ئارامتر بخوێنەوە

جینۆسایدی زمانی کوردی
لە سایەی دەوڵەتی سەدامیدا*

کازیوە ساڵح**
و: ئارشۆ ڕۆژهەڵات


وێژەی زانستی دەرخەری ئەو هەوڵە سیستێماتیکانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێڕندا بۆ کاولکردنی زمانی کوردی دراون. لێکۆڵەران بە ڕوانینێکی سەرەتایی بۆ بابەتی تورکیە، ئەم پێڤاژۆیە وەک سیاسەتی پاکتاوکردنی (linguicide) زمان یان جینۆسایدی زمانی (language genocide) دەبینن کە بریتییە لە «سڕینەوەی زمانەکان» و چەمکێکە هاوشێوەی جینۆسایدی(
فیزیکی).[١] بەپێچەوانەوە، ئەو پێڤاژۆ هاوشێوانەی کە لە باشووری کوردستاندا (کوردستانی باکووری عێراق) لە ئارادان، وەک «سەرکوتی زمانی» پێناسە دەکرێن.[2]


ئەم وتارە لەوە دەکۆڵێتەوە کە سەرکوتی زمانی بە وردی ئەزموونی کوردەکانی باشوور دەرناخات. هەروەها، جینۆسایدی زمانەوانی باشتر ئەو هەنگاوانە دەنوێنێت کە بۆ جینۆسایدی فەرهەنگیی ئەم تاقمە گیراونەتەبەر. ئەم بابەتە لەسەر ئەوە ورد دەبێتەوە کە چۆن کورد لە عێراقی ئەمڕۆدا لە ڕێگەی سیاسەتی پەروەردە و زمانییەوە لە ساڵی ١٩٣٢ وە تا ١٩٩١ زمانەکەیان جینۆسایدکراوە.[3] ئەم سیاسەتە لە ماوەی دەسەڵاتی پاشایەتی (١٩٥٨-١٩٢١) ڕەگی داکوتاوە و لەسەردەمی ڕێژیمی سەدام حسەیندا پەرەی سەند (١٩٩١-١٩٧٩). لەکاتێکدا زۆربەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان پێڤاژۆی جینۆسایدی زمان دەبەستنەوە بە لەدایکبوونی دەوڵەتی نەتەوەوە،[4] ئەم وتارە ئەوە دەخاتە ڕوو کە جینۆسایدی زمانەوانیی کورد لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی

عێراقی.


وشە کلیلییەکان

حیزبی بەعس، عێراق، کورد، جینۆسایدی زمانەوانی، سەددام حسەین، ساتیع ئەلحوسری

پێشەکی

بۆ ماوەی چەند سەدە، کورد لە تورکیە، عێراق، سووریە و ئێرانی ئەمڕۆدا ئامانجی تواندنەوە و پێڤاژۆ جینۆسایدییەکان لە ناوچەکەدا بووە. لایەنێکی بەردەوامی ئەم پێڤاژۆ ڕووخێنەرانەیە، سیاسەتی جینۆسایدی زمانەوانی بووە. بەگوێرەی سەردێڕی مێژوویەکی نوێ لە نووسینی میشێل گۆنتێری بیرمەندی سیاسی، بەدڵنیاییەوە زمان لە نێوان خەڵکی کورددا کە نەتەوەیەکی دابەشکراون و بەدوای دەوڵەتدا دەگەڕێن، بەهێزترین هۆکاری یەکبوونە.[5] لە سەدەی هەشتەم بەدواوە، ئیمپراتۆرییە جۆراوجۆرەکان بە تواندنەوەی زمانی کوردی لەناو زمانەکانی عەرەبی و فارسیدا، زمانی کوردییان پشتگوێ خست. دواتر، هەوڵەکان بۆ فەوتاندنی زمانی کوردەکان تێکەڵەیەک لە تاکتیکی دیپلۆماتیک و سیاسەتی دەوڵەتیی بەتورکیکردن و بەعەرەبیکردنی لەخۆگرت، کە بە زۆری ئامانجی پشتگوێخستنی شوناسی کوردی بوو.[6] بۆوێنە، لە تورکییەدا کورد «وەک تورکی کێوی باسیان لێ دەکرێت کە زمانی خۆیان لەبیر چووەتەوە، یان وەک خەڵکێک کە بەچەشنی فارسێکی نەوی/بودەڵە ئەدوێن».[7]

کوردی، کە سەر بە بنەماڵەی زمانیی هیند و ئورووپاییە، لەباری ڕێژەی بێژەرەکانیەوە چلەمین زمانی دنیایە.[8] لە سەدەی حەوتەمدا و لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ هەرێمەکە، فەرهەنگ و زمانی کوردی «بەقووڵی کەوتە ژێر کاریگەریی دینە نوێکە و زمانی عەرەبی، کە ئەم دووانە کۆڵەکەی پێکهاتەی دەسەڵاتی خەلافەتیان لەسەر دانرابوو».[9] وردەوردە، زمانی کوردی لەلایەن هێزە سیاسییە زاڵەکانەوە بە خوارتر چاوی لێ کرا (شێوەیەکی سەرەکی پشتگوێخستنی زمانی کە لەناو ئیمپراتۆریی عوسمانیدا سەری هەڵدا).


زۆرێک لە لێکۆڵەرانی زمانی کوردی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زمانەکە لە هەموو ناوچە کوردییەکاندا جیا لە باکووری عێراق تووشی سڕینەوە بووە.[10] ئەم وتارە باس لەوە دەکات کە خوێندنەوەی وردتری مێژووی زمانی کوردی لە عێراقدا ئەو ئاکامەی کە بابەتی عێراقی بەجیاواز دەبینی ناسەلمێنێت. ئەم خوێندنەوەیە پیشان دەدات کە بێجگە لە ماوەیەکی کورت لەو ساڵانەی کە «سەردەمی زێڕینی» دوای دامەزرانی کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ لەخۆ دەگرێت، کورد لەو شوێنەدا کە ئێستا دەوڵەت-نەتەوەی عێراقی پێ دەوترێت، هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە تا ڕاپەڕینی ١٩٩١، کراون بە ئامانجی سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی جینۆساید و هەڵاواردنی زمانی.


تووی سیاسەتە مۆدێڕنەکانی جینۆسایدی زمان لە قۆناغی دووهەمی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا و لەساڵەکانی ١٩٢٠-١٩١٤ چێندرا، کە بەسەر ئەو هەرێمانەیشدا دەسەڵاتی بوو کە ئێستا بە دەوڵەتی عێراق دەناسرێتەوە. جیا لە بەتورکیکردنی زمانی کوردی، بەرنامەی خوێندنی خوێندنگەکان و شوناسی بەکۆمەڵی کوردی، عوسمانییەکان هەروەها بە سنووردارکردنی ژمارەی خوێندنگە بەردەستەکان لە ناوچە کوردییەکاندا بەربەستیان لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بە خوێندن دروست کرد. لە ساڵی ١٨٦٩دا، دوای ٢٥٠ ساڵ دەسەڵاتداریی عوسمانی بەسەر ئەوەی ئێستا کوردستانی بەشی عێراقی پێ دەوترێت، تەنیا ٢ خوێندنگە هەبوون، یەکێکیان لە شەهرەبان و ئەوی تر لە
عەلیاوا.[11] ئەمانە خوێندنگەی دینی بوون بەڕێکار و بەرنامەیەکی خوێندنی بنەماییەوە کە بە تورکی دەوترایەوە و تەنیا بۆ کوڕانیش بوون.[12] یەکەمین خوێندنگەی مۆدێڕنی(سێکۆلار) سەرەتایی بەتەنیا بۆ کوڕان بوو، لە خانەقین لە ساڵی ١٨٨٧دا دامەزرا.[13]

سەرەڕای ئەوەی سەردەمی عوسمانی بە سەرکوتی زمانیدا دەناسرایەوە، بەڵام سیاسەتی فەرمیی جینۆسایدی زمان بە ڕاشکاوی لە پاشایەتیی هاشمییەوە (١٩٢١-١٩٥٨) گیرایەبەر. ڕوخساری سەرەکیی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە لەو ماوەیەدا و بۆ دواتریش ئیدیۆلۆگی ناسیۆنالیستی عەرەب ساتع ئەلحوسری (١٩٦٨-١٨٧٩) بوو. لە ساڵی ١٩٢١ دا، فەیسەڵی یەکەم، پاشای نوێی عێراق، کە لەلایەن بریتانیاوە هەڵبژێردرابوو بۆ ئەوەی بڕیارە کۆلۆنیاڵییەکەیان لە مەڵبەندی عوسمانیی پێشوودا بەڕێوە ببات، ساتع ئەلحوسریی بانگهێشتی بەغداد کرد و وەک بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی پەروەردە دیاریی کرد، کە ئەرکی ئەو تێکلهەڵکێشانی بیرۆکەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەناو سیستەمی پەروەردەدا بوو.[14] بەوجۆرەی پاشتریش باسی دەکەم، لەم سەردەمەدا ئەو سیاسەتە زمانییانەی کە دژ بە ئاخێوەرانی کورد لە ئەمپراتۆریی عوسمانیدا دانرابوون، بناژۆیی کرانەوە. دوابەدوای کوودێتای نیزامی لە ساڵی ١٩٥٨ لە عێراقدا، کورد سەردەمێکی زێڕینی کورتیان بەخۆوە بینی کە تێیدا خوێندنگە، ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن و وێستگەی رادیۆیی و بڵاوکراوە بە زمانی کوردی و بەهەردوو دیالێکتی سۆرانی و کرمانجی / بادینی تێیدا گەشەیان کرد.[15] لەگەڵ ئەوەیشدا، سیاسەتەکانی [حکوومەتی] پاشایەتی بۆ جینۆسایدی زمانەوانی لەگەڵ بڵاوبوونەوە و گەشەسەندنی ئیدیۆلۆژیی ناسیۆنالیستیی عەرەب پێش دەکەوت. بەمجۆرە، شێوازەکانی هەردوو، عوسمانی و پاشایەتی، بوون بە بنەمایەک بۆ بەعس بۆ ئەوەی تێکنیکە جۆراوجۆرەکانی قڕکردنی زمان جێبەجێ بکات، کە لەکۆتاییدا بە شاڵاوی ئەنفال لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٨٠ دا گەیشت بە پاکتاوکردن و جینۆسایدی فیزیکییش.


پێناسە و ئاڵنگاریەکان

جینۆسایدی زمانی کوردی لە عێراقدا بەگوێرەی پێویست سەرنجی زانستییانەی نەخراوتەسەر. لەم بەشەدا هێندێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە بۆچی ئەم بابەتە لە بواری زانستدا پشتگوێ خراوە باس دەکرێن و ئەو پێناسەیەی کە لەم وتارەدا بەکار براوە پێشکەش دەکرێت. بە مەبەستی تێگەیشتن لە سروشتی جینۆسایدی زمانی کوردی لەماوەی ڕێژیمی بەعسدا و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر لایەنێکی پشتگوێخراوی ئەم بابەتە، کە بەناوی سیاسەتی پەروەردەی زمانی عێراقی دەناسرێت، لەساڵی ٢٠١٧دا لەگەڵ ٢٠ تاکی کورد لە کوردستانی باشووردا کۆمەڵێک وتووێژی نیوە-داڕێژراوم (semi-structured interviews) ڕێکخست. ئەوانەی وتووێژم لەگەڵ کردن ئەو تاکانە بوون کە پەیوەندییان بە سیاسەتەکانی تواندنەوە (ئەسیمیلەیشن)ی سیستێمی پەروەردەی عێراقەوە هەبوو و، ئاگاداری کاریگەرییە ڕووخێنەرەکانی ئەو سیاسەتانە بوون. ئەم وتارە ڕێبازی توێژینەوەی فرەڕەهەند و چۆنیی نێوان لقی (interdisciplinary qualitative) بۆ لێکدانەوەی سروشتی سیاسەتی پەروەردەی زمان لە عێراقدا دەگرێتەبەر، کە چەند شێوازی وەک لێکدانەوەی وێژمانی ڕەخنەگرانە (critical discourse analysis) و هەڵسەنگاندنی گێڕانەوە زارەکییەکان و بەڵگە مێژووییەکان بەکار دەبات.

لە لێکدانەوەی وێژمانی ڕەخنەگرانەدا، زمان وەک بیچمێکی ئاکاری کۆمەڵایەتی ڕاڤە دەکرێت. لێکۆڵەرانی ئەم ڕێبازە، وەک نۆرمەن فێرکڵەو، پێیان وایە کە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی لە ڕایەڵەی زمانەوە دادەمەزرێن و بەهێز دەکرێن. بەمجۆرە، ئاکارە کۆمەڵایەتییە زمانی و نازمانییەکان، بناغەی یەکتر دادەنێن.[16] لێکدانەوەی وێژمان، تێکنیکێکی بەکەڵکە بۆ گەڕان و لێکدانەوەی مانای کۆمەڵایەتی و سیاسیی دوو جۆری نووسراو و وتراوی وشەکە. بەتایبەتی لە تێگەیشتن لە ڕەهەندی قڕکەرانەی زمان لە سیاسەتی پەروەردە و خوێندن لە عێراقدا یارمەتیدەرە، لەبەرئەوەی ڕێگا دەدات جیا لە لێدوانی ڕێبەرانی عێراق و دەقی ڕاشکاوانەی خودی سیاسەتەکە لەڕێگای جێبەجێکردنەکەی و ئەزموونی خەڵکیش لەگەڵیدا ئامانج و مەبەستەکانی لێکبدرێنەوە.


