ئارامتر بخوێنەوە
وتووێژ لەگەڵ
ئیسماعیل بێشكچی
سازدانی وتووێژ: محهمهد عزهدین
وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی: سیپان ڕۆژهەڵات
ئیسماعیل بێشكچی كێیه؟
ئیسماعیل بێشكچی، له حەوتەمین ڕۆژی مانگی یهكی ساڵی ١٩٣٩، له ناوچهی ئیسكلیپی سهر به شاری چۆڕووم، له خێزانێكی توركی حهنهفی لهدایك بووه. بچووكترین منداڵی دایك و باوكی بووه. حوسنووی باوكی (١٨٩٩-١٩٧٨) له سهردهمی عوسمانییهكان مامۆستا بووه، دواتر له سییهكانی سهدهی ڕابردوودا، دهستی بە كاری بهقاری کردبوو. بێشكچی دایكی ناوی زاهیده بووه (١٨٩٨-١٩٨٧). له ماڵهوهیاندا دوو برای له خۆی گهورهتر به ناوهكانی وهسفی و محێدین و خوشکێکی به ناوی ساتی هەبووە.
ئیسماعیل بێشكچی، قوتابخانهی سهرهتایی له مهكتهبی (عهزمی میللی و میساقی میللی) تهواو كردووه. دواتر بۆ خوێندنی ناوهندی، چووەتە قوتابخانهی (ئیسكلیپ)، پاشان ئامادهیی له قوتابخانهی (چۆروم) تهواو دهكات. بێشكچی ساڵی ١٩٥٨، به نمرهیهكی بهرز له بهشی كارگێڕیی كۆلێژی زانسته سیاسییهكانی زانكۆی ئهنقهره وهردهگیرێت. ساڵی ١٩٦٢ ههمان بهش تهواو دهكا.
یهكهم ڕووبهڕووبوونهوهی ئیسماعیل بێشكچی لهگهڵ كورد، بۆ ساڵی ١٩٦١ دهگهڕێتهوه؛ ئهوكاتهی وهكوو ڕاهێنەر (موتهبیق)، بۆ كاركردن لهلای پارێزگار و قائیمقام دهچێته شاری ئهلعهزیز. دواتریش بۆ بهجێگهیاندنی ماوهی سهربازیی ناچاری، لهنێوان ساڵانی ١٩٦٢-١٩٦٤ دهچێته بهدلیس و شهمزینان. بێشكچی لهوێ دهرفهتی ئهوهی دهبێ، زیاتر كورد له نزیكهوه بناسێ. ساڵی ١٩٦٤ بێشكچی وهكوو مامۆستای یاریدهدهر له بهشی كۆمهڵناسیی زانكۆی ئهتاتورك له ئهرزڕووم دادهمهزرێ. ساڵێك دواتر، دهست به نووسینی نامهی دكتۆراكهی لەژێر ناوی (ژێرخانه كۆمهڵایهتییهكانی عهشیرهتی ئالیكانی كۆچهر) دهكات و تێزهكهی قبوڵ دهكرێ و، پلەی دكتۆرا وهردهگرێ.
ئیسماعیل بێشكچی به ڕهخنهگرتن له دهوروبهره ئهكادیمییهكانی لهسهر ئهوهی جهسارهت ناكهن لێكۆڵینهوه و توێژینەوە لهسهر كۆمهڵگای كوردی بنووسن، خۆی دهست بە كارهكه دەکا و له ڕێی چهندین توێژینهوهوه، چهندین بهرههم دهنووسێ و سهرنجهكان دهخاته سهر مژارهكه. به پێی بۆچوونی ئایدۆلۆژیای فهرمی، گهلێك به ناوی كورد و، زمانێك به ناوی كوردییەوە نییە. ئاخۆ چۆن دهبێ كهسێك له چوارچێوهی سنوورهكانی ئهو ئایدۆلۆژیایه دهرچووبێ؟ بۆیه دهبوو حیساب و كیتابی لهگهڵ بكرێ!
له ئهنجامدا، ههر له چوار دهورهی خۆی له زانكۆ، شکایەتی لێ دەکرێ. دواتر بهو هۆیهوه لێكۆڵینهوهی كارگێڕی لهسهر بێشكچی دهكرێـتهوه. له ڕۆژی بیستی مانگی حەوتی ساڵی ١٩٧٠ به تۆمهتی «كتێب و وتاری نووسراو دژی دهستوور و یاسا… « له زانكۆ دەردەکرێ و كۆتایی به ژیانی ئهكادیمی دێنن. له دوای ئهو بڕیاره، بێشكچی سهر له دادگای باڵای كارگێڕی دهدات. دوای پێشكهشكردنی سکاڵاکەی، دادگا بڕیاری ڕاگرتنی دۆسیهكهی بێشكچی له زانكۆ دهدات، کەچی زانستگاكهی ئهو بڕیاره پاشقول دەدەن. بۆیه له سهرەتای ساڵی ١٩٧١، له زانكۆی ئهتاتورك نامێنێ و دواتر له ڕێگای تاقیكردنهوهیهكهوه دهچێته زانكۆی ئهنقهره و، له كۆلێژی زانسته سیاسییهكان دهست به مامۆستایهتی دهكاتهوه.
