ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ

د. جەعفەر شێخولئیسلامی

  

بەشی کۆتایی

سازدانی وتووێژ: ئاگری ئیسماعیل‌نژاد



کاک دوکتور پێم وایە زۆرمان باس لەسەر ئەوە کرد کە وشە لەنێو زماندا بەهەرحاڵ ببێت، قەیران نییە بۆ زمان، بەڵام لە 80 یان 90 ساڵی ڕابردوودا ئێمە ڕەوتێکیشمان هەبوو بەناوی ڕەوتی پەتیکردنی زمانی کوردی و لە موکریانیشەوە دەستی پێکرد، قازانج و خەسارەکانی ئەم ڕەوتە چییە؟

پەتیگەری واتە دەرهاویشتنی ئەو بەشانەی زمانێک کە بە بیانی/بێگانە دەزانرێن یان نەخوازراون. پەتیگەریی زمانی بە گشتی لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕی زمانیدا ڕادەوەستێت، بەو واتایە کە پێی وایە، زمان نابێ بگۆڕێت بەتایبەتی بە وەرگرتن لە زمانەکانی دیکە. بەڵام، ئەگەر بگۆڕێت بۆ خۆدوورکردنەوە لە زمانەکانی دیکە ئەوە باشە.  ئەمە پەتیگەریی هەرە تۆخە.  پەتیگەری دەکرێ لایەنی مۆدێڕنیشی هەبێت، کاتێک زمان پێویستە بگۆڕێت بۆ ئەوە کە خۆی لەگەڵ سەردەمدا ڕێک بخات. بەڵام، ئەو گۆڕانە بە واتای وەرگرتن لە زمانەکانی دیکە نییە، بەڵکوو بەو واتایەیە کە وشە و دەربڕینی نوێ و ڕێکوپێک دابتاشرێن و بڵاو بکرێنەوە.  پەتیگەریی زمانی لەسەر چەند باوەڕ لە ئاستی زمان دامەزراوە: (١) زمانەکان دەکرێ لە هەموو لایەنێکەوە لە یەکتر جیا بکرێنەوە. بەڵام، ئەمە هەموو کات ڕاست نییە. بۆ نموونە، لایەنی سیاسی لێ دەربچێت، زەحمەتە هیچ پێوانەیەکی زمانناسانە نۆروێژی و سوێدی لە یەکدی جیا بکاتەوە. (٢) ئەگەر زمانێک توخمی زمانێکی دیکەی تێدا بێت، ناخالیس دەبێت و سەربەخۆییی خۆی لەدست دەدات. ئەمەش ڕاست نییە. کەمتر زمانێک لەم دنیایەدا هەیە کە لە زمانەکانی دیکە وەرنەگرێت. تەنانەت زمانێکی بەهێزی وەکوو ئینگلیزی لە زۆربەی زمانەکانی دنیا وەریگرتووە و وەردەگرێت. (٣) بۆ ئەوە کە خەڵکێک بتوانێت لە ئاستی ئیتنیکی یان نەتەوەیی‌یەوە خۆی بە جیا دابنێت، پێویستە زمانەکەشی بە تەواوی جیاواز بێت لە زمانی خەڵکانی دەوروبەر. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرە ناسیۆنالیستییەی کە دەڵێ، ئیتنیک یان نەتەوە بوون واتە جیاوازبوون لە ئەوانی دیکە لە چەند لایەنەوە، لەوانەش زمان.

هەرچەند پەتیگەری تا ڕادەیەکی زۆر دیاردەیەکی جیهانییە و، لە زۆربەی کاتەکان و زۆربەی شوێنەکاندا بینراوە، ئەم ڕەوتە زۆرتر لە هەموو شوێنی دیکە لەناو ئەو خەڵک و نەتەوانەدا بینراوە و دەبیندرێت کە یان خاوەنی جووڵانەوەی ناسیۆنالیستین یان دەوڵەت-نەتەوەکەیان تازە دامەزراوە. واتە، پەتیگەریی زمانی بەشێکە لە پڕۆسەی نەتەوە دامەزراندن بە واتا مۆدێڕن و ناسیۆنالیستییەکەی. بەڵام، پڕۆسەکە دەکرێت دێموکراتیک بکرێت، بە ڕەچاوکردنی دوو ڕەوت: ١. داتاشین و ڕۆنانی وشە و دەربڕینی نوێ بۆ چەمک و دیاردەی نوێ؛ ٢. کەلکوەرگرتن لە وشە و دەربڕینی زمانە جیرانەکان کە دەمێکە لەناو زمانی کوردیدا باون. پەتیگەریی سەرەڕۆیانە دەتوانێت زمان لە لای خەڵک نامۆ بکات. 

پز دەکرێت هەم لایەنی بێزراوی لە ئەوی دیکەی هەبێت (دژی زمان و نەتەوەیەکی دیکە) و هەم دەتوانێت لایەنی دێمۆکڕاتیک و ئەرێنی هەبێت.  لە لایەکەوە، دژ بە زمانێکی دیکە بوون، چونکە هەندێک لایەنی ئەو زمانە لە زمانەکەی ئێمەدا هەیە، لەوانەیە بگاتە ئەو ئاستەی کە ڕقمان لە ئەو خەڵکەش بێت بەو زمانەی دیکە قسە دەکەن یان دەنووسن. ئەمە لایەنی نەرێنیی پەتیگەرییە. لایەنێکی نەرێنیی دیکەی پز ئەمەیە کە وشە بیانییەکان هەموو دەرباوێین، لە دەستیشمان نەیەت جێگایان بە وشەی نوێی داتاشراو و پەسندکراو پڕ بکەینەوە. ئەگەر ئاوا بێ، لەوانەیە زمانەکەمان لە دەربڕینی بیری نوێ و فکری قووڵدا دەستەوەستان بمێنێتەوە.  بۆ نموونە، قامووسی کوردی هەیە کە لە باتی سێ وشەی عەڕەبی یەک وشەی ‘یاسا’ی داناوە: قاعدە، مقررات، قانون.  ئەمە زمان بێ‌دەسەڵات کردنە، چونکە واتای هەر کام لەم سێ وشەیە جیاوازە، هەر بۆیەشە، هاوواتای جیاواز بۆ هەرسێک وشە لە عەڕەبی، ئینگلیزی، فەڕانسەیی و …. هتددا هەیە.  تەنانەت فارسی هەر سێ وشە عەڕەبییەکەی هەڵگرتووەتەوە و کەڵکیان لێوەردەگرێت. ئەگەر لە زمانێکدا چەند واتای ئاوا تەکنیکی و هەستیار هەر بە یەک وشە دەرببڕین، زمانەکە بێ‌هێز دەکەین. کە زمانیش کەم هێز بوو، بیرکردنەوە بەو جۆرە بڕ ناکات کە دەبێ بیکات.  بیرکردنەوەی قووڵ بە زمانی دەستبڵاو و بەبڕشت دەکرێت. هەتا وشە و بڕستی دەربڕینی زمانێک بەرتەسکتر بێت، بیرکردنەوە پێی تەنکتر و نزمتر دەبێت.

پز لایەنی ئەرێنیشی هەیە.  داتاشینی وشە دەتوانێ لێهاتوویی‌یەکانی زمانێک (هێزی بەرهەڤکردن) دەربخات، دەست و باڵی زمانێک زۆرتر بکاتەوە و دەوڵەمەندتری بکات. ئەمە دەتوانێت بە شێوەی جۆراوجۆر بکرێت: داتاشینی وشەی نوێ بە پێی پێکهاتە و لێهاتووییی زمانیی زمانەکەمان (بۆ نموونە: ماڵپەڕ بۆ وێبسایت)، وەرگرتنی ئەو وشە نوێیانە کە لەگەڵ بەرهەم یان چەمکێکی نوێ دێنە ناوچەی کوردیئاخێو (بۆ نموونە: سپۆنسەر/سپانسر بۆ پشتیوانیی ماڵی لە پرۆگرامێک یان هەڵمەتێک)، و ئەو وشانەی کە هەر لە زمانەکەدا هەبوون، بەڵام بۆ ئاماژەکردن بە کەلوپەلێک یان چەمکێکی کۆن دەکار دەهاتن (بۆ نموونە، دەتوانین بە یەخچاڵ/سەلاجە بڵێین: چاڵەبەفر. سەرنج: لە فارسیدا ئەمە کراوە و تەواو جێگای خۆشی کردووەتەوە). ئەم جۆرە کارانە هەندێک جار لە لایەن دەزگایەکەوە دەکرێت، هەندێک جاریش لە لایەن میدیاوە، یان لە لایەن تاکەکانەوە. هەندێکیان جێگای خۆیان دەکەنەوە و هەندێکیش جێگیر نابن. لەهەرحاڵدا، ئەمە زۆر گرینگە کە وشە و دەربڕینەکە لە لایەن کۆمەڵگەوە وەربگیرێن.

