ئارامتر بخوێنەوە

گۆڕی ونبووی شێخ سەعید:*

پێکهاتە کوردییەکانی یادەوەری، شوێن و سەروەری لە تورکیە ‌

هوشیار ئۆزسۆی

و: برایم ساڵح‌ڕاد

زاڵم پاش مردنی دەسەڵاتدارییەتی نامێنێ، شـــــەهید دەمرێ و دەسەڵاتدارییەتیتییەکەی دەست پێ دەکات

سۆرن کیرکەگۆرد

٢٨ی ژوئەنی ١٩٢٥ی زایینی،  ئاخرین ڕۆژی شێخ سەعید و ٤٦ کەسی دیکە لە هاوڕێکانی، لە  نێو سلوولەکانی زیندانی دیاربەکردا بوو.[١] سوپای جمهوریی تازە دامەزراوی تورکیە، ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینەیان بە تووندی سەرکوت کردبوو، کە ئەوان واتە شێخ سەعید و هاوڕییانی لە مانگی فێبریوەریدا دەستیان پێ کردبوو. پاش دەورەیەکی یەک مانگە لە موحاکەمەیەکی تاقەتپڕوکێن، قازیی دادگای بەناو سەربەخۆیی (ئەو دادگایانەی پاش ئیستقلالی تورکیە دامەزرابوون-وەرگێر)، هەمان بەرەبەیان حوکمی دادگای ڕاگەیاندبوو. بەوحاڵەش، هەر لە پێشدا هەندێک نیشانە سەبارەت بە سروشت و چۆنیەتی دادگاکە لە گۆڕی دابوون. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی دەگەیشتن، هەر لە پێشدا، دار و پەتەکان ئامادە کرابوون و لە جێگایەک داندرابوون. هەر بەو جۆرە، لە کاتێکدا ئەندامانی دادگا و زیندانییەکان لە ژووری دادگادا خەریکی دانیشتن لەسەر جێگاکانی خۆیان بوون، دەنگی چەکوچ و مشاریش لە داغ کاپیەوە دەهاتە گوێ. قازی بە دەنگێكی نزم  و میکانیکی بڕیاری دادگای خوێندەوە. سازکردن و چەقاندنی سێدارەکان لە پاشنێوەڕۆدا تەواوبوو. هەروەها دادگایەکی دیکەی بەرزیش بۆ کاربەدەستانی تورکیە پێک هات وجێگاکەی  لە بەرانبەر سێدارەکانەوە دیاری کرا تا بتوانن لەوێوە سەیری بەرێوەچوونی ئیعدامەکان بکەن.

پاش خوێندنەوەی بڕیارەکە، شێخ و هاوڕێکانی بە زەنجیرکراوی گەڕێنرانەوە نێو سلوولە ئینفرادییەکانیان و لەوێ بۆ دواجار نوێژی ئێوارەیان کرد. دواتر شێخ وەسیەتنامەی خۆی نووسی. لەوێدا داوای گۆڕێکی بۆخۆی و گێرانەوەی  ئەو سەروەت و سامانە بۆمنداڵەکانی کردبوو کە پێشتر دەستی بەرسەردا گیرابوو.[٢] زۆری نەکێشا گاردی پاسەوانی زیندان، زیندانییەکانیان لە سلوولەکانی خۆیان  هێنانەدەرو پێکەوە لە یەک زەنجیریان کردن. لە کاتێکدا کە بەوجۆرە بە شەقامە چۆڵەکانی شاردا تێدەپەڕین، دەنگی زەنجیری دەست و قاچیان، بێدەنگیی نیوەشەوی دەشکاند.  کاتێک گەیشتنە شوێنی سێدارەکان، فەرماندار میسات بەگ ، فەرماندە مورسل پاشا، ئەندامانی دادگا، دووکەس لە نوێنەرانی شار و باقی کاربەدەستان و بنەماڵەکانیان بە پێی پڕۆتۆکۆڵ لە پێشدا لەو شوێنە کە بۆ دادگای بەرز دیاری کرابوو، دانیشتبوون. لەوێ شیخ وەستا و بە بزەیەکی پڕ لە ئازارەوە، ڕووی کردە عەلی سائیب، کە بۆخۆی کورد بوو و یەکێک لە ئەندامانی دادگابوو، گوتی: “من تۆم خۆش دەویست، بەڵام باش بزانە  لە ڕۆژی قیامەتدا تەرازووی حەق و عەداڵەت  دادەنێین.”[٣]

دواتر لەداردانی زیندانیەکان دەستی پێ کرد و لەگەڵ هاواری شادی و خۆشی تەماشاچیەکاندا، بۆ چەند سەعات لەو شوێنەی کە ئەمڕۆ لە دیاربەکردا پێی دەگوترێ مەیدانی داغ کاپی، درێژەی کێشا. تەرمەکان تا نیوەڕۆی ڕۆژی دوایی هەربەهەڵواسراوی لەوێ مابوونەوە تا ئەو کاتەی کە سەربازەکان جەنازەکانیان هێنایەخوار و بردیاننە نێو چاڵێک کە دەکەوتە نزیکی ئەوێ. لەوێ تەرمەکانیان هاویشتنە سەر یەک و سمیت و بیتۆنیان بەسەردا کردن. چاڵەکەیان پڕکرد لە زبڵ وپیسایی. شوێنی ئەو گڵگۆیە لەودەمەوە تا ئێستا وەک ڕازێک ماوەتەوە.

رۆژی ٢٨ی ژووئەنی ساڵی ٢٠١٠، لە هەشتاو پێنجەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی شێخدا، بە هەزاران کورد دەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی هەوڵیان دا ڕێورەسمێکی تایبەتی بۆ یاد و بیرەوەریی شێخ لە مەیدانی داغ کاپیدا بەڕێوە بەرن. لەو پێوەندییەدا داوایان لە دەوڵەتی تورکیە کردبوو کە شوێنی ڕاستەقینەی گۆڕەکەیان پێ نیشان بدات. کەچی فەرمانداری شار پێکهێنان و بەرێوەبردنی ڕێورەسمێکی ئەوتۆی قەدەغەکردو دەستووری بە پۆلیس دا کە هەرچەشنە کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە قەدەغە بکا و ئەوانە بگرێ و بڵاوەیان پێ بکات کە ڕوو لەو مەیدانە دەکەن. هەمان شەو یەکێک لە نەوەکانی شێخ لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە قەدەغەکردنی ڕێوڕەسمەکە ڕەخنەی لە دەوڵەت گرت و گوتی:” ئێمە تا دۆزینەوەی گڵکۆکە درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. پاش تێپەرینی ئەو هەموو ساڵە بۆ هێشتاش لە مردووەکانی ئێمە دەترسن؟ ئەو سزادان و دوژمنایەتییەکەی تەواو دەبێ؟”[٤] 

 ئەو شەوە لە کاتی گوێگرتن لەو قسانە لە تەلەفزیۆندا وەبیری ئەو وتەیەی واڵتیر بنیامین کەوتم کە لە تێزەکانیدا سەبارەت بە فەلسەفەی ماتریالیزمی مێژوویی دەڵێت: “تەنیا ئەو مێژوونووسە دەتوانێ چرای هیوا و ئومێد لە ڕابردوودا هەڵبکا کە بە قووڵی بڕوای بەوە هەبێت کە ئەگەر دوژمن سەربکەوێت، تەنانەت مردووەکانیش سڵامەت دەرناچن”[5]جەختکردنەوەی سەرەتایی” تەنانەت مردەوەکانیش”[6].

ئەو شتەی کە ئیلهام دەدات بەو وتارە ئەوەیە کە: لە مێژووی کورد، تورک و ڕۆژئاوادا، ئەوەی تا ئێستا سەبارەت بە شۆڕش و ڕاپەرین نووسراوە، ئەو “دوژمنایەتییە”ی دوای مردنەکە بەرانبەر شێخ سەعید و هاورێکانی کراوە بێ وێنەیە، یا لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە.  مێژوونووسانی کورد و ڕڕۆژئاوایی  بە شێوەیەکی ئاسایی جەختیان لەسەر هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ئیدئۆلۆژی، سیاسی و مەبەستەکانی دیکەی ئەکتەرەکان کردووە و وەک یەکەمین دژکردەوەی ناسیۆنالیستیی کوردی بەدژی سیاسەتی ئاسیمێلەکردن و تواندنەوەی فەرهەنگیی جمهوریی تورکیەی نوێ، لە شۆڕش و ڕاپەرینەکان دواون. تا ئێستا، دیسکۆرس یا گوفتمانی زاڵ لە مێژوونووسی تورکیەدا، هەمیشە ئەوە بووە کە حاشا لە ئاوات و ئارەزووە ناسیۆنالیستییەکانی کورد وەک فاکتۆرێکی ئەو ڕاپەرینانە بکات. بەڵگەیان بۆ ئەوە هێناوەتەوە کە ئەو شۆڕشانە بریتی بوون لە دژایەتییەکی “دواکەوتووانەی فیئۆداڵی” لەگەڵ پڕۆژەی “شۆڕشگێرانە”ی جمهوری بۆ هێنانی شارستانیەت و تەمەدوون بۆ شەرق (هەرێمی کوردستان). سەرەڕای ئەوەی کە ئەو لێکدانەوەیە بۆخۆی پڕ لە ناتەباییە،  دوو مەسەلەی گرنگ و چارەنوسسازیش هەن کە بە ئەندازەی یەکتر لەو ڕیوایەتە مێژووییەدا  لەبیرکراون یا دیار نین. یەکەم، ئەوە یەکەمین ڕاپەرین و شۆڕشی جەماوەریی کوردە کە هەموو ڕێبەرەکانی ئێعدام کراون و پاشانیش گۆڕێکی دیاریکراویشیان پێ ڕەوا نەدیتوون. لە ڕابردوودا هیچ جۆرە سزایەکی لەو چەشنە نەبینراوە.[7] دووهەم، هەرچەند ئەو مێژوو گێڕانەوەیە، لە سێدارەدانی شێخ وەک کۆتاییی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی تێکشکاو دادەنێ، بەڵام خەبات و مەرگی شێخ لە فەرهەنگی خەڵک و کولتوری ناوچەکە و یاد و بیرەوەریی سیاسیی بزووتنەوەی کوردا بە کۆتایی پرسەکە لە قەڵەم نادرێ. ڕاست بە پێچەوانەوە،  شێخ و گۆڕی ونبووی و میراتە ئەفسانەییەکەی وەک داستانێکی تەواو نەکراو بۆ هەمیشە لە کوردستاندا دەمێنێتەوە و بە شێوەیەکی بەردەوام شکڵ و هێز و گوڕ و تین بە خەباتی کورد بۆ  دادپەروەری، بە ڕەسمی ناسران و سەروەری و سەربەخۆیی دەبەخشێ. بە لەبەرچاوگرتنیلەبەرچاوگرتنی ئەو دوژمنایەتییەی دوای مەرگیش دەگەڵ میراتی زیندووی شێخ سەعید کراوە، ئەو وتارە  ئەو  شێوازە جۆراوجۆرانە دەخاتە بەرباس کە چۆن لە ڕێگای ئەوانەوە،  ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە لە  یاد و بیرەوەریی خەڵکی ناوچەکە و لە دیسکۆرسی مێژووی  ڕۆژئاوا، تورک و کورددا بە شێوەیەکی جیاواز شکڵیان گرتووە. بۆ ئەو مەبەستە لە سەرەتادا شێخ و میراتی شێخی نەمر لە حیکایەت و داستان و چیرۆکە شەفاهیەکانی خەڵکی ناوچەکەدا، بە تایبەت لە داستان و حیکایەتە کوردییەکاندا دەخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە. بەتایبەت ئەو داستان و چیرۆکانەی کە لە لایەن مێژووی نوسراوەوە بە سەرچاوەی “ناموعتەبەر” دادەنرێن. ئەو داستانانەی کە تاڕادەیەک بەهۆی ئەوەی کە لە مێژوودا جێگایەکیان پێ نەدراوە، فۆرم و نێوەرۆکێکی ئەفسانەییان بە خۆوە گرتووە. پاشان بە کورتی ئەوە ڕوون دەکەمەوە کە چۆن ڕیوایەتی ڕەسمیی تورکیە و ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی زانستی وەک ڕووداوێکی مێژوویی تەماشایی ئەو ڕاپەرینەیان کردووە. دواتریش لەبەر ڕووناکایی پێشکەوتنە سیاسیەکانی ئەو سێ دەیەی دواییدا، ئەو ڕیوایەت یا نوسخە جیاوازە شی دەکەمەوە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕووداوەکەی هەیە. لە لێکۆڵینەوەکەمدا باس لەوە دەکەم کە لە کاتێکدا زۆربەی ئەو بابەتانەی کە وەک مێژووی نووسراو لە ڕووداوەکە دەدەوێن، ڕووداوکە وەک ڕڕاپەرینێکی تێکشکاو باس دەکەن کە لە ڕابردوودا سەریهەڵداوە و تەواو بووە، کەچی حیکایەت و چیرۆکە کوردییە زارەکییەکان،  بە شێوەیەکی کاریگەر ڕووداوەکە لەگەڵ “ئێستا و ئێرە ”  لێک گرێ دەدەن و  زۆر جار چیرۆکێکی مەسیح ئاسا لە دەوری کەسایەتی و خەبات و تێکۆشانی شێخ سەعید و گۆڕی ونبووی شێخ دەگێڕنەوە. لە کاتێکدا مێژووە نووسراوەکان خەریکی ئەوەن بزانن “بەڕاستی لە ڕابردوودا چ شتێک ڕووی داوە”، حیکایەت و داستانە شەفاهی و زارەکییەکان، لەجیاتی ئەوەی ڕووداوەکە وەک شکان و تەسلیمبوون ببینن، دەیانەوێ گۆڕەپانی داغ کاپی بکەنە شوینێکی سیاسی و مانابەخش و لەو ڕێگایەوە ناسنامەی سەربەخۆیی کورد وەرگرنەوە و بە شێوەیەکی سەمبۆڵیک ئەو بێ عەداڵەتییە ڕاست کەنەوە کە  لە مێژوودا  کراوە.


یادەوەری، شوێن و سیاسەتەکانی پێوەندییدار بە فەزاوە

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو گڵکۆیانە لە یەک کاتدا بە شوێنەوارێکی زەمانی و مەکانی دادەنرێن، ئەو وتارە پشت بە ئەدەبیاتێک دەبەستێت کە بیرەوەرەی و مێژوو لەلایەک، لەگەڵ  بیرەوەری، شوێن و فەزاو ناسنامە لەلایەکی دیکەوە لێک گرێ دەدات. بۆیە باسێکی پڕ لە وەسوەسەیە بۆ” یادەوەری” ی  فەرهەنگی، گشتی و گەلی یا “ڕابردووی ژێردەستەیی”[٨] . ئەوانە ئاماژە بەو ناڕەزایەتییانە دەکەن کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا، بەرانبەر بە  مێژووی هێژمۆنیخواز و ڕەسمی، کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و لە قالبدانی هەست و ئەزموونی ڕابردووی خەڵکیان داوە، ڕاوەستاونەتەوە. مێژوویەک کە جنسیەت، ئیتنیسیتی و چینە کۆمەڵایەتییەکانی لە ژێر چەتری نەتەوە، دەوڵەت و سەرمایەدا دەستەبەندی کردوون. لەبەر ڕووناکایی ئەو ڕەخنەیەدا، ئیستا شتێکی ژیرانەیە کە بڵێین مێژوونووسین بریتییە لە  مەیدانی ململانێی نێوان گرووپە جۆراوجۆرە ناهاوسەنگەکان و ئەو دەنگانەی کە دەکەونە چوارچیوەی دەسەڵاتەوە، کە هەرکامیان هەوڵ دەدەن وێنە و نوسخەی تایبەت بە خۆیان لە ڕابردوو تۆمار بکەن. لە بارودۆخێکی ئاوادا، سیاسەتی حافیزە و یادەوەری شوێن و مێدیایەکی شایستەیە بۆ چاوگێرانەوە وپێداچوونەوە بە ڕابردوو و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی و سیاسیەکاندا. لە کاتێکدا کە ئەو هەڵویستە تەئید دەکەم، هێشتاش دەتوانم ئەوە وەک شتێکی ناتەندروست  ببینم کە لەو ڕۆمانتیزمەدا  یادەوەری بە تووندی بەرانبەر مێژوو دەوەستێتەوە و دان بەوەدا نانێ  کە  یادەوەری وەک ڕێگایەک بۆ بەرگری و بەربەرەکانی دەگەڵ مێژوو تێکەڵ دەبێ. ئەرگیومێنتی ماریتا ستۆرکن بە ڕوونی ئەوە دەردەخات:

 یادەوەرییە شەخسییەکان، یادەوەرییە کولتورییەکان و مێژوو لە سنوور وچوارچێوەیەکی دیاریکراودا نین. ئاخر یادەوەری و بابەتەکانی یادەوەری  دەتوانن لە جێگایەکەوە بچنە جێگایەکی دیکە و  مانا و کۆنتێکستەکەیان  بگۆڕێ. کەواتە هەندێک جار دەکرێ بیرەوەریی شەخسی لە نێو مێژوودا بگونجێنرێت و هەندێک لە توخمەکانی یادەوەریی کولتووری دەگەڵ ڕیوایەتە مێژووییەکان هاوئاهەنگ بن.[9]هەرچەند من ڕەخنەم لە تێگەیشتنی ڕۆمانتیکی لە جیاوازییەکانی نێوان ئەو دوانە هەیە، بەوحاڵەش دەرخستنی جیاوازییە شیکارییەکانی نێوان یادەوەری و مێژوو بە کارێکی بەکەڵک و پڕبایەخ دەزانم. لانی کەم لەبەر ئەوەی لە کاتی پلەبەندیی لە نێوان ئەو دووانەدا،  لە ڕووی نیهاد و دیسکۆرسەوە، قورسایی بەلای دووەمیاندا دەشکێ. بۆنموونە، وەک دواتر بە وردی ڕوونی دەکەمەوە، ڕەنگە یادەوەرییەکانی خەڵکی ناوچەکە لە شێخ سەعید و میراتی ئەو، بە پێی هەل ومەرجی سیاسی و  ئاڵوگۆڕەکان دەگەڵ بزووتنەوەی کورد، تێکەڵ یا تێکەڵ نەبن. بەوحاڵەش پلەبەندیی لە نێوان یادەوەریی زارەکی و  مێژووی نوسراو، بەشی زۆری مێژوونووسیی کورد پێک دێنێ کە بە شک و گومانێکی زۆرەوە سەیری خاتراتی شەفاهی دەکات، بە  ناڕاستی لەقەڵم دەدا و دەیخاتە دەرەوەی چوارچێوەی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەوە.  ئاخر”بیرەوەری” و” مێژوو” لانی کەم لە ڕووی پێوەندییان بە زەمان و مەکانەوە، لەیەکتر جیاوازن، ئەمەش بە نۆرەی خۆی شکڵ بە  چۆنییەتی کارکرد و کاریگەریی ئەوان دەدا.  بە وتەی پییر نورا، بیرەوەری

