ئارامتر بخوێنەوە
ڕۆژهەڵات لە نێوان خەیاڵ و ڕاستیدا
مامۆستای مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی
د. سەلاحەدین ئەحمەد دۆستی نزیکمە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان هەیە و، شانازیی خوێندنەوەی نووسراوەکانیم پێ بڕاوە. مامۆستا سارۆ لە ڕووی نووسراوە بەنرخەکانییەوە دەناسم؛ هەردووکیان خەمخۆری کوردستانن و، لە دوو دەلاقەی جیاوازەوە سەیری بابەتەکان دەکەن. لە خوارەوە بە کورتی وڵامی ئەو دوو ئازیزەم داوەتەوە:
بارودۆخی سیاسی و کولتووریی کوردستان، زۆربەی ئێمەی – ئەگەر نە هەموومانی – ناهومێد کردووە. بە ڕای من زۆر ئاسایییە دەنگ و ڕەنگ و بیری جیاواز هەبن. ئەوە دەکرێت وەکوو “دینامیزمی شۆڕش و بەرخۆدان” و وەکوو “هێمایەک بۆ زیندووبوونی تاک و کۆمەڵگای کوردی” سەیری بکرێت و بەرەو پیری بچین، گەرچی چاوەڕوانییەکان جیاوازن. بۆ نموونە هەموومان چاوەڕێین و حەقیشمانە چاوەڕی بین کە بیرمەند و ئاکادێمیسییەنەکانی کورد لەسەر مافە (نەک وەکوو پرس!) بنەڕەتییەکانی نەتەوەی خۆیان کۆک و هاودەنگ بن. بە دڵنیایییەوە کەمتر نەتەوەیەک لە سەد ساڵی ڕابردوو و لە بەراورد لەگەڵ نەتەوە و کۆمەڵگاکانی دیکەوە – بۆ نموونە لە ئەفریقا، ئەمریکای لاتین) هەم لە ڕووی چەندایەتی و هەم چۆنایەتییەوە، ژینۆساید و ئیتنۆسایدێکی وەها بەربڵاو و سیستەماتیکی بەخۆوە دیبێت؛ پێی وایە هەموومان لەسەر ئەو خاڵە هاوڕاین کە کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتییە؛ لەنێو چوار دەوڵەت کە نوێنەری فاشیستترین شێوازی سیستەمی سیاسین و، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن و دابەش کراوە. ئەوەش نەک خاک، بەڵکوو مێژوو، زمان و بیرەوەرییە هاوبەشەکانیشمانی پارچەپارچە کردووە. بەڵام دیسان دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە نە ڕابردوو، نە ئێستا و نە داهاتووی کوردستان بە پێوەر و ستانداردی ئەو دەوڵەتە فاشیستانە هەڵنەسەنگێنین. ئەوە هەڵەیەکی مێتۆدناسانەیە کە زۆربەی چەپ یان ڕەخنەگرانی کورد بە گشتی دەیکەن. پاڕادۆکسێکی هەرە کوشندە ئەو کەسانەن تەنیا لەسەر بنەمای ئەوەی کە دەبێتە دەوڵەتێکی هاوشێوەی فارس و تورک، بەڵگە دێننەوە و دەڵێن دەوڵەت – نەتەوەمان ناوێ. قەتیش لە خۆیان ناپرسن چما ئاڵمان، کەنەدا، ئەمریکا و دەیان دەوڵەتی کراوەتر و لیبڕاڵتر و ڕەنگاوڕەنگتر بوونیان نییە؟ (کە لانیکەم لە ڕووی تیۆریکەوە دەرگایەکی هزریمان بۆ بکرێتەوە).