هەموو ئەم ڕەوتانە، ئەم لایەنە ئەرێنی و نەرێنییانە، لەناو کوردانیشدا هەن. ئەوەی کە زۆرتر قسەوباسی لەسەر بووە، لایەنی ناسنامە بووە، واتە ئەو بیرە کە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت خۆی لە نەتەوە باڵادەستەکان جیا بکاتەوە دەبێ زمانەکەشی جیا بێت. نەتەوەی باڵادەست کێ و چییە، شتێکی ڕێژەیی‌یە.  مەبەست چییە؟ بۆ کوردی ڕۆژهەڵات، باڵادەستەکە یان “ئەوی دیکە” زمانی فارسییە و بۆ باشوور عەڕەبییە، بۆیە کوردی ڕۆژهەڵات لەباتی “فشار” لەوانەیە بنووسێت “زەخت” (کە عەڕەبییە) و، کوردی باشووریش لە باتی “شەڕانی” دەنووسێت “شەڕئەنگێز”، یان لە باتی نەک هەر وشەی عەڕەبی، بەڵکوو دەیان وشەی کوردی وەکوو جوان، دەلال، جندی، شەنگ، شۆخ و هتد، دەنووسێت: “قەشەنگ.” ئەمە بە مەبەستی پەتیگەری دەکرێت، کەچی ئاکامەکەی ڕەنگە بەپێچەوانەوە بێت. مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە چی پەتیگەرییە و چی نییە، ئایا پێویستە یان پێویست نییە، وەڵامی جیاواز دەخوازێت، چونکە هەموو دیاردەکەی ڕێژەیی‌یە. با نموونەی زمانی ئینگلیزیتان بۆ باس بکەم.

سەردەمانێک ئەمریکا لە بریتانیا ڕاست بۆوە و گوتی: سەربەخۆییم گەرەکە؛ من لە تۆ جیاوازم. بۆ خۆ جیاکردنەوە لە بریتانیا کەسانی وەکوو وێبستر (Noah Webster, 1758-1843) دەستیان کرد بە جیاکردنەوەی ئینگلیزیی ئەمریکا لە ئینگلیزیی بریتانیا.

ئینگلیزیی ئامریکایی لە زۆر لایەنەوە جیاوازە لە ئینگیزیی بریتانیا: ڕاوێژ/تەلەفوز (فۆنەتیک)، وشە، ڕێزمان و، ڕێنووس (کاتی خۆی لە وتارێکمدا لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی هەندێک لەم جیاوازییانەم باس کردوون). بۆ نموونە، ئینگلستانی دەڵێ “لێفت”، ئەمریکی دەڵێ ” ئێڵێڤەیتر” (بۆ ئاسانسۆڕ)، کە ئاسانسۆڕ بۆخۆی فەرانسەیی‌یە. “لێفت”ی ئینگلستانی بە واتای “هەڵگرتن”ە و “ئێلێڤەیتر”ی ئەمریکایی بە واتای “بەرزکردنەوەیە”. یان جیاوازیی “فلەت” و “ئەپارتمنت” بە واتای ئاپاڕتمان، یان “بووت” و “ترانک” بە واتای سندووقی پشتەوەی ماشێن/سەیارە. هەر بەم هۆیەشە کە کاتی خۆی ئەمریکایی‌یەکان بە پەیکەرەی بەناوبانگی نیۆیۆرکیان نەگوت، فریدم ستەچووت یان ستەچووت ئاڤ فریدم (پەیکەرەی ئازادی)، بەڵکوو وشەیەکی فەڕانسەیی‌یان هەڵبژارد بۆ ئەوەی خۆیان لە ئینگلستان جیا بکەنەوە و گوتیان، “ستەچووت ئاڤ لبرتی” (پەیکەرەی ئازادی).  بێجگە لە ئەمانە، جیاوازیی ڕێزمانیش لەنێو ئەو دوو شێوەزارەی ئینگلیسیدا هەیە. لە ڕێنووسیشدا هەروەتر. بۆ نموونە، زۆربەی ئەو وشانەی کە دوو پیتی ئۆ و یوو (o, u) یان تێدایە، لە ڕێنووسی ئەمریکاییدا دەبن بە ئۆ (o)، یان زۆر وشە کە س (s) یان تێدایە لە ئینگلیزیی ئەمریکاییدا دەبن بە ز (z)، یان (re) دەبێت بە (er). هەندێک لەم نموونانە ئەمانەن (color, neighbor, labor, organization, center). تەنانەت کاتێ ئەلفوبێی زمانەکە فێری منداڵەکانیان دەکەن، ناوی جیاوازیان بۆ هەندێک لە پیتەکان هەیە، وەکوو زێد (z) و زی (z). کەچی، هیچ کام لەم جیاوازییانە، یان قەرزکردنی نزیکەی ٥٠ لە سەدی وشە و دەربڕینی یۆنانی و لاتین و فەڕەنسی نەبوونە بەرهەڵست بۆ ئەوە کە زمانی ئینگلیزی ببێتە بەدەسەڵاتترین زمانی دنیا.

کورت و پوخت: پەتیگەریی زمانی لە کۆنەوە هەبووە بەتایبەت لەناو ئەو جڤاتە زمانییانەدا کە یان ناسنامەیان کەتووەتە بەر هێرشی توانەوە، یان لە پڕۆسەی دامەزراندنی کیانی سیاسیدا بوون و هەن. پەتیگەریش دەتوانێت لایەنی ئەرێنی هەبێت هەم لە لایەنی سیاسییەوە و هەم لە لایەنی زمانییەوە. بەڵام، ئەگەر وشیار نەبین، دەکرێ لایەنی زۆر نەرێنیشی هەبێت تا ڕادەیەک کە ڕەنگە زیانەکانی قەرەبوو نەکرێنەوە.

 بابەتێک هەیە دەربارەی زمانی کوردی، ئێمە لە سەدەی ١٩ ش نووسین بە زمانی کوردیمان هەبوو، پێشتریش تەنانەت ئەگەر بچینە سەر زاراوەی گۆران و متونی کە دەقی ئایینی یارسانی پێ نووسراوە زۆر پێشتر دەکا، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەم  نووسینانە زیاتر شتێکی مێتافیزیکی و زیاتر شێعر بووە کە کەم وا خۆی لە قەرەی باس و بابەتی خەڵکی ئاساییی کۆمەڵگا دەدا، ئەوی نووسراو بوو، بەڵام کاتێ پەتیگەریی زمان ساز بوو، نێوەرۆکیش  گۆڕدرا، تۆ بۆ وێنە شێعری سەیفولقوزات دەبینی کە تەقریبەن دەکاتە سەرەتای  سەدەی٢٠ یان سەدەی ١٤ی هیجری،  بەڕاشکاوی باس لەسەر کێشەی خەڵک دەکا، باس لەسەر هێندیک ئاوات و ئارەزوو دەکا کە بۆ خەڵکی ئەمڕۆ و ژیانی ئەمڕۆیە، ئەم جۆرە بابەتە زۆر بە کەمی لە پێشڕەوتی پەتیگەریدا تووشی دەبی، ئایا هۆکاری زمانی هەیە یان چ هاندەرێک هەیە لێرە؟

کامیان هۆکاری زمانی؟ ئەو گۆڕانی زمان بە وێنەی سەیفولقوزات؟

 نە گۆڕانی نێوەرۆک، گۆڕانی ئەوەی کە زمان دەگۆڕدرێ، نێوەرۆکیش لەگەڵی دەگۆڕدرێ، هۆکاری زمانی هەیە یان هۆکاری دیکەی هەیە؟

دەتوانێ چەند هۆکاری هەبێت، هەم سیاسی (بۆ نموونە، وشیاریی ئیتنیکی یان نەتەوەیی) و هەم زمانی. هۆکارەکە هەرچی بێت، کارتێکەریی زمان و ناوەرۆک پێوەندییەکی دیالەکتیکییە: ناوەرۆکی نوێ، زمانی نوێ دەخوازێت و زمانی نوێ، ناوەرۆکی نوێ بەرهەم دێنێت. زمان هیچ کات تەنیا کەرەسەیەکی دەربڕینی ئەو شتانە نییە کە دەیانزانین و گەرەکمانە دەریانببڕین، بەڵکوو زمان فکری نوێ و شێوەی بیرکردنەوەی نوێش بەرهەم دێنێ و دێنێتەوە.

