ئارامتر بخوێنەوە

ژینۆسایدی زمانی یان زمانکوژی؟*
باسێک دەربارەی تێرمینۆلۆژی(وشەناسی)ی لەدەستدانی زمانی ئیجباری

جاشوا جیمز زویسلێڕ، زانستگای تولیما*
و: ڕێبوار ڕۆژهەڵات


لەدەستدانی زمانی ئیجباری بۆ زۆربەی کۆمەڵگاکان لە هەموو دنیادا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و، لەدەستدانی زمان، ڕەوتێکی نەرێنیی تەواوی بەدواوەیە. ئەم وتارە تاوتوێی دوو دەستەواژەی هەرەباو دەکات کە لە زمانناسیدا بۆ لەدەستدانی زمانی ئیجباری دەکار دەکرێن، “ژینۆسایدی زمانی و زمانکوژی”. ئەم دەستەواژانە تاڕادەیەک هاوواتان و ئامانجی کۆتاییی لەدەستدانی زمانی ئیجباری، تاڕادەیەک تێکەڵ کردن و هاوشێوەسازیی ئیجباری یان لەنێوبردنی شوناسی بەکۆمەڵە. سەرەڕای ئەمە، لە ڕێگەی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی هەر دوو دەستەواژەکەوە، زمانکوژی وەکوو دەستەواژەیەکی سەرپشک بۆ بەڵگاندن لە زمانناسیدا بەکار دەهێنرێت، چونکە ژینۆسایدی زمانی دەبێتە هۆی پێکهێنانی هەڵوێستی زاتگەرایانەی زمانی و، لەوانەیە زیان بەو کۆمەڵگایانە بگەیەنێت کە زمانی ئیجبارییان لەدەست داوە.


وشە سەرەکییەکان

زمانکوژی، ژینۆسایدی زمانی، لەدەستدانی زمان، مەرگی زمان

لەدەستدانی زمانی ئیجباری، میراتی زۆربەی ڕژێمە کۆلۆنیاڵەکانە و، ئێستاش بە فۆڕمی جۆراوجۆر لە تەواوی گۆی زەویدا هەیە. لەدەستدانی زمانی ئیجباری هەمیشە ئاکامی توندوتیژی نییە، بەڵکوو دەکرێ لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتیی دیکە وەکوو گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، سیاسەتی پەروەردەیی و میدیادا ڕوو بدات. ئەم کارە لە فۆڕمی نایەکساندا دەبێتە “دیگلاسیا” کە لەوێدا یەک یان چەند زمان، چوارچێوەکانی خۆیان لەدەست دەدەن و بۆ زمانی زاڵی کۆمەڵایەتی دەگۆڕدرێن و، تاڕادەیەک دیگلاسیای نایەکسان، ئامانجی ئەم سیاسەتانە ڕەچاو دەکات کە هۆکارە ئاماژەپێکراوەکان پەرە پێ دەدات. دیاریکردنی وردی لەنێوچوونی زمانێک زۆر زەحمەتە و پێوەری جۆراوجۆری هەیە (e.g., Eberhard et al., 2021; Fishman, 1991; UNESCO, 2015; Wurm, 1991) کە بەدوای هەڵسەنگاندنی ڕێژەی لەدەستدانی زمانێکی تایبەتەوەن. هەروەها گرینگە ئەوەش بزانین، بەڵگاندنی ئەو کەسە چییە کە چۆن زمانێک لەدەست چووە. لە حاڵێکدا بەشێکی زمانناسان و مرۆڤناسان شتی لەم بابەتە ڕادەگەیەنن و، کۆمەڵگای زمانی بۆخۆی باشتر هەڵیدەسەنگێنێت کە چ شتێک لەدەست چووە و چما ئەم لەدەستدانە، ئیجباری بووە یان نا. لێرەدا دوو دەستەواژەی بەکارهێنراو بۆ ناوهێنانی لەدەستدانی زمانی ئیجباری شەنوکەو دەکەم ـ ژینۆسایدی زمانی و زمانکوژی ـ و بە قازانجی زمانکوژی بە پێی چەمکە تایبەتەکانی چۆنیەتیی بەڵگاندنی ژینۆسایدی زمانی ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەم.


