ئارامتر بخوێنەوە
بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە توێی بزووتنەوەیەکی گشتیدا
ئازاد محەمەدیانی
ئەو ژینگە سیاسییەی کە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێ، وەک هەموو کۆمەڵگایەکی ئەم جیهانە هێندێک تایبەتمەندی، جیاوازی و جۆراوجۆریی تێدایە کە بووەتە هۆی جۆراوجۆری لە ڕوانگە، مەرجەعییەتی کۆمەڵایەتی و ئاراستەی جیای پێکهاتەیی کە خۆیان لە قەوارەی دامەزراوەیەکی مەدەنی، حیزبێکی سیاسی یا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و لە ئاکامدا بزووتنەوەیەکی مەدەنی و گشتیی کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە. ئەم ژینگەیە بە پێی ئەوەی کە هەم لە باری کۆمەڵایەتی و هەم لە باری سیاسییەوە لە ناوەند واتە ئێران بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە کاریگەری وەردەگرێ، بەشێکی زۆری ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی بە پێی سروشتی سیاسەت و کۆمەڵگای ئێران شکڵ دەگرێ یا دەگۆڕێ.
بۆ ئەوەی بچینە سەر باسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، پێویستە ئاوڕێکی گشتی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بدەینەوە و، لەو ڕێیەوە شێوەی پێکهاتن و ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخەینە بەرباس و لێکدانەوەوە. بەڵام پێش ئەوانە پێویستیمان بەوەیە بزانین لە بنەمادا بزووتنەوە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چین و، بە چ ئامانجێک و چۆن شکڵ دەگرن. لە ئاکامدا حەول دەدەین وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە دەتوانین بڵێین ئەوەی ئەم ڕۆژانە لەسەر شەقامی کوردستان و ئێران دەبیندرێ، ڕیشەیان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندایە، یان شۆڕشێکی شەقامی کاتی و ڕەفتارێکی هیستریکی کۆمەڵگایە بە نیسبەت بابەتی کوژرانی ژینا وەک سەرەتای دەستپێکی ئەو ڕووداوانە.
بزووتنەوە؛
گی ڕۆشە دەڵێ: “بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە ڕێکخستنێک کە بە هۆکاری بەدواداچوون بۆ ویست و ئامانجێکی تایبەت پێک دێ. بە پێچەوانەی ڕەفتارە گشتییەکان(رفتار جمعی)، کە کورتماوە، بێ ئامانج، چاوەڕواننەکراو و پێشبینی هەڵنەگرن، بزووتنەوە؛ درێژماوەتر، ڕێکخراوتر و ئامانجدارترە. واتە بە ئامانجی گەیشتن بە ویستێکی تایبەت پێک دێن و تا گەیشتن بەو ویستە بوونیان هەیە. هەڵبەت بزووتنەوە جیاوازی لەگەڵ ڕێکخراوە و دامەزراوەش(نهاد) هەیە کە درێژماوەتر و تەنانەت دایمیشن و کورتماوەترە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان چوار تایبەتمەندییان هەیە کە لە جۆرەکانی دیکەی ئەکتی کۆمەڵایەتییان جیا دەکاتەوە و بریتین لە:
-
لەسەر بنەمای یەک یا چەند کەلێنی کۆمەڵایەتی(شکاف اجتماعی) پێک دێن.
-
پێویستە ئەم کەلێنانە بووبنە هۆی سازبوونی شوناسێکی تایبەت و بیرۆکە، ئیدئۆلۆژی و جۆرێک خۆئاگاییی گشتی پێک هێنابی.
-
کۆمەڵێک تاک، کەسایەتی و ڕێکخراوی سیاسی تێیدا ڕەنگیان دابێتەوە.
-
حوزووری دەرەکییان هەبێ و هەست بە بوونیان لە کەشی گشتیی کۆمەڵگادا بکرێ.
بە پێوەری ئەم پێناسە و تایبەتمەندییانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەچینە سەر باسی بزووتنەوە جیاوازەکان و چۆنیەتیی شکڵ گرتن و پێکهاتنیان لە ئێران و کوردستاندا.
هەروەک باس کرا بزووتنەوەکان دوای یەک یا چەند کەلێنی کۆمەڵایەتی ساز دەبن، ئێران و کوردستان وێڕای هەموو کۆمەڵگاکانی دیکە، بە پێی جیاوازییەکانیان چەندین کەلێنی کۆمەڵایەتییان هەیە کە بوونەتە هۆی پێکهاتنی بزووتنەوەکان. لە ڕاستیدا وەک “ئێستین ڕووکان” و “نیکی ئار کێدی” دەڵێین کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی پێکهاتنی حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی واتە حیزبە سیاسییەکان نوێنەرایەتیی کەلێنە جیاوازەکان کە نیشانەی جیاوازی و تەنانەت دژبەرایەتین(تضاد) دەکەن. بۆ وێنە حیزبی دێموکڕات وەک حیزبێکی نەتەویی لەسەر کەلێنی ئیتنیکیی نێوان کورد و ناوەند ساز بووە و کۆمەڵە لەسەر کەلێنی چینایەتی کە نوێنەرایەتیی چینی کرێکار دەکا، وەک لە پێڕەو و بەرنامەی خۆیدا باسی دەکا و…هتد. بەڵام لە دۆخێکدا کە ئیمکانی پێکهاتنی حیزبی سیاسی نییە و کۆمەڵگا یا دۆخی سیاسی ئیزنی پێکهاتنی حیزب و ڕێکخراوە نادا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە دەوری ئەو کەلێنانەدا پێک دێن.
چونکە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامیدا، حیزبی سیاسی ئیمکانی سازبوونی نییە و ئەم پێکهاتە سیاسییە دژە ڕێکخراوەیە، هەر دژایەتی و کەلێنێکی کۆمەڵایەتی بە خێرایی ئیمکانی ئەوەی هەیە لە قەوارەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا خۆی بنوێنێ. بۆیە ئێران وڵاتی بزووتنە جۆراوجۆرەکانە، کە هەر کام نوێنەرایەتیی کەلێن، گرفت و دژبەرایەتییەکان لە بەستێنی کۆمەڵگادا دەکەن.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران:
لە ئێراندا بە پێی جۆراوجۆریی کۆمەڵایەتی و کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین بزووتنەوەی وەک بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران، سێکۆلار، نەتەوەکان و ڕێفۆڕمخوازی هەن، بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی بەرین و گەورە کە درێژماوەترینی ئەم بزووتنەوانەیە و، دەتوانێ و توانیویەتی ئەم بزووتنەوانە لێک گرێ بداتەوە و چەترێک بێ بۆ بەشێکی زۆریان، بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازییە.
بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازی؛
ئەو بزووتنەوەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش تەمەنی کۆماری ئیسلامی و هەر لە بزووتنەوەی مەشرووتەوە تا ئێستا درێژەی هەبووە، بە دەوری کەلێنی سوننەت و مۆدێرنیتە و کەلێنی مێژووییی حکومەت-خەڵک یا بە واتایەکی گشتیتر دەوڵەت-نەتەوەدا ساز بووە، دیارە واتای دەوڵەت-نەتەوە حیکایەت لە سازبوونی جۆرێک لە دەوڵەتی نەتەوەیی دەکات، بەڵام ئەودیوی دەوڵەتی نەتەوەیی حاکمییەتی نەتەوەیە بە مانای ئامادەبوونی هاوڵاتی وەک گرینگترین چەمکی دێموکڕاسی، کەواتە ئەودیوی دەوڵەت-نەتەوە، دێموکڕاسییە کە لە ئێراندا نەبووە و بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازی وەک بزووتنەوەیەکی بەرین و گەورەی کۆمەڵایەتیی ئێران لەسەر ئەم کەڵینە ساز بووە.
