ئارامتر بخوێنەوە

فڕانتز فانۆن*

جان درابینسکی

و: ژیار ڕۆژهەڵات


فرانتز عومەر فانۆن لە دوورگەی مارتینیك و لەژێر دەسەڵاتی كۆلۆنیاڵیی فەڕانسەدا لەدایك بوو، ئەو (١٩٢٥-١٩٦١) یەكێك لە گرینگترین نووسەرانی تیۆریی ئاتلانتیكی ڕەش لە سەردەمی خەباتی ڕزگاریخوازانەی دژە كۆلۆنیاڵیدا بوو. نووسینەكانی ئەو بوون بە هەوێنی كۆمەڵێكی زۆر لە شێعر، دەروونناسی، فەلسەفە، و تیۆریی سیاسی، و كاریگەرییەكەی لە هەموو جیهانی باشووردا بەربڵاو، قووڵ، و بەردەوام بووە. ئەو لەماوەی ژیانیدا، دوو نووسراوەی سەرەكی بڵاو كردەوە: پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان (peau noire، masques blancs) لە ساڵی ١٩٥٢ دا و داماوەكانی سەر زەوی(les damnés de la terre ) لە ساڵی ١٩٦١ دا. كۆمەڵەوتارەكانی، “كۆلۆنیاڵیزمێك لە سەرەمەرگدا “(ساڵی پێنجەمی شۆڕشی ١٩٥٩ی ئەلجەزایەر) و “بەرەو شۆڕشی ئەفریکا “، كە لەدوای مردنی لە ساڵی ١٩٦٤ دا بڵاو بوونەوە، وێنەی بیرمەندێكی ڕادیکاڵ تەواو دەکەن كە لەنێوان ئەورووپا، باكووری ئەفریکا و ئەفریکای خوارەوەی سەحرا لە هاتوچۆدا بوو، و لەهەر وێستگەیەكدا بیركردنەوەكانی دەگۆڕی. كۆمەڵە نووسراوەكانی ساڵی ٢٠١٥ ی كە پێشتر بڵاونەكرابوونەوە، “نووسراوەكان لەسەر نامۆبوون و ئازادی(Écrits sur l’aliénation et la liberté)، بە دڵنیاییەوە تێگەیشتنی ئێمە لە سەرچاوە و بەستێنی هزریی بیركردنەوەی فانۆن قووڵتر دەكەن.

فانۆن تێكەڵی پرسە بنەڕەتییەكانی سەردەمی خۆی وەك: زمان، كاریگەری، سێکسوالیتە، جێندەر، نەژاد(race) و نەژادپەرەستی(racism)، دین، فۆرماسیۆنی كۆمەڵایەتی social formation)، كات، و زۆر بابەتی دیکە بووە. لە ساڵی ١٩٥٣دا لە نەخۆشخانەی بیلدا ژۆینڤیل لە ئەلجەزایەردا وەك دوكتۆری دەروونی دامەزرا، و دەمودەست كاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتە دانا. بەشداریی لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئەلجەزایرییەكاندا بیركردنەوەی ئەوی لە تیۆریزەكردنی پرسی ڕەشپێستەكانەوە گواستەوە بۆ تیۆرییەكی بەربڵاوتر و سەربزێوانەتری كۆلۆنیاڵیزم، خەباتی دژە كۆلۆنیاڵی، و ڕوانین بۆ كۆمەڵگا و کلتووری پاش كۆلۆنیاڵیزم. فانۆن چ وەك لاوێكی ئاكادێمیسییەن لە پاریس، چ وەك ئەندامێكی بەرەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییی ئەلجەزایر، و چ وەك باڵوێزی حكوومەتی كاتیی ئەلجەزایر لە غانا، و یان وەك بەشداربوویەكی شۆڕشگێڕی كۆنفرانسەكان لە هەموو ئەفریکایشدا، بەرانبەر بە بەردەنگ و جوگرافیایەكی بەربڵاو، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا شتی بڵاو دەكردەوە، و ڕوانینە ڕادیکاڵەكانی خۆی لەپێوەندی لەگەل خەباتی دژە كۆلۆنیاڵی و سڕینەوەی كۆلۆنیاڵیزمدا وەردەگێڕایەوە. دوابەدوای پێزانین بە / و بەربەرەكانێیەكی كورتماوە لەگەل شێرپەنجەی خوێندا، بۆ چارەسەر گواسترایەوە بۆ بێتسدا، لە ماریلەند (كە لەلایەن سی ئای ئەی ئامریكاوە ڕێكخرابوو) و لە دامەزراوەی نەتەوەییی ئاسانكاریی تەندرووستیدا لە ٦ ی دێسامبری ١٩٦١دا کۆچی دوایی کرد.


١.پرسی ڕەشپێستبوون

لەساڵی ١٩٥٢ دا، فانۆن یەكەمین كتێبی سەرەكیی خۆیی بەناوی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان “بڵاو كردەوە. ئەگەرچی لەكاتی بڵاوبوونەوەی كتێبەكەدا تەمەنی تەنیا ٢٧ ساڵ بوو، بەڵام لەسەر ڕەوتە ڕۆشنبیرییە سەرەكییەكانی ئەو سەردەمە وەك: دەروونشیكاری، ئێگزیستانسیالیزم، دیاردەناسی، و دیالێكتیك، هەروەها بە شێوەیەكی بەرچاوتر، لەسەر بزووتنەوەی سەرەتایی ڕەشپێستەكان و نووسینی كەسانی وەك ڕیچارد ڕایت كە لە بەستێنی بابەتی ڕەخنەییی نەژاد لە ئامریكادا دەیاننووسی، كاریگەرییەكی زۆری هەبوو. كتێبێك كە زۆر گەورە نییە، بەڵام بەهۆی سەربزێوییە گەورەكەیەوە ، لە گەڕان بەدوای تێگەیشتن لە بنەماكانی نەژادپەرەستیی دژە- ڕەشپێست لە قووڵترین قوژبنەكانی ویژدان و جیهانی كۆمەڵایەتیدا جێگای سەرنجە. كتێبەكە گەورەترین كاری فانۆن لەسەر بابەتی ڕەشپێستبوونە. لەڕاستیدا، لەساڵانی دوای بڵاوكردنەوەی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان” سەرنجی ئەو لە ڕەشپێستبوونەوە وەك پرسی -ڕەنگە پرسی- جیهانی مۆدێڕن دەگۆڕێت بۆلای تیۆرییەكی بەربڵاوتری چەوسانەوە، كۆلۆنیاڵیزم، و بەرگریی شۆڕشگێڕانە كە كۆلۆنیاڵیزم وەك سیستمێك دەبینێت. بەڵام ئەو گۆڕانە بەبێ ڕامانە سەرەتاییەكانی فانۆن لەسەر نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێست دەستەبەر نەدەبوو. ڕوانینی فانۆن لەسەرنەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێست و چۆنیەتیی بیچمگرتن و پاشان هەڵوەشانەوەی، جۆری بكەربوونی خەڵكی ڕەش و سپی، زۆر گرینگە بۆ تێگەیشتن لە ئاستە جیاكانی بندەستكردنی كۆلۆنیاڵی و قۆناغەكانی زاڵبوونی. هێندێك شت لەسەر دژە-ڕەشپێستبوون لەكتێبی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان”دا ئاماژەیان پێكراوە كە پوختەیەکی ڕوون و بێگرێی كۆلۆنیاڵیزمیشە. كەوابوو، دەكرێت بوترێت كە یەكەم كتێبی فانۆن دەستپێكی دامەزراندنی بناغەی نووسینی ئەو لە دژی كۆلۆنیاڵیزم و لەسەر سڕینەوەی كۆلۆنیاڵیزم بوو، كە بۆ یەكەمجار و بەپێداگرییەوە كاریگەری و كارتێكەرییەكانی نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێستی باس دەكرد.

شێوازی فانۆن لە “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان”دا پرسیارێكی ئاڵۆز و یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین بەشەكانی باسوخواستی زانستییە. ڕێبازی سەرەتاییی دەقەكە ئێگزیستانسیالی – دیاردەناسانەیە، هێندێك شت لە گێڕانەوە كەسییە چنراو و دەوڵەمەندەكاندا سەلمێندراون، كە بەسەر پێكهاتە بنەڕەتییەكانی ڕووداوە گێڕدراوەکانی دژایەتیی ڕەشپێستەكان زاڵ دەبێت، و هەروەها لە سەردێڕی بەشی پێنجەمدا ئاماژەی پێكراوە -l’experience vécu (بیرۆكەی سەرەكیی دیاردەناسانەی ئەزموون (erlebnis) دەگەیەنێت، كە بەباشی لە وەرگێڕانی ڕیچارد فیلكاكس دا وەك ئەزموونی ژیاو (lived-experience)باسی دەكرێت ). نووسینی لێڤیس گۆردۆن لەسەر فانۆن، بەتایبەتی لە كتێبە سەرەتاییەكەیدا بەناوی “فانۆن و قەیرانی مرۆڤایەتیی ئەورووپا “ (١٩٩٥) و بەم دواییانەیش لە “فانۆن وتی “دا (٢٠١٥)، باسی سەرەكیبوونی ئێگزیستانسیالیزم و بیچمگرتنی بنەڕەتیی پرسیارە بنەڕەتییەکان لە بەرهەمەكانیدا دەكات. ناوبانگی ژان پۆل سارتر و مۆریس مێرلۆ پۆنتی قورسایین دا داڕشتنەوەی دیاردەناسانە، بەڵام گرێدراویی بەردەوامی فانۆن بە بزووتنەوەی ڕەشپێستەكان، دەروونشیكاری، بۆچوونەكانی هێگل، و ماركسیزمەوە ( هێندێك شت بە ڕوونی لە نووسینە دواییەكاندا بەرچاون و لە ڕاڤە چەند بەرگییەكەی ڕێیلاند ڕاباكا لەسەر فانۆن، ڕەشپێستبوون، و تیۆریی شۆڕشگێڕانەی ئەفریکادا بەبەڵگە كراون ) پرسیاری مێتۆدۆلۆژی لەسەر هەركام لە ڕاڤەكان درووست دەكات و ئێستایش یەكێك لە بوارە سەرنجڕاكێشەكانی ڕاڤەی فانۆنە. نوێكاریی هۆمی بهابها وەك خوێنەرێكی فانۆن لە دیاریكردنی ڕەهەندە پاش پێكهاتەخوازییەكانی (post struturalist) بیری ئەودایە، لەو ڕێگایەیشەوە بابەتە فانۆنییەكان لەگەل تیۆرییە پاش كۆلۆنیاڵیستییە هاوچەرخەكانی تێكەڵبوون، زمان، سابجێکتیڤیتی/زەینییەت (subjectivity)، و كات تێكهەڵدەكێشێت. تا ڕادەیەك ئەمە لە كتێبە ورووژێنەرەكەی ئانتۆنی ئالێساندرینیشدا كە لەسەر فانۆن و خوێندنەوە کلتوورییەكان نووسراوە دەبینین، لەناویاندا “فانۆن و داهاتووی سیاسەتە کلتوورییەكان “(٢٠١٤)، كە بیركردنەوەی فانۆنی دەخاتە وتووێژ لەگەل میشێل فۆكۆ، ئێدوارد سەعید، ژامایكا كنكەید، و پۆل گیلرۆی. لە كۆتاییدا، فانۆن بیرمەندێكی بێ‌وێنەیە كە گێڕانەوە كەسییەكان و ستراتێژیی سیاسی لەگەل تیۆریی توندوتۆڵی كۆمەڵایەتی و ژمارەیەكی زۆر لە كونوكەلەبەرە فەلسەفییەكاندا تێكەڵ دەكات.

پێشەكیی كتێبی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان” كۆمەڵێك ئاكامی گرینگ و بەشە بنەڕەتییەكانی شرۆڤەیەك لەخۆ دەگرێت كە لێدوانی ساكاری فانۆن بەم جۆرە كورت دەكاتەوە: خەڵكی ڕەش بەستراونەتەوە بە ڕەشپێستبوونەوە و خەڵكی سپی بە سپیپێستبوونەوە. هەروەها، فانۆن چوارچێوەیەك بۆ پێوەندیی بوونناسی و پێكهاتە كۆمەڵناسانەكان دەخاتە بەردەست، كە دەیسەلمێنێت دووهەمەكە یەكەمیان بەرهەم دەهێنێت، هەروەها، بەنۆرەی خۆی، سابجێکتیڤیتی/زەینییەتیەکان دەبەستێتەوە بە دەستە نەژادییەكانەوە. بەشەكانی دواتر بە ڕێگای جۆراوجۆر، باسوخواستێكی دوورودرێژ و بەردەوامن بۆ ئەم بانگەشانە، و دەپەرژێنە سەر پرسەكانی زمان، ڕەگەز، وێنا كردن، و دیالێكتیك. ڕەنگە گرینگترین شتی ئەوەیە كە، فانۆن لە هەنگاوی یەكەمدا چەمكی سەرەكیی هەرێمی نەبوون (non-being) دەناسێنێت. هەرێمی نەبوون، بەوجۆرەی فانۆن باسی دەكات،دۆزەخی ڕەشپێستبوونە کە ڕاستەوخۆ لەگەل هەلومەرجەکەی لە جیهانێكی دژەڕەشدا بەرەڕوو دەبێتەوە. جیهانی دژە ڕەش، واتا تاقە جیهانێك كە ئێمە دەیناسین، تا ئەو ئاستە ئەم نەبوونە دەشارێتەوە كە جێگا و ڕۆڵێك تەرخان دەکات بۆ سووکایەتی بە ڕەشپێستبوون. بەڵام ڕاستیەکە هەمان هەرێمی نەبوونەكەیە. فانۆن، لە بادانەوەیەكی گەورە و سەرنجڕاكێش لە پێشەكیدا، هەڵدێرانە ناو ئەم هەرێمە وەك بێ‌هیوایی و هیچ باوەڕی پێناسە ناكات. بەڵكوو، بەڕوانینێكی سابجێکتیڤیتی/زەینییەتیەوە وەك “بەڵێ”یەك بە هارمۆنییە گەردوونییەكان باسی دەکات (١٩٥٢ [٢٠٠٨:٢]). هەڵدێرانە ناو هەرێمی نەبوون ئەم “بەڵێ “یە و هێزی شۆڕشگێڕانەكەی بەرهەم دەهێنێت، شۆڕشگێڕانە ڕێك بەو هۆیەوە كە جیهانی دژەڕەش ناتوانێت داننان بە ژیانی ڕەش وەك ژیان، وەك بوون، و وەك ئەوەی بەشی بەسەر دنیاوە ببێت، لەخۆ بگرێت و بیپارێزێت. ئەم بەشە بەسەر دنیاوە و ئەم “بەڵێ” یە سەلماندنی ئەو شتەیە كە لە نووسینەكانی پاشتری فانۆندا دەگۆڕدرێت بۆ توندوتیژیی سیاسی.