ژینۆسایدی زمانی دەستەواژەیەک بوو کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕەشنووسی ئەسڵیی کۆنڤانسیۆنی پێشگرتن و سزای تاوانی ژینۆساید (E 794، 1948) بەکاری هێناوە و وەکوو “قەدەغەبوونی بەکارهێنانی زمانی گرووپ لە پێوەندییەکانی ڕۆژانە یان لە قوتابخانە یان چاپ و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکاندا بە زمانی گرووپ” پێناسە کراوە. ئەگەرچی ئەم پێناسەیە لە کۆنڤانسیۆندا قەبوڵ نەکراوە، بەڵام ئێستاش لە ڕێگەی لێکدانەوەیەکی تایبەتی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتیی پێشگرتن و سزای تاوانی ژینۆسایدەوە، کە شێوازی Skutnabb-Kangas (2008؛ 2010) لە هەموویان پەسەندترە، پێی وایە کە دوو پێناسە لە پێنج پێناسەی ژینۆساید لە کۆنڤانسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەوانەیە دەربارەی زمان بەکار بهێنرێت. II (ب) “زیان‌گەیاندنی جیددیی جەستەیی یان دەروونی بە ئەندامی گرووپ” و II (پ) “گواستنەوەی ئیجباریی منداڵانی گرووپ بۆ گرووپێکی دیکە” (Skutnabb-Kangas، 2008، لاپەڕە 5). خاڵی بەهێزی ئەم پێناسەیە بەڵگاندنێکی بەهێزە کە بە قازانجی پەروەردەی زمانی دایک بۆ لاوانی کەمینە / زمانی خۆجێیی قسە دەکات.


زیانی دەروونی لە پێناسەی II (ب)دا کە زیان بە گرووپی زمانە کەمینەکان دەگەیەنێت، دەبێ لە ڕێی قەیرانە تایبەتییەکانەوە شی بکرێتەوە و، لە ئاکامی لەدەستدانی زمان وەکوو یەکێک لە هۆکارە دیاریکراوەکان، شوناسی کلتووری زیانی پێ دەگات و لەگرێژەنە دەچێت. دووریان لەسەر ئەم باوەڕەیە کە کۆمەڵگا یان ئەو گرووپانەی زمانەکەیان لەدەست دەدەن یان لێی شل دەبنەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لە هەلومەرجی نالەباری کۆمەڵایەتیدان، وێناچێ هۆکاری سەرەکیی لەدەستدانی زمانی خۆیان بن. هەروەها ناوبراو لەسەر ئەم باوەڕەیە کە کاریگەریی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنی زمانی دەستبەجێ ئاشکرا نابێت و، لەوانەیە لە بەرە و نەوەکانی دواییدا زیاد بکات، ئەو کاتەی لەدەستدانی شوناسی ئێتنیکی زمانی، پەشیمانیان دەکاتەوە یان پێی دڵگران دەبن. ئەمە لەو لێکۆڵینەوانەدا دەردەکەوێت کە پێوەندی لەنێوان لەدەستدانی زمان و ڕەوشتی بێ‌سوود لەنێو لاواندا هەیە. بەشێکی نووسەران (بۆ وێنە نیکۆلاس، 2011؛ ڕیهنێر، 2010) هاوپێوەندیی نێوان لەدەستدانی زمانی خۆجێیی لەنێو لاوانی خۆجێیی ئەمریکای باکوور و بەشداری لە دەستەکاندا و، لە ئاکامدا ئەو لاوانەی کە بە دوای شوناسەوەن، تاوتوێ دەکەن. ئەم نووسەرانە پێوەندیی نێوان نەوەیەکی نوێ کە بە دوای شوناسی ڕەسەنەوەن و، لەدەستدانی پێوەندیی خۆجێیی‌یان بە هۆی لەدەستدانی زمان و پاشان، ڕەگەڵ کەوتن و پێک هێنانی دەستەکان لە ڕێی ئەم لاوانەوە دەبینن. لە ئاکامی شوناسی ئێتنیکی زمانیی خۆجێیی‌یان، بڕیاری ئەم لاوانە ڕەوشتێکی زەرەرمەندانە یان تاوانبارانەی لێ دەکەوێتەوە، هەربۆیە وێدەچێ پێناسەی II(ب) ڕاست و دروست بێت. سەرەڕای ئەمەش، ناتوانین شوناسی ئێتنیکی زمانیی لەدەستچوو بە تاکە هۆکار لەم هەلومەرجانەدا بزانین، چونکە ئەم لێکۆڵینەوانە نایانهەوێ پرسیاری پێوەندیدار بە زیانی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیداری دیکە بەم ڕەوشتە دژە کۆمەڵایەتییانە لەبەرچاو بگرن. ئەمەش بەرلە سەلماندنی پێوەندیی ئاشکرای نێوان لەدەستدانی زمان و خەسار و زیاندا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی تێڕوتەسەلە.