له سهردهمی دوازدهی ئازاردا، به پێی ههمان دۆسیهی لێكۆڵینهوهی كارگێڕی، ئهوجاره لهلای فهرماندهی دۆخی ئاوارته شکایەت له ئیسماعیل بێشكچی دەکرێ. لهسهر ئهو بنهمایه، لهلایهن فهرماندهی دۆخی لهناكاوی دیاربهكرهوه، دۆسیهی لێكۆڵینهوهی بهرانبهر دهكرێتهوه و بڕیاری دهستگیركردنی غیابی بۆ دهردهكرێت. له ڕۆژی نۆزدەی مانگی شهشی ساڵی ١٩٧١، بێشكچی دهستگیر دهكرێ. لهوێ دهمێدا، له كۆلێژی زانسته سیاسییهكان بوو. بۆیه دوای دهستگیركردنی لهناو حهرهمی زانكۆ، ڕاستهوخۆ دهنێردرێته دیاربهكر و لهوێ لهگهڵ سهدان دهستگیركراوی كورد، دهچنه بهردهم دادوهر.
لەو کاتەوە، بێشكچی نزیكهی ٣٧ پهڕتووكی نووسیووه و بڵاوی كردوونهوه.
دوای ئهوهی بۆ یهكهم جار دهستگیر دهكرێ و دهخرێته زیندانەوە، هەتا دوا زیندانیكردنی، زیاتر له ١٧ ساڵ له بهندیخانه بووە. هاوکات سهدان دۆسیهی دادگایی كردنی بۆ کراوەتەوە، به شێویهك كه بووهته نموونهیهك بۆ ههموو كهسایهتییه زانستییەکان له جیهاندا. سهرباری ئهو زوڵمهی لێی كراوە، سهری بۆ هیچ لایهنێك شۆڕ و نهوی نهكردووە و له ڕێگای زانست لای نهداوە. ههر وهكوو مرۆڤێكی زانستی ماوه و، ئهمڕۆش خاوهنی ههمان ههڵوێست و بۆچوونی خۆیهتی.
سەرەتا سپاس بۆ ئەو کاتەی بە ئێمەت دا، دهمهوێ بڵێم، لهبهر ئهوهی ئهو گۆڤاره لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەچێت و، بۆ ئەوەی زیاتر مێژووی ئێوە بزانین، دڵخۆش دەبین ئەگەر باسی سهرهتای ئەو کاتانەمان بۆ بکەیت کە کورد و کوردستانت
ناسی؟
لە فاکهڵتی زانستە سیاسییەکان لە ئهنقهره (ساڵی ١٩٦٠) خـــــــوێندکاران ڕەوانەی ویلایەتەکان دەکران، لە ویلایەتەکان لەلای والی و قایمقام خولیان دەبینی و لهوێ فێر دەکران. ساڵی ١٩٦١ بوو، منیش چوومە شاری خارپێت و لە شارەکانی قەرەقووچان و کابان و باسکی لەگەڵ قایمقامەکان سەردانی گوندەکانمان دەکرد، کاتێک کێشەیەک دەبوو، لەوێ گوندنشینان باسی ئاریشهكانیان بۆ قایمقام دەکرد و ئهویش ڕاوبۆچوونی خۆی له رێگای وهرگێڕهوه پێ دەگوتن . لە کاتێکدا ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٦١ پڕۆپاگاندەیەکی توند لە دژی کورد هەبوو، پێیان دەگوت «هەموو کەس تورکە، بۆیه دەبێ هەموو کەس تورکی بزانێت» بۆیه فشارێکی زۆر هەبوو. بۆ نموونە، لە زانکۆکان و دادگاکان و دامهزراوهكانی دەوڵەت پشتگیریی ئەو ڕوانینەیان دەکرد. لە میدیا زۆر پڕۆپاگاندە بۆ ئەمە دەکرا کە کورد نییە، زمانی کوردی نییە، نەتەوەی کورد نییە. ههموو كهس لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتووە، بەشێک لەوانەی لەوێیەوە هاتوون، لە شاخەکانن و تورکی شاخین و نابێ پێیان بڵێن کورد و هەموویان تورکن. لەوێ بۆ یەکەم جار وەرگێڕێکم بینی کە قایمقام و گوندییەکان له ڕێگهیهوه پێکەوە قسەیان دەکرد. لهوێوه بۆ یەکەم جار کورد و زمانی کوردیم ناسی. ساڵی ١٩٦٢ لەوێ خوێندنم تەواو کرد، لە جێگەی وەزارەتی ناوخۆ دەمویست لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لە زانکۆ کار بکەم، ئهوه بوو لە زانکۆی ئاتاتورک لە ئەرزەڕوم دەستم بەکار کرد. لەوێوە زیاتر کوردم ناسی. ساڵی ١٩٦٣ لە مانگەکانی هاوین چوومە هەکاری، ئەو کات لە باشوور بە ڕێبەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی خەباتێک هەبوو، تورکیا هەوڵی دەدا ڕێگە لەو شۆڕشه بگرێت، لەوە دەترسا ئەو خەباتە بگوازرێتەوە بۆ ناو وڵاتهكهی، بۆیە هەوڵی ڕێگریکردنی دەدا. لە ساڵی ١٩٦٠ کە کوردەکان لەگەڵ عێراق شەڕیان دەکرد، دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و چوونی مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەکان بۆ رووسیا، بارودۆخێکی وهها هەبوو. توركیا دەترسا، ئەگەر گوشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر کوردان زیاد بێت، ئەوان لە سنوورەکان بپەڕنەوە و، بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕاندنی سنوور، هێزی پشتیوانی ڕەوانەی سەر سنوورەکان کرابوو، ساڵی ١٩٦٣ بوو کە ئەو هێزە پشتیوانییە بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو لە هەکاری و شەمزینان مانەوە. لەوێ دەرفەتی ئەوەم هەبوو کە زیاتر کوردەکان بناسم. بۆ نموونە، من جێگری ئهفسهر بووم. فەرماندەی دەستەیەکی ٨ کەسی بووم، بۆ کەشف دەچووینە سەر سنووری شەمزینان، لەسەر سنووری عێراق و تورکیا چالاکی هەبوو، ڕۆژێک سنوورم تێپەڕاند.
