ئارامتر بخوێنەوە
چەنگیز ئیلدریم
دەوڵەتمەردێکی کوردی سۆڤییەتی*
لەتیف مەمەد
و: کامران ئەمین ئاوە
کورد لە مێژووی ئازەربایجاندا وەک یەکێک لە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەوێ هەمیشه ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە. چەنگیز ئیلدریم یەک لەوانەیە کە لە نێو کەسایەتییه به ناوبانگەکانی کوردی سۆڤییەتی سەدەی ٢٠دا شوێنێکی دیاری هەبووە.
ناوی ڕاستەقینەی بنەماڵەیی چەنگیز، «سوڵتانۆف» بوو، بەڵام به پێی داب و نەریتی کوردان، ئەو بە «چەنگیز ئیلدریم» ناوی دەرکرد و له بەڵگەنامەکانیدا، ئەو ناوە نووسراوە.
چەنگیز ئیلدریم لە ١٠ی ژووئەنی ساڵی ١٨٩٠ لە ئاوایی «قوباتلی» سەر به پارێزگای ئەلیزابێتپۆل(گەنجه) لە دایک بوو. چونکە سەر بە بنەماڵەی کۆن و ئاریستۆکراتی کورد، سوڵتانۆف لە کوردستانی قەفقاز بوو، دەرفەتی خوێندنی بۆ پێک هات.
باوکی ئیلدریم دەرفەتی کردنەوەی قوتابخانهی لە قوباتلی بۆ ڕەخسا و، هەر دوو کوڕەکانی – چەنگیز و جەبار-ی ڕەوانهی ئەوێ کرد. چەنگیز پاش تەواوکردنی قوتابخانەی ئاوایی، دەستی به خوێندن لە قوتابخانەی ناوەنجیی شوشه کرد و، پاش داخرانی ئەم قوتابخانەیە – خوێندنی ناونجیی لە ساڵی ١٩٠٦ هەتا ١٩٠٩ لە ولادی قەفقاز (باکووری ئۆسێتیا) به ئەنجام گەیاند. چەنگیز، لاوی ١٩ ساڵه، بۆ سەنت پێترزبورگ چوو و لە بەشی پیشەسازیی کانزایی ئەنیستیتۆی پۆلیتێکنیک، دەستی به خوێندن کرد.
لەم پێوەندییەدا، جەبار برا گەورەکەی که لە شوێنێکی سپایی دوکتور بوو و مووچەیەکی باشی وەردەگرت، یارمەتیی چەنگیزی دەدا.
له ئەنیستیتۆی پۆلیتێکنیک، توانایی و شێلگیریی بەرچاوی چەنگیز، سەرنجی پرۆفیسۆر ئی. ئیسمان و م. پاولۆفی بەرەوخۆی ڕاکێشا و ئەوان پێشنیاریان پێکرد له زانکۆی مێتالۆژی دەست به خوێندن بکات.
چەنگیز ئیلدریم پاش تەواوکردنی ئەنیستیتۆ لە مای ساڵی ١٩١٦ و وەرگرتنی دیپلۆمی مێتالۆژی وەک ئەندازیار لە کارخانەی میکانیکی «ئایواز»ی سەنت پێترزبورگ (ساڵانی ١٩١٨-١٩١٦) دەستی به کار کرد. ئەو به پێی کار و ژیانی لەم شارە و، چالاکی و بهگوڕ بوونی تایبەت به خۆی، کەوته ناو جەرگەی ڕووداوە شۆرشگێڕانەکانی ئەو کاته و له هێرشی سەر کۆشکی زستانی لە سەنت پێترزبورگ بەشداریی کرد.