بەم حاڵەشەوە وێدەچێ پێناسەی (II(e لەم بەڵگاندنەدا لە ڕێی سەپاندنی گۆڕینی زمان لە منداڵاندا، بە باشی دەکار بکرێت، ڕاستییەکەی دەوڵەتەکان بەزۆری منداڵان بۆ دەستەیەکی دیکە دەگوازنەوە. لێکۆڵینەوەکان دەربارەی پێوەندیی نێوان زمان و شوناسی ئێتنیکی زۆر بەربڵاوە (بڕوانە: Fishman، 1991، 1996، 1999؛ Skutnabb-Kangas، 2008؛ و زۆری دیکە) و لەدەستدانی زمان لە لاوێکدا دەکرێ گۆڕانکارییەکی ئیجباری لە دەستەیەکەوە بۆ دەستەیەکی دیکە، لانیکەم لە ئاستی زمانی لەبەرچاو بگرین. بەم حاڵەوە، هەروەکوو لە ژێرەوە دەیبینین، لاوازتر لەم دوو بەڵگاندنەیە.


بابەتی سەرەکی، دەستەواژەی ژینۆسایدی زمانییە و، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە لەدەستدانی ئیجباریی ئێتنیک یان کلتوورێک دەکات. پێناسەی ونبوونی زمان لە ڕێی ژینۆسایدی زمانییەوە لەبەر هێزێک کە وشەی ژینۆسایدی لەگەڵە، سەرنجڕاکێشە. چونکە پێناسەی ژینۆساید ڕاستەوخۆ دەربارەی زمان ڕاست و دروست نییە، پێناسە و بەرگری لەم دەستەواژەیە لە ئاستی لێکدانەوەیەکی وردتردا دژوارە. ئەمە بەم مانایەیە کە لەدەستدانی زمانی ئیجباری دەبێ لە ڕێی ونبوونی گەل یان کلتوورەوە شەنوکەو بکرێت ـ بەتایبەتی لەدەستدانی زمان دەبێتە هۆی ونبوونی گەل یان کلتوورەوە، واتا بەڵگاندن لە ڕێی زاتگەراییی زمانناسانەوە. زاتگەراییی زمانی باس لەوە دەکات کە شوناس و زمان بە جۆرێک لە جۆرەکان لێک گرێدراون و، بە سڕینەوەی یەکیان، ئەوی تریش دەسڕدرێتەوە ـ یان بەتەواوی یان بە سڕینەوەی چەمکێکی سەرەکی کە ناکرێ لە زمانێکی دیکەدا باس بکرێت و، ئەم کارە زیان بە شوناس دەگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک بابەت دەربارەی ونبوونی ئێتنیکەکان لەگەڵ زمانی خۆیان لە کۆمەڵگای زۆرینەدا هەیە، بەڵام کۆمەڵێک نموونەی دیکەی ئێتنیکیش هەیە کە زمان و شوناسی خۆیان لەدەست نەداوە. نموونەکانی دوایی بریتین لە میووکی ویلایەتە یەکگرتووەکان (دێلگادۆ ئۆلسێن، 2014)، خۆجۆی بێرێزیل (2004، Hoffman French)، خێنوو و پیزاوی کۆڵۆمبیا (Zwisler, 2018). لە هەر کام لەم حاڵەتانەدا، گرووپی ئێتنیکی لەبەر نەبوونی زمانی باب و باپیرانی خۆی، پاشقول دراوە و هەڵاواردنی ئێتنیکیی بەسەردا سەپاوە. بەڵام ئەم گرووپانە دەمێننەوە و دەتوانن باس لە شوناسی ئێتنیکی یان خۆجێیی خۆیان بکەن. ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە سەرەڕای ئەوەی کە پێوەندی لەنێوان ئێتنیک و زماندا هەیە، ئێتنیک و زمان گرێدراوی یەکتری نین، واتا لەدەستدانی زمان هاوشانی لەدەستدانی ئێتنیک نییە. ئەم کارە دەستەواژەی ژینۆساید لەنێو ژینۆسایدی زمانیدا لاواز دەکات، چونکە لەدەستدانی زمان لەگەڵ ژینۆساید یەکسان نییە. کەوابوو (II(e نابێ بۆ بەڵگەهێنانەوە بە قازانجی دەستەواژەی ژینۆسایدی زمانی لەبەرچاو بگرین، چونکە پشتی بە گریمانەی زاتگەرایانە بەستووە و، لە ئەزموونی ژیاندا ڕاست و دروست نییە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە باسەکە بۆ دەستەواژەی “ژینۆسایدی زمانی” پشت بە چەمکی زیان و خەسار ببەستێ، بەڵام ئەم چەمکە بەتەنیایی بۆ یەکلایی کردنەوەی دەستەواژەی “ژینۆسایدی زمانی” تەواو نییە، ئەو کاتەی کە بەشی “ژینۆساید” ناتوانێ سەقامگیر بێت.