بێئەوەی ئاگادار بیت؟
بەڵێ بەهۆی نەبوونی زانیاری بوو. ئەو کاتە بەردی سەر سنوور هەبوو، پێنج سەد بۆ هەزار مەتر بەردی سنوور هەبوو زۆر دیار نەبوون. ئێمە بە هەڵە سنوورمان تێپەڕاندبوو و پێشمەرگەکان ئێمەیان ڕاگرت. یازدە کەس بووین، هەندێک قسەیان کرد، هیچ تێنەگەیشتین. کەسێک لەنێو ئێمە گوتی بەڕێز ملازم من دەتوانم قسە بکەم، خەڵکی ناوچەی ئالپاچای قارس بوو. منیش گوتم قسە بکە. زۆر بە ئاسانی قسەیان کرد، کەسێکی ناوچەی ئالپاچای قارس و ناوچەی سیدەکان کە دووریی نێوانیان ١٥٠ کیلومەترێک دەبێت، زۆر بەئاسانی قسەیان دەکرد. لەنێو ماڵێکی ئالپاچای و پێشمەرگەکان زۆر بەئاسانی گفتوگۆ دروست بوو. ئەو کاتە گوتبوویان کە سنوورمان تێپەڕاندووە و تێگەیشتین، لە کاتێکدا کە لە ئهنقهره دەیانگوت کورد نییە، کوردەکان لە یەکتر تێناگەن. کوردێکی ئەم بەری چیا لە کوردێکی ئەو بەری شاخەکان تێ ناگات، ئاوەیان دەگوت لە ئهنقهره دەیانگوت تورکییە، عەرەبییە، قەفقازییە، لە کاتێکدا کەسێکی ئالپاچای و پێشمەرگە زۆر بەئاسانی قسەیان دەکرد. ساڵی ١٩٦٣ بوو، ئێستا لە مێشکی ئێوەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە، دەتانەوێت لێی بکۆڵنەوە و لە ئاکامدا بیری لێ بکەنەوە.
لــــــــەوێ ناسیاوییەک لەگەڵ کوردەکان دروست بوو, ڕووبەڕووبوونەوەیەک بوو. مامۆستا دەمەوێ پرسیارێکی دیکە بێنمە گۆڕێ، کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودهوڵهتی, کتێبێکی ئێوەیە. ناوێکە زۆر بەکار دێت، ئەو داگیرکارانەی دەتەوێ بیانناسێنی، وڵاتانی جیهانن یان مەبەستتان ئیران، عێراق، سوریا و تورکیایە؟
ئەم پرسیارە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی بە کێشەی کورد و کوردستانەوە هەیە، پرسی کورد چییە، کێشەی کوردستان چییە؟ من زۆر لە نزیکەوە کارم لەسەر ئەوە کردووە، ئەوەی پێی گەیشتووم، لە ساڵی ١٩٢٠ لە کۆمەڵەی گەلان، مافی کوردان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ زەوت کرا و کوردستان پارچەپارچە کرا، لەت کرا، بەشبەش کرا، دابەش کرا. کێشەی کورد ئەمەیە، کێشەی کوردستان ئەمەیە، بە گشتی دەڵێن کوردەکان داگیر کراون (کۆڵۆنی)ن. دەڵێن کۆڵۆنیی تورکیان، کۆڵۆنیی ئێرانن، هیی عێراقن، هیی سوریان. بە کوردەکان دەڵێن داگیرکراو، لەلای کوردەکان کوردستان داگیر کراوە، لەو کتێبەی ئێوەشدا باستان کرد، وا هاتووە.
لە ڕاستیدا کوردستان داگیرکراو (کۆڵۆنی) نییە. دەمەوێ ئاوا بڵێم خۆزگە داگیرکراو بووبا، کوردستان وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو بووایە.
بارودۆخێکی جیاوازتری دەبوو؟
وا نییە، داگیرکراویش نییە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە کۆڵۆنییەکان چۆن دروست بوون، بۆ نموونە لە ئەمریکا، لە سەدەی ١٦ لە ئەمریکا و ئەورووپاوە دەچنە ئەفریقا، سەرەتا هۆڵەندییەکان و دانماڕکییەکان چوونە ئەفریقا، دواتر ئیسپانییەکان و پرتوگالییەکان چوونە ئەفریقا، ئەوان هەندێک کەرت و ناوچەی دیاریکراوی ئەفریقایان کۆنتڕۆڵ کرد.
