ئارامتر بخوێنەوە

تاوتوێی دینامیزمی هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم لە پەڕتووکەکەی فانۆن، داماوەکانی سەر زەوی*

سامۆئێل سینگلەر

و: ژینۆ ڕۆژبەیان

  

 (ئەوەی کە چۆن ئەوان هێشتا بە باشی ماون لای من نادیارە، پاش ئەو سەد ساڵەی کە نکۆڵی لە مرۆڤ بوونیان کراوە) (لی ٢٠١٥:٢٥٢)

فرانتز فانۆن، پزیشکێکی دەروونناس کە ڕۆڵێکی چالاکی بوو لە جەنگی سەربەخۆیی جەزایر لە حکومەتی کۆلۆنیالی فەڕەنسا، لە بابەتی هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم و بەربەستەکانی وڵاتی جیهانی سێیەم خاوەن بیرێکی سەرەکییە. پەڕتووکی (داماوەکانی سەر زەوی) کاریگەری قووڵی بوو لەسەر بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی ئەفریکی-ئەمریکییەکان و زۆر بە باشی پێیدا هەڵدراوە، بەڵام بێگومان کارێکی بێ باس و خواست نەبووە. (Fairchild 1994:191) بەتایبەت ڕوانینی فانۆن بە پێویستی تووندوتیژی وەک بەشێک لە خەباتی دژە کۆلۆنیالی بابەتی جێی ناکۆکی ڕخنەگرەکان بووە و بە گشتی بۆتە هۆی تۆمەتی (تیرۆریزم و دڕندەیی) (Smith, 1973:32) ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە کە بە وردی تاوتوێی پەڕتووکی (داماوەکانی سەر زەوی) بۆ شیکاریکردن و ڕوونکردنی بیردۆزییەکانی فانۆن لەسەر هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم بکرێت. ئەم شێکردنەوەیە لەسەر چەمکەکانی فانۆن دەبێت سەبارەت بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تایبەتمەندی مانەوی کۆمەڵگای کۆلۆنیالی، ڕۆڵی جووتیارە گوندنشینەکان، چینی کرێکاری شاری و ڕیبەرایەتی سیاسی لە خەباتی دژە کۆلۆنیالی و بە تایبەت ڕۆڵی توندوتیژی وەک بەشێکی پێویست لە هەڵوەشاندنەوەی کۆلۆنیالیزم و دروستکردنی ناسنامە و کلتوری نەتەوەیی دوای کۆلۆنیالیسم. ئەم وتارە باسی ئەوە دەکات کە هەرچەندە توندوتیژی چەقی بیردۆزییەکانی هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیاکی فانۆنە، ئەو پاڵپشتی توندوتیژی هەڵبژێردراو و ئارەزوومەندانە ناکات بەڵکو مەترسییە جەستەیی و دەروونییەکانی توندوتیژی بێ هۆکار دەناسێنێتەوە. بیردۆزییەکانی فانۆن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کۆلۆنیالیسم هەرچەندە بێ کێشە نین و ناڕوونییان پێوە دیارە بەڵام سەبارەت بە کاریگەرییە سیاسی و دەروونییەکانی سەرکوت و لە مرۆڤایەتی خستن هۆشیاری دەدات و هێشتا پەیوەندیدارە بە تێوەگلانەکانی ئێستای ڕۆژاوا لە جیهان.

