ئارامتر بخوێنەوە

ڕوانینی مرۆڤ‌تەوەرانەی «هێمن» بۆ ژن
لە «تاریک و ڕوون»

موژگان کاوسی
و: بێهزاد قادری


کورتە

هێمن لە شێعرەکانی خۆیدا بە زۆری پەرژاوەتە سەر “ژن”؛ چ لەو شێعرانەی کە تایبەت بە ژنن و چ لەو بەیتە بڵاوانەی کە لە شێعرەکانی دیکەیدان. ژن پێگەیەکی تایبەت و بەرچاوی لە ئەدەبییاتی ناوبراودا هەیە.

بوونی ژن لە “تاریک و ڕوون” و باسکردن لە پێگەی ئینسانیی ئەو، بەهۆی تایبەت بوونی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی کوردستان، گرینگییەکی تایبەتی لە شیکاریی مێژووییی ڕەوتی جووڵەی لایەنەکانی پەیوەندیدار بە ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەیە و کاریگەریی ئەدیبان و ڕووناکبیرانی وەک مامۆستا هێمن دیار و بەرچاوە. هێمن لە “تاریک و ڕوون”دا، پێگەیەکی مرۆڤ‌تەوەرانە و بەرز بۆ ژنی کورد وێنا دەکات کە بنەچەی لە ئوستوورەکانی “دایک‌ڕەچەڵەکیـ”ـدایە و ڕوانگەکەی لەم بارەوە لەگەڵ هاوچەرخترین بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهان هەڵدەسەنگێندرێت؛ لە هەمان حاڵدا کە بناغەی پێناسەی ژنی ئازاد لەسەر بنەمای فەرهەنگی خۆی دادەڕێژێت، لە وەسفەکانیدا کەڵک لە نموونەگەلێک لە کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی وەردەگرێت.

هاوکات مامۆستا هێمن لە شێعرەکانیدا ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی کوردستان دەکات و لە بەرژەوەندیی ژناندا خوازیاری گۆڕانکاری لەم کۆمەڵگەدایە. وێڕای هەموو هەوڵەکانی بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئەدەبییاتی بەرز بۆ وەسفکردنی ئینسانییەتی ژن، بەهۆی نەهادینەبوونی چەمکەکان و ئەدەبییاتی پیاوسالارانەی کۆمەڵگەکەی، هەندێک جار بە شێوەیەکی ناخودئاگا ژن وەک مرۆڤی “جیاواز” و پیاو وەک مرۆڤی “پێوەر” (معیار) لەبەرچاو دەگرێت؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی کە قووڵاییی ڕوانینی ئینسانیی ناوبراو بۆ ژن ڕوونە، بەردەنگ چاوپۆشی لەم هەڵانە دەکات.


وشە سەرەکییەکان

هێمن- کورد- مرۆڤ- ژن- ئوستوورە
دەستپێک

زمان و پەیوەندیی زارەکی ڕۆڵێکی گرینگیان لە پێکهێنان و پەرەدان بە شارستانییەتی ئینسانی هەبووە و شێعر و ئەدەبییاتی هەر زمانێک لە هەموو شوێنێکی جیهان، چ بە شێوەی فۆلکلۆر و چ بە شێوەی نەریتی نووسراو، هونەری چەمکەکان و هەستە ئینسانییەکانی گواستووەتەوە. بەدڵنیایی‌یەوە زمانی کوردیش وەکوو یەکێک لە زمانە زیندوو و دەوڵەمەندەکانی دونیا بە هەمان شێوە ئەرکە کۆمەڵایەتی و شارستانییەتسازەکانی خۆی بەرەوپێش بردووە؛ گەرچی لە ڕواڵەتدا وەها دێتە پێش چاو کە پشکی ئەم ئەرکە لەنێوان زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردیدا جیاواز بووە، هەندێک جار زاراوەیەک ئەرکێکی زۆرتری لەئەستۆ بووە، بەڵام ئەگەری هەیە کە ئەمە تەنیا لە ڕوانینی ئێمە بۆ ئەدەبییاتی نووسراو بەرچاو بێت؛ لە حاڵێکدا کە ئەدەبییاتی فۆلکلۆر کاریگەرییەکی قووڵ و گشتگیری هەیە و لە ڕوانگەیەکی وەهادا پێگەی هیچ زاراوەیەک لە زمانی کوردیدا کەمڕەنگ نییە.

ئەگەر ئاماژە بە ئەدەبییاتی نووسراو بکەین، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئەدەبییاتی “گۆرانی” و نەریتەکەی ڕووناککەرەوەی کۆڕە ئەدەبییەکان بووە و مەزنییەکی تایبەتی بە زمانی کوردی بەخشیوە کە بایەخەکانی هەتا هەنووکەش هەروا پیشاندەری هێز و توانا ئەدەبییەکانیەتی؛ بەختەوەرانە ئەدەبییاتی نووسراوی “سۆرانیـ”ـش بە پێگەیەکی بڵیندی وەها گەیشتووە کە توانیویەتی لە کۆڕە ئەدەبییەکانی جیهاندا پێگەیەکی بێ جێگرەوە بۆخۆی مسۆگەر بکات.

لەنێوان شاعیرانی سۆرانی‌ئاخێوی هاوچەرخیشدا، شاعیرێکی وەک مامۆستا هێمن توانی بگاتە بەرزترین لووتکەکانی ئەدەبییاتی سۆرانی و کوردی و، هەتاهەتایە وەکوو شاعیری نەتەوەیی لەسەر ئەو لوتکەیە دەمێنێتەوە و چاوەکان بەمۆلەق دەوەستن. لە هەموو شێعر و بەرهەمەکانی مامۆستا هێمندا، چەمکە بەرزە مرۆیی‌یەکان دەبینین کە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤ لەخۆ دەگرێت. مرۆڤ کەڵکەڵەی ناوبراوە و، خۆی لەبارەی ئەم کەڵکەڵەوە لە ناڵەی جوداییدا دەڵێت:

شیوەنی من شیوەنی ئینسانییه
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییه

و چەندە جوان لە هەموو ژیانیدا ڕەنگدانەوەی ئەم باوەڕانەی دەبینین؛ ژیانێک کە لە شێعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە؛ ڕەنگدانەوەیەک لە مرۆڤ و تەواوی هەست و ماف و پێویستی و ئەو زوڵمانەی کە لێی کراوە، ڕەنگدانەوەیەک لە ڕوانینی ئەو بۆ بەرزیی مرۆڤ و هیوای بەم بەرزییە و ژن وەک مرۆڤێک، کە لە هەموو جێگایەکی شێعرەکانیدا دەربڕی ڕوانین و ڕوانگەی کەم‌وێنەی ئەم شاعیرەیە بۆ ژن و پێگەی مرۆییی ژنی کورد.
ئەم وتارە شیکاریی “شێعرگەلێک لە هێمن لە گۆشەنیگای کۆمەڵگەی پیاوسالاری کورد، بایەخی ئوستوورەییی ژن لە کوردستان و هەروەها لایەنە فێمێنیستییەکانی ڕۆژاوا” دەکات.

دەربڕینی پێگەی ئینسانی و ڕوانگەی هێمن لەسەر ژنی کورد لە تاریک و ڕووندا
لە تاریک و ڕووندا، بە زۆری شێعرگەلێکی تایبەت بە ژنان، بە کۆمەڵێک سەردێڕی دیار یان نادیارەوە، هەروەها شێعرگەلێکی بڵاو لەم بارەوە و شێوەی تێگەیشتنی هێمن لە ژن، دەبینرێن؛ دەڵێی جیهان و ڕووداوەکانی بۆ هێمن و لە زەین و شێعرەکانیدا، بێ بوونی ژن وێنا ناکرێن.
بۆ نموونە، شێعرێک لەژێر ناوی “وتووێژی کچ و کوڕ” (١٣٢١ی هەتاوی) لە ناوەرۆک و سەردێڕدا ڕوانینێکی یەکسانیخوازانەی بۆ ژن و پیاو هەیە؛ شێعری “کیژی لادێ” (١٣٢٤ی هەتاوی) چ لە سەردێڕ و چ لە ناوەڕۆکدا لە خزمەتی ناساندنی کچی کورد لە ڕوانگەی هێمنەوەیە؛ هەروەها شێعری “یادگاری شیرین” (١٣٢٤ی هەتاوی) گەرچی لە سەردێڕدا ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ژن نەکردووە، بەڵام لە ناوەرۆکدا چەمگەلێکی بایەخداری مرۆیی لەبارەی ژنی کورد دەربڕیوە.

