ئارامتر بخوێنەوە

چۆن فڕانتز فانۆن

لە ڕێی شۆڕشی جەزائیرەوە گۆڕدرا؟*

پیتێر هۆدیس**

و: ڕێبوار ڕۆژهەڵات

  

هیچ شتێکی دەرهەست[١] لە ڕوانگەی سیاسیی فڕانتز فانۆنەوە دەربارەی وڵاتانی باشووری جیهان[2] نەبوو: لە خەباتی ڕزگاریخوازیی جەزائیردا هەڵبەسترا. ڕۆڵی فانۆن لەو خەباتەدا، قەناعەتی بە ناوبراو هێنا کە سەربەخۆییی نەتەوەیی بەبێ شۆڕشی کۆمەڵایەتی بێ مانایە.

شەستەمین ساڵڕۆژی مەرگی فڕانتز فانۆن لە ٥ی دێسامبری ساڵی ڕابردوودا، بووە بیانوویەک کە جارێکی دیکە بە بەرهەمەکانیدا بچنەوە. هەندێک سەرنجیان خستە سەر ئەوە بەشەی کە فانۆن بە ناوی «وەسیەتنامە»ی خۆی ناوی هێناوە: هەڵسەنگاندنی ڕێگە گۆڕینی ناوبراو لە شۆڕشەکانی ئەفریکا لە کتێبی داماوەکانی سەر زەوی (The Wretched of the Earth) دا، تەنیا چەند حەفتە بەرلە مردنی بە شێرپەنجەی خوێن لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا تەواو بوو.

هەرچەندە زۆر کەس لە کاتی بڵاوبوونەوەی کتێبی «داماوەکانی سەر زەوی»دا وەکوو «ئینجیلی شۆڕشی جیهانی سێیەم» ستایشیان کردووە و پێیان هەڵگوتووە، بەڵام ئەم کتێبە هەر بە شێوەیەکی سەرپێی و خشکەیی ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکای لاتین دەکات و، هەوڵ نادات بە تێروتەسەلی زۆربەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی ئەفریکایی شەنوکەو بکات کە لەوان سەردەماندا چالاک بوون. خاڵە سەرەکییەکەی تاڕادەیەک نێوبژیوانیی ورد لەسەر شۆڕشی جەزائیرە، کە نووسەرەکەی پاش ماوەیەک لە هاتنی بۆ جەزائیر لە ساڵی ١٩٥٣ەوە ڕاستەوخۆ تێیدا بەشدار بووە.


کۆڵەکەی جەزائیری

فانۆن بەڵگەی باشی هەبوو تا شۆڕشی جەزائیر وەک کۆڵەکە و پێشەنگی شۆڕشە بەربڵاوەکانی ئەفریکا ببینێت. لە کاتێکدا ئیمپریالیزمی فەڕانسە و بەریتانیا لە ئاخروئۆخرەکانی دەیەی پەنجادا ئامادە بوون کە سەربەخۆییی سیاسی بە هەندێک لە کۆلۆنییەکانی ئەفریکای خۆیان ببەخشن، بەڵام بابەتەکە لە جەزائیردا زۆر جیاواز بوو. ئەم وڵاتە ڕێژەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەورووپی لەخۆ گرتبوو کە پێوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ فەڕانسە هەبوو و تاڕادەیەک هەموو مەیل و داگەڕانێکی سیاسیی گەورەی فەڕانسە دژی سەربەخۆیی‌یان بوون – وەکوو حیزبی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان. پاریس دەیان هەزار هێزی سەربازیی بۆ سەرکوتی شۆڕش کۆ کردەوە. ئەم شەڕە خوێناوییە دژە شۆڕشە نزیکەی یەک ملیۆن کەسی کوشت.

فانۆن لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە ئەگەر شۆڕشی جەزائیر سەر نەکەوێ یان نەتوانێ «ئۆمانیزمێکی نوێ» لە وڵامی ئەو بێ‌مرۆڤبوونە پێک بێنێ کە کۆلۆنیالیزمی ئەورووپا بەرهەمی هێنا، دەوڵەتە تازە سەربەخۆکانی ئەفریکا دەکەونە ژێر دەسەڵاتی وردتر، کەچی دەسەڵاتی فێڵبازانەی نیۆکۆلۆنیالیزم لەوە کەمتر نابێ. داماوەکانی سەر زەوی (The Wretched of the Earth) تاڕادەیەک جێژنێکە بۆ گەشەکردنی داهێنان و خۆڕێکخستن کە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی جەزائیر لە ڕەوتی خەباتی چەکداریی دە ساڵەدا سەری هەڵداوە.

هەر وەکوو فانۆن لە لاپەڕەی دووەمی کتێبەکەدا نووسیویەتی:

لەنێوبردنی کۆلۆنیالیزم قەت وەپشت گوێیان نادرێت، چونکە تیشک دەخاتە سەر بوون و لە بنەڕەتدا دەیگۆڕێ و، بینەر لە دۆخێکی نابنەڕەتییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی بژاردە کە بە شێوەیەکی گەورە لە چەقی سەرنجی مێژوودا حاسێ بووە.

لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی توندی دا کە دەوڵەتە تازە سەربەخۆکان بەرەو ئۆتۆریتاریانیزم(پاوانخوازی) و شۆڤێنیزمی ئێتنیکی و خێڵگەرایی پاشەکشە دەکەن، ئەگەر نەتوانن بەرەو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێن کە ئەو فۆڕمە «دووبارەکراوە»ی پێوەندییە مرۆیی‌یەکان بنەبڕ بکات کە سەرمایەداریی ڕەگەزپەرەستی پێناسە دەکرد. وەکوو فانۆن بە شێوەیەکی پێغەمبەرانە دەڵێ: “ئەگەر ناسیۆنالیزم ڕوون، دەوڵەمەند و قووڵ نەکرێتەوە و، ئەگەر زۆر بەخێرایی نەگۆڕێت بۆ هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆڤدۆستی، دەچەقێ و بەرەو بنبەست دەڕوا”[3].


فانۆن وەکوو خەباتکارێک

فانۆن سەرەتا نەچووە جەزائیر بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە شۆڕش، بەڵکوو وەکوو پزیشکێکی دەروونی لە بیلدا-جۆینڤیل لە دەرەوەی جەزائیر درێژەی بە کاری خۆی دا. لە دوڕگەی مارتینیک لە کاڕائیبی ژێر دەسەڵاتی فەڕانسە لەدایک بووە، لەوان سەردەماندا زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆمەڵگەی باکووری ئەفریکا نەبوو، و بە عەرەبی و کابیلی قسەی نەدەکرد.

بەڵام ئەو قوتابییەکی بەدەستوبرد بوو و، پاش ئەوەی بەرەی ئازادیخوازیی نەتەوەیی(FLN)  لە یەکی نۆڤامبری ساڵی ١٩٥٤دا شۆڕشی هەڵگیرساند، وەکوو لایەنگر و پاشان وەکوو وتەبێژی ڕێکخراوەکە، چالاکانە لە مەیداندا بوو. زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین لەو کاتەوە تا کۆتاییی ژیانی، فانۆن بەتەواوی خۆی بۆ دۆزی سەربەخۆییی جەزائیر تەرخان کرد و، لە ساڵی ١٩٥٩ەوە وەکوو باڵیۆزێکی گەڕۆکی FLN لە وڵاتانی باشووری سەحرای ئەفریکا خزمەتی کرد و، چەندین جاران هەوڵی دا پشتیوانی بۆ شۆڕشەکە بچەسپێنێ.

سەرەڕای ئەمە، فانۆن لەمێژ بوو بەرلەوەی کتێبی داماوەکانی سەر زەوی (The Wretched of the Earth) بنووسێ، لەبەر هێندێک هۆکار نیگەرانی ئاراستەی FLN بوو. هەرچەندە FLN ڕوخسارێکی گشتیی یەکگرتووی پێشان دەدا، بەڵام FLN وەک هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، چەندین ئاراستە و مەیلی سیاسیی لەخۆ گرتبوو. بەشێکیان زۆر بەدڵی فانۆن بوون، وەکوو فەرماندەی FLN سلیمان دێهیلێس (ناسراو بە سەرهەنگ سادک). لە سەرەتاکانی ساڵی 1955 کە وەکوو بەشێک لە باڵی ماڕکسیستیی FLN دەناسرا، پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دێهیلێس دامەزراند.

لەوەش گرینگتر ڕامدان ئابانێ بوو. ئابانێ سۆسیالیستێکی سیکۆلار بوو و لە ساڵی ١٩٥٥ بوو بە ڕێکخەری سەرەکیی FLN لە جەزائیر و داڕێژەری شەڕی بەناوبانگی جەزائیر لە ساڵی ١٩٥٦-١٩٥٧ بوو. فانۆن بوو بە هاوپەیمانی ئابانێ و، لە زۆر ڕووانەوە وەک ڕاهێنەری سیاسیی خۆی سەیری دەکرد.

لە کاتی دەرکەوتنی گشتی لە ئاخروئۆخری ساڵی ١٩٥٤دا، FLN بەیاننامەی ئامانجەکانی بڵاو کردەوە، بەڵام ئەم «ڕاگەیاندنەی ڕۆنیۆد» دەربارەی ئایدۆلۆژیا، پێکهاتە و ئامانجەکانی کۆتاییی بزووتنەوەکە ناڕوون بوو. ناکۆکیی نێوخۆیی دەربارەی فۆڕم و ئاراستەی FLN خەریک بوو پەرەی دەستاند. ئەمەش وایکرد لە مانگی ئاگۆستی ١٩٥٦ کۆنفرانسێکی نهێنی لە شاری سومام بۆ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە ناکۆکییانە بگرن.