ڕاستییەکەی بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازی بە پێی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و هەلومەرجی سیاسیی سەردەم گۆڕاوە و هەر جارەی گوتارێکی تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆڕی و ستەم هەبووە. لە سەردەمی مەشرووتەدا گوتاری ئەم بزووتنەوەیە چەندین چەمکی گرینگی وەک نەتەوەخوازیی لیبڕاڵی، مەشرووتەخوازی و دەسەڵاتی یاسایی لە توێی گوتارەکەی خۆیدا جومگەبەندی کردبوو. ئەم بزووتنەوەیە، بزووتنەوەی مەشرووتەخوازی بەرەوپێش برد و توانی پاشەکشە بە ئیستبدادی قاجارەکان بێنێ و مەجلیس و یاسای پاشایەتیی مەشرووتەی بۆ یەکەم جار لە تەمەنی ئێراندا سەقامگیر کرد. ئەگەرچی ئەم بزووتنەوەیە دواتر پێشی گیرا، بەڵام مەشرووتە توانی سوڵتان لە ئاسمانەوە بگەڕێنێتەوە بۆ زەوی و بیخاتە چوارچێوەی یاساوە، توانی واتای هاوڵاتی لە جێی ڕەعیەت جێگیر بکات و مەڕجەعییەت لە سوڵتانەوە بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگا و هاوڵاتی. ئەوە یەکەم هەنگاوەکانی بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازیی ئێران بوو کە دواتر و بە هاتنە سەرکاری حکومەتی پەهلەوی قۆناغێکی دژواری بڕی، بەڵام لە دوای داگیرکردنی ئێران لە خەرمانانی ١٣٢٠ لە لایان شۆڕەوی و ئینگلیسەوە ڕۆحێکی تازەی وەبەر هاتەوە و گوتارە سیاسییەکەی گۆڕا. لەم دەورەیەدا ناسیۆنالیزم ئەگەرچی هەبوو، بەڵام ئیتر چەمکی سەرەکیی گوتارەکەی نەبوو، بەڵکوو چەپ خەریک بوو گەشەی دەکرد، حیزبی سیاسی دامەزران و نەتەوەکانی ئێرانیش وەک کورد و ئازەری بە جۆرێک خۆیان لەژێر سێبەری ئەم گوتارە چەپەدا دیتەوە کە دەیویست ببێتە بنەمای سەرەکیی ڕەوتی دژە ئیستبداد. ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، عەداڵەت و یەکسانی، چەمکە سەرەکییەکانی گوتاری بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازیی ئێران بوون کە تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا هەر وەک گرینگترین دروشمی ئەم بزووتنەوەیە مانەوە. دیارە بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازی وەک بزووتنەوەیەکی بەرین و گەورە توانی لە سەردەمی شۆڕش و دواتر بە هاتنە سەرکاری حکومەتی نوێ بەشێکی زۆر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە بە سازبوونی کۆماری ئیسلامی ڕەنگیان گۆڕی بوو یا تازە پێک هاتبوون، کۆ بکاتەوە. ئەم ڕەوتە بەردەوام وەک گرینگترین بزووتنەوەی ئێران توانیویەتی وێڕای وڵامدەرنەبوونی حکومەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی دڕیژە بە ژیان بدا و، جەماوەر لە دەوری واتاکانی خۆی کۆ بکاتەوە. دێموکڕاسیخوازی لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا تووشی کەڵکەڵەیەکی نوێ بوو، ئەویش سێکۆلاریزم بوو، بۆیە ئەو چەمکە وێڕای ئازادیی ڕادەربڕین و ئەندێشە، حکومەتی یاسا و هەڵبژاردنی ئازاد بووە یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی گوتاری دێموکڕاسیخوازیی ئێرانییەکان. بزووتنەوەیەک کە کەڵکی لە هەموو دەرفەتێک وەردەگرت بۆ ئەوەی کە بتوانێ هەنگاو بە دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆیی دەسەڵاتی ئایینی شل بکات. بۆیە لە سەردەمێکدا هاوڕێیەتیی بزووتنەوەی ڕێفۆڕمخوازی کرد. دێموکراسیخوازی لەم ناڕەزایەتییانەی ئێستای خەڵکانی سەرشەقامدا بزووتنەوەیەکی بەرین و گەورەی کۆمەڵایەتییە کە جەماوەری لە دەوری واتاکانی خۆیدا کۆ کردووەتەوە و بزووتنەوەکانی دیکەی خستووەتە ژێر سیبەری خۆیەوە.
دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەو باسە و پتری لێک دەدەینەوە.
بزووتنەوەی ژنان؛
یەک لە بزووتنەوە هەرە دیارەکانی ئێران کە ئەویش ڕاست لە سەردەمی مەشرووتەوە شكڵ دەگرێ، بزووتنەوەی ژنانە، سەرەتای ئەم ڕەوتە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆشنگەرییەک کە ئێرانییەکان لە ڕێی گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبە ئەورووپایییەکان و سەفەری شازادە و ئەعیانەکانی ئێرانی بۆ ڕۆژئاوایان دەکرد و، پێشەنگی ئەم ڕەوتە ژنانی دەرباری قاجار بوون. بە سازکردنی (ئەنجومەنەکانی نیسیان) و باس کردنی مافی ژنان، وردە وردە ئەم ڕەوتە پەرەی سەندە نێو کۆمەڵگا و شارەکان، جگە لە پێتەختی ئێران وەک تەورێز و تەنانەت کرماشانیش و ئەنجومەن و دامەزراوەی ژنان بۆ داکۆکی و ڕۆشنگەری سەبارەت بە مافی ئافرەتان دامەزران. گرینگترین شت لەو سەردەمدا مافی خوێندنی ژنان بوو کە بە هۆی ڕوانگەی نەریتی و ئایینیی پیاوان و دەسەڵاتی سیاسی لێیان زەوت کرابوو. دواتر ئەم بزووتنەوەیە لە دەورەی پەهلەویدا هێندێک گۆڕا. ڕەزا شا بە بەرنامەی مۆدێڕنیزاسیۆنی خۆی حەولی دا ژنان بێنێتە نێو کۆمەڵگا و پرسی کەشفی حیجاب، ئەگەرچی بۆخۆی جۆرێک ئیجبار بوو لەسەر جۆری پۆششی ئافرەتان و کەوتنە خوارەوە لەوبەری دیواری مافی ئافرەتان، بەڵام توانی ژنان تا ڕادەیەک بێنێتە نێو کۆمەڵگا و مافی خوێندن و کارکردنیان پێ بدات. لەو قۆناغەدا بزووتنەوەی ژنان بە دوو ئاراستەدا ڕۆیشت، بەشێکیان هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵات ڕێیان بڕی و، هێندێک گۆڤار و بلاڤۆکی وەک (زن روز) دەرکران کە نوێنەرایەتیی ئەم ئاراستەیەی بزووتنەوەکەی دەکرد، بەشەکەی دیکە وەک ئۆپۆزسیۆنی پاشایەتی، شتێک سەرووی ئەو شتانەیان داوا دەکرد کە ڕەزاشا و محەممەدڕەزا شا بۆ ژنان قایل بوون. بەشێکی زۆری ئەو