لە کاتێکدا ئامانجی لەدەستدانی زمانی ئیجباری، زۆر جاران هاوشێوەسازیی ئیجباریی ئێتنیکێک نییە، ژینۆساید وەکوو دەستەواژەیەک لەبەرانبەر لێکدانەوە و شیکردنەوەدا نییە. دەستەواژەی زمانکوژی هێندەی ژینۆسایدی زمانی باو نییە، کەچی زۆرتر بەکار دەهێنرێت، چونکە زمانکوژی هەر لەدەستدانی زمان تاوتوێ دەکات. نیکۆلاس وەکوو “کوشتنی زمان بەبێ کوشتنی قسەکەران” (2011، لاپەڕە ی 5) و زویسلێر (2017، لاپەڕەی 43) وەکوو سڕینەوەی زمانێک لە ڕێی سیاسەتی دەوڵەت بە مەبەستی لەنێوبردنی کەرەستەی دەستبەجێی گرووپێک بۆ “ئەوی دیکە”ی زمانی پێناسە دەکات. ئەم پێناسانە دەرفەتی تێگەیشتنی لەدەستدانی زمانی ئیجباری ئامادە دەکات کە پێویستی بە زاتگەراییی زمانی نییە. سەرەڕای ئەمە دەمهەوێ پەرە بەم پێناسەیە بدەم.


