ئارامتر بخوێنەوە

میدیای ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 ڕامان هەورامی، دیاکۆ هەورامی


میدیا یەکێک لەو ئامراز و کەرەستانەی سەردەمە کە ڕۆڵێکی  یەکجار زۆری لەسەر  ڕای گشتی هەیە. ڕای گشتی لە سەرەکیترین پێناسەیدا واتە هاوشێوەیی و هاوبەشی ڕوانین و بۆچوونی زۆرینە بۆ کۆمەڵێک پرسی گشتی، ڕای گشتی دەتوانێت کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لە سەر پرسە گشتیەکان، نۆڕمەکان و ئاراستەی ڕووداوەکان هەبێت. بۆیە بەردەوام ڕای گشتی شوێنی پێکدادانی گوتاره جۆراوجۆرەکانە، لەم ڕوانگەوە هەر حێزب یان لایەنێکی دەسەڵاتدار بیهەوێت بەردەوامی هە بێت لە دەسەڵاتداری دەبێت هاوکات لە گۆڕەپانی شەڕی ڕای گشتیدا بەشدار بێت. لە بەرانبەریشیدا هەر هێز و  لایەنێک بیهەوێت دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت دەبێت لە ڕای گشتیدا بتوانێت دەسەڵات لە لایەنی بەرانبەر بستێنێتەوە، لە ڕەهەندی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە ڕای گشتی سەرچاوەی رەوایی بۆ هێز یان دەسەڵاتی سیاسیە، ڕەوایی خۆی یەکێک لە کۆڵەکەکانی بەردەوامی دەسەڵاتی سیاسیە. بۆیە ڕای گشتی فاکتورێکی زۆر گرینگ لە بەردەوامبوون یان نەبوونی دەسەڵاتی سیاسییە.

ئامرازەکانی کاریگەری و کارتێکەری لە سەر ڕای گشتی زۆرن کە باسکردن لەسەر هەموویان بەدەر لە ئامانجی ئەم بابەتەیە.

بێ گومان بە هۆی ئەو پێگەیە کە میدیا لە ژیانی تاکیی و کۆمەڵایەتی مرۆڤدا هەیەتی، ئەگەر نەڵین گرینگترین ئامراز بە دڵنیایی دەتوانین بڵێین یەکێک لە گرینگترن ئامرازەکانی کارتێکەری لەسەر ڕای گشتییە، بۆیە ئەم باسە کاتێک گرینگتر ئەبێت کە ئێمە دێین باس لە سەر ئەو دەزگا زەبەلاحە میدیاییانە دەکەین کە هەوڵ ئەدەن هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ لەخۆ بگرن، واتە ئەو میدیا زەبەلاحانە کە داڕێژەری پڕۆگرامن بۆ هەموو بەشەکان، لە پڕۆگرامی فیزیکی کوانتۆمەوە تاکوو جۆری پەیوەندی سێکسی. ئەم میدیا زەبەلاحانە کە خاوەن گشتیەتێکی پڕۆگرامین، خاوەن بەردەنگێکی یەکجار زۆریشن و لە هەمان کاتدا، ئەم میدیا گشتیانە بە گشتی پەیرەوی دوو جۆر یاسان: یەکەم کۆمەڵێک یاسای حکوومەتی و نیشتیمانی،  دووهەم کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی ڕێکخراوەیی و دامودەزگایی، ئەم یاسا و ڕێنماییە ڕێکخراویانە ڕۆڵێکی یەکجار  گرینگیان هەیە لە جۆری ڕووماڵی ڕووداوەکان یان جۆری داڕشتنی پروگرامەکان.

لە واقعدا ئەم یاسا و ڕێنماییە ڕێکخراویانە خۆیان پشت بەستوو بە  گوتارێکی تایبەت یان پلەتفورمێکی  دیاریکراون بە واتايێکی تر، گوتار یان پلەتفۆرمی پشتی ئەو یاسا و ڕێنماییانەیە کە دیاری دەکەن لە ناو ئەو هەموو ڕووداوانە دا کام ڕووداو ڕوومال یان کامەیان زەق بێتەوە، بۆیە ئێمە هەمووکات دەبینین کە لە نێوان چەند میدیای گشتیدا هاوکات چەن هەواڵ یان ڕووداوی جیاواز زەق دەکرێتەوە یان  ڕووماڵ دەکرێن. ئەم جیاوازیە دەگەڕێتەوە بۆ پلەتفۆرم یان گوتاری ڕێکخراوەیی ئەو میدیایە کە لە ڕێگای کۆمەڵێک یاسا و ڕێنماییەوە بە سەر میدیاکەدا دادەسەپێت.