بە پێی وتەکانی فانۆن، جیهانی کۆلۆنیالی وەک ڕووبەڕوو بوونەوەی دوو هێز وایە، ئەوانەی کۆلۆنیال دادەنێن و دانیشتووانی ڕەسەن، و پێناسە کردن و سەقامگیر کردنی بە توندوتیژی دەکرێت (٢٠٠١:٢٨).  حوکمی کۆلۆنیال بە وڵاتانی ئەوروپی جێبەجێ دەکرێت بۆ چەوسانەوەی سەرچاوەکانی ناوچەی کۆلۆنی کراو و بە پێی فانۆن بەڕاستی (ئەوروپا جیهانی سێیەمی خولقاندووە) (Ibid:81). بە پێچەوانەی کۆمەڵگا سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکان کە بەکارهێنانی ئابووری جەماوەر ڕووکێشی کەڵەپێکهاتەکانی دامەزراوەکانی پێوەیە وەک ئایینی ڕێکخراو یان سیستەمی پەروەردە، بەکار هێنان لە کۆلۆنیاکان ئاشکرایە، هەر بۆیە بە چەوسانەوەی توندوتیژانە ئەنجام ئەدرێت و جیهانێکی مانەوی لەسەر بنەمای جیاوازی ئاشکرای کۆلۆنیاکەر و کۆلۆنیاکراو دروست دەبێت. شێوەیەکی ناوەندی سەرکوت کردنی دانیشتووە ڕەسەنەکان لە مرۆڤایەتی خستنیان و لە ناوبردنی کلتوری نەتەوەییانە (Fairchild 1994:192). ئەمەش بە بەکارهێنانی زمانێکە بۆ سوکایەتی کردنی خەڵکەکە و هێنانە خوارەوەیانە تا ئاستی ئاژەڵەکان، بەکارهێنانی  بیردۆزی ڕەگەزپەرستی  (زانستی) بچوک کردنەوەی خەڵکەکە و هێرش کردنە سەر کلتوری ڕەسەنیان بەدی دێت (fanon, 2001: 32-33, 244; 2004:43). کۆلۆنیالیستەکان پابەندن بە لەناوبردنی خەڵکە ڕەسەنەکان بە بەکارهێنانی کلتورێک کە لە ڕاستیدا هێنانی ناسنامەیەکی جیاوازە و کار لەسەر کۆتا پارچە دەستلێنەدراوەکانی بوونی نەتەوەییان دەکات و وەک هەڵسوکەوتی ئایینی، سێحراوی و دەمارگرژانە پیناسەیان دەکات (Fanon, 2004:43-44, 46). لە مرۆڤایەتی خستنی خەڵکەکە خزمەت بە دوو ئامانج دەکات. یەکەمیان، ڕێگە دەدات بە کۆلۆنیالیست لە ناکۆکییەکانی نێوان بەها ڕۆژاواییەکانی دێمۆکراسی و بەرابەری لە لایەک و سەرکوتی توندوتیژانە و نادێمۆکراسییانەی خەڵکەکە لە لایەکی دیکەوە ڕابکات (Rabak, 2010:115). دووەمیان، لەناخەوە لە مرۆڤایەتییان دەخات و پەیوەندیە کۆلۆنیالە توندوتیژانەکان هەستی خۆبوونیان لەناو دەبات (Gibson, 2003:107) کە بە هۆی بڕوا بە قەزا و قەدەر ڕێگە بە کۆلۆنیالیست دەدات بەکاریان بێنێت کە ئەمە خۆی هەموو تاوانەکان لەسەر سەرکوتکار لادەبات (Fanon, 2001:42). هەرچەندە کەرستەی لەمرۆڤایەتی خستنی خەڵکەکە زۆرە بەڵام هێچکات بە تەواوی بڕوا بەوە ناکەن کە کەمترن و ڕێک لەو کاتەی خەڵکەکە لە مرۆڤ بوونی خۆی تێدەگات دەست بۆ چەک دەبات و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر دەکات (Ibid:33). بە واتایەکی دیکە، پێویستی بە کار هێنانی توندوتیژی و هاوکات مانەوەی حوکمی کۆلۆنیال تۆی لەناو چوونی دەچێنێت.