قڕکردنی زمان، سڕینەوەی بەئەنقەست و سیستێماتیکی زمانێکە. ئەم پێناسەیە لە پێناسەی رافائێل لێمکین بۆ قڕکردنی زمان وەرگیراوە کە بە بیچمێک لە جینۆساید دایدەنێت و لە ڕەشنووسی کۆنڤانسیۆنی ڕێگرتن و سزای تاوانی جینۆسایددا هاتووە. بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە باسەکەوە هەیە دەقی بەندی یەکە(c)، کە هەوڵەکانی جینۆسایدی فەرهەنگی کە ئامانجیان تێکدانی تایبەتمەندییەکانی تاقمێکە بە ئەمانە دیاری دەکات «(ئا) گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵان بۆ ناو تاقمێکی تری مرۆیی (ب) ڕاگواستنی زۆرەملێ و سیستێماتیکی ئەو تاکانەی کە نوێنەرایەتیی فەرهەنگیی تاقمێک دەکەن (پ) ڕێگرتن لە بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی تەنانەت لە ئاخافتنە تایبەتییەکاندا.» ئەگەرچی بەندی یەک (c) قڕکردنی زمانی لە دەقی کۆتاییی کۆنڤانسیۆنی جینۆسایددا دانەنا،[17] بەڵام دیسان دەبێت وەک ماکێکی گرینگی پێڤاژۆی جینۆساید بیبینین.


زمانناسەکان بۆ ماوەیەکی زۆر پێیان وابووە کە زمان تەنیا مێکانیزمێک بۆ پەیوەندیگرتن نییە، بەڵکوو سەرچاوەی هێزە. زمان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ گەشەی شوناس، سۆز، بیرۆکە، ڕێزلەخۆگرتن و لەخۆتێگەیشتنی تاقمەکاندا هەیە. بۆیە تێکدانی زمانێک دەتوانێت ڕێگایەکی کاریگەر بێت بۆ تێکدانی بنەمای شوناس و ئەندامییەتیی

تاقمێک.[18] پێڤاژۆی لەناوبردنی زمان مەرج نییە بە هەوڵی ئاشکرا بۆ سڕینەوەی زمانێک دەست پێ بکات. زنجیرەی جینۆسایدی زمان، بیچمی جۆراوجۆر بەخۆیەوە دەگرێت وەک قەدەغەکردنی زمان، «مردنی زمان» ( بەهۆی مردنی سروشتی، کۆچکردن، سەرکوتی سیاسی)[19] و «هەڵاواردنی زمانی (linguicim) کە هاوچەشنە لەگەڵ چەمکەکانی تۆرەمەپەرستی (racism)، ڕەگەزپەرستی (sexism)، هەڵاواردنی نێوان چینەکان (classism)، هەڵاواردنی نێوان تەمەن (ageism).[20]» سکووتناب کانگاس، هەڵاواردنی زمان وەک «ئیدیۆلۆژی، پێکهاتە و ئاکارێک پێناسە دەکات کە بۆ ڕەواییدان، بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانەوەی دابەشبوونی نایەکسانی دەسەڵات و سەرچاوەکان (ماددی و ناماددی) لەنێوان ئەو کۆمەڵە/گرووپانەدا کە لەسەر بنەمای زمان پێناسە کراون بەکار دەبرێت.»[21] هەموو ئەم سیاسەتانە بە تێپەڕینی کات دەبن بە هۆی لاوازکردنی، خێراتر یان هێورتری، یەکگرتوویی و شوناسی تاقمەکان.
بەدڵنیاییەوە، قڕکردنی زمان هەروەها پێڤاژۆیەکی توندوتیژ و سەرکوتکارانەیشە کە دەتوانێت وەک داڕشتنی لەسەرەخۆی هێندێک بڕیار و سیاسەت کە تێکنیکی جۆراوجۆر بۆ تێکدانی زمان دەگرێتە بەر، یان قەدەغەکردن و بەتاوانکردنێکی خێراتر و چڕتری زمانێک (و بە دڵنیاییەوە خەڵکێکیش کە بە ئەو زمانە دەپەیڤن) دەربکەوێت. سکووتناب کانگاس، هاودەنگ لەگەڵ ژوان کۆبارووبایاس، دابەشکارییەک لە ستراتێژییەکانی دەوڵەت بۆ قڕکردنی زمان دەخاتە بەردەست:
(ئا) هەوڵدان بۆ کوشتنی زمانێک (بەبێ کوشتنی ئاخێوەرانی)؛ (ب) ڕێگەدان بە مردنی زمانێک؛ (پ) پێکەوەژیانی پەڕاوێزخەرانە (بەبێ پشتگیریکردن)؛ (ت) پشتگیریکردن لە کارکردێکی تایبەتی زمان بەشێوەی هەڵبژاردراو و (ج) دیاریکردنی زمانێکی فەرمیی جیاواز.[22]
لەباری مێژووییەوە، هەمووی ئەم تێکنیکانە لە باشووری کوردستاندا و بەدژی خەڵکی کورد پەرەیان سەندووە. بۆ وێنە، پێکەوەژیانی پەڕاوێزخەرانە لە سەرەتاکانی سەردەمی عوسمانییەکاندا و لەماوەی پاشایەتیی هاشمییەکاندا گیرایەبەر، ئەگەرچی هەرکامەیان زمانێکی فەرمیی جیاوازیان هەبوو. دواتر، حیزبی بەعس نەک هەر هەمووی ئەم ستراتێژییانەی قڕکردنی زمانی سەپاند، بەڵکوو هەروەها هەوڵی دا کە هەموو دانیشتووانی کورد لە عێراقدا لەناو ببات (بۆوێنە جینۆسایدی ئەنفال، هەڵەبجە، فەیلی و بارزانییەکان).

کۆلۆنیالیزم و سیاسەتەکانی جینۆسایدی زمان لە پێڤاژۆی داگیرکاریدا بەتوندی بەستراونەتەوە بە خولقاندنی گۆمەزی زمانییەوە. پێگەی سەرتری زمانێکی تایبەت لە گۆمەزی دەسەڵاتدا سەرچاوەیەکە بۆ هەڵاواردنی زمانی و بیچمەکانی جینۆسایدی زمان دەخولقێنێت کە کۆبارووبایاس و سکووتناب -کانگاس ئاماژەیان پێ کردن. لە پێڤاژۆ کۆلۆنیاڵییەکاندا، قڕکردنی زمان بەزۆری لەڕێگای هەڵبژاردنی زمانێکی ناخۆجێیی وەک زمانی فەرمی، پشتگیریکردنی بەشبەشی کارکردەکانی زمانی خەڵک و وڵاتی بەکۆلۆنیکراو و پێکەوەژیانی پەڕاوێزخەرانەوە بەرەوپێش دەچێت. بۆ وێنە، لە پەڕاوێزی کۆلۆنیالیزمی بریتانیایی لە هینددا، زمانی هیندی لەلایەن زمانی کۆلۆنیاڵییەوە دەگۆڕدرێت [بە مێکانیزمێکی گۆڕانی زمان، بۆوێنە بە بەکاربردنی وشەی زمانی تر و گۆڕانی وشەکانی خۆی].[23] زۆرێک لە وشە عەرەبییەکانی خەڵکی لوبنان و بەشە فەڕانسی-ئاخێوەکانی (francophone) ئەفریقا لەلایەن فەڕانسەوە گۆڕدران. هەربەوجۆرەیش، وشە کوردییەکان لە عێراق و سووریەدا لەلایەن زمانی عەرەبییەوە، لە ئێراندا لەلایەن زمانی فارسی و لە تورکییەدا لەلایەن زمانی تورکییەوە، بەهۆی بایەخێکی زمانەوانی کە دراوە بە زمانی فەرمیی دەوڵەت و زمانی پەروەردەوە، گۆڕدران. دەکرێت میکانیزمی گۆڕینی زمان (relexification) وەک جۆرێکی بەکۆلۆنیکردنی زمانی کوردی ببینرێت. بەهۆی ئەوەی کە ئەم زمانە کۆلۆنیاڵییانە هۆکارێکی گرینگی بەکۆلۆنیکردنی خەڵکی کورد و لە باربردن بوون بۆ سامانی زمانەوانیی کوردی.


لە ئیمپراتۆریی عوسمانی بەدواوە، زمانی کوردی لە بەرژەوەندیی زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسیدا پشتگوێ خراوە، کە هەرکام لەم زمانانە، لەکاتی جیاجیادا پێگەیەکی فەرمییان هەبووە. کاتێک دەوڵەتێک پێگەیەکی فەرمی دەدات بە زمانێک، ئەو زمانە لە گۆمەزی زمانەکاندا دەخاتە پێگەیەکی بەرزترەوە، بەمجۆرە تێکەڵی سامانی زمانەوانیی دەکات. بۆ وێنە، عوسمانییەکان سێ زمانیان وەک زمانی ڕەسمی هەڵبژارد؛ زمانی عەرەبی وەک زمانی ئایین؛ فارسی وەک زمانی وێژە، هونەر و دیپلۆماسی و، تورکیی عوسمانییش کە تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆری بەکار دەبرا. بەمجۆرە عوسمانییەکان گۆمەزی زمانیان دروست کرد و لەسەر حسێبی زمانە کەمینەکانی وەک کوردی، سامانی کۆمەڵایەتییان لکاند بە ئەم سێ زمانەوە.


بەگوێرەی ئەو پێناسە و سیاسەتانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، زمانی کوردی لە کاتی هێرشی ئیسلامەوە بۆسەر ئەو ناوچانەی لەئێستادا لەلایەن ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە داگیر کراون تووشی بیچمە جۆراوجۆرەکانی جینۆسایدی زمانەوانی بووەتەوە. بەڵآم دیسان، لێکۆڵەرانی جینۆساید و خوێندنەوە نێوان لقییەکان بەهۆی چەندین هۆکارەوە لە باسی جینۆسایدی زمانی کوردیدا تووشی ئاریشە دەبن.


زۆرێک لە کوردەکان (لەناویاندا لێکۆڵەرانیش)، بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا (عێراق)، پێیان وایە کە جینۆسایدی زمانییان ئەزموون نەکردووە. کۆمەڵێک هۆکار لەپشت ئەم بۆچوونەوە هەیە. یەکەم، کەموکوڕی لە تێگەیشتنی زانستی لە ئەو باس و پێناسانەی لە خوێندنەوەکانی جینۆساید و تیۆرییە فەرهەنگی-کۆمەڵایەتییەکانی تر لەپەیوەندی لەگەڵ بابەتی جینۆسایددا پەرەیان سەندووە. خوێندنەوەکانی کورد لقێکی پەرەنەسەندووە و زۆرێک لە کارەکان لە بواری کورددا بە هەوڵی چالاکان بووە. بۆ وێنە، ئەگەر لە تاک و لێکۆڵەرانی کورد لە عێراقدا بپرسرێت کە بەعەرەبکردنیان ئەزموون کردووە، بە ئەگەری زۆر دانی پێدادەنێن، بەڵام لە هەمان کاتدا وانازانن کەجینۆسایدی زمانییان بەسەردا سەپاوە. لە کاتێکدا، بەعەرەبکردن جۆرێکی جینۆسایدی زمانی بەرهەم دەهێنێت. دووهەم، زۆرێک لە لێکۆڵەران کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی تاوانبارانی جینۆسایدی زمانی کوردی کە بەهۆیەوە پێیان وایە زمانی کوردی کەمبایەخترە و بەمجۆرە زمانی تاوانباران و کۆلۆنیالیستەکانیان هەڵبژاردووە.[24] ئەوان کارەکانی دەوڵەتیان ناواخن کردووە و وەک دەوڵەت دەبینن و بیر دەکەنەوە[25] و هێندێک لەوان بەهۆی سیاسەتە زمانقڕکەرەکانەوە زمانی دایکیی خۆیانیان نەناسیوە و فێری نەبوون. هۆکاری سێهەمی داننەنان بە جینۆسایدی زمانی کوردی، هەڵسەنگاندنە پێشوەختە ئیدیۆلۆژیکەکانە. هێندێک لە لێکۆڵەران پێیان باشە کە لێکۆڵینەوەکانیان بەگوێرەی ئیدیۆلۆژییەکانی وەک کۆمۆنیزم و ئیسلامخوازی دابڕێژنەوە و لە هەوڵە زانستییەکانیاندا زیاتر لە بەبەڵگەکردنی ئاماژە مێژووییەکانی جینۆسایدی زمان، سەرنجیان خستووەتە سەر پێشخستنی ئەم ئیدیۆلۆژییانە. لەکۆتاییدا، کورد و لەناویاندا لێکۆڵەرانیش، بە هێڵی خێڵ و حیزبی سیاسی خۆیان جیا کردووەتەوە. ئەوان لەبری ئەوەی خەریکی کێشەی نەتەوەیی و پرسی دروستکردنی نەتەوە بن، زۆرتر بەهۆی کێشە تاقمی و خێڵەکییەکانەوە داگیر کراون. بەو جۆرەی برۆینسێن بانگەشەی دەکات: « دەستتێوەردانی دەوڵەتی ناوەندی بۆ ئەوەی دەستی سەرتری لە کێشەی ناوچەیی و خێڵەکیدا ببێت بابەتێکی چەندپاتەیە لە مێژووی کورددا.»[26]


هەروەها کورد زۆرتر لەوەی لەسەر پرسیار بەدوای مێژووەکەیدا داگیر کرابێت، لەسەر بابەتی مانەوە و پرسی ئازادیی نەتەوەیی داگیر کراوە. کورد، جیا لە ئەوانەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە عێراقدا پارێزراون، لە ئازادیی کۆکردنەوە، نووسین و پاراستنی مێژوویان بێبەش کراون؛ زۆرێک لە کتێبە مێژووییەکان کە بەدوای ساڵی ١٩٩١ دا نووسران، پشتیان بە سەرچاوەی باوەڕپێنەکراو و هێندێک جاریش تەنانەت بە گێڕانەوەی تاوانبارەکان بەستووە. ئەمە بۆ پشتگوێخستنی ئەو لێکۆڵەرانەی باشووری کوردستان و دیاسپۆرا نییە کە زۆرتر سەرقاڵ بوون بە پەرەسەندنی دامەزراوەیی بۆ داهاتوو. بەڵام ئەم ئاریشانە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم لێکۆڵەرە بیانییەکان کە کەمتر دەستیان بە بابەتە زانستییەکان ڕادەگات. هەروەها کێشەی بۆ لێکۆڵەرە نوێیە کوردەکان دروست کردووە کە دەیانەوێت لەسەر ئەو ئاریشانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا کار بکەن.