فانۆن بەشداری کۆنفرانسەکە نەبوو، بەڵام بە توندی پشتیوانی لەو هەڵوێستانە کرد کە بە دەستپێشخەریی ئابانێ لەوێ پەسەند کران. ئەو هەڵوێستانە جەختیان لەسەر پێشەنگایەتیی سەرکردایەتیی سیاسیی FLN بەسەر فەرماندە سەربازییەکانی و لەسەر ئەولەوییەتی «هێزەکانی نێوخۆ»ی بەسەر ئەوانەی لە دەرەوەی جەزائیرن، دەکردەوە. هەروەها لەم کۆنفڕانسەدا بڕیار درا کە FLN بڕیارەکانی لەسەر بنەمای بەکۆمەڵ و دێمۆکراتیک بدا و، جەختی لەسەر پێویستیی وەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ دۆزی خۆی لە فەڕانسە کردەوە، هەروەها بەڵێنی مافی یەکسانی بە کەمینە جوولەکە و ئەورووپییەکانی جەزائیر دوای سەربەخۆیی دا.


دابەش‌کردنەکان لە FLNدا

سەرەڕای ئەمە، گرژییەکان لەنێوان پێکهاتە ڕادیکاڵ، سیکۆلار – سۆسیالیستەکانی FLN و هێزە کۆنەپارێزەکان(کۆنسێرڤاتیڤ)، کە دەستەیەکیان لەگەڵ دەوڵەتێکی عەرەبی-ئیسلامیدا بوون، پەرەیان ستاند. بە پێی قسەی فەرهەت عەباس کە لە ساڵی ١٩٥٨ تا ١٩٦١ لە تەبعیددا ڕێبەرایەتیی دەوڵەتی کاتیی FLN ی دەکرد، ئابانێ لە کاتێکدا بە فەرماندە نیزامییەکانی گوت: “دەسەڵاتێکتان دروست کردووە کە لەسەر بنەمای هێزی نیزامی دامەزراوە، بەڵام سیاسەت بابەتێکی دیکەیە و نەخوێندەوار و نەزانەکان ناتوانن بەڕێوەی بەرن”. لە بۆنەیەکی دیکەدا گوتی: “ئەوان تەواو دژی ئازادی و دێمۆکڕاسین کە ئێمە بۆ جەزائیرێکی سەربەخۆ دەمانەوێ. . . دەسەڵاتی ڕەها ناتوانێ بەبێ ئالنگاری دەوڵەت بەڕێوە ببات”. فانۆن پشتیوانی لە هەڵوێستی ئابانێ کرد، کەچی زۆر کەسی دیکە لە FLN دا پشتیان تێکرد.

ئەحمەد بێن بێلا کە دواتر لە ساڵی ١٩٦٢ تا ١٩٦٥ بووە یەکەم سەرکردەی جەزائیری سەربەخۆ، نەیاری ئابانێ بوو و دژایەتیی کۆنفرانسی سومامی کرد. لە هاوینی ساڵی ١٩٥٧دا، ئابانێیان بە یارمەتیی عەبدولحەفید بوسوف و لاخدار بنتۆبال بە زۆر لە سەرکردایەتیی FLN دەرکرد. فانۆن کەیفی بەو دوو کەسەی دوایی نەدەهات و لێیان بێزار بوو. بە هاوڕێیەکی گوت کە ناتوانن «پێشبینیی هیچ شتێک لە دەرەوەی سەربەخۆیی بکەن» و «بەردەوام لەسەر دەسەڵات کێبەرکێیانە»:

لێیان بپرسە ئەم جەزائیرە لە داهاتوودا چۆن دەبێت و، هیچ سەرەداوێکیان نییە. بیرۆکەی دەوڵەتێکی سیکۆلار یان سۆسیالیزم، بیرۆکەی مرۆڤ بۆ ئەو بابەتە، ئەمانە کۆمەڵیک شتن کە بەتەواوی نامۆن. . . . ئەوان دەیانەوێ لەم جەزائیرە نوێیەدا دەسەڵاتیان هەبێت، بەڵام بۆ چ مەبەستێک؟ بۆخۆشیان نازانن. پێیان وایە هەر شتێک ڕاستییەکی سادە نەبێت، بۆ شۆڕش مەترسیدارە.

سەرەڕای ئەم ناکۆکییانە، فانۆن بەتەواوی بە FLN وەفادار مایەوە و، قەت بەئاشکرا ئەو ڕەخنانەی بە زمانیدا نەهات، تەنانەت ئەو کاتەی ئابانێ بە شێوەیەکی گوماناوی «بێ‌سەر و شوێن کرا» – دوای هاتنە سەر دەسەڵات لە ساڵی 1962دا، FLN دانی بەوە نا کە بەشێک لە هاوسەرکردەکانی کوشتوویانە.

