ئارامتر بخوێنەوە
وتووێژ لەگەڵ
ڕێبین هەردی
لە کاتێکدا بیری کوردایەتی بە ئامانجی دواییی خۆی واتە ڕزگاری نەگەیشتووە، هەندێک کەس باس لە ناکارامەییی کوردایەتی دەکەن. ڕەنگە باشتر بێ سەرەتا بزانین ئێوە چۆن پێناسەی کوردایەتی دەکەن؟
کوردایەتی هیچ نییە جگە لە وەرگێڕانی کوردیی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی. لەبەر ئەوە قسەکردن لە کوردایەتی خۆبەخۆ دەمانابتەوە سەر پێناسەی ناسیۆنالیزم. ناسیۆنالیزم بە گشتی بەو بزووتنەوانە دەگوترێت کە بڕوایان وایە ئەو کۆمەڵە خەڵکەی هەندێک خەسڵەتی هاوبەشیان هەیە، دەبێت و دەتوانن لە یەک چوارچێوەی سیاسیدا پێکەوە بژین. بەڵام کە دێنە سەر ئەوەی ئەو خەسڵەتە هاوبەشانە چین، ئەوا بەر جیاوازییەکی زۆر لە بۆچووندا دەکەوین کە هەر یەکەیان پاساوی تایبەتی بۆخۆی دەهێنێتەوە، بە گشتی دەکرێت دوو هێلی جیاکەرەوە لەم ئاراستەیەدا دەستنیشان بکەین. هێڵێکیان کە لە قوتابخانەی ئەڵمانیی ناسیۆنالیزمەوە دێت و هێڵێکیشیان لە شۆڕشی فەڕەنسییەوە دێت. لە قوتابخانەی ئەڵمانیدا نەتەوە وەک کۆمەڵێک کەس پێناسە دەکرێت کە زمان، کلتوور و مێژووی هاوبەشیان هەیە. لەم قوتابخانەیەدا کۆمەڵگا قسەی یەکەم دەکات و خەسڵەتە هاوبەشەکانی نێوانیان دەستنیشانی جوگرافیای سیاسیی پێکەوەژیانیان دەکات. لەکاتێکدا ئەو هێڵەی لە شۆڕشی فەڕەنسییەوە دێت، پێداگری لەسەر چەمکی هاوڵاتی دەکات. لەم دیدەوە نەتەوە هەموو ئەو تاکانە پێک دەهێنن کە بڕوایان بە یەک سیستەمی یاسایی هەیە و پابەندبوونی خۆیان بەو سیستەمە ڕادەگەیەننن. لە ناسیۆنالیزمى فەڕەنسیدا ئینتیما بۆ نەتەوەیەک لە نەتەوەکان، پایەندە بە خواست و ئیرادەى تاکەکانەوە. ئەوە تاکەکەسە بڕیار دەدات و دەیەوێت ئینتیماى خۆى بۆ چ نەتەوەیەک بگەڕێنێتەوە. ئێرنست ڕێنان بوونى نەتەوەى دەشوپهاند بە ڕاپرسییەکى ڕۆژانە. واتە وەک ئەوەى هەموو ڕۆژێک لە هەڵبژاردنێکى ئازاددا تاکەکان دەنگ بۆ ئینتیماى نەتەوەییی خۆیان بدەن.
بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بە هۆی کاریگەریی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە پتر لەژێر کاریگەریی ئەو هێڵەی ناسیۆنالیزمدایە کە خەسڵەتە هاوبەشەکانی کۆمەڵێک خەڵک دەکەن بە بنەما بۆ ناساندنی نەتەوەیەک و مافەکانی. لەم جۆرە ناسیۆنالیزمەدا قسەکردن لە ((گشتێک)) هەیە کە سەروو و پێش تاکەکەسە و، بوونی ئەو گشتە زۆر لە بوونی تاکەکەس گرنگترە. ئەم بزووتنەوەیە تا ئەوکاتەی لە بەرگریدا بوو و هێشتا دەستی بە حوکمڕانی نەگەیشتبوو، دەیتوانی خەڵکێکی زۆر لە خۆی کۆ بکاتەوە و خۆی بکاتە نوێنەری داواکاری و خواستەکانی خەڵک. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بزووتنەوەیە (بەتایبەتی لە مێژووی هاوچەرخدا) هەڵگری کۆمەڵێک ڕەگەزی نێگەتیڤ بوو کە بەتەواوی لاوازی دەکرد. لە گرنگترینیان: دابەشبوونی ئەو گرووپە سیاسییانەیە کە هەر یەکەیان خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک دەزانێت و هێزەکانی دی وەک لادەر یان خائین تەماشا دەکات. بزووتنەوەی کوردایەتی لە مێژووی هاوچەرخدا بە کەرتبوون دەستی پێکرد کە مێژووی شەڕی ناوخۆی، هیچی لە مێژووی شەڕ لەگەڵ داگیرکەراندا کەمتر نەبوو. واتە بە مانایەکی دی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کە لەبنەڕەتدا بۆ یەکخستن و یەکگرتنی هەموو نەتەوە کار دەکات، لە فۆڕمە کوردییەکەیدا خۆی بوو بە یەکێک لەو برین و ناکۆکییە سەختانەی نەتەوە لە ناوەوە دابەش و لاواز دەکات.
خاڵێکی دی کە ئەم بزووتنەوەیەی نەخۆش و بیمار و ئیفلیج کرد، گواستنەوە و دابەزینی لە نەتەوەوە بۆ عەشیرەت و گرووپی بچووک بوو. لەڕاستیدا بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد لە بەشێکیدا تەنیا پڕوپاگەندەیەکی هەرزانی عەشیرەتێک یان گرووپێکی ئایدۆلۆژی بووە بۆ دەستبەسەرداگرتن و پاوانکردنی دەسەڵات و دابینکردنی بەرژەوەندییە مادی و مەعنەوییەکانی ئەو عەشیرەت و گرووپە. ناسیۆنالیزمی کوردی لاواز و داتەپیوە، چونکە لەبنەڕەتدا نەیتوانیوە هەرگیز ناسیۆنالیزم بێت و دابەزیوە بۆ ئاستی عەشیرەتگەری و گرووپخوازی. لە دوای گەیشتنی هەندێک لەم بزووتنەوانە بە حوکمڕانی ، زیاتر و زیاتر ئەم خاڵە نێگەتیڤانە دەرکەوتن. هێزە کوردییەکان لە حوکمڕانیدا ئەزموونێکی هێندە گەندەڵ و دزێو و خاڵی لە هەموو بەهایەکیان پێشکەش کرد کە خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئەم کارانەوە تەنانەت خودی کوردایەتییان لەبەرچاو کەوت. بێزار بوون لە کوردایەتی، لەڕاستیدا بێزار بوونە لە درۆیەک کە هەندێک هێز و گرووپی بچووک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بنەماڵە و دەست و پێوەندەکانیان، بەکاری دێنن بۆ ئەوەی وڵات زیاتر تاڵان بکەن و مافەکانی خەڵک زیاتر پێشێل بکەن و درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن کە هیچ مەرجێکی تەندروستیی مانەوەی تێدا نەماوە.
پێتان وایە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دەبێ ڕۆشنبیرانی کورد ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن یا بە هۆی چالاکی لە پارچەیەک زیاتر سەرقاڵی ناوچەیەکی دیاریکراو بن؟
کاری ڕۆشنبیر هەر ئەوەیە کە هەبووە و دەبێت. کەسێک قسە دەکات و دەنووسێت و بە دەنگی بەرز بیر و بۆچوونەکانی ڕادەگەیەنێت، بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی قسەکانی خزمەت بە چی و کێ دەکات. بە بڕوای من ئەرکی سەرەکیی ڕۆشنبیر بەر لە هەر شتێک ڕاستگۆیییە، ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆی و دنیای خۆیدا. ڕۆشنبیر کەسێکە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی قسەکانی کێ زویر یان دڵخۆش دەکات، بەبێ دوودڵی قسەکانی دەکات. کاری ئەو زیادکردنی بواری قسەکردن و ئازادیی ڕادەربڕینە. دروستکردنی فەزایەکی گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوەیە. ڕۆشنبیران دەبێ وا قسە بکەن کە نەک ناوچەیەک بەڵکو هەموو دنیا گوێی لە قسەکانی گرتووە.