پاشایەتی: جینۆسایدی زمانەوانی لە ڕێگای سیاسەتی پەروەردەوە

لەڕووی مێژوویییەوە سیاسەتی جینۆسایدی زمانی کوردی و سیاسەتی پەروەردەی زمان لە عێراقدا بەڕوونی لە ژێر چاودێریی پاشای یەکەمدا، فەیسەڵی یەکەم و بەر لە دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ دامەزرا. سیاسەتی زمان بە گشتی «کۆمەڵێک بیرۆکە، قانوون، ڕێنوێنی، ڕێوشوێن و ئاکار لەخۆدەگرێت کە مەبەستیان گۆڕینی بەرنامەبۆداڕێژراوی زمان لە کۆمەڵگا، تاقم یان سیستێمدایە.[27] سیاسەتی پەروەردەی زمان «مێکانیزمێکە کە بۆ خوڵقاندنی ئاکارە زمانییە دۆفاکتۆکان لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بەکار دەبرێت. …[و] لەبەرئەوەی لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە بەکار دەبرێت، بۆ ئەوەی لەڕێگای پەروەردەی فەرمییەوە ئیدیۆلۆژی بەکردەیی بکەن، وەک بیچمێکی سەپاندن و دەستێوەردان لە سیاسەتی زماندا دەبینرێت.[28] ئەو سیاسەتی پەروەردەی زمانە کە لە عێراقی نوێدا گیرایەبەر، لەسەرەتایەوە سیاسەتی جینۆسایدی زمانی کوردی بوو.

لە ١١ی ژووییەی ١٩٢١دا، بەریتانیا فەیسەڵی وەک پاشای عێراق ڕاگەیاند.[29] کۆنسوولی دەوڵەتی بریتانیا ئەو بڕیارەی پەسەند کرد «بەمەرجێک کە حکوومەتەکەی ئەو [فەیسەڵ] دەبوو خاوەن یاسا، دەستوور و نوێنەرایەتیی ئازاد بێت و لەلایەن یاساییەوە سنووردار بێت.[30] «لەگەڵ ئەوەیشدا، لە هەمان مانگدا، فەیسەڵ بە بانگهێشتکردنی ئەلحوسری بۆ بەغداد و دیاریکردنی ئەو وەک بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی پەروەردە، کە لە ١٩٢١ ەوە تا ١٩٢٧ لە ئەو پێگەیەدا مایەوە، ئەم مەرجەی داشکاند. ئەلحوسری بۆ ئەو مەبەستە دیاریکرا کە بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەناو سیستێمی پەروەردەی عێراقدا ڕەنگ بداتەوە.[31] ئەلحوسری ڕایگەیاند «ئەگەر نەتەوەیەک زمانەکەی ون بکات، ژیانی ون دەکات»[32] و بیرۆکە بنەماییەکانی ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبیی نوێی نووسییەوە. بیرۆکەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی ئەو بە سیاسەتی قڕکردنی زمان دەستی پێ کرد. ئەمە بە ئیدیۆلۆژیییە assimilationist ئاسیمیلاسیۆنیستییەکەیدا کە لایەنگریی لێ دەکرد دیار بوو.


هەموو تاکێک کە بە عەربی قسە دەکات عەرەبە، هەر تاکێک لە یەکێک لەو وڵاتانەدا دەژی سەر بە عەرەبە، عەرەبە. هەروەها، ئەگەر ئەو بە ئەمە نازانێت و ئەگەر ئەو شانازی بە عەرەببوونی خۆیەوە ناکات، ئەو کات دەبێت ئێمە بەدوای ئەو هۆکارانەدا بگەڕێین کە ئەم هەڵوێستەیان لەلای دروست کردووە. ڕەنگە ئەمە ئاکامی خۆپەرەستییەکی دەرەکی بێت، لە وەها وێنەیەکدا، دەبێت خۆپەرستییەکەی سنووردار بکەینەوە.[33]

ئەم دەقە پیشانی دەدات کە ئەلحوسری پێی وا بوو هەر تاکێک کە زمانی عەرەبی فێر بووە، سەرەڕای سەرچاوە ئێتنیکییەکەی، ئەو کەسە عەرەبە. کەسانێک لە وڵاتێکی ناسراوی عەرەبیدا ژیان بەسەردەبەن بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئێتنیسیتەی ڕاستییان، لەناویاندا ئەندامییەتی لە تاقمە خۆجێییە ناعەرەبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بۆوێنە کورد، قبتی، ئاسووری، کلدانی) کە خاکەکەیان لەلایەن عەرەبەوە داگیر کراوە، ئەو کەسانە عەرەبن. ئەگەر ئەوان بەرەنگاری بەعەرەبکردن بوونەوە، بەمەبەستی سنووردار کردنی خۆپەرستییەکەیان[34] دەبێت بەزۆر بتوێندرێنەوە. «وەها بەعەرەبکردنێکی توندوتۆڵ لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە لایەنێکی سەرەکیی جیۆسایدی فەرهەنگیی کورد بووە. سیاسەتەکانی بەعەرەبکردنی عێراق ڕەنگە بەبێ هەڵاواردنی زمانیی لەمێژینە و دۆڕاندنی سامانە زمانەوانییەکانی کوردی بەهۆی خولقاندنی گۆمەزی زمانیی عوسمانییەکانەوە، جێبەجێ نەدەبوو.»

ئیدیۆلۆژیی ئەلحوسری تا ڕادەیەک کێشەی بۆ حوکمی بریتانیا لە عێراقدا دروست کرد (١٩٣٢-١٩١٤). وادیارە بریتانیاییەکان لە کاریگەرییە دەرنەکەوتووەکانی بەرنامەکانی فەیسەڵ و ئەلحوسری لەسەر ستراتێژییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بریتانیا تێگەیشتبوون. عەزیز یاوەر دەستنیشانی دەکات کە لە مانگی نۆڤێمبری ساڵی ١٩٢١ دا، کەپتن فارێل، ڕاوێژکاری وەزارەتی پەروەردە لە عێراق، ڕاپۆرتێکی بۆ سکرتێری کۆمیسێونی باڵا نارد.[35] ئەم ڕاپۆرتە تێکەڵکردنی ڕێبازە ناسیۆنالیستییە عەرەبییەکان لەناو بەرنامەی خوێندن لە عێراقدا پیشان دەدات و ڕەخنەی لە ئەوە گرتووە کە چۆن بەرنامە پێشووەکە، کە ڕەنگدانەوەی پێکهاتە جۆراوجۆرە نەتەوەییەکانی عێراق بوو، کەوتووەتە پەڕاوێزی بەرنامەی خوێندنی ناسیۆنالیستییەوە. بەوجۆرەی کە یاوەر دەنووسێت، ئەم ڕاپۆرتە، ئەلحوسریی پاشگەز نەکردووەتەوە لەوەی بەرنامەی خوێندنی بریتانیایی کۆتایی پێ بێنێت و بەرنامەیەکی پان عەرەبی بخاتەگەڕ کە ئەو بەرنامەیە، سەردەستیی ڕێزمانی عەرەبی و خوێندنەوەی مێژووی عەرەبی، لە یەکەم ساڵی خوێندنگای سەرەتاییەوە دابین دەکرد. هەروەها، بەوجۆرەی ئەلحوسری وتی، بۆ هاندانی سۆزی ناسیۆنالیستیی عەرەبی، سروودی تایبەت بە ناسیۆنالیسمی عەرەبی لە بەرنامەی خوێندنی هەموو ئاستەکانی خوێندندا زیاد کرا.[36]


بەندی ٨ی ڕێنوێنییەکانی حوکمی بریتانیا بۆ عێراق لەساڵی ١٩٢٥دا باس لەوە دەکات کە نابێت هیچ تاقمێک بەهۆی پێشینەی دینی یان ئێتنیکییەوە بەسەر تاقمێکی تردا زاڵ ببێت. کەوابوو، بریتانیاییەکان هانی ئەوەیان دەدا کە منداڵان بە زمانی تاقمە ئێتنیکییەکانی ناو عێراق بخوێنن.[37] بەندی ١٦، ئاماژەی دەکرد کە حوکمەکە لای ئاسایی بوو ئەگەر پارێزگا کوردییەکان حکوومەتێکی سەربەخۆیان بۆ خۆبەڕێوەبەریی هەرێمەکەیان دامەزراندایە و دەیوت کە تاقمە ئێتنیکییە جۆراوجۆرەکان لە عێراقدا مافی دامەزراندنی خوێندنگە بە زمانی دایکییان هەیە. بەوجۆرەیش، ڕێژیمی عەرەبی، بۆ بەڕێوەنەبردنی بەندی ١٦ کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەبوو، بیانووی جۆراوجۆری هێنایەوە.[38] بۆ وێنە، کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە دەسەڵاتی دینی لە بەرژەوەندیی ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبی و بەدژی کورد مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. لێرەیشدا دیسان، بۆ ڕەدکردنەوەی ئەوەی کە کورد بتوانێت بە زمانی دایکی بخوێنێت بەکاربرا. ئەلحوسری لە بیرەوەرییەکانیدا[39] دەنووسێت کە بەهۆی گوشاری کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە، وەزارەتی پەروەردە خوێندنگەی لە شارە کوردییەکاندا کردبووەوە و چوار زانای بەناوبانگی کوردی دامەزراندبوو بۆ چاودێری بەسەر بەرنامەکانی زمانی کوردیدا.[40] ئەلحوسری دانی پێدادەنێت کە ئەو دژی ئەو پرۆژەیە بوو چونکە زمان و زاراوەی کوردی لەسەر بنەمای زمانی قورئان و ئیسلام نەبووە.[41]


جێگای سەرسوڕمان نییە کە، ئەلحوسری شکستی پرۆژەکەی زۆرتر خستە ئەستۆی کۆمیتەی کوردی هەتاکوو لە ئەستۆی خۆی بگرێت.[42] لەپەیوەندی لەگەڵ ئەم فێڵەی ئەلحوسریدا، جەمال نەبەز ئاماژە دەکات کە فەیسەڵی یەکەم و وەزارەتی فەرهەنگی عێراق کە بەلای ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا کێشرابوون، ئەم پاساوەیان وەک هۆکارێک بەکار برد بۆئەوەی کورد ناچار بکەن لەبری ڕێنووسی لاتینی بە ڕێنووسی عەرەبی بنووسن. ئامانجیان ئەوە بوو کە هیچ زمانێکی بیانی و یان پیتە کوردییەکان نەتوانن ببن بە جێگرەوەی پیتە (لای ئەوان) پیرۆزەکانی عەرەبی، کە ئەو پیتانەن قورئانیان پێ نووسراوە.[43]


فەرمانڕەوای پاشایەتی چەند ساڵ دوای دامەزرانی، سیاسەتێکی چری قڕکردنی زمانی بەڕێوەبرد، بەجۆرێک کە لە ڕەهەندێکی بەربڵاوتری سیاسەتێکی جینۆسایدی فەرهەنگییەوە وەرگیرابوو. ڤاڵاس لیۆن (١٩٧٧-١٨٩٢)، کە لەساڵی ١٩١٧ لە عێراقدا لە هێزی ٥٢ی سنوورپارێزی سیکدا(sikh) بوو و لە ساڵی ١٩١٨ تا ١٩٤٤ وەک بەڕێوەبەری کوردستان کاری دەکرد، لە بیرەوەرییەکانیدا لەپەیوەندی لەگەڵ کۆنفرانسێکی بەرپرسانی بریتانیا لە ساڵی ١٩٣٠ لە بەغداد کە بۆ چارەسەری پرسی کورد کۆبووبوونەوە دەنووسێت: ئەو لەگەڵ چەندین ئەفسەری بریتانیایی لەوشوێنە بوون و نوێنەرایەتیی شارە کوردییە جۆراوجۆرەکانی دەکرد[44]، کە خوازیاری ئەوە بوون پۆستە فەرمی و تێچووە گشتییەکان بە یەکسانی دابەش بکرێن و زمانی کوردییش لە هەردوو حکوومەت و خوێندندا بەکار ببرێت. لە وەڵامی ئەم خواستەدا، لیۆن دەڵێت:

ڕوون بوو کە، جیا لە سلێمانی، هەوڵی بچووک هەبوون بۆ ئەوەی ڕێز لە پەیمانەکان وەک هەڵبژاردنی بەرپرسان و بەکارهێنانی زمانی کوردی بگیرێت. شتەکان لە هەولێر و کەرکووک خراپتر بوون. کاکڵی بەڵێنەکان بەزۆری پشتگوێ خرابوون. موتەسەریف [وشەیەکی عەرەبی بۆ پارێزگار]، کابرایەکی تورکمانی زۆر دژەکورد بوو و بەرچاوتەنگيـــــی دژەکوردانە تەشەنەی کردبوو بۆ هەموو بەرپرسەکان. عەرەبی بە ئاسایی لە دادگادا بەکار دەبرا، نێردراوی پەروەردەیی بۆ مووسڵ و هەولێر عەرەبێک بوو کە بەئاشکرا دژی کورد بوو.[45]

ڕاپۆرتی زۆرێک لە چاودێرانی خوێندنگەکان دوو ماکی حاشاهەڵنەگری قڕکردنی زمانی کوردی لە سیاسەتەکانی پاشایەتیی ئەو سەردەمدا ئاشکرا دەکەن. یەکەم کاریگەریی نەرێنیی خوێندن بە زمانی عەرەبی لەسەر فێربوونی خوێندکارە کوردەکان، کە نیشانەیەکی ڕوونی پشتگوێخستنی بەرچاوی مافی خوێندنی ئەوانە. دووهەم، ڕاپۆرتەکان ئاماژەی ڕوونی جینۆسایدی فەرهەنگی دەخەنە بەرچاو وەک ئەوەی لە بەندی ٣ (c) ی یەکەم ڕەشنووسی کۆنڤانسیۆنی جینۆسایدی ١٩٤٧دا هاتووە: «رێگەپێنەدانی بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی تەنانەت لە پەیوەندییە تایبەتەکاندا.» ئەم بانگەشەیە بە دوو وێنە باشتر ڕوون دەبێتەوە. لە راپۆرتێکی ١٥ ی فێورییەی ١٩٢٩ دا، چاودێرێک کە سەردانی خوێندنگەی عەلیاوا لە خانەقینی کردووە، نووسیویەتی: خوێندکاران بە ئاستێکی نزمی زمانی عەرەبی قسە دەکەن، پێویستە ڕۆژانە زۆرتر لەسەر عەرەبی کار بکەن و زمانی عەرەبی لە ئاخافتنی ڕۆژانەیاندا بەکار بهێنن.[46] لەکاتێکدا ئاستەنگی زمان لەخۆیدا ئاماژە بۆ قڕکردنی زمان نییە، ئەم پێشنیارە دەتوانێت وەک مەبەستی جێگرتنەوەی ڕۆژانەی زمانی کوردی بە زمانی عەرەبی لێی بڕوانین، بەجۆرێک کە لەکۆتاییدا زمانە پێشووەکە بسڕدرێتەوە.