تا کۆتاییی ژیانی، مەرگی ئابانێ لە فانۆنی نەدەبووەوە و هەر لەگەڵی بوو. سەرەڕای ئەمە، دەیزانی ئەگەر بە ئاشکرا باسی ناکۆکییەکان لەنێو FLNدا بکات، ئیمپڕیالیزمی فەڕانسە بۆ دابەشکردنی بزووتنەوەکە کەڵکی لێ وەردەگرێت. فانۆن ئەو دیسیپلینەی قبوڵ کرد کە وێدەچوو ئەندامیەتی لە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕدا وەربگرێت کە دژی دوژمنێکی بەهێز، خەباتی چەکداری دەکات.


ڕوانینی فانۆن دەربارەی سەربەخۆیی

ئالیس چێرکی کە ساڵانێکی زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ فانۆن کاری دەکرد، یەکێک لە دڵەڕاوکێ سەرەکییەکانی لە ساڵانی کۆتاییی ژیانیدا باس کردووە:

فانۆن نیگەرانی شێوەی ئەو کۆمەڵگا نوێیە بوو کە لە جەزائیر دوای سەربەخۆیی سەرهەڵدەدات؛ ئاسۆکان لێڵ و تەمومژاوی بوون – بورژوازییەکی نوێ کە ئامادە بوو لەو شوێنەدا درێژەی پێ بدا کە ئەوانی دیکە وازیان لێ هێنابوو، یان ململانێی دەسەڵات لەنێو خێڵە جوداوازەکاندا، یان بزووتنەوەیەکی ئایینی کە لە دیاریکردنی سروشتی دەوڵەتدا سەرکەوتوو بێت.

ئەم نیگەرانییانە ڕاستەوخۆ بنەمای بەڵگاندنەکانی لە کتێبی داماوەکانی سەر زەویدا (The Wretched of the Earth)داڕشت. خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییی جەزائیر بزووتنەوەیەکی فرە چینایەتی بوو کە لە جووتیاران، کرێکارانی شاری، «پڕۆلیتاریای لۆمپەن» و بورژوازیی نەتەوەیی پێک هاتبوو. سەرەڕای ئەو ڕۆڵە گرینگەی ئەندامانی چینی دووەم لە شەڕی سەربەخۆییدا دەیگێڕن، فانۆن لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە پاش هاتنە سەر دەسەڵات، ڕۆڵی پاشەکشەیی دەگێڕێت.

بەشێکی بەناوبانگ بە ناوی «داوی هۆشیاریی نەتەوەیی»، بورژوازیی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئەفریکادا وەک چینێکی مڵۆزم پێشان دەدا کە نە دەسەڵاتی ئابووریی و نە بیرۆکەیان هەبووە و لە ڕووی سیاسییەوە ئەمن نییە. لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵات، لەسەر حیسابی جەماوەر بەدوای بەرژەوەندیی تەسکی خۆیدا دەگەڕا:

هەربۆیە بۆ بیرکردنەوەی ئێمە، ئەرکی مێژووییی بۆرژوازییەکی نەتەوەییی ڕەسەن لە وڵاتێکی دواکەوتوودا، کە حاشا لە پێگەی خۆی وەکوو بۆرژوازی و کەرەستەی سەرمایە دەکات، بە تەواوی ملکەچی ئەو سەرمایە شۆڕشگێڕییەیە کە گەل نوێنەرایەتی دەکات.

فانۆن نووسیویەتی ئەم بابەتە «پرسیارە تیۆرییەکەی ورووژاند، کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا دەربارەی مێژووی وڵاتانی دواکەوتوودا هاتووەتە بەرباس، واتە ئایا دەکرێ بە شێوەیەکی کاریگەر قۆناغی بورژوازی تێپەڕێندرێت.»

«پەنجا ساڵی ڕابردوو» لێرەدا ئاماژە بە قۆناغی دوای شۆڕشی ڕووسیای ساڵی ١٩٠٥ دەکات، کە ماڕکسیستەکان بە چڕی مشتومڕیان لەسەری بوو کە ئاخۆ پێویستە قۆناغێکی گەشەسەندنی سەرمایەداری لەژێر ڕێبەرایەتیی بورژوازیی لیبراڵدا پاش ڕووخانی تێزاریزم هەبێت. ڕووسیا لەو سەردەمەدا وڵاتێکی دواکەوتوو بوو و، زۆرێک لە ماڕکسیستەکان پێیان وابوو کە ئەو وڵاتە ئامادە نییە دەستبەجێ بەرەو سۆسیالیزم بگوازرێتەوە. دواتر سەرکردایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت و ئینتەرناسیۆناڵی کۆمۆنیست ئەو فەرمانە تیۆرییانەی لە چوارچێوەی ڕووسیادا ئامادە کرابوون، بۆ نێو وڵاتانی دیکەی دواکەوتووی وەک چیندا بڵاو کردەوە.