بە زمانێکی تر هەر کام لەم دەزگا میدیاییانە خاوەن پێناسەی تایبەت بە خۆیانن، لەم ڕوەوە ئەم میدیا گشتیانە جۆرێک نایەکسانی لە ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەکان دەرەخسێنن واتا بەپێ ئەو گوتار و پێناسە کە هەر میدیایەک هەیەتی زۆرتر تەرکیز دەخاتە سەر هەواڵ و بابەتی گونجاو لە گەڵ پێناسە و پلەتفۆرمی خۆی. خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە ئەم میدیا گشتیانە خاوەن جۆرێک لە ڕۆڵی گێڕانەوەن؛ بەڵام ئەم ڕۆڵی گێرانەوەیە چییە و چۆن کار دەکات؟

ڕووداوەکان بۆ ئەم میدیا گشتیانە زۆربەی کات وەک دێیتایەکی خاو دەرئەکەون بۆیە ڕووداوێک کە وەکوو ئەمری واقێع بووە لە کاتی ڕووماڵی لە میدیا گشتیەکاندا ئەچێتە ناو پرۆسەی ڕووماڵەوە ئەم پرۆسەی ڕووماڵە هەمان پرۆسەی گونجاندنی هەواڵەکانە لە گەڵ پلەتفۆرم و گوتاری دیاریکراوی ئەم میدیا گشتیانەدا، لێرەدایە کە هەواڵ یا ڕووداوەکە وەک دێیتایەکی خاو لە ڕێگەی هەواڵنێر، شرۆڤەکار، پێشکەشکار و هتد… دەچێتە ناو یاسا و ڕیسای گوتاری پشت ئەو میدیایە، بە زمانێکی سادەتر هەواڵ یان ڕووداوەکە وەک دێیتایەکی خاو لە پرۆسەی ڕوماڵ دا دەچێتە ناو شکڵ دان و فۆرم دانەوە. ئەم فۆرم دانەش بەپێی یاساکان، گوتار و پێناسەی ئەو میدیا دەبێت.

تا ئێرە هەوڵ درا کە باس لە کۆمەڵێک مێکانیزمی گشتی بکرێت کە چۆن ئەو دەزگا میدیا گشتیانە بە کاری دێنین بۆ بەکارهێنانی ڕووماڵی هەواڵەکان و ڕووداوەکان. ئەم مێکانیزمە بۆیە باس کرا بۆ ئەوەیکە چەند خاڵی گرنگ ڕوون بێتەوە:

یەکەم: لە بنەڕەتدا میدیای گشتی بێ­لایەن یا سەربەخۆ بوونی نییە؛

دووەم: میدیا گشتیەکان بە عام جگە لە ئەو یاسا گشتی و حکوومییانە هەر کام خاوەن گوتار، پلەتفۆرم و پێناسەی تایبەت بە خۆیانن کە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر جۆری شرۆڤە، دەستنیشان کردن و ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەکان هەیە؛ و

سێیەم: سیاسەتی میدیایی، میدیا گشتییەکان لە ڕووماڵی هەواڵەکان و ڕووداوەکان یان داڕشتنی پرۆگرامەکانیان لە پلەی یەکەمدا پاراستنی بەرژەوەندیی گوتار و پلەتفۆرمی میدیای خۆیانە. بە پێی ئەم خاڵانە کە باسکرا میدیا گشتییەکان بە هۆی ئەو گشتیەتە پرۆگرامیانە کە هەیانە خاوەن بەردەنگێکی زۆریشن بۆیە دەتوانن لە ڕیگای ئەو مێکانیزمە میدیایانەوە سیاسەتی میدیایی و گوتارێکی تایبەت بەسەر بەردەنگەکانیاندا بسەپێنین. دەزگا میدیاییە گشتییەکان لە ڕیگای سەپاندنی گوتاری میدیایی خۆیانەوە دەتوانن کۆمەڵێک نۆرم و جیهان بینی بۆ بەردەنگەکامیان بخۆلقێنن، ئەمە ڕێک ئەو چرکەساتەیە کە میدیا گشتییەکان کارتێکەری و کارێگەریان دەبێت لەسەر ڕای گشتی.

مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دالی ناوەندی ئەم خەباتە نەهێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەییە، بۆیە بەردەوام گوتاری کوردایەتی گوتاری هێژمۆنی ئەم خەباتە بووە، ئەم ڕووانگە بە هیچ جۆرێک نکۆڵی لە مێتۆدی جیاواز بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم خەباتە نییە. بەڵام بەداخەوە لە چەند دەیەی ڕابردوودا کە ڕۆژبەڕۆژ ڕۆڵی میدیا زیاتر و زیاتر بووە، خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵات نەیتوانیوە گوتاری خۆی بە شێوازێکی پان و بەرین لە ڕیگەی میدیاوە پەرە پێ بدات. بەشدارنەبوونی بە هێزی میدیایی گوتاری “کوردایەتی” دەرفەتی بۆ میدیانەیارەکانی ڕەخساندووە کە کاریگەریان لەسەر ڕای گشتی ڕۆژهەڵات دابنن. دیارە لێرە مەبەست لە نەیار’ هەر جۆر ڕوانگە و گوتارێکە کە دژ بە داوای مافە ڕەواکانی کورد وەک نەتەویەکە’.

پێویستە لێرەدا نەیارەکانی کورد لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا بە سەر دوو لایەنی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن دابەش بکەین. دیارە میدیای سەر بە دەسەڵات نەیتوانیەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر ڕای گشتی ڕۆژهەڵات هەبێت و ئێمەیش لێرە نامانەوێت جەختی لەسەر بکەینەوە. بەڵام میدیای فارسی زمانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەم ساڵانەی دووایدا هەوڵێکی بێوچانی داوە بۆ کارتێکەری لەسەر ڕای گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دیارە ئەم هەوڵە لە ڕێگەی پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە بووە، واتە ناسیۆنالیزمی ئێرانی گوتار، پلەتفۆرم، و پێناسەی ئەم میدیایانەیە.

پێویستە لێرەدا ئاماژە بەم خاڵە بدەین کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بناخەی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنی ئێرانیەوە لە تەنیشت ئەمەوە مێژووی بزووتنەوەی کوردیش هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانییەوە کە پشت بەستوو بە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی بووە دژە بەم گوتارە وستاوە. لەم ڕووەوە پەرەدان و هێژمۆنیک کردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەوڵی ڕاستەوخۆیە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

میدیای فارسی زمانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەوڵدایە لە ڕێگەی میدیا گشتییەکانیەوە “ئێمە”یەک دروست بکات کە لەسەر یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا و یەک کولتوور وەستاوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن نەتەوە، زمان، ئاڵا و کولتووری خۆیەتی. بەم پێیە میدیای فارسی زمانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەوڵی سڕینەوەی زمان، کولتوور، ئاڵا و پێناسە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لێرە هەوڵ دەدەین چەن مێکانیزمێکی میدیای فارسی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دروستکردنی ناسنامەیەکی ئێرانی دەستنیشان بکەین:

یەکەم: پێناسەی نەتەوەی کورد وەک قەوم یا عوشیرەیەکی ئێرانی؛

دووەم: بە فەرمی­نەناسینی زمانی کوردی وەک زمانێکی سەربەخۆ و ناساندنی زمانی کوردی وەک لەهجە و گویش؛

سێیەم: پەردەان بە مۆسیقا، سینەما، ئەدەب و هونەری ئێرانی و سانسۆری مۆسیقا، سینەما، ئەدەب و هونەری کورد؛

چوارەم: نیشاندانی سیمای کولتووری کورد وەک کولتوورێکی دواکەوتوو و لە هەمان کاتیشدا نیشاندانی سیمای کولتووری ئێرانی وەک کولتوورێکی پێشەکەوتوو و جیهانی؛

پێنجەم: ڕووماڵی هەواڵەکانی کوردستان و شرۆڤەی ئەو ڕووداو و هەواڵانە  لە ڕێگای ئەو کارناس و شرۆڤەکارانەی کە خاوەن گوتار و هزری ناسیۆنالیزمی ئێرانین و سڕینەوە و سانسۆری  دەنگ و هزری  ئەو کەسانەی کە وا سەر بە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی نین.

