ئارامتر بخوێنەوە
وتووێژ لەگەڵ جان دۆست
سازدانی وتووێژ: یەعقووب ڕەوا
لە زۆر چاوپێکەوتندا باسی ژیانی خۆتت کردووە، وەکوو نەریتێک ئەو پرسیارە دووبارە دەکەینەوە بەڵام بەم شێوەیە: ڕیوایەتی جان دۆست لە دروستبوونی کەسایەتیی ئەدەبیی خۆی چۆنە؟ چ ڕووداوگەلێک کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەدەبیی ئێوە داناوە؟
من لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لە دایک بوومە. باوکم مەلا بوو. هەر دووک لە برا گەورەکانم لە زانکۆ بوون. بۆیە کتێب لە ماڵمان هەبوو. ئەو دیمەنی کتێبانە، ئەو کتێب خوێندنەوەی باوکم و هەر دووک برایەکانم کە بە مناڵیم دەمتین، لەبەر چاوم بوون و زۆر تەئسیری لەسەر من دانا.
لای تۆ ڕۆمانی مێژوویی چەمکێکە کە گێڕانەوە(وەگۆتن)ی مێژوویە لە چوارچێوەی ڕۆماندا یان مێژوو تەنیا مەتریالێکە بۆ پەروەردەکردنی خەیاڵ و فانتازیای تۆ بۆ نووسینی ڕۆمان؟
بۆ من ڕۆمانی مێژوویی مەتریالێکە. مەتریالێکە بۆ دەربڕینی فکر و بۆچوون و بیروڕای خۆم. چونکە مێژوو و ژیانی ئێستا هەر یەکێکن. ڕووداوەکان و شەڕ و جەنگ و… جیاوازییان نییە. چ بویەری پێش دووسەت ساڵ بن و چ هی ئێستا بن هەر یەکێکن. بەڵام بە خەیاڵ دەمهەوێ ژیانێکی تازە دروست بکەمەوە. بە کەرەستەی خەیاڵ شتێکی تازە بڵێمەوە. لە هەموو ڕۆمانە مێژووییەکانمدا، ڕۆمان لە بەستێنی ڕووداوێک و بویەرێکی دیرۆکییە. بەڵام بۆ ئێستا دەنووسم. ئەوە نییە شڕۆڤەی مێژوو بکەم یان بیهێنمە بەرچاو. من بۆ ئێستا دەنووسم و پتر مەبەستم وانەگرتن لە مێژوو و بابەتی ئاوایە.
ڕۆمانەکانت زۆرتر گێڕانەوەی مێژووی نەتەوەی کوردن یان گێڕانەوەی جان دۆستن لە خواست و کەڵکەڵە و مەراقەکانی خۆی وەکوو کوردێک؟
ڕۆمانەکانی من هەم گێڕانەوەی مێژووی کوردن و هەمیش گێڕانەوەیەکن لەخۆم. واتا تێکەڵن. بۆ نموونە “سێ هەنگاو و سێدارەیەک” لەسەر ژیانی شێخ سەعیدی پیرانە. ئەمە بەشێک لە مێژووی نزیکی کوردە هەروەها “مژاباد” و … چەن ڕۆمانی دیکەشم هەیە وەکوو “عەشیقی وەرگێڕ” و “زەنگەکانی ڕۆما”، ئەوانە نە مێژووی کوردن؛ بەڵکە گێڕانەوەی شەخسی جان دۆستن. ئەوانە بیر و باوەڕی منن. کاراکتێری ئەو ڕۆمانانە کاراکتێری خەیاڵین بەڵام لە بەستێنی مێژوویەکی ڕاستەقینەدا ڕووداوەکان دەقەومێن.
