ئارامتر بخوێنەوە
ئازادکردنی “ژن ژیان ئازادی”
لە ژمارە ٦٤ گۆڤاری تیشکدا گوڵاڵە کەمانگەر نووسینێکی بە زمانی فارسی و لەژێڕ ناونیشانی “کوردانە برابر است با زنانە” بڵاو کردووەتەوە. من لێرە هەوڵ دەدەم پێشانی بدەم کە کەمانگەر دەیهەوێ هەم دروشمی “ژن ژیان ئازادی” بە ئیدیۆلۆژییەکی تایبەت بەرتەسک بکا، و هەم ئانتاگۆنیسمێک ئاشت بداتەوە کە لە فکر و کردەوەدا ئیمکانی ئاشبوونەوەیان نییە، چونکە تا ئێستا هێژمۆنی بالادەستی ئێرانی دانی بە مافی نەتەوەکانی ژێردەستی خۆیدا دانەناوە. نووسینەکەی کەمانگەر بە فارسییە. ئەم فارسی نووسینە خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە ئاشتکردنەوەکە لە کاتێکدا بەڕای من گرینگترین ئەرکی چالاکانی کورد و ژنان بەرهەمهێنانی هەرچی زیاتری دەق و شیکردنەوەیە بەکوردی؛ چونکە هەر وەک بیرمەندی پۆست کۆلۆنیالیست نگووگی دەڵێ زمانی کۆلۆنیالیست ئامرازی گواستنەوەی ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستییە و کاریگەری لەسەر فامکردنی خودی کۆلۆنیکراو دادەنێت. نووسەر بە دروستی بەوە دەست پێ دەکا کە لەم ماوەدا ناوی ژینا بەخاک سپێردراوە و “ژن ژیان ئازادی” کراوەتە فارسی و دوانەکەی ژینا واتە “مهسا” وەک ناوی ڕەمزی شۆڕشێکی فرەڕەهەند و فرەتوێ بە دنیادا دەڕوا. کەچی لە ئاخری وتارەکەیدا کەمانگەر نووسینەکەی بەم پرسیارە کۆتایی دێنی کە “آیا دوگانە ژینا/مهسا و کورد/ایرانی میتوانند همپوشانی داشتە باشند” و وڵامی پرسیارەکەی خۆی بە چەند “اگر…. اگر…. ” دەداتەوە کە گەر ئەو ئەگەرانە وەدی بێن “این دوگانە (کورد/ایرانی) میتوانند همپوشانی داشتە باشند و انقلاب ژینا/مهسا بە شکوفایی برسد.” (تیشک، ژ. ٦٤. ل.١٤٣- ١٤٨) نووسینەکەی کەمانگەر وەک چالاکێکی ژن چەند گرفتێکی زەقی تێدایە. ئەو “ژن ژیان ئازادی” تەنیا و تەنیا بە یەکینەکانی پاراستنی ژن لە ڕۆژاوا (ل. ١٤٣) و باکووری کوردستان “جایی کە زن آزادیهای اولیەاش را دارد” (ل.١٤٤) دەبەستێتەوە و سەرچاوەی ئەم دروشمەش “فلسفەی مبارازاتی ضد امپریالیستی و ضد استعماری اوجلان رهبر زندانی کورد” دەناسێنێ. (ل. ١٤٥) کەمانگەر بە دروستی ئاماژە بە کاریگەریی بیری دژەکۆلۆنیالیستیی فانۆن و ئینتێرسێکشنال فێمینیزم دەکا بۆ نیشاندانی ستەمەکانی چینایەتی، ئیتنیکی، زمانی، جنسییەتی، دینی، داسەپاندنی دەسەڵات و چۆنێتی پەیوەندی باڵادەست و ژێردەست، بەڵام هاوکات هەوڵی ئەوە دەدا کە بڵی ئیمکانی جۆرێک لە ئاشتی هەیە. پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ئەم ئیمکانە هەیە دەبێ چۆناوچۆن خۆی نیشان بدا؟ بۆ ئاشتکردنەوەی “دوانە”کان هەر بە سەقامگیرکردنی هێژمۆنی باڵادەست تەواو دەبێ؟ بۆ دروشمی “ژن ژیان ئازادی” دەکرێتە “زن زندگی آزادی” و وەک “la bella ciao” ئایدێنتی سەرەکیی نامێنێتەوە؟ بۆ نوێنەرانی دەسەڵات و هێژمۆنی باڵادەست لە دنیادا خۆیان بە نوێنەرایەتیی ژێردەستەکانیان دەچنە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان و ژنی کورد حەزف دەکرێن؟ بۆ مێدیای ئێرانی لە تەواوی ئەم ٥٠ ڕۆژەدا فاکتۆری لە دەنگی کورد و ژنانی کورد گرتووە؟ بۆ وتەکانی “بابی کۆمار” لەسەر گۆڕی “کۆمار” سانسۆر دەکرێن و وشەی “خاک” دەکەنە “وطن”؟ ئەگەر ئێمە مافی بەرامبەرمان هەیە بۆ نەتەوەی باڵادەست قەبووڵی ناکا کە تۆکمەترین ڕێکخراوەکانی کوردی دژی حکومەتی ئێرانی ڕێبەری جوڵانەوەکە تا سەرکەوتن وەدەست بگرن؟ بۆ فێمینیستە ڕادیکاڵە کوردەکان لە مێدیای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا دەنگیان حەزف دەکرێ، بەڵام ژورنالیستەکانی سەر بە لایەنێکی سیاسی لە مێدیای فارسیدا تەنیا دەنگی ئەم لایەنە کوردە بلاو دەکەنەوە کە دەچێتە خانەی هێژمۆنی ئێرانیبوونەوە؟ ئینجا کاتێک کەمانگەر دیسان بەدروستی باس لە هەلی زۆر لە دنیادا بۆ فێمینیستەکانی سپی و لێبێرالی دنیا و “فمنیسم نولیبرال کە فمینیسم هژمونیک و نبض فضای دیجیتال را هم در دست دارد” دەکا کە دەتوانن خۆ دەرخەن و نوێنەراتیی Represent خۆیان بکەن، و ئەو ئیمکانە بۆ ژنانی کەم داهات و بێسەواد و ژێردەستە کەمترە و یا هەر نییە کە دەنگی خۆیان بە گوێی دنیا بگەیێنن، دیسانەکە کەمانگەر خەباتی هەزاران ژنی کورد نابینێ کە سەرەڕای ئەوەکە ئیمکاناتیان کەمە و سانسۆری حکومەتی تاران و مێدیای ئێرانی و جیهانی یەخەی گرتوون، بەڵام ڕۆژانە بەڕێگای دیجیتال و ناردنی پەیام و وێنە و فیلم باسی پرسەکانی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ژێردەستی حکومەتی ئێرانی دەکەن. کەمانگەر باسی ئەوە ناکا کە چۆن ژنان بە دژواری هەلی دیجیتاڵ و ئێنتێرنێت بەکار دێنن تا ژێردەستیی ژنی کورد لە پێکهاتەی ئێرانیدا نیشان بدەن و هاوکات دژی دەسەڵاتی داگیرکەر دەوەستن. کەمانگەر لە ناو دنیای دیجیتاڵی تاراوگەدا کە هەموو ئیمکانێکی هەیە، هەموو خەباتی ڕۆژانەی ژنانی ڕۆژهەڵات زەربی سیفر دەکا، و خەبات و بەرخۆدانی هەزاران ژن کە لە سەر گۆڕی ژینا بوون، هەزاران ژن کە لە شەقامەکان بریندار دەبن، هەزاران ژن کە دەستبەسەر کراون، سەدان ژن کە منداڵەکانیان بە سەما بەخاک دەسپێرن و یا شەهید دەبن، تەنیا دەیانخاتە داخڵەی فەلسەفەی یەک ڕێبەر. لە کاتێکا “ژن ژیان ئازادی” و بەرخۆدانی ئەو ژنانە دەبێ لە پرۆسەیەکی دوور و درێژی مێژووییدا ببینین کە نە تەنیا ژنانی ڕۆژاوا، بەڵکوو خەباتی کورد بە گشتی و خەباتی ژنانی کورد بەتایبەتی لەم سەد سالەدا دەگەێنێتە نوختەیەک کە لەسەر کێلی ژینا