ژنانە تێکەڵ بە بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازی بوون و هاوکاریی ڕەوت و حیزبە سیاسییەکانی وەک حیزبی توودە و … یان دەکرد. ئەم ڕەوتەی بزووتنەوەی ژنان، لە شۆڕشی گەلان لە ساڵی ٥٧دا بەشداریی بەربڵاویان کرد و، هەر ئەوانە بوونە دژبەرانی سەرەکیی حیجابی زۆرەملێ لە حکومەتی نوێدا و، بوونە درێژەدەری بزووتنەوەی ژنان بە درێژاییی تەمەنی کۆماری ئیسلامی. بزووتنەوەی ژنان ئەگەرچی دوای سەقامگیریی حکومەتی نوێ بۆ ماوەیەک بەتایبەت لە شەستەکان و تا نیوەی حەفتاکان پەراوێز خرا و دەرفەتی گەشەونەشەی نەبوو، بەڵام بە سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕیفۆرم و زیندووبوونەوەی کۆمەڵگای مەدەنی، وەجووڵە کەوت و بەشی هەرە زۆری بۆ گۆڕانی دۆخی ژنان و لانیکەم کرانەوەی فەزایەک بۆ چالاکی لەگەڵ ڕیفۆرم کەوت. ئەم ڕەوتە لە هەشتاکاندا زیاتر گەشەی کرد و لێکەوتەی گرینگی بزووتنەوەی ژنان “کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ بوو” بۆ سڕینەوەی هەڵاواردنی جێندەری(جنسییەتی)، بزووتنەوەی ژنان لە بزووتنەوەی سەوزدا چالاکانە بەشدار بوو و لە دەیەی نەوەد بەولاوە ڕادیکاڵتر بوو، (مادران دادخواه)، (چهارشنبە های سفید)، (آزادی های یواشکی) ئەو ئەکسیۆنانە بوون کە بزووتنەوەی ژنان لەو ساڵانەی دواییدا بە سەرکەوتوویی توانیویانە بەڕێوەی بەرن. ئێستاش بزووتنەوەی ژنان پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتییانەیە و توانیویەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش لەگەڵ خۆی هان بدات و، بە شێوەیەکی گشتگیر و هۆشیارانە پرسی ژنان بەجیهانی بکات. ڕاستییەکەی کەلێنی جێندەری(جنسییەتی) قووڵترین کەلێنی کۆمەڵایەتیی ئێرانە کە بووەتە هۆی پێکهاتنی بزووتنەوەی ژنان و ئەو بزووتنەوەیە پتر لە هەموو بزووتنەکانی دیکەی ئێران نموودی دەرەکی بووە و لە هەموو ناڕەزایەتییەکانی دوو دەیەی ڕابردوودا وەک بزووتنەوەیەکی زیندووی کۆمەڵایەتی لەسەر کەلێنی چالاکیی جێندەری(جنسییەتی) هەم بەربڵاو بووەتەوە و هەمیش زیاتر ڕۆچووەتە نێو کۆمەڵگای ئێرانەوە و چین و توێژی زیاتری لە خۆی کۆ کردووەتەوە. کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکانیشی یەک لەم ناوچانەن کە ئەم بزووتنەوەیە زۆری کاریگەری لەسەر داناوە، و ئەمە لە خۆپیشاندانەکانی مەرگی ژینادا ڕەنگی دایەوە. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە لە کوردستان بزووتنەوەی ژنان نەبووە و تەنیا کاریگەری لە بزووتنەوەی ژنانی ناوەند وەرگرتووە.
بەپێچەوانەوە لە کوردستان لە سەردەمی کۆمارەوە پرسی ژنان وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی لە ئارادا بووە و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا بە درێژاییی بزووتنەوکەی وەک چەمک و پرسێکی گرینگ خراوەتە بەرباس. یەکەم دامەزراوەی ژنان لە سەردەمی کۆماردا نیشانەی ئاوڕدانەوەی ئەم پێکهاتە سیاسییە نوێیەیە لە پرسی ژنان و ئەمەش لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٥٧ لە لایەن حیزب و ڕێکخراوەی دیکەش وەک کۆمەڵە کە خۆی بە پێشەنگی مافپارێزیی ژنان دەزانی، خراونەتە پلان و بەرنامەی حیزبییەوە. ژنان هاوشانی پیاوان بە پێچەوانەی شوڕشە ڕزگاریخوازانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بزووتنەوە گشتییەدا نەخشیان بووە. هەڵبەت وەک خەسارێک دەتوانین بیر لەو مەسەلەیە بکەینەوە کە بۆ بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان نەیتوانیوە لەژێر سێبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی بێتە دەرێ و هەر وەک ئۆرگان و بەشێکی ئەو چالاک بووە. دیارە ناتوانین چالاکیی ژنانی ڕۆژهەڵات لە بوارە جیاوازەکانی کلتووری، ئەدەبی و حەولی مەدەنی لە نێوخۆ لەبەرچاو نەگرین، بەڵام ئەوەی کە لە کوردستان لە ئارادایە، نەیتوانیوە وەک ئەوەی ناوەند قەوارە و پێکهاتەیەکی تایبەت بگرێ و وەک بزووتنەوەیەکی سەربەخۆی کۆمەڵایەتی جیا لە گوتاری بەرین و بەربڵاوی نەتەوەیی خۆی پێناسە بکات. ئەوە گەورەترین خەساری چالاکیی ژنان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە نەیتوانی بە دامەزراوە بێت و پێکهاتەیەکی دیار و جیاواز لەخۆی بدا بەدەستەوە. ڕاستییەکەی چالاکیی ژنان لە لایەکەوە تاکتەوەر بووە و لە لایەکی دیکەوە لەژێر کاریگەریی گوتاری بەرین و بەربڵاوی نەتەوەیی و حیزبە سیاسییەکاندایە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە کەلێنی جێندەری(جنسییەتی) لە کوردستان بەرچاو نییە، ئەگەر بڕوانینە ئامارەکانی پەیوەست بە خۆکوژیی ژنان، قەتڵی نامووسی، خەتەنە لە بەشێکی کوردستان و زۆر نەریتی دیکە، دەردەکەوێ کەلێنی جێندەری(جنسییەتی) یەک لە مەزنترین کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانە و، دەتوانێ بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ بە دەوری خۆیدا ساز بکات و نوێنەرایەتیی نەهێشتنی هەڵاواردن و ستەم لە بابەت ژنانەوە بکات. بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆژانە لەسەر شەقامەکانی کوردستان و لە قوتابخانەی کچانی ڕۆژهەڵات دەبیندرێ، دەرخەری ئەوەیە، کەلێنی جێندەری(جنسییەتی) بە هاوکاریی کەلێنی بەرەی نوێ (شکاف نسلی) خەریکە دژ بە دەسەڵاتی نەریتخواز و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ڕادەوەستێ و، گەمە بە بەها و نۆڕمەکانی دەکات. دواتر دێینە سەر ئەو باسە.
بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی؛
ڕاستییەکەی ڕیفۆرم بە مانای چاکسازی بە شێوەیەکی گشتی، لە بەرانبەر واتای ئینقلابدا پێناسە دەکرێ، بەو مانایە کە لە جیاتی ڕووخانی دەسەڵاتێکی سیاسی و بنیاتنانەوەی حکومەتێکی نوێ لە پڕۆسەیەکی خێرادا، بەها بدرێ بە چاکسازیی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و نەرم و هەنگاو بە هەنگاودا. بەڵام لە ئێران ئەم چەمکە لە بەرانبەر واتایەکی دیکەشدا پێناسە دەکرێ، ئەویش بنەماژۆخوازییە، واتە ڕیفۆڕم بیر لە گۆڕان دەکاتەوە لە بەرانبەر بنەماژۆخوازەکاندا کە لایەنگری دۆخی هەنووکەن و، مل نادەنە گۆڕانکاری. پێش ئەوەی بچینە سەر باسی ڕەوتی ڕیفۆرم لە ئێران و کاریگەرییەکەی لەسەر بزووتنەوەی دێموکڕاسیخوازی باس بکەین، ئاوڕێکی خێرا بەسەر بنەما فکرییەکانی ئەوم ڕەوتە لە ئیراندا دەخشێنین.
ئەوانەی لە ئێران ئاڵاهەڵگری چاکسازی بوون، سیکۆلارەکانی ئێران نەبوون، بەڵکوو کەسانێک بوون کە لە ناوەندی بیری ئیسلامی سیاسیی ئێرانەوە هاتبوون. ئەو کەسانە بیریان لەوە دەکردەوە کە دەبێ هەوڵ بدرێ ئەو حکومەتەی ئێستا لەسەر کارە، هەم لە باری ڕوانین و هەم لە باری یاسایییەوە ئەمڕۆییتر و سەردەمیانەتر بکرێ تا بتوانێ خۆی لەگەڵ چەمکەکانی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ ڕێک بخات. ڕاستییەکەی ئەوانە نوێخوازە دینییەکانی وەک؛ عەبدولکەریمی سرووش، محەممەدی موجتەهیدی شەبستەری، موحسینی کەدیوەر، حەسەنی یۆسفی ئەشکەوەری و… کە لە باری دینی و تیۆریکەوە حەولیان بوو خوێندنەوەیەکی ئینسانیتر لە دین بدەن بەدەستەوە و، کارێک بکەن، بتوانن لەگەڵ واتا و چەمکە نوێیەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ و دێموکراسی ئاشت ببنەوە. ئەوە پێویستیی بە ئیجتهادی نوێ لە فێقهی شیعەدا هەبوو، کەواتە هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە دەبوو لە ڕێگەی ئیجتهاد لە فێقهی شیعەدا و لە کاناڵی چاکسازیی ئایینییەوە بکرێن، شتێک کە بە ناوی پڕۆتستانتیزمی ئیسلامی ناویان دەهێنا و بنەماکەی لە زانستی تەئویلدا بوو. نموونە سونییەکەی ئەم بیرکردنەوەیە، نەسری حامێد ئەبووزەیدی میسری بوو. کەواتە دەبوو لەپێشدا چاکسازی لە نەهادی دیندا بکرێ و پاشان سیاسەت و یاسا لەسەر ئەو بنەمایە ڕیفۆرمی بەسەردا بێت. ئەو بیرۆکەیە توانی بە سەرکەوتنی محەممەدی خاتەمی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ١٣٧٦ و مەجلیس لە ١٣٧٨دا ببێتە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ڕیفۆرم لە ئێران هەر لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ٧٦ەوە وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی خۆی دەرخست و دواتر لە هەڵبژاردنی ٧٨ی مەجلیس و، لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمدا ڕەنگی دایەوە. ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، دەسەڵاتی یاسا، کۆمەڵگای مەدەنی، هەڵبژاردنی ئازاد و… لە گرینگترین چەمکەکانی ئەو بزووتنەوەیە بوون. هەر ئەو دروشمانە بوونە هۆی ئەوەی کە بتوانێ کەسانێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و، بۆ ماوەی پتر لە یەک دەیە وەک بەهێزترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئێران لە مەیداندا بێ. ڕاستییەکەی ئەم بزووتنەوەیە توانیبووی هەم لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی کە پێیان وابوو دەبێ بۆ مانەوەی سیستم چاکسازی بکرێ، لە خۆی کۆ بکاتەوە، هەم ئەو کەسانەی پێیان بوو لە ڕێی ڕیفۆرمەوە ڕێ بۆ خەباتی مەدەنی خۆش دەبێ و، دەتوانرێ لە درێژماوەدا بیر لە گۆڕینی سیستەم بکرێتەوە، واتە ئینقلاب بکەن، هەم ئەو بزووتنەوانەی کە بۆ چالاکی پێویستییان بە فەزایەکی ئازادتر هەبوو، وەک بزووتنەوەی ژنان و خوێندکاران و…لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە . ڕاستییەکەی ئەوە یەکەم جار بوو دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ٥٧دا ئەم چەمکانە لە توێی بزووتنەوەیەکدا دەکەونە بەرباس و ئێستا سەرۆککۆماری وڵاتەکە باسیان دەکات و، پشتیوان و ڕێبەری ئەم ڕەوتەیە. ئەوە شتێکی تازە و گرینگ بۆ کۆمەڵگای تینووی ئازادی ئێران بوو، بۆیە توانی بە زووترین کات جەماوەرێکی زۆر و، ئەو بزووتنەوانەی باس کران، بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و یەکدەنگ بن. گرینگترین کار کە ئەم بزووتنەوەیە توانی بیکا، ئەوە بوو کە چینی مامناوەند بێنێتە مەیدان و لە بۆنەکاندا بیکا بە ئەرتەشی ئامادەی خۆی، سەرەڕای ئەوەی کە بەرنامە ئابووری و کلتوورییەکانی دەوڵەتی خاتەمی توانیبووی ئەو چینە گەورەتر بکاتەوە، کارێک کە دواتر لە دەوڵەتی ئەحمەدینژاددا پێچەوانەکەی ڕووی دا. لە ٨٨دا و دوای ساختەکارییە مەزنەکەی هەڵبژاردنی خولی دووهەمی ئەحمەدینژاد، بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی نیشانی دا نەتەنیا ئێستاش تواناییی هێنانە مەیدانی جەماوەری هەیە، بەڵکوو دەتوانێ بزووتنەوەکانی دیکەش بکاتە هاودەنگی خۆی و گوتاری بەرین و بەربڵاوی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی ئێرانیش بجووڵێنێ. ڕاستییەکەی بزووتنەوەی سەوز بەرهەمی هاوپەیمانەتیی بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان و هاوڕێ بوونیان لەگەڵ بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی بوو، کە بە گەشەی کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ڕیفۆڕم لە ئێران ڕووی دا. بە بڕوای من بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی تا ساڵی ١٣٩٢ واتە یەکەم خولی هەڵبژاردنی حەسەنی ڕۆحانی وەک سەرۆککۆمار، تواناییی مۆبیلیزەبوونی توودەیی و هێنانە سەر شەقامی جەماوەری هەبوو، بەڵام دوایی ئەو نفووزە وردەوردە کەمی کرد، تا لە ساڵی ٩٦دا دوایین هەناسەکانی خۆی وەک بزووتنەوەیەکی زیندووی کۆمەڵایەتی هەڵکێشا، کاتێک پشتگیریی ئەو ناڕەزایەتییانەیان نەکرد و خەڵک دروشمی (اصلاح طلب اصول گرا, دیگە تمومە ماجرا)یان دا.
