ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ

د. کەماڵ سلێمانی

سازدانی وتووێژ: شەهلا دەباغی  

“لە بەردەوامیی کاری گۆڤاری تیشکدا، هەوڵ دەدەین لە ڕێگای بەرنامەی گۆڤارەوە پەرە بە بابەت و باسەکانی گۆڤاری تیشک بدەین، بۆ ئەم مەبەستە هەر جارە و بە شێوەی باکس، چەمک و بابەتێک لەگەڵ پسپۆڕان شی دەکەینەوە. ئێوەی بەڕێز دەتوانن پرسیارەکانتان بنێرن و دوای باڵوبوونەوەی باسەکانی باکسی تایبەت بە باس و چەمکەکان، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا واڵمی پرسیارەکانی ئێوەی بەڕێز دەدەینەوە. مەبەست لەم شێوە کارە ئەوەیە کە هەم بینەری ئاسایی بتوانێ بێتە نێو بەشێک لە باسەکانەوە و، هەم قوتابییانی زانکۆش وەک ڕێفرێنس بۆ بەرینتر و قووڵترکردنی نووسینەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەربگرن. باکسی یەکەمی گۆڤار تایبەتە بە چەمکی کۆڵۆنیالیزم و ئایا کوردستان کۆڵۆنییە؟ لەگەڵ پڕۆفیسۆر کەماڵ سلێمانی مامۆستای زانکۆ، لە چەند بەرنامەدا هەوڵ دەدەین ئاسۆیەکی فراوانتر لەسەر چەمکی کۆڵۆنیالیزم بێنینە بەرچاو، چاوەڕێی ڕەخنە و پێشنیارەکانی ئێوەی بەڕێز دەبین”


دەربارەی دوکـــتور «کـەماڵ سولەیمانی»یەوە

دوکتور «کەماڵ سولەیمانی» پسپۆڕی مێژووی سیاسیی جیهانی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس)لیسانس)ی لە بواری فەلسەفە، لە ساوتێڕن مەین یونیڤێڕسیتی وەرگرتووە. سلێمانی هەر دوو بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆرای لە ساڵی ٢٠١٤، لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیۆیۆرک وەرگرتووە. ناوبراو لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، تێزی دوکتۆراکەی سەبارەت بە ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕکابەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نووسیوە. سولەیمانی لە زانکۆکانی تورکیا، ئەمریکا و ئەمریکای لاتین وانەی گوتووەتەوە. نووسەر کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆری زانستی لە ژوڕناڵ و گۆڤارە ئەکادیمی و بەناوبانگ و نێونەتەوەیی‌یەکاندا سەبارەت بە کورد بڵاو کردووەتەوە. هێندێک لەو ژوڕناڵانە بریتین لە: (Current Anthropology, Security Dialogue, Nations and Nationalism, Third World Quarterly, Ethnicities, The British Journal of Sociology, Postcolonial Studies, and The Muslim World ). کتێب، مەقالە و وتارەکانی سولەیمانی بۆ سەر زمانەکانی کوردی، فارسی، عەڕەبی، تورکی، ئیسپانی و یونانی وەرگێڕدراون. سولەیمانی لە یەکەم کتێبیدا بە ناونیشانی «ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕکابەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا (کە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن پاڵگرەڤەوە بڵاو کراوەتەوە(، بە تەرکیزکردن لەسەر ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی ئیسلام لە سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەییدا بینیویەتی، بنەما مەعریفییەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ناوبراو نیشان دەدات کە چۆن تێکەڵاوبوونی ناسیۆنالیزم و بیری ئایینی لە مێژووی مۆدێڕنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە خزمەت یەکتر و لە خزمەت نەتەوەکانی زاڵدا بوون.

 ئێوە خۆتان لەسەر مێژووی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاری زۆرتان کردووە، لەسەر تورکیە و ئێران، بەتایبەتی ئەو باسانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا لە گۆڤاری تیشک هاتووەتە بەرباس و بە دیاریکراوی چەمکی کۆڵۆنیالیزم شەنوکەو کراوە. ئەگەر سەرەتا پێناسەیەکی چەمکی کۆڵۆنیالیزم بکەن و جیاوازی و وێکچوونی کۆڵۆنیالیزم بۆ وێنە لە سەدەکانی نێوەڕاست و دوای سەدەکانی نێوەڕاست و ١٤٠٠.ز بۆ ئەم لاوە، ئەو کۆڵۆنیالیزمەی ئەو دەمە شکڵی گرتووە لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە دوای ڕزگاریی هیندوستان و ئەلجەزایر و…. تایبەتمەندییەکان، جیاوازییەکان و وێکچوونەکانیان چییە؟ ئەگەر سەرەتا بە شێوەیەکی مێژوویی، چەمکەکە پێناسە بکەن، دواتر دەچینە نێو پرسیارەکانی دیکەوە.

زۆر سپاستان دەکەم، لە ڕوانگەی منەوە کۆڵۆنیالیزم دەگەڕێتەوە سەر پێشێل کردنی مافی سەروەریی نەتەوە، سەرەڕای هەوڵی سیاسی و نیزامی، هەوڵی جۆراوجۆر و مەبەستی ئابووری، شێوەی جۆراجۆری هەوڵی کلتووری و سیاسیش لە گۆڕێدایە. لەسەر ئەو باوەڕەم کاتێک باس لەوە دەکەین نەتەوەیەک بە کۆڵۆنی یان ئیستیعمار کراوە، لە ڕاستیدا باس لەوە دەکەین ئەو نەتەوەیە تەنانەت ئەگەر بە شێوەی فۆڕمی و شکڵیش بێ، قەدەری خۆی لە دەست خۆیدا نییە. ئەو نەتەوەیە لە لایەن نەتەوە یان وڵات یان دەسەڵاتێکی دیکەوە کە هیچ جۆرە هێمایەکی ئەو خەڵک و نەتەوەیەی نییە حوکمی بەسەردا دەکات، حوکمی بێگانەیی بەسەر خەڵکی خۆجێییدا سەپاوە. ئێمە لە عەسر و چەرخێکدا دەژین کە مەسەلەی شەرعییەتی حاکمییەت و سەروەری دەگەڕێتەوە سەرئیرادە و  ڕای خەڵک. خەڵک کێیە، یان ئەوەی بە ئینگلیزی  پێی دەڵێن (people)لە ئەساسدا بۆخۆی توانای پێناسەکردنی خۆی هەیە. باسی مافی خۆپێناسەکردنی خەڵکێک، گرێدراوە بە مافی چارەی خۆنووسین کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەویش پێوەندی بە مژاری کۆڵۆنیالیزمەوە هەیە. نەتەوەی کۆڵۆنیزەکراو ئەو نەتەوەیە کە «خۆ»یەتیی بەکۆمەڵی پێشێل کراوە، مافی نییە بڵێ کێیە. خەڵکانی دەڵێن کێیەتی و شوناسی ئەو دیاری دەکەن؛ دەڵێن: عەشیرەیە، دەڵێن قەومە، یانی بە شێوەیەک پێناسەی دەکەن کە مافی سەروەریی لێ دەستێنن. نەتەوەیەک کە مافی خۆپێناسەکردنی لێستێندرا، مافی سەروەریشی لێ دەستێندرێت. لەبەر ئەوەی مافی سەروەری، مافی نەتەوەیە. نەتەوەیەک کە «خەڵک» بوونی لێستێندرا، بوو بە هۆز، بە گەل یان هەر جۆرە چەمکێکی دیکەی بۆ بەکار هێنرا و مافی سەروەریی لێ زەوت کرا، ئیتر ئەو نەتەوەیەکی کۆڵۆنی کراوە. لەبەر ئەوەی ئەگەر بوو بە هۆز و عەشیرە ، ئەوە دژی پێشکەوتن و سەروەریی یاسا و شارەستانییەتە و دەبێ لەناو بچێ. ئەگەر قەوم و گەلیش بێ، لە باشترین حاڵەتدا کەمینەیە و، ناتوانێ نەتەوە بە حیساب بێ و بڕیار لەسەر قەدەری خۆی بدات. نەتەوە یان وڵاتێکی تری دیکە حوکمی خۆی یان شێوەیەک لە ئیدارەییی خۆی بەسەردا دەسەپێنێ و دەیچەوسێنێتەوە؛ چونکە لە هەلومەرجێکی ئاوادا ئەو نەتەوەیە بندەستە و نە بە تاک و نە بە کۆمەڵ ناتوانێ لەگەڵ نەتەوەی سەروەر یەکسان بێ، بەتایبەتی لە چەرخی ئێمەدا کە نەتەوەی ناسەروەر لە باشترین حاڵەتدا کەمینەیە و ئیرادەی زۆرینە فۆرم بە ژیانی دەدات. لێرە باسی کەمینە و زۆرینە، باسی زۆرینە و کەمینەی دەنگدان نییە. باسی ئەوەیە کە ئیرادە و ویستی کێ سەروەرە. بۆیە ئێمە لە وتارێکدا یەکێک لە ستراتیژییەکانی کۆڵۆنیزەکردنی کوردمان، ناو ناوە ستراتیژیی کەمینەکردن. بۆیە لە کاتی مافی چارەی خۆنووسیندا، نەتەوەی زاڵ هیچ مافێکی نییە کە بڵێ ئایا نەتەوەی بندەست خەڵکە یان خەڵک نییە. پێوەر و پێوانەکانی وڵاتی زاڵ یان دەسەڵاتی زاڵ بە هیچ شێوەیەک نابێ دەخیل و ڕێگر بن لەوەی خەڵکێک بۆخۆی دەڵێ من کێم و چۆن چارەنووسی خۆم دیاری دەکەم.

جا کە بگەڕێینەوە سەر مێژووی مەسەلەکە، دیارە ئەو شتە لە ڕابردووشدا هەبووە، یانی لە ڕابردووشدا خەڵک کۆڵۆنیزە کراوە، خەڵکانی تر ویستوویانە زاڵ بن بەسەر خەڵکی تردا و خاکیان داگیر کردوون، لە هەمان کاتیشدا ئیمکانات و سەرچاوەکانی جۆراجۆری ئابووری و کولتووریی ئەو خەڵکانەیان بردووە. یانی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەو شتانە زۆر بووە، بەڵام کۆڵۆنیالیزم بەتایبەت لە هەڵسوکەوتی ئەورووپایی‌یان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی ئەورووپا و لەگەڵ نموونەکانی پێشتر زۆر جیاواز بووە. هێرشی ئەورووپایی‌یەکان فەلسەفەیەکی لەپشت بووە؛ مومکینە لەوانەی دیکەشدا بووبێت، چونکە کاتێک عەڕەب هاتووەتە وڵاتانی دیکە و ئەو دەسەڵاتانەی هەبوونە، لایانبردوون، بێ‌شک تەکید لەسەر دروستیی بۆچوون و دونیابینی و بیروباوەڕ و ئەو شتانە لە لایەن عەرەبیش کراوە. بۆ نموونە فەرماندەی موسڵمانی عەرەب دەیکوت ئێمە هاتووین لە کۆیلەییی دینەکانی تر ڕزگارتان بکەین، ئێ کێ داوای لە تۆ کردووە بێی ئێمە بە شەمشیر ڕزگار بکەی؟ هیچ کەس مافی پرسیارێکی ئاوای نەبوو، ئەو دەزانێ حەق و ڕاستی چییە و بە شەمشیرش بەرگری لەو ئیدیعایەی خۆی دەکرد. ئێمە دەبینین لە کۆڵۆنیالیزمی کلاسیکی ئەورووپاییشدا هەیە، کە دەیهەوێ لە ڕێی بەکارهێنانی مەسیحییەت و زانست خەڵکی غەیرە ئەورووپایی هەر لە خودی ئەو خەڵکە ڕزگا بکات. کە ئێمە ئەوەی لە هەڵسوکەتی کەماڵیزم و پەهلەویش لەگەڵ کورد دەیبینین کە دەیانهەوێ «کورد لە کوردایەتی» ڕزگار بکا. بۆیەش بەردوام باسی خوێندن و گەشە لە کوردستان وەکوو هەوڵێک بۆ ڕزگاریی کورد لە کوردایەتیی دواکەوتوویی ئەو لەگۆڕێیە. ئەو گوتارە کۆڵونیاڵە بە ڕادەیەکی کاریگەر و بەتەواوی بەسەر گوتاری سیاسیی کورد لە بەشێکی وەک باکووریشدا زاڵە و، بە پەیرەوی لە کەمالیستەکان، پارتە کوردییەکان دەیانهەوێ «کورد لە کوردایەتی» ڕزگار بکەن. بۆیە تەنانەت دەڵێت “بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەم، دەبێ لە پێشدا بتانکەم بە کۆیلە”) لە بەرانبەر چەتگەری, ۷۹).

لە کۆڵۆنیالیزمی ئەورووپادا بەتایبەت لەو دەورەیەوە کە لە ئەورووپا دەستی کردووە بە کۆڵۆنیزەکردنی دنیای دەرەوە، لەسەر ئەو ئیدیعایە کە دەرەوەی ئەورووپا لە ئەقڵانییەت «بێ‌بەرییە» و ئەورووپا ڕێگای ڕووناکییە، پێشاندەری ڕێی شارستانییەتە، ئەو توانایی‌یەی هەیە وڵاتانی دنیا یەکەم، بکا بە شارستانی و دووهەم لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکانەی تر وەحشین و خۆیان پێ بەڕێوە ناچێت یان لیاقەتی بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆیان نییە، دەبێ ئەورووپا لە ڕووی ئیدارە و مودیرییەتەوە بەڕێوەیان بەرێ؛ هەمان ئەو شتانەی ئێستا بە کوردیش دەوترێ. بۆیە دەبێ کابرای سپی ساحێب ئەقڵی ئەورووپایی سەروەریی ئەوان بەدەستەوە بگرێ، چونکە حەیفە  سەرچاوە و ئیمکاناتی زۆری ئەو وڵاتانە لە ئیختیار «مرۆڤی وەحشیدا» بێت. هەربۆیە ئەورووپایی دەبێ کاریان لێ بکێشن و فێری کار و چۆنیەتیی ژیانیان بکەن. زۆر جار سەرچاوە و ئاکامی ئەو جۆرە تێڕوانینە بووەتە هۆی ژینۆساید و کوشتنی بەکۆمەڵ. هۆیەکەشی ئەوەیە ئەگەر مرۆڤ  مافی خۆپێناسەکردن و بکەری لێستێنرا، یانی کۆڵۆنیزە کرا تا ڕادەی بوون بە شت دادەبەزێ و مرۆڤ بکەر و خاوەن دەسەڵات وەکوو «شت و شەیئ» بەکاری دێنێ.

لێرەدا بۆیە بە شێوەیەکی زۆر بنەڕەتی کۆڵۆنیالیزمی مودێرن لە شێوەکانی جۆراوجۆری تری داگیرکردن و فەتح جیا دەکرێتەوە، چونکە کۆڵۆنیالیزم شێوەیەکی تایبەت لە گوتار و ئیستدلال و ئارگیۆمێنتی خۆی هەیە و لە ڕێی پێناسەکردنی «ئەوی دیکەی» خۆی، «ئەوی دیکە» لە مرۆڤبوون دەخات، لە ڕێی ئەم جۆرە پێناسەکردنەوە پاساوی ستاندنی مافی دیاریکردنی قەدەر لە داگیرکراو دەستێنێ. لە ئاکامدا داگیرکردنی «ئەوی دیکە» دەبێت بە کارێکی خێرخوازانەی ڕزگارکردنی عەشیرە و قبیلە و خەڵکی «وەحشی «لە دواکەوتوویی خودی خەڵکی داگیرکراو. تورک، کورد لە کێوی بوون ڕزگار دەکات، منداڵەکانی فێر دەکات بەیانان بە خۆشحاڵییەوە بڵێن «چ شانازییەک لەوە گەورەتر کە یەکێک بڵێ تورکم» یان «بڵێ بوونم پێشکەش بە مانەوەی تورک بێت تا وای لێ دێت دوای سەد ساڵ، سیاسیی کورد بۆخۆی هەوڵ بۆ ئەو جۆرە بە تورکییەکردنەی کورد بدات. یان پەهلەوی خەڵکی پۆشتکووە قەتڵی عام دەکات تا بە وتەی ژێنڕاڵ دەرخشانی لوڕیش بتوانن» وەکوو خەڵکی دیکەی ئێران بچن»؛ یانی بە بەئێرانی کردنیان لە لوڕبوونیان ڕزگار بکەین.


 ئەگەر واز لە وڵاتانی دیکەی دنیا بێنین و بێینەوە سەر کوردستانی خۆمان، ئایا دەتوانین کوردستان بە کۆڵۆنی حیساب بکەین؟ ئایا ئەو شتەی بەڕێز بێشکچی دەیڵێت کە کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە، ئایا لەنێوان چوار دەوڵەتاندا دابەش کراوین، جیاوازیی ئەو کۆڵۆنییە نێودەوڵەتییە دەگەڵ ئەو کۆڵۆنییەی کە لەنێو ئەو چوار دەوڵەتەدایە، لە کوێدا یەکیان گرتووەتەوە و لە کوێدا جیاوازییان هەیە؟

هەڵبەت دیارە جگە لە بێشکچی، د. جەمـــــــــاڵ نەبەز و د. عەبدولڕەحمانی قاسملووش باسی هەلومەرجی کۆڵۆنیکرانی کوردیان کردووە و بەتایبەت د. جەماڵ نەبەز بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاوتر باسی کردووە. بەداخەوە، من زۆر درەنگ لەگەڵ بەرهەمی دژەکۆڵۆنیالیستی د. جەماڵ نەبەز ئاشنا بووم. لەم یەک دووساڵەی ڕابردوودا، هێندێک دۆستی خۆشەویست کاری گرینگیان لەسەر نووسراوەکانی د. نەبەز کردووە و لە سایەی زەحمەتی ئەو دۆستانەوە منیش کەم تا کورتێک بایەخی کارەکانی ئەو نووسەرە دڵسۆزەم زانیوە و لەگەڵی ئاشنا بووم.

شتێکی زۆر گرینگ لە لێکۆڵینەوەکانی کوردی و لەسەر کورد، تەنانەت لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش کە بایەخی پێ نەدراوە، مانەوەی هەر جۆرە ئیمپراتۆرییەک و بوونیان بە دەوڵەتی مودێرنە کە بە شێوەیەکی جۆهەری هەلومەرجی کۆڵۆنیاڵ ساز دەکات، یانی درێژەی ئیمپراتۆری لە قالبی دەوڵەت-نەتەوەدا، بێ‌ئەملا و ئەولا کۆڵۆنیالیزمە. بەبێ ڕزگاربوونی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری، درێژەی ساختار و پێکهاتەیەکی وەها تەنیا لە ڕێی کۆلۆنیزەکردنی ئەو نەتەوانە مومکینە. چونکە ئیمپڕاتۆری وەک سیستم دژایەتی لەگەڵ سەروەریی گشتی و سەروەریی نەتەوەیی هەیە.

 لێرەشدا بۆچوونی جیاوازم لەگەڵ تێزی داگیرکرانی کوردستان هەیە. بێ‌شک نەتەوەیەک نەتوانێ لە هەڵبژاردندا لەسەر فۆڕمی حاکمییەت و سەروەری قسەی هەبێ، داگیر کراوە. بەڵام بەداخەوە تێزی داگیرکرانی کوردستان، پێویستی بە پشتیوانی و سەلماندنی یاسای نێونەتەوەیی هەیە و، ئەم یاسایەش یارمەتیمان نادا. بەڵام، باسی مافی چارەی خۆنووسین تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر بۆ ڕزگارکردنی نەتەوە ژێردەستەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و ئیمپڕاتۆرییەکانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاتە کایەوە. زۆرێک لەو نەتەوانەی کە بڵێین وەکوو کورد لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون، ئینگلستان و فەڕانسە ویستیان بیانخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.