دەنووسرێ “ژینا گیان تۆ نامری ناوت ئەبێتە رەمز”. لە هیچ کوێی نووسینەکەی کەمانگەردا ئاماژەیەک بە تاوان و وەحشیگەری حکومەتی ئێرانی ناکرێ و ڕووی نووسینەکەی ئەزقەزا ڕاست فێمینیستان و ڕووناکبیرانی دیجیتالیی ئیرانییە کە ڕەنگە خوێنەری وتارێکی بە فارسی نووسراوی ژنێکی نەتەوەی ژێردەست بن یا نەبن. لە هیچ کوێ کەمانگەر ئاماژە بە خەباتی پێشتری ژنانی کورد، پێش ڕۆژاوا و پێش ئاپۆ ناکا. کەمانگەر لەبیری دەچێتەوە کە مەستوورە ئەردەڵان لە ١٨٠٠ کان شێعری ژنانەی نووسیوە، لەیلا بەدرخان هەوەڵ کچی کوردە کە لەسەر ئۆپێرای پاریس لە سەرەتای ١٩٠٠دا سەما دەکا، لە کۆماری کوردستان و لە باکوورهەوەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان دروست دەبن، لەیلا قاسم بە دەست بەعس لە سێدارە دەدری، لە دوای “انقلاب ایران” هەوەڵ دەستەی ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە دروست دەکرێ (کە ئەزقەزا سێ رۆژ پێش سالوەگەڕی بوو کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی کۆبانێ)، ژنانی کورد لە ڕێکخراوە سیاسی و ڕێکخراوەکانی مەدەنی دا چالاک دەبن، ژنان دەکەونە زیندان و لە زیندان دا منداڵیان لە دایک دەبێ و مێرد و باب و برایان ئێعدام دەکرێ، ژنانی دێمۆکرات و کۆمەڵە دەچنە شاخ، ژنانی شاعیر و نووسەری وەک ئەحلام مەنسوور و ژیلا لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەست بە نووسین دەکەن و دیسکۆرسێکی تازە دەخوڵقێنن، کەسانی وەک لەیلا زانا دەکەونە زیندان، ژنان دەبنە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبە کوردییەکان (گەرچی گێڕە و کێشەیان کەم نەبووە)، ژنان دەخوێنن و خۆ پێدەگەێنن وهتد. و هەمووی ئەوانە، هەمووی ئەم خەباتە لە پڕۆسەیەکی سەد ساڵەدا دارێکی لەسەر بەردێک داناوە. و دروشمی “ژن ژیان ئازادی” ڕاست لەم خەباتە هاتۆتە دەر نەک تەنیا لە فەلسەفەی تاکە ڕێبەرێک. ئەوە ڕاستە ئەم ڕێبەرە توانی لە ئەزموونی گەڵانی دیکە کەڵک وەربگرێ و بە شێوەی ئیدیۆلۆژیک ئەم دروشمە بدا و دواتر حیزبێک بیقۆزێتەوە، کە ئەمە هیچ کێشە نییە و هەر ڕێبەر و حیزبێک مافی خۆیەتی. بەڵام کێشەکە کاتێکە کە نووسەر، ڕێبەر یا حیزبێک دروشمێک قۆرغ بکا و خەباتی ئەوانی دیکە بسڕێتەوە، هەر چۆن نەتەوەی باڵا دەست و کۆلۆنیالیستەکان نەتەوە و ژنی ژێردەست دەسڕنەوە. هەر چۆن کەمانگەر خەباتی سەد ساڵی ژنانی سڕیوەتەوە و یا لە نووسینەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ژێدەرەکانی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە و دژی داگیرکەرانی ئێرانی نەکردووە. هەڵبەت نووسینەکەی کەمانگەر پێوەرەکانی نووسینێکی “زانستی”شیان ڕەچاو نەکردووە و هیچ ئاماژەیەکی بە