ئەو شوێنانەی بۆیان چووبوون، کۆنتڕۆڵیان کرد، دواتر لە سەدەی ١٨ ئینگلیزەکان و فەڕەنسییەکان چوونە ئەفریقا، دواتر لە چارەکی کۆتاییی سەدەی ١٩ و لە ساڵانی هەفتاکاندا ئاڵمانییەکان و ئیتاڵییەکان بەو شێوەیە ئەفریقایان بە کردار دابەش کرد. هەر کەسێک دەیەویست ئەو ناوچەیەی کۆنتڕۆڵی کردووە، فراوانتری بکات. لە لایەکی دیکەوە ئەوەی دەگاتە ئۆقیانووسەکان و کۆڵۆنییەکان شەڕیان بووە لەگەڵ پرتوگالییەکان، دەیانویست ئەو ناوچەیە فراوان بکەن، لە کاتی هەوڵدان بۆ فراوانکردنی لەگەڵ داگیرکراوەکان (خەڵکی خۆجێیی) ناکۆکی و رێکنەکەوتن دروست دەبێ. لە ساڵی ١٨٨٦ کۆنگرەیەکیان بەست و لەو کۆنگرەیەدا ئینگلیز، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، پرتوگال، ئیسپانیا و بەلجیکییەکان کۆ بوونەوە و ئەو شوێنانەی کۆنتڕۆڵیان کردووە، بردیانە سەر کاغەز، واتا ڕێک کەوتن. بە پڕاکتیکی لەسەر ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان کردووە، ڕێک کەوتن. بۆ نموونە کۆمەڵێک وڵات بە ناوی کینیا، تانزانیا، غانا، سەنیگال، زامبیا دروست بوون، ئەو وڵاتانە دامەزران و سنووری هەر وڵاتێک دیاری کرا، بۆ نموونە کینیا بوو بە بەشی ئینگلیز یان سەنیگال بوو بە هیی فەڕەنسا، هەر کۆڵۆنییەک سنووری خۆی هەبوو.
بەڵام کوردستان هیچ سنوورێکی وای نییە.
ئەو خەڵکانەی لەنێو ئەو سنوورانەدا دەژیان، بۆ نموونە ئەوانە ئینگلیز نین، فەڕەنسی نین، بەڵام ئینگلیزەکان ئەوێیان بەڕێوە دەبرد، فەڕەنسییەکان ئەوان بەڕێوە دەبەن، بەو واتایە دێت کە بڵێن ئینگلیزەکان کینیا بەڕێوە دەبەن. بەڵام کاتێک توانییان لە ڕووی ئابووریی و کلتوورییەوە خۆیان بەڕێوە بەرن، سەربەخۆیی دەدەنە ئەو وڵاتانە. کۆڵۆنییەکان بەم شێوەیە دروست بوون، لە ساڵی ١٨٨٦ واتا ئەو ناوچەیە تا کۆتایی هیی ئینگلیزەکان نابێ، ئینگلیزەکان لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە بەهێز دەکەن، سوود لە سەرچاوە سرووشتییەکانی وەردەگرن. بۆ نموونە چای و خورما بەرهەم دێنن، نەوتەکەی بەکار دێنن، ئەو شتانەی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکەن، بەرهەمی دێنن. سەرچاوەی سروشتیی زۆر دەوڵەمەندیان هەیە، ئینگلیزەکان و فەڕەنسییەکان ڕێککەوتنێکی بەم شێوەیەیان هەبوو، بەڵام ئەمە لە کوردستان نابینرێت، کوردستان لەت کراوە، پارچەپارچە کراوە، دابەش کراوە. کوردیش نییە و کوردستانیش نییە، واتە لەسەر کاغەز کوردیش نییە، کوردستانیش نییە. لێرەوە بە ئێران یان چووزانم کۆماری تورکیا، عێراق و سوریا کە بەشێكی دیاریکراوی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، بەڕێوەی دەبەن. بەڵام ئەمە تا کۆتایی بەو شێوەیە دەبێت، تا کۆتاییی خاکی تورکیا، عێراق و ئێران دەبێ، واتا سنوور و شت نییە. پێویستە لەمە تێبگەین، لە وڵاتانی کۆڵۆنیالیدا سنوور دیاری کراوە.
لەبەر ئەمەیە کوردستان کۆلۆنی نییە.
ـ کۆڵۆنی نییە.
تایبەتمەندییەکانی نییە.
نییەتی. زۆر لە کۆڵۆنی خوارترە، کۆڵۆنی قەوارەیە، بۆ نموونە کۆڵۆنییەکانی ئینگلیز پێیان دەگوترێ کینیا، زیمبابوە. دوای شەڕی دووەمی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان سەربەخۆیییان دایە کۆڵۆنییەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان ١٤ی سەرماوەزی ١٩٦٠ بە بڕیاری ٥١٤ سەربەخۆیییان دایە کۆڵۆنییەکان. دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، واتا کۆڵۆنییەکان بەو سنوورانەیانەوە سەربەخۆیییان وەرگرت، لە ئەفریقا تەنیا چوار وڵات لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە سەربەخۆیییان بەدەست هێنا. دەزانن کە جەزاییر لە ساڵی ١٩٥٤-١٩٦٠ و لە ساڵانی ١٩٧٣ و ١٩٧٤ کۆڵۆنییەکانی ژێردەستی پرتوگال لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە سەربەخۆیییان وەدەست هێنا. بەڵام ئەمڕۆ لە ئەفریقا ٥٧ دەوڵەت هەن، ئەو دەوڵەتانەی تا ساڵانی هەزار و نۆسەد، تا شەڕی دووهەمی جیهانی کۆڵۆنی بوون و، سنوورەکانیان دیاریکراو بوو. ئەوان بەو سنوورانەوە سەربەخۆیییان وەرگرت، واتە دوای ئەوەی بوونە وڵاتی سەربەخۆ، لەنێوان وڵاتان شەڕی گەورەی چەکداری ڕووی نەدا کە بڵێن وڵاتی تو گەورەیە و هیی من بچووکە، شتی وا نەبوو. تەنیا لە (ناوچەکانی ژێردەستی پرتوگالییەکان) لەو سنوورانە شەڕ و پێکدادان ڕووی دا. بەڵام لە کوردستان ئەمە نابینین. کورد نییە، کوردستانیش نییە. بۆ نموونە لە لۆزان، گرنگترین بابەتی لۆزان کوردستان بوو، بەڵام کوردیش نەبوو. دەربارەی کورد قسە دەکرا، بەڵام ئینگلیزەکان، فەڕەنسییەکان، تورکەکان و ئیران نوێنەریان هەبوو. ئەمانە دەربارەی کوردستان قسەیان دەکرد، بەڵام کورد نوێنهری نەبوو.