هەروەها هێمن لەم بەرهەمەدا بە نووسینی شێعرێک لەژێر ناوی “دایکی نیشتمان” (١٣٢٤ی هەتاوی) ژنی کورد وەک دایک و وەک وەبیرهێنانەوەی گرینگیی ئوستوورە کۆنەکانی فەرهەنگیی خۆی دووبارە ناساندووەتەوە. ئەشق بە ژن و جودایی لە “کچی مەهاباد” (١٣٢٦ی هەتاوی)، هەروەها “ئامێزی ژن” (١٣٤٩ی هەتاوی) کە لە کۆتاییدا ژنایەتیی ژنی وەسف کردووە و ئارامی و ئاشتیخوازیی ژنی وەبیر هێناوەتەوە. گەرچی لوتکەی ڕوانینی ئوستوورەییی هێمن بۆ ژن لە شێعری “بەهاری کوردستان”دا (١٣٢٦ی هەتاوی) دەبینین کە مەڵبەند، زاوزێ و ژن بە شێوەی چەمکێکی هاوبەش لەودا ئامادەبوونێکی بەهێزیان هەیە.
ئەمانە تەنیا ئاماژەدانێکی کورت و پوختن کە لە سەرتاسەری بەرهەمەکانی ناوبراودا بە فراوانی دەبینرێن، هەڵبەت واتا و تێگەیشتنی قووڵ و ڕوانینی ناوبراو لەهەمبەر ژن و شکۆی مرۆییی ئەو دەردەبڕێت کە پێویستی بە شیکاریی تایبەتی خۆی هەیە.

ژن و ئوستوورەکان لە شێعرەکانی هێمن
بۆ ناسینی قووڵتر ڕوو دەکەینە ئوستوورە، چونکە: “ئوستوورەناسی، زانستێکی زیندوو و چالاکە، چونکە پەردە لەسەر ئەرکی نەریتی و ڕەنگە چارەنووسی فەرهەنگی ئیتنیکێک لا بدات. ئوستوورەناسی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆحیات و تێفکرینی خەڵکێکە کە لە گێڕانەوەکانی ئوستوورەکاندا بە زمانێکی هێمادار خواست و ئاوات و ترس و هیواکانیان وتووەتەوە (ستاری، ١٣٩١، ١٩).

لەنێوان ئوستوورەکانیشدا دەپەرژێینە سەر کاریگەرترین و پایەدارترین چیرۆکی ئوستوورەکانی میزۆپۆتامیا واتە “گیلگەمێش” و پێگەی ژن لەودا، چونکە بەپێی نووسینی “دوکتور سەفەوی”: “دەتوانین لە ئەفسانەی پاڵەوانیەتیی ئەودا چیرۆکی ژیانی هەر مرۆڤێکی بیرمەند بخوێنینەوە. ئەم هاوئاهەنگییە لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە کە ئێستاکەش بۆ وەرگرتنی نهێنییەکانی ئەم جیهانە و هۆکارەکانی سووڕانی جیهان لە هەوڵدان، گیلگەمێش بۆ هەمووان دەکات بە نەناسراوێکی ناسراو”. (شاملوو، ١٣٩٠، ١٥)

لە یەکەمین ڕستەی ئەم چیرۆکەدا، لە دەپی یەکەمدا دەخوێنینەوە: “خودای زەوی، هەموو شتێک دەبینێ” (شاملوو، ١٣٩٠، ٢١)، کە ئەمە گرینگیی تایبەتی ژن، لە ئاماژەدان بە زەوی و خودای زەوی لە دەستپێکی قووڵترین چیرۆکی ئوستوورەکانی جیهان، دەگەیەنێت.

لە پرسە لەڕادەبەدەرە بەرچاوەکان لە تاوتوێکردنی ئەم ئەفسانەیەدا سەرنجدان بە فەرهەنگسازی لەلایەن ژنەوەیە؛ شاملوو دەگێڕێتەوە[١]: “لاویەتیی ئێنکیدوو وەبیرهێنەرەوەی یەکەمین سەردەمەکانی ژیانی مرۆڤەکانە و ڕوانگەی ئەو بۆ ژیانی ژیارمەند پیشاندەری ئەو قۆناغانەیە کە گرووپگەلێک لە مرۆڤەکان لە قەبیلەنشینی بۆ شارەکان کۆچ دەکەن و گرینگە کە لەم جووڵە گوورانییەدا سەرنج بدەینە پێگەیەک کە حەماسە بە ڕەگەزی مێی مرۆڤ دەبەخشێت کە فێرکاری فەرهەنگە. (شاملوو، ١٣٩٠، ١٣)

لە شوێنە جیاجیاکان و لە ڕەوتی چیرۆکەکەدا، ژن ڕۆڵ و دەورێکی کاریگەر و شوێندانەری هەیە، بۆ نموونە: “بچوو بۆ ئورووک بۆ لای گیلگەمێش! باسی هێزی کۆنترۆڵنەکراوی ئەم بوونەوەرە دڕندەیەی بۆ بکە. داوای ژنێکی جوانی لێ بکە… هەر کە دەیبینێت، لێی نزیک دەبێتەوە. لەم ڕێگایەوە لەهەمبەر بوونەوەرەکان بێگانە دەبێت”. (مۆنشی‌زادە، ١٣٩٢، ٢٤) لەم هێڵانەدا بەڕوونی ئاماژە بە کاریگەریی جوانیی ژن لە فەرهەنگسازی کراوە، لە حاڵێکدا کە ئەم جوانییە ڕواڵەتییە بە تەنیایی کارساز نییە. شاملوو لە باسکردنی تواناکانی ئەم توێژەی ژنان لە ئەفسانەی گیلگەمێشدا وەها دەڵێت: “کچانێکی بیرمەند و ئاگا لەلایەن چینە بژاردەکانی کۆمەڵگەوە پەروەردەیەکی تایبەت دەکران و لەسەر هونەرەکان ئاگاییان هەبوو” (شاملوو، ١٣٩٠، ٤١). سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم بیرمەندی و پەروەرە تایبەتە بۆ کچان و ژنانی کوردیش لە شێعری “یادگاری شیرین” بەڕوونی باس کراوە؛ بەڵام لە گیلگەمێش، ئایا جوانی و بیرمەندی تەنیا تایبەتمەندییە باسکراوەکانی ژنە؟ وا نانوێنێت؛ چونکە لە شوێنێکی تری ئەم ئەفسانەیەدا وەها دەخوێنینەوە: “… ژن و ئێنکیدوو دەچنە شار. ژنێکی پاکداوێن، پێشوێژێک، نزیک دەبێتەوە و پێی دەڵێت، ئێنکیدوو، خودایانی گەورە تەمەندرێژیت پێ ببەخشن!” (مۆنشی‌زادە، ١٣٩٢، ٨٢) و لە شوێنێکی تردا هاتووە: “ڕیشات، خاتوونی دایک، خەون ڕاڤە دەکات… ئێنکیدوو، سەیر بکە ئەمەیە خەون و خەونێک کە خاتوونی دایک ڕاڤەی کردووە. ژنی پاکداوێن، ژنی پێشوێژ وەهای دەوت…” (مۆنشی‌زادە، ١٣٩٢، ٣٠-٢٩) کە لەم ڕستانە ئەودیوسروشتبوونی ژن و هێزی سێحراویی ئەو بە زەین دەگات.

