە فاشیستە هێمای هێزە و، هەستی وێکچوونی لەگەڵ کەسە سادۆمازووخیزمە[10]کان هەیە و لە پەراوێزخراوەکان دردۆنگ دەبێ. وێکچوون لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان بۆ خۆجیاکردنەوە لە کەسایەتیی تێکشکاو، بەرهەمی ئازاری دوورودرێژ و چەوسانەوە و سەرکوتی درێژخایەنە. لە کۆمەڵگا فاشیستەکان، مومارەسەی دەسەڵات بۆ هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانیش قوتابخانە و خێزان، خاڵێکی بنەڕەتییە. چەوساوە و بێدەرەتانەکان، جەماوەری تاکەکان دەسەڵات بە ڕزگاریی سیحراوی بۆ هەموو شتێک دەزانن، بەڵام لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەسەڵات ڕەتکردنەوەی هەستی بێبایەخبوونیانە. بزووتنەوەی فاشیستی ئەزموونێکی ئایینیی سەرخۆشی و مانایەکی ئامانجدارێتی پێشکەش بە جەماوەری تاکەکان دەکات. ئەوەی ئەم سەرچاوەی دەسەڵاتە سرنجڕاکێش و دڵڕفێن دەکات، بریتییە لەوەی کە بنەما کوتراوەکان لەلایەن ڕێبەرایەتییەوە یەکجار زۆر سادەن و هێندێک توخم و ڕەگەزی وەهمییان تێدایە. هەندێک بیرۆکەی وەکوو «ڕووحی نەتەوە» یان «گەورەیی و شکۆی نەتەوە»، هەروەک موسیلینی و هیتلەر بەباشی ئاگادار بوون، هیچ مانایەک ناگەیێنن جگە لەوەی کە ئامانجیان ئەوەیە کە خانە مرۆییە ناعەقڵانییەکان بجووڵێنن و بیانورووژێنن. بەم شێوەیە، چاوەڕوانی بزووتنەوەیەکی توندوتیژانە بۆ هێرشکردنە سەر بچووکترین ورووژاندنن، و ئەمەیش بەگشتی لە لایەن ڕێبەرایەتی و مەکینەی پڕوپاگەندەی فاشیستییەوە دابین دەکرێ.
لە کاتی قەیرانەکاندا، کە لەماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کەم و زۆر درێژەی هەبووە، تێگەیشتنی جەماوەر لە سەقامگیری بە توندی بۆ سەر بیرۆکەی ڕێبەری بەهێز گرێ دراوە، سەرۆکێک کە دەتوانێ هەمووان لە خێزاندا سزا بدات. ڕێبەری فاشیست ڕۆڵی باوکی خێزانەکە دەگێڕێ و دەتوانێ هێزی جێبەجێکار بەکار بهێنێ، بەڵام تەنیا لەبەر هەموو ئەندامانی خێزان ئەم کارە دەکات، بۆ ئەوەی یەکێتی و سەقامگیری بنیات بنێت. ڕێک وەکوو خودا، ڕێبەر هەم بێبەزەیییە و، هەم بەخشەندەیە. کاتێک کە زۆر بە توندی مامەڵە دەکات، تەنیا هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو باشترین بەرژەوەندیی هەمووان دەزانێ. ڕێبەر پێویستی بە شیکردنەوەی هەموو شتێک نییە، چونکە ئاگامەندی و زاناییی ئەو لە سەرەوەی تێگەیشتنی خەڵکەکەیەتی؛ بڕیارەکانی ڕێبەر بە شێوەیەکی سرووشتی جێگەی متمانەن.