چەنگیز ئیلدریم لە ساڵانی ١٩١٩ – ١٩١٧ دەستی به کار له کۆمیساریای خەڵکیی نەتەوەکانی ڕووسیه کرد و بووە بەڕێوەبەری نووسینگەی کار و باری موسڵمانەکانی رووسیه لە ژێرچاودێریی شۆرای کۆمیسێرەکانی گەلی کۆماری فدراتیوی سۆسیالیستیی روسیەی سۆڤییەتیدا. لە مای هەر ئەو ساڵەدا کرا به سەرۆکی بەشی کۆمیساریای کاروباری نەتەوەکانی یەکیەتیی کۆمۆنی ناوچەی باکوور. چەنگیز ئیلدریم هەروەها سەرۆکی کۆڕی نیزامیی موسڵمانەکان له کۆمیساریای نیزامیی سەنت پێترزبورگ بوو. چ. ئیلدریم لە ژووئەنی ساڵی ١٩١٨، بۆ یەکەم جار، سکادرانی نیزامیی موسڵمانەکانی له سەنت پێترزبورگ و ناوچەکانی باکوور دامەزراند. ئەم سکادارنه پاشان بوو به بەشێک له سپای سوور و ناوی « ئیلدریمیە›»یان لەسەر دانا.
ئیلدریم به هۆی باوەڕپێکراوی و کارامەیی زۆری، بۆ شۆرای نوێنەرانی کرێکاران و سەربازانی سەنت پێترزبورگ هەڵبژێردرا.
لە سەرەتای ساڵی ١٩١٩ چەنگیز گەڕاوە بۆ ئازەربایجان و کرا به ئەندامی شۆرای فەرمانداریی گشتیی قەرەباغ له کۆماری دێموکراتیکی ئازەربایجان. خەسرۆ بەگ پاشا بەگ سوڵتانۆف (١٠ی مای ١٨٧٩ – ١٩٤٧) ئامۆزای چەنگیز ئیلدریم، فەرمانداری گشتیی قەرەباغ (١٩٢٠ -١٩١٩) بوو.
لە ئاگوستی ساڵی ١٩١٩ چەنگیز بوو به یاریدەدەری سەرۆکی بەندەری باکۆ و هاوکات بووە جێگیری سەرۆکی بەندەری نیزامی. هەروەها لە نێوەڕاستەکانی ساڵی ١٩١٩ کرا به کارگێڕی تایبەتی وەزیری ڕێگا و بان بۆ کاروباری پێوەندی و ڕاگواستنی دەریایی. ساڵی ١٩١٩ به ئەمری حیزبی بۆلشویکەکان لە باکۆ، گروپێکی بۆ ناردنی نەوت بۆ ڕووسیه ڕێکخست. پاش جێگیربوونی حکوومەتی سۆڤییەتی لە ئازەربایجان، لە یەکەمین دەوڵەتی سۆڤییەتی کە لە ٢٨ ئاوریلی[١٩٢٠] به سەرۆکایەتیی نەریمان نەریمانۆف دامەزرا، چەنگیز ئیلدریم کرا به یەکەم کۆمیساریای گەل له کارو باری نیزامی و دەریاییدا(٢٨ی ئاوریلی ١٩٢٠ هەتا ٢٦ ژووئەنی ١٩٢٠). ئەو هێز و وزەیەکی زۆری بۆ دروستکردنی هێزە چەکدارەکانی ئازەربایجان، هەروەها ڕێکخراوی یەکەکانی نیزامیی میللی ئازەربایجانی سۆڤییەتی تەرخان کرد.