 ئەوانە پێشتر مافی سەروەرییان نەبوو، دەوڵەتی سەربەخۆیان نەبوو، بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆرییەکانی پێشوو، بەڵام  لە باسی مافی چارەی خۆنووسیندا، مەرجە نییە نەتەوەیەک پێشتر خاوەن دەوڵەوت ببێت بۆ ئەوەی کە ئێستا خاوەنی ئەو مافە بێت. زۆربەی وڵاتانی کۆڵونیکراوی جیهان پێشتر بێ‌دەوڵەت بوون. لە باری تیۆریکەوە نەتەوەبوون تەنیا مەرجی مافی چارەی خۆنووسینە و مەرجی نەتەوەبوونیش تەسەوری خەڵکێک لە خۆیەتی. خەڵک سەرچاوەی بڕیاری سەرەکییە. باس لە دەوڵەتی پێشوەخت زۆرتر بۆ کەیسی داگیرکراوییە. یەکێک لە هەوڵەکانی دژی کۆڵۆنیالیزم یا ئانتی کۆڵۆنیاڵ ئەوە بووە کە حاکمییەتی ئیمپڕاتۆرییەکان نابێ درێژەی بێ. دەبێ هەڵبوەشێنەوە، چونکە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتانە وەک ئیمپڕاتۆری و هێزی کۆڵۆنیال و نەتەوەکانیش وەکوو نەتەوەی کۆڵۆنیکراو دەمێننەوە. ئێستا جیاوازیی کوردستان لەگەڵ وڵاتێکی وەکوو ئێراق یا هەموو ئەو وڵاتە عەڕەبییانە لەچیدایە؟ تەنیا ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لە کاتی خۆی ئیزنی پێ نەدا و نەیانهێشت قەدەری خۆی دیاری بکات.

هەموو ئەو وڵاتە عەڕەبییانە، کاتی خۆی بەشێک لە یەک ئیمپڕاتۆری عوسمانی بوونە؛ هیچیان دەوڵەت – نەتەوەیان نەبووە. تەنانەت ئەگەر کورد لەگەڵ کوەیت و بەحرەین و زۆریک لەوانە هەڵسەنگێنین، کورد لانیکەم هێندێک حکومەتی بنەماڵەیی و سلسلەی پادشایەتی بووە، زۆر لەو وڵاتانە، تەنانەت ئەوەشیان نەبووە. دەتوانین باس لە زۆر سلسلە و بنەماڵەی جۆراوجۆری کوردی بکەین کە بۆ نموونە، شام و میسریش دەگرێتەوە لەژێر دەسەڵاتی سەلاحەدین، هیچ دەوڵەت و سلسلەیەکیش نە هی تورک، نە هی عەرەب، نە هی فارس و نە هی کوردیش ناسیۆنالیستە نەبووە. هەربۆیە دەبینی هەموو ئەو وڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنانەت ئێران و تورکییەش، هەموویان دوای عەسری کۆڵۆنیالیزم لەدایک بوون. بەو مانایە کە پێشتر هیچ وڵاتێک بەو شێوەیە نەبووە، نە تورکییە، نە عێراق و نە ئێران هەبوون، عێراق ناوی ناوچەیەک بووە؛ شام، ناوی فەلەستین و لوبنان و سوریەی ئێستا بووە. بەڵام، هەر ئەو شامەی ئێستا سێ وڵاتی لێ ساز بووە کە پێشتر قەرار وابوو ببێت بە چوار یا پێنج وڵات و مەنتیقەی سونییەکان ببێت بە یەک و دروزییەکان ببێت بە بەشێکی تر و پاشان بە هۆی هەلومەرجێک کە لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە پێش، ئەو سوریەی ئێستا ساز بوو.

مەبەستم لێرەدا ئەوەیە ئەگەر مێژوو بکرێتە پێوەر، تەنیا یەک وڵات لەو وڵاتانە لە کوردستان پێشینەیەکی مێژوویی کۆنتری نییە. یانی وڵاتێک کە ئێستا پێی دەگوترێ ئێران، پێشتر لە وڵاتی قاجار بووە، پێش ئەو لەژێر دەسەڵاتی کوردیی زەندی و زەمانێک لە دەست تورکی سەفەویدا بووە. ڕۆژێک لە ڕۆژانیش هەموو مەنتیقەی شامیش لە دەست سەلاحەدینی ئەیوبیدا بووە. ئەگەر مەسەلە سلسلە و بنەماڵە بێت، پێویستە بەتەواوی دەست لەو شێوە خوێندنەوەیە هەڵگرین. یانی لە خوێندنەوەی ئەزەلی کە دەوڵەت-نەتەوە خستوویەتە مێشکی ئێمەوە، زەینی خوێندنەوەی سیاسی-مێژووییی ئێمەی فۆرم پێداوە.

کوردستان بۆ کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە؟ کوردستان لانیکەم لە لایەن چوار دەوڵەتەوە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت و پێیان وایە هەستی کورد بۆ سەروەریی خۆی دەبێت لەناو ببرێت. بۆ ئەوەش، ئەو چوار دەوڵەتە هێزی نیزامی، کولتووری، ئابووری و سیاسیی خۆیان دژی هەستی مافخوازیی کورد یان کوردایەتی بەکار دەهێنن. باسی کۆڵۆنیی ناوخۆییش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە لە سایەی حوکمی سەد ساڵی ڕابردووی دەوڵەت-نەتەوەی تورک، عەڕەب و فارس بەسەر کوردستاندا هەبووە، ئێمە ئێستا چوار کوردستانمان هەیە. دیارە لەو چوار کوردستانەدا هەستی هاوبەش و عەتف و سۆزی هاوبەش و تەنانەت هەوڵ بۆ یەکگرتووییی کوردستانیش بەهێزە. بەڵام، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی چاو لێ بکەین، لانیکەم ئەو چوار سیستەمە سیاسییەی کە بەسەر کورددا سەپێنراوە، کوردستانی لەباری کولتووری، گوتاری و ستراتیژیی سیاسی، لە باری زمانی و ئابووری و ئیداریشەوە کردووە بە بەشێک لەو وڵاتانە. تەنانەت، هێندێک هێزی سیاسیی کورد بە ڕادەیەک ئاسیمیلە بوونە و گوتاری کۆڵۆنیالیزمیان دەروونی کردووە، کە زیاتر لە زۆر تورک و عەڕەب بە پەرۆشن بۆ یەکپارچەییی دەوڵەتی کۆڵۆنیال و ڕۆژانەش گوتاری کۆڵۆنیزەکردنی کورد بەرهەم دەهێننەوە. هەربۆیە باس لە کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی هەوڵێکە بۆ نیشاندن و دیتنی لایەنێکی دیکە یان توێیەکی دیکەی کۆڵۆنیزەکردنی کوردستان.

ئەوە بە مانای ئینکاری ئەو واقیعییەتە نییە کە کوردستان وەکوو کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی دەناسێنێت یان هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ سڕینەوەی کورد و کوردستان دەخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. باسی کوردستان وەکوو کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی هەم ئاماژە بە مێژوویەکە کە کوردی دابڕدابڕ کردووە و هەمیش پەردە لابردنە لەسەر هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ شوێنەونیی کوردستان و هێز و ویست و ئیرادەی کوردی بۆ سەروەریی خۆی. دکتۆر نایف بەزوان مەسەلەی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی وەکوو ئینتگڕاڵ کۆڵۆنیالیزم یان کۆڵۆنیالیزمی بتوێنەرەوە باس دەکات و دیسانیش هەم ناوخۆییە و هەم نێونەتەوەیی. کۆمەڵێک سیاسەت و ستراتێژی لە لایەن چوار وڵات لە ناوخۆ و لە دەرەوە دژی کورد بەکار دەهێنرێن. دکتۆر نایف بەزوان، کە ئەکادیمیسیەنێکی باکوورییە و ئێستا لە ئاڵمان دادەنیشێت، پێی وایە ئێمە دەبێت باسی ئینتگراڵ کۆڵۆنی واتا کۆڵۆنیالیزمی بتوێنەرەوە بکەین، چونکە هەوڵی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە کوردستان بسڕنەوە. پێم وایە ئەو شتەی د. نایف زۆر زۆر بەجێیە. سەرەڕای تواندنەوەیەکی چوار لایەنە و ڕەنگە زیاتر لە ناوخۆی ئەو دەوڵەتانەشدا، ئێمەی کورد لەگەڵ پڕۆژەی توانەوە بەرەوڕووین. پڕۆژەی تواندنەوەی کورد لە زۆر بارانەوە سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە، زۆربەی زۆری حیزبە کوردییەکان پاشگری ئێرانی، عێراقی و سووری و تورکییان پێوەیە. یانی ئێرانیبوون یان کوردبوون کێشەیەک نییە حیزب و سیاسەتی کورد توانیبێتی تەنانەت بە شێوەی مەعریفیش بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە. بە شێوەی سایکۆلۆژیک و دەروونیش باسێکی ئاواش هەر کوردتۆقێنە، جا چ دەگات بەوەی کورد باسی مافی جیابوونەوە بکات. ئەوە پێمان دەڵێت کە کورد لە باری دەروونی، مەعریفی و کولتووری تا ڕادەیەکی زۆر تواوەتەوە. هەر بۆیەش دیسکۆرس و گوتارە سیاسییەکەی بۆخۆشی سەرلێشوێنەرە.

 لێرەدا باسەکە ئەوە نییە کە کورد جیا دەبێتەوە یان نا؛ بەڵکوو باس لە توانەوەی مەعریفیی کوردە. ئەگەر کورد باسی جیابوونەوەش بکات شتێک لە ئەزیەت و ئازارەکەی ئێستای زیاد ناکات. هەر وەکوو باسی یەکپارچەیی و یەکگرتووییی ئەو شتانەش لەگەڵ «ئەوی دیکە»، کوردی هەر لە هەڕەشەی جینۆساید ڕزگار نەکردووە. بۆ نموونە کوردی باکوور تا باسی سەربەخۆیی دەکرد کەرامەتێکی هەبوو. بەڵام، ئێستا کە لە پرۆژەی بەتورکییەکردنی کورددا وەپیش دەوڵەتی تورک کەوتووە، لە بەشەکانی تری کوردستانیش خەریکن ڕاوی دەنێن. کۆڵۆنیالیزمی مەعریفی و سایکۆلۆژی وای کردووە کورد ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پاشەکشە بکات. تەنانەت شەڕی پڕاکیسی بۆ دوژمنەکانی بکات یان تەنانەت نۆستالژیی گەڕانەوەی بکوژی خۆی هەبێت: ئێستاکەشی لەگەڵدا بێ کورد لە باشووری کوردستان، تەنانەت دوای ڕیفراندۆمیش، ناتوانێت خۆی لەو وەزعە بێنێتە دەر. نەتەوەیەکی دیکەم پێ شک نایە کە دوای دوو جار جینۆساید لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە، ئێستاش هیوای گەڕانەوەی هێز و حوکمی ئەو نەتەوەیە بخوازێت کە جینۆسایدی کردووە. ئێستاش ئارەزووی گەڕانەوەی سەدام حوسێنیان هەیە. بۆیە کاتێک باسی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی دەکەم، باسم لەو توێیەی دیکەی کۆڵۆنیزەکردنی کوردە. کوردێک کە لەبری بەرخۆدان دژی بەتورکییەیی کردن، چەندین دەیە بە «کێوی»یان دەناساند، ئێستا ئەرکی بەتورکییەیی کردنی خۆی بۆخۆی گرتووەتە ئەستۆ. کوردێک کە بەدەستی بەعس جینۆساید کراوە، ئێستا نۆستالژیی حوکمی بەعسی هەیە. ئایا ئەو شتانە هەمووی ڕێکەوت و هەڵکەوتە، یان گوزاریشت لە ڕادەی سەرکەوتنی پڕۆژەی کۆڵۆنیاڵ لە کوردستان دەکات. کۆڵۆنیالیزمێک کە هەم نێودەوڵەتییە: چوار دەوڵەت بە کۆ هەوڵی سڕینەوەی کوردیان هەیە یان لانیکەم هەوڵی سڕینەوەی ئیرادەی سیاسیی کوردیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. هەر چوار دەوڵەتیش لەسەر ئەوە کۆکن. هەم ناوخۆییە: هەر یەک لەو دەوڵەتانەش کە هەوڵی تواندنەوەی کوردی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە جیا هەیە، لە کوردی بەشەکانی تریش بۆ تواندنەوەی کوردی ژێردەستی خۆی کەڵک وەردەگرێت، تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە. مەبەست لێرەدا ئەوە نییە ئەو دوو شتە لێک جیان، بەپێچەوانەوە پێم وایە یەکتر تەکمیل دەکەن.

دۆستێکی دیکە مەسەلەی کۆڵۆنیالیزمی نێوخۆیی وەکوو ئینتگڕاڵ کۆڵۆنیالیزم یان کۆڵۆنیالیزمی توێنەرەوە باس دەکات کە دیسانیش هەم نێوخۆیی‌یە و هەم نێونەتەوەیی. کۆمەڵێک سیاسەت و ستراتیژی لە لایەن چوار وڵات لە نێوخۆ و لە دەرەوە دژی کورد بەکار دەهێنرێن. دوکتۆر نایف بەزوان، کە ئەکادیمیسیەنێکی باکووریە و ئێستا لە ئاڵمان دادەنیشێ، پێی وایە ئێمە دەبێ باسی ئینتگڕال کۆڵۆنی واتا کۆڵۆنیالیزمی توێنەرەوە بکەین، چونکە هەوڵی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە کوردستان بسڕنەوە. پێم وایە ئەو شتەی د. نایف زۆر زۆر بەجێیە. سەرەڕای تواندنەوەیەکی چوار لایەنە و ڕەنگە زیاتر لە نێوخۆی ئەو دەوڵەتانەشدا، ئێمەی کورد لەگەڵ پڕۆژەی توانەوە بەرەوڕووین. پڕۆژەی تواندنەوەی کورد لە زۆر بارەوە سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە، زۆربەی زۆری حیزبە کوردییەکان پاشگری ئێرانی، عێراقی و سووری و تورکییان پێوەیە. یانی ئێرانی‌بوون یان کوردبوون کێشەیەک نییە کە حیزب و سیاسەتی کورد توانیبێتی تەنانەت بە شێوەی مەعریفیش بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە. بە شێوەی سایکۆلۆژیک و دەروونیش هەر باسێکی ئاواش کوردتۆقێنە، جا چ دەگا بەوەی کورد باسی مافی جیابوونەوە بکات. ئەوە پێمان دەڵێ کورد لە باری دەروونی، مەعریفی و کولتوورییەوە تا ڕادەیەکی زۆر تواوەتەوە. هەر بۆیەش دیسکۆرس و گوتارە سیاسییەکەی بۆخۆشی سەرلێشوێنەرە. لێرەدا باسەکە ئەوە نییە کورد جیا دەبێتەوە یان نا؛ بەڵکوو باسەکە ئەوەیە کورد لە باری مەعریفی تواوەتەوە. خۆ ئەگەر کورد باسی جیابوونەوەش بکا شتێک لە ئەزیەت و ئازارەکەی ئێستای زیاد ناکا. هەر وەکوو باسی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی و ئەو شتانەش لەگەڵ «ئەوی دیکە»، کوردی هەر لە هەڕەشەی ژینۆساید ڕزگار نەکردوە. بۆ نموونە کوردی باکوور تا باسی سەربەخۆیی دەکرد کەرامەتێکی هەبوو. بەڵام، ئێستا کە لە پڕۆژەی بە تورککردنی کورددا وەپیش دەوڵەتی تورک کەوتووە و لە بەشەکانی تری کوردستانیش خەریکن ڕاوی دەنێن. کۆڵۆنیالیزمی مەعریفی و سایکۆلۆژیی کورد وایکردوە ڕۆژ بە رۆژ زیاتر پاشەکشە بکات. تەنانەت شەڕی پڕاکسی بۆ دوژمنەکانی بکات یان تەنانەت نۆستالژیی گەڕانەوەی بکوژی خۆی هەبێت: ئێستاکەشی لەگەڵدا بێ کورد لە باشووری کوردستان، تەنانەت دوای ڕێفراندۆمیش، ناتوانێ خۆی لەو وەزعە بێنێتە دەر. نەتەوەیەکی دیکەم پێ شک نایە دوای دوو جار ژینۆساید لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە، ئێستاش هیوای گەڕانەوەی هێز و حوکمی ئەو نەتەوەیە بخوازی کە ژینۆسایدی کردووە. ئێستاش ئارەزووی گەڕانەوەی سەدام حوسێنیان هەیە. بۆیە کاتێک باسی کۆڵۆنیالیزمی نێوخۆیی دەکەم، باسم لەو توێیەی دیکەی کۆڵۆنیزەکردنی کوردە. کوردی بە «کێوی» کردووە، بەڵام هەوڵی تورکییەلەشمەی هەیە، کوردی بەدەستی بەعس ژینۆساید کردووە، بەڵام نۆستالژیی حوکمی بەعسی هەیە. ١. چوار دەوڵەت بە کۆ هەوڵی سڕینەوەی کوردیان هەیە یان لانیکەم هەوڵی سڕینەوەی ئیرادەی سیاسیی کوردیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە. هەر چوار دەوڵەتیش لەسەر ئەوە کۆکن. ٢. هەر یەک لەو دەوڵەتانەش کە هەوڵی تواندنەوەی کوردی ژێر دەسەڵاتی خۆییان بە جیا هەیە، دەیهەوێ لە کوردی بەشەکانی دیکەش بۆ تواندنەوەی کوردی ژێر دەستی خۆی کەڵک وەربگرێ، تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە. مەبەست لێرەدا ئەوە نییە کە ئەو دوو شتە لێک جیان، بەپێچەوانەوە پێم وایە یەکتر تەکمیل دەکەن.


 ئەو باسەی ئێوە هێناتانە گۆڕێ، واتا ئینتگڕاڵ کۆڵۆنی، نەمخوێندووەتەوە یا لانیکەم بە سۆرانی لەبەر دەست نەبووە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو باسەی پێشووی ئێوە کە فتووحاتی ئیسلامی و … بوو، ئێستا کورد لەنێوان ئەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش بووە، زۆربەی زۆری خەڵکەکە و دینی ڕەسمیی ئەو وڵاتانە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیسلامە، ڕاستە لە یاسای بنچینەییی تورکیە تۆزێک جیاوازی دەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، بەڵام ئەو ستەمەی کە لە توێژی سەرەوەی کولتوری کار دەکات، دین و باوەڕە ئیسلامییەکانە. ئایا لێرەدا دەتوانین بڵێین کە ڕاستەوخۆ دینی ئیسلام یا ئایین لەسەر ئەو کۆڵۆنی بوونەی کورد کاریگەری داناوە و یەکێک لەو ئێلێمێنتانەی توانیویەتی کورد زیاتر بە هۆی پێوەندیی خۆی بە دینی ئیسلامەوە کە زۆربەی خەڵکی کوردیش موسوڵمانن، ئەو کۆڵۆنییە بەهێزتر بووە یان ئەو پێوەندییە چۆناوچۆنە؟

پێش دەوڵەت-نەتەوە، ئیسلام تا ڕادەیەکی زۆر لە دەرەوەی دەوڵـــــــەتدا بوو. نەتەوە جۆرواجۆرەکان خوێندنەوەی جۆراوجۆریان لە ئیسلام هەبوو. کوردیش خوێندنەوە و مەعریفەی ئیسلامی سەربەخۆیی خۆی هەبوو، خوێندنەوەیەک کە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ کولتوور و شێوەی ژیان کورد. ئێمە ئەو ڕاستییە دەبێ بسەلمێنین کە دروستە، بۆ نموونە بڵێین کە کۆدەقی یەکەمی ئیسلام، کۆمەڵگەی عەڕەب یان مەکە و مەدینە بووە. بەڵام، هەر لە یەکەم سەدەکانەوە، خوێندنەوەی جۆراجۆر لە دنیای ئیسلامدا بوونە باو. کابرای تورکیش توانی حاکمییەتی دینیی خۆی هەبێت. دوای سێ چوار سەدە کابرای کوردیش توانی ببێ بە حاکم و کێشەی ئێتنیکیی جیددیش بۆ حاکمییەتەکەی ساز نەبێ. بۆ نموونە کەسایەتییەکی وەکوو سەلاحەدینی ئەیووبی کوردبوونەکەی کێشە نەبووە و بەشێکی زۆری خەڵکی عەڕەب و غەیری عەڕەب قبوڵیان بوو. دیارە زۆریش بوون کە کێشەیان لەگەڵ خەلافەتی عوسمانی لەبەر عەرەب نەبوونی هەبووە. هەربۆیە ئەو ڕاستییە هەیە و ئیسلام بە شێوەی جۆراوجۆر لێک دراوەتەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ وەکوو هەر دینێکی دیکە خوێندنەوەی و هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆری لێ دەکرێ.