یەکەم ڕۆمانت “مژاباد” باس نە لە سەردەمێکی کەون بەڵکە مێژووی هاوچەرخی کورد دەکا. تێمی سەرەکیی ڕۆمانەکە کۆماری کوردستانە، چۆن بوو ئاشنای ئەو مێژوویە بووی و دوای ئاشنا بوونت چەندەت هەوڵ دا زۆرتری بناسی؟
مێژووی کۆماری کوردستانم لە کتێبی دیرۆکیدا خوێندبووەوە. شەخسیەتی پێشەوا، شەخسییەتێکی پیرۆز و مەزن بوو. لە ڕاستیدا وەکوو گەورەترین کەسایەتیی سەدەی بیستەمی کوردان دەیناسم. چوومە مەهاباد. چونکە پێویست بوو جۆغرافیا و ئاتمۆسفێری ڕۆمان ببینم. شوێنی ڕاستەقینەی ڕۆمان ببینم بە چاوی خۆم. کێوی “خەزایی” و ” داشا مەجید” و ئەو کووچە و کۆڵانانە و ئەو شوێنانەی ڕووداوەکانی کۆماری لێ قەومابوون. دەبوو بە چاوی خۆم بیانبینم بۆیە چوومە ئەوێ. چەن ڕۆژێک لە مەهاباێ مامەوە. چوومە زیارەتی گۆڕستانی پێشەوا و برا و ئامۆزاکەی. ئەوە ئیلهامێکی زۆرتری پێ دام. چونکە بەچاوی قازی محەممەد تەماشای ئەو کێوانەم کرد. پاشان گەڕامەوە کۆبانی و دەستم کرد بە نووسینی ڕۆمانەکە. دوو بۆ سێ ساڵ درێژەی کێشا. هەروەها ئەو ژێدەر و سەرچاوانەی سەبارەت بە کۆماری کوردستان هەبوو جا چ بە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی، کۆم کردنەوەو مەعلومات و زانیاریی زۆرم وەگیڕ کەوتن.
لە “مژاباد”دا، گێڕەوەی سەرەکیی ڕۆمان واتا “بادینی ئامێدی”، شاعیر و نووسەرە. لە پارچەیەکی دیکەی نیشتمانەوە بە دوای ڕووداوەکانی نەتەوەی کورد دەگاتە مەهاباد. جان دۆست خۆشی بۆ نووسینی ڕۆمانەکە سەفەری ڕۆژهەڵات دەکا! بادین و جان دۆست چەندە لێک نزیکن؟ خۆت لە ڕۆژهەڵات چیت بینی و چەندەت ئیلهام لێ وەرگرت؟
بەڵێ من و “بادینی ئامێدی” زۆر نزیکی یەکین. لە چاوپێکەوتنێکدا کوتم بادینی ئامێدی هەر ئەزم، جان دۆستە و جان دۆستیش هەر بادینە. بیر و باوەڕی ئی منن، فکری ئەو تێڕامانی منن و لەسەر زمانی بادین نووسیومن. وەکوو لە پرسیاری بهوڕیدا باسم کرد، ئیلهامێکی گەورەم لە گۆڕستان و قەبری پێشەوا وەرگرت. لە لای گۆڕەکە دانیشتم و گریام. ڕۆندک و فرمێسک بە چاومدا هاتنە خواڕێ. کاتێک لە مەیدانی چوارچرا دانیشتم، بە خەیاڵ چوومە ئەو ڕۆژەی کۆماری کوردستان ڕاگەیێندڕا. ئەو ئەتمۆسفێرە گەرموگوڕە و ئەو جۆش و خرۆشی کوردانم هەموو هاتە بەرچاو…
لە نێوان مژاباد و میرنامە، ڕۆمانی “سێ دار و سێدارەیەک” هەیە، سووژەی سەرەکیی ڕۆمان، شێخ سەعیدی پیرانە، چۆن مەتریالی پێویستی ئەو ڕۆمانەت کۆ کردەوە؟ ئایا مەبەستت لە نووسینی ئەو ڕۆمانە تەنیا گێڕانەوەی بەشێک لە مێژوو بووە؟
هەر وەک گوتم بەداخەوە ژێدەر و چاوکانی سەبارەت بە مێژووی کورد کەمن و بە فراوانی بەردەست نین بەڵام ئەوەندەی لەبەر دەست بوون کۆم کردنەوە. جا چ بۆ “سێ هەنگاو و سێدارەیەک”، چ بۆ “مژاباد” و “میرنامه” و تەنانەت “مارتینی بەختەوەر”یش. بەڵام ڕۆمانی مێژوویی نە بە تەنیا ئینفۆرماسیۆن و مەعلووماتن. بەڵکوو خەیاڵێکی گەورەش پێویستە. بۆ من یەک زانیاری بەسە بۆ نموونە ئەحمەدی خانی لە میر بێزار بوو. تەفاسیل و وردەکاری ئەمە پێویست نییە. ئیتر ئەوە خەیاڵە کە بۆ نموونە بابەت و پرسێک وەکوو “ئەگەر ڕۆشنبیرێک بەرانبەری دەسەڵات بی، چ دەقەومێ؟” پەروەردە دەکا. بەم شێوەیە هەر سێ لەو ڕۆمانانەی هاتنە بەر باس، مەتریالیان بۆ کۆ کراونەتەوە بەڵام بە خەیاڵی خۆم نووسیومن. ڕۆمانی مێژوویی لە سەتا دەی واقیعە و لە سەتا نەوەتی خەیاڵە. گفتگۆی نێوان کاراکتێرەکان و… هەمووی بە خەیاڵ ئاوا دەبێ. بەڵام دە هەمان کاتیشدا نابێ دووری واقع بن.