لە هەموو بەشە سەرەكییەكانی كتێبی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان”دا، فانۆن ئەزموونە بوونییەكانی سابجێکتیڤیتی/زەینییەتی(subjectivity) بەنەژادییبوو و لۆژیکی وردی ڕێوشوێنە کۆلۆنیالیستییەکان دەخاتەپاڵ یەكتر.لەلای فانۆن، و بەگشتیش زۆر گرینگە كە، كۆلۆنیاڵیزم پرۆژەیەكی گشتگرە. پرۆژەیەكە كە دەست دەبات بۆ هەموو بەشێكی تاكی مرۆڤ و ڕاستییەكانی ئەو. بەشی دەستپێكی كتێبەكە، لە هەمووی ڕوونتر باس لەسەر زمان دەكات. بیركردنەوەكانی فانۆن لەسەر زمان، نەژادپەرەستی، و كۆلۆنیاڵیزم بانگەشەیەكی گشتگیر دەكات: ئاخافتن بە زمانێك بەشداریكردنە لە دنیایەكدا، وەرگرتنی شارستانییەتێكە. ئەم بانگەشەیە بەڕێگای جۆراوجۆردا لە بوارە فەلسەفییەكانی فەلسەفەی فەڕانسی و ئاڵمانی لە ناوەڕاستی سەدەدا ڕەنگ دەداتەوە، كە لە دیاردەناسی، بوونباوەڕی، و هێرمێنۆتیكیشدا ڕێك ئەو بانگەشەیە بەرچاو دەكەوێت – كە زمان، سابجێکتیڤیتی/زەینییەت، و ڕاستی بەجۆرێكی گەوهەری تێكچڕژاون، و پێوەندییەكەیان لێڵ و ناڕوون نییە. بەڵام دۆخی كۆلۆنیاڵی هەمووی ئەمانە ئاڵۆزتر دەكات. ئەگەر ئاخافتن بە زمانێك بەواتای بەشداریكردن لە دنیایەكدا و وەرگرتنی شارستانییەتێكە، كەوابوو زمانی كۆلۆنیكراو، کە لەدرێژەی سەدەكاندا لەلایەن دەسەڵاتی زاڵی كۆلۆنیاڵەوە سەپێندراوە و تەرخان كراوە بۆ سڕینەوە یان سووككردنی جۆرەكانی تری دەربڕین، لە دنیای کۆلۆنیالیستەكە دەدوێت. بۆیە وەك كۆلۆنیكراو ئاخافتن بەشداریكردنە لە چەوساندنەوەی خۆدا و زەقكردنەوەی هەموو پێكهاتەكانی لەخۆنامۆبوونە لە هەموو شتێكدا لە وشەكانەوە بۆ سینتاكس و بۆ لەحن (intonation). ڕاستە كە هێندێك لە ئەفریکایی – كاریبییەكان لە بەشێكی ژیانی ڕۆژانەیاندا بە پیجن و كریۆل دەدوێن. بەڵام فانۆن، لە بانگەشەیەكدا كە پێشینەی زۆریشی لە تیۆریی كاریبیدا نییە، دەربڕینە پیجن و كریۆلییەكان بەدژی فەڕانسی دەبینێت، و باس دەكات كە ئاخافتنی ئەفریکایی- كاریبی، بەوجۆرە، جۆرێكی سووك و هەژاری زمانی گەورەشارییە و بۆیە بەشداریكردنە لە خۆبەكەمزانیندا. بەمجۆرە، ئاخافتنی خۆجێیی بە ناونانی [زمانی] كۆلۆنیكراو وەك وەرگیراو، كەمتر، و لەبنەڕەتەوە سووك،جیهانی کۆلۆنیالیست دەباتە ناو بوونەوە(existence) . تیۆریی كاریبی، بەپێچەوانەی فانۆن و ئەوەی کە گوایە زمانە كۆلۆنییەكان پێوانەی بوون و زانینن، لە ١٩٧٠ كانەوە تا ئێستا بەزۆری تەرخان كراوە بۆ بەرگریکردن لە ڕەواییی زمان و بیچمە کلتوورییە بەکریۆلیبووەكان.

بەڵام جێگرەوەیەك لای فانۆن بوونی نییە.لە یەكێك لە گرینگترین چركەساتەكانی كتێبەكەدا، فانۆن باس لە پرسی جۆری دەربڕین و وێناكردنی نەژادیی دەكات. تاكی ڕەشپێست دەتوانێت بە درووستی قسە بكات، فێر ببێت كە بە ڕێكوپێكی فەڕانسی قسە بكات و دەنگەكان وەك پاریسییەكی لێزان دەربهێنێت. ئەوە ڕەنگە بەمانای جۆرێكی تایبەتی ڕزگاری لە / و لەڕێگای سەردەستیی فەڕانسەییەكی پاراوەوە بێت. واتا، ئەگەر ڕەشێكی كۆلۆنیاڵ فێر دەبێت وەك سپییەكی پاریسی قسە بكات، ڕەنگە دەرفەتی بەشداریی وەكیەكی لە زمان و دنیای زمانەكەدا ببێت. هێشتایش، ئەمە بەهۆی ئەو چەمكەی كە فانۆن ناوی ناوە تایبەتمەندیی توێخڵیی نەژاد نەکردەیە. كە ڕەش بیت و پاراو قسە بكەی هێشتا هەر ڕەشی، بۆیە وەك تایبەت، تاقانە، و سەرسوڕهێنەر ئاماژەت پێ دەکەن. چیرۆكەكانی فانۆن لە بەشی یەكەمدا ئەمە وەك سەرسوڕمانی خەڵكی سپیپێستی فەڕانسی لە ڕوونبێژیی بێژەرە ڕەشپێستە فەڕانسییەكان باس دەكات. سەرسوڕمان بیرهێنانەوەی سووكبوونە، نەك هەر بەهۆی لێرەبوونی كەسێكەوە، بەڵكوو هەروەها بەهۆی كاریگەرییەك كە پێستی ڕەش لەسەر دەمامكی سپیی پاراو قسەكردن هەیەتی. ڕێگای دەرچوون لە پێستە ڕووكەشەكە بوونی نییە. وێناكردن بیچم دەدات بە كردە زمانەوانییەكان و سنووری گرینگییەكەی دیاری دەكات. فانۆن هەروەها دەستنیشان دەكات كە چۆن ئەم پێداگرییە لەپێشدا فەشەلە لەسەر جۆری دەربڕین، لەجێی خۆیدا تاكی ڕەش لە هاوڕێ ڕەشەكانی تری خۆی نامۆ داكات -حەزی سپیبوون، ئەوەی فانۆن بە پاڵنەری پاراو قسە كردنی دەزانێت، بەواتای نامۆبوون لە ڕەشپێستبوونە و ئەمە دیسان بابەتی ڕەشپێست دەخاتەوە هەرێمی نەبوونەوە.

بەشی دووهەم و سێهەمی كتێبی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان” سێکسوالیتەی نێواننەژادیی(interracial)، حەزی سێکسی، و كاریگەرییەكان لەسەر شوناسی نەژادیی تیۆریزە دەكات. تیۆرییەكانی فانۆن هەڵدەگەڕێنەوە بۆ یەك بابەت: حەزی نێواننەژادیی وەك جۆرێكی خۆ-ڕووخاندن لەناو حەزی سپیبووندا یان لەپێناو بردنە سەرەوەی پێگەی كۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسیی كەسێك، بە خۆنزیككردنەوە لە سپیپێستبوون. لەو ڕوانینەوە، هەموو دەركەوتنەكانی ڕەگەزخوازیی نێواننەژادیی(بەتایبەتی جیاڕەگەزخوازی) لەلای فانۆن بەجۆرێكی بنەمایی خەسارناسانەن. ژنێكی ڕەش كە حەز لە پیاوێكی سپی ئەكات وادەزانێت كە جەستەی ئەو پیاوە پردێكە بۆ سامان و دەستڕۆیشتوویی. ڕۆمانی “من ژنێكی مارتینیم “ی مایۆت كاپێسییا (١٩٤٨) ، ڕێنوێنی شرۆڤەی فانۆنە و كتێبەكەی ئەو سەرمەشقی هۆش و دەروونی ژنی ڕەش و سنوورەكانی حەزی نێواننەژادیین. پیاوێكی ڕەش كە حەز لە ژنێكی سپی ئەكات دواكەوتووی ئەو شتەیە كە جەستەی ژنەكە دەیخاتە بەردەست: بێتاوانی و ڕەسەنایەتی. فانۆن ئەمە لە ڕۆمانی “La névrose d’abandon “ی جێرمەن گوی(١٩٥٠) وەردەگرێت، و لەكاتی نووسیندا ڕاستەوخۆ لەزاری پیاوە ڕەشەكەی گوییەوە دەڵێت، “كاتێك دەستە بێئۆقرەكانم ئەو مەمكە سپییانە دەگرن، چنگ لە شكۆ و شارستانییەتی سپی گیر دەكەن و دەبن بە هین من “(١٩٥٢[٢٠٠٨:٤٥]). جەستەی سپی و حەزی ڕەش بۆ ئەو جەستەە ئەو كارە دەکەن كە زمان لە بەشی یەكەمی كتێبی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان”دا دەیكرد: هەنگاوێک بۆ وەستان لە دنیادا، كە بەهۆی سیستمی نەژادیی توێخڵییەوە بووە بە شتێكی نەكردە، و بۆیە لەهەموو قۆناغێكدا دەبێت بەهۆی نامۆبوون. شرۆڤەكانی فانۆن وروژێنەر، بیرهێنەرەوە، و پاڵنەرن بۆ زمانی شرۆڤەی دەروونی و دیاردەناسیی -بوونباوەڕانە. و كەوابوو، لە هەر بەشێكی چیرۆكەكەدا، حەزی نێواننەژادیی خەسارناسانەیە، نە بەهۆی ناخی كەسایەتییەكان و حەزەكانیانەوە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی كە كۆلۆنیاڵیزمی دژە-ڕەشپێست پرۆژەیەكی گشتگیرە كە هەموو ڕەهەندەكانی جیهانی ژیانی بڕیوە، گۆڕیونی و سەرلە نوێ دایڕشتوونەوە.

بەشی پێنجەمی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان “’كە زۆر گرینگە، لەژێر سەردێڕی ئەزموونی ژیاوی پیاوە ڕەشەكە(L’expérience vecu du noir)، لە دوو بەشدا دەپەرژێتە سەر گێڕانەوە دەروونناسییەكانی كەسە كۆلۆنیكراوەكان. فانۆن لە بەشی چوارەمدا، ڕەخنەیەكی سیستمی لە گێڕانەوە دەروونشیكارییەكانی زۆرداریی كۆلۆنیاڵیی ئۆكتاڤ مانۆنی دەگرێت و لە بەشی شەشەمدا كار لەسەر گێڕانەوەیەكی دەروونشیكارییانەی ئابووریی لیبیدۆییی بەنەژادكراو دەكات. هەردوو بەشەكە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی دەروونشیكاری لە بیركردنەوەی فانۆندا پڕبایەخن، هەروەها دەرفەتێكن بۆ بینینی داهێنەریی ئەو وەك خوێنەرێك كە بەئامانجی ڕوونكردنەوەی كاریگەرییەكانی نەژادپەرەستیی دژەڕەشپێست لە ژێر دەسەڵاتی كۆلۆنیاڵیدا سەرلەنوێ ئامانج بۆ شێوازە كۆلۆنیاڵی و مەیلەو کۆلۆنیالیستییەکان دیاری دەكات. هەرچەند ئاكامەكانی فانۆن سەرسوڕهێنەر نین. دەروونشیكاری، وەك خوێندنەوە سەرەكییەكانی تری پێوەندییە نێواننەژادییەكان، زمانێك دەخاتە بەردەست فانۆن بۆ ئەوەی هەموو كاریگەری و كارتێكەرییەكان لەسەر حەز لەژێر دەسەڵاتی نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشدا، و چۆنییەتیی پێكهاتنی چەمكە جێندەرییەكانی دەسەڵات، وێناكردن، و خۆبوون (selfhood) لەناوەوە و بەهۆی هەڵسوكەوتی كۆلۆنیاڵیی نەژادپەرەستییەوە، شی بكاتەوە. ئەوەی ئەو لە ڕەخنەكان و لە سەرلەنوێ دیاریكردنی ئامانج بۆ دەروونشیكاریدا ئاشكرای دەكات، توێخە نوێكانی خەسارناسی هەم لەلای کۆلۆنیالیستەوەیە، و هەم لەلای كۆلۆنیكراو كە دەروونی تێكچووە. هەروەها، فانۆن بۆ تێگەیشتن لە دۆخی كۆلۆنیاڵی بە وردەكارییەوە دژی تواناییەكانی دەروونشیكاریی ئەورووپا باس دەكات.[پێیوایە] ڕەش پێویستی بە گۆڕینی شێواز هەیە، بەتایبەت ئەگەر شێوازەكە ئامانجی بەرگری، سەرهەڵدان و ڕزگاری بێت.