دژوێژانە و پارادۆکس ئەوەیە کە بەکارهێنانی بەردەوام و زۆری هێز لە لایەن کۆلۆنیالیست دەسەلمێنێت کە کۆنترۆڵی لەدەست نەماوە و دوابەدوای ئەوە پێش  دەگرێت بە لە مرۆڤایەتی خستنی خەڵکەکە (Gibson, 2003:109). لە ڕاستیدا، مەکینەکانی سەرکوتی کۆلۆنیالیست هەرچەند لە لایەکەوە حوکمی کۆلۆنیال بە زۆری بەسەر خەڵکەکە دەسەپێنێت بەڵام ڕێک هەر ئەوەش دەبێتە هۆی هەستانەوە و هێرشی خەڵکەکە. هەر وەک فانۆن بە زەقی باسی دەکات هێمای دەستورە کۆمەڵایەتییەکان هاوکات هەم قەدەغەکەر و هەم هاندەرن: چونکە ئەو پەیامە ناگەیەنێت کە (نەکەن بجوڵێن) بەڵکوو هاوار دەکات (خۆتان بۆ هێرش کردن ئامادە بکەن) (2001:41). هەرچەندە لەبەر ئەوەی پەیوەندییەکانی لە مرۆڤایەتی خستنی کۆلۆنیالیست لە ناخی خەڵکەکەی داوە، هێرشی خەڵکەکە دەست بەجێ ئاراستەی کۆلۆنیالیست نابێت، بەڵکو ئەو توڕەیی و کپکراوەیان سەرەتا بە بەجێهێنانی کلتوری نەتەوەیی و بە تایبەت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان خەڵکەکە و بنەماڵەکان خۆی دەردەخات کە کۆلۆنیالیست بۆ بەهێزتر کردنی خۆی کەڵک لەو کەلێنانە وەردەگرێت و خراپتریان دەکات (Sartre, 2001:16). هەرچەندە ئاشکرایە کە بیردۆزییەکانی فانۆن لەسەر هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم پێدەچێت فەلسەفەیەکی ماددی ناچارانە بن تا ئەو ڕادەیەی کە ناکۆکییەکانی ناوخۆی کۆلۆنیالیزم بە ناچاری دەبێتە هۆی بەرخۆدانی دژەکۆلۆنیالیستی و توندوتیژی، بەڵام لەم فەلسەفە ناچاریانە دوور دەکەوێتەوە لە پێناو ڕۆڵی هێزی مرۆڤ لە گەڕانەوەی ئاراستەی توڕەبوونەکە بەرەو کۆلۆنیالیست (Fanon, 2001:46,108; Forsythe, 1973:162).