گەر ئیزنت لەسەر بێ دەمهەوێ تۆزێک پتر لەسەر “میرنامە” بووەستینەوە. “میرنامە” بە پێچەوانەی ناوەکەی، نە سەربوردەی میرێک، بەڵکوو نامەیەکە بۆ میر! ئەویش لە لایەن کەسایەتیی دیاری کورد “ئەحمەدی خانی”یەوە. بیرۆکەی سەرەتاییی نووسینی ئەو ڕۆمانە لە کوێوە هات؟ بۆچی نامە بۆ میر؟
نامه بۆ میر هەر ئەرکی ڕۆشنبیرە. ڕۆشنبیر خۆی خاوەن دەسەڵاتە. دەسەڵاتی ڕۆشنبیری، دەسەڵاتێکی گەورەیە. زۆر بەهێز و خورتە. بەڵام بەداخەوە زۆرینەی ڕۆشنبیران ئەو دەسەڵاتە بەکار ناهێنن. ڕۆشنبیر ئەرکی چییە؟ ئەرکی ئەوەیە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا بوەستێتەوە و ئەگەر هەڵەیەک هەبێ، زوڵمێک هەبێ، ناڕاستییەک هەبێ، لە قاوی بدات و نامه بۆ میر بنووسێ. ڕۆشنبیری ئێمە نامە بۆ میر نانووسن. زۆر بە کەمی دەنووسن. ڕۆشنبیری گەورەی ئێمەی کورد، ئەحمەدی خانی، ئەو ئەرکەی بەڕێوەبرد. “مەم و زین”ی ئەحمەدی خانی نامەیە بۆ میر. لە پێشەکییەکەیدا ڕەخنەی توند لە میر دەگرێ و هەروەها لە ناو دەقەکەشدا. میر کوردە بەڵام میرێکی زاڵمه و دروست حوکم ناکا. دەبێ ڕۆشنبیر لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە هەڵوێست بگرێ و نامه بنووسێ. لە ئۆپۆزیسیۆندا بێ و لە دژی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری چەوتی میر بێ. مەبەستم ئەوەیە بڵێم نسبەت و پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات چییە و دەبێ چۆن بێ.
سەرەتای ڕۆمان جڤاتی ناشتنی “خانی”یە. لە دوایی چیرۆکەکەدا، نزیک بیست کەسایەتی وەگۆتنی ژیانی خانی دەکەن. بەڵام هەر گێڕانەوەی ساکار نییە وەکوو مەحکەمە دەچێ! مەحکەمەی “سۆقرات” وێنا دەکا. وێکچوونی مەرگی سۆقرات و خانی! ژەهرخوارد کردنی هەردووک! خۆشت لە کۆتاییدا بە یەک دێڕ ئاماژە بەوە دەکەی. ئەو وێکچوونە هەڵکەوتە یان نا ڕیشەی مێژوویی دە ژیانی “خانی”دا هەیە؟
بەڕاستی من نازانم کە ڕیشەی مێژوویی لە ژیانی “خانی”دا هەبووبێ یان نا. مەبەستم ژەهرخوارد کردنیەتی. بەڵام سەڕنجڕاکێشە کە لە تەمەنی پەنجاو شەش ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کردووە. ئەو تەمەنە کە بۆخۆشم ئەوساڵ دەبمە پەنجا و شەش، تەمەنی مردن نییە. دەبێ نەهێنییەک هەبێ. ئەو نەهێنییە چییە؟ من نایزانم. خەیاڵی من ئەوە بوو، ئەحمەدی خانی بە ژەهرخوارد کردن، ژیانی کۆتایی هاتووە. ئەحمەدی خانی کەسایەتییەکی گەورە بوو، دژی میر بوو، دژی دەسەڵاتداری عۆسمانی بوو، دژی دوژمنانی دەرەوەو ناوەوە بوو. بەو هۆیە شتێکی نادیار ساز بووە. ئەو نادیارییە من بە خەیاڵی خۆم ئاوام داناوە ژەهرخوارد کراوە. ڕاستە هەروەکی لە پرسیارەکەدا هەیە، ژەهرخواردکردنی سوقرات و خانی وەکوو یەکن. هەردووکیان ڕۆشنبیرن، هەردووکیان دژی دەسەڵاتن. بەهێز و خورتن و شەقام دەگەڵیانە. خەڵک گوێ لە قسەکانیان دەگرێ و ئەو وێکچوونە بۆ من گرینگ بوو کە ئاماژەی پێ بدەم.