بەڵام “ئەزموونی ژیاوی پیاوە ڕەشەكە” سەرەكیترین بەشی كتێبەكەیە. فانۆن لە ئەو بەشەدا، بەمەبەستی سڕینەوەی میراتی بەجێماوی جەوهەرگەرایی نەژادیی (racial essentialism ) ئەو كەرەسە چەمكییانەی كە لە بەشە پێشووەكاندا پەرەی پێدابوون بەربڵاوتر دەكات. ڕێژەیەكی زۆری ئەمە لە بەشی یەكەمدا ئەنجام دراوە، كە فانۆن تێیدا بە ڕەخنەوە “سێزاری خۆشەویست” (Aimé césaire) و جۆری باسكردنی ڕەشپێستەكان لەپێوەندی لەگەل پرسی زماندا دەخوێنێتەوە. بەگشتی، تایبەتمەندیی دیاردەناسانەی جەوهەریی بەشی پێنجەم، قووڵایی و بنەمایەكی ڕاستی دەدات بە پێگەی فانۆن. ئەو بەشە بە بەردەوامی لە چیرۆكێكەوە دەست پێدەكات و دەگەڕێتەوە سەر هەر ئەو چیرۆكە كە تێیدا منداڵێكی سپی ئاماژە دەكات بۆ فانۆن و دەڵێت “تماشا بكە، ئەو ڕەشە (look،a negro )”! فانۆن ئاشكرای دەكات كە چۆن ئەم دەربڕینە بێڕێزییەكی نەژادییە، و چۆن نەژادپەرەستی لەجیاتیی ئەوەی لكێندرابێت بە ئەو دەربڕینەوە بەشێكی جیانەكراوەیەتی: وتنی ڕەش بێڕێزییەكی دژە ڕەشپێستییە. فانۆن لە پەرەپێدانی ئەم بابەتەدا، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی ژان پۆل سارتر لە بابەتی چاوتێبڕین و ئەوەی كە چۆن ئەو بابەتە شوناسی ئەوانی تر دەچەسپێنێت، لێرەدا ئەو تێگەیشتنە بەهەڵسوكەوتی بەهێزی پێكهاتەكانی ژیانگەی (lifeworld) نەژادپەرەستانەی دژە-ڕەشپێست ڕوون دەكاتەوە.چاوتێبڕینی سپیپێستێك ڕەشپێستبوون دەچەسپێنێت، و بە بێڕێزی و تایبەتمەندییەكی ڕووكەشەوە درووستی دەكات، و بەمجۆرە ڕەشپێستبوون گرێ دەداتەوە بە خۆیەوە. هەروەها، فانۆن باس لە تێگەیشتنەكەی سارتر لە دژە- سامیبوون لە “دژە-سامی و جوولەكە: دۆزینەوەی هۆكارناسیی نەژادپەرەستی”دا (١٩٤٨) دەكات، ئاماژە دەكات كە چۆن بۆ [ناسینی]دیاردەی دژە-ڕەشپێستبوون وەك بیچمێكی نەژادپەرەستی بەس نییە. لەكاتێكدا دژە-سامی بەهۆی ئەو دەسەڵات و تواناییە لەڕادەبەدەرەی كە جوولەكە بانگەشەی دەكات لێی دەترسێت، نەژادپەرەستی دژە -ڕەشپێست بەهۆی ئەو لاوازی و بێتواناییەوە كە تاكی ڕەش بانگەشەی دەكات لێی بێزارە. كەوابوو، دژە -سامیبوون ڕەنگدانەوەی ترس لە سەردەستیی جوولەكەیە، نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێست ڕەنگدانەوەی بەسووكڕوانین بۆ ژێردەستیی ڕەشپێستە. فانۆن بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ئاڵۆزییانە، هاوسۆزییەكی گرینگ لەگەل جۆری ڕەشپێستییەكەی سێزاردا دەنوێنێت، سنوور و دەرفەتەكانی شێعر وەك ڕوانینێكی جێگرەوە لە ژیانی ڕەشپێستەكان دەدۆزێتەوە. ڕەشێتی (negritude) ڕەنگە لە ئاستی بوونناسیدا ساكار و لەبنەڕەتەوە هەڵە بێت، بەڵام پێوەندیی كاریگەری خەڵكی ڕەش لەگەل خۆیاندا دەگۆڕێت.كە ئەمە شتێكی بچووك نییە. فانۆن لەدرێژەی ئەم باسانەدا، چەمكی گرێی خۆبەكەمزانین پەرە پێدەدا، كە تێگەیشتنێكی ورد و گرینگی ئەوە، لەوەی كە چۆن نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێست لەلای خەڵكی ڕەشپێست دەروونی دەبێتەوە و چۆن ئەو دەروونیبوونەوە خەسارناسییەكانی ژیان لەژێر سێبەری قانوونە کۆلۆنیالیستییەکاندا ئاڵۆز دەكات.ڕەشێتی، سەرەڕای سنوورەكانی، دژەژارێكە و پێزانینی فانۆن بۆ ئەو یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین خاڵەكانی ئەم بەشەیە.

بەشی حەوتەم و دوایی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەگرانە لە دیالێكتیك دەخاتە بەردەست، كە لەلایەن هەردوو دەروونناسیی ئالفرێد ئادلێر و فەلسەفەی هێگلەوە لەهێڵەك دراوە. بابەتی ئەم بەشە دانپێدانانیە – دانپێدانانی ڕەشپێستی، دانپێدانانی سابجێکتیڤیتی/زەینییەت، و بەوهۆیەیشەوە دانپێدانانی مرۆڤایەتی. ئەمە یەكێك لە پڕنهێنیترین بیرۆكەكانی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان”ە. فانۆن بە قووڵی ڕەخنەگری بیركردنەوەی دیالێكتیكە، هاوکات وانەی قووڵ و گرینگی لێ وەردەگرێت. بەتایبەتی، فانۆن بە خەمی ئەوەوەیە كە چۆن دیالێكتیكێكی دانپێدانان ڕەنگە زۆر ساكار بەواتای هەڵکشانی تاكی ڕەشپێست بەرەو ئەو تێگەیشتنە لە مرۆڤبوون بێت كە لەلایەن و بەلاسایی لە خەڵكی سپیپێستەوە درووست بووە.دیارە، كۆی دەقەكە، تەرخان كراوە بۆ مشتومڕ لەسەر ئەو جووڵەیە و خستنە بەردەستی ڕێگا جێگرەوەكانی بیركردنەوە لە داهاتوو. بۆیە فانۆن چەمكی نوێ و هێندێك جار ڕاشكاوی دانپێدانان ڕەد دەكاتەوە كە بەستراوەتەوە بە بیرۆكەیەكی لەپێشدا درووستكراو لە مرۆڤ – بەگومانی ئەوە، و بەدرووستی لەبەر ئەوەی كە وەها بیرۆكەیەك هەمووكات بەنەژادیی كراوە. و هەروەها ئەو گومانی لە هەموو شێوازێكی دیالێكتیك هەیە كە هەستی پێوان بەدەستنەخواردوویی دەهێڵێتەوە – و ناوی ناوە، شێوازێكی دیالێكتیكی كە بە لۆژیکی دانپێدانان دەجووڵێتەوە. فانۆن لە هەموو وێستگەیەكدا بەرنگاری حەزی دانپێدانان دەبێتەوە ئەگەر ئەو دانپێدانانیە لە تێگەیشتنێکی مسۆگەری كۆلۆنیاڵیی پێوەری پێوانەكردنەوە بێت. هەروەها، بەگوێرەی شێوازناسیی هێگێلی، فانۆن هۆگری مەترسیی ژیانە لە چەقی دیالێكتیكی هێگێلدا، و ئەوەی كە ئەو دیالێكتیكە چۆن هەم بەستراوەییی ماناییی کۆلۆنیالیست بە كۆلۆنیكراوەوە پیشان دەدات و هەم جۆری ڕووبەڕووبوونەوەكەی، ئامانجی نكۆڵیکردن لە بیركردنەوە و كێبڕكێی دیالێكتیكدا، تێكدانی بیچمە پێشووەكانی پێوەندییە. ئەگەر ئەو بیچمە پێشترانەی پێوەندی تێكبچن، دواتر ئەگەری جۆرێكی تایبەتی شۆڕش هەیە، شۆڕشێك كە ڕەنگە تێیدا مرۆڤایەتیی تاكی ڕەشپێستی كۆلۆنیكراو ، بۆ یەكەمجار بە تایبەتمەندیی خۆیەوە زەق ببێتەوە. بیركردنەوەی فانۆن بۆ داهاتوو پێشتر نەبیستراوە. ڕەشپێستبوون دوای كۆلۆنیاڵیزم دەتوانێت چی بێت؟

ئاكامی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان “ بەدوای ئەم ڕوانگەیە بۆ داهاتوو و دیالێكتیكێكدا دەڕوات كە تەرخان كراوە بۆ تێكدانی بیچمە پێشووەكانی پێوەندی. دوا وتەكانی فانۆن لە پاراگرافگەلێكی زۆر كورت یان ڕستەگەلێكی ورووژێنەر و بانگەوازانەدا نووسراون. فانۆن لە دوا لاپەڕەكاندا، تیۆرییەك بۆ مێژوو و بیرەوەری دەخاتە بەردەست كە ڕوانینی بۆ ڕزگاریی ڕەشپێست دادەڕێژێت، و بەشێوەیەكی سەرەكی ئەو بۆچوونە لەخۆ دەگرێت كە ئێمە نەبەستراوینەتەوە بە مێژووەوە، ئێمە كۆیلەی ڕابردوو نین، بۆیە هەموو جۆرە داهاتوویەك دەكرێت بوونی هەبێت. بۆ وێنە فانۆن بیرۆكەی قەرەبووكردنەوە (reparation) ڕەت دەكاتەوە ، ڕێك لەبەر ئەوەی كە ئەو بیرۆكەیە ڕەنگە خەڵكی ڕەشپێست بەڕێگایەكی سەرەكییەوە گرێ بداتەوە بە ڕابردووەوە و ئەو گرێدانەوەیە لەگەل تێگەیشتن لە یەكسانیدا لەیەك جیا ناكرێنەوە. فانۆن لەپێوەندی لەگەل ڕابردوودا، دەستەوداوێنی كراوەبوون و دیارنەبوونی داهاتوو دەبێت. فانۆن چی دەوێت بۆ خەڵكی ڕەشپێست؟ فانۆن لە بەناوبانگترین هێڵی كتێبەكەدا، بە ئەو داخوازییە كۆتایی پێدەهێنێت: “ ئەی جەستەی من، هەموو كات من بكە بە ئەو كەسەی كە پرسیار دەكات “’ô mon corps، fais de moi toujours un homme qui interroge’(١٩٥٢، [٢٠٠٨:٢٠٦]). كەوابوو سابجێکتیڤیتی/زەینییەت لە پرسیاركاریدا ڕێگەچارەی فانۆن بۆ پرسی ئاستەنگی نەژادییە، پاڵنەرێكی سەرەتاییی گیرۆدەبوونی سپیپێستەكان بە سپیپێستبوونەوە، و گیرۆدەبوونی ڕەشپێستەكان بە ڕەشپێستبوونەوەیە. ئەو كەسەی پرسیار دەكات لەو بەندە ڕزگاری بووە.

سەرەڕای گەشبینییەكی بەسۆز و هیوادارییەك كە لە كۆتاییی كتێبی “ پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان “ دا هەیە، ئەو كتێبە لە بنەڕەتەوە ڕەشبینانەیە. بەو مانایە كە، كتێبەكە دیمەنێكی دەروونناسانە، زمانناسانە، بوونناسانە، ولیبیدۆیی وێنا دەكات كە هاوتەریب و لەڕێگای نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێستەوە پێكدێت. هیچ حەز و شێوازێكی بوون بە دەستلێنەدراوی نەماوەتەوە. بیرهێنانەوەی فانۆن بۆ دابڕانێكی گشتی لەگەل ڕابردوو لە كۆتاییی كتێبەكەدا ئەم ڕەشبینییە دەسەلمێنێت و پیشانی دەدات كە هەستی ڕزگاربوون بەستراوەتەوە بە ڕێوشوێنێكی شۆڕشگێڕانەی خاپووركەرەوە – كە هێندێك جار دەبینین لە دەیەكانی ڕابردوودا پەرەی پێدراوە.

