چەپی دواکەوتوو و هێرشی چەپەوانەیان بۆ سەر کوردایەتی
پێشەکی
هاندەری من بۆ نووسینی ئەم وتارە وڵامدانەوە بە وتاری سەلاحەدین ئەحمەدە کە لە ژێر ناوی “نەژادپەرەستی ناتوانێت کەس ئازاد بکات: سپاردنی پێشمەرگە بە ڕابڕدوو، کۆتاییهێنان بە شۆڤێنیزم، و ڕێگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم” لە ڕێکەوتی ٢٩/١٠/٢٠٢٢ لە سایتی دەنگەکان بڵاوی کردووەتەوە. سەرەتا دەکرێ کۆی بەڵگاندنەکەی بەم شێوەیە کورت بکەینەوە: بە باوەڕی سەلاحەدین کوردپەوەری/کوردایەتی کاردانەوەیە دژی شۆڤێنیزمی گرووپێکی سەردەست و هەر بۆخۆشی شۆڤێنیزمێکی دیکە دروست دەکا. کوردایەتی تایبەتمەندی نەژادپەرەستانەی هەیە و لە جیاتی ئەوەی خەڵکی پەراوێزخراو/ژێردەست ڕزگار بکا دەیکاتە “قوربانیی موتڵەقی مەرگ.” ئەو پێیوایە نوخبەی ناسیۆنالیستی کورد دەیهەوێ بزووتنەوەی مەهسا/ژینا بکاتە هەوێنی دوژمنایەتییەکی نەژادپەرەستانەی کورد و فارس کە تیایدا کورد دژایەتی “دەیان ناسنامە و زمانی دیکە دەکا کە لە کوردستان و لە دەوربەریدا دەژین.” بە بۆچوونی نووسەر نەژادپەرەستیی کورد دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران وەکوو لوبنان و عێراقی لێ بێ و “شەڕی هەمووان دژی هەمووان بەرپا ببێت.”
هەروەها لە درێژەی باسەکەیدا، سەلاحەدین ڕەخنە لە نەژادپەرەستەکانی باشوور دەگرێ کە “قەبیلە و مافیان.” دواتر باس لەوە دەکا کە نەژادپەرەستە کوردەکان لە جیاتی ببنە “هاوخاوەنی هەموو شارەکانی ئێران، لە باشترین حاڵەتدا دیسان دەبێ پەنا بۆ ئەشکەوت ببەنەوە.” ئەو کورردە ناسیۆنالیستەکان وەکوو “چەند قەشمەرێکی هەلپەرەست” ناو دەبا کە دەیانەوێ ئەم شۆڕشە ی ئیستای ئێران بەزۆر بکەن بە شەڕی نەژادی. لە درێژەی وتارەکەیدا، سەلاحەدین ئەحمەد دوو تێز دەردەکا: (١) “پێشمەرگە هیچ وەزیفەیەکی مێژوویی نەماوە و پێویستە خانەنشین بکرێت.” بە باوەڕی ئەو پێشمەرگە ئەو بوونەوەرەیە کە هیچ وەزیفەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی نەماوە. پێشمەرگایەتی پڕۆژەیەکە کە زۆر جار لە رابووردووشدا بووەتە هۆی “توندووتیژیی زیاتر دژی پەراوێزخراوانی بێدیفاع.” ئەو پێیوایە پێشمەرگە دەبێتە “دەعبا،” و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە داهاتوودا “دەوڵەتێکی سەرکوتگەری بەسەرچوو” ساز دەکەن. (٢) “فاشیزم حەماقەتێکی نوخبەوییە و بەڵایەکی رووتە بۆ پەراوێزخراوان.” بە باوەڕی نووسەر نوخبەی ناسیۆنالیستی کورد فاشیستن و ناهێڵن تاکی کورد بە “مافە تاکەکەسییەکان و ئازادی سیاسی” بگەن.