“هەمیشە دیاردەیەکی بیل فعلە” کە پێوەندیی ئێمە لەگەڵ زەمانی حاڵی هەمیشەیی لێک گرێ دەدات. ئەوە لە کاتێکدایە کە مێژوو بریتییە لە بنیاتنانەوەیەکی  سێکۆلار وفکری  سەرلەنوێی ڕابردوو بە شێوەیەکی ناتەواو. (ئەو شتەی کە ئیتر نیە)[10] لە کاتێکدا کە بیرەوەری ڕابردوو و داهاتوو لە “ئێرە و ئێستادا”، لەدەرەوەی مەنتقی كرۆنۆلۆژییادا،(هاوشێوەی چەمکی زەمانی مەسیحایی واڵتەر بنیامیین) پێکەوە دەبەستێتەوە. مێژوو لانی کەم لە شکڵی زاڵی خۆیدا، لەسەر بنەمای سنووری دیاریکراوی نێوان ڕابردوو و ئێستا، بە شوێنهەڵگرتنی  خەتی چوونە پێشی هەرشتێک کە  لە کاتێکی دیاری کراودا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، دەیەوێ دووهەمیان جیا بکاتەوە و یەکەمیان بنیات بنێتەوە. ستان یون یار گیلیز، دەلێ ئەگەر زەمانی ئیلیت( مێژوو) وەک خەتێکی ڕاست دەڕواتە پێش، زەمانی خەڵک لە بیرەوەریی زیندووی جەماوەردا (سەما دەکا) و ( باز) دەدا: “نێوەرۆکی ژیان هەر لە یەک حاڵدایە، خەڵکی ئاسایی  بۆ ڕاگرتنی ئێستا و ڕابردوو، پێویستیان بە ئارشیو و مۆنومێنت و باڵەخانە مێژووییەکان و شوێنە دائیمییەکانی پاراستنی بیرەوەرییە نییە.  ئاخر خەڵک بۆ مەبەستێکی لەو چەشنە پشت بە حافیزەی زیندوو دەبەستن.”[11] ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دیالێکتیکی نێوان حافیزە و شوێن-زەمان، لەو کارە  بەرچاوانەی کە لەواندا فەزا،[12] و شوێنسازی وشوێنەکانی یادەوەری بەرجەستە کراون، کۆ کراونەتەوە.[13] وەک کۆنتڕۆڵی فەزای شوێنەوارەکانی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە هێرۆشیما،[14] یا مانا پڕ لە ناتەباییەکانی ئەو بینایانەی بۆ ڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی هولوکاست دروست  کراون.[15] یا ململانێی دەسەڵات لە فەزای  پڕۆژکانی  سەر لە نوێ دروستکردنەوەی شار لە بەیروتی پاش شەڕدا،[16] یا  تێکدان و وێران کردنی شوێنە پیرۆزەکان لە غانا لەلایەن ئیستیعمارەوە[17]، یا  ئەزموونەکانی عەرەب و یەهودییەکان و یادەوەریی گوندێکی وێرانکراوی فەلەستینی،[18] یا پاکسازیی فەزای گشتی لە ڕابردووی گرووپ و دەستەو تاقمە ڕەگەزی و جنسییەتییەکان، یا ژنان و کرێکارانی شارنشین لە ڕێگای سیاسەتەکانی پاراستنەوە لە لۆس ئەنجلس،[19]. لێرەدا زۆربەی لێکۆڵەرەوەکان،  بە ڕوونی  کێشە و ململانێکانی نێو ئەو شوێنەوارانەیان  بە درێژی بەیان کردوون. لەوەش زیاتر چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان حافیزە و فەزا و شوێن و کارکردی ئەویان لەسەر بەرهەمهێنانەوەی هێز، دەسەڵات و دۆمینانس، ، زهنیەت و بەرخۆدان و بەربەرەکانی، نیشان داوە. ئەوان ئەوەشیان دەستنیشان کردووە کە دەسەڵات داران، لە هەموو ئامڕازو ئیماکاناتێکی بەردەستیان بۆ بەرهەمهێنانی فەزایی، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵ،  سڕینەوە، کەم کردنەوە و بێ بایەخ کردن و وەخۆگرتن و ڕێکخستنی بیرەوەری و یادەوەرییەکانی خەڵک و ڕابردووی ژێردەستەکان بەو جۆرەی کەخۆیان دەیانەوێ، کەڵک وەردەگرن. یا ڕێگریان لێدەکەن کە هیچ شوێنەوارێک ، لە پێوەندیی دەگەڵ داواکانیان یا تەسلیمبوونیان دا، لەسەرشوێن- فەزا بەجێنەهێڵن. سڕینەوەی شوێنەوار و پاشماوەکانی یادەوەرییەکانی کوردەکان  لە فەزا-شوێن، لە تورکیەدا، نموونەی سیاسەتێکی لەو چەشنەیە.  بەڵام سڕینەوەیەکی فەزایی یا وەخۆگرتنێکی لەو جۆرە  لەلایەن کاربەدەستانەوە، لانیکەم بە هۆی سروشتی پێوەندییەکانی نێوان شوێن و حافیزە یا شوێن و بیروەرەی، هیچکات کارێکی هێندەش ئاسان نیە.  ئیدوارد ئێس کەیسی لەو بڕوایەدایە کە بیرەوەریی زیندوو”بە شێوەیەکی سروشتی ڕووی لە شوێنە، یان لە لایەن شوێنەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ، کە بە شێوەیەکی خودبەخود پێوەندیی دەگەڵ شوێن پەیدا دەکات و ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا دەبینێتەوە کە بە قازانج و هاوتەریب لەگەڵ چالاکییەکانی خۆی دان”[20] پێر نووڕاش هەر بەوجۆرە ڕووناکایی دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن یادەوەری”ڕەگی خۆی لە قوڵاییدا دادەکوتێ”  و خۆی بە فەزا-زەمانەوەو دەبەستێتەوە، کەچی مێژوو خۆی بنیات دەنێ و لەگەڵ ئەو ڕووداوە تایبەتییانە خۆی گرێ دەدا کە لە بەردەوامیی کاتدان.[21] بە پشتبەستن بە کارەکانی ئێدوار ئێس کاسی و نیڵسۆن گودمان [22]، کیس باسۆ لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی سەبارەت بە یادەوەرییەکانی ڕۆژئاوا لە شوینەکان، تێگەیشتنێکی ورد و ڕوون لە فەزاسازی وەک ئامڕازێک بۆ بنیاتنانی مێژووی مرۆڤ و پەرەپێدانی داب و نەریت و ناسنامە کۆمەڵایەتییەکان، بەدەستەوە دەدات:

شوێنسازی ڕیگایەکە بۆ دروستکردنی خودی مێژوو، ڕیگایەکە بۆ داهێنان و ئیبداعی مێژوو،  ڕێگایەکە بۆ دروستکردنی نوسخە و مۆدێلە بەرز و نموونەییەکان لەوەی کە “لێرە چ ڕووی دا”… ئەگەر شوێنسازی ڕێگایەکە  بۆ دروستکردنی ڕابردوو، ئامرازێکی شیاوە بۆ ئەنجامدانی مێژووی مرۆڤ، هەروەها ئەگەر شوێنسازی ڕێگایەکە بۆ دروستکردنی داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، لەو پڕۆسەیەدا ڕێگایەکیشە بۆشکڵپێدان و سازکردنی ناسنامە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان. بە واتایەک ئێمە لەو شوێن و دونیایەداین  کە لە زەینی خۆمانی دەخەین، یانی شوێن و دونیایەک کە لە خەیاڵمان دایە. [23] (جەختکردنەوەی ئەسڵی). بە وتەی باسۆ پڕاکسیسی شوێنسازی لە پێوەندی دەگەڵ ژیانی ڕۆژانەو سنگفرەوانی دا “لە تەجەسومی مەکتەبی و فیرقەیی لابراون… دەتوانرێت “هەست”ی شوێن و مەکان وەک ڕووداوێکی گشتی تەماشا بکرێت، وەک ڕیگایەکی ئاسایی بۆ پێوەندیگرتنی مرۆڤ لەگەڵ دەوربەری خۆی و دۆزینەوەی بایەخ و گرنگیی ئەوبابەتە، بە حیساب بێت”.[24]

من پێم وایە ئەوە  ئەو جۆرە کارلێککردنەی نێوان یادگە و شوێنە، کە هەوڵەکانی دەسەڵاتداران بۆ هۆمۆجینیزەکردن واتە- وەک یەک لێکردن-ی  شوێن و  کات و بێ نێوەرۆک کردنی ئەوان  لە ڕیگای سڕینەوەی هەر جۆرە فرەچەشنی و دژە هێژمۆنییەک لە پراکسیس و شێوەکانی خەیاڵ و یادەوەریدا، لاواز دەکات. زەبروزەنگی ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان چەندەش بە هێز بێت، یادەوەرییە کولتورییەکان بە شێویەکی خەللاق و لێىڕاوانە، ڕێگاکانی پەیوەستبوون بە داخوازەکان و شوێنەکانەوە دەدۆزنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە مەکان و شوێنەکان بەردەوام بانگەواز بۆ بیرەوەرییەکان  دەکەن و بۆلای خۆیانیان بانگ دەکەن. ئەو پێوەندییە دیالەکتیکییەی کە لە نێوان حافیزە و شوێنە تایبەتییەکاندا هەیە، لەو داستان و لاوک و حەیرانە جۆراوجۆرانەدا دەردەکەوێ کە کوردەکان سەبارەت بە مەرگ و گۆڕی شیخ سەعید لە گۆڕەپانی داغ قاپیدا بەرهەمیان هێناون.

تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی کەم سەبارەت بە شیکردنەوەی فەزایی لە کێشەی کورد، گواستنەوە و کۆچی زۆرەملی کوردان و نێشتەجێکردنەوەی سەرلەنوێی ئەوان، وەک موهەندسی و ڕێکار و میتۆدی دەوڵەت-نەتەوەی تورک لە کوردستان،[25] هەوڵ و تێکۆشانی کوردان بۆ ڕزگاری لە ستەمی ئیستعماری و خۆگونجاندنەوە لەگەڵ فەزای شار لە دیاربەکر،[26] یا ستراتیژییە کاتی و فەزاییەکانی عوسمانی و تورکیە بۆ ئاوێتەکردنی هەرێمی کوردستان، ئەنجام دراون.[27] گامبێتی و یونگردن لە وتارێکی هاوبەشدا، ڕەخنە لە زۆربەی ئەدەبیاتی تورکیە لە پێوەندیی دەگەڵ مەسەلەی کورددا بەهۆی “کاتسەنتەر”بوونیەوە دەگرن و دەڵێن ئەو ئەدەبیاتە بارودۆخی نالەباری کورد لە ڕێگای زاراوە مۆدێرنیستییەکانی وەک “دواکەوتوویی” یا ” کەمایەسی”  نیشان دەدا و شوێنپێی ڕەوتی خەباتی کوردەکان” لە سەرچاوەوە بۆ ئێستا هەڵدەگرێ”[28] ئەم وتارە لەبەر ڕووناکایی ئەو هەوڵە دەگمەن و دیارانەی کە بۆ بەفەزایی کردنی توێژینەوە کوردییەکان ئەنجام دراون، داستان و حیکایەتە شەفاهیە کوردییەکان- کە سەبارەت بە شێخ سەعید و میراتی ئەو لە داغ کاپی  بەرهەم هێنراون- هەڵدەسەنگێنێ. بە شێوەیەکی سەمبۆڵیک لەو داستانانەدا “هەستکردن بە شوێن” لە ڕووی فەرهەنگی و سیاسییەوە ڕەنگی داوەتەوە. ئەمەش لە پراکتیک و خەیاڵدا وەک  میتۆدێک بۆ” خۆ بەخاوەنکردنی شوێن و خاک یا زەوی” دادەنرێ.[29]


شێخ سەعید و راپەڕین

شێخ سەعید پیاوێکی پیر بوو کە لە نێوەڕاستی دەیەی شەشەمی تەمەنیدا بوو.ناوبراو یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی تەریقەتی نەقشبەندی بوو[30]– یەکێک لە ڕێبازەکانی ئیسلام لە کوردستان- تا ساڵی ١٩٢٥،
هیچ چالاکییەکی سیاسی لەشێخ تۆمار نەکراوە.[31] دەبێ بگوترێ کە حەسەن هوشیار سێردی دەڵێ شێخ لە نیوان ساڵانی ١٩٠٨ تا ١٩٢٢دا، پێوەندیی  لەگەڵ  هەندێک دەستە و تاقم وڕێکخراوی ناسیۆنالیستیی کورد لە ئەستامبووڵدا هەبووە.[32] شێخ لە گوندی کوڵحیساری هینس دەژیا. لەو گوندەدا، لە قوتابخانەکەی خۆیدا دەرسی دەگوتەوە. سەرەڕای ئەوەش بازرگانێکی دەوڵەمەند بوو کە توجارەتی مەڕوماڵاتی دەگەڵ بازرگانەکانی حەڵەب دەکرد. لەوەش زیاتر لە ڕووی مەزهەبییەوە نفوز و دەسەڵاتێکی زۆری  بەسەر جوغرافیایەکی بەرینی ناوچە کوردییەکانی دەوروبەردا هەبوو. ئەو ناوچانەی کە ئەمڕۆ بە ئوستانەکانی ئەرزەڕۆم، موش، بینغۆل، ئەلازیغ و دیاربەکر دەناسرێن.

سەرەتای کۆتاییی شێخ بەوە دەستی پێ کرد کەناوبراو لە ئاخر و ئۆخری دیسامبری ساڵی ١٩٢٤دا گوندەکەیانی بەجێ هێشت. ئێمە دەزانین کە کاپتن خالید و زیا بەگ، دوو کەس لە ڕێبەرانی دامەزرێنەری Azadi، لە کۆتایی ١٩٢٤دا گیران و بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کە لە ڕاپەرێنی Beytu¨s¸s¸ebap  (بیت‌الشباب)  دا هەیانبوو، لە بتلیس زیندانی کران. دەزانین لێرەدا لە شێخیش داوا کرابوو بەشدار بێ و شاهیدی بدات.  ئەو لە ٢٢ی دیسامبردا لە هێنس  شاهیدی دا و دە ڕۆژ دواتر گوندەکەی خۆیانی بەجێ هێشت. بە تێپەرین لە کانیە ڕەش، سی ئاپاكچور، دارا هینی و  لیس بەرەوە ناوچەی پیران ڕۆیشت. لە یەکەم ڕۆژی ئیقامەتی شێخ لە پیران، چەند ژاندرمەی تورک چوونە لای شێخ و داوایان لێ کرد تا چەند کەسی یاخییان -کە لە ڕێگای چوونی شێخ بۆ ناوچەی پیران دەگەڵی کەوتبوون- تەسلیم بکات. شێخ ئەوەی قبووڵ نەکرد و گوتی تەسلیم کردنی کەسانێک کە پەنایان بۆماڵی تۆ هێناوە کارێکی پڕ لە شەرم و شورەییە. ژاندرمەکان لەسەر داوای خۆیان سوور بوون. شەڕ  دەستی پێ کرد. ژاندرمەیەک کوژرا و دوو ژاندرمەی دیکەش بریندار بوون. کوردەکان لە ناوچەکانی دەوروبەردا، تەقەی ئەو تفەنگانەیان کە لە پیرانەوە دەهاتنە بەرگوێ، بە نیشانەی دەستپێکردنی ڕاپەڕین لێک دایەوە. دواتر شێخ وتی بەو جۆرە بەبێ ئەوەی پلان و بەرنامەیەکی لە پێشدا ئامادەکراو هەبووبێ، بەبێ ئەوەی ئەو کۆنتڕۆڵی بەسەردا هەبێ، ڕاپەڕین دەستی پێ کرد و پاشتر ناچار بوو ڕێبەرایەتییەکەی بەدەستەوە بگرێ.[33]

لە سێ حەوتووی  سەرەتای ڕاپەڕینەکەدا، هێزە کوردییەکان یەک بەدوای یەک، لە شەڕەکاندا سەردەکەوتن. بەڵام ئەو دەورانە پڕ لە سەرکەوتنە زۆری نەکێشا. لە کۆتایی مانگی فێبریوەریدا، شێخ ڕووی کردە دیار بەکر. وێدەچێ لە ڕۆژی دووهەمی مانگی مارس دا، یەکەم هێرش بۆسەر دیاربەکر دەستی پێ کرابێت. هەرچەند لە شەوی حەوتەمی مانگی مارسدا، هێندێک لە شەڕکەرە کوردەکان، بە نێو داڵانی دیوارەکانی دەوروبەری شاردا توانیان خۆیان بخزێننە نێو شار، بەڵام  سەرەنجام هەموو هەوڵەکان بۆ گرتنی شار شکەستیان هێنا. لەسەرەتای مانگی ئاپریلدا، هێزێکی زۆری تورکیە ڕەوانەی ناوچەکە کرا. تەنانەت پێش ئەوەش هێزەکانی تورکیە دەستیان کردبوو بە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو شارو ناوچانەی پێشترلە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا بوون. بارودۆخێکی تاریک و ناخۆش لە گۆڕێدا بوو. شێخ بڕیاری دا بەرەوە ڤارتۆ بکەوێتە ڕێ تا بتوانێ لە وێوە بەرەو ئێران بڕوا. بەڵام لەسەر پردی عەبدولرەحمان پاشا، لە نزیک ڤارتۆ، بەیارمەتیی  کاپن قاسم – ئامۆزای خالید بەگی سەرکردەی ئازادی کە زیندانی کرابوو، کە ئاوەڵزاوا و ڕاوێژکاری سەربازیی شێخیش بوو-  دەستگیرکرا. دەبێ بگوترێ کە قاسم تەنانەت پێش ڕاپەڕینەکەش زانیاریی سەبارەت بە جموجۆڵەکانی شێخ هەبوو. شێخ و چەند کەس لە دۆستەکانی بۆ دیاربەکر ڕاگوێزران. باقی داستانەکە ڕوونە. دواتر تەنیا تەرمی شێخ شەمسەدینی فارقین بۆ بەخاک سپاردن تەسلیم کرایەوە. ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوەبوو بێت کە لەسەرەتادا ناوبراو فتوای بە دژی شیخ سەعید دابوو. دیارە دواتر هەڵوێستی خۆی گۆڕیبوو.


لە نێوان ئەفسانەو مێژوودا، داستانێکی ناتەواو

بیندیکت ئەندرسۆن دەڵێ پێوەندیی بنیاتنەرانەی نێوان ناسیۆنالیسم و مردن پێوەندییەکی بێ وێنەیە کە نموونەیەکی ڕاستەقینەی وەک ئەومان لە ڕابردوودا
نیە.[34] دیارە ئەو ئەرگیومێنتە دەنگدانەوە و دووبارەکردنەوەی  بۆچوون  و قسەکانی  جاک دیریدایە: “لە نێوان  ژیان و مردندا، ناسیۆنالیسم وەک ئەزمونێکی لە بیرنەکراو، فەزای گونجاو بۆ خۆی پێک دێنێ. ناسیۆنالیسم ناتوانێ بەبێ هەندێک ڕووح یا شەبح  ودێوەزمە وجودی هەبێ”[35] ڕاستییەکەی ئەوەیە کە داستان و ئەفسانەکانی پێوەندیدار بە گیانبازی و خۆبەختکردن، گڵكۆی سەربازە ونەکان،  سەنگەر و شەڕگە و شوێن و یادگارییەکانی پاڵەوانان و قارەمانانی شەڕەکان، ڕۆڵێکی کاریگەریان لە بەرهەمهێنانی خەیاڵیی ناسنامە نەتەوەییەکاندا هەیە.[36] لە یادداشتێکی جیاوازدا،  ئیڤا دومانسکا،  لەکاتی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ئەو خەڵکانەی ئەرژەنتین  کە پێیان دەوترێت “بێسەروشوێن” لەگەڵ مێژوودا، بە شێوەیەکی  زۆر هاندەرانە دەڵێ “بەبێ مردن مێژوو نەدەبوو. مێژوو خۆراکی خۆی لە مەرگ و مردن وەردەگرێت، مێژوو لە گۆڕەوە دەست پێ دەکات”[37]  ئەگەر پێوەندییەکی ئاوا بنەڕەتی لە نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و مەرگدا هەبێت، و ئەگەر مێژوو لە گۆڕەوە دەست پێ بکات، چۆن  بیر لە گڵکۆی ونبووی شێخ سەعید وەک ڕوانگەیەک بۆ دەسەەڵات و شوناس و مێژوو نەکەینەوە؟

 ئەمڕۆ کوردەکان وەڵامی جۆراوجۆریان بۆئەو پرسیارە هەیە کە بۆچی دەوڵەتی تورک نەیهێشت شێخ سەعید و هاوڕێکانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەخاک بسپێردرێن و گۆڕێکی دیاری کراویان هەبێت.  بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی سێکۆلار و ناسیۆنالیستیی کۆماری تورکیە، هەندێکیان لەسەر ئەو بڕوایەن کە مەبەست لەو سیاسەتە ئەوە بووە کە نەیەڵێ گڵکۆی شێخ ببێتە جێگایەکی پیرۆز ومەزار و زیارەتگەیەک بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی کۆمەڵگای ناسێکۆلاری کوردی. هەندێکی دیکەش دەڵێن مەبەست لەو کارە ئەوە بوو کە ئەو ڕووداوە بکەنە پەند و عیبرەتێکی لەبیرنەکراو بۆئەوەی لە ڕێگای ترس و تیرۆر و تۆقاندنەوە، خەڵک ناچار بە تەسلیم و گوێڕایەڵی بکەن. یەکێک لەو کەسانەی بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە وتووێژم دەگەڵ دەکرد، لەبەر ڕووناکایی وتەکانی ئاڤا دۆمانسکادا، کە دەڵێ مێژوو لە گۆڕەکانەوە دەست پێ دەکات، مەسەلەکە لە دەرەوی کۆنتێکستی  پێوەندییەکانی  ئێستای نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیەدا ڕوون دەکاتەوە:

گۆڕەکان ئەو شتەن کە شوێنێک دەکەن بە ماڵ. ئەوان بریتین لە ڕابردووی کەسێک، بریتین لە مێژووی کەسێک. ڕێگایان نەدا شیخ سەعید گڵگۆ واتە گۆڕێکی هەبێت. دواتر گۆڕستانی ئەرمەنی و جوولەکەکانیشیان وێران کردن. لە شوێنی ئەوان پادگانی نیزامی و نەخۆشخانەیان سازکردن. ئەوانیان بە بۆڵدزێر تێک دان تا لەوە دڵنیابن کە ئەو شارە تورک بووە و پێشتر هیچ کات خەڵکانی دیکە لێرە  نەژیاون.

لەنێوبردنی شوێنەوارە مادییەکانی کۆمەڵگا غەیرە تورک و غەیرە موسوڵمانەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە شوێن و زەمانی مێژوودا، یەکێک لە تکنیکە سەرەکییەکانی مێژوو و فەزاسازی، بۆ بنیاتنانی دەوڵەت- میللەتی تورک لە دیاربەکر و ناوچەکانی دەوروبەریدا بووە. بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی دەوڵەتی تورک، داستانی شێخ سەعید و هاورێکانی بەو گۆڕە بەکۆمەڵە بێ ناو و نیشانە کۆتایی پێ نەهات. بەڵکوو ئەوە بووە سەرەتای دەستپێکردنی مێژوویەکی ئەفسانەیی، کە لە ساڵەکانی دواتردا شكڵی بە چۆنیەتی پێوەندییەکانی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیە داوە. لە خوارەوە باس لەوە دەکەین کە چۆن ئینکاری گۆڕی نیشانەکراوی شێخ، نەک هەر نەبۆتە هۆی کۆتایی هاتنی داستانەکە، بەڵکوو پەرەی بە وردەکارییەکانی نێو ڕووداوەکە داوە و هێندەی دیکەش کردویەتی بە شتێکی ئەفسانەیی. یانی پێشگیریکردن لە حزووری فیزیکیی تەرمی شێخ لە فەزای مۆدێرنی شاردا، لە ڕێگای گۆڕێکی دیاری کراوەوە، یاد و بیروەریی ئەوی، میراتی سیاسی و    سەمبۆڵیکی ئەوی سنووردار یا لەبەین نەبردووە. بەڵکوو  بۆتە هۆی ئەوەی شێخ پیرۆزییەکی زۆرتر وەدەست بێنێ و حزوورێکی بەردەوامی  بەسەر ئاسمانی شارەوە هەبێت، ئەوەش هەمیشە ڕێژیم ئازار دەدات. تەنانەت هەشتا ساڵ پاش  لە سێدارەدانیشی، کوردەکان هێشتاش سەبارەت بە گڵکۆکەی، موعجیزەکانی و ئەو مەینەتبەشیانە دەدوێن کە بەسەر شێخ هاتوون. لەو چیرۆکانەدا، یاخیبوونی ئەو دەبێتە داستانێکی مەسیحایی لە خەبات بۆ عەداڵەتی ئیلاهی لە دژی دەوڵەتیكی سیاسیی سەرکوتکەر. حیکایەتێک کە  زۆرتر، ئەگەر نەشڵێین  هەمیشە، وەک بناخەی حافیزەی مێژوویی خاباتی نەتەوەیی کوردەکان لە  تورکیەدا بە حیساب دێت.