کاتێ ناوەرۆک دەگۆڕێت، واتە گەرەکتە باسی بابەتێکی نوێ بکەیت، ناچاری زمانەکەت بگۆڕی، چونکە پێویستیت بە وشە و دەربڕینی نوێ هەیە. بۆ نموونە، لەم دوایی‌یانەدا، بۆ ئەوەی میدیای کوردی و کاربەدەستەکان بتوانن بە کوردی باسی کۆڤێد بکەن، ناچار بوون زۆر وشەی تازە بێننە ناو زمانی کوردییەوە، کە هەندێکیان وەرگیران، هەندێکیان داتاشران و هەندێکیان زیندوو کرانەوە. سەبارەت بە سەیف، یان دوای ئەو دەتوانین باسی خاڵەمین، سەید کامیل، حەقیقی و زۆر کەسی دیکە بکەین، گۆڕینی زمان کردەیەکی وشیارانە بوو.  ئەمە، بە ڕای من، بەرهەمی ڕەوتێک بوو کە ڕووی لە ڕۆژهەڵات کرد: وشیاربوونەوەی ئیتنیکی یان نەتەوەیی. ئەمەش هۆی جیاوازی هەبوو، وەکوو ئاگاداربووەنەوەی زۆرتر لە باکوور، بە پلەی سەرەکی بە بۆنەی شیعرەکانی حاجی قادرەوە، ئاگاداربوونەوە لە ئاڵوگۆڕییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و ئاکامەکانی لە باشووری کوردستان بەتایبەتی.  ئەو جۆرە زمانە خەڵکییە و دوورکەوتنەوە لە زمان و گوتاری عەڕەبی و نوخبەی ئەو کاتی لەناو فارسەکاندا دەمێک بوو دەستی پێکردبوو.  لەبیرمان بێت کە ئەهلی قەڵەم و فکر و شیعری ڕۆژهەڵات تا ڕادەیەکی بەرچاو لەژێر تەئسیری ئەو شاعیرانەدا بوون کە دەورێکی گرینگیان لە سەردەمی مەشرووتەدا بینی، وەکوو ئیرەج میرزا.  ئەوانیش بە زمانی خەڵک دەیاننووسی و شیعرەکانیان باسی بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسی و نەتەوەیی‌یەکانیان دەکرد.

کارتێکەریی ئیرەج میرزا بەتایبەت لەناو شاگردەکانی سەیفدا، واتە هەژار و هێمن، هەر ماوەتەوە و ئاشکرایە.  با هیچ دوور نەڕۆین، شێعرە بەنێوبانگەکەی مامۆستا هەژار کە بەشێکی دەڵێ، “لە ناو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە / زۆر لە ڕێی ئێوە جەفای کێشاوە …” لە ئێرەج میرزا وەرگیراوە: “آنکە در این گور خفتە منم / ایرجم، ایرج شیرین سخنم …”  یان، بۆ وێنە مامۆستا “هێمن” شێعرێکی هەیە بە ناوی “لەبیرم مەکە”.  ئەویش لە ئیرەج میرزا وەرگیراوە.  یادی بەخێر، کاتی خۆی لە شیلاناوێ، لە مامۆستا هێمنمان پرسی (لەگەڵ د. ئەمیر جەعفەری)، ئایا ئەو شیعرەی لە ئیرەج میرزا وەرگرتووە و، ئەگەر وایە، بۆچی ئاماژەی بە سەرچاوەکەی نەکردووە.  لە وەڵامدا گوتی: وایە، ئەمە هەمان شیعری ئیرەج میرزایە کە کاتی خۆی براوەی کێبەرکێیەکی شیعری فارسی بوو. مامۆستا درێژەی دا: کاتی خۆی کە تاریک و ڕوون چاپ دەبوو، من نووسیبووم کە ئەو شیعرەم لە ئیرەج میرزرا وەرگرتووە. بەڵام، د. قاسملوو گوتی: تۆ ئەو شیعرەت زۆر گۆڕیوە، شیعرەکەی ئیرەج میرزا چەند بەیتە، بەڵام ئەوەی تۆ چەند لاپەڕەیە، بۆیە پێویست بەو پەراوێزە ناکات.


 سەیف بەیتێکی شێعری هەیە دەڵێ: ئازادی، میری و گەورەیی / داوا بکەن بە زار و زمان، ددان ولێو.

بەڵێ ڕێک وایە. واتە، سەرهەڵدانی بیری کوردایەتی بووە کە زمان و فۆڕمی شیعریشی لە ئەدەبی کوردیدا گۆڕیوە.  ئیتر دوایە کە دەگاتە هەژار، هێمن و هێدی ئەو ڕەوتە دەگاتە لووتکە.  دیارە لە سەردەمی پەشێو، ش. بێکەس، سوارەی ئیلخانیزادە، چاوە و هاوار و زۆر شاعیر و نووسەری پەخشان و داستاندا ئیتر نووسینی  کوردی تەواو دەکوردێندرێ.  فێرگەکانیش لە باشووری کوردستان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن. کە زمانەکە گۆڕا، ناوەرۆکەکەش تووشی گۆڕان دێت. واتە، پێوەیندییەکی دیالەکتیک هەیە لە نێوان زمان و ناوەرۆکدا.


 با بچینە سەر باسی فۆلکلۆر ، فۆلکلۆر بە نێوەرۆک زۆر باس و بابەت دێنێتە گۆڕێ کە هی خەڵکی ئاسایی‌یە، هی خەڵکی ڕەشایییە و بە زمانێکێش نووسراوە که نزیکە لە  کوردیی پەتی. ئەوە یانی چی وا دەکات ئەو فۆلکلۆرە کە زمانحاڵی خەڵکە، بەو زمانە بنووسرێت ؟ چۆنە کە دوای ئەو شتەی کە بە هەرحاڵ کوردیی پەتی پێ دەگوترێ، دەگەڕێتەو بۆ سەر فۆلکلۆر؟

جیاوازی هەیە لەنێوان زمانی پەتی و زمانی زارەکی.  زمانی زارەکی شتێکی خۆڕسکە، بەڵام زمانی پەتی تا ڕادەیەک دروست دەکرێت، یان هەمان زمانە زارەکییەکە و نووسراوەکەیە کە پەتی دەکرێت. زمانی پەتی بڕیارە کە بێبەری بێت لە وشە و دەربڕینی بێگانە، بەڵام زمانی زارەکی لەوانەیە وشە و دەربڕینی زمانی دیکەی تێدا بێ، جا یان کوتومت وەکوو خۆی، یان بە ڕاوێژێکی ناوچەییی کوردی. هەروەها، زمانی زارەکی باسی پێوەندییە ساکار و کۆنەکانی مرۆڤەکان دەکا، وەکوو خزمایەتی، هاوسەرگیری، ئەوینداری، دۆستایەتی و دوژمنایەتی. بەڵام، زمانی پەتیکراو کە باسی ئەم بابەتانەش دەکات، ڕەنگە لە لێنزی زانستی ئەمڕۆوە باسیان بکات وەکوو دەروونناسی، کۆمەڵناسی و هتد، یان باسی بابەتی ئەبستڕاکت و فکریی نوێ بکات کە ئەو زمانە زارەکییە لەوانەیە دەرەقەتی نەیەت.


