ئارامتر بخوێنەوە

برکی کوردبوون[١]

خوێندنەوەیەکی بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی

شەهلا دەباغی



If the truth shall kill them, let them die!

ئەگەر حەقیقەت دەیانکوژێ، با بمرن!

ئێمانۆئێل کانت

لەم ساڵانەی دواییدا دوو کتێبی فرەڕەهەند و پڕماجەرا چاپ کران. دوو کتێب کە لە جۆری خۆیاندا بێ وێنەن. بێ شک ئەم دوو کتێبە زۆر بەرپەرچدانەوەیان بووە و دەبێ، بەڵام ئەم دوو کتێبە بەڕای من بە بەراوەرد لەگەڵ ئەو بیرەوەرییانەی پێشتر بە قەڵەمی هێندێک چالاکی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراون، خاڵی وەرچەرخانن و نیگای پێشتری ئێمە دێننە ژێڕ پرسیار و وادەکەن لەسەرڕاوە ڕابردوو بە چاوێکی دیکەوە هەڵسەنگێنینەوە. دوو کتێبی دژەباو کە باسی هێندێک ڕووداومان بۆ دەکەن کە تا پێشتر تابۆ بوون و نەگوتراون. ئەم دوو کتێبە بریتین لە:

 هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری یا کارەساتی کۆمیدیاییەک

 کوردبوون، بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی

هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری لە نووسینی مامۆستا شێرکۆ هەژار[٢] کە بەرگی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨چاپ کرا، سێ بەرگە. نووسەر لەم سێ بەرگەدا هەوڵی داوە هێندێک لە بیرەوەرییەکانی خۆی سەبارەت بە باوکی واتە مامۆستا هەژار و کەسانی دەورووبەری بنووسێتەوە. ئەم کتێبە کاتی خۆی دەنگ و باسێکی زۆری دژی  نووسەر هەڵایساند و نووسەر کەوتە بەر غەزەبی زۆر لە کوردان. بەڵام بە تێپەڕینی کات ئەم کتێبە زیاتر کەوتۆتە بەرسرنج بۆ دووبارەخۆێندنەوەی بەشێک لە مێژووی ئەدەبی کوردی. مامۆستا شیرکۆ هەژار، کوڕی گەورەی مامۆستا هەژارە. بەڵام وەک لە سێ بەرگی هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری دەردەکەوێ، نووسەر بەدوای ناوی بنەماڵە و میژوو سازکردن نییە، بەڵکوو نووسەر بە ستایلی ئەدەبیی تایبەت بە خۆی، هێندێک لە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و شی دەکاتەوە. ئێمە ئاگامان لە هەموو ڕووداوەکانی کتێبەکە نییە و ڕەنگە زۆر کەسیش هاوڕای نووسەر نەبن، بەڵام ئەوە کە ئایکۆنێکی ئەدەبی کوردی دێتە بەرباس، لە خۆیدا جێی تێڕامانە و ڕەنگە بتوانین وێنەیەکی ڕوونترمان لە مێژووی ئەدەبی و سیاسیی خۆمان دەست کەوێ. لەم نووسینەدا زیاتر ناچمە سەر ناوەرۆکی ئەم سێ کتێبە بەڵکوو تەنیا بە پێویستم زانی کە بڵێم ئەم کتێبە دەرگای بۆ زۆر کەسی دوای خۆی کردووەتەوە کە نەترسانە هێندێک لە ڕووداوەکانی ڕابردوو تاوتوێ بکەن و وەدوای ڕاستییەکان بکەون. بەڵکوو ڕۆژێک کەسێکی لێهاتوو هەڵکەوێ و ئەم سێ کتێبە ڕچەشکینە بێنێتە بەر هەڵسەنگاندن.

کتێبی دووهەم  کوردبوون، بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی بریتییە لە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی کە لە لایەن توێژەر وریا ماملێ ساخ و بەڵگەمەندکراوە. ئەم کتێبە ئەم ساڵ واتە بەهاری ٢٠٢٢ لە سوید لەلایەن چاپەمەنیی ٤٩کتێبەوە چاپ  کرا. با هەر لێرە ئاماژە بەوە بکرێ کە خاتوو شەڕارە شەمامی ماملێ[3] لە پێداچوونەوەی ئەم کتێبەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە.

کتێبی کوردبوون بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی لە خۆدەگرێ کە لە ڕێگای خاتوو ڕووناک کچی کاپیتان گەیشتۆتە دەست وریا ماملێ لە نۆروێژ. ماملێ ئەم دەستنووسانەی لەگەڵ چەندین کتێبی مێژوویی و بیرەوەری بەراوەرد کردووە و لە زۆر شوێن پەڕاوێز، وێنە و بەڵگەی بۆ دەستنووسەکان داناوە. یادداشتەکان بە زانیاری لە ژێدەری دیکەوە، وتووێژ لەگەڵ ئەو کەسانەی کاپیتانیان ناسیوە و یا ئەو کتێبانە کە ناوی کاپیتانیان تێدا هاتووە، لە کتێبی کوردبوون دا بەڵگەمەند کراون. کوردبوون‌ بە پێشەکییەک لەلایەن نووسەرمامۆستا شێرکۆ هەژار، ئاڵبۆمی وێنەکان، فەرهەنگۆک لە ئامادەکردنی شاعیر و نووسەر مامۆستا ساڵح بێچار (١٩٦٧)، پێڕستی ٨٠ سەرچاوە و ئیندێکس دەوڵەمەندتر کراوە. کوردبوون لە باری گێڕانەوەی ڕووداوەکان هێندە نەترسانە و تازەیە کە مامۆستا شێرکۆ هەژار لە پێشەکییدا نووسیویەتی ئەگەر بە دەست ئەو بوایە خەڵاتی گرینگترین بەرهەمی سەدساڵی ڕابردووی کتێبی کوردیی پێ دەبەخشی.[4]

توێژەر وریا ماملێ نەوەی کاپیتان حەمەدی مەولوودی‌، لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی کاپیتان دا هەرچی بە ئەمانەت بەو دراوە وەک خۆی و بێ سانسۆڕ نووسیویەتەوە و ژیانی کاپیتان وەک خۆی هاتۆتە ناو کتێبی فرەڕەهەندی کوردبوون. لێرە توێژەر بەدوای مێژوو دروستکردن بۆ خۆی و بنەماڵەی نەبووە بەڵکوو ڕاستییەکان وەک خۆیان نووسراونەتەوە، جگە لەوە هێندێک جنێو لەناو یادداشتەکاندا لابردراون و لە جیێان (….) داندراوە. توێژەر خۆی دەنووسێ:

“هەوڵم داوە تا لەبەر ڕێز و حووڕمەتی ئێوە خوێنەرانی بەڕیز، ئەو وشانەی ڕووی مەجلیسانییان نییە دەریانهاوێم و شوێنەکانیان بە سێ خاڵان (…) پڕ بکەمەوە. بەڵام لە زۆر شوێنان گەر وشەکان لە هێڵەگ درابان، لە ڕێچکەی نووسینەکانی کاپیتان حەمەد دەردەچوو بۆیە، زۆربەی وشەکان و ڕووداوە دڵتەزێنەکان وەک خۆی نووسراونەتەوە.”[5]

ماملێ بەرپرسایەتیی هەموو ئەوباسانە دەخاتە سەر شانی  کاپیتان کە دەیانگێڕێتەوە. ئینجا ڕەنگە توێژەر نەیویستبێ خۆ بخاتە ناو هێندێک کێشە و باس کە هێستاش لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا ماون. توێژەر ناوی هێندێک کەس لە ناو ڕووداوەکاندا ناهێنێ و (…) لە جێ دادەندراوە. توێژەرئاماژە بەوەدەکا کە:

 وەک “ساخکەرەوەی ئەم کتێبە نە دەتوانێ ئەو قسانە پشتڕاست کاتەوە نە نکۆڵی.”[6]

ماملێ ئاماژە بە خاڵێک دەکا ئەویش ئەوەیە کە کاپیتان لە هونەری گێڕانەوەدا ناشارەزا بووە و لە گێڕانەوە و نووسینەوەی ڕووداوەکان و بیرەوەرییەکاندا شپرزەییەکی سەرسوڕهێنەر بەدی دەکرێ. ماملێ سەبارەت بەو شپرزەییە دەنووسێ:

“لە هەندێک لاپەڕەدا کە سەرقاڵی گێڕانەوەی باسێکە، دەبینی پەڕیوەتە سەر دوو یا سێ باسی تر کە تەنیا لە درێژەی نووسینەوە و تایپی دەستنووسەکاندا کۆدەکانم بۆ دەشکان و دەمناسینەوە و ناچاردەبووم یا دەگەڵ لاپەڕەکانی پێشووتر لێکی بدەمەوە یان دەگەڵ لاپەڕەکانی داهاتوو. ئەو کارە بەڕاستی زۆری هێز و وزە دەویست و بە دیانجار دەبوایە  وشەبەوشەی ئەو دەفتەرانە پێک بگرم تا بزانم ئەو رەستەیە ئی کامە ڕووداوە؟!”[7]

 کاپیتان بیرەوەرییەکانی خۆی لە ڕووداوەکانی پێش شەڕی یەکەمی جیهانی ڕا دەگێڕێتەوە. ئەو بە زمانی سەردەمی خۆی و خەڵکی و ڕۆژانە ڕووداوەکان دەنووسێتەوە، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا دەتوانێ سەرچاوەیەک بێ بۆ ناسینی خەڵک، دابونەریت، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە. کاپیتان لە وڵاتی غەریب هەوڵ دەدا بەو کەمە خوێندەوارییەی کە هەیەتی بیرەوەرەییەکانی بنووسێتەوە و چەند جار دەستنووسەکانی لەناو دەچن بەڵام هەموو جارێک دەیاننوسێتەوە. پرۆفێسۆر[8] عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ  لە وتووێژێکدا دەڵێ کە ئەو بە کاپیتانی گوتووە:

 “کاک حەمە چیت دیوە بیگێڕەوە. کاک عەلی گەڵاوێژ بۆی شەڕح کرد و گوتی کاک حەمەد ئەوە عیزەددین دەیهەوێ ژیانی تۆ بکاتە کتێبێک. لەبەر ئەوە چیت دیوە لە ژیانتا بیگێڕەوە و ئیتر دەستی پێکردووە […]”[9]پرۆفێسۆر عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ دەستنووسەکانی کاپیتان وەردەگرێ و بەڵێنی دەدا کە لە عێڕاق چاپیان بکا. بە ڕای ماملێ ڕەنگە  پرۆفێسۆر عێزەددین مستەفا ڕەسووڵ بە هۆی کەمایەسی لە نووسینەکانی کاپیتان‌دا و بە هۆی هەست بە بەرپرسایەتی چاپی نەکردبێن.[10] خودی پرۆفێسۆر مستەفا ڕەسووڵ دەڵێ کە  بە تەما بووە یادداشتەکان بکاتە کتێب بەڵام دواتر چۆتە بەغدا و نەیتوانیوە.[11]

جارێکی دیکە کاپیتان بیرەوەرییەکانی دەنووسێتەوە. ئینجا د. ڕەحیم سەیف قازی دەستنووسەکان وەردەگرێ و ئەوانیش ون دەکرێن. هەمیسان کاپیتان دەست بە نووسین دەکاتەوە و هەمیسان د. ڕەحیم لەگەڵ کەسێک دەچیتە ماڵە کاپیتان و دوای وتووێژ و ڕۆیشتنی میوانەکان خودی کاپیتان دەستنووسەکانی دەسووتێنێ. تا سەرئەنجام ئاخر جار کە دەست بە نووسینەوە دەکاتەوە، ڕووناک خانم کچی کاپیتان دەستنووسەکان نەجات دەدا و دوای کۆچی باوکی ٣٧ ساڵ لەلای خۆی هەڵیاندەگرێ و دواتر ئەو یادداشتانە دەگاتە دەست وریا ماملێ لە نۆروێژ.

