ئارامتر بخوێنەوە

وردە سەرنجێ

ئەفراسیاب گرامی


شۆڕشی ژینا، بزووتنەوەیەکی فرەڕەنگ و فرە سیمایە کە نوێنەرایەتی ڕوانگەیەکی دیاریکراوی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە کوردستان و ئێراندا ناکات. بە شەهیدکرانی خاتوو ژینا ئەمینی، لە شەقام و کۆڵانەکانی کوردستان ڕاپەڕین و خرۆشانێکی جەماوەریی سەری هەڵدا کە سەراسەری ئێرانی گرتەوە. درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک مانیفێستێکی ئازادیخوازنە، سیاسی و کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی کوردستان دەرکەوت کە ڕیشەی لە ناو کولتووری سیاسی کوردستاندا هەیە و لە قۆناخە جۆراوجۆرەکاندا گەشەی کردوە. ئەو درووشمە تەنیا درووشمێکی زڕق و برقداری فیمینیستی نیە، بەڵكوو درووشمێکی پێکهاتەشکێنیە و ئێعتراز بە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی لە ئێران و کوردستاندا لە پێناو کەرامەت، یەکسانی و فرەڕەنگی لە کۆمەڵدا. هاوکات هەوێنی بزووتنەوەیەک کە لە پەراوێزی کۆمەڵگای جیهانییەوە (واتە کوردستان) دەبێتە درووشمێکی یۆنیڤەرساڵ و سەر لە نوێ بنەما فکرییەکانی چینی ناوەندیی فێمینیزم ڕادەچڵەکێنێ کە پەراوێزەکانیش دەبنە مانیفێست. لە پاڵ ئەم شۆڕشەدا، دیاردەی “حیجاب” لە لای فارسەکانەوە زیاتر گرینگی پێ درا.