 لە دیوەخــــان ڕاوێژێکی تایبەت بەکار دەهات، جیاوازی هەبوو لەگەڵ زمانی  خەڵکی ناو دێ، ئەمە تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی بوو ئەو کارەی دەکرد یا جۆرێک خۆ جیاکردنەوە بوو، ئەو جۆرە زمانە تایبەتە لە ڕووی زمانناسییەوە چ نێوێکی هەیە و چی وا دەکات کە سەرهەڵبدات، دیارە من لێرە ڕاوێژم بۆ داناوە، جا  نازانم ڕاوێژ دروستە یان نا؟ پێم خۆشە لەسەر ئەویش قسە بکەن!

وایە. ڕەنگە هەر ئەو ناوەی تۆ بۆت داناوە، واتە “زمانی دیوەخانی”، تەواو بێت. لێکۆڵینەوە لە زمان و پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵ، سەرنجی سەرەکیی ئەو زمانناسانەیە کە لە زمانناسیی کۆمەڵایەتی دەکۆڵنەوە.  لەم بوارەدا چی دەزانین؟ ئەمە دەزانین، کە لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا، شێوەی قسەکردن، وشە هەڵبژاردن، چۆن گوتنیان و چۆنیەتیی ڕیزکردنیان دەتوانێت بە خەڵکی تر بڵێت کە تۆ کێیت، چ جۆرە ژیانێکت هەیە، سەر بە کامە چینیت و هتد.  لە ئینگلستان، ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، هەتا زۆرتر لە وشەی ئینگلیزیی ئەوتۆ کەلک وەربگریت کە مۆرکی ئەمریکای پێوە بێت، زۆرتر نیشان دەدەیت کە لە چینی باڵادەست نیت. کەچی، لە ئەمریکا، بۆ وێنە لە نیۆیۆرک، ئەگەر وەکوو ئینگلستانی وشەیەکی وەکوو /کار/ (ماشێن) بڵێیت، واتە بڵێیت /کاا/ ئەوە نیشان دەدات کە لە چینی باڵا نیت. ئەمانەش هەموو هۆی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەیە. بە منداڵی لە دیوەخانان بووم و ئەمانەم زۆر بیستووە: عەرز بێ بە خدمەتی باسەعادەتی ئاغای خۆم؛ بەڵێ، فەرمایشتە؛ بەڵێ، دەتفەرموو؛ عەرزت کەم؛ و هتد.  کە لەبری وانە، خەڵکی ئاساییی گوند دەیانگوت: با پێت بڵێم/جا دەڵێم؛ ئا، وایە؛ ئادی، دەتکوت؛ پێت بلێم؛ و هتد. ئەمەش هۆی چی بوو؟ هۆیەکی ئەوە بوو کە خۆت گوتت: بەم جۆرە بەگ و ئاغاکان خۆیان لە خەڵکی ئاساییی دێ، واتە جووتبەندە و ڕەشایی، جیا دەکردەوە.  سنوورێکیان دەکێشا.  هۆیەکی دیکەش ئەوە بوو کە ئەوانە خوێندەوارتر بوون لە خەڵکی دێ. سەعدی و حافزیان خوێندبوو، شایەر و بەیتبێژ لە دیوەخانیان بوون. هەندێکیان مامۆستایان بۆ دەهاتە ماڵ.  ئەمانە کارێکی وای کردبوو کە وشە و دەربڕین لە فارسی و عەڕەبی فێر بن.  لەگەڵ خزم و کەسی خۆیان تەمرینیان دەکرد و پێی ڕادەهاتن. ئێستاش، لە هەر ناوچەیەکی کوردستان، دەتوانیت بە شێوەی قسەکردنی کەسێک زۆر زانیاری لەسەر کۆ بکەیتەوە: خەڵکی کام ناوچەن، خەڵکی دێن یان شار، ئاستی خوێندەوارییان چەندە، ئاستی وشیاریی زمانییان چەندە و، گەلێک شتی دیکە. هەڵبەت، هەندێک جاریش هەیە کە وشیاریی زمانی کەسێک زۆر باشە و ئەو کەسە دەتوانێت زمانی خۆی بە پێی هەلومەرج بگۆڕێت. من شانازی ئەوەم هەبوو کە زۆر لە خزمەت مامۆستا هێمندا بم بە حوکمی ئەوە کە خزمی بووم. بە دەیان جار بینیومە کە لەگەڵ ژن وەکوو ژنان دەدوا، لەگەڵ لاوان بە زمانی ئەوان قسەی دەکرد، لەگەڵ جووتێر و جووتبەندە بە زمانی گوند و دەغڵودان دەدوا، لەگەڵ خوێندەوار بە زمانی کتێب قسەی دەکرد، لەگەڵ پیرەکان دەچۆوە سەر ڕاوێژی ئەوان و هتد. ئەم لێهاتوویی‌یە دەکرێ بە پێچەوانەش بێت. دەکرێت کەسێک بە ئانقەست وەکوو کەسێکی دیکە یان دەستەیەک خەڵکی دیکە قسە نەکات بۆ ئەوەی خۆیان لێ دوور بکاتەوە. واتە، زمان دەتوانێت ئامرازێکی یەکجار بەهێزی یەکگرتوویی و خۆلێنزیکردنەوە، یان، کەرەسەیەکی دژایەتیکردن و خۆلێدوورکردنەوە بێت (Solidarity vs. Divergence).  هێندێک جار جۆرێ قسە دەکەین بۆ ئەوە کە بە کەسەکە بڵێین، منیش وەکوو تۆم و لە چیتی تۆم، من وتۆ لە یەک پێشینەین، سەر بە یەک نەتەوەین و هتد. لە باسی دیوەخاندا، ئەگەر تۆ وەکوو ئەوان قسەت نەکردبا، ئەودەم ئەندامەتیت لەو دیوەخانەدا دەکەوتە ژێر پرسیارەوە.  ئەگەر بە ئانقەست ئاوات کردبایە، واتە لە دەست هاتبا وەکوو ئەوان بدوێییت و نەتکردایە، لەوانەبوو بە بێڕێزی دابندرێت. ئەو شێوە قسەکردنە کۆدێک بوو کە ئەندامەتی کەسانی سەر بە دیوەخانی مسۆگەر دەکرد. وەکوو فیلتەرێک بوو: هەر بە قسەکردنەکەیان دەتزانی کێ سەر بەو دیوەخانەیە و کێ بێگانەیە. ئەمە ئێستاش هەیە.  مامۆستاکان وەکوو کرێکارەکان قسە ناکەن، ئەو مامۆستایانەی زمانی بیانی دەزانن، تەواو وەکوو ئەو مامۆستایانە قسە ناکەن کە ئەو زمانانە نازانن. هەموو ژنەکان وەکوو یەکتر قسە ناکەن، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک کۆدی هاوبەشیان هەیە کە لەگەڵ قسەکردنی پیاوەکان، یان ئەوانەی لە گوتاری پیاوانەدان، جیاوازە.  لێکۆڵینەوە لەم بابەتانە زۆر گرینگە، چونکە دەتوانێت لایەنی شاراوەی کۆمەڵمان بۆ دەربخات.  بە هەزاران لێکۆڵینەوەی لەم چەشنە لە ناو ئینگلیزییەکان کراوە، بەڵام بەداخەوە خوێندنەوەی جۆروجۆریی زمان لە کوردەواریدا یان هەر نیە، یان زۆر کاڵ و کرچە.