خانی له ڕۆماندا کەسایەتییەکی پێچەوانەی “شێخ سەیفەدین”ە! شێخ سەیفەدین نموونەی ئینسانی کوردی تەسلیم بووی دیانەتی کەون و جەهالەتە. ملکەچی سوڵتانی تورک و میری کورد و دیانەتی سەر بە تورکانە! لێ خانی ئەهلی زانست و دیانەتی نوێ و بەڕۆژە. بانگەوازی شەڕی دژی داگیرکەرانی تورک دەکا و خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردانە! لێ چما دەکەوێتە بەر غەزەبی میری “کوردان”؟ مەنتق ئەوەیە تورکی داگیرکەر دوژمنایەتیی خانی بکەن نەک قاعیدی کوردان؟
ڕاستە دەبێ داگیرکەرانی تورک دژبەریی خانی بکەن نەک سەرکردەی کورد. بەڵام لە دەڤەرەی کوردستان لە بایەزید، تورک بوونی نەبوو! نوێنەری تورکان هەبوو. نوێنەر کێ بوو؟ قاعیدی کوردان بوو! ئەو میر یان پاشای کوردان بوو کە دەسەڵاتداریی تورکانی بەڕێوەدەبرد. هەر بەو پێیەش ئەگەر میر دوژمنی خانی بێ، ئەوە بەو واتایەیە کە تورک دوژمنی خانینە.
بۆچی کەسایەتیی میر دە ناو ڕۆماندا زۆر کەم دیارە؟ سەبەب چییە بەرانبەری خانی خۆی دەرناکەوێ و نایەتە گۆ؟
میر ئیگۆئیستە. میر خودبینە. ئەو لە مەقامی خۆی نابینێ کە بێتە بەرانبەر خانی دانیشێ و گفتگۆ و قسە بکا. تەنانەت لە قسەکانیدا باسی ئەسپەکەی دەکا، باسی باز و جارییەی خۆی دەکا بەڵام هیچ باسی خانی ناکات. خانی لای میر هیچ شتێکی موهیم نییە.
سەرهاتی خانی لە سەردەمی تازە دووبارە دەبێتەوە. عەبدوڵڵا پەشێو لە ساڵانی براکوژیی باشور لە نەوەدەکانی زایینی لەبەر ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتی کوردی، دەکەوێتە بە غەزەبی دەسەڵاتداران و هەیا چەن ساڵ پاشتری ناتوانێ بگەڕێتەوە کوردستان! پاشان “جان دۆست” بە هۆی ڕەخنە لە دەسەڵاتی تازە پێگەیشتووی “ڕۆژاوا” دەکەوێتە بەر غەزەب و گوشار و تەنانەت سانسۆر و بایکۆتیش! نهێنی و سوڕ چییە میر و دەسەڵاتدارانی کورد تەحەممولی ڕووناکبیر و ئینتێلئەکتوێلی خۆیان ناکەن؟ هۆکار چییە؟
دەسەڵات لە هەرکوێ بێ، ڕۆشنبیر وەکوو دەسەڵاتێکی پارالێل دەبینێ. وەکوو دەسەڵاتێکی دژبەری خۆی دەیبینێ. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لە بەرانبەر حاکم و میردا سەر ناچەمێنێ. ئەو ڕووناکبیرانەی هاتوچۆی بارەگای دەسەڵات دەکەن و لەسەری دەژین، ئەوانە وەکوو لە حەدیسێکی پێغەمبەری ئیسلامدا هەیە کە دەستەواژەی “الشیطان اخرس” بەکار دەهێنێ بەو مانایە کە ئەوانەی کە هەڵەیان دەبینن و سەر دەچەمێنن، ئیبلیس یان شەیتانی لاڵ و بێ زمانن. ئەو “ڕۆشنبیر”ەی جۆرج لوکاچ و ئانتۆنیۆ گرامشی و ئەو ڕەخنەگرە سۆسیالیستانە باسی دەکەن کە بە هێز و بە توندی دژی دەسەڵات و هەڵە و زوڵمەکانی ڕادەبێ، جا بە هەر شێوەیەک بێ، حاکم و دەسەڵات قبووڵیان ناکات؛ جا چ تورک بێ چ عەرەب و کورد بێ یان هەر دەسەڵاتێکی دیکە. هەر وەکوو ئێمە دەزانین مێدیای سەردەم وەکوو دەسەڵاتێکە. میناکی ئاوێنە، هەڵەی دەسەڵات پیشان دەدات. هێزی مێدیای ئێستا ڕۆڵی ڕووناکبیر دەلەیزێ. هەر وەکی ڕووناکبیر لە هەمبەر دەسەڵات سەر هەڵدەدات، میدیایش ئاوایە. هەر لەبەر ئەو هۆکارانەش حاکمی کورد تەحەمولی ئینتێلئەکتوێڵی ئازاد و سەربەستی کورد کە بیروڕای خۆی بە ئازادانە دەردەبڕن، ناکەن. چونکە هەر وەکوو باسم کرد ئەوانیش دەسەڵاتێکن لە بەرانبەر دەسەڵاتی سیاسیدا.