دایک بەهێزترین کەسایەتیی نێو ئەفسانەی گیلگەمێشە، تەنانەت لە گیلگەمێشیش بەهێزترە، چونکە ئەو خوداخاتوونە: “لە دوای ئەوە، گیلگەمێش دژیاری خۆی دەباتە لای دایکی خۆی (ئیلاهە نین سوون[2]. هەروەها ناوێکی تریشی هەیە “ڕیشات”)” (شاملوو، ١٣٩٠، ٦٠). هێزی دایک لێرەدا بەرچاوە: “گیلگەمێش لە زۆرانبازیدا ئێنکیدوو دەخاتە بەر پێی دایکی (مۆنشی‌زادە، ١٣٩٢، ٣٠-٣٢). گیلگەمێش دەسەڵاتدارێکی بەهێز بوو کە دژیاری زۆرداری خۆی شکست دا، بەڵام لە کۆتاییدا خستیە بەر پێی دایکی، دایکێک کە خوداخاتوونە. خوداخاتوونێکی دلۆڤان و دڵسۆز، دایک… دڵنەوایی پاڵەوانێک دەداتەوە کە کەوتووەتە بەر پێی: “ڕیشات”، خاتوونی دایک، دەستەکانی ئەوی گرت: “تۆ ڕۆڵەی منی، ئەمڕۆ تۆ لەدایک بوویت، من دایکی تۆم” (مۆنشی‌زادە، ١٣٩٢، ٣٣) و بەم شێوەیەیە کە “ئوستوورەکانی ئیلاهە گەورەکان، لەهەمبەر گشت بوونەوەرەکان دڵسۆزی دەکەن. لەم ئوستوورانەیە کە پاکیی ڕاستەقینەی خودی زەوی فام دەکەن، چونکە زەوی جەستەی ئیلاهەیە” (مەخبەر، ١٣٩٢، ٢٥١).

چەمکێک کە لە سەرتاسەری شێعری “دایکی نیشتمان” هەستی پێ دەکرێت، هەمان دایکایەتی و دڵسۆزی بە واتا ئوستوورەییەکەی ئەو لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆڵەکانی نیشتمانە. لەم شێعرەدا، دڵسۆزیی دایکێک لە مەهاباد لەهەمبەر ڕۆڵە خەمگینەکانی سەقز، دەتوانێت هاوواتای دڵسۆزیی دایکانەی ڕیشات لەهەمبەر ئێنکیدووی شکستخواردووی نێو ئەفسانەی گیلگەمێش بێت.

ئەم تێبینییە کە وشەکانی “دایک” و “نیشتمان” پێکەوە بەکار براون، سەرنجی ئێمە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ئوستوورەی “دایک- زەوی”… ئەم “دایکە” لە شێعرەکانی هێمن زۆر چارەنووسسازە و ڕزگاریی “مەڵبەند” ئاکامی زانایی ئەوە؛ چونکە: “دايکی زانا کوڕی ئازا دەنێرێتە خەبات”؛ لە ڕوانینی شاعیرەوە، “مەڵبەند” “دایکی زانا”ی دەوێت و ئەم ئەندێشەیە لە شێعرەکانی هێمن، هاندەری کچان و ژنان بۆ فێربوون و خوێندنە:

“فێری زانست و هونەر بوو ئەو لە سایەی خوێندنی
تۆش تەشیمان بۆ دەڕێسی، یادگاری شیرینە”

لە درێژەی تاوتوێکردنی بەراوردکارانەی چەمکە ئوستوورەییەکانی ژن لە بەرهەمەکانی هێمن دەگەڕێینەوە لای گیلگەمێش. ئێنکیدوو لەحنەت لە ژن دەکات: “ژن، دەمەوێت چارەنووسی تۆ دیاری بکەم… کۆڵان ماڵی تۆ بێت و تۆ لە قوژبنی دیوارەکاندا بژیت… ئێستاکە من برسێتی دەخۆم و تینوویەتی ئازارم دەدات. چونکە تاسەت لە مندا هەستاند. من دەمەویست بزانم… و لەگەڵ گیانداراندا بێگانە بووم. چونکە تۆ منت لە بیابانی خۆم بۆ شار برد، لەم ڕووەوە تۆ دەبێ لەحنەت کرابێتی!”. (مۆنشی‌زادە، ١٣٩٢، ٣٦- ٣٧)


ئەم لەحنەتە، چیرۆکی “ئادەم و حەوا” وەبیر دەهێنێتەوە. ژن، ئێنکیدووی ئاگادار کردووە و ئەوی برسی و تینوو کردووە. ڕەنگە تینووی ئاگایی و برسیی زانین. بەو جۆرەی کە حەوا[3] ئادەمی گینگەڵە کرد تاکوو لە میوەی ئاگایی بکەنێتەوە و ئەم کەندنەوەی میوەی قەدەغەکراوە، ئەوانی خستە نێو مەینەتیی ژیانێکی ئاگایانەوە؛ بابەتێک کە لە شێعری “یادگاری شیرین” و شێعرەکانی دیکەی “تاریک و ڕوونـ”ـیش بە زۆری ئاماژەی پێ کراوە: ئاگایی و ئاگابوونەوە.



هێمن و کۆمەڵگەی پیاوسالار

ئۆتۆریتە، هێزێکی چەسپاوە کە کەڵکوەرگرتن لێی، بەگشتی لێپرسینەوەی لێ ناکرێت، چونکە ئاسایی دێتە ئەژمار[4]“ (شەهریاری، ١٣٩٤، ١٠٧) (وەرگرتن لە هام، ١٣٨٢، ٤٤) و “پیاوسالاری زۆرتر لەوەی کە لەبارەی تاک بە تاکی پیاوان و پەیوەندییە بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتییەکانیانەوە بێت، لەبارەی بنەماکان و بایەخەکان، سیاسەت و فەرهەنگ، چەمکەکانی دەسەڵات و نەزمی کۆمەڵایەتییە” (مەهدیان، ١٣٩١، ١٨). بەو جۆرەیە کە لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکان، تەنانەت بە نەبوونی فیزیکیی پیاوانی بنەماڵە، ئۆتۆریتەی ئەوان لەنێو ناچێت و ئەم ئۆتۆریتەیە لەلایەن ژنانەوە لە پەروەردەی بەرەی دواتردا بەرهەم دەهێنرێتەوە.

ئێستا ئاماژەیەک لە کۆمەڵگەی دایکشایی و باوکشایی – کۆمەڵگەی دایکبنەچەیی و باوکسالار- لەبەر دەستە. بەگشتی دەتوانرێت بوترێت: “شارستانییەتی دایکشایی گرینگی بە خزمایەتیی خوێنی و خۆڕاگربوونی هاوخوێنی، گرینگی بە بەرابەریی هەموو مرۆڤەکان و گرینگی بە بایەخی ژیانی مرۆڤ و ئەشق دەدات. بەڵام باوکشایی گرینگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی ژن و مێرد، فەرماندە و فەرمانبەر، دیسیپلین و زەنجیرە دەدات و گرینگی بە پەیوەندییە وەدیهاتووەکان لە هاوخوێنی نادات. (ئەمانەت، ١٣٨٥، ٢٤٧)