 زۆربەی ئەو چیرۆکە کوردیانەی لەبارەی ڕاپەڕینەکە کۆم کردونەتەوە، بە پێوەندییەکی شەخسی سەبارەت بە شۆڕشەکەوە دەست پێ دەکەن.  چیرۆکەکان زۆرتر لەلایەن کەسانی بەتەمەنی نێو بنەماڵەکانەوە دەگێڕدرێنەوە. بۆ نموونە لەو چیرۆکانەدا دەگوترێ “ئەو دەم کە دایکم بووکێکی جحێڵ بوو” ، “کاتێک داپیرەم لە بابەگەورەم دووگیان بوو”، “کاتێک باپیرم شەرڤانی شێخ بوو”. بەو جۆرە داستانەکان ئاوا دەست پێ دەکەن. ئەمەش  لەنگەری  ڕاپەڕینەکە لە نێو بنەماڵەکاندا ڕادەگرن و شۆڕشەکە بە شەجەرەنامەی بنەماڵەکانەوە گرێ دەدەن. داستانەکان لەو ڕێگایەوە هەم گوێگر و هەم ئەو کەسە کە چیرۆکەکان دەگێڕنەوە، لەگەڵ سەردەمی کۆمەڵایەتیی ڕاپەڕینەکە لێک گرێ دەدەن. من وەک نەوەی گەورەی شێخ لە منداڵیەوە گوێم بەو داستانانە  گۆشکراوە. هەم ئەو چیرۆکانەی لە کارە مەیدانیەکەمدا کۆم کردونەتەوە و هەم ئەو داستانانەی کە لە منداڵیەوە دەگەڵیان گەورە بوومە، بە شێوەی کڕۆنیک ناچنە پێش. لەواندا نە ژمارە و نە ڕێکەوت وەبەرچاو ناکەوێ. هەروەها هیچ بەڵگە و ئەرگیومێنتێکی وورد سەبارەت بە زەمینەیەکی گەورەتری مێژووی بۆ ڕووداوەکە  یا هۆیەکانی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکە، لەواندا وەبەرچاو ناکەوێ. ئەم داستانانە لە ڕێگای ئەزموونەکانی ژیانەوە نیشتەجێ  ونمایش دەکرێن و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوێزرێنەوە. لەو چیرۆکانەی کەمن لە ناوچەی دیاربەکردا کۆم کردونەتەوە، زۆرتر ئەو باباتانە دووبارە دەبنەوە  کە لە کتێبەکانی مێژوودا باسێکیان لێ نەکراوە. وەک ئەو شوێنەی کە گۆڕی شێخ سەعیدی لێیە،  موعجیزەکانی شیخ، عەداڵەت و تۆڵەی خوا لەو کەسانەی کە لە پێوەندیی دەگەل مەرگی ئەودا  بەرپرسایەتیان دەکەوێتە سەرشان.

ڕێگەم بدە با لێرەدا  وەک نموونە بە چیرۆکی ژنێک دەست پێ بکەم کە دواتر لە لایەن کوڕەکەیەوە داڕێژراوە و لە قالبی تێرم ودەستەواژەی ناسیۆنالیستیدا بەیان کراوە:

کوڕێکی تازە لاو بووم کە ڕۆژیک دایکم  دەگەڵ خۆی بردمی بۆ دەشتێک، جێگایەک لە داغ کاپی. ” ئاگاداری ئەم شوێنە بە کوڕەکەم”  گوتی پیر و پیاوچاکانی کورد لێرە  لە سێدارە دراون. دواتر درێژەی دا و گوتی: “کوڕم، شیخ سەعید ئەفەندی، شێخ  شەریف ئەفەندی و ئەوانی تر کوژران. تەماشاکە ڕۆڵە…..- دەستی بۆ دەشتە چۆڵەکە ڕاداشت- لە هۆوێ، تەرمی بێ گیانی باپیرانی ئێمەیان ناشت. لەبیرت نەچێت ڕۆڵە گیان. ئەوان لە پێناو ئێمەدا  مردوون. نەیان دەتوانی شێخ سەعید ئەفەندی هەڵواسن و لە داری بدەن. ئەو پەتەی ئەویان پێ هەڵواسی بوو سێ جاران پچڕا. ئەفەندی چنگێک خاکی  هەڵگرت و ویستی بە بای داکات، بەڵام ئەوەی نەکرد. ئەگەر هاتبا و ئەو خاکەی  بە با دا کردبا، هەموو دیاربەکر دەبوو بە تۆز و خۆڵ. ئەگەر وای کردبا ئەودەم هەموو ئەوانەی زیندووبوون دەمردن. شێخ چنگە خۆڵەکەی ڕۆ کردەوە سەرزەوی، چوونکە ئەگەر بە بای دا کردبا، بێجگە لە زاڵم و زۆردارەکان، گەلی خۆشی  لە نێو دەچوون. تەنیا کاتێک کە چنگە خاکەکەی ڕۆ کردەوە سەرزەوی، توانیان ئیعدامی بکەن. لەبیرت نەچێ ڕۆڵە گیان، ئەوان ئەژداد و باپیرە گەورەی تۆ بوون. ئەوانیان زۆر بێبەزەییانە کوشت. دوعایان بۆ بکە. خوا بە ڕەحمە، ڕۆژێک دادێ کە هەموو شتێک دەگۆڕێ. خوای گەورە عادڵە. هەرگیز ئیجازە نادات زاڵمەکان لە پێوەندیی دەگەڵ ئەو زوڵم و ناحەقییەی لە چەساوانیان کردەوە ئارام بگرن. بەسەریانەوە ناچێ.”

دایکم، لە حاڵێکدا فرمێسک بەسەر گۆناکانیدا دەهاتنە خوار، کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا. کاتێک بە چاوێکی پڕ لە ترسەوە تەماشای ئەو شوێنەم دەکرد کە دایکم ئیشارەی پێ دەکرد، هەستم دەکرد ئەو مردووانەی لەوێ نێژرابوون تەماشای ئێمەیان دەکرد. دواتر دایکم داستانی ڕاپەڕینی ئەوان، چێرۆکی قارەمانەتی و فیداکارییەکانی ئەوان و کۆتایی دڵتەزێنی ئەوانی بۆ گێرامەوە. ئەو داستانی ئەو ڕووداوەی دەگێرایەوە، دەتگوت دەگەڵیان بووە، ئێمەی دەبردەوە بۆ نێو ڕاپەڕین و شۆرشەکە. وای دەکرد کە ئێمە هەست بکەین کە بەشێکین لە ڕاپەڕینەکە. دەبێ بگوترێ کە دایکم لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەدا دوو ساڵە بووە. دایک و باوکی داستانی قارەمانانی کوردیان بۆ ئەو گێڕاوەتەوە. ئەویش هەمان داستانی بۆ ئێمە گێڕایەوە.منیش ئەو داستان و حیکایەتانە بۆ منداڵەکانم باس دەکەم. ئەو داستان و حیکایەتانە تا ئەو ڕۆژەی کە کۆتەڵ و پەیکەرەی شێخ سەعید و قارەمانانی دیکە لە داغ کاپی دانەنرێن، کۆتاییان نایەت.[38]

بۆ دەستپێکی کۆتایی داستانەکە، شێخ قەت بیری لەوە نەکردووە کە پەیکەرەی بۆ دابنرێت. بە ئیحتیمالێکی زۆرەوە، وەک کەسایەتییەکی خواپەرست، ناوبراو ئەو کارەی بە گوناح دەزانی. ئاخر زۆربەی موسوڵمانان دانانی پەیکەر بە  بتپەرستی دەزانن. لە خەیاڵی ئەودا گۆڕستانەکانیش جێگایان نەدەبووەوە. ئاخر ئەوان شکڵ و فۆڕمێکی تایبەتین بۆ ڕاگرتن و پاڕاستنی چیرۆک و بیرەوەری و یادگارییەکان. بۆ شێخ، هەروەک لە وەسیەتنامەکەیدا هاتووە، گۆرێکی نیشانەکراو بەس بوو. بەڵام زۆربەی چیرۆکە کوردییەکان بەوە کۆتاییان دێت کە تەعبیر لە ئارەزووی “ڕۆژێک” دەکەن کە شێخ ، هەر لەو جێگایەی کە لە سێدارە درا و لە ژێر خاک نرا، زەوی لەت کات و خۆی نیشان بداتەوە. زۆرم پێ گوتراوە، ئەو چیرۆکە تەنیا ئەو ڕۆژە تەواو دەبێت کە لە مەیدانی داغ کاپی سەمبۆڵ و نیشانەیەکی بۆ دابنرێ. دەبێ بگوترێ کە لەو جۆرە حیکایەت و چیرۆکانەدا بیرۆکە و خەیاڵاتی ناسیۆنالیستی و مەسیحایی و ئاسمانی خۆراکی یەکتر دابین دەکەن. دەستەواژەی  “ئەو ڕۆژە دێ”،  بەردەوام لەو داستانانەدا دووبارە دەبێتەوە، لەوێدا  داهاتوویەکی مەسیحایی، ژیانێکی خۆش لەسەرزەمینێکی ئازاد دا پێشبینی دەکرێ. دیارە گەڕانەوەی شێخ لەو ڕۆژەدا، لە شکڵی بەڵێنی ئاینی مەهدی، واتە هاوتا  ئیسلامییەکەی مەسیحدا نابێت. بەڵکوو لە شێوەی پەیکەر، یا گۆڕێک یا تەنیا  ناوێکدا دەبێت، هەر وەک لەلایەن زیاء، پیاوێکی حەفتا ساڵەی کوردەوە  بەو شێوەی خوارەوە بۆم باس کرا.

کەسی دەستە ڕاستی شێخ ناوی فەهمی بوو، کە پارێزەرێکی خەڵکی لیجە بوو. شێخ ئەوی خۆش دەویست و متمانەی پێ بوو. ئەوانەی دەڵێن ڕاپەڕینەکە تەنیا بزووتنەوەیەکی ئایینی بووە، لەوە ئاگادار نین کە فەهمی بێ دین بووە. ئەگەر ئەوە هەمووی لە پێناوی ئاییندا بووە، ئەی چۆن فەهمی یاریدەدەری شێخ بووە؟ پاش سەرکوتی ڕاپەرینەکە فەهمی خۆی شاردەوە. لە دەیەی پەنجای سەدەی ڕابردوودا جارێکی دیکە گەڕایەوە دیار بەکر. ئەو هەمیشە بە ئێمەی گوتدەگوت “شێخ گرنگترین کەسێکە بۆ کورد.” ئەو بۆ ئێمە ژیا و بۆ ئێمە مرد. هەر کاتێک بەو مەیدانەدا ڕادەبری، پێویستە بە نیشانەی ڕێز و ئیحتڕام دوگمەی کۆتەکەت بکەیەوە و سەری ڕێزو نەوازش دانوێنی. ڕۆژێک دێت ئەو داغ کاپییە بە ناوی شێخ سەعید ناودێر دەکرێ و پێ دەگوترێ “مەیدانی شیخ سەعید”. هەرکاتێک ئەوە ڕوویدا وەرنە سەر قەبرم و پێم بلێن کە ئەو کارەتان کرد. ئەوە دوا ئارەزووی منە کە لە ئێوەم دەوێ جێبەجێی بکەن”.

داغ کاپی یەکیک لە دەروازەکانی ئەو دیوارە مێژووییەیە کە دەوری شاری قەدیمی دیاربەکری داوە. ڕاست لە دەروی داغ کاپی مەیدانیکی گەورە هەیە. لە گۆشەیەکی مەیدانەکەدا بارەگای سوپا هەڵکەوتوە کە بریتییە لە بینایەکی سپیی دە نهۆمی. ڕووبە ڕووی ئەو شوێنە کە شێخی تێدا نیژراوە، دیوارێک بە نیشانەی  ڕێز لینان وڕاگرتنی یادی ئەتاتورک دروست کراوە کە بەرزاییەکەی دە میترە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن دەوڵەت بە مەبەستی چاودێریکردنی هەمیشەیی گۆڕی شێخ ئەو دیوارە بەرزەی لەوێ سازکردەوە. لەو داستانەدا، نیگاری ئەتاتورک لەسەر دیوارەکە، بە شێوەی سەمبۆڵیک  وەک تایبەتمەندییەکی پاتۆپتیک  بە حیساب دێ، واتە بەربەرەکانیی دەوڵەت دەگەڵ شێخ تەنانەت پاش مەرگی شێخیش، هەر درێژە دەکێشێ. نزیکەی سەد میترێک خوارتر لە بارەگای سوپا، قەڵای داغ کاپی هەڵکەوتووە کە پەیکەری ئەتاتورکی  لێ دانراوە و بەردەوام ئاڵای تورکیەی لەسەر دەشەکێتەوە. تاساڵی ٢٠٠١ پەیکەرێکی گەورەی ئەتاتورک لەو گۆڕەپانە بووە، بەڵام بە پێی ئەو زانیارییانەی بیستوومە، دواتر بۆ شوێنێکی دیکە ڕاگۆێزراوە. دوو ئاڵای گەورەی تورکیە هێشتاش لەو مەیدانەکەدا هەر دەشەکێنەوە. لە زۆربەی داستانەکاندا، وێنەو نەقاشییەکانی سەردیواری ئەتاتورک، ئاڵاکانی تورکیە، پەیکەر و کۆتەڵی ئەتاتورک لە مەیدانەکەدا، وەک کۆڵەکەکانی سیاسەتێکی  دیاریکراوی فەزایی دێنە بەرچاو کە  دەسەڵات و هێژمۆنیی دەوڵەتی تورک بەسەر گۆڕەپانی شارەکە و گڵکۆی نادیاری شێخدا نیشان دەدەن. ئەو دوو بینایەی لە نێوان بارەگای سوپا و قەڵاکەدا، لەو دواییانەدا دروست کراون. ئەو بالەخانەی پەنجەرەکە وەک ئاوێنە وایە بریتییە لە نەخۆشخانەیەکی ئاڵمانی ….. ئەوەی تریان کە  لە شکڵی نیوەبازنەدایە، ناوەندێکی بازرگانییە. باوەڕ وایە کە گۆڕی شێخ دەکەوێتە پشتی نەخۆشخانەکە یا جێگایەک لە نیوان بارەگای سوپاو نەخۆشخانەکە.

ئێرە ئەو شوێنەیە کە  دوا ئارەزووی فەهمی، کە یاریدەدەری شیخ بوو، لە وێدا وەدی دێت. ئارەزووی ناوبراو بۆ ناودێرکردنی مەیدانی داغ کاپی بە گۆڕەپانی شێخ، بۆ وەرگرتنەوە و ئازادکردنی ناوچەیەکی  میلیتاریزە و داگیرکراوە.  واتە ئارەزووی  پێشبینیی داهاتوویەکی مەسیحایی. لە کاتی وتووێژ لەگەڵ ئەوانەی بۆ لێکۆڵینەوەکەم قسەم دەگەڵ دەکردن، چەند کەسی دیکەش ئەو ئارەزووەیان وەک  وەڵامێک بۆ ئەو ڕەمز و سەمبۆڵانە  دەدیت کە  وەک پێشتر باسمان کرد، لە داغ کاپیدا بە نیشانەی دەسەڵات و هەیبەتی دەوڵەتی تورک دەزانرێن.  وەرگرتنەوەیەکی لەو چەشنەی داغ کاپی، ئەو کاتە دەبێت کە لەو مەیدانەدا، گۆڕێک بۆشێخ  دیاری بکرێ یا پەیکەرێکی بۆ دابنرێ، کە ئاماژە بە ناو و میرات و شوێنەواری شێخ بکات. ئەوەش  دەگەڵ ڕزگاریی دیاربەکر و کوردستانەوە لێک گڕێ دراوەتەوە. خۆ لەخۆڕا نیە دەگوترێ “ئەگەر دیاربەکر دڵی کوردستان بێت،داغ کاپیش دڵی دیار بەکرە.” کەواتە ئەوە بەو مانایەیە کە گڵکۆی  بێسەروشوێنی شێخ  لە داغ کاپی، دڵی کوردستانە. هەرچەند نزیکبوونەوە لەو جێیەی کە وا دادەنرێ شێخ لەوێ نێژراوە قەدەغەیە، کە ئیدی ئێستا بۆتە  شوێنێکی نیزامی، کەچی بەوحاڵەش خەڵک لە چل-پەنجا میتریی ئەو شوێنە ڕادەوەستن و دوعا و قورئان دەخوێنن. دەبێ بگوترێ ئەو دوعا و قورئانخوێندنە بە کۆمەڵ نییە. خەڵک لە ترسی ئەو سەربازانەی لەوێ خەریکی نیگابانین، بە دڵێکی پڕ لە نیگەرانییەوە و بەڕووخسارێکی پڕ لە ترسەوە تەماشای دەوروبەری خۆیان دەکەن و تەنیا چەند دەقیقەیەک لەو شوێنە دەمێننەوە. خەڵک بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە سەردانی ئەو شوێنە دەکەن. هەندێ کەس تەنیا لەبەر ئەوە دەچن کە  زۆرشتیان سەبارەت بەو جێگا سرنجڕاکێشە بیستووە. بەڵام زۆربەی خەڵک لە شوێنە جۆراوجۆرەکانەوە دێنە زیارەتی شێخ  و دەپاڕینەوە تا  یارمەتییان بدا بۆ ئەوەی ئارەزووەکانیان وەدی بێ و دووعاکانیان قبووڵ بن. وەک ئارەزووی هاوسەرگیری و زەماوەند، دەرمان و شەفای کەسانی نەخۆش، ئەمنیەت و سڵامەتی لەسەفەردا، یانی هەموو ئەو کارو پراکسیسانەی کە خەڵک لە شوێنە پیرۆز و موقەدەسەکانی دیکەی کوردستاندا ئەنجامیان دەدەن.

لە هەندێک داستان و چیرۆکی دیکەدا، گۆڕی شێخ وەک سەمبۆڵی جێگایەکی پیرۆز، ڕۆڵی بەربەرەکانی و ململانێ دەگەڵ دەسەڵات و هەیمەنەی دەوڵەت دەبینێ و کارکردێکی لەو چەشنەی هەیە. بۆ نموونە زیاء بە منی گوتدەگوت کە لە پێشدا کارگەیەکی شەڕابسازی و دواتر سینەمایەکیان لە شوێنی گڵگۆی شێخ دروست کردەوە. لە فەرهەنگ و کولتووری خەڵکی ناوچەکەدا، شەڕاب و سینەما بە گوناح و سەرگەرمی لە قەڵەم دەدرێن . ئەوانە شتی پیس و گڵاون و دەبێت لە قەبر و گۆرستان و شوێنەکانی دیکەی لەو جۆرە دوور ڕابگیرێن. لەو چیرۆکەدا کە پێوەندی بە ئەلکهولەوە هەیە، باس لەوە دەکرێ کە جارێک شێخ، سووکایەتی بە ئەتاتورک، کە باوکی تورک و دامەزرێنەری  جمهوریی تورکیەیە دەکا و بە “مەست” ناوی دەبات. ئەتاتورک بە بیستنی ئەو قسانەی شێخ زۆر توڕە دەبێ و بڕیار دەدا سزایەکی ‌هێندە قورس بۆ شێخ دیاری بکات کە “تەنانەت ئیسقانەکانیشی ورد و خاش بکات”. هەر بۆیە ئەمە بوو کە ئەتاتوورک تۆڵەی لە شێخ کردەوە و نەیهێشت گۆڕێکی دیاریکراوی هەبێت و پاشان بۆ بێ ڕێزی بەشێخ کارخانەیەکی شەڕابسازیشی لەسەر لاشەی ئەو سازکرد. ڕاستە کە کارخانەیەکی شەڕابسازی لەو جێگایە سازکراوە، بەڵام وێناچێ لەسەر گۆڕی  دروست کرابێ. پاشان سینەمایەک لەو شوێنە دروست کرا. ئێستاش لەو شوێنە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانی دروست کراوە. ئێستا هیچ شوێنەوارێک لە کارخانەی شەڕابسازییەکە یا سینەماکە  نەماوە. بەڵام لەهەرجێگایەک ئەوانە دروست بکرێن، فەرق ناکات، خەڵک لە داستانەکانیاندا دەیانهێننە “سەر گۆڕ”ەکە. لەو ڕیگایەوە دەیانەوێ ئەوە نیشان بدەن کە دەوڵەتی تورک هێندە “بێ ئەخلاق” و “تۆڵە ئەستێن”ە کە تەنانەت بە جەنازەکەی شێخیش ڕەحم ناکات و شەڕی خۆی دەگەل ئەو هەروا درێژەی پێ دەدات.

