ئارامتر بخوێنەوە
مووسا عه‌نته‌ر،
ئه‌و پیاوه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك، له فیكه‌كه‌ی ده‌ترسا
محه‌مه‌د عزه‌دین
مووسا عه‌نته‌ر، ڕۆژنامه‌ڤان، سیاسه‌تمه‌دار، پارێزه‌ر و نووسه‌ر (1920-1992) كه‌سێكی دیاری باكووری كوردستان و توركیای، سه‌ت ساڵی ڕابردووه. بێ هیچ گومانێك ئاپێ مووسا، به یه‌كێك له گرنگترین كه‌سایه‌تییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووی كورد له باكووری كوردستان داده‌ندرێت.
ئه‌و به هه‌ڵوێست و كار و كرده‌وه و نووسینه‌كانی، بۆ پارێزگاری له گه‌لی كورد و زمانه‌كه‌ی، به‌رانبه‌ر به حكومه‌ته جیاوازه‌كانی توركیا، زۆر تاڵ و تفتی چه‌شت؛ جگه له‌وه‌ی به‌و هۆیه‌وه ده‌یان ساڵ كه‌وتووەته زیندان؛ ئاپێ مووسا بێ‌عه‌سا نه‌بوو، به‌ڵكوو ئه‌و به پێنووسه‌كه‌ی ده‌ستی، وه‌ك عه‌ساكه‌ی مووسا به‌گژ نادادپه‌روه‌ریدا ده‌چووەوه، تا ئه‌و كاته‌ی سه‌ری خۆی لەم ڕێگایە دانا.
مووسا عه‌نته‌ر له پەڕتووكی (بیره‌وه‌رییه‌كانم)دا ده‌نووسێ “گەر سەرنج بدەن، لەگەڵ عەبدولڕەحمان قاسملوو، لەسەر هەمان ڕێچكەداین، بەڵام تاكە جیاوازیمان ئەوەیە، ئەو لە من بە بەختتر بوو؛ چونكە ئەو مردنەكەشی شەڕافەتمەندانە بوو. بۆیە گەر منیش شانسم هەبێت و لە ڕێی خەڵكەكەم شەهید ببم، بۆ من زۆر گەورەیی‌یە. عەبدولڕەحمان ئەوڕۆ لەناو خەڵك وەك ئاڵایەكی سەركەش دەشەكێتەوە، ئەی گەورەترین شەڕەفیش هەر ئەوە نییە؟”. ئاپێ مووسا بۆیه ئاوا ده‌ڵێ، چونكه خۆی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملووی بۆ خوێندن ناردبووه فه‌ڕه‌نسا. جا مووسا عه‌نته‌ر له پەڕتووكی (بیره‌وه‌رییه‌كانم)دا به‌و شێوه‌یه باس له ناسینی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو ده‌كات:
دوو برای كوردی ئێران لە ئیستانبوڵ دەیانخوێند، حوسێن قاسملوو لە بەشە ناوخۆییی زانكۆی تەكنیك دەماوە و هەر لەوێش دەیخوێند. ئەحمەد قاسملووش لە كۆلێژی پزیشكی دەیخوێند و لای من دەمایەوە. پێم وابێ ساڵی ١٩٤٥ بوو، حوسێن لاوێكی ئێجگار قشت و زیرەكی هێنا لام و بەم شێوەیە پێی ناساندم: “كاك مووسا، ئەوەش عه‌بدولڕه‌حمانی برا بچووكمانە”. عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، ئەو ساڵە لە ئێران ئامادەیی تەواو كردبوو و هاتبوو تا لە زانكۆ بخوێنێ، گەنجێكی خوێنگەرمی زۆر تایبەت بوو، یەك پارچە دۆستایەتی و كۆمەڵایەتی بوونی لێ دەتكا، بەڵام دوو برا گەورەكەی ئاوا نەبوون. لەوەش زیاتر، زۆر حەزی لە هونەر و ئەدەبییات بوو، بەڵام حەزی دەكرد كۆمەڵناسی بخوێنێت. ناویم لە بەشی كۆمەڵناسی تۆماركرد، لە بەشە ناوخۆیی‌یەكەی منیش دەماوه. نەك تەنیا لە بەشە ناوخۆیی، بەڵكو لە دوای وانەكانی زانكۆش لێم جیا نەدەبووەوە، ئەو بە ئاگری كورد و كوردستان دەسووتا و دەتلاوە. لە هەموو دەرفەتێكدا دەیگوت دەمەوێ بچمە ئەوڕوپا.