مامۆستا دەمەوێ ئەمە بپرسم بۆ ئەوەی ئەم داگیرکارییە لە چوارپارچەی کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەرکی ڕۆشنبیرانی کورد چییە؟
سەرەتا دەبێ زانیاری دەربارەی لەتکردن و پارچەکردن کۆ بکەنەوە. ئەمڕۆ ٥٠ ملیۆن کورد هەیە و لەوانەشە زیاتر بن. لەبەر ئەوەی لە هیچ وڵاتێکدا نە لە ئیران، عێراق، سوریا و تورکیا سەرژمێرییەکی ڕاست و دروست لەبەر دەست نەبووە.
بەڵێ.
بە بڕوای من هۆکاری ئەنجامنەدانی سەرژمێری ئەوەیە کە دەترسن ژمارەی کورد زیاتر بێت، بۆ نموونە پێنج ملیۆن، بەڵام لەوانەیە ئێستا ١٠ ملیۆن بێت، واتا لە ترسی ئەوەی نفووسی کورد زیادتر دەبێت، سەرژمێری ناکەن، ئێمە بەردی گەورە هەڵدەگرین و دەڵێین پەنجا ملیۆن، شەست ملیۆنین. دوو هەفتە دەبێ لێکۆڵینەوەیەک کراوە و دەڵێن لەوانەیە ٧٠ ملیۆن بێ.
لە سەرانسەری جیهان؟
واتا بەگشتی دەڵێن ژمارەی نفووسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٧٠ ملیۆن کەسە.
ڕاستە، بەڵێ مامۆستا.
بگەنە ئەو بڕوایەی بڵێن کە پارچەپارچە ناکرێن، دابەش نابن و، بە شێوەیەک کە بڵێن تۆ ٧٠ ملیۆنی کەسی.
وای دابنێین.
وای دابنێن ٧٠ ملیۆن کەسی، بەڵام تۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نی، پێگەت نییە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناوت نییە.
ئاڵات نییە.
ـ لە کۆنفڕانسی ئیسلامی ناوت نییە.
نییە.
لە کاتێکدا تۆ ٦٠ ملیۆن کەسی، بۆ نموونە وڵاتانی کەنداو وەک، کوەیت، قەتەر، بەحرەین، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی، هەر یەک لەوانە ملیۆنێک دەبن، دوای شەڕی دووهەمی جیهانی دروست بوون. بۆ نموونە یەکێتیی ئەوروپا هەیە.
بەڵێ.
یەکێتیی ئەورووپا ٢٧ ئەندام بوون، بۆ نموونە لە یەکێتیی ئەورووپا، قوبرس.
لۆگزامبۆرگ.
قوبرس، لۆگزامبۆرگ، ماڵتا، زۆربەی ئەو وڵاتانە نفووسیان یەک ملیۆنە، یان یەک ملیۆنیش نابن، هەر وا بێتەوە، ستۆنیا، لیتوانیا، لاتڤیا و زۆر نموونەی دیکە هەیە لەو ٢٧ ئەندامە کە نفووسیان زۆر کەمە. ملیۆنێک، دوو ملیۆن و سێ ملیۆن، چوار ملیۆن، بەڵام تۆ پەنجا ملیۆن یان زیاتر لە پەنجا ملیۆنی، کەچی ناوت نییە. کوردەکان پێویستە ئەمە بزانن و ئاگاداری ئەمە بن.
مامۆستا شتێکی دیکەش هەیە.
تو لەسەر ڕووبەری زەوییەکی بەم فراوانییە دەژی، ئەوەندە نفووست هەیە، ناوت نییە. واتە ئەوە ناحەقییە کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.
شتێکی دیکەش هەیە مامۆستا کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، عەرەب وەکوو پێکهاتەیەکی ئەتنیکی ٢٣ دەوڵەتی هەیە و ٢٣ نوێنهری لەوێ هەیە، بەڵام کوردەکان نییانە.