بە وتەیەکی تر: “بە مەرجێک دەتوانین بگەینە فەرهەنگ و شارستانییەتێکی بەرزتر کە بنەماکانی ئازادی، بەرابەری و برایەتیی پێشتر لە مێژوو لە ئاستێکی سەرتر دووپات بکەینەوە” (ئەمانەت، ١٣٨٥، ٢٣٤). ئەم چەمکانە لە شێعرەکان و بەرهەمەکانی هێمن بەتایبەتی شێعری “یادگاری شیرین” بەجوانی دەبینرێت و جەختکردنەوەیەک کە ناوبراو لەم شێعرەدا بۆ گەڕانەوەی ژن بۆ پێگەی ڕاستەقینەی مرۆیی خۆی هەیەتی، لە ڕاستیدا جەختکردنەوەیە لەسەر بایەخی ژیانی مرۆڤ و ئەشق کە لە گەوشینەکانی سەردەمی دایکشاییە. دایکشایی لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدایە لەگەڵ ئوستوورەکانی خوداخاتوون و ئیلاهەکان، بەڵام لە درێژایی تێپەڕینی سەدەکان، چی بەسەر ئەم ئیلاهە گەورەیە، زەویی دایکدا هات؟ “ئەم بابەتە لە پلەی یەکەمدا لەگەڵ جووتیاری و کۆمەڵگە وەرزێڕییەکان پەیوەندیی هەبوو. سێحری ژن و زەوی، هەردووکیان بەرابەرن. ئەوان پێکەوە پەیوەندییان هەیە. وێناکردنی وزەیەک کە ڕووخسارەکان بە دونیا دەهێنێت و خواردنیان پێ دەدات، بە دروستی مێیە” (مەخبەر، ١٣٩٢، ٢٥٣).

ئەم وزە خولقێنەرە بووەتە هۆی ئیرەییبردنی پیاوان، هەروەها هێزی دەسەڵاتداریەتیی بە ژنان دابوو، “هەر بۆیە بۆ زاڵبوون بەسەر دایکدا، ڕەگەزی نێر ناچارە بیسەلمێنێت کە ئەویش هێزی خولقاندنی هەیە و چونکە بۆ ئەو خولقاندن لە ڕێگای منداڵدانەوە ئیمکانی نییە، ناچارە لە ڕێگایەکی ترەوە هەوڵ بدات و چ ڕێگایەک لە دەم و وشە و فیکر باشترە؟” (ئەمانەت، ١٣٨٥، ٢٦٠)؛ هەر بۆیە لە کتێبی پیرۆزدا دەخوێنینەوە: “لە سەرەتادا هیچ بوونی نەبوو، وشە بوو و ئەو وشەیە خودا بوو”؛ چونکە “سامییەکان دونیای سیستمەکانی ئیلاهەی دایکیان داگیر کرد و ئوستوورە پەیوەندیدارەکان بە پیاوانەوە زاڵ بوون. (مەخبەر، ١٣٩٢، ٢٥٧)

بە سەرنجدان بەم ڕەوتە مێژووییەیە کە لە پێداگریکردنی مامۆستا هێمن لەسەر خوێندنی کچان تێدەگەین؛ چونکە کۆمەڵگەی پیاوسالار داهێنانی فیکریی لە بەرامبەر توانای مرۆڤخولقاندنی ژن تایبەت بە خۆی کردووە و کۆمەڵگە بۆ چوونەدەرەوە لەو دۆخە و گەیشتن بە ئاشتی و دلۆڤانیی زیاتر، پێویستی بە گەڕانەوە بۆ گرینگیی ژن و ئەندێشەی ئەوە لە پێکهاتەی نوێی خۆیدا[5].

“باخ ئوفن پیشانی داوە کە لە شارستانییەتی دایکشایی، بەتوندی لەسەر پەیوەندیی هاوخوێنی و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خاک (سروشت- دایک) جەخت کراوەتەوە… گشت مرۆڤەکان پێکەوە بەرابەرن و لە بنەڕەتدا منداڵەکان ‘دایک- زەوی’ دێنە ئەژمار… لەلایەکی ترەوە لە سیستمی باوکشایی لە جێی بنەمای بەرابەریی مافی مرۆڤەکان لەگەڵ بابەتی ‘منداڵی بژاردە’ و هەروەها زەنجیرەی پلەبەندیی کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو دەبینەوە[6]. (ئەمانەت، ١٣٨٥، ٢٣٢)
هێمن لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا بە نووسینی شێعری “یادگاری شیرین”، جارێکی دیکە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی دایک‌بنەچەیی لە بەرهەڵستبووەنەوە لەگەڵ فەرهەنگی پیاوسالاریی کۆمەڵگەی خۆی، وەبیر دەهێنێتەوە[7] و ژنی کورد وەها دەکاتە بەردەنگی خۆی:

“گوارەکەی زێڕت بەکار نايه، له گوێ بگره قسەم
لايقی گوێی تو عەزيزم شێعری ساده‌ی (هێمنه)”
و یان:
“ڕاپەڕه، هه‌سته له خەو، ئاخر چ وەختی خەوتنه؟”


هێمن، ژن بۆ شۆڕش و هەستانەوە، بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە لە ڕاستای شوناسی مرۆییی ژن هان دەدات و لە گشت شێعری “کیژی لادێ”دا، کچی گوندنشینی کورد وێڕای جوانی، بەرەو ساکاری، ڕاستبێژی و پاکداوێنی بانگهێشت دەکات. سەرنجدان بە شێعرەکانی هێمن نیشان دەدات کە شۆڕش و ڕاپەڕینی ژنی کورد لە ڕوانگەی ئەوەوە بەتەواوی لەگەڵ فەرهەنگی کوردی دەساچێت. بەم شیکردنەوانە دەچینە پێشوازیی هەڵسەنگاندنی ڕوانگەی هێمن لەگەڵ فێمێنیزمی ڕۆژاوایی.