ناوی کتێبەکە دوای وتووێژێکی نێوان ماملێ و شەڕارەخانم هەڵدەبژێردرێ. ئەوان دێنە سەر ئەو باوەڕە کە کاپیتان بە خاتری کوردبوونی دەست لە ژن و منداڵ و زێد هەڵدەگرێ و ئەو هەموو چەرمەسەرییە دەبینێ و کەسانی وەک کاپیتان لەناو کورددا کەم نین کە بەخاتری کوردبوونیان ئاوا ئازار دەبینن. ژیانی کاپیتان نموونەیەکە لە ئازارەکان و ژیانی زۆربەی کوردانی خەباتکار. ئەمە هەستێکی هاوبەشە و زۆر کورد خۆی تێدا دەبیننەوە.[12]


یادداشتەکان و پرسیار

ئەوەی دوای چەندجار نووسین و فەوتان لە کاپیتان بەجێماوە چوار دەفتەرن کە بە وتەی ماملێ شپرزە و ناڕێکوپێکن و ئەو ساغی کردوونەتەوە. یادداشتەکان لە سەردەمی منداڵییەوە، بارودۆخێ  وەپاشکەوتووی کۆمەڵایەتی، نەزانی و ڕۆڵی شێخ و مەلایان و کەڵکوەرگرتنیان لە ئایین، هاتنی لەشکری عوسمانی و کۆمەڵکوژیی خەڵکی سابڵاغ (مەهاباد) بە دەست سوپای ڕووسیای تێزارییەوە دەست پێدەکەن. ژیانی سەخت لەبن دەستی زڕدایک، برسێتی و نوستن لە توونی حەمامان و دواتر خۆژیاندن بەو جۆرەی کە بووە باس دەکرێن. تەنانەت باسی ئەوە کە چۆن ناچار دەبێ زڕدایکی بکوژێ دەنا زڕدایک ئەو لە تەندوور داوێ. کاپیتان باسی زۆر ڕووداوی ژیانی خۆی و دەورووبەر وەک شوانکاری، کار لە ڕێگای هامیلتۆن و کووپەفرۆشی لە ڕواندز، قاچاخچێتی، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیییەکان لە حکوومەتی ڕەزا شا دا، تاراندنی زۆرە ملی بۆ شیراز، چوونە ناو ژ.ک. و ناکۆکیی ناو ژ.ک. و یەکەم دیدار لەگەڵ پێشەوا، دەرکردنی فەرمانی عەشیرەتان بۆ کوشتنی کاپیتان، دڵشکان لە پێشەوا و ئاشت بوونەوەیان، پیلانگێڕیی ئاغاوەتەکان، ڕووداوەکانی سەردەم وهاتنی لەشکری سوور بۆ سابڵاغ، کۆمار و هەڵکردنی ئاڵا، قارەمانەتیی چوار ئەفسەری باشوور و پێشمەرگەکانی بارزانی، ناسینی مستەفا خۆشناو، ڕووخانی کۆمار، چوونە گەرمێن و خۆشاردنەوە، زیندانی کۆیە و هاوکاریی کوردەکانی گەرمێن و شاری کۆیە، پەنابردن بۆ ماڵە شێخ لەتیف، دیسان گەڕانەوە بۆ مەهاباد و ژیان لە باکۆ و کێشەی نێوان بارزانی و دوکتور ڕەحیم سەیف قازی لە باکۆ و تاد دەکا.

ئەو بڕە یادداشت و دەستنووسانەی کاپیتان حەمەدی مەولوودی کە هاتوونەتە ناو کتێبی کوردبوون، بۆ تاوتوێیەکی هەمەلایەنە دەبن؛ چ دەورانی منداڵی، چ دەورانی کۆمار، چ دەورانی ژیان لە باشوور و چ ژیان لە باکۆ. ئەم وتارە هەوڵ دەدا زۆر بەکورتی تەنیا چەند بابەتێک لە دەورانی منداڵی و دەورانی کۆماردا بورووژێنێ بەو هومیدە کە توێژەرانی دیکە لە داهاتوودا زیاتر لەباری ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسییەوە ئەم کتێبە و ژیانی کاپیتان بە ڕوانگەی جیاواز هەڵسەنگێنن و بیهێنە بەر باس. بۆ نووسەری ئەم بابەتە بە گۆشەنیگای دادپەروەرییەوە، بیری کوردایەتی جێگەیەکی تایبەتی لە خەباتی دژی داگیرکەراندا هەیە. بەڵام ئایا کوردایەتی‌ ڕێگایەکی بێ کێشەیە؟ ئایا کێشەکان هەر لەلایەن داگیرکەرانەوە ڕووبەڕووی خەباتکارن و خەڵک دەبنەوە؟ ئەم نووسینە تەنیا سەرنج و ڕامانێکە لەسەر هێندێک  یادداشت، یادداشتەکانی خەباتکار حەمەدی مەولوودی.

سەرەڕای ئەوە کە چەند جار کاپیتان خۆی ئاماژە بەوە دەکا کە ڕادەی خوێندەواری و توانایی نووسینی زۆر نییە، ئەو بیرەوەرییانە وەک دەقێکی ئاواڵە دەتوانن ببنە ماتریاڵی لێکۆڵێنەوە و باسێکی فرەڕەهەند. کاپیتان باسی زۆر ڕووداو دەگێڕێتەوە و ناوی دەیان کەس و ڕووداو دێنێ کە لە ڕوانگەی جنسییەتی، چینایەتی، کۆمەڵایەتی، کوردایەتی و مێژوویی جێی سرنجن. ئەم نووسینە بەناچار دەبێ سنوورێک بۆ خۆی دابنێ. لەم خوێندنەوە کورتەدا تەنیا چەمکەکانی چین و پێگە بەڕوانگەیەکی جێندێرییەوە وهێندێک پرسی وەک کوردایەتی و ڕۆڵی دین لەو سەردەمەدا بە خێرایی چاویان لێ دەکرێ. وەک پێشتر گوترا کتێبی کوردبوون و بەتایبەت یادداشتەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی، گرینگییەکی تایبەتیان لە نووسینەوەی مێژووی کورد دا هەیە و دەکرێ کاری زۆر جیدییان لەسەر بکرێ. 


ڕوانگە

لەم نووسینەدا ڕوانگەی Interdisciplinary /نێوان زانستی و هەروەها Literary Sociological Analysis / شیکردنەوەی کۆمەڵایەتیی ئەدەبی تا ڕادەیەک یارمەتیدەری تاوتۆێکردنی یادداشتەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی دەبن. ڕوانگەی نێوان زانستی، مێتۆد یا بابەتێک نییە بەڵکوو توێژەر لە گۆشەنیگای چەند زانستەوە چەندین تیوری و میتۆد تێکهەڵکێش و ئینتێگرێرە دەکا بۆ شیکردنەوەی پرسەکەی.[13]

لە شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی ئەدەبی دا توێژەر دەبێ فاکتۆڕە گرینگە کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و سیاسیییەکان کە کاریگەرییان لەسەر دەق بووە لەبەرچاو بگرێ و ژینگەی دروستبوون و هەلوومەجی دروستبوونی دەقەکە ببینێ.[14] کۆمەڵناسیی ئەدەبی دەتوانێ پەیوەندی دەق و کۆمەڵگا نیشان بدا.


دەق ئاوێنەی پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگا

پەیوەندیی نێوان دەق و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێ بە  تیۆریی ئاوێنەیی شی بکریتەوە. بە گوێرەی تیۆریی ئاوێنەیی، دەق بە تایبەت بە شیکردنەوەیەکی مارکسیستی، ئاوێنەی کۆمەڵگایە. بە پێی ئەم تیۆرییە ئەدەبیات دووبارە نواندنەوەی مێژوویە، تەنانەت ژێدەر و سەرچاوەی چۆنێتیی ڕوانینمان بۆ واقیع و ئیدە و ئایدیۆلۆژییەکان و تێگەیشتنمان لە سەردەمی ڕابردوویە.[15] بە پێی تیۆریی ئاوینەیی دەتوانین جێدەستی فاکتۆڕەکانی جنس، چین، پێگە و ستاتووس، خوێندن، بنەماڵەیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر دەق ببینین و بەمجۆرە دەق بۆ توێژەران دەبێتە سەرچاوەیەک لەمەڕ ڕابردوو.

یادداشت و بیرەوەری لە دەرەوەی  کات و شوێن نانووسرێ. هەر بیرەوەری و یادداشتێکی ڕۆژانە ڕاستەوخۆ باسی کات و شوێنی دیاریکراو دەکەن. بۆ وێنە ئێوە بڕواننە ئەو بیرەوەرییانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە لایەن هێندێک ڕێبەر، چالاکی کورد و ژنانەوە نووسراون. هەر هەموویان باسی هێندێک لە ڕووداوەکانی ژیانیان لە کات و شوێنێکی دیاریکراو دەکەن.

لە کات و شوێن گرینگتر، چونێتیی پەیوەندیی نێوان تاکەکان، پلە، ستاتووس و جێگە و پێگەیانە کە مۆری خۆیان لە ڕووداوەکان دەدەن. هەر بیرەوەری و ڕووداوێک کە دەنووسرێتەوە ڕاستەوخۆ پێمان دەڵێ کە پەیوەندییەکانی خەڵکی ئەو شوێنە و ئەو کاتەی کە ڕووداوەکانیان تێیدا ڕوویداوە چۆناوچۆن بووە. بەم جۆرە دەق دەبێتە ئاوێنەی کۆمەڵگا.

کات، شوێن، پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگا و پێگەی نووسەر، ڕاستەوخۆ لەسەر نووسین کاریگەری دادەنێن. ئینجا دەمێنێتەوە ڕادەی خوێندەواری و توانایی نووسین و دەسەڵاتی بە سەر زماندا کە هەرچی ڕادەیان بەرزتر بێ، نووسینەکە دەوڵەمەندتر و قووڵتر دەبێ. بەڵام گا هەیە کە نووسەرێک ئاگا بە تیۆرییە ئەدەبییەکان و ستایل و ژانرەکانی نووسینیش نییە و تەنیا تواناییەکی کەمی بۆ نوووسین و خوێندنەوە هەیە، بە زمانێکی شپرزە و گێڕانەوەیەکی ناپڕۆفێشووناڵ، زۆر بەسادەیی زیاترین زانیاریمان سەبارەت بە سەردەمی خۆی دەداتە دەست. یادداشتەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی لەم دەستەیەن.