لە نیو دەیەی پاش بڵاوبوونەوەی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان “ دا، فانۆن دەگەڕێتەوە سەر بانگەشەیەكی سەرەكی لەپێوەندی لەگەل دژە-ڕەشپێستبوون و دەرفەتەكانی ژیانی ڕەش كە گەڵاڵەكەی ١٩٥٢ی ئەو دەوڵەمەند، قووڵتر و بەربڵاوتر دەكەن. یەكێك لە ئەو پرسیارانەی كە زۆر سرووشتی لە كتێبی “ پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان “ دا زەق دەبێتەوە، ئەوەیە كە ئەگەر لەبنەڕەتەوە ڕێی تێبچێت، تا چەندە چەمكی ڕەشپێستبوون كە لەوێدا (کاریب) پەرەی سەند لە كاریبەوە بۆ دەوڵەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا، یان لە كاریبەوە بۆ ئەفریکا دەگوازرێتەوە.فانۆن كاتێكی زۆر بۆ باسكردن لەسەر دەوڵەتە یەكگرتووەكانی ئامریکا دانانێت ; ئەگەرچی هێندێك لە نووسراوە بڵاونەكراوەكانی، كە لەم دواییانەدا لەژێر ناوی “ نووسراوەكان لەسەر لەخۆنامۆبوون و ئازادی “ كۆكراونەتەوە، پیشاندەری هۆگرییەكی قووڵە بۆ كتێبەكەی ڕیچارد ڕایت، و خشەخشە سەرەتاییەكانی بزووتنەوەی سەرەتاییی مافی مەدەنی ( هاوچەشنی ڕایت )، لە كتێبی “پێستی ڕەش، دەمامكە سپییەكان” دا ئاماژەیان پێكراوە، بەڵام هەوڵی فانۆن بۆ پاڵاوتن و وردتر كردنی تێگەیشتنەكەی لە ڕەشپێستبوونەوە بەرەو ئەفریکای دەگوازێتەوە. فانۆن لە وتاری “ هیندی و ئەفریکاییە ڕۆژئاواییەكان”دا (١٩٥٥)، ڕەخنەكەی لە بزووتنەوەی ڕەش و ڕاكێشانە نۆستالژیكەكەی بەرەو ئەو کیشوەرە نوێ دەكاتەوە. فانۆن لە بیرهێنانەوەیەكی ورووژێنەردا وتارەكە بە گرێدانەوە “هەڵە سپییە گەورەكە “ ی كۆلۆنیاڵیزم لەگەل داڕشتنەوەی بیركردنەوەکانی لەسەر ڕەش بەناوی “ ژیان لە تراویلكە ڕەشە گەورەكەدا “، بەرەو كۆتایی دەبات. (١٩٦٤[١٩٤٤:٢٧]) هاوكات لەگەل ئەو ڕەخنەگرتنە لەڕەشپێستی، فانۆن لە باسكردن لە جیاوازییەكانی ئەفریکایی-كاریبییەكان ( هیندییە ڕۆژئاواییەكان ) و ئەفریکاییە ڕەشەكاندا ، بەسەرهاتی تاكەكەسی، ڕاپۆرت، و هێندێک هەستیاریی بوونخوازانە-مێژوویی تێكەڵ دەكات. فانۆن لە سۆنگەی شەڕی جیهانیی دووهەم و ئەزموونی هیندییە ڕۆژئاواییەكان و سەربازە ئەفریکاییە ڕەشەكانەوە دەدوێت، كە شانبەشانی یەكتر شەڕیان كرد، و ئەوە ڕێگای پێدان كە لەسەر شوناسی نەژادیی لەنزیکەوە بیروڕا بگۆڕنەوە. ئەم بیروڕاگۆڕینەوانە، لەسەر تێگەیشتنی فانۆن، هەردەم دەگەڕێتەوە سەر ئەو بیرۆكەیە كە هیندییە ڕۆژئاواییەكان بەڕادەی پێویست ڕەش نین، ڕەنگە هەر ڕەشیش نەبن، كە ئەو ئاماژە دەكات كە ئەمە كەڵەكە دەبێتە سەر ڕاكێشانی دەروونی و ئەخلاقیی ڕەشپێستبوون.وانەیەكی سەرەكی كە دەكرێت لە ئەم وتارە وەربگیرێت، بەتایبەتی بەهۆی ئەو كارانەی كە بەدوایدا دێن، گومانی فانۆنە لەسەر شوناسبوونی ڕەشپێستی – كە لەڕەشپێستبوون جیا ناكرێتەوە – و هەرچی زۆرتر لە پرسی ئەزموونی ڕەش دایدەبڕێنێت. ئەم دابڕانە بە قووڵی پێوەندیی هەیە بە كاتەكەیەوە لە ئەلجەزایردا، كە  لەخوارەوە دەیبینین.

هەروەها وتاری بەناوبانگی فانۆن لەساڵی ١٩٥٦ دا بەناوی “ نەژادپەرەستی و کلتوور “ پرسیاری ڕەشپێستبوون دێنێتەوە بەرباس و بە بەربڵاوتر باس لە پێوەندییەكی قووڵ و بەردەوامی نێوان دژە-ڕەشپێستبوون و بیچمگرتنی کلتووری دەكات. وتارەكە لە كۆنگرەی ١٩٥٦ ی نووسەر و هونەرمەندە ڕەشپێستەكان، كە یەكێك لە گرینگترین كۆبوونەوەكان لە مێژووی بیركردنەوەی ئاتلانتیکی ڕەش دایە وپێشكەش كرا، نەژادپەرەستی لە دەروونی کەسەکان و پێوەندیی نێوان تاكەكان جیادەكاتەوە، لەجیاتیی ئەوە نەژادپەرەستی لە ناوەوەی خودی کلتووردا دادەنێت. فانۆن بە پێداگری لەسەر ڕەشپێستبوون و بیركردنەوەی ڕەشپێستانە لە ئەو دانیشتنەدا ڕێگای جیا بووەوە، و بیركردنەوەكانی بەو هۆیەیشەوە بێت گرینگن. “ نەژادپەرەستی و فەهەنگ “ لەجیاتی پێداگری لەسەر نیمچە جەوهەرگەرایی(quasi-essentialism) نەژادیی، ئەوە هەڵدەسەنگێنێت كە چۆن نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێست بەشێك لە پێكهاتە و ئەركی کلتوورە، بەجێی ئەوە ڕەشپێستبوون وەك بەستێنی سەرەكیی بەرخودان دەناسێنێت. فانۆن دەنووسێت كە نەژادپەرەستی هیچكات ماكێكی لاوەکی و نائاسایی نییە كە لەڕووی بەختەوە و بەڕێكەوت لە لێكۆڵینەوە لە داتا کلتوورییەكانی تاقمێكدا دۆزرابێتەوە.(١٩٦٤ [١٩٩٤:٣٦])

ئەم ڕاگۆڕینە بەڕێگایەکی ناسراو و نوێ فانۆن دەباتە پێگەی دژایەتیی ڕەشێتییەوە. لە ئەو سۆنگەیەوە ناسراوە کە بیری نەژادپەرەستنە بە چەقی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ڕەشپێستەکان نازانێت، نەژاد و کلتوور لە ناوکیانەوە پێکەوە گرێ دەدات ; هیچ شتێک لە کلتوورێکی نەژادپەرەستنەوە بیرێکی نەژادپەرەستنەی تاقیگەییمان ناخەنە بەردەست چونکە هەبوونی نەژادپەرەستی ڕێک ئەو شتە کە لە کلتووردا وەک نەژاد دەردەکەوێت دەگۆڕێت. فانۆن کاتێک زۆرتر پێ لەسەر ئەمە دادەگرێت کە بلووز وەک جۆرێکی هونەری خۆماڵیی ئەفریکایی – ئامریکاییەکان لەبەرچاو دەگرێت، و بە کڕووزانەوەی کۆیلەیەک بە مەبەستی پێداهەڵوتن بە چەوسێنەردا دەیبینێت (١٩٦٤[١٩٩٤:٣٧]). لە هێندێک ڕێگایشەوە نوێیە، لەوێدا کە ئەو شرۆڤەیەکی فرەڕەهەند و ڕەشبینیی” پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “ پێکەوە کۆ دەکاتەوە و هەمووی دەچۆڕێنێتەوە ناو ڕوانگەیەکی تایبەت بۆ کلتوور و نەژاد. و وەکوو ئاکامی کتێبی “پێستی ڕەش،دەمامکە سپییەکان “ و زۆربەی کتێبەکانی تری فانۆن ڕوانگەکەی لێرەیشدا دواڕۆژباوەڕانەیە. فانۆن دەنووسێت “کۆتاییی لەپێشداڵسەنگاندنی نەژادیی بە تێنەگەیشتنێکی کتوپڕ دەست پێدەکات (١٩٦٤١٩٩٤:٤٤]). ئەمە بە ئەو مانایەیە کە لای فانۆن، بەوجۆرەی کە ئێمە ناسیومانە، دابڕانی نەژادپەرەستی و کلتوور لە ئەو چرکەساتەوەیە کە کلتوور بۆخۆی دەبێت بە شتێکی نەناسراو و ئێمە دەست دەکەین بە خستنەسەریەکی بیچمە کلتوورییەکان. ئەم ڕوانگەیە پێنج ساڵ دواتر و لە نیوەی کتێبی “داماوەکانی سەرزەوی “ دا پەرەی پێدرا.


٢. ئەلجەزایر

ڕۆیشتنی فانۆن بۆ ئەلجەزایر لە ساڵی ١٩٥٣دا ئاماژە بە گۆڕانێکی گرینگ لە بیرکردنەوەیدا دەکات. ئەو لە وتار و بۆنە هەڵبژێردراوەکاندا درێژە دەدات بە نووسین لەسەر دژە-ڕەشپێستبوون، بەڵام ڕاگۆڕینی فانۆن قووڵ و مانادارە. لەکاتێکدا کە “پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “ بەدیاریکراوی لەسەر پێکهاتەی دنیای دژە-ڕەش و چۆنیەتیی کاریگەریی ئەو دنیایە لەسەر جەستە و دەروونی کۆلۆنیکراو بوو، کاتی [مانەوەی] فانۆن لە ئەلجەزایر و سەفەرە دواترەکانی بۆ ئەفریکای خوارەوەی سەحرا شرۆڤەکانی ئەوی بەربڵاوتر کرد. کۆلۆنیاڵیزم لەجیاتیی پرسیاری ڕەشپێستبوون بۆ فانۆن دەبێت بە پرسێکی گەورەتر و گشتیتری چەوساوەکانی جیهانی باشوور. “داماوەکانی سەر زەوی “ بەرچاوترین و گرینگترین دەربڕینی ئەم ڕاگۆڕینەیە، بەڵام کاتێک کە ئەو بۆ شرۆڤەکردنی ئەلجەزایر وتایبەتمەندییەکانی تەرخانی دەکات، دەرخەری هەستیاریی زۆربووی فانۆنە بۆ جیاوازیی لەناو ئەزموونی کۆلۆنیاڵیدا. زۆرێک لە گرینگترین نووسراوەکانیشی هەر لە ئەم قۆناغەدا لە ڕێگای ڕۆژنامە فەڕانسی زمانەکانەوە بە تەواوی کیشوەری ئەفریکادا بڵاوبوونەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژنامەی “ئەلموجاهید”ی سەر بە بەرە ڕزگاریخوازیی نەتەوەییی ئەلجەزایردا، (کە تێیدا لە دەستەی سەرنووسەران بوو ) کە هێندێک لە سەرنجڕاکێشترین بیروڕاکانی ئەوی لەخۆ دەگرت. ئەم وەرچەرخانە لە بیرکردنەوەدا، هاوچەشنی هێندێک خاڵی جێی سەرنج و گۆڕینی تیۆریکی دواتر، مشتومڕی ئاتۆ سێکی ئووتۆی لە ناو “دیالێکتیکی ئەزموون “ ی فانۆندا  (١٩٩٧) بەهێز کرد، بەوهۆیەوە کارەکانی فانۆن دەبێت وەک زنجیرە ئەزموون یان قۆناغێکی سیاسی بخوێندرێنەوە کە لە هەناو و لەسەر بنەمای ئاشکراکردنی سیستمێکی بیرکردنەوەی دوورودرێژ و ئاڵۆز بیچمیان گرتووە.

سێ وتاری لە ئەم قۆناغەدا گرینگیی تایبەتیان هەیە: کەمینەی ئەورووپایی لە ئەلجەزایر (la minorité européenne d’algerie)، ئەلجەزایر خۆی دەردەخات (l’algérie se dévoile)، و بنەماڵەی ئەلجەزایری (La famille Algérienne ).

بیرکردنەوەکانی فانۆن لە “کەمینەی ئەورووپایی لە ئەلجەزایردا”، وێنەیەکی گرینگ و وردبینانە لە بەکاربردنی ڕەهەندە دژە -کۆلۆنیاڵییەکانی “ پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “ دەخاتە بەردەست. ڕوانینی سەرەکیی دژە – کۆلۆنیاڵی لە ئەو دەقەدا ئەوە بوو کە پێوانە – [واتا ] ئەرکی ئەمپریاڵیی سپیپێستبوون لە نەستی ڕەشدا- چۆن دنیا پێکدەهێنێت.

لە “پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “دا ڕزگاری زۆر لە گۆڕینی پێوانە دەچێت کە بە بابەتی پرسیار(questioning subject) نەو دەبرێت. پێوانە، لێرەدا، زۆر ساکار بەواتای ئیدەئال و پێوەرێکە کە بەگوێرەی ئەو مرۆڤ (human)هەڵدەسەنگێندرێت. باسوخواستی فانۆن لە “ پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “دا ئەوەیە کە “ مرۆڤ”، واتا ئەو بیرۆکەیەی کە لە نەریتی ئەورووپاییەوە دێت، بەشێوەیەکی بنەڕەتی بیرۆکەیەکی نەژادییە کە وەک ئامرازی لەخۆنامۆکردن لە خزمەت کۆلۆنیکراودا پەرەی پێدراوە. ڕزگاربوون لە پێوانە بەواتای لابردنی بیرۆکەی مرۆڤ و، ڕۆیشتنە بەرەو / و پاشتر بۆ ناوەوەی مرۆڤخوازییەکی نوێ. کاتێک ئەم بۆچوونە لەڕێگای “کەمینەی ئەورووپایی لە ئەلجەزایر “دا دەپەرژێتە سەر ئەلجەزایر، واتا ئەو وتارە ڕەخنەگرانە کە ئاماژە بە ئەورووپاییە شۆڕشگێڕەکان لە باکووری ئەفریکا دەدات، دەبینین کە چۆن بۆچوونەکە هەروەها بۆ کەمینەی سپیپێستیش کە لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵیدان بەکار دەبرێت. شۆڕش لە ئەلجەزایردا چرکەساتێکی بڕیاردانە بۆ هەموو ئەلجەزایرییەکان، و بۆ ئەو کەمینەیەیش کە بۆ چەندین نەوە و لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرزدا لەوێ ژیاون. دیارە گریمانەکە ئەوەیە کە کەمینە ئەورووپاییەکە لەگەل دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی فەرانسەدا هاوکاری بکەن. بەڵام فانۆن باسی ئەوە دەکات کە مەرج نییە وەها بێت و لەڕاستیدا ئەویەکگرتووییە شۆڕشگێڕانەیە لەنێوان هێڵە نەژادیی – نەتەوەییەکاندا بابەتێکە ڕێیتێئەچێت، تەنانەت پێویستیشە (و لە ڕاستیدا بەگوێرەی وێنەکانی ناو دەقەکە بەکردەوەیش بووە ). کەوابوو، ئەلجەزایر، وادەردەکەوێت کە چەندە مژارێکی ئیدیۆلۆژیکە بۆ دانپێدانانی شتەکان پیایدا، ئەوەندەیش مژارێکی نەتەوەیی، دینی و نەژادییە. “داماوەکانی سەرزەوی “ وەک نەخشەڕێگایەک بۆ جیهانی باشووری کۆلۆنیکراو ئەم ئەگەرانە وتەنانەت زۆرتر دەدۆزێتەوە. بەڵام فانۆن بەتایبەتی لە “ کەمینەی ئەورووپایی لە ئەلجەزایردا “ ورد دەبێتەوە، و بەوردەکارییەوە هەڵیدەسەنگێنێت کە هەر بەرزونزمییەکی دەروون ڕەنگدانەوەی ئەگەرەکان وسنوورەکانە، و لە ئەو وردبینییەدا ئەو ڕوانگە جێگیرە پیشان دەدات کە لەسەرەتای “ پێستی سپی، دەمامکە ڕەشەکان”دا هاتووە و گوایە خەڵکی سپی بەستراونەتەوە بە سپیپێستبوون و خەڵکی ڕەش بە ڕەشپێستبوونەوە. “ کەمینەی ئەورووپایی لە ئەلجەزایردا “ بەو بابەتەوە کە خەڵکی سپی دەتوانن خۆیان دەرباز بکەن لە خەباتی دژە-کۆلۆنیاڵی و کردەوەی شۆڕشگێڕانە یان لەو ڕێگایەوە دەرباز ببن، گوتارەکە ڕوون دەکاتەوە. بەو جۆرە، دەقەکە خوێندنەویەکی گرینگی ئەو بابەتەیە کە، چۆن ئەو شتەی کە پێی دەوترێت سیاسەتەکانی” خەیانەتکردن لە نەژاد “ دەتوانێت و دەبێت لە بەستێنێکی شۆڕشگێڕانەدا کار بکات.