ژێدەرکانی نووسینەکەی نەداوە. هەروەها هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکا کە پێشترهێندێک لەو چەمکانە، بۆ وێنە چەمکی ئینێرسێکشنالیتی لە دەقی کوردیدا هەوەڵ جار لە کوێ و چۆن بەکار هاتووە (گۆڤاری تیشک و لەلایەن نووسەری ئەم نووسینە، هاوینی ٢٠٢٠)، و لە بنەڕەتدا کەمانگەر خۆی دروست هەمان ڕەفتاری فێمینیستەکانی سپی باڵادەستی تاکگەرا دووپات دەکاتەوە کە ڕەخنەیان لێ دەگرێ. ئەو خەبات و نووسینی پێش خۆی و پێش یەکینەکانی ڕۆژاوا یا نابینێ، یا نەیخوێندۆتەوە و یا ئاگاهانە بەلاری باس لەسەر خەباتێک دەکا کە زۆر پێشتر بوونی بووە و ئەو بە هۆی گرێدراوی بە بیرێک ئاگاهانە دەیانسڕێتەوە و یا پاوانخوازانە دەیانخاتە بەرەیەک، یا بێدەنگیان دەکا. ئەو هەزاران ژنی سەر شەقام کە هەر ئێستا بۆ مافەکانیان دەجەنگن دەخاتە تەنیا یەک چوارچێوە، یەک ئیدیۆلۆژی و لە بیری کوردایەتیی دژی داگیرکەران دەیانسڕێتەوە. ئەگینا بۆ لە هیچ کوێی نووسینەکەیدا ئاماژەیان پێ ناکا؟ ئاشتی و دیالۆگ گەلێک پیرۆزە. بەڵام تەنیا کاتێک “دوگانە کورد/ایرانی” ئاشت دەدرێنەوە کە باڵادەست مافی بەرامبەر بۆ ئەویتری خۆی قەبووڵ بکا و دەست لە هێژمۆنی خۆی هەڵگرێ. ئەو کات ئەم ئاشتدانەوەیە لە نێوان دوو سابجێکتی بەرامبەرە کە سەروەری خۆیانن نەک ئاشتبوونەوەیەک لە چوارچێوەی هێژمۆنی باڵادەستدا. گرفتێکی بڵاوکردنەوەی وتارێکی وا پەرەپێدانی دیسکۆرسێکە کە لەو دیسکۆرسەدا هەموو باس و ڕووداێک بە یەک ژێدەر، یەک ڕێبەر، یەک حیزب، یەک دیسکۆرس تەواو دەبێ و ئەوانی دی دەسردرێنەوە. بلاو کردنەوەی نووسینێکی وەها لەکاتێکدا گۆڤاری تیشک وەک سەرچاوە لە زۆر زانکۆ کەڵکی لێ وەردەگیرێ دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بیرێکی تاک ڕەهەندی لە سەر “ژن ژیان ئازادی”. کەمانگەر بە پێی هەمان ڕوانگەی ئینترسێکشنال فێمینیزم دەبوایە بزانێ کە فێمینیستە کوردەکان دەبێ یەکتر داپۆشن و یەکتر بەهێز بکەن. بەڵام نووسینەکەی کەمانگەر تەنیا یەک ڕێبەر و یەک ڕەوت بە ڕەسمییەت دەناسێ، ئەویش بۆ ئاشت کردنەوەی “دوگانە کورد/ایرانی”. ئەمە تاکدەنگییە، و گرێدانی درووشمێک کە بەرهەمی خەباتێکی سەت ساڵەی ژنی کوردە نەک هەر لەگەڵ خودی “ژن، ژیان، و ئازادی” نامۆیە، بەڵکوو دژی وەها درووشمێکیشە و دەتوانێ یەکەمجار دەنگی “ژنی کورد” کپ بکات و بیکاتە قوربانیی دەنگێکی پیاوانە. من ئارەزوو دەکەم کە ژنانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان ببنە ئەکتەرێکی ڕاستەقینە، بەڵام سڕینەوەی سەد ساڵ خەباتی لایەنەکانی دیکەی کورد تا ئەم ساتە و گەیشتن بە مانیفێستی “ژن ژیان ئازادی” تەنیا کارەساتی بەدوادا دەبێ. شۆڕشی ژینا و “ژن ژیان ئازادی” لە