زمانکوژی ئەو بابەتانە دەگرێتەوە کە لەدەستدانی زمان تێیدا ئیجباری بووە و، دەبێ یاسا یان پەسەندکراوی یاسایی هەبێت کە ڕێگە بە دەوڵەت یان ناوەندێکی نیشتمانیی دیکە بدات، کە بەکارهێنانی زمان لە سەرجەم بوارە گشتی و تایبەتییەکاندا سزا بدات، یان بە زۆری لە ڕێی ناوەندێکی غەیرە دەوڵەتی، بۆ وێنە بەزەبری زۆری و هێزی کوشتن دژی بەکاربەرانی زمان، ئەم کارە بکات. نموونەی حاڵەتی یەکەم، یاسای زمانی کۆلۆمبیا بەرلە 1991ی زاینییە کە بەکاربردنی زمانی خۆجێیی قەدەغە کردووە و، چالاکانە پەرە بە “شارستانییەتی” خۆجێیی دەدات (Areiza-Londoño، 2011). بەم حاڵەشەوە، پێویست ناکا یاسای دەوڵەتی بە ئاشکرایی حوکمی زۆرەملێ دژی حەشیمەت و زمان بدات. هەروەها زمانکوژی ئەم حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە دەوڵەت لەدەستدانی زمانێک بەبێ کەڵک وەرگرتن لە هێزی فیزیکی یان وەلانان لە بەستێنە گشتییەکاندا ئیجباری دەکات. زمانکوژی ئاماژە بە شوێنێک دەکات کە دەوڵەت بەکارهێنانی زمانی دایک لە پەروەردە یان میدیادا پەرە پێ دەدات، لە بارودۆخێکدا کە بەکارهێنانی زمانی دایک لە لایەن زمانی زۆرینەوە هەڕەشەی لەسەر بێت، لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیربوونی دیگلاسیا و گۆڕینی زمان لە درێژخایەندا، یان تا ئەو جێیەی کە دەوڵەتێک یان ڕێکخراوێکی غەیرە دەوڵەتیی شوێندانەر، سیاسەتە ئابوورییەکان دەکاتە ئیجباری و، ڕێ بە زمانی کەمینە نادات و کۆمەڵەیەکی زمانی، زمانی خۆی لە وڵامی ئەم سیاسەتانە دەگۆڕێت. لە ڕووی پەروەردەیی‌یەوە، ئاوڕدانەوە لەم خاڵە زۆر گرینگە کە زمانکوژی تەنیا بۆ ئەو سیاسەتانە دەکار دەکرێت کە مەبەستی کەمکردنەوە یان لەنێوبردنی کەمینەکانە، نەک ئەو سیاسەتانەی کە ئامانجەکانیان دووزمانەبوونی گشتییە. قەدەغەبوونی زمانی دایک لە پەروەردەدا، زۆر جاران منداڵ لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی و زانستی دادەبڕێنێت و بەرەو زمانی پەروەردەیی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەڕوات (فیلیپسون، 1997). بۆ زمانی دایک، ئەمە بە مانای دۆخی ناسەقامگیری دیگلاسیکە و، پاش قەدەرێک ناچاری دەکات ماڵەکەی بەجێ بهێڵیت و دۆخی زمانی دایکییەکەی هەڕەشەی لەسەر دەبێت، تا ئەو کاتەی کە لە باشترین حاڵەتدا، زمانێک وەکوو میراتی کۆمەڵگا بمێنێتەوە ـ ئەمە زمانکوژییە.


لە هەموو فۆڕمەکانی زمانکوژیدا، زمان بە ئیجبار لەنێو دەچێت و، لەوانەیە لە ڕێی جۆراوجۆرەوە وەدەست بێت ـ دەوڵەتێک ڕەنگە بە شێوەیەکی چالاکانە بەکارهێنانی زمانی کەمینە سزا بدات و هەر زوو سەرکوتیان بکات. (بۆ وێنە، لە کۆلۆمبیا، زمانی پیجائۆ لە ماوەی 50 تا 60 ساڵ لە ئاکامی ئەم سیاسەتانە لەنێو چوو) یان لەوانەیە زمانی دایکیی منداڵ لە پەروەردەدا قەدەغە بکەن. بەم حاڵەشەوە، هەر ئەو ئامانجە وەدی دێت ـ لەدەستدانی زمان، جیا لەوە کە چ زمانێک بۆ بەرەوپێشچوونی بەرنامەکانی دوڵەت پێویستە. جیا لەوەی کە دەوڵەت چۆن یاسای لەدەستدانی زمان دەسەپێنێت، ئەو خەسارە هەروا بەربینگیان دەگرێت. ئاوڕدانەوە لەم خاڵە زۆر گرینگە، کاتێک زمان لەنێو دەچێت، حەشیمەت لەنێو ناچێت – هەربۆیە دەستەواژەی زمانکوژی لە مانای زاتگەرایانەی زمانی بەتاڵ دەکاتەوە. ئەمە خاڵێکی گرینگە و، دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت، چونکە بەڵگاندنی زاتگەرایانەی زمانناسانە لەوانەیە ئەو گرووپانە بەرەو دۆخی نەگونجاو پەلکێش بکات کە لەبەر لەدەستدانی زمان زەرەرمەند بوون، ئەو شوێنەی کە لەوانەیە شوناسەکان (بۆ وێنە: خۆجێیی یان ئێتنیکی) بە پێی ئەو بەڵگاندنە وەپشت گوێ بدات کە شوناسی X پێویستی بە زمانی X هەیە و، ئەمەش هەڵەیە (دووبارە ئەو گرووپە خۆجێیی‌یانە بەبێ زمانی خۆجێیی، ئاماژە بەم خاڵە دەکەن).