هەل و هەوڵی گۆڕانی پێگە

دوو کۆمەڵناسی بەناوبانگ چەمکی “چین” و “پێگە” دێننە بەر باس. بۆردیۆ[16]Stratification/چینبەندی کردنی کۆمەڵایەتی وەک بابەتێکی گرینگ دەبینێ و پێی وایە کە “Influence” و دەسەڵاتی چین و توێژەکان لە کۆمەڵگادا نایەکسانە. بەڕای بۆردیۆ نەک تەنیا پێگەی ئابووری بەڵکوو “سیستەمی خوێندن” لە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی چیندا زۆر گرینگە. لە خوێندندا توانایی تاک زیاد دەکا و ئەگەر تاک هی چینی خوارەوە بێ ئەوە ئیمکانی دەست پێڕاگەیشتنی بە خوێندن و زیادکردنی توانایی کەمە. چینەکان بەمجۆرە دووبارە بەرهەم دێنەوە چونکە هێندێک دەستیان بە ئیمکانات و دەسەڵات زیاتر ڕادەگا. جێگۆڕکێ یا ڕاگرتنی پلەی کۆمەڵایەتی، پەیوەندیی بەوە هەیە کە تاک چ پێشینە و سەرمایەیەکی هەیە.[17] بۆردیۆ لەژێر کاریگەریی مارکس و ئیدەی شەڕی چینایەتیدا باسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکا. بۆردیۆ سەرمایە بە سێ جۆر دابەش دەکا: سەرمایەی  ئابووری، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی کولتووری. بۆردیۆ پێیوایە تاکی هەر چینێک هەمان سامان، ئیمکان و هەل و پاشخانی چینایەتی لەگەڵ خۆی دێنێ و چینی سەرەوە دەتوانن پێگەی خۆیان بەرهەم بێنێتەوە لە کاتێکدا تاکی چینی خوارەوە ئیمکانی ئەوەی کەمە پێگەی خۆی هەڵکشێنی.[18] بەو پێیە هەموو مەیدانەکانی کۆمەڵگا مەیدانی ملمانی و شەڕی دەسەڵاتن.

هەروەها بە ڕای ئانتۆنی گیدێنز[19]کۆمەڵگای چینایەتی لەسەر درز و جیاوازیی کۆمەڵایەتی دامەزراوە. جیاوازیی کۆمەڵایەتی دابەشکردنێکی هیرارکییانە دروست دەکا کە لەوێ تاکەکان یەکسان دەستیان بە ئیمکاناتی کۆمەڵگا ناگا. بەڕای گیدینز، تۆ سەربە کام یەک لە چینەکانی کۆمەڵگا بی، فاکتۆڕێکی گرینگە بۆ پێگەت لە کۆمەڵگادا. بەڵام هاوکات ژیانی ئێمە تەنیا بە پێگەی چینایەتی دیاری ناکرێ. هێندێک فاکتۆڕی وەک خوێندن و جووڵەی کۆمەڵایەتی، دەتوانن لە گۆڕانی پێگەی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵ ببینن و پلەبەندیی پێگەی تاک بگۆڕن. گیدێنز پێی وایە کە تاک دەتوانی بەردەوام گۆڕانکاری لە پاشخانی خۆیدا بکا و دۆخی بگۆڕێ، بەتایبەت بە گۆڕانی ستایلی ژیانی.[20] دۆخی ئێستا بە پێچەوانەی سەردەمی کۆن وەها گۆڕاوە کە تاک بتوانێ بە هەوڵ و کاری خۆی کاریگەری لەسەر گۆڕانی پێگەی خۆی دابنێ و بە ئاواتەکانی بگا.[21]


شیکردنەوە

وەک پێشتر گوترا سنوورێک بۆ ئەم نووسینە دانراوە ئەگینا بەسەرهاتی کاپیتان حەمەدی مەولوودی و ئەو ڕووداوانەی باسی کردوون دەتوانن ببنە مەتریاڵی چەندین لێکۆڵینەوەی قووڵ، فرەڕەهەند و وردتر بە ڕوانگەی جۆراوجۆر. لێرەدا تەنیا چەند نموونەیەک لە ڕووداوەکانی ژیانی کاپیتان دەبنە هەوێنی شیکردنەوەی چەند چەمکێک.

کاپیتان ‌حەمــەد [22] گەرچــــــی خوێندەوارییەکی وای نەبووە و لە زیندانەکانی عێڕاق بە یارمەتیی کوردانی باشوور تا ڕادەیەک فێری کوردی نووسین بووە، لە باکۆ بە هاندانی پرۆفێسۆر عیزەددین ڕەسووڵ و دوکتور عەلی گەڵاوێژ هەستی بە گرینگیی نووسینی بیرەوەریی خۆی کردووە و بێباکانە ڕووداوەکانی ژیانی لە چەند دەفتەردا دەگێڕێتەوە و سەرەڕای چەند جار فەوتانی یادداشتەکانی هەمیسان دەست بە نووسینەوەیان دەکاتەوە. ئەمە نیشانەی گرینگبوونی ئەم نووسینانە بۆ خودی کاپیتانە کە ویستوویەتی باسی ڕابردوو بکا و پەیامی خۆی بگەێنێتە نەوەی داهاتوو. کاپیتان هەستی کردووە دەبێ ئەو شتانەی باس نەکراون بنووسرێنەوە. ئەم “هەست بە گرینگییەک کردن”ە کە بۆ نووسین خاڵی بنەڕەتی، جەوهەری و گرینگە، لە خودی شێوەی دەستپێکردنی یادداشتەکانی کاپیتان دا خۆدەردەخا. کاپیتان نووسینەکەی ئاوا دەست پێ دەکا:

“ئەوە بڕێک لە بەسەرهاتی خۆم، چیم دیوە، چیم بیستووە، دەینووسم.”[23]

ئینجا شێوازی نووسین و وشەکان کە لەچەشنی گێڕانەوەن گرینگیی تایبەتیان هەیە. گێڕانەوەیەک ڕوو بە خوێنەر. کاپیتان لە چەند جێ ڕووبە خوێنەر دەنووسێ کە پەلە نەکەن تا دواتر هێندێک شت دەزانن. دیسان چاو لەم دەستپێک و ڕستەیە بکەن:

“ئەوە بڕێک لەبەسەرهاتی خۆم، چیم دیوە، چیم بیستووە، دەینووسم.”

واتە ئەوە بڕێک لە بەسەرهاتی خۆمتان بۆ دەگێڕمەوە. کێ بەسەرهاتی خۆی بۆ کەسێکی دی دەگێڕێتەوە؟ ئەوەی کە پێی وایە بەسەرهاتێک بۆ گێڕانەوە دەبێ. بەسەرهاتێک کە بۆ گێڕانەوە ببێ، ئەگەر گرینگیی بۆ گرووپ و نەتەوەیەکیش نەبێ، ئەوە بۆ خودی تاک گرینگە.

دوای ئەم ڕستەیە کاپیتان ژیانێکی پڕلە ئازار لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە دەگێڕێتەوە. بابێکی هەژار کە بە کاری جۆراوجۆر خۆی و بنەماڵەی بەخێو دەکا. باب بێستانچی و زڕدایک ئاوکێشی ماڵان. باب دوو ژنی بووە. چوارڕۆژانە دەبێ کە دایکی کاپیتان بە قسەی خەڵک و تەنانەت باوکی، بەدەست هەوێکەی دەرمانداو دەکرێ. منداڵێکی چوارڕۆژە دەدریتە ژنێک، ئایشێ قەل کە ئاوکێشی ماڵان بووە، کە ئەویش ڕۆژێک لە کەلاوەیەک فڕێی دەدا و خەڵک دەبینن سەگێک شتێک وەک تووتکی خۆی دەلێسێتەوە. ژیانی حەمەدی منداڵ دەبێتە ژیانێکی پڕ لە برسێتی و نەهامەتی. منداڵێک کە زڕدایک نانی لێ دەشارێتەوە و قەت زگی تێر نابێ. زڕدایک بە دەیان جار جەستەی بریندار دەکا، دەیشکێنی و بە ڕۆن قاچی دەسووتێنێ. جیاوازی لە نێوان حەمەد و کوڕەکەی خۆی، ڕەحمان، دادەنێ. بەڵام حەمەدی منداڵ هەر پێی وایە کە دەتوانێ ناز بەسەر دایکیدا بکا. زڕدایک لێی دەدا، بێ‌ڕێزیی پێ دەکا، مۆڕەی لێ دەکا، تەنانەت هەڕەشەی لێ دەکا کە نابێ ئەو شتانە بۆ بابی بگێڕێتەوە. زڕدایک، شاشان، خودای بەدکاری و شەڕە. بابیشی  ژنەکەی زۆر خۆش دەوێ و گوێ ناداتە برینەکانی منداڵەکەی. ئەو مندالە گەورە دەبێ زۆر جار خەڵک خێری پێ دەکەن، نانی دەدەنێ و جووتە پێڵاوێکی بۆ دەکڕن. تەنانەت ئەو کاتیش زڕدایک پێی ڕەوا نابینێ و دەڵێ دزیوێتی. کاپیتان چەند جار لە نووسینەکانیدا بە خوێنەر دەڵێ  کە ڕاوەستن و پەلە نەکەن دوایە بۆیان باس دەکا چ بەسەر زڕدایکی دێنێ.[24] سەرئەنجام ڕۆژێک کە حەمەد وادەزانێ کەس لە ماڵ نێ و دەیهەوێ بەدزی زڕدایکی چەوەندەر لە تەندوور دەربێنێ و بیخوا، زڕدایک  بەسەریدا دێ و دەیهەوێ لە تەندوری باوێ. هەستی پارێزگاری لە خود و غەریزە کاری خۆی دەکا. حەمەد بستەی ئاسنی تەندووری ڕە زڕدایکی دەهاڵێنێ و زڕدایک منداڵی لەبەر دەچێ و چەند ڕۆژ دواتر دەمرێ.[25]

هەر لە هەوەڵ ڕستەکانەوە خوێنەر دەزانێ کە ئەمە گێڕانەوی کەسێک لە چینی دەوڵەمەند یا تەنانەت چینی مامناوەندی کۆمەڵگا نییە و لەگەڵ بیرەوەریی کەسێک لە خوارترین پلە و توێژی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕوویە. نامرادی و ڕەنج، باڵی بەسەر هەموو ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی حەمەددا کێشاوە. دوای مردنی زڕدایک، حەمەد لە ماڵ دەردەکرێ. منداڵێکی بێکەس لەگەڵ دز و سواڵکەران لە توونی حەماماندا دەنوێ. حەمەد وردە وردە گەورە دەبێ و لە بازاڕ دەست بە فرۆشتنی هەڵوای دۆیمە و شاگردی و کار
دەکا.[26] ماوەیەک خەریکی شەڕەگەڕەک دەبێ. گێڕانەوەی ئەم شەڕەگەڕەکە خۆی بە تەنیایی دەتوانێ ببێتە کەرەسەی لێکۆڵینەوەیەک. تۆ بڵێ شەڕ و ناتەبایی ئێستامان ڕیشەی لەو شەڕەگەڕەکانەدا نەبووبێ کە هێندێک جار دوای شەیپوورلێدان دەحەسێنەوە و هێندێک جار دیسان دەست پێ‌دەکەنەوە:

هەوەڵ ڕۆژ کە چوومە داشامەجیدی بۆ شەڕەقۆچەقانی زۆر ئازا بووم و سەری ‘عەزیزی حاجی سەدیقی’م شکاند. ئەو ڕۆژە گەڕەکی ئێمە شەڕەکەی بردەوە و بازار و هەرمەنیان  دۆڕاندیان و شەیپوور لێدرا و لەشکر دەستیان هەڵگرت لە شەڕ. منیش قۆچەقانییەکەم خەڵات کرا. لەخۆشیان کە بداغ خان تاریفی کردووم و قۆچەقانی بە خەڵات داومێ، هەر جیفڕکم لە خۆم دەدا، وامدەزانی ئەو دنیایەم پێ بەخشراوە. [….] ئیتر هەموو ڕۆژێ دەچوومە شەڕەگەڕەکێ. ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئازاتر دەبووم و زیاتریان خۆش دەویستم. شەڕەکان قانوونی خۆی هەبوو. کە شەیپوور لێدەدرا، شەڕ دەستی پێ دەکرد و گەر ماندوو دەبوون، بۆ پشوودان سێ شەیپوور لێدەدرا و گەر شەڕ کۆتایی پێهاتبا، هەر شەیپوورێک لێدەدرا. کاتێک شەیپووری حەسانەوە لێدەدرا، هەموو دادەنیشتن. کوڕە توجاڕ و دەوڵەمەندی زۆر دەنێو دابوون و هەموو شتی خواردنیان دەبەر پشتێندی نابوو و دایاندەنا بۆ خورادن، چونکە دەشەڕدا ئازا بووم  وەکوو ئەوان دەمخوارد و شەرمم نەدەکرد. وا خۆشەویست ببووم، وای لێهاتبوو ئەوانەی لێم دوور بوون بۆخۆیان خواردنەکەیان بۆ دەهێنام و لە پێشیان دادەنام.”[27]

کە حەمەد میرمنداڵێکە دەست دەکا بە دزی، ئەویش لە کوێ؟ لە مەحکەمەی قازی عەلی کەوشان دەدزێ.[28] ماوەیەک هەر دزی دەکا و شتەکان بە کوڕێک دەفڕۆشێتەوە. دزی کردنی بۆ سەخت نییە. تا بڵێی دەستوەشین و شەڕانییە. هەر کەس لێیدا، تێروپڕ دەیانکوتێ. ئەو میرمنداڵە هێندە سنووری بەزاندووە کە لە چاوی کۆمەڵگادا تەنیا وەک دز دێتە بەرچاو، تەنانەت ئەگەر کەسێک لە شوێنێکی‌تر دزی کردبێ بەسەر حەمەدی دادێنن.[29]

هەر لەسەرەتای نووسینەکانیدا کاپیتان ئاماژە بە چەند خالێکی گرینگ دەکا، یەک لەوان باوەڕی ئایینیی خەڵکە. لەو سەردەمەدا خەڵک بەتەواوی لەژێر کاریگەریی دین و شێخەکاندا بوون، وەها کە تەنانەت تورکی عوسمانی مافی ئەوەیان بووە لە وڵاتی خۆیانرڕا بێن و خەڵکی مەهاباد (یا هەر شوێنێکی دی) بەرنە خەزایە.[30]

سەرەڕای هەژاری، بابی کاپیتان باوەڕێکی توندی ئایینیی هەبووە و هەموو بەیانییەک بۆ نوێژکردن لە خەو هەڵیدەستێنێ و دەیباتە مزگەوت. بەڵام کاپیتان هەر لەسەرەتاوە زۆر نێوانی لەگەڵ دین و مزگەوت نییە. شەڕی عرووس و عوسمانیانە. هێشتا ڕووس نەهاتوونە مەهاباد بەڵام تورک ڕۆژانی هەینی بە مەشقی سەربازی دێنە مزگەوتی سوور. خەڵکی شار بۆ زیارەتی تورکان دەچن و ئەگەر نۆرەیان وەبەر نەکەوتبا خۆیان هەناسەسارد دەدی. کاپیتان لە بابی  بیستووە کە:

 “سوڵتان ڕەشاد  شای تورکان لەسەر بەرماڵی پێغەمبەر دانیشتووە.”[31]

لەشکری تورک  خەڵکی خۆبەخش کۆ دەکەنەوە تا بیانبەنە خەزایە. شێخ و مەلای شار وەباڵ بۆ تورکان دەکێشن و خەڵک بۆ خەزا هان دەدەن. ئەوەی گوێی بۆ تورکان هەڵنەخستبا لە دار دەدرا. دوو خزمی کاپیتانیش  لە دار دەدرێن. شێخ لەسەر حیسابی خەڵک لە خانەقای خۆیان پاڵیان دەداوە و نانی چەوریان دەخوارد. بابی کاپیتان مریدی شێخی تەوێڵە بووە و لە خانەقا کەوشی جووت کردووە. کاپیتان دەنووسێ:

 “جارجار کە دەهاتەوە ماڵ دە شووشەدا ئاوی دەستنوێژی شێخی دەهێنایەوە.بە کەوچک دەیدا بە ئێمە دەمانخواردەوە.[…] بابم جارجار منی دەگەڵ خۆی دەبرد بۆ خانەقا و مزگەوتان تا منیش دەستەمۆی شێخان بکات بەڵکوو گەورە بم و ڕێبازی ئەو بگرمە بەر.”[32]

بەڵام کاپیتان باوەڕی بە درۆی شێخەکان کە “وەک کێچی بە دیوارەوە هەڵدەچوون” نەدەکرد.[33] بەداخەوە لەو سەردەمەدا (دەورووبەری ١٩١٦) دین وەها مێشکی خەڵکی داگیر کردووە کە خەڵک  ئامادەن بە فەرمانی هەر بێگانەیەک بۆ خەزا بڕۆن. کاپیتان باسی کێشەی نێوان ڕووس و تورک دەکا کە چۆن کورد خۆیان دەکەنە قۆچی قوربانی. خەڵک بە فیت و فتوای شێخەکان سەرکۆنسووڵی ڕووس دەکوژن و لە مەیدانی شار تۆپ تۆپێن بە کەللـەسەری دەکەن. ڕووس سێ شەو و ڕۆژ دەست دەکەنە قەتڵوعامی خەڵک وەها کە لە هەموو گەڕەکێک کەلاک وەک  گیشە لەسەریەک کۆدەبێتەوە. ڕووس تەنانەت بەزەییان بە سەگ و پشیلەشدا نایە. لەو وەزعەدا تەنانەت یەک شێخ کەپۆی لە خۆێن نایە.[34]

لەگەڵ گۆڕانی هەلومەرجی شاری مەهاباد، ژیانی حەمەد گۆڕانکاریی بەسەردا دێ. ئیدی حەمەد توانیوێتی بەکار و هاتووچۆی گەرمێن و قاچاخچێتی سامانێک وەدەست بخا و باغ  و ماڵ بکڕێ و ژن بێنێ. هاوژینی کاپیتان وەک خۆی کیژێکە لە بنەماڵەیەکی هەژار. کاتێک دایک و بابیان فەوتی کرد چەند خوشک و بران کە هێندە بچووکن کە ناتوانن ئاگایان لەخۆیان بێ. حەمەد بەجۆرێک بەردەوام ئاگای لەو منداڵانە دەبێ و کاتێک “خورشید” تەمەنی دەبێتە چاردە ساڵ لەخۆی مارە دەکا و ژیانی هاوبەش پێک دێنن. ئەو منداڵانە هەمیشە بە کاکە حەمەد بانگی دەکەن. “دایە خورشید” تەنانەت دوای مێردکردنیش بە کاپیتان “کاک حەمەدی لە زار نەدەکەوت.”[35] هەروەک ئەوە  کە ژیانی هەژاران بۆ هەمیشە بە ژیانی هەژارانی دیکەوە گرێ درابێ. هەر وەک ئەوە کە چارەنووسی خورشید دەبێ ئەوە بێ کە دەیان ساڵ دواتر منداڵەکانی بە کڵاوچنین و پێچ بادان بەخێو بکا. هەروەک ئەوە کە بەسەرهاتی دایە خورشید و دەیان ژنی کوردی وەک دایە خورشید، کە نەنووسراونەتەوە وچوونەتە ژێرگڵ، دەبێ ون بێ. بە قەولی شەرارە کە نەوەی دایە خورشیدە، “بەشی دایە خورشید لە ژیان، هەر ئاە، کەسەر و فرمێسک بوو.”[36]

وردە وردە ڕێکخراوی ژ.ک. دەست بە کار دەکا. گەرچی ئەندامانی ژ.ک. ڕووناکبیرانی سەردەمن بەڵام پێگەی چینایەتی لەوێش فاکتۆڕێکی گرینگە. لاوەکانی وەک حەمەد کە لە خوارترین تۆێژی چینەکانی کۆمەڵگا بوون بە چاوی سووک چاویان لێ دەکرێ و بانگ نەدەکران. ئەوان لە باشترین حاڵەتدا پاسەوانی سامانی دەوڵەمەندانی شار و بازار بوون.[37] دەوڵەمەندەکان چینی خوارەوە بە “ڕەجاڵە” بانگ دەکەن. ڕەش و ڕووتەکان  بە ئەزموون دەزانن کە پلە و پێگەیان وەک کوڕە دەوڵەمەندەکان نابێ و دەکەونە بەری دیکەی ژ.ک. کە خۆیان دژی ئاغاوەت و دژی نادادپەروەریی دەبینن. کاپیتان دەزانێ کە “کۆمەڵە” هەیە و خەریکی خۆڕێکخستنە بەڵام ئەو بەحیساب ناهێنن. بەو حاڵەش حەمەدی لاو دوو جار سوێند دەخوا:

 “پێش ڕاگواستنم بۆ شیراز حیزبێک هاتە کایەوە کە نۆهەمین نەفەر من بووم. ئەو شەوە لە سابڵاغێ من و ‘شەریفی ڕەحیمە کەڕی’ بانگ کراین و هەر دووکمانیان سوێند دا.”[38]

جاری دووهەم حوسێنی زێڕینگەران بانگی دەکا دەچنە باغی حاجی داودی. لەم گێڕانەوەدا دەبینین کە چینی باڵا چۆن مامڵەی لەگەڵ لاوی چینی خوارەوە کردووە:

“لای نیوەڕۆیە چووم، تەماشام کرد ئەوە بێچوو توجاڕ و دەوڵەمەند، بەشێکیان لەو باغەن. […] ئەوەندەم لێ حاڵی بوو کە من بە لایانەوە میوانێکی ڕەزاگرانم و پێیان خۆش نییە لە لایان دانیشتووم. […] لە حوسێنی زێرینگەران بەولاوە هەمووی کوڕە دەوڵەمەندن. ئەویش وەکوو دەوڵەمەندەکانی لێهاتووە و کە سوێند دەخوات دەڵێ (خودا شایەدە) چونکە ئەو ئەعیانانە ئاوا سوێندێ دەخۆن، ئەوەی نەشیناسن  خودایە. دەنا، شتێکی تریش دەڵێن (بیلئەخەرە)، پەکوو کە لێیان ناحەزە. […] وا دیارە داخیلی (کۆمەڵە) دەبن بەڵام کەس بە من ناڵێ. حوسێن زێرینگەران سەری لە هەموویان قاڵتر بوو، هەر دە هات‌وچوودا بوو. کاتێک حوسێن چەند نەفەرێکی هەڵگرت کە بیانباتە ناو باغی، هەستام بڕۆم. لێیان پرسیم بۆ کوێ دەچی؟ منیش سەرئاوم بە بیانوو هێنایەوە. ئیتر هەستان و ڕۆیشتن یەک بوو و هاتمەوە شار. دە دڵی خۆمدا دڵم زۆر لە حوسێنی هێشابوو. ئاخر بۆچی بانگی کردم بۆ ئەو باغە؟ بۆچی هەموو لەو باغەی ڕوویان دەگەڵ من گرژ بوو؟”[39]