ڕۆژهەڵات هێندە پڕ مێژوو و مەزنە کە هەر تاک و گرووپ و حیزب و ڕێکخراوێک دەیهەوێ تیتۆڵێکی لێ دابڕێ و بڵێ من ئەم شۆڕشەم بەرپا کرد. هەڵبەتە ئەوە مافی هەموو لایەنەکانە و لە ڕاستیشدا هەموو بە پێی ڕادەی توانا و لە مەیدان بووندا هەوڵیان بۆ داوە. لێرەدا باسی ئەم حەقیقەتە نییە. گرفت کاتێکە کە تەنیا لایەنێک بیهەوێ زەوتی بکا، جا هەر لایەنێک بێ. لەوەتی ئینسان هەیە بوونەوەرێکی خەباتکار بووە و لە هەوڵ و تێکۆشان دابووە: ئینسان بەدوای نان، جوانی و ئازادیدا وێڵە. نان بۆ زگ و جوانی بۆ ڕووح و ئازادی بۆ کەرامەت. لەم گەڕان و گا گەیشتن و گا نەگەیشتنەدا ئینسانەکان لێک فێر دەبن، هاوکاریی یەکتر دەکەن و یا هێندێک بۆ بەرژوەندیی تاکەکەسیی خۆیان لە دژی بەرژوەندیی گشتی ڕادەوەستن. کۆمەڵگای ئینسانی شۆڕشی مەزنی بەخۆوە دیوە. خۆ ڕەنگە هەمیشە ئاکامی کۆتایی شۆڕشەکەکان ئەو شتە نەبووبێ کە لە سەرەتادا مەبەست بووە، بەڵام نەفس و جەوهەری گەڕان بەدوای گەشە دایە کە ئینسان دەکاتە بوونەوەرێکی گەڕۆڵ بەدوای ئازادیدا. چونکە ئازادی بناخەی گەشەیە. هەست و بیری شۆڕشەکان وەک ڕووحێکی گەڕۆل لەم وڵات بۆ ئەو وڵات و لەم زار بۆ ئەو زار دەگوازرێنەوە و لە قووڵایی نەست و ناخوداگای ئینسان و کۆمەڵگاکاندا دەنیشن و لەپڕ لە گۆشەیەک سەر دەردێنن. “شۆرشی مەزنی فەرانسە” لە ڕەوت و دۆنادۆنێکی مێژووییدا ئەمجارە لە کوردستان بە ڕوانگەیەکی ژنانەوە لە دایک دەبێتەوە و دەبێتە شۆڕشی مەزنی “ژن ژیان ئازادی”. ئەگەر ئێمە کەڵکمان لە شۆڕشی مەزنی فەرانسە وەرگرتووە، خەڵکانی دیکە لە شۆڕشی مەزنی “ژن ژیان ئازادی” کەڵک وەردەگرن. ئەم گەڕانە بە دوای ئازادی و ڕزگارییەدا نابێ بخرێتە چوارچێوە و دەستی بەسەردا بگرترێ. دەست بەسەرداگرتنی ئازادی تەنیا دەبێتەوە دیکتاتۆری. ئامانجی “ژن ژیان ئازادی” دیالۆگی بەردەوامە بۆ ژیانی باشتری ئینسانەکان و پەرەپێدانی خودی ئازادی. وتارێک لە چەشنی “کوردانە برابر است با زنانە” و ئاشتیدانەوەی دوگانەی کورد/ایرانی تێری ئەم شۆڕشە مەزنە ناکا. ئەم شۆڕشە دەیان لایەنی هەیە، و ئەزقەزا لایەنی ژنانەبوونی دەتوانێ زۆر دادپەروەرانە و پلاتفۆرمێکی گونجاو بێ بۆ ئازادی و دیالۆگ. “دوگانە کورد/ایرانی” چارەسەر نابێ هەتا ماڤی سیاسیی بەرامبەری نەتەوەکانی ژێردەست لە ئێران دا قەبووڵ نەکرێ. وە فکرێک دەتوانێ کورد ڕزگار بکا کە ناسنامەخواز بێ. ئایدێنتی خۆی لەوانی دیکەدا نەتوێنێتێەوە. فێمینیسمێکی کوردیش (بە ژن و پیاوەوە) دەتوانێ وەدوای پرسی ژنی کورد بکەوێ کە پلوڕالیسم ڕەچاو بگرێ تا بتوانێ هاوکارێکی ڕاستەقینە بێ بۆ “ژن ژیان ئازادی”. با هیچ کەس و هیچ حیزبێک “ژن ژیان ئازادی” زەوت نەکا. با “ژن ژیان ئازادی” ئازاد بێ.