هێمن و فێمێنیزم

ڕۆبێکا وێست[8] دەڵێت: “من خۆم هەرگیز نەمتوانیوە بەوردی تێبگەم کە فێمێنیزم چییە؟ تەنیا دەزانم کە هەرکات بۆچوونێک دەدەم کە من لە مرۆڤێکی گێل یان سۆزانی جیا دەکاتەوە، بە من دەڵێن: فێمێنیست” (مەهدیان، ١٣٩١، ٢). سەرنجڕاکێشە کە ئەم وتەیە بە ڕوونی لە شێعرەکانی هێمن لەبارەی ژنی کورددا دەبینین؛ هاوکات لەگەڵ هاندانی ژن بۆ چوونەدەرەوە لە ماڵ و خوێندن، بەردەوام باس لە پاکداوێنی دەکات. ئەم زانست‌تەوەری و پاکداوێنییە کە لەلایەن شاعیرەوە پەسەند کراوە، چ ڕۆڵێکی لە بزووتنەوە فێمێنیستییەکانی ڕۆژاوادا گێڕاوە؟
“بەرگرینامەی پوخت، بەڵام بە گڕوتینی مرۆڤدۆستی ئیتالیایی کاساندرا فدلە، لە مافی ژنان بۆ خوێندن” (مەهدیان، ١٣٩١، ٥٦٥) وەبیرهێنەرەوەی ئەم بابەتەیە کە: “یەکەمین ژنێک کە لە ئاگاییی خۆیان لەمەڕ ملکەچیی ژنان و ناڕەزایەتی بەو بەڵگە تاپۆکراوە بەجێیان هێشتووە، ئەو کەسانە بوون کە لە پێگەی بیرمەند یان نووسەردا هاتنە مەیدانەوە. خوێندنەوە، نووسین یان شێوەکانی تری دەربڕین، تا کاتێک کە ئەم کارانە بۆ ژنان قەدەغە بوو، دەیتوانی هەوڵگەلێکی فێمێنستی بێنە ئەژمار… ژنانی داهێنەر و بیرمەند لەگەڵ ئەم ڕاستییە کە هاوچەرخەکانیان ئەم کارانەیان ‘پیاوانە’ و نەگونجاو بۆ ژنان دەهێنایە ئەژمار، دەستەویەخە دەبوون”. (مەهدیان، ١٣٩١، ٥٦٥)
لەبارەی بزووتنەوەی فێمێنیستی “دەبێ سەرنج بدرێتە سەختییەکانی وەدەستهێنانی ئاگاییی فێمێنیستیی بەر لە سەدەی هەژدەیەم. بینیومانە کە ژنان بە درێژاییی سەدەی ناوەڕاست و بزاڤی چاکسازیی ئایینی تا چ ڕادەیەک لە بەکارهێنانی هێما مەزهەبی و فەرهەنگییەکانی وەک پاکداوێنی و… کارزان و بەڕاوێژ بوون”. (مەهدیان، ١٣٩١، ٥٦٣- ٥٦٤)
بەم جۆرە “خۆپارێزیی مەعنەوی کە ژنانی چاکسازیخواز گرتبوویانە بەر، جەربەزەی پێویستیان دەدات تاکوو ڕووبەڕووی کۆمەڵ ببنەوە و، ململانییەکەیشی بەرەو دایکایەتی هەم لە ڕووی باوەڕمەندییەوە بووە و هەم لە ڕووی تێکنیکێکەوە” (مەهدیان، ١٣٩١، ٥٧٠). تێکنیک لەم ڕووەوە کە “بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتییانەوە یان پاساوهەڵگرییان لە بواری کۆمەڵایەتییەوە، هێزی کاریگەریدانان و گۆڕانی کەسانی دیکەیان بە شێوەیەک بێ هەڵڵا هەبووە… چونکە کەسانێکی وەها پاساوهەڵگر دەتوانن وەکوو ڕێبەرانی فیکریی کۆمەڵگە دیار و بەرچاو بن. (شەهریاری، ١٣٩٤، ١٣١)
وەرچەرخانە خێراکانی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، ئیدئۆلۆژیی لیبرالیزم و سوسیالیزم و ئەندێشەی پێشکەوتن، ژنان و پیاوانی هان دەدا کە بۆ چاکسازیی تەواوی ڕەهەندەکانی کۆمەڵگە، لە باشبوونی ژیانی بنەماڵەیی‌یەوە بگرە هەتا هەڵگرتنی کۆیلایەتی و خۆبەڕێوەبەریی نەتەوە سەرکوتکراوەکان، سەرقاڵی ئۆرگانیزەکردن بن” (مەهدیان، ١٣٩١، ٥٦٨)؛ نموونەگەلێکیش کە لە شێعرەکانی هێمندا دەبینرێن، هەڵبەت “هاتنە ناوەوەی چەمکگەلی مۆدێڕن و مۆدێڕنیزم بۆ کوردستان ناوەڕۆکێکی دووفاقەی هەبووە، لەلایەکی ترەوە مۆدێڕنیزم بە هەڵسووڕانێکی ئەرێنی و جووڵەیەکی ڕووناککەرەوە لێک دەدەنەوە کە لە هەمان حاڵدا هۆکاری پێکهاتنی خەسارگەلێکن کە زۆرتریان ژنان دەگرێتەوە… دوو ڕێکار بۆ پارێزراوی لە خەسارەکانی مۆدێڕنیزم بریتین لە: فەرهەنگسازی و خۆماڵیکردن”. (شەهریاری، ١٣٩٤، ١٢٦- ١٢٧)


فێمێنیزمی لیبراڵ[٩]

“بەپێی ئەم ڕوانگەیە ژنان و پیاوان هەردووکیان وەکوو بوونەوەرگەلێکی ئینسانی، زاتەن بەرابەرن، ئەوە پیاوان بوون کە مرۆڤایەتییان پیاوانە نیشان دا، بە درێژاییی مێژوو بیاڤە پیاوانە و ژنانەکانیان جیا لە یەک پێناسە کرد و لەم ڕووەوە ژنانیان لە دۆخێکی ژێردەستانە جێگیر کرد. ژنان وەکوو گرووپی زوڵملێکراو بەرچاون و وەکوو هەموو ئەو خەڵکەی کە لەژێر ستەمدان، سووکایەتیی نەریتیی کۆمەڵگەیان قەبووڵ کردووە. ئامانج ئەوەیە کە لە گشت بارودۆخەکاندا خزمەتگوزاریی بەرابەری لە بەردەم ژنان و پیاواندا هەبێت و لەم ڕێگایەوە ڕۆڵگەلێکی مرۆیی لۆژیکیتر پێک بێن” (شەهریاری، ١٣٩٤، ٣٨) (وەرگیراو لە مەشیرزادە، ١٣٨٣، ٣٤٠). ئەم نموونەیە تا ڕادەیەک لە شێعرێکی هێمن بە ناوی “وتووێژی کچ و کوڕ”دا بەرچاوە. شێعرێک کە لە ناو و ناوەڕۆکدا نوێنگەیەک لە بەرابەریی ژن و پیاوە. ناوی ئەم شێعرەش زۆر پێشکەوتووانە و ئینسانییانەیە؛ چونکە هەڵسوکەوتی ئەم دوو ڕەگەزەی وەک دوو مرۆڤی بەرابەر و لە کردەوەی “وتووێژ”دا خستووەتە بەرباس.



فێمێنیزمی ڕادیکاڵ

“لەجێی پشتیوانی لە قەبووڵکردنی ژنان لەنێو گۆڕەپانی چالاکیی پیاوانەدا، بە ژنانەیی بایەخی ئەرێنی دەبەخشێت”. (وەرگیراو لە بیسکی، ١٣٨٥، ٨٩- ٨٨) (شەهریاری، ١٣٩٤، ٤٥) هاوبەشیگەلێک لەگەڵ ڕوانگەی هێمن لە بواری ناسکی و جوانیی ژنانە و ئەنجامدانی کاری ڕۆژانەی پەیوەندیدار بە ژنان لە ژیانی گوندنشینیدا دەبینرێت. نموونەگەلێک کە لە تاریک و ڕوون، لە شێعرگەلی وەک “کیژی لادێ”، “بەهاری کوردستان” و “کچی مەهاباد” و…دا بەرچاوە.



فێمێنیزمی ئێگزیستانسیالیزم

“… لە فەرهەنگی پیاوسالاردا پیاو ئەرێنی یان سەرباشقە و ژن نەرێنی یان کەسی ‌دی لەقەڵەم دەدرێت. شوناسی ژنان وەکوو ‘کەسی ‌دی’ و بێگانەیی بنەڕەتیی ئەوان هەتا ڕادەیەک بەهۆی جەستەیان – بەتایبەتی توانایان بۆ زاوزێ – و هەتا ڕادەیەکیش بەهۆی دابەشکاریی مێژوویی کارە کە بەهۆی دووگیانی و منداڵداری بەسەر ژندا سەپێندراوە. بە باوەڕی ‘دوبوار’ ژنان دەبێ ئاوەزمەندێتی و هێزی ڕەخنەگرتنیان بەهێز بکەن تاکوو سەر بکەون”. (شەهریاری، ١٣٩٤، ٧٩- ٨٠) (وەرگیراو لە هام، ١٣٨٢، ٥٣- ٥٢)
پێداگریی هەمیشەیی هێمن لە شێعرەکانیدا لەسەر ژنان بۆ خوێندنی زانست و هونەر، ئەم بەهێزکردنی ئاوەزمەندێتی و هێزی ڕەخنەگرتنەیە تاکوو لەم “کەسی ‌دی‌بوونە” کە دوای سەردەمی دایکشایی بەسەر ئەواندا سەپێندرا، بەرەو “سەرباشقەبوون” بچن[10].