لە کوردستانیش بزووتنەوەی ڕیفۆرم توانی جەماوەری کوردستان لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات. دیارە جۆری هاوڕێیەتیی کوردستان لەگەڵ ئەو ڕەوتە لەگەڵ هەموو ئێران جیاوازە ، بە درێژاییی میژوو، کورد لەگەڵ ئەو ڕەوتانەی دروشمی ئازادیخوازانەیان داوە، هاوڕا و هاوڕێ بووە، دەکرێ پشتگرتنی موسەددیق لە سەردەمی پەهلەویشدا وەک نموونە بێنینەوە، لەم سەردەمەدا بەشداریی کورد پتر بۆ هاوشێوەبوونی دروشمەکانی ڕەوتی ڕیفۆڕم لەگەڵ دروشمەکانی بزووتنەوەی بەرینی دێموکراسیخوازی بوو. لە لایەکی دیکەشەوە ڕیفۆرمخوازان و دەوڵەتەکەی توانییان بەستێنێکی گونجاوتر بۆ گەشەی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردی ساز بکەن و ئەوەش سەرەتایەکی باش بوو بۆ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەو کۆمەڵگایە کە دواتریش هەر گەشەی کرد و ئێستا بووەتە گەورەترین کێشەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا. فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردی مەجلیسیش دەرفەتێکی دیکە بوو کە لەم دەورەیەدا بۆ کورد ڕەخسا و هێندێک ویست و داواکاریی کوردانە لە تریبۆنی مەجلیسەوە لە ڕێی ئەو نوێنەرانەوە باس کران کە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و وەک کاریگەریی بزووتنەوەی ڕیفۆرم دەتوانین باسی بکەین. لە کوردستانیش وەک سەرانسەری ئێران ڕەوتی ڕیفۆرم لە نیوەی دەیەی نەوەدەوە بەرەو لاوازی ڕۆێشت و، ئیدی لە سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی داماڵدرا. بەڵام هۆکاری ئەوەی کە بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی نەیتوانی وەک بزووتنەوکانی دیکە گەشە بکات و بمێنێتەوە بریتین لە؛ ١- ئەو بزووتنەوەیە لە قەوارەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ماوەیەک هاتە دەرێ و بوو بە دەسەڵات کە ئەوە دەرفەتێکی باش بوو، بەڵام چون نەیتوانی کەڵکی لێوەرگرێ، بۆی بوو بە هەڕەشە، کۆمەڵگا ناکارامەدیی دەوڵەتانی سەر بە ڕیفۆرمی بە حیسابی ناکارامەدیی ڕەوتی ڕێفۆڕم بە گشتی و ڕیفۆرمخوازی گرت. ٢- لە باری یاسایییەوە نەیتوانی هیچ گۆڕانکارییەک بەدی بێنێ ٣- لە بنەمادا هیچ ستڕاتیژییەکی تایبەتی نەبوو و نەیدەکوت یا جورئەتی ئەوەی نەبوو کە دەیهەوێ چی بگۆڕێ، ئەگەرچی لە باری تیۆرییەوە لە دەستپێکدا چاک توانی خۆی پێناسە بکات، بەڵام لە درێژەی ڕێ و لە مەیدانی کردەوەدا نەیتوانی گەڵاڵەیەکی دیاریکراوی تایبەت بدات بەدەستەوە.٤- لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دەیەی نەوەددا پشتی جەماوەری نەگرت.
بە پێچەوانەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوو دەیەی ڕابردوو کە خەڵک بۆ ئەو ڕەوتە لەسەر شەقام و لە پای سندووقی دەنگدان بوون، لە ٩٦ەوە ئیدی ڕەوتی ڕیفۆرم هیچ پێگەیەکی نەبووە. لەم خۆپێشاندانەشدا هیچ ناوێکی نییە و ئەگەر لەوانەی ٩٦ و ٩٨دا خەڵک دروشمی سەلبییان بە دژی دەگوتەوە، لەم ناڕەزایەتییانەی ئێستادا بەم شێوەیەش ناوی نییە، ئەوە یانی ئەم بزووتنەوەیە ئیدی هیچ پێگە و نفووزێکی کۆمەڵایەتی نییە و کۆمەڵگا بە سەر ڕیفۆڕم و چاکسازی و ڕیفۆڕمخوازاندا بازی داوە.
بزووتنەوەی خوێندکاری:
یەک لەو بزووتنەوە زیندووانەی کۆمەڵگای ئێران کە لە هەردووک دەورەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا وەک هێزێکی بەهێز مەیدانداریی ویست و داواکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جەماوەری کردووە، بزووتنەوەی خوێندکارییە. هەڵبەت ئەوەی کە زانکۆ و خوێندکار وەک بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنی داواکاریی سیاسی هەیە و لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی تایبەتدا لە جیاتی کۆمەڵگا دەنگ هەڵدەبڕێ، بۆخۆی چەند هۆکاری هەیە و، گرینگترین هۆکارەکەی نەبوونی دامەزراوە سیاسییەکانی وەک حیزبە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا بکات و بتوانێ وەک پردێکی پێوەندی لەنێوان دەسەڵات و جەماوەردا ڕۆڵ بگێڕێ. ڕاستییەکەی زانکۆ و خوێندکار خەریکن لە چوارچێوەی حیزبی سیاسیدا کاری تایبەت دەکەن، لێڕەدا (Dedifferentiation) ڕووی داوە، یانی دامەزراوەیەک کاری دامەزراوەیەکی دیکە دەکات و جیاوازییەکانیان تێک چووە. بزووتنەوەی خوێندکاری ئەگەر لەسەر نەریتی ڕاستەقینەی خۆی ڕۆێشتبا، دەبوو بە پێی سرووشتی خۆی وەک بزووتنەوە یا دامەزراوەیەکی پیشەیی هەڵسووڕێ، کەچی لە ئێرانی بێ حیزب و ڕێکخراوەی سیاسیدا، زانکۆ ئەو ئەرکەی سەرەڕای هەموو ئەرکەکانی دیکە وەئەستۆ گرتووە. بەهەرحاڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە لەژێر کاریگەریی حیزبی توودە لە زانکۆی تاران بوو، هەڵبەت توودە تەنیا ڕێکخراوەیەک نەبوو کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاری دانابێ، بەڵکوو (سازمان دانشجویی جبهە ملی) ئەو تەشکیلاتە بوو کە بەرەی نیشتمانیی ئێران لە زانکۆ سازی کردبوو، ڕاستییەکەی زانکۆ ببووە مەیدانی کێبەرکێی ڕەوتە جیاوازە سیاسییەکان، بەڵام بزووتنەوەی خوێندکاری بەوە ڕانەوەستا و بوو بە لەمپەرێک لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ڕژیمی پەهلەویدا، ١٦ی سەرماوەزی ١٣٣٢ خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ شکڵ گرتنی قەوارەیەکی تەواو ئاشتیخوازانەی زانکۆ لە بەرانبەر دەسەڵاتدا، ئەگەرچی وەک باس کرا هێزە نەتەوەیی و تەنانەت ئیسلامییەکانیش لە زانکۆدا کاریگەرییان هەبوو، بەڵام گوتاری چەپ بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا زاڵ بوو و، تەنانەت دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ٥٧یشدا ئەم کاریگەرییە بەرچاو بوو. دوای ئینقلاب و سەقامگیریی حکومەتی نوێ و بەئیسلامی کردنی زانکۆکان، وردەوردە بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ ماوەی پتر لە یەک دەیە چووە خەوەوە و دەنگ و جووڵەیەکی ئەوتۆی نەبوو و، هۆکارەکەشی سەرکوت بوو. بەڵام بە هاتنە مەیدانی سیاسیی ڕیفۆرمخوازەکان ئەم بزووتنەوەیە بووە باسکی دیاری بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی. ئەم وەخەبەرهاتنەوەیەی زانکۆکان هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانکارییەک کە بەسەر گوتاریدا هاتبوو. گوتاری بزووتنەوەی خوێندکاری ئیدی چەپ نەبوو، بەڵکوو وەک بزووتنەوەیەکی لیبڕاڵی سێکۆلار گەشەی کرد و هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی بەرینی دێموکراسیخوازی ڕێگەی بڕی. ساڵی ٧٨ بزووتنەوەی خوێندکاری سەلماندی کە چەندە بەهێزە و دەتوانێ بەتەنیا تەخت و بەختی دەسەڵاتەکان بخاتە مەترسییەوە، ڕاپەڕینی زانکۆ لەو ساڵەدا نیشانی دا کە نەتەنیا لەسەر پێیە، بەڵکوو دەتوانێ ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتیی خەباتی گشتیی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی بکات. سەرکوتی بێوێنەی زانکۆ و مەسەلەی (کوی دانشگا)، زانکۆ و بزووتنەوەی خوێندکاریی بەتەواوەتی خستە بەرەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامییەوە. بزووتنەوەی سەوز لە ٨٨دا خاڵێکی وەرچەرخانی دیکەی بزووتنەوەی خوێندکاری بوو، ئەم بزووتنەوەیە لەم قۆناغەشدا وەک بنکەی سەرەکیی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی خۆی دەرخست. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی توانی بە سەرکوتی زۆر توندی ئەم بزووتنەوەیە، ماوەیەک بێدەنگی بکات، بەڵام ئەو سەرهەڵدانانەی ئەم جارە بزووتنەوەی خوێندکاریشی وەخەبەر هێنا و ئێستا ئەم بزووتنەوەیە وەک یەک لە لەنگەرەکانی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی لە مەیداندایە، بەڵام بەم جیاوازییە کە ئیدی ئەم بزووتنەوەیە ڕیفۆرمخواز نییە، بەڵکوو بەتەواوەتی ئینقلابییە و بنەما و ڕیشەی دەسەڵاتی دینی کردووەتە ئامانج، ئەوەش وێڕای قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی بزووتنەوەی خوێندکاری خاڵێکی وەرچەرخانی دیکەیە کە واتاکانی گوتاری خۆی لە هاوڕایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیدا پێناسە دەکات.
لە کوردستانیش ئەم بزووتنەوەیە هەر بەم شێوەیە ڕێگەی بڕیوە، دیارە بە هۆی گشتگیرنەبوونی زانکۆ لە کوردستان، ئەم مێژووە ناتوانرێ بۆ زانکۆی کوردی یا کوردستان چاوەڕوان بکرێ. لە دەورەی پەهلەویدا هیندێک لە خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی تاران و تەورێز بە شوناسی کوردانەوە خەریکی چالاکی بوون و لێکەوتەکەی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو. دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش ئەم ڕەوتە درێژەی هەبوو. هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی و کرانەوەی فەزای سیاسیی زانکۆکان، ئەو زانکۆیانە بوونە مەیدانی گەشەی بیری ناسیۆنالیستیی کوردی و، شوناسخوازیی کوردی بووە کەڵکەڵەی سەرەکیی ئەم بزووتنەوە ساوایەی کورد، لە سەرەتاکانی ئەو ڕەوتە نوێیەدا، پارتی کرێکارانی کوردستان(Pkk)، توانی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کوردانی زانکۆکانی ئێران هەبێ، کەچی دواتر ئەو کاریگەرییە لە کەمبوونەوەدا بوو. وردەوردە گوتاری ناسیۆنالیستیی لیبڕاڵ بووە گوتاری زاڵی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی کە تێکەڵ بە بزووتنەوەی خوێندکاری ناوەند ببوو، بە شوناس و هەوێنی تایبەتیی کوردانەوە. وەک ئاماژە پێویستە بگوترێ کە خوێندکارە کوردەکان توانییان نەخشێکی بەرچاویان هەبێ لە بە سەرانسەری کردنی پرسی کورد و تێگەیاندنی بەرەی نوێی ئێران لە کێشە و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاستییەکەی ئەو خوێندکارانە باڵوێزی بزووتنەوەی مافویستیی کورد لە زانکۆکان بوون. هەروەها بەشێکی گرینگ لە نەخشی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردیان لەسەر شان بوو و تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە. ئەم ناڕەزایەتییە نوێیە نیشانی دا کە بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی زۆر بەهێز و زیرەکە و بە وشیارییەوە کەڵک لە ژینگەی خۆی بۆ ورووژاندنی پرسی نەتەوەکەی لە زانکۆکانی ناوەند وەردەگرێ.
کەلێنە چالاکەکانی(شکافهای فعال) کۆمەڵگای ئێران و ڕەنگدانەوەیان لە ناڕەزایەتییەکاندا
وێڕای ئەو کەلێنانەی باسیان لەسەر کرا، هێندێک کەلێنی دیکەی وەک کەلێنی نەوە و بەرە، پەراوێز و ناوەند(مەبەست پەراوێز و ناوەندی شارەکانە) لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئێران چالاکن و بە هێندێک هۆکار نەیانتوانیوە بزووتنەوەیەکی تایبەتیی کۆمەڵایەتی لە دەوری خۆیان ساز بکەن، بەڵکوو لە قۆناغە هەستیارە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکە ئەکتی سیاسییان لە خۆیان نیشان داوە. هەڵبەت پێویستە ئەوەش بکوترێ کە ئەوە بەو مانا نییە کە ئەم کەلێنانە گرینگییەکی کەمتریان هەیە، بە پێچەوانەوە نیشانیان داوە و دەتوانن مەترسیدارتر لە کەلێنەکانی دیکە، کۆمەڵگا بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە، هەر بەو هۆکارەی کە (گرووپێکی مەرجەعیان) نییە تا چوارچێوەیان بداتێ و لە توێی بزووتنەوەیەکی پێوەندیداردا بەو جیاوازییانە چالاک بن.