لە لایەکی دیکەوە، دەیانهەوێ برایەتییەکی گشتی لەنێوان ئەوان و کورددا دروست بکەن و ڕوون نییە میکانیزم و چۆنیەتیی واقیعی هەڵوەشاندنەوە و سازکردنەوەی ئەو قەبارە کولتووری و مێژوویییە ئاڵۆز و زەبەلاحە چییە و چۆنە! ئەم بیرۆکەیە دەیهەوێ پێش بە دروستبوونی دەوڵەتێک بگرێت کە هێشتا دانەمەزراوە! بۆیە پێم وایە ئەم شێوە بیرکردنەوەیە ویستی کیانی سەربەخۆ و مافی چارەنووسی کوردی تەنانەت لە ڕووی هزری و لە گۆڕەپانی خەیاڵ و سۆبژێکتیویتەشەوە – واتە نەتەوە وەکوو ئیماجیناسیۆنی ئەندێڕسۆنی – دەکوژێت! دیسان لە لایەکی دیکەشەوە، دەیهەوێ ببێتە ئاڵتەرنەتیڤێک بۆ سامانی نێودەوڵەتیی هەنووکەیی و، غافڵیشە لەوەی کە ڕۆڵی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها سامانی نێودەوڵەتیی ئێستا و باڵانسی هێز لە ناوچەکەدا و، هەروەها ڕۆڵی هێزە ڕۆژئاوایییەکان – لەگەڵ هەموو خەیانەتەکانیاندا – لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و بارودۆخی ئێستای کوردستان چەندە گرنگ بووە. ئەوەی ڕاستی بێ، نموونەی ڕۆژئاوای کوردستان بە جیاواز و جودا لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دەبینێت و، ڕێگەچارەیەکی دووڕگەیی و ئەبستڕەکەت دەگرێتەبەر کە ڕۆژئاوای کوردستان قائیم بەزاتە و هەڵقوڵاوێکی ئیستسنایی(ئاوارتە)یە؛ ئەو جۆرە بیرکردنەوە ئایدیالیستییە هیچی لێ شین نابێتەوە جگە لەوەی کورد لە پێناو ئامۆژگاریی جیهانیاندا دەکاتە قوربانی.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا و، سەرهەڵدانی “ئۆتۆپیانیزمی سیاسی” لە کوردستان کە وەکوو شێرپەنجەیەک پەری ئەستاندووە، کۆمەڵێک ئەرکی ئەوپەڕ مێژوویی بەسەر کورددا سەپێندراوە کە هیچ کۆمەڵگایەک لە سەرەتای سەرهەڵدانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی پێی ئەنجام نەدراوە. بۆ نموونە کورد دەبێ و دەتوانێت بە نوێڵێکی ئەرەشمیدۆسی گۆی زەوی بجووڵێنێت و شارستانییەت لەسەر بنەمای ئاکار، ئەوین و خۆشەویستی دابمەزرێنێت! هیچ بیرۆکەیەکی فانتێزیی وەها تەنانەت لە مەدینەی فازیلەی ئەفلاتوونیشدا نادۆزرێتەوە، چونکە بە هیچ بارێکدا ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی، کولتووری، مێژوویی، چەکداری و سیاسی و … هتد ئێستای جیهان لەبەرچاو ناگرێت. دیسان، هەوڵی ئەوەی داوە بە بیانووی پاراستنی مافی ژن (کە دروست و ڕەواشە لە خۆیدا) ژنکوژی، خەتەنەکردن و پیاوساڵاری لەسەر شانی کورد ساغ بکاتەوە و بیکاتە بڕەندی کوردی، لە حاڵێکدا خەتەنەی ژنان، کێشەیەکی جیهانییە و ئەنتڕۆپۆلۆژیستەکان لە زۆربەی وڵاتاندا دیویانە و ماوە. ژنکوژی و توندوتیژییەک کە بەرانبەر بە ژن هەیە، بۆ وێنە لە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکاندا و بۆ نموونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەڕای ڕادەی پێشکەوتوویی و لیبڕاڵیزم و مافی ژن و … هتد هەر بەراورد ناکرێت بە کۆمەڵگایەکی وەک کوردستان کە کولتوور و مێژووی بەتاڵان براوە و، سڕاوەتەوە. لێرەدا مەبەستم یەک شتە و حەز ناکەم کەس بابەتەکەم بەلاڕێدا بەرێت، ئەویش ئەوەیە کە ڕاستییەکان ببینین، لەگەڵ وڵاتان و نەتەوەکانی دیکە بەراوردیان بکەین، لە بەستێن و شوێنی خۆیاندا بیانخوێنینەوە و، تا دەکرێ لە تەوەهووم و ئەفسانەسازی دوور بکەوینەوە.