فێمێنیزمی پاش کۆلۆنیالیزم

“دەستەواژەی پاش کۆلۆنیالیزم، ئاماژە بە فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگانە دەکات کە لە حکومەتێکی داگیرکەر و کۆلۆنیاڵ یان گرێدراو، سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. ئەم فەرهەنگە تێکەڵاوێکە لە بایەخەکان، هێماکان و پرسە خۆماڵی و ڕۆژاوایی‌یەکان. ئەم فێمێنیستانە بەم پێیە بەڵگە دەهێننەوە کە لە کۆمەڵگەی پاش کۆلۆنیالیزمدا ناتوانرێت تەنیا لەسەر بناغەی بایەخە ڕۆژاوایی‌یەکاندا هەڵسوکەوت بکرێت. لە ڕاستیدا دەبێ بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی ئەم کۆمەڵگایانە، سەرنج بدرێتە گەوشینە فەرهەنگییە ڕەسەنەکانیان. لە ئاکامدا بە لۆژیکێکی وەها، جیهانداگریی گوتاری ئورووپایی لەگەڵ ئالنگاری بەرەوڕوو دەکەنەوە. لە بەرانبەردا لەسەر کۆمەڵێک چەمکی وەک ڕێژەی فەرهەنگی جەخت دەکەنەوە”. (شەهریاری، ١٣٩٤، ٧٣- ٧٤) (وەرگیراو لە هام، ١٣٨٢، ٣٤٣- ٣٤٢)
گشت شێعرەکانی هێمن جەخت لەسەر گەوشینەکانی فەرهەنگی ڕەسەن و فەرهەنگی کوردی لە دووبارە پێناسەکردنەوەی ژنی کورددا دەکاتەوە؛ بەڵام دەرەبارەی تێکەڵاوکردنی ئەو لەگەڵ پرسگەلی ڕۆژاوایی تەنیا شاهیدێک تەواوە. لە شێعری “وتووێژی کچ و کوڕ”دا دەخوێنینەوە: “له گوێن هه‌سته وەک مەردان[11]“؛ نموونەی گوێن و فەرماندان بە لەیەکچوویی لەگەڵ ئەو بۆ ژنی کورد کە خۆی خاوەن مێژوو و فەرهەنگی پڕ لە پاڵەوانانی ژنە، جێی تێڕامانە و، نیشاندەری دزەی فەرهەنگی ڕۆژاوایی‌یە پاش داگیرکاری.



فێمێنیزمی فەرهەنگی

هاوشێوەی هەمان شتە کە لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ناوی فێمێنیزمی کۆمەڵایەتی یان دایکانەی لێ نرا…
“فێمینیزمی لیبڕاڵ یان فێمێنیزمی لایەنگری مافی یەکسانی، پێداگری لەسەر وێکچووییی پیاوان و ژنان دەکات؛ بەڵام فێمێنیزمی فەرهەنگی جەخت لەسەر جیاوازییەکەیان دەکاتەوە. یەکەمیان وەدیهاتنی کۆمەڵگەیەک دەکاتە ئامانجی خۆی کە لە جیاوازییە ڕەگەزییەکان لەودا خەبەرێک نەبێت… لەلایەکی دیکەوە فێمێنیستە فەرهەنگییەکان ڕوانگەیەکیان هەڵبژاردووە کە دەتوانرێت ناوی ‘ژن‌تەوەر’ی لەسەر بنرێت؛ ڕوانگەیەک کە پێداگری لەسەر بایەخە ژنانەیی‌یەکان و فەرهەنگی هەڵقوڵاو لە ئەزموونە بێ‌وێنەکانی ژنان دەکات. بە بۆچوونی فێمێنیستە فەرهەنگییەکان، چاوپۆشیکردن لەم بێ‌وێنەیی‌یە، کۆڵدانە بە پێوەرە پیاوانەیی‌یەکان کە بەرابەری و یەکسانی بە هەمان وێکچوویی دەزانن”. (مەهدیان، ١٣٩١، ٩- ٨)



فێمێنیزمی جیهانی سێیەم

“لە جیهانی سێیەمدا، خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان لەگەڵ خەباتێکی گەورەی تر دژ بە داگیرکاری و تێبینییەکانی ڕۆژاوادا بەشدارە… مێژووی فێمێنیزمی جیهانی سێیەم تێکەڵاوی مێژووی خەباتی ژنان لە بزووتنەوە نەتەوەیی‌ و سۆسیالیستییەکانە. ئەم بزووتنەوانە، ڕەگەزپەرستی، ئیمپریالیزم، کۆیلایەتی و داگیرکاریی نوێی لەگەڵ چالێنج و ئالنگاری بەرەوڕوو کردووەتەوە.

لە ڕەوتی ئەم خەباتانەدا، ئاگایی فێمێنیستی وەدی هاتووە و، لە ڕاستیدا ململانێی سەرەکیی نێوان فێمێنیزمی جیهانی سێیەم لەگەڵ فێمێنیزمی ڕۆژاوایی، پەیوەندی بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکانەوە هەیە. ڕۆڵی دەوڵەت، ناتەبایی‌یەکانی نێو کۆمەڵگە و زەبروزەنگی دەوڵەتانی جیهانی سێیەم کە ژن و پیاو کاریگەریی لێ وەردەگرن، لە تاوتوێکردنی فێمێنیزمی جیهانی سێیەمدا کاریگەرترە. لەم سەردەمەدا فێمێنیزمی جیهانی سێیەم، گەڕانەوە بۆ فەرهەنگیان لە بەرنامەدایە”. (شەهریاری، ١٣٩٤، ٧١) (وەرگیراو لە مصفا، ١٣٧٥، ٨٠)



فێمێنیزمی پڕاگماتیستی

“بناغەی فەلسەفیی پڕاگماتیزم لەسەر ئەم ڕاسپاردەیە پتەوە کە ئەزموون و کارکردن، دوایین پێوەری دروستی ئەندێشەکانە. (وەرگیراو لە جەواهەری، ١٣٨٧، ١٥٣) بەم پێیە فێمێنیستە پڕاگماتیستەکان باوەڕیان بە مەعریفەناسییەکی پشتئەستوور بە ئەزموون و زۆرینەیی هەیە، بەم هۆیەوە سەرنجێکی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانەی کارگێڕانیان دەدەن… لە بیاڤەکانی پەروەردە و بارهێنان و پێکهێنانی کۆبوونەوەگەلێکی بچووک زۆر چالاک بوون”. (شەهریاری، ١٣٩٤، ٧٨- ٧٩) (وەرگیراو لە جەواهری، ١٣٨٧، ١٦٧)
بە بۆچوونی نووسەر، پێگەی ژنی کورد لە ڕامان و شێعرەکانی هێمندا، هاوبەشییەکی زۆری لەگەڵ سێ پێناسەی پێشوو لە فێمێنیزم هەیە؛ بە شێوەیەک کە دەتوانین زۆرێک لە شێعرەکانی “تاریک و ڕوون” وەک شایەت بۆ ئەو بابەتە بزانین.



ژن، چین، ڕەچەڵەک

“چۆن دەتوانین بە ڕادەی پێویست بایەخ بە ئەزموونە هاوبەشەکانی نێوان ژنان بدەین و لە هەمان کاتدا ڕێز لە جیاوازییەکانیان بگرین؟ ڕەگەز ڕایەڵێکی پەیوەندیی پتەوترە یان چین یان ڕەچەڵەک؟” (مەهدیان، ١٣٩١، ٢ و ٣).
چین و ڕەچەڵەک باسێکە کە لە شێعرەکانی “هێمنـ”ـیشدا بەڕوونی دیارە. ڕەخنەی توندی ئەو لە زوڵمی چینی “ئاغا” و هەروەها کەڵکەڵەی ئەو لەمەڕ پێشکەوتنی “کورد” بەتەواوی بەرچاوە؛ نموونەگەلێک کە بەردەوام لەگەڵ پرسی “ژن” لە ڕامانی ئەودا گرێ دراوە، لەوێدا کە باس لە زوڵمکردن لە ژن لەلایەن ئاغاوە دەکات، یان بۆ ژنی کورد پێگەیەکی مرۆیی تایبەت لەبەرچاو دەگرێت.