نەوە و بەرەی نوێی ئێران کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو زیادبوونن، ئەو نەوەیەیە کە بە هیچ شێوەیەک هاوڕا نییە لەگەڵ ئەو جۆرە لە ستایلی ژیان کە کۆماری ئیسلامی و حکومەتە نەریتخوازو دینییەکەی خەریکە بە سەر خەڵکی ئێرانیدا دەسەپێنێ، ئەو نەوە نوێیانە کە لە دەیەی هەشتاوە هەر هات و جیاوازییەکانیان زیاتر دەرکەوت، ئێستا لە ١٤٠١دا بە جیاوازیی بنەڕەتییەوە لەگەڵ دەسەڵات لە دژایەتی و بەربەرەکانیدان، جیاوازیی خۆپێشاندان و ویستەکانی ئێستا لەگەڵ دەیەی هەشتا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دەیەی هەشتادا نەوەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ململانێدا بوو و ئێستا تەمەنی سەروو سی ساڵە و ئەو نەوەیەی ئێستا لەسەر شەقامە، ئەوکات منداڵی ساوا بووە، کەواتە هەر هاتووە و ئەو جیاوازییە زیاتر بووە و کەلێنەکە قووڵتر بووەتەوە، ئەم نەوەیە کە چاوی هەڵێناوە، دنیایەکی دیجیتاڵی دیتووە، ئینتێرنێت و ماهوارە بۆ ئەو بابەتێکی ڕۆژانە بووە و لەگەڵی گەورە بووە، خۆی لەنێو دنیایەک زانیاریدا دیتووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک هاوشێوەی ئەوە نییە کە حاکمییەت بانگەشەی بۆ دەکات و هەول دەدا بیسەپێنێ، دین بۆ ئەو بابەتێکی داپڵۆسێنەرە، چون پێشتر دینی لە هیچ قەوارەیەکی دیکەدا نەدیوە و ئەو چاوی بە دینی سیاسیی داپڵۆسێنەر هەڵێناوە، بۆیە دین لە ڕوانگەی ئەوەوە لەمپەری سەرەکیی ژیانێکی ئازاد و تەندروستە. هێندێک واتای وەک ئەخلاق و نەریت لە ئینسکلۆپێدیای ئەودا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەگەڵ ئەوەی لە دەسەڵات یا تەنانەت هێندێکیان لە بنەماڵە نەریتخوازەکانیان دەبیستن و دەبینن، مانای بنەماڵە لە زەینی ئەواندا ئیدی (کەوکەب خانم) و (خانەوادەی ئاغای هاشمی) نییە کە لە کتێبەکانی سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا دەکوترێنەوە، ئەوان مانا کۆمەڵایەتییەکان لە زنجیرە دراما ئەمریکایی و ڕۆژاوایییەکان وەردەگرن کە دوورە لە زەینییەتێک کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لەو چەمکانە بیدا بەدەستەوە. ڕاستییەکەی باوەڕە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لە زەینی نەوەی نوێی ئێراندا هیچ پێگەیەکی نییە، بەڵکوو ئەو نەوەیە پێی وایە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بەها جەهانشموولانە بکەوێ، پێویستە لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕێ. تێپەڕینێک کە پێویستیی گەیشتن بە خولیاکانیەتی لە پێناو ژیانێکی سەردەمیانە و ئەمڕۆیی بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە.
کەلێنی پەراوێز-ناوەند؛ ئەو کەلێنەیە کە بەرهەمی ٤٣ ساڵ سیاسەتە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامییە، ئەو سیاسەتانەی کە چینێکی ئێجگار دەوڵەمەندی شاری بەرهەم هیناوە و بەشێکیان بەرهەمی ڕانتی حکومەتی و بەشێکیان ئابووریی ناتەندروستن، لە بەرانبەردا چینێکی هەژار کە هیچ بەهرەیەکی لە ئیمکاناتەکانی ژیانی ئێرانییەک نەبردووە، چینێک کە ماڵی نییە، یا کارێکی بەردەوامی نییە یا ئەسڵەن کاری نییە، بەهرەمەند لە پەروەردەیەکی دروست بە پێی سیستەمی پەروەردەیی عادڵانە نییە، ئەو چینە بەشێکیان لە پەراوێزی شارەکان یا لە ناوچە هەژارنشینەکان(حلبی اباد)دا دەژین یان کرێچیی چینێکی هێندێک لە خۆیان بەرزترن، ڕاستییەکەی ئەو دوو توێژە هەردووک چینی نزمی کۆمەڵگان و، مەودایەکی زۆریان هەیە تاکوو بگەن بە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا. ئەوانە هەموو نەهامەتییەکانیان لە چاوی دەسەڵات و نوێنەرانی ئەوان لە ناوەندی شارەکان دەبینن، کەسانێک کە سەر بە سیستەمن یان لە ڕێی ڕانتی حکومەتییەوە هەموو شتێکیان هەیە، بۆیە پێیان وایە دەسەڵاتی سیاسی هاوڕێ لەگەڵ ئەو چینە گەردەنکەشە دارایییەی کۆمەڵگا هۆکاری نەهامەتییەکانی ئەوانن. ئەو دۆخە لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت لە دەیەی نەوەددا خراپتر بووە و مەودای چینایەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا زیادی کردووە، بۆیە حوزووری ئەو چینە لە خۆپێشاندانەکانی ٩٦ بەولاوە زیاترە و ڕەفتاریشیان جیاوازترە، ئەوانە کەسانێکن کە هیچ شتێک بۆ لەدەستدان شک نابەن، بۆیە گیان لەسەردەست دێنە مەیدان و، ڕەفتاری توندوتیژتریش بە نیسبەت چینەکانی دیکە دەنوێنن.
ئەگەر بڕوانینە ئەو شتەی لەو ساڵانەی ڕابردوودا لە ئێران ڕوویان داوە، دەردەکەوێ ڕۆڵی ئەو دوو توێژە لە ناڕەزایەتییەکاندا زۆر پڕڕەنگ بووە. تا ڕادەیەک کە ئەگەر بڕوانینە کلیپ و فیلمەکانی پێوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی ٩٦ بەولاوە بەتایبەت ٩٦ و ٩٨ دەردەکەوێ کە ئەو دوو توێژەی زۆرترین بەشدارییان هەیە و ڕەفتاری کۆمەڵایەتیشیان جیاوازە لەوەی کە تا ئێستا دیومانە، نەوەی نوێ و پەراوێزەکانن.
ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١:
پێش ئەوەی بچینە سەر باسی ئەوەی کە ئەو ناڕەزایەتییانە چ تایبەتمەندییەک و بزووتنە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە سەرەڕای ئەو بزووتنەوانە و بزووتنەوەی نەتەوەکانی ئێران کە کورد یەک لەوانە، بەڵام بە هۆی بەرینبوونی باسەکە سەبارەت بەو بزووتنەوەیە، لە دەرفەتی ئەم وتارەدا نییە، ئەگەرچی هێندێک ئاماژە بەو بزووتنەوەیەش کراوە، هیندێک بزووتنەوەی دیکەش هەن کە ڕەنگدانەوەیان لە کۆمەڵگای کوردی و ئێراندا هەیە، وەک بزووتنەوەی مامۆستایان کە لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا بوون و هێندێک جار دەستیان داوەتە مانگرتن، ئەگەرچی ئەو بزووتنەوەیە نەیتوانیوە وەک بزووتنەوەکانی دیکە گشتگیر بێ بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی داخرانی قوتابخانەکان، بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی پیشەیی داواکاریی هەیە و کاریگەریشی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەم دوایییانەی کوردستاندا بووە.