بەڵام ئاخری شەو حوسێن زێڕینگەران و محەممەدی یاهوو دێن و دەیبەن و کاپیتان سوێند دەخوا:

“من سوێندکەم لە دڵەوە خوارد و بە ڕاستیشم بوو. سوێندم خوارد تا ڕوحم لەبەر دایە، بۆ کورد و کوردستان بە گیان و بە ماڵ حەول بدەم، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو جەماعەتە بە زۆڵێتی سوێندیان خواردبوو. […] هەر دوو کەڕەت سوێندم بۆ کوردستان خوارد. هەر دوو کەڕەتیش تووشی قۆرتی ئەکجار گەرە بووم بەڵام دیسان لووتم لێ هەڵنەئەنگاوت و پەژیوان نەبوومەوە بگرە، جار دەگەڵ جار خۆم توندوتۆڵتر دەکرد. ئێستاش ئەوە پاش ٢٦ ساڵان لە وڵات دوور کەوتوومەتەوە، ٢٦ ساڵە ماڵ و منداڵم نەدیوە و لەوانەیە ئێستا بیانبینم و بمبینن، یەکتر نەناسیننەوە. خوداش دەزانێ چەند بە هەناسەساردی گەورە بوون، سەرباقی ئەوانەش خۆم لە پێش چاو نەکەوتووە و خۆم لۆمە ناکەم و شانازیی بەخۆم دەکەم و خۆم ڕووسوور دەبینم لە ئاست کوردستان و ئەو سوێندەی خواردوومە.پێمخۆشە منداڵەکانیشم وەک من سەریان بەرز بێت و بشمبوورن  کە نەمتوانی بابێک بم وەک هەموو بابان.هیوادارم ئەوانیش بۆ کورد سوێند بخۆن و بۆ کوردستان گیانفیدا بن چونکە دەزانم ئەوانیش وەک من پەژیوان نابنەوە، هەرچی بۆ کوردستان بیکەن، ئێستا کەمە. ئاخر هیچ لەوە ناخؤشتر نییە ئەمنییەیەک و عەجەمێک بێتە سەر ماڵت و سووکایەتیت پێ بکات یا دەنا، بەناحەق تێت هەڵبدات. کورد دەبێ ئەوە قەت قەبووڵ نەکات. مردن خۆشترە لەو حاڵە.”[40]

کێشەکانی ناو کۆمەڵە زۆرن و کاپیتان خۆشی لە هێندێکیان نایە کە بەڕای ئەو تەنیا قازانجی خۆیان بۆ گرینگە. ناکۆکی و ناتەباییی سیاسی دە کۆمەڵەدا هەیە و سێخوڕی تێخزاوە.[41] دەبنە دوو دەستە. ڕووت و ڕەجاڵە و بێسەوادی تەبەقەی خوارەوە سەریان لێ گێژ بووە. کاپیتان دەنووسێ:

 “کامیان زوڕنای باشتر لێدابا وەدووی دەکەوتین. قازی محەممەد تازە داخیلی کۆمەڵە ببوو و هەر کەسە هەوڵ دەدات بۆ لای خۆی ڕایبکێشێ”.[42]

ڕووت و ڕەجاڵە دەچنە لای کۆنسوولی ڕووس و دەڵێن ئێمە ئەو کۆمەڵەیەمان ناوێ. بەڵام ناوێرن لەناو خەڵکدا ناوی حیزبی توودە بەرن چونکە خەڵک ئەوان بە بێ دین و خوانەناس دەزانێ.[43] بەمەڕا دەزانین کە حیزبی توودە لەو کاتەوە توانیوێتی بێتە ناو تانوپۆی ڕێکخراوەکانی کورد و کاریگەری لەسەر ئەندامانی کورد دابنێ. بەڵام دواتر کاپیتان لە تەورێز دەزانێ کە تەنانەت ئەوانیش ئەویان بۆ ئینسان کوشتن دەوێ و دەگەڕێتەوە سابڵاغ.[44]

ناتەباییی چینایەتیی دوو دەستەی تێر و برسی، کاریگەری لەسەر ژ.ک دادەنێ. برسی و نەداری دڵسۆز و بێدەعێ کە زگیان بە کوردستان دەسوتێ و هیچیان نییە لە دەستی بدەن و دەستەی تێر کە بۆ پاراستنی ماڵ و خۆڕانان لە کۆمەڵە نزیک دەبنەوە.[45]

هێندێک جار کاپیتان بۆخۆی دەبێتە بڕیاردەر و منەتی بە کەس نییە. تۆڵە لە ئاغایان دەکاتەوە. لەگەڵ هاواڵەکانی دەچنە سەر ئیدارەی ئاژان چونکە نایانهەوێ حکومەت جێ خۆش بکاتەوە و ئاغاوەت بەهێز ببنەوە و دیسان زوڵم و زۆری بکەن.[46] حەمەد گوێ ناداتە کۆمەڵە و ئەوەی ئاغاوەت پێیان ناخۆشە دەیکا. بە قەولی خۆی:

“شتی زۆر سەیر و سەمەرەم دەکرد، بەڵام هەمووم بۆ نانووسرێ، دەست و پلێکی وام نییە تا بە تەواوی و ڕێکوپێکی بیاننووسم.”[47]

کاپیتان حەمەد کە بۆ  پاراستنی کۆمار لە بەرەکانی شەڕدا هەر جۆرە لەخۆبوردووییەکی کردووە، پلەی کاپیتانی و میداڵی قارەمانییەتی لە خودی پێشەوا وەردەگرێ.[48] ئاغاوەت دژی کاپیتانن. دەوڵەمەند و ئاغاوەت دەوری پێشەوایان تەنیوە. بە فیتی شێخ و ئاغایان کە قازی‌یان لە خشتە بردووە، قازی فەرماندەیی بۆکان ناداتە کاپیتان و دەینێرێتە
ساینقەڵا.[49] ئەوانەی پێگەی کۆمەڵایەتییان لەسەرترە، گرینگترن و دەبێ دڵیان ڕاگیرێ. کاپیتان چاوی تیژە و بێ ئەوە چووبێتە قوتابخانە ڕووداوکان قووڵ دەخوێنێتەوە. لە منداڵییەوە درزی نێوان چینەکان دەبینێ. شەوێک چەند ئەفسەری کورد دێنە مێهمانخانە و دەڵێن دەبێ ئێرە چۆل کەن بۆ ئەفسەران، و کەس کاپیتان و هاوڕێکانی فەرموو ناکا. کاپیتان هەست دەکا “وەک ماشە پۆلوویان پێگرتووە.”[50]

دیارە کە پێگەی کۆمەڵایەتیی کوڕێکی کە لە توونی حەماماندا نووستووە لەگەڵ ئەوەی لە چینی سەرەوەی شار ڕا هاتووە  یان لە بەرەی ئاغایانە جیاوازە. سەرەڕای ئەوانە پێشەوا دەیهەوێ دڵی کاپیتان وەدەست بێنێتەوە بەڵام پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاغاوەت مەیدانی کاری پێشەوایان بەرتەنگ کردووە. هەر ئەو پێشەوایە کە نەترسانە بەرەو سێدارە دەڕوا و ئەم ئاغاواتە بۆی تێدەچێنن و دوای لەسێدارەدانی هیچ کام لەوان ناچن لە سێدارە دایبەزێنن. لە یادداشتەکانی کاپیتان ڕا دەزانین ئەوانەی کە بە دڵ لەگەڵ پێشەوا و کۆمار بوون تەنیا کەسانی وەک کاپیتان، چوار ئەفسەرە بەناوبانگەکەی باشوور، میرحەج و پێشمەرگەکانی بارزانی  بوون. ڕەنگە  ئەگەر سێ ئەفسەری دڵسۆزی وەکوو نانەوا هەبووبا “کوردستان دەستی زۆر درێژ دەبوو.”[51] لێرەدایە کە دەبینین دوکتور قاسملوو زۆر بە دروستی ئاماژە بەوە دەکا کە “پێشەوا گوڵێک بوو کە لە سەحرادا ڕووا.”

کارەکتەری کاپیتان تێکەڵاوێکە لە قارەمانەتی لە لایەک و بەزاندنی هەر سنوورێک لەولاوە. بۆ ئاژاوە گێڕان و سووتاندنی شوێنێک کێ باشتر لە حەمەد و ڕەفیقەکانی؟ حەمەد دەتوانێ بەهاسانی ئاژاوە بخاتە شوێنێک، یا لەگەڵ هاوڕێکانی “قەحبەخانەیەک داغان بکەن”[52] یا کەسێک بکوژن. ئەوەی بە کوڕە دەوڵەمەندان ناکرێ بە کەسانی وەک حەمەدی دەیکەن. هەژاران هاوشانی دەوڵەمەندەکان نین. دەوڵەمەندەکان ڕاستەوخۆ دەستیان بە خوێن سوور ناکەن. حەمەدەکان دارەدەستن:

“(کۆمەڵە) منی کردۆتە دارەدەست. ئەوەی بۆخۆیان پێیان ناکرێ بە منی دەکەن. سوێندیشم بۆ خواردوون و هەر ئەمرێکم پێ دەسپێرن بە دڵ و گیان بۆیان دەکەم. […] کەچی تەماشای (کۆمەڵە) دەکەم لە سەید و ئاغا و توجاڕ بەولاوە، کەس داخیلی ئەو حیزبە ناکەن. زۆر کەسم نێو گوتووە کە ئەوانە پیاوی چاکن و کوڕی ئازان و گیانلەسەردەستن بەڵام بە گوێم ناکەن و ڕازی نابن.”[53]

بەڵام سەرەڕای ئەوە کە حەمەد ناچێتە ناو چوارچێوەکانی نووسراو و نەنووسراوی کۆمەڵگا، هەستی کوردایەتییەکی بەهێزی تێدایە و دەزانێ داگیرکەر زوڵم و تەعەدا لە کورد دەکەن و ئامادەیە بۆ کورد هەر کارێک بکا. تەنانەت بە تاقی دەکرێتەوە کە بزانن چەند وەفادارە. پێی دەگوترێ دەبێ بچێتە تاران کەسێک بکوژێ.[54] کاپیتان بۆ کورد و کوردستان گیانی لەبەری دەستێتی و وەها دەجنگێ کە لەشکری داگیرکەر وەئامان دێنێ. دوای “شەڕی مەکڵاوێ” کە دەگەڕێتەوە سابڵاغ هەموو کەس بە ڕێزەوە چاوی لێ دەکا. قازی لەدوای دەنێرێ و لە پێش  چاوی بارزانی و خەڵک پێی دەڵی کە لە تەورێز مێداڵی بۆ بەدروست کردن دەدا.[55] ئاغا و شارەدار و دەوڵەمەند، حەمەد هاوشانی خۆیان نابینن. پەڵپی پێ دەگرن، بۆی تێدەچێنن و دەیانهەوێ شاربەدەری کەن. کاپیتان تەنیا دڵی یەک کەسی مەبەستە و گەرچی دڵی لێی شکاوە بەڵام هەر خۆشی دەوێ: پێشەوا. ئەو تەنیا جوابی قازی دەداتەوە. کاپیتان لە یادداشتەکانیدا لە یەک دوو شوێن نەبێ کە بە پێشەوا ناوی دەبا، ئەگینا لە هەموو یادداشتەکاندا هەر بە قازی ناوی هێناوە.