بە لەبەرچاوگرتنی هەژاریی فکریی ڕێبەری فاشیست، ئەم ڕێکخستنە بەباشی کار دەکات. هێزی ڕێبەر پشت بە دەستکاریی هێزی جەستەیی و فیزیکی دەبەستێ و، کاتێک کە رێبەر دەدوێ بە ئاسانی قسەکانی بۆ جەماوەر دەکوترێنەوە و پشتیان پێ دەبەسترێ. بە تێپەڕبوونی کات و دروستبوونی بازنەیەکی ناشیرینی ناوخۆیی، ڕێبەر دەگاتە ئەم باوەڕە کە ئەو جۆرێک بوونی ئاسمانی و خودایی هەیە و، ئەمەیش زۆر بەخێرایی ئەم متمانەبەخۆبوونەی دەداتێ کە دەربارەی هەموو شتێک بدوێ و قسە بکات. تاکی جەماوەر ئەمە بە خاکەڕایی بێوێنەی ڕێبەر دەزانێ، تا جێگایەک کە پێی خۆشە ڕووبەرووی نیگەرانییەکانی هەموو کەس ببێتەوە. ئەگەرچی، ئەم خوووخدەیەی قسەکردن دەربارەی هەموو شتێک لەڕاستیدا تۆتالیتاریسمە. فاشیزم، وەکوو گیڤانی جێنتیل[11] باسی دەکات، « تێگەیشتن و وێناکردنێکی هەمەکیی ژیانە.» (1995, 54). ڕێبەر، وەکوو وێنا و نوێنەری زانایی ئاسمانی و خودایی، دەبێتە بەرپرسیاری هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستەکان. ئەو دەتوانێ لەسەر هەموو شتێک لە پاکژیی تاکەکەسی و خوویەکانی خواردنەوە بگرە هەتا هەڵبژاردنەکانی جلوبەرگ، گەورەکردنی منداڵ، پەروەردە، ئەخڵاق، و پزیشکی بڕیاڕ بدات. بۆ نموونە سەدام حسێن، هیچ گومانی لەم بارەوە نەبوو کە دەیکوت ژنان دەبێ ڕۆژێ دوو جار خۆیان بشۆن. لە هەمان قسەکردندا، هەندێکی باسی ئیمپڕیالیزم، دوژمن و نەیارەکانی نەتەوە، و شکۆی داهاتووی کرد کە شۆڕش بۆ نەتەوەکەی بە دیاری دێنێ. هەموو ئەم شتانەی کە ئەو باسی لێ کرد لە لایەن میدیاکانەوە وەکوو دەقی پیرۆزە ڕاپۆرتی لەسەر دروست کرا و بڵاو کرایەوە. لە ڕەفتارێکی هاوشێوەدا، خومەینی لە کتێبی کەسکی بچووکەکەیدا، کە کۆمەڵەی فتواکانی لەخۆ دەگرێ و بەوردی لە لایەن ملیۆنان موسوڵمانی پابەندەوە پەیڕەوی لێ دەکرێ، بە پێداگرییەوە هەندێک ڕێنمایی دەربارەی چۆنیەتیی دانانی پیسایی و پاشان خۆشووشتنەوە پێشکەش دەکات
(Khomeini 1985, §21).
4.
لەژێر دەسەڵاتی فاشیزمدا، ئەوی تر وەک بەربەستێک دەبیندرێ کە دەبێ پووچەڵ بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمە بەمانای لەنێوبردنی فیزیکیش بێت. زمان، کەلتوور، ئایدیۆلۆژی و بەهاکانی زۆرینەی فاشیزم، لانیکەم لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەی کە ناسیۆنالیستە فاشیستەکان بانگەشەی خاوەندارێتی دەکەن، وەک دیاردەگەلێکی سرووشتی و گشتی دەبیندرێن. لەبەرانبەردا، زمان، کەلتوور، و شوناسی ئەوی تری کەمینە وەک دیاردەگەلێکی تایفەیی، عەشیرەیی، دواکەوتوو، سەیروسەمەرە، نالۆژیکی، سەرەتایی، و هتد دەبیندرێ. هەربۆیە کاتێک زۆرینەی فاشیست زمان و بەهاکانی خۆی بەسەر کەمینەکاندا دەسەپێنێ، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم کارە لەبەر قازانج و بەرژەوەندیی خودی کەمینەکە دەکات. بەداخەوە، ئەم شیوازە بیرکردنەوەیە چۆنیەتیی ڕەفتار لەگەڵ هەموو کەمینەکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشان دەدات.