ساڵی ١٩٢٢ ئەرکێکی گەلێک مەترسیدار و ئەمەگنەناسانە، واته کارگێڕیی خاوەن ئەوپەڕی دەسەڵاتی شۆرای کۆمیسێرەکانی گەل و کۆمیتەی بەرێوەبەریی ناوەندی ئازەربایجان بۆ کۆکردنەوەی باجی خۆراک به چەنگیز سپێردرا. ئەو لەم پلەیەدا کەڵکی لەهەر دەرفەتێک بۆ یاریدەدانی خەڵکی برسیی ناوچەی ڤۆڵگا له پارێزگای تسارتسین [ڤۆڵگاگراد] وەرگرت…
چەنگیز ئیلدریم بەرێوەبەری ڕاستەوخۆی دروستکردنی هێڵی ئاسنی باکۆ – جولفا بوو که بەهاری ساڵی ١٩٢٣ به ئەنجام گەیشت. ساڵی ١٩٢٣ چەنگیز نەخشێکی گرینگی هەبوو له دروستکردنی هێڵی تراموای ئەلکتریکیی نێوخۆی شار له باکۆ که لە فێوریهی ساڵی ١٩٢٤ دەستی بە کار کرد. ئەمە یەکەمین تراموای دروستکراو لە یەکیەتیی سۆفییەت هەتا ئەو کاته بوو. ئیلدریم لە ساڵی ١٩٢٦ بۆ هەوەڵ جار لە یەکیەتیی سۆڤییەتی، دروستکردنی هێڵی ئاسنیی باکۆ – سابوونچیی ڕێبەری کرد. دوایە کرا به جێگری شۆرای بەرزی ئابووریی نەتەوەیی ئازەربایجان (هەتا ساڵی ١٩٢٨).
لە ساڵانی ١٩٢٩ – ١٩٢٨ بوو به سەرۆکی کۆمیساریای خهڵکیی پۆست و تلگرافی ئازەربایجان و هاوکات لە پەنای ئەم کارەدا، کۆمیساری خاوەن دەسەڵاتی ڕەبەق له فابریکی چنیاریی و. ئی. لێنین بوو.
لە ژانویەی ساڵی ١٩٢٩ له کۆبوونەوەی هاوبەشی شۆرای کۆمیساری گەل و شۆرای کار و بەرگری، بڕیاری دروستکردنی کارخانەی ئاسن و پۆڵای ماگنیتۆگۆرسک له ئۆرال درا. له ١٠ی مارس له دەوروبەری ماگنیتۆگورسک بۆ هەوەڵین کەڕەت کرێکارانی بیناسازی، یەکەم بەردەکانی بناغەیان دانا. چەنگیز ئیلدریم له ٢ ژانویەی ساڵ ١٩٣٠ کرا به جێگیری سەرۆکی دروستکردنی کارخانەی ئاسن و پۆڵای ماگنیتۆگورسک. لە ١٦ی فێوریەی ساڵی ١٩٣٠ به پێی پەسندکراوی کۆمیتە ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤییەتی، کارخانەی ماگنیتۆگورسک دەبوو ببێته گەورەترین یەکەی پیشەیی لە جیهان و ساڵانه دوو میلیۆن و نیو تۆن ئاسنی داڕشته بۆ وڵات بەرهەم بێنێ. چەند ڕۆژ پاش گەیشتنی چەنگیز بۆ شوێنی سازکردنی کارخانەکە، سەرۆکەکەیان بۆ مۆسکۆ بانگ کرد و ڕێبەریی و ئەرکی سازکردنی کەوته سەر شانی چەنگیز ئیلدریم.
لە ٥ی جولای ١٩٣٠ شاری ماگنیتۆگورسک لەدایک بوو. لە ژێر بەڵگەنامەی دروستکرانی ئەم شارە که واژۆی چ ئیلدریم – ی لەسەرە، نووسراوە: «لە ڕۆژی شازدەیەمین کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤییەتی، لە بناری باکووری کێوی کارادیر و به بەشداریی ١٤ هەزار کرێکار بناغەی ماگنیتۆگورسک دانرا.»
چ. ئیلدریم پێوەندیی دۆستانەی لەگەڵ زۆربەی کاربەدەسته بەناوبانگەکانی دەوڵەتی سۆڤییەتی هەبوو، یەک لەوان س. م. کیرۆف، هاوڕێ، هاوبیر و یاریدەدەری دەستی ڕاستی ی. و. ستالین بوو. کیرۆف لە ساڵی ١٩٢٦ سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوچەی لێنینگرادی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤییەتی و کۆمیتەی شاری و نووسینگەی باکووری ڕۆژئاوای کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤییەتی و، هاوکات لە ساڵی ١٩٣٤ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی بەرێوەبەری سەرانسەری ڕووسیه و کۆمیتەی ناوەندیی بەرێوەبەریی یەکیەتی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستی بوو.