پێش دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ دا، کورد لە عێراقدا تەنیا ١٠ ساڵ ئازادی و پەرەسەندنی زمانییان هەبوو، پاشتر ئیتر دابڕان دروست دەبوو. ئەمە دووساڵی تەمەنی کورتی پاشایەتییەکەی شێخ مەحموود بەرزنجی[47]، کە لە سێپتامبری ١٩٢٢ تا ژووییەی ١٩٢٤[48] درێژەی هەبوو و هەروەها لە ماوەی دامەزراندنی کۆماری عێراقدا، بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٧٠ وە بۆ ساڵەکانی ١٩٧٧/١٩٧٥ لەخۆدەگرێت[49]. پێڤاژۆی دوایی بە کوودێتا دژی ڕێژیمی پاشایەتی و دامەزراندنی کۆمارێک لە ساڵی ١٩٥٨دا دەستی پێ کرد. لەم کاتەدا، «خواستی کورد بۆ خوێندن بە زمانی دایک بە وردەکاریی زۆرەوە داڕێژرا و لە بۆنەی جیاجیادا لەلایەن بەرپرسانەوە ئاراستە کرا… لە یەکەم هەفتەی پاش ڕووخانی پاشایەتی، حەوت مامۆستای زمانی کوردی تێبینییەکیان نووسی بۆ بەرپرسان و داوایان کرد پەروەردە بە زمانی کوردی لە هەموو خوێندنگەکاندا دەست پێ بکات. تێبینییەکە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە ڕەد کرایەوە و ڕۆژنامەی ئەلبیلاد بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەم خواستە لە پەیوەندی لەگەڵ زمانی کوردیدا، لە ساڵی ١٩٥٨دا داخرا.[50] دوای ١٠ ساڵ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، لە میانەی بەیاننامەی١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ دا، حکوومەت لە کۆتاییدا قبووڵی کرد کە زمانی کوردی لە هەموو خوێندنگەکاندا بخوێندرێت[51] و لە دامەزراوە گشتییەکانی ناوچە کوردییەکاندا بەکار بهێندرێت[52] و دەبوو وەک زمانی دووهەم لە ناوچەکانی تری عێراقیش بخوێندرێت.[53] هێشتا زمانی عەرەبی لە هەموو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا کە ڕێوشوێنی زمانی کوردیشیان بۆ دەرچووبوو دەکرا بخوێندرێت.[54] بەڵام دیسان پشتگیریی فەرمی بۆ ڕێوشوێنەکانی زمانی کوردی زۆری نەخایاند. بە هاتنە سەر دەسەڵآتی سەدام حسەین، حیزبی بەعس ئیدیۆلۆژیی جیۆسایدی پێشتر دامەزراوی ئەلحوسریی زیندوو کردەوە.


دەوڵەتی سەدامیزم و جینۆسایدی زمانەوانی

زمانناسە کۆمەڵایەتییەکان بایەخ بە زۆر لایەنی نایەکسانیی زمانی دەدەن کە دەبێت بەهۆی لە ناوبردن و جینۆسایدی زمان. بۆوێنە، سکووتناب کانگاس، باسی ئەوە دەکات کە جیا لە جینۆسایدی فیزیکی، کەمکردنەوەی ژمارەی زمانەکان لە ڕێگای قڕکردنی زمانەوە, دەتوانێت کاربکاتە سەر کۆی حەشیمەتی تاقمە بەئامانجگیراوەکان لە هەموو دنیاد. ئەو دەڵێت:
«ڕێگایەکی تری کەمکردنەوەی ژمارەی ئەوانەی دەتوانن نەتەوە بن (و بۆیە دەوڵەت-نەتەوەیش بن) دەستبردن بۆ جینۆسایدی زمانییە. ئەمە (چالاکانە) ئەوە نیشان دەدات کە کوشتنی زمانێک بەبێ ئەوەی ئاخێوەرانی بکوژرێن (وەک جینۆسایدێکی فیزیکی) یان (لەڕێگای پەڕاوێزخستنەوە ڕێگا بۆ مردنی زمانێک خۆش دەکات. هەروەها پێکەوەژیانی پەڕاوێزخەرانە (بەبێ پشتگیریکردن) دەبێت بەهۆی مردنی زمانی کەمینەکان.»[55]

سەرەڕای جینۆسایدی فیزیکیی کورد، کە ڕێژیمی بەعس لەکۆتاییەکانی ١٩٨٠کاندا بەڕێوەی برد، حیزبی بەعس هەوڵی دا ژمارەی کورد لە ڕێگای جۆراوجۆری تری وەک تواندنەوەی پەروەردەیی و سەپاندنی عەرەبی لە ژیانی ڕۆژانەدا، کەم بکاتەوە. ئەوانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە لەم بەشەدا دەریدەخەن کە بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی جینۆسایدی زمان لەڕێگای لەژێرپێ نانی مافە زمانییەکان و بەکاربردنی توندوتیژییەوە بەرەوپێش چووە. هاینس کڵاس، زمانناسی کۆمەڵایەتی، دوو دەستە مافی زمانی دیاری دەکات: مافە پێکەوەهەڵکردن-تەوەرانەکان (tolerance – oriented) مافە پەرەپێدان- تەوەرەکان (promotion – oriented).[56]

کڵاس، مافە پێکەوەهەڵکردن- تەوەرانە زمانییەکان وەک مافی بەکارهێنانی زمانی خۆ لە تەنیاییی خۆدا و لە شوێنە ناحکوومییەکانی وەک لە ناوماڵدا پێناسە دەکات. هەروەها مافی پەرەپێدانی زمان لە ڕیگای خوێندنگە تایبەتەکان و دامەزراوە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ترەوە دەبێت ببێت. ستیفن مای ئەمە وەک مافی فرەئێتنیکی (polyethnic) ناو دەبات، کە بەجۆرێک، پێکهاتەی هێژمۆنیکی کەمینەکان تووشی ئاریشە دەکات.[57] مافی فرەئێتنیکی مەبەستی یارمەتیدانی تاقمە کەمینە ئێتنیکییەکانە بۆئەوەی بە بەردەوامی بتوانن میراتە فەرهەنگی، زمانی و/یان دینییەکانیان، بەتایبەتی لە بواری تایبەتیدا، دەرببڕن؛ بەبێ ئەوەی ئەو میراتە لەسەر سەرکەوتنیان لەناو دامەزراوە ئابووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگای نەتەوەی زاڵدا ئاستەنگ دروست بکات.[58]

بەپێچەوانەوە، بەگوێرەی بۆچوونی کڵاس، مافە پەرەپێدەرە زمانەوانیەکان، بەکارهێنانی زمانێک لە بواری گشتیدا لەخۆدەگرێت؛ وەک داننان بە زمانە کەمینەکان لە هەموو بوارە فەرمییەکاندا لەلایەن دەوڵەتەوە، بەکارهێنانی زمانەکە لە حکوومەت، بڵاوکراوەکان و خوێندنگا گشتییەکاندا. بەپێچەوانەی عەرەب، کورد لە عێراقدا بەتەواوەتی ئەم مافە زمانییانەی وەرنەگرت. ئەگەرچی ڕێژیمی بەعس چەندین جار دانی بە هەردوو مافە پێکەوەهەڵکردن-تەوەرەکان و پەرەپێدان-تەوەرەکانی کورددا نا، بەڵام کاتی و ناتەواو بووون و زۆرتر ئامرازی تاکتیکی درێژەدانی جینۆسایدی نەرمی زمان بوو، تا ئەوەی لە خەمخۆریی بۆ کورد بێت بۆئەوەی بتوانێت بە زمانی خۆی قسە بکات.


ملنانەکانی بەعس بۆ زمانی کوردی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر جیاواز بوون. بۆوێنە، شارە کوردەکانی باشووری عێراق، وەک خانەقین، کەرکووک و بەشە کوردەکانی دیالە، زۆر زووتر لە شارەکانی تری کوردستان ڕووبەڕووی بەعەرەبکردنی زۆرەملێ بوونەوە. لە ١٩٨٠ کانەوە، زمانی کوردی بەرەبەرە گۆڕا لە زمانی خوێندندا. ئەبووجاسم لە خانەقین، یەکێک لەو کەسانەی لەم خوێندنەوەیەدا وتووێژی لەگەڵ کراوە، ئاماژە دەکات کە ئەو خەڵکەی کە لە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی تێنەگەن لە ئەو کوردییەیش کە لەلایەن خەڵکی خانەقینەوە قسەی پێ دەکرێت، تێناگەن. هۆکاری ئەوەیە کە،[59] نەک هەر شانسی ئەوەمان نەبوو کە بە کوردی بخوێنین، بەڵکوو زۆرێک ناچار کران نەتەوەکەیان لە کوردەوە بۆ عەرەب بگۆڕن. بۆیە، ئێمە وشەی عەرەبیمان لە ٥٠٪ ی دەربڕینە کوردییەکانی ڕۆژانەماندا بەکار دەبرد. شارەکانی وەک سلێمانی سەلماندیان کە ئاستەمتر بۆ حیزبی بەعس کۆنترۆڵ دەکرێن و سەرەڕای ئاریشەی زۆر لەوێدا، خەڵکی خۆجێیی بەرانبەر بە بەعەرەبکردن خۆیان ڕاگرت و زمانی کوردییان وەک زمانی خوێندن پاراست.


لە سلێمانیدا خوێندکارە کوردەکان نەک هەر ناچار بوون دژی توندوتیژی لەناو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا کە ئاکامی سیاسەتی جینۆسایدکردنی زمانی ڕێژیمی بەعس بوون خۆڕابگرن، بەڵکوو تەنانەت لەسەر شەقام و لەناو ماڵەکانیاندا دەکرانە ئامانج. فرمێسک موستەفا، یەکێک لەو کەسانەی کە وتووێژی لەگەڵ کراوە، لە خۆپیشاندانێک لە ساڵی ١٩٨٠ دا لە سلێمانی بەشداریی کردووە کە لەلایەن خوێندکارانی دواناوەندییەوە ڕێکخرابوو بۆ مەحکوومکردنی گۆڕینی بەرنامەی خوێندنیان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی. ئەو کاتێک سەرنجی دا کە دوو کەسی ئەمنی بەدوایەوەن. لەگەڵ یەکێک لە هاوپۆلەکانی ڕایکردووەتەوە بۆ ماڵەوە.

دایکم هاوپۆلەکەمی لەناو دۆڵابەکەدا شاردەوە و منیش ڕاستەوخۆ کراسەکەی دایکم کرد بەسەر جلەکانی خوێندنگامدا. ئەوان ماڵەکەمان گەڕان بۆ هاوپۆلەکەم و گرتیان. دڵنیا نیم چیی بەسەرهات. ئیتر هیچکات نەمدییەوە. ئەوان هەوڵیان دا کراسەکەم دابکەنن بۆ ئەوەی بزانن لەژێرەوە چیم لەبەرکردووە. لەبەر ئەوەی پاڵم پێوەنان بۆ دواوە، بە قۆناغەی تفەنگەکانیان زۆریان لێدام. سەرم هەمووی خوێن بوو. [دواتر] نێردرام بۆ ماڵی داپیرەم بۆ ئەوەی ئەگەر گەڕانەوە پارێزراو بم.[60]

بەگوێرەی قسەکانی فرمێسک، ڕێژیم زۆرێک لە خوێندکارانی لەم شارەدا دەستبەسەر دەکرد و ئەشکەنجە دەدا، لەبەرئەوەی بەرەنگاری بەعەربکردن بووبوونەوە؛ هێندێکی وەک هاوپۆلییەکەی ون بوون و هیچکات نەبینرانەوە.
ڕێژیم، بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەها بەرەنگارییەکی کورددا، تێگەیشت کە چەند ئاستەمە زمانی کوردی بسڕێتەوە و خەڵکی سلێمانی کۆنترۆڵ بکات. بۆیە، دەستی کرد بە کۆکردنەوەی پەروەردە بەگشتی و لەساڵی ١٩٨١ دا زانستگای سلێمانیی، کە تاقە زانستگای ئەم شارە گەورەیە بوو، داخست.[61] ئەم داخستنە «بە ئامانجی سڕینەوەی ڕۆحی شۆڕشگێڕی بوو. «ئەم زانستگایە لە ساڵی ١٩٩٢ دا و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دووبارە کرایەوە. بۆیە، بەگشتی، کورد لە عێراقدا مافی زمانیی سنوورداری پێکەوەهەڵکردن- تەوەرانەیان لە هێندێک سەردەم و شوێندا پێ درا، وەک ئەوەی زمانی کوردییان وەک ئامرازی خوێندن ببێت و لە ماڵەوە و لە ناو کۆمەڵدا بە کوردی قسە بکەن.[62] لەگەڵ ئەمەیشدا، لە زۆرێک لە ناوچەکاندا دامەزراوە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کوردییەکان بەیەکەوە قەدەغە کران.