هەنێک خوێنەری “میرنامە” دەڵێن ئۆگریی نووسەر بۆ “دیانەت” و “ئیسلام” له ناو ڕۆماندا هەیە. خۆت چەندەت ئەوە قبووڵە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خۆشت دە بنەماڵەیەکی ئایینیدا پێگەیشتووی و پەروەردەی ئایینییشت بینیوە.
ڕاستە ئەو ئۆگرییە بە دین لەناو ڕۆماندا هەیە. بەڵام نە ئی جان دۆستە. ئی ئەحمەدی خانییە. ئەو کەسایەتییەکی ئیسلامییە. ئەو موتەسەوفێکی ئیسلامییە با کوردیش بێ. وەکوو حەللاج، مەلا سەدرای شیرازی، ئیبنی عەرەبی و… لە چوارچێوەی ئیسلامیدا تەڤگەری کردووە.
ئەوەش ڕاستە من لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا پەروەردە بوومە و تەئسیری باوکم کە مەلا بوو لەسەر من زۆرە بەلام من کەسێکی دیندار و ئۆڵدار نیم. تەنیا تێمای و بابەتی ئۆڵداری بۆ من سەرنجڕاکێشن. هەر لە “عەشیقی وەرگێڕ” یان “زەنگەکانی ڕۆما”شدا ئایین ودین ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە. ئێمە بمانهەوێ یان نەمانهەوێ ئۆڵ و ئایین لە ژیانی ئینساندا ڕۆڵێکی گەورە دەلەیزێ؛ لە کۆنەوە و هەتا ئێستا و هەتاهەتایێ. مرۆڤ وەکوو جانەوەرێکی ئۆڵدارە. یانی مرۆڤ لە خەیاڵ و بوونی خۆیدا پێویستی بە دین دەبینێ. ئەوەش نە بنگەهێکی دینداری دەڵێم بەڵکوو له ڕوانگەیەکی فەلسەفی باس دەکەم کە مرۆڤ پێویستی بە دین و ئۆڵە.
ئەم ئەتمۆسفێره “دینی”یەی بەسەر بەشێک لە ژیانتدا زاڵە، چەندە کاریگەریی لەسەر پەروەردە بوونی کەسایەتیی ئەدەبیی جەنابت هەبووە؟
کاریگەریی هەبووە. باوکم منی ئامادە دەکرد ببمە مەلا بەڵام من قبووڵم نەکرد و لەبەرانبەر ویستی باوکمدا سەرکێشیم کرد بەڵام ئەو پەروەردە دیینیە ڕۆڵێکی بەهێزی لە ژیانمدا گێڕا. تەسەوفم ناسی، عیلمی زمانی عەرەبی، تەفسیری قورئان و…. بەگشتی ئاسۆی زانینی بۆ من ئاوەڵاتر کرد.