لە “ئەلجەزایر خۆی دەردەخات”دا، فانۆن بەدوای پێوەندیی نێوان ئیسلام، نەریت، قانوونی کۆلۆنیاڵی، وشیاریی شۆڕشگێڕانەدا دەگەڕێت.حیجاب پرسیاری لا درووست دەکات و دەروەستیی سیاسیی ئەو تووشی ئاریشە دەکات: پۆست -کۆلۆنیاڵبوون بەواتای باوەشکردنەوە بۆ شتی نوێیە. شۆڕش بێ ئەملاوئەولا و بنەڕەتییە، زۆرتر لە گەڕانەەوە بۆ جۆرێکی تر لە ڕابردوو ئاماژەیە بۆ دابڕانێک لە ئەو ڕابردووە. داهاتوو داهاتووە، و پڕە لە شتی ئەزمووننەکراو. ئەوە بۆ ئەو نەریتانەی کە لەلایەن قانوونی کۆلۆنیاڵییەوە سەرکوت کراون چ مانایەکی هەیە، بۆ وێنە، بۆ حیجاب لە ئاکاری کلتووریی ئیسلامیدا ؟ فانۆن لە نووسینەکەیدا لەسەر ڕەشپێستبوون، بە تەواوەتی یەکلا ببووەوە کە گەڕانەوە بۆ شارستانییەتی ئەفریکا – کە پێویستیی بزووتنەوەی ڕەشە – لە تراویلکەیەک دەچێت و بە هێشتنەوەی خەڵکی ڕەش لە خەیاڵدا تەنیا زۆرتر ئەو ڕابردووەیان لێ ون دەکەین . بەڵام لەگەل نەریتە ئیسلامییەکان لە ئەلجەزایر و بەشەکانی تری مەغریبدا وا هەڵسوکەوت ناکات. بە تێگەیشتنی فانۆن، سەرکوتی ئەو نەریتانە، نەریتەکان دەخاتە پەراوێزەوە یان ئاڵۆزتریان دەکات – یان ڕەنگە نەریتەکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بەڵام هەموو کات بە دواکەوتوو، سووک و دژی مۆدێڕنیتەی دابنێت. ئەمە واتا نەریت هێشتا زیندووە، تراویلکە نییە، و چونکا زیندووە هەموو کات بەقووڵی لەلایەن ئەو کۆمەڵگایانەوە کە بەرەنگاری قانوونە کۆلۆنیاڵییەکان دەبنەوە بەرز دەنرخێندرێت. وەها نەریتگەلێک بەهۆی ئاکاری شۆڕشگێڕانەوە دەکرێت ببن بە ئامراز، بۆئەوەی لەدوای کۆلۆنیاڵیزم ڕادەی گونجانیان لەگەل نەتەوە و کلتووری پاش-کۆلۆنیاڵدا پێ هەڵبسەنگێندرێت. هەمان لۆژیک لە “ بنەماڵەی ئەلجەزایری” دا پەرەی پێدەدرێت، کە فانۆن تێیدا بەدوای پێکهاتە نەریتییەکانی بنەماڵە لە ئەلجەزایردا، و بەتایبەتی ئەوەدا دەگەڕێت کە چۆن ئەو بنەماڵانە شوناسی جێندەری، دەسەڵات، ژنومێردی، و بەرهەمهێنانەوەی ڕۆڵە دیاریکراوەکان ڕێکدەخەن. ئەو باس لە ئەوە دەکات کە، بنەماڵە شۆڕشگێڕەکان، ئەم ڕۆڵە دیاریکراوانە دیاری دەکەن و لەگەل ئەوەیشدا کە پێیان وایە کردەوەکانیان ئەلجەزایرین دیسان لێیان دادەبڕێن – ئەمە واتا ئەلجەزایری بە مانایەکی نوێ.

ئەم بیرکردنەوانە لەسەر دانپێدانانی نەژادیی – نەتەوەیی، دین، جێندەر، و بنەماڵە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ یەک بابەتی بنەڕەتی: شۆڕش پێوەندیی بەشتی نوێوە هەیە. بەڵام ئەمە تەنیا بەواتای ڕەتکردنەوەی ڕابردوو و هەڵپەساردنی هەموو نەریتەکان نییە. بەڵکوو، لای فانۆن، ئەوە بەواتای دیاریکردنی ئەو شوێنانەیە کەتێیدا نەریت دەبێت بگۆڕدرێت، بە پێداگری لەسەر ئەو شوێنانەی کە دەرفەتی شۆڕشگێڕانە و تاکتیکییان تێدایە. ئەم وتارانە و وتارە کورتترەکانی ئەو کات پیشانی دەدەن کە فانۆن لە نێوان دوو گرێدراویدا ماوەتەوە – لەلایەک بە شۆڕشێکەوە کە هەمووکات بۆ داهاتووە و لەلای تر بە خەڵکێکەوە کە بە قووڵی بەستراونەتەوە بە نەریتەکانەوە. بیرکردنەوە لە ئەو بابەتانە ئەرکی هەموو بیرێکی شۆڕشگێڕانەیە و هەستیاریی فانۆن لەو بوارەدا کەموێنەیە.


٣. ئەفریکای ڕەش

بە بادانەوەی فانۆن بۆ ئەفریکا لە ساڵانی دوای بڵاوکردنەوەی “ پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “دا، بەشی زۆری نووسینەکانی تەرخان کردووە بۆ باس لەسەر باکووری ئەفریکا و بەتایبەتیش ئەلجەزایر. بەڵام دیسانیش لە وتارە سەرەکییەکان ، سەروتارەکان، و ئەو نامانەیدا کە لەژێر ناوی “ بەرەو شۆڕشی ئەفریکایی” دا کۆ کراونەتەوە، هێندێک سەرنجی تایبەت دەدات بە ئەفریکای خوارەوەی سەحرا یان ئەوەی پێیدەوترێت ئەفریکای ڕەش.

ئەگەرچی فرەچەشنییەک لە ناوەرۆک و شوێنە بابەتییە تایبەتەکاندا هەیە، بەڵام پێوەندیی فانۆن بە ئەفریکای خوارەوەی سەحراوە هەر بەردەوامە. ئەزموون و ئیدیۆلۆژیی ئەلجەزایری کە لە ئەوەوە سەریهەڵدا ڕووکردنە خەباتی دژە-کۆلۆنیاڵیی فانۆن لە هەرێمەکەدا پێک دەهێنێت، بەڵام ئەو هەڵناگەڕێتەوە بۆ پرسیارەکانی نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێست.لای فانۆن ئەلجەزایر وێنەی خەباتی شۆڕشگێڕانەیە. کەوابوو، کاتێک فانۆن لەسەر ئەفریکای ڕەش دەدوێت، پێ لەسەر درووستکردنی پێوەندیی قووڵ لەگەل یان وەرگرتنەوەی ئەفریکای پێش-کۆلۆنیاڵ دادەگرێت – هێندێک شت کە بە دڵنیاییەوە لە ڕەخنە سەرەتاییەکانی لە ڕەشییەتی دەچێت ، بەڵام لە ئەم وتارە دواییانەدا بەتەواوەتی سیاسی و ستراتێژیکن. لای فانۆن، ئەفریکا لەباری ئیدیۆلۆژیکەوە یەکیەتییەکە، و ئەو یەکیەتییە ڕێک لەسەر بنەمای خەباتی هاوبەشی کۆلۆنیاڵی باسی دەکرێت. کەوابوو، دابەشبوونی ئەفریکای باکوور و سەحرای خوارەوە بە گۆڕینی ڕوانگە دەسڕدرێتەوە ; ئەو بیرەوەری و پەژارانەی کە ڕەنگە لە میراتی مامەڵەپێکردن بە کۆیلەی عەرەبەوە سەرچاوەی گرتبێت بەشێکن لە پوختەی ڕابردوو. ئەوەی گرینگە هەلومەرجی هاوبەشی ئێستا و، دواتر داهاتووی خەباتی یەکگرتووی دژە-کۆلۆنیاڵییە. فانۆن لە “ یەکیەتی و یەکگرتووییی کاریگەر مەرجی ڕزگاریی ئەفریکان”دا (١٩٦٠)، بەڕوونی دەنووسێت کە “یەکگرتووییی نێوان ئەفریکاییەکان دەبێت یەکگرتووییەکی واقعی، یەکگرتووییی کردەوە بێت، یەکگرتووییەکی دیاریکراو لەناو مرۆڤەکاندا، لە کەلوپەل و لە پووڵدا “(١٩٦٤ [١٩٩٤:١٧٣]).هەموو ئەم یەکگرتووییانە ئاماژەن بۆ ڕێبازێکی دژە – ئێسانسیالی لە پێوەندی لەگەل خەباتی شۆڕشگێڕانەدا، کە لە سەرەتاوە لەگەل نووسینەکانی فانۆندا یەک دەگرێتەوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە فانۆن چۆن، لە ئەم بەستێنەدا، بە سەرنجدان بە هاوپەیمانییەکانی سەردەمی شەڕی سارد، پێویستیی بێلایەنیی خەباتی دژە-کۆلۆنیاڵی لە ئەفریکادا هەڵدەسەنگێنێت. مێژووی پاش – سەربەخۆییی ئەفریکا، کە جێگای زۆرێک لە شەڕە بەنوێنەرایەتییەکان و هەوڵە تێکدەرانەکانی هەردو لایەنی شەڕی سارد بوو، هەڵسەنگاندن و تێبینییەکانی فانۆن دەسەلمێنن.

فانۆن هەروەها لە سەرنجی تایبەت خستنەسەر پاتریس لوموومبا دەوەستێت کە لە ساڵی ١٩٦١دا، لە کاتێکدا کە “ مردنی لوموومبا: کارێکی ترمان لەدەست دێت ؟” دەنووسرا، وەک ڕێبەرێکی گرینگ و بەداهاتووی شۆڕش ناسرابوو. لوموومبا ڕێک دوای ئەوە بوو بە هێمای هەردووی بەڵێنی شۆڕشگێڕانە و چارەنووسی بەڕواڵەت بڕاوەی نیۆ-کۆلۆنیاڵیی ئەفریکای ڕەشپێستی سەربەخۆ. ئەم وتارە کورتە پڕە لە تێبینیی سەرنجڕاکێش، کە زۆربەی بەدەوری نسکۆی کۆنگۆ لە یەکگرتن لە دەوری ئیدیۆلۆژییەکی دژە-کۆلۆنیاڵیدا دەسووڕێتەوە. ئەو پێیوایە، نەبوونی ئەم ئیدیۆلۆژییە بوو بەهۆی ئەوەی کە بێلژیکی و ئەورووپایی /ئامریکاییەکانی تر لە کۆنگۆدا دەستتێوەردان بکەن، کە ئەمە دواتر لوموومبایی کردە ئامانجێکی بەرچاو. دانپێدانانی زەقی لوموومبا بە دژایەتیی کۆلۆنیاڵیزمدا، ئاکامەکەی بوو بە بێلایەنی لە شەڕی سارد، و پێداگریی تایبەت لەسەر نەتەوە و کیشوەرەکە لە دژی کۆلۆنیاڵیزم لە هەموو جۆرەکانیدا، واتا ئەو شتەی کە فانۆن زۆر بەدوایەوە بوو. مردنی لوموومبا بوو بەهۆی گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئەفریکای تەواو سەربەخۆ و دژە – کۆلۆنیاڵ: شەڕی ناوخۆ لەجیاتی یەگکرتووییی کیشوەرەکە و گەڕانەوەی شەڕێکی ناوخۆیی کە بنەماکانی سەقامگیری ناهێڵێت.