ئەو مافە پەرەپێدان- تەوەرانەی کە لە ١٩٧٠ دا بە کورد دران، دواتر لێل بوون و لەکۆتاییدا گەیشت بە جینۆسایدکردنی زمانەکەیان. سەدام حسەین بەهۆی بڕیارە تاوتاو و دژبەیەکەکانیەوە ناوی زڕا. بۆ ئەو ئاسایی بووبووەوە کە سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ چارەسەری کێشەیەک لە عێراقدا ڕابگەیەنێت و تەنیا مەبەستی ئەوە بووە کە دواتر بۆچوون و کردەوەی بگۆڕێت بۆ ئەوەی هەلومەرجەکە لەو کاتەدا ڕابگرێت و دوایی خراپتری بکات. بۆوێنە، لەساڵی ١٩٦٨ دا، لەژێر گوشاری سیاسی و نیزامیدا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورددا باش کرد. ئەو هێندێک سیاسەتی داڕشت کە ڕێگای دەدا کە بە زمانی کوردی بخوێندرێت، هێندێک خوێندنگای لە شارە کوردەکاندا دامەزراند،[63] کۆمەڵێک مامۆستای کوردی دامەزراند و ناوی بەشێک لە خوێندنگاکانی لە عەرەبییەوە کرد بە کوردی. هەروەها، لەسەر تەلەفزیۆن دەرکەوت و جلوبەرگی کوردیی لەبەر کرد، هەوڵی دا چەند وشەیەک بە کوردی قسە بکات و کوردیی لەپاش عەرەبی و ئینگلیزی کرد بە زمانی


سێهەم، کە لە خوێندنگا عەرەبییەکاندا بخوێندرێت.[64] لەگەڵ ئەمانەیشدا، ئەو لە کۆتاییەکانی ١٩٧٠ کاندا، سیاسەتە پێشووەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ کورددا هەڵوەشاندەوە و دەستی کرد بە گۆڕینی بەرنامەی خوێندنی خوێندنگەکان و ناوەکان گەڕانەوە بۆ عەرەبی و مامۆستا عەرەبزمانەکان دامەزرانەوە. ئەو هەروەها بە پێشێلکردنی بەندی ٢ی(e) کۆنڤانسیۆنی جینۆساید کە عێراقیش واژۆی کردبوو،[65] بەزۆرەملێ مامۆستا و خوێندکارە کوردەکانی زانستگاکانی ڕاگواست بۆ بەشە عەرەبەکانی وڵات.


سەدام حسەین دەسەڵاتی ڕەهای بەڕێوە دەبرد.[66] ئەو ترسی لەوە نەبوو کە دەستی بە خوێنی ئەوانە سوور بێت کە پێی وا بوو مەترسین لە سەر حیزب بەگشتی و لە سەر خۆیشی. توندوتیژی، پیلانگێڕی، ئەشکەنجە، خستنە بەندیخانە و کوشتن بەشێوەیەکی باو، بەدژی کورد بەڕێوە دەچوون، بەبێ ئەوەی گوێ بە تەمەن، ڕەگەز و ئەوەی کە کەسەکە خوێندکار بووە یان نا بدرێت. سەپاندنی ئەم توندوتیژییانە بنەماڵە کوردەکانی ناچار کرد زۆرتر لە بەکارهێنان و پاراستنی زمانی دایکییان بیریان لەلای پاراستنی منداڵەکانیان بێت. گوشارێک کە بەرپرسەکان دەیانخستەسەر، (بۆ وێنە، خستنە بەندیخانەی منداڵان، کوشتن، ونکردن، بەسەربازگرتنی زۆرەملێ، لێدان و ملهوڕیکردن بەسەر منداڵانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرانی خوێندنگە و منداڵە بەعسییەکانەوە) لە ئەزموونی ئەو کەسانەدا کە وتووێژیان لەگەڵ کراوە بەرچاوە، بۆیە دایک و باوکیان ناچار بووبوون لەبەر خوێندن هەڵیانگرن. بۆوێنە، لە ١٥ی ژانوییەی ١٩٨٧دا تەرمی ٧٠ منداڵی کورد، لە تەمەنی ١٦-١٣ ساڵدا،[67] لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە گەڕێندرایەوە بۆ دایک و باوکەکانیان. بەهۆی پێوەرەکانی عێراق، لە بەڵگە فەرمییەکاندا تەمەنیان گۆڕدرا بۆ ١٨ ساڵ، و بنەماڵەکەیان بە ٣٠ دینار بۆ تێچووی گوللـەیەک کە پێی کوژراون سزا دران. لە ١٣ ی دێسامبری ١٩٨٦دا، ١٤٠٠ فێرخواز لە زانستگای مووسڵ لەبەر ئەوەی لە ڕاهێنانی سەربازیی هاویندا بەشدارییان نەکردووە هەڵپەسێردران. لە سێپتامبری ١٩٨٥ دا، ٩٠٠ منداڵی کورد لە شاری سلێمانی، لە تەمەنی ١٠-١٤ ساڵدا لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە دەستبەسەر کران.[68] ئەم جۆرە لە گوشاری ڕاستەوخۆ، ستراتێژییەکی ڕوون دەردەخات، بۆئەوەی دڵنیا بێت کە کورد دەستی لە پەروەردەدا سنووردار ببێت. دەکرێت بوترێت ڕێژیمی سەدام حسەین وەک بەشێک لە ستراتێژیی جینۆسایدکردنی زمان، بە دژی زمانی کوردی گوشاری خستە سەر بنەماڵەکان.


هەروەها، پەیوەندیی سیاسیی ناسەقامگیری نێوان کورد و حکوومەتە جۆراوجۆرەکان لە عێراقدا بوو بەهۆی سیاسەتی ناسەقامگیریی زمانی، بەجۆرێک کە زمانی خوێندن بەگوێرەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەنێوان دەوڵەت و بزووتنەوە کوردییەکاندا لەنێوان دوو زمانی کوردی و عەرەبیدا ئەگۆڕدرا. ئەم گۆڕانە بەردەوامە هەروەها ئاستەنگی زمانیی درووست کرد، زۆرێک لە خوێندکارانی ناچار کرد کە دەست لە خوێندن هەڵبگرن.


زۆرێک لەو کەسانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە و لە کۆتاییەکانی ١٩٧٠ کانەوە تا ١٩٩٠ لە خوێندنگەکانی عێراق خوێندوویانە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گۆڕانی بەردەوامی نێوان زمانەکانی عەرەبی و کوردی ستراتێژییەکی بەئەنقەست بوو بۆئەوەی کورد لە هیچکام لە زمانەکان بەباشی و ڕوونبێژی تێنەگات. بۆوێنە، فارۆق حسەین ڕەشید بەهۆی ئەو ئاستەنگە زمانییانەوە کە لەئاکامی گۆڕینی زمانەوە درووست بوون ناچار بوو دەست لە خوێندن هەڵبگرێت، چونکە لە خوێندنگە ڕووبەڕووی ترساندن، هەڵاواردن، و لێدان دەبووەوە. ئەو لە ساڵی ١٩٨٦ ەوە تا ١٩٨٩ لە گوندێکەوە هاتبوو بۆ چەمچەماڵ بۆ خوێندنی دواناوەندی:

سەرەڕای هەموو مەترسی، هەڵاواردن، ئەشکەنجە و گوشاری ئابووری کە لەسەرمان بوو، کاتێک کە بە هاتوچۆی نێوان گوندەکەم و خوێندنگەکەم بەفیڕۆ دەچوو، ئێمە هەر لە زمانی خوێندنەکەیش تێنەدەگەیشتین. بیـــــــر بکەنەوە، بێ ئەوەی پێشتر زمانی عەرەبیت دیبێت یان بیستبێت، لەپڕ دەکەویتە بەردەم زمانی عەرەبی و خوێندن بە ئەو زمانە. وەک دەزانن، سەدام حسەین، کارەبای بۆ گوندەکان ڕانەکێشابوو، بۆیە ئێمـــە تەلەفزیۆنیشمان نەبوو کە عەرەبی ببیستین یان تەنانەت لە ژیانــــــــــــــــــــی شار تێبگەین. من لە مامۆستاکانم تێنەدەگەیشتم و ئەوانیش هەروەها لە من تێنەدەگەیشتن. بۆیە، زۆرجاران مامۆستاکان و خوێندکاران بەهۆی کێشەی زمانییەوە کەڵکئاوەژوویان لێ وەردەگرتم.[69]

ڕەشید دابڕانێکی فەرهەنگیی ئەزموون کردبوو کە بە زۆری لە ئەو هەلومەرجانەدا ڕوودەدات کە زمانێک باڵادەست دەبێت. فێربوون و زاڵبوون بەسەر زمانێکدا، بە زۆری بەستراوەتەوە بە تێگەیشتن لە فەرهەنگێکە: «منداڵانێک کە لە زمانی خوێندن تێناگەن ڕەنگە بە هەرجۆرێک بێت زمانی زاڵ فێر ببن بەڵام دەرفەتی فێربوونی باش لەدەست
دەدەن.[70] بەهۆی دابڕانی پەیوەندییەکان و بێڕێزی پێکردنێک کە لەئاکامی سیاسەتی زمانیی عێراقەوە دروست بووبوو، زۆرێک لە خوێندکارە کوردەکان لە دواناوەندیدا نەیاندەتوانی کە لە وانەکانیاندا پلەی بەرز بەدەست بێنن بۆئەوەی ڕێگای چوونە زانستگایان ببێت. لەگەڵ ئەمەیشدا، سەرەڕای بەرنامەی ڕێژیمی عێراق بۆ بێبەشکردنی مامۆستا کوردزمانەکان لە زانستگا، یان کاریگەرییە بەربڵاوترەکانی سیاسەتەکانی قڕکردنی زمان (وەک پاککردنەوەی زمانی کوردی لە ژیانی گشتی و بەکاربردنی سیستێماتیکی سیاسەتە زمانییەکان بۆ بێڕێزیکردن بە خەڵکی کورد)، دیسانیش کورد لە خوێندنی باڵادا بەشدارییان دەکرد. بەگشتی، تەنانەت لە ئاستی زانستگادا نەیاندەتوانی سامانی زمانەوانیی پێویست دەست بخەن و بەگوێرەی پێویست دەستیان بە خوێندن بگات. سەرحەد قادر کەسێکە کە لەگەڵی وتووێژ کراوە کە خوێندنی دواناوەندیی لەشاری کەلار تەواو کرد و لەماوەی ساڵی خوێندنی ١٩٨٩-١٩٨٨ بۆ زانستگای بەغداد وەرگیرا. ئەو دەیگێڕێتەوە کە:[71]

بەرنامەی خوێندن بە عەرەبی بوو و هەموو مامۆستاکان عەرەب بوون. بەئاستەم لێیان تێدەگەیشتم. پێم وا نییە تەنانەت ٤٠٪ی ئەوەی دەیانوت تێگەیشتبم. ئەوانیش هیچ لە ئێمە تێنەدەگەیشتن. لەو کاتەدا، بەعس هەموو مامۆستا کورد و عەرەبەکانی دەرکرد کە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست بوون یان بیروبۆچوونی کۆمۆنیستییان بوو و لە میسر و وڵاتانی تری عەرەبییەوە مامۆستای دامەزراند، کە ئەمە کارەکەی ئاستەمتر کرد لەبەر ئەوەی زاراوەی عەرەبییەکەیان بەتەواوەتی لە زاراوەی عەرەبیی عێراق جیاواز بوو. هەروەها، زۆرجار خوێندکارە بەعسییەکان و هێندێکجار مامۆستاکان و تەنانەت ئەوانەیش کە بەعسی نەبوون ملهوڕییان بەرانبەرمان دەکرد، کە هەموو هۆکارەکانی پەیوەندیی بە شوناسی کوردیمانەوە هەبوو. یەکێک لەو هۆکارانە زمان بوو. ئێمە بەهۆی بێژە و ئاستی خواری عەرەبییەکەمانەوە هەمووکات لەبەرچاودا بووین و توانجمان لێ دەدرا.[72]

بەعەرەبکردنی زۆرەملێی خوێندنگە کوردییەکان و سەپاندنی عەرەبی لە تەمەنێکی کەمەوە بەسەر منداڵاندا کە لەماوەی ساڵانی دواناوەندی و زانکۆدا بەڕێوە دەچوو، سیاسەتی جینۆسایدکردنی زمان بوون کە مەبەستی کەمکردنەوەی بەربڵاویی جوگرافی و قووڵاییی فەرهەنگیی زمانی کوردی لە عێراقدا بوو. ئەوە ڕێبازێکی ستراتێژیک بوو بۆ ئەوەی (ئا) ئاستی زمانی کوردی داببەزێنرێت (ب) دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە کورد کەڵک لە سیستێمی پەروەردە وەرناگرن و لەئاکامدا ناتوانن خۆیان بەهێز بکەن بۆ ئەوەی بەرەنگاری جینۆسایدی زمان ببنەوە، (پ) دوو تاقمی ئێتنیکیی سەرەکی لە عێراق (کورد و عەرەب) لەیەک دادەبڕێنێت و کێشەیان لەنێواندا دروست دەبێت.
ڕێژیمی بەعس نەک هەر کێشە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی لەنێوان تاقمە ئێتنیکییەکاندا پەرەپێدا، بەڵکوو زۆرێک تاکتیکی توندوتیژی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی کورد لە زمانی دایکی و خوێندن بێبەش بکات و بەعەربکردن و بەعسیزم بەهێز بکات. بۆنموونە، ڕێژیمی بەعس بەوە ناسرابوو کە بە زمانی عەرەبی دانپێدانانی ناڕاستی و بەزۆری لەو کەسانە وەردەگرت کە بەباشی عەرەبییان نەدەزانی (بۆوێنە بەندییەکان ناچار دەکران کە دان بە تاوانێکدا بنێن کە نەیانکردبوو و تەنانەت لە وردەکاریی دانپێدانانەکە تێنەدەگەیشتن). پ. ل[73] یەکێک لەو کەسانەی وتووێژی لەگەڵ کراوە کە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٤ تا ١٩٨٨ لە دواناوەندی دەیخوێند، یەکێک لەو تاکتیکانە باس دەکات کە لە دواناوەندییەکەی ئەو بەکار هێنراوە:

بەڕێوەبەری خوێندنگەکە هەموو کات جلی سەربازیی لەبەر دەکرد. بە جلەکانیدا زۆر بەسام بوو. ڕۆژێکیان من و دوو هاوپۆلمی بانگ کرد؛ بە عەرەبی قسەی کرد، کە ئێمە تێنەدەگەیشتین، چونکە بە کوردی خوێندبوومان و لەپڕ بەرنامەی خوێندن گۆڕابوو بۆ عەرەبی. پارچەیەک کاغەزی بەرانبەرمان دانا کە ناوی تەواومانی لەسەر بوو و داوای کرد واژۆی بکەین. یەکێک لە خوێندکارەکان واژۆی کرد و ئێمەیش بەبێ ئەوەی تەنانەت یەک وشە لەوەی ئەو وتی یان ئەوەی لەسەر ئەو کاغەزە نووسیبووی تێبگەین واژۆمان کرد. دوای چەند مانگ زانیمان کە ئەوە فۆرمی ئەندامییەتیی بەعسە. سەرەڕای هەموو ئەوانە، نەمدەتوانی خوێندنم درێژە پێبدەم، چونکە ئەوان تەنیا خوێندکاری کوردیان لە شارە عەرەبە دوورەکانەوە وەردەگرت، کە تیایاندا سەرەڕای گوشاری سیاسی، ئێمە بەرەوڕووی ئاستەنگی زمانی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەبووینەوە.[74]

دەسەڵاتی سیاسی بەدژی کورد بەڕێگای جۆراوجۆرەوە دژایەتیی کوردی دەکرد، وەک بێبەشکردن لە مافە ئابووریەکان، کێشەی ئێتنیکی، بەئێتنیکیکردنی توندوتیژی و بە سەربازیکردنی کۆمەڵگا و خوێندن. هەریەک لەم پێڤاژۆیانە لەگەڵ ئۆپەراسیۆن و ماکە جینۆسایدییەکاندا، وەک سیاسەتە پەروەردەیی و زمانییەکان زۆرتر پەرەیان ئەسەند. سینتییا گرۆف دەنووسێت، بڕیارەکانی بەرنامەدانان بۆ زمان کە خێراترین پاشهاتەکانیان بۆ کەمینە زمانییەکان هەیە ئەوانەن کە کاریگەرییان لەسەر دەرفەتەکانی خوێندنی ئەوان هەیە[75]. سیاسەتە زمانی و پەروەردەییەکانی ڕێژیمی بەعس نەک هەر دەرفەتی خوێندنی بۆ خوێندکارە کوردەکان نەهێشتەوە، بەڵکوو مەترسیی ژیانی لەسەر کوردزمانەکان دروست کرد.[76] ئاوات عەلی کە وتووێژی لەگەڵ کراوە، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە ڕێژیمی بەعس دوای ئەوەی زانیویەتی ماڵی دراوسێیەکیان هێندێک کتێبی کوردی لەسەر مێژووی کوردی تێدابووە، ڕووخاندوویانە.[77] کۆمەڵگای کوردی ڕفاندن، دەستبەسەرکردن و تەنانەت کوشتنی منداڵان لەسەر گۆرانی وتن بە زمانی کوردی، خوێندنەوەی شێعری کوردی، خاوەنداریەتی لە وێژەی کوردیی ئەزموون کردووە. لەم ڕێگایانەوە، سیاسەتی جینۆسایدکردنی زمان لە عێراق نەک هەر خەساری زەینی، بەڵکوو خەساری فیزیکیشی بۆ کورد هەبوو.[78]

لەم ڕوانگەیەوە، شایانی باسکردنە کە ئەگەرچی ڕێژیمی بەعس زانستگای سلێمانیی لە دێسامبری ١٩٨٠ دا داخست، بەڵام ڕێگای دا یەکەمین بەرگی گۆڤاری ژنانی کورد بە زمانی عەرەبی لە بەغداد بڵاو ببێتەوە.[79] لەکاتێکدا لە شارە کوردەکاندا پەرەیان بە سیاسەتی لە ناوبردنی زمانی کوردی دەدا، ئاکادێمیی زمانی کوردی لە بەغداد هێشتا چالاک بوو. ئەم پێکدژییانە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە هێندێک خوێندنگایش هەبوون کە ڕێگادرابوون کە بەکوردی فێر بکەن، تێگەیشتنێکی وای دروست کردووە، کە زمانی کوردی لە عێراقدا ڕووبەڕووی جینۆسایدکردنی زمان یان تەنانەت هەڵاواردنی زمانییش نەبووەتەوە. بە تێگەیشتنی هەڵە لە مانای قڕکردنی زمان زۆرێک لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی کوردیش پێیان وا بوو کە قڕکردنی زمان، سڕینەوە یان مردنی بەتەواوەتیی زمانێکە. مردنی زمانێک کاتێک ڕوودەدات کە زمانی زۆرینە لەڕێگای دەسەڵات و سەردەستیی سیاسی و پرێستیژی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر زمانەکانی تردا زاڵ دەکرێت، کە زۆربەی کات پێڤاژۆیەکی بەردەوامە. سڕینەوەی تەواو کاتێک بەئاکام دەگات «کە کەس ئیتر بە زمانەکە قسە ناکات[80]. بۆ وێنە، ئووبهوو، زمانی قافقازیی ڕۆژئاوا، لە کازیوەی ٨ی ئۆکتۆبری ١٩٩٢دا و هاوکات لەگەڵ تێڤێک ئێسێن، دوایین ئاخێوەری زمانەکەدا مرد.[81]


بەهەرجۆرێک بێت، زمانی کوردی لە عێراق ـ و شوێنەکانی تر ـ نەمردووە؛ زۆر کەمتر بەتەواوی سڕدراوەتەوە. هێشتا بە بۆچوونێک لەلایەن ٤٠ ملیۆن کەسەوە قسەی پێ دەکرێت.[82] لەگەڵ ئەمەیشدا، کورد لە عێراقدا هەموو ماکە سەرەکییەکانی جینۆسایدکردنی زمانیان ئەزموون کرد و تا ڕادەیەک ئێستایش ئەزموونی دەکەن، کە بریتییە لە هەوڵی بەئەنقەست بۆ سڕینەوەی زمانێک لەڕیگای قەدەغەکردنی زمان، هەڵاواردنی زمانی، دیاریکردنی زمانێکی تر بە زمانی فەرمی و پێکەوەژیانی پەڕاوێزخەرانە. ئەو ڕاستییەی کە زۆرێک لە کورد لە عێراقدا سیاسەتەکانی قڕکردنی زمانی سەدام حسەین و ڕێژیمیی عێراقی ناناسن، خۆی ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە. وەها تێگەیشتنێکی هەڵەی کەسێک لە ئازارەکانی کۆمەڵەکەی خۆی و بێبایەخکردنی ئەزموونە مێژووییەکانی خۆی بووە بە ڕیسای نەتەوەیەک کە ئەزموونی زۆری لەگەڵ سەرکوت و جینۆسایددا هەیە. کردەوە پێکدژەکانی ڕێژیمی بەعس لەپەیوەندی لەگەڵ تێکدانی زمانی کوردیدا دەکرێت وەک هەوڵی سیاسی کە کەڵک لە زۆرلێکردنی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت ـ ئەو شتەی نارێش سینگ وەک[83] تواناییی بکەرێک بۆ گۆڕینی پێکهاتە بزوێنەرەکانی بکەرەکانی تر بەمەستی دەستخستنی قازانج ناوی دەبات ـ بۆئەوەی کاریگەریی خراپ لەسەر فەرهەنگی کوردی دابنێت.


لە ئاکامی ئەم کردەوە پێکدژانەدا، خەڵکی کورد بەزۆری لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات کە بەسەریدا زاڵە تێناگات، ئەو تاکتیکە نەرمە سیاسییانە ناناسێت کە هاوتای تاکتیکە زبرەکان، بیچم بە سروشتی ڕاستەقینەی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوەکان و تاکەکان، بەرپرسان و تاقمە بەئامانجکراوەکان دەدەن. بەگوێرەی نووسینەکانی ئووماروو مازادوو، «تاکتیکە زبرەکان توند، بەزۆرەملێ، ڕاستەوخۆ و بۆ مەبەستێکی دیاریکراون. تاکتیکە نەرمەکان کەڵکی ئاوەژوو لە پەیوەندیی نێوان کەسێک و ئامانجەکە وەردەگرن[84]. ڕێگادان بە خوێندنەوە کوردییەکان بە زمانی عەرەبی، بڵاوبوونەوەی گۆڤارێکی ژنانی کورد بە عەرەبی و بەکارهێنانی لە هێندێک لە خوێندنگاکاندا ئەو ملنانانەن کە دەکرێت وەک تاکتیکە نەرمەکانی قڕکردنی زمان چاویان لێ بکرێت.


تاکتیکە نەرمەکان کۆمەڵێک باشییان هەیە. یەکەم، تێکەڵکردنی تاکتیکە نەرم و زبرەکان، ڕواڵەتی داننان بە جیاوازییەکان و تەنانەت بەڕێزبوون و پەسەندبوون دەبەخشێت بە پێشێلکارییەکان و ئەو توندوتیژییانەی کە دەوڵەت بەباوەڕەوە بەڕێوەیان دەبات.[85] ئەم کردەوانەی دەوڵەت لەبری زۆرلێکردنی سیاسی بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانج، دەکرێت وەک شوێندانەریی کۆمەڵایەتی ـ گۆڕینی بیرکردنەوە، سۆز و ئاکاری کەسێک ـ شرۆڤە بکرێن.


دووهەم، تاکتیکە نەرمەکان دەتوانن سیاسەتە جینۆسایدییەکان بەرەوپێش ببەن. بۆ وێنە، لە ١٩٦٠ ەکان، بە دەستپێکردنی پێڤاژۆی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان، هەزاران بنەماڵە و تاکی کورد بە زۆرەملێ لە ناوچە کوردییەکانەوە گواسترانەوە بۆ باشووری عێراق. بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی کورد، لەماوەی جینۆسایدی ئەنفال لە ١٩٨٠ کاندا و دوابەدوای ئەویش هەزاران گوندی بەزۆرەملێ بۆ شارەکان گواسترانەوە. ڕێگادان بە کورد بۆئەوەی خوێندنەوە کوردییەکان بە زمانی عەرەبی و گۆڤار یان بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە زمانی کوردییان لە بەغداد ببێت، هاوکات لەگەڵ پێڤاژۆی قڕکردنی زمان لە خزمەت ستراتێژیی دوورخستنەوە و بەعەرەبکردنیشدا ئەسەلمێنێت. بەدرێژەی مێژوو، زۆرێک لە لێکۆڵەر و هونەرمەندە کوردەکان بە عەرەبی و لە زیانی ناکوردیدا کاریان پێشکەش کردووە. «هەموو خوێندەوارە کوردەکان، خۆیان بە زمانی عەرەبی و فارسییەوە سەرقاڵ کردبوو، لەکاتێکدا کە زمانەکەی خۆیان پشتگوێ خستبوو.»[86] بە ئەم کارە، ئەوان زمان و فەرهەنگی تاوانبارەکانیان دەوڵەمەند دەکرد.


سێهەم، تاکتیکە نەرمەکان لە بەرژەوەندیی بەبەعسیکردندا بوون. زمانی کوردی تەنیا کاتێک ڕێگاپێدراو بوو کە دەبوو بە ئامرازی بەبەعسیکردن.[87] لەو خوێندنگەیانەدا کە فێرکاریی کوردییان هەبوو، ناوەرۆکی بەرنامەی خوێندن تایبەت کرابوو بە مێژوو، جوگرافی، ئایین و فەرهەنگی عەرەبی. لەماوەی دەسەڵاتی بەعسدا هیچکات بایەخ بە مێژوو، کۆمەڵگا و فەرهەنگی کوردی بە شیوەی دروست نەدرا. لەپەیوەندی لەگەڵ پەروەردەدا، ڕێژیمی بەعس کۆرسێکی نوێی بۆ هەموو ئاستەکان زیاد کرد بەناوی السقافە العامە (فەرهەنگی گشتی). ئەم کۆرسە فەرهەنگ و بەرنامەی بەعسی دەگەیاندە خوێندکار و کوردیبێژەکان. بەڕێوەچوونی ئەم کۆرسە بە کوردی گرینگ بوو چونکە پێڤاژۆی تواندنەوە و بەبەعسیکردنی خێرا دەکرد.


تاکتیکە نەرمەکان کە لەسەرەوە باس کران بەدڵنیاییەوە تاکتیکە زبرەکانیان لە بیری خەڵکی ئاساییی کورددا کەمبایەخ و چارەسەر دەکرد. لەزۆرێک لە بابەتەکاندا، ترس لە پەڕاوێزخستنی کۆمەڵایەتی، پاڵنەرێکی بەهێزترە لە ترس لە سزادانی فیزیکی. هەروەها، حەز بۆ بەشداریی کۆمەڵایەتی دەتوانێت پاڵ بە زۆرێک لە بکەرە بەئامانجگیراوەکانەوە بنێت کە بەرانبەر دەوڵەت بەجۆرێک بن کە ئانتۆنیۆ گرامشی ناوی دەنێت ڕەزامەندیی خۆبەخۆ،[88] کە بریتییە لە هاودەنگیی دانیشتوان، بەگشتی یان بەشێکیان، لەگەڵ ئاراستەی گشتیدا کە لەلایەن تاقمە بناژۆخوازە زاڵەکانەوە هەژەموونی خۆیان بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەپاندوە. گرامشی باس لەوە دەکات کە، ئەم ڕەزامەندییە لەباری مێژووییەوە بەهۆی پرێستیژەوە (و پەرموونی پاشهاتی ئەوەوە) دروست دەبێت، کە دەبێت بە بەشی تاقمە زاڵەکان.[89] بۆ وینە، هەندێک لە کوردەکان نەک هەر بوون بە ئەندامی حیزبی بەعس، بەڵکوو چاوساخییان بۆ جینۆساید و سەرکوتی خەڵکەکەی خۆیشیان دەکرد. بەڵگەی ڕوون هەیە کە سەدام حسەین ئەو کوردانەی کە کاریان بۆ ئەو دەکردی ئازار نەدەدا و بۆ بەعسییەکان بەئەمەگ بوو. ئەو کەسانە دەیانتوانی ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆیانیان بە زمانی دایکییان (کوردی) ببێت بەمەرجێک بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمی بەعس و بەرنامەی گشتیی عێراق بۆ تواندنەوە کەڵکی لێ وەربگرن. بۆیە، دەتوانین باس لە قڕکردنی زمانیی مەرجدار بکەین.