ئەم ڕووە ناوەندییانەی شیکارییەکانی فانۆن کە کار لەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حوکمی کۆلۆنیال و ڕۆڵی مرۆڤ لە لابردنی دەکات قەرزدار بوونی ڕۆشنبیرانەی بە مارکس دەردەخات (Martin, 1970: 385). هەرچەندە شیکارییەکانی جاربەجار لە شێکارییە نەریتییەکانی مارکس دوور دەکەونەوە و ڕێگە نادات بە توانج گیرەکان لە وەک کەسێکی بەئاشکرا مارکسی ناوی لێبنەن (Forsythe, 1973:160). لە شیکارییەکانیدا فانۆن کەڵک لە پۆلێنکردنی چینەکانی مارکس وەردەگرێت کە لەسەر بنەمای پەیوەندی لەگەڵ بەرهەمهێنانە بەڵام هاوکات تێدەگات کە ئەم پۆلێنکردنە ناتوانی لە ڕەگەز و ڕەگەز پەرستی جیا بێت کە خۆی بەشێکی لکاوە بە کۆمەڵگای کۆلۆنیالەوە (Fairchild, 1994:193). هەرچەندە فانۆن پێوەرەکانی مارکس بەکار دێنێت بۆ پیناسە کردنی چینە کۆمەڵایەتییەکان بەڵام هەڵسوکەوتە سیاسییەکانیشیان شیکاری دەکات و بە شیکردنەوەی بەرژەوەندی ئابوورییان، قەبارە و ڕێژەی توانەوەیان لە سیستەمی کۆلۆنیال ڕۆڵیان لە خەباتی دژە کۆلۆنیالیستی پێناسە دەکات (Caute, 1970: 75). لەبەر ئەوەی فانۆن وا دادەنێت کە جووتیاری گوندنشینانە چینی شوڕشگێڕەکان دروست دەکات نەک پرۆڵتاریای شارستانی، فانۆن لە مارکس دادەبڕی (Fanon, 2001:47). لە سیستەمی کۆلۆنیالیستیدا، ئەگەر مەکینەی کۆلۆنیالیزم بە نەرمی کار بکات، چینی کرێکاری شارستانی بەشێکن لە کۆمەڵگای ڕەسەن کە زۆر پیویستن و جێگرەوەشیان نییە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی پێگەیەکی مافدار لە سیستەمی کۆلۆنیالدا (Ibid,:86). بە پێچەوانەی جووتیاری گوندنشینانە کە لە شۆڕشی دژەکۆلۆنیالیستیی توندوتیژانە هیچیان بۆ لەدەستدان نییە، پرۆلتاریای شارستانی  حەزدەکەن دەکەن لەگەڵ حاکمەکان دانوستان بکەن و لەگەڵیان پێکبێن کە ئەمە هیچکات سەربەخۆیی تەواو و دامەزراندنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی سەرکەوتووی لێ نابێتەوە. لە راستیدا ئەگەر کۆمەڵی جووتیار نەچنە ناو ڕیزی خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی ئەوە کۆلۆنییەکی بورژووازی لێدەکەوێتەوە (Fanon, 2001: 132-134). ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی کەمبینی نەتەوەیی و پشتبەستوویی ئابووری بە هێزی کۆلۆنیالیستیی پێشوو (Fairchild, 1994:196). سەرەڕای ڕەفتاری شەڕاژۆیی، بەرخۆدان و شۆڕشی جووتیاری گوندنشینی، فانۆن دان بەوەدادەنێت کە خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی پێویستە بەجوانی ڕێک بخرێت و دوودڵە لەوەی کە جووتیارەکان خۆیان بتوانن ڕێکی بخەن. بۆیە فانۆن ڕێبەرێکی سیاسی شاری بە پێویست دەزانێت کە توشی هەڵەی بینینی ناڕەزامەندی کۆمەڵگای شاری بۆ بەشداری کردن لە بەرخۆدانی شەڕانییانە نەبێت تاکوو توانا شۆڕشگێڕانەکانی جووتیاری بە باشی بناسێتەوە. بۆ بەدی هاتنی ئەمە پێویستە بچنە ڕیزەکانی ناوچە گوندنشینەکان تاکو بە یەکخستنەوە و ڕاهێنانی سیاسی خەڵکی گوند نشین  خەباتی دژە کۆلۆنیالیستی ڕێبەرایەتی بکەن (Fanon, 2001:100-101, Perinbam, 1973:437-438). فاکتەرێکی گرنگ لە ڕێکخستنی بەرخۆدانی دژە کۆلۆنیالیستی و بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانی خەڵکەکە ئەوەیە کە لە ژێر یەک ناسنامەی نەتەوەیی شۆڕشگێڕانە یەکبگرنەوە. چەقێکی دروستکردنی ئەو ناسنامەیە لە کاتی خۆی بەکارهێنانی توندوتیژیە.