نۆڕمەکان و یاسا نەنووسراوەکانی کۆمەڵگا لەژێرەوە کاری خۆیان دەکەن. بە گوێی سەدری قازی دەگاتەوە کە حەمەد چی کردووە. خودی سەدری قازی و پیاوەکانی لەناو شەقام لێی دەگەڕێن تا بیگرن. بایز کە پیاوی سەدرە ئیشارە بە کاپیتان دەکا کە لەوێ بڕوات. بەڵام کاپیتان مەستە و تێناگا. کاپیتان دەگرن و دەیبەنە شارەداری. سەدری قازی بە بەرد لەسەری بایز دەدا و دەڵێ:

“سەگباب، مەگەر ئێمە کوێر بووین، چاوت لێ دەترووکاند کە بڕوات.”

بایز بە دارەمەیت رۆکێش دەکەن. کوڕی قازی و هەمزەئاغای کوڕی کەریم ئاغا لە کاپیتان دەدەن و دەڵێن:

“وات لێهاتووە پێشی میوانی ئێمە دەگری و تەماح لە گیانی دەکەی؟”

پاش لێدانێکی باش  کاپیتان دە ژوور دەکەن و چوار تفەنگچی لەسەر دادەنێن.[56]

کۆمەڵگا مەیدانی شەڕی چینەکانە. ئاغاوەت بەردەوام دەیانهەوێ کاپیتان لەسەر ڕێگا لابەرن. دەوڵەمەند بە چاوی سووک و قینەوە چاوی لێ دەکەن.[57] تەنانەت کەسێکی وەک سەدری قازی لە کاپیتان دەدا. بۆ؟ چونکە پێشی بە ئاغاکان و میوانی ئەو گرتووە. بەڵام کە کاتی نوێنەرایەتی پاڕڵمان دێ سەدری قازی بانگی دەکا و پێی دەڵی:

“خەریکم دەبمە نومایەندە. ئەو کەسەی ناسیاو و دۆستی تۆیە حاڵییان بکە ڕەی بۆ من دە سەندووقێ باوێن.”[58]

 ڕێبەری و دەوڵەمەندی شار کەسانێ وەک کاپیتانیان تەنیا بۆ ئەوە دەوێ شەوانە ئاگایان لەوان بێ کە مەنگوڕ تاڵانیان نەکەن. بەڵام لەبەرانبەر داگیرکەراندا ترسەنۆکن. کاپیتان لەم یادداشتەدا زۆر پێش ئێمە ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەکا:

“هەرچەند لە منداڵیمەوە چاوم بەرایی نادات تەماشای دەوڵەماند و ئاغایان بکەم، هەر خۆم دەزانم چن! لەبەرانبەر عەجەماندا خۆپێکەم و لەبەرانبەر کوڕە فەقیر و نەداریشدا شێرن. چی بکەم، لەبەر خاتری قازی کوتم: باشە.”[59]

ئەم ئاگاییە دەربارەی خۆبەکەمزانیی چینی سەرەوەی کورد لەبەرانبەر داگیرکەراندا لە کوێوە هەڵدەقوڵێ؟ خۆ کاپیتان کۆمەڵناس نەبووە؟ بەڵام ئەزموونەکانی خۆی بەس بوون کە بە ئاگایی بگا و ببینێ کە چینی سەرەوە، بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتی هەڵناگرێ و لەبەرانبەر داگیرکەراندا ڕۆڵی خۆیان ناگێڕن. ئەو ڕۆڵەی کە هەمان چێن بۆ پێشکەوتنی وڵاتانی خۆیان لە ئەورووپا گێڕاویانە. ئەوان هەمیشە لەبیر گیرفانی خۆیاندا بوون و فەقیر و هەژاریان بۆ پاسەوانی شەوانە لە خزمەت خۆیاندا ویستووە. کاپیتان زۆر زوو دەزانێ ئەوانەی دەستیان دەڕوا لەبەرانبەر بێگانەدا خۆ بەکەم دەبینن. و ئێمە ئێستاش دەبینین کە ئەم خۆبەکەم‌ دیتنە بەردەوامە و ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری منداڵی هەژارانن کە لە پێناو نیشتماندا گیانی خۆیان بەخت دەکەن.

بە ڕوانگەیەکی نێوان‌زانستی دەتوانین ببینین کە چۆن فاکتۆڕی ئیتنیسیتە، چین و جنسییەت لە ڕووداوەکاندا تێکەڵ دەبن. پیاوی هەژار کە هەموو تەمەنی بە کەم بینراوە، بە نیگایەکی پیاوسالارانە پیاوی دەوڵەمەند بە “دێڵە تڕکەن” ناو دەبا. پیاوی دەوڵەمەند لەبەرانبەر داگیرکەردا خۆ بەکەمزانە. کاپیتان فلاشبەگێگ لێدەدا و دەڵێ کە ئەو دێڵانە (پیاوی دەوڵەمەندی ترسەنۆک) هەموو تەمەن خەڵکی چینی خوارەوەیان بە سووکی بانگ کردووە:

“جاری وابوو کە ڕقیان هەڵدەستا پێێان دەگوتین (عەمباڵی کوڕی عەمباڵی)، یا جنێوی هەرە گەورەیان، (بڕۆ لاچوو هەی ڕەجاڵەی سەگباب) بوو. وەک ئەوان لە زێڕ دروستکرابن و ئێمە لە قوڕ. ئێستا لە ترسی مەنگوڕان و لە ترسی بەتاڵانچوونیان، دەستە دەستە ڕەجاڵە دەبەنە ماڵی خۆیان و سوێند بۆ یەکتر دەخۆن دەگەڵ یەکتر بران و موویان لەبەینەوە ناچێ. زۆر جار کە دەڵاڵەکانی  دەوڵەمەندەکان دەهاتنە لام و پێیان دەگوتم کە ئەوشۆ بانگ کراوی بۆ ماڵە کێ و کێ، منیش گونم نیشان دەدان و نەدەچووم.”[60]

کاپیتان کە لە منداڵییەوە زۆر شتی بەسەر هاتووە، لەبەرانبەر هەموو کەسدا ڕادەوەستێ و سەر بۆ کەس نەوی ناکا. بۆ خۆی یاسا لەدەست دەگرێ. تۆڵەی خۆی دەکاتەوە. ڕەئیسی ئەمنییە و ئەو ئاغایانەی سەردەمێک بە سووک چاویان لێ کردووە سووک و بێ قیمەتیان دەکاتەوە.[61] منداڵێکی پڕ لە نەهامەتی ئێستا گەورە بووە و لەخۆبایی دەبێ و غروور دەیگرێ. غەڕڕە دەبێ و شایی بەخۆیە. خۆی بە کەسێک دەبینێ. “قازی کوڕی قازی کێیە تا حیسابی بۆ بکەم؟”[62]

ئەگەر بە پێی هێندێک لە تیۆرییەکانی پسیکۆئانالیز و دژەکۆلۆنیالیستی کارەکتەری کاپیتان هەڵسەنگێنین دەبا منداڵێکی وا بێناز و پڕ لە گرێ، منداڵێکی ترسەنۆک و شەرمێون و ژێردەستە بایە. هەڵبەتە منداڵێکی وا بێکەس بە پەروەردەیەکی وا سەقەت کە هەمیشە چاوی لەدوای نان بووە، ناتوانێ کەسایەتییەکی کۆک و شازی هەبێ، بەڵام لێرە ئێمە لەگەڵ کارەکتەرێک ڕووبەڕووین کە نەترس و بێباکە و سەر بۆ کەس دانانەوێنێ. نە بۆ ئاژان و ئەمنییەی دەوڵەت، نە بۆ قازی و نە بۆ ئاغاکان. وە لەوە سەیرتر ئەم کارەکتەرە زۆر زوو بەشێوەیەکی خۆڕسک دژی داگیرکەرانە و نایهەوێ عەجەم لە کوردستان حاکم بن و بۆ کوردایەتی تێهەڵدەچێ. کارەکتەری کاپیتان لەبەرانبەر داگیرکەراندا کەسێکی ژێردەستە، ترسەنۆک و دەستەمۆ نییە بگرە سابجێکتێکی بەگوڕوتینە. ئەو بە لایەکەی دیدا کەوتووە؛ دڕ و هێرشبەر. لێردەدا تەنیا دەتوانین شیمانە بکەین کە ڕەنگە مێکانیزمی زوڵم و هەژاری یا بتکاتە ترسەنۆک و شەرمێون، یا نەترس و هێرشبەر. ئێمە تەنیا بە خوێندنەوەی یادداشتەکان دەزانین کە کاپیتان گورجە و نەترسییەکی سەیر لەخۆ نیشان دەدا. ڕەنگە ئەوەش جۆرە وڵامێک بێ بە نابەسامانیی دەورانی منداڵی و بەسووک دیتنی لەلایەن چینی سەرەوە و هەوروەها ئەو زوڵمەی لە کوردستان کراوە.

خاڵێکی جەوهەری لەو یادداشتانەدا ئاگایی کاپیتانە بۆ پرسی کورد. هەر زۆر جەوانە کە پێی وایە داگیرکەران زوڵم لە کورد دەکەن، یا هیچ نەبێ کاتێک لە باکۆ دەژی و ئەو یادداشتانە دەنووسێ، هزری کورد بوون تێکەڵاوی بیرەوەرییەکانی دەکا. ئەو لە وڵاتی بەناو سۆسیالیستیدا خۆی غەریب دەبینێ و لە تاراوگە و لەنێو عەجەماندا دەنووسێ:

[…] نە بە منداڵی وەک منداڵان ژیام، نە بە جحێلی وەک جحێڵان. ئێستاش بە سەری پیری، لە وڵاتی غەریبایەتێ و لەناو عەجەماندا، بە پشتی کووڕەوە و پەنجەی قەڵشیوەوە، باغەوانی دەکەم. باشتر بڵێم، قەت خۆشیم نەدیتووە تا شاد بم و هەڵپەڕم.[63]


ئاکام

ڕەوایەتی کاپیتان حەمەد دەکرێ لەگەڵ چیرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکانی “بێنەوایان”ی ویکتۆر هۆگۆ، “ئۆلیوێر تویست”ی چاڕڵز دیکێنز و هەستی ناو وێنەکانی ئەورووپا لە سەدەکانی پێشوو کە لە مووزەخانەکاندا ڕاگیراون بەراورد بکرێ. مێژووی ئینسانی بە بەستێنی هەژاری و ستەم لە لایەک و کەڵەکەی سامان لە لایەکی تر، کوێرەڕێگای نابەرانبەری، خوێن و فرمێسکدا خوشیووە. هەژاران و زەحمەتکێشانی کوردی بێ ماڵ و بێ وڵاتیش لەم مێژوویە جیا نین و بگرە لە زۆر کات و باردا ژیانیان سەختتریش بووە و گەشەی ئابووری وەپاش کەوتووە. تەنانەت ئێستا لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بە هەزاران کۆڵبەر بۆ پەیداکردنی نانی زگیان ڕێگای قاچاخ دەبڕن.