چ. ئیلدریم لە ماگنیتۆگورسکەوە تلێگرافی بۆ کیرۆف نارد:
«میرۆنیچ – ی خۆشەویست!
کوردێک لە ئاسیاوە ڕادەگەیەنێ. پلەی گەرما لەو ساختومانە گەورەیەی کە دروستی دەکەن، ٢٥ – ٢٣ پلەی ژێر سفرە. خۆڕاگریی کورد لە سیستمی هەڵسەنگاندنی ٥ پلەیی لە نێوان ٤ هەتا ٥ –ە. پێدانی خۆراک ڕێکنەخراوە. ئاپارتمانێک نییه. جارێ له هۆتێل دەژین ئەویش لە حالێکدا …»[١]
چەنگیز ئیلدریم لە بەرەبەری پشووی یەکی مای ١٩٣٠ به س. م. کیرۆف ڕادەگەیەنێ:
میرۆنیچی خۆشەویست! ئەوە ٢ مانگە دێڕێک نووسین لە تۆوە نەگەیشتووەته من. چەندە ناخۆشه کاتێک کوردە وێڵکراوەکانی گۆشەیەکی سەهۆڵبەستووی ئۆرال به بێ چاودێری بمێننەوە و، ئاوا لەبیر بچنەوە. بێگومان، تۆ ئەم هەڵەیە ڕاست دەکەیەوە … سڵاوم بۆ ماریا لوۆوا هەیە. چەنگیزی تۆ[٢]
لە ١٤ ژووەنی ساڵی ١٩٣٠ چەنگیز ئیلدریم بۆ گ. ک. ئۆرژۆنیکیدزە سەرۆکی تازەی شۆرای سەرووی ئابووریی یەکیەتیی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستی ئاوا دەنووسێ:
هاوڕێی خۆشەویست سێرگۆ! لە ڕۆژی هاتنم بۆ ئۆرال هەتا ئێستا دوو جار سەردانی مۆسکۆم کردووە …
هەتا ئێستا تەنیا یەک لە دەی ئەو سەرنجەی دراوەتە دنێپرۆپیترۆسک به ئێمە ئاسیاییەکان دراوە کە خەریکی دروستکردنی «ماگنیتۆگورسک» ین! ئەمە بە تەواوەتی به پێچەوانەی سازکردنی دنێپرە. ئەوێ ڕەنگی میکانیزاسیۆن و زۆر و زەبەنیی پێوە دیار و لێرە لای ئێمە، هەموو شت ڕەنگو ڕووی مووزەی به خۆوە گرتووە، و تەنیا پیشهسازیی دەستیی وەک پێنزا، وۆلوگدا و هتد هەتا نزیکەی کوردستان وەبەرچاو دەکەوێ(و بێجگە لە گوێدرێژەکان شتێک بۆ ترانسپۆرت نییه)» … چەنگیزی تۆ ١٤ی جولای ساڵی ١٩٣٠ [٣]
ماگنیتۆگورسک لە زۆر بوارەوە به شتومەکی بیانی بەسترابووە، شتەکان هەر نەهاتبوون و هێنانیان وەدرەنگی کەوتبوو. هەر لەبەر ئەوەش، دەوڵەتی سۆڤییەتی چەنگیز ئیلدریمی به دەسەڵاتێکی زۆرەوە بۆ ئەمریکا نارد. سێرگۆ ئورژونیکیدزە پێی گوت: «ئێمە جارێ لە ئەمریکا بالوێزخانەمان نییه. تۆ باڵوێزی تایبەتی و خاوەن دەستەڵاتی ڕەبەقی ماگنیتۆگورسکی».
بنکەی کۆمپانیای»مەک کی» له کلیولەند بوو، لەم کاتەدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەورانی دابەزینی ئابووریی قەیرانی ماڵیدا بوو. چەنگیزیش هەوڵی دا لە وتووێژە دژوارەکەی خۆی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە.