دەربارەی پرسیاری پێشوو، بۆ وا دەردەکەوێ ئاستی گرنگیدانی نووسەران و ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵات لاوازە یا وەک پێویست نەبووە؟
وەڵامی پرسیارەکە ڕوونە هەردوو لا ڕووبەڕووی دوو ئەزموونی جیاواز ڕاوەستاون و لە دوو ژینگە و هەلومەرجی جیاوازدا دەژین. لە ڕۆژهەڵات ڕەنگە بەدەستهێنانی هەندێک مافی نەتەوەیی وەک خوێندن بە زمانی کوردی و حوکمڕانیی خودی، وەک خەونێکی پیرۆز تەماشا بکرێت کە دەبێ بێتە دەی. لەکاتێکدا پرسیارەکە لە باشوور هەنووکە پتر ڕووی لەو حوکمڕانییە خودییەیە و ڕەخنەی لێ دەگرێت و بە دادپەروەرانەی نازانێت (کە لەمەشدا ڕاست دەکات). زۆر جار کوردانی ڕۆژهەڵات سەریان لەوە دەسووڕمێ کە چۆن و بۆچی خەڵکی باشوور دژی هێزە کوردییەکان قسە دەکەن و هەڵوێستیان هەیە، لەکاتێکدا خۆیان خەون بەوەوە دەبینن لە ڕۆژهەڵات ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمە بەدەست بێنن. بگرە هەندێکیان زیادەڕەوی دەکەن و وەک پڕوپاگەندەچیی هێزە کوردییەکان ئەو خەڵکە بە خائین و پیاوی ئەم وڵات و ئەو وڵات تۆمەتبار دەکەن. بەپێچەوانە زۆرێک لە ناڕازییەکانی خەڵکی باشووریش کوردانی ڕۆژهەڵات بە دەستوپێوەندی دەسەڵاتی باشوور دەزانن کە بە هەندێک پارە و قسەی بریقەدار، گۆمڕای کردوون.
بەڵام هەردوو ئەم بۆچوونە هەڵەن و هەڵەکەشیان ئەوەیە کە تێناگەن ڕۆژهەڵات و باشوور لە دوو ئەزموونی جیاوازدا دەژین کە بێگومان دنیابینییان دەگۆڕێت. بەڵام ڕاستییەکەی لە دوای ڕاپەڕینەوە لەگەڵ ئەم دوو جیاوازییەی ڕوانینیشدا، ئاڵوگۆڕێکی گەرمی ڕۆشنبیری لەنێوان هەردوولا دروست بووە، بەشێکی زۆر لە نووسەران و چالاکانی هەردوو لا یەکتری دەناسن و ئاگایان لە چالاکیی یەکدی هەیە. بێگومان گەر سنووری سیاسی و هەندێک سانسۆر نەبووایە، پەیوەندییەکە زۆر گەورەتر و چالاکتر دەبوو.