کیانی سەربەخۆ و مافی چارەنووس، مافێکی مرۆیییە و هەموو مافەکانیش دەگرێتەوە؛ نابێت و ناکرێت بە پشتبەستن بە گەندەڵیی چەند ڕێبەر و حیزب و تاکەکەس لە کورد زەوت بکرێت؛ مافی چارەنووس شتێکە و گەندەڵیی سیاسی و ئابووری لە وڵاتێکدا شتێکی دیکەیە. هەروەها بە ئاشکرا ئەوەش دەڵێم نەتەوەسازی و دانانی دەوڵەت، بابەتێکی ئاکاری و ڕۆمانتیکی نییە؛ ڕاوەماسییەکە تێیدا مرۆڤ پاشی تەڕ دەبێت. هیچ نەتەوەیەک بە فەلسەفەتاشین و بە مەبەستی ئاشتکردنەوەی گورگ و مەڕ و، بە وتووێژی ڕووناکبیری لە قاوەخانان دروست نەکراوە. چاوخشاندنێکی زۆر سەرەتایی و خێرا بەسەر مێژووی وڵاتان ئەوە دەسەلمێنێت کە کیان دانان بابەتێک نییە بکرێ تەنیا لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئاکاردا باسی لێ بکرێ. هەمیشەش ئاوێتەی هاوکێشە و ناکۆکییە. بۆیە هیچ تەزمینێک نییە و هیچ پێویستییەکیش بەو تەزمینە نییە کە کورد لە خەباتی خۆیدا تێچوو نەدا و، تێچووش نەخاتە ئەستۆی دوژمنەکانییەوە. بە کوردی و بە کورتی، خەبات، بەرخۆدان و شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکی کە دووهەمین هێزی ناتۆیە، بە کتێبەکانی جان لاک ناکرێت؛ شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی فارسی /شیعی کە دنیای لەگەڵ پێوە بووە، بە کتێبەکانی مۆنتسکیۆ و بابەتی هەستەکی و فەلسەفە هەڵبەستن بۆ کۆیلایەتی ناکرێت! کورد خەباتێکی واقیعی لەپێشە و، ئەو خەباتەش خەریکە دەکریت و بە ئاشکراترین شێوە خۆی لە خەباتی ژینادا دەرخستووە. بۆیە حیزب و لایەنەکان ئەگەر مافی کیانی سەربەخۆش بە کورد ڕەوا نابینن، لانیکەم بڵێن دەمانهەوێت مافی هاوڵاتیبوون بەدەست بێنین! بەڵام ئەوە ئەوپەڕی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیزیسمە کە پێیان وابێت دەتوانن سنوورەکان بسڕنەوە و مەدینەی فازیەلە لەسەر شانی کۆڵبەران و دایکانی جەرگسووتاو و گەنجانی زیندانیکراوی کورد ساز بکەن. ئەو جۆرە بیرکرنەوەیە لە خۆیدا جینۆسایدە و سڕینەوی کولتووری بەڕەوا دەبینێت و، لەگەڵ هەموو جۆرە پێناسەیەک بۆ مرۆڤایەتی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ دژایەتی هەیە و ناتەبایە. بیرکردنەوە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە شێوەیەکی بەراوردکارانە و بە ڕوانگەیەکی واقعبینانە دەتوانێ دەرسێکی گەورەی بۆ کورد وەکوو نەتەوە هەبێت. دیارە ئەم باسە زۆری بە بەرەوەیە و، ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەوێت، بۆیە هەر بەوەندەی دەیبڕمەوە، هیوادارم پەیامی خۆم گەیاندبێت.