خوێنەرانی ژنی میرنامە لەسەر ئەو باوەڕەن ڕۆمان جێگایەکی بۆ ژنان نییە! تەنیا یەک کەسایەتیی ژن هەیە ئەویش “شەنگێ”، کەسایەتییەکی لاوازە؟ چما دەوری ژن ئاوەهایە لەو ڕۆمانەدا؟
لە ڕۆمانی “میرنامە”دا ڕۆڵی ژن کەمە چونکە لە واقعیشدا وایە. ڕۆڵی ژن دوورە جڤاکە. بە تایبەتی لە ڕۆمانی “میرنامە” کە ئینتێڵئەکتوێلییە و بەحسی ئەتمۆسفێری ژیانی ئەدەبی و زانین و عیلم و کاغەز و مەرەکەب وشتی ئاوا دەکا. ئەویش ژنی کورد لەو کاتیدا دوور لەو چوارچێوەیە بوو. ژن دە ماڵاندا بوو. دایک، خوشک و… بوو. دیارە جارجار بەشداری شەڕ و پەڤچوون دەبوون بەڵام ژنێکی کورد وەکوو مەستورە ئەردەڵان زۆر کەم پەیدا دەبوو کە خەریکی عیلم و زانین و پەروەردەی دینی بایە. بەو هۆیە ژن لە ڕۆمانی “میرنامە”دا ڕۆڵێکی گرینگ ناگێڕێت و تەنیا شەنگێ هەیە.
شێوەی گێڕانەوەت لەو ڕۆمانانەی لانیکەم بە زاراوەی سۆرانی بەر دەستی ئێمەیە وەک شێوەی گێڕانەوەی داپیرانمان دەچێ! گێڕانەوەیەکی کوردییە. هەتا چەندە خۆت ئەوەت پێ ڕاستە؟ ئایا کاریگەریی لەسەر جەنابت هەبووە؟
ئەوە نازانم ئایا وێکچوون هەیە یان نا. شێوازی گێڕانەوە لای من وەک حیکایەت گێڕانەوە و قسە کردنە. لە گێڕانەوەدا کەمتر سەرنجی تەکنیک وشێواز دەدەم. بۆ من حیکایەت کردن گرینگە. لای من بابەتی ناو ڕۆمان گرینگترە لە فۆرم و چوارچێوە و تەکنیکی گێڕانەوە.
له ڕۆمانی “مژاباد” دیالۆگی سۆرانی بێ وەرگێڕانی کورمانجی هاتوون. ئایا باوەڕت بەوە هەیە کە زمانی کوردی بە گشتی دیالێکتەکانەوە یەک زمان پێک دەهێنن ئەویش “زمانی کوردی” یان نا هەر دیالێکتێک کەسایەتیی زمانی سەربەخۆی هەیە و چەمکی “زمانە کوردییەکان” ڕاستترە؟
من پێموایە کۆمەڵێک زمانی کوردی هەن. چونکە زمانی سۆرانی ئەلفابێتی تایبەتی هەن کە ئارامین. گرامێری جیاواز و تایبەتە. سازکردنی هەڤۆک و ڕستە جیایە لە کورمانجی و…. پێموایە ڕاستتر ئەوەیە بڵێین زمانە کوردییەکان. نەک ئەوەی یەک دانە زمان هەیە و بە چەن ودیالێکتەوە. سۆرانی نە دیالێکتێکی زمانی کوردییە. بەلکو زمانێکی کوردییە هەروەک کورمانجی، زازاکی یان دمڵکی یان هەورامی.
دە وەرگێڕە سۆرانییەکانی ڕۆمانەکانتدا بە تایبەتی سەباح ئیسماعیل لە میرنامە، جگە لە وشەی کورمانجی هەندێ چەمکی ڕێزمانیشی تێکەڵی وەڕگێران کردووە. بۆ نموونە جێناو(pronoun)ی “ئەز”ی لە شوێن “من”ی سۆرانی داناوە. تەنانەت بۆ “چاوگ” و لێکەر…… ئایا پێت ڕاستە؟
کاک سەباح وەرگێڕێکی بە توانایە. زۆر باش وەرگێڕان دەکا. خوێنەران و ڕەخنەگرانیش ئەوە دان پێدادەنێن. لێ بەڕاستی نازانم کێشەی “ئەز” و “من” و ئەو وردەکارییانە هەتا چەندە ڕاستن یان نا. ئەو ئیجتهادی خۆی کاک سەباحە. لەوانەیە ئەگەر خوێنەران قبووڵی بکەن ئەو ڕەوتە بەردەوامی هەبێ و خەڵکیش قبووڵی بکەن.