ئایا پڕۆژەی گۆڤاری ڕەهەند زیاتر پەیوەست بە کێشەکانی کورد لە باشووری کوردستانەوە بوو، یان هەوڵ دەدرا لەسەر ئاستی تیۆریکەوە باسی پرسی کورد بە گشتی بکرێ؟
گۆڤاری ڕەهەند هەوڵی کۆمەڵێک هاوڕێ بوو کە هەوڵیان دەدا جیهانی دەوروبەریان بخوێننەوە و ڕەخنە بگرن. لەم ناوەدا زۆر جار بۆ تێگەیشتن لە دنیای کوردی دەستیان بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکانی ڕابردوو دەبرد، کە بێگومان بەرهەمی هاوبەشی هەموو کوردانە لە هەر کوێیەک بن. دنیای کوردی چ لە باشوور و چ لە ڕۆژهەڵات و تەنانەت باکووریش لێکچوونیان هەیە و دەکرێت لە خوێندەوەی شوێنێکیانەوە بە هەندێک خەسڵەتی شوێنەکانی دیش بگەیت. بەڵام بێگومان جیاوازیش هەیە. باشوور لە دۆخی حوکمڕانیی هێزە کوردییەکاندا دەژی و لە دنیایەکی تەواو جیاواز لە پارچەکانی تری کوردستان دەژی. هێزە کوردییەکان لە حوکمڕانیدا هەمان ئەو هێزانە نین کە لە شاخ بوون. دەسەڵات و ئیمتیازەکانی بڕێکی زۆر لە ئاکار و ئەخلاقی ئەم هێزانە دەگۆڕێت لە کەسانێکەوە کە ئامادەبوون گیانان لەپێناوی ئازادیی خەڵکدا بەخت بکەن، دەبن بە هێزگەلێک کە ئامادەن هەموو شتێک بکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان. زۆرێک لە هەوڵی هاوڕێیانی ڕەهەند هەوڵدان بوو بۆ ڕەخنەکردن و خوێندنەوەی ئەم ئاکارانەی بەسەر هێزە کوردییەکاندا هاتبوو.
ئێوە پەیوەندیی کوردبوون و عێراقیبوون چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا وێکچوونێک لەنێوان کوردبوون و ئێرانیبووندا دەبینن؟
هیچ گومانی تیا نییە عێراق لە سەرەتای دروست بوونییەوە و تا ئەم دوایییانەش دەوڵەتێک نەبوو جێگەی کوردی تیا بێتەوە. لە سەردەمی حیزبێکی ناسیۆنالیستانەی توندڕەوی وەک بەعسدا، هیچ گەلێکی دی جگە لە عەرەب نەبوو، هەشبووایە هیچ نەبوو، جگە لە برایەکی بچووکی زۆرینە. لە بەرنامەی ئەم حیزبەدا نەخشەی وڵاتی عەرەبی هەموو کوردستانی باشووری دەگرتەوە و وەک بەشێک لە وڵاتی عەرەبی پێناسە دەکرا. عێراق هەرگیز نەبوو بە سەقفێک کە نەتەوەکانی ناوەوەی لەناو خۆیدا کۆ بکاتەوە. من وەک خۆم هەرگیز هەستی عێراقیبوونم نەبووە و هەمیشە هەستم کردووە عێراقیبوون هیچ نییە جگە لە عەرەبی بوون. واتە بۆ ئەوەی عێراقی بین، دەبێت عەرەب بین، دەنا یان وەک دوژمن یان وەک ئەگەری بوون بە دوژمن تەماشا دەکرێین. بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە سەقفێک بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی تیای دەژین. پێکەوەژیانێک کە هیچ نەتەوەیەک مافی ئەوی دی پێشێل نەکات. دەستووری عێراق هەوڵێکە بۆ بنیاتنان و دروستکردنی عێراقێکی نوێ کە جێگەی هەموو گەلەکانی تیا ببێتەوە. بەڵام ئەوەی لەسەر کاغەز نووسراوە، شتێکە و ئەو هێزە سیاسییانەش کە ئامادەیییان لە شانۆی سیاسیی عێراقدا هەیە، شتێکی دیکەیە. زۆرێک لەم هێزە سیاسییانە دوورن لە جیهانی پێکەوەژیان و دێمۆکراتییانەی لە دەستووردا باس کراوە. بگرە ئەم هێزانە هیچیان ناڕازیبوونی خۆیان لەم دەستوورە ناشارنەوە و بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنن. هێشتا دەنگی شۆڤێنییانە لەم هێزانەدا ماوە و بە دەنگی بەرز دژایەتییان بۆ مافەکانی کورد ڕادەگەیەنن و نایشارنەوە. هەموو شتەکان دەڵێن گەر هەل و دەرفەتی گونجاو بۆ ئەم دەنگ و هێزانە بڕەخسێت، لە هەموو ئەم مافانە هەڵدەگەڕێنەوە کە لە دەستووری عێراقدا بە کوردەکان دراوە. لەبەر ئەوە وەک خۆم بڕوام وایە هەستی عێراقیبوون یەکجار کزە و ئەم دەوڵەتە کارێکی زۆری لەپێشە بۆ ئەوەی گەلەکانی ناوی هەست بکەن بەڕاستی وڵاتی خۆیانە.