لە ساڵی ١٩٣١، چەنگیز ئیلدریم به پێی ئەمری دەوڵەتی یەکیەتیی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستی سەردانی شارەکانی بێرلین و هامبورگ لە ئاڵمانی کرد و پاشان بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆمپانیای»مەک کی» سەردانی کلیولەندی له وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، هەروەها له شارەکانی «دیترۆیت» و «دیربۆرن»یش بوو. چ. ئیلدریم لە ٢٠ ی ئاگوستی ساڵی ١٩٣١ لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بۆ گ. ک. ئۆرژۆنیکدزەی نووسی:
«هاوڕێی خۆشەویست سێرگۆ! ڕووکردنی من لە تۆ نەک لەبەر کورد بوون و شوێنگریی ڕێگای باب و پاپیرانمە کە وەکوو عادەتێک هەمیشە -ئێستاشی لەگەڵ بێ- بۆ هەرچەشنه پرسیارێک ڕوو لە هەرە بە تەمەنترین کەس دەکەن. ئێستاش وا دێته بەرچاو کە گەورەکان سەریان به هێندێک کارەوە قاڵه و بۆ کێشه نە زۆرگرینگەکانیش بنکهی تایبەتی هەیه. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە من دەبێ هەتا ڕادەیەک لەگەڵ خزم و کەسەکانم جیاوازییم بێ، لە سەرەتادا ڕوو لە تۆ دەکەم که بەرپرسی یەکەمی منی و ئەگەر ئێستا ناچار بووم بەم نامەیە بتخەمە زەحمەت، باوەڕت بێ تەنیا لەبەر ئەوەیه کە هیچ ڕێگایەکی دیکەم بۆ نەماوە و وڵامێکی شیاوم وەرنەگرتووەتەوە، ئێستاش به ئەرکی خۆم دەزانم ڕوو لە تۆ بکەم … [٤]
چ. ئیلدریم لە نامەیەکدا بۆ سیموشکین ئا. د یاریدەدەری کۆمیساریای گەل بۆ پیشەسازیی قورس، کە دۆستی دێرینی خۆی لە باکۆ و کارمەندی پێشووی بەشی سیاسیی سپای سوور بوو، نووسیویە:
« .. من ئیتر به ئینگلیزی قسە دەکەم، بزانه کاری دونیا به کوێ گەیشتووە؟ کوردیش به ئینگلیزی قسە دەکات…»[٥]
کورد به پێی لێکدانەوەی لێکۆڵێنەر و نەتەوەناسەکان لە باری فێربوونی چەند زمان له ئاسیای ڕۆژئاوادا باشترینەکانن. چەنگیز ئیلدریم بێجگە لە زمانی زگماکی کوردی، شارەزاییەکی باشی له زمانەکانی ئازەربایجانی، تورکی، ئەرمەنی و ڕووسی هەبوو.[٦]
یەکیەتیی بازرگانانی کلیولەند کە ئەندامەکانی ئەستیرەکانی ئاسمانی ئابووریی ئەمریکا وەکو راکفلێر، مۆرگان، دوپۆن و هتد بوون، چ. ئیلدریمیان بۆ کلوبەکەی خۆیان بانگهێشت کرد، لەو شوێنە پێشوازییەکی باش له گوتارەکەی کرا. چ، ئیلدریم بۆ هەر شوێنێک دەچوو، به هۆی گەرموگوڕیی خۆی، دۆست و هاودڵی زۆری پەیدا دەکرد، یەک لەوان هونەرمەندی ئەمریکی، رۆلف ستۆل بوو، که ئەرکی کێشانی پۆرترەی چ. ئیلدریمی وەئەستۆ گرتبوو.
چەنگیز ئیلدریم لە ژانویەی ساڵی ١٩٣٢ لە ئەمریکاوە گەڕایەوە. پاشان سەفەرێکی دیکەی بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا (نیویۆرک، شیکاگۆ، کلیولەند، پیتزبورگ، دیترۆیت) کرد.
چەنگیز ئیلدریم یەکەم کەس لە دانیشتووانی خۆجێیی ئازەربایجان بوو که نیشانی سوپایی ئەستێرەی سووری پێ درا.