 هەم ئیسلام و هەم مەسیحییەت قابلییەتی ئەوەیان هەبووە کە بۆ هەیمەنە و سوڵتە کەڵکیان لێ وەربگیرێ و بەتەواوی ڕۆڵی پاساوچی بۆ حاکمییەتی زوڵم بگێڕن. لە ئەمریکای لاتین مەسیحییەت بەشێک لە ئامرازی جیددیی کۆڵۆنیالیزم بووە و لە ڕێگەی مەسیحییەتەوە کراوە. دەبینین وەکوو ئیهانەتێک ئەو جێیەی پێشتر مەعبەدێکی ئەو خەڵکە خۆجێییەی لێ بووە، هەڵیانوەشاندووەتەوە و هەر لەسەر گۆڕ و جێگای وی و بە بەردەکانی ئەو مەعبەدە، کلیسایەکیان لێ ساز کردووە. بەهەمان شێوەش، ئێمە دەبینین بۆ نموونە لە تورکیە ئێستاش خەریکی ئازار و ئیهانەت بە مەسیحییانن و زۆر جێگای وەکوو ئەییا سووفیا کە پێشتر کلیسا بوون، ئێستا کراون بە مزگەوت. لە ئیسپانیاش ئەو شوێنانەی مزگەوت بوون، کراون بە کلیسا. جا ئەوە خەتای پەیڕەوانی دینەکەیە یان دینەکە بۆخۆی ئەوەی لە زاتیدایە، مژارێک کە تەنیا دەمانبا بەرەو دنیایەک لە ڕاڤە و تەفسیر. دیارە لەهەمان کاتیشدا بەرەوڕووی ئەو پرسیارەمان دەکاتەوە، کە ئایا دینی تەریک خراوە لە پەریڕەوانی، هەر مومکینە؟

بەڵام ئەگەر بە گشتی چاو لێ بکەین، پێش ئەوەی دەوڵەت-نەتەوە بتوانێ بەسەر کورددا زاڵ بێ و زەینی کۆیلە بکات، لێکدانەوە و خوێندنەوەی دینیی کوردی دژایەتییەکی لەگەڵ مەسەلەی نەتەوایەتیی کوردی نەبووە. ئێمە دوای شۆڕشی ئێرانیش دەبینین حیزبە سێکۆلارەکانی کورد، پشتیوانیی زۆر جیددیی مەلا و کەسی خوێندەواری دینیی کوردیان لەپشت بووە. ئاپۆرەی خەڵکی کورد لە ساڵانی ٥٧ بەشی زۆری دیندار بوو، ئێستاش زۆری دیندارە. بەڵام پێشیان وا بووە پێشمەرگە منداڵی خۆیانە و هەمیشە بە شەهید ناویان بردووە. هیچ کێشەشیان نەبووە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەستەواژە و تێڕمانەی کە لە لایەن ئەوان پیرۆز و موقەدەسەن بۆ کەسانێک کە بە هێزی ڕزگاریی نەتەوەیان ناسیون. ئێستاشی لەگەڵدا بێ، جگە لەو مەلا تازە موسوڵمانە ئیخوانی و سەلەفییانە، مەلای کورد ,پێشمەرگەی کۆمەڵەش – کە ڕەنگە کێشەشی لەگەڵ دینداری هەبێ- بە شەهیدی کوردستان دەزانێ. جگە لە مێشکی تەعریبکراوی ئیخوانی، پێوەری مەلای کورد بۆ شەهیدناسینی پێشمەگە، ڕۆڵی پێشمەرگەیە کە وەکوو پارێزەری ماف و کەڕامەتی کورد دەیبێنێ، گەرچی دینداریش نەبێ. لە ساڵانی یەکەمی شۆڕش لە کوردستان یەکێتیی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان هەبوو. ئەوە لە لایەک سەرکەوتنی حیزبە کوردییەکان و تواناییی ئەوانی لە تەعامول و هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤی دیندار دەنواند. لە لایەکی دیشەوە نیشان دەدا کە توانیبوویان بۆ دینداران لەنێو چوارچێوەی نەتەوەخوازیی سیکۆلەری کوردیدا جێیەکی جیددی بکەنەوە، کە بەڕاستی زۆریش دێمۆکڕاتیکە. بەڵام، نیشانیش دەدات کە دینداریی کوردیش دەتوانێ خوێندنەوەیەکی سیکۆلەر و نەتەوەخوازانەی کوردی لە ئایین هەبێ.

ئەگەر پێش ٥۷یش چاو لێ بکەین، بەشێکی بەرچاو لە ڕێبەران و پێشەنگانی مەسەلەی نەتەوەییی کوردی، مەلا و شێخ بوون، لە شێخ عوبەیدیلاڕا بگرە تا دەگاتە سەعید نوورسی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ ئەحمەدی بارزان و قازی محەممەد. یانی کورد توانیبووی ئیسلامی خۆی بکوردێنێ. چونکە لەو کاتانەدا سەرچاوەی خوێندنەوەی کورد لە ئیسلام، کورد بۆخۆی بووە. مەعریفەی دینی کوردی، مەعریفەیەکی سەربەخۆ بووە. وەکوو ئێستا، لە تاران، قاهیرە و ئیستەمبووڵەوە نەدەهات تاکوو دەگەڵ کوردایەتی نەگونجێ. بەڵام، لەو کاتەوە کە سەرچاوەی مەعریفەیی کوردی دەبێت بە میسر، عەڕەبستانی سعودی، تاران، یان سەید قوتب، شەریعەتی، یاشار نووری ئوزتورک و ئەوی دیکە، دینی کوردی لە تورکیە دەبێتە دینێکی کەمالیستی، گەرچی حیزبوڵاشی لێ ساز بێت. دینی کوردی لە ڕۆژهەڵات، ئەگەر ئیخوانیش نەبێت، تەشەییعی سووری ئێرانگەراییی شەریعەتییە. بۆیە دەکرێ خوێندنەوەیەکی کوردی لە ئیسلام، یەزیدییەت، مەسیحییەت، یەهوودییەت و لە هەموو دینەکان هەبێت. چونکە دینەکان دەتوانن لە کۆدەقی جۆراوجۆردا بخوێندرێنەوە بە شەرتێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتی جیا بن. بەڵام، ئەو ڕاستییە کە بەشێکی گەورە لە دینداریی کوردی ئێستاکە سەرچاوەکەی دەرەوەی کوردستان و کوردە، دینی کوردی کردووەتە عەڕەبی و تورکی و فارسی. بۆیە کێشەی دەگەڵ سەروەریی کورد هەیە و تەنیا ئەوی دژی مەسڵەحەتی ئوومەی ئیسلام دەزانێت. هەروەکوو کابرای چەپ پێی وایە تەنیا ڕێگری ئینترناسیۆنالیزمەکەی، کوردستانی سەربەخۆیە.


 لەو باسەدا دەتوانین شتێک هەڵێنجین، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو چینە لە پیاوانی ئایینی(زۆرتر پیاوان نەک ژنان)، ئەگەر ئەوانە وەکوو ئێلیتی خۆیان لەقەڵەم بدەین و دوایە بیهێنینە سەر باری سیاسی و فکری و…. وەکوو لە شێعرەکەی خانیی مەزندا دەبینین، ئایا باسەکە دێتەوە سەر ئەوە کە ئێلیتێکمان نەبووە، چون تورکەکان دەوڵەتی خۆیان دروست کرد و ئێرانییەکان بە هاتنی ڕەزا شا دەوڵەتی خۆیان دروست کرد، بڵێی بتوانێ دەوڵەتی کوردی دروست بکات یا دۆخی ناوچەکە ئەوە بووە؟ کورد چ جیاوازییەکی دەگەڵ فارس و تورک هەبووە کە ئەوان دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیان دروست کرد و ئێمە نەمانکردووە؟ 

بە باوەڕی من هێندێک شتمان نەبووە و ئەوانەش کەموکووڕیی جیددی بوونە. هێندێک لەمپەری جیددیشمان لەپێش بوون. لە کاتێکدا دەوڵەت-نەتەوە دەبوو بە شێوەی باوی خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەکان بێ، کەچی کورد و کوردستان خاوەنی کۆمەڵە دامەزراوەیەک نەبوو، زانکۆی نەبوو، تەنانەت ئەلئەزهەرێکی نەبوو، شارێکی کاسمۆپۆلیتەنی وەکوو ئیستانبووڵی لە ئیختیاردا نەبوو. قەوارەیەکی عەسکەری نەبوو، ئەوەی لە ئیمپڕاتۆریش بەجێما یان کورد نەبوو یان هەستی کوردایەتی نەبوو، گەرچی زۆرێک لەوانە بەشێک بوونە لە دامەزراندنی عێراقی و سوریەش، کورد لە سوریە بوون بە سەرۆک کۆماری، بەڵام زەینەکەیان زەینی کوردایەتی نەبوو. ئێمە وەکوو کورد میراتگری دەوڵەتێک نەبووین و ئەوەش بۆخۆی مەسەلەیەکی زۆر زۆر جیددییە. لە هەمان کاتیشدا تەنانەت جوغڕافییاش یاریدەرمان نەبوو. بۆ نموونە تا سی-چڵ ساڵ لەوەپێش زۆر دێهاتی کوردستان شەش بۆ حەوت مانگ ئیمکانی پێوەندی و تێکەڵاوییان نەدەما. خەڵکی شاری گەورە و بە قەولی قەدیمیان جێی سیاسەتی مودوون و لەدایکبوونی کۆمەڵگای مەدەنی نەبووین. شارەکانمان، زۆرتر بازاڕچە و جێگای دەڵالی و ئاڵۆگۆڕی وەرزی بوون. ئەو شارانەی خەڵک خۆی لە سیاست وەردەدا و، پێشکەوتنی زانستی، سیاسی و کۆمەڵایەتی خەمی سەرەکیی بووبێ، نەمانبوو. بۆیە نە توانای گەمەی سیاسیمان زۆر بوو، نە زمانی سیاسەتمان دەزانی، نە پوتانسیەلی وەڕێخستن و مۆبۆلیزەکردن و ڕێکخستی نەتەوەیەکەمان هەبوو. ڕێکخستن هەم تواناییی ماڵی دەوێ، هەم مەعنەوی و هەمیش دواڕۆژبینیی سیاسی و ڤیزیۆن کە بتوانێ لەنێو نەتەوەیەکدا ئەو باوەڕە ساز بکا کە ئەو قوربانییەی دەیدەین، هەم پێویستە و هەمیش ئاکامی دەبێت. ئێستاشی لەگەڵ بێ کورد کێشەی ڕێکخستن و دواڕۆژبینی و ڤیزیۆنی هەیە.

بەڕاستی نەبوونی ئێلیتێکی جیددی کە ئەو کەسایەتییە گەورانەی کورد باسیان کردووە بە بەردەوامی مەسەلەیەکی زۆر زۆر جیددی بووە. ئێستا نموونەی باشوور و پرسی ڕێفراندۆم کە هاتە گۆڕێ، زۆرینەی خەڵکی کورد هیچ متمانەی بە هیچ ڕێبەڕێکی کورد لە باشوور نەبوو. بەڵام ئەو کێشە ئی ۲۰۱۷ نەبوو، ئی ساڵی ۱۹۹۰ بوو، یانی ۲۷ ساڵ پێش بەڕێکەوت کورد لە سەدام ڕزگاری ببوو و لە تەواوی ئەو ۲۷ساڵەشدا کەس بەرنامەیەکی تۆکمەی نە بۆ نەتەوەسازی و نە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەلی ڕزگاری دانەڕشت. ڕێبەڕێکی دواڕۆژبین و ڤیژنەری(visionary) لە ۱۹۹۰ڕا پێشی لە بەتاڵانچوونی سەروەت و سامانی خەڵک و تەنانەت دزرانی داربەرق و سەدی بێخمە و چی و چی دەگرت. مەبەست ئەوە نییە کە ڕێبەری دواڕۆژبین هیچ کەموکووڕییەکی نییە، بەڵکوو هەموو ژیانی بۆ وەدەستهێنانی متمانەی خەڵک و متمانە بە پڕۆژەی نەتەوەسازی تەرخان دەکا. هیچ ڕێبەرێک کە لە تاقیکردنەوەی ژیانی ڕۆژانە دەرنەچووبێت، ناتوانێ چاوەڕوان بێ خەڵک چارەنووسیانی بدەنە دەست.

وەکوو ڕاستییەک ئەو شتانەمان نەبوو، کۆمەڵێکی مەعریفی و مرۆڤی خوێندەوارمان نەبوو کە هاوڕا و هاوفکر بن و خوێندنەوەیەکی جیددییان لە بەشەکانی کوردستان هەبێ. گرووپێکی لێهاتوومان نەبوو کە سەرمایە و تواناکانی کورد لێک بدەنەوە و بزانن کە چۆن دەتوانن کورد ڕێک بخەن و موبلیزەی بکەن. ڕووناکبیری تاکەکەس و تاکوتەرامان بە خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەبووە. بەڵام، لەگەڵ هێندێک نەتەوە ڕووبەڕوو بووین کە میراتگری دەوڵەت بوون، هێزی نیزامی، فکری، سیاسی و ئابوورییان هەبوو. بەپێچەوانەی کورد لە هەمان کاتدا، بەرژەوەندیشیان لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزی دەرەکیش یەک بوو. یارمەتیی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت، لە بەرژەوەندیی زلهێزەکانیشدا نەبوو. دیارە لە باری ئیمکاناتی مادی و مەعنەوییەوە، کورد لە کوەیت و ئیماڕات و …ئەو جۆرە نەتەوانە زۆر پێشکەوتووتر بوو. بەڵام، بەپێچەوانەی ئەوان، مەسڵەحەتی کورد لەگەڵ زلهێزەکان یەک نەبوو. بۆیە لەمپەر و مانعی زۆر لە پێش دۆزی کورد بوو، ئەگەر مەسڵەحەتی فەڕانسە یا ئینگلستان لەوەدا با کە کوردستانێکی سەربەخۆ هەبێ، بەڕاستی وەزعی کوردستان لەوەش خەراپتر بوایە، ئێستا کوردستانێکمان هەر دەبوو یان ئەگەر هاتبا و شێخ عوبەیدیلا یان سمکۆ سەرکەوتبا، ئێستا کوردستانێکمان دەبوو، یانی دەتوانین خوێندنەوەی جۆراوجۆر دژ بە واقیعی مێژوویی (کاونتر ڤەکچواڵ) مان هەبێت.


 ئێوە ئاماژەتان بە خاڵێک کرد، کە ئەوانە هێزیان هەبووە بەتایبەت هێزی نیزامی و ئەوانە. زۆر جار باسێک دێتە گۆڕێ، بۆ نموونە هەر ئێستا لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، دادگای حەمید نووری بەڕێوە چووە، باسی ئەوە کراوە کە باشە کوردەکان چییان دەوێ، دەی ئەوە لە فارسەکانیش ئیعدام کراوە. باسی زەبروزەنگ کە دەوڵەتانی کۆڵۆنیالیستی بەسەر خەڵکانی دیکەی وەکوو کورد، بەلووچ و تورکەمەن و… دا دەسەپێنن، یا تەنانەت لە باشوور دەبینی هەر هەلێک کە بۆیان دەڕەخسێ، دەیقۆزنەوە و بە جورێک فشار بۆ هەرێم دێنن. کەوابوو مەسەلەی زەبروزەنگ لە کۆڵۆنی بوونی کورددا تا چ ڕادەیەکە؟ ئەودەم ئێمە ئەو پرسیارەمان بۆ دێتە پێش کە مەسەلەن ئەو زوڵمەی لە ئینسانی کورد دەکرێ و ئێعدام دەکرێ، دەگەڵ ئەو کەسەی لە تاران زوڵمی لێ دەکرێ و ئێعدام دەکرێ، جیاوازییەکەی چییە و کاربۆرد و فاکشێنەکەی لەو سیستمە کۆڵۆنیالیستییەدا چ جیاوازییەکی هەیە؟  

ئەوە پرسیارێکە و زۆر جار کەسایەتییە فێمێنیستەکانی خۆشمان دەیپرسن و پرسیارێکی جیددییە. چاو من بە هەموو کێشەیەک کە دەگەڵ حیزبەکانی باشوور هەمە، هەمیشە پشتیوانیم کردووە لە بوونی حکومەتی هەرێم. چونکە بۆ کورد مەسەلەیەکی زۆر وجوودی لە هەرێم ڕووی داوە؛ ئەویش ئەوەیە کوردبوون لەوێ پرسی ئەمنییەتی نییە. کورد بەهۆی شوناسی کوردی و پەیوەندیی ئێتنیکیی خۆی لەژێر هەڕەشەدا نییە. ئێستا لە باشور کوردبوون نە گۆناحە و نە سووچ و نە تاوان. بەڵام، لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی غەیرە کورددا، کوردبوون بە بەردەوامی و لە زاتی خۆیدا پرسێکی ئەمنییەتیە. یانی هەر کوردێک وەکوو سووژەیەکی ئەمنییەتی دێتە ئەژمار. بۆیە وەکوو واڵتر بنیامین دەڵێ «دۆخی نائاسایی، دۆخی هەمیشەیی ستەملێکراوەکانە» یانی لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لەژێر حوکمی غەیرە کورددا لە ئێران، عێراق، تورکیە و سوریەدا، کورد لە دۆخی نائاساییدا ژیاوە. ئەوە شتێکە ئەو کەسانەی باس لە برایەتی و پێکەوەژیانی گەلان دەکەن، بەئەنقەست خۆی لێ دەبێرن. ئەگینا چاو لێ بکە هەر ئێستا لە کوردستانی باکوور و ڕۆژهەڵات حکومەت نیزامی حاکمە. بۆیە، پێویست ناکا مرۆڤ فیلسووفی سیاسەت بێ تا لەو ڕاستییە بگا. یانی ئیدارەی کوردی لە سوریە و لە باشوور کێشەی ئەمنی بوونی ئێتنیسیتەی کوردی چارەسەر کردووە و تاکی کورد لە دۆخی نائاسایی هێناوەتەدەر.