لە دوای ئەم کورتەیە، من سەرەتا باس لە چوار پارادۆکسی ناو وتارەکە دەکەم و دواتر، بە ئاوڕدانەوە لەو خەباتەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئاڕادایە، ڕوانگەی خۆم سەبارەت بە بیری کوردایەتی دەخەمە ڕوو. هەر لەوێدا باس لە کورتبینیی سەلاحەدین ئەحمەد لە وتاری “نەژادپەرەستی ناتوانێ کەس ئازاد بکات” دەکەم و پێموایە ئەو یان زانیاری زۆر کەمی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە یا بەئەنقەست دەیهەوێ بە میترێکی شکاوی باشوور ئەو پارچەیە بپێوێ. لە هەر دوو حاڵەتەکەدا لاوازیی تیۆری و نەبوونی دەیتای لێکۆڵینەوەی پێویست ئەو بەرەو شرۆڤەیەکی نازانستی و ئەنجامی دوور لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبا. هەر بۆیە پێم وایە نووسەر وەک کەسێک کە خۆی وەک چەپ پێناسە دەکا لە گۆڕانکارییە فکرییەکانی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوا کەوتووە. سەلاحەدین لە ڕوانگەی چەپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەوری ناسیۆنالیزمی داگیرکەر لە سەرکوت و چەوساندنەوەدا لاواز نیشان دەدا و، ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد دەکاتە تاوانباری سەرەکی ئەو دڕەندەییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە. بەپێی ئەم چەپەوانە سەیرکردنە جێی چەساوە و چەوسێنەر دەگۆڕدرێ و دەڵێ کورد بۆ ئەوەی ڕزگاری بێ دەبێ سەرەتا دژ بە ناسیۆنالیزمی کوردی خەبات بکا.
پارادۆکسی یەکەم: بەفاشیستکردنی خەباتێکی ڕزگاریخواز
لەڕاستیدا فاشیزم دژەکردەوەیەکە دژی دێموکراسی. حیزبە فاشیستەکانی ئەورووپا لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، وەکوو فاشیزمی موسۆلینی لە ئیتالیا و نازیسمی هیتلێری لە ئاڵمان، توانییان لە ڕێگەی بانگەشە بۆ ئوستوورەی نەتەوەیەکی بەهێز و بێگەرد هەڵبژاردنەکان ببەنەوە و لە ئاکامدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. ئەوان خوازیاری دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێزبوون و هەوڵیان دەدا ناسنامەی تاک لەناو دەوڵەتێکی تۆتالیتەردا بتوێننەوە و، لە ڕێگەی دەستێوەردان لە ئابووریی وڵاتدا دژ بە سەرمایەداری بوەستنەوە. کەواتە فاشیزم کاتێک مانادارە کە حیزبێک بتوانێ لە ناو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا هەموو جومگەکانی دەسەڵات بە مەبەستی سەپاندنی ئایدیۆلۆژییەکی دژە لیبراڵی و دژە سۆسیالیستی قۆرغ بکات. سەلاحەدین ئەحمەد لە وتارەکەی خۆیدا دان بەوەدا دەنێ کە خەڵکی کورد ژێردەستن، بەڵام سەرسووڕمان لەوەدایە ئەو چۆن دەتوانێ جێی ستەمکار و ستەملێکراو، نەتەوەی سەردەست و ژێردەست بەشێوەیەک بگۆڕێ کە کورد بۆخۆی ببێتە تاوانباری چەوساندنەوەی خۆی؟ ئایا نەتەوەی فارس سیاسەتی پاکتاوکردنی کولتووریی کوردی لە ماوەی یەک سەدەدا جێبەجێ کردووە یان کورد؟ پارادۆکسی بەڵگاندنەکەی ئەو لەوەدایە: بۆ ئەوەی بتوانین ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی وەک ئایدیۆلۆژییەکی فاشیستی نیشان بدەین تا بتوانێ نەتەوە، ئایین یا قەومێکی دیکە بسڕێتەوە دەبێ ئەو ئایدیۆلۆژییە خاوەنی دەوڵەت یا لانیکەم دەسەڵات بێ. لە ڕۆژهەڵات کە مەبەستی سەرەکیی وتارەکەی ئەوە، کوردایەتی تەنیا لە کۆماری کوردستاندا (١٩٤٦) ئەو دەسەڵاتەی هەبووە. لەو کۆمارەدا نە تەنیا ناسنامەی ئەویترەکانی کورد نەسڕدراونەتەوە بەڵکوو باس لە هاوخەباتیی کورد و ئازەربایجانی دەکرێ.