سالێ ١٩٣٤ پاش تەواوکردنی سەرکەوتووانەی بینای ماگنیتۆگۆرسک، دەوڵەتی یەکیەتیی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستی(لە نێوان سالانی ١٩٣٧-١٩٣٤) چ. ئیلدریمی بۆ دروستکردنی کارخانەی ئاسن و پۆڵای کریوۆرۆژسک نارد.
له ١٧ی جولای ساڵی ١٩٣٧ ڕێکخراوی کۆمیساریای گەل لە کاروباری نێوخۆیی دنیپرۆپێتۆفسک چەنگیز ئیلدریمی گرت و دۆسیەی جینایی بۆ سازکرد، لەسەر بەرگی پووشەی دۆسیەی جینایی، مۆری «بۆ هەمیشە پارێزراو بمێنێتەوە»ی لێدرابوو. تاوانی پێوەندی لەگەڵ بەشدارانی «پیلانێکی «ئاشکرابووی دژ به شۆڕش لە باکۆ»ی درابووە پاڵ و به پێی»مادەی تێکدەری، وێرانکاری» بۆ قەومانی ڕووداو و سووتمان لە کاتی دروستکردنی ماگنیتۆگۆرسک، بە سیخوڕی بۆ ئەمریکا تاوانبار کرابوو، گوایە لە کاتی بوونی لە ئەمریکا «ڕێکخراوی ئاسایشی بیانی کردوویە بە کرێگرتەی خۆی»). هەروەها «ئاماژە» به دۆستایەتیی نزیکی لەگەڵ گ. ک. ئۆرژۆنیکیدزە و س. م. کیرۆفیش کرابوو.
لێپرسینەوە لە دنێپرۆپیترۆفسک و باکۆ( ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی بایل) بەڕێوە دەچوو و لە نێو لێپرسینەوەکاندا زۆرجار به واگۆنێکی لە چەشنی قەفەس لە دنێپرۆپیترۆفسکەوە بو باکۆیان بردبوو، لەوێ لە شوێنێک رایاندەگرت، دوایی دەیانبردە مۆسکۆ (بەندیخانەی لیفۆریۆ) و دیسان بۆ باکۆیان دەهێناوە، ئەو کارە چەندین جار ئەنجام درا. لە دواییدا ئەویان به سامناکترین بەندیخانەی ڕووسیە – پەرستنگەی پێشووی سوخانۆف برد. لەوێ ئەویان به توندترین سزا – گوللـهباران مەحکووم کرد. به خزم و کەسەکانیان گوتبوو که چەنگیز ئیلدریم به ١٠ ساڵ زیندان له ئوردووگایەکی تەریک و بێ هەبوونی مافی نامهنووسین مەحکووم کراوە. لە سەرەتای شەری گەورەی نیشتمانی، ئەویان به ناوی « دوژمنی گەل» گوللـهباران کرد…
پەراوێزەکان
[١] پالۆنسکی، لێو. چەنگیز ئیلدریم، باکۆ، ١٩٨٦، لاپەرەی ٢٣٢
[٢] هەر ئەو سەرچاوەیە، لاپەرەی ٢٤١-٢٤٠
[٣] هەر ئەو سەرچاوەیە، لاپەرەی ٢٤٧-٢٤٦
[٤] هەر ئەو سەرچاوەیە، لاپەرەی ٢٧٤- ٢٧٣
[٥] هەر ئەو سەرچاوەیە، لاپەرەی ٢٧٦-٢٧٥
[٦] هەر ئەو سەرچاوەیە، لاپەرەی ٩
سەرچاوەکان
١. کیتیبلی م. چەنگیز ئیلدریم، باکۆ، ١٩٦٤
٢. کۆمیسێر ئیلدریم. دەزگای چاپی بابەتی سیاسی، مسکۆ، ١٩٦٩
٣. لێو پالۆنسکی، چەنگیز ئیلدریم، باکۆ، ١٩٨٦
داگرتنی بابەت