بە بڕوات بۆ لێک نزیک کردنەوەی زاراوە کوردییەکان چ باشە بکرێت بۆ ئەوەی ئیدی پێویستی بە وەرگێڕانی کوردی بۆ کوردی نەبێ؟
وەڕگێڕانی کوردی بە کوردی پێویستییەکە. ئەگەر ئێمە بمانهەوێ وەرگێڕان نەبێ، دەبێ کورد بە لانی کەمەوە پەروەردەی دوو زاراوەیی هەبێ و فێریان ببن. بۆ نموونە کورمانجی و سۆرانی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵات، باکور، باشور و ڕۆژاوا وانە بگوترێتەوە و قوتابییەکان لانیکەم دوو زاراوە فێر ببن هەتاکوو بۆ نموونە دیاردەی وەڕگێڕانی کوردی بە کوردی نەمێنێ. بەڕاستی منیش پێم ناخۆشە بۆ نموونە ئەگەر دەگەڵ کەسێکی عەرەب باس لەوە دەکەم ئەو ڕۆمانەم تەرجەمەی کوردی بووە! دەپرسێ بۆ بە چ زمانێکت نووسیوە؟ دەڵێم کوردی، دەپرسێ ئەی چۆن وەڕگێڕی کوردی بووە؟! جا منیش مەجبور وڵام دەمەوە و شی کەمەوە کە دیاڵێکتی تری زمانی کوردییە یان زمانێکی دیکەی کوردییە. بەڵام ئەگەر پەروەردەی کوردی بۆ نموونە بە دوو زاراوە یان دیالێکتی کوردی بێ و ببنە زمانی بازار و میدیا و… ئەوە لە ماوەی چەن ساڵدا میللەتی کورد بە جوانی لێک تێدەگەن.
له وەرگێڕانە کوردییەکانت بۆ سۆرانی ڕازیت؟ چەندە بە دڵی جەنابتن؟
بەڵێ لێیان ڕازیمە. بەڵام بەداخەوە کێشەیەک هەیە لە وەشانخانەکاندا کە بەداخەوە ناتوانم سەرجەمی بەرهەمەکانم لە یەک دانەیان چاپ بکەم. دیارە کێشەیەک هەیە کە نامهەوێ لێرە باسی بکەم بەڵام زۆرم پێ ناخۆشە کە ئاوایە و دەبێ هەر بەرهەمە و لە جێیەک چاپ بکەم یەک لە هەوڵێر و یەک سڵێمانی و دهۆک…
وەڕگێڕانی عەرەبیی کارەکانت بۆخۆت دەیکەی، ئایا باشە نووسەر خۆشی وەڕگێڕی کاری خۆی بێت؟ بۆ عەرەبانی دەکەی یان بۆ کوردە کوردی نەزانەکانی عەرەبی خوێن؟
بەڵێ من بۆخۆم وەرگێڕانی عەرەبی کارەکانم دەکەم. چونکە هەست دەکەم دووبارە دەینووسمەوە و پێشم وا نییە هیچ وەرگێرێکی دیکە لەخۆم باشتر لە بەرهەمەکانم تێبگات و بییانناسێ. بۆخۆشم بەسەر هەر دووک زماندا زاڵم. بۆیە ئەو کتێبانە بە کوردی دەیان نووسم وەرگێڕی عەرەبی دەکەم وبە پێچەوانەشەوە.
لە نێو ئەدەبیاتی عەرەبدا چەندە “جان دۆست” ناسراوە؟ پێشوازی لە کارەکانت چۆنە؟
من لە جیهانی عەرەبدا ناسراوم و ڕۆمانەکانم دەخوێندرێنەوە. لە وڵاتی مەغریب و جەزائیر ڕا بگرە هەتا میرنشینە عەربییەکان وەکوو دوبەی و ئەبوزەبی کەم و زێدە جان دۆست ناسراوە. بەوەش ناسراوە کە نووسەرێکی کوردە کە کێشەی کورد بۆ میللەتەکانی دی دەگوازێتەوە.