هەمیشە ئەم چاوەڕوانییە لە کەمینە هەیە کە بێمەرج سەرکوتەکە قەبوڵ بکات، بۆ ئەوەی وا پێشان نەدەن کە بەشێکن لە پیلانی لەباربردنی شکۆی نەتەوە، یان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەوان مافی ژیانیان هەیە. تەنیا ئەرکی کەمینە لە ژیانیدا بریتییە لەوەی کە بێوچان هەوڵ بدات متمانەی زۆرینە وەدەست بێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە نامومکینە زۆرینەی فاشست متمانە بە کەمینە بکات، گەر زۆرینە هیچ هۆکارێکیشی نەبێ، بیانوویەکی بچووکی وەکوو کارێکی «خراپی» ئەندامێکی کەمینە وەک خوو و تایبەتمەندی و کردارێکی هەموو گرووپی کەمینە پێشان دەدرێتەوە و بەسەر هەموو کەمینەدا دەگشتێندرێت، چونکە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە ناکرێ و ئیمکانی نییە هەموو ئەندامانی گرووپێکی کەمینە وەک یەک و «بێزیان» بجووڵێنەوە، ئیمکانی متمانەی زۆرینەش بە کەمینە هیچ کات نییە.
پەیوەندیی زۆرینە ـ کەمینە زۆر وەکوو پەیوەندیی مێرد ـ ژن لە باوکسالارترین خێزاندا دەچێت. لە فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ڕێبەرە فاشیستەکان زۆربەی کات هەوڵ دەدەن هەست و سۆزەکانی خێزان بورووژێنن بۆ ئەوەی دڵخۆشیی کەمینە بدەنەوە. دیسان خێزان دەبێتەوە شوێنی سەرکوت لە کۆمەڵگا باوکسالارەکاندا. تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی فاشیستی وەکوو سنووری پەرەپێدراوی دینامیزمی خێزانی فاشیستی سەیر بکەین، مانای ئەم بابەتە زیاتر دەردەکەوێ. وەک نموونەیەکی تایبەت لەم بارەوە دەتوانین ئاماژە بە عێراق بکەین، کە تێیدا ئەو دەستەبژێرە عەڕەبانەی کە وڵامی داواکاریی سەربەخۆییی باشووری کوردستانیان داوە، بە بەردەوامی کوردستانیان بە ژنێک بەراورد دەکرد کە داوای جیابوونەوە لە مێردەکەی (عێراقی عەڕەبی) دەکات. ئەم بەراورد و شوبهاندنە هیچ کات بەشێوەی پێچەوانە دەرنەبڕدراوە و ئەمەیش پیشانی دەدات کە کورد لە هەموو ئەم ماوەیەدا چۆن لەلایەن عەڕەبەکانەوە سەیر کراون. هەروەک چۆن لە کۆمەڵگایەکی باوکسالاردا ژن دەچەوسێندرێتەوە و ئازار دەدرێ و دەستدرێژی دەکرێتە سەر، بەڵام هاوکات لەم بارودۆخەیشدا چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێ کە بە هەموو شێوەیەک دەسەڵاتی مێردەکەی قەبوڵ بکات، کورد و کەمینەکانی دیکەیش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ بێ هیچ گلەیی و گازندەیەک ستەمی ڕژێمە فاشیستییەکان قەبوڵ بکەن.
*. https://demokratikmodernite.org/fascism-is-alive-and-well/
پەراوێزەکان
1.apocalyptic
2.Stefan Ihring
3.French National Front
4.Freedom Party of Austria
5.Sati Al-Husri
6.Del Boca
7.Giovana
8.Johann von Leers
9.Maurice Bardéche
10.sadomasochistic
11.Giovani Gentile
سەرچاوەکان
Gentile, Geovanni. 1995. “Fascism as a Total Conception of Life,” in Fascism. Ed. Roger Griffin. Oxford: Oxford University Press.
Ihring, Stefan. 2014. Attatürk in the Nazi Imagination. Cambridge, Massachusetts: The Belknap Press of Harvard University.
Khomeini, Ayatollah Mosavi. 1985. The Little Green Book: Selected Fatawah and Saying of the Ayatollah Mosavi Khomeini. Trans. Harold Salemson. New York: Bantam Books.
Del Boca, Angelo and Mario Giovana. 1970. Fascism Today: A World Survey. Trans. R. H. Boothroyd. London: Heinemann.
داگرتنی بابەت