 ئایا کارتێکەرییەکی هەیە لەسەر دەوڵەمەندی و هەژاربوونی زمان، وەختێک بۆ وێنە ئەگەر زمان وەکوو نوسراوە سەیر بکەی؟

جیاوازیی ئاشکرا هەیە لەنێوان زمانی قسەکردن و زمانی نووسین.  ئەم جیاوازییانە دەتوانن ئەوەندە زۆر بن کە هەندێک کەس گوتوویانە زمانی نووسین هەر زمان نییە، بەڵکوو تێکنۆلۆژییەکە.  واڵتر ئانگ/ئۆنگ دەڵێ: “نووسین تێکنۆلۆژییەکە مێشکی ئێمە دەگۆڕێ”.  واتە، ئەو پێی وا بوو کە نووسین تەنیا ئەوە نییە کە نوێنەری ئەو دەنگانەی زمان، یان ئیشارەکانی زمان، بێت. بەڵکوو، پێی وابوو، کە نووسین پاڵمان پێوە دەنێت کە بیرکردنەوەمان بگۆڕین، واتە چۆن سەری باسێک دەکەینەوە، لە کام بابەتەوە بۆ کام بابەت دەچین، ئەم وردە بابەتانە چۆن بەیەکەوە گرێ دەدەین، چۆن هەودایەک هەموو داستانەکە بەیەکەوە گرێ دەدات و ڕێگا نادات کە ملوانکەکە هەڵوەشێتەوە، هەتا لە شوێنی خۆی گرێ دەدرێت.  هەر ئەم وتووێژەی من چاو لێبکە.  ئەگەر جارێکی دیکە نەمنووسیباوە، خوێندنەوەی ئاسان نەدەبوو.  بۆ؟ چونکە، ڕستەی پچڕاوی زۆر تێدا دەبوو، فکری ناتەواوی تێدا دەبوو. هەندێک ڕستە و پاڕستەی تێدا دەبوو کە تەواو لەگەڵ دەوروبەریان ڕێک نەبوو.  هەڵبەت ئەگەر خەڵک گوێی لە قسەکانم بووبایە لە من دەگەیشتن، چونکە بێجگە لە وشە، کەرەسەی دیکە لە قسەکردنەکەمدا هەیە یارمەتییان دەدا، وەکوو دەنگ نزم و بەرز کردنەوە، پشوودان، پشووی کورت و پشووری درێژ، تۆنی پرسیار کردن، تۆنی واتادار، تۆنی تەوساوی، تۆنی پەسندکردن و تۆنی ڕەتکردنەوە و هتد. لە نووسیندا، ئەمانە نابیسترێن.  بۆیە، کە هەمان دەق دەنووسمەوە، بە جارێک دەگۆڕدرێ.  ئێستا ناچارم هەر ئەو تێکنیکانە بە هێما و ئیشارەی دیکەی نووسین قەرەبوو بکەمەوە.  زمانەکەشم دەگۆڕێت. کاتێ لەگەڵ ئێوە وتووێژەکەم کرد، هەرچەند هەوڵ دەدەم کە زمانی کوردیی ناوەڕاستی ئەمڕۆی میدیا و فێرگە بدوێم، موکریانییەکەم لێرە و لەوێ سەرهەڵدەدات.  بەڵام، لە نووسینەکەمدا، ئەمە زۆر کەم دیارە، واتە ڕێگا نادەم کە بەرچاو بێت. هۆیەکەشی ئەمەیە کە من ئەمە بۆ کوردی سنە و سلێمانیش دەنووسم، نەک هەر بۆ موکریان.

زمانی نووسین لە لایەنی دیکەشەوە زمانێک دەوڵەمەندتر دەکات.  کاتێک زمانێک دەنووسرێت، بە لانی زۆرەوە لەبەر ئەمەیە کە گەرەکیە ببێت بە زمانی خوێندن، یان زمانی میدیا، یان زمانی کارگێڕی.  بۆ هەر کام لە ئەمانە، ئەو زمانە ناچارە کە وشە و دەربڕینی نوێی هەبێت بۆ ئەوە کە بتوانێت باسی ئەو بوارانە بکات.  ئەمەش زەنگینی دەکات. هەروەها، زمانی نووسین، بەو هۆیانەی کە لە سەرەوە باسم کردن، دەبێ وردتر و دەقیقتر لە زمانی زارەکی بێت، چونکە نووسەر لە لامان دانەنیشتووە لە کاتی خوێندنەوەی نووسینێک هەتا پرسیاری لێبکەین.  نووسینەکە دەبێ بۆخۆی پێشبینیی پرسیارەکان بکات و وەڵامیشیان بداتەوە.  بڕوانە ئەم جیاوازییە.  کاتێ ئێمە قسە دەکەین، دەتوانین تەنیا بە ئامرازی “و” دەیان ڕستە و پاڕستە و گرێ بەیەکەوە گرێ بدەین.  ئەو کەسەی گوێمان لێدەگرێت بە باشی لێمان تێدەگات.  بەڵام، کاتێ دەنووسین، دەبێ لە دەیان لکێنەری دیکە کەلک وەربگرین بۆ ئەوەی کە وردتر بنووسین و هەندەش “و” دووپاتە و چەندپاتە نەکەینەوە. بۆ وێنە، دەتوانین کەلک لە ئەمانە وەربگرین: هەرچەند، لەگەڵ ئەمەدا، بێجگە لەوە، دوای ئەمە کە، سەرەڕای ئەمە، ئەمە لە لایەک، نەتەنیا ئەو…بەڵکوو…، لە کاتێکدا، و هتد.


 کاک دکتور هێندێک بێینە سەردەم، دیاردەیەک ، ڕووی داوە بەتایبەت لە سۆشیال میدیادا کە دەرفەتێکی زۆر گەورە کراوەتەوە بۆ ئەوەی تۆ بتوانی زمانی خۆت بەکار بێنی، بەڵام لەگەڵ ئەوە نووسینی هەڵە و تەنانەت نووسین بە فۆنتی زمانی تر بۆ وێنە بە کیبۆردی  فارسی، کوردی  دەنووسرێ یان تەنانەت بە فۆنتی ئینگلیزی دەنووسرێ، ئێوە وەکوو زمانناسێک ئەم دیاردەیە چۆن لێک دەدەنەوە؟

ئەوە لە زۆربەی کۆمەڵ و زمانەکاندا هەبووە و هەیە: گلەیی لە چۆنیەتیی دەکارهێنانی زمان لە گۆڕەپانی نوێ یان بە تێکنۆلۆژیی نوێ. لە ئەورووپا کاتێ دەزگای گوتنبرگ، دەزگای چاپ، پەیدا بوو، کلیسا زەندەقی چوو، پادشاکانیش گوتیان، ئەوجار خەڵکی دیکەش دەتوانێ بزانێت کە ئەو چەند کتێب و ئینجیلە، چییان تێدایە.  دەیانزانی کە لە دەسەڵاتیان کەم دەبێتەوە.  کاتێک تەلەڤیزیۆن پەیدا بوو، لە ڕۆژاوا گوتیان کە ئەخلاق و دین، بە پەنجەرەدا ڕایان کرد، بنەماڵە لێک هەڵوەشا، قسەزلی پەیدا بوو و هتد. ڕاستیان دەکرد. دیسانیش لە دەسەڵاتی پاوانخوازان کەم بووەوە. هەڵبەت دەسەڵات چووە دەستی دەستەیەکی دیکە: خاوەنانی دەزگا میدیایی‌یەکان.  کاتێ، ئینترنەت پەیدا بوو، بە سەدان وتار لە باشترین ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی دنیای ئینگلیزی نووسرا کە گوتیان، “زمانەکەمان وێران بوو”. بۆ نموونە، کاتێ ئێس.ئێم.ئێس، واتە وردەدەق، لەسەر ئینترنەت و دوایەش لەسەر تەلەفوونی زیرەک پەیدا بوو، پاسەوانانی زمانی ئینگلیزی بە دەیان وتاریان نووسی و گوتیان: منداڵەکانمان نازانن چۆن بنووسن، لە باتی نووسینی وشە و ڕستەی تەواو ڕوویان کردووەتەوە کورتکراوە و نیشانەکان و، ڕێنووسەکەیان زۆر خراپە.  هەندێک پڕۆفسۆر دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەمە.  دەیڤید کریستڵ، زمانناسێکی بەناوودەنگی بریتانیا، کتێبێکی لەسەر ئەمە چاپ کرد: زمان و ئینترنەت (٢٠٠٦).  ئەمەش و ئەوانی دیکەش نیشانیان دا، کە وەزعەکە ئاوا نەبوو کە دەیانگوت: ڕێژەی کورتکراوەکان زۆر کەم بوو، نیشانەکان زۆر باش بوون بۆ لەیەکتر تێگەیشن و ڕێنووسیش ئەوەندە خراپ نەبوو کە دەگوترا.  بۆیان دەرکەوت کە تەنانەت لایەنی ئەرێنی زۆرترن. بۆ نموونە، بۆیان دەرکەوت کە منداڵەکان بە هۆی کەلکوەرگرتن لە وردەدەقی سەر کەمپیوتێر و تەلەفوونی زیرەک زووتر و زۆرتر لە جاران دەتوانن بخوێننەوە و بنووسن.