هەروەکوو بیرمانە، ئەوە توندوتیژی خۆی سیستەمی کۆلۆنیالیستییە کە بەرخۆدان و شەڕاژۆیی لە ناو خەڵکەکە دروست دەکات. لە ڕووی دیالێکتیکی، ئەو توندوتیژییەی لە ڕادەبەدەری دا‌مەزرێنەرە کە بنەمای دروستبوونی سەرجەم جیهانی کۆلۆنیالییە و بە خەڵکەکە دەسەلمێنێت کە تاکە زمانێک کە دامەزرێنەر لێی تێدەگات توندوتیژییە و شەڕە و لە خەباتی دژە کۆلۆنیالیستی  گرینگییەکی زۆری هەیە (Fanon, 2001:66). لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بەرخۆدان ناسنامەی نەتەوەیی یەکگرتووی خەڵکەکە لە ڕێگەی بەراورد کردنەوە بە تەواوی جیاواز دەبێت لە دامەزرێنەرانی کۆلۆنیالیسم و بەکار هێنانی توندوتیژی دژی کۆلۆنیالیسم دەبیتە هۆی ناسینەوەی دەستبەجێی تاوانبارەکەی وەک بەشێک لە خەباتی نەتەوەکە: (پرۆسەی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکە) (Fanon, 2001:54). بەکار هێنانی زیاتری وتاری شەڕ، کە وەک ئامرازێکە لە دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، لەگەڵ زۆرتر بوونی گوشاری کۆلۆنیالیزم وەک بەرپەرچدانەوەی هەڵسانەوەی جەماوەرەکە تەنیا خزمەت بە بەهێز بوونی یەکگرتنەوەی خەڵکەکە دەکات نەک تێکچوونی (Ibid,:56). بە پێی بۆچوونی فانۆن بە پێچەوانەی توندوتیژی کۆلۆنیالیستی کە بۆ سەرکوت کردن و مانەوەی خۆی و پێکهاتە سەرکوتکارانەی کۆلۆنیالیزمە، توندوتیژی دژە کۆلۆنیالیستی دروستکەرە و بەنرخە چونکە دەیەوێت ئەو پێکهاتە سەرکوتکەرانە لا بەرێت و ئامانجی ئازاد کردنی خەڵک و بنیاتنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی نوێیە (Gibson, 2003: 115). هەر چەندە هەندێک نەتەوە لەسەر بۆچوونی ئێنگێڵز دەڕۆن کە (توندوتیژی بە پڕچەک کردن دەبەسترێتەوە) (وەک لە پەڕتووکی فانۆن هاتووە، ٢٠٠١:٥٠)، و لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزی گەورەی سوپای کۆلۆنیالیستی پێگەیەکی قەزا و قەدەرانە هەڵدەبژێرن. هەرچەندە فانۆن باس دەکات کە زۆربوونەوەی توندوتیژی کۆلۆنیالیستی لەبەر بارودۆخی ئابووری کۆلۆنیالیست سنووردار دەبێت چونکە نە دەتوانێت هەموو جەماوەرەکە بکوژێت و نە دەتوانیت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی بەرگری خەڵک کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت سیستەمیکی کۆلۆنیالیتیی سەرکوتکەری چڕ ڕابگرێت (Martin, 1970:392). هەروەها چوارچێوەی نێودەوڵەتی هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم لە وڵاتانی دیکە لەوانەیە بەرپەرچدانەوەی کۆلۆنیالیست لە بەرانبەر خەباتی نەتەوەیی خەڵکەکە کەمتر بکات (Fanon, 2001:55). هەر بۆیە بەرخۆدانی دژە کۆلۆنیالیستیی توندوتیژانە و گرنگییەکەی لە یەكخستنی خەڵکەکە دژ بە دوژمن کە هەر دامەزرێنەرەکەیە دەمینێتەوە و خەڵکەکە لە نەهامەتی و بێکردەوەیی ڕزگار دەکات (Gibson, 2003:118). ئەمە بۆ ئەوە نیە کە بگوترێت لە ڕوانگەی فانۆن توندوتیژی بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەی بێ ئامانجە یا خود تەنیا توندوتیژی بەسە بۆ بنیاتنانی کلتورێکی نەتەوەیی سەربەخۆ. لە ڕاستیدا فانۆن بە باشی دەزانێت کە مەترسییەکان و کێشەکانی بەکارهێنانی بێ‌سنووری توندوتیژی چین.