خۆت فارسی دەزانی بەڵام بۆچی وەڕگێڕی فارسی لە کارەکانت بەردەست نییە؟ پێموایە پێشوازیی باشی لێ بکرێ چونکە پێشوازی لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی یەکجار باش بووە لە نێو فارسەکان. تەنانەت یەکێک لە ڕۆمانەکانی پڕ فرۆشترین کتێبی ساڵی ئێران بوو…
وەرگێری فارسی لەبەر دەستن. بۆ نموونە “میرنامە” دووجاریش وەڕگێردراوە. “سێ هەنگاو و سێدارەیەک”یش هەروەها دووجار. بەڵام شانسی من وەکوو شانسی کاک بەختیار نییە (لێرەدا بە پێکەنینەوە ئەو ڕستانە دەڵێ). یانی وەرگێڕێکی باش و وەشانخانەیەکی باش. وەشانخانەیەک وەکوو “ثالث” و وەرگێرەکی وەکوو مەریوان هەڵەبجەیی کە بەڕاستی وەرگێرێکی بە توانایە و کارێکی ڕێک و ڕاست دەکا. بەداخەوە من ئەو شانسەم نییە. دیارە شەش حەوت لە ڕۆمانەکانم بە فارسی وەڕگێڕدراون بەڵام نەناسراون. دوایین ڕۆمانیشم “عەشیقی وەرگێڕ” کە بە فارسی وەرگێردراوە لە ژێر ناوی “یوحنای انطاکیه”. لە وەشانخایەکی باشیش بڵاوکراوەتەوە بەڵام کێشەکانم باس کردن کە چین. ڕێکلامیش پێویستە. بۆ جان دۆست ڕێکلام و ناساندن لە ڕۆژهەڵات و ئێران نەبووە. هیوادارم لە داهاتوودا باشتر بێ.
زۆرینەی بەردەنگی ئەو گفتگۆیەی ئێمە کوردی ڕۆژهەڵاتن. خۆت چەندە ئاشنای ئەدەبی کوردیی بەرهەمهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی؟ کاری کامە نووسەرانت پێ باشە و ئاشنایانی؟
بەداخەوە ئاگادارییەکی زۆرم لەسەربەرهەمەکانی ڕۆژهەڵات نییە. کێشەی زاراوە هەیە. وەرگێڕانی کورمانجیی عەتا نەهاییم خوێندۆتەوە هەروەها ڕۆمانی پێشمەگەری ڕەحیم قازی و حەسەن قزڵجیشم خوێندۆتەوە. زۆر حەزم لە هێمنە و بە سۆرانییش شێعرەکانی دەخوێنمەوە، شاعیرەکی زۆر گەورەیە. هەروەها بەرهەمەکانی هەژاریشم لا هەیە و دەیانخوێنمەوە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ زۆر ئاگاداری بەرهەمی نۆژەن و نوێ نیم. هیوادارم بەرهەمەکانی بەرەی نوێش بکەونە بەر دەستم بیانخوێنمەوە.
بۆ دوا بڕگەی گفتگۆکەمان زۆر سپاسی ماندووبوونت دەکەین و با ئەوەش بڵێین وێرای ئەوە جان دۆست لە ڕۆژهەڵات کەمتر ناسراوە، بەڵام ئەوەی ئاشنای قەڵەمتان دەبێ زۆر پێشوازیی لێ کردووە و کارەکانت بەرز دەنرخێنن. هیوادارم بتوانین لە داهاتوودا لە نزیکەوە کۆڕێکی ئاوەها لە نێو ئەدیبان و ئەدەبدۆستانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات پێک بێنن. ئەگەر هەست دەکەی شتێک ماوە کە دەبوو بگوترێ بۆ کۆتا قسە فەرموون.
زۆر زۆر سپاستان دەکەم. منیش هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم سەردانی کوردستان و ڕۆژهەڵات بکەم. بچمە شارەکانی سنە، سەقز، ورمێ و شارەکانی دیکە و بتوانم کۆڕی ئەدەبی پێک بێنم. نیەتم هەیە و دە پلانیشمدا هەیە لە ساڵی ۲۰۲۳ ئەگەر دەرفەت هەبێ زیارەتی ئەو شارانە و نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەو شارانە بکەم و لە نزیکەوە خەڵک و ئەدیبانی ئەو بەشەی کوردستانی پیرۆز دەبینم.
تێبینیی۱: ئەو گفتگۆیە لە پەڕاوێزی تاوتۆێکردن و خوێندنەوەی ڕۆمانی “میرنامە” لە کڵابی “دەنگی خۆمانە” لە کڵابهاوس، ساز دراوە و دواتریش لەبەر ناوەرۆک و بایەخی جان دۆست لە ئەدەبی کوردیدا دووبارە پێداچوونەوە و ئامادەکاری کراوە بۆ گۆڤاری تیشک.
تێبینیی۲: هەوڵ دراوە کەمترین گۆڕانکاری دە ڕستەکان و وشەکانی جان دۆستدا بکرێ. جگە لە ڕێکوپێک کردنی دەقی زارەکیی گفتگۆیەکە و چەن وشەی پێویست، هیچ دەستێوەردانێک لە شێوازی قسەکردنی بەرێزیان نەکراوە.
داگرتنی بابەت