وەک باس کرا لە ئێرانی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام هەبوون و، لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئێراندا خەریکی گەشە و پڕۆڤەی ویست و داواکاری و شێوە ڕوانینەکانی خۆیان بوون. ئەم بزووتنەوانە لەم ناڕەزایەتییانەدا ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دا، نەک وەک دەرفەتێک کە بۆیان خوڵقابێ، بەڵکوو وەک خوڵقێنەری ئەو دەرفەتە هاتوونەتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی ژنان بەدوور لە شێوە ڕوانین و کردەوەی دەسەڵات بە نیسبەت ژنان، مەرگی ژینا، چالاکتری کردەوە و، یەکپارچە لە هەموو ئێران هاتە دەنگ و ئێستا پێشەنگایەتیی بزووتنەوەی گشتیی خەڵکی ئێران دەکات. ئەم بزووتنەوەیە لە دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی باکی نەبووە و نییە و، گەمە بە هەموو نەریتەکانی کۆماری ئیسلامی کە بنەماکەی لە سوننەت و دین بە خوێندنەوەی ئیسلامی سیاسیی شیعە کە باوەڕمەند بە وەلی فەقیە، دەکا. بزووتنەوەی خوێندکارانیش دوای پتر لە دەیەیەک چالاک بووەتەوە و، باسی ئازادی، مافی ژنان ، باسی کوردستان و ئازەربایجان و بەلووچستان دەکات و خۆی گرێ داوەتەوە بە بزووتنەوەی نەتەوەکانی ئێران و بزووتنەوەی ژنان. لە سەرووی هەموو ئەوانەوە بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی گەلانی ئێرانە کە هەموو بزووتنەوەکانی ئەمڕۆی ئێران یا لانیکەم بەشی هەرە زۆریان لەسەر چەمکی دێموکراسیخوازی بەیەک دەگەنەوە کە لەم خولەی ناڕەزایەتییەکاندا لێک کۆ بوونەتەوە، ڕاستییەکەی خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە کە لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئێران و خۆڕسک سەریان هەڵداوە و بەرهەمی ئەزموون و هەڵەی یەک سەدەی کۆمەڵگای مەدەنیی ئێرانن، دێموکراسییە. چەمکێک کە توانیویەتی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگای ئێران کە خۆیان لە بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا دیتووەتەوە، لێک گرێ بدات. بەرین بوونەوەی جوغڕافییایی و قووڵاییی پێکهاتەییی ئەم ناڕەزایەتییانە هۆکارەکەی ئەمەیە کە هەموو جۆراوجۆرییەکانی شوناسی و فکری، بیر لە ئێرانی بێ کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە و، پیێان وایە ئەو شوناسە تایبەتەیان هیچ دەرفەتێکی بۆ ژیانێکی ئاسوودە لەژێر دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا نەهێشتووەتەوە، کە بە تەجویز، زۆر و سەرکوت خەریکە هەموو ئەو جۆراوجۆرییانە دەسڕێتەوە یان سەرکوت و بێدەنگ دەکات. ڕاستییەکەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم جارە، شۆڕشی کۆمەڵگای مەدەنیی ئێرانە، کۆمەڵگایەک کە هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پەروەردە کردووە و لەژێر سێبەری بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیدا وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنیی گشتی خەریکی سەلماندنی واتا سەردەمیانەکانی خۆی بە سەر دەسەڵاتی پاوانخوازیی دینیی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت دنیای دەرەوەدایە.
ئەم شۆڕشە؛ شۆڕشی مەدەنیی ژنان و فێمێنیستییە بە ڕەنگی ئێرانی و تەنانەت کوردییەوە، شۆڕشی خویندکارییە بە داوای سەردەمیانەوە بۆ دنیایەکی ئازاد و ئاوەدان کە ژن ژیانبەخشە، شۆڕشی نەتەوەکانی ئێرانە بۆ ژیانێکی ئازاد و عادڵانە لەسەر بنەمای دێموکراسی و یەکسانی، شۆڕشی نەوەی نوێیە دژ بە هەموو نەریتە کۆنەکانی دەسەڵاتی نەریتخواز و تەنانەت کۆمەڵگای بێ باوەڕ بە توانایی و پێداویستییەکانی، شۆڕشی پەراوێزخراوە دژ بە ناعەداڵەتی و نایەکسانی، شۆڕشی شوناسە جۆراوجۆرە ئایینی، فکری، جێندەرییەکانە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و پێمل کردنی کۆمەڵگا بە قەبووڵی ئەو جیاوازییانە. ئەگەرچی لەسەر شەقام ڕووبەڕووبوونەوەی توند بە نیسبەت جارەکانی دیکە دەبیندرێ کە ئەوە بۆخۆی دوو پەیامی پێیە یەک؛ ئەوە تایبەتمەندیی نەوەی نوێیە و نیشانەی تووڕەیییەکی زۆرە لەم دۆخە، دوو؛ ئەوە ئیدی ناڕەزایەتی نییە، بەڵکوو دەستپێکی ئینقلابێکە و پێویستی بە تێکدان هەیە، بەڵام شۆڕشێکی کلتووری و فکرییە بۆ گۆڕینی هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەڕەتی ئەو گۆڕانانەی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بەسەر کۆمەڵگای ئێران و بیر و هزری تاکی ئەو کۆمەڵگایەدا هاتووە. شۆڕشێکە بۆ سەپاندنی ئەو حەقیقەتە کە جوانی لە جیاوازیدایە و، ئیدی بەهای جیاوازی دەبێ لە لێکچوون.
دیارە بە پێی ئەو باسانەی کران لە کوردستانیش ئەوەی لە ئارادایە، بەرهەمی ئەو گەشەیەیە کە کۆمەڵگای مەدەنی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کردوویەتی و لە توێی خۆیدا بزووتنە کۆمەڵایەتییەکانی پەروەردە کردووە و هەموویان لەژێر سێبەری خەباتی نەتەوایەتیدا لە پەرەئەستاندن و گوتارسازیدا بوون. ئەگەر لە ئێران بە شێوەیەکی گشتی دێموکراسیخوازی کۆکەرەوەی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، لە کوردستان وێڕای دێموکراسیخوازیی بزووتنەوەی نەتەوەیی سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی لە یەک گرێ داوەتەوە، بێ هۆ نییە کە لەسەر داوای نوێنەرانی ئەو بزووتنەویە سێ جار مانگرتن لە سێ حەوتوودا لە سەرانسەری کوردستان ڕوو دەدا، بێ هۆ نییە کە دروشمی “ژن-ژیان-ئازادی” دەبێتە مانیفێستی شۆڕش و هەناردەی سەرانسەری ئێران دەکرێ، ئەوە ئەو چەمکانەن کە بزووتنەوەی نەتەوەیی ٤٣ ساڵە خەریکە پڕۆڤەی دەکا. لە کوردستانیش بەرینایی و قووڵاییی کۆمەڵایەتیی ئەو ناڕەزایەتییانە نموونەی بەرچاوی لێک گرێدرانەوەی سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردییە، ڕاستییەکەی پێکهاتەی چینایەتیی بەشداربووانی کوردستان بە بەشداریی بازاڕ لە مانگرتنەکاندا تەواو بووە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، ڕەفتارێکی هیستریکی کاتی نییە و نەتەنیا ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ کوشتنی کیژێک و تەنانەت شۆڕش بۆ مافی ژنانە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی کوردییە لەسەر بنەمای کۆمەڵگایەکی مەدەنی بە هەموو جۆراوجۆریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانییەوە لە توێی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورددا. ئەوەی لە ئێرانیش دەبیندرێ بە گشتی بە کوردستانیشەوە، بزووتنەوەی گشتیی دێموکراسیخوازییە کە هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی لێک گرێ داوەتەوە.
داگرتنی بابەت