ئەم بابەتە دژی ژینۆسایدی زمانییە. ئەو بەڵگاندنانەی کە لەنێوان گرووپێکی کۆمەڵایەتی و زمانێکدا پێوەندیی پێویست ساز دەکەن و، ئەو گرووپانە لەبەر چاو ناگرن کە شوناسێک دەپارێزن، هەربۆیە ئەگەر پێوەندیی شوناسی زمانی پێویست بێ، زەحمەتە سەر بگرێت. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەو شوێنەی کە دەرگا بۆ کەڵک وەرگرتنی دەستەواژە زانستییەکانی خۆی بە ڕووی خوێندنەوەی زاتگەرایانەدا دەکاتەوە، ڕێی خۆی وەکوو نوێنەری کۆلۆنیالیزم یان نوێنەری سەرکوت و زوڵم لە ڕێی حاشالێکردنی شوناسەوە دەکاتەوە. بە پێی ئەو پێشینەیەی کە زمانناسی وەکوو زانستێک لەگەڵ کۆلۆنیالزیم هەیەتی، بەرەو ئەو دەستەواژانە دەڕوات کە دەرک و تێگەیشتنی بەربڵاوتریان هەیە و، دەبێ کۆمەڵێک دەستەواژەی وەکوو ژینۆسایدی زمانی و زمانکوژی شەنوکەو بکرێن. لە حاڵێکدا لێکۆڵینەوەی لەدەستدانی زمانی ئیجباری بە شێوەیەکی گشتی بە قازانجی کۆمەڵەی لەدەستدانی ئیجبارییە، ئەمەش بەم مانایەیە کە هەڵبژاردنی دەستەواژەکان لەوانەیه ـ بە شێویەکی تەواو نەخوازراوانە ـ کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە لەخۆ بگرێت کە پێچەوانەی ئامانجی زانست بێت. لە ڕێی بەکارهێنانی ژینۆسایدی زمانییەوە، ئێمە لەوانەیە پشتیوانی لە هەڵوێستێکی زاتگەرایانە بکەین کە دەتوانێ ئەو کۆمەڵگایانە لاواز بکات کە زمانی ئیجبارییان لەدەست داوە.
لەدەستدانی ئیجباریی زمانێک، هەوڵێکی سەرکۆنەکەرانەیە و ئەمڕۆکە وەکوو بێ‌ڕیزی بە میراتی بەکۆمەڵی مرۆڤ لەقەڵەم دەدرێت. بەم حاڵەشەوە “ژینۆسایدی زمانی” گونجاوترین دەستەواژە بۆ نیشاندانی ئەم دیاردەیە نییە. ژینۆسایدی زمانی وەکوو دەستەواژەیەک پشتی بە بەڵگاندنی زاتگەرایانەی زمانی بەستووە کە واقعبینانە نین و ئەو کاتەی کە لەژێر چەتری گرووپی کەمینەکاندا لێک دەدرێتەوە کە زمانی باب و باپیرانی خۆیان لەدەست داوە، بەڵام توانیویانە درێژە بە ژیانی ئێتنیکی و کلتووریی خۆیان بدەن. زمانکوژی ئەو لێکۆڵینەوانە پێشکەش دەکات، چ سەرکوتی چالاکی دەوڵەتی بێت، سیاسەتی پەروەردەیی یان ئابووریی کە هەمان کار بەبێ لێکەوتەکانی زاتگەرایانە دەکات. کەوابوو زمانکوژی دەستەواژەیەکی گونجاوترە، چونکە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زمان بەزۆری لەدەست دەچێت، بەبێ ئەوەی کلتووری ئیجباری یان لەدەستدانی حەشیمەت پێویست بێت.