بەڵام لە ئێراندا دۆخەکە کەمێک جیاوازە. کوردەکان لە ئێراندا زۆرتر کێشەی مافی سیاسییان هەیە، بەڵام وەک گەل و نەتەوەیەک نکۆڵییان ڵێ ناکرێت. هەرگیز جوگرافیای سیاسیی کوردستان وەک موڵکی فارس پێناسە نەکراوە و نەناسراوە. بگرە لەبنەڕەتدا ئێران وەک موڵکی نەتەوەیەکی دیاریکراو ئەژمار نەکراوە(وەک لە عێراقدا کە وەک سەرزەمینی عەرەب پێناسە کراوە). کوردەکان لە ئێراندا لە بوونی کلتووری خۆیان قەدەعە نەکراون و بگرە بەشێک لەو کلتوورەیان ئازادانە پاراستووە. تەنانەت لەناو کۆماری ئیسلامیدا کە هەستیارە بەرانبەر بە پەیوەندیی ژن و پیاو لەناو فەزای گشتیدا، هەرگیز نەیتوانی و (ڕەنگە نەشیوستبێت) هەندێک نەریتی کوردی قەدەغە بکات کە دەشێت لەگەڵ یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا نەیەنەوە (بۆ نموونە ڕەشبەڵەک لە بۆنە و یادەکاندا). تەنانەت لە ڕێککەوتننامەی جەزائیردا کە لەنێوان عێراق و ئێرانی سەردەمی شادا ئیمزا کرا، بەندێک هەبوو کە هەردوو لا نزیکی ٣٠ کیلومەتریی سەرسنوور، هیچ گوندێکی کوردی ناهێڵن. عێراق لەلای خۆیەوە ئەو بەندەی جێبەجێ کرد و زۆرێک لە گوندەکانی سەرسنووری ڕاگواست، لەکاتێکدا ئێران ئەم کارەی ئەنجام نەدا و گوندەکانی بەدست لێنەدراوی هێشتەوە. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هیچ پڕۆسەیەک نییە کە بتوانین ناوی بنێین بەفارس کردن. لەکاتێکدا لە عێراقدا بەچڕی پڕۆسەی بەعەرەب کردنی شارە کوردییەکان پیادە دەکرا. زۆرێک لەم هۆکارانە وایکردووە هەستی ئێرانیبوون لای زۆرێک لە کوردانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە هەستی عێراقیبوون لە باشوور ئامادە بێت.
کاریگەریی کولتووری ئێران لەسەر باشووری کوردستان چۆن دەبینن؟ بۆ هەست دەکرێ لەو پارچەیە خەڵک ئینتیمایەکی ئەوتۆیان بۆ کولتووری عەرەب و تورک نییە، بەڵام هەست بە نزیکایەتییەکی زیاتر لەگەڵ کولتووری فارس/ئێرانی دەکەن؟
هۆی سەرەکی ئەوەیە ئاشنابوون بە زمانی فارسی زۆر زیاترە لە ئاشنابوون بە زمانی تورکی. زۆرێک لە کوردانی باشوور بەهۆی نزیکییان لە ئێرانەوە و زۆر جار بەهۆی ئاوارەبوونی بەشێکی زۆریان لە ئێران، زمانی فارسی فێربوون و لەم ڕێگەیەشەوە ئاشنای کتێبخانە و هونەری ئێرانی بوون. کاریگەریی هەندێک هونەرمەندی ئێرانی لەسەر کوردانی باشوور زۆر بەرچاوە. هەر لە مردنی شەجەریاندا دەتوانی هەست بەوە بکەیت، ڕەنگە کوردانی باشوور هێندە و زیاتریش لە کوردانی ڕۆژهەڵات بە هەواڵی کۆچیدواییی شەجەریان خەمبار بوون. هەر تەماشای توڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ڕۆژە بکەیت کە شەجەریانی تیایدا کۆچیدوایی کرد، دەتوانی هەست بە کاریگەریی ئەم هونەرمەندە لەسەر زۆر کەس بکەیت. لە هەشتاکاندا دەنگ و گۆرانییەکانی داریوش یادەوەریی زۆرێک لە نەوەی هەشتاکانی پێک دەهێنا و ئەوەش وایکردووە تا هەنووکەش لایەنگرانی دەنگی ئەم هونەرمەندە لە باشوور، ڕەنگە لە ڕۆژهەڵات زیاتر بێت. ئەمە سەرباری ئەوەی کتێبخانەی ئێرانی کە ڕەنگە بتوانین بڵێین چالاکترین کتێبخانەی وەرگێڕان لە ناوچەکەیە، بووە سەرچاوەیەکی گەورە بۆ زوربەی نووسەران و خوێندەوارانی باشوور.