ئەوسا، لە ماڵی دادە مەزیەت بەدرخان لە شیشلی، هەموو یەكەم هەینیی مانگێكی تازە، دوای نیوەڕۆ لەگەڵ كامەران بەدرخان قسەمان دەكرد. ڕۆژێك حەز و تواناكانی ئەو گەنجەم بە كامەران گوت، ئەویش ئاوا وەڵامی دامەوە: “بۆ نا، كوڕم بینێرە، من بورسێكی خوێندنی لێرە بۆ دابین دەكەم”. دواتر كە موژدەكەم بە عەبدولڕەحمان دا، زۆر دڵخۆش بوو، بەڵام پێم گوت: “عەبدولڕەحمان بۆ ئەو كارە یەك مەرجم هەیە، ئەویش دەبێ براكانت ڕازی ببن”. وەك با، هەر ئەو ئێوارە هەردوو براكانی هێنایە لام، براكانی گوتیان ئێمە ڕازین، بەڵام پارەمان نییە و دەبێ نامەیەك بۆ ئێران بنووسین و داوای پارەیان لێ بكەین، ئینجا دواتر دەینێرین، منیش پێم گوتن: “داوای پارەتان لێناكەم و من پێویستییەكانی بۆ دابین دەكەم، گەر برای ئێوە بێت، برای منیشە”. عەبدولڕەحمان لە ماوەیەكی كەمدا ناوتۆماركردنەكەی زانكۆی لە ئیستانبوڵ ڕەش كردەوە و ڕێكاره فەرمییەكانی ئامادە كرد و لە گاری سیركەجی سواری شەمەندەفەرمان كرد و بەرەو پاریس بەڕێمان كرد. ئەوسا تازە شەڕی دووەمی جیهانی كۆتایی هاتبوو.
عه‌بدولڕه‌حمان پاش ئەوەی چووە پاریس، پەیوەندییە زانستی و سیاسییەكانی لەگەڵ من نەپچڕاند، لەوێ بەردەوام سەبارەت بە زانكۆ و زانست و بابەتی ئاشتی و پەڕتووكخانە و هەر بابەتێك كە بەلای منەوە گرنگ با، نامەی بۆ دەنووسیم و دەینارد. كاك كامەران زۆر پێی سەرسام بوو، عه‌بدولڕه‌حمانیش ڕێز و حورمەتێكی زۆری بۆ كاك كامەران و خێزانە پۆڵۆنییەكەی هەبوو. كاك كامەران ئەوی وەك منداڵێكی خۆی دادەنا و شانازیی پێوە دەكرد، لەبەر ئەوەی خاڵی خێزانەكەم بوو، بۆیە بەردەوام پێی دەگوتم خوارزا. ڕۆژێك، كە بە تەلەفۆن قسەمان دەكرد گوتی: “كوڕم خەمبار بووم بەوەی كە منداڵمان نابێ، بەڵام تۆ و عەبدولڕەحمان ئەو بۆشایی‌یەتان بۆ پڕ كردمەوە، ئێستا زۆر بەختیارم، گەر بمرم بە ئارامی چاوان لێك دەنێم”.
جا من نازانم بڵێم دڵخۆشم به‌وه‌ی ئاپێ مووسا ماوه‌یه‌ك دواتر شه‌هید ده‌بێ و ئاواته‌كه‌ی دێته دی، یانیش خه‌فه‌تبارم به‌و تاوانه ترسنۆكانه‌ی به‌رانبه‌ر به جوامێرێكمان كرا ؟ چونكه تا ئێستاش قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێ كێ و كێ مووسا عه‌نته‌ریان چۆن و بۆچی شه‌هید كرد؟ به‌ڵام هیچ گومانی تێدا نییه، گرووپێك گه‌ر دان به بوونیشی نه‌نرێت، به‌ناوی ژیته‌م، پیلانی كوشتن‌یان داڕشت.