*. https://apples.journal.fi/article/view/103419

**. نووسەرێکی ئوستورالیایی بە ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئەورووپایی و باب و باپیرێکی خۆجێیی ئوستوڕاڵیا، خەڵکی کوینزلەندی ناوەندی کەنارئاوەکانە (نووسەر بۆخۆی هیچ باوەڕی بە ئەندامبوون لەم گرووپانەدا نییە). زمانی بنەماڵەی (گۆرێنگ گۆرێنگ) وەکوو ٩ (دۆرمانت) پۆلێنبەندی کراوە و کۆمەڵەیەکی چالاک خەریکی کاری بووژانەوەی زمانییە. لەدەستدانی زمانی باب و باپیری یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە نووسەر خەریکی کار لەسەر ئەو زمانانە بێت کە مەترسیی لەنێوچوونیان لە زمانناسیدا لەسەرە. نووسەر ئێستا وەکوو کۆچبەرێکی دەرەکی لە کۆمەڵگای پیجائۆ لە ناوەندی کۆلۆمبیا و لەسەر بووژانەوەی زمان کار دەکات. تێزی دوکتۆراکەشی هەر لەسەر ئەم تەوەرەیە.



سەرچاوەکان

Areiza Londoño, R., (2011). ¿Lenguas en contacto o lenguas en conflicto? Lenguas amenazadas, Lenguas en Contacto y Bilingüalismo, 4, 11–20.
Delgado Olson, A. (2014). Miwok language loss and identity: A multigenerational study [Master’s thesis]. Mills School of Education.
Dorian, N. (1993). A Response to Ladefoged’s other view of endangered languages. Language, 69(3), 575–579. https://doi.org/10.2307/416699
Eberhard, D.M., Simons, G.F., & Fennig, C.D. (Eds.). (2021). Ethnologue: Languages of the world. (24th ed.). SIL International.
Fishman, J. A. (1991). Reversing language shift. Multilingual Matters. Fishman, J.A. (1996). Language and ethnicity: The view from within. In F. Coulmas (Ed.), Handbook of Sociolinguistics (pp. 327–343). Wiley-Blackwell.
Fishman, J. A. (1999). Sociolinguistics. In J. Fishman (Eds.), Handbook of language and ethnic identity (pp. 152–163). Oxford University Press.
Hoffman French, J. 2004. Mestizaje and law making in indigenous identity formation in northeastern Brazil: ‘After the conflict came the history’. American Anthropologist, 106(4), 663–674.
Nicholas, A. B. (2011). Linguicide. Briarpatch, 40(2), 5–8.
Phillipson, R. (1997). Realities and myths of linguistic imperialism. Journal of Multilingual and Multicultural Development, 18(3), 238–248. https://doi.org/10.1080/01434639708666317 Reyhner, J. (2010). Indigenous language immersion schools for strong indigenous identities. Heritage Language Journal, 7(2), 138–152.
Skutnabb-Kangas, T. (2008). Human rights and language policy in education. In S. May, & N. Hornburger (Eds.), Encyclopedia of language and education, Springer, 55–65. Skutnabb-Kangas, T., & Dunbar, R. (2010). Indigenous children’s education as linguistic genocide and a crime against humanity? A global view. Gáldu Čala, 1, 7–126. https://doi.org/10.1111/j.1467-9841.2012.00545_3.x
UNESCO, (2015). Language vitality and endangerment. UNESCO.
Wurm, S. (1991). Language death and disappearance: causes and circumstances. In R. H. Robins & E. M. Uhlenbeck (Eds.), Endangered Languages (pp. 1–18). Oxford. Zwisler, J.J. (2017). Linguicide and identity: A multi-generational study in indigenous identity. Lambert Academic Publishing.
Zwisler, J. J. (2018). The Pijao of Natagaima: Post-linguicide indigenous identity and language. Cadernos de Etnolingüística, 6(1), 51–80.

داگرتنی بابەت