بەڵام دیارە کاریگەریی کلتووری عەرەبیش لەسەر باشوور هێندەی ئێران گەورە بووە، زۆرێک لە کوردانی باشوور لەژێر کاریگەریی هونەر و ئەدەب و تەنانەت فکری سیاسیی عەرەبیدان. بگرە من هەست دەکەم سەرچاوەی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی، ناسیۆنالیزمی عەرەبی بووە، ئەدەبیاتی ئەم ناسیۆنالیزمە کاریگەریی گەورەی لەسەر دنیابینی و بۆچوونی سیاسیی کوردانی باشوور داناوە.
ڕەخنەی ڕۆشنبیرانی باشوور لە دەسەڵاتی کوردستان هەندێک جار ئەوانی لەگەڵ بۆچوونی حیزبە ئیسلامییەکان هاودەنگ کردووە. ئایا ئەم دۆخە لە ڕەخنەی هەندێک لە چەپەکان لە دنیای سەرمایەداری ناچێ کە تیایدا پشتیوانی لە بەرەی ئیسلامی دژە ڕۆژئاوا دەکەن؟
هەست دەکەم ئەم بۆچونە راست نەبێت، هەست دەکەم ڕاستتر ئەوەیە بڵێین دۆخی نالەباری سیاسیی کوردستان و کەموکووڕی و نادادپەروەریی بەڕێوبەرایەتیی سیاسیی کوردستانی باشوور هێندە دزێو و ناشیرین و بەرچاوە، کە هەموو بەرەی ناڕازی بەم حوکمڕانییە لەسەری تەبان، لە ئیسلامییەوە بۆ عەلمانی، لە کۆمۆنیستەکانەوە بۆ دینییەکان. لە ڕووداوەکانی ١٧ شوباتدا عەلمانی و ئیسلامییەکان پێکەوە دەنگی ناڕازییان بەرز کردەوە. لە مینبەرەکانی ١٧ شوباتدا هاوڕێ کۆمۆنیستەکان و هاوڕێ دینییەکان دوا بە دوای یەک وتاریان دەدا و هەردووش لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ئەم سیستەمە حوکمڕانییە بەدە و پێویستی بە دەستکاریی بنەڕەتی هەیە. ئەزموونی هەرێمی کوردستان هێندە کەموکووڕی تێدایە کە هەمووانی لەسەر ئەوە کۆک کردووە کە کاری یەکەم و لەپێشینە چاککردنی ئەم سیستەمە نادادپەروەرەیە کە هێزە کوردییەکان لە باشوور دروستیان کردووە.