لێرەدا دوو نموونە بۆ نیشاندانی ڕوانگە جیاوازەکانی فێمێنیزمی ڕۆژاوا لەبارەی ڕەچەڵەک دێنینەوە. “جون کسل نووسیویەتی: ‘کاتێک کە ئاگاییی ژن بەرز ببێتەوە، خۆی و ژنانی دیکە وەک ئەندامانی گرووپێک دەبینێت کە سووکایەتییان پێ کراوە و بۆ گۆڕانکاری لەم دۆخانەدا خۆی بە بەرپرس و دەروەست دەزانێت’. بە بۆچوونی کسل، بۆ گەیشتن بە ڕوانگەیەکی وەها، ژنان دەبێ لە بەستراوەییی سەرەتایی خۆیان بە پیاوان، واتە بنەماڵە، چین، ڕەچەڵەک یان فەرهەنگ ڕزگار بکەن… گریمانەی ئەو وەهایە کە دەتوانرێت ڕەگەز لە بەشەکانی دیکەی شوناسی ژنێک جیا بکرێتەوە”. (مەهدیان، ١٣٩١، ٣)
لە حاڵێکدا “باربارا ئێمێرسۆن” دەڵێت: “یەکەم جار من ژنێکی ئەفریقایی- ئەمریکاییم. بەباشی دەزانم کە زۆرێک لە ژنان یەکەم جار بیر لە ڕەگەزیان دەکەنەوە، دواتر لە ڕەچەڵەکەکەیان. لەبارەی منەوە بەم شێوەیە نییە”.
لەبارەی “چین” و “ژن”، بەڵگە ئەدەبییەکان لە بەرهەمەکانی هێمندا پیشان دەدات کە ڕوانگەی ئەو لەبارەی ژنانی کورد – لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان – لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ڕوانگەی ژنانی پێشڕەوی بزووتنەوە فێمێنیستییەکانی ڕۆژاوا – بەنیسبەت ژنانی چینەکانی تری کۆمەڵگەکەیان – زۆر بەرزترە.

“کریستییەن دووپیزان، کاساندرا فدلە و ژنانی هەڵکەوتووی دیکە کە لە زمانی ژنانەوە قسەیان کردووە، لە ڕاستیدا تەنیا باسیان لە پرسی ئەو ژنە دەگمەنانە کردووە کە بەتەنیا توانیبوویان لە ڕووی خوێندەوارییەوە خۆیان پێ بگەیەنن. چینیش بە قەد ڕەگەز لە دەربڕینی بۆچوونی ئەواندا جێی هەبووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتوانن کۆسپە پێکهاتەیی‌یە گەورەترەکان کە لە بەردەم بەرابەری و یەکسانیی ژناندا بووە لێک بدەنەوە. کریستییەن دووپیزان هەرچەند ئیددیعای دەکرد کە هەموو ژنان لە چینە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری ئایدیالیی ئەودا پێشوازییان لێ دەکرێت، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ژنانی هەژار کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان زەحمەتیان کێشاوە و یەک لەسەر سێی حەقدەستی پیاوانیان وەرگرتووە، خۆی بە هاوتا نەدەزانی (مەهدیان، ١٣٩١، ٥٦٦). ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێمن لە “یادگاری شیرین”دا دەڵێت:

“کیژی شێخ و کیژی حاجی و کیژی ئاغا ڕەنجەڕۆن
کیژی ئازاده ئەوی ژینی به نووکی گاسنه
قەڵشی دەست و کوڵمی سووتاوی کچی لادێ نەبێ
چون دەگاته ده‌ستی دەسبڕ، ئەو هەموو تا تووتنه؟
نیسک و نۆک و ماشی ‌ناو عه‌مباری ئاغای مفتەخۆر
پاک له سايه‌ی دەسکەنەی زين و مرۆت و سۆیسنه”
(هێمن، ٢٠١٤، ٨٧- ٨٨)



ژن، جوانی

بەپێچەوانەی ڕوانگەی سەرمایەداریی ڕۆژاوا[12]، هێمن لە شێعرەکانیدا ناسکی و جوانیی ژنانە ستایش دەکات، بەڵام بایەخی ژن لەودا بەرتەسک ناکاتەوە؛ لەوە سەرتر دەچێت و بوون بە خاوەنی ئەندێشە بە ئاڕمانێک بۆ ژنی کوردی ئازاد دەزانێت.
بۆ نموونە لە شێعری “یادگاری شیرین”دا، لە ئەشق و دڵبەری و جوانیی کچی کورد و بێ‌ئۆقرەییی خۆیەوە لە ئاواتی ئەودا دەستی پێ کردووە، لە درێژەدا قسە بۆ جێگایەک دەکات کە بەرزترین باوەڕە مرۆیی‌یەکان لەبارەی ژنی کورد و پێگەکەی دەردەبڕێت؛ هەتا شوێنێک کە تەنانەت ڕێساکان و فەرهەنگی سەردەمی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و داوا لە کچی کورد دەکات کە دڵی بە گوارەی زێڕی خۆی خۆش نەکات؛ واتە ژنی بە شێوەی ئازاد و ڕزگار لە هەر کۆیلایەتییەک دەوێت؛ تەنانەت جوانیی ژن کە ستایشی دەکات، وەکوو سەرمایەداریی ڕۆژاوا نابێتە هۆی کۆیلەکردنی ژن؛ هەمان وێنە کە ژنانی هاوچەرخی کورد بەنیسبەت خۆیانەوە هەیانە: “جوانی بۆ ژن گرینگە، بەڵام دیاریکەری کۆتایی نییە[13]“.

لە کۆتاییدا بۆ تێگەیشتن لە پێداگریی هێمن بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی ژنی کورد، سەرنجڕاکێشە کە ئاماژەیەک بە بیرەوەرییەکانی هەندێک گەشتیاری ڕۆژاوایی بدەین کە باسیان لە ژنانی کورد کردووە.
“دەبڵیۆ.ئاڕ.های[14]، هوراتیوساوت گیت[15] و میلنگێن[16]“ کۆمەڵیک گەشتیارن کە ئەوەی بە چاوی خۆیان دیتوویانە، دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستانیان لەگەڵ دۆخی ژنانی نەتەوە محەممەدییەکانی تر وەک تورکەکان و عەرەبەکان، هەروەها لەگەڵ نەتەوەکانی تری وەک ئەرمەنییەکان هەڵسەنگاندووە. ئەوان لە سەفەرنامەکانی خۆیاندا باسیان لە پێگەی گرینگی ژنی کورد لە بنەماڵە و پرسە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، بەتایبەتی لە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ پیاوان ـ بە نموونەیەک لە هەڵسوکەوتی خۆیان وەکوو کۆمەڵیک پیاوی بیانی لەگەڵ ژنان لە کوردستان ـ بە چاوی ڕێزەوە لێیان ڕوانیوە و باسیان لە دۆخی گونجاوتری ئەوان کردووە؛ بێگومان دایکی وەها مەڵبەندێک، ئافرێنەر و بەخێوکەری پیاوانی ئەدیب و ئازادیخوازن کە لەبارەی ژنەوە دەڵێن:

“تاکوو ژن ئازاد نه‌بێ، سەرچاوەکه‌ی ژين ليخنه”