کوردەکان نییانە. تەماشا کە، بۆ نموونە لە کۆنفڕانسی ئیسلامیدا ٢٣ دەوڵەتی عەرەب هەیە، میسریش دەوڵەتێکی عەرەبییە، نزیکەی ٥٠ دەوڵەتی ئیسلامی هەیە کە زۆربەیان نفووسیان لە ژمارەی گشتیی کورد کەمترە. بۆ نموونە لە یەکێتیی ئەورووپاش مەگەر تەنیا ئاڵمانیا، فەڕەنسا ،ئینگلتەرا، ئیسپانیا و هەروەها ئیتالیا و پۆلەندا بەقەدەر کورد نفووسیان هەبێ، بەڵام وڵاتانی دیکە ژمارەی دانیشتووانیان لە ژمارەی نفووسی کورد کەمترە.
باشە، مـــامـــــۆستا تۆ لێکۆڵینەوەیەکت دەربارەی دێرسیم هەیە، لە توێژینهوهكهتدا باسی گۆڕینی ناوی شارەکە بۆ کوردی و کێشەی ناسنامەی عەلەوییەکان و سەرهەڵدانی شێخ ڕەزا و شەڕی لەگەڵ تورکیا دەکەیت، کەچی سەرەڕای ئەمانە دەبینین کە لەوێ پارتە کۆمۆنیستەکان دەتوانن دەنگێکی زۆر بەدەست بێنن، ئەمە چۆن لێک دەدەیەوە؟
بەڵێ، لەوێ کەمیی زانیاریی نەتەوەیی هەیە، بابەتەکە کەمبوونی زانیاریی نەتەوەیییە. نەتەوەی کورد کە کوردستان وڵاتەکەیەتی، زانیاریی کەمە، ئەو زانیارییە کەمانە، لە باشووریش وایە. لە کوردستانی باشوور بەو شێوەیە، چەندین شەڕ ڕوویان داوە، زۆر شەڕی گران ڕووی داوە و باجی زۆر قورس دراوە. بۆ نموونە ساڵی ١٩٨٨ هەڵەبجە کیمیاباران کرا، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە ببێتە هۆی فراوانبوونی هەستی نەتەوەیی لەنێو کوردەکان، لە باشوور و باکووریش هەر بەو شێوەیەیە.
زۆر باشە مامۆستا، مادام بارودۆخەکە بەم شێوەیەیە، گرنگیی زمانی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان چییە؟
زمانی کوردی زۆر گرنگە، بۆ نموونە لە تورکیا لە کاتی دامەزراندنی کۆمارەوە لە ١٩٢٠ هەوڵ دەدرێت کوردی لەنێو ببرێت و، کوردەکان بە زمانی تورکی پەروەردە بکرێن، سیاسەتی دەوڵەت بۆ کورد ئەمەیە. بۆ ئەم مەبەستەش گوندەکانیان سووتێنراون و ڕووخێنراون. کاتێک گوندەکان ڕووخان، تو دەچییە ڕۆژئاوا و دەچییە ئیستەنبوڵ، ئانکارا و ئیزمیر. بیرۆکەی دەوڵەت ئەوەیە، کورد لەوێ دەتوێتەوە، کوردی لەبیر دەکات و فێری تورکی دەبێت.
هەر واشی لێهات.
بێگومان هەربۆیە سیاسەتی بنەڕەتیی دەوڵەت ئەوەیە کوردی لەنێو بەرێت، ئێمەش دەڵێین پێویستە کوردەکان بەمە بزانن و لەناو خۆیاندا پەرە بە زمانی کوردی بدەن. لەنێو یەک خێزان دەبێ بە کوردی قسە بکەن، دەبێ منداڵان فێری کوردی ببن، لە دیاربەکر لە ئانکارا. ئەمە دەڵێین، ئەگەر وە نەبێ سیاسەتی دەوڵەت لەنێوبردنی زمانی کوردی و، لەبیرکردنی کوردییە.
کورد لەبەرانبەر ئەو سیاسەتەدا دەبێ چ هەڵوێستێکی هەبێت؟
دەبێ بە کوردی بژین، لەگەڵ منداڵەکانیان بە کوردی قسە بکەن، فێری کــــوردییان بکەن.
زۆر باشە، مامۆستا دەمەوێ پرسیارێکی دیکە بکەم کە پەیوەندی بەم پرسیارەوە هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ داین، هەندێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران دەڵێن چیتر باوی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە، بۆ کوردان دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارێکی زۆر سەختە، باشترە لەنێو دەوڵەتێکدا، وەکوو هەندێک لە دەوڵەتانی یەکێتیی ئەورووپا ببن بە یەک دەوڵەت، بیرکردنەوەی تۆ لەم بارەیەوە چییە؟
ئەوەی دەڵێی ڕاست نییە، قسەی تۆ بۆ ڕاست نییە، سەیر کە یەکێتیی سۆڤیەت(شۆڕەوی) لە ساڵی ١٩٩٠ هەڵوەشایەوە، ١٥ دەوڵەتی لێ دروست بوو. یۆگۆسلاوی لە ساڵی ١٩٩٠ پارچەپارچە بوو، مەکەدۆنیا ، سڕبیا، هرواتستان (کرواسی) و ئیسلوانیا و … هتد دروست بوون واتا چەند دەوڵەت دروست بوون.
دەمەوێ ئەمە بڵێم کە دەوڵەتی نەتەوەیی کۆتایی نەهاتووە، بۆ نموونە لە ئەفریقا لەو ساڵانەی دواییدا سوودان دروست بوو.
شوێنی دیکەش هەن.