“حیجاب” دیاردەیەکی دینی و یۆنیفۆرمێکی مەزهەبییە و لە زۆربەی دینەکاندا و بەتایبەتی دینی ئیبراهیمیدا هەبووە. نۆرمێکی دینیە کە جەستەی ژن دادەپۆشێ لەوەی نەدیترێ و لە ناو کۆمەڵ و کولتووردا زیندانی دەکات. لە ڕوانگەی دینییەوە شکاندنی ئەم نۆرمە، کافربوون و لە دین‌دەرچوونە. داپۆشینی پرچ، بەستنی زمانی پێوەندیی جەستەییە لەگەڵ دەورووبەر و داخستنی بیر و زەینی ژنە بە ڕووی دنیادا. لەو کاتەوە کە حیجاب هاتووە، چۆنیەتی گرێدان و بەستنی سەرپۆش، نیوەکراوەبوون و کراوەبوونی، کۆکردنەوەی قژ لە ژێر سەرپۆشدا و دەیان دیاردەی دیکە ئەو پەیامە جەستەییە بە دەورووبەری خۆیان دەگەیەنن. جیاوازیی حیجابی ژنانی کورد و ئێران لەوەدایە کە ژنانی فارس لە ناو حیجاب و یۆنیفۆرمێکی دیاریکراوی مەزهەبی خزێنراون و داخراون. ئەم مۆدێلە لە حیجاب هەموو ڕەنگەکانی کوێر کردوە و هەموو پەیامەکانی کوشتووە. ئەم نموونەیە لە ناو یونیفۆرمی مەزهەبیی ژنی تورک و عەرەب و ئەفغانستان و تەنانەت “نیقاب” وەک زیندانی هەتاهەتایی دەرئەکەوێ و لە باشووری کوردستاندا حیزبە ئیسلامییەکان خەریکن ڕەواجی پێ دەدەن. هۆکاری دووهەمی ئەم داخرانە لە ناو یۆنیفۆرمی مەزهەبیدا، دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانی کە بە ناوی مۆدێڕنکردنەوە جلوبەرگی لە خەڵکی ئێران سەندەوە و کاتێ کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی وەدەستەوە گرت، یۆنیفۆرمی مەزهەبیی بەسەر خەڵکدا سەپاند.  بەڵام حیجابی ژنانی نەتەوەکانی ئێران بەرهەمی فرەڕەنگی و سەرچاوەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوانە. بۆیە دەکرێ ئەو تێگەیشتنە درووست ببێ کە “حیجاب” بەشێکی گەورەی هاتنە سەرشەقام و ئێعترازی ژنانی ئێران بێت و شکاندنی ئەم نۆرمە بە واتای شکاندنی کۆی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە ئیراندا. یەکێ لەو دیاردانەی کە لە شۆڕشی ژینادا لە پاڵ وەلانانی حیجابی ئیجباریی دەرکەوت، “پرچ بڕین” بوو. “پرچ و قژبڕین” لە مێژووی کۆمەڵایەتیی کورددا، دەربڕینی کۆست و خەمی گەورە بوە. بەڵام لەم بزووتنەوەیەدا پێکهاتەشکێنانەیە و هاوئاراستە لەگەڵ درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” سیمبۆلێکە بۆ دەربڕین و بە گژداچوونەوەی سیستەمی پیاوسالاریی و چەقبەستوویی کۆمەڵ کە پێی وایە “ژن” و “جەستە”ی ژن دەبێ لە قاوەخی کولتوور و کۆمەڵدا بمێنێتەوە. زۆرێک لە ژنان ڕەخنەیان لەم سیمبۆلە ئێعترازییە گرت و پێیان وابوو کە پرچی ژن دەبێ پەخشان بێت و بدرێ بەدەم شنەی باوە. بەڵام ئەم ئێعترازە بۆ ئەوەیە کە بە “ژن” و کولتووری و کۆمەڵ بڵی کە جەستەی ژن “موڵکی خۆیەتی” و نابێ کولتوور لە “جەستەی ژنان” دا کۆبکرێتەوە و ئازادییەکانی لێ زەوت بکرێت. بڕینی هەر پەلکەیەکی قژ، شکاندنی زیندانێکی کولتوورییە لە کۆمەڵدا. چونکە جەستە زمانی جەستەیی و وێنایی بەهێزی هەیە بۆ دەربڕین و لە هەموو کولتوورەکاندا، لە نێوان جەستەی پیاو و ژندا، لە نێوان دیتن و نەدیتندایە.


ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسانە بۆ نەتەوەکانی ئێران و لە پەراوێزدا هێشتنەوەیان