لە ڕاستیدا وەسفی فانۆن لە کاریگەرییە زیانبەخشە دەروونییەکانی توندوتیژی لەسەر هەندێک لە نەخۆشە ئەلجەزیرەییەکانی ڕوونی دەکاتەوە کە ئەگەرچی لە هەندێک حاڵەتدا توندوتیژی بە شتێکی نەگریسی پێویستی دەزانێت بەڵام زۆر لێی بێزارە (Martin, 1970:383).  بەهای توندوتیژی تەنیا وەک بەشێکە لە خەباتی دژە کۆلۆنیالیستی کە ڕێگەی خۆناسینەوە دەکاتەوە و تەنانەت لەو چوارچێوەشدا توندوتیژی بێزارکەرە و تێچووی هەیە. لە ڕوانینی فانۆن (هەموو کوشتنێک وەک لە مرۆڤایەتی خستن پێناسە دەبێت) (Caute:1970:87). توندوتیژی  بە بێ هۆکار لە درێژخایەندا لە ڕووی دەروونییەوە سەقامگیر نییە و هەر بۆیە پێویستە ئامراێزێک بێت بۆ ئامانجێکی بەرزتر نەک بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەی بێ ئامانج بێت. لە نەبوونی ئەو ئامانجە ڕوونانە خەڵکەکە لە خەباتی دژی سەرکوتی کۆلۆنیالیستی سارد دەبنەوە و ئەگەری زۆرە بەو مافە هیچ و پووچەی کۆلۆنیالیست ئەیداتێ لە بەرانبەر ملکەچ بوونی خەڵکەکە ڕازی بن (Fanon, 2001:112). بۆ بەردەوامبوونی خەڵکەکە لە خەبات پێویستە خەڵکەکە بزانن بە کام ئاراستە و بە چ هۆکارێک بەردەوامن (Ibid,:156). توندوتیژی دژەکۆلۆنیالیستی بە تەنیا دەتوانێت ناسنامەیەکی نەتەوەیی جیاواز لە دامەزرێنەری کۆلۆنیالیست دروست بکات و بۆیە ناتوانێت بوونێکی سەربەخۆی خەڵکەکە لە سیستەمی کۆلۆنیالیستیدا بسەلمێنێت (Gibson, 2003:123).

پاشان دروستکردنی کلتور و ناسنامەیەکی سەربەخۆی ڕاستەقینە پێویستە کە سەرکردە سیاسییەکانی بزوتنەوەی دژە کۆلۆنیالیستی ڕوڵێکی گرنگی تێدا دەگێڕن. ئەم کلتور و ناسنامە نەتەوەییە یەکەم جار بە ڕوانینی ڕابردوو دروست ئەبێت و چاک کردنەوەی مێژووی خەڵکەکە لەو بێ جوڵەییەی کە سیستەمی کۆلۆنیال بەسەریاندا سەپاندووە و دواتر بە ڕوانینی داهاتوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگایێکی نوێ بەرەو پێشکەوتن (Fanon, 2001:40, 252-255). لە ڕوانینی فانۆن، ئەم کلتور و ناسنامە نوێیە بۆ ئەوەی بەسوود و سەقامگیر بێت پێویستە نەتەوەیی بێت نە بۆ نموونە سەر بە ڕەگەز یان قاڕەیەک بێت (Ibid,:174-176). هەروەها گرنگە لەبیرمان بێت کە لە جیاتی ڕەتکردنەوەی ئاشکرای هەر یەک لە بەها  ئەوروپییەکان یان تەواویان، ئەم ناسنامە نەتەوەییە سەربەخۆیە پێویستە دووربینییەکی ئەرێنی هەبێت بە بێ ئەوەی تاوانەکانی ئەوروپا لە بیر بکات یان بیهەوێت چاو لە ئەزموونی ئەوروپییەکان بکات (Ibid,: 254; Rabaka, 2010:200-201).