 جیاوازیی زەینەبی جەلالیان و نەسرین ستوودە لە چیدایە؟ ئەوە ڕاستییەکە و هەردووکیان لە زینداندان و هەردووکیشیان عەزاب دەبینن. بەڵام، ئەوەی کە نەسرینی ستوودە هیچ کاتێک وەکوو کەسێک نابیندرێ کە کێشەی ئەمنی بۆ ئێران ساز کردووە یان هەڕەشەیە لەسەر ئێران، ئەوە جیاوازییەکی بنەڕەتییە کە لەگەڵ زەینەبی جەلالیان هەیەتی. ئەگەر نەسرینی ستوودە شێعری کوتبا یان کاری موسیقی کردبا، کێشەیەک بۆ نەسرینی ستوودە نەدەهاتە پێش. بەڵام، ئەگەر زەینەبی جەلالیان هەر ئەو باسانەی کردبا، شێعری نووسیبا یان گۆرانی کوتبا یا دەرسی کوردی گوتباوە، وەکوو زارا محەممەدی تووشی زیندان دەبوو. زارا محەممەدیش ژنە، وەکوو ژنیش زوڵمی لێ دەکرێ و هەر کۆمەڵگەی کوردیش لە پیاوی هەڵداوێریت. بەڵام، سەرەڕای ژن بوونەکەی، کێشەی زارا محەممەدی کوردبوونەکەیەتی. ئێستا سەدان و هەزاران کەس لە ئێران لە ژن و لە پیاو لەسەر ئەدەبییاتی فارسی کار دەکەن. نەک هەر دژی دەوڵەت لەقەڵەم نادرێن، بەڵکوو-بەبێ ئەوەی بۆخۆشیان بیانهەوێ – هاوڕێ و هاوبیری حکومەتیشن. لەگەڵ هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامیش لە یەک سەنگەردان، چونکە کۆماری ئیسلامی دەڵێ بۆ پاراستن و ئاگاداری لە ئەدەبییاتی فارسی ئێمە هێزی ئینتزامی بەکار دێنین. کاری ئەدەبی لەسەر فارسی، بەبێ ئەوەی بۆ خۆت بتهەوێ هاوئامانج و هاوسەنگەرییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هێزی ئەمنیی ئەو. کاری ئەدەبی کردن لەسەر هەر زمانێکی دیکە، لانیکەم لە ڕوانگەی وەزیری ئیڕشادی کۆماری ئیسلامییەوە، هەڵسوکەوتێکە کە ڕاستەوخۆ دەگەڵ هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووت دەکاتەوە. چونکە لە باری زمانی و کولتووری و ئێتنیکییەوە -تەنانەت بۆ کابرای کورد و بەلووچی سوننی لە باری مەزهەبیشەوە- ئەوانە هەموو بەشێکن لە شوناسی غەیرە فارسی –ناشیعە و پرسی ئەمنییەتین. چۆن کەسێک بەبێ قانوونی، چەکی پێ بێت، کێشەی ئەمنییەتییە، کەسێکیش باسی زمانی کوردی بکات و پیداگری لەسەر شوناسی غەیرە ڕەسمی بکات، دەکەوێتە حەوزەی ئەمنییەتییەوە.

ئەو کەسە دەکرێ ژن بێ یا جۆرە شوناسێکی دیکەی جنسییەتی هەبێ. دیارە هەمووی ئەوانە گرنگ و لە جێگایەک وەک ئێرانی کە یەکسانی جنسییەتی نییە، دەبنە هۆی زوڵم و نایەکسانی و هەڵاواردن، بەڵام بۆ ئێستا، بۆ نموونە کێشەی زەینەب جەلالیان سەڕەرای کیشەی ژن بوونی، کێشەی ئێتنیکی و زمانیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و کوردبوونەکە فەکتەرێکی بەتەواوی چارەنووسسازە. چەند ساڵ پێش ئێستا، خانمی سوڕەییا فەلاح کە تێکۆشەرێکی کوردی مافی مرۆڤە، داوای کرد نامەیەک کە بۆ شیرین عیبادی نووسیبوو، بۆی بکەمە ئینگلیسی. سوڕەییا خانم ئەو نامەیەی نووسیبوو بۆ ئەوەی کە شیرین عیبادی پشتوانی و دیفاع لە زەینەب جەلالیان بکات. لەو نامەیەدا، سوڕەییا خانم باسی ئەوەی کردبوو کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی فارس هیچیان ئامادە نەبوون یارمەتیی کەیسی فەرزادی کەمانگەر بدەن و لە ئەمریکا باسی کەیسەکەی ئەو بکەن بۆ ئەوەی پێش بە ئیعدامی فەرزاد بگرن. ئەو فارسانەش گوتبوویان فەرزاد تێرۆریستە و ناتوانن بەرگری لە کەیسێکی ئاوا بکەین.

 گریمان فەرزاد تیرۆزیست بێت، ماڤی مرۆڤ دەقیقەن لە مافی تیرۆریستەوە دەست پێدەکات، چۆنکە زۆربەی زۆری حقووقی جەزایی نێگەتیڤە؛ تاکوو کەیسێک خەتەرتر بێت، ئیمکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەوێدا زۆرترە. بۆیە هەر کەس کەیسێکی ئاوای بۆ گرنگ نەبێ، مافی مرۆڤی بەلاوە گرنگ نابێ. دووهەم، تیرۆریزم پێناسەیەکی سیاسییە نەک مافناسانە. سێهەم، ناساندنی فەرزاد وەکوو تیرۆریست بڕیاری سیاسیی کۆماری ئیسلامی بوو کە بە ڕواڵەت ڕێکخراوە مافە مرۆڤەکانی فارس، هەموویان لە هێڵی بەناو ئۆپۆزیسیۆندا بوون. بەڵام لێرەدا دەبینین کە چۆن ۱) مافی مرۆڤ لە دنیای دەوڵەت-نەتەوەدا، مافی مرۆڤی خاوەن نەتەوەیە. لە هیچ جێیەکی ئەو جیهانەدا، مافی مرۆڤی بێ‌دەوڵەت و مرۆڤی خاوەن دەوڵەت یەک نیین. چونکە ئەگەر مرۆڤ دەوڵەتێکی نەبێ پشتیوانی لە مافی بکات، زۆر بەکەمی مافەکەی گرنگی پێدەدرێ، هەر وەکوو چۆن کورد ڕۆژانە یان لە کێوەکاندا دەکوژرێ یان لە دەریاکاندا دەخنکێ و کەسیش گرنگی پێ نادا. ۲) هەر لەو هەڵسوکەوتەی لایەنگرانی مافی مرۆڤی فارسدا دەیبینین کە ئەوان پێش هەموو شتێک لایەنگری مافی مرۆڤی فارس و سەروەریی مرۆڤی فارسن. ئەو بۆچوونە سیاسییە شکێک ناهێڵێتەوە کە بۆ ئەوان مرۆڤ بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامە بێ‌مانایە. وەکوو بە ناو «حقووق بەشەری» ئیسلامیی کۆماری ئیسلامی،  ئەوە ڕادەی «خودی» بوونە کە ڕادەی شایان بە مرۆڤ ناسرانی کەسێک دیاری دەکات. لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ غەیرە فارسدا یەکەم، دەتوانن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هاوڕا بن و غەیرە فارس بە سووژەی ئەمنییەتی ببینن. دووهەم، جیاوازییەک لەنێوان فارسی ژن و پیاو دانانێن.

بەڵام بۆ ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک شەرعییەت بە پرسی کورد و بە جیاوازبوونی دۆزەکەی نەدرێت، فارس بە بەردەوامی باسی یەکسانبوونی زوڵم لە هەموو ئێراندا دەکات. زۆر جاریش تەنانەت بوونی ئێتنیکیی فارسیش ئینکار دەکات. دەیهەوێ بڵی فارسی لە ئێرانێ وەکوو ئینگلیسی لە هیندوستانێ خاوەن ئێتنیک نییە. دیارە کورد، تورک، عەڕەب و بەلووچ ئادرەسەکەیان دەزانن، چونکە تەنیا ئەوانن کە خۆیان بە خاوەنی ئێران و هەموو ئێران دەزانن. بۆیە ئەگەر فارس هێندەی دیش خۆی بشارێتەوە، غەیرە فارس دەزانێ کێ حکومەت دەکا و کێ خەریکی زوڵمە لە ئێرانێ.


 باسێکی دیکە هەیە کە زۆر جار دەڵێن ئێمە کۆڵۆنین یا داگیر کراوین؟ ئێمە کامیانین؟ ئایا هەردووکیانین یان یەکیانین؟ جیاوازی و لێکچوونەکانیان چییە؟ بۆ وێنە جیاوازیی ئێمە لەگەڵ کێشەی فەلەستینی کە دەڵێن داگیر کراوە، لە چیدایە؟   

ئەو پرسیارە زۆر جیددیە و زۆریش دێتە پێشێ، وڵاتێک دەکرێ هەم کۆڵۆنی کرابێت و هەم داگیریش کرابێ، بەتایبەت لە دوای دەیەکانی یەکەمی سەدەی بیستەم بە دواوە مەسەلەی داگیرکاری مانایەکی حقووقیی جیددیتری پەیدا کردووە. بەو مانایە وەختێک باس لە داگیرکاری دەکرێ شێوەیەک لە ڕەسمییەت و ئێعترافی نێونەتەوەیی لەسەرە. داگیرکاریی ئێستا بە مانای پێشێلکردنی یاساکانی نێونەتەوەیی‌یە. ئێستا دابەشکراوی سیاسی جوغڕافیاییی جیهان ڕەسمییەتی نێونەتەوەیی هەیە، تەنانەت ئەو جێیانەی کێشەشیان لەسەرە دیارن. یانی کۆمەڵێک یاسا هەن کە مانا و چوارچێوەی داگیرکاری دەدەن، بەڵام بۆ کوردستان بەکارهێنانی داگیرکاری لە باری حقووقی و مافناسییەوە کارێکی ئاسان نییە. بۆیە، بە پێچەوانەی چەمکی کۆڵۆنیالیزم، باسی داگیرکراوی لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا کارێکی ئاسان نییە. کاتێک باس لە مەسەلەی داگیرکاریی فەلەستین دەکرێت، دەیان بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مەسەلەی فەلەستین هەیە. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٤٨ بەولاوە ئەو بەشانەی بە ئیشغاڵی ناسراون، دیارن. داگیرکراو ئەوانەن کە لە ڕوانگەی نێونەتەوەیی‌یەوە داگیرکراو لەقەڵەم دەدرێن و لە چوارچێوەی یاسادا ئەو داگیرکارییە مەفهووم و مانایەکی یاساییی دیاریکراوی هەیە.  ئیستا، ئەگەر بپرسن کوردستان کەی داگیر کراوە، وەکوو سەنەد و یاسا ناتوانین شتێکی زۆر تایبەتیی یاسایی نیشان بدەین. بەڵام، مەسەلەی کۆڵۆنیالیزم دەتوانێ هەم کاریگەریی یاسایی هەبێ و هەم کاریگەریی ئەخلاقی. یانی ئەو باسە ئەخلاقییە دەکرێ سەرچاوە و شەرعییەتی لە چواچێوەی یاسای نێونەتەوەیی بۆ ببینرێتەوە. کاتێک باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکرێ، باس لە مافی سەروەری دەکرێ، باس لە مافی ژیانی یەکسانیی سیاسی دەکرێ و ئەزموونی ژیان لەسەر بنەمای کولتوور و زمانی خۆت دەکرێ، باس لە  مافی مێژوویی دەکرێت، باس لە هەڵاواردنی ئێتنیکی و زمانی دەکرێ و هەمووی دەتوانێ مەجالی دیفاعی سیاسی- ئەخلاقی ساز بکەن. ئەو مەسەلە بنەمایی‌یانە بەئاسانی دەتوانن هەم ئیستدلال و ئارگیۆمەنتی ئەخلاقی و یاساییی ئێمەش بەرەوپێش بەرن و هەم دەتوانین باس لە نەتەوەبوونی کورد بکەین. چونکە کورد خۆی بە نەتەوە دەزانێ و ئینکاری نەتەوەیی‌بوونیش ئاسان نییە، هێز و سیلاحی ئەخلاقی و سیاسی دەخاتە خزمەت پرسی کوردەوە.

بۆیە ئەگەر بنەمای دیفاع لە دۆزی کورد لەسەر چەمکی داگیرکرانی کوردستان بنیات بنێین، ناتوانین لە چوارچێوەی یاساکانی نێونەتەوەییدا بیسەلمێنین کە چۆن بۆ نموونە کوردستان بە تارانەوە لکێنرا. ناتوانین دەست لەسەر ڕۆژێک دابنێین کە کوردستان لە لایەن تارانەوە داگیر کرا. بەڵام هەر دەتوانین بڵێین کورد لە سازکردنی ئێراندا یان لە ئێرانی مودێرندا، یان لەوەی کە بەشێک بێ یان نەبێ لە ئێران، لەوەی بەشێک لە وڵاتی فارس-مەرکەز ئێران بێ، پرسی پێ نەکراوە و ڕای وەرنەگیراوە. دەتوانێن بڵێین لە نووسینی یاسای بنەڕەتیی مەشڕووتییەت کە ئێرانی ساز کرد، دەستی نەبووە. کورد خۆی بە ئێرانی نەزانیوە، هەر ئەو کات دژی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران بەسەر کوردستاندا شۆڕشی کردووە. بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتیدا نە ئەوکات و نە ئێستا, باسێک لەسەر داگیرکردنی کوردستان نەبووە و نییە، گەرچی هەر ئەوکات سمکۆ باسی هەوڵی داگیرکەرانەی ئێران لە کوردستان دەکات. بۆیە ئێمە دەتوانین ئیستدلال بکەین کە نەتەوەیەکی جیاوازین و کۆڵۆنی کراوین. بڵێین جیهان لە باری ئەخلاقییەوە بەرپرسیارە لەوەی بەسەرمان دێت. دەتوانین بڵێین لە ۲۰ەکانی سەدەی ڕابردوودا جیهان و زلهێزەکان مافی ئێمەیان پێشێل کرد.

 لەو دنیایەی تێیدا دەژین کە مافەکان لەسەر بنەمای جیاوازیی نەتەوەیی دیاری دەکرێن. ئێمەش پێویستە وەکوو هەر نەتەوەیەک لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییی ئەوڕۆدا لەسەر ئەساسی ئەوەی مافی نەتەوەییمان زەوت کراوە بۆ وەدەست هێنانی هەوڵ بدەین. مافمان هەیە بە پێی کولتووری خۆمان بژین، خۆمان بەرێوە بەرین. مافمان هەیە کە مەحکووم نەبین بە ژیانێکی پڕ لە هەڵواردنی دامەزراوەیی، بێ نسیب لە مافی حاکمییەت و سەروەریی نەتەوەیی و بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەی توانەوە و جێنۆسایددا بین. هەمووی ئەوانە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی سەروەری، سەرەتاییترین زامنی ژیانی ئازاد و یەکسان و مانەوەی نەتەوەیەکە و لێمان ستێنراوە. بۆیە ئێمە لە دیاریکردنی قەدەر و چارەنووسی خۆماندا بێبەری کراوین.


 بە واتایەک داگیرکاری زیاتر دەگەرێتەوە سەر داگیرکردنی خاک؟

جیهان دەزانێ کە جوغڕافیایەکی مرۆڤی، کولتووری، زمانی، مێژوویی بە ناوی کوردستان هەیە. بەڵام لە حافزەی سیاسیی جیهاندا، کوردستانێکمان بە سنووری سیاسیی تایبەتەوە نییە. ئەگەر باس لە داگیرکرانی کوردستان بۆ غەیرە کورد بکەین، غەیرە کورد لێمان تێناگات، چونکە ناتوانین بەئاسانی باس لە ڕووداوی مێژوویی و ڕێکەوتی پەڕاندنی سنوورەکانی کوردستان لەلایەن داگیرکەرەوە بکەین. بڵێین وەکوو ئەوەی ڕوسیا لە ئۆکراین کردی، ئەگەر ڕووسیا هەموو ئۆکڕاینیش داگیر بکات، دوای هەزار ساڵی تریش خەڵکی ئۆکڕاین دەتوانن ئاماژە بە ڕۆژی لکاندنی ئۆکراین بە ڕووسیاوە بکەن، بەڵام باسی داگیرکاریی کوردستان بەو شێوەیە بۆ ئێمە مومکین نییە. لەبەر ئەوەی بەداخەوە، کوردستان وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێی نەناوەتە نێو چەرخی دەوڵەت-نەتەوەوە. کاتێک باسی داگیرکردنی خاک دەکەین، خاوەنداریەتیی کورد ئیعتڕافی سیاسی نێونەتەوەیی لەپشت نییە. بۆیە بە باوەڕی من دەبێ باسی لەژێرپێنرانی مافی نەتەوەییی کورد و لە ڕێی بێبەریکرانی کورد لە مافی سەروەرییەوە بۆ کێشەکە بچین. ئەم باسە بێ ئەملا و ئەولا دەمانگەیەنێتە باسی کۆڵۆنی‌کرانی کوردستان. ئەوەش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر ئەو پرسە کە ئایا کورد نەتەوەیە؟ ئەگەر نەتەوەیە، بۆ مافی نەتەوەیی و سەروەریی نییە؟ کورد مافی نەتەوەییی خۆی چۆن و لەبەرچی لەدەست داوە؟ ئەوە باسێکی سیاسی و مێژوویی‌یە و شەرعییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.

وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دەیانهەوێ کوردستانی مێژوویی بێ‌مانا بکەن و پەیوەندیی کورد لەگەڵ ئەو بپسێنن. ئەو هەوڵە لە ڕۆژەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەستی پێکردووە. لەو کاتەوە کورد دەوڵەت- نەتەوەی نەبووە، فارس و تورک و عەڕەبیش دەوڵەت نەتەوەیان نەبووە. عەڕەب، کورد و تورک بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆریی عوسمانی. بەشێکی کوردیش، پەیوەندییەکی پڕ لە کێشەی لەگەڵ بەناو ئیمپڕاتۆریی قاجار هەبووە. تورک، عەڕەب و فارس مەجالی ئەوەیان هەبوو بە شێوەیەک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، بەڵام کورد بە زۆر لە بژاردەیەکی ئاوا مەحڕووم کرا. لە حاڵێکدا کورد لەپێش عەڕەب، تورک و فارس داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کردووە و لە ۷۹-۱۸۸۰ دا شێخ عوبەیدیلا ـ بە ڕێبەرایەتیی کورد ـ شۆڕشی یەکێتیی نەتەوەیی و یەک نەتەوەبوونی کوردی ڕاگەیاندووە. شێخ یەکێتیی نەتەوەییی کوردی وەک بنەمای شەرعییەتی دەوڵەتخوازیی کورد گەیاندە گوێی دنیا. بە کردەوەش شۆڕشی چەکداریی بۆ ئەو مەبەستە کرد و دژی خەلیفەی سوننی لە ۱۸۷۹ و دژی قاجار لە ۱۸۸۰دا ڕاپەڕی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ٢٦ ساڵ دواتر- لە بەناو شۆڕشی مەشرووتەدا-تازە فارس باسی سەڵتەنەتی وەکوو ئەمانەتێکی (ودیعەی) خودایی کردووە کە «خەڵک» تەنیا دەتوانێ لە ئەختیاری شای بنێن. بەڵام کورد داوای جیاوازیی نەتەوەییی خۆی لەسەر بنەمای مافی سەروەریی گشتی کردووە. یانی هەر لەو کاتەوە سیاسەتی کورد تەنیا مەرجی شەرعییەتی حاکمییەتی سیاسی، لە نەتەوەیی‌بوونی حاکمییەتدا دیوە. بۆیە بە شێوەیەکی مێژوویی، ویستی نەتەوەیی و ئیرادەی سیاسیی کورد لە پێش گەلانی تردا، بە شێوەکی جەماوەری لە چوارچیۆەی شۆڕشی شیخ عوبدیلادا ڕاگەیەنراوە. دواتریش لە لایەن سمکۆ)کرمانج(، شۆڕشی کۆچگیری بە ڕێبەرایەتیی (کوردی عەلەوی(، شۆڕشی شێخ سەعید  )زازا(  و شێخ مەحموود)سۆران( دووپات کراوەتەوە.