بە پێ ئەم مێکانیزمانە کە باس کران میدیای فارسی زمانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ڕوونی بابەت و پرسی کورد و کوردستان یا سانسۆر دەکات یا لە ڕێگای کارناس و شرۆڤەکارەکانییەوە ڕەنگ و بۆنی ئێرانی دەداتێ. بۆ نموونە لێرە دەتوانین باسی جۆری ڕووماڵی هەواڵی خۆپێشاندانەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە ناڕەزاییەتیەکانی ئەم دوایانەدا بکەین. ئەوەی بۆ  هەموان ئاشکرا و ڕوونە دوایین ناڕەزاتییەکان لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران دوای کۆشتنی خاتوو”ژینا ئەمینی” دەستی پێکرد کە هەر لە هەنگاوی یەکەم میدیا فارسییەکان نێوی کوردی و یەکەمی ژینا کە تانەت دایکیشی بەو ناوەی بانگی دەکرد سانسۆریان کرد و ناوی دووهەمی “مەهسا ئەمینی”یان زەق کردەوە.

دیارە شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا لە شاری سەقز و سنە بە دروشمگەلێکی وەک “ژن، ژیان، ئازادی”، “کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان”، “داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژیانامانی”، “بژی کوردستان” دەرکەوت، بەڵام میدیای فارسی زمانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تەنیا ڕووماڵی دروشمی”ژن، ژیان، ئازادی” کرد، ئەویش لەبەر ئەوەی کە ناوەڕۆکی ئەم دروشمە جەخت لە سەر خواستە جیهانییەکانی ئازادی ژنان ئەکات و بە ڕوونی باس لە خواستە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد ناکات، بۆیە میدیای فارسی زمانی  ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تەنیا ئەم درووشمەی ڕووماڵ کرد و ئەو درووشمانەی تر کە لەلایەک باسیان لە ناسنامەی کوردبوون دەکردەوە و لەلایەکی دیکەوە “ئەویتیری” کوردیان بە ئامانج گرتبوو – وەک لە نموونەی داگیرکەری ئێرانیدا – سڕیەوە لە هەمان کاتدا میدیای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هاوکات لەگەڵ تەشەنەسندنی ناڕەزایەتیەکان هەوڵی دا دروشمگەلێکی فارسی، بە ناوەڕۆکی ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە وەک” مرگ بر دیکتاتور، مرد میهن آبادی، ایرانی باغیرت حمایت حمایت…” بە سەر شەقامی کوردیدا بسەپێنێت.

ئەمە لە کاتێکدا بوو دروشمی “کورستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان” کە هەڵقۆڵاوی ڕۆژی یەکەمی ناڕەزاتییەکانی شەقامی کوردی بوو نیشاندەری خواستی نەتەوەیی کورد بوو کە ئەویش کوتایی هێنان بە فاشیزمی ئێرانی بوو. بەڵام دروشمی” مرگ بر دیکتاتور” خواستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بوو کە ئەمە دەرخەری سنووری خواست و داواکارییەکانی ئێمە و ئەوانە؛ کێشەی شەقامی کوردی کۆتایی هێنان بە فاشیزمی ئێرانییە؛ جا چ لە فۆرمی کۆماری ئێسلامی و چ لە فۆرمی پاشایەتیدا. بەڵام کێشەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی  تەنیا کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆری کۆماری ئێسلامییە.
دیارە ئەم نموونە کە باس کرا تەنیا نموونەیێکی بچووکە لەو مێژووە درێژە لە هەوڵی میدیای فارسی زمانی ئێرانی بۆ داسەپاندی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی. ئاشکرایە ئەم هەوڵانە نەک هەر بەردەوام دەبن بگرە چڕتریش دەبنەوە، بۆیە پێویستە ئەکتەرەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیر لە ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بکەنەوە.

داگرتنی بابەت