چەند ڕۆژ پێش، لە ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکاندا بەیاننامەی کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕی ئێرانی (گاما) بڵاوکرایەوە کە پشتیوانیی خۆیان بۆ بزووتنەوەی ژینا دەرببڕن و جێ نەمێنن. لە بەیاننامەکدا هاتوە کە “”ما مترجمان در کنار میلیون‌ها شهروند در برابرِ همهٔ مظاهر سلطه که همگان را، خصوصاً زنان را، به انواع انقیادها زنجیر کرده است می‌ایستیم، در برابر همهٔ تبعیض‌ها و ممنوعیت‌هایی که زندگی را در این کشور به بقای صِرف در اردوگاه‌های کار اجباری شبیه کرده است می‌ایستیم”. کۆی بەیاننامەکە دوو پاراگرافە و کۆمەڵی وشەی تێدا بەکارهاتووە کە بە شێوەیەکی رۆمانتیکانە پرسی سەرهەڵدانەکانی ئەمڕۆی کوردستان و ئێران لە چوارچێوەی خەونی فاشیزمی ئێرانیدا دەبینێتەوە. کۆمەڵی چەمکی هەساندراوی وەک “شارۆمەندی، ئازادی دەربڕین، ئازادی کۆبوونەوە گرتن و هەڵبژاردن و …” هەتا دوایی لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسانە و پۆست‌کۆلۆنیالیستانەی خۆیانەوە دادەڕێژن بە بێ ئەوەی کە هیچ جۆرە مافێکی زمانی و فەرهەنگی بۆ نەتەوەکانی ئێران بە فەرمی بناسن. چەمکی ڕۆژهەڵاتناسی و پۆستکلۆنیالیزم یەکەم جار لە لایەن “ئیداورد سەعید”، نووسەر کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی” هاتە بەرباسەوە کە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی بە کۆی بنەما فکرییەکانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵات (کولتووری ڕۆژهەڵاتی)ی بوو کە پێی وابوو، ڕۆژئاوا سەرچاوەی زانست و هونەر و مەعریفەیە، و ڕۆژهەڵات سەرچاوەی دواکەوتوویە و هێشتا شارستانیەتیان بە خۆیەوە نەدیتوە. لە ئێرانیشدا ئەم ڕوانگەیە پێی وایە کورد “بومی”یە و هێشتا “شارستانیەت و تەمەدۆنی” نیە. لە پەراوێزدا هێشتنەوەی پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکان هەوێنی ئەو بەیاننامەیە کە وا دیارە پاش سەد ساڵ دەوڵەتی بەناو مۆدێڕنی ئێرانی لە سەر بنەمای یەک نەتەوە ـ یەک زمان کۆتایی نەهاتوە و لە هەموو بەستێنەکاندا و لە هەموو دۆخەکاندا خۆی دەردەخات و کاژی نوێ دەخات. کۆمەڵێک نووسەر کە زۆربەی شاکارە ئەدەبییەکانی دنیایان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و مژدەی ئەوە دەدەن بە خوێنەرانیان کە سەراسەری ئێران پڕ دەکەن لە سوپای واژە و وشەی فارسی و ئومێدی ڕزگارییان پێ دەدەن. ئەم موژدەیە پەیامێکە بۆ نەتەوەکان کە سەردەمی داگیرکاریی نوێ لە ڕێگای وشە و لە ڕێگای زمانەوە دەست پێ دەکات. نووسەرانی بەیاننامەکە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تەرجومە دەکەنەوە بە بێ ئەوەی کە بزانن، ئەو درووشمە مانیفێستێکی هونەری، شێعڕی یان دەقێکی ئەدەبی نەزۆک نیە، بەڵکوو ئەوە مانیفێستێکی کۆمەڵایەتییە و بەشێکی گەورەی کولتوورکاپیتاڵی کوردستانە لە پێناو سڕینەوەی هەموو ستەمە نەتەوەیی، زمانی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستانە. 

داڕمانی ئەخلاقیی سیستمی سیاسیی ئێران تەنیا لە ئاستی پەلاماری خەڵک بە تۆپ و تانک و گوولە نیە، تەنیا شەهید کردنی لاوانی کورد لە سەر شەقامەکان نیە، بەڵکوو ئەم جۆرە بەیاننامانە لە ڕێگای چەمک و دەستەواژە زمانییەکانەوە، لە ڕێگای پەڵەدارکردنی ناسنامەی زمانی و شکاندنی شکۆی ئەدەبیات و کولتوور و هونەرییەوە، پەلاماری کوردستان دەدەن. بە ناساندنی کورد وەک “قوم، ادبیات و فرهنگ بومی یان محلی، سینمای بومی و … ” لە ناو نووسین و دەربڕینەکانیاندا، لە ناو کتێبە دەرسییەکاندا دەربڕی روانگەیەکی ڕۆژهەڵاتناسانە، پەراوێز و پۆستکلۆنیالیستانەن. ئەوان باش دەزانن کە بزووتنەوەی ژینا، پارادیم‌شیفتێکە بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و شکاندنی ئەو پێناسە دەقگرتووە و فاشیستانەیە. بۆیە کاتێ باس لە “تبعیض”ەکان دەکان و دەیانەوێ لە بەرامبەریدا بوەستنەوە، ناڵێن کام هەڵاواردن و کام جیاوازیی، بەڵکوو دەڵین کە هەر “شهروند”ێکی لەو پەڕی سنوورەکانی ئێرانیشەوە دەتوانن خوێنەری بەرهەمە ناوازەکانی دنیا بە زمانی “فارسی” بن.