فانۆن ئەم مشتومڕە مێژوویی‌یەی دەربارەی شۆڕشەکانی ئەفریکای سەردەمی خۆی هێنایە بەرباس لەسەر ئەو بنەمایە کە «قۆناغی بورژوازی هەر باسی ناکرێ.» چۆن پێشبینی کرد ئەمە ڕوو بدات؟ فانۆن بۆ یەکەم جار چەند ساڵ لەمەوبەر لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی ئێل موجاهید، ڕۆژنامەی FLN، کە لە تەبعیددا لە تونس بڵاو دەکرایەوە، باسی ئەم بابەتەی کردبوو و، بە بەردەوامی هاوکاریی دەکرد. لە کتێبی “شۆڕشی دێمۆکراتیک”دا نووسیویەتی: “لە جەزائیر شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی لە شۆڕشێکی دێمۆکراتیک جیا ناکرێتەوە”. ئەم شۆڕشە دێمۆکراتیکە لە دوو بەشان پێک هاتووە:

لە لایەکەوە پشت بە بەها بنەڕەتییەکانی مرۆڤگەراییی مۆدێرن دەبەستێ دەربارەی تاکێک کە وەکوو مرۆڤێک وەردەگیرێت: ئازادیی تاکەکەسی، یەکسانیی ماف و ئەرکی شارۆمەندان، ئازادیی ویژدان، کۆبوونەوەکان و هتد … هەموو ئەو شتانەی ڕێگە بە تاک دەدات، گەشە بکات و پێش بکەوێت و، دادوەری و داهێنانی تایبەتیی خۆی بە شێوەیەکی ئازادانە بەکار بهێنێ.

زەحمەتە بتوانین بەرگرییەکی بەهێزتر لە فرەییی دێمۆکراتیک وێنا بکەین. بەم حاڵەشەوە، فانۆن واوەتریش ڕۆیشت و ئاماژەی بەوەدا کە “لە لایەکی دیکەوە بیرۆکەی دێمۆکڕاسی کە دژی هەموو زوڵم و ستەمێکە، وەکوو چەمکێک لە دەسەڵات پێناسە دەکرێت. لێرەدا بەم مانایەیە کە سەرچاوەی هەموو دەسەڵات و سەروەرییەک لە خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت”. بەئاشکرایی پێی وابوو سەربەخۆییی نەتەوەیی دەبێ لە شێوەی کۆمارییەکی دێمۆکراتیک بێت کە لەجیاتی بورژوازی لەژێر کۆنترۆڵی جەماوەردا بێت. تەنیا چوارچێوەیەکی سیاسیی لەم شێوەیە دەتوانێ شۆڕشەکە گەشە پێ بدا تا ئەو ڕادەیەی ماڵئاوایی لە نامرۆڤایەتی‌بوونی کۆمەڵگەی سەرمایەداری بکات.


لامەرکەزییەتی سیاسی

فانۆن بە تەواوی ئاگاداری ئەوە بوو کە تێپەڕبوون لە هۆشیاریی «نەتەوەیی» بۆ «کۆمەڵایەتی»، لە سوڵتەی کۆلۆنیالیزمەوە بۆ داهاتوویەکی سۆسیالیستی، لە شەوێکدا وەدی نایەت. بۆ ئەوەی بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو بنێین، سەربەخۆییی نەتەوەیی دەبێ لەسەر بنەمای دێمۆکڕاسییەکی تەواو بێت و بە تەواوی لەنێو جەماوەردا بوار و زەمینە بخوڵقێنێت – کە زۆربەری هەرە زۆریان لە دۆسیەی جەزائیردا جووتیار بوون (بەپێی خەمڵاندنی فانۆن، لەسەدا ٨٢ی حەشیمەت). ئەو دەیگوت ئەگەر ئەوە ڕوو نەدات، وەدەستهێنانی سەربەخۆییی نەتەوەیی دەیسەلمێنێت کە «نێوزگ و کاکڵەکەی بۆش و بەتاڵ»ە.

کەوابوو چۆن کتێبی داماوەکانی سەر زەوی (The Wretched of the Earth)پێشبینیی تێپەڕاندنی دێمۆکراتیکانەی کرد کە تێیدا « هەموو دەسەڵات و سەروەرییەک لە خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت»؟ ناوەندی ئەمەش لامەرکەزی بوو. لە دژایەتیی ئەو مۆدێلە ناوەندییانەی گەشەسەندن کە بە کردەوە باوەش بە هەموو بزووتنەوە سۆسیالیستی و ناسیۆنالیستییەکانی ئەو سەردەمەدا دەکەن، فانۆن گوتی بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە «دیمیۆرج، گەلە و سێحر و جادووەکە هەر لە دەستی ئەواندایە»، میللەت دەبێ «تا ئەوپەڕی لامەرکەزی بێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “پێویسته‌ خۆمان له‌ ناوەندی کردنی هه‌موو شتێك له‌ پایته‌خت بەدوور بگرین”. نابێ بەرپرسانی دەوڵەتی لە شوێنێک نیشتەجێ بن، دەبێ ناچار بکرێن لە سەرانسەری وڵاتدا بێن و بچن، بۆ ئەوەی لە خەڵکی گوندنشین و شارەکان دانەبڕێن و پێوەندییان لەگەڵیان هەبێ. ئەمەش بەو مانایە نییە کە دژی نەتەوەیی کردنی کەرەستەکانی بەرهەمهێنانە:

کەچی ئاشکرایە و نابێت ئەم جۆرە نەتەوەیی کردنە لایەنی کۆنترۆڵی توندی دەوڵەتی هەبێ. . . نەتەوەیی کردنی کەرتی سێیەم واتە ڕێکخستنی دێمۆکڕاتیکی ناوەندەکانی کڕین و فرۆشتنە. بە مانای لامەرکەزییەتی ئەم ناوەندانەیە بۆ بەشداریی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا.