ئەگەر تەنانەت وایدانێین حکومەتی هەرێم کوردستانە کە پشتگیری لە ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەکا و خاوەنی دەسەڵاتە، لە کوێی دەستووری بنچینەیی هەرێم یان لە سیاسەتی عەمەلییاندا مافی نەتەوەی عەڕەب و تورکمان، یا پێکهاتە ئایینییەکانی مەسیحی، شیعی، ئیزدی پێشل کراوە؟ بێگومان ئەو ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکا کە ئایدیۆلۆژیای عورووبە ئایدیۆلۆژیایەکی فاشیستییە چونکە تیایدا ژینۆسایدی کورد ڕووی داوە، بەڵام کەی و چۆن کورد بە نیسبەت عەڕەب یا تورکمان بەشێوەی فاشیستی ڕەفتاری کردووە؟ ئەم پارادۆکسە لە هەموو نووسینەکەی سەلاحەدیندا ڕەنگ دەداتەوە و بێئەوەی وردبینییەکی زانستیانەی هەبێ لە زۆربەی ڕستەکاندا لانیکەم یەکجار وشەکانی فاشیزم، شۆڤێنیزم و نەژادپەرەستی دەخاتە پال بیری کوردایەتی/ناسیۆنالیزمی کوردییەوە.
هەروەها ئەگەر سەیری بیری کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین تایبەتمەندییەکی ڕزگاریخوازانەی هەیە و دەیهەوێ نەتەوەی کورد لە دۆخی چەوساندنەوە ڕزگار بکا. خەباتی کوردایەتی دژ بەکۆلۆنیالیزمی ئێرانییە کە سوژەی کوردی ژێردەستی ساز کردووە. لە ئایدیۆلۆژیی هیچ کام لە حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، وەکوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، هیچ باسێک لە قۆرغکردنی دەسەڵات، سنووردارکردنی ئازادییەکانی تاک، سازکردنی ئابوورییەکی دەوڵەتی و تەنانەت نەژادپەرەستی (تایبەتمەندییەکانی فاشیزم) نەکراوە. بۆ نووسینی وتارێکی زانستی، دەبێ نووسەر یا ئاماژەی بە ئایدیۆلۆژیای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکردایە و مەیلێکی فاشیستی تێدا بدۆزیانەوە، یان ئاوڕی لە دەیان وتار و کتێبی نووسەرانی ڕۆژهەڵات بدایاتەوە کە بەڕوونی لەسەر ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی بەرهەمیان هێناوە.
پارادۆکسی دووەم: شەڕی هەمووان لەگەڵ هەمووان و نەبوونی دەسەڵات
ئەگەرچی سەلاحەدین ئەحمەد بەڕوونی باس لە ڕوانگەی فیکری خۆی ناکا، بەڵام دەکەوێتە داوی بەڵگاندنێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەیەوە خەڵکی پێ چاوترسێن دەکا. ناوەڕۆکی ئەم بەڵگاندنە ئەمەیە: ئەگەر لە ئێران شۆڕشێک ڕوو بدا و پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بڕووخێ، ئێران دەبێتە سووریا و لوبنان. سەلاحەدین کە کتومت ئەم بەڵگاندنە دووپات دەکاتەوە هەوڵ دەدا بە گریمانەیەک کە لە هابزەوە وەریگرتووە قسەکەی خۆی پشتڕاست بکاتەوە. بۆ ئەوەی لە پارادۆکسی بەڵگاندنەکەی ئەو تێبگەین پێویستە بزانین هابز لە سەدەی هەڤدەیەمدا چۆن ئەم باسەی شی کردووەتەوە. هابز پێیوایە لە دۆخی سروشتیدا مرۆڤ گورگی مرۆڤە. مرۆڤەکان بۆ ئەوەی لەم دۆخە ڕزگاریان بێ هەندێک لە ئازادییەکانی خۆیان بە دەوڵەت دەدەن. خەڵک پابەندی ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی دەبن و پێش بە شەڕی هەمووان لەگەڵ هەمووان دەگرن. ئەم بەڵگاندنەی هابز بە مەبەستی شەرعیەت سازکردن بۆ دەوڵەتە و پشتگیری لە سەروەرییەکی سیاسی دەکا کە نەزمی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت.