بینینی فانۆن بە نسبەت ئەم کلتورە نەتەوەییە سەربەخۆ و نوێیە بە ڕوونی کێشەی هەیە. بۆ نموونە، لەو کاتەی سوورە لەسەر ئەوەی کە ناسنامەیەکی نەتەوەیی دروست بێت نە ناوچەیی یان ڕەگەزی، ئەم ڕاستییە نابینێت کە نەتەوەکانی ئەفریقا بەرهەمی دەستەبژێری کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بوون کە زۆرجار لە ناو خۆیاندا لەسەر بنەمای عەشیرە و زمان جیا بوونەوە (Caute, 1970: 80-81). لەوانەیە لەبەر ئەوەی لە ناو خەباتی سەربەخۆیی ئەلجەزایردا بوو، ڕوون و ئاشکرا نیە کە ئایا فانۆن لە ڕاستیدا شێوازی کارکردنی هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم وەسف دەکات یان  ئەوەی کە ئەم پڕۆسەیە دەبێ چۆن بێت باس دەکات (Ibid,: 68; Perinbam, 1973: 441-111). فانۆن هەروەها گلەیی ئەوەی لێ دەکرێت کە ڕۆڵی کەموکوڕییەکانی پێکهاتەیی و ئابووری نەبینیوە و بۆیە لە ئەگەری گۆڕانکاری زێدەڕەوی کردووە (Burke, 1976: 128). ئەمە لەوانەیە لە وەرچەرخانی نیولیبەڕاڵدا لە دوای دەیەی ١٩٧٠ زەقتر بووبێت، لەو کاتەی کە وڵاتە تازە سەربەخۆکان پێدەچوو لە پێکهاتە نێئوکۆلۆنیالیستەکانی بەکارهێنانی بازرگانی ڕزگارییان نەدەبوو (Harvey, 2005:56). هەر چەندە لەگەڵ هەموو ئەم کەموکوڕییانە بایەخی بیردۆزییەکانی فانۆن لەسەر هەڵوەشانەوەی کلۆنیالیزم زۆر ئاشکرایە. لە ڕاستیدا تەنانەت ئەوانەی ڕخنە لە ڕاستبوونی شیکارییەکانی دەگرن ڕێز لە بایەخی ڕەوانبێژی پڕ ئێلهامەکەی دەگرن (Burke, 1976:127). شیکاری فانۆن لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری توندوتیژی لە دامەزراندنی کۆلۆنیالیزم بەتایبەت زۆر دووربینانەیە و لە بابەتی هەبوونی دەستی ڕۆژاوا لە ناوچەگەلیک وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جێی خۆیەتی و لەو شوێنانە لە راستیدا پێدەچێت پەیوەندییەک هەبێت لە نێوان زاڵبوونی رۆژاوایی هەستپێکراوی خەڵکە ڕەسەنەکە و بەرخۆدانی توندوتیژانە (Sidanius et al., 2015:3, 12).

لە کۆتاییدا، ڕوون و ئاشکرایە کە بیردۆزییەکانی فانۆن لەسەر هەلوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم هەر چەندە بێ کێشە و کەموکوڕی نین بەڵام لە کاتی ئێستادا بایەخیان ماوە. بەدەر لە “دۆزینەوەی هۆکار بۆ توندوتیژی” (Coser, 1967:211)، فانۆن توندوتیژی لە ناو دامەزراندنی کۆلۆنیالیستی بە شێوازێکی دیالێکتیکی وەسف دەکات و بە دڵنیاییەوە پاڵپشتی لە توندوتیژی قیزەوەن ناکات بەڵکو دان بەوەدا دەنێت کە بەکار هێنانی توندوتیژی دژە کۆلۆنیالیستی نەگریسییەکی پێویست و پێکهاتەیەکی گرنگە لە پرسی خەڵکی ڕەسەن بۆ خۆ ناسینەوە و دروستکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی کە بە ڕاستی هیچ کاریگەرییەکی کۆلۆنیالیزمی بەسەردا نەبێت. ئەمە دووربینی فانۆنە بۆ دیالێکتی توندوتیژی و دەبێت هۆشدارییەکانی لەسەر مەترسییەکانی گۆڕینی سیستەمەک بۆ سیستەمەکی دیکە لە کاتی هەڵسەنگاندنی بوونی رۆژاوا لە جیهان و ئاستی ڕاستەقینەی سەربەخۆیی کۆلۆنییەکانی پێشوو لە دوای هەڵوەشانەوەی فەرمی کۆلۆنیالیزمەکان ڕەچاو بکەین.

*.https://www.e-ir.info/2016/05/03/examining-the-dynamics-of-decolonisation-in-fanons-the-wretched-of-the-earth/

داگرتنی بابەت