چۆنیه‌تیی شه‌هیدكردنی مووسا عه‌نته‌ر
ئێواره‌یه‌كی دره‌نگی بیسته‌مین ڕۆژی مانگی نۆی ساڵی 1992 له دیاربه‌كر، مووسا عه‌نته‌ر، له یه‌كێك له میوانخانه‌كانی ئه‌و شاره؛ چاوه‌ڕوانه تا بچێ مه‌سڵه‌تی له‌نێوان دوو لایه‌ن بكات. ئه‌و كه‌سه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كا، به تاكسییه‌ك هه‌ڵیده‌گرێ و ده‌یانبات بۆ ئه‌و ماڵه‌ی بڕیار بوو ئاشته‌وایی‌یه‌كه‌ی لێبكرێ. شۆفێره‌كه سه‌ره‌تا ڕێگا ده‌گۆڕێ، به‌ڵام دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه‌ی سه‌یران ته‌په. له كۆڵانێك دێنه خوار و بەپێ ده‌كه‌ونه ڕێ، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناونیشانه‌كه. ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یانباته مه‌سره‌تییه‌كه، ماڵی ئه‌و كه‌سه له دووكاندارێكی ئه‌وێ ده‌پرسێ، به‌ڵام پێی ده‌ڵێن “هیچ كه‌سێك به‌و ناوه ماڵی لێره نییه”. بكوژ به بیستنی ئه‌م هه‌واڵه شپرزه ده‌بێ، چونكه دوای ئه‌و به‌رسڤه، مووسا عه‌نته‌ر كه له‌به‌ر ته‌مه‌ن زۆر به هێواشی له دواوه‌ی ده‌ڕوا و پێی ده‌ڵێ ” تۆ خۆشت نازانی ده‌چیته كوێ “. له‌و كاته‌دا له كوچه‌یه‌كی تاریك، حه‌میدی بكوژ ڕووی ده‌سووڕێنێ و به چه‌ند فیشه‌كێك مووسا عه‌نته‌ر شه‌هید ده‌كات.
شه‌هیدكردنی ئاپێ مووسا له دڵی یاشار كه‌مال ده‌بێته كه‌سه‌رێك و ناتوانێ باوه‌ڕی پێ بكات، بۆیه له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ “هیچ كوردێكی هێمن و له‌سه‌رەخۆم وه‌ك مووسا عه‌نته‌ر نه‌بینی. بۆیه ناتوانم له ده‌وڵه‌تی بكوژه‌كه‌ی خۆش بم”. یاشار كه‌مال ناحه‌ق نییه، چونكه، كاتێك به‌شێك له هێزه‌كانی ئاسایشی توركیا ده‌چنه سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی، لەنێوان خۆیان ده‌ڵێن “باشترین كورد، كوردێكی مردووه”.
ساڵی 2021 ڕێك 29 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌دا تێده‌په‌ڕێت، كه به‌رانبه‌ر به كه‌ڵه نووسه‌رێكی كورد كرا، کەچی تا ئێستا بكه‌رانی نه‌دراونه‌ته دادگا و دۆسیه‌كه‌ی هێشتاش هه‌ر به كراوه‌یی و به‌بێ ئه‌نجام له دادگاكانی توركیا ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام داخی گران ئه‌وه‌یه، گه‌ر له ماوه‌ی ساڵێكدا دۆسیه‌كه یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه، به‌هۆی ته‌واو بوونی كاتی یاسایی، بۆ هه‌تاهه‌تایه دۆسیه‌كه‌ی داده‌خرێت و ده‌خرێته نێو ڕیزی ڕه‌فه تاریكه‌كان؛ له پاڵ سه‌دان فایلی دیكه‌ی بكوژانی بكه‌ر نادیار له توركیا.
مووسا عه‌نته‌ر، به درێژاییی كاروانی ژیانی، له‌گه‌ڵ چه‌ندان كه‌سایه‌تی وه‌كوو شێخ سه‌عیدی كوردی، ئیسماعیل بێشكچی، عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، كامه‌ران به‌درخان، جگه‌ر خوێن، یاشار كه‌مال، عه‌زیز نه‌سین، دایكی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، مه‌دام میتران، یڵماز گۆنایی، نووری سه‌عید پاشا و یاشار كایا، له‌سه‌ر چه‌ندین مژاری جیاوازی كوردستان و توركیا بیره‌وه‌ریی تایبه‌تی هه‌بووه؛ به‌ڵام زۆربه‌ی سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی كۆماری توركیا تا شه‌هیدكردنی، هه‌ر سه‌باره‌ت به كورد و كوردستان بووه. بۆیه وته ناوداره‌كه‌شی هه‌ر سه‌باره‌ت به كوردستانه كه ده‌ڵێ “گه‌ر زمانه‌كه‌م مه‌ترسی بێت، بۆسه‌ر پایه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ت؛ كه‌واته وڵاته‌كه‌ت له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی من بنیات ناوه”.