لە دنیای کوردیشدا ئەو قسەوباسانە هەن. من ئاوای بۆ دەچم.  کوردی ڕۆژهەڵات ئەگەر هەڵەی ڕێنووس بکات، من گوێم لێ نییە. بۆ؟ چونکە جێگا و شوێنی دیکەی نییە کە زمانەکەی بنووسێت، نە لە فێرگە، نە لە کارگێڕیدا.  تەنانەت بۆی نییە لەسەر تابلۆی دووکانەکانی بە کوردی بنووسێت، جا بە هەر هۆیەک بێت.  ئێستا کە دێ و لەسەر خەتی مەجازی بە کوردی دەنووسێت (ئەمە بۆ کوردی باکووریش ڕاستە) من زۆرم پێ خۆشە.  لەم دوایی‌یانەدا، کوردەکانی باکوور دروشمێکیان هەیە: کوردی بەهەڵە نووسین و قسەکردن باشترە لە کوردی نەنووسین و قسەنەکردن. لە هەلومەرجی خنکێنەر و بەربەستی ڕۆژهەڵات و باکووردا ئەمە زۆر ڕاستە.  ئەگەر مەبەست باشووریش بێت، ئەوە داستانێکی دیکەیە.  بە ڕای من، ئەو کەسانە کە لە نووسینی کوردیدا جیددی و شێلگیرن، جا خەڵکی ئاسایی بن یان مامۆستای زانکۆ، هەم لەسەر کاغەز و هەم لەسەر ئینترنەت و سۆسیال میدیا جیدین و باش دەنووسن.  ئەوانەی لەناو سۆسیال میدیا و لەسەر ئینترنەت خراپ دەنووسن، ئەمانە کاتێ کتێبیش چاپ دەکەن بە سەدان هەڵەیان هەیە. ئەمانە، کە هەندێکیان لە ئاستی ‘پڕۆفسۆر’ دان، ئێستاش جیاوازیی خاڵ و فاریزە/ویرگول نازانن.  ئەمانە بەر لە سۆسیال میدیاش هەر نەیاندەزانی. هەڵەکان لە خۆیانەوەیە، لە سیستەمی پەروەردەی باشوورەوەیە، نەک لە سۆسیال میدیاوە.

ئایا ئەوەی کە هەڵە دەکرێ لەسەر میدیای کوردی باشە؟ نا ، بەڵام بەڕای من دەبێ وشیاریش بین کە بزانین مەبەستمان لە “هەڵە” چییە.  هەروەها، ئەوەشمان لەبیر بێت کە زۆربەی ئەوەی دەیکا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باکوور، تاوانی خۆی نییە.  لەو مەڵبەندانە، بۆ من گرینگە کە سەرەڕای ئەو هەموو بەربەست و تەوژمانە هێشتا خەڵک بە کوردی قسە دەکەن یان لەوەش گرینگتر بە کوردی دەنووسن. کاتێ ئەمە دەبینم، لە خۆم ناپرسم بۆچی بە هەڵە کوردی دەنووسێت، بەڵکوو دەپرسم: بۆچی بە کوردی دەنووسێت، جا هەر کوردییەک بێت؟ ئەمە پرسیارێکی گرینگە کە هەڵدەگرێ تێزی دوکتۆرای لەسەر بنووسرێت. زمان هەڵبژاردن دەکرێ گرێ بدرێتەوە بە ناسنامەوە، بە خۆنزیکردنەوە لە کەسی دیکە یان خۆدوورکردنەوە لە هەندێکی دیکە، بە خۆدەربڕینی ئاشکراوە یان بە خۆشاردنەوەوە، بە خۆدوورکردنەوە لە زمان و کولتوورێکی دیکەوە، بە دەربڕینی هەڵوێست دژی زمانێکی دیکە کە بەزۆر خۆی بەسەردا سەپاندووە و هتد. ئەمانە پرسیاری گرینگن کە زمانناسێکی کۆمەڵایەتی لێیان دەکۆڵێتەوە. لەناو زمان و کۆمەڵەکانی دیکەدا ئەمانە زۆر کراون و بە دەیان وتار و کتێبیان لەسەر بڵاو کراوەتەوە.  لەناو ئەدەب و زمانی کوردیدا گۆڕەپانێکی فرەوان هەیە بۆ ئەوە کە لێکۆڵەران خۆ لە قەرەی ئەم جۆرە بابەتانە بدەن. هیوادارم هەرواش بێت.

 ئەگەر وشیار نەبین، ڕەخنەگرتنی توند لەو کەسانەی کە زمانی کوردی “بە هەڵە” کەلک وەردەگرن یان دەنووسن، لەوانەیە ببێتە هۆی دوورکردنەوەیان لە زمانەکە بۆ هەمیشە.  ئەمە دڵسۆزی نییە بۆ زمانی کوردی؛ ئەمە ئاو لە ئاشی سەرکوتکەری زمانی کوردی دەکات. ساڵێک لەمەوبەر”کۆڤێد” تازە دەستی پێکردبوو، کاک “بەهمەن قوبادی” هێندێک ڤیدیۆ کلیپی بە فارسی لەسەر چۆنیەتیی دروست کردنی فیلم دانا. لەسەر ئینستگرام.  دوایی هێندێکیان گلەیی‌یان کرد کە کاک بەهمەن بۆ بە کوردیش ئەو کارە ناکات. دیارە ئەوان مەبەستیان ئەمە بوو کە چونکە کاک بەهمەن خۆی کوردە و بانەیی‌یە، ئەگەر بە کوردی قسە بکات، ئەوە ئاستی زمانی کوردی بەرز دەکاتەوە؛ کوردەکان شانازی نەک هەر بە کاک بەهمەن بەڵکوو بە زمانەکەشیانەوە دەکەن کە فیلمسازێکی بەناوودەنگ قسەی پێدەکات.  ئەمە دوو سوودی دیکەشی هەبوو. کوردەکانی باشوور هەروەها دەیانتوانی کەلک لە ڤیدیۆکانی وەربگرن و، زمانی کوردیش لە بواری فیلمەوە دەکرا دەوڵەمەندتر بێت.