بەڵام بەناوبانگترین چیرۆک سەبارەت بە گۆڕی شێخ، ئەو داساتەنەیە کە باس لە شکان و خراپبوونی بۆڵدزێر واتە دەزگایەکی هەڵکەندنی زەوەی دەکات. وێدەچێ ئەو داستانە لە هاوینی ساڵی١٩٩١دا، لە مەیدانی داغ کاپی ڕووی دابێ. هیچ کەس تەنانەت ئەوانەش کە لە دەوروبەری مەیدانەکە دوکانیان هەیە، زانیاریەکی ورد و تەواویان سەبارەت بە ڕێکەوتی ڕووداوە کە و ناو و هووییەتی ئۆپەراتۆری بۆڵدزێرەکە نیە. بەڵام هەموو لەسەر ئەوە هاوڕان کە بۆڵدزێرەکە لە کاتی هەڵکەندنی زەوی لە شوێنی گۆرەپانەکە شکاوە و لە کار کەوتووە. بەپێی یەکێک لە گێڕانەوەکان، ئۆپەراتۆری ماشینە ئەرزهەڵکەندنەکە بە توندی بریندار بووە. هەندێک کەسیش دەڵێن ئەو لە ڕووداوێکی تڕافیکدا گیانی لەدەست داوە. لەوەش زیاترهەندێک کەس دەڵێن نەک هەر کابرای ئۆپەراتۆر، بەڵکوو خاوەنی بۆڵدزێرەکەش لەو ڕووداوەدا مردووەوە. لە هەندێک نوسخەی دیکەدا، برا و کوڕی برا و تەنانەت ئامۆزای کابرای خاوەن بۆڵدزێریش لە ڕووداوەکەدا تێدا دەچن. داستانەکەو ژمارەی ئەوانەی لەو ڕووداوەدا تێدا چوون، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بەڵام  ڕوح  وئەو پەند و دەرسە ئەخلاقییەی کە لەپشت داستانەکەوەیە، هەر یەک شتە: ئەو کەسانەی خەریکی هەڵکەندنی خاکی دەوروبەری گۆڕێ شێخ بوون، سووکایەتییان بە شێخ دەکرد، لەبەرانبەردا وەبەر تف و ڕق و لەعنەتی خەڵک دەکەوتن. دەبێ بگوترێ لە پێوەندی لەگەڵ سازکردنی نەخۆشخانە ئاڵمانیەکەشدا،  باس  لە حیکایەت و داستانی لەو چەشنە  دەکرێ. پێیان گوتم کە لە کاتی سازکردنی نەخۆشخانەکەدا، دوو کرێکار گیانیان لەدەست داوە. قسەیەک هەیە کە برای خاوەنی نەخۆشخانەکە لەو پێوەندییەدا مردووە. کاتێک باس وخواس سەبارەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە کەوتە سەرزار و زمانان، خاەنی نەخۆشخانەکە کە بازرگانێکی  ناسراوی ئەندامی پارتی داد و گەشەیە و(پارتی دەسەڵاتدار) نوێنەری پارلەمانە، ناچار بوو لەو بارەوە ڕوونکردنەوە بدا و گوتی  نەخۆشخانەکە  دوور لە شوێنی گۆڕەکە  دروست کراوە… چوونکە لەکاتی کار کردندا هیچ جۆرە ئێسک و پروسکێکی کەسانی مردوویان نەدیتووە. کەچی بەوحاڵەش ئەندامانی بنەماڵەی شێخ زۆر لە خاوەنی نەخۆشخانەکە و لە شارەوانی ناڕازی و تووڕەن کە مۆڵەتی سازکردنی ئەو نەخۆشخانەیان داوە، بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە ئەوان هیچ ڕێزێکیان بۆ مردووەکانی ئەوان دانەناوە. سەرۆکی شارەوانی بۆ بەرگری لەخۆی گوتی  ئەو مۆڵەتی سازکردنی نەخۆشخانەکەی دەرنەکردووە، بەڵکوو بەرپرسی پێشووی شارەوانی مۆڵەتی ئەو کارەی داوە کە ئەو ناتوانێت بڕیارێکی لەو جۆرە هەڵوەشێنێتەوە. خاڵی هەرە گرنگ لە پێوەندی دەگەڵ ئەو چیرۆکانەدا -کە بە بەڕواڵەت بێ کۆتایین و  بەردەوامیش لە حاڵێ گۆڕاندان-  بێ گوێدانە نێوەرۆک و ئیدیعاکانیان- ئەوەیە کە  بەردەوام  لە هەوڵی  بەرهەمهێنانەوەی نفوز و دەسەڵات و پیرۆزیەکانی  شێخ سەعید و گۆڕەکەی شێخ دان. لەوەش زیاتر پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە مەیدانی داغ کاپی  تایبەت بە شێخە، بەڵام نەک هەر شێخ خۆی، بەڵکوو “شێخی ئێمە” . واتە هی “ئێمە” شە.

داستانەکان کە لە ئۆتۆریتە و پیرۆزی و موعجیزەکانی شێخ دەدوێن و دەسەڵاتی حکومەت دەخەنە ژێر پرسیار، هەر لەمەڕ گۆڕی شیخ نادوێن، بەڵکوو حیکایەتەکە دەگێرنەوە بۆ ڕۆژی لە سێدارەدانی شێخ. ڕۆژێک پێش ئیعدامەکان، دەنگۆی ئەوە لە نێوشاردا بڵاوببووەوە  کە لە کاتێکدا کە ئەوان بیانەوێ شێخ هەڵواسن، بوومەلەرزەیەک دێ و تەواوی شار وێران دەکات. بوومەلەرزەکە ڕووی نەدا، بەڵام موعجیزەیەکی دیکە ڕووی دا. ئەوەی پێشتر لە داستانەکانی سەرەوەدا باسمان کرد. زۆرن ئەوانەی پێیان وایە کە ئەو پەتەی جەلادەکان دەیانەویست شێخی پێ هەڵواسن لەکاتی لەداردانی شێخدا پساوە. هەندێک دەڵین پەتەکە سێ جار پساوە. هەندێکی تر دەڵێن یەک جار پساوە. بە لەبەرچاوگرتنی پەتی سێدارە وەک سەمبۆڵی ئەسڵیی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ژیان و مەرگی خەڵکدا و حاکمییەتی دەوڵەت بە نیشانەی حەقی کوشتن[39]، دەکرێ ئەو داستانە وا  لێک بدرێتەوە کە  نەک  هەر دەسەڵاتی ئیلاهی بە شێخ دەبەخشێ، بەڵکوو لە کردەوەدا حاکمییەتی دەوڵەتی تورکیە بەسەر کوردستاندا ڕەت دەکاتەوە. دەگوترێ کە تەنیا ئەو کاتە لەسێدارەدانی شێخ ئیمکانی جێبەجێ بوونی پەیدا کرد، کە خۆی دەستوری بە پەتەکە دا کە هەڵی واسێت. لەو ڕێگایەوە شێخ دەبێتە خاوەنی مەرگی خۆی. لە قوربانییەکی سادەی بەردەستی زووڵم و زۆریی دەوڵەتەوە، دەبێتە دەسەڵاتێکی لە شکاننەهاتوو و حاکمییەتێکی پیرۆز. هەر بەو جۆرە، وەک لە داستانەکەی سەرەوەدا باسمان کرد، بە ئێمەیان گوت ئەودەم کە شێخ و هاواڵانی دەبەنە ژێر دارەکانی سێدارە، شێخ چنگێک خۆڵ هەڵدەگرێ و دەیەوێ بە بای داکات، ئەگەر ئەو کارەی کردبا، هەموو شارەکە وێران  دەبوو. بەڵام شێخ ئەو کارەی نەکردووە بۆ ئەوەی زیان بە گەلەکەی خۆی نەگەیەنێ، چوونکە ئەوانیش هەر لە شارەکەدا دەژیان. لەو داستانەدا بە ڕوونی دیارە کە شێخ قودسیەت و تایبەتمەندییەکی ئیلاهی وەدەست دێنێ. ئەو توانای هەیە کە بە جوڵەیەکی دەستی هەموو شارەکە وێران بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەنی بەزەییەکی بێ سنوورە، ئەو بەزەییە بێسنوورییەی خۆی وەک پێوانەیەک بۆ سەرەوەری و پارێزگاری لە خۆی بەکار دێنێ. ئەو دەبوایە لە نێوان دوو ئەڵترناتیڤدا یەکێکیان هەڵبژێرێ. یا دەبوایە شارەکە وێران بکات، یا لەسەر حیسابی ژیانی خۆی گەلەکەی ڕزگار بکات. بەم جۆرە شێخ بە سەرپێچیکردن لە دەسەڵاتی دەوڵەت و بە دڕاماتیزەکردنی ڕووداوەکە بۆ کردەوەیەکی فیداکارانە لە پێناو گەلەکەیدا دەبێتە خاوەنی مەرگی خۆی. دەبێ بگوترێ کە هەر بەو شێوەیە ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و حاکمییەتی دەوڵەت، لە کەیسی سەیید ڕەزا، ڕێبەری ڕاپەڕینی کوردە عەلەویەکان، لە دێرسیمیش لە ساڵی ١٨٣٨دا  بەرچاو دەکەوێ. بەڵام لەو کەیسەدا ئەو ڕەتکردنەوە بە شێوەی موعجیزەنیشاندان وەک پچڕانی پەت ڕوو نادات، بەڵکوو کردارێکی دیکەیە کە لایەن ئەوکەسەوە کە بەرپرسی جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانی سەیید ڕەزا بووە کراوەتە دۆکیۆمێنت.[40] سەیید ڕەزا لە کاتێکدا کە جەللادەکە دەیەوێ پەتی بهاوێژێتە ئەستۆ، ئەو پەتەکە لە دەستی کابرای مەئموور دەردێنێ و دەیخاتە گەردنی خۆی. بەو جۆرە ڕووداوەکە دڕاماتیزە دەکا و لە ڕێگای مرنێکی حەمماسیەوە، دەسەڵات و حاکمییەتی دەوڵەت ڕەت دەکاتەوە. پاش لە سێدارەدانی شێخ سەعید پەیڕەوانی شێخ لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ناوبراو هەر زیندووە. لەوەش زیاتر ئەوان پێیان وابوو کە شێخ  بۆ ئیدامەدانی خەبات و بەرخۆدان، لە شكڵی دەستە و تاقمی بچوک بچووکدا، ئیلهام بەخشی ئەوانە. دواتر کاتێک ڕوون بووە کە شێخەکەیان مردووە، لە داستانەکاندا زیاتر باس لەوە دەکرێ کە شێخ تۆڵە لە ستەمکاران و زاڵمان و  خائینان وەردەگرێتەوە. باسی سەرەکیی نێو ئەو چیرۆکانە باسی تۆڵە و عەداڵەتی ئیلاهییە. بۆنموونە لێرەدا  تەماشا بکە، چ بە سەر جەللادەکەی شێخدا دێ.” ئەو جەللادە کە شێخی هەڵواسی، لە هەژاری و شەرم و سەرشۆڕیدا مرد، کەس قسەی دەگەڵ نەدەکرد. عەقڵی خۆی لە دەست دا و تووشی هەزاران نەگبەتی و دەرد و بەڵا بوو. تا سەرەنجام لە حاڵی بێحاڵیدا لەسەر شەقامەکانی دیاربەکر مرد و خودا ئەوەی بەسەر هێنا کە شایانی ئەو مرۆڤە سووک و هیچ و پووچە بوو”. ئەگەرچی زۆر کەس ئەو داستانەیان بۆمن دەگێرایەوە، بەڵام کەسیان نەیاندەزانی ئەو کەسە کێ بووە و کەی  مردووە. دەگوترێ سەروان قاسم کە خیانەتی لە شێخ کرد، عاقیبەتێکی زۆرتاڵی بە نسیب بوو. لەكوێ؟ کەی و چۆن؟ دیسان ڕوون نیە. کەسێکی سەر بە بنەماڵەی شێخ گوتی:

 ئەو ماڵی بردە شارێکی دەوروبەری دەریای ئێجە لە ئاناتۆلیی ڕۆژئاوا. زۆر لەوێ ژیا، بۆماوەی بیست ساڵان لەوێ ژیا. لەبیرمە ڕۆژێک بابم هاتەوە، ئێمە لە مەزرایە بووین، قەت باوکمم ئاوا نەدیتبوو، بەزەحمەت دەیتوانی قسە بکات،  ئەو بە دایکمی گوت کە قاسۆ(سەروان قاسم)ی دیوە. قاسۆ زۆرتر لە ماڵەوە دەمایەوە و نەدەهاتە نێو خەڵکی. ئاخر بە چ چاوڕوویەکەوە هاتبایە نێو خەڵک؟ کەس قسەی دەگەڵ ئەو و بنەماڵەکەی نەدەکرد. تا سەرەنجام ڕۆژێک لە دوورەپەرێزیدا مرد.

  ئەو چیرۆکەی لە پێوەندی دەگەڵ دادستانی شێخ سەعیددا  لەسەرزاروزمانانە، لەوەش سەرنجڕاکێشترە.

ئەو بە خزمەت بە دەوڵەت پووڵیکی زۆری پەیدا کرد، بەڵام دەرفەتی ئەوەی نەبوو لەززەت و خۆشی لەو پووڵە وەرگرێ. خوا عادڵ و داد پەروەرە. ئەو بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کرا و چووە ناو زیندانەوە. لە زیندانێدا دووپشکێک پێی وەدا. عەقڵی خۆی لەدەست دا و لەوپەڕی زیللەت و سەرشۆڕیدا مرد.

 ئەو خاوەن مڵک و سەرۆک عەشیرەتە کوردانەش کە بەربەرەکانی و شەڕیان دەگەڵ شێخ کرد، بەشی خۆیان لەو سزاو عەداڵەتی ئیلاهییە  وەرگرت. زۆر کەس بۆیان گێڕاومەوە کە دەوڵەت دواتر ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانەی کوشتووە یا زیندانی کردووە کە بە شێوەیەکی چالاک لە دژی شێخ شەڕیان کردووە. بیانووی دەوڵەت بۆ ئەو کارە ئەوە بووە کە “ئەوانەی کە ئامادە بن خیانەت لە گەڵ هاونەوعی خۆیان بکەن، هەرگیز ناشتوانن دڵسۆزی ئێمە بن. “یەکێک لەو نموونانە جەمیل شێتویە کە حەسەن هوشیار سێردی لە یادداشتەکانی خۆیدا باسی دەکات. لە داستان و حیکایەتە شەعبی و باوەکاندا، جەمیل شێتو و ئەوانەی دیکە کە بەدژی شێخ شەڕیان کردووە بە شێوەیەکی ئاسایی هەموو دەمرن. بەڵام لەو پێوەندییەدا هیچ وردە کارییەک دیار نیە. سێردی لەوبارەوە داستانێکی درێژ لە ژێر ناونیشانی (مەرگی خائینانە و سەرشۆڕانە) دەگێڕێتەوە. ئەو جەمیلە نەگبەتە، کە ئاغا و سەرۆک خیڵی پێنجچینار بوو، لەساڵی ١٩١٩دا لەگەڵ مستەفا کەماڵ ئەتاتورک بوونە برا. کاتێک ڕاپەڕینی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥ دا  بۆ بەرگری لە ئامانجی کوردەکان دەستی پێ کرد، جەمیل شیتۆ، ئیمان پیریخانی، ڕەسوڵ محەمەد و کامیل بەگ ئێوانی دەگەڵ عەشیرەتەکانی خۆیان دەستیان دایە شەڕ بە دژی کوردەکان. بەڵام کاتێک کە سووپا پێی نایە مەیدانی شەڕ و شێخ ئەسیر بوو،  چارەنووسی ئەو باند و دەستەو تاقمانە بوو بە چارەنووسی ئەو تاژییەی دەیبەنە ڕاوێ و پاش تەواوبوونی ڕاو بێ بایەخ دەبێ. ئاخر دوژمنەکەیان هیچی تر پێویستی بەوان نەبوو. جەمیل شیتۆ لە دادگایەکی براکەی خۆی، واتە مستەفا کەماڵ ئەتاتورکدا دادگای کرا و بە ئیعدام مەحکووم بوو. ئەوە کارێکی باش بوو کە مستەفا کەماڵ بۆی کردین. ئەو کات کە لە زیندانی “نیگادا”دا بووم چوار کوڕی جەمیل شێتو دەگەڵ من لە زینداندا بوون. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ژن و منداڵەکانی ئەوان لەسەر شەقامەکانی “نیگادا”دا  بە دەربەدەری ژیانێکی نەمرنەژیان دەبردە سەر و بە دوای کاردا دەگەڕان. ئەمین پیرخینا و ڕەسوڵ محەمەد، کاتێک سەرەنجام لە وەزعەکە حاڵی بوون، بەرەو سووریە ڕایان کرد و داوای پەنابەرییان لە فەرانسە کرد. کامیل بەگی ئێڤانیش، سەرەڕای ئەو هەموو خزمەتەی بە لەشکری نۆیەمی سوپای کرد و بە پتر لە پازدە هەزار چەکدارەوە لە شەڕ دەگەڵ شێخدا بەشداری کرد، نەیتوانی خۆی و بنەماڵەکەی لە دەربەدەری و ئاوارەیی بپارێزێ و ئاوارەی ئەستەنبووڵ بوون. لە کۆتاییدا بە ڕەزیلی لەسەر شەقامەکانی ئەستەنبووڵ مرد.[41]

هەرچەند  لە گێڕانەوەکەی سەرەوەدا وا دێتە بەرچاو کە ئەوە ئاکامی پیلان و فیتنەی توورکەکانە کە ئەوان وایان بە سەر هاتووە- دەوڵەت لە پێشدا لە (خائینانی کورد)  کەڵکی وەرگرتووە و پاشانیش لە نێوی بردوون- بەڵام لەو داستانانەدا سەرەنجامی هەموو خائینان بەو چەشنە کۆتایی دێت. هەموویان دەکەونە بەر قەساس و عەداڵەتی ئیلاهی. “خوا قەت نایەڵی کە ستەمکاران و زاڵمان  پاش ئەو زوڵم و زۆرەی دەیکەن، ئارام بگرن”

زۆربەی ئەو داستانە سەیر و سەمەرانە تەواو خەیاڵێن و گەڕان بەدوای وەدەرخستن و نیشاندانی ڕاستی و دروستیی ئەواندا، بەمانای نەدیتن و تێنەگەیشتن لە بایەخی    سەمبۆڵیک و کارکردی سیاسیی ئەوان دادەنرێ. من پێم وایە ئەوە هیچ گرنگ نیە کە لە ڕاستیدا چ شتێک بەسەر “زاڵمان”، “خائینان” و “هاودەستانی دوژمن”دا  هاتووە، بە تایبەت ئەگەر ئەوە دەگەڵ چۆنیەتیی تێگەیشتنی خەڵک لە حەق و عەداڵەت نەیەتەوە. ئاخر ئێمە دەزانین کە دادستانی شێخ سەعید هەمیشە لە ژیانێکی دەوڵەمەندانەدا ژیاوە و لەباری سیاسیشەوە سەرکەوتوو بووە و بۆتە وەزیر. خاڵی بنەڕەتی لەو داستانانەدا  ئەوەیە بە هێزەوە دونیایەکی سیاسی و ئەخلاقی ئەوتۆ وێنا دەکەن کە لەوێدا تۆڵەی شێخ دەکرێتەوە و تەرازووی حەق و عەداڵەتی مێژوو، بە شێوەیەکی    سەمبۆڵیک باڵانسی خۆی وەدەست دێنێتەوە. لێرەد ا دەبینین کە ئەو کەسانەی بەرپرسی مەرگی شێخن، شێت دەبن، لەسەر شەقامەکان دەکەون، دەڕشێنەوە و خوێن دێننەوە و پیساییی خۆیان دەخۆن. ئەو چارەنووسە جۆرێک لە عەداڵەتە کە وەک تۆڵەی ئەوتاوانانەی کردویانن یەخەیان دەگرێ.