بۆچوونی بێشكچی دەرباره‌ی مووسا عه‌نته‌ره‌وه
یه‌كێك له پەڕتووكه گرنگه‌كانی مووسا عه‌نته‌ر، كتێبی (بیره‌وه‌رییه‌كانم)یه‌تی. ئه‌م په‌ڕتووكه به توركی كاتی خۆی له باكووری كوردستان و توركیا بڵاو كراوه و تا ئێستا چوار جار چاپ كراوه‌ته‌وه. دوای هه‌وڵێكی زۆری كاركردن، منیش توانیم پەڕتووكه‌كه له توركییه‌وه بكه‌مه كوردی. خۆشبه‌ختانه تا ئێستا دوو جار چاپ كراوه‌ته‌وه و خوێنه‌ران زۆر به گه‌رمی پێشوازییان لێكردووه.
پەڕتووكه‌كه‌ی ئاپێ مووسا له دوو به‌رگ پێك دێت، به‌ڵام من هه‌ردووكیم له دووتوێی به‌رگێکدا كۆ كردووەته‌وه. به هه‌ردوو به‌رگیش له حه‌فت به‌شی جیاواز پێك هاتووه. له پاڵ ئه‌وه‌ش چه‌ندان وێنه‌ی مووسا عه‌نته‌ریش له كۆتاییی چاپی دووه‌م داندراوه. جا هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پەڕتووكه، ئیسماعیل بێشكچی گه‌وره كۆمه‌ڵناسی توركی دۆستی مووسا عه‌نته‌ر، له‌باره‌ی پەڕتووكه‌كه و ئاپێ مووسای دۆستییه‌وه، له پێشه‌كیی پەڕتووكه‌كه‌دا، ده‌ڵێ:
“مووسا عەنتەر لە سەردەمێكدا ژیا، نكۆڵی لە بوونی كورد و زمانەكەی دەكرا. لەنێوان ساڵانی (١٩٢٠–١٩٩٢)دا ژیا، لە سەردەمێكی تژی لە هەوڵ و كاری تواندنەوەی كوردان لە قاڵبی توركبوون و شوێنبزركردنی زمانی كوردی لە چوارچێوەی زمانی توركیدا. بۆ جێبەجێكردنی هەر بیرۆكەیەكی لەو شێوەیەش، كە خزمەتی ئەو بەرنامە و زێهنییەتەی كردبا، پلانی زۆر ورد دادەنرا و پڕۆگرامی بۆ دادەڕێژرا، ئینجا دەچووە بواری جێبەجێكردنەوە. لەگەڵ دامەزراندنی كۆمار و لە سەردەمی سیاسەتی تاك پارتایەتی لە توركیا، لەنێوان ساڵانی (١٩٢٣ – ١٩٤٥)دا، بە شێوەیەكی چڕ‌وپڕ بڕیاری لەبارەوە درا و ئەو بیرۆكانە ئامادە دەكران و كاریان لەسەر دەكرا و دەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە. پاش ساڵی ١٩٤٥، دوای هاتنەپێشی قۆناغێكی تازە لە ڕێڕەوی سیاسیی توركیا و دروستبوونی پارتی تازە و كۆتاییهاتنی تاك پارتایەتی، لە سەردەمی پارتی دیموكراتیش لەنێوان ساڵانی (١٩٥٠ – ١٩٦٠)دا، ئەو پیلانی دژ بە كوردە بەردەوامیی پێ درا.