واتا ئەو مودێلە هیشتا بەکار دێت، هێشتا هەموو لایەک دەیانەوێ ببن بە دەوڵەت.
ئەو پرسیارەی لە ئێوەم کرد، هەندێک جار پارتە سیاسییەکانی باشوور و باکوور و ڕۆشنبیران باس لەو بیرۆکەیە دەکەن، بەڵام ئێمە دەزانین بیرکردنەوەی مامۆستا ئیسماعیل لەو بوارەوە دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیییە و، دەبێ ئەمە گرنگترین کاری کوردان بێت، لەم بوارەوە لەنێوان هەدەپە و بیرکردنەوەکانی ئێوەدا هێچ ناکۆکییەک دروست دەبێ؟ دروست بووە؟ بیرکردنەوەتان جیاوازە یان نا؟
جیاوازە، زمان بۆ کوردان زۆر گرنگە، لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە زمان زۆر گرنگە، خاوەنی زمان بوون زۆر گرنگە، هەبوونی دەوڵەت گرنگە. ئێمە دەڵێین ٥٠ ملیۆنین، پێویستە ئەم ٥٠ ملیۆنە دەوڵەتی هەبێت. ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەوڵەتت نەبێ، ناتوانی قەبرستانێکیشت هەبێ، ناتوانی موزەخانەیەکت هەبێ. بۆ نموونە لە دەوروبەری سێرت گۆڕستانێک تێک درا. لە شەڕی پەکەکە و دەوڵەت گۆڕستانێکیان تێک دا. خاکیان بردبووە ئیستەنبۆڵ، لە ئیستەنبۆڵ ڕێگەیەکیان دروست دەکرد، دەیانویست ئەو ڕێگەیە فراوان بکەن. لە سێرتەوە خاکیان هێنابووە ئیستەنبۆڵ، واتە گۆڕستانێکیان تێک دابوو، ئێسکوپرووسکیان بردبووە ئیستەنبۆڵ و بێتۆنیان بەسەردا کردبوون. واتە ئەگەر دەوڵەتێكت نەبێ، گۆڕستانیشت نابێ و ناتوانی خانوو دروست بکەی، هەربۆیە دەوڵەت زۆر گرنگە.
باشە لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نێویشت نابێ، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا باسی ملیۆنان کەس دەکەین. لە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا نابێ، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنفڕانسی ئیسلامی پێویستە کورسیتان هەبێ، ناوتان هەبێ. هەربۆیە دەبێ بەم شێوەیە بێ.
مامۆستا بە پێی ئەو قسانەی تو بێ، هەنگاوی پارتە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان وەکوو پەکەکە، پارتی و یەکێتی بۆ پاراستی زمانی کوردی و نەتەوەی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئێمە بەردەوام باسی ئەوە دەکەین کە لە ساڵانی ١٩٢٠ کوردستان پارچەپارچە، لەت و دابەش کراوە، پێویستە کوردەکان زانیارییان لەسەر ئەمە هەبێ و لەم خاڵەوە سیاسەت بکەن. تەنانەت دەتوانین بڵێین کاتێک بیر لە ساڵانی ١٩٢٠ دەکەینەوە، مافی میللەتان بۆ دیاریکردنی چارەی خۆنووسین شتێکی وا هەیە، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان، سالانی ١٩٢٠ ئەو سەردەمەیە کە یەکەم جار ئەم شتە تێیدا ڕووی داوە. لە باکووری ئەفریقا، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەو سەردەمەیە کە ئەمە یەکەم جار ڕووی داوە. بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە بتوانن ئەمە بەدەست بێنن، هەوڵێکی زۆر دراوە، بۆ نموونە لە یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی (ستالین ترۆچکی) و لە ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ڕۆزڤێلت، نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان زۆر هەوڵ دەدەن. لەو قۆناغەدا دەبینین کوردستان لەت، پارچەپارچە و دابەش کراوە. دەمەوێت ئەمە بڵێم پێویستە کوردەکان لەمە تێبگەن، تێگەیشتن ئەوەیە کە بڵێیت، بۆ ئەم ناحەقییە بەرانبەر بە ئێمە کراوە، واتە چ کەموکووڕییەکمان هەیە کە دەوڵەتەکان بەرانبەر ئێمە بەکاری دێنن و لەتی دەکەن. پارچەپارچەی دەکەن، دابەشی دەکەن و ناسنامەکەمان لەنێو دەبەن. سەرەڕای هەبوونی ئەو نفووسە زۆرە، ئەو ڕووبەرە فراوانە، بۆ ناوی ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. پێویستە لەمە تێبگەن، کاتێک لەمە تێگەیشتن، هەر کاتێک کوردێک لە ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا لەمە تێگەیشت، دروستکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن و قسەکردن ئاسانتر دەبێت.