ڕاپەڕینەکە وەک ڕووداوێکی مێژوویی

“ئەوەی بەڕاستی لە ساڵی ١٩٢٥دا ڕووی داوە، لە دیسکۆرس و باسە سیاسی و مێژووییەکاندا، بە شێوەی جۆراوجۆر باس و مشتومڕی لەسەر کراوە”[42] ناسێۆنالیستە کوردەکان، کاربەدەستانی تورک و لێکۆڵەرەوە نێونەتەوەییەکان، هەرکامیان لێکدانەوی تایبەت بەخۆیان- بە هەندێک پێداگریی جیاوازەوە-  سەبارەت بەو ڕووداوانە هەیە. لێرەدا مشتومڕی سەرەکی، جا چ ڕاپەڕینێکی ناسیۆنالیستغی کورد بووبێت یا بزووتنەوەیەکی ئایینی، یا هەردووکیان، پێوەندیی بە ئامانجی ڕاپەڕینەکەوە هەیە.  سەرەڕای لێکدانەوە جۆراوجۆرەکان، لە ڕێگای زەمینە، هۆکار و ئامانجی کاراکتەرەکانەوەیە کە ڕاپەرینەکە وەک ڕووداوێک لە زەمان و میژوودا لەسە بناخەیەکی کڕۆنۆلۆژیکی، ساخ دەکرێتەوە. ڕوانگە و نەزەری ڕەسمیی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕاپەڕینەکە یەکپاڕچە نییە.  قازی لە دادگادا بەو ئاکامە گەیشت کە ئامانجی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە بریتی بوو لە دامەزرانی حکوومەتێکی سەربەخۆی کوردی و ئیسلامی. بە وتەی دادستان[43] لەڕاپەڕینەکەدا دین تەنیا وەک ئامرازێک کەڵکی لێ وەردەگیردرا. “بەلەبەرچاوگرتنی دینامیزمی نێوخۆیی، ڕوحیە و کاراکتەر و ئامانجەکانی ئەو کەسانەی کە ڕاپەڕینەکەیان ڕێک خستبوو”، ئامانجی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینەکە هیچ شتێک نەبوو”جگە لە دامەزراندنی دەوڵەت و حکومەتێکی کوردی.” بەو حاڵەش، سوپای تورکیە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نەبوو. بە لەبەرچاوگرتنی “هۆکارەکان، ئامادەکارییەکان، کات و چوارچێوەی ڕاپەڕینەکە” کتێبێک لە لایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیەوە بڵاو کرایەوە. ئەو لەو کتێبەدا دەڵێ: ڕاپەڕینی شێخ بەتەواوی بە کەیسێکی دژەشۆڕش دادەنرێ. لەگەڵ ڕاگەیاندنی تەنزیمات-خەیریە( ١٨٣٩)، پڕۆپاگەندەی کوردایەتیش دەستی پێ کرد. بەڵام ئەو پڕوپاگەندەیە، هەرگیز پێگەیەکی جەماوەریی لە نێو خەڵکدا بۆ دروست نەبوو. ئەمەش لەبەر ئەو ئاڵ وگۆڕە سەرەتاییانە بوو کە تەنزیمات و مەشروتییەت (حکوومەتی دەستووری)، لە ژیانی کوردەکاندا پێکیان هێنا. واتە شکاندنی دەسەڵاتی ئاغاکان، شێخەکان، مەلا و بەگ و سەرۆک عەشیرەتەکان بەسەر خەڵکە ڕەشۆکییەکەدا. بەڵام ئەوە مەحاڵ بوو کە کوردایەتی لە نێو ئەوخەڵکەدا پەرەی پێ بدرێ، لەکاتێکدا کە نەیاندەزانی مرۆڤایەتی چییە. بۆ ئەو خەڵکە مانای بوونی مرۆڤ لە مستێک ساوار و جۆ تێنەدەپەڕی، نەیاندەویست لە مانای جمهوری تێ بگەن، یا لەوە حاڵی بن کە لە پشت ئەو کێوانەوە کە ئەوانی لێ دەژین چ باسە. بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە نەزانە بۆ ڕاپەڕین هان بدرێن، دەبوایە تەبلیغاتی ئایینییان بۆ بکرێ. ئەوە ئەو شتە بوو کە لە ڕاستیدا ڕووی دابوو.[44]  ئەو ڕیوایەتە زاڵترین و گشتی ترین و ڕەسمی ترین ڕیوایەتی مێژووی ئەو ڕووداوەیە لە تورکیەدا. بە گوێرەی ئەو ڕیوایەتە، بۆ دوژمنایەتی لەگەڵ شۆڕشی کەمالیستە سیکۆلارەکان، ئەشرافی کوردی “کۆنەپەرست” ئەو ڕاپەڕینەیان بۆ بنیاتنانی نیزامێکی ئیسلامیی تووندڕەو هەڵگیرساندبوو. کەواتە شێخ سەعید ئەشرافزادەیەک بووە، کە بە هۆی پیادەبوونی نیزامی جمهوری کە ژیانێکی ئینسانی  بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات دەستەبەرکردبوو، جێگایەک کە خەڵکی هەژار و نەزان لە ژێر سوڵتەو زووڵم و زۆری شێخەکاندا دەژیان، دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانی لە دەست دابوون. بە وتەی سوپا ئەو حەرەکەتە “دژی شۆڕش”ە بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی خەلافەت و ئیسلام، یارمەتی بە شێخ و سەییدەکان دەکرد، تا دەسەڵاتی خۆیان بەسەر “خەڵکی نەزان”دا بپارێزن.

هەروەها ڕیوایەتی ڕەسمی تورکیە پێ لەسەر ڕۆڵی سیاسەت لە ڕاپەڕینەکەدا دادەگرێ.  لەوبارەوە دەڵێ ئەوە پیلانی بەریتانیا بوو کە دەیەویست لەو ڕێگایەوە لەساڵی ١٩٢٦دا دەست بەسەر ناوچە پڕلە نەوتەکانی موسڵ و کەرکوکدا بگرێت. بەوحاڵەش، زانایانی تورک “جێ پەنجەی بەریتانیا” لەو ڕووداوەدا بە شێوەی جۆراوجۆر دەخەنە بەرباس و ڵێکۆڵینەوە. بە وتەی Mete Tunc¸ay, کە بۆخۆی ئەو ڕووداوە “بە ڕاپەڕینێکی میللی لە بەرگی ئایینی” دا دەزانێ، هیچ بەڵگە و لێکدانەوەیەکی مەنتقی کە نیشان بدا بەریتانیا دەستی لەو ڕاپەڕینەدا هەبوو، لەبەردەستدا نیە. لەوەش زیاتر ئەو دەڵێ کاربەدەستانی دەوڵەت نوسخە و ڕیوایەتی جۆراوجۆریان لە ڕووداوکە بۆ دەستە و تاقمە بەردەنگە جۆراوجۆرەکان داڕشتوون.[45] پێداگرتن لەسەر تایبەتمەندیی “دژی شۆڕش”بوونی ڕاپەڕینەکە، یارمەتیی بە کەمالیستەکان کرد تا سەرکوتی خۆیان بەدژی ئۆپۆزسێۆنی تورکیە- کە دژی ئەوەبوون لە سەرەوەڕا بۆ خوارەوە، رێفۆڕم بۆ سیکۆلاریزەکردنی وڵات ئەنجام بدرێ- پەرە پێ بدەن. ئەو دژبەرانەی کەمالیستەکان، لە نێوان ئەواندا، ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی شەڕی سەربەخۆیی، بە تاوانی هاندان و تەشویقی ڕاپەڕینی شێخ سەعید ئیعدام، زیندانی یا دوورخرانەوە. ڕوو لە ڕۆژئاواش، بۆ شاردنەوەی تایبەتمەندییە سیاسی و میللیەکانی ئەو ڕاپەڕینە، ڕاپەڕینی شیخ، وەک ڕووداوێکی دژی مۆدێڕنیزاسیۆن و ڕێفۆرمی شارستانی، نیشان دە درا.

دەبێ بگوترێ ئەو ڕاپەڕینە لەلایەن هەندێک زانای ڕۆژئاوایشەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.[46] ئەوان ڕاپەرینەکە بە وەڵام یا دژکردەوەیەکی ناسیۆنالیستی بە دژی دەوڵەتی تورک لە قەڵەم دەدەن، کە پاش ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیە دەستی کرد بە لەنێوبردنی پێکهاتە کولتوری و سیاسییە غەیرە تورک و غەیرە سێکۆلارەکان. مارتین ڤان بڕوینسس دەڵێ ئامانجی دیاری ڕاپەرێنەکە بریتی بوو لە دامەزراندنی “دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ کە لەوێدا ئەسڵە بنەڕەتییە ئیسلامیەکان -کە لە تورکیەی نوێدا پێشێل دەکران- وەبەرچاو بگیردرێن”. “ڕاپەڕینەکە لە لایەن ڕێکخراوێکی سیاسی بە ناوی “ئازادی”یەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو. ئەو ڕێکخراوە بە مەبەستی هاندان و هەڵخراندنی خەڵکانی پەیڕەوی شێخ، کەڵکی لە کەسایەتیی کاریزماتیکی شێخ – شتێک کە خۆی نەیبوو- وەردەگرت.            بەوحاڵەش شێخ تەنیا هەر کەسایەتییەکی سەرکردە نەبوو، بەڵکوو نەخشی فەرماندەشی لە شەڕ و عەمەلیاتە نیزامیەکاندا بە ئەستۆوە بوو.”[47] (جەختکردنەوەی سەرەکی).

ڕۆبێرت ئۆڵسۆن، بایەخ بە لایەنە ڕێکخراوەییە مۆدێرنەکانی ڕاپەڕینەکە دەدات و پێ لەسەر ڕۆڵی ڕێکخراوی ئازادی لە کۆکردنەوە و هەڵخراندنی خەڵکدا دادەگرێ. بە وتەی ئەو ڕاپەڕینەکە “یەکەمین شۆڕشی ناسیۆنالیستیی کوردەکان لە ئاستێکی بەرین دابوو.”[49] ئەو درێژە دەدا و دەڵێ ئازادی هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە بە جۆرێک ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی شێخی زەق دەکردەوە.  شتێک کە لە کۆنگرەی ئازادی لە ساڵی ١٩٢٤دا، هیز و گۆڕی زیاتریشی پێ درا. ئەوەی کە ڕاپەڕینەکە لایەنێکی مەزهەبیی هەبوو، ئاکامی ئەو لێکدانەوە تاکتیکی و ستراتیژییانەی ئازادی بوو کە بۆ سەرکەوتنی ڕاپەرینەکە بە پێویستی دەزانین. بۆیە لە کاتێکدا کە ڕاپەڕینی شێخ ڕاپەڕینێکی میللی و ناسیۆنالیستی بوو،  سەمبۆڵ و تەبلیغات و شێوەی مۆبیلیزەکردنی خەڵکی لە هی ڕاپەڕینێکی ئایینی دەچوون “لە کاتێکدا ئۆلسون شێخ بە کەسێکی ناسیۆنالیست و لە هەمان کاتدا بە ئیماندارێکی خاوەن تەعەهود دەزانێ، لە ڕوانگەی ڤان بڕوێنسسەوە، گرنگترین هۆکار کە ڕێکخراوی ئازادیی هان دا تا شێخ وەک ڕێبەر دیاری بکات، بریتی بوو لە نفوزی شێخ بە سەر کوردەکاندا بەگشتی و بەتایبەت کوردانی زازادا.  هەردووکی ئەو لێکۆڵەرەوانە لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەردوو توخمی ناسیۆنالیستی و ئایینی لەڕاپەڕینە کەدا هەبوون و ناکرێ وەبەرچاو نەگیردرێن: “ئامانجی سەرەکیی شێخ سەعید و سەرکردەکانی ئازادی بریتی بوو لە کوردستانێکی سەربەخۆ. بۆ خەڵکی بەشداربووی ڕاپەڕینەکە، ئایین و تەعەهودی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی شێخ لە یەک جیا ناکرێنەوە. ئەوان دوو ڕووی یەک سکە بوون و لە کردەوەدا هەر یەک شت بوون”[49] (جەختکردنەوەی ئەسڵی).

 ڕاپەڕینەکە ناسیۆنالیستی بووبێت یا ئایینی، دواکەوتووانە بووبێت یا پێشکەوتنخوازانە، هاودەنگی لەسەر ئەوە هەیە کە ئەو ڕاپەڕینە بۆ کورد و تورک، بە نوختەگۆڕانێکی مێژوویی دادەنرێ.[50] پەیمانی لۆزان لەساڵی ١٩٢٣دا بارودۆخی کەمایەتییەکانی لە تورکیەدا ڕێک خست. ئەو پەیمانە سیستەمی عوسمانی میللەتی بەرەسمی ناسی. بە گوێرەی ئەو سیستەمە  تەنیا غەیرە موسوڵمانەکان بە کەمایەتی دەناسران. بۆیە کوردەکان بەهۆی پێشینەی موسوڵمان بوونیان، خرانە سەر”میللەتی تورک”، بەم شێوەیە تورکیە لە ڕێگای ئەو ڕێفۆڕمە کۆمارییانەی کە وەڕێی خستن، وەک هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، قەدەغەکردنی ڕێکخراوە مەزهەبییەکان و پێکهێنانی سیستەمێکی یەکپارچە و سیکۆلار بۆ پەروەردە و خوێندن لە تورکیە لە ساڵی ١٩٢٤دا، بناخە گشتییەکانی مەوجوودییەتی سیاسی و فەرهەنگی و ئیتنیکیی سەربەخۆی کوردی تێک شکاندن. لە ئاکامدا مەدرەسەکان، تەنیا دامەزراوەیێکی پەروەردەیی کە لەوێدا کەڵک لە زمانی کوردی وەردەگیرا، قەدەغەکران. لە ساڵی ١٩٢٤دا، قانوونی ئەساسی هاووڵاتی بوونی لەگەڵ توورکبوون  بەیەکسان لە قەڵەم دا. هەڵوەشانەوەی خەلافەت زاراوەی “برایەتیی ئیسلامی” گۆڕی بۆ “یەکیەتیی نەتەوەیی تورک” و ئەمەش ئەوەی لە نێو برد کە پێی دەگوترا “هاوپەیمانیی مێژوویی” نێوان کورد و تورک. بەم شێوەیە لە ڕێگای بردنە پێشی ئەو جۆرە سیاسەتانەوە، ڕێژیمی کەمالیستی تورکیە، بەمەبەستی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و هاوچەشنی تورک و سازکردنی ناسنامەیەکی میللی، دەسەڵاتدارییەتی خۆی بەسەر کورداندا سەپاند. لە بارودۆخێکی ئاوادا شۆڕش و ڕاپەڕینی شێخ سەعید زەبری ئاخر لە “پردی مێژوویی”ی نێوان کورد و تورک دەوەشێنێ کە لە پێشیشدا ڕووخابوو. ئەمەش دەبێتە خاڵێکی دەستپێک بۆ چوونەپێشی  سیاسەتی سەربەخۆییی کورد. دەبێ بگوترێ کە  ئەو ڕاپەڕینە  وەک  بناخەیەکیش بۆ سیاسەتی بەرپەرچ دانەوەی دەوڵەتی تورک کارکردی هەبووە. چوونکە لە ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ ئەو ڕاپەرینەدابوو کە زۆربەی دامەزراوە سیاسی و حقووقییەکانی تورکیە لە فەزایەکی تەواو سێکۆلار و ناسیۆنالیستیدا  دامەزران. تەنانەت ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت کەمالیستەکان وەک پرسێکی ئەمنییەتی، تەماشای ناسیۆنالیزمی کورد و ئیسلام، کە دوو لایەنی زەقی کەسایەتیی شێخ سەعید بوون، دەکەن. ئەوە بەو مانایەیە کە مێردەزمەی شێخ هێشتاش لە ڕاونانی ڕێژیمی تورکیەدا بەردەوامە.


سێ ڕووخساری شێخ سەعید

پاش ئەوەی بە کورتی چۆنیەتیی وێناکردنی ڕاپەڕینەکەمان لە دیسکۆرسی ڕەسمی و مێژوویی تورک و گۆتاری ئەکادیمیکی ڕۆژئاودا خستە بەرباس، ئێستا  باسی ڕاپەڕینەکە لە گۆتاری مێژووییی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کورد دا، بەسەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم[51] و سێ نوسخەی جیا جیا لە ڕاپەڕینەکە و لە شێخ سەعید، کە لەوسێ دەیەی دواییدا وێنا کراون، دەخەمە بەرباس. لەو کارەدا پشت بە میتۆدە دژە ئەزموونگەراکان لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا دەبەستم. ئەو میتۆدە بۆ گەیشتن بەحەقیقەتە مێژووییەکان، لە لێکدانەوەی “ڕاستییەکان”دا  بایەخ  بە بەرهەمهێنانی شیکاری دەدات.[52] 

لێرەدا مەبەستی من ئەوە نییە کە بەنیشاندانی زانیاریی ئەزموونی زۆرتر، ئەو بۆشایییەی کە لە نوێنەرایەتیی پەڕاوێزە بێدەنگکراوەکانی کورد لە مێژوودا هەیە، پڕ کەمەوە، بەڵکوو مەبەست بریتییە لە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن و لەبەرچی ئەو بێدەنگییە لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا، وەک شتێکی زاتی و بەشێک لە دەسەڵات و خەباتی سیاسی، لە گۆڕێدایە.[53]

دەبێت بگوترێت سەربەخۆیی نەتەوەیی بەتەنیا پڕۆژەیەکی سیاسی ئەوتۆ نیە کە بۆ مۆنۆپۆل کردنی حاکمییت بەسەر سەر زەوییەکی تایبەتیدا کار کردی هەبێت، بەڵکوو خوێندنەوە و سەرلەنوێ خوێندنەوەی مێژووش دەگریتەوە. تا پێش بەرگریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دادگای تورکیەلە ساڵی ١٩٩٩دا ، بزووتنەوەی کورد بە چاویلکەیەکی سەربەخۆییخوازییەوە لێکدانەوەی بۆ مێژووی کورد دەکرد و هەر لەسەر ئەو بناغەیەشەوە ئەفسانە و سەمبۆڵە میللی و ناسێۆنالیستییەکانی بنیات دەنان. بە و حاڵەش، ئەگەرچی شێخ سەعید لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠دا، لە دیسکۆرسی گشتیی بزووتنەوەدا، ببوو بە قارەمانێکی میللی، بەڵام سەیر ئەوە بوو کە لە مانیفێستی پ.ک.ک دا هیچ باسێک لە ڕاپەڕینی شێخ نەکرابوو.[54] وەک میراتگری چەپی تورک و بزووتنەوەکانی پێشووی کورد، پ.ک.ک تەنیا لە بەڵگەنامەیەکی بنچینەیی دیکەدا، بەناوی “ڕۆڵی هێز لە کوردستان”دا ئاماژەی بەو ڕاپەڕینە کردبوو. لەوێدا بە نیگەرانی و چاوێکی ڕەخنەگرانەوە جووڵانەوەکەی بە “دژکردەوەیەکی سەرەتایی بەڵام دروست و بەرحەق” بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەپاندنی حاکمیەتی سیاسیی لە ڕێگای داگیرکەری و سەرکوتی نیزامییەوە لە قەڵەم دابوو:

ڕاپەڕینەکانی کوردستان لەو  دەورەیەدا (١٩٢٥-١٩٤٠) بە بێ ماناترین شۆڕش و ڕاپەڕینی دونیا دادەنرێن…. چوونکە هیچ پەرەسەندنێکی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن وجودی نەبوو، هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی مۆدێرن و ئازادیخواز کە ئامانجێکی سیاسی جددی هەبووبێت لە ئارادا نەبوو. بە پێچەوانەوە ئەوان لە نێو دواکەوتووترین پاشماوە فیکری و سا زمانییەکان چاخەکانی نێوەڕاستدا، وەک عەشیرەت گەرایی و فیرقەگەرایی مەزهەبیدا زیندانی بوون. لە ڕاستیدا ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە هیچ بەرنامە و ڕێکخستنێکیان نەبوو. بەڵکوو بریتی بوون لە دژکردەوەی خودبەخودی و هەڵنەسەنگێنراو بەرامبەر بە سەرکوت وپەلاماری توند و دڕندانە و کۆمەڵکوژی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی. بەڵام ئەو ڕاپەڕینە سەرەتاییانە لەبەر ئەوەی بە دژی ژێرچەپۆکی و چەسانەوەی میللی بوون، خاوەنی جەوهەرێکی حەقخوازانە و عادیلانە بوون. بەڵام چین و توێژە دەسەڵاتدارەکانی کورد بوونە کۆسپی سەر ڕێگای ئەوەی کە ئەو جەوهەرە ڕاست و بەرحەقە نێوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانە بە خۆیەوە بگرێت. هەرچەند ئەو ڕاپەڕینانە لە شکڵ و شێوەی خۆیاندا بەرحەق و پیرۆز و دروست بوون، بەڵام هەڵوێستی کۆنەپەرستانەی سەرکردایەتیی ئەوان، نەیهێشت ببنە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی میللی و نەتەوایەتی…. ئاخر بۆ ئەوان قازانج و بەرژەوەندییە ئابوورییە بنەماڵەیی و عەشیرەتییەکانیان لە پلەی یەکەمدا بوون، لە ڕووی ئیدئۆلۆژییەوە هەڵگری بیرۆکەی “برایەتی ئیسلامی” و ئیدئۆلۆژیی دەرەبەگایەتی و لە ڕووی سیاسییەوە ئامانجیان گێڕانەوەی دەسەڵاتی سوڵتانەکانی عوسمانی بوو. بۆیە ئێمە بەو ڕاپەرینانە دەڵێین سەرەتایی، بەڵام دروست و بەرحەق! لە کاتێکدا ئەوە سروشت و بارودۆخی ئەو ڕاپەڕینانە بوو، سیاسەتەکانی دیکتاتۆریی کەمالیستەکان لە کوردستان، تەواو کۆنەپەرستانە، ناعادلانەوە و زاڵمانە بوون. نموونەیەکی تەواو و لە دڕندەیی و بەربەریسم.[55]

ئەو لێکدانەوە چینایەتی و سیکۆلار و “پێشکەوتنخوازانە”یە لە ڕاپەڕینەکانی شێخ سەعید و شۆڕشەکانی دیکەی سەرەتای دەستپێکردنی دەورانی جمهوری، دەبوایە لە چوارچێوەی مێژوویی، ئیدئۆلۆژی وسیاسی و کۆنتێکستی خۆیاندا ئەنجام بدرانایە. بۆچوونی زاڵی چەپی تورک تا ئەو دوایییانەش بریتی بوو لە دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە جووڵانەوە و موبیلیزەبوونێکی سیاسی کوردەکان بە بیانووی ئەوەی کە کارێکی ئەوتۆ زیان بە هاوپێوەندیی چینایەتی دەگەیەنێت. بۆ پاکانەکردن بۆ ئەو هەڵوێستە پەنایان بۆ ڕوانگەی کەمالیستی سەبارەت بەو ڕاپەڕینانە دەبرد. ئەو شۆڕشانەیان بە ڕاپەڕینێکی سەرەتایی و دواکەوتووانە لە قەڵەم دەدا. دەیانگوت ئەو دەرەبەگ و خاوەن زەوییە کوردانەی بەهۆی چاکسازیی کشتووکاڵی و ڕێفۆڕمە پێشکەوتوەکانی کەمالیسیەکان، قازانج و ئیمتیازاتی خۆیان لە دەست دابوو، بە پشتیوانیی ئینگلیز، ئەو ڕاپەڕینانەیان وەرێخستبوون. ڕوانگەو بۆچوونی پ.ک.ک سەبارەت بە عادیلانە و بەرحەقبوونی ڕاپەڕینەکە، لەباری ئیدەۆلۆژییەوە، بە خاڵی وەرچەرخان و تێپەڕین لە ڕوانگەی چەپی تورک بەرەو بنیاتنانی سوننەت و نەریتێکی سیاسی و سەربەخۆ و ئازادیخوازانەی کورد، بە حیساب دێت. بەو حاڵەش دەبیت بڵێین کە پ.ک.ک هەروەک چەپی تورک و کەمالیستەکان، بە ئاراستەیەکی سیکۆلار، مۆدێرن و چەپڕەوانەدا دەڕۆیشتە پێش و لە گۆشەنیگای چەپێکی ئۆرتۆدۆکسەوە، وەک ڕێکخراوێکی دژ بە مەزهەب و خێڵ و عەشیرەت سیاسەتەکانی خۆی بباتە پێش. ئەو هەڵوێستە “پێشکەوتنخوازانە”یە بوو بە هۆی ئەوەی پ.ک.ک شێخ وەک کەسێکی “سەرەتایی” و “کۆنەپەرست” مەحکووم بکات. پ.ک.ک دەیگوت کە سروشتی خێڵەکی ودەرەبەگانەی شێخ و وەفاداریی ناوبراو لە باری مەزهەبیەوە بە عوسمانییەکان(تورکەکان)، نەیانهێشت هوشیاری و ئاگاییەکی میللی و نەتەوەییی ڕاستەقینە لە نێو کورداندا سەرهەڵبدات. ئەمەش کۆسپێکی گەورەی سەر ڕیگای پەرەسەندنی سیاسەتێکی سەربەخۆییخوازانە بوو. هەربۆیە پ.ک.ک، تێپەڕین لە عەشیرەت گەری و دینداریی “سەرەتایی”شێخی، بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازیی- نەتەوایەتی و مۆدێرن، کە ببێتە میراتگری

” جەوهەری بەرحەق”ی شێخ سەعید و ڕاپەڕینەکانی پێشووتری ، بە ئامانجی خۆی دادەنا. هەر لەسەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ەوە، ڕێبەرایەتیی پ.ک.ک، لە نووسین و وتووێژەکانی خۆی لە گۆڤاری “سەرخۆبوون”دا، کە زمانحاڵی پ.ک.ک بوو، بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و بنەڕەتی ئەو تایبەتمەندییە “سەرەتایی” و “دواکەوتووانەی” ڕاپەڕینەکەی دایە بەر ڕەخنە، هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە. شایانی باسە دواتر بەشێک لەو وتار و وتوێژانە لە کتێبێکدا بە ناوی

(So¨mu¨rgeci Cumhuriyet Kirli ve Suc¸ludur ) بڵاوکرانەوە.[56] لەو کتێبەدا، ئۆجەلان جارێکی دیکەش، ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی وەک دژ کردەوەی کوردەکان، بەرامبەر پەلامار و لەشکرکێشیی جمهوری بۆ سەر کوردستان لە قەڵەم دا. لەوەش زیاتر ڕاپەڕینەکە لە جەوهەری خۆیدا -وێڕای ڕواڵەتی مەزهەبی-تەواو میللی و نەتەوایەتی بووە. ئۆجەلان لە وێدا هۆیەکانی شکانی ڕاپەڕینەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بێسەرەوبەرەیی کوردەکان و نەبوونی ئامادەییی پێویست. بە وتەی ئۆجەلان، ئاتاتورک ڕاپەڕینەکەی کردە دەرفەتێک بۆ هێرش و پەلامار بۆسەر هەموو ئەو بایەخانەی پێوەندییان بە کوردایەتی و کوردبوونەوە هەبوو. ئۆجەلان بەتایبەت ڕەخنە لەوە دەگرێ کە چۆن ڕێژیمی تورکیە ڕاپەڕینێکی ئاسایی و جەماوەری ئاوا بە کۆنەپەرست و دواکەوتوو دادەنێت. لەوەش زیاتر ڕەخنە لە جمهوری دەگرێ و شێخ سەعید وەک ڕێبەرێکی میللیی کورد، بە بەراورد دەگەڵ ئاتاتورک، بە کەسیکی پێشکەوتنخوازتر و مرۆڤ دۆستتر دەناسێنێت.

بە و جۆرە لە کاتێکدا لە گوتار و دیسکۆرسی نووسراوی بزووتنەوەکەدا، بە ئاشکرا شێخ سەعید وەک کەسایەتییەکی “پێشکەوتوو” و “میللی” دادەنرێت، لە گوتاری گشتی و جەماوەریدا تا ئاستی سیمبۆڵی دژی کۆلۆنیالیستی و ڕەمزی خەباتی دژی ئیستیعماری بەرز دەکرێتەوە. دروست بوونی حیزبوڵڵا ، کە ڕێکخراوێکی ژێرزەمینی بوو و لە لەیەن هەندێک “کوردی مەزهەبی”یەوە دامەزرابوو، لەو پێدا چوونەوە و هەڵسەنگاندنەوەیەدا کاریگەری خۆی هەبوو. ئەو ڕێکخراوە، لەسەردەمی حکومەتی نیزامی ساڵەکانی ١٩٩٠دا، ژمارەیەک چالاکڤان و کوردی سڤیلی کوشتن. بەڵگەی زۆر لەبەردەستدان کە ئەو تاقمە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیەوە پشتیوانی و پارێزگاری لێ کراوە. لە بارودۆخێکی سیاسیی ئاوادا، بزووتنەوەکە (پ.ک.ک-وەرگێر) لە درێژەی پرۆسەی ڕەخنە لەخۆگرتنیدا، ڕەخنەیەکی توندی لە هەڵوێستی چەپی ئۆرتۆدۆکس سەبارەت بە ئایین گرت و گوتی لێکدانەوەی ماتریالیستی بۆ دین و مەزهەب ، لێکدانەوەیەکی هەڵەیە.[57] بە ڕەخنەگرتن لە حیزبوڵڵا وەک دەسکیسی ڕێژیمێکی پیس کە هیچ پێوەندییەکی بە ئیسلامەوە نیە، ئۆجەلان پێویستیی هێنانەگۆڕێی ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانەی سەبارەت بەدین خستە بەر باس.لەو پێوەندییەدا بەردەوام ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە پ.ک.ک خۆی بە خەباتکارێکی ڕاستەقینەی ڕێبازی ئیسلام دەزانێت و ئیسلام وەک ئایینێک دەبینێت کە دژی هەموو جۆرە زوڵم و ستەم و بێعەداڵەتییەک ڕادەوەستێ. لە هەلومەرجێکی ئاوادا کە ڕوانگە و بیروبۆچوونە سیاسی و ئیدئۆلۆژییەکان لە حاڵی گۆڕاندا بوون، گەریلا کوردە مارکسیستەکان لە ڕیزی یەکەمین ئەسحابە و یارانی حەزرەتی محمەد لە قەڵەم دەدران و وەک ئەوان بە کەسانێکی بەنرخ و شایستە پێناسەدەکران. بەو جۆرە پ.ک.ک وەک پێشڕەوی بزووتنەوە، پشتیوانیی خۆی لە ڕێکخستنی ئیمام و پیاوە ئایینییەکانی کورد لە ئەورووپا، تورکیا و تەنانەت لە مەککەشدا، لە شکڵی یەکیەتی و ڕێکخراوێکی سیاسیدا دەربڕی. لەو پێوەندییەدا لە ئەورووپا، پ.ک.ک یارمەتیی بە دروستکردنی مزگەوت کرد. ئەو مزگەتانە لە پاریس و بیرمەن، ناوی شێخ سەعیدیان لەسەر دانرا. دەستنیشانکردنی ئیسلام وەک دینی عەدالەت و خەبات بە دژی زوڵم و ستەم، یارمەتیی بە بزووتنەوە کرد تا شێخ سەعید و ڕێبەرانی پێشووتری کورد، وەک کەسایەتیی پیرۆز و کاراکتەری دژی کۆڵۆنیاڵی، بێنە نێو گۆتار و دیسکۆڕسی جووڵانەوەی ئازادیخوازانە. لەوەش زیاتر پێویستە تۆڵەی ئەوان وەرگیرێتەوە و ڕیسالەتی مێژوویی و سیاسییی ئەوان لە بردنە پێشی ئامانجە پێشکەوتنخوازییەکانی خەباتی میللی و ڕزگاریخوازانەی کوردا بە ئامانج بگات. هاوکات، گریلا کوردەکان، وەک “نەوەی ڕاستەقینەی” شێخ سەعید، کە ئەرکیان بریتییە لە بردنە پێشی ڕیسالەت و پەیامی ئەو، پێناسەکران. یەکێک لە خەباتکارە گەریلاکان، لە دیاربەکر، لە ماوەی ساڵەکانی نێوان ١٩٨٦-١٩٩٥دا، ئەو ئاڵوگۆڕە ئیدئۆلۆژیکییە لە ڕوانگەی پ.ک.ک دا سەبارەت بە دین و ڕێبەرانی پێشووی بزووتنەوە بەم شێوەی خوارەوە ڕوون دەکاتەوە:

پێشتر دەمانگوت خوا نییە، پێغەمبەر نیە، هەموو هەوڵمان ئەوە بوو خەڵک فێری مارکسیسم – لینینیسم بکەین و شتی لەو جۆرە. میللەتی ئێمە نەخوێندەوار خاوەن دین و ئیمانی قووڵ بوون. بۆیە ئەوە سەری نەگرت. بەڵام کاتێک ناوی شێخ سەعیدمان دەهێنا هەموو خەڵک ئێمەیان وەک کوڕی خۆیان تەماشا دەکرد.ئیتر خەڵک ئامادە بوون پارووی زاری خۆشیان لەگەڵ ئێمە بەش کەن. ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە ئەوان نەیاندەزانی لینین کێیە و ئەوەشیان بۆ گرنگ نەبوو، بەڵام دەیانزانی شێخ سەعید کێیەو لەگەڵ ژیان و خوێن و پێستیان تێکەڵ بوو. مەبەستم ئەوەیە کە ئەوان لەگەڵ ئەو داستان و چیرۆک و حیکایەتانە ژیابوون و گەورە ببوون کە سەبارەت بە مەرگ و خەبات و فیداکارییەکانی شێخ سەعید لە نێو خەڵکدا باون. ئەوان بڕوایان بەوە بوو کە ئێمە دەتوانین لە پێوەندی لەگەڵ هەموو ئەو زوڵم و زۆرەی لە ڕابردوو و لە ئێستادا بەرامبەریان کراوە، تۆڵەیان بستێنین.

بە و جۆرە کوردە دیندارەکان، هەر لەسەرەتای دەیەی ١٩٩٠ ەوە کۆمەڵ کۆمەڵ دەهاتنە نێو بزووتنەوە، چ وەک خەباتکار یان لە ڕاپەڕاندنی کاروباری تەبلیغاتی و ئەرکەکانی دیکەدا، لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا، ئەرکیان بە ئەستۆوە دەگرت. دەبێت بگوترێت هەر لەو سەروبەندەدا، بە شێوەیەکی بەرین وێنەکانی شێخ سەعید و ڕیبەرانی پێشووی کورد، لە سەرەتا و کۆتایی هەموو پڕۆگرامەکانی تەلەڤزیۆنی “مەد تی-ڤی”دا، کە لە ڕێگای سەتەڵایتەوە لە برۆکسل بەرنامەکانی خۆی بڵاو دەکردنەوە، نیشان دەدران. دوای وێنەی ئەوان، وێنەی ئۆجەلان دەهاتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنێک. بەو شێوەیە وێنەی هەموو ڕێبەرانی کورد وەک زنجیرەیەک پێشان دەدرا و ئۆجەلان وەک “ئاخرین ڕێبەری کورد” و میراتگری سیاسیی هەموو ڕاپەرین و شۆڕشەکانی پێشووی کورد دەناسێنرا. لەوەش زیاتر وێنەی خەباتکارە گەریلاکانیش پێشان دەدرا، کە وەک ئەسحابە و یارانی پێغەمبەر دەناسران. ئەوەش بە شێوەیەکی سەمبۆڵیک، مەوقعیەتی خودی ئۆجەلانی تا ئاستی پێغەمبەر دەبردە سەر. تەنانەت هەندێک لە لایەنگران، ئەویان وەک کەسایەتییەکی ئیلاهی و مەسیحایی چاو لێ دەکرد. ناوی بنەماڵەیی ناوبراو لەو بارەوە یارمەتییەکی زۆری بەو مەسەلەیە کرد. ئاخر لە تورکیدا ئۆجەلان لە باری ئەدەبییەوە بە مانای “تۆڵەستێن” دێت. زۆر حیکایەت و داستان کەوتنە سەر زار و زمانی خەڵکی کە بەگوێرەی ئەوان دەگوترا نازناوی ئۆجەلان شتێکی تەسادوفی نیە. بەڵکوو ئەوە کاری خودایە و شتێکی ئیلاهیە کە ئۆجەلان هاتووە تا تۆڵەی کوردان وەرگرێتەوە.

بەڵام دەستگیرکردنی ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٠دا، بووە هۆی ئەوەی کە ئەو خوێندنەوە دژی کۆڵۆنیاڵییە لە بزووتنەوەکە، لە بنەوەڕا ڕاوەستێ. ئاخر ئۆجەلان لە کاتی بەرگری لە خۆیدا، نەک هەر دەستبەرداری ئیدیعای خەباتی دژی کۆلۆنیالیستی، سەربەخۆیی نەتەوەیی و سەروەری خاک و نیشتیمان بوو، بەڵکوو ئەو خەبات و شۆڕش و ڕاپەرینانەی مەحکوم کردن و وەک شێوەیەک لە “ناسیۆنالیزمی دواکەوتووانە”ی لە قەڵەم دان کە بە درێژایی ساڵانی سەدەی بیستەم زیانیان بە کورد گەیاند. ناوی شێخ سەعید لە نێو ئەو “ناسیۆنالیستە سەرەتاییانە”دا بوو. ئەو گۆرانکارییە ڕیشەییە لە دیسکۆرسی سیاسیدا هاوکات بوو لەگەڵ خوێندنەوەی دووبارە بۆ مێژووی کورد، چونکە ڕیوایەتی سەربەخۆییخوازیی پێشوو، لەڕووی سیاسییەوە ناپایەدار بوو. ڕاستییەکەی ئەوەیە، ئۆجەلان بەمەبەستی ئاسانکردن و پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی، جەختی لەسەر پێویستیی خوێندنەوەیەکی تازە بۆ مێژووی کورد، “لێکدانەوەیەکی ڕیئالیستی” بۆ مێژووی کورد و پێوەندییەکانی نێوان کورد و تورک
دەکرد.[58]

ئەو بەو جۆرە خوێندنەوەیە لە مێژوو،هەم ڕەخنەی لەهەڵەکانی ڕێبەرانی پێشووی کورد و هەم لەسیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک گرت. بۆیە لەو ڕیوایەتەی کە خەباتی دژی کۆڵۆنیاڵی و قارەمانانەی کوردەکانی لە ڕابردوودا، لەبەرانبەرسەرکوت و زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورکیەدا بەرز دەنرخاند، دوور کەوتەوە. لێرەدا بە وردی وردەکارییەکانی ئەو گۆڕانکارییە دەخرێنە بەر باس. تا ساڵی ١٩٩٩، دیسکۆرسی ستانداردی بزووتنەوەکە سەبارەت بە پێوەندییەکانی نێوان کورد و تورک بەو شێوەیە بوو:

کوردەکان لە ماوەی نیوان ساڵەکانی ١٩١٩-١٩٢٣ دا، لە شەڕی سەربەخۆیی دژی ئیمپریالیستەکاندا، پشتیوانیان لە تورکەکان کرد. بەڵام کاتێک سەربەخۆیی وەدەست هات، مستەفا کەماڵ ئاتاتورک، کە یەکێک لە قوتابیانی کۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقی بوو، حاشای لە خودموختاری و مافە فەرهەنگییەکانی کوردەکان کرد کە لە کاتی شەڕدا بەڵێنی دابینکردنی ئەو مافانەی پێ دابوون. لە دژکردەوە لەگەڵ ئەو خیانەتەدا بوو کە چەندین ڕاپەرێنی کورد دەستیان پێ کرد، ڕاپەرینی شێخ سەعید یەکێک لەو ڕاپەرینانە بوو. بەو جۆرە کوردەکان لەباری ئەخلاقی و سیاسییەوە ، لە بەرانبەر خیانەت و سەرەڕۆییی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری ئەو ڕێژیمەدا، بێجگە لە ڕاپەرین و شۆڕش، ڕێگا چارە یا ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان لەبەردەمدا نەبوو. لەو تێگەیشتنە، وەک پاکانەیەک بۆ بردنە پێشی خەباتی چەکداری لە پێناو سەربەخۆییدا، کەڵک وەردەگیرا. پ.ک.ک خۆی وەک میراتگری شۆڕشەکانی ڕابردووی کورد ناساند. لەوەش زیاتر ڕایگەیاند کە ئەو دژی ڕێژیمێکی “پیس” و “جینایەتکار”، کە هەر لەسەرەتاوە خیانەتی بە سەربەخۆیی کوردەکان کردووە خەبات دەکات.

کەچی ئەو ڕیوایەتەی کە ئۆجەڵان لە کاتی دیفاع لەخۆی لەساڵی ١٩٩٠دا خستییە ڕوو، لەبنەڕەتڕا جیاواز بوو: کورد و تورک شانبەشانی یەکتر، لە پێناوی سەربەخۆییدا، بە دژی ئیمپریالیستەکان شەڕیان کرد. دواتر ئاتاتورک لە هەڵسوکەتی دیموکراتیکی خۆی سەبارەت بە خودموختاریی کوردەکان، بەتایبەت لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٢١-١٩٢٤دا ڕاستگۆ بوو. بەڵام دوو شت نەیانهێشت ناوبراو لە وەدەستهێنانی جمهورییەکی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی بە ئاشتی لەگەڵ کوردەکاندا سەرکەوتوو بێت. یەکەم، ئەندامانی جەمعیەتی ئیتیحاد و تەرەقی بەمەبەستی دروستکردنی ڕێژیمێکی سەرەڕۆ، ئاتاتورکیان ئیزۆلە و دەپەڕاویز خست. ئەتاتورکیش یا نەیتوانی یا نەیهەویست بەسەر ئەوەدا زاڵ بێت. دوو هەم، کورد هەڵەی کرد و دەستی دایە ڕاپەڕین. ئەمەش هیچ ئەڵتڕناتیڤێکی دیکەی بێجگە لە سەرکوت بۆ سەقامگیرکردنی ڕێژیمی تازە لەبەردەم دەوڵەتدا نەهێشتەوە. لەو پێداچوونەوەیەدا، بەرپرسایەتیی تایبەتمەندی و کاراکتەرە نادێموکراتییەکانی جمهوری، خرایە ئەستۆی جەمعیەتی ئیتیحاد و تەرەقی و “ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کورد” لە پێشوودا. بەمەبەستی دێموکڕاتیزەکردنی کۆمارو ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کولتوور و مەوجودییەتی سیاسیی کورد، ئۆجەلان چەندین جار جەختی لەسەر زیندووکردنەوەی ڕوحیەی ساڵەکانی١٩٢١-١٩٢٤ دا کردەوە. بە وتەی ناوبراو سەدەی بیست ویەکەم دەبێتە سەدەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و لەوێدا هیچ جێگایەک بۆ ڕاپەڕین و توندوتیژی نیە. هەروەها ئۆجەلان ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەو پوختە بووە و دەرسی لە هەڵەکانی ڕێبەرانی پێشووی کورد وەرگرتووە کە لەجیاتی دیالۆگێکی عەقڵانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد،ڕێگای ڕاپەڕین و یاخیبوونیان هەڵبژاردووە. لەو ڕیوایەتی پووختەبوون و دەرس وەرگرتنەدا، دیسانیش ڕاپەرینی شێخ سەعید وەک “ناسیۆنالیزمی سەرەتایی” لە قەڵەم درا کە ڕەنگە لە لایەن ئیمپرالیزمی بەریتانیاوە پشتیوانی لێ کرابێ. مەبەست لەو پێداچوونەوەیە ڕەنگە ئەوە بووبێت کە پردە ڕووخاوەکانی نێوان کورد و تورک سەرلەنوێ ساز بکرێنەوە و ئەوانەی لە نێویان بردبوون بێ ئیعتیبار بکرێن، تا بەڵکوو هەلومەرجی چوونە پێشی “دیسکۆرسی پێکەوەژیان” لە ژێر سێبەری دەوڵەتێکی سەربەخۆی هاوبەشدا دابین و دەستەبەر بکرێت. ئۆجەلان بە ڕەخنەگرتن لە “ناسیۆنالیزمی سەرەتایی”ی شێخ سەعید و ئاماژەکردن “بە ئیمکانی دەست تێدابوونی بەریتانیا “لە ڕاپەرینەکەدا، لە هەرسێ لایەنی”جیاوازیخوازی کورد”، “ئیسلامی ڕادیکاڵ” و “دوژمنانی دەرەکی”، -کە کۆمار هەستی دەکرد کە لەلایەن ئەوانەوە گەمارۆ دراوە- دووری کرد. تا لە ئاکامدا، لەو ڕێگایەوە ، دەوڵەت وەک ناوبژیوانێکی شەرعی لە پێوەندیی دەگەڵ وتووێژی ڕەسمیی نێوان دەوڵەت و پ.ک.ک دا بەرەسمی بیناسێت.

ئەو پێداچوونەوەیە لەسەر بناغەی سێ پێداچوونەوەی سەرەکی دیکە سەبارەت بە دیسکۆرسی خەباتی سەربەخۆییخوازانە و دژی ئیستیعماریی کورد دامەزرابوو. یەکەم بریتییە لە پێکگەیشتی کورد و تورک لەگەڵ یەکتر بۆ یەکەم جار لە ئانادۆڵ لە قەڕنی یازدەهەم لەچوارچێوەی بەرینبوونەوەی دەسەڵاتی سەلجوقیەکاندا. ئەو دیسکۆرسە مێژووییە، بزووتنەوەکە دەگەرێنێتەوە بۆ شەڕی مەلازگەرد لە ساڵی ٢٦ی ئۆگەستی ساڵی ١٠٧١ دا وەک بە یەکەمین کردەوەی ئیستیعماری و کۆڵۆنیالیستیی تورکیە. دووەم “هاوپەیمانی” نێوان ئەشرافی کورد و عوسمانی بە دژی سەفەوییەکانی ئێران لە چواریەکی یەکەمی چەرخی شازدەیەمدا. ئەندازیاری ئەو “هاوپەیمانی” یە- کەسێکی کورد بە ناوی ئیدریسی بتلیسی- لەلایەن پ.ک.ک ەوە بە هۆی بەدوادا نەچوون بۆ مافی کوردان، بە خائین ناسرا. سێیەم بریتییە لە “هاوپەیمانی”ی نێوان کورد و تورک بە درێژایی ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، بەتایبەت لە ساڵی ١٩١٥ لە شەڕی گالیپۆلی و شەڕی سەربەخۆییدا. وەک پێشتریش باسمان کرد لێرەدا ڕەخنە لە ڕێبەریی کورد دەگیرێت کە ئەودەم نەیتوانیوە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و میللی بباتە پێش. لە ساڵی ١٩٩٠ ەوە، ڕێبەریی کورد، زۆر جار وەک “هاوپەیمانیەکی ژیرانە” ئاماژەی بە هاوپەیمانییەکانی یەکەم و دووەم کردووە کە پێویستە لە دۆخی ئێستادا توانای گەیشتن بە ئاشتی و وەدەستهێنانی “سەرکەوتنی پێکەوە” بە کورد و تورک بدەن. لەوەش زیاتر هەر لەو پێوەندییەدا ئاماژەیان بە شەڕی گالیپۆلی و شەڕی سەربەخۆیی وەک لەحزەی حەساس و مێژوویی کردووە کە لەواندا کورد و تورک پێکەوە گیانیان “فیدای” نیشتیمانی هاوبەش کردووە.

مەبەست لەو وەبیرهێنانەوانە، بریتییە لە سەرلەنوێ گونجاندنەوەی ئەو ساتەوەختە مێژووییانەیە کە مەحکووم کراون، بۆ دوورکەوتنەوە لە مەنتقی سەربەخۆیی میللی لە سیاسەت و مێژووی کورددا، بۆ بنیاتنانی دیسکۆرسێکی مێژوویی و سیاسیی ئەوتۆ کە هاوزەمان بتوانێت لە پێوەندی لەگەڵ مێژووی کورد و تورکدا جێبەجێ بکرێت. بەو پێیە، بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پردە وێرانبووەکانی نێوان هەردوو میللەت، ساتەوەختەکانی “خیانەت” و “ئیستیعمار” لە سەردەمی پێشوودا، وەک “هاوپەیمانیی ژیرانە” لە قەڵەم دەدرێن و وەک مۆدێلێک بۆ دەرس و پەند لێوەرگرتن و ئاگادارکردنەوە لە سەرەمی ئێستادا دەکار دەکرێن. هەر بەو جۆرە، ئەو دیسکۆرسە سیاسییە ئاشتیخوازانەیەی کورد دەیەوێت لەو ڕاپەڕین و توندوتیژییانە دووری بکات کە لە ڕابردوودا لە پێوەندییەکانی نێوان کورد و تورکدا هەبوون. هەرچەند پێشتر ئەو ڕاپەرینانە وەک بەرخۆدانی دژی کۆلۆنیالیستی دەزانران، ئێستا بە کردەوەی ناژیرانەی ئەوتۆ دادەنرێن کە زیانیان بە کورد و تورک گەیاندوە. لە ماتریسکێکی ئاوادایە کە “پوختەبوون”ی مێژوویی و “ژیری”ی سیاسی مانای “شێخ سەعیدی قارەمان” و”ئیدریسی خائین” هەڵدەگێرنەوە واتە پێچەوانە دەکەنەوە.

بەڵام دەبێت بگوترێت کە ئەو پێداچوونەوە سیاسییە بە مێژوودا هێندەش ئاسان و بێ مشتوومڕ نەبووە. حیزب و ڕیکخراوە سیاسییەکانی کورد کە ڕەخنەیان لە سیاسەتی ئیمتیازدانی پ.ک.ک بۆ ئاشتی هەبووە ئەو پێداچوونەوەشیان داوەتە بەر ڕەخنە و ئۆجەلانیان وەک کەمالیست و خائین بە ئامانجی میللی و نەتەوەیی کورد پێناسە کردووە. سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی لایەنگرانی بزووتنەوەکە نایانەوێ سەبارەت بەو مەسەلەیە قسە بکەن. دیارە ئەمەش جۆرێک وتاری سیاسییە کە لەوێدا بێدەنگی بە پاپەندنەبوون دەژمیردرێ. دەبێ بگوترێت زۆربەی ئەوانەی من قسەم لەگەڵ کردوون، وەک ئامراز سەیری پێداچوونەوەکانی ئۆجەلانیان دەکرد.” ئەو تەنیا سیاسەت دەکات، لە ڕاستیدا ئەو بڕوای بەو شتانە نیە کە دەیانلێت.” کادرێکی چالاکی پ.ک.ک لەو بارەوە پتر ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت: “کارێکی هێندە ئاسان نیە یادەوەری و خاتراتی خەڵک پاک کەیتەوە، وەک ئەوەی کە کامپیۆتیرێک سەرلەنوێ فۆرمات دەکرێتەوە. تا ئەو کاتەی عەدالەت جێبەجێ دەبێت، یادەوەرییەکان هەمیشە ڕێگایەک بۆ زیندوومانەوەی خۆیان دەبیننەوە.” بەڵام زۆرترین هەست و بۆچوونی هاوبەش سەبارەت بە و مەسەلەیە لە قسەکانی شوورا یا ڕێکخەری یەکێک لە گەڕەکەکانی دیاربەکردا دەردەکەوێت: “ڕێبەر ئۆجەڵان و شێخ سەعید بۆ ئێمە وەک یەکن. هەردووکیان لە پێناو ئێمەدا خەباتیان کرد و ئازاریان دی. ئەوەی دیکە گرنگ نیە.” ئەگەرچی لە بەیان و دەربریندا ئۆجەلان بۆ بردنەپێشی پرۆژەی ئاشتیی خۆی دەگەڵ دەوڵەت لە میراتی شێخ سەعید دووری گرت، بەڵام زۆر لە لایەنگرانی ئەو، لە خەبات و تێکۆشانی خۆیاندا بە دژی دەوڵەت،ناوبراو لە پەنای شێخ سەعید دادەنێن، ئەو جۆرە هەوڵوێستە سیاسییە خەیاڵییەی ئەو هیچیتر بە سوود دانانێن. من ئەمە بە نیشانەی ئەوە دەزانم کە دیسکۆرسی مێژووییی کورد لە دەیەی ١٩٩٠دا، لەنێو زۆربەی کورداندا بەدەستلێنەدراوی و هەر وەک خۆی ماوەتەوە و فەزای ڕیوایەتییەکەی توانا و زەرفیەتی ئەوەی هەیە لەیەک کاتدا جێگای شێخ سەعید و ئۆجەلان پێکەوە بکاتەوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە ئۆجەلان و شێخ سەعید زۆر لەو شتەزیترن کە وەک ئەکتەرێکی عەقڵانی وتوویانە یان دەیانەوێت بیکەن. ئەوان ئەوەن کە کورد لێیان دروست دەکات. بۆ زۆرێک لە کوردان ئەوان لە خەباتێکی مێژووییی پڕشکۆدا لە پێناوی دادپەروەری و سەروەریی سیاسییدا، هەردووکیان کەسایەتیی پێشەنگ و ئەفسانەیین.


ئاکام

لەو وتارەدا باسی ئەوەم کردووە کە چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە شۆڕشەکانی ١٩٢٥ و ڕیبەرەکانیان چوونەتە نێو یاد و بیرەوەری خەڵکی ناوچەکە و دیسکۆرسە جۆراوجۆرەکانی مێژووی کورد. وەک ئاکاموەرگرتن لە باسەکە، ڕێگام بدە بەکورتیش بێت، پێوەندیی نێوان ئاڵوگۆڕەکانی نێو بزووتنەوەی کورد لە دیسکۆرسی مێژوویی بیرەوەریی خەڵک لەلایەک و لە مێژوونووسی ئەکادیمیدا، لەلایەکی دیکەوە، بخەمە بەر باس و لێدوان. من نیشانم داوە کە بزووتنەوەی کورد، کاتێک لە دەیەی ١٩٩٠دا، زانیاری و بیرەوەرییەکانی ڕاپەڕینەکانی پێشووی لەگەڵ دیسکۆرسی بزووتنەوەی میللی و ئازادیخوازانە ئاوێتەکردن، توانی کاراکتەر و تایبەتمەندییەکی مەزن و هژمۆنیک بۆ خۆی دەستەبەر بکات. سروشتی ئەو ئاڵوگۆڕانە ئاماژە بە ماتریسێک دەکات کە وەک ئامرازێک ئەو ڕابردووە سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە تا بتوانێت لەگەڵ “ڕاستی” یە سیاسییەکانی ئێستادا، هاوئاهەنگیان بکات. دیارە ئەو نەرمیەی ڕابردوو، بەو مانایە نیە کە ڕابردوو ئۆبجێکتێکی سادە و پاسیڤە کە ئێستا دەتوانێت بە ئاسانی کاری لەسەر بکات و بە کەیفی خۆی دەستکاری بکات. چوونکە ڕابردوو “پڕۆسەیەکی مێژووییە.” کە لە گێرانەوەکانی پێشووتر ، بەڵام خۆڕاگر سەبارەت بە خۆی پێک هاتووە. دیارە ئەمەش فۆرم و نێوەرۆکی نوێنەرایەتییە مێژووییەکان لە حاڵی ئێستادا سنووردار دەکات.[59] بە واتایەکی تر، لە کاتێکدا ڕێبەرایەتی سیاسیی کورد، بە گوێرەی پێداویستییە سیاسی و ئیدئۆلۆژییەکان،میراتی سیاسیی شێخ سەعیدی بەکارهێناوە و دواتر سەرلەنوێ بە جۆرێکی دی هەمان میراتی دە کار کردووە، خۆڕاگرییە زارەکییەکان، دەری دەخەن کە ڕەنگە ڕابردوو بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە هەندێک جێگای دیکەی جیا لە مێژوودا، بۆ سنووردارکردن و شکڵپێدانی سەر لە نوێی سیاسەت و مێژوو، لە سەردەمی تازەدا، خۆیان نیشان بدەن. دەبێت چاوەڕوان بین، کە ئایا بزووتنەوەی کورد ئەو جۆرە بیرەوەری و داستانە محەلیانە، وەک فۆرمێکی کولتووریی گرنگ لە کایەی سیاسی و وێناکردنی ڕابردوودا بە جددی وەردەگرێت و، لەدەرەوەی وێناکردنێکی سیکۆلار و ئامرازئاسادا، دەیانخاتە نێو دیسکۆرسی مێژووییی خۆیەوە و بەرەو مێژوویەکی جددی و ڕادیکاڵی سەردەمی ئێستایان ئاراستە دەکات یان نا. سەبارەت بە پێوەندیی نێوان یادەوەرییە زارەکییەکان و مێژووی نوسراو، ئەمن بۆ پشتڕاسکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانی خۆم پەنا بۆ کارەکانی مارتین ڤان بڕۆوینسن[60]، دەبەم کە لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیی ڕاپەڕینی شێخ سەعیددا بە کەسێکی شارەزا و خاوەن ئۆتۆریتە دادەنرێت. بەڵام پێش ئەوەی من قسەکانم بکەم، بۆ ئەوەی بێعەداڵەتی بەرامبەر میتۆلۆژی و لێکۆڵینەوەکانی ڤارتین ڤان نەکرێ، دەبێ لەکاتی خوێندنەوەی تێکستەکانی ئەودا بزانین کە لێکۆلینەوەکانی ئەو لە کەشوهەوای فیکریی کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەنجام دراون. دەبێت بڵێم کە دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ڤارتین ڤان چەندە شکی لە ڕاستی و دروستی و ئیعتیباری سەرچاوە کوردییەکان هەیە.” کێشەی ئەو سەرچاوە کوردییانە، بەتایبەت سەرچاوە شەفاهییەکان ، ئەوەیە کە لە میژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا، ڕاپەرینەکەیان کردۆتە ئەفسانە. هەموو ئەوانەی من وەک سەرچاوەی زانیاری قسەم لەگەڵ دەکردن، پێشتریش زۆر جاری دیکە ئەو چیرۆکانەیان گێرابوونەوە و دیسان و دیسان گێڕابوویاننەوە و ڕازاندبوویاننەوە تا لەگەڵ ئەو مەبەستانە هاوتەریبیان بکەن کە پێیان وابوو دەبێت ڕوو بدەن.”[61] ئەو دەڵێت بۆ ئەوەی زانیارییەکان پشتڕاست بکاتەوە، ناچاربووە سەرچاوە کوردییەکان لەگەڵ “زانیارە سەربەخۆکان”، واتە ڕۆژنامەکانی تورکیە (بە تایبەت جمهورییەت) و ڕاپۆرتەکانی دەزگا هەواڵدەرییەکانی بەریتانیا سەبارەت بە تورکیە و عێراق، بە وردی بەراورد بکات. دەبێ بگوترێت کە کەڵکوەرگرتن لە ڕۆژنامەی جمهورییەت کە ئەودەم ڕۆژانە دەردەچوو و ڕۆژنامەی ڕەسمیی ڕێژیم بوو وەک “سەرچاوەیەکی سەربەخۆ”، بۆ خۆی بە گیروگرفت و کێشە لەقەڵەم دەدرێ. بەڵام لە لێکۆڵینەوە و میتۆدۆلۆژیی ڤان ڕۆبینسوندا کێشەکە لەوەش قووڵترە. ناوبراو بە داڕشتنی ڕاپەڕینەکە وەک ڕووداوێکی مێژوویی لە ڕێگای ئەو میتۆدەی کە من بە ئەزموونگەرایی ناوی دەبەم، بۆ گەیشتن بە “حەقیقەتی ڕەسەن” ئامادەیە بە ئاسانی لایەنی گەلی و “ئەفسانەیی” ڕووداوەکە نادیدە بگرێت. هەروەها ئەو بۆی دەردەکەوێت کە بەڵگەی ئەوتۆ هەن نیشانی دەدەن کوردە ڕاپەڕیوەکان “ڕێفۆڕمە پڕ لەگوناحەکانی دژە دینیان لە تورکیە مەحکووم کردووە”، ئەوەش “مانای ئەوەیە کە ڕاپەڕینەکە تایبەتمەندییەکی ئیلاهی و مەسیحایی ئایینی هەبووە”. بەڵام پاش سەرکوتکرانی ڕاپەڕینەکە “هیچ شوێنەوارێک لە ئیلاهی بوون و مەسیحایی بوونی ڕاپەڕینە کە نەمابوو.”[62] من پێم وایە ڤان بروینسن، بۆ ئەوەی ڕیوایەتێکی “ڕیالیستی” بۆ ڕووداوەکە بکات، لە ڕەتکردنەوە و وەلانانی چیرۆکە گەلی و مەسیحاییەکاندا پەلەی کردووە. ئەو ڕاست دەکات کە دەڵێت زۆربەی گێڕانەوە کوردییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا ئەفسانە یا ئەفسانەیین،بەڵام قسە و ئیدیعاکانی ناوبراو سەبارەت بەوەی کە هیچ شوێنەوارێک لە ئیلاهی و مەسیحایی بوونی ڕووداوەکە نەماوە، جێگای باس و مشتوومڕە. بەشێک لە گیروگرفتەکە لێرەدایە کە ڤان بروینسن، دەیەوێت بیرۆکەی مەسیحایی و ئیلاهی بە شێوەیەکی تایبەتی تەنیا لە پاوانی دین و لە چوارچێوەی ئاییندا ببینێت و هەڵسوکەت و پێوەندیی نێوان بیرۆکەی مەسیحایی و ناسیۆنالیزم، بە تایبەت لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردیدا، نادیدە بگرێت بۆیە بەتەواوی وەلایان دەنێت.

من نەک هەر بایەخم بە نێوەرۆکی ئەو داستانانە داوە، بەڵکوو فۆرم و شکڵی ئەوانیش بە تایبەت شێوەی “ڕازاندنەوە” و “بەستەبەندی”ی ئەوانیشم لەلا گرنگ بووە. دیارە مەبەستی من ئەوە نەبووە لەو ڕێگایەوە ڕاپەڕینەکە سەرلەنوێ لە ڕێگای داستانە باوەکانەوە وەک سەرچاوەیەکی ڕەسەنتر داڕێژمەوە بۆ ئەوەی پەردە لەسەر ڕاستییە باسنەکراوەکان لا بدەم. مەبەستی من ئەوە بووە بایەخ و گرنگیی مانا و تێگەیشتن لە ڕاپەڕینەکە و لە شێخ لە یاد و بیرەوەرییە زیندووەکانی نێو جەماوەر و لە فەرهەنگ و کولتووری خەڵکی ناوچەکەدا نیشان بدەم. ئاخر “گرنگیی ئەو جۆرە کەسایەتی و ڕووداوانە لەوەدایە کە ناتوانرێت لەو شکڵ و فۆرمە فەرهەنگی و کولتورییانە جیا بکرێنەوە، کە لە ڕێگەی ئەوانەوە، لە ڕیوایەتە مێژووییەکاندا خۆیان نیشان دەدەن، جا چ ڕیوایەتی زارەکی بێت یا شەفاهی.”[63] ئەو چیرۆکە مێژووییانەی کە تەنیا لەلایەن ئەو پرسیارە ڕێلیکیەوە (Rilkean question) دەجووڵێنرێن «کەڕابردوو بەڕاستی ئاوا بوو»[64] زۆربەی ئەمانە تەنیا چیرۆکن بەبێ ئەوەی هیچ بایەخێکی مێژووییان هەبێ و خراونەتە دەرەوەی مێژوو. ئەمن پێم وایە میتۆدێکی ئەزموونگەرایانەو سیکۆلاری هێندە بەرتەسک، ناتوانێ زانیارییەکی زۆرمان سەبارەت بە حزووری سیاسی و سیمبۆڵیکی ئەو ڕاپەرینە لە کوردستانی هاوچەرخدا پێ بڵێ. ئەو داستان و یادوبیرەوەرییانە ڕەنگە یەک یەک لە لێکدانەوەی زانستی- سیکۆلاری هەندێک لێکۆڵەردا، وەک ئارەزووی “نا مەنتقی” بێنە بەر گوێ. کەچی، لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی نێوەڕۆکی دەوڵەمەند و ئاڵۆزی ئەو چیرۆکانە نیشانی دەدات کە چۆن ئەوان لەلایەن عەقڵانییەتێکی سیاسی و سیمبۆڵێکی بەرجەستەوە دروست کراون وگونجێنراون تا بە شێوەیەکی کارا میراتی شێخ و گڵکۆی ئەو لەسەردەمی ئێستادا بەیان و نیشان بدەن. لێرەدایە کە من نیشانی دەدەم ئەو چیرۆک و یادەوەرییانە، بەتایبەتی بەو جۆرەی کە ڕازێنراونەتەوە و بەستەبەندی کراون، بەو جۆرە کە دە کار کراون و گونجێنراون، “ڕاپەڕینێکی تێکشکاو”ن و گۆڕی نادیاری شێخ دەکەن بە کۆسمۆلۆجیەکی پیرۆزی هاوچەرخ. لە چەقی مەیدانی ئەو کۆسمۆلۆجیە پیرۆزەدا، شێخ وەک کەسایەتییەکی ئەفسانەیی، کە نوێنگە و پەیکەری سەربەخۆیییە ڕاوەستاوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە گۆڕە نادیارەکەشی بووەتە گۆڕەپانی خەبات و بەر بەرە کانییەکی بەردەوام و نەپساوە لە پێناو وەدەستهێنانەوی عەدالەت و ڕزگاریی خاکێکی دیاریکراو کە لەوێدا دەتوانرێت ناسنامەی سەربەخۆیی کورد سەرلەنوێ بدۆزرێتەوە.

گۆڕی نادیاری شێخ سەعید، بۆ زۆربەی کوردان ئازارێکی پڕژانی بەکۆمەڵ و دەستەجەمعی بێ ئۆبژە و غیابێکی سەخت و قورسە لە ئێستادا. ئەو غیابە کە لەلایەن حاکمیەتێکی قەدەغەکراوەوە، لەدەرەوەی فەزای سەمبۆڵیکی ئەو نەزمە زاڵەدا پێک هاتووە کە لەگۆڕێدایە، بریتییە لە بۆشاییەکی سەمبۆڵیک و پڕمانا کە کوردەکان لە ڕێگای داستان و چیرۆکە ئەفسانەییەکان دەیانەوێت نەزمێکی نوێی پێچەوانەی واقعیەتی مەوجوودی تێدا دروست بکەن کە بە زەمانبەندیەکی سیاسیی وزۆرتر مەسیحایی دیاری دەکرێت. ئەوەش نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە زانستی زارەکی و شەفاهیی کوردی کە لەڕابردوودا وەلانراوە، لە سەردەمی تازەدا دەکەوێتە خزمەتی خەباتێکی بەردەوام و نەپساوە کە هەرئێستا لە ئارادایە. تا ئێستا دەوڵەتی تورکیە نەیهێشتوە کوردەکان “تیپۆلۆژیەکی سەمبۆڵیک” لە دەوری گۆڕی شێخ سەعید دروست بکەن، بە جۆرێک کە ببێتە ‘lieu de me ́moire’’”،[66] مۆنۆمێنت، گۆڕ یا کێلی قەبر. بەڵام ژمارەەیکی زۆر لە کوردەکان هێشتاش گۆڕەپانی داغ کاپی، وەک “مەکۆی یادەوەری” واتە (milieux de me ́moire) ،ئەزموون دەکەن ، کە لەوێدا بیرەوەرییە زیندووەکان و حیکایەتەکانی ڕابردوو بۆ پیرۆزکردن و وەرگرتنەوەی گۆڕی شێخ تێدەکۆشن. لەو ڕێگایەوە گۆڕەپانی داغ کاپی لە دیاربەکر دەکەنە شوێنێکی سەمبۆڵیکی سیاسی پڕمانا، کە جیاوازە لەو شوێنەی کە دەوڵەتی تورکیە هەوڵی داوە لە ڕێگای سەرکوت و توندوتیژییەوە لە مانا کولتوری و مێژووییە سیاسییەکانی دایبماڵێت و ئاوێتەی بکات. وەک ئەوە وایە کە کارەکە پێچەوانە بوو بێتەوە. مەیدانی داغ کاپی ،وەک شوێنێک کە میوانداریی ئەو چیرۆک و داستانە گەلییانە دەکات و دەیانپارێزیت کە لە پێناو حەق و عەدالەت و دادپەروەریدا بە شێوەیەکی موعجیزەئاسا و ئەفسانەیی هێز و گوڕ و تین لە هەناوی ئەو خەباتەوە وەردەگرێ کە بۆ سەروەری لە ئارادایە. کارکردی “چەوساوەکان بە دژی واقعی نەزمی داسەپاو”ی هەیە. «چیرۆکەکان پێوەندیی دەسەڵات پێچەوانەوە دەکەنەوە و لە فەزایی ئەفسانەیی و یۆتۆپیاییدا سەرکەوتنی چەوساوەکان مسۆگەر دەکەن. لەوەش زیاتر “کۆمەڵێک تەکتیک دەخەنە بەردەست ئەو کەسانەی گوێیان لێ دەگرن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کەڵکیان لێ وەرگرن”[67]


کۆتایی

لە جەرگەی توندتربوونی شەڕ و کێشە لەگەڵ دەوڵەت لەساڵی ٢٠٠٨ دا، جۆرێک «گەڕانەوە» بۆ دیسکۆرسی مێژوویی بزووتنەوەی کورد لە دەیەی ١٩٩٠دا هاتە ئاراوە. ئەوە کاتێک ئاشکرا بوو کە دادگای قانوونی ئەساسیی تورکیە مەسەلەی قەدەغەکردنی حیزبی دیموکراتیکی گەلانی- کە حیزبێکی لایەنگری کوردانە- هێنایە گۆڕێ. لەسەر داوا و و پێشنیاری خودی ئۆجەلان لە زیندانەوە، بەشێک لە ڕێبەران و ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلان، شارەداری دیاربەکر و هەزاران کەسی دیکە لە خەڵکی دیاربەکر بە ڕێکخستنی دادگایەکی سەمبۆڵیک لە مەیدانی داغ کاپیدا، دەستیان دایە خۆ پێشاندان و یادی موحاکەمە و ئیعدامی شێخ سەعید و گۆڕی ناوبراویان کردەوە و لەو ڕیگایەوە ئەو ڕووداوەیان لەگەڵ ئەو سەرکوت و زەبر و زەنگە سیاسییە لێک گرێ دایەوە کە ئێستا دەوڵەت لە کوردستاندا بەڕێوەی دەبات. ئەو خۆ بە خاوەنکردنەوە لە میراتی سیاسیی شێخ سەعید ئەو کاتە ڕوونتر دەرکەوت کە حیزبی عەدالەت و پەرەسەندن (AKP)کە حیزبی دەسەڵاتدارە، لە پێوەندیی لەگەڵ هەڵبژاردندا، دەستی دایە پڕۆپاگەندەی “برایەتی ئیسلامی” لە ناوچەی کوردستاندا. بزووتنەوەش ئەو ڕێکارەی وەک بەکارهێنانی ئیسلام بۆ سەرکوتی داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد دایە بەر ڕەخنە و بە درێژەی ئەو سیاسەتانەی لەقەڵەم دا کە بۆ ئاسیملیزەکردنی کوردان لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەچن. بەو جۆرە لە هەڵبژاردنە نێوخۆیی و گشتییەکانی ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١١دا، ئیسلام بوو بە زەمینەی شەڕ و ململانێی هەڵبژاردن لە نێوان بزووتنەوە و حیزبی عەدالەت و پەرەسەندندا. لە مانگی مارسی ٢٠١١دا، بزووتنەوە بۆیەکەم جار “نۆێژی هەینیی مەدەنی” وەک جۆرێک لە خەباتی مەدەنی بەرێوە برد و ڕایگەیاند کە حیزبی حاکم مزگەوتەکانی کردوونەتە شوێنێک بۆ بردنە پێشی تەبلیغاتی حکومەتی. سەیر نییە کە بڵێین لەو پێوەندییەدا گەورەترین نۆێژی هەینیی مەدەنی لە مەیدانی داغ کاپیدا پێک هات. سەرەنجام، لە ٢٨ی مانگی حوزەیرانی ٢٠١١دا، ڕێوڕەسمێکی بەرین و پڕشکۆ و ڕەچەشکینانە ، لە مەیدانی داغ کاپیدا، بە بەشداریی نەوەکانی شێخ سەعید و نوێنەرانی بزووتنەوەی کورد بەڕێوە چوو. هەموو ئەوانەی لەو کۆڕەی یادو بیرەوەرییەدا قسەیان کرد، لە کاتێکدا کە ڕوویان دەکردە ئەو شوێنە کە شێخ سەعیدی تێدا ژێرخاک کراوە، یەک لە دوای یەک، جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە خەبات بۆ دۆزینەوەی گۆڕی شێخ تا گەیشتن بە ئامانجی خۆی هەروا بەردەوام دەبێت.

*. Hisyar Oszoy,  “The Missing Grave of Sheikh Said: Kurdish Formations of Memory, Place, and Sovereignty in Turkey” in Kamala Visweswaran , Everyday Occupations: Experiencing Militarism in South Asia and the Middle East. (Pennsylvania:  University of Pennsylvania Press, 2013)


ژێدەرەکان

  1. The following introductory narrative on Sheikh Said’s execution is a composite

story I constructed based on local stories and written sources.

  1. Ahmet Su¨reyyaO¨ rgeevren, S¸eyh Sait I

.

syani ve S¸ark I

.

stiklal Mahkemesi (Istanbul:

Temel, 2007), 280.

  1. Behc¸et Cemal, S¸eyh Sait I

.

syani (Istanbul: Sel Yayinlari, 1955), 116.

  1. Diyadin Firat, interview by Cu¨neyt O¨ zdemir, 5N_1K, CNNTu¨ rk, June 29,

2010.

  1. Walter Benjamin, Illuminations: Essays and Reflections (New York: Schocken,

1968), 255.

  1. Michael Taussig, Walter Benjamin’s Grave (Chicago: University of Chicago

Press, 2006), 6.

  1. Unlike the Turkish Republic, and rather than executing them, the Ottomans

exiled Kurdish rebel leaders of the nineteenth century such as Bedirkhan Beg of Botan

and Sheikh Ubeydullah Nehri. Part of the reason for this ‘‘leniency’’ in punishment

was that the Kurds were Muslims and neither Kurdish demands nor the empire’s

conception of sovereignty were territorialized in a nationalist sense. Ottoman imperial

sovereignty was more flexible and had more room to settle rebellions with graduated

measures of punishment. In fact, executions of Kurdish rebels, at least the Sunni Muslim

ones, and their burial in unmarked graves became systematic state practices only

after the gradual nationalization of identity, territory, and state sovereignty roughly

between the 1870s and 1920s. The end of the Ottoman Empire and rise of the Turkish

nation-state led to the development of a new political episteme on the act of rebellion

that equated it with ‘‘treason’’ and a new punitive framework to handle Kurdish rebels

that also put their dead bodies under strict surveillance. In April and May 1925, right

after the capture of Sheikh Said, Khalid Begeˆ Cibri and Captain Yusuf Ziya, leaders of

the Kurdish Azadi (Freedom) organization, and Seyyid Abdulkadir and his friends

were also executed and buried in unmarked graves. Seyyid Riza, leader of the Dersim

uprising, and his friends shared the same fate in 1938. This policy of ‘‘posthumous

punishment’’ has been applied to thousands of Kurdish guerrilla fighters since the

start of Kurdish armed struggle in 1984. For a detailed analysis of the surveillance of

dead bodies of Kurdish guerrillas and activists as a strategy of state sovereignty, see

Hisyar Ozsoy, ‘‘Between Gift and Taboo: Death and the Negotiation of National Identity

and Sovereignty in the Kurdish Conflict in Turkey,’’ Ph.D. dissertation, University

of Texas at Austin, 2010.

  1. Dipesh Chakrabarty. ‘‘Minority Histories, Subaltern Pasts,’’ in Provincializing

Europe: Postcolonial Thought and Historical Difference (Princeton, N.J.: Princeton University

Press, 2000), 97–113.

  1. Maria Sturken, Tangled Memories: The Vietnam War, the Aids Epidemic, and

the Politics of Remembering (Berkeley: University of California Press, 1997), 6.

  1. Pierre Nora, ‘‘Between Memory and History: Les lieux de me´moire,’’ Representations

26 (1989): 8.

  1. John Gillis, ‘‘Memory and Identity: The History of a Relationship,’’ in Commemorations,
  2. John R. Gillis (Princeton, N.J.: Princeton University Press, 1995), 6.
  3. Micheal de Certeau, The Practice of Everyday Life (Berkeley: University of California

Press, 1984); Henri Lefebvre, The Production of Space (Oxford: Blackwell, 1991);

Edward Soja, Postmodern Geographies: The Reassertion of Space in Critical Social Theory

(London: Verso, 1989).

  1. Edward S. Casey, Getting Back into Place: Toward a Renewed Understanding of

the Place-World (Bloomington: Indiana University Press, 1993); Nora, ‘‘Between

Memory and History.’’

  1. Lisa Yoneyama, Hiroshima Traces: Time, Space, and the Dialectics of Memory

(Berkeley: University of California Press, 1999).

  1. James E. Young, The Texture of Memory: Holocaust Memorials and Meaning

(New Haven, Conn.: Yale University Press, 1993).

  1. Craig Larkin, ‘‘Reconstructing and Deconstructing Beirut: Space, Memory and

Lebanese Youth.’’ Divided Cities/Contested States Working Paper Series 8, University

of Exeter, 2009; Aseel Sawalha, Reconstructing Beirut: Memory and Space in a Postwar

Arab City (Austin: University of Texas Press, 2010).

  1. Sandra E. Greene, Sacred Sites and the Colonial Encounter: A History of Meaning

and Memory in Ghana (Bloomington: Indiana University Press, 2002).

  1. Susan Slyomovics, The Object of Memory: Arab and Jew Narrate the Palestinian

Village (Philadelphia: University of Pennsylvania Press, 1998).

  1. Hayden Dolores, The Power of Place: Urban Landscapes as Public History

(Cambridge, Mass.: MIT Press, 1995).

  1. Edward S. Casey, Remembering: A Phenomenological Study (Bloomington:

Indiana University Press, 1987), 186–87.

  1. Nora, ‘‘Between Memory and History,’’ 8.
  2. Casey, Getting into Place; Casey, Remembering; Nelson Goodman, Ways of

Worldmaking (Indianapolis, Ind.: Hackett, 1978).

  1. Keith H. Basso, Wisdom Sits in Places: Landscape and Language Among the

Western Apache (Albuquerque: University of New Mexico Press, 1996), 6–7.

  1. Basso, Wisdom Sits in Places, 143.
  2. Joost Jongerden, The Settlement Issue in Turkey and the Kurds: An Analysis of

Spatial Policies, Modernity and War (Leiden: Brill Academic, 2007).

  1. Zeynep Gambetti, ‘‘The Conflictual (Trans)formation of the Public Sphere in

Urban Space: The Case of Diyarbakir,’’ New Perspectives on Turkey 32 (2005): 43–71;

‘‘Decolonizing Diyarbakir: Culture, Identity and the Struggle to Appropriate Urban

Space,’’ in Comparing Cities: The Middle East and North Africa, ed. Kamran Ali and

Martina Rieker (Oxford: Oxford University Press, 2009), 97–129.

  1. Kerem O¨ ktem, ‘‘Incorporating the Time and Space of the Ethnic ‘‘Other’’:

Nationalism and Space in Southeast Turkey in the Nineteenth and Twentieth Centuries,’’

Nations and Nationalism 10, 4 (2004): 559–78.

  1. Zeynep Gambetti and Joost Jongerden, ‘‘The Spatial (Re)production of the

Kurdish Issue: Multiple and Contradicting Trajectories-Introduction,’’ Journal of Balkan

and Near Eastern Studies 13, 4 (2011): 375.

  1. Basso, Wisdom Sits in Places, 143.
  2. For a detailed discussion on the origins and spread of the Naqshbendi tariqa

and order, see Martin van Bruinessen, Agha, Shaikh, and State: The Social and Political

Structures of Kurdistan (London: Zed Books, 1992). According to van Bruinessen, the

Naqshbendi tariqa originated from central Asia, deriving its name from Baha ad-Din

Naqshbendi (1318–1889, of Bukhara), who, however, was neither the inventor of the

tariqa nor first organizer of the order. The tariqa traces its pedigree back to the Prophet

through the first Caliph Abu Bakr. The Naqshbendi order has had a historical role in

the spread of Islam across the vast area from Turkey to India and Indonesia. Its Kurdish

version was developed by Ziyaeddin Khalid (or Mawlana Khalid), a Kurd of the

Jaf tribe who went to Delhi in 1808, where he received his ijaza (authorization) from

Sheikh Abdullah to transmit the Naqshbendi tariqa in Baghdad, Sulaymaniyah and

later in Damascus. Khalid converted many influential Kurdish families into the tariqa.

According to van Bruinessen, the religious influence these families acquired by entering

this tariqa later assured them key roles in the development of Kurdish nationalism.

‘‘Sheikh Ubeydullah of Nehri, Sheikh Said of Palu and Mulla Mustafa Barzani, the

leaders of important nationalist movements, were the descendants of Sheikhs who

received the Naqshbandi tariqa through Mawlana Khalid’’ (224).

  1. Tahsin Eris¸ and FelatO¨ zsoy, 1925 Ku¨rt Direnis¸i:O¨ ncesi ve Sonrasiyla (Istanbul:

Peri, 2007).

  1. Hasan His¸yar Serdıˆ, Go¨ru¨s¸ ve Anilarim, 1907–1985 (I

.

stanbul: Med Yayinlari,

1994).

  1. The Kurds claim the fight in Piran was a Turkish plot that started the rebellion

without enough preparation, earlier than it was planned by Azadi either on March 21

(the Newroz holiday) or in May 1925.

  1. Benedict Anderson, Imagined Communities: Reflections on the Origins and

Spread of Nationalism (London: Verso, 1983).

  1. Jacques Derrida. ‘‘Onto-Theology of National Humanism (Prolegomena to a

Hypothesis),’’ Oxford Literary Review 14 (1992): 15.

  1. See, Danny Kaplan, ‘‘Commemorating a Suspended Death: Missing Soldiers

and National Solidarity in Israel,’’ American Ethnologist 35, 3 (2008): 413–27; Leila

Khalili, Heroes and Martyrs of Palestine: The Politics of National Commemoration

(Cambridge: Cambridge University Press, 2007); George L. Mosse, Fallen Soldiers: Reshaping

the Memory of World Wars (Oxford: Oxford University Press, 1990).

  1. Eva Domanska, ‘‘Toward the Archaeontology of the Dead Body,’’ Rethinking

History 9, 4 (2005): 398.

  1. Murat Dagˆdelen, The Grave of Sheikh Said and Tears of My Mother, 2006,

http://www.rizgari.com/modules.php?name_Rizgari_Niviskar&cmd_read&id_825,

accessed February 13, 2010.

  1. For this conception of sovereignty, see Giorgio Agamben, Homo Sacer: Sovereign

Power and Bare Life (Stanford, Calif.: Stanford University Press, 1998); Michael

Foucault, Society Must Be Defended: Lectures at the Colle‘ge de France, 1975–76, ed.

Mauro Bertani, Alessandro Fontana, and David Macey (New York: Picador, 2003);

Achille Mbembe, ‘‘Necropolitics,’’ Public Culture 15, 1 (2003): 11–40.

  1. I

.

hsan Sabri C¸ agˆlayangil, Anilarim (I

.

stanbul: Gu¨nes¸ Yayinlari, 1990).

  1. Serdıˆ, Go¨ru¨s¸ ve Anilarim, 285.
  2. These controversies partly stem from the fact that constructions of the rebellion

rely on different sources, mainly Turkish archives and newspapers, British and

Russian archives, and intelligence reports. Most Turkish archives on the event are still

inaccessible. Like all historical sources, these documents were produced with their inbuilt

silences and ‘‘omissions.’’ As well, interpretations of these sources are always

ideologically and politically mediated, and so they have their own silences. The Kurds,

on the other hand, do not have their own archives or systematic resources other than

some memoirs and popular stories, and the factual reliability of these for writing

history is often questioned.

  1. O¨ rgeevren, S¸eyh Sait I

.

syani, 40–41.

  1. Genelkurmay Bas¸kanlig˘i, Tu¨rkiye Cumhuriyeti’nde Ayaklanmalar (1924–1938)

(Ankara: Genelkurmay Bas¸kanlig˘i Yayini, 1972), 78–79.

  1. Mete Tunc¸ ay, Tu¨rkiye Cumhuriyeti’nde Tek Parti Yo¨netiminin Kurulmasi

(1923–1931) (Istanbul: Tarih Vakfi Yurt Yayinlari, 1999), 136.

  1. Here I confine my discussion to two canonical works on the rebellion, Martin

van Bruinessen, Agha, Shaikh, and State and Robert Olson, The Emergence of Kurdish

Nationalism and the Sheikh Said Rebellion (Austin: University of Texas Press, 1989).

  1. van Bruinessen, Agha, Shaikh, and State, 265.
  2. Olson, The Emergence of Kurdish Nationalism, 153.
  3. van Bruinessen, Agha, Shaikh, and State, 298–99.
  4. See Hamit Bozarslan, Violence in the Middle East: From Political Struggle to

Self-sacrifice (Princeton, N.J.: Markus Wiener, 2004); Olson, The Emergence of Kurdish

Nationalism; Metin Toker, S¸eyh Sait ve I

.

syani (Ankara: Bilgi, 1994); Tunc¸ay, Tu¨rkiye

Cumhuriyeti’nde Tek Parti Yo¨netiminin Kurulmasi.

  1. The PKK was established in 1978 with the aim of creating an independent,

unified, and socialist Kurdistan. In 1984, it started the guerrilla warfare that is still

ongoing. Particularly since the early 1990s, it has been the leading edge of the Kurdish

movement in Turkey.

  1. I am particularly informed by Shahid Amin, Event, Metaphor, Memory: Chauri

Chaura 1922–1992 (Berkeley: University of California Press, 1995); Ted Swedenburg,

Memories of Revolt: The 1936–1939 Rebellion and the Palestinian National Past (Minneapolis:

University of Minnesota Press, 1995); Michael Taussig, Shamanism, Colonialism,

and the Wild Man: A Study in Terror and Healing (Chicago: University of Chicago

Press, 1987); and Trouillot, Silencing the Past.

  1. This section title is inspired by Michel-Rolph Trouillot’s reading of ‘‘The

Three Faces of Sans Souci,’’ Michel-Rolph Trouillot, Silencing the Past: Power and the

Production of History (Boston: Beacon Press, 1995), 31–69.

  1. Partiya Karkeˆreˆn Kurdistan, Ku¨rdistan Devriminin Yolu: Manifesto (1978).
  2. Partiya Karkeˆreˆn Kurdistan, Ku¨rdistan’da Zorun Rolu¨ (Ko¨ln: Weˆs¸anen Serxwebun,

1982), 185–90.

  1. Abdullah O¨ calan, So¨mu¨rgeci Cumhuriyet Kirli ve Suc¸ludur (Koln: Wes¸anen

Serxwebun, 1996).

  1. Abdullah O¨ calan, Din Sorununa Devrimci Yaklas¸im (Istanbul: Melsa, 1991).
  2. Abdullah O¨ calan, Su¨mer Rahip Devletinden Halk Cumhuriyetine Dogˆru, 1–2

(Istanbul: Mem Yayinlari, 2001).

  1. Trouillot, Silencing the Past.
  2. van Bruinessen, Agha, Shaikh, and State.
  3. Ibid., 266.
  4. Ibid., 288–99.
  5. Robin M. Wright and Jonathan D. Hill, ‘‘History, Ritual and Myth: Nineteenth

Century Millenarian Movements in the Northwest Amazon,’’ Ethnohistory 33,

1 (1986): 32.

  1. Benjamin, Illuminations, 255.
  2. Slyomovics, The Object of Memory, 3.
  3. Nora, ‘‘Between Memory and History,’’ 7.
  4. de Certeau, The Practice of Everyday Life, 23.

داگرتنی بابەت