كودەتای سەربازیی ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق، لە مێژووی كورد و کوردستاندا بووە خاڵێكی وەرچەرخان. گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەكانی بۆ بەغدا و بەیاساییكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشداریی كورد لە كابینەی تازەی حكومەتی عێراق، ئومێدێكی زیاتری دابووە گەلی كورد. لەو سەروبەندەش، لە دیاربەكر، ڕۆژنامەی (ئیلەری یورد) دەستی بە چاپ و بڵاوكردنەوە كرد. مووسا عەنتەر یەكێك بوو لە نووسەرەكانی ئەو ڕۆژنامەیە، خاوەنەكەشی عەبدولڕەحمان ئەفەم دۆڵاك بوو. پارێزەر جانیب یڵدرم[١]، هەر لەم ڕۆژنامەیە، بەڕێوەبەری نووسین بوو. جگە لەوانه، لە هەمان قۆناغدا، مووسا عەنتەر دوو پەڕتووكی بە ناوەكانی (بڕینا ڕەش) و (كمڵ) بڵاو كردبووەوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری لە میدیاكان پەیدا كردبوو. سەرەتای شەستەكانی سەدەی بیست، مووسا عەنتەر و دكتۆر سەعید قرمزی تۆپراك تووشی دەمەقاڵێیەك دەبن و ناخۆشییان دەكەوێتە نێوان. ئەو ساڵە مووسا عەنتەر لە گۆڤاری (بارش دونیاسی) دەینووسی و دكتۆر سەعید قرمزی تۆپراكیش لە هەفتەنامەی (یۆن) نووسینەكانی بڵاو دەكردنەوە. یۆن، ساڵی ١٩٦١ بە هزری چەپڕەوی دەستی بە كار كردبوو، خاوەنەكەی دۆغان ئاڤجی ئۆغڵوو بوو. هەرچی گۆڤاری (بارش دونیاسی) بوو، گۆڤارێكی لیبڕاڵ بوو، ئەویش لەلایەن ئەحمەد حەمدی بەشار بڵاو دەكرایەوە و ساڵی ١٩٦٢ دەستی بە بڵاوكردنەوە كردبوو، بەڵام ئەو گۆڤارە لە نزیكەوە كاری لەسەر كێشەی ناوچە كوردییەكانی ناو سنووری توركیا دەكرد. ئەوە لە كاتێكدا بوو كه لە ١٩٥٩ دۆسیەی ٤٩ كەسەكەی پەیوەست بە ڕۆژنامەی (ئیلەری یورد) كرابووەوە و مووسا عەنتەر و جانیب یڵدرم و عەبدولڕەحمان ئەفەم، سێ كەس بوون لەناو ئەو ٤٩ كەسەی لە زیندان بوون.
دادگاییكردنی ساڵی ١٩٦٣ی مووسا عەنتەر لە دۆسیەی ٢٣ كەسەكە، بە تەواوی وردەكارییەكانی ناویەوە، لەو پەڕتووكەی بەردەستتان بە ناوی (بیرەوەرییەكانم) دەخوێننەوە. خۆشم لە ساڵی ١٩٧١ نزیكەی دوو ساڵ لە دیاربەكر و سێرت، لە بەڕێوەبەرایەتیی فەرماندەیی دۆخی نائاساییی سەربازی لەگەڵ كاك مووسا لە زیندان بەیەكەوە بووین. ئه‌و برا گەورەیەكی خاس و دڵفراوان بوو. بەردەوام هەوڵی ئەوەی دەدا هاوكاریی برادەرە گەنجەكانمان بكات. جگە لەوەی لەگەڵ كاك مووسا لە ساڵی ١٩٩٠ لە دامەزراندنی ناوەندی فەرهەنگیی میزۆپۆتامیا لە ئیستانبوڵیش ماوەیەكی باش پێكەوە كارمان كرد. بە بۆچوونی منیش، گەورەترین دەستكەوت و ڕووداوی قۆناغی ئەوسا، دروستكردنی ئەنیستیتوتی كوردی لە ئیستانبوڵ بوو ، كه لە 18ی نیسانی ١٩٩٢ كرایەوە. لە پێنگاڤی دروستكردن و دامەزراندن و كردنەوەی ئەنیستیتوتی كوردیش لە ئیستانبوڵ لەگەڵ مووسا عەنتەر بەردەوام كارمان دەكرد؛ لەبیرمە تا ڕۆژی كردنەوەشی مووسا عەنتەر زۆر بە چڕی شۆلی دەكرد و زۆری خۆ پێوە ماندوو دەكرد.
پەڕتووكی (بیرەوەرییەكــــانم) كارێكی زۆر گرنگ و پڕ بایەخی مووسا عەنتەرە؛ چونكە لە ڕێگەی ئەو پەڕتووكەوە، نووسەر بەشێكی زۆری ڕووداوەكانی مێژووی نوێی كوردستان ڕووناك دەكاتەوە. ئاخر ئەو شاهێدی زۆر ڕووداوی كوردستان و توركیایە كە لەو پەڕتووكەدا دەیخوێننەوە. بۆیه، ماندووبوونی كردنە كوردیی ئەو پەڕتووكەش بۆ شێوەزاری سۆرانی لەلایەن محەمەد عزەدینی دۆستمانەوە، شایەنی ڕێزگرتنە و، منیش لە ناخی دڵمەوە، بۆ ئەم كارەیان سپاسیان دەکەم.
پەراوێز
- جانیب یڵدرم (1925-2015) سیاسه‌تمه‌دار و پارێزه‌ری كورد، یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی باكووری كوردستان كه گه‌واهیده‌ری زۆر ڕووداوی مێژوویی و دیاری ناو خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی كوردییه له باكووری كوردستان و توركیا.
داگرتنی بابەت