لەباری مێژووییەوە، ئیمپراتۆرییەکان و دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زمانی نەتەوەییی نوێیان ڕاگەیاند و «بازاڕێکی» زمانیی زاڵیان خولقاند بۆ ئاڵووێری زمانەوانی. لەم بازاڕەدا، بەگوێرەی ئەو نرخەی دراوە بە هەرکام لە زمانەکان، براوە و دۆڕاو بوونیان هەیە.[90] لە ناو وەها بازاڕێکدا، سروشتییە کە ئەو زمانانەی بوونیان هەیە دەگۆڕێن. لەگەڵ ئەمەیشدا، بەوجۆرەی ستیڤن مای باسی دەکات، «هیچ شتێکی ناسروشتی لە پەیوەندی لەگەڵ پێگە و پرێستیژی زمانی زۆرینەدا بوونی نییە و، بەپێچەوانەوە، زمانی کەمینەکان و زاراوەکان زەق و ناسروشتین. هەر بەوجۆرە، بێڕێزیکردنی دەوڵەتی عێراق بە کوردیبێژەکان، ئەشکەنجەی ئەوان و دەرکردنی کوردزمانەکان لە خوێندنگە بەئامانجی بەهێزکردنی هیرارشیی زمانی و کەمکردنەوەی بایەخی زمانی کوردی لەبەرانبەر زمانی عەرەبیدا، هیچ ناسروشتی نەبووە. کاریگەرییەکانی سیاسەتی پەروەردەی زمانی عێراق زۆر بەربڵاوتر بووە لە ڕیگەپێنەدانێکی ساکار بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە کات و شوێنە تایبەتەکاندا. ئەوە سیاسەتی سووککردن، ترساندن، ئەشکەنجە، کوشتن و لە کۆتاییدا جینۆسایدی فیزیکی دژی ئاخێوەرانی زمانی کوردیی لەخۆ دەگرت. بەگشتی، سیاسەتی پەروەردەی زمان لە عێراقدا لەگەڵ بەندی ٢ی(b) کۆنڤانسیۆنی جینۆسایددا یەک دەگرێتەوە، کە دیاریی دەکات کە جێنۆساید «بوون بە هۆکاری خەساری لەشی و زەینی بۆ ئەندامانی تاقمەکە «لەخۆدەگرێت.»[91]


ئەگەرچی پێناسەی قانوونیی جینۆساید زۆرتر وەک مردن و خەساری فیزیکیی جەستەی تاکەکانی ئەندامی تاقمێک زانراوە، بەڵام زۆرێک لە ڕەشنووسەکانی کۆنڤانسیۆنی جینۆساید، لەناویاندا و بەتایبەتیش ڕافایێل لێمکین، باس لەوە دەکەن کە جینۆساید هەروەها خەساری زەینی و فەرهەنگییش لەخۆدەگرێت. قڕکردنی زمان دەبێت وەک یەکێک لە زەقترینی ئەو خەسارانە ببینین. تەنانەت ئەگەر سەرکوتی زمانی تەنیا خەساری زەینیشی هەبوایە، کە دیومانە وەها نەبووە، دیسانیش ئەمە[قڕکردنی زمان] ئاماژەیە بۆ جینۆساید، لەبەرئەوەی خەساری زەینی[92] زۆرتر لە تێکدانی کاتی یان کەمێک لە هێزی بیرکردنەوە، وەک سەپاندنی ترسی بەهێز و تۆقاندن، سووککردن و هەڕەشە لەخۆدەگرێت. هێرش بۆسەر زمانی نەتەوەیەک و فەرهەنگەکەی هێرشێکی هێماییە بۆسەر خودی ئەو نەتەوەیە، کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بەرهەمهێنانەوەی فەرهەنگی و بیۆلۆژیکی تاقمەکە درێژخایەنن.



لەکۆتاییدا

وێژەی هەوڵدان بۆ تێکدانی زمانی کوردی زۆربەی کات باس لەوە دەکات کە ئەو سیاسەتە زمانییەی کە لە تورکیەدا گیراوەتەبەر، وێنەی جینۆسایدکردنی زمانە. بە پێچەوانەوە، پێڤاژۆکانی تێکدانی زمان لە باشووری کوردستان (کوردستانی بەشی عێراق) تەنیا وەک هەوڵی سەرکوتی زمانی پێناسە کراون. ئەم وتارە باسی ئەوەی کردووە کە سیاسەتەکانی قڕکردنی زمان بەدژی کورد لەسەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە لەو شوێنەدا کە ئێستا خاکی عیراقە، گیراوەتەبەر. جینۆسایدی زمانەوانی لە سیاسەتی پەروەردەی زمان و سیاسەتە زمانەوانییەکاندا کە لە ماوەی دەسەڵاتی پاشایەتیدا دامەزرا بیچمی گرت و دواتر لەلایەن ڕێژیمی سەدام حسەینەوە زیاتر بەرەوپێش چوو. هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و بەعس زمان و شوناسی ئێتنیکیی کوردیان لە ڕێگای بەعەربکردنی(و بەبەعسیکردن) زۆرەملێوە تێکدا و هەردوویان تێکنیکی جۆراوجۆریان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەکار برد. شێوازەکانی جینۆسایدکردنی زمان و تێکدانی شوناسی ئێتنیکی تا بەرلەوەی کە ڕێژیم دەست بۆ کوشتنی بەکۆمەڵ ببات کەمتر مەترسیدار بوون.
لەبەرئەوەی ڕاڤەکان بە هۆکاری شەڕە سیاسی و ئیدیۆلۆژیکییە بەردەوامەکانەوە کە لە پاساوی بەرژەوەندیی سیاسی یان لە پێداچوونەوەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیی بەسەر ئەو بەڵگە و سەرچاوانەوە کە لەماوەی ڕاپەڕینی مارسی ١٩٩١ دا لەلایەن بزووتنەوەی بەرگریی کوردییەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو،[93] سەرچاوەیان دەگرت، خوێندنەوەی جینۆسایدی کورد لە عێراقدا بەهۆی بەرچاوتەنگیی پارتیزانییەوە تووشی کێشە بووە. مەبەستی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە بوو کە قامک بخاتە سەر نەبوونی سەرنجی زانستی لەسەر جینۆسایدی کورد لە بواری توێژینەوەی جینۆسایددا و گرینگیی تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لەم جۆرانەی جینۆساید زەق بکاتەوە.
ئەگەرچی ئەم وتارە بە تەواوەتی هۆکار و پاشهاتەکانی جینۆسایدکردنی زمان لە باشووری کوردستان و کاریگەرییە ناهاوچەشنەکانی لەسەر دانیشتوانی کوردی دیاری نەکردووە، بەڵام ڕوانگەکەی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی ئەو لێکۆڵەرە بیانییانە ببێت کە تا ئێستا تەنیا لەگەڵ شێوازی باوی لێکدانەوەی لێکۆڵەرە کوردەکاندا ئاشنان. هەروەها، چەند دەرفەتێک بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو لەسەر بابەتی پێڤاژۆکان و تێگەیشتنەکان لە هەڵاواردنی زمانی و لەپاشانیش جینۆسایدی فیزیکی دەخاتە بەردەست. ئەم لێکۆڵینەوەیە، بە پێداگری لەسەر کاریگەرییەکانی جینۆسایدکردنی زمان لەسەر سامانە زمانەوانییەکان، پرسیاری بنەمایی لەسەر ئەوە دەورووژێنێت کە ئایا مەرگی سامانە زمانەوانییەکانی زمانی کوردی بوو بە هۆی مردنی ئاخێوەرانی زمانی
کوردی.[94] پێویستە سەرنجی زیاتر لە کاریگەرییە بەردەوامەکانی پەروەردە و سیاسەتە زمانییەکانی عێراق بدرێت، کە توویان لەلایەن ناسیۆنالیستێکی وەک ئەلحوسرییەوە چێندرا.[95] بە ناچارکردنی کورد بۆ ئەوەی بە عەرەبی قسە بکات و بە قەدەغەکردنی زمانی دایکییان، سیاسەتداڕێژەرەکان بەدوای ئەوەوە بوون کە مەرگی هێمایینی خەڵکی کورد بکەن بەڕاستی.


*. ئەم لێکۆڵینەوەیە لە جۆرناڵی نیو دەوڵەتی دراساتی جینۆسایدا بڵاوبووەتەوە:

Kurdish Linguicide in the “Saddamist” State Genocide Studies International 13 (1), 51. https://www. utpjournals.press/doi/abs/10.3138/gsi.13.103

**. کازیوە ساڵح: هەڵگری دکتۆرا لە بواری جینۆساید و سۆسیۆ-کولتووری توندوتیژی لە زانکۆی کوین، لە کەنەدا، پۆست دکتۆرا لە زانکۆکانی ئۆسلۆ/یاگیلۆنیان لە ئەوروپا.
نووسەری زیاتر لە ١٠ کتێبە و ١٤ خەڵاتی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە و لە زۆرێک لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی وەک ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کانادا، لێبوردنی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی تری کانەدا، میسر و سووریەدا کاری کردووە.