یادداشتەکانی کاپیتان بەشێکن لە ڕەوایەتی چینی هەژاری کورد کە تا ئەم ساڵانەش زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگایان پێک دەهێنا. هەژاری دەردی هاوبەشی زۆربەی ئینسانەکانە لە چوارگۆشەی دنیا. لە بەسەرهاتی تاکە کەسیی کاپیتان دا دەبینین کە پەیوەندییەکانی چینایەتی چۆنێتیی هەموو ڕووداو، ڕەفتار و دیاردەیەک دیاری دەکەن. کۆمەڵگای چینایەتی لەسەر بناخەیەکی هیرارکی و پلەبەندی دامەزراوە. تاکی چینی خوارتر زۆر جار دەسەڵاتی بەسەر ژیانی خۆی و کەسانی گەورەتر لەخۆیدا ناشکێ. زۆربەری جار منداڵێک دەرەقەتی گەورەیەک نایە، هەژارێک ناتوانێ بەربەرەکانی لەگەڵ دەستڕۆیشتووانی کۆمەڵگا بکا. کۆمەڵگای پلەبەندی، کۆمەڵگایەکی نایەکسان و پڕلە زوڵم و ئازارە. گەورەکان نە تەنیا منداڵ بە پەروەردەی دروست گەورە ناکەن بگرە ئێستاش لەزۆر کۆمەڵگادا کە هەژاری ئیندێکسی سەرەکیی کۆمەڵگایە منداڵ ڕێزی لێ ناگیرێ و برسی دەمێنێتەوە. لەناو یادداشتەکانی کاپیتاندا نان و زگ تێرکردن دەبێتە گەورەترین خاڵی ژیانی لە منداڵیدا. کاپیتان لەم پێکهاتەیەدا دەیهەوێ نیازەکانی بە جۆرێکی دی وڵام بداتەوە و خۆشەویستیی خەڵک وەدەست بێنێ.

لێرە ئێمە تاریف یا زەمی ئەم کارەکتەرە ناکەین. بەڵکوو باس لە کاریگەریی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، بنەماڵەیی، دۆخی ئابووری و سیاسی، پاشخانی کولتووری و مەعرەفییە کە چۆن تاک دروست دەکا. تاک سۆسیالکانستراکشنە، واتە بەرهەمی کۆمەڵگایە. هێشتا میرمنداڵێکە کە ناتوانێ چاوپۆشی لە چاوحیزیی سەربازێکی داگیرکەر بکا کە بە عالەم ئاشکرا چاوی تەماحی لە کوڕێکی جوانکیلە بڕیوە، لە کاتێکدا خەڵک تەنیا چاو لێدەکەن. بەڵام حەمەد وەها لە سەرباز دەدا کە بێهۆشی دەکا. دواتر تا ڕادەی مەرگ لە حەمەد دەدەن و ئەو ئامادە نییە سەردانەوێنێ.[64] لەلایەکی دیکە دوای ژن هێنانی دەتوانێ زۆر بەهاسانی ئاژانێک بکوژێ کە بەپێی بڕیاری “کشف حجاب”ی ڕەزاشا (١٩٢٨) ویستوویەتی ڕووبەند و چارشێو لەسەر ژنی کاپیتان هەڵگرێ. گەرچی ئاژان لەبەری دەپاڕێتەوە و دەڵێ کە نەیزانیوە ژنی ئەوە[65] بەڵام تازە سنووری پیاوانەی حەمەدی بەزاندووە و دەبێ بیکوژێ.

 لە سەراسەری یادداشتەکانی کاپیتاندا دەبینین کە نۆڕم و نیگای پیاوانە و کۆمەڵگای نەریتی بۆ پرسی سێکسوالێتە و جێندێر یەک لە تایبەتمەندییەکانی سەرەکیی نووسەری یادداشتەکان واتە کاپیتانن. کاپیتان دەوڵەمەندانی شار کە لە مەنگوڕان دەترسن و داواکارن کە کەسانی وەک کاپیتان شەوانە ماڵ و سامانیان بپارێزن بە “دێڵە تڕکەنەکان” ناو دەبا:

“ماڵئاواییم لە قازی کرد و لە پلیکانەکانی مەحکەمەوە دەهاتمە خوارێ. تەماشام کرد دێڵە تڕکەنەکان وەسەر دەکەوتن تا بچنە لای قازی. ترسیان لێ نیشتووە کە مەنگوڕان تاڵانیان کەن.”[66]

ئەم نووسینە ویستی باسی ئەوە بکا کە کوردایەتی چەمکێکی جودا لە کات و شوێن، هەلوومەرج و پێگە نییە و هەر تاکێک کە بۆ کوردایەتی هەوڵ دەدا بەرهەمی کۆمەڵگای خۆیەتی و تاک دەکارێ پڕ بێ لە  چاکە و هەڵە، بەڵام کوردبوون بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی تاک. لەم ڕووەوە گرینگییەکی تایبەت لە کتێبەکەی وریا ماملێ دا ئەوەیە کە دەستنووسەکانی  کاپیتان حەمەدی مەولوودی سانسۆڕ نەکردووە و بەدوای میراتگرتنی ستاتووسی خەباتکاری لە باپیری نەبووە و لانی کەسی نەگرتووە و یادداشتەکانی وەک خۆی بڵاوکردۆتەوە. (گەرچی خۆی لە ناوبردنی هێندێکان پاراستووە) ماملێ نەیویستووە خۆی بە باپیرییەوە هەڵکێشی، بەڵکوو هەموو هەژاری، بێ ماڵی و تەنانەت باسی دزی و کوشتن وەک خۆی بڵاو دەکاتەوە تا پێمان بڵێ ئەمەیە بەشێک لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێمە. ئەو نەهاتووە تەنیا باسی قارەمانەتیی باپیری خۆی بکا تا ستاتووسی خۆی پێ بەرزکاتەوە بەڵکوو خاکەڕایانە دەڵێ ئەو باپیری منە، ئەمە کاپیتان حەمەدی مەولوودی، سەربازێکی کوردبوونە بە هەموو چاک و خەراپەکانی. 

ئەم نووسینە دەیهەوێ ئاماژە بەمە بکا کە ئێمە وەک تاک بەرهەمی دۆخ و پێکهاتە و خەباتێکین کە هێشتا نەگەیشتووەتە ئامانج و زۆرجار خودی کوردبوونەکە بریندارمان دەکا بەڵام ئەگەر وتەکەی وریا ماملێ  بەقەرز وەرگرین دەگەینە ئەو ئاکامە کە:

 “کوردبوون هەستێکە هێژای پێوەنازین و پێخوڕین. نەک لەبەر ڕەگەز و ڕەچەڵەکەوە، بەڵکوو لەبەر ئەو ئازارانەی کە کوردێکی مافخوراو، بە ڕەگ و پێست و خوێنەوە، بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و ماڤە ڕەواکانی دەیانچێژێت. بێئەنوایی، برسێتی، بێبەرگی، بێدەرەتانی، زیندان، جەزرەبە، قەنارە، ماڵوێرانی، ئاوارەیی، تێکۆشان بۆ ئازادی… و لە ئاکامدا گۆڕغەریبی، هەمووی لە ژیانی ئاسایی کورددا بوونیان هەیە، کەچی بە خۆشییەوە سەرەڕای هەموو ئەو کارەساتانەی کە بە سەری دێنن، کورد هەر زیندووە، هەناسە دەدات و لە هەوڵدایە پانتە بە نەیاران بکات. […]”[67]

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر چەمکی چین دەزانین کە لە  مانیفێستی کۆمۆنیست (١٨٤٨)دا، ئەم چەمکە جێیەکی سەرەکیی لە فەلسەفەی مارکس و ئێنگێلس‌دا هەیە. لە ڕوانگەی ئەم مانیفیستەوە کۆمەڵگا مەیدانی شەڕی چینەکانە. هەلومەرجی ئابووری بە ژێرخانی کۆمەڵگا و، کولتور و سیاسەت بە سەرخان دەبیندرێ. بە ڕای مارکس ژێرخانی ئابووری ڕاستەوخۆ هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەت و کولتوور واتە سەرخان دروست دەکا. کۆمەڵگای چینایەتی دوو چینی تەواو لێک جیاوازیان هەیە کە درزێکی قوڵییان لەبەینە. یەکیان سەردەست و خاوەنی هەموو شتێک و ئەویدی هیچی نییە جگە لە هێزی کار و جەستە. چینەکان لە پەیوەندی لەگەڵ کەلوپەلی بەرهەمهێنان و چۆنێتیی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان تاریف دەکرێن. “ئینسان لە ڕەوتی بەرهەمهێناندا دەبێتە ئینسان.”[68]

ئەگەر بمانهەوێ باسی مانیفێست لەم نووسینەدا زۆر سادە بکەینەوە و بەکاری بێنین مارکس ئاگاییی چینایەتی و پەیوەندیی بە چینێکەوە دەکاتە هۆی ئاگاییی سیاسی و هەنگاونان  بۆ گۆڕانکاری. ئاگاییی چینایەتی دەبێتە هۆی ڕێکخستن و هێزی فکری بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی. لە کۆمەڵگای بورژوازیدا تۆێژێکی دیکەش هەن کە لە چینی کرێکار خوارترن و بە سەختی ژیانی خۆیان بەڕیوە دەبەن؛ “لۆمپەن پرۆلێتاریا” کە ئاگایی چینایەتی و پۆتانسییلی گۆڕانکارییان نییە و تەنانەت وەک هێزی کار چاو لێ ناکرێن، ئەو توێژە نرخی کۆمەڵایەتییان نییە و زۆرجار دەکڕدرێن.[69]

 خوێندنەوەی مارکس لە مێژوو بە پێی “ماتریالیسمی دیالێکتیک”ە کە دەکرێ لە سێ بواردا کەڵکی لێ وەربگیرێ: واقیع کە سەربەخۆ بوونی هەیە، مەعرەفەناسی کە بە لەژێرچاوگرتنی دنیای دەرەوە دەکرێ بە زانست بگەی، و بەرداشتێکی دەروونناسی و کۆمەڵناسییانە. مێژوو کایەی نێوان ئینسان و سروشتە کە هەوەڵ ئینسان بەشێکە لە سروشت بەڵام وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات و لە پڕۆسەدا زیاتر سەربەخۆ دەبێ. ئازادی و یەکسانییش کاتێک سەردەگرن کە لەباری ئابوورییەوە  ئازاد و یەکسان بی. هەر ئەم ئازادی و یەکسانییە لە کۆمەڵگایەکی بورژوازیدا نائازادی و نایەکسانییە.[71]

لە یادداشتەکانی کاپیتاندا بە ڕوونی پەیوەندیی ئەو چەمکانە، چین و پێگە، لەگەڵ یەکتر دەبینین. چینی خوارەوە تەنیا بۆ کاری نایاسایی، بۆ کوشتن، بۆ پارێزگاری لە چینی سەرەوە کەڵک لە هەژاران وەردەگرن. چینی خوارەوەش زۆربەی جار نائاگایە. بەڵام بە قەولی گیدێنز تاک دەتوانێ بە هەوڵی خۆی جێگۆڕکێ بە پلەی کۆمەڵایەتیی خۆی بکا؛ گەرچی ئەم جێگۆڕکێیە دژوارە، ناهاوسانە و چینی سەرەوە قەت زەحمەتکێشان بە هاوشانی خۆیان نابینن. تەنانەت لەم سویدە کە من تێیدا دەژیم.