پارادۆکسی بەڵگاندنەکەی سەلاحەدین لەوەدایە لە لایەکەوە پێیوایە کورد خەڵکانێکی ژێردەستەن بەڵام ئەگەر ئایدیۆلۆژییەک بیهەوێ ئەم نەتەوەیە لەو دۆخە ڕزگار بکا، ئەوسا کورد و نەتەوەکانی دیکە بۆ دۆخی سروشتی دەگەڕێنەوە و یەکتر لەناو دەبەن! لە کاتێکدا ئەو نەزمە ساختەیە ناسیۆنالیزمی داگیرکەر سازی کردووە و تیایدا هەم هەمووان دەچەوسێننەوە و هەم دوژمنایەتی لە ناو نەتەوەکاندا درووست بووە. لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی نیگەرانی نووسەر بڕەوێتەوە دەبێ دەوڵەت یان پێکهاتەیەک لە سەرەوە هەبێ تا بەپێی بیرکردنەوەی خۆی شەڕی هەمووان دژ بە هەمووان ساز نەبێ. بۆ ئەوەی ئەو لەم پارادۆکسە ڕزگار بکەین، پێویستمان بە دەوڵەت یا سەروەرییەکی سیاسییە. چونکە سەلاحەدین ئەحمەد دژ بە دەوڵەت-نەتەوەی کورد لەسەر خاکی کوردستانە (لە وتارەکەدا چەند جار ئاماژەی پێدەکا) کەواتە ئەو شەرعیەت بۆ دەوڵەت-نەتەوەی داگیرکەر دەهێنێتەوە. هەر بۆیەشە لە ترازانی دەوڵەت نەوەتەوە لە ئێران و عێراق نیگەرانە. بەڵگاندنەکەی سەلاحەدین ئەحمەد ئەگەرچی پارادۆکسیکاڵە بەڵام دەتوانێ پاڵپشتی مانەوەی دەوڵەت نەتەوەی ئێران یا عێراق بێ. ڕێگەچارەی نووسەر ئەوەیە باوەڕی بە ئانارشیزم بێ و لەو سۆنگەوە دژایەتی هەر شێوە دەوڵەتێک بکا. ئەگەرچی لەم ڕووەوە ئیتر ڕێگەچارەی هابز پەسەند ناکا، بەڵام بەرەو ئایدیۆلۆژیی ئانارشیستی پەکەکە هەنگاو دەنێ.
پارادۆکسی سێهەم: ڕووخانی فاشیزم بە خەباتی مەدەنی
سەلاحەدین ئەحمەد بەدڵناییەوە باش دەزانێ کە بەعسیزم یەکێک لەو نموونایە کە لە کتێبە دەرسییەکاندا وەک ئایدیۆلۆژییەکی فاشیستی باسی لێدەکرێ. کوردایەتی دژ بەم فاشیزمە و ژینۆسایدی نەتەوەی کورد دەیان هەزار پێشمەرگەی شەهیدی داوە. لە کاتێکدا ئەو بەم شێوەیە باس لە پێشمەرگە دەکا کە “پڕۆژەیەکە زۆر جار لە رابردووشدا بووەتە هۆی توندووتیژیی زیاتر دژی پەراوێزخراوانی بێدیفاع.” ئەمە تۆمەتێکی ئاسایی نییە کە ئەو بەم شێوەیە دەیداتە پاڵی هێزی پێشمەرگە لە هەر دوو پارچەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەبێ بزانین چۆن و کەی پێشمەرگە “زۆرجار” لە “ڕابردوودا” بووەتە هۆی توندوتیژی دژ بە خەڵکی کوردستان؟ ئایا لە باشووری کوردستان خەباتی مەدەنی لە بەرانبەر فاشیزمی بەعسیزمدا وێستایەوە یان هێزی پێشمەرگەی کوردستان؟ هەروەها لە ئێستادا شەهیدبوونی نزیک بە دوو هەزار پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا (٢٠١٤-٢٠١٧) ئایا بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستان نەبوو؟ بە یارمەتیوەرگرتن لە بێنیامین، بۆمان دەردەکەوێ کە توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە ڕێگایەکە دەتوانێ توندوتیژیی دەسەڵاتی سیاسی بەپێی یاسا بوەستێنێ. بۆ دەربازبوون لە دۆخی ژێردەستیی کورد پێویست بە توندویژییەکی شۆڕشگێڕانەیە کە بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە دەسەڵاتی سیاسیی کۆلۆنیالیستی لە کوردستان بنبڕ بکا.