پەراوێز و سەرچاوەکان

1. Tove Skutnabb-Kangas and Robert Phillipson, “Linguicide and Linguicism,” in Papers in European Language Policy, ed. Robert Phillipson and Tove Skutnabb-Kangas, ROLIG papir 53 (Roskilde: Roskilde Universitetscenter, Lingvistgruppen, 1995), 83–91.
2.Amir Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan (San Francisco: Mellon Press, 1992). See also, Dylan O’Driscoll, “Is Kurdish Endangered in Turkey? A Comparison Between the Politics of Linguicide in Ireland and Turkey,” Studies in Ethnicity and Nationalism 14,2 (2014): 270–88. Martin van Bruinessen, “The Kurds as Objects and Subjects of Historiography: Turkish and Kurdish Nationalists Struggling Over Identity,” in Identitä Ethnizität und Nationalismus in Kurdistan. Festschrift zum 65. Geburtstag von Prof. Dr. Ferhad Ibrahim Seyder, ed. Fabian Richter (Münster: Lit Verlag, 2016), 13–61.
3.Saddam Hussein was the president of Iraq from July 1979 until April 2003. Following the 1991 uprising and establishment of the Kurdistan Regional Government, the Ba’ath regime lost power over the Kurdistan region, with the exception of the Kurdish city of Khanqin
4.Skutnabb-Kangas and Phillipson, “Linguicide and Linguicism,” 83–91; Amir Hassanpour, “The Politics of a-Political Linguistics: Linguists and Linguicide—Rights to Language” (2000), http://w3. salemstate. edu/~jaske/courses/readings/Linguists_and_Linguicide_The_Case_of_Kurdish. htm (accessed 7 June 2018). See also, Welat Zeydanlioglu, “The Politics of Kurdish Language. Understanding Turkey’s Kurdish Language Policy” (presentation, Kurdish Politics and Society: Contemporary and Historical Perspectives, Kurdish Institute of Paris, 2017).
5.Michael M Gunter, The Kurds: A Divided Nation in Search of a State (Princeton: Markus Wiener Publishers, 2018), 1.
6.O’Driscoll, “Is Kurdish Endangered in Turkey? A Comparison Between the Politics of Linguicide in Ireland and Turkey,” 173.
7.Michael M. Gunter, Historical Dictionary of the Kurds (Lanham: Scarecrow Press, 2010), 214.
8.Michael M. Gunter, Historical Dictionary of the Kurds (Lanham: Scarecrow Press, 2010), 214.
9.Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan, 50.
10.For example, see Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan; Martin van Bruinessen “The Kurds as Objects and Subjects of Historiography”; and Mehmet Serif Derince, “A Break or Continuity? Turkey’s Politics of Kurdish Language in the New Millennium,” Dialect Anthropol 37 (2013): 145–52.
11.Abdul-Razzak Al-Hilali, The History of Education in Iraq during the Ottoman Times 1638–1917 (Baghdad: The Ministry of Education of Iraq, 1959).
12.Al-Hilali, 48.
13.Al-Hilali, 52; Aziz Yawer, Mhawlat Al-Husri lwda aldrase al-Kurdia syase dwle am nz3a althatya? 1923– 1927 (Kurdistan: Hamdi Publisher, 2013).
14.Sati’ Al-Husri, fi alwataniat walqawmiat (Beirut: dar aleilm lilmalayin, 1961). See also, Al-Husri, AlAruba Awalan [The Arabism First] (Beirut: Markaz Drasat Alwhda Alarabia, 1958).
15.Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan.
16.Norman K. Denzin and Yvonna S. Lincoln, The Sage Handbook of Qualitative Research (Thousand Oaks: SAGE Publications, 2005).
17. See, for example, Skutnabb-Kangas and Phillipson, “Linguicide and Linguicism”; Zeydanlioglu, “The Politics of Kurdish Language”; and Richard Day, “The Ultimate Inequality: Linguistic Genocide,” in Language of Inequality, ed. Nessa Wolfson and Joan Manes (Berlin: Mouton Publishers, 1985), 163–81.
18.United Nations Economic and Social Council, Draft Convention on the Crime of Genocide, 26 June 1947, UN Doc. E/447, https://undocs. org/E/447.
19.David Crystal, Language Death (Cambridge: Cambridge UP, 2000). )
20.Tove Skutnabb-Kangas, Linguistic Genocide in Education—or Worldwide Diversity and Human Rights? (Mahwah, NJ, and London: Lawrence Erlbaum Associates Publishers, 2000), 369.
21.Tove Skutnabb-Kangas, “Multilingualism and the Education of Minority Children” in Minority education: from shame to struggle, ed. Tove Skutnabb-Kangas and Jim Cummins (Clevedon, Avon: Multilingual Matters, 1988), 9 44.
22.Louis-Jean Calvet, Towards an Ecology of World Languages (Cambridge: Polity, 2006), 31.
23.Helen Chapin Metz, Turkey: A Country Study (Washington: GPO for the Library of Congress, 1995), http://countrystudies. us/turkey/ (accessed 7 June 2018).
24.Jemal Nebez, The Kurds: History and Culture (London: WKA Publications, 2004). )
25.James C. Scott, Seeing Like a State: How Certain Schemes to Improve the Human Condition Have Failed (New Haven and London: Yale UP, 1998), 1.
26.Martin Van. Bruinessen, Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan (London: Zed Books, 1992), 75.
27. Richard B. Baldauf and Robert B. Kaplan, Language Planning from Practice to Theory (Bristol: Multilingual Matters, 1997), xi.
28.Elana Goldberg Shohamy, Language Policy: Hidden Agendas and New Approaches (London: Psychology Press, 2006), 76.
29. Elana Goldberg Shohamy, Language Policy: Hidden Agendas and New Approaches (London: Psychology Press, 2006), 76.
30.Habibollah Atarodi, Great Powers, Oil and the Kurds in Mosul: (Southern Kurdistan/Northern Iraq), 1910–1925 (Lanham, MD: UP of America, 2003); Kazim Habib, Alestbdad Walqswa fi Al-Iraq [Tyranny and Cruelty in Iraq] (Sulimany: Hamdi Publisher, 2005).
31. Atarodi, Great Powers, Oil and the Kurds in Mosul, 140.
32. Al-Husri, fi alwataniat walqawmiat; Sati’ Al-Husri, Mudhakarati fi at-Iraq 1921–1927 (My Memoir in Iraq 1921–1927). (Beirut: Dar al-Tali‘a, 1967).
33. Sati’ Al-Husri, Ara w Ahadit fi Alqwmia walwataniya [Opinions and Conversations on Nationalism and Nationhood] (Beirut: Dar Al-Arab, 1957); Al-Husri, Al-Aruba Awalan.
34.Adeed Dawish, Arab Nationalism in the Twentieth Century: From Triumph to Despair (Princeton: Princeton UP and Oxford UP, 2003), 72. Yawer, Mhawlat Al-Husri lwda aldrase al-Kurdia syase dwle am nz3a althatya? 1923–1927. See also, Al-Husri, Ara w Ahadit fi Alqwmia walwataniya.
35.Aziz Yawer, Altaelim Wafusul min Tarikh Madaris Khaniqin 1877–2007m (Suliamani: Hamdy Printing & Publishing Foundation, 2009); and Aziz Yawer, Mhawlat Al-Husri lwda aldrase al-Kurdia syase dwle am nz3a althatya? 1923–1927 (Kurdistan: Hamdi Publisher, 2013).
36.Aziz Yawer, Altaelim Wafusul min Tarikh Madaris Khaniqin 1877–2007m, 76.
37.Alhusn Abdulrazaq, Tarikh al-Wazarat al—‘Iraqiyya [History of Iraqi Ministries] (Beirut: Erfan Publication, 1978); Abdul-Razzak Al-Hilali, The History of Education in Iraq during the British Occupation 1914–1921 (Baghdad: Dar Alshuan Althqafa Al3ama, 1975).
38.. Abd al-Razzaq al-Hilali, Ta’rikh al-ta’lim fi’l Iraq: Butti, Dhakira ‘Iraqiyya, 1900–1956 (Damascus: alMada, 2000), 48–60. See also, Yawer, Altaelim Wafusul min Tarikh Madaris Khaniqin 1877–2007. 2007m
39. Al-Husri, My Memoir in Iraq 1921–1942.
40. Nebez, The Kurds: History and Culture.
41.Al-Husri, My Memoir in Iraq 1921–1942; Al-Husri, fi alwataniat walqawmiat, 45–57
42.Al-Husri, My Memoir in Iraq 1921–1942.
43.Jemal Nebez, The Kurdish Language From Oral Tradition to Written Language (London: Western Kurdistan Association, 2005), 23.
44.David K. Fieldhouse, Kurds, Arabs and Britons: The Memoir of Wallace Lyon in Iraq 1918–1944 (London and New York: I. B. Tauris, 1967), 41.
45.Fieldhouse, 41.
46.These documents are cited in Yawer, Altaelim Wafusul min Tarikh Madaris Khaniqin 1877–2007m, 257.
47.James M. Prince, “A Kurdish State in Iraq?” Current History 570 (1993): 17–22.
48.In Nationalism and Language in Kurdistan, Hassanpour notes that there is no notable evidence that the Kurds abandoned their culture and identity in Iraq. This could be attributed to the slight increase in freedom that they obtained after the First World War, enabling them to establish a short-lived Kurdish kingdom under Sheikh Mahmoud Barzinji in 1920.
49.“With the rise of Ba’ath to power, in particular from 1968 onward, all previous negotiations regarding the Kurdish language and Kurdish rights within the Iraqi state, and the promises that were made by Iraq, were disregarded and violated by the Ba’ath regime” (Mohsin Ali Akber, interview with the author, southern Kurdistan, 2017).
50. The “altilfizyun alearabi. . . albidayat,” a historical reading program on Al Jazeera Arabic, made the claim on that Iraq, with the help of Abdul Nasir, became the first Arabic country to establish an Arabic television channel, which broadcast out of Baghdad in October 1956 around the end of the monarchy phase. See, Al Jazeera Arabic, December 17, 2014, YouTube video, 25:10, https://www. youtube. com/ watch?v=GrL251nVK4I. Another YouTube video (that has no true title or name of speaker) mentions that Iraq was the first Arabic country in the Middle East to launch a television channel, doing so in 1956 during the rule of Faisal II. The video claims this channel broadcast its programs in both Arabic and Kurdish, however I could not substantiate if there were programs in Kurdish and, if so, what type of programs were broadcast. See, Enki Obelisk Mesopotamian, November 21, 2017, YouTube video, 2:00, https://www. youtube. com/watch?v=cv8ImYsShl8. Regardless of whether there was programming in Kurdish, the education language policy established by Faisal I remained in place.
51.Hassanpour, “The Politics of a-Political Linguistics: Linguists and Linguicide—Rights to Language”; Nebez, Ziman-i Yekgirtû-i Kurdi.
52.Kurdish Academy of Language, “The History of Kurdish Language,” http://kurdishacademy. org/?p=133 (accessed 17 May 2018).
53.Jemal Nebez, Ziman-i Yekgirtû-i Kurdi [Towards a Unified Kurdish Language] (Bamberg: NUKSE, 1976), 15–18.
54.O’Leary and Salih write that “the Kurdistan Democratic Party (KDP), led by Mustafa Barzani, organized the initiative. ” Iraqi Kurdistan “had a precarious status between 1970 and 1974 and was crushed when Saddam betrayed the promises he had made. ” Brendan O’Leary and Khaled Salih, “The Denial, Resurrection, and Affirmation of Kurdistan,” in The Future of Kurdistan in Iraq, ed. Brendan O’Leary, John McGarry, and Khaled Salih (Philadelphia: U of Pennsylvania P, 2006), 7.
55.Tove Skutnabb-Kangas, Linguistic Genocide in Education—or Worldwide Diversity and Human Rights? (Mahwah, NJ, and London: Lawrence Erlbaum Associates Publishers, 2000), 312.
56.Heinz Kloss, “The Language Rights of Immigrant Groups,” International Migration Review 5 (1971): 259.
57. Kloss, 259.
58.Stephen May, Language and Minority Rights: Ethnicity, Nationalism and the Politics of Language (New York: Routledge, 2011), 123.
59.In 2017, the author conducted a series of interviews about the conditions that the Kurds and Kurdish language faced in Iraq, during the Ba’ath Party in southern Kurdistan. Abo Jasim, interview with the author, 2017.
60.Firmesk Mustafa, interview with the author, 2017.
61.United Kindom Border Agency, Country of Origin Information Report Kurdistan Regional Government Area of Iraq, 21 May 2009: 95, https://www. refworld. org/pdfid/4a24e5ae2. pdf (accessed 10 Aug 2018).
62.University of Sulaimani 2014–2015 Report, Higher Education System in Iraqi Kurdistan Region, http://www. usc. es/marhaba/doc/MARHABA_Presentations_midle_east/University%20of%20Sulaimani. pdf (accessed 1 Nov 2018).
63.Yawer, Mhawlat Al-Husri lwda aldrase al-Kurdia syase dwle am nz3a althatya? 1923–1927.
64.Yawer, 201.
65.United Nations General Assembly, United Nations Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, Resolution 260 (III) A, 1948. According to Article II (e), genocide includes “forcibly transferring children of the group to another group. ”
66.Adeed Dawisha, Iraq: A Political History from Independence to Occupation (Princeton: Princeton UP and Oxford UP, 2009), 210.
67.Hawreh Bakhawan, Haw rename Bo Mejuy Kurdistan u Kurd (Sulaimani: Run, 1999), 320.
68.Bakhawan, 315.
69.Faruq Hussein Rashid, interview with the author, 2017.
70.Cynthia Groff, “Language and Language-in-Education Planning in Multilingual India: A Minoritized Language Perspective,” Language Policy 16, 2 (2017): 136, https://link. springer. com/article/10. 1007/ s10993-015-9397-4 (accessed 10 June 2018).
71.Those who were accepted to university often attended low-ranked departments or departments providing accreditations that were not helpful in securing employment after graduation. It was especially difficult for Kurds to become teachers. Kurdish students were also only permitted to attend university if they became members of the Ba’ath Party. The small number of Kurdish students who were admitted to university were mainly sent to the department of economy and administration.
72.Sarhad Qader, interview with the author, 2017.
73.The interviewee did not give consent to use her full name.
74.P. L. , interview with the author, 2017.
75.Groff, “Language and Language-in-Education Planning in Multilingual India. ”
76.The Ba’ath regime used to occasionally (and unexpectedly) raid the houses of those it considered disloyal or revolutionary. During this process many families were executed, imprisoned, and disappeared, and their houses were destroyed. Awat Ali, interview with the author, 2017.
77.Kaziwa Salih, “From Indigenous Genocide to Culture of Genocide” (master’s thesis, York University, 2013).
78.United Nations General Assembly, United Nations Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, Resolution 260 (III) A, 1948. In the present convention, genocide includes acts committed with the intent to destroy, in whole or in part, a national, ethnical, racial or religious group, as such “causing serious bodily or mental harm to members of the group. ”
79. Hawrê Baxewan, Hawrêname bo mêjûy Kurdistan u Kurd (Sulaimani: Serdam Press Publisher, 1999), 600.
80 . Zeydanlioglu, “The Politics of Kurdish Language. ”
81. David Crystal, Language Death (Cambridge: Cambridge UP, 2000), 1–5.
82.M. Koohzad, “Politics of Demography: Worldwide Total Kurdish Populations Approaching 41 Million in 2015,” Kurdistan Tribune, 10 July 2016, https://kurdistantribune. com/politics-of-demography-worldwide-total-kurdish-Populations-approaching-41-million/ (accessed 29 Mar 2019); Davide Castelvecchi, “Number-Theory Prodigy Among Winners of Most Coveted Prize in Mathematics,” Nature International Journal of Science (2018), https://www. nature. com/articles/d41586-018-05864-w (accessed 20 Feb 2018).
83.Naresh Singh, Legal Rights of the Poor: Foundations of Inclusive and Sustainable Prosperity (Bloomington: AuthorHouse, 2014), 46.
84.Oumarou Mazadou, “Kamit and the Will to Power,” International Journal of Philosophy and Theology 4,1 (2016): 56.
85.Laura K. Guerrero and Andersen Peter, Close Encounters Communication in Relationships, 3rd ed. (Thousand Oaks, CA and Pennsylvania: Mayfield Publishing Company, 2011), 317.
86.Shamsaddin Sami, Qamus ul-Aalam [Index of Proper Names], Turkish-Osmanian 5 (Istanbul, 1314): 3842, quoted in Nebez, The Kurdish Language from Oral Tradition to Written Language, xx. See also, Nebez, The Kurds: History and Culture.
87.Mazadou, “Kamit and the Will to Power”; Toni Falbo and Letitia A. Peplau, “Power Strategies in Intimate Relationships,” Journal of Personality and Social Psychology: American Psychological Association 38,4 (1980): 618–28.
88.Antonio Gramsci, Selections from the Prison Notebooks, ed. Q. Hoare and G. Nowell Smith (London: Lawrence and Wishart, 1971), 145.
89.Pierre Bourdieu, Language and Symbolic Power (Cambridge: Polity Press, 1991).
90.May, Language and Minority Rights, 5.
91.The United Nations 1994/45, Draft United Nations Declaration on the Rights of Indigenous Peoples, United Nations High Commissioner for Human Rights, 2006, http://pdba. georgetown. edu/Indigenous Peoples/UNdraft. html (accessed 1 Nov 2018).
92.Eliva Liebich, “Beyond Life and Limb: Exploring Incidental Mental Harm Under International Humanitarian Law,” in Applying International Humanitarian Law in Judicial and Quasi-Judicial Bodies International and Domestic Aspects, ed. Derek Jinks, Jackson N. Maogoto, and Solon Solomon (Den Haag: T. M. C. Asser Press, 2014), 207.
93. Some 18 million tons of paper (around 5 million pages) were seized. Omar Sheikhmous, Some Observations on the Anfal and Genocidal Campaigns in Iraqi Kurdistan (Sulaymaniyah: Jamal Erfan Cultural Organization Press, 2015).
94.Kaziwa Salih, “Linguicide: The Death of Bourdieusian Forms of Capital and the Symbolic Death of the Speaker,” preprint, submitted April 11, 2019.
95.Salih, 1.

داگرتنی بابەت