ئارامتر بخوێنەوە
“عمامە پرانی” و مافی تاک
١. دوو حەفتەیەکە “عمامە پرانی” وەک “کردار”ێکی شۆڕشگێرانە دەستی پێکردووە. کردارێک کە لەخۆیدا بەڕواڵەت “پەرچەکردار”ێکە لەبەرامبەر دەیان ساڵ زوڵم، زیندان، ئەشکەنجە، دیکتاتۆری و تۆتالیتاریسم. “عمامە” بەشێکە لە جلوبەرگی تاکەکەسیی ئەوانەی دەبنە ئاخوند. ئاخوندەکان 43 ساڵە دەستیان بەسەر ماڵ و گیان و مان و نەمانی خەڵک داگرتووە.
٢. “ژن ژیان ئازادی” ئێستا بۆتە چەمک. ڕوانگە و جیهانبینیەکی تازە بۆ گۆڕانی جیهان. چەمکێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی. ئەم چەمکە بەدوای مەرگی جوانەمەرگ ژینا دا شۆڕشێکی مەزن و هێندێک ئەکت و “کردار”ی تایبەتی لە بەرامبەر دیکتاتۆریی دینیدا هێناوەتە گۆڕ. یەکێک لەم کردارانە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئایینی سیاسیی ئاخوندەکان دا “عمامە پرانی”یه کە لە داهاتوودا دەتوانێ ببێتە چەمکێکی تازە لە حەوزەی کۆمەڵناسی دا.
٣. باشترە ئەم چەمکە هەر بە فارسی “عمامەپرانی” بمێنێتەوە چونکە وشەکانی “مێزەر” و “مەندیل” لە کوردیدا هەمان باری نەرێنی “عمامە”یان نییە. هاوکات مەندیل و مێزەر وەک ڕەنگ و ئەندازە و شکڵ و قوماش لەگەڵ عەمامە جیاوازییان هەیە. لە هەموو دنیاش هێندێک چەمک و وشە و گۆرانی کە لەگەڵ ڕووداێکی مێژوویی تێکەڵ دەبن تا ڕادەیەک وەک خۆیان دەمێننەوە.
٤. عمامە” لە “احادیث” دا بە “تاج فرشتگان” نێوی هاتووە. عەمامە سیمبۆلە. سیمبۆلی دەسەڵاتێکی ئاسمانی کە دەتوانێ حوکمەکانی ئاسمان لەسەر زەوی بەڕێوە ببا. عەمامە بەتایبەتیتر لە ئێران دا سیمبۆلی دەسەڵاتی ئایینی و سیاسییە. فڕێدانی و فڕاندنی عەمامە لە دوای 43 ساڵ دەسەڵاتداریی ئاخوندەکان و دوای شۆڕشی ژینا بەشێک لە بەرخۆدانێکە به دژی ئەم دەسەڵاتە. بەڵام ئەمە تەنیا لایەنێک و دەلالەتێکە لەبەرامبەر ئاخوندەکان وەک نوێنەرانی دەسەڵات.
٥. دەلالەتی شاراوەی “عمامە پرانی” جۆرێکە لە گەڕانەوەی سەربەخۆیی و ماف بۆ تاک. تاکێک کە دەبێ بە پێی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ سەری بۆ هەموو حوکمەکانی ئاسمانی و نوێنەرەکەی لە سەر زەوی دانەوێنێ. تاکێک کە مافی بڕیاردانی لەسەر جەستە و ژیانی خۆی نییە و “قیم”یک ڕێگای نیشان دەدا و “ولی فقیە”ێک فێری “نهی از منکر و امر بە معروف”ی دەکا. تاکێک کە لەم 43 ساڵەدا لەباری تێگەیشتن و عەقڵەوە “صغیر” دیتراوە ئێستا لە زیندانی ئیدیۆلۆژی هاتۆتە دەر و لەبەرامبەر “ولی فقیە” و نوێنەری ئاسمان دا ڕاوەستاوە. ئێستا ئەم تاکە لە دەسەڵات ڕاساوە و دەیهەوێ پێگەی ئینسانیی خۆی ببینێتەوە. دەیهەوێ لەسەر ژیانی خۆی بڕیار بدا. دەیهەوێ ئۆتۆریتەی لەسەر جەستە و داهاتووی خۆی هەبێ. دەیهەوێ دەسەڵاتی کەسانێک کە بە ئیدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی حوکمی بەسەردا دەکەن لەخۆی داڕنێ. ئەم تاکە چیتر دەسەڵاتی ئەویتر بە سەر خۆیدا قەبووڵ ناکا.
٦. لەگەڵ “عمامەپرانی” پرسیارگەلێک دێنە گۆڕ:
ئایا کاتێک گەنجەکان لە شەقام لەپشتەوەڕا لەسەری ئاخوندەکان دەدن و عەمامەکەی دەپەڕێنن ئەمە بەکارهێنانی زەبر و زەنگە؟ ئایا ئەم کردارە دژی مافی تاکێکی دیکە و دژی ئازادی شارومەندی لەوان چۆن پۆشینی تاکە؟ ئایا هەموو ئاخوندەکان وەک یەکن و لەگەڵ دەسەڵاتن؟
بۆ وڵامی ئەم سێ پرسیارە دەتوانین بڵێین کە بەڵێ ئەم ئەکت و کردارە دژی ماڤی ئازادیی جلوبەرگی پۆشینی ئاخوندەکانە، و تا ڕادەیەک بەکارهێنانی زەبروزەنگ. ڕەنگە لەناو ئاخوندەکاندا ئینسانی واش هەبن کە دژی شێوەی حکومەتڕانی و دەسەڵات بن. بەڵام مادام زەبروزەنگی بێسنووری حکومەت لە بەرامبەر شارومەندان کوشتن و ئەشکەنجە و زیندانە، مادام 43 ساڵە خەڵک لە سەرەتاییترین ئازادی و مافی شارومەندییان بێبەشن، مادام حوکمی ئێعدامی هەزاران کەس بەدەست ئەم حکومەتە ئاخوندییە دراوە “عمامە پرانی” دەبێتە ئەکتێکی زۆر سادەی شارومەند لەبەرامبەر دەسەڵاتدا. با ئەو ئاخوندانەی باوەڕیان بە مافی تاک و خەڵک هەیە بەرەی خۆیان لە تاوانبارانی حکومەت جیا بکەنەوە و لە داهاتوودا کەس کاری بە جلوبەرگی ئەوان نەداوە و دەتوانن ئازاد باوەرمەندی دینی خۆیان بن. بەڵام ئیستا ئەوە حکومەتێکی ئاخوندییە کە گەنج و لاوان لە سەر شەقام دەکوژێ. با ئەو ئاخوندانەی باوەڕیان بە زەبروزەنگ نییە لە حکومەت دوور بنەوە و تەنانەت دژی دەسەڵات وەک زۆر مەلای ئازادیخوازی دیکە لە مێژوودا خۆیان “خلع لباس” بکەن. هەرکات ئازادی باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کشاند ئەوان وەک هەر شارومەندێک ئازادن چ لیباسێک هەڵبژێرن. تۆپ لە مەیدانی ئەواندایە.