لە هەموویان زیاتر، فانۆن دژی بیرۆکەی تاک حیزبی بوو کە وەک «پێشەنگ»ی شۆڕش خزمەت بکات. بە توندی دژایەتیی خۆی لەگەڵ دەوڵەتە تاک حیزبییەکان وەک «فۆڕمی مۆدێرنی دیکتاتۆریی بورژوازی – بەبێ دەمامک، جوانکاری، زوڵم و زۆری کە لە هەموو ڕوویەکەوە بە شێوەیەکی ڕەشبینانە زەوت کراوە، « ڕاگەیاند. هەڵبەت دژی حیزبەکان نەبوو، بەڵام سوور بوو کە حیزبیش وەکوو میللەت دەبێت «تا ئەوپەڕی لامەرکەزی» بێت.

فانۆن لەبەر ئەوەی وەکوو باڵیۆزی FLN، کۆمەڵێک سەفەری کردبوو، بە تەواوی ئاگاداری ئەوە بوو کە دەوڵەتە ناوەندی و تاک حزبییەکان لەوان سەردەماندا حوکمڕانییان بەسەر زۆربەی وڵاتانی ئەفریکاییی تازە سەربەخۆدا دەکرد، لەنێو ئەو وڵاتانەی وێنەیەکی ڕادیکاڵتریان هەبوو وەکوو غانای کوامی نکروما و گینیای سێکۆ تۆرێ. بەدڵنیایی‌یەوە ئاگاداری ئەوە بوو کە ئەم مۆدێلە سیاسییە رێک ئەو مۆدێلەیە کە FLN خۆی بە «تاکە نوێنەری یاسایی»ی گەلی جەزائیر ڕاگەیاند و، دەیویست بنیاتی بنێ. فانۆن گرینگیی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییی یەکگرتووی لە کاتی خەباتی سەربەخۆییدا وەپشت گوێیان نەدا؛ بەپێچەوانەوە بەردەوام بەرگری لێدەکرد.

بەشیر ئەبومەننە لەم دوایی‌یانەدا باسی لەوە کردووە کە «بەدبەخت ئەو شوێنەیە کە فانۆن جیهانبینیی سیاسیی جێگرەوەکەی پەرە پێ دەدات، کە تێیدا سیاسەتی چینایەتی ئەولەوییەتی هەیە.» بەم حاڵەشەوە، کتێبەکە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە خەباتی نەتەوەیی تا ئەو کاتەی کۆلۆنیالیزم زاڵ بێت، ئەولەوییەت دەپارێزێ. بە توندی ڕەخنەی لەو کەسانە دەگرت کە دەیانگوت مرۆڤایەتی “قۆناغی داواکارییە ناسیۆنالیستەکانی تێپەڕاندووە . . . بەپێچەوانەوە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین، ئەو هەڵە قورس و گرانەی کە دەرئەنجامی خراپی هەیە، لەدەستدانی قۆناغی نەتەوەیی‌یە”.

لە ڕوانگەی فانۆنەوە، هەنگاونان لە هۆشیاریی نەتەوەیی‌یەوە بۆ هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، یەکەمیان وەلا نانێ، بەڵکوو قووڵتری دەکاتەوە: “هوشیاریی نەتەوەیی کە ناسیۆنالیزم نییە، تاکە شتێکە دەتوانێ ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیمان بداتێ.” تێپەڕاندنی ئەو ڕەگەزپەرستییەی کە جیهانی کۆڵۆنیکراوی پێناسە دەکرد، ناکرێ بە دەرهەست بوون لە هۆشیاریی نەتەوەیی یان شانازیی ڕەگەزی وەدەست بێت، بەڵکوو بە بەردەوامبوون لە ڕێگەی ئەوانەوە وەدەست دێت. هیچ کوێرەڕێیەک بۆ ڕزگاری نەبوو.

بەڵام فانۆن زۆر ئاگاداری ئەوە نەبوو کە دەستەبژێر و ئێلیتە سیاسییەکان بە خراپی کەڵک لە ناسنامەی ڕەگەزی یان نەتەوەیی وەردەگرن تا جەماوەر لە دەهەڵمەت‌گرتنی(ئالنگاری) دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانیان بەلاڕێدا بەرن. داماوەکانی سەر زەوی (The Wretched of the Earth) هۆشدارییەکی توند لە دژی هەر دوو ڕوانگەکان بوو.