کوردستان لە مێژوودا مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی لێ ستێنراوە و بە بەردەوامیش سەرکوت کراوە، قەتلوعام و جینۆساید کراوە تا ئیمکانی دەربڕینی ئیرادەی سەروەریخوازیی نەمێنێت و لە ژێر فۆڕمی جۆراجۆری کۆڵۆنیکردندا بتوێتەوە. بەکۆڵۆنیکردن یانی ستاندنی ئیمکانی دەربڕینی ئیرادەی نەتەوەیی کە لە لایەن نەتەوەیەک یان وڵاتێکی ترەوە دژی نەتەوەیەک دەکرێت. لەو ڕێیەوە وڵات یان نەتەوەی زاڵ بۆ درێژەدان بە حوکمی ناشەرعی و سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر نەتەوەیەکی تردا، ئیرادەی نەتەوەی بندەست تێک دەشکێنێ و ڕێگا نادا نەتەوەی بندەست خۆی پێناسە بکا و پێداگری لەسەر جیاوازیی نەتەوەییی خۆی بکا. بەڵکوو مەجالی هەموو جۆرە قسەیەکیشی سەبارەت بە چارەنووسی بەکۆمەڵی خۆی لێ دەستێنێ. تەنانەت لە درێژخایەندا وای لێدەکات باسی جیاوازیی نەتەوەی بندەست بکات بە کێشەیەکی ئەخلاقی، تەنانەت لە باری سایکۆلۆژیشەوە، ورەی جیاواز دیتن و جیاواز پێناسەکردنی خۆی نەمێنێ. لە هەموو ئەو کەسانە دەپرسم کە گرفتیان لەگەڵ باسی کۆڵۆنیکرانی کوردستان هەیە، ئایا ئێستا کورد هەموو ئەو کێشانەی نین؟ ئەگە بەڕاستی کورد نەتەوەیە، ئایا کورد خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی؟ ئەگەر بە نەتەوەی دەزانن و پێتان بندەستە، بندەستیی نەتەوەیی یانی چی؟ مەگەر ئەوە هەمان کۆڵۆنیالیزم نییە؟ ئایا هیندوستانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا، لە  کورد زیاتر ئازادیی قسەی سەبارەت بە چارەنووسی خۆی نەبوو؟ دیارە، هیندوستانیش پێش کۆڵۆنی کرانی دەوڵەت-نەتەوە نەبووە. بەڵام بەشێک لە نوخبەی کورد بە ڕادەیەک گوتاری» ئەوی دیکە»ی کوردی سەبارەت بە کورد دەروونی کردووە کە لە کردەوەدا ناتوانێ کورد وەکوو نەتەوە ببینێ. هەر بۆیەش ناتوانێ قبوڵ بکا کوردستان کۆڵۆنی کراوە.

جا لەبەر ئەوەی کوردستان، نیشتمانی مێژووییی نەتەوەی کوردە، لە باری جوغڕافیاییشەوە پێکەوە نووساوە، مافی کوردە هەر جۆرە حزوورێکی نەخوازراوی ئەوی دیکە بە داگیرکەری بزانێ. بەو پێیەش هەڵسوکەوتی لەگەڵ حزووری نەخوازراوی ئەوی دیکە هەبێت. چونکە کورد نەتەنیا خاوەنی مێژووی جوغڕافیاییی کوردستانە و هەوڵی سەدساڵی ڕابردووی دەوڵەتانی زاڵ بۆ گۆڕینی دێمۆگڕافیی کوردستان و جیگۆڕکێ بە کورد، گەورەترین شایەتی ئەو ڕاستییەیە. بە سەدان جۆری هەوڵی گۆڕینی دێمۆگڕافی و جێگۆڕکێ کردنیان بە کورد، گوزاریشت لەو ڕاستییە مێژوویی‌یە دەکات. ئەوە شایەتی دەدات، سەرەڕای ئەوەی سنووری کوردستان، ڕەسمییەتی جیهانی و یاسای نێونەتەوەیی نییە، خاوەنداریەتیی کورد لەو جوغڕافیایە لە ڕوانگەی دەوڵەتانی زاڵەوە شەرعییەتی ئەخلاقی و سیاسی هەیە. تەنیا ڕێگای پێشگرتن لە شەرعییەتی ئیدیعای کورد، دوورکردنەوەی کورد لە زێدی خۆیەتی و، ئەوەش گەورەترین سەلمێنەری کۆڵۆنی‌بوونی کوردستانە.

بەڵام گەورەترین کێشە لێرەدا گوتاری پارتی سیاسیی کوردییە. لە باری گوتارییەوە کوردیان تووشی سەرلێشێواوییەکی زۆر جیددی کردووە و زۆر لە هەوڵی دەوڵەتانی زال مەترسیدارترە. ڕۆژانە گەورەترین مەسەلە مێژوویی‌یەکانی کورد لە مانا بەتاڵ دەکەن و بە ئیبتزالیان دەکێشن. بۆیە ڕوونە چ چەمک و دەستەواژەیەکی سیاسی، بە چ مانایەک و بۆ چ مەبەستێک بەکار دەهێنن. ئەگەر هێزێکی سیاسی بەڕاستی پێی وابێ کوردستان داگیر کراوە، یەکەم، ئەو هێزە، هێزێکی ناسیۆنالیستیی کوردییە. دووهەم، پڕۆژەی سیاسی و ستراتیژییەکەی دەبێ لەسەر مێحوەرییەتی ڕزگاریی کوردستان لە داگیرکەری بێ. سێهەم، هێزێکی ئاوا ناتوانێ هەم بڵێ کوردستان داگیر کراوە و هەم سیاسەت و یاسای هێزی داگیرکەریش لە کوردستان پەسند و پەیڕەو بکا. چوارەم، ناکرێ کوردستان وەکوو بەشێک لە وڵاتی داگیرکەر بناسێ و بشڵێت کە دەبێ یەکگرتووییی وڵاتێک کە کوردستانی داگیر کردووە، بپارێزرێت. ناکرێ هەوڵی پەرەپێدانی کولتووری و سیاسیی تورکایەتی و بەتورکییە کردن یان ئێرانچییەتی و بەئێرانی کردنی کورد بدات. ناکرێ هەم تورکییە بە وڵاتی داگیرکەری کوردستان بزانی و لە هەمان کاتیشدا بە خواستی تورکییەش هێزی پارێزەری نەتەوەییی کوردستان بەجێ بهێڵێت. بەڕاستی ئەو لۆژیکە سیاسییە لە هەموو جیهاندا نموونەیەکی تری نییە.

ئەو هێزانە دەکرێ باسی داگیرکەری نەکەن. دەتوانن داوای ماف لە چوارچێوەی قەوارەی دەوڵەتی تورک یان فارس بکەن. بەڵام هەم دەوڵەتی غەیرە کورد لە کوردستان بە داگیرکەر زانین و هەم وەک دەوڵەتی خۆش، چاولێکردنیان لۆژیکێکی سەرسوڕهێنەرە. بەتایبەت کە سیاسەتی بەتورکییە کردنی کورد ڕەچاو دەکەن و شتێکی زۆر زۆر مەترسیدار و دژە کوردە. ناکرێ هەم لەسەر بنەمای خۆ جیاوازکردنەوەی نەتەوەیی، نەتەوە و دەوڵەتێک بە داگیر بزانی و هەم سیاسەتی سەد ساڵەی ئەو دەوڵەتەش بۆ تورکاندن و بەتورکییە کردنی کورد وەستۆی خۆت بگری. بەتایبەت کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، کورد لە بەرانبەر بەتورکییەیی کراندا بەرخۆدانی کردووە و تورکییە تەنیا وڵاتێکی زاڵ لەسەر کوردە کە ناوێکی تەواو ئێتنیکی و پڕ لە  ئینکارگەریی کوردی بۆخۆی هەڵبژاردووە.

یاسای بنەڕەتیی تورکی دەڵێ کە یاسای تورکییە لەسەر بنەمای کمالیزم دامەزراوە و بریتییە لە یەکێتیی نەتەوەیی، خاک و بایەخەکانی تورکی و ئەوەش یەکێک لە ۳ مادەی نەگۆڕی ئەو یاسایەیە. بە پێی ئەسڵی ٣٠١ی یاسای جەزای تورک،  ئەگەر هاوڵاتییەک بڵێ من تورک نیم، هەم خەڵکی دژی یەکگرتووییی نەتەوەیی هان داوە، هەم ئیهانەی بە تورک‌بوون کردووە و هەمیش خۆ بە غەیرە تورکی ناساندن و هەوڵی دابڕانی بەشێک لە «نیشتمانی» داوە. چۆن دەکرێ بێ کێشە سازکردن بۆ ئەو پێناسە لە تورکییەیی بوون، هەوڵ بۆ بەتورکییەیی کردنی کورد بدەی؟ لەو پێناسەیەدا، هەموو بنەما مێژوویی، یاسایی، سیاسی و کولتوورییەکەی ئینکار، کوردە و، هێزی کوردیش لە باکوور کردوویەتی بە ستراتیژیی سەرەکیی خۆی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد. ئەو چارەسەرییە بۆ پرسی کورد لەگەڵ چارەسەریی دڵخواری دەوڵەتی تورک چ جیاوازییەکی هەیە؟ لە لایەکیش تورکییە بە داگیرکەر دەناسن و لەلایەکی تریشەوە باسی بەتورکییەیی کردنی کورد دەکەن، کێ لەوە دەگا؟ بۆیە بەڕاستی کورد دەبێ زۆر بە جیددییەتەوە لە پێناسەکردنی سیاسەتی کوردی و ئەوی دیکەی کورد هەڵسوکەوت بکات.


 زمانی کوردی لە ماوەی ئەو ٨٠ ساڵەدا بە شێوەیەک کە من شایەد دیسان بگەڕێمەوە سەر ئەو باسەی کە پێشتر جەنابت فەرمووت ئێنتگراڵ کۆڵۆنی، گوتم نووسینی ئەو بەڕێزم هێشتا نەخوێندووەتەوە، بەڵام دەتوانم حاڵی بم باسەکە چییە، لەو ٨٠ ساڵەیە زمانی کوردی قەدەغە بووە و زۆربەی خەڵک بە تورکی قسە دەکەن و بە جۆرێکی لە زمانی تورکیدا ئاسمیلە بوون، بەڵام ئەو دەمی فارسەکان بۆ وێنە دەتوانن بڵێین خۆ لە ئێراندا ئەوەڵەن ئێمە ناومان فارسستان نییە، ئێرانە کە هەموو نەتەوەکانی لەخۆی گرتووە و کورد لە ئێراندا زمانەکەی ڕاگرتووە، بەڵام ئەو خەتەرە لە ئێرانیش هەر هەیە و لە پڕۆسەیەکی ٥٠ ساڵەدا زمانەکەت لە بەین بچێ و بە فارسی قسە بکەی، هەر ئێستا ئێمە دەبینین کە ئەو شتە چۆناوچۆنە، جا ئەگەر بێینەوە سەر باسی داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم، دیسان موتەمەرکز بین لەو داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزمەیدا، تاکی کۆڵۆنیکراو و تاکی داگیرکراو چۆن دروست دەبێت؟ و چۆن بیروهزری دەگۆڕدرێت؟  

دەقیقەن جا ئەوە بەشێکی مەسەلەکەیە؛ دوکتور «نایف بەزوان»یش هەر باسی ئەوە دەکات کە چەمکی کۆڵۆنیالیزمی ئینتگڕاڵ یا توێنەرەوە، جیاوازی لەگەڵ کۆڵۆنیالیزمی کلاسیک ئەوەیە کە لە فۆڕمی کلاسیکدا هەوڵی جیددی بۆ تواندنەوەی مرۆڤی کۆڵۆنیزەکراو نادرێ. مرۆڤی کۆڵۆنیزەکراو هەمیشە لە دوورەوە ڕاگیراوە. بەردەوامیی ئەو نێوان و جیاوازییە کە لە قازانجی هێزی کۆڵۆنیکەردایە؛ وەکوو سەرچاوەی کار و چەوسانەوە دەمێنێتەوە و بۆ کاروباری ئابووری و دزیی سەروەت و سامانەکەی کەڵکی لێ وەردەگرێ. بەڵام لە جۆری کۆڵۆنیالیزمێک کە کورد لەگەڵی تێکەوتووە، دوژمنەکەی هەوڵی سەرەکی بۆ ڕزگارکردنی کورد لە کوردایەتی، لە کوردبوون و لە کولتووری، لە زمانی، لە سیاسەتی، لە مێژووی کورد دەدات. هێزی کۆڵونیاڵی تورکی و ئێرانی هەوڵیان ئەوەیە هیچ سەرچاوەیەکی مەعنەویی ئیلهامبەخشی خۆجیاکردنەوەی مرۆڤی و مافخوازیی مرۆڤی کورد نەهێڵن. بۆیەش دەبێ کوردی کۆڵۆنیزەکراو هیچ جۆرە هەستێک و تەنانەت ورەیەکیش بۆ خۆ جیاوازدیتنی نەمێنێت. هێزی کۆڵۆنیال هەوڵ دەدا تەواوی ئەو جیاوازییانەی کورد بۆ مانەوە پێیانەوە دەنووسێ، نائەخلاقی و ئەمنییەتییان بکات یان بە دواکەوتوویان بناسێت. چاو لێبکە بۆ مرۆڤی ئیسلامیست، چەپ و لیبڕاڵی کورد هەر جۆرە پێداگرییەک لەسەر هێماکانی کورد کێشەن. کورد بۆخوی ئەو دیسکۆرسە دژە کوردەی دەروونی کردووە. وای لێهاتووە ئەوەندەی هێزی کوردی بە مافخوازی کورد دەڵێن ناسیۆنالیزمی دواکەتوو، قەت غەیرە کورد ئەوەندەی وای پێ ناڵێت. ترس لە کوردایەتی و کوردۆفۆبیا لەنێو کورددا زیاترە تا لەنێو ئەو نەتەوانەی کە لە فۆڕمی بێ هیوایی بە سیاسەتی کوردی، بە داهاتووی کورد و بە لێهاتووییی کورد ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرێتەوە. بەڵام، بەپێچەوانە، تاک و ڕێکخراوی کورد، هێماکانی ناسیۆنالیزمی ئەوی دیکە، دەوڵەت- نەتەوەی ئەوی دیکە یان پێداگریی ئەوی دیکە لەسەر زمان، کولتوور و مێژووەکەی بە سروشتی دەزانێ.

کۆڵۆنیالیزم هێندێک مکانیزم و ڕێکار دەبینێتەوە کە بە تێپەربوونی زەمان و لە ڕێی پەروەردە و میدیاوە ئەو جۆرە هەستانە لە مرۆڤی بندەستدا دەکا بە شتێکی سروشتی. یەکێک لەوانە هەر خودی مەسەلەی ئاسیمیلەکردنە؛ کاتێک بۆ نموونە زمانەکەت ڕەسمییەتی نەبوو، زمانی ڕەسمی‌کراو بە شێوەیەکی سروشتی زمانە بێ‌دەسەڵاتەکەت قوت دەدا و بەو باوەڕەت دەگەیێنێت کە تەنیا لەگەڵ پیرە نەنکی نەخوێندارت بەو زمانە قسە بکەی. بۆیە، بیرمەندانی وەکوو «جەیمز سکات» و «یوجین وەیبر» پێیان وایە بوونی زمانێکی ڕەسمی لە کۆدەقێکی چەند زمانەدا، بە تەنیا نیشانەی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی‌یە:

 لە وڵاتیکی چەندزمانی یان فرەزمانیدا، فەرمی‌بوونی زمانێک بەتەنیا بۆخۆی بەڵگەیە بۆ بوونی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی، یانی هەر ئەوەندە بۆ ئیسباتی بوونی کۆڵۆنیالیزم بەسە، چونکە نایەکسانیی زمانی ساز دەکات و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی نایەکسانی لەنێو ئاخێوەرانی زمانی فەرمی و، هەروەها لە باری کولتووری، دەسەڵات و ئابوورییەوە. بۆیە پڕۆسەی ئاسیمیلەبوون دەست پێدەکات و زمانەکانی دی لە ژیانی ڕۆژانە، لە بەرهەمهێنانی زانستی و حەوزەی سیاسەت وەلا دەنێرن و کوێر دەبنەوە.

 کاتێک ئەوە ساز بوو، خەڵکی بندەست بە زمانی زاڵ بیرکردنەوە و لە ڕوانگەی کولتووری زاڵەوە خۆیان دبینن، ئیتر لەگەڵ خۆ و مافی خۆ بێگانەبوون دەبێت بە بەشێک لە دنیابینیی مرۆڤی کۆڵۆنیزەکراو. چونکە گوتار و دنیابینیی زاڵ دەروونی دەکات. بۆیە ئێستا کێشەی کورد تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ خۆیەتی. دوای ئەوەی کورد لە پشت چاویلکەی مەعریفەی سەردەست یانی پەهلەویزم و کەمالیزم و بەعسیزمەوە خۆی بینی، تێگەیشتنی تەنانەت لە چەمکێکی وەکوو کۆڵۆنیالیزمیش بنەماکەی دەبێتە ئەو مەعریفەیەی کە کتێبی دەرسیی ئێران، تورکییە و عیراق پێی دراوە. لە کتێبی دەرسیدا خوێندوویەتی کە کۆڵۆنیالیزم تەنیا پڕۆژەیەکی ئەورووپایی بۆ بە کۆڵۆنی‌کردنی نائەورووپییە. تەنانەت، کۆماری ئیسلامی، تورکییە و عێراقی سەدامیش خۆیان بە دژە ئیمپڕیالیست و دژە کۆڵۆنیالیست دەناساند و دەناسێنن. پرسی کوردیش هەمیشە لەو چوارچێوە گوتارییەی تەحریکی خارجی و هەوڵی دەوڵەتە ئیستعمارییەکان بۆ دووبەرەکی خستنە نێو موسلمانان باس کراوە. لە سەد ساڵی ڕابردوودا تورکییە شۆڕشێ شێخ سەعیدی بە ئاکامی دنەی کورد لەلایەن ئینگلیسەوە ناوزەد کردووە. ڕێبەرێکی کوردی وەکوو ئۆجەلانیش هەر هەمان شت دەڵێتەوە کە لە قوتابخانەی کەمالیستی بیستوویەتی. دەڵێ گەر لەبەر «یاخیبوون» و هاوکاریی شێخ سەعید لەگەل ئینگلیسیان نەبوایە، مستەفا کەماڵ هێندە کێشەی لەگەڵ مافی کورد نەدەبوو. دەشڵێ ئەو کارەی شێخ بوو بە هۆی ئەوە کە» مستەفا کەماڵ یاخیبوونی شێخ زۆرتر وەک هەڕەشە لە جمهورییەت ببینێ تا کێشەی کورد.»


 ئێوە باسەکەتان هێنا سەر خاڵێک کە من بۆخۆم ئەم چەند ساڵە بە شێوەیەک لە شێوەکان کارم لەسەر کردووە، بەڵام ئێستا ئەو پرسیارە دێتە گوڕێ کە بۆچی ژن لەنێو کورددا زۆرتر دەکوژرێ؟ هەڵبەتە نامهەوێ ئێستا بەحسەکە بگۆڕین، بەڵام ئەوە دەکرێ جارێکی دیکە بۆ وێنە لەسەر کۆڵۆنیالیزم، فێمینیزم، ناسیۆنالیزمی کوردیش ئەو باسەمان هەبێ. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر خودی داگیرکراوی و کۆڵۆنی‌بوونی دەوڵەتی داگیرکەر و دەوڵەتی کۆڵۆنی، ئەوانەی کە لانیکەم ئێستا لە دەوروبەری ئێمەن و کوردیان داگیر کردووە، هەر نەبێ هێندیک جیاوازییان لەگەڵ ئینگلستان هەبوو کە هێندی داگیر کردبوو، لەوێدا هێندێک شت ئەو جۆرە نەبوو کە ئێستا ئەوانە بە قەولی خۆیان لە سیمی ئاخریان داوە و هیچ سنوورێکی ئەخلاقی نەماوە، نەیبەزێنن. لەبیرمە کچەکەم بچووک بوو، ڕۆژێک لە قەتاردا دانیشتبووین و بە کوردی قسەم لەگەڵ دەکرد، خانمێک پێی گوتم: تۆ بۆ بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکەی، بۆ بە فارسی قسەی لەگەڵ ناکەی؟ گوتم زەروورەتێک نابینم لەگەڵ منداڵەکەم بە فارسی قسە بکەم. دوای ١٩٧٩ ئەو شتەی بە نێوی ئینقلابی ئێران بوو و کابرا لە ئیسفەهانێڕا هەڵدەستا، دەهاتە کوردستانێ خەڵک بکوژێ، ئەو تاکەیان وا بار هێناوە کە بە مافی خۆی دەزانێت، هەستێت بڕواتە کوردستانێ، کەسێک بکۆژێ کە نایناسێ و بەلاشیەوە ئاسایی بێت.