لە درێژەدا وا دیارە نووسەر دەیەوێ ڕێگەچارەیەک بۆ ڕۆژهەڵات بدۆزێتەوە و باس لەوە دەکا کە “بەرگریی راستەقینە لە دانیشگە و بیمارستان و کارگە و کێڵگەکاندا روودەدات.” ئەگەرچی باسەکەی سەلاحەدین ناڕوونە و بەڵگاندنەکەی لاوازە، بەڵام من یارمەتی دەدەم و بەڵگاندنەکەی بۆ بەهێزتر دەکەم. وادیارە لێرەدا ئەو دەیەوێ بڵێ کە هێزی پێشمەرگە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێ و لە بازنەی توندوتیژیدا دەسووڕێتەوە. کەواتە کورد بۆ ئەوەی لە ستەم ڕزگاری ببێ دەبێ تەنیا خەباتی مەدەنی هەبێ. دوو ڕەخنەی سەرەکی لەم بۆچوونەوە هەیە: (١) کورد لە ڕێگەی هێزی پێشمەرگەوە توندوتیژی لەبەر توندوتیژی بەرهەم ناهێنێت. بەڵکوو توندوتیژییەکی شۆڕشگێڕانە بەرهەم دێنێ کە بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە توندوتیژی لەناو ببات. (٢) دیارە سەلاحەدین لەگەڵ خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نامۆیە و زەحمەتی بە خۆی نەداوە چەند لاپەڕەیەک لەسەر ئەو پارچەیە بخوێنێتەوە یا لانیکەم پەیجۆری دووایین ڕووداوەکانی ئەم دوواییانە بێ. هەر لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانیکەم پێنج مانگرتنی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چووە کە هەموو دوکان و بازاڕەکان تیایدا داخراون. کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکا. واتە، لە ڕۆهەڵاتی کوردستان هاوئاهەنگییەک لە نێوان خەباتی شاخ و شاردا هەیە. هیچ کام لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک کێشەیان لەگەڵ خەباتی مەدەنیدا نییە، بەڵکوو پێداگری لەسەر گرنگبوونی خەبات و نافەرمانی مەدەنی خەڵکی کوردستان دەکەن.
پارادۆکسی چوارەم: وێکچواندنی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
سەلاحەدین ئەحمەد ئەگەرچی وتارەکەی بە مەبەستی شیکردنەوەی شۆڕشی ژینا نووسیوە، بەڵام ناوبەناوێک پلارێک بۆ حیزبەکانی باشوور دەهاوێ و وەک مافیا و عەشیرە ناویان دەبا. ئەگەرچی ئەو بوێرییەی نییە ڕاستەخۆ ناویان بهێنێ بەڵام دەیهەوێ بڵێ هەرچی کێشە لە باشووری کوردستان هەیە دەقاودەق لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەبێتەوە. هەڵبەت تەنانەت ئەو وێکچوونەش بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕوا نابێنێ و دەڵێ ئەو حیزبانە “لە باشترین حاڵەتدا دەبێ پەنا بە ئەشکەوتەکان ببەنەوە.” من لێرەدا ناچمە سەر ئەو باسە بێئەنجامەی کە نیو سەدەیە شیوعییەکانی عێراق لە ڕێگەیەوە ناسیۆنالیزمی کوردی وەک جووڵەیەکی عەشیرەیی ناوزەد دەکەن و نووسەری ئەم وتارەش دووپاتیان دەکاتەوە. لێرەدا باس لە لایەنی مێتۆدیکی شیکردنەوەی سەلاحەدین دەکەم و هەڵەتێگەیشتنەکەی نیشان دەدەم. ئەو کەڵک لە مێتۆدی بەراوردکاری لە زانستی سیاسیدا وەردەگرێ و پێیوایە چونکە بە باوەڕی ئەو ناسیۆنالیزمی کوردی لە باشووری کوردستان فاشیست، نەژادپەرەست و شۆڤێنیستە کەواتە هەموو ئەوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و ئەزموونی باشوور دووپات دەبێتەوە. بەڕاستی من باوەڕم نەدەکرد سەلاحەدین ئەحمەد کە خۆی مامۆستای فەلسەفەی سیاسییە و گۆیا لایەنگری تیۆرییە مارکسیستییەکانیشە هەڵەی مێتۆدیکی بەم شێوە بکا. چونکە وانەی یەکەم لە بەکارهێنانی مێتۆدی بەراوردکاری سیاسیدا ئەوەیە کە بۆ وێکچواندنی دوو سیستەم یا دوو وڵات پێکەوە دەبێ سەیری بەستێنی ئابووری-کۆمەڵایەتی ئەو دووانە بکرێت. ئەگەر ئەو دوو سیستەمە خاوەنی یەک بەستێن نەبن ناکرێ هەر بەزۆر پێکەوە بەراوردیان بکەین و پێشبینییەکی حەتمیش لە ئەنجامدا بەدەستەوە بدەین. هەڵبەت دیسان شیمانەی ئەوە دەکەم بەڕێزیان زانیارییەکی کەمی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ و هەر بۆیە ئاماژە بە چەند خاڵی سەرەکی و جیاکەرەوەی دوو پارچەکە دەکەم.