کاک بەهمەن دەستی پێکرد و هەر ڕۆژەی ڤیدیۆیەکی بە فارسی و کوردی بڵاو دەکردەوە؛ واتە، هەمان ناوەرۆک بە دوو ڤیدیۆ، یەک بە فارسی و یەک بە کوردی، لەسەر ماڵپەڕەکەی ئینستگرامی بڵاو دەکراوە.  خەڵکێکی زۆر چاوی لێدەکرد. من هەندێک لەمانەم تۆمار کرد و ئێستاش ماومن.  بەڵام، ڕۆژێک لە لایڤی ئینستاگرامدا، تووڕە بوو و گوتی: هێندێک کەس نامە دەنێرن بۆ ئەدمینەکانی پەیجەکەم و دەڵێن کە بۆ کوردی جوان قسە ناکەی؟ گوتی: من کوردی جوان قسە ناکەم، لەبەر ئەوەی کوردی خۆی جوان نییە، زمانێکی ڕێکوپێک و یەکدەستی نییە. ئاشکرا بوو کە کاک بەهمەن زۆر تووڕە بوو. دوو سێ وشە و دەربڕینی دەکار کرد کە بۆ من جێگای سەرسووڕمان بوون، چونکە هەڵە بوون و لەو نەدەوەشانەوە. چاوەڕوان نەبووم کە ئەو پێی وا بێت، زمانی “دروست” و “نادروست” هەیە، یان زمانی “یەکدەست” هەیە، یان زمانی کوردی تەنیا زمانێکە کە چەند زاراوە و شێوەزاری هەیە.  لە لایەکەوە بۆم دەرکەوت کە زانیاریی بەڕێزیان لەسەر زمان زۆر کاڵوکرچە، لە لایەکی دیکەشەوە دڵگران بووم لەو کەسانەی کە ڕێگایان نەدا کاک بەهمەن هەر بەو زمانە قسە بکات کە دەیزانی و لەگەڵی ڕاحەت بوو. ئاکامەکەی ئەوە بوو کە بەهمەن قوبادی چی تر ڤیدیۆی کوردی دروست نەکرد. خۆ ڕاستە زمانەکەی پڕ بوو لە وشە و دەربڕینی فارسی و بیانی، بەتایبەت دەربڕینەکانی سەبارەت بە فیلم و فیلمسازی، وەکوو: کارگەردان، سەحنە، بازیگەری، هونەرپیشە، یان دەربڕینی وەکوو، بۆ ئەوە کە ئەو نەقشە بە باشترین نەحوی مومکین ئیجرا بکات و هتد. بەهەرحاڵ، ئەو بە فارسی فێری ئەو شتانە ببوو و ئێستاش بە فارسی بیر لەو شتانە دەکاتەوە. تاوانی نییە کە ئاوایە. لەگەڵ ئەمەشدا، دەکرا ڕەخنەکە کارسازانە بێت، بۆ وێنە پێشنیار بکرێت کە کاک بەهمەن چاو لە هەندێک وشەدانی هونەری بکات، یان گوێ بگرێت لە چەند فیلمسازی باشووری کوردستان و وشە و دەربڕینە تێکنیکییەکانیان لێ فێر بێت و هتد. من کەسی ئەکادیمیی کوردزمان دەناسم کە دەساڵ لەمەوبەر زۆربەی وشە و دەربڕینەکانی، بۆ نموونە لەسەر زانستی سیاسی، یان فارسی بوون یان ئینگلیزی. تەنیا لێرە و لەوێ وردەئامراز و بکەرەکانی کوردی بوون: لە شەڕایەتی بوحرانیی حازردا ناکرێ مەوزعێکی عامەپەسەند ئیتیخاز بکرێ.  کەچی، هەر ئەو کەسە ڕەنگە ئەمڕۆ ئاوا قسە بکات: لە هەلومەرجی ئاڵۆزی ئێستادا ناکرێ هەڵوێستێکی بازاڕی یان باو ڕەچاو بکرێ.  بۆ؟ چونکە ئەو کەسە، لەو ماوەیەدا، تێکستێکی زۆری کوردی خوێندووەتەوە، گوێی لە خەڵکی دیکە گرتووە کە لە بوارەکەی ئەودا پسپۆڕن و بە کوردی دەدوێن و، زۆر وتووێژی بە کوردی کردووە و هەر جارەش هەوڵی داوە کە چەند وشە و دەربڕینی نوێ بێنێتە ناو گوتارەکەیەوە.  دەکرا ڕێگایەکی ئاواش بە کاک بەهمەن نیشان درابایە.  ئەمە دڵسۆزی نییە بۆ زمانی کوردی، بەڵکوو دژایەتییە لەگەڵ زمانی کوردی کە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەنووسێت: “ئەگەر ئاوا کوردی دەنووسی، هەر نەنووسی باشترە.”


 خۆتان دەزانن هۆشی دەستکرد قانوون و تایبەتیی خۆی هەیە. کاتێک بتهەوێت سیستەمی گەڕان لە ئینتێرنێتدا بەکار بێنی، مەجبور دەبی بە جۆرێک ڕێوشوێنێک دیاری بکەی کە ئەو هۆشە بە پێی ئەو ڕێوشوێنە بگەڕێی بە دوایدا، بۆ نموونە ئەگەر من بێم “ڕ” ـێی سەرەتای وشە بە قەڵەو دانەنێم، ئەو نایبینێتەوە و جیاوازی دەخاتە سەری. ئیستا لێرە چۆن دەتوانین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین ؟ لە لایەکەوە ئەو باسە هەیە کە جەنابت باست لەسەر کردووە، لە لایەکی دیکەوە ئەوە هەیە کە دۆخی دیجیتاڵ کە ژیان زۆریش ئاوێتە و تێکەڵی بووە، خەریکە زۆر فەقیر دەبێ بەرانبەر بە زمانی کوردی، چۆن دەتوانین ئەوە چارەسەر بکەین ؟

دنیای ئینترنێت ئەو دووفاقییەی تێدا هەیە، لە هەمان کاتدا کە دەرفەت و دەرەتانی داوە بە کەمینەکراوەکان و پەراوێزخراوەکان کە دەنگ و زمانی خۆیان هەبێ، لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی ئەوە هەموو کەس بتوانێ بنووسێت و دەنگی خۆی هەبێت. بەو هۆیەوە دنیای دیجیتالی پەرەی داوە بە فرەزمانی و شێوەزاری. ئەمەش ئالینگارییەکی دروست کردووە. لانیکەم دوو بۆچوون لێرەدا هەن. بۆچوونێکی باختینی (میخایل باختین) دەڵێ کە دنیا ئەمەیە: فرەڕەنگە، فرەدەنگە، زمان هەمووکات لە دیالۆگدا بوونی هەیە، واتا لە دیاکۆگدا هەیە نەک لە پەڕاوێزی کردەوەدا، و بە گشتی زمان کردەوەیەکی کۆمەڵایەتییە نەک سیستەمێکی یەکدەست و ڕێکوپێک. لە ئاستی ئەپستیمۆلۆژییەوە (زانینناسی) ئەم بۆچوونە لە چێگەراییی کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە پێی وایە کە ڕاستی چێکراوێکی کۆمەڵایەتییە. ئێمە بە زانین لەدایک نابین، بەڵکوو بەدرێژاییی تەمەنمان فێر دەبین و فێر دەکرێین کە ڕاستی چییە، خۆش چییە، جوان چییە، دادپەروەری چییە، ستەم چییە، نەتەوە چییە و، زمان چییە و دیالەکت چییە. ئەمانە هیچیان ڕاستییەکی فیزیکی و سروشتییان نییە کە بیپێوین، بەڵکوو فێر دەبین یان فێر دەکرێین کە چین. ئێمەش بڕوایان پێدێنین، بەڵام هەر ئەم بڕوایانەش ڕەنگە بگۆڕێن. لەم بۆچوونەدا، ئەگەر بڕوامان بە ڕێزگرتن بۆ هەموو دەنگەکان و زمانەکان و شێوەزارەکان بێت، ئەوە نابێ گوێمان لە ئەوە بێت کە یەکێک بە شێوەزاری هەولێری، موکریانی، کەلهوڕی یان ئەڕدەڵانی دەنووسێت. ئەو کەسانە بۆخۆیان، بە هەڵبژاردنی شێوەزارەکەیان شێوەی دەکارکردنەکەی، بەردەنگی خۆیان هەڵدەبژێرن. ڕەنگە بۆیان گرینگ نەبێت کە هەموو کوردەکان بزانن کە ئەوان چییان نووسیوە. لەم بۆچوونەدا، دەبێ ڕێگا بدەین کە یەکێک بنووسێت “مندار”، “منداڵ”، “مندال”، یان “مناڵ”. بۆ؟ چونکە، ئەم بۆچوونە دەڵێت هەر کە گوتت “منداڵ” دروستە، تۆ بۆ لایەکی دادەدڕی، یەک بە ڕاست دەزانی و ئەوی تر بە هەڵە دەزانی، هەروەکوو ئەوانەی دەیانهەوێ زمانێکی تەواو بەسەر هەموو کورداندا بسەپێنن.  دەی، جیاوازیتان چییە؟ هەردووکتان، لایەنداریی تواندنەوەی شێوەزارەکانی دیکەن لە شێوەزارێکی دیکەدا. من پێم وایە کە شێوەی دەکارکردن و جووڵانەوە لەگەڵ زمان لەناو کورداندا زۆرتر لەو ڕوانگەیەی باختینەوە بووە، چونکە کوردەکان لە قافڵەی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن دوا کەوتن.