بەڵێ وایە، ڕاستە! یانی ئێمە کۆڵـــــــۆنیزەکەرمان هەیە، کۆڵۆنیزەکراومان هەیە. کابرا لە ئیسفەهانێڕا دێت، لە کوردستان کورد دەکوژێت؛ ئەوەی کە لە ئیسفەهانێڕا دێت لە کوردستاندا کورد دەکوژێت، بێ‌شک کێشەیەکی جیددیە، بەڵام لەوەی کێشەتر ئەوەیە کە بۆ خودی کورد شێکی سەیر و عەجیب نییە. کاتێک باسی تراژیدیی کۆڵبەری دەکەین، زۆر کەس باس لەوەی دەکا، کابرای کۆڵبەر کە دەکوژرێ یان کە مین لەژێر پێی دەتەقێتەوە، لەبەر تەماحە یانی قوربانی بە تاوانبار دەزانێ، یانی ئەگەر نەشڵێ جێی خۆیەتی و، کۆڵبەر ئەوە چارەنووسیەتی، دەڵێ تاوانی خۆیەتی، یانی کۆڵبەر ئەو چارەنووسەی بۆخۆی هەڵبژاردووە. فرانتز فانۆن شتێکی جوان دەڵێ کە «لە وڵاتی کۆڵۆنیکراودا، ژێرپێکهاتەی ئابووری خۆی سەروو پێکهاتەیە. هۆکارەکەش دەرئەنجامەکەیەتی؛ تۆ دەوڵەمەندیت، چونکە سپی‌پێستی، تۆ سپیت، لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندیت». یانی دەیهەوێ بڵێ، کێشەکانی کابرای کۆڵۆنیکراو ساختارین، ئاکامی هەڵبژاردنی ئەو نین. نابێ بپرسین بۆ تەنیا لە کوردستان کۆڵبەری هەیە؟ بۆ تەنیا لە بەلووچستانیش سووتەمەنیبەری هەیە؟ ئایا بوونی دیارەدیەکی بێ‌وێنەی سیاسی- ئابووری لە جێگایەک، خۆی گوزازشت لە هەلومەرجێکی بێ‌وێنە لەوێ ناکات؟

بەڵام کابرای کورد دێت وەپێش کۆڵبەرکوژ دەکەوێ و کێشەکە دەگێڕێتەوە بۆ مۆتیڤ و نییەت و کاراکتەری مرۆڤی کورد. چاو چۆن کوردۆفۆبیا و ترس لە کوردایەتی دەبێت بە بەشێک لە میکانیزم و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد. یانی دەڵێن: کاتێک دەزانین کە دەمانکوژن، خەتای خۆمانە و بەهانەیان دەدەینە دەست بۆ کۆشتنمان. کاتێک ئەو لۆژیکە زاڵە، مرۆڤ چی دی خۆی وەک مرۆڤی خاوەن ماف نابینێ. هەر جۆرە باسێکیش دەگێڕێتەوە سەر تاوانی تەسلیم نەبوونی کورد؛ ئەگەر تەسلیم بی، ئاوات بەسەر دێ. چەندین دەیەیە دەسەڵاتی کۆڵۆنیاڵ وای بە کورد گوتووە، ئێستا کورد بۆخۆی وا بە خۆی دەڵێتەوە. وەک دوژمن لەگەڵ خۆی دەدوێ و ئیستدلال دەکات. تەنانەت، ئاکادێمیسیەنێکی وەکوو «د. عەبباس وەلی» لە وتووێژێک لەگەڵ بەڕێز «محەممەدی خاکی»دا، بە شێوەیەک سەرمایەداریی کورد سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەر تاوانبار دەکات.

مانای ئەو جۆرە ئیستدلالە باوانە ئەوەیە کە کۆڵبەر یان بەشێکی کورد، بە شێوەیەک خۆیان تاوانبارن لە کوژرانی کۆڵبەر. زۆربەی پاساوی ئەخلاقی بۆ کوڵبەرکوژیی کۆماری ئیسلامی دەگێڕنەوە بۆ تەماحی کۆڵبەریی کورد. ئێمە باس لە کوژرانی کۆمەڵە مرۆڤێک دەکەین کە سەرەڕای ئەوەی قوربانیی سەدان جۆرە زوڵم و هەڵاواردنی دینی، ئێتنیکی و زمانین، پنچکە گیایەکیشیان لە ژیاندا نییە بۆ ئەوەی خۆیانی پێ لە خنکان ڕزگار بکەن. ژنێکی بێ مێرد کە چەند منداڵی هەیە و لە ناچارییان جلوبەرگی پیاوانە دەبەر دەکات و دەچێ لەگەڵ سەدان کەس کە نە دەزانێ کێن و چۆنن، دە خڕ و دۆڵان هەڵدەبێ و لە ئاکامدا هەڵدەدێرێ، دەکرێ تۆمەتی تەماحی لێ بدرێت. ژنێک کە مەترسیی گیانی و جەستەیی و تەنانەت بە بەردەوامی بۆ مانەوەی خۆی و منداڵەکانی ترسی تەجاوزی جینسی ئەموزن دەکات، منداڵەکانی بەتەنیا بەجێ دێڵێ، نازانێ دەگەڕێتەوە یان نا. بەڵام خودی کورد قەزاوەتی ئەخلاقی لەسەر دەکات. ئەگەر کوژراش نە بکوژەکەی، بەڵکوو ئەو ژنە وەکوو تاوانبار بۆ کوژرانی خۆی دەناسرێ. لە هێچ جێیەکی جیهاندا، تەماح نایاسایی نییە، کەس لەبەر تەماح ناکوژرێت، تەنانە لە کۆماری ئیسلامیدا ئەگەر تەماح ببێتە پاساوی کوشتن، دەبێ بەرپرسانی دەوڵەت یەکەم کەس بن کە بکوژرێن. کۆماری ئیسلامی نەتەنیا سەڵاحییەتی ئەخلاقی نییە کە کوڵبەر بکوژێت، بەڵکوو پێچەوانەکەی درووستە.

بەڕاستی تێڕوانینێکی ئاوا لە کەیسێکی پڕ لە بژاردەی مان و نەماندا چۆن دەتوانێ کوردی بێت؟ چۆن کوردێک دەتوانێ تراژێدیی خۆی ئاوا ببینێ؟ ئەو تێڕوانینە، تێڕوانینی غەیرە کوردە لە تراژێدیی کورد کە پێی وایە کورد شایەنی لەوەش خەراپترە. بەڵام کورد بەتەواوی بۆچوونی ئەوی دیکەی سەبارەت بە خۆی دەروونی کردووە. دواترین شت کە کوردێک دەیبینێ، سەربازێکە کە لە تارانەوە هاتووە و بە چەکەوە کوچە و کۆڵان و بەردەگای لە کورد گرتووە؛ لە بەهانەیەکیش دەگەڕێ کوردێک بکوژێ. بەڵام، کە کوردەکە کوژرا، قوربانیی تەماحە و ژێرپێنانی ئەخلاقە، نەک ئەو سەربازەی دایکی چند منداڵی برسی دەکوژێت. چاو تا چ ڕادەیەک کێشەی زەینی و دەروونی بۆ مرۆڤی کورد ساز بووە. کاتێک شتەکە ئاوای لێهات، هەر شتێک هاتە گۆڕێ، مرۆڤی کورد، خەڵکی خۆی بە شایانی کوشتن دەبینێ و بۆ پاساوهێنانەوە وەپێش بکوژی کوردیش دەکەوێ. ئاوا دوژمنایەتی لەگەڵ کوردایەتی و ترس لە کوردبوون یان کوردوفۆبیا لەنێو کورددا دەروونی کراوە. زەینی کۆیلەکراو، ئاوا حەقیقەت و ڕاستییەکانی دەسەڵاتی ئەوی تر سەبارەت بەخۆی دەروونی دەکات. ئەو حەقیقەتانەی دەسەڵات کە لە تورکییە و ئێران ساز دەکرێن، تەنیا بۆ تورک و فارس نین. لەپێشدا بۆ کۆیلەکردن و کۆیلەهێشتنەوەی مرۆڤی بندەستی کوردە. تاکی کوردی ڕۆژانە قوربانییە و ڕۆژانەش شاهیدی تەسلیم‌بوون بە گوتاری ئەوی دیکەی زاڵە. ڕۆژانەش سنووری فارس و تورک دەروونی دەکات و لەسەر ئەو بنەمایەش زەینی خۆی لە قاڵبی تورک و فارس دەدات. بۆیەش ئێستا بەشێکی جیددی لە خودی سیاسەتی کوردی ترسهێنەرترین سیاسەتی دژی کوردە.


 کورد چۆن دەتوانێ دژی ئەو کۆڵۆنیالیزمە بەرخۆدان بکات؟ ڕێگاکان چین؟ مێتۆدەکان چین؟ دەبێ چی بکەین؟ ئێلیتی کورد دەبێ چ بکا؟ خەڵک دەبێ چ بکا؟ دیارە جەنابت مامۆستایەکی زانکۆی و ناتوانی وەکوو حیزبێک بێی ڕێنمایی‌نامە دابنێی و بڵێی ئەوە و ئەوەی بکەن، بەڵام لە ئاکامدا پێم وایە وەختێک باسێک دێنینە گۆڕێ، دەبێ فکریشمان کردبێتەوە کە چارەسەرەکانمان چین، هەروەها ڕەخنەگرتن یا باسکردن بۆخۆی حەقانییەت نادا بە قەزییەکە، بەڵکوو ئەوەی ڕێگاچارەکانمان چین؟ دەبێ چی بکەین؟ زۆر جار کە فکر دەکەمەوە، دەڵێم باشە چۆن هەموو دەوڵەتانی دنیا لەسەر شانی دەوڵەمەندەکانیان دروست بوون؟ دەوڵەمەندی تورک، دەوڵەمەندی فارس، دەوڵەمەندی ئاڵمانی، دەوڵەمەندی فەڕانسەوی، دەوڵەمەندی سوئێدی کە من لەو سوئێدەی دەژیم کە بە سەرمایە و پووڵی خۆیان وڵاتیان دروست کرد، دەوڵەمەندی ئێمە پووڵەکەی دەبا لە ئانکاڕا، لەگەڵ سپای پاسداران، لە تاران ئەوە ڕێک دەخات، ئەو خەباتە دژی کۆڵۆنیالیستە دەبێ چۆناوچۆن بێت؟  

لە دەوڵەمەندڕا دەست پێ بکەین؛ ئەگەر دەوڵەمەندی کوردی بێت لە کوردستان کارگە و کارخانە دابنێ و هەلی کار بۆ ٥-٦ کەس بڕەخسێنێ، سپای پاسداران دێ شوێنەونی دەکات و دەڵێ کاری فاعیلی مەجهوولە: کەس نازانێ قاتڵ کێیە. ئەوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەبووە و هەیە. دەیان بازرگانی کورد لە ۹۰کان لە باکوور کوژران. دەوڵەتی تورک کە هەستی دەکرد ئەو دەوڵەمەندانە بە کردەوە یارمەتیی بزاڤی کوردی دەدەن، یان وێدەچێ سەمپاتی و سۆزیان بۆ بزاڤی کورد هەبێ، دەیکوشتن. نە دادگایی دەکران، نە ڕۆژێک بەڵگەیەکیشیان لێ ئاشکرا دەبوو کە هاوکاریی پەکەکەیان کردبێت. ناڵێم نەیاندەکرد، بەڵام بە شێوەی یاسایی دەوڵەت نەیدەتوانی هیچ بسەلمێنێ، بۆیە شوێنەونی دەکردن. دەوڵەتەکانی ناکورد تەنانەت، وەکوو پۆتانسیەلی هاوکاری بۆ هێزەکانی کوردی یان کردنی کار لە ناوچەی کوردستانیش تەحەممول ناکەن. دوای ڕووداوی سوسورلوک (لە ۱۹۹۸)، دەوڵەتی تورک ناچار بوو باسی کوشتنی ڕەمەکیی نیزیکەی ٥٠٠٠ کورد بکات. بە گوتەی حەنفی ئاوجی، جێگری ئەوکاتی بەرپرسی میت، هەر کەس ڕاپۆرتی هاوکاریی هێزە کوردییەکانی لەسەر بوایە، ئەگەر تورک با، لێیان دەکۆڵییەوە، ئەگەر کوردیش بوایە، یەکجی دەیانکوشت. ئەوەش هەمووی بە ناوی» فاعیلی مەجهوولە جیناتلەری یان ئەو تاوانانەی کە قاتڵەکانی نەناسراوە»، ناوی دەرکردووە. فاعیل و بکەرەکەش لە خۆر ئاشکراتر دیارە کە دەوڵەتی تورکە.

ئەوە بەشێکە لە هەوڵی کۆڵۆنیالیستیی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کە ئیزن نادەن سەروەت نە لە کوردستان کۆ ببێتەوە و نە لە دەست کوردێکدا بێت کە وەکوو تاکیش خوازیار بێت کە لە دەرەوەی ویستی دەوڵەت سەروەتەکەی بەکار بێنێت. سەروەت و مەسەلەی ئابووری لە ڕوانگەی دەوڵەتانی وەکوو ئێران و تورکییە، سیلاحێکە کە جموجۆڵی لە کوردستان، لە ئاستی تاکەکەسیشدا، دەبێ بە پێی ویستی دەوڵەتان بێت. ئەگەر لە ڕادەیەکی دیاریکراو تێپەڕی، تەنیا دەبێ لە دەست تاکی کوردی سەر بە دەوڵەتدا بێت. سەروەت و سامانێکی جیددی لە دەرەوەی ویستی دەوڵەت لە کوردستان، سەری ساحەبی دەخوات. چونکە کۆنتڕۆڵی جموجۆڵی ئابووری لە دەوڵەتدا ئامرازێکی جیددی بۆ کۆنتڕۆڵی کوردە، لەو ڕێیەوە دیهەوێ کوردستان بێ داهاتوو بکات. کۆنتڕۆڵی سەروەت و سامان و کاروباری ئابووری بۆ دەوڵەت ڕێگەی هێمنانەی لەباربردنی ژیان لە کوردستان فەراهەم دەکات، جێ بە کورد لێژ دەکات بۆ کۆچ و گۆڕینی دێمۆگڕافی. لە هەمان کاتیشدا ژیان بۆ تاکی کورد دەبەستێتەوە بە بەشێک لە پڕۆژەی ئەمنییەتی کردنی هەرچی زۆرتری کوردستان. هەر وەکوو دەوڵەت، لە هەر هەڵێکدا بەشێک لە دێیەکان بە بەهانەی جۆراوجۆر دەگوێزێتەوە، هێندێک ئیمکانات و پێشەسازیش بۆ ئامانجی ئەمنییەتی دەخاتە خزمەت هێندیک جێگا لە کوردستان. شێوەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتان لەگەڵ کورد وەکوو شێوە هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئیسڕاییل لەگەڵ فەلەستین و بەتایبەت لەگەڵ غەزەیە. تەواوی سیاسەتەکانی دەوڵەت لە قالبی سیاسەتی ئابووریدا، ستراتیژیی ئەمنییەتی و نیزامین. هەوڵی هەرچی زۆرتری ئەمنییەتی کردنی ئابووری بۆ ئەوەی توانستی کورد بۆ بەربەرەکانی لەنێو بەرێ و ئیمکانی مانەوەی هەمیشەیی کورد و قەوارەی دێمۆگڕافیی ئەو نەتەوەیە تووشی کێشە بکات. بۆیە کەسانێک کە لەسەر ئابووریی کوردستان کار دەکەن، پێش هەموو شتێک ستراتیژیستی نیزامین و بەشێکن لە سپای پاسداران. بەرخۆدانی کورد و شێوەی دژایەتییەکەی لە دەوڵەت گرنگترین فەکتەرە کە ڕەنگ و فۆڕم دەدات بە سیاسەتی ئابووری لە کوردستان. ئابووری بۆ دەوڵەت پایەگایەکی گەورەتر لە پایەگا نیزامییەکانە لەنێو دڵی کورددا. ئەوە هەمان هەڵسوکەوتە کە دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵ لە چوارچیۆەی گەشەبڕی یان (de-development) دەیباتە پێشەوە. دیارە، ئەو باسە پێویستی بە کاتی زۆر هەیە کە چۆن ئابووری و ئیقتساد دەبێتە وەسیلەی سەرکوت و پێشگرتن لەوەی کوردستان داهاتوویەکی ڕوونی هەبێ و وردەوردە کاراکتێری کوردایەتی لەدەست بدات. گەشەبڕی، سیاسەتێکی ئابووریی کۆڵۆنیاڵیستییە کە دەوڵەتان لەو چوارچێوەیەدا بە شێوەیەکی سەرلێشێواوانە گەشەی ئابووری هیدایەت دەکەن و هێزی بەربەرەکانی لە نەتەوەی بندەست زەوت دەکەن. لە حاڵەتێکی وەهادا گەشە یان تەوسەعە بە جۆرێک دەچێتە پێش کە مەسەلەن لە لایەک دەوڵەت گاز و تەلەفۆن دێنێ بۆ دێهات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا گاز و تەلەفۆنەکە دەکات بە بەشێک لە ئاپاڕاتووسی ئەمنییەتیی دەوڵەت لە دژی خەباتی کورد، یانی دەوڵەت لەژێر پەردەی ئەرکی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی مۆدێرن، گەشەی ئابووری دەکات بە ئامرازی تواندنەوەی ئەوی دیکەی بندەست.


 هەڵبەتە چەند ساڵ لەمەوپێش سپای پاسداران فێری ئەو بەزمەی ببوون کە خەڵکیان دەهێنا کە لە هێندێک مەعامەلە و شتدا پووڵی کوردستانیان کۆ دەکردەوە و دوای ئەوە پووڵەکەش ون دەبوو. 

جا ئەوە بەشێک لە خودی گەندەڵی و فەسادی کۆماری ئیسلامییە کە لە مەنتەقەی فارسیش ئەو شتە دەردەکەوێت. ئەوەی کە بەشێک لە ڕێژیمی مافیایە، بێ‌شک بەشی مافیای دەوڵەتی لە کوردستان بەهێزتریشە و بەشێک لە کوردیش کێشراوەتە خزمەت ئەو مافیایە. بەڵام، وەکوو ستراتیژیی دەوڵەت لە کوردستان، ستراتیژییەکەی ئەوەیە کە یەکەم، ئابووری بکاتە ئامرازی تەنبێ کردنی بەکۆمەڵ، ئامرازی ئەدەب کردن. هەروەها تەشویق کردنی تاکی کوردی تا بزانێ ئەگەر بێت و بیهەوێ شتێکی جیددی بکات یان پڕۆژەیەکی جیددی هەبێت، دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەت، بە قازانجی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دەوڵەت لە کوردستان بێت.

 لە ڕووی ئابوورییەوە خەباتی دژە کۆڵۆنیالیستی دەتوانێ یان ئیمکانی گەشەکردنی بۆ کورد لەو سیستمەدا هەیە یان نا؟ خەباتی دژە کۆڵۆنیالیستی لە باری کلتووری، زمانی، ئابووری و، هەست و نەستەوە چۆن دەبێ؟ ئەگەر بکرێ ئەو باسەی خۆتان تەواو بکەن؟

یەکسانی و بەرابەری لە ئێران بەو شێوەیەی کە ئێران بۆ کورد پێناسە کراوە بە مومکین نازانم .چونکە هەلومەرج و پێکهاتەی دامەزراوەی ئێران ئیمکانی بەرابەریی ئابووری –سیاسیی کوردستان لەگەڵ جوغڕافیای فارس-مەرکەز نامومکین دەکات. بەشێکی کێشەکان ساختاری و پێکهاتەیەکی مێژوویی‌یان هەیە و هیچ جۆرە حاکمییەتێک یان جۆری سەروەریش ناتوانێ بەئاسانی ئەو نایەکسانییە پێکهاتەیە مێژویی‌یە بگۆڕێ. لەوەش زیاتر، لە تەسەوری حاکمییەت و فەلسەفەی سەروەریی ئێرانیدا ئەو هێما و دالانەی کە کوردبوون ساز دەکەن، لەبنەڕەتەوە ئەمنییەتین، جا لە زمان و ئێتنیسیتەڕا بگرە تا دەگاتە ڕوانگەی کورد سەبارەت بە خۆبەڕێوەبەری و دێموکراسی و سیستەمی حاکمییەت و تا دوایی.