دێموکڕاسی و ڕزگاری

سەرەڕای ڕێزلێنان لە کارەکانی فانۆن، زۆربەی نووسەران ئاوڕ لە قووڵیی پابەندبوونی ناوبراو لە دێمۆکڕاسیی تەواو نادەنەوە. بەو پێیەی ڕەخنەی خۆی لە بورژوازیی نەتەوەیی لە ئاستێکی گشتیدا هێنایە گۆڕێ و، ناوی تاوانبارانی تاکەکەسی یان ڕێکخراوەیی لە جەزائیر یان دەوڵەتانی دیکەی ئەفریکایی نەهێناوە، ڕەنگە زۆر بەئاسانی ئەو ڕەخنەیە تەنیا بۆ سازشکارانی نیۆکۆلۆنیالیزم وەک سێنێگال لیۆپۆڵد سێنگۆر لە سێنێگال یان فێلیکس هۆفۆ-بۆینی لە کەناری عاجدا دەکار بکرێت.

سەرەڕای ئەمە، دژی پرسی مەیلەو چەپی ڕادیکاڵ لەنێو شۆڕشەکانی ئەفریکادا بوو: «بورژوازیی نەتەوەیی، لەسەر ئاستی دامەزراوەیی، قۆناغی پەرلەمانی تێدەپەڕێنێ و دیکتاتۆرییەک لە جۆری نەتەوەیی-سۆسیالیستی هەڵدەبژێرێت.» لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕیبا، «خوری‌شۆر دەکران، لە بەندیخانە توند دەکران و، پاشان دە ژێرزەمینیان دەپەستاوتن».

پابەندبوونی فانۆن بە حوکمڕانییەکی دێمۆکڕاتیک کە بەتەواوی لەنێو جەماوەردا هەلی لەباری بۆ دەڕەخسا، بە کردەوە هەموو لایەنەکانی کتێبی داماوەکانی سەر زەویی نیشان دەدا. هەر وەکوو ماڕکس لەوە تێگەیشت کە سۆسیالیزم «بزووتنەوەی بەئاگا و سەربەخۆی زۆربەی هەرە زۆری، لە بەرژەوەندیی زۆرینەدایە». بەڵام بەپێچەوانەی ئەورووپا، ئەوە جووتیاران بوون نەک پڕۆلیتاریا کە «ڕێژەی هەرە زۆر»یان لە ئەفریکا پێک دێنا. هەربۆیە فانۆن وەک سوژەی شۆڕشگێڕانە ناساندنی.

ئەو تێڕوانینەی کە چینی کرێکاری کەمینە بە ڕێبەرایەتیی حیزبێکی پێشەنگی «دروست» دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی نوێ بنیات بنێ، بەتەواوی بۆی نامۆ بوو. هەروەها ئەو بیرۆکەیەش هەبوو کە جووتیارانی ژێردەستەی ئەڕتەشێکی «شۆڕشگێڕ» و بەدوور لە حوکمڕانیی دێمۆکڕاتیک دەیتوانی هەمان ئەرک ڕاپەڕێنێ. فانۆن هەڵوێستێکی هێنایە بەرباس کە دژایەتیی زۆربەی مەیل و داگەڕانە باوەکانی هەردوو چەپی ماڕکسیست و ناسیۆنالیستی-شۆڕشگێڕی دەکرد.

ئایا فانۆن لە ڕووی ئەزموونییەوە دەربارەی ڕۆڵی چینی کرێکار لە وڵاتانی ئەفریکادا ڕاستی دەگوت؟ بەڵگەکان سەلمێنەری ئەوەن کە لە نووسینەوەی، زۆری لێ بەپەلە بووە، هەرچەندە زۆربەی ڕەخنەگرانیشی زۆر زوو وایانزانی کە جووتیاران قەت ناتوانن ڕۆڵی سیاسیی سەربەخۆ بگێڕن. بەم حاڵەشەوە، ئەمە پرسیارێکی گرینگ نییە کە لە سەردەمی خۆماندا قسەی لەسەر بکەین، بەپێچەوانەوە دەبێ سەیری پێوەندیی هاوچەرخی چەمکی گواستنەوەی دێمۆکڕاتیکی ئەو بکەین.

شەست ساڵی ڕابردوو پڕ لە نموونەی مەیلی سیاسیی پلەبەندی و دەسەڵاتخواز بووە کە پێویستیی جۆرێک گواستنەوەی دێمۆکڕاتیکانەی بەرەو سۆسیالیزمیان وەپشت گوێ دەدا کە فانۆن پێشبینی دەکرد. ئەم ڕوانگەیە یەک لە دوای یەک شکستی هێنا. تەڤگەرە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمە وانەکانی ئەم ئەزموونەیان وەرگرتووە و، بەردەوام فۆڕمی پلەبەندی‌نەکراو و ئاسۆیی‌یان گرتووەتەبەر کە تایبەتمەندییەکەی مشتومڕی گشتیی ئازاد و کراوەیە دەربارەی هەموو ئەو پرسانەی کە لەبەردەم تەڤگەرەکەدان. ئەم تەڤگەرانە لە کردەوەدا تێڕوانینی نێو مرۆڤگەراییی نوێی فانۆنیان زیندوو کردووەتەوە کە بیرکردنەوەکەی ناوبراو لە جاران زیاتر ڕازی دەکات.