یادداشتەکانی کاپیتان، هاواری چینی چەوساوەیە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی کوردی تا بەڵکوو لەو دەوڵەتەدا بە هۆی ڕێبەرییەکی دڵسۆز و گۆڕانی کایەکانی کۆمەڵایەتی تاکی پڕ لە برین و پڕ لە گرێ ژیانێکی بەکەرامەت و ئینسانی ببینێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئامادەبوونی ئەم چینە و گیانفیدایی لەڕێی نیشتماندا بەردەوام سەری وەبەرد دەکەوێ و وەک مقاش بۆ گرتنی سکڵ و پۆلوو چاوی لێ دەکرێ. چینی سەرەوە بن پێی چینی خوارەوە بەتاڵ دەکا و کەرامەتی ئینسانیی ناپارێزێ.

کاپیتان هەمیسان وەبیرمان دێنێتەوە کە کوردبوون دەبێ تێکەڵاوی داد بێ تا ئەوانەی زیاتر لە هەرکەسێک ئامادەن لە پێناو نیشتماندا تا مەرگ بڕۆن و تەنانەت قەتڵ بکەن هەست بکەن چیدی بە هەتیو و ڕەجاڵە بانگ ناکرێن. کتێبی کوردبوون هەموو زبڵی ژێر فەڕش دێنێتە ڕوو. ئەگەر پێشەوا و مستەفا خۆشناو و حەمەدی مەولوودی لە سێ چینی جیاواز یەک ئامانجیان هەیە ئەوە زۆری دیکە تەنیا یەک مەبەستیان هەیە: ڕاگرتنی سیستەمی ئەرباب و ڕەعییەتی، بەردەوامیی زوڵم و ژێردەست بوونی داگیرکەران و بەکەم دیتنی ئینسانەکانی خوارووی کۆمەڵگا.

سەیر لەوەدایە کە تاکی چینی هەژار بەشێوەیەکی سەیر دەچێتە ناو خەباتی کوردایەتی کە تەنانەت ڕێبەرییەکەی بەدەست ئەو نییە. چینی باڵادەست چینی خوارەوە وەک ڕەشەلەشکر بەکار دێنێ. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بۆ تاکی چینی خوارەوە دەچێتە ناو خەباتی کوردایەتی؟ بەڕای من بە چەند هۆیەک؛ یەکەم ئەوە کە تاک دەگاتە جۆرێک لە ئاگایی کە دەبێ بچێتە ناو ئەم کایەیە و شەڕی خۆی بکا. دووهەم؛ زوڵمی داگیرکەران بەردەوامە و هەموو چینەکان لەژێر هەڕەشەن و ئەویش ناچارە بچێتە ناو ئەم خەباتە دژە داگیرکارییە. سێهەم؛ ئەگەر کورد بگاتە جۆرێک لە فۆڕمەکانی سەروەریی  سیاسی، ڕەنگە خەبات بۆ مافە چینایەتییەکان هاسانتر بێ و ئینجا دەکرێ لە ڕێگای یاسا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە مافەکانی شارۆمەندیی کورد لە دەوڵەتی کوردیدا (یا هەر جۆرێک لە سەروەریی کوردی) جێ کەوێ. چوارەم؛ ڕەنگە هەمیشە چینی سەرەوە، چینی خوارەوە بە کەم ببینێ بەڵام چینی خوارەوە لە بیر ناکا کە لە چینی سەرەوەش کەسانی وەک پێشەوا، قاسملوو، شیخ عوبەیدیللا و زۆری دیکە گیانی خۆیان بۆ کوردستان بەخشیوە.

شەڕی کوردایەتی و چینایەتی ڕەنگە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بمێنێ و زۆر جار چینەکانی سەرەوە، وەفادرای مافەکانی چینی خوارەوە نەبن، بەڵام دەبێ خەبات بۆ کوردایەتییەکی یەکسانیخواز و دادپەروەر بکرێ چونکە جگە لەوە ڕێگای دیکەمان نییە. چێنی خوارەوە ی کۆمەڵگا ڕەنگە لە زۆر شت نەزانن بەڵام مێژوو شاهیدیی ئەوەمان بۆ دەدا کە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا ئەوان زیاترین قوربانییان لە پێناو نیشتمانەکانیاندا داوە. ئەوان تەنانەت لە تاراوگەشدا نیشتمانیان لە یاد نەکردووە. لە کاتی “انقلاب” ئەو شەوەی کە قەرارە کاپیتان بێتەوە مەهاباد، لەسەر کورسییەک دادەنیشێ و بۆ هەمیشە چاوەکانی دەبەستێ. کێ دەڵێ لەخۆشیان جەستەی بەرگەی نەگرتووە و سەکتە لێی نەداوە؟ با قسەکانی یای ڕووناک کە ٣٧ ساڵ یادداشتەکانی کاپیتانی ڕاگرت ببنە ئاخر وتەکانی ئەم نووسینە:

“بابم کوردستانی زۆر خۆش دەویست. زۆر پێی لە خۆبایی بوو. نەخشەیەکی کوردستانی گەورەی هەبوو، لە ژوورەکەی بەرانبەر بە خۆی هەڵیواسیبوو. بە دوور و درێژی تێی ڕادەما و سیغاری بە سیغار گڕ دەدا ئاخی هەڵدەکێشا.  جارێک لێم پرسی  کە ئەوە چییە کە لە دیوارت داوە” گوتی: ئەوە نەخشەی کوردستانی گەورەیە. بەداخەوە ئەو چوار دەوڵەتە  لێیان لەت کردووین و داگیریان کردووە. [….] پێمخۆشە  لە دواهەناسەکانم لاق لەسەر خاکی خۆم دابنێم، جا بمرم. گوێم لە وشەی کورد بێ جا بمرم. بای کوردستان وە ڕوومەتم کەوێ جا بمرم. لەناو خەڵکی خۆمدا بمرم. کە مردم با خاکی کوردستان لە ئامێزم بگرێ و لەناویدا بنێژرێم. جا کە هاتوو نەمردم و جارێکی دی کوردستانم دیتەوە، دەتبەمە کن خوشک و براکانت و ناو ئەو خەڵکەی ئەوێ، ئەودەم دەزانی کە بابت کێ بووە.”[71]

ژیان دەبێ ڕووبە پێشەوە بێ بەڵام تەنیا بە باسی ڕابردوو لێی تێدەگەین.

سۆرێن کیرکێگارد



پەراوێزەکان

  1. شەوێک کە باسێک لەسەر کتێبی کوردبوونم لەسەر لاپەڕی فەیسبووکی خۆم دانابوو و دڵتەنگی بە نووسینەکەمەوە دیار بوو، کاک وریا ماملێ کامنتێکی نووسی کە “ئەمە برکی کوردبوونە.” و من ناوی ئەم وتارەم نا برکی کوردبوون.
  2. مامۆستا شێرکۆ هەژار(١٩٤٦) خاونی زیاتر لە ٢٢ کتێبە. ئێستا دانیشتووی وڵاتی هۆلەندە.
  3. شەڕاڕە خانم نەوەی کاپیتان و هاوژینی کاک وریا ماملێ و پورزایەتی.
  4. کوردبوون، ماملێ، وریا. چاپەمەنی ٤٩کتێب. سوید، بەهاری (٢٠٢٢). ل. ٢٢.
  5. کوردبوون. ل. ١٥
  6. کوردبوون. ل. ١٦
  7. کوردبوون. ل. ١٧

8 . Professor لە کوردیدا هەر کەس بە جۆرێک دەینووسێ. من وێژەی وشەکە وەک خۆی دەنووسم.

  1. کوردبوون. ل. ٤٠٠
  2. کوردبوون. ل. ١٧
  3. وتووێژ، پ. عێزەددین مستەفا ڕەسوڵ. ل. ٤٠٠-٤٠١. کوردبوون.
  4. کوردبوون. ل. ١٨
  5. https://books.google.se/books/about/The_SAGE_Handbook_of_Social_Science_Meth.html?id=8BU63Xf2JGQC&redir_esc=y
  6. Det litteratursociologiska perspektivet – Litteraturvetenskapliga institutionen – Uppsala universitet (uu.se)
  7. Svedjedal. 2002.
  8. Pierre Bourdieu (1930-2002)

17.https://www.diva-portal.org/smash/get/diva2:1310814/FULLTEXT01.pdf 

18.Bourdieu, Pierre. 1986. Distinktionen i Kultursociologiska texter. Stockholm, Salamander.

  1. Anthony Giddens (1938)

20.https://www.diva-portal.org/smash/get/diva2:1310814/FULLTEXT01.pdf 

21 . Giddens, Anthony. 1999.

  1. لە لاپەڕە ٢١٦ی کوردبووندا کاپیتان باسی ئەوە دەکا کە چۆن ڕۆژێک پێشەوا لەدوای دەنێرێ و پێی دەڵێ تۆم کردۆتە فەرماندە و دەرەجەکەشت کاپیتانە.
  2. کوردبوون. ل. ٣٠
  3. کوردبوون. ل. ٣٣

25 . کوردبوون. ل. ٧٧

26 . لەکۆی یادداشتەکاندا بەردەوام کاپیتان باسی زەبر و زەنگی زڕدایکی دەکا.

27 . کوردبوون. ل.٧٦

28 . کوردبوون. ل. ٩٠

29 . کوردبوون. ل. ١١٢-١١٣

  1. کوردبوون. ل. ٣٩-٤٢
  2. کوردبوون. ل. ٣٩
  3. کوردبوون. ل. ٤٢
  4. کوردبوون. ل. ٤٣
  5. کوردبوون. ل. ٤٤-٤٧
  6. پەڕاوێزی ل. ٤١١، کوردبوون.
  7. فەیسبووکی نووسەری وتار. پۆستی سەبارەت بە دایە خورشید. کامنتی شەرارە شەمامی ماملێ. ١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٢.
  8. کوردبوون. ل. ١٦٧
  9. کوردبوون. ل. ١٥٤
  10. کوردبوون. ل. ١٦٠
  11. کوردبوون. ل. ١٦١-١٦٢
  12. کوردبوون. ل. ١٨٥
  13. کوردبوون. ل. ١٨٥-١٨٦
  14. کوردبوون. ل. ١٨٦
  15. کوردبوون. ل. ١٥١
  16. کوردبوون. ل. ١٧٠
  17. کوردبوون. ل. ١٨١
  18. کوردبوون. ل. ١٩٥
  19. کوردبوون. ل. ٢١٦
  20. کوردبوون. ل. ٢١٦-٢١٧
  21. کوردبوون. ل. ٢١٦
  22. کوردبوون. ل. ٢١٥
  23. کوردبوون. ل. ١٣٩-١٤٠
  24. کوردبوون. ل. ١٦٩
  25. کوردبوون. ل. ٢٠٤
  26. کوردبوون. ل. ٢٤٢
  27. کوردبوون. ل. ١٥٧
  28. کوردبوون. ل. ١٤٠
  29. کوردبوون. ل. ١٦٥
  30. کوردبوون. ل. ١٤١
  31. کوردبوون. ل. ١٤١
  32. کوردبوون. ل. ١٥٤-١٥٥
  33. کوردبوون. ل. ١٥٧
  34. کوردبوون. ل. ١١٢
  35. کوردبوون. ل. ١٠٣-١٠٧
  36. کوردبوون. ل. ١٢٩
  37. کوردبوون. ل. ١٤٢
  38. کوردبوون. ل. ١٨
  39. Liedman, Sven-Eric. Från Platon till kommunismens fall. Stockholm. 2002. s. 194.
  40. https://www.diva-portal.org/smash/get/diva2:1310814/FULLTEXT01.pdf
  41. Liedman, Sven-Eric. 2002.
  42. کوردبوون. ل. ٣٩٥

داگرتنی بابەت