ئەو نایەکسانییە سیاسی- ئابوورییانەی کورد (یان غەیرە فارس بە گشتی) لەگەڵ فارس لە دوو ڕێگەوە دەکرێ چارەسەر یان شتێکی نزیک لە چارەسەری ڕادیکاڵی بۆ ببیندرێتەوە. ئەویش ئەوەیە یان کوردستانێکی جیاواز و خاوەنی سەروەریی خۆی هەبێت یان لانیکەم حاکمییەت و سەروەرییەکی هاوبەش و شەڕاکەتی لە ئێران دامەزرێت. سەروەریی شەڕاکەتی لە دانپێدانانی ڕاستیی چەند نەتەوەیی ئێرانەوە دەست پێدەکات. زۆری دەوێت تا سەروەریی شەڕاکەتی بتوانێ ئاکامی نایەکسانیی مێژوویی لەنێوان نەتەوەی زاڵ و نەتەوە بندەستەکان بەتەواوی خاشەبڕ بکات. بەڵام، لە سەروەرییەکی تەواو سەربەخۆ زۆر بێ‌کێشەتر دێتە بەرچاو، بەتایبەت ئەگەر ئەوە ببێت بە ئەجێندا و ستراتیژیی هاوبەشی هەموو نەتەوە کۆڵۆنیکراوەکان لە جوغڕافیایی ئێران. ئەوە دەکرێ فۆڕمۆڵێک بێت کە لە ڕێی یاسایی کردنی مافی جوداییی نەتەوەکان، هەم ئیمکانی پوتانسیەلی جینۆسایدی غەیرە فارس نەهێڵێ و هەمیش مافی سەروەریی یەکسان بکات بە واقعییەتی سیاسی کە ڕەوابوونەکەی بە هەموو کەس هەزم بکرێ.

دیارە، باس لێرەدا زۆرتر واقعی‌بوون و ئیمکانی فۆڕمۆڵەکانە تا  باو و  لە ئارادا بوونی ئەوان لە گوتاری سیاسیی ئەوڕۆیی لە ئێران. بۆ یەکسانیی نەتەوەکان یەکەم هەنگاو ئیعتڕافی یاسایی‌یە بە بوون و یەکسانیی سیاسیی ئەوان. دەبێ فۆڕمۆڵێک ببیندرێتەوە کە لەوێدا لانیکەم بە شێوەی تیۆریک و لە باری سیاسییەوە بڵێن کورد و فارس و نەتەوەکانی دیکە، وەکوو نەتەوە، نوێنەرایەتیی سیاسیی یەکسانیان دەبێ هەبێت. مەرکەزییەتی هێمایی، مەعریفی، سیاسی و بەتایبەت نیزامی فارس دەبێ تێک بشکێنرێت. دیارە بە شێوەی گوتاری، هەر ئێستا کورد دەستی بەو کارە کردووە. جەسارەتی گوتاری ئێمە دەتوانێ هەنگاوێک و ئالنگارییەکی زۆر گرینگ بێت کە شەرعییەتی هەیمەنە و هێژمۆنیی فارس تەنانەت بۆ فارسیش تێک بشکێنێ.

یانی ئەگەر لە باری گوتاری سیاسی و تیۆریکەوە، کورد، عەڕەب، تورک و بەلووچ یەک بگرن و بتوانن لە پلاتفۆڕمێکی سیاسیی جیددیدا فارس- مەرکەزییەت و دیسکۆرسێ فارسی ئیزۆلە و تەریک بکەن، دەتوانێ یەکەم هەنگاوی زۆر جیددی بێت. بێ‌شک تورک بێ‌منەت دیارە و، کێشە لەپێش یەکگرتنێکی وەهادا هەیە. بەڵام، کورد ناچارە ئەو تورکانەی دژی هەوڵێکی وەهان، وەکوو جاشی ئێران و تورکییە بیانناسێنێ و ئیعتباری نوێنەرایەتیی تورکی ئازەربایجانیان پێ نەدات. هەروەک جاشی کوردمان هەیە، جاشی تورکیشمان هەیە.

ئەگەر گوتاری هاوبەشی غەیرە فارس بۆ یەکسانیی نەتەوەکان و سەلماندنی یاساییی ئەو ڕاستییە هەبێت، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر فارس بۆ دانپێدانان بە ڕاستیی چەند نەتەوەییی جوغڕافیای ئێران. ئەوە پێشکەوتنێکی گرینگیش دەبێ بەرەو هاتنەدیی سەروەریی هاوبەش. بەڵام هاتنەدیی سەروەریی هاوبەشیش کە ئێستا تەنانەت پلاتفۆڕمێکی سیاسیی هاوبەشیشی نییە، بە زوویی و هاسانی ناتوانێ نابەرابەرییە مێژوویی و پێکهاتەیی‌یەکانی نێوان فارس و غەیرە فارس لەنێو بەرێت. چونکە باس لە هەوڵی سەد ساڵەی دەوڵەتێکی وەکوو ئێرانە بۆ بەدامەزراوەیی کردنی نایەکسانیی سیاسی، ئابووری، کولتووری و نیزامی لەنێوان فارس و غەیرە فارس بە مەبەستی تواندنەوەی کۆتاییی غەیرە فارس.

ئەوانە مژاری زۆر جیددین کە بیرلێکرنەوەی یەکجار زۆریان دەوێ. ئەگەر هەوڵی جودابوونەوەش نەکرێت بۆ یەکسانیی نەتەوەیی، مافی جیابوونەوە دەبێ بەڕەسمیەت بناسرێ. لە باشترین حالەتیشدا تا مافی جیابوونەوە بەڕەسمی نەناسرێ، غەیرە فارس وەکوو نەتەوەی بندەست و بەکەمینەکراو دەمێننەوە. تاکوو جودابوونەوە تاوان بێ، غەیرە فارس لە هەڕەشەی جینوسایددا دەژیت و بەپێی توانایی و هێزی، فارس دەتوانێ هەر جۆرە مافخوازییەکی غەیرە فارس بەناوی دژایەتی لەگەڵ جوداییخوازی سەرکوت بکات. هەلومەرجی ئێستای باشوور هەموو ئەو شتانەی زۆر بە باشی خستووەتە بەرچاومان. مەرکەزییەتی سیاسی و یاسایی لە دەست عەڕەبی شیعەدایە و بە ئاشکراش دەست و پێی کوردی پێ بەستووە. هەر ئێستا دادگای باڵای عێراق وای کردووە کە تەزمیناتی یاسای بنەڕەتیی عێراق، مانایەکی وای بۆ کورد نییە. مەلایەکی ئێران یان پاسدارێکی وەکوو سمایلی قائانی دەتوانێ بە قازییەکی عێراق دەستوور بدا کە هەر جۆرە بەربەستێک لەپێش ویست و ئیرادەی کورد دابنێ. چونکە کوردیش قورساییی هێزی نییە )ئێستا گرینگایەتیی نێونەتەوەییی ساڵانی پێشووشی نەماوە و ناتوانێ یەکگرتووش بێ، چونکە پاراستنی نەتەوەییی کورد و بەرژەوەندیی هێزە سیاسییەکانییەتی و دوو شتی دژبەیەکن). بە هۆی جۆراجۆر وەزن و مەرکەزییەت و هاوسەنگی نییە و دەبێ ئەمر لە مەرکەزییەتی عەڕەبی وەرگرێ. تاکوو کورد بە جێگای شەریک و هاوبەش هێمای ئەمنییەتی و هەرەشە بێت بۆ یەکگرتووییی عێراق و ئەو دەستبەستراوییەی کورد درێژەی دەبێت. ئەو کاتەی مافی سەروەریی کورد (بەبێ لەبەرچاوگرتنی فۆڕمەکەی) نەبێت بە ئەمرێکی ئاسایی بۆ نەتەوەی زاڵ، وەکوو هێمای هەڕەشەی ئەمنییەتی دەمێنێتەوە. هەر بەو جۆرە بوونی کوردیش بۆخۆی بە بەردەوامی  لە هەڕەشەی وجوودیدا دەمێنێتەوە.

بەڵام کورد دەبێ چ بکات؟ لە جێگایەکی دیش باسی ئەم شتەم کردووە. بەڕاستی پێداگریی من زۆرتر لەسەر مژاری سەروەرییە بۆ کورد. کێشەم لەسەر فۆڕمۆڵ و شکڵ نییە. بێ‌شک باشترین زەمانەتی سەروەریی نەتەوەییی کورد، دەوڵەتی سەربەخۆیە. بەڵام، پرسیار ئەوەیە کە فۆڕمۆڵێکی دی بۆ سەروەری نییە؟ پێم وایە کورد دەکرێ بۆ فۆڕمۆڵی جۆراجۆری بەرابەریی نەتەوەیی دەستپێشخەر بێ. چونکە بە ڕادەی ویستی سەروەری، پێویستی بە داهێنەربوون و توانای سیاسی هەیە. لە باڵانسی هێزدا کورد کەمینەیە و بێ پشتیوانە. باسی بەڕێوەبەریی ناوچەیی لە فۆڕمۆڵی ئۆتۆنۆمی و فێدڕالیزم و کۆنفێدالیزمی دێموکڕاتیکدا، داهاتووی کورد گەرەنتی ناکات. ئەو بەڕێوەبەرییە ناوچەیی‌یەی ئێستا لە باشوور هەیە، زۆر زیاتر لە ئۆتۆنۆمی و کۆنفێدالیزمی دێموکڕاتیکە. بەڵام ئێستا باشوور، وەکوو پێشتریش لە دوای  ساڵی ١٩٧١دا دیتمان، بەڕێوەبەریی ناوچەیی، هەمیشە هەڕەشەی لەنێوچوون و تەعریب‌کرانی لەسەرە. سەروەریی سیاسی و یاسایی بەئاشکرا ئی عەڕەبە، گۆڕان و ڕێکەوتێکی دیکەی ژیۆپۆلەتیک دەتوانێ ئیزن بدا عەڕەب لە کوردستان حزووری عەسکەریشی هەبێت. لە حاڵەتێکی وەهادا بەکردەوە و دیفەکتۆ هەرێم نامێنێت. یانی ئەوانە ئەزموونی مێژویین و ناتوانین ئینکاریان بکەین.

بۆ گۆڕانێکی ئاوا ڕادیکاڵ، پێش هەموو شتێک دەبێ شێوەی پێکهاتەی سیاسی و دامەزراوەیی لە ئیران بگۆڕدرێ. بۆ هاوبەشیی سەروەری لەسەر ئەساسی یەکسانیی نەتەوەکان، پێویستە یەکسانیی نەتەوەکان وەکوو ڕاستییەکی یاسایی بە ڕەسمییەت بناسرێ. پێناسەی خەڵکی ئێران لەسەر بنەمای ئینکاری خەڵکی کورد، تورک، عەڕەب، لوڕ و بەلووچ کراوە. پێناسەیەک لەسەر بنەمای یەکبوونی «نەتەوەییی ساختەی ئێرانی»، وەکوو شتێکی لێکدانەبڕاو و لێکهەڵناوێراو کە یان فارسن یان دەبێ ببن بە فارس. هەربۆیە لەسەر ئەساسی ئەو پێناسەیە لە چەمکی «خەڵک»، هیچ حاکمییەتێک لە ئێران مومکین نییە خەڵکی و دێموکڕاتیک بێت. چونکە پێناسەی خەڵک و دیمۆس خۆی سەقەت و نادێموکڕاتیک و ئینکارچییە. لە باشترین حاڵەتدا دەبێ بە دیکتاتۆری زۆرینەی فارس-شیعە.

 ئەساسی کێشەکە لەو وڵاتانەی کە بە سەر کورددا زاڵن، ئەوەیە کە لەپێشدا کوردبوون لە پێناسەی خەڵک و دێموسدا دەکوژرێت، ئینجا باس لە یەکسانیی تاک دەکەن، یانی حاکمییەتێکی بەناو خەڵکی لەسەر بنەمای ئینکاری خەڵک و دێموس‌بوونی کورد دادەمەزرێت. جا بەشێک لە چارەسەری دەبێ لە گوتاری سیاسیی کورددا بکرێت، کە هەموو چەمکە هێژمۆنیک و کوردکوژەکان دەبێ لەسەر بنەمای زیندووکردنەوەی کورد پێناسە بکرێنەوە.

کورد چارەی نییە جگە لە گرتنەپێشی ستراتیژییەکی چوار قاتی یان چوارتوێیی. یەکێک لە توێیەکان ئەوەیە، کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ بە شێوەیەکی جیددی ئەیجنسی و بکەری یان فاعلیەتی لە ڕۆژهەڵات بگرێتە دەست. کوردی باشوور لە باشوور، کوردی باکوور لە باکوور و، ڕۆژئاواش لە ڕۆژئاوا. ئێمە دەبێ واقعییەتی چوار کۆدەقی سیاسەتی کوردی زۆر جیددی بگرین. کوردی باکوور تەنانەت نازانێ پیتی عەڕەبیش بخوێنێتەوە، نابێ ببێت بە کوێخای کورد لە بەغدا یان ببێتە بەشێک لە حەشدی شەعبی. یان کوردی باشوور وردەکە حیزبۆکان ساز بکات بۆ ساتوسەودا لەگەڵ تورکییە و کەمکردنەوەی تواناییی سیاسیی هەدەپە و هێزەکانی دیکەی باکوور. ئەوە خۆی شەڕی پڕۆکیسی و جۆرێک جاشەتیی پۆست مودێڕن دەخزێنێتە نێو سیاسەتی کوردییەوە. کوردی بەشێکی کوردستان نابێ لەسەر حیسابی بەشێکی دیکە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوڵەتە دژەکوردەکان بکات. دڵنیام هەرکات کوردی هەر بەشێک خۆی ڕزگار کرد، کوردی بەشەکانی دیکە بە منەتەوە داوا دەکەن کە لە ئەزموونەکەی ئەو کەڵک وەربگرن. تا ئێستا مۆدێلی سەرکەوتووی سیاسیی کوردیمان نییە، بۆیە پێویست ناکا کەس نوسخەی شۆڕشی ناسەرکەوتوو هەناردەی هیچ بەشێکی دیکە بکات.

هێزە کوردییەکان، لەبەرئەوەی دەوڵەت نین، مافی یاساییی ساتوسەودای نێودەوڵەتییان نییە. بۆیە ساتوسەودایان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچە و دژەکورد تەنیا دەتوانێ بە قازانجی حیزبی ئەوان بێت، بەڵام دژی بەرژەوەندیی کورد بە گشتی و بەرژەوەندیی کوردی بەشەکانی تر بەتایبەتی. هاوکاریی کورد لەگەڵ دەوڵەتان بە قازانجی بەشێک و بە زەرەری بەشەکانی دیکە، سیاسەتێکی کوردی نییە. بۆیە توێیەکی تری سیاسەتی کوردی دەبێ سیاسەتی کوردستانی بێت؛ بە مانای– یان لەسەر پرەنسیپی– زەرەر نەگەیاندنە بە بەشەکانی دیکەی کوردستان. پێویستە کوردی هەر بەشێک تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ لە عەینی بردنەپێشی سیاسەتی ناوچەییی خۆی، زەربە لە هیچ بەشێکی دیکە نەدات. بێ‌شک لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، هێزی هیچ پارچەیەک ناتوانێ لە یەک کاتدا دەگەڵ دوو دەوڵەتی دژە کورد سیاسەتێکی یەکسانی هەبێت. ئەوەش بەکردەوە یانی ئەگەر هێزێکی کوردی بیهەوێت زیاتر لە یەک بەشی کوردستان نوێنەرایەتی بکات، ئەو کارە بە قیمەتی قوربانی‌کردنی ئەوانی دی دەکات. هەر چوار دەوڵەتە دژە کوردەکە، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کورد، هەڵسوکەوتی بەکارهێنانی ئامرازی کوردە. تەنیا هونەری هێزە کوردییەکان لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، دەتوانێ ڕاگرتنی باڵانسی مەنفی و زەرەرنەدان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بێت. ئەوە واقیعێکی مێژوویی‌یە و بەسەرماندا سەپاوە. ئێمە ناچارین ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین.

لایەنی سێهەم، سیاسەتی کوردی دەبێ ئەوە بێ، سەرەڕای ئەوەی کە لە ناوچەدا کێشە بۆ یەک ساز ناکەن، لە دەرەوە، لە تاراوگە، کوردەکان دەبێ هەوڵ بدەن و تا ئەو جێیەی دەگونجێ سیاسەتی تێکۆشانی یەکگرتوویان بە قازانجی هەموو کوردستان هەبێت. کاتێک کۆڵبەرێک لە ڕۆژهەڵات دەکوژرێت یان نوێنەرێکی کورد لە باکوور دەگیرێت یان هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا، کورد لە دەرەوە دەبێ سنووری حیزبی و ناوچەییی خۆی بشکێنێ و سۆزی یەک نەتەوەبوونی خۆی زیندوو ڕابگرێت. ئەوە نەتەنیا ئەخلاقییە، بەڵکوو دۆزی کوردیش لە هەموو جیهان دەباتە پیشەوە. ناچارین لانیکەم لە ڕۆژهەڵات توێی چوارەمیشمان لە سیاسەتی کوردیدا هەبێت، بەو مانایە کورد ناتوانێ بە لانیزۆری مافەکانی بگات بەبێ ئەوەی سەنگەری مافخوازیی خۆی گەورەتر بکات. یانی هەر لەو کاتەدا کە خەبات بۆ مافی کورد دەکات، دەبێ بەرەیەکیش دژی هێژمۆنی و پاوانخوازیی فارس بکاتەوە و لە بەرەیەکی ئاوادا دەبێ لەگەڵ هەموو غەیرە فارسەکان لە جوغڕافیای ئێران و تەنانەت ئەگەر فارسی دێموکڕاتیش هەبن، بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنێ. گەرچی ئێستا وێدەچی ئاسۆی بەرەیەکی ئاوا زۆر بەڕوونی دیار نەبێت، بەڵام بەبێ کارکردن و داهێنانی ستراتیژییەکی جیددی، دەستپێشخەریی ئەو ئاسۆیە قەت ڕوون نابێ. بەڵام لە یەک دووساڵی ڕابردوودا زۆر گۆڕان لەم بارەیەوە دەبینرێ و تەنانەت ئێستا گیلەک و مازەنیش لەژێر کاریگەریی گوتاری کوردی باس لە کۆڵۆنیالیزمی فارس دەکەن.