پێتان وا نییە ئیسلامی سیاسی لە ئیستای باشووری کوردستان زۆر لە جاران بەهێزتر بووە؟
ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا لەژێر فشارێکی گەورەی دەسەڵاتدایە، بەڵام ئیسلامی سەلەفی بەپێچەوانەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگەی بۆ خۆش کراوە و ئەم ئیسلامییە سەلەفییەش لە ئیسلامی سیاسی زیاتر لەبرەودایە. دەسەڵاتدارانی کوردستان مینبەرێکی زۆریان بەم جۆرە ئیسلامییانە داوە و کەناڵ و ئیمکانییاتی زۆریان خراوەتە بەردەست، بیرۆکەی ساویلکانەی دەسەڵات ئەوەیە کە ئەم ئیسلامییە سەلەفییە بۆ دژایەتی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی بەکار دێنێت. بڕوایان وایە ئیسلامی سەلەفی بەناوی ئەوەی لایەنگری دەسەڵاتن، دەتوانن ڕێگری لە ئیسلامی سیاسی بکەن. بەڵام بێئاگان لەوەی هەمیشە توندڕەوی ئیسلامی سیاسی لەم قوتابخانە سەلەفییەوە لەدایک دەبێت. ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا ڕێگری ڵێ دەکرێت، بەڵام ئیسلامی سەلەفی پشتگیری دەکرێت و لەبرەودایە. ئەم ئیسلامییە سەلەفییە لەشکرێکی گەورەی کەسانی دینیی داخراوی پڕ لە ڕق و کینەیان دروست کردووە کە بە شێوەیەکی زۆر دزێو و ناشیرین پەلاماری هەموو ئەو کەس و هێزانە دەدەن کە بە بڕوای ئەوان لەگەڵ دیندا ناگونجێت. هێزێکن کە بە ئاسانی تەکفیری هەموو کەس و لایەنێک دەکەن کە بەدڵیان نییە و بە شێوەیەکی زۆر دڵڕەقانە و ئاست نزم هێرشی ناشیرین بۆ سەر هەموو شتێک دەکەن کە لەگەڵ زەوق و دنیابینیی ئەواندا ناگونجێت. ئیسلامی سیاسی هێزێکە بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیدا و پێی وایە دەکرێت لە ڕێگەی هەڵبژاردن و قەبوڵکردنی فرەیییەوە، بە دەسەڵات بگات، لەکاتێکدا ئیسلامی سەلەفی پشتگریی وەلیی ئەمر دەکەن و هەموو ناکۆکییەک لەگەڵ وەلیی ئەمردا بە دابەشکردن و بیدعە و لاڕێ دەزانن. بەڵام کۆمەڵگایەک دروست دەکەن یەک ڕەنگ و یەک دەنگ و بە هیچ شێوەیەک قەبوڵی جیاوازی و فرەیی ناکات.
ئایا لە ڕوانگەی ئێوەوە دەکرێ لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی دژەکۆلۆنیالیستی و پۆست کۆلۆنیالیستیدا، پرسی کورد لێک بدەینەوە و شەنوکەوی بکەین؟
لەو کەسانەم بڕوام بەو تیۆرانە نییە کە بۆ هەموو شوێن و هەموو کاتێک دەست دەدەن. بگرە بڕوام وایە ئەو تیۆرانە دەشێت بەو گریمانانەی دروستی دەکەن، ببنە هۆی نەبینینی کێشە و ئاڵۆزییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا. خوێندەوەی کێشەکانی هەنووکەی کۆمەڵگای کوردی لە ڕوانگەی دوالیزمی ڕۆژئاوا/ڕۆژهەڵات، من/ ئەوی دی ڕەنگە زۆر ڕەهندی ژیانی ناوخۆی کۆمەڵگاکانمان لێ ون بکات. بینین و خوێندەوەی جیهانیی خۆمان وەک سێبەر و دەرهاویشتەی جیهانی دەرەوە زۆر بە وردبین نازانم. دیارە هیچ گومانی تیا نییە ئەم جۆرە ڕوانینە ڕەنگە هەندێک لایەنمان بۆ ڕوون بکاتەوە، بەڵام بێگومان هەموو ئاڵۆزی و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان بۆ ئاشکرا ناکات. بگرە هەست دەکەم زیادەڕەوی لەم ڕوانینەدا دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کێشە ڕاستەقینەکان نەبینین و بگرە بکەر و هۆیە سەرەکییەکانی کێشەکان دەرەکی بکەین و، بەم شێوەیەش بەرپرسیاری بکەرە ڕاستەقینەکانی هۆی سەرەکیی کێشەکان ڕزگار بکەین.
داگرتنی بابەت