چونکە منیش وەکوو ئەو حەزم لە تیۆرییەکانی قوتابخانە مارکسیستییەکانە وەبیری دەهێنمەوە باشترین ڕێگا وردبوونەوە لە دۆخی ئابووری سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ساڵی ١٩٥٣ لە ئێران و ڕۆژهەڵات ئیسلاحاتی ئەرزی (ڕێفۆرمی زەوی) ڕوویداوە و لەو کاتەوە دەرەبەگایەتی لە ڕۆژهەڵات نەماوە. هەروەها لەبەر نیشتەجێکردن و چەککردنی عەشیرەتەکان پێکهاتەی عەشیرەیی لە ڕۆژهەڵات یان هەر نەماوە یان خاوەنی ئەو هێزە سیاسییە کۆمەڵایەتی نین کە بتوانن خاوەنی هێز بن. هەر بۆیەش ناتوانین پێگەیەکی چینایەتی بۆ بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد لە ڕۆژهەڵات دەستنیشان بکەین. ئەگەرچی شیکاریی کلاسیکی چەپەکان دەیانویست ئەم لایەنە تیۆریکییە بسەپێنن کە چینی بورژوازی و وردەبورژوازی پشتگیری لە کوردایەتی دەکەن، بەڵام ئەگەر زیاتر لە پێکهاتەی بزووتنەوەی کوردایەتی ورد ببینەوە دەبینین لەناو هەموو چینەکاندا کەسانێک هەن کە پشتگیری لە کوردایەتی دەکەن یا دژی دەوەستنەوە و دەبنە جاش. ئەمە بەپێچەوانەی باشووری کوردستانە کە دەبیندرا عەشیرەیەک یەکسەر پەیوەست دەبوون بە خەباتی چەکدارییەوە و عەشیرەیەکی ڕەقیب دەبوونە جاش.
چۆن لە بزووتنەوەی ژینا تێبگەین؟
بزووتنەوەی ژینا ئەگەرچی ڕەنگە بۆ توێژەری ڕۆژئاوایی ناوازە بێتە بەرچاو، بەڵام لەدرێژەی دەیان ساڵ خەباتی هاوشانی شاخ و شار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوویداوە. سەلاحەدین دەیهەوێ ئەم بزووتنەوەیە لە ڕەهەندی نەتەوەیی خۆی دابماڵێ و تەنانەت حوکم دەربکا کە نابێ بە هیچ شێوەیەک لە ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی گرێی بدەین. ئەگەرچی ئاماژە نەتەوەییەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێجگار زۆرن، بەڵام لەبەر ئەوەی سەلاحەدین بە چڕوپڕی هێرش دەکاتە سەر نوخبەی ناسیۆنالیستی کورد، منیش تەنیا باس لەو نموونانە دەکەم کە لەناو نوخبەکاندا باسیان لێکراوە.