 بەڕێز دوکتور کەماڵ، ئێوە لێرەدا، لە دوو پلەی جیاوازدا یەکیان ئەوەی کە ڕێکخراوەکان و ئێلیتی کوردی دەبێ چی بکەن؟ یەکیشیان تاکی کوردی دەبێ چی بکات؟ هەمیشە پێم وایە و لەسەر ئەو باوەڕەم، تاک یان حیزبەکان چی دەکەن یا ئێلیتەکان چی دەکەن، کەیفی خۆیانە. بەڵام ئەمن پێم وایە وەکوو تاک دەبێ چ بکەم؟ ئەمن وەکوو ئینسانێکی کورد مادام ئەگەر خۆم بەکورد دەزانم و مادام بۆخۆم پێم وایە ئینسانێکم و زوڵمم لێ دەکرێ، دەبێ چی بکەم؟ پێم وایە لە باسەکانی جەنابتاندا ئەو دوو شتەم تێدا دیت کە تاکەکان دەبێ چی بکەن، بۆ وێنە ئێستا کەسێکی وەکوو زارا کە هەوڵ دەدا زمانی کوردی فێری منداڵان بکا، وەک تاک هەستی بەو بەرپرسیاریەتییە کردوو. ئەگەر لەو شتەی جەنابت فەرمووت کە ڕەنگە بە سەربەخۆیی نەگەین، ڕەنگە نازانین لە ١٠-٢٠ ساڵی داهاتوودا چیمان بەسەر دێ؟ ئەوەتا کێ دیگوت مەسەلەن لە ئۆکراین شەڕ دەبێ؟ خۆ نازانین، دنیاکە وا شڵەژاوە و نازانی لە کۆێ چی دەقڵمێ؟ بەڵام وەکوو نەتەوە دەتوانین پڕۆژەیەکمان هەبێ. من زمانەکەم ڕادەگرم جارێ و هەر تاکێک، هەر ڕێکخراوەیەک، هەر ئێلیتێک هەموو بە کوردی بنووسن. مەسەلەن بووەتە مۆد کە هەر کەس بە ئینگلیزی نەنووسێ، شتەکانی ئاوڕێکی وایان وێ نادرێتەوە، بەڵام کوردی نووسین، گرینگترین شتە کە تۆ بتوانی فکری پێ بەرهەم بێنی و بتوانی منداڵەکانی جیلی داهاتووت ئەو زمانەیان نەفەوتێ. ئەو شتەی کە بەداخەوە لە تورکییە بەسەرمان هاتووە. من دەچمە سەر پرسیارێکی دیکە، بە قەولی جەنابت فێمێنیزمی کوردی هەر دەبێ هەبێ. لەو سیستەمی کۆڵۆنیالەدا زۆر جار کە دادەنیشم فکری لێ دەکەمەوە کە ژن چەند قات زوڵمی لێ دەکرێ. ئێوە لەو شتەی بۆخۆتان موشاهیدەتان کردووە یا لە نەزەرتان گرتووە یا کارتان لەسەر کردووە، ڕۆڵی پیاوی کورد لەو سیستەمی کۆلۆنیالەدا چۆن دەبینی و وەکوو کەسێکی ئاکادیمیسیەن، چ ئەرکێک وەئەستۆ دەگرن. ئێلیتی کوردی ئاکادیمیسیەنی کوردی لەو سیستەمی کۆڵۆنیالەدا بە نیسبەت ژنەکەی چ ئەرکێکی هەیە؟ دەبێ چ بکا ؟ چۆن دەتوانێ لەو زوڵم و ستەمە چەند قاتەی کەم بکاتەوە؟

پرسیارێکی زۆر جیددییە، من وەکوو مرۆڤێکی مافخوازی ژن و فێمێنیزمی کوردی بە زەروورەتێکی حەیاتی بۆ ژیانێکی ئینسانی تر دەزانم. ئێستا خانمێکی فێمێنیست لە ژیانی شەخسیی من بکۆڵێتەوە، وێدەچێ بۆی دەرکەوێ کە من تا بیست و یەک دوو ساڵ، بۆچوونی نێرسالارانەی دژە ژنم هەبووە. لێرەدا مەبەستم نیشاندانی تەوازوعی بێ‌جێ نییە، مەبەستم لەو جۆرە بۆچوونانە، کۆدەقی کولتووری و کۆمەڵاتییە کە من تێیدا گەورە بووم. ئەوە شتێکە و هەموومان لەم کولتوورەدا گەورە بووین. دین و مەزهەبی من ئیزن دەدا کە باپیرەگەورەیەک، مەلۆتکەیەک لەسەر پشتی لانکێ بە مێرد بدات، ئەوانە ئینکار ناکرێن. باسی من لێرەدا لەسەر فێمێنیزم و فێمێنیزمی کوردییە. فێمێنیزم لە هەموو کۆدەقێکدا ڕەنگی کانتێکست و کۆدەقی خۆی هەیە. فێمێنیزمی کورد ناتوانێ ڕێگاچارەی کۆنکرێتی بۆ کیشەی نێرسالاری لە ئەمریکای لاتین پێ بێت. بەڵام چونکە لە ناخی ژانی ژنی کورد هاتووەتە دەرێ، نابێ نە هێز و توانای خۆی بۆ دەردی ژنی کورد ئینکار بکا و نە تووشی جۆرێک لە جیهان‌وەتەنی بێت کە ماڵوێرانیی تایبەتی ژنی کورد نەبینێت، کە –هاوکات لەگەڵ کێشەی نایەکسانیی جینسییەتی– نەبوونی سەروەری و بێ‌دەوڵەتیی مرۆڤی کورد چی بەسەر ژنی کورد هێناوە. فێمێنیزمی کوردی، مافی خۆیەتی دەوڵەت وەکوو دامەزراوەیەکی نێرسالار ببینێت. بەڵام ئەمە لەو بەرپرسیاریەتییە ئازادی ناکات کە هەوڵ نادات دەوڵەت ئینسانیتر و یەکسانیخوازتر بکات. ئەوە نەتەنیا بە مانای گرینگیدان بە ڕەخنەی ناوبراو لە پیاوسالارییە؛ بەڵکوو گرینگیدان و باوەڕ بە ڕۆڵی بێ ئەملا و ئەولای ژنە لە ڕزگاریی نەتەوەیی و ئینسانیترکردنی ڕزگارییەکی وەها.

پیش سەروەریی نەتەوەیی و سەروەریی گشتی، باسی مافی مرۆڤ مومکین نەبوو. سەروەریی نەتەوەیی، مەسەلەی مافی هاوڵاتیی هێنایە گۆڕێ. لەوێشڕا ژن و فێمێنیزم پێناسەی سەقەتی هاوڵاتیی کێشەدار کرد و لایەنی جینسی و نایەکسان و دژە ژنی ئەو پێناسەیەی خستە بەرچاوی مرۆڤایەتییەوە. یانی هەر کانتێکست و کۆدەقی نەتەوەیی و مافی هاوڵاتی، سەرەڕای نێرسالاربوونی، ئەوەندەشی پۆتانسییەلی ڕەخنە و دێکانستڕاکت کردن (و هەڵوەشاندنەوەی گوتار لەنێو خۆیدا) هەبوو کە ژن بتوانێ شەرعییەتی مافی هەر لەنێو دیسکۆرسی هاوڵاتی‌بووندا بسەلمێنێ. هەر لە شۆڕشی فەڕانسەڕا، ژن نیشانی دا کە دەوڵەت-نەتەوە، باسی مافی مرۆڤی لە مرۆڤی نێردا سنووردار کردووە. ئەوە فێمێنیزم بووە کە بە شێوەی مێژوویی هەم مافی مرۆڤ، هەم مافی هاوڵاتی و هەم دەوڵەت-نەتەوە و سەروەریی گشتیی ڕۆژبەڕۆژ ئیسانیتر کردووە.

 لە هەموو جیهاندا سەرەڕای هاودڵی و پشتیوانیی ژنانی دنیا لە یەکتر، ژنانی هەر نەتەوەیەک گەورترین چاکسازییان لە وڵاتی خۆیاندا کردووە. ئاوڕدانەوەی فێمێنیزمی کوردیش لە کێشەی نەتەوەییی کورد، وەکوو ئاوڕدانەوە لە کۆدەقی تایبەتیی ژنی کورد و لە مافی ژنی کورد، پێویستییەکی ئەخلاقی-مرۆڤییە. بەبێ ڕۆڵی فێمێنیزمی کورد، مافخوازیی کورد سەقەت و جینسییە. فێمێنیزمی کوردی ناتوانێ چاوپۆشی لە دەردی کۆڵبەری ژن بکات. کۆڵبەری ژن بە ئێتنیک کوردە. ئایا ئەوە بە ڕێکەوتە کە تەنیا ژنی کورد کۆڵبەرە؟ ژن بۆ کۆڵبەرە؟ چونکە کوردە. ئەوە ڕاستییەکە و هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ناتوانێ کوردبوون وەکوو یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی کۆڵبەری نەبێنێت.

بێ‌شک پێش مەسەلەی دەوڵەت-نەتەوە، باسی مافی مرۆڤ و هاوڵاتی نەبوو و پێش مافی مروڤ و هاوڵاتیش، باسی مافی ژن لەگۆڕێ نەبوو. دەبێ ئەو لێکگرێدراوییەی مافەکان لەبەرچاو بگرین. بەڕاستی هەموو مافێک لە چوارچێوە و کۆدەقی تایبەتدا دێتە بەرباس. مافی ژن و حەققانییەتەکەی تەنیا ئەو مافە نیشان دەدات کە لە مافی هاوڵاتیی سەقەت و نێرسالارانەدا پێناسە کراوە. بەڵام لە هەمان کاتدا پێمان دەڵێ هەر مافێک لە سایەی هاوڵاتی‌بووندا دەستەبەر دەکرێ. کورد کە هاوڵاتی نییە، ژن و پیاوی بێ‌مافە. بەڵام ژنی کورد، لەبری کوردبوون چەندین قات بێ‌مافترە. ژنی کوردیش سەرەڕای ژن‌بوونی، وەکوو پیاوی کورد بەکەمینە کراوە، ژیانی ئەمنییەتی کراوە و، یاسای دەوڵەتێکی کۆنەپەرەستی وەکوو کۆماری ئیسلامیش سەد قات پتر لە پیاوی کورد زوڵم لە ژنی کورد دەکات و ئەو یاسایە لە خزمەت نێرسالاریی سوننەتی لە کوردستاندایە.

«ئەوی دیکە»ی کورد، جیاوازی لەنێوان ژن و پیاوی کورد دانانێت، تەنانەت ئەگەر داشیبنێت بە شێوەیەکی دادەنێ کە زوڵمی زیاتر لە ژنی کورد دەکات؛ هەر وەکوو ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیکات. یان وەکوو ئەوەی تورکیا دەیکات. ناسیۆنالیزمی تورک بێ‌ئەملا و ئەولا زۆرترین دوژمنی ژنی کوردە. هێماییترینی ئەو دژایەتییانە سووکایەتی کردن بە تەرمی ژنە گەریلای شەهیددا دەبینین، کە چۆن بە ڕووتکردنەوەی تەرمی ژنی گەریلا، مەیلی تەجاوزی ناسیۆنالیزمی تورک دەخاتە بەرچاومان. لە ٢٠١٥ کاتێک دەوڵەت ئۆپەڕاسیۆنی وێرانکردنەوەی باکووری کوردستانی دەست پێکرد، ئەڕتەشەکەی سەرلەنوێ ژنی کوردی کردە یەکەم ئامانجی ئەو تەجاوزە. کاتێک کۆڵانێکیان دەگرتەوە و غەزو و هێرشییان دەبردە سەر بنەماڵەی کورد. هەر لەو کاتەدا هێندێک مەلای کورد دوعایان بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان دەکرد، سەربازانی تورک جلوبەرگی ژێری ژنانی کوردیان دەکردە هێمای تەجاوز بە ژنی کورد و نمایشیان دەکرد و ڤیدیۆیان لێ هەڵدەگرتەوە.

بەڵام لە هەموو ئەم ساڵانەدا، چاو لە هەڵوێستی فێمێنیزمی فارس بکەین، قەت بزووتنەوەی فێمێنیستیی کوردی، بە فێمێنیست نەزانیوە و لەبەر شوناسی فێمێنیزمی کوردی بەناو «حەڕەکەتی مافخوازی»ی ژنی فارس، ئیمکانی فمێنیست بوونی بزاڤی مافخوازیی ژنی کوردی ئینکار کردووە. تەنانەت، هەڵوێستی سەبارەت بە فێمێنیزمی کوردی لەگەڵ ئی سپای پاسداران جیاوازی نەبووە. خەتە سەرەکییەکانی فێمێنیستی فارس دەڵێن، فێمینیزمی کوردی، فێمینیزم نییە؛ چونکە مەیلی جوداییخوازی و هەربۆیەش بە گوتەی ئەوان توندوتیژی تێدایە. نەتەنیا وەکوو هەر ڕەوتێکی دیکەی فیکریی فارس، فێمێنیزمی فارس هیچ جۆرە مافی سەربەخۆییی بڕیاردانی بۆ ژن و فێمێنیستی کورد قایل نییە؛ بە مافی خۆی دەزانێت، دەرسی فێمێنیزم بە فێمێنیستی کورد بدات.

فێمێنیستی فارس پێی وایە ئەو مافی هەیە کە فێمێنیزمی کوردی پێناسە بکات و لە باری ڕادەی فێمێنیست بوونییەوە لە محەکی فارسییەتی بدات. وەکوو هەر بزووتنەوەیەکی تری کورد، فێمێنیزمی کوردی بە لایەنگری توندوتیژی و بە دوور لە سەداقەت و نائەخلاقی لەقەڵەم دەدات. کەچی بەداخەوە ئێستاش ئێمە بزووتنەوەیەکی بەربڵاوی سەربەخۆییخوازی فێمێنیستیی کوردیمان نییە. فێمێنیزمی فارس، فێمێنیزمی کوردی تەنیا بەهۆی گرینگیدان بە شوناسی کوردی و باس لە «تایبەتی‌بوونی» ژانی ژنی کورد، مافی فێمێنیست‌بوونی لێ دەستێنێتەوە. ئەو دەتوانێت فێمێنیستی فارس بێ؛ دەتوانێت باسی مافی ژن سنوودار بکات بە مافی «ژنی ئێرانی» و لە کۆدەقی ناسیۆنالیستیی خۆیدا شرۆڤەی بکات و بێنێتە زمان. بەڵام، ئەو مافە بە فێمێنیستی کورد نادات. تەنیا لەبەر ئەوی فێمێنیستی کورد ناتوانێ دەردی ژنی کۆڵبەر و ژنی شومالی تارانی وەکوو یەک چاو لێ بکات، لە ڕوانگەی تێکۆشەری فارس، ژنی کورد ناتوانێ فێمێنیست بێ. فێمێنیستی فارس، وەک سوپای پاسداران، هەر جۆرە پێداگرییەک لەسەر هەلومەرجی تایبەتیی ژنی کورد بە توندوتیژی ناوزەد دەکات.

فێمێنیستی کوردیش مافی چارەی خۆنووسینی نییە. تەنانەت مافی شرۆڤەی سەربەخۆ و هەڵوێستی جیاواز لە نەتەوەی زاڵی نییە. فێمێنیستی کورد تەنیا بە مەرجی خۆئینکاری و ئینکاری ئەیجنسی و بکەریی خۆی، فێمێنیست دێتە هەژمار. ئەگەر نا تەنیا «تەجزیەتەڵەب» و، جوداییخوازە. جیاوازییەکی ئەتۆ لەنێوان ڕوانگەی زاڵی فێمێنیستیی فارس و ڕوانگەی بزووتنەوە شۆڤێنیستییەکانی دیکە لەمەڕ کورد و ژنی کورددا نییە. جوداییخوازی بە هەر هۆیەک و بە هەر مەرجێکیش تاوانە، قەت ماف نییە. بۆیە لە ڕوانگەی ئەو، جوداییخوازی، دژبەری هەموو جۆرە مافخوازییەکە و وەک پەیوەندی لەگەڵ مافیایە.

ئەحمەدی خوراسانی نموونەیەکی زۆر موحتەڕەمانەی فێمێنیزمی مەرکەزگەرایە کە دەڵێت: «کێشەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە کە بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان لە ئێرانی هاوچەرخدا… ڕووبەڕووی جۆرێکی دیکەی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەبێتەوە کە خۆی لە چوارچێوەی «جیابوونەوە»دایە… سروشتییە ئەو ئامانجەی بزووتنەوەی جوداییخوازە نەتەوەیی‌یەکان باسی دەکەن، وەدیهێنانی «یەکسانی و هەڵاواردنی یاسایی» نییە، بەڵکوو دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیکەیە لە دەوری یەک نەتەوە. بێ‌گومان ئەم جۆرە بزووتنەوە جوداییخوازە نەتەوەیی‌یە دواجار ناتوانێ خاڵی هاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان بدۆزێتەوە».

لە ڕوانگەی «مەنسوورە شوجاعی» ژنە کوردی شۆڕشگێڕ وەک ژنە داعشی، ناتوانێت ژنی نموونە بێ، چونکە هێمای توندوتیژییە و دەفەرموێت «قوتابخانەی فێمێنیستی وێنەی ئەو ژنانەی لە موسڵ کە لە چنگی فەتوای «خەتەنەکردنی مێیینە»دا دەگیرێن، لەگەڵ وێنەی ژنانی کۆچبەری موسوڵمانی نەوەی دووەم و سێیەم کە خۆبەخشانە لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپاوە ڕوویان لە بوون بە «بووکی جیهادی سوپای داعش» کردووە، هەروەها «وێنەیەکی دیکە کە ژنە چەکدارە کوردەکان بە دەمانچەوە نیشان دەدات کە ئامادەن بۆ بەرەکانی شەڕ، سێ وێنەیە کە لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ هەواڵی داعش لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێنەوە»، درێژەی دەدات و دیسان دەفەرموێت کە: «بەڵام، لەم سێ وێنە باوەدا، هیچیان وێنەی ژنانێکی چالاک وەبیر ناهێننەوە کە لە سەرەتای بزووتنەوەی سەوز بۆ دێمۆکراسی لە ئێران یان بزووتنەوەی بەهاری عەڕەبی بە جیهان ناسێنران». ئەوەی کە بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازی لە چوارچێوەی «مەردم سالاریی دینی» و ویلایەتی فەقیەدا چەند دێموکڕاتیکە، ڕوونکرنەوەکەی ئەرکی محەممەدی خاتەمییە. بەڵام، لە هەموو بەشەکانی کوردستان، تەنیا ڕێی مانی فیزیکی و مەعنەویی ژنی کورد، دەست بردن بووە بۆ چەک لەبەرانبەر تەجاوزی جنسی، سەمبۆلیک و نەتەوەییی شوڤێنیزمی تورک، فارس، عەڕەب و ئیسلامیزم. دیسانیش لە ڕوانگەی خانمی فێمێنیستی فارسەوە، هەر ئەو مەرجە وجوودییەی فێمێنیزمی کوردی، ئەو فێمێنیزمە دەکات بە هێمای توندوتیژی، نەک ئیدەئاڵی مافخوازیی ژنی کورد. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو خانمی فێمێنیستە دژ بە توندوتیژییە، هەر ئەو کێشەی لەگەڵ‌ بوونی چەک لەدەستی سپای پاسداران، ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی و ئەڕتەشی کۆماری تورکییە هەیە؟


 بەتایبەت مافی سیاسی، مافی سەروەری، دیارە دیسان دەرگای باسێکی دیکە کراوە کە خودی کوردایەتی بۆ گرینگە؟ ئەو کاتەی لە ٢٠١٧ی زایینی ڕێفراندۆمی باشوور بوو، لەسەر فەیسبووکەکەم شتێکم نووسی. کۆتم: بۆ من زیاتر لە هەر شتێک، بوونی دەوڵەت ئەوەیە لە ژێنۆساید دەتپارێزێ. هەر ئیستا کە ڕووسییە هێرشی کردووەتە سەر ئۆکڕاین چ ژینۆسایدێک خەریکە دەکا. بۆیە سەروەریی سیاسی و پاراستنی ئینسانی کورد، تاکی کورد، نەتەوەی کورد لە ژێنوساید دەتوانێ لە چوارچێوەی گۆڤار و بەرنامەی تیشک باسێکی دیکە بێ، من زۆر زۆر سپاست دەکەم کە تەشریفت هاتووە، هیوادارم پای سابیتی ئەو باسانەی تیشک بی، بەڵکوو بتوانین لەو پڕۆسە دژە کۆڵۆنیالیستییەدا ڕوحی تاکی کورد بەهێز بکەین و بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و لە توانایدا بێ پارێزگاری لە مافی خۆی بکا. زۆر زۆرتان سپاس دەکەم.

منیش سپاسی جەنابتان دەکەم، زۆر خۆشحاڵم ئەو گفتوگۆیەمان پێکەوە هەبوو. دەستەکانی ئێوە و دۆستان و هاوکاریی جەنابتان خۆش بێت. زۆرتان سپاس دەکەم.

 زۆر سپاسی هاوڕێی بەڕێزمان کاک سیاوەشیش دەکەین کە ئەو چەند ساعەتە لەگەڵمان بوو و، زەحمەتی زۆری کێشا و پێمانەوە ماندوو بوو.

داگرتنی بابەت