ئاکام

بە خوێندنەوەی تاریک و ڕوون و شێعرە پەیوەندیدارەکانی ژنانەوە تێدەگەین کە هێمن ڕوانینێکی مرۆڤ‌تەوەرانە و سەرووڕەگەزیی بۆ ژن هەیە. سەرووڕەگەزی لەم ڕووەوە کە خوازیاری مافی ئینسانی بۆ ژن وەکوو مرۆڤێکە؛ گەرچی هەندێک جار بەهۆی ئەدەبییاتی پیاوسالارانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا، خسڵەتەکانی پیاوان دەکات بە پێوەر، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو ژن بە ڕەگەزی دووەم دانانێت. ناوبراو لە “تاریک و ڕوونـ”ـدا بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە ڕێگای ڕزگاری و سەرفەرازیی کۆمەڵگەکان لە دەستی ژنان و زانایی ئەواندایە. ئەو دۆخی کۆمەڵگەی خۆی بۆ ژنان و گەشەی ئەوان بە گونجاو نازانێت و بەردەوام بە وەبیرهێنانەوە بە کچان و ژنان داوایان لێ دەکات تاکوو بۆ گۆڕینی دۆخی خۆیان لە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و بە سەرنجدان بە دۆخی فەرهەنگی و خۆماڵیی خۆیان، هەوڵ بدەن.
بایەخێک کە هێمن لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار و وەکوو پیاوێک بۆ ژنی دادەنێت، دەتوانێت ئێمە بەو ئاکامە بگەیەنێت کە ئەم شێوە تێگەیشتنە لە ژن و کاریگەریدانانی کۆمەڵایەتیی ژن لە کاریگەریی قووڵ، هەرچەند بە ڕواڵەت کاڵ، بەجێماو لە ئوستوورەکانی سەردەمی دایکشایی لە کوردستانە.
لێکچوویەکانی ڕوانگەی مرۆڤ‌تەوەرانەی هێمن بۆ ژن، لەگەڵ هەندێک لە لایەنەکانی بزووتنەوە فێمێنیستییەکانی سەدەکانی دوایین لە ڕۆژاوادا، نیشاندەری دینامیزم و شیاوی گشتاندنی ئەندێشەکانی ئەم شاعیرە کوردە هاوچەرخەیە؛ ڕوانگەیەک کە ڕیشەی لە قووڵاییی ئوستوورەکاندایە و لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخوازانەکانی مرۆڤی هاوچەرخیش هاوبەشی هەیە. ئەم نموونانە بۆخۆی جەخت لەسەر ئینسانیبوونی چییەتیی ئەندێشەی هێمن دەکاتەوە؛ چونکە ئەوەی کە چییەتیی ڕاستەقینە و ڕەسەنی هەیە، هەم ڕیشەدارە و هەم چالاکە.



پەراوێزەکان

1. ن ک به بررسی خانم شهلا لاهیجی، مهرانگیز کار: شناخت هویت زن ایرانی در گستره‌ی پیش تاریخ و تاریخ، انتشارات روشنگران، تهران، ١٣٧١.
2. Ninsun مادر گیلگمش (ری‌شت Rišat) خدابانوی دارای نام‌های متفاوت در جاهای مختلف. ن ک به گیلگمش، شاملو، ١٣٩٠، ٤٠.
3. تسلط آدم بر حوا در تورات با راهنمایی آدم به چیدن میوه ممنوعه، خود از یادگاران خاطرات مادرشاهی است. (امانت، ١٣٨٥ ،٢٦١)
4. هەڵبەت هێمن لە شێعرەکانیدا بە زۆری ئەم چەمکەی بۆ “ئاغا”کان بەکار هێناوە.
5. به باور آگاهان «وقتی مذکر را به‌جای مؤنث می‌نشانند، روانشناسی متفاوت و تعصب فرهنگی متفاوتی خواهید داشت» (مخبر، ١٣٩٢، ٢٦٠).
6. سرانجام در روندی تاریخی، جامعه‌ی مادرسالار به پایان دوران خود رسید. درحدود ١٧٥٠ ق.م، این فرایند به پایان رسیده بود. ن ک به قدرت اسطوره، مخبر، ص ٢٥٨
7. در طرد ارزش‌های مردسالار کُرد هیمن تنها نیست.«نگاه قانع شاعر به زن نیز نگاهی مترقی است… قانع در اشعارش دختر خانه را به چراغ تشبیه می‌کند؛ یعنی دقیقاً نقطه‌ی مقابل ضرب‌المثل کُردی که خانه‌ای را که دختر دارد و پسر ندارد به خانه‌ای که اجاقش کور است، تشبیه می‌کند.» (شهریاری، ١٣٩٤، ١٠٥)
8. Rebecca West 1913
9. شایانی باسە کە مەبەست لە تاوتوێکردنی هەندێک لە مەکتەبە فێمێنیستییە ڕۆژاوایی‌یەکان لێرەدا، بە هیچ شێوەیەک نیسبەتدانی شێعرەکان یان ڕوانگەکانی هێمن بەوان نییە؛ بەڵکوو تەنیا خوێندنەوەیەکی بەراوردکارییە بۆ دۆزینەوەی وێکچوویی و وێکنەچوونەکان.
10. وێڕای هەموو هەوڵەکانی بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئەدەبییاتی بەرز بۆ وەسفکردنی ئینسانییەتی ژن، بەهۆی نەهادینەبوونی چەمکەکان و ئەدەبییاتی پیاوسالارانەی کۆمەڵگەکەی، هەندێک جار بە شێوەیەکی ناخوداگا ژن وەک مرۆڤی “جیاواز” (دیگرگونە) و پیاو وەک مرۆڤی “سەرباشقە” (معیار) لەبەرچاو دەگرێت: “هەستە وەک مەردان”؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی کە قووڵاییی ڕوانینی ئینسانیی ناوبراو بۆ ژن ڕوونە، بەردەنگ چاوپۆشی لەم هەڵانە دەکات.
11. زاڵیی فەرهەنگی کۆمەڵگەی پیاوسالار دەتوانین لە “هەستە وەک مەردان” ببینین؛ واتە هێشتا ژن “کەسی دی” و پیاو “سەرباشقـ”ـیە. گەرچی لە بەشی فێمێنیزمی ئێگزیستانسیالیزم وتمان کە مامۆستا هێمن بە پێداگریکردن لەسەر خوێندن و ئازادیی ژنان هەوڵ دەدات ئەم بابەتە بگۆڕێت، بەڵام هێزی بیری پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لەم شێعرە خۆی پیشان دەدات.
12. پس از سده‌ها از آغاز جنبش فمنیستی که غرب خود را سردمدار آن می‌داند، سرمایه‌داری نه تنها کرامتی انسانی به اکثریت زنان اعطا نکرده بلکه زیبایی زنانه را به مثابه وسیله‌ای عمده برای تبلیغ کالاهای صنعتی و سایر فعالیت‌های سوداگرانه‌ی خود به‌کار می‌گیرد (مهدیان، ١٣٩١، ١٠).
13. ن ک زنان کرد، شهریاری، ص ١٤٨-١٤٩- ١٥٤- ٢٤٣.
14. ن ک به همان اثر، ص ٢٥٤
15. ن ک به همان اثر، ص ٢٥٤-٢٥٣ (Horatio songhtgate, 1840)
16. ن ک به همان اثر ، ص٢٤٧- ٢٤٦ به نقل از (Millingen, 1870, 126-127)



سەرچاوەکان

– ــــــ، ـــــــ، ١٣٩٢، افسانه گيلگمش، منشی‌زاده، داوود، ترجمه، تهران، دات.
– ــــــ، ـــــــ، ١٣٩٠، گيلگمش، شاملو، احمد، ترجمه، تهران، نشر چشمه.
– ستاری، جلال، ١٣٩١، جهان اسطوره‌شناسی – اسطوره‌های ايرانی – تهران، نشر نی.
– شهرياری، سهيلا، ١٣٩٤، زنان کُرد (نظريه‌ای مبنايی درباب زنان کرد)، تهران، جامعه شناسان.
– فروم، اريک، ١٣٨٥، زبان از يادرفته، امانت، ابراهيم، تهران، فيروزه.
– کمبل، جوزف، ١٣٩٢، قدرت اسطوره، مخبر، عباس، ترجمه، تهران، نشر مرکز.
– لگيت، مارلين، ١٣٩١، زنان در روزگارشان – تاريخ فمنيسم در غرب – مهديان، نيلوفر، ترجمه، تهران، نشر ني.
– هێمن، ٢٠١٤، سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن، “
هەولێر.

داگرتنی بابەت