لە بەرانبەر ئەمەدا، بۆچوونی “دو سۆسیۆ”  (فێغدینان دو سۆسیۆغ، زمانناسی سویسی) هەیە کە دەڵێ، زمان سیستەمێکی یاسامەندە، نۆڕم و ڕێسای هەیە،  دەکرێ زمان و دیالەکت لە یەکتری جیا بکەیەوە و، دەکرێ بڵێی چی ڕاستە و چی ناڕاستە. پێوەندیی هەیە لەگەڵ پۆزیتیڤیزم. کاتێ لەم ڕوانگەیەوە بیر لە زمان دەکەیتەوە، پلاندانان بۆ زمان و دروستکردنی زمانی ستاندارد و یەکدەست تا ڕادەیەک هاسانتر و سەرڕاسترە: لەنێو چەند شێوەزاردا یەکیان هەڵدەبژێری، کۆدی دەکەی، ڕێسا و یاساکانی دەدۆزیتەوە و ڕێزمانی بۆ دەنووسیت، قامووسی بۆ دەنووسی (کەلک لە وشەی شێوەزارەکانی دیکەش وەردەگریت)، وشەی نوێی بۆ دادەتاشی، لە هەموو بوارەکاندا بڵاوی دەکەیتەوە و بەم جۆرە سیستەمێکت دەبێت کە دەتوانی بیکەی بە پێوانە بۆ هەڵسانگاندنی نووسین، قسەکردن و هتد. بە پێی ئەم سیستەمە ستانداردە دەتوانی بڵێی کە کامە شێوە کەلکوەرگرتن لە زمانەکەت باشە، خراپە، ڕاستە، هەڵەیە و هتد. ئەمە سوودی خۆی هەیە و زیانی خۆشی هەیە.  لە هەر حاڵدا، وێناچێ کوردی بەم ڕەوتەدا تێپەڕ بووبێت. کوردی لەژێر کارتێکەریی هەردوو ڕوانگەدا بووە: لە لایەکەوە لە ژێرەوە دەستی بە ستانداردکردن کردووە، بەلانی زۆرەوە لە لایەن تاکەکانەوە وەکوو تۆفیق وەهبی و بەڕێزی دیکەوە، لە لایەکی دیکەوە، ڕەوتێکی دو سۆسیۆیانە هەیە کە گەرەکیە ئەو تاقانە شێوەزارە ستانداردە دابسەپێنێ. ئەمەش سوود و زیانی خۆی هەیە.

لەگەڵ ئێوەم کە پێتان وایە ئەگەر هەموومان وەکوو یەکتر نەنووسین، ڕەنگە ئەو سەرچاوانە نەدۆزینەوە کە گەرەکمانە، یان لەنێوانماندا هاوبەشن. بۆ وێنە، ئەگەر وشەی “ڕێواس”  و “رێواس” بنووسیت، لە شوێنی گەڕانی گووگڵ، بۆت دەردەکەوێ کە هەرچەند هەندێک سەرچاوە بە هەر دوو شێوە نووسینەکە دەردەکەون، هەندێک ماڵپەڕ و سەرچاوەش جیاوازن. دەردەکەوێت کە ئەگەر بنووسیت “ڕێواس” سەرچاوەی زۆرتر دەدۆزیتەوە. یان ئەگەر بنووسی “گۆڤار” و “کۆڤار” ژومارەی سەرچاوە دۆزراوەکان بۆ ئەوەی یەکەم زۆر زیاترە، چونکە زۆربەی کوردان دەنووسن “گۆڤار.” کەوابوو، ڕێی تێدەچێ کە بڵێین، باشترە هەموومان ئاوا بنووسین.  من دژی ئەمە نیم. بۆ ئەم یەکدەستییەش، نەرمەئامێر و پڕۆگرامی کەمپیۆتێریی نووسین خەریکە یارمەتییەکی زۆر دەدات، هەرچەند ئەوەش ماوەتەوە سەر ئەوە کە چ پڕۆگرامێک دەدەیت بە نەرمەئامێرەکەت. لە هەمان کاتدا، دەبێ کەیفخۆش بین کە هەموو شێوەزارەکان هەبن و ژیانی خۆیان درێژە بدەن. لە زۆر شوێنی دنیا مامۆستا ڕێگا دەدات کە منداڵ بە شێوەزاری خۆی قسە بکات و تەنانەت بنووسێت و بخوێنێتەوە.  لە هەمان کاتیشدا، دەکرێ شێوەزارێکی هاوبەش بۆ ناوچەیەکی کە پەسەندی دەکەن، لە ئارادا بێت.  ئێمە ناچار نین کە بڵێین، یان ئەمە یان ئەوە. دەبێ فێر بین کە بڵێین، هەردووکیان، هەم شێوەزاری خۆم، هەم شێوەزاری یەکدەستی نووسین، هەم عەڕەبی، هەم ئینگلیزی و هتد. داهاتووی مرۆڤایەتی چەندزمانە بوونە لەبەر ئەوە کە سوودی زۆرترە.


 کاک دوکتور باسی ستاندارد کردنتان کرد لە نەتەوە بەکەمینەکراوەکان کە لە خوارەوە بۆ سەرێ بووە، ئایا لەم پڕۆژەیەدا پێگەیەک بۆ بنەماڵە دادەنێن؟

بەبێ شک بنەماڵە زۆر گرینگە. ئێستا بۆ نموونە ئێمە نیزیک پازدە ساڵێکە بوارێکی تایبەتمان هەیە لە بواری پلان ڕۆنان و سیاسەتی زمانی کە پێی دەڵێن ” پلان ڕۆنان و سیاسەتی زمانیی ناو بنەماڵە”، Family language policy and planning” کە ئەمە ئێستا بۆخۆی بووە بە بوارێکی زۆر تایبەت.

زۆر لێکۆڵەر کە تەواوی ژیانی خۆیان لەسەر کۆمەڵناسیی زمان داناوە، وەکوو جاشوا فیشمەن، بڕوایان وابوو ئەگەر زمانێک لەنێو بنەماڵەدا بپارێزرێ، هیچ کەس ناتوانێ لەناوی ببات و کەس پێی ناوێرێ. منیش پێم وابوو.  بەڵام، لێرەدا گرفتێک هەیە. لەم سەردەمەدا،  پەروەردەی گشتی بە زمانێکی دیکە، لە لایەک، و تێکنۆلۆژی، لە لایەکی دیکەوە، جێگایان بە بنەماڵە لەق کردووە. کاتێک دایک و بابەکە بە فارسی پەروەردە بوو و تێکنۆلۆژیی بەردەستیش زۆربەی بە فارسی یا ئینگلیزی بوو، وردەوردە زمانی ماڵەوە نەتەنیا پرێستیژی خۆی لەنێو کۆمەڵدا لەدەست دەدات بەڵکوو لەنێو بنەماڵەشدا ئەو برەوەی نامێنێت.   بۆ؟ چونکە لەوانەیە لە گەڕەکدا بە سووک چاوی لێبکرێت و بڵێن ئەوە دێهاتییە بۆیە ئەوا قسە دەکات. سەردەمی شا ئەمە بەسەر خۆمان هاتووە.  ئێمە دەستەیەک لاو بووین کە گڕوگاڵی شیعری کوردیمان لێ پەیدا ببوو و بە قسەی خۆمان بە کوردیی پەتی دەدواین.  لەبەر ئەمەش، جاروبار گاڵتەمان پێدەکرا، لە مەهاباد، چونکە پەتی بوون بەرانبەر بوو لەگەڵ دێهاتی بوون و “کرمانج” بوون.  گۆیا، ئێستا ئەمە دیسان دەستی پێکردووەتەوە.  ئەمە جێگای داخە، ئەگەر ڕاست بێت.  هەڵبەت، هەست و سۆزی خەڵکی رۆژهەڵات بۆ زمانەکەیان، بەتایبەت هیممەتی ڕۆشنبیرەکان بۆ زمانەکەیان، لەگەڵ هی سەردەمی شا بەراورد ناکرێت.  کاری زۆر گەورە و مەزن لە هەموو شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات دەکرێت.  ئەمەش نیشان دەدات کە خەڵکەکە زمانی خۆیان چەندە خۆش دەوێت. لێرەدا، بنەماڵەش بەرپرسیارەتی هەیە.  من ئەوای چاو لێناکەم کە ئەگەر یەکێک منداڵەکەی فێر نەکرد بە کوردی بخوێنێتەوە و بنووسێت، ئەوە کورد نییە؛ من زاتی ئەوەم نییە و قەت ئەو ڕێگایە بەخۆم نادەم قەزاوەتی وا لەسەر ناسنامەی خەڵک بکەم و بڵێم کوردن یا کورد نین. بەڵام، پێم ناخۆشە ئەگەر زمانێک بفەوتێ. زمان خەڵک دروستی دەکات و تەنیا ئەو کاتەش دەمرێت کە خەڵکەکەی وەلای بنێت.


 زۆر سپاس کاک دوکتور بۆ بەشداریت لەم وتووێژەی گۆڤاری تیشکدا. هیوادارین ڕاوەستاو و بێ‌وەی بی.

داگرتنی بابەت