زۆر باشە مامۆستا، دەمەوێ چەند پرسیارێک سەبارەت بە باکوور لێ بکەم، تو پێشتر لە نووسینەکانی خۆتدا دەربارەی ئۆجەلان ئاوات گوتووە. ئەگەر هەڵە بووم تکایە بۆم ڕاست بکەوە، لەبەر ئەوەی ئۆجەلان لە بەندیخانەیە، پارتە کوردییەکانی باکوور، نابێ بە قسەی ئەو بکەن، دەبێ بە قسەی ئەوانە بکەن کە لە دەرەوەن، لەبەر ئەوەی لە بەندیخانەیە. کەسێک لە بەندیخانە بکرێت، ئیرادە و بیرکردنەوەیەکی ئازادی نابێت، لەم بارەوە پارتە کوردییەکان بۆ دواڕۆژی کورد دەبێ چی بکەن؟
شتێکی زۆر ئاشکرایە، کورد خاوەنی نفووسێکی فراوانە و لە وڵاتێکی فراواندا دەژین، بەڵام ئەم وڵاتە لەت، پارچەپارچە و دابەش کراوە. دەڵێن کوردستانی ئێران، کوردستانی عێراق، کوردستانی سوریا یان دەڵێن کوردستانی تورکیا، لە کاتێکدا دەبێت کوردستانی کوردەکان بێت. بەڵام ئەمە نییە، هەر لەبەر ئەوەیە کە دامەزراندنی کوردستان گرنگە، ئێوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست٥٠ ملیۆن کەسن، بەڵام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناوتان نییە، پێویستە بیر لەوە بکەنەوە. پێویستە کورد بیر لەمە بکاتەوە کە چۆن ئەم ناحەقییە بەرانبەری کراوە. ئەم ناحەقییە چۆن تا وەکوو ئێستا بەردەوامە، کاتێك کورد لەمە تێبگات، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر باشتر پەرە دەستێنێت، کوردەکان دەبێت یەکتر قەبووڵ بکەن، نابێ باج بدەنە دەوڵەت.
واتا کوردەکان دەبێ یەکتر قەبووڵ بکەن نەک دەوڵەتانی دیکە.
ـ بەڵێ.
زۆر باشە مامۆستا، تو عەبدوڕەحمانی قاسملوو دەناسی؟
ـ بەڵێ.
کتێبێکی عەبدوڕەحمانی قاسملوو هەیە بە ناوی کوردستان و کورد، ئەگەر ئەو کتێبەت خوێندووەتەوە، عەبدوڕەحمانی قاسملوو و ئەم کتێبە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
قاسملوو لە نزیکەوە دەناسم، واتا لە کتێبەکانییەوە دەیناسم. لە بزووتنەوە سیاسییەکەیەوە دەیناسم، لە ساڵی ١٩٧٨ کاتی گەڕانەوەی خومەینی بۆ پاریس کە بیرکردنەوەی خۆی ئاشکرا کرد، لەوێوە دەیناسم. کاتێک خومەینی لە پاریس بوو، چاوپێکەوتنی لەگەڵ قاسملوو هەبوو. قاسملوو لە پاریس خومەینی بینوە و باسی کوردانی کردووە، باسی بارودۆخی کوردانی کردووە. چەند داواکارییەکی هەبوو، بەڵام کاتێک خومەینی گەڕایەوە ئێران و شا ڕووخا، قاسملوو لەگەڵ سەرکردەکانی کورد جارێکی دیکە سەردانی خومەینییان کردەوە. خومەینی دەڵێت یەکپارچەییی ئیران و ئیسلام گرنگە، داواکاری لە دەرەوەی ئەم بابەتانە لە دژی ئیسلامە. لەسەر ئەم شتانە ناکۆک دەبن و، دەڵێت کۆبوونەوە کۆتایی هاتووە
دەیەوێت ئیسلامی خۆی بەسەر کورددا بسەپێنێت، بەتایبەتی ئیسلامی شیعەی ئیرانی، لە ئێران و عێراق و تورکیا دەربارەی دواڕۆژی کوردەکان هەڵوێستێکی دژەکوردییان هەبووە.
باشە، مامۆستا لێرە پرسیارێکی دیکە دەربارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، ئەم گۆڤارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەچێت، پێشنیارتان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟
ئێستا تێگەیشتن لەو پارچەبوون و لەتکردنە زۆر گرنگە، دەتوانم ئاوا بڵێم کە ئەمە قۆناغێکە و خۆی بەڕێوە دەبات، دابەشکردن و لەتکردن و پارچەپارچەکردن، تەنیا وڵاتەکەیان دابەش نابێت، بەڵکوو ماڵباتەکانیش دابەش دەبن، پارتە سیاسییەکان دابەش دەبن، ئەندامانی خێزان دابەش دەبن، بۆ نموونە لەنێو ماڵباتێکدا یەکیان بووەتە گەریلا، ئەوەی دیکەیان عەسکەرە(سەربازی تورک) واتە لەت، پارچەپارچە و دابەش بوون. قۆناغێکە خۆیان بەرهەمی دێنن، پێشتر ڕژێمی شا و عوسمانییەکان، دواتر لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە ئێران و لە ئازەربایجان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت، کوردستانی سوور ڕاگەیێنرا. واتا بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چووە ژێر دەسەڵاتی ڕووسەکان، کوردستانی عوسمانییەکان بەسەر سێ بەشدا دابەش کرا: وەک عێـــــــــــراق، ســــــــوریا و
تورکیا.
زۆر باشە مامۆستا گیان، سپاستان دەکەم. هیچ پرسیارێکی دیکەم نەماوە و لە کۆتاییدا ئەگەر بتەوێ شتێک بڵێی لە خزمەتتداین.
دەمەوێ لە ڕێگەی ئێوەوە خۆشەویستیی خۆم پێشکەشی ڕۆژهەڵات و خەڵکی ڕۆژهەڵات بکەم.
زۆر سپاس مامۆستا گیان.
داگرتنی بابەت