ئەمە بەو مانایە نییە کە فانۆن هەموو جۆرە پلانێکی پێشکەشی ئێمە کردووە کە چۆناوچۆن پێشەبڕەی کۆمەڵگای بورژوازی بدەینەوە. هێشتا لە کۆتاییی کاری خۆیدا بیری لەم گرفتانە دەکردەوە و خۆی دە زۆربەی بابەتەکان نەگەیاند و وازی لێ هێنان. هەرچەندە بە ئاشکرا هەموو لاپەڕەکانی کتێبی «داماوەکانی سەر زەوی»ی جەزائیری لە زەینیدا بوو، بەڵام ئەم کتێبە بە ڕوونی ڕەخنەی لە FLN یان کەسایەتی و مەیل و داگەڕانی پێشەنگ نەگرتووە. لە ڕوویەکەوە ئەمە قسەی لەسەر نەبوو: شەڕی سەربەخۆیی لەو کاتەدا هێشتا درێژەی هەبوو و، فانۆن پابەندی ئەوە بوو هیچ کارێک نەکا، لاوازی بکات. بەم حاڵەشەوە، ئەمە نیشانەی لاوازیی سەردەمی مێژووییی ناوبراو بوو.

لە کاتێکدا نەریتێکی گفتوگۆی کراوەی ماڕکسیزم لە ساڵانی دامەزراندنییەوە تا سەرەتاکانی دەیەی 1920 سەدەی ڕابردوو تایبەتمەندیی ماڕکسیزمی دیاری دەکرد، سەرهەڵدانی ستالینیزم بووە هۆی ئەوە کە نەریتی ناشتن، سەرکوت تا ڕادەیەکی زۆر لەبیر بکرێ.

ئەمە شوێنی لەسەر ڕوانگەی شۆڕشگێڕان لە سەرانسەری جیهاندا دانا، وەکوو ئەو شۆڕشگێڕانەی هاوشێوەی FLN کە هیچ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بە ڕێبەرایەتیی سۆڤیەتەوە نەبوو. ئەمڕۆ بە خۆشییەوە لەگەڵ واقیعێکی جیاواز بەرەوڕووین، کە دەرفەتی تێگەیشتنی نێوەرۆکی ئازادیخوازیی هزری فانۆن بە شێوەیەکی نوێخوازانە ئامادە دەکات.

*. https://rb.gy/vmx4r4

**. پیتێر هۆدیس لە کۆلێژی کۆمەڵایەتیی ئۆکتۆن مامۆستای فەلسەفەیە و، نووسەری کتێبی «فڕانتز  فانۆن: فەیلەسوفی بەربەستەکانە».

پەراوێزەکان

  1. Abstract
  2. The Global South وڵاتانی باشووری جیهان چەمکێکی نوێیە لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا کە بەشێوەیەکی گشتی ئاماژە بە ناوچەکانی ئەمریکای لاتین، ئاسیا، ئەفریکا و، ئوقیانووسییە دەکات. ئەم چەمکە، ئەم وڵات و ناوچانە دەگرێتەوە کە لە پەراوێزی دەسەڵاتدان و، لە دەرەوەی ئەورووپا و ئەمریکای باکوورن. وەرگێڕ
  3. ئەم وتەیەی فانۆن وەبیرهێنەرەوەی بۆچوونی دکتور قاسملوویە، سەرەڕای ئەوەی پێی وابوو ڕێگەچارەی کۆتاییی پرسی سیاسیی کورد، واتە پرسی نەتەوەیی، دەوڵەتی سەربەخۆیە، بەڵام ناسیۆنالیزمی توندڕەوی مەیلە‌و فاشیزمی مەحکوم دەکرد و بە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ ناوی دەبرد. هاوکات، بۆچوونی فانۆن جەخت لەسەر پێویستیی هەبوونی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەگەڵ شۆڕشی سیاسی و سەربەخۆیی دەکاتەوە و، بۆچوونەکانی دیکەی دکتور قاسملوومان وەبیر دێنێتەوە کە پرسی ڕزگاریی کوردستانی بەتەنیا بۆ پرسی سیاسی و نەتەوەیی دانەبەزاندبوو. پێی وابوو ڕزگاری دەبێ پڕۆسەیەکی فرەڕەهەند بێ و جگە لە پرسی نەتەوەیی و سیاسی، هێندێک پرسی کۆمەڵایەتی وەکوو چەوسانەوە و جیاوازیی چینایەتی، ئازادیی و، یەکسانیی جێندەریش بگرێتەوە. وەرگێڕ

داگرتنی بابەت