لە دوایین بڕگەی ڕاپەڕینی خوێندکارەکان لە زانکۆی کوردستان لە سنە، ئەکتی سیاسی خوێندکارەکان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش نیشاندەری هاوئاهەنگیی خەباتی شاخ و شارە. خوێندکارەکان لە زانکۆی سنە سروودی من پێشمەرگەی کوردستانم دەڵێنەوە. دەلالەتەکانی ناوەڕۆکی ئەم سروودە بەڕوونی باس لە گرنگی پێشمەرگە و گرنگی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەیە. خوێندکارەکان دێڕەکان دەڵێنەوە: “من پێشمەرگەی کوردستانم، ئامادەی جەرگەی مەیدانم/ بە سەر و ماڵ و ژیانم، ئەیپارێزم نیشتمانم.” هەروەها “نامەوێ ژینی ژێردەستی، پڕە لە شوورەیی و پەستی/ تا خاک و گەل ڕزگار نەکەم، سەر ئەدەم نرخی سەربەستی.” هەڵبژاردنی ئەم سروودە بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکوو خوێندکارەکان باوەڕیان بەوەیە کە کوردستان داگیرکراوە و ئەوان وەکوو پێشمەرگە ئامادەن بۆ پاراستنی خاک و ژیانێکی سەربەست بە گیان و بە ماڵ فیداکاری بکەن. هەروەها خوێندکارەکان ئەم درووشمە بەدەنگی بەرز دووپات دەکەنەوە: “کورد کە دەوڵەتی نەبێ، ئەمە هەر بەشی دەبێ!” سەلاحەدین ئەحمەد چۆن ڕێگە بە خۆی دەدا مەکینەی فیکری ئەم بزووتنەوە بە خراپترین شێوەی مومکین (کە تەنانەت تاکوو ئیستا هیچ ئێرانییەکی دوژمن نەیکردووە) تۆمەتبار بکا، بەڵام ئامادە نییە گوێ لە داواکاری نوخبەی ئەم بزووتنەوەیە و خەڵکی ڕۆژهەڵات بگرێ؟ کوردایەتی ئایدیۆلۆژییەکی دژەکۆلۆنیالیستییە کە دەیهەوێ ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی، جێندەری و ژینگەیی لەسەر خەڵکی کوردستان بسڕێتەوە. کوردایەتی دژ بە فۆڕمەکانی چەوساندنەوەیە و پێی وایە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی تایبەتمەندییەکی فاشیستی هەیە و هەر بۆیە خوێندکارەکان لە زانکۆ درووشمیان دەدا: “کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان!”
ئەوەی ئێستا لە بزووتنەوەی ژینادا دەبیندرێ و خۆی لە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا چڕ کردووەتەوە، نیشاندەری چەند ساڵ گرێدانی خەباتی شاخ/چەکداری و خەباتی شار/مەدەنییە کە تیایدا گرنگی بە هاونرخکردن و ئاوڕدانەوە لە ویستی ڕزگاری گرووپە ژێردەستەکان لە کوردستان دراوە. خەڵکی کوردستان بە هەر کام لە ویستە جیاوازییەکانیانەوە بۆ سڕینەوەی ستەم و پەیوەندییەکانی ملکەچی، لە ستەمی جێندەرییەوە بگرە تا ستەمی چینایەتی، لە ستەمی نەتەوەییەوە بگرە تا ستەمی ژینگەیی توانیویانە خۆیان لە کوردایەتیدا ببیننەوە. چونکە لەم شێوازە نوێیەی خەباتی کوردایەتیدا دالی هێژمونیکی ڕزگاری توانیویەتی بێئەوەی وەدیهاتنی ویستی هیچ کام لە گروپە ژێردەستەکان بۆ ئایندەیەکی نادیار دوا بخا، هەنووکە پێکەوە دژ بە سیستەمی سوڵتە هاودەنگیان بکا. بۆ ئەوەی نیگەرانی سەلاحەدین ئەحمەد بڕەوێتەوە و جارێکی تر بەئینسافەوە باس لە ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی بکا، هەر ئەو خوێندکارە ناسیۆنالیستانەی زانکۆی سنە ئەم درووشمەشیان دووپات دەکردەوە: “یاشاسین کوردستان، بژی ئازەربایجان!”
1,013
مبارزەی مدنی: پاشنە آشیل حکومت جمهوری اسلامی...
آیا رژیم میتواند حشد الشعبی و حزب الله را برای سرکوب بکار بگیرد؟...
Scroll to top