لە کۆتاییدا، ڕوون نییە کە فانۆن تا چەند لە فرەچەشنیی ئەفریکای خوار سەحرا و جیاوازیی لەگەل باکووری ئەفریکا، واتا ئەو شوێنەی کە زۆربەی کاتەکەی لەوێدا بەسەر بردووە و زۆربەی بیرکردنەوەکانی بۆ ئەوێ تەرخان کردووە، تێگەیشتووە. ئەو بەشانەی جاروبار دەچنەوە سەر “داماوەکانی سەرزەوی “ پرسیاری سەرنجڕاکێش دەورووژێنن و پیشانی دەدەن کە فانۆن چۆن کاتی خۆی بۆ دیاریکردنی بنەماکانی یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەش تەرخان کرد. یەکیەتیی ئەفریکا لە نووسینەکانی فانۆن لەسەر ئەم کیشوەرەدا جێگایەکی تایبەتی هەیە، و بەڕوونی ئەزموونی ئەلجەزایر بۆ هەرێمەکانی ناوەند و باشووری ئەفریکا پەرەپێدەدات. هاوکات، و ئەمە بەتایبەتی کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە باس لە بیرەوەریی ئەفریکای ڕەش لە مامەڵەی کۆیلە دەکات، فانۆن لە “داماوەکانی سەرزەوی “ دا بانگەواز دەکات کە لەپێناو یەکگرتووییەکی بەربڵاوتر لەنێوان خەڵکی چەوساوەی کیشوەرەکەدا بیرەوەری و جیاوازیی مێژوویی لەبیر بکرێت. ئەمە هێزی درووستکردنی ڕوانینێک بۆ داهاتووی هەیە کە دابڕاوە لە ڕابردوو – پرۆژەیەک کە لەگەل ئاکامی شۆڕشگێڕانەی “پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “ دا یەک دەگرێتەوە – و بەڵام دیسانیش بەزۆری بێ‌ئاگایە لە ئاکامەکانی لەبیرکردنی ئەزموونە مێژووییەکانی بەشێکی زۆری ئەفریکای خوار سەحرا یان بەخەمیەوە نییە. هەروەها، کاتێک فانۆن سەرنجی دەگۆڕێت بۆ ئەفریکای ڕەش جیاوازیی نێوان کۆلۆنییە کۆچەرەکان و ئەوانەی لەدوورەوە بەڕێوەدەبرێن هێندێک دەسڕدرێتەوە، جیاوازییەک کە لە تیۆریی پۆست -کۆلۆنیاڵ لەدوای فانۆنەوە سەرنجێکی وردتری پێدراوە.


٤. داماوەکانی سەر زەوی

بەدڵنیاییەوە، بڵاوبوونەوەی داماوەکانی سەر زەوی لە ساڵی ١٩٦١ دا سیمای جیهانیی فانۆنی گۆڕی بۆ بیرمەندێکی خەباتی دژە-کۆلۆنیاڵی، ئاکاری شۆڕشگێڕانە، سیاسەت و بیری پۆست-کۆلۆنیاڵ. بەزۆر ڕێگادا، داماوەکان تەواوکەری ئەو بۆچوونە کورت و بەڵێندراوانە لەپێوەندی لەگەل خەباتی دژە-کۆلۆنیاڵیدایە کە لە زۆربەی وتارەکان، سەروتارەکان، و ئەو نامانەدا کە بەدوای “پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان” دا نووسراون بەرچاو دەکەوێت. ئەو نووسراوە پەرتەوازە و وتارە سەرەکییانە سەرنجیان لە دژە -ڕەشپێستبوونەوە وەک بابەتێکی سەرەکی دەگوازنەوە بۆ هەستپێکردنێکی قووڵتری کاریگەرییەکانی کۆلۆنیاڵیزم لەسەر دەروون، بیچمگرتنە کلتوورییەکان، و ڕێکخراوە سیاسییەکان. ئەو سەرنج گۆڕینە ڕێگای دا بە فانۆن کە بەربڵاوتر بیر بکاتەوە لە مانا و ئامانجی خەباتی شۆڕشگێڕانە.

بەشی سەرەتاییی داماوەکان، بەشێک بەهۆی بەهێزی و هەڵخڕاندنی بیرکردنەوە هەندەرانەکانیەوە، بەشێکیش بەهۆی ئەوەی کە تێبینییە ناسراوەکەی پێشەکییەکەی ژان پۆل سارترە، بەدڵنیاییەوە لە هەمووی بەناوبانگترە. هۆگریی فانۆن بە پرسی توندوتیژییەوە، کە بەجۆرێکی سەربزێوانە لە هاندانی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ بیچمگرتنی کلتووری، سیاسەتی پۆست-کۆلۆنیاڵ، و سەرلەنوێ ئاراستەگرتنە فەلسەفییە جیهانییەکان، بۆ تێگەیشتن لە ڕێچکەی داماوەکان زۆر گرینگە. هەمووی ئەمانە بە توندوتیژییەوە دەست پێدەکەن.

توندوتیژی وەک پێشمەرجی ڕزگاری لای فانۆن گرینگە، واتا ئەو شتەی کە جۆرج ماهێر لە “دیالێکتیکی سڕینەوەی کۆلۆنیاڵیزم “دا (٢٠١٧) بە مێتۆدۆلۆژیی سڕینەوەی کۆلۆنیاڵیزم و ئاکاری شۆڕشگێڕانە گرێی دەداتەوە بە بابەتێکی بەربڵاوتری فانۆنەوە. توندوتیژی وەک پێشمەرج بە دوو ئاراستە کار دەکات: ئاراستەیەک لە ناوخۆی کۆلۆنیدا ولەنێوان کۆلۆنیالیستەکاندا، و ئەوی تر لە دەرەوە و لە شەڕی سرووشتیی نێوان کۆلۆنیکراو و کۆلۆنیالیستدا. بۆ ناوەوەی کۆلۆنی، فانۆن کۆلۆنیکراوەکان دەکات بە سێ بەشەوە: یەکەم، کارەکتەرێک هەیە کە پێوەندیی بە هەردوو کۆلۆنیکراو و کۆلۆنیالیستەوە لەدەوری تواناییی کارکردنەکەی ئەو ڕێکخراوە. ئەمە پێوەندییەکی ئاڵۆزە، کە هەم پێوەندیی سەربەخۆییە ( ماتریاڵەکان لەلایەن سیستمی کۆلۆنیاڵەوە دابین دەکرێت ) و هەم بەجۆرێکی سرووشتی شۆڕشگێڕانەیە ( هێشتایش بۆ ئەو شتە تەرخان کراوە کە کۆلۆنیالیست بەستراوەتەوە پێیەوە ). دووهەم، ڕۆشنبیرێکی کۆلۆنیکراو هەیە کە، کەسێکە ڕێک دەکەوێت و لە هەردوو پێوەندی لەگەل نوێبوونەوەی کلتووری و بەرگریی سیاسیدا بارێکی گرانە لەسەر شانی داماوەکان. ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو، لە پێوەندیی کۆلۆنیکراو و کۆلۆنیالیستدا نێوانگیری دەکات، و ماناکانی ژیانی کۆلۆنیاڵی وەردەگێڕێتە سەر زمان، چەمک، و سیاسەتە خوازراوەکانی دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵی. ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو تا ئەو کاتەی کە ڕەگە مەعریفەناسییەکانی لەناو ژیانی جەماوەری کۆلۆنیکراودا ببێت پوتانسییەلی هەیە، بەڵام هەرجۆرە پوتانسییەلێک، ئەگەریش دەستبەجێ لەلایەن ئەو ڕۆڵەوە کە ڕۆشنبیرەکە لە یارمەتیدان و پیاهەڵوتن بە کۆلۆنیالیستدا دەینوێنێت نەسڕدرێتەوە ، خەسار دەبێت.سێهەم، لۆمپەن پرۆلیتاریا هەیە کە لە شرۆڤەی کارل مارکس لە بەرماوەی دیالێکتیکەوە وەرگیراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر مەرجەکانی کۆلۆنیاڵیزم. لۆمپەنی کۆلۆنیاڵ ئەو خەڵکە لەبەردەستەن کە هیچ خزمەتێک بە سیستمی کۆلۆنیاڵ ناکەن ( خەڵکی هەڵکنراو، دانیشتوانی قەراخنشین، کشتوکاڵکاری بچووک )، و کەوابوو، لەدەرەوە، وەک گەورەترین هەڕەشە لەسەر سیستم دەمێنێتەوە. ئەمە بەجۆرێک بەڕەسمیکردنی بیرکردنەوە پێشووەکانی فانۆنە لەسەر ڕۆڵی “فەلا” لە ئەلجەزایری کۆلۆنیدا – تاقمێک کە لە دەرەوەی سیستمی کۆلۆنیاڵی شاری و خەباتی دژە-کۆلۆنیاڵیدا ماونەتەوە، هێمای خاوێنی و ڕەسەنێتیی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانەن.

لە ئەم ساتەدا توندوتیژی وەک چەمکێکی بەرچاو دەردەکەوێت. بەشێک لە بیرکردنەوەی کۆلۆنیالیست بۆ دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن لە هەستکردن بە لاوازی، و ژێردەستییەک، کە لە ناخی کۆلۆنیکراودایە سەرچاوە دەگرێت. کۆلۆنیکراوەکان لاوازن، بۆیە، لەبنەڕەتەوە، شایانی دۆخی خراپی خۆیانن. ئەمە لەگەل بیرکردنەوەکانی فانۆن لەسەر پرسی گرێی خۆبەکەمزانین لە کتێبی “پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان” دا یەک دەگرێتەوە. ئەگەر خۆبەکەمزانینی کۆلۆنیکراو گریمانە و ڕاستییەکی دەروونناسانەی ژیانی کۆلۆنیاڵییە، توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە تەنیا دەتوانێت شۆکێک بێت بۆ کۆی سیستمەکە. کۆلۆنیالیست شۆک دەبێت بە تێگەیشتن لە مرۆڤایەتیی کۆلۆنیکراو لە ساتێکدا کە ئەوان ئامادەن گیانیان بۆ داهاتوویەکی جیاواز بخەنەوە مەترسییەوە. کۆلۆنیکراو شۆک دەبێت بە تێگەیشتن لە پوتانسییەلی خۆی و، ئەو پوتانسییەلەوە لەخۆیاندا دەبینن کە شوناسێکی بەربڵاوی کلتووری، کۆمەڵایەتی، و سیاسی درووست بکەن. بیچمگرتنی شوناس لە شرۆڤەی فانۆندا بەرچاوە ; کۆلۆنیاڵیزم پرۆژەیەکی گشتییە ، بۆیە کۆلۆنیکراوەکان دۆخی خۆیان بەخراپ ئەزانن. بەڵام توندوتیژی هەموو ئەوانە دەگۆڕێت. توندوتیژی هاوکات لەگەل “نا “وتن بە کۆلۆنیاڵیزم “بەڵێ” وتنیشە بە ئەگەری ژیانی قۆناغی دوای کۆلۆنیاڵیزم. سیستم بەرگەی ئەم شۆکە ناگرێت. و ئەمە زۆر گرینگە بۆ هەر سێ چینەکەی ژیانی کۆلۆنیکراو. کارەکەرەکان دەبینن کە ئەو سیستمەی بەسترابوونەوە پێیەوە دەڕووخێت. چەوساندنەوە زیاتر لە پێویستیی ماددی دەبێت بە هۆکار بۆ خۆڕاگری. ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو وەک دژە -شۆڕش دەردەکەوێت و هۆکارێکی سەرەکییە لە سیستمی سـەرکوتکەردا. لۆمپەنیش بۆ یەکەمجار شوناسێک دەدۆزێتەوە، لە کەسێکی بەتاڵ و زیادەوە دەبێت بە بەهێزترین باسکی شۆڕشگێڕ بۆ دژایەتیکردنی کۆلۆنیاڵیزم.

کەوابوو توندوتیژی دوو ئەرکی پێکەوەچنراوی هەیە: سڕینەوەی سیستمی کۆلۆنیاڵ لە هزر ( ئەوەی کە پێوەندییەکانی کۆلۆنیالیست-کۆلۆنیکراو وەک سەردەستی و ژێردەستیی ئاسایی بووەتەوە ) و لە واقعی ماددیدا ( پێوەندیی چەوسێنەرانەی ملکەچی و گوێڕایەڵی)، و هەروەها، بیچمدان بە شوناسە کلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. بەشی یەکەمی داماوەکان ئەم پوتانسییەلە گەورەیەی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە و دژە-کۆلۆنیاڵ دیاری دەکا و پەرەی پێ دەدا، و بەشەکانی دواتر بەوردی ئاڵۆزیی بیچمە پۆست-کۆلۆنیاڵەکانی کلتوور و سیاسەت باس دەکەن.

سێ بەشی دواتر بەوردەکارییەوە لە ئەوە دەکۆڵنەو کە چۆن توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە پێوەندیی هەیە بە بیچمگرتنی شوناسی بەکۆمەڵ (بەشی دووهەم)، تێگەیشتن لە شوناسی نەتەوەیی ( بەشی سێهەم)، و ڕەنگە گرینگتر لە هەمووی بیچمگرتنی کلتووری نەتەوەییەوە(بەشی چوارەم). ئەوەی ئێمە لە ئەم بەشانەدا دەیبینین ئەوەیە کە چەمکی توندوتیژیی فانۆن چەندە بەهێز و داهێنەرە، و هەروەها چۆن تێفکرینە جۆراوجۆرەکانی لەسەر شۆڕش و شوناس لە وتارەکانی نێوان یەکەم و دوایین کتێبیدا قازانجی چەمکی و ستراتێژیکیان هەیە. فانۆن لەباری ماناوە، جیاوازییەکی ڕوون لەنێوان ئەوەی پێی دەڵێت ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو و جەماوەری شۆڕشگێڕدا دادەنێت. ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو ڕێک ئەو چەمکەیە کە : نێوانگیرێکە کە کۆلۆنیکراو بە زمانی کۆلۆنیالیست ، و بۆ ئامانجە سیاسی، کۆمەڵایەتی، و کلتوورییەکانی کۆلۆنیالیست، لەلای کۆلۆنیالیست وێنا دەکات. ئەوە جەماوەر نین کە بیرکردنەوەکانی ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو بەڕێوە دەبەن، بەڵکوو ڕوانگەی کۆلۆنیاڵیی جیهان هەموو شتێک پێکدەهێنێت. بەپێچەوانەەوە ئەوە جەماوەری شۆڕشگێڕن کە لەڕێگای خودی خەباتی شۆڕشگێڕانەوە ڕێوشوێنێکی نوێی سیاسی، کۆمەڵایتی و کلتووری درووست دەکەن. فانۆن بەم تایبەتمەندییانەوە، لە پێشڕەوبوون و هەرجۆرە پێکهاتەیەکی شۆڕشگێڕانەی بژاردەکان خۆی دەبوێرێت. هەروەها، لای فانۆن، خەبات بۆخۆی شوناس و چەمکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، و کلتووری بەرهەم دەهێنێت ; هیچ وێنەیەکی لەپێشدا ئامادەی ئەم توخمەی دنیای پۆست- کۆلۆنیاڵ بوونی نییە. شۆڕش هەموو شتێک دەکات بە شۆڕشگێڕانە، و بەبێ شۆڕشیش ناتوانرێت بیر لە دەوڵەتی پۆست-کۆلۆنیاڵ بکرێتەوە. و بۆیە فانۆن لە باسەکانیدا ڕەخنە لە بیری لەمێژینەی دەوڵەتی پۆست-کۆلۆنیاڵ – و کەلەپوور دەگرێت، و بۆچوونە نۆستالژیکەکان بۆ کۆمەڵگای ئەفریکاییی پێش-کۆلۆنیاڵی وەک ڕوانگەیەک بۆ کۆمەڵگای پاش شۆڕش ڕەتدەکاتەوە.

ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو و بیچمە پێش-کۆلۆنییەکانی ژیان بۆ درووستکردنی جیهانی پۆست-کۆلۆنیاڵ نەک هەر بەس نین بگرە خەساریشی پێدەگەیەنن، و دەبن بەهۆی دابڕانی داهاتوو و ڕابردوو. ئەو پەژارانەی کە بەهۆی بیرەوەریی توندوتیژییە مێژووییەکان ( وەک مامەڵەکردن بە کۆیلەی عەرەبەوە لە ئەفریکای ڕەشدا) یان ململانێ ئێتنیکی – دینی و کلتوورییەکانی ترەوە سەریان هەڵداوە، دەبن بەهۆی ئاکاری شۆڕشگێڕانەیەک کە لەبریی لکان بە بیرەوەرییەکانەوە خۆی ڕزگار دەکات لێیان. دابڕان لەگەل ڕابردوودا، لە ئاستی ڕێکخراو و بیچمە ڕۆشنبیرییەکاندا، بەڕێگای توندویژیی شۆڕشگێڕانەدا درووست دەبێت. داهاتوویش هەروایە. هیچ تێگەیشتووییەکی نەتەوەیی یان کلتوورێکی نەتەوەییی پێشوەختە بوونی نییە، کە بەهرە یان خەیاڵێک بتوانێت بەر لە کاتی خۆی تێیبگات، بۆیە توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە دەبێت ئامانجدار، بەمەبەست، و بە ئاراستەی درووستکردنی دنیا بێت. بەمجۆرە، نووسینی فانۆن لەسەر توندوتیژی هیچکات هیچباوەڕانە (نێهیلیستی)، یان بەڕێکەوت نییە. لەباری ستراتێژیکەوە، ئەمە زۆر مانادارە چونکە چەمکەکانی سیاسەت، کلتوور، و ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتیی پۆست-کۆلۆنیاڵ دەبەسترێنەوە بە تێگەیشتنێکی تەواو لە توندوتیژی.

“داماوەکانی سەرزەوی“ بە یەکێک لە ورووژێنەرترین و سەرنجڕاکێشترین وتەکانی فانۆن لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، کە هاوچەشنی کۆتاییی “پێستی ڕەش،دەمامکە سپییەکان “بانگەشەی ئەگەری داهاتوویەکی نوێ دەکات. لە ساڵی ١٩٦١ دا، لای فانۆن داهاتوو پرسی چارەنووسی مرۆڤایەتییە، بابەتێک کە بەتایبەتی لەگەل دەقی “کۆمەڵە وتارێک لەسەر کۆلۆنیاڵیزم”ی سێزار (١٩٥٥) دا تێیدا هاوبەشە. فانۆن دەپرسێت مرۆڤایەتی چییە ئەگەر بۆ پێوانەکردنی دنیا داندرابێت ؟

واتا ، مرۆڤایەتی چۆنی لێدێت ئەگەر لە چەمکە ئەورووپاییەکەی، کە لێوانلێوا لە چیرۆکەکانی توندوتیژی و یەخسیری ڕزگاری ببێت ، و لەجیاتیی ئەوە ڕەنگدانەوە و پاڵنەری خەباتی ڕزگاریخوازانەی جیهانی باشوور بێت ؟ فانۆن بەمەبەستی تێگەیشتن لە نەتەوەی پۆست -کۆلۆنیاڵ، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە سەرەتاییترین بابەتەکانی، واتا بۆ بابەتی پێوانە. نەتەوە پۆست – کۆلۆنیاڵەکان، کە لەڕێگای توندوتیژیی دژە-کۆلۆنیاڵییەوە درووست بوون، ناتوانن لاساییی دەوڵەتە ئەورووپاییەکان بکەنەوە و یان وەک ئەوان پەرە بسێنن.لەلایەکەوە، ئەمە ڕوانگەیەکی شێلگیری ئیدیۆلۆژیی دژە-کۆلۆنیاڵییە کە پێیوایە: بۆ خۆتی درووست بکە، نەک بۆ کۆلۆنیالیست. هاوکات، ئەگەر زۆریش بە بەربڵاوی نەبێ، دیسان ڕوانگەکە لەسەر بنەمای ڕەخنەیەکە لە ئەورووپا کە پێی وایە ئەورووپا خۆی لە قەیراندایە، و (لە هەموو ئاستێکدا ) بەستراوەتەوە بە پێکهاتەکانی چەوساندنەوە و تاڵانکردنەوە. ئەورووپا “ ڕۆحێکە کە لەسەر بنەماگەلی سەیر دامەزراوا “ و بە مەنگیدا دەناسرێتەوە (١٩٦١[٢٠٠٥:٢٣٩]). دەوڵەتە پۆست-کۆلۆنیاڵەکان پێویستیان بە بنەمای جیاجیا هەیە، بۆیە دەبێت لەگەل چەمک و خەیاڵی نوێی بەکۆمەڵبوون کار بکەن. چەقی ئەمە چەمک و خەیاڵەکانی مرۆڤ بۆسابجێکتیڤیتی/زەینییەت. فانۆن دەنووسێت “ دەبێت سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە “، “ پەرە بە جۆرێکی تری بیرکردنەوە بدەین، و هەوڵ بدەین کەسێکی نوێ درووست بکەین “.(١٩٦١[٢٠٠٥:٢٣٩]) فانۆن باسی ناوەرۆکی ئەم “کەسە نوێیە” ناکات. کەسە نوێکە بابەتی داهاتووە. ئەو پاشتر دێت.


٥. کەیسەکانی لێکۆڵینەوەکان

پەروەردەی فانۆن لە پزیشکیی دەروونیدا لە ڕێبازە شێوازناسییەکانەوە تا دیاریکردنی دینامیکی نەژادپەرەستیی دژە-ڕەشپێست لە “ پێستی سپی، دەمامکە سپییەکان”دا کە بە هۆی سەرنجدان بە پەرۆشییە پۆست کۆلۆنیاڵەکانی بیچمگرتنی کلتووری و سیاسەتکردن لە “ داماوەکانی سەرزەوی” دا دیاری کراون،  کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کارەکانی بووە.

بەڵام جیا لە شێواز بەتەنیایی، کارە بڵاوکراوە و بڵاونەکراوەکانی فانۆن لێکۆڵینەوەی بابەتی لە قوربانیانی کۆلۆنیاڵیزم دەخەنە بەردەست، لێکۆڵینەوەگەلێک کە پێ لەسەر خەسارناسیی زیندووی ژیانی ڕۆژانە لەژێر دەسەڵاتی قانوونە کۆلۆنیاڵییەکاندا دادەگرن. زۆرێک لە ئەمانە لە نووسراوە بڵاونەکراوەکاندان کە کە لەژێر ناوی “ کۆمەڵە نووسراوەیەک لەسەر لەخۆنامۆبوون و ڕزگاری” دا کۆکراونەتەوە، بەڵام بەشی سەرەکیی لێکۆڵینەوە بابەتییەکان لەناو “داماوەکانی سەرزەوی”دان. ئەگەرچی لە هێندێک لە دوایین بڵاوکراوەکاندا وادەردەکەوێت کە سەرنجیان دابێت بە ئەوەی کە چۆن کارێکی دەروونپزشکیی دیاریکراو دەتوانێت وەک بەشێک لە ئارشیڤی تیۆریی پۆست-کۆلۆنیاڵ و پرۆژە گەورەترەکانی فانۆن کار بکات، بەڵام بەگشتی ئەم لێکۆڵینەوانە لەلایەن لێکۆڵەرانی فانۆن و لێکۆڵەرانی تیۆریی پۆست-کۆلۆنیاڵەوە سەردێڕیان بۆ دانەنراوە. لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نایگێل گیبسۆن و ڕۆبێرتۆ بێنێدووس لەژێر ناوی “ فرانتس فانۆن:دەروونپزیشکی و سیاسەت “(٢٠١٧) هەوڵێکی زۆر دەدات کە ئەم کەلێنە لە وێژەدا نەهێڵێت، و بە وردەکارییەوە هەردووی مێژوو و کاری تیۆری کە بنەمای نووسراوە دەروونپزیشکییەکان و لێکۆڵینەوە بابەتییەکانی فانۆن پێکدێنن تاقی بکاتەوە. هەروەها، “فانۆن بۆکوێ “ ی دەیڤید ماریۆت (٢٠١٨) نووسراوە دەروونپزیشکی و ڕێوشوێنە چارەسەرییەکان لەناو کارەکانی فانۆن لەسەر بابەتی دژە-ڕەشپێستبوون و سیاسەتە پۆست -کۆلۆنیاڵییەکاندا دادەنێت.

لێکۆڵینەوە سەرەکییەکانی فانۆن ڕادەیەک لە ئاڵۆزی لەبەرچاو دەگرن کە بەهۆی توندوتیژیی کۆلۆنیاڵییەوە درووست بووە. هێندێکیان ئاڵۆزیی مێشکن، کە فانۆن لەڕێگایانەوە تێگەیشتنێکی گشتی لە پەرۆشبوونێک باس دەکات کە زاڵبوونی کۆلۆنیاڵی هۆکاری درووستبوونیەتی و کاریگەرییان لەسەر بەشە جیاجیاکانی کەسایەتی هەیە. ئەوانی تریان ئاڵۆزییەکە دەخەنە سەر جەستە و کەسەکە لە ناوەوە بۆ دەرەوە دەگۆڕن یان ئاڵۆزیی ڕەگەزی دەخولقێنن کە پێوەندیی هەیە بە سووککردنە کۆلۆنیاڵییەکانی پیاوەتی و ژنییەتییەوە. هەروەها، فانۆن لە کۆتاییی “داماوەکانی سەرزەوی”دا بەشێکی بچووک لەسەر ناودێرکردنی تاوان بە نەخۆشی لە ئەلجەزایردا، دەگونجێنێت ، بە سەرنجی تایبەت بە ئەوەی کە چۆن ئەو ئاڵۆزییانە ڕەنگ بێت بەهۆی خەباتی شۆڕشگێڕانەوە ئاراستەیەکی تر وەربگرن. لێکۆلینەوەکان زۆر ورد و پشتبەستوو بە گێڕانەوەکانن، و ڕەهەندێکی تری فانۆن وەک چاودێرێکی ڕەخنەگر دەخەنە بەرچاو. لێکۆڵینەوەکان هەروەها ئاڵۆزیی نێوان هەڵسوکەوتی دەروونپزیشکی و ئیدیۆلۆژیی سیاسی ڕوون دەکەنەوە، ڕەنگە هێندێک لە ئەو شتانەی فانۆن باسی دەکات بەڕای تراپیستەکان لەگەل هەلومەرجەکەدا یەکنەگرێتەوە، بەڵام لەولایش لە چارەسەردا زانراوە، کە بەهۆی ڕێوشوێنی کۆلۆنیاڵییەوە جێگیر بوون. کاریگەریی ئەم لایەنەی کاری فانۆن دەکرێت لە کاری حیزبی پڵنگی ڕەش لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەبواری دەستپێشخەرییەکانی تێکەڵکردنەوەی بەندییەکان و تەندروستیی گشتیدا ببینرێت، کە پێیانوابوو هەمووی بۆ چاودێریی چەوساوەکان و بەیارمەتیی پوتانسییەلی شۆڕشگێڕانەیە.


٦. میرات و کاریگەرییەکان

دەتوانین بڵێین، میرات و کاریگەریی فانۆن، لە بەرهەمە نەزۆرەکانی وەک نووسەرێک گەورەترە. فانۆن نزیکەی یەک دەیە نووسیی، کە بە هەڵسەنگاندن لەگەل هەرکام لە بیرمەندانی تردا، کاتێکی وەهای نەبووە. ژمارەی لاپەڕەکانیش هێندە زۆر نین. “ پێستی ڕەش، دەمامکە سپییەکان “ و “ داماوەکانی سەر زەوی “ کتێبگەلی گرینگن کە بەش و شرۆڤەی سەرەکی لەخۆ دەگرن، بەڵام دوو کارەکەی تر “ کۆلۆنیاڵیزمێک لە سەرەمەرگدا “(١٩٥٩) و” بەرەو شۆڕشی ئەفریکا” (کە دوای مردنی لە ١٩٦٤ دا بڵاو بووەوە ) لە وتارگەلی کورت، شرۆڤەی سەرەتایی، و بەشی پچڕپچڕ پێکهاتوون.لەکاتێکدا ئەو کارە کورتتر، سەرەتایی و پچڕپچڕانە سەرنجڕاکێش و گرینگن، ئەوان وێنەی بیرمەندێکن کە ناوەستێت، بیرمەندێک کە دەروەستیی بۆ بەستێنە شۆڕشگێڕانە جۆراوجۆر و پەرەگرتووەکان پێویستیی هەم بە لێکدانەوەی خێرا و هەم بە بیرکردنەوەی لەسەرخۆ هەیە. فانۆن زۆر بەخێرایی لە خەباتی ئەلجەزایرەوە تێئەپەڕێ و لە باگەوازکردندا تووشی گومان نەبوو، و کارەکەی لەسەر ئەفریکای ڕەش هەمان شتە، ئەگەرچی بەستێنە ڕۆشنبیری و هەڵسوکەوتەکانی یەک شت نەبوون. هێشتا، فانۆن لەسەرەخۆیە و لەهەمان کاتدا کاردانەوەیشی هەیە، هێندێک شت کە ئێمە لە لێکۆڵینەوە دەروونپزیشکییەکاندا دەیبینین هەوکات هەم دەبن بە بنەمای شرۆڤە بەربڵاوترەکانی ئەو و هەم ئاسۆی تر بۆ بیرکردنەوە دەردەخەن.

بە واتایەکی تر ، بە ڕوانینەوە بۆ شەش دەیەی دواتری، کتێبەکەی فانۆنمان بەجۆرێک دێتە بەرچاو کە پێکهاتووە لە ڕوانگەی قووڵ و بەردەوام، و کۆمەڵێک کاری پەرەنەسەندوو و کەم پەرەسەندوو . ئەم میراتە تێکەڵاوە لە کاری نووسراودا کاریگەریی قووڵی فانۆنیان سنووردار نەکردووە. ئەو لە کاتی خۆی و لە دەیەکانی پاش مردنیدا، بەدڵنیاییەوە پاڵەوان و ڕۆشنبیرێکی ئیلهامبەخش بووە بۆ خەباتی دژە کۆلۆنیاڵی و دژە نەژادپەرەستی، ئاگاداری هەموو نووسراوەی بیرمەندانی جیهانی باشوور بوو. میلیشیاکانی ئامریکای لاتین وەک زۆر لایەنی تر، ڕوانینەکانی فانۆنیان بەستەوە بە کیشوەری ئەفریکا و باشووری ئاسیاوە.کاریگەریی ئەو لەسەر لێکۆڵینەوە کلتوورییەکانیش بەرچاوە. چەمکەکانی فانۆن باسوخواستی بێئەژماریان لەسەر نەژاد، نەتەوە، کۆچکردن، زمان، نوێنەرایەتیکردن، بینین، و زۆر بابەتی تر درووست کرد. ئەمە بەزۆری بەهۆی تواناییی تایبەتی فانۆنەوەیە لە تێکەڵبوون لەگەل ڕێبازە تیۆریکەکان و ، ئەو ڕێبازانەدا کە بە لێکدانەوە دیاردەناسییە دەوڵەمەندەکان لەسەر جەستە و دەروون لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵیدا تەیار بوون. لێرەدا “جۆرەکانی فانۆنیزم “ ی ڕێیلەند ڕاباکا(٢٠١١) بەتایبەتی بەهۆی کارکردنی وردیەوە بۆ نووسینەوەی بەربڵاوتری ئەمجۆرە شرۆڤانە لەسەر نەریتی بنەڕەتیی ڕەش، سەرنجڕاکێشە.

بڵاوکراوەکانی ئەم دواییانە و وەرگێڕانە سەر زمانی ئینگلیسیی کارە بڵاونەکراوەکانی فانۆن، کە لە نامەکانەوە تا ڕەشنووسی شانۆنامەیەک لەخۆ دەگرێت، بەدڵنیاییەوە ڕەهەندی نوێی ڕاڤەکردن دەکاتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ڕاڤەی فانۆن خولقێنەریی هاودەمەکانیەتی کە، ئەگەریش ڕەچەڵەکناسیی لێکۆڵینەوەی دەقیی بۆ بابەتی کاریگەرییەکەی نەکەن، لەولاوە کاریان کردووە بۆ ڕاڤە و پەرەپێدانی بیرۆکەکانی فانۆن. لەڕاستیدا، ئەمە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشترەکانی لێکۆڵینەوەی فانۆنە، ئەو شتەی کە هانڕی لویز گەیت بەباشترین شێوە وەک کاری فانۆن و لە جۆری تاقیکردنەوەی غۆشاغدا(Rorschach) لێکی داوەتەوە – زۆرتر لەوەی لە دەقدا هەیە لە فانۆن دەبیستین. ئەمە، بەڕاستی بەهۆی دەوڵەمەندیی بیرکردنەوەی فانۆنەوەیە.کتێبگەلی وەک “پێستی سوور، دەمامکە سپییەکان”ی (٢٠١٤) گلێن کووتارد و “پێستی قاوەیی، دەمامکە سپییەکان”ی (٢٠١١)حەمید داباشی، یەکەمین کاری فانۆنیان بە ڕوانین بۆ بیچمە هاوچەشن و لەهەمان کاتدا جیاوازەکانی ئەزموونی کۆلۆنیاڵی لەناو خۆجێییەکانی ئامریکای باکوور (کووتارد) و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (داباشی) سەرلەنوێ نووسیوەتەوە.نووسەرانی تر وەک هۆمی بهابها، نایگێل گیبسۆن، لویز گۆردۆن، ڕیچارد پیسووز، و ئەوانی تر، چەمک و دەستەبەندییەکانی فانۆنیان بە مەبەستی چارەسەری ئەزموونی دوورخرانەوە، کۆچکردن، دیاسپۆرا، ئەزموونی ئەفریکایی-ئامریکاییەکان و کاریبییەکان، خەباتی هاوچەرخی پۆست -ئاپارتایدی بۆ یەکسانی لە ئەفریکای باشوور، و زۆری تر، پەرە پێدا.ئەمجۆرە کارانە پێدادەگرنەوە لەسەر دەوڵەمەندی، توانای گەڕانەوە، و شیانی بیری فانۆن بۆ بڵاوبوونەوە لە جوگرافیا جیاوازە مێژوویی و کلتوورییەکاندا. توانای گەڕانەوە و شیانێکی وەها بەزۆری لە سەرنجی فانۆن بۆ کۆلۆنیکراو وەک هێزێکی لۆمپەن یان شۆڕشگێڕەوە هەڵێنجراوە، ئەو شتەی کە ئەو، زۆرتر لەوەی کە تەنیا چەقێکی ئیدیۆلۆژیکیی ئابستراکتی لێ درووست بکات، قووڵایییەکی لێکدانەوەیی و بوونخوازانەی زۆری پێدەدات. ئەم وردبینییە بۆ بوونی بەرگریی قووڵ لەنێوان جەماوەردا، تەنانەت لە ناوەڕاستی بیچمە قووڵ و بەهێزەکانی چەوسانەوەی کۆلۆنیاڵیدا، یەکێک لە گەورەترین یارمەتییەکانی فانۆنە بۆ تیۆریزەکردنی شۆڕشگێڕانەی ئاتلانتیکی ڕەش، جیهانی باشوور، و جەماوەرە پەراوێزخراوە نەژادیییەکان. بە ئەم هۆکارە کارەکانی فانۆن لە ژمارەی کتێب و هەژماری لاپەڕەکانی زۆرترە . بەدڵنیاییەوە، دیاریکردن و لێکدانەوەی بابەتی کۆلۆنیکراو لە ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵیدا بەو وردبینییەوە – دیاریی فانۆنە بۆ لێکۆڵەران، بەڵام گرینگتر لەوەیش دیارییەکەیەتی بۆ هەموو ئەوانەی لە خەباتی ڕادیکاڵیی بەدژی چەوسانەوەی نەژادیییەوە گلاون.

*. https://plato.stanford.edu/entries/frantz-fanon/


ژێدەر

سەرچاوە دەستی یەکەکان

  • Capécia, Mayotte, 1948, Je suis Martiniquaise, Paris: Corrêa. Translated as I Am a Martinican Woman in I Am a Martinican Woman/The White Negress: Two Novelettes, Beatrice Stith Clark (trans.), Pueblo, CO: Passeggiata Press, 1997.
  • Césaire, Aimé, 1955 [1972], Discours sur le colonialisme, Pris/Dakar: Présence Africaine. Translated as Discourse on Colonialism, Joan Pinkham (trans.), New York: MR.
  • Frantz Fanon, 1952 [2008], Peau noire, masques blancs, Seuil. Translated as Black Skin, White Masks, Richard Philcox (trans), New York: Grove Books, 2008.
  • –––, 1959 [1994], L’an V de la Révolution algérienne, Maspero. Translated as A Dying Colonialism, Haakon Chevalier (trans.), New York: Grove Books, 1994. Includes the essays

o “Algeria Unveiled”

o “The Algerian Family”

o “Algeria’s European Minority”

  • –––, 1961 [2005], Les damnés de la terre, Maspero. Translated as The Wretched of the Earth, Richard Philcox (trans.), New York: Grove Books, 2005.
  • –––, 1964 [1994], Pour la révolution africaine. Écrits politiques, Maspero. Translated as Toward the African Revolution, Haakon Chevalier (trans), New York: Grove Books, 1994. Includes the essays

o 1955, “West Indians and Africans”.

o 1956, “Racism and Culture”.

o 1960, “Unity and Effective Solidarity are the Conditions for African Liberation”.

o 1961, “Lumumba’s Death: Could We Do Otherwise”.

  • –––, 2006, The Fanon Reader, Azzedine Haddour (ed.), London: Pluto Press.
  • –––, 2014, Decolonizing Madness: The Psychiatric Writings of Frantz Fanon, Nigel Gibson (ed.), London: Palgrave.
  • –––, 2015 [2018], Écrits sur l’aliénation et la liberté, Jean Khalfa and Robert J.C. Young (eds), Paris: La Découverte. Translated as Alienation and Freedom, Steven Corcoran (trans.), London: Bloomsbury, 2018.
  • Guex, Germaine, 1950, La Névrose d’abandon, Paris: Presses Universitaires de France.
  • Sartre, Jean-Paul, 1946, Réflexions sur la question juive, Paris: Editions Morihien. Translated as Anti-Semite and Jew, George J. Becker (trans.), New York: Schocken, 1948.

سەرچاوە دەستی دووەکان

  • Alessandrini, Anthony C. (ed.), 2005, Frantz Fanon: Critical Perspectives, New York: Routledge. doi:10.4324/9780203979501
  • –––, 2014, Frantz Fanon and the Future of Cultural Politics, Lanham, MD: Lexington Books.
  • Batchelor, Kathryn and Sue-Ann Harding (eds), 2017, Translating Fanon Across Continents and Languages, New York: Routledge. doi:10.4324/9781315620626
  • Bhabha, Homi, 1994, The Location of Culture, New York: Routledge. doi:10.4324/9780203979501
  • Ciccariello-Maher, George, 2017, Decolonizing Dialectics, (Radical Américas), Durham, NC: Duke University Press.
  • Coulthard, Glen Sean, 2014, Red Skin, White Masks: Rejecting the Colonial Politics of Recognition, (Indigenous Americas), Minneapolis, MN: University of Minnesota Press.
  • Dabashi, Hamid, 2011, Brown Skin, White Masks, London: Pluto.
  • Farred, Grant (ed.), 2013, Fanon: Imperative of the Now, special issue of South Atlantic Quarterly 112(1/Winter).
  • Gates, Henry Louis, Jr, 1991, “Critical Fanonism”, Critical Inquiry, 17(3): 457–470. doi:10.1086/448592
  • Gibson, Nigel, 2011, Fanonian Practices in South Africa, London: Palgrave.
  • –––, 2017, Fanon: The Postcolonial Imagination, London: Polity Press.
  • Gibson, Nigel and Roberto Beneduce, 2017, Frantz Fanon, Psychiatry and Politics, Lanham, MD: Rowman and Littlefield Publishers.
  • Gordon, Lewis R., 1995, Fanon and the Crisis of European Man: An Essay on Philosophy and the Human Sciences, New York: Routledge.
  • –––, 2015, What Fanon Said: A Philosophical Introduction to His Life and Thought, New York: Fordham University Press.
  • Gordon, Lewis, T. Denean Sharpley-Whiting, and Renee T. White (eds), 1996, Fanon: A Critical Reader, Hoboken: Wiley-Blackwell Publishers.
  • Lee, Christopher J., 2015, Frantz Fanon: Toward a Revolutionary Humanism, Athens, OH: Ohio University Press.
  • Marriott, David, 2018, Whither Fanon? Studies in the Blackness of Being, Stanford, CA: Stanford University Press.
  • Mbembe, Achille, 2013 [2017], Critique de la Raison Nègre, Paris: Editions La Découverte. Translated as Critique of Black Reason, Laurent Dubois (trans.), Durham, NC: Duke University Press, 2017.
  • –––, 2016, Politiques de l’inimitié, Paris: La Découverte.
  • Nayar, Pramod, 2013, Frantz Fanon, New York: Routledge. doi:10.4324/9780203073186
  • Rabaka, Reiland, 2015, The Negritude Movement: W.E.B. Du Bois, Leon Damas, Aime Cesaire, Leopold Senghor, Frantz Fanon, Lanham, MD: Lexington Books.
  • –––, 2014, Concepts of Cabralism: Amilcar Cabral and Africana Critical Theory, Lanham, MD: Lexington Books.
  • –––, 2011, Forms of Fanonism: Frantz Fanon’s Critical Theory and the Dialectics of Decolonization, Lanham, MD: Lexington Books.
  • –––, 2009, Africana Critical Theory: Reconstructing the Black Radical Tradition, from W.E.B. Du Bois and C.L.R. James to Frantz Fanon and Amilcar Cabral, Lanham, MD: Lexington Books.
  • Sekyi-Otu, Ato, 1997, Fanon’s Dialectic of Experience, Cambridge, MA: Harvard